نادر کەریمۆڤیچ نادیرۆڤ
کوردێکی خۆڕاگر و کۆڵنەدەر
زانایەکی بەناوبانگ لە ئاستی جیهاندا
کامران ئەمینئاوە
نەمر نادر کەریمۆڤیچ نادیرۆڤ(٢٠٢١-١٩٣٧) کوردی دانیشتووی کازاخستان، زانای پایەبەرز لە بواری پەترۆکیمیا و بەرهەمە نەوتییەکان، کەسێکی ناسراو نەک لە ئاستی یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو بەڵکوو لە ئاستی جیهاندا بوو. لە کازاخستان وەکو باوکی زانستی نەوتی کازاخستان و لۆمۆنۆسۆفی کازاخستان” پێناسە کراوە که بە پێی کار و چالاکییه زانستی و سیاسییەکانی دەورێکی بەرچاوی لە ڕەوتی پێشکەوتن و گەشەسەندنی ئاستی زانستیی، کۆمەڵایەتی گەلانی کازاخستاندا گێڕاوە. نادر نادیرۆڤ وەکو نوێنەری زانایانی سۆڤیەتی پێشوو و کازاخستان بەشداری زۆربەی کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان له ئەمریکا، کانادا، فەڕەنسا، مێکزیک، بریتانیا، ئاڵمان، سوید و سویس، یۆنان، پۆلەند، ڕۆمانیا و زۆرێک وڵاتی دیکــــەی جیهـــان بـــووە.
نادر کەریمۆڤیچ نادیرۆڤ لە ٦ی ژانویەی ساڵی ١٩٣٢ لە بنەماڵەیەکی جووتیاری کورد لە گوندی کیکاچی سەر به ناوچەی نەخچەوانی ئازەربایجانی یەکیەتی سۆڤیەت لە دایکبوو. باوکی نادر لە ساڵی ١٩٣٦ به هۆی بارودۆخی سەختی ژیان کۆچی دوایی کرد. لە ساڵی ١٩٣٧ بنەماڵەی نادیرۆڤ وەکو بەشێکی بەرچاو له کوردەکانی ئەوپەڕی قەفقاز کە لەسەر سنووری تورکیا و ئێران نیشتەجێ بوون به بیانووی ئەگەری هاوکاری لەگەڵ وڵاتە موسڵمانەکانی درواسێی یەکیەتی سۆڤیەت لە کاتی شەڕدا، به زۆر بۆ کازاخستان دوور خرانەوە. بەم پێیە نادر لە تەمەنی ٥ ساڵیدا لە نێو ڕیزی کۆچەرە تایبەتەکانی ‘ساری سوو’ و پاشان ناوچەی تالاس سەر به پارێزگای جامبولی کۆماری کازاخستان جێگیر کرا.
پاش تێپەربوونی ٦ مانگ لە دوورخرانەوەیان بۆ کازاخستان، برا ٢٦ ساڵەکەی نادر، عەبدوڵڵا به تاوانی ‘دوژمنی گەل’ گوللەباران کرا و دایکی ئەو، کارا سادو به ٨ منداڵەوە تەنیا مایەوە. ئەوانەی لە زێدی خۆیان دوور خرابوونەوە خاوەنی هیچ مافێک نەبوون و به تەواویی لە ژێرچاوەدێریی هێزی ئاسایشدا بوون. بەم چەشنە ڕووداوەکانی سەرەتای ژیانی نادر نادیرۆڤ بەڵێنی چارەنووسێکی خۆشی پێنەدەدا و کەس لەسەر ئەو باوەڕە نەبوو ڕۆژێک نادر ڕۆڵەیەکی بێ مافی کورد، دوور لە زێد و نیشتمانی مێژوویی خۆی ببێته یەکێک لە پایەبەرزترین زانایانی جیهان و سیاسەتوانانی یەکیەتی سۆڤیەت.
نادر نادیرۆڤ دوای تەواوکردنی پۆلی ٧ ی خوێندنی زۆرەملیی لە یەکیەتی سۆڤیەت، وازی لە خوێندن نەهێنا و وێڕای چەرمەسەری و لەمپەری جۆراوجۆر، ڕێگایەکی دوور و درێژ و پڕ لە هەوارز و نشێوی به سەرکەوتوویی بڕی و چارەنووسی خۆی خسته ئاسۆیەکی دیکەوە و بوو به مایەی شانازیی گەڵی کورد لە تەواوی جیهان و خەڵکی کۆماری کازاخستان، وەکو دووهـــەمیـــن نیشتمانی خۆی.
نادر لەساڵی ١٩٤٨ قۆناخی ئامادەیی ١٠ پولیی لە گوندی ئێرنازار به سەرکەوتوویی تەواوکرد. هەوڵەکانی بۆ هەڵبژێردران بۆ زانکۆ به هۆی نەبوونی ‘مافی به جێ هێشتنی شوێنی نیشتەجێبوونی’ ئاکامێکی ئەرێنی لێ نەکەوتەوە، بەڵام حەزی فێربوون هێندە به هێزبوو که به بوێرییەکی حاشالێنەکراو نامەی بۆ باوکی گەلان! “ستالین” نووسی و داوای لێکرد ئیزنی بدەن تا بۆ دەرس خوێندن “شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەت” به جێ بهێڵێ. لێرەدا شتێکی چاوەڕواننەکراو و سەیر ڕوویدا، پاش چەند مانگێک وڵامی نامەکەی هاتەوە: دەتوانی لە زانستگایەکی پەراوێزیدا دریژە به خوێندنت بدەی، تەنیا لە شارەکانی سەربە پارێزگاکەت. ئەو و زۆر لە کوردانی دوورخراوە لە زێدەکەیان بەم ئاواته و باوەڕە بوون ڕۆژێک دێ کە بتوانن لە پایتەخت و شارەگەورەکانی سۆڤیەتی دەرس بخوێنین، بۆ هەر کوێ پێیان خۆش بێ سەفەر بکەن و ڕێگای سەرکەوتن و گـــەیشتن بــــه ئـــاواتـــەکانیان ببڕن’.
ڕاستییەکـــانی ســـەردەمی تێـــرۆر و ســـەرکــوتی ‘ستـــالینی’ تەنیا دوای ڕووخانی یەکیەتی سۆفیەت و سەربەخۆبوونی کۆماری کازاخستان لە ساڵی ١٩٩١ ئاشکرابوون، کاتێک دوای ٦٠ ساڵ بۆ بنەماڵەی نادیرۆڤ دەرکەوت، کوڕەگەورەی بنەماڵەکەیان عەبدوڵڵا نادرئوغڵی، لە دایکبووی ساڵی ١٩١١ به بڕیاری تڕۆیکای ناوچەی باشووری کازاخستان لە ٣٠ی سپتامبری ساڵی ١٩٣٨ به تاوانی ‘دوژمنی گەل’ گولـلهباران کراوە. تەنیا لە ساڵی ١٩٩٧ بوو کە داواکاری گشتیی کۆماری کازاخستان به پێی مادەی ٢ی یاسای کۆماری کازاخستان ‘سەبارەت به گەڕاندنەوەی ئابڕووی قوربانییە سەرکوتکراوە سیاسییەکانی به کۆمەڵ’ بەڵگەنامەی بیتاوانبوونی بــــراکــــەیانی پێشکەشی بنـــەمــــاڵــــەی نــــادیــــرۆڤ کرد.
نەمر نادر نادیرۆڤ ساڵێک پاش تەواکردنی قۆناخی ئامادەیی، لە ساڵی ١٩٤٩ به هۆی ئیرادە، پێداگریی و کۆڵنەدانەوە توانی زۆربەی ئاستەنگەکانی سەر ڕێگا تێپەڕێنێ و به سەرکەوتوویی له تاقیکارییەکانی وەرگیران لە زانستگا دەرچێ. نادر یەکێک لە یەکەمین کوردەکانی کوچدراوی زۆرەملیی بۆ کازاخستان بوو که توانی لە ٢٩ی ئاگوستی ئەو ساڵەدا ناوی لە زانکۆی فێرکاریی دەوڵەتیی به ناوی ن. و. گـــۆگۆلی قیزیل ئوردا بنووسێ و ببێته خوێندکاری بەشی زانسته سروشتییەکان.
نادر هەر ئەو شەوە لە خۆشیان شیعرێکی به ناوی ‘هەوڵەکانی من – زانکۆ’ نووسی و بەیانییەکەی ناردی بۆ ڕۆژنامەی ‘ڕێگای لێنین’. ئەو شیعرە ڕۆژی دوایی لە ١ی سپتامبری ١٩٤٩ بڵاوکراوە. نووسینی شیعر به زمانی کازاخی لە لایەن لاوێکی کوردەوە زۆر زوو سەرنجی نەسرەدین سێرالیف خوێندکاری کورسی ٣ و نوێنەری شوورای شاعیرانی لاو (پاشان نووسەری به ناوبانگی سۆڤیەتی)، تۆکماگامبێت عەسکەر زانا و نووسەری وێژەی سۆڤیەتی کازاخستان، و پرۆفیسۆری زمانناس سمێت کێنیسبایۆفی بەرەو خۆی ڕاکێشا. بێجگە لەوە نادر لە ساڵی سێی زانستگادا کۆتایی به ژیانی شیعر و شاعیری خۆی هێنا و دەستی به نـــووسینی بــــابــــــەتی سەرنجراکێش لـــە بــــواری نــــاستی کیمیا کـــــرد.
لەسەردەمی ستالیندا دەبوو خوێندکار پاش تەواوکردنی زانستگا به پێی یاسا، به ناچار لە شوێنێکی دیاریکراودا دەست بەکار بکات. نادر لە ساڵی ١٩٥٣ بۆ ماوەی ٣ ساڵ وەکو مامۆستای کیمیا – بیولۆژی له قوتابخانەی ئامادەیی گوندی ‘چولاک تای’ کاری کرد و هاوکات درێژەی به نووسینی بابەتی زانستی دا. یەکەم بەرهەمەکانی لە مۆسکۆ (خێزان و قوتانخانه. ساڵی ١٩٥٥، ژمارەی ٢، لاپەرەکانی ١١ – ١٢؛ کیمیا لە قوتابخانه، ساڵی ١٩٥٧ ژمارەی ١ و ٦) و لە ئاڵما ئاتا (مامۆستای گەلیی. ١٩٥٨، ژمارەی ٨؛ بۆ یارمەتی مامۆستا ١٩٥٨ ژمارەی ١١؛ مامۆستای کازاخستان) چاپ و بڵاو بوونەوە.
ئەم کارە و بەرهەمە زانستییەکانی دیکەی نادیرۆڤ ڕێگا و ئاسۆی کاری زانستیی بۆکردەوە و لە داهاتوودا یارمەتیدەری بواری جۆراوجۆ بوون، وەکو تۆمارکردنی ناوی خۆی بۆ درێژەپێدانی خوێندنی باڵا لە زانستگا. وێڕای ئەوەش، پێوانی ئەم ڕێگایە بۆ کەسێکی دوورخراوە لە زێدی خۆی و دانیشتوویەکی ناڕەسەنی کازاخستان کارێکی ساکار و بێ لەمپەر نەبوو. لەسەرەتادا هەوڵەکانی ئەو بۆ درێژەپێدانی خوێندن بێئاکام مانەوە و بەڵگه و داواکـــارییەکانی لە شاری ئاڵمائاتا و فرۆنزە ڕەتکرانـــەوە.
نادر به ناچار ڕووی لە پایتەختی یەکیەتی سۆڤیەت کرد، بەڵام لەوێش به هۆی نەبوونی’ مافی چوونەدەرەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەت’ ڕێگەی درێژەپێدانی خوێندنی باڵای پێنەدرا. هەر لەو ساڵانەدا گۆڕانکارییەکی چارەنوسساز لە یەکیەتی سۆڤیەت ڕووی دا. نیکیتا خرۆشێف سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی یەکیەتی سۆڤیەت لە یەکێک لە وتارەکانیدا پێشنیاری کرد کۆتایی به یاسای نێوزڕاوی ‘نیشەجێبوونی تایبەت’ لە پلەی یەکەم بۆ مامۆستایان بهێندرێت و، ئەوە ڕێگای چالاکیی زانستی و کاری بۆ نادیرۆڤ و کورد و نەتەوە دوورخراوەکانی ئەوپەڕی قەفقاز بۆ کازاخستان و شوێنەکانی دیکەی یـــەکیـــەتی سۆڤیەتی، کردەوە.
نادر نادیرۆڤ خێرا پاسپۆرتەکەی گۆڕی و لەو مۆڕە سووکایەتیهێنەرە ڕزگاری بوو، چووە مۆسکۆ و به دوای دەرچوون لە پێشبرکێیەکی دژوار بۆ چوونه زانستگا، لە ساڵانی ١٩٥٦ تا ١٩٥٩ بوو به خوێندکاری ماستەر لە دیپارتمانی کیمیای ئەنستیتووی فێرکاریی دەوڵەتیی مۆسکۆ بەناوی و. ئی. لێنین. نادیرۆڤ یەکێک لە یەکەمین کیمیاناسەکان بوو کە لە ڕیزی زانایانی گەورەی سۆڤیەتی بەرگریی لە بڕوانامەی خۆی لە مۆسکۆ کرد و دەیان بابەت و کتێبی لەم بوارەدا چاپ و بڵاو کردنەوە.
نادر لە ساڵی ١٩٥٩ بەرگریی لە بڕوانامەی بەربژاریی لە زانستی فێرکاریی لە سەر بابەتی شێوازی لێکۆڵینەوەی کاردانەوە خێرای کیمیایی و هاوسەنگیی کیمیایی لە کورسی کیمیای قۆناخی ئامادەیی دەبیرستـــان لـــە شاری مۆسکۆ کرد.
نادر لە نێوان ساڵانی ١٩٥٩ تا ١٩٦٨ سەرۆکی دیپارتمانی کیمیای ئەنستیتووی دەوڵەتیی فێرکاریی خابارۆفسکی بوو. لە ساڵی ١٩٦٧ بەرگریی کرد لە بڕوانامەی دوکتوری زانستیی کیمیا لەسەر بابەتی ‘توێژینەوەی کێشەی سروشتیی لە سیبیریی و ڕۆژهەڵاتی دوور و تێکەڵە کـــاتــــالیزۆرەکان (تاودەرەکان) بۆ پــاڵاوتن و هایدۆژێناندنی ڕۆنی سۆیــــا’.
لە ساڵانی ١٩٦٨ تا ١٩٧٥ جێگیری سەرۆکی کاری زانستیی و سەرۆکی دیپارتمانی تێکنۆڵۆژیی کیمیایی بۆ ڕەوتی پاڵاوتنی بەرهەمە نەوتی و گازییەکانی ئەنستیتووی تەکنۆڵۆژیای کیمیایی کازاخستان بوو، کە بۆ یەکەمجار لە لایەن ئەوەوە لەم کۆمارەدا ڕێکخرا.
لە ساڵی ١٩٧٠ نازناوی زانستیی پرۆفیسۆری دیپارتمانی تەکنۆڵۆژیای کیمیایی و بەرهەمە نەوت و گازییەکان به نادر نادیرۆڤ بەخشرا. نادر نادیرۆڤ لە نێوان ساڵانی ١٩٧٥ هەتا کاتی کۆچی دوایی لە ساڵی ٢٠٢١، خاوەنی زۆرێک پلە و پایەی بەرزی زانستی و دەوڵەتی لە کـۆماری کازاخستان بوو، وەک:
بەڕێوەبەری ئەنستیتووی کیمیای نەوت و خوێی سروشتی ئاکادێمیای زانستی کۆماری کازاخستانی یەکیەتی سۆڤیەت، نوێنەری ئەنجومەنی شاریی نوێنەرانی خەڵک، ئەندامی ئەنجومەنی زانستیی پەترۆکیمیای ئاکادێمیای زانستیی یەکیەتی سۆڤیەت، بەڕێوەبەری باڵای زانستیی، مامۆستای زانستیی پلەبەرز و ئەندامی لێژنەی سەرۆکایەتی ئاکادێمیای زانستیی کۆماری کازاخستان لە ئاڵمائاتا، ئەندامی دەستەی نووسەران، جێگیری سەرنووسەری گۆڤاری ‘هەواڵنامەی ئاکادێمیای زانستیی کازاخستانی یەکیەتی سۆڤیەت’، ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری بەناوبانگی ‘ئیزوێستیای ئاکادێمیایی زانستیی یەکیەتی سۆڤیەت، زنجیرەی کیمیایی’، بەرپرسی لقی کازاخستانی ئەنستیتووی زانستیی – توێژینەوەی سەرتاسەریی سۆڤیەتی نەوت به ناوی ئاکادێمیک ئا. پ. کریلۆف (لە شاری مۆسکۆ)، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئاکادێمیای ئەندازیاریی کۆماری کازاخستان، سەرۆکی گرووپی بەڕێوبەریی کۆمیسیۆنی باڵای زانستی – تێکنیکی سەر به حکومەتی کۆماری کازاخستان، ئەندامی ڕاستەقینەی ئاکادێمیای نێۆنەتەوەیی بنیاتنانەوەی ژینگە و ئاکادێمیای زانسته سروشتیەکانی ڕووسیه، ئەندامی ڕاستەقینەی ئاکادێمیای پزیشکیی پێشگیریی لە کۆماری کازاخستان، ئەندامی ئەنجومەنی گەلی کازاخستان، سەرنووسەری گۆڤاری زانستیی و تێکنیکی ‘نەوت و گاز’، سەرۆکی کۆمەڵەی ‘بەربانگ’ی کوردەکانی کۆماری کازاخستان، ئەندامی وەزارەتی ڕۆشنبیریی کۆماری کازاخستان بۆ پەرەپێدانی زمانەکان، ئەندامی وەزارەتی پەروەردە و زانستی کۆماری کازاخستان بۆ پێدانی خەڵاتی کۆماری کازاخستان به ناوی ئی. ئالتیسارینا، چ.والیخانۆف د.ئا. کۆنایڤا و ک. ئی. ساتپایف. ڕاوێژکاری ســەرۆک کــۆمـــاری کــازاخستــان و دەیــان نــــازناو و پلە و پـــایەی دیکە …
نادر نادیرۆڤ خاوەنی دەیان میداڵیا و خەڵاتی دەوڵەتی و زانستیی ناوخۆیی و جیهانی و نازناوی فەخریی بوو، لەوانه:
١٩٨١ نیشانی ئاڵای سووری کار
١٩٩٩ نیشانی شەرەف
٢٠٠٦ نیشانی دۆستیی
٢٠١١ نیشانی جوانمێریی
میدالیا نازناوی فەخری و خەڵاتەکان:
١٩٧٠ میدالیا ‘بۆ کاری بوێرانه لە یادی ١٠٠مین ساڵەی لە دایکبوونی و. ئی. لێنین’
١٩٨٠ میدالیای ‘٦٠ ساڵەی کۆماری سۆسیالیستی کازاخستانی سۆڤیەت’
١٩٨٢ میدالیای ‘بۆ سەرکەوتن لە پەرەپێدانی ئابووریی نەتەوەیی یەکیەتی سۆڤیەت’ ١
١٩٩٩ میدالیای ‘سەدە مین ساڵی پیشەسازیی نەوتی کازاخستان’
٢٠٠١ ‘ئەندازیاری ناوداری سەدەی بیستەم’ [نازناوی فەخریی لە لایەن ئاکادێمیای نێونەتەوەیی ئەندازیاریی شاری مۆسکۆی پێ درا]
٢٠٠١ میدالیای ١٠ ساڵ سەربەخۆیی کازاخستان
٢٠٠٣ نیشانی ڕێزلێنانی«AGA» ‘بۆ سەرکەوتن لە پەرەپێدانی پیشەسازیی”، فەرەنسا
٢٠٠٣ ‘میدالیای زێری SPI ‘ (کۆمەڵەی نێونەتەوەیی هاوکاریی پێشەسازیی) فەرەنسا
٢٠٠٤ نازناوی”ماڕشاڵی زانست” لەگەڵ میدالیای ناپلیۆن ( SPI ، فەرەنسا)
و …
نادر نادیرۆڤ نووسەری پتر لە ١٢٠٠ گوتاری زانستی، ٣١ مۆنۆگرافی، و ١٠ کتێبی وانە گوتنەوە، هەروەها خاوەنی ٨ دۆزینەوەی زانستیی و 250 مافی داهێنراوی تۆمارکراو و بڕوانامەی خاونمافیی بۆ داهێنانەکان بوو.
بەشێک لە زنجیرە مۆنۆگرافییەکانی نادر نادترۆف بریتین لە:
هاوسەنگیی کیمیایی و بنەماکانی تێکەلبوونیان – ١٩٩٦
تۆکۆفیرۆلەکان و بەکارهێنانی لە پزیشکی و کشتوکاڵدا-١٩٩١
تێنگیز – دەریایەک لەنەوت و دەریایەک لە کێشه – ٢٠٠٣
نەوتی تازەی کازاخستان و بەکارهێنانیان (٨ کتێب، ١٩٧٩ تا ١٩٨٧)
تەختەبەردەکانی پترۆبیتۆمینۆس (٥ کتێب، ١٩٨٢ تا ١٩٨٨)، ئەو بەرهەمه لە کازاخستان و کانادا به زمانی ئینگلیزی بڵاو بۆتەوە.
نەوت به خەستیی باڵاوە و قیرە سروشتتەکان (٥ کتێب، ٢٠٠١)
نەوت و گازی کازاخستان(مۆنۆگرافی لە ٢ بەرگدا، ١٩٦٦) بۆ یەکەمجار لەو مۆنۆگرافییەدا مێژوو و دۆخی پیشەسازیی نەوت و گاز به تەواوەتی شیکراوەتەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٣ لە ئاڵمائاتا مۆنۆگرافی سیاسی کۆمەڵایەتی ئاکادێمیک ن. ک. نادیرۆڤ ‘ئێمە کوردانی کازاخستان'(ئاڵمائاتا ٢٠٠٣، ل ٥٥٦) به بۆنەی٦٠ ەمین ساڵوەگەڕی ڕاگواستنی زۆرەملێی کوردانی ئەوپەڕی قەفقاز بۆ کازاخستان لە نێوان ساڵانی ١٩٣٧ تا ١٩٣٨ و ١٩٤٤؛ و لە سالی ٢٠٠٨ دا کتێبی نادیرۆڤ بەناوی ‘جیاوازیی کات یان وەرچەرخانی مێژوو: تاقیکاریی لێهاتوویی’ (لە ٦٩٢ ڵاپەردا) چاپ و بڵاوکرایەوە.
نادر کەریمۆڤیج نادیرۆڤ لە ساڵی ١٩٦٦ تا ٢٠٠٣ سەرۆکی کۆمەڵی کوردانی کازاخستان ‘بەربانگ’ بوو.
هاوسەری ئاکادێمیک نادر نادیرۆڤ، گالینا ئامۆیونا پسپۆڕی زانستی کیمیا، یاریدەدەری پرۆفیسۆر و چالاکی بواری کۆمەڵایەتی خاوەنی سێ کوڕ به ناوی باری، عارف و دیمیتری بوون کە هەر کامیان لە ئاستی بەرزی زانستی دان.
باری: پزیشکی نەشتەگەریی دەماری منداڵان،
عارف: پسپۆڕی زانستی کیمیا، ئەندامی یاریدەدەری ئاکادێمی نەتەوەیی ئەندازیارانی کۆماری کازاخستان،
کوڕە چکۆلەکەیان، دیمیتری: پسپۆڕی کۆمەڵناسیی. ڕێکخەری ناوداری بیمەی پزیشکی، لە ساڵی ٢٠٠٥ بەرگری لە بڕوانامەی ماستەری خۆی به زمانی ئینگلیزی کرد.
به دەستپێشخەریی کۆمپانیای تەلەفزیۆنی ‘خەبەر’ چەندین فیلمی داکۆمێنتاریی (بەڵگەنامەیی) سەبارەت به ژیانی ئاکادێمیکی نادر نادیرۆڤ به ناوی ‘هێڵی چارەنووس’، ‘ئێل ئاغالاری’ [Ел ағалары] و پێشتریش’ کوردێکی خۆڕاگر’ بڵاوبۆتەوە.
لە مانگی مای ٢٠١٣ به بۆنەی یەکگرتوویی گەلی کازاخستان کۆمپانیای تەلەفزیۆنی ڕادیۆیی ‘ کازاخستان’ فیلمێکی داکۆمێنتاریی سەبارەت به ‘نادر نادیرۆڤ’ لە خولی ‘کەسایەتی’ سەبارەت به ژیان و چالاکیی نادر نادیرۆڤ زانایەکی کوردی به ناوبانگی کازاخستان بڵاو کردەوە.
نادر کەریمۆڤیچ نادیرۆڤ زانای به ناوبانگی کوردی کازاخستان لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا و لە ٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢١ لە نیشتمانی دووهەمی خۆی لە کازاخستان کۆچی دوایی کرد. ژیانی پڕ هەوارزونشیوی نادر نادیرۆڤ وانەی کۆڵنەدان و خۆڕاگریی و شانازیی بۆ گەڵی کورد و کازاخە.
کتێبی نادر کەریمۆڤیچ نادیرۆڤ لە ساڵی ٢٠١٣ به سێ زمانی کازاخی، ڕووسی و ئینگیزی لە لایەن وەزارەتی پەروەردەی کۆماری کازاخستان بڵاوبۆتەوە. یەکێک لە نووسەرانی کتێبەکە ژوماگولوف ب. ت وەزیری پەروەردە و زانستی کۆماری کازاخستان، ئاکادێمیکی ئاکادێمیای نیشتمانیی زانستەکانی کۆماری کازاخستانه.
سەرچاوەکان به ڕووسی:
Надиров Надир Каримович, МИНИСТЕРСТВО ОБРАЗОВАНИЯ И НАУКИ РЕСПУБЛИКИ КАЗАХСТАН, Алматы, 2013 г.. Биобиблиографический указатель / Сост.: Е.В. Солодова, А.В. Ширинских. Сост.-ред. А. Байгерим. Гл. ред. Б.Т. Жумагулов, академик НАН РК. Отв. ред. Р.О. Карибжанова, генеральный директор РГП «Ғылым ордасы». Библиогр. ред.: Т.В. Вдовухина, Г.И. Бельгибаева, Ш.Е. Кунанбаева. – Алматы: Научная библиотека РГП «Ғылым ордасы», 2013. – 392 с.: портр. [Серия «Биобиблиография ученых Казахстана»].
Скончался казахстанский ученый-химик, почетный нефтяник Надир Надиров, 01.02.2022 https://ru.sputnik.kz/20210824/skonchalsya-pochetnyy-neftyanik-Nadir-Nadirov-17939856.html
Ученый, академик Надир Надиров скончался на 90-м году жизни 26.08.2021 , https://kzvesti.kz/socium/32749-32749/
Учёный с большой буквы, 27.08.2021,
208
Link to: مێشک-زەین: لە دەرمانخانەکانەوە بۆ ئاگامەندی و داهێنەری
Link to: مێشک-زەین: لە دەرمانخانەکانەوە بۆ ئاگامەندی و داهێنەری
مێشک-زەین: لە دەرمانخانەکانەوە بۆ ئاگامەندی و داهێنەری...
Link to: سامانی ئاو و پلانێك بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی كوردستان
Link to: سامانی ئاو و پلانێك بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی كوردستان
سامانی ئاو و پلانێك بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی كوردستان...
Scroll to top
Scroll to top
Scroll to top