ئارامتر بخوێنەوە

کۆمەڵکوژیی کورد لە ئیمپراتۆری عوسمانی‌دا (١٩١٥-١٩١٦)

ڕاپۆرتێک لە “پەیکی ئەرمەنستان”

وەرگێڕانی لە ڕووسییەوە: د. کامران ئەمین ئاوە

 

پێشەکی وەرگێڕ:

لە کۆتایی ساڵی 1914ی زایینیدا، لەگەڵ پەیوەست بوونی دەوڵەتی عوسمانی به بەرەی وڵاتانی “یەکگرتوو” لە شەڕی جیهانی یەکەم، خاکی کوردستان بوو بە ناوچەی شەڕ و ململانێی ئەو وڵاتانەی بەشداربوون لەم کارەساتە گەورەیە جیهانییە. هەرچەند دەسەڵاتدارانی عوسمانی هەوڵیان دەدا بە ڕاگەیاندنی جیهاد لە بیروباوەڕی ئایینی کورد و موسڵمانانی دیکەی ئەو وڵاتە کەڵک وەربگرن بۆ ئەوەی چالاکانە بیانهێننە بەرەکانی شەڕەوە، بەڵام سەرەڕای پشتیوانیی چەند سەرکردەی خێڵەکانی کورد لە جیهادی تورک، هەوڵەکانی حکوومەتی عوسمانی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی ڕێبەران و گەلی کورد شکستی هێنا.

لە بەهاری ساڵی ١٩١٥ سپای عوسمانی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە‌دا دەستی کرد بە کۆمەڵکوژکردنی ئەرمەنییەکان و، بەو ئاراستەیە هەوڵی دەدا کەڵک لە خەڵکی کوردیش وەربگرێ. سەبارەت بە ڕادەی ئەو بەشدارییە، هیچ کۆدەنگییەک لە نێوان توێژەراندا نییە. بێ لەبەرچاوگرتنی پانتایی هاوکاری بەشێک لە کوردەکان لەگەڵ تورکەکان لە سڕینەوەی نەتەوەیی ئەرمەنییەکاندا، لە ساڵانی ڕابردوو بەشێک لە سەرکردە و سیاسەتمەدارانی کورد، لەوانە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەلاحەدین دەمیرتاش، ئەحمەد تورک، مەهمەت خەتیپ دیجلان، عوسمان بایدەمیر و… ڕەخنە‌یان لەم کردەوەیه گرتووە و مەحکوومیان کردوە.[1] سەرەڕای ئەوەش، بەڵگەی زۆر هەیە بۆ پشتیوانیکردنی کورد لە ئەرمەنییەکان لە دژی سپای عوسمانی. لە کاتی ئەو کۆمەڵکوژییانەدا “زۆرێک لە ئەرمەنییەکان شوێن و پەناگەیەکی جێ متمانە‌یان لە ماڵی کوردەکاندا دۆزییەوە، بۆ نموونە تەنیا لە دەرسیم، کوردەکان پەنایان به  نزیکەی ٢٠ هەزار ئەرمەنی دا. کوردەکان کە بۆخۆیان بە هۆی برسیەتییەوە کەوتبوونە تەنگانە، زۆربەی جار هەرچییەکیان بوو و نەبوو لەگەڵ ئەرمەنییەکان دابەش دەکرد.

 زۆرجار بەگە کوردەکان پێشاوپێش ئەرمەنییەکانیان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا ئاگادار دەکردەوە. ئەو سەرکردە کوردانەی بە تایبەتی لە ئەوروپا دەژیان، بە توندی ڕەخنەیان لە کۆمەڵکوژی تورکەکان لە دژی ئەرمەنییەکان گرت و بۆ ئامانجی یەکخستنی خەبات دژی تورکەکان، پێوەندییەکیان لەگەڵ ناسیۆنالیستە ئەرمەنییەکان دامەزراند”.[2]

شکستی حکوومەتی عوسمانی لە ڕاکێشانی کورد بۆ بەشداریکردن لە بەرەکانی شەڕ و سڕینەوەی نەتەوەیی ئەرمەنەکان بووە هۆی خێراتربوونی سیاسەتی کۆمەڵکوژیی و ڕاگواستنی کورد بۆ ڕۆژئاوای ئاناتۆلی. چونکە بەپێی پلانی تورکە گەنجەکان “بڕیاربوو کورد لە ڕۆژئاوای ئاناتۆلی نیشتەجێ بکرێن و دابەشبوونیان لە ناوچەکەدا بەجۆرێک بێ کە زۆرتر لەسەدا پێنجی دانیشتوانی هیچ شوێنێک پێکنەهێنن”.[3]

دوابەدوای ئەو چالاکییە، زیاتر لە ٧٠٠ هەزار کورد دوورخرانەوە. زیاتر لە نیوەیان بە هۆکاری جۆراوجۆر وەک برسێتی و نەخۆشی جۆراوجۆر گیانیان لەدەستدا. بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان بەتەواوی چۆڵکران و هەزاران کورد لەلایەن سپای سێیەمی عوسمانییەوە کۆمەڵکوژ کران.

هەرچەندە لە هەندێک سەرچاوەی مێژووییدا کورته ئاماژەیەک بەو مەسەلەیه کراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کەیان و حکوومەتێکی کوردیی وەک نوێنەری حقووقیی و قانوونی، هەرگیز گرنگییەکی پێویست بە لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەم کارەساتە گەورەیە ئینسانییە لە بیروڕای گشتی و دامەزراوە قانوونی و نێونەتەوەییەکاندا نەدراوە.

ڕاپۆرتی “خەساری[گیانی و ماڵی[4]] کورد لە شەڕی ئێستادا” کە ئێسته لەبەردەستی خوێنەراندایە، لە 13ی نوامبری 1916 بە زمانی ڕووسی لە ڕۆژنامەی “پەیکی ئەرمەنستان” لە تیفلیسی پایتەختی گورجستان چاپکراوە و سەرلەنوێ لە ٢٢ی مای ٢٠١١ له ماڵپەڕی kurdist.ru بڵاوکراوەتەوە. ئەم ڕاپۆرتە بەڵگەنامەیەکی جێ متمانه‌یه دەربارەی کۆمەڵکوژیی مێژوویی کورد و خەساری گەورەی گیانی و ماڵی کوردانی ئەو وڵاتە لە سەردەمی دەسەڵاتی تورکە گەنجەکان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا.




دەقی ڕاپۆرتەکە:

***

خەساری [گیانی و ماڵی] کورد لە شەڕی ئێستادا

ئەو پرسیارە کە ژمارەی موسڵمانانی تورکیا لەدوای شەڕدا چەندە دەبێ، گرنگییەکی بەرچاوی هەیە بۆ چارەنووسی سیاسی وڵاتەکەمان. زۆرجار دەبیسترێ، کورد لە کاتی شەڕدا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، ئا. ئاتاناسیان، نوێنەری یەکیەتی شارەکان لە بەرەی قەفقاز، یەکەم زانیاریی سەلمێنراو لەسەر ئەو بابەتە لە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی “مەشاک”[5]دا دەخاتە ڕوو. دەشڵێت “ئەو زانیارییە تاوتوێ کراوانه که بەدەستم گەیشتوون دەیسەلمێنن، ئەگەر ئەرمەنییەکان لەماوەی ئەم شەڕەدا 360 هەزار قوربانیان دابێ، ئەوە قوربانییەکانی کورد زۆر لەوان قورسترە.

لە هەموو شوێنێک – لە گۆمی وانەوە بۆ باشوور و ڕۆژئاوا، ناوچەی بتلیس-بوش [مووش]، پاشان لە خنیس، بولانک، پاتنۆس، مەلازگێرت، ئالا داغی و ئەلشکیرت تا ناوچەی باسین و بایزید-دیادین، واتە ئەو ناوچانەی کە پێش شەڕ زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کوردیان تێدا دەژیا، ئێستا بەتەواوی چۆڵکراون. سەدان گوندی کوردنشین خاپوور بوون و لەناو براون. پێویستە ڕوون بێتەوە کە ئایا کوردەکانی ئەو ناوچانە لە کاتی پاشەکشەی تورکەکاندا دەرکراون یان کوژراون؟

[لە ڕاستیدا] هەردوو حاڵەتەکە ڕوویانداوە. پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێ کە دەرکردن و کشانەوەی [کوردەکان] لە بارودۆخێکی زۆر نالەباردا ڕوویداوە؛ لە کاتی پاشەکشەدا، هەموو چەشنێکی نەخۆشییە پەتاییەکان بە مانایەکی ڕاستەقینه هەموو خێڵه کوردەکان و ناوچەکانیانی لەناوبرد و برسێتی و سەرما تەرت‌و توونا بوونی ئەوانی یەکجاری کرد.

یەکێک لە خاوەن‌مڵکه ناودارەکانی کورد لە خۆشەبە بەحربەک[6] بەم شێوەیە بۆی ڕوون کردمەوە:

  • له ماوەی 6-7 مانگی یەکەمی شەڕدا، لە کۆی 12 هەزار کورد کە لە 20 گوندەکەی مندا دەژیان، 8 هەزاریان بەهۆی نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستدا. وەڕزێرەکانم تا ڕادەیەک لە بەراورد لەگەڵ ئەوانیتر لە دۆخێکی لەبارتردا بوون، چونکە ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر شوێنی خۆمان به جێ نەهێشتبوو. لە پێوەندی لەگەڵ خێڵەکانی دیکەی کورد، نزیکەی زۆربەی زۆریان به تەواوەتی لەناوچوون. ئەو بنەماڵانەی پێش شەڕ ٢٠-٣٠ کەسیان هەبوو، ئێستا ژمارەیان ناگاتە ٣-٤ کەس. بارودۆخ لە هەموو شوێنێک هەر بەو چەشنەیه. ئەو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەبیرتان نەچێ، ئێوەی ئەرمەنەکان کارمەندی پزیشکی و دەوا و خوشکی ڕووحانی[7] و پەرستارتان هەیە؛ ئێوە ناوەندی خۆراکدان و ڕێکخراوەی نیشتمانی و دەوڵەتیتان هەیە کە چاوەدێریی ئەو خەڵکە دەکەن وا پاشەکشەیان کردوە: ئەوان خواردن و جلوبەرگ و هەموو جۆرە هاوکارییەک دەدەنە خەڵکی ئاوارە، بێ سەرپەرستەکان کۆدەکەنەوە و پەنایان دەدەن. بەڵام، ئەی ئێمە؟ حکوومەتی تورکیا جگە لە تاڵانکردنی ترسناکمان، کە لەژێر ناونیشانی دەستبەسەرداگرتن دەیکات، هیچی دیکەی پێنەداوین و نامانداتێ. هەموو ئاژەڵدارییمان، کە بنەمای [ژیانی] هێزی کورد پێکدەهێنێ، بە ئاگر، برسێتی یان دەستبەسەرداگرتن لەناوچووە.

قسەکەی بەگی کورد تەبایی لەگەڵ ڕاستییەکان هەیە. سەرۆکی گروپە ئەرمەنییە خۆبەخشەکان بە یەک دەنگ ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە. یەکێکیان دەڵێت؛

  • به بۆچوونی من لەم شەڕەدا کورد هەموو شتێکی لەدەستداوە. ئەوانەی تا ئێستاش بەردەوامن لە شەڕی دژ به هێزەکانمان، لە ڕاستیدا پاشماوەی کوردە هەژارەکانی بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان [ی تورکیا] و ناوچەی دیاربەکرن و، ئێستا ژمارەیان پتر لە ٢٥٠ هەزار کەس نییە.

زانیاری دەربارەی ڕێژەی خەساری گیانی ئەو کوردانەی کە ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕەکەیان کردووە جێگەی سەرنجە. ئەفسەرێکی ڕووس پێیگوتم؛

  • هەر لە سەرەتای شەڕەوە لەو ناوچانە بووم کە پێکدادانی توندمان لەگەڵ کورد هەبوو. هەڵە نابێ ئەگەر بڵێین، ژمارەی کوژراوانی کورد زیاترە لە ٤٠ هەزار کەس. من هیچ لەسەر بریندارەکان ناڵێم کە دوو ئەوەندەی مردووەکانە.

لە مووش، جەعفەر ئاغا، تورکێکی بەناوبانگی دەوڵەمەند و زۆر خۆشەویست، بۆی ڕوونکردمەوە:

– من بۆخۆم ئەو خێڵه کوردانەم بینی کە بە هۆی وەبا و تیفووس و تیفۆئید لە ماوەی چەند مانگێکی شەڕدا بە تەواوی لەناوچوون. سەدان تەرمی کورد لە گوندەکانیان کەوتبوون. (…)

– به بۆچوونی ئێوە لەم شەڕەدا چەند کورد کوژراون؟

  • ئەستەمه بکرێ تەنانەت شتێک لەم بارەیەوە بخەمڵێندێ. ئیمه حیساب و ژمارەیەکمان نییە.

گوتی:

  • باوەڕ بکەن تەنانەت ناتوانین بڵێین ڕێژەی حەشیمەتمان لە مووش چەندە بووە. بەڵام ئەوە بە تەواوی مسۆگەرە کە کورد سێ لە چواری تەواوی [دانیشتووانی] خۆی لەدەستداوە. یەکێک لە سەرکردە کوردەکان ئەم زانیاریەی پێدام.(…)



سه‌رچاوە

خەساری [گیانی و ماڵی] کورد لە شەڕی ئێستادا، پەیکی ئەرمەنستان، ١٩١٦. ١٣ نوامبری. ژمارەی ٤٢، لاپەڕەی ١٥

Потери курдов в настоящую войну //Армянский Вестник. 1916. 13 ноября. №42. С.15.

بڵاوکردنەوەی سەرلەنوێ:

Геноцид курдов: Курды потеряли 800 тысяч, армяне — 360 тыс., 22.05.2011, http://kurdist.ru/

[1] روشنفکران کرد و نسل کشي ارمنيان، خليفه‌گري ارامنه اصفهان و جنوب ايران. https://www.vank.ir/

[2] تاريخ کردستان، مولفان: م. س. لازاريف، ش. ص. محوي و …، مترجمين کامران امين آوە – منصور صدقي. چاپ اول فروردين ١٣٨٦، انتشارات فروغ. کلن

[3] تاريخ معاصر کرد، ديويد مک داول، مترجم ابراهيم يونسي، نشر پانيذ، تهران چاپ دوم ١٣٨٣

[4]  وشەکانی نێو [] ئی وەڕگێرن.

[5] مه‌شاک (وشەیەکی ئەرمەنی به مانای زەحمەتکێش -ە). ڕۆژنامە و پاشان حەوتوونامەیەکی ئەدەبی-سیاسی بوو بە زمانی ئەرمەنی، کە لە ساڵی ١٨٧٢ تا ١٩٢٠ لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیادا لە تیفلیس دەرچووە. گریگۆر ئارتسرۆنی (١٨٤٥-١٨٩٢) دامەزرێنەری بوو. ئەم بڵاوکراوەیە دوای داگیرکردنی گورجستان لەلایەن سوپای سوورەوە داخرا.

[6] Хошабе Бахрибек

[7] Sisters of Mercy

داگرتنی بابەت