ئارامتر بخوێنەوە

سامانی ئاو و پلانێك بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی كوردستان

نووسینی: داود ڕەسووڵی

PhD, Soil & Water Conservation


دەروازە

بێگومان بەهای ئاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە بەهای سەرچاوە سروشتییەكانی تر كەمتر نییە و لە داهاتوویەكی نزیكدا ‏دەبێتە فاكتەری یەكلاكەرەوەی سیاسەت و ئابووری. ماوەیەكە گفتگۆ لەسەر بابەتی ئاو، چوارچێوەی ‏توێژینەوەیی و ئەكادیمی تێپەڕاندووە و بۆ ناوەندەكانی سیاسەت گوازراوەتەوە. بە هەمان شێوە ئاوێتەی بەرژەوەندیی ‏دەوڵەتانی ناوچەكە بووە و ڕەنگدانەوەی ئاشكرای لە پەیوەندی و هاوسەنگیی هێز بەجێ هێشتووە.‏

سەدەی ڕابردوو لە سەروبەندی داڕشتنی جوگرافییای سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕەچاوی بنەمای نەتەوەیی بۆ كورد ‏نەكرا، بۆیە كوردستان وەكو وڵاتێك یاخود یەكەیەكی “ئیداری ـ جوگرافـی” سەربەخۆ یا نیمچەسەربەخۆ نەچەسپێنرا، ‏تەنانەت بە تەواوەتی نەخرایە سەر یەكێك لە دەوڵەتەكان، بەڵكو دابەش كرا. ئەم شێوە دابەشكردنە، چەندڕەهەندی ‏بوونی كێشەی كوردی بەدوای خۆیدا هێناوە. هەرچەند پاش داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ڕێگە بە دامەزراندنی ‏بیست و دوو دەوڵەتی عەرەبی درا، بەڵام بوونی تەنانەت هەرێمێكی خۆبەرێوەبەر بۆ نەتەوەی كورد دژایەتیی زۆری كرا. ‏خەباتی نەتەوەییی كورد نەیتوانیوە یا دەرفەتی پێ نەدراوە تا لەو دۆخە ژێئۆپۆلیتیكە دەربچێت و بەردەوام ‏خەباتەكەی كەوتووەتە بەر سێبەری بەرژەوەندیی نەتەوە سەردەستەكانی فارس، عەرەب و تورك. یەكێك لە هۆكارە ‏بنەڕەتییەكانی دەگەرێتەوە بۆ پێگەی جوگرافـی و سامانی سروشتی كوردستان. سیستەمی سەرمایەداری و ‏سیاسەتی داگیركاری هەوڵی بە ئامانج گرتنی جوگرافییای دەوڵەمەند و بەپیتی نەتەوە ژێردەستەكان دەدات. ئەم ‏هەوڵە وەكو نەریتێكی چەند سەد ساڵە خۆی نواندووە و نموونەكانی لە مێژووی دوور و نزیكی جیهاندا بینراوە. دۆخی ‏كوردستان، وێنای ئەم سیاسەتەیە.‏

ژمارەیەك فاكتی ئاشكرا دەریدەخەن كە هێز و توانامەندیی كوردستان بەهۆی سەرچاوەكانی ئاوەوە، دەیكاتە لایەنێكی ‏بڕیاردەر لە داهاتووی ململانێیەكانی ئێران و بگرە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەگەر لە داهاتوودا بەپێی پلانێكی زانستی و ‏ژینگەتەوەر، جڵەوی ئەم هێزە گەورەی سروشت بگرینە دەست، لە چەند ڕووە ئەنجامی كاریگەری لێ دەكەوێـتەوە، ‏یەكەم: دابینكردنی ئاسایشی خۆراك بەهۆی ئاوەدانكردنەوە و برەودانی كشتوكاڵ کە بۆی هەیە كوردستان ببێتە ‏ناوچەیەكی گرنگی بەرهەمهێنەری ئابووریی كشتوكاڵی لە ئێراندا. دووەم: دابینكردنی خزمەتگوزاریی ئاو و كارەبا ‏لە ڕێگەی گلدانەوە و بەكارهێنانی وەك هایدرۆپاوەر، لەگەڵ ئەمەشدا پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار، كەوا دیسان ‏دەستكەوتی گەورەی ئابووری لێ دەكەوێتەوە. سێهەم: كورد لە ململانێیە سیاسییەكاندا، كارتێكی بەهێزی بۆ پاراستن و چەسپاندنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی لەدەستدا ‏دەبێـت.‏

ڕەهەندی جیاجیای سەرچاوەكانی ئاو دەبێ بخرێنە بەرباس. چەند بابەت پێویستە لە ڕووی ژمارەیی و ئەندازەیی ڕوون ‏بكرێنەوە، وەك قەبارەی سەرچاوەكانی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی و دواتر بكرێنە بناغەی سیاسەتی ئاو. دەبێ ‏سەرجەم تەوەرەكان ئاراستە بكرێن بەرەو دانانی پلانێكی ستراتیژی بۆ سەرچاوەكانی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان. ‏بەو هیوایەی شارەزایان هەوڵ بدەن، هزر و تواناكانیان بخەنە گەڕ بۆ بنیادنانی ناوەندێكی توێژینەوەی ئاو.‏

بە دڵنیایی‌یەوە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ڕێگەی سامانی ئاوەوە دەتوانێت ببێتە هێزێكی ناوچەیی. بۆی هەیە وەك ‏كارتێكی كاریگەر بەكاری بێنێت، جگە لە دابینكردنی ئاوی پێویست بۆ دانیشتووانی لە ڕووی وزەی كارەبا، ‏گەشتوگوزار، خواردنەوە، كشتوكاڵ و پیشەسازی. ئەم توانا شاراوەیە پێویستی بە وەبەرهێنان و سوودوەرگرتن ‏هەیە. وەك باس كرا، بەهای سەرچاوەكانی ئاو هیچ لە ڕەگەزە سروشتییەكانی تر كەمتر نییە، بگرە بەنرختریشە. ئەگەر لەو ‏سۆنگەوە بڕوانین كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر ئێستا و لە ئایندەدا بە توندی ڕووبەڕووی كێشەی كەم‌ئاوی و بێ‌ئاوی ‏دەبێتەوە.‏‎ ‎

ئێستا ئەوەی گرنگە و پێویستە زانیاری و داتای سەرچاوەكانی ئاو بە چەند ڕێبازێكی زانستی بخرێنە ڕوو، دواتر ‏باسی ئەوە بكرێت كە لایەنی سیاسی و ئابووریی سەرچاوەكانی ئاو بە چ شێوەیەكە؟ دەبێ ئاماژە بە لایەنی ئەندازەیی ‏بابەتەكەش بدرێت. پێویستە كۆی شارەزا و پسپۆڕانی بوارەكە، زەمینەی ئەكادیمی و كرداری خۆش بكەن بۆ دانانی ‏نەخشەڕێگای سامانە سروشتییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ ئەوەی لە كاتی گونجاودا سوود لە پلان و پڕۆژە ‏ئامادەكراوەكان وەربگرین. ‏


چوارچێوەی پلان

ئاو بنەمای ژیانی ئابووری و كشتوكاڵە. بەردەستبوونی ئاوی سازگار ڕێگە بە بەرهەمهێنانی خۆراك و‎ ‎بەخێوكردنی ‏ئاژەڵ دەدات. بە درێژاییی مێژوو، بابەتی بەكارهێنانی ئاو بە مەبەستی جۆراوجۆر و بەتایبەتی لە كەرتی كشتوكاڵدا ‏بووە بە چەقی‎ ‎ململانێیەکان و بەم پێیە یاسا و سیاسەتی بۆ دارێژراوە‎.‎

هەرچەندە ئاو یەكێكە لە زۆرترین سەرچاوەكان، بەڵام زۆرجار بۆ دابینكردنی خواستەكان بڕی پێویستی ئاو، كوالێتی‎ ی‎‎گونجاو لە شوێن و كاتی گونجاودا بەردەست نییە. لە ئەنجامدا‏‎ ‎ڕكابەرێكی توند لەنێوان بەكارهێنەرانی ئاودا هەیە ‏وەك كەرتەكانی كشتوكاڵ، شارەوانی، ‏‎پیشەسازی، گەشتوگوزار و ژینگە. بە هەمان شێوە لەنێوان وڵاتان و ‏ناوچەكانی دراوسێ كە سوود لە سەرچاوەی ئاوی هاوبەش وەردەگرن وەك ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەبینرێت.‏

كشتوكاڵ بەكارهێنەرێكی سەرەكیی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوییە. بۆ نموونە لە ئەمریكا نزیكەی‎ ‎لەسەدا ٨٠ی ئاوی ‏بەكارهێنراوی وڵاتەكە پێك دەهێنێت. ئەو ئاوەی كە لە بەرهەمهێنانی كشتوكاڵیدا‎ ‎بەكار دەهێنرێت بەزۆری لە ئاوی ‏سەرزەوی، وەك ڕووبار، دەریاچە، چەم و گۆمەكانەوە‎ ‎سەرچاوە دەگرێت، یا لە ئاوی ژێرزەوی كە لە چینە ‏ئاوهەڵگرەكانەوە دەردەهێنرێت. لە‏‎ ‎هەندێك بارودۆخدا ئاوی پێویست بۆ كشتوكاڵ ڕاستەوخۆ لە بارانبارین یاخود ‏لە ئاوی كانیاوەوە دابین دەكرێت‎.‎

بە شێوەیەكی نەریتی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەكان سەرنجی لەسەر ئاوی سەرزەوی‎ ‎یا ئاوی ژێرزەوی بووە. لە ‏دێرزەمانەوە مرۆڤەكان بە پێویستیان زانیوە كە بەكارهێنانی سەرچاوەكانی ئاو ڕێك بخرێت. ‏


سەرچاوەكانی ئاو و هەڵەی ستراتیژیكی كۆماری ئیسلامی

سیاسەتی ڕژێمی داگیركەری كۆماری ئیسلامی سەبارەت بە سەرچاوەكانی ئاو لە ئێران و بەتایبەتی لە كوردستان، بە ‏شێوەیەكی بەرفراوان ڕەنگدانەوەی چەندین هەڵەی ستراتیژیك و زانستی زەقی پێوە دیارە. ئەوەی شارەزایان لەسەری ‏كۆكن ئەوەیە كە دۆخی دژواری ژینگەی ئێران و كوردستان، دەرئەنجامی ئیدارەدانی نازانستیی سەرچاوەكانی ئاو بووە ‏كە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا، كارەساتبارتر بووە. پشكی شێر لە سەرمایەگوزاری و ئیدارەدانی سەرچاوەكانی ئاو لە ‏ئێران بە شێوەیەكی پاوانخوازانە خراوەتە خزمەتی بەرژەوەندیی كارتێلەكانی سوپای پاسداران. ئەم سیاسەتە ‏سوودخوازانەیە تەنیا بە بواری دروستكردنی بەنداو و پڕۆژەكانی ئاودێری سنووردار نەكراوە، بەڵكو پەلی بۆ سەرجەم ‏سامانە سروشتییەكانی وڵات هاویشتووە. ‏

دەرهاوێشتەكانی ئەم سیاسەتە چەوتە لە شێوەی دیاردەگەلی وەك وشكبوونی دەریاچە و زلكاوەكان، تەشەنەی ‏بەبیابانبوون، گۆڕینی ڕێرەوی سروشتی ڕووبارەكان، وشكبوونی بیرەكانی ئاو، ڕۆچوونی زەوی، وشكەساڵیی ‏كشتوكاڵی و هیدرۆلۆژی، خۆڵبارین، پیسبوونی هەوا، قەیرانی ژینگەیی، تێكچوونی پارسەنگی ئێكۆلۆژیك و … هتد ‏خۆیان نواندووە. ‏

ئەوەی لە هەمووی گرنگترە، دانانی پلانێكی ژینگەتەوەری خێرایە بۆ بەرەنگاریی لێكەوتەكانی ئەم سیاسەتە هەڵەیە. ڕەنگە دەركردنی ‏یاسای سەرچاوەكانی ئاو ببێتە فریادرەس و بریتی بێت لە وردەكاری و نەخشەڕێگەی چارەسەریی قەیرانەكانی ‏پەیوەست بە ئاو. وا باشه چوارچێوەی یاساكە ئەمانە لەخۆ بگرێت: ‏‎مافـی بەكارهێنانی ئاو و سنوورداركردنی ‏پیسكردنی سەرچاوەكانی ئاو. مافـی بەكارهێنانی ئاو بریتییە لە هاوسەنگیی نێوان مافی ڕەگەزەکانی سروشت و مافە تایبەتەكان بۆ ‏بەكارهێنانی ئاو، مافە‎ ‎ڕێژەیی‌یەكانی تاك بۆ بەكارهێنەرانی ئاو و هەروەها كوالێتیی ئاو و ڕێكخستنی ئاوی قورس. ‏پرسەكانی یاسای ئاو ئەوەی پەیوەندی بە كشتوكاڵەوە هەیە دەبنە دوو بەش: چۆنیەتیی ‏‎دابین و بەکارهێنانی ئاو لە بەرهەمە ئابوورییەکان و ‏چۆنیەتیی بەكارهێنانی زەویی كشتوكاڵی كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر كوالێتیی ئاو‎ ‎هەیە‎.‎

تەرخانكردنی ئاو بەگشتی لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوە دەچێَت. هەر دەوڵەتێك سیستەمی‎ ‎ڕێكخستنی تایبەتیی خۆی هەیە ‏كە كەمتر لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە دەستی تێوەردەدرێت. یاساكانی دەوڵەت‏‎ ‎و پلانی دەزگا پەیوەندیدارەكان تا ڕادەیەك ‏بەكارهێنانی ئاو كۆنتڕۆڵ دەكەن وەك گواستنەوەی ئاو‎ ‎لە ناوچەیەكەوە بۆ بەشێكی دیكە، دەرهێنانی ئاوی ژێرزەوی، ‏پرۆژەكانی كۆكردنەوەی ئاو و لێدانی بیر‎.‎‏ ‏


ڕەهەندەكانی پلانی سامانی ئاو بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان

لە زۆربەی وڵاتان، یاسا و دەزگای تایبەتمەند بۆ سامانی ئاو دانراوە. گرنگییەكی تایبەت دراوە بە كۆكردنەوە و ‏پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو لە بەرانبەر تێكچوون و دابەزینی كوالێتیی فیزیكی و كیمیایی. هەر لە ئێستادا پێویستە ‏ئاوڕ لە سەرچاوەكانی ئاو بدەینەوە، چونكە چاوپۆشی لەم بارەیەوە دەتوانێ لە داهاتوودا كاردانەوەی خراپی ‏لەسەر پێشكەوتن و ئاسایشی نیشتمانیی كوردستان هەبێت. هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سەنتەرێك بۆ پرسی ئاو وەك ئەركێكی ‏نیشتمانی و نەتەوەیی دەژمێردرێت. ‏

لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان جیا لە پڕۆژەكانی بەنداو، ئامارێكی ورد و ماوەدرێژ سەبارەت بە سەرچاوەكانی ئاو لەبەردەستدا نییە. ئەمەش تا ڕادەیەك دەگەرێتەوە بۆ سیاسەتی داگیركارانەی كۆماری ئیسلامی و نەبوونی ‏توێژینەوەیەكی بەرفراوان لەبارەی قەبارەی ئاوی ڕێكردە و تایبەتمەندیی كیمیایی و فیزیكیی سەرچاوەكانی ئاو بە ‏مەبەستی پۆلێن كردنیان. گرنگیی سامانی ئاو و لێكدانەوەی زانستیی بابەتەكە تا ڕادەیەك كاری بۆ نەكراوە. پلاندان و ‏نەخشەسازی بۆ سەرچاوەكانی ئاو لە دوو ڕووەوە گرنگە: یەكەم دەتوانین ڕێباز و تەكنیكەكانی توێژینەوەی ناوچەیەك ‏بۆ ناوچەی هاوشێوە بەكار بێنین. دووهەم، ڕاپۆرتی سەرچاوەكانی ئاو وەك پێوەری هەڵسەنگاندنی ئابووری و ‏ئاوەدانكردنەوەی داهاتوو سوودیان لێ وەربگرین.‏

پێناسەی سەرچاوەكانی ئاو

ڕەنگە هەر یەك لە ئێمە لەو شوێنەی لێی دەژین، بەباشی لەوە ئاگادار نەبین كە ڕێژەی دابارینی ساڵانە، قەبارەی گشتیی ‏ئاوی ژێرزەوی، ئاوی سەرزەوی و ڕووبارەكان و گۆڕانكاریی ساڵانە و وەرزییان بە چ شێوەیەكە؟ ئاماری ورد سەبارەت ‏بە سەرچاوەكانی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی و گۆڕانكاریی ساڵانەیان و هەروەها زانیاریی كەشناسی یارمەتیمان دەدا تا ‏لە داڕشتنی پلان و نەخشەی پڕۆژەكانی ئاو و كشتوكاڵ سەركەوتوو بین. رێژەی هەرەزۆری ئاوی كوردستان بەبێ ‏كەڵكوەرگرتنی گونجاو لە ئاوزێڵەكانی دەردەچن. سیستەمی ئیدارەدانی ئاوی كوردستان پێویستە چارەی گونجاو بۆ ‏ئەم كێشەیە و كۆنترۆڵی ئاوی سەرزەوی بدۆزێتەوە. دروستكردنی بەنداوی مەزن و پڕۆژەی ئاودێریی گەورە دەبێ‌ پشت بە بنەمای زانستی و ژینگەیی ببەستێ. هەروەها پڕۆژەی گلدانەوەی ئاو لە شوێنە سروشتییەكان و ‏دروستكردنی بەست و بەنداوی لادەر و چاكکردنەوەی كارێزەكان و كانیاوەكان و چاودێریی پسپۆڕانەی بیرەكان و … هتد، ‏هەمووی خاڵی گرنگن لە سیستەمی ئیدارەدانی ئاو. دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەكان پێویستە بخرێتە بەردەستی پسپۆڕان ‏و شارەزایان تا بتوانن بەرنامەی ورد و بەرفراوان دابڕێژن. ‏


سەرچاوەكانی ئاو و گەشەی بەردەوام

ئەوانەی شارەزای پلاندانی هاوچەرخ و زانستین، بەباشی لە گرنگیی بەشە جیاجیاكانی گەشەی بەردەوام ‏‏(‏Sustainable development‏) تێدەگەن. ناوەندەكانی كەشناسی، خاكناسی، ئاوناسی، دارستانپارێزی، ‏ژینگەپارێزی، توێژینەوەی بۆماوەیی، ئاژەڵداری، رووەكناسی و … هتد خزمەتی ئەم بوارە دەكەن و كۆمەڵێك زانیاریی ‏بەكەڵك دەخەنە بەردەم بەڕێوەبەرانی پڕۆژە و بەپێی ئەم زانیارییانە پڕۆژەی سەركەوتوو ئامادە دەكرێن. ‏

یەكێك لە ستوونەكانی گەشەی بەردەوام بریتییە لە پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ و تەیاركردنی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ‏كشتوكاڵی لە ڕێگەی زانست و تەكنۆلۆژیی سەردەم. خاڵی گرنگ ئەوەیە كە بزانین پڕۆسەكە پەیوەستە بە پێشكەوتنی ‏زانست، لێكۆلینەوە و ڕاهێنانی بەردەوام. توێژینەوە و ڕاهێنان دەبێ بەپێی پێداویستیی ناوچەیی و هەرێمی ئەنجام ‏بدرێت و تەنیا چاولێكەری نەبێت. تەكنۆلۆژیی نوێ دەبێ سەرجەم هۆكارەكانی بەرهەمهێنان، شێوازە دروستەكان و ‏ئامانجی پێویست لەخۆ بگرێت. لایەنی ئابووری ـ ئیداری و سیاسی كاردانەوەی ڕاستەوخۆیان لەسەر كاراییی كشتوكاڵی ‏هەیە. ئەگەر شیمانە بكرێت كە سەرجەم هۆكارەكانی ئابووری، سیاسی و كۆمەڵایەتی بۆ ناوچەیەك لەبارن، دەتوانین ‏ئاماژە بەم هۆكارانەی خوارەوە بكەین كە تەواوكەرن:‏

‏1 ـ گرنگیدان بە جۆر و چەشنی بەروبوومە سەركەوتووەكان

‏2 ـ بەكارهێنانی شێوازی كاریگەر بۆ قەڵاچۆكردنی زیانهێنەرەكان

‏3 ـ سیستەمی ئاودێری و ڕەواندن و پەرەپێدانی تۆڕی ئاودێریی مودێرن و دروستكردنی بەنداوی بچووك و گەورە

‏4 ـ لێدانی بیری ئاو بە شێوازێكی زانستی و بە ژمارەی دیاریكراو

‏5 ـ بەكارهێنانی پەینە كیمیایی‌یەكان و گرنگیی پەینە ئاژەڵی و سەوزەكان

‏6 ـ ئیدارەدانی دروست و چاكسازیی خاكەكان

‏7 ـ ڕاهێنانی هێزی مرۆڤی شارەزا وەك بەڕێوەبەر، تەكنیككار، میكانیسیەن، كرێكاری ڕاهێنراو و مامۆستای ‏كشتوكاڵی لەگەڵ پەرەپێدانی توێژینەوەكان لە بواری كشتوكاڵدا.

پڕۆسەی پلاندانان

لێرەدا باسی یەكێك لە دەزگا پێویستەكان دەكەین كە بەپێی لۆژیكی ئابووری و هەروەها سامانی ئاو بۆ داهاتووی ‏كوردستان ڕۆڵێكی بەرچاوی هەیە. وڵاتانی پێشكەوتوو ماوەیەكی زۆرە ناوەندی توێژینەوەی سەرچاوەكانی ئاویان ‏هەیە و كاری پێ دەكەن. گشت زانیارییەكانی سەبارەت بە سامانی ئاو بە شێوەیەكی زانستی و بە كەڵكوەرگرتن لە ‏تەكنۆلۆژیی پێشكەوتوو خراونەتە خزمەتی پرۆژە و پلانەكانیان و بە گرنگییەوە سوودی لێ وەردەگرن. گەیشتن بە ‏گەشەی بەردەوام پەیوەستە بەم سێ خاڵە:‏

‏1 ـ ناسینی وردی توانستی هەموو ناوچەكان لە ڕووی سامانی ئاوەوە

‏2 ـ پلاندانان لەسەر بنەمای گەشەی بەردەوام و هەمەلایەنە

‏3 ـ جێبەجێكردنی پڕۆژەی بنەڕەتی بە شێوەیەك كە بگونجێت لەگەڵ هەلومەرجی هەر ناوچەیەك و كەڵكوەرگرتن لە ‏مۆدیلی ئیدارەی تێكەڵاو (بەكارهێنانی زانست و ئەزموون).‏

لە ڕوانگەی زۆربەی زانایانەوە، پلاندانی گشتگیر پەیوەستە بە فاكتەرە سەرەكییەكانی گەشەكردن. سەنگ و پێگەی ‏هەر یەك لە بەشەكانی سیستەمی ئابووریی وڵات دەبێ‌ لە تەنیشت بەشەكانی دیكە لە چوارچێوەیەكی نیشتمانیدا ‏سەیر بكرێت. لە وڵاتانی پێشكەوتوودا جۆرێك لە ئیدارەدان لەژێر ناوی سەنتێزی نیشتمانی بنیاد نراوە كە ‏ لە پسپۆڕانی بەشە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگا پێك هاتووە. ئەم دەزگایە چاودێریی هەموو بەشەكانی ئابووریی وڵات ‏دەكات و سەرجەم بەشەكان گوێڕایەلی ئەم ناوەندە دەبن. بەم شێوەیە، یەكەم بەر لە چالاكیی دووبارە و هاوتەریب ‏دەگیرێت و دووهەم، چالاكیی هەر بەشێك سەربەخۆیە و لە كاتی شكست هێنانیدا كەمترین زیان دەداتە بەشەكانی دیکە. ‏شێوازی سەنتێزی نیشتمانی دەتوانێ ئاسۆی گەشەكردن لە رێگەی بەكارهێنانی زانیارییە جۆراوجۆر و پلاندانی ‏گشتگیر لە وڵاتدا دیاربكات. بۆ نموونە، قەبارەی سەرچاوەكانی ئاو و سامانە سروشتییەكانی تر یاخود لە بواری ‏كشتوكاڵدا پۆلینكردنی زەوییەكان بۆ بەكارهێنان و بەم پێی داڕشتنی پلانێكی سەركەوتوو بۆ كەرتی كشتوكاڵ. ‏لێرەدا بە كورتی باس لە هەنگاوەكانی پلاندانانی كشتوكاڵی دەكەین كە پەیوەستە بە سەرچاوەكانی ئاوەوە.


چەند ڕێكاری پێویست بۆ چارەسەری قەیرانەكانی پەیوەست بە ئاو

یەكپارچەكردنی زەوییەكان ‏

بنەمای گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ بریتییە لە كشتوكاڵی بەرفراوان (‏Extensive‏) كە دەبێتە هۆی دابەزاندنی ‏تێچوو و بەرزكردنەوەی داهات لە ڕووبەری چوارگۆشەدا. بەپێی یاساكانی ئابووری، سەرمایەگوزاری لە كەرتی ‏كشتوكاڵدا كاتێك سوودبەخشە كە ئاستی بەرهەمهێنان بە بەراورد بە تێچووەكان ڕوو لە هەڵكشان بێت. ‏یەكپارچەكردنی زەوییەكان دەتوانێت وەك پڕۆژەیەكی ستراتێژی ئەم كیشەیە یەكلایی بكاتەوە. چونكە جگە لە ‏كەمكردنەوەی تێچوو، هێزی كرێكار دەتوانێت زەمینەی گونجاو بۆ سەرمایەگوزاریی گەورە و بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیی ‏مودێرن و میكانیزەكردنی كشتوكاڵی بڕەخسێنێت. دواجار دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی چەندی و چۆنیەتیی بەرهەم. بۆ ‏ئەم مەبەستە پێویستە كە لە كوردستان هەوڵێكی بەرفراوان ئەنجام بدرێت. داڕشتنی یاسای تایبەت بۆ ئەم پڕۆژەیە زۆر ‏گرنگە.‏

نوژەنكردنەوە و تەیاركردنی زەوییەكان

یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی بەفیڕۆچوونی سەرچاوەكانی ئاو و نەبوونی بەرهەمی گونجاو لە كەرتی كشتوكاڵیدا ‏بریتییە لە نایەكسانیی مەرجی پێویست بۆ گەشەی بەروبوومەكان. بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئاستی بەرهەم پێویستە ‏ڕەچاوی ئەوە بكرێت كە فاكتەری وەك خەسڵەتی بیۆلۆژیكیی ڕووەك، تیشكی خۆر، توخمە خۆراكییەكانی خاك، ئاوی ‏پێویست، ئیدارەدان و … هتد بە یەكسانی بەسەر بەشەكانی كێڵگەدا جێبەجێ بكرێن. لەم بارودۆخەدا كاراییی ‏بەكارهێنانی ئاو لە یەكەی ڕووبەردا بەرز دەبێتەوە و لە ڕاستیدا ڕێگەیەكە بۆ پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو. ‏

لێرەدا نۆژەنكردنەوە و تەیاركردنی زەوییەكان بە سیستەمی پێشكەوتوو و زانستی سەردەمی كشتوكاڵی دەبێتە هۆی ‏ڕەخساندنی كەشێكی گونجاو و لابردنی مایكرۆكلیمای جۆراوجۆر لە ڕووبەری كێڵگەدا. لەم مەرجانەدا ڕووەك دەتوانێ ‏گەشەی تەواو و ئابووری بكات. تەیاركردنی زەوی بریتییە لە تەختكردن واتە لابردنی بەرزی و نزمی (گرد و چاڵەكان)، ‏نوژەنكردنەوەی جۆگەی ئاودێری، دەركردنی ئاوەڕۆ و دروستكردنی ڕێگای هاتوچۆ و … هتد.‏

تۆڕی ئاودێریی بەپاڵەپەستۆUnder pressure irrigation ‎

ئامانجی سەرەكیی سیستەمی ئاودانی پڕژاندن و دڵۆپاندن بریتییە لە بەرزكردنەوەی كاراییی بەكارهێنان و دابەشكردنی ‏ئاو لەسەر زەوی و هەروەها گۆڕینی زەویی دێم بۆ زەویی بەراو. لە شێوازە كۆنەكانی ئاودێریدا نزیكەی 65% ئاو لە ‏ڕێگەی هەڵم یا داچۆڕانی قووڵ لە خاكدا بەفیڕۆ دەچێت و سوودی بۆ بەروبوومەكان نابێت. هەروەها دەبێتە هۆی ‏ڕاماڵین و داخوڕانی خاك كە لە درێژخایەندا كاردانەوی نەرێنیی لەسەر پرۆفایلی خاك بەجێدێڵێت. وەك ڕێگەی ‏چارەسەری دەكرێت بە پلانێكی گونجاو و قۆناغ بە قۆناغ، زەوییە كشتوكاڵییەكان بخرێنە سەر سیستەمەكانی ‏ئاودێریی بەپاڵەپەستۆ، چونكە دەبێتە هۆی دابەزینی پێداویستیی ئاو و لە هەمان كاتدا بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەم.‏

لە سۆنگەی گرنگیدان بە سەرچاوەكانی ئاو بەتایبەتی لە كاتی وشكەساڵی و كەم بارانیدا و بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ‏كارایی گواستنەوەی ئاو بۆ شوێنی مەبەست، پێویستە تۆڕی مودێرنی ئاودێری وەك بنەمایەك بۆ سیستەمی ‏دابەشكردنی ئاو بەسەر كێڵگە كشتوكاڵییەكان ڕەچاو بکرێت. چونكە لە میانەی گواستنەوەی بۆ كێڵگەكان، ‏ڕێژەیەكی بەرچاو لە ئاوی دابینكراو بەفیڕۆ دەچێت. ‏

لە لایەكی تر لە ڕۆژهەڵاتی كورستان دەرفەتی ئەوە هەیە كە لە چوارچێوەی پلانێكی زانستی و فڕەلایەن لەسەر ‏ڕووبارە گەورەكاندا ژمارەیەك وێستگەی پەمپكردنی ئاو دروست بكرێت بە مەبەستی كشتوكاڵی و خواردنەوە. لێرەدا ‏بەپێی بەرنامەیەكی ڕێكوپێك بەتایبەتی بۆ سوودوەرگرتن لە ئاوی ئەو ڕووبارانەی كە بەفێڕۆ دەچن، پێویستە شوێنی ‏گونجاو لە لایەن پسپۆڕانەوە دەستنیشان بكرێت.‏

لێدانی بیری ئاو بە شێوازی گونجاو

دوابەدوای گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا لە ناوچەكەدا گەورەترین مەترسی لە ئێستادا بریتییە لە دابەزینی ئاستی ئاوی ‏ژێرزەوی كە ڕاستەوخۆ كاریگەرە لە دابەزینی ڕێژەی دابارینی ساڵانە و هەڵكشانی قەبارەی ئاوی دەرهێنراو لە ڕێگەی ‏بیرەكان. بۆیە دەستبەجێ پێویستە چارەسەری ئەم بارە بكرێت چونكە لێكەوتەكانی تەنیا لە كەمبوونەوەی سامانی ‏ئاوی ژێرزەوی و وشككردنی بیرەكاندا نابینێتەوە، بەڵكو دەبێتە هۆی دیاردەیەكی ترسناكی زەویناسی كە بە ‏ڕۆچوونی زەوی لە ڕووبەری گەورەدا و بەدیاركەوتنی چاڵی گەورە (‏Land subsidence‏) ناسراوە و گرفت بۆ ‏ناوچە كشتوكاڵی و شوێنی نیشتەجێبوون بەدی دێنێت. هەرچەند كەڵكوەرگرتن لە ئاوی ژێرزەوی یارمەتیدەری ‏دابینكردنی ئاوی پێویستە. بەڵام دەبێ ڕەچاوی ئەم خاڵانە بكرێت كە نەبێتە هۆی دابەزاندنی لە ڕادەبەدەری ئاستی ‏ئاوی ژێرزەوی، وشكبوونی كانیاو و كارێزەكان، سوێربوونی خاك و … هتد. ‏

دروستكردنی پۆندی ئاو و پڕۆژەی بچووكی دابینكردنی ئاو‎ ‎

لە زۆر شوێن كە تۆپۆگرافیاكەی گونجاو بێت بۆی هەیە بە تێچوویەكی كەم لە ماوەی وەرزەكانی دابارین، پۆند و ‏گۆمی بچووك دروست بكرێت بۆ گلدانەوەی ئاو و لە مانگەكانی بێ‌باراندا سوودی لێ وەربگیرێت. زۆربەی ناوچەكانی ‏ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی سروشتی شاخاوی بۆ ئەم پڕۆژانە گونجاون. لە لایەكی تر دەكرێت ئاوی كانیاوەكان و ‏سەرچاوە كاتییەكان بە هەمان شێوە بە مەبەستی بەكارهێنانی خواردنەوە، ئاژەڵداری و كشتوكاڵی گل بدرێنەوە. ‏


سەرچاوەکان:‏

  1. Falkenmark, M., & Rockström, J. (2006). The New Blue and Green Water Paradigm: Breaking New Ground for Water Resources Planning and Management. Journal of Water Resources Planning and Management, 132(3), 129-132.

  2. Sharma, B., & Nepal, S. (2017). Challenges of Sustainable and Efficient Urban Water Management in the Developing World. Water, 9(2), 145.

  3. UNESCO. (2023). The United Nations World Water Development Report 2023: Water for a Sustainable World. Paris: UNESCO.

  4. United Nations. (2015). Transforming Our World: The 2030 Agenda for Sustainable Development. Resolution adopted by the General Assembly on 25 September 2015. UN General Assembly, 70th Session.

  5. United Nations. (2018). World Water Development Report 2018: Nature-Based Solutions for Water. UNESCO.

  6. Ward, F. A., & Pulido-Velazquez, M. (2008). Water Conservation in Irrigated Agriculture: Trends and Challenges in the Face of Emerging Demands. Water Resources Research, 44(2), W00A09.

  7. World Health Organization (WHO). (2019). Guidelines for Drinking-Water Quality. Geneva: World Health Organization.