ئیرانشار یان مێژووی سرووشتیی شاهەنشایی: ئاوڕدانەوەیەک بە فارسی وەکوو تێکنۆلۆژییەکی سیاسی[1]
نووسەر: ئایدین تورکمە
وەرگێڕ: ڕێبوار ڕۆژهەڵات
لە زۆربەی هەرەزۆری ئەو لێکۆڵینەوانەی بە فارسی نووسراون، دۆخ و فەزا وەکوو بەستێنێکی بێلایەن و نەگۆڕ لەقەڵەم دراوە. کەشی هزری کۆمەڵایەتیی فارسی بەم شێوەیە بە کەشێکی وەستاو، نەگۆڕ و پێش داتا و زانیاری دانراوە کە لەگەڵ زمانی هێڵی و هاوئاست، هاوتەریب و هاوشێوەیە. ئایدیۆلۆژیی ئێرانشار نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم کەشە نەگۆڕ و کات و زەمانە یەکدەستەیە. هەروەک چۆن جەوادی تەباتەبایی دەڵێ: “پێکهێنانی نەتەوەی ئێران ئەمرێکی نوێ نییە، بەڵکوو ئەمرێکی مێژوویی و سرووشتییە … هۆکاری ئەوەی ئێرانییەکان خۆیان وەکوو یەک نەتەوە لەقەڵەم داوە، بەڵام هیچ وشەیەکیان بۆ دانەتاشیوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڕەوتی بوون بە نەتەوە لە ئێراندا ئەمرێکی سرووشتی بووە.” (لە ئاقاجانی وەرگیراوە، ١٣٩٩)[2] لەم ڕووەوە، ئێران هەمیشە وەکوو یەکێتییەکی سرووشتی هەبووە. لەم بارەوە باس لەوە دەکرێ کە “سەرزەمینی ئێران لە سەرەتادا سەرزەمینێکی کولتووری بووە و بە شێوەی سرووشتی پاش هەر دابڕانێک، گەڕانەوە بۆ هزری ئێرانشاری بووەتە کۆڵەکەیەک بۆ سەرلەنوێ ژیانەوە.” زمانی فارسیش لە ڕوانگەی جیهانبینیی ئێرانشارییەوە، بە زمانێکی سرووشتی دادەنرێت: “زمانێکی ئایینی نوێ لەگەڵ توانا نوێیەکان لە منداڵدانی زمانی کەوندا لەدایک بوو و بە کەڵەگایەتی و زۆرەملێ لە بەرانبەر عەرەبیدا وەستایەوە. ئەم زمانە نوێیە تاقە زمانێک بوو کە بە شێوەی سرووشتی توانی خۆی دابڕێژێتەوە و لە درێژەی زمانی کەون و فارسیی نێوەڕاستدا، ببێتە زمانی هاوبەشی هەموو قەومە ئێرانی و غەیرەئێرانییەکانی ئێرانی مەزن. (هەمان سەرچاوە) بە پێی بۆچوونی تەباتەبایی “بەردەوامیی سرووشتیی زمانی فارسی تەنیا یەکێک لەو نموونانەی یەکێتیی بەربڵاوی مێژووی ئێرانییەکانە.” (هەمان سەرچاوە) ئەم بە سرووشتی دانانەی بوونی ئێران (نەتەوەی ئێران و سەرزەمینی ئێران) و زمانی فارسی، شاکلیلی نێو ئایدیۆلۆژییەکانی ئێرانشارییە.
خاڵێک کە زۆر بەکەمی ئاوڕی وەسەر دەدرێتەوە ئەمەیە کە ئێران لەم مانایەدا، هاوواتای شاهەنشایییە. لە ڕوانگەی تەباتەبایییەوە، شاهەنشایی لەگەڵ نیزامی شایی یان پادشایی لێک جوێن. نیزامی شایی یان پادشایی پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە. کەچی لە بەرانبەردا، شاهەنشایی تایبەتی حوکمڕانیی ئێرانییە. بە پێی بۆچوونی ناوبراو “نێوەرۆکی ئەم شاهەنشایییە یان Reich هەمان ئەو بابەتەیە کە هێگێل لە شێوەی حوکمڕانیی ئێرانییەکان تێی گەیشت بوو”. (هەمان سەرچاوە) لەم مانایەدا، نیزام و سیستەمی شاهەنشایی تەنیا هاوواتایەک بۆ Empire نییە، بەڵکوو پتر بە مانای چەمکی Reichە کە لە ڕوانگەی تەباتەبایییەوە “زۆرینەبوونەکان لە یەکێتیی سەپێنراودا چارە ناکات”(هەمان سەرچاوە) ئێرانشار بەم شێوەیە زۆرینەیەک لە یەکێتی یان شاهەنشایییە. هەروەک چۆن تەباتەبایی ئاماژەی پێکردووە “پادشا لە هزری ئێرانشاریدا، هێمای یەکێتی لە جۆراوجۆریی هەموو قەومەکاندا، بە نەتەوە دادەنرا” و “ئەم یەکێتییە لە فرەجۆری و پاراستنی هاوسەنگیی نێوان قەومەکاندا، بنەمای تیۆریی بنیاتنانی شاهەنشایی لە ئێراندا بوو”. (هەمان سەرچاوە) ئەم باسە کاتێک زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە بۆچوونی تەباتەبایی دەربارەی چەمکەکانی نەتەوە و Nationیش لەبەرچاو بگرین. بە بۆچوونی تەباتەبایی[3] “بەرلەوەی ئێمە وشەی “نەتەوە” لە بەرانبەر Nation دابنێین، ئێران هەڵگری واقعییەتێکی نەتەوەیی بووە. واتا هەموو ئەو قەومانەی لە ئێران بوون، لە سەردەمانی زۆر زووەوە نەتەوەیەکیان پێک هێنابوو و ئەم نەتەوەیە دەوڵەتی خۆی لە سەردەمانی وەکوو هەخامەنشی و ساسانی پێک هێناوە”. لەسەر ئەم بنەمایە دەکرێ ئەم پرسیارە بێنینە گۆڕێ: ئەم واقعییەتە نەتەوەیییە لەو سەردەمدا چ بووە و چ تایبەتییەکی هەبووە؟ لە چوارچێوەی چ مانا و چەمکێکدا هاتووەتە گۆڕێ؟ ناوبراو لە وڵامدا پشت بە هێگێل دەبەستێ و دەڵێ: “هێگێل دەڵێ ئێرانی ڕایش بە مانای شاهەنشایی بووە.”
تەباتەبایی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەوڵەت واقعییەتێکی نوێ لە ئێران نییە، چونکە ئێران لەپێشدا نەتەوە بووە و “توانیویەتی دەوڵەتی خۆی لە سەردەمانی زۆر زووەوە دابمەزرێنێ”. (هەمان سەرچاوە) پاشان باس لەوە دەکات کە دەبێ جیاوازی لەنێوان حکوومەت و دەوڵەت دابنرێت تا لە مانا و مەبەستەکەی بگەین. بە پێی بۆچوونی تەباتەبایی “یاسادانەرانی ئێمە هێشتا بەدروستی وشەی دەوڵەت بەکار ناهێنن، بۆ میناک دەڵێن دەوڵەتی ڕوحانی، کەچی ئەمانە حکوومەتن نەک دەوڵەت. دەوڵەت واقعییەتێکی دیکەیە کە نەتەوەیەک پێک دێنێ. حکوومەت بەرپرس و چاوەدێری دەوڵەتە و کاروباری نەتەوە ڕادەپەڕێنێ … حکوومەتەکان دێن و دەڕۆن، ئەوەی دەمێنێتەوە دەوڵەتە. دەوڵەتی ئێران لە سەرەتای هەخامەنشییەوە هەمیشە دەوڵەتی “مەمالیکی مەحرووسە”[4] و دەوڵەت نەتەوەی ئێران بووە کە لە قەومی زۆر پێک هاتووە. هەربۆیە ئەم گلەیی و گازندەیەی باسی ئێرانشاریی دەوڵەت دەوڵەمەند دەکات، ئەگەر ڕەخنەگر بزانێ دەڵێ چی، دروستە”. (هەمان سەرچاوە) هەروەکوو دەزانین مەبەستی تەباتەبایی لە دەوڵەت نەتەوەی ئێران، هەمان شاهەنشایییە. هەربۆیە کاتێک دەگوترێ ئێران وەکوو نەتەوەیەک و دەوڵەتی نەتەوەیی هەبووە، بەو مانایەیە کە ئێران لە سەرەتاوە (واتا بەڕواڵەت لە سەردەمی هەخامەنشییەوە) شاهەنشایییەک بووە. تەباتەبایی جەخت لە ئەوە دەکاتەوە کە هزری ئێرانشاریی بەهێزکردنی دەوڵەت لەم مانایەدا، بە واتای شاهەنشایییە. بەم حاڵەشەوە، دیار نییە بۆچی تەباتەبایی لەبری شاهەنشایی هەروا سوورە کەڵک لە چەمکی دەوڵەتی نەتەوەیی و نەتەوە بۆ ئێران وەربگرێت. بە پێی بۆچوونی ناوبراو “ئەمرێکی سەرووی حکوومەتە کە دەوڵەتی نەتەوەییی ئێرانە و ئەرکی سەر شانی هەموومانە … داکۆکیی لێ بکەین. هەربۆیە ئێران دەوڵەتی نەتەوەیی بووە و ئەم ڕووداوە بەرلەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی لە مانا و واتای نوێدا پەیدا بێ، لە ئێران هەبووە”. (هەمان سەرچاوە) باس لەوە دەکرێت کە ئێران بەرلەوەی دەوڵەتە نەتەوەیییەکان پەیدا بن، دەوڵەتی نەتەوەیی بووە. ڕوونیش نییە بۆچی بە پێی قسەکانی تەباتەبایی نەڵێین کە ئێران ڕایش یان شاهەنشایی بووە، نەک دەوڵەتێکی نەتەوەیی؟ ئەوەی لە ڕوانگەی تەباتەبایییەوە لە سەرووی حکوومەتەوەیە، ڕاستییەکەی، ئێران وەکوو ڕایش یان شاهەنشایییەکە. پاشان ئەرکی هەمووی “ئێمە”ش داکۆکی و بەرگری لەم شاهەنشایییە پێناسە دەکات! خودی تەباتەبایی ئەم بۆچوونە پەسەند دەکات کە “ئەگەر کەسێک خۆی لەسەر بنەمای ئوممەت پێناسە بکات، ناتوانێ خاوەنی شانامە بێ، چونکە شانامە مێژووی نەتەوەیییە. ئوممەت نەتەوە نییە کە شانامەی هەبێت”. لێرەشدا بە دیاریکراوی شانامە بە مێژووی نەتەوەیی لەقەڵەم دراوە. لە ئاکامدا، مەبەست لە نەتەوەیی لە هزری ئێرانشاریدا هەمان شاهەنشایییە.
بەڵام ئەگەر بمانهەوێ لە ئاستی بوونناسانەشدا ئەم باسە بێنینە گۆڕێ، دەبێ بڵێین ڕوانگەی ئێرانشاری لەپێشدا فەزاکە بە هاوواتای کەش و فەزای دوولایەنە و سنووردار(Bounded) دادەنێت. بۆ وێنە تەباتەبایی دەڵێ ئێران “لە دەرەوەی” ئیسلام هەبووە: “ئێمە قەت نەچووینە نێو ئوممەتەوە”. (هەمان سەرچاوە) ئەم لە دەرەوەبوونی کەش و فەزایە لەگەڵ لە دەرەوەبوونێکی کات و زەمانیدا گرێ دراوە: لە ڕوانگەی تەباتەبایییەوە، “ئێمە لە سەرەتاوە لە دەرەوە بووین”. (هەمان سەرچاوە) واتا ئەم لە دەرەوەبوونی کەش و فەزایە، ڕەهەندێکی ئەزەلیشی هەیە. بابەتەکە ئەمەیە کەش و فەزا لە ڕوانگەی تەباتەبایییەوە (و بە گشتی ئێرانشارییەکان) کەشێکی تەواو دەرەوەیی و سنووردارە. کەشی ئێرانشاری لە سەرەتاوە کەشێکی حوکمڕانی و سنووردار بووە. ئەم کەشە کە بە کەشی ڕەها (Absolute)ی دێکارتیش ناسراوە، پشت بە مەنتقێکی دوولایەنە و لە ئاکامدا تووڕهەڵدراو دەبەستێ. ئەم بوونناسییە دوولایەنە شێوەی جۆراوجۆری هەیە: لە ململانێی پلەبەندیی نێوان شارستانییەت و بەربەرییەت یان لە کولتوور و سرووشتەوە بگرە تا دەگاتە دوولایەنەبوونی پیاو-ژن، فارسی-غەیرەفارسی و نەتەوەیی-غەیرەنەتەوەیی. ئەم مەنتقە ڕێک هەمان مەنتقی دەرەوەبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی و ئەو سیستەمە یاسایییەیە کە هاووڵاتی بە شوناسی دێرینی نەتەوەیییەوە گرێ دەداتەوە و ئامادەیە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی سەرزەمینی و سنوورە دەستکردەکان هەموو کارێک بکات. بەئامانجگرتنی مەنتقی دەوڵەتی نەتەوەیی مانای بەئامانجگرتنی هەموو ئەو دوولایەنەبوونانەی پلەبەندییە کە لایەکی پەیوەندیی دوولایەنە بەسەر لایەکی دیکەدا بەباشتر دەزانێ و، بە سرووشتی لەقەڵەمدانی ئەم چوارچیوە فکرییە، لەبنەڕەتدا ئامادە نییە تێکچندراوی و ئاڵۆزیی واقعییەت لە سەرووی ئەم دوولایەنەبوونانەی سادە و ساکارن، ببینێت.
تەباتەبایی لەو یادداشتە پڕ لە تۆمەتانەی لەم دوایییانەدا[5] بڵاوی کردووەتەوە دەڵێ، ئەو ئێرانییانەی لە ڕابردوودا کۆچیان کردووە و میللییەتێکی دیکەیان هەیە، ئیتر لەمەودوا ئێرانی نین. ئەمانە هەموویان نیشانەی تایبەتیی بوونناسانەی ئێرانشارین. ئێران و ئێرانی لە ڕوانگەی ئێرانشارییەوە، کۆمەڵێک پاکێجی لەپێشدا داڕێژراو و ئامادەن کە لە دەرەوەی مێژوو و جوغڕافییا هەن. بە بۆچوونی تەباتەبایی “ئێمە نەتەوەی غەیب و نەدیوین، واتا وشەی “نەتەوە” بە واتای Nation نەبووە، بەڵام هەمیشە نەتەوە بووین”[6]. تەباتەبایی بەدووی ئەوەوەیە تا پێشانی بدات گۆڕانکاریی مێژوویی ئێران مەنتقێکی جیاوازی لەو مێژوویانە هەیە کە لەسەر بنەمای ئوممەت وەکوو ئیسلام یان مەسیحی هەیانە. بە بۆچوونی ناوبراو ئێران “هەمیشە یەک وڵات بووە” و ئامانجی هزری ئێرانشاری “تێگەیشتنی ئەم مەنتقە نەتەوەیییەی ئێمە و، بەرگری لەو مەنتقە نەتەوەیییە، دەوڵەتی نەتەوەییی ئێمەیە”. (هەمان سەرچاوە) هەر لە درێژەدا باس لەوە دەکات کە دیاردەی ئێران پێچەوانەی عادەتە و شتێکی دەگمەن و ئاوارتەیە، “نەتەوەی یەکدەستی ئێران” لە شوێن و کاتی پێش مۆدێرنیتەدا پەیدا بووە کە ئامادەکردنی چەمکێک بۆ ئەم باسە سەروبەر نەدەبوو، ئەگەرچی ئەم خۆ بەدوورگرتنەی ئامادەکردنی چەمک “نابێ بە مانای نەبوونی نێوەرۆک بزانین[7]“. لانیکەم لەم ڕووەوە تەباتەباییش جەخت لەوە دەکاتەوە کە چەمکی نەتەوەی یەکدەستی ئێران هەمیشە نەبووە. لە ئاکامدا، ئێران لانیکەم لە ڕووی چەمکەوە دیاردەیەکی مۆدێرنە، چونکە لە سەردەمانی زۆر زووەوە دەرفەتی ئامادەکردنی ئەم چەمکە لەگۆڕێدا نەبووە. نێوەرۆکێک هەبووە، بەڵام هیچ ناوێکی نەبووە. دژوازییەکە لێرەدایە، ئەگەر ئەم نێوەرۆکە هیچ ناوێکی نەبووە و تێی نەگەیشتووین، کەوابوو چۆن دەتوانین ناوی نەتەوەی ئێرانی لێ بنێین؟
ئەم بۆچوونە ڕەنگدانەوەی سیاسی هەیە. کاتێک شێوەی دەوڵەتی نەتەوەیی (وەکوو دیاردەیەکی نوێ) لە لێکدانەوە دەرباوێین، چیرۆکەکە لە کۆتاییدا بۆ ئەم بەشە دادەشکێنین کە کۆماری ئیسلامی بڕوا و بۆ وێنە دەستە و تاقمی ئێرانسازی پەهلەوی بێن. ئێستا کۆماری ئیسلامی و پەهلەوی هەردووکیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوەییدا پێناسە دەکرێن و لە ئاکامدا بە شێوەی پێکهاتەیی ئێرانی یان ئێرانتەوەرن. کەچی بابەتەکە لایەنی چینایەتیی باسەکەیە و ڕووناکبیرانی ئێرانی/فارسی لەبنیڕا ڕووناکبیرانی ئۆرگانیکی دەوڵەتی نەتەوەیین و لە ئاکامدا، نووسراو و بەرهەمەکانیان لەپێناو پاراستن و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی شێوەی کەش و فەزای نەتەوەیییە. ئاستی لێکدانەوەی ئەم ڕووناکبیرە ئۆرگانیکانە، پێکهاتەکان نابینن و واقعییەتەکان تەنیا بۆ کەسەکان، گرووپ و دەستەکان (وەکوو ئەتۆمی جیا) دادەشکێنن. ئەمە پەیوەندی بە تێگەیشتنی بەلاوەی خۆیان لە دەوڵەتیشە کە کۆمەڵگای مەدەنی و ڕووناکبیران بە بەشێکی دەوڵەت دانانێن و لە دەرەوەی دەوڵەت وێنای دەکەن.
لە ئایدیۆلۆژیی ئێرانشاریدا، بوونی ئێران لەپێشدا بە فەڕز دادەنرێت و لە ئاکامدا، خودی ئێران نابێتە مێژوویی. ئەم سرووشتنیدانانەی ئێران، ئێران لە دەرەوەی مێژوو و جوغڕافییا دادەنێت. هەربۆیە دەکرێ ئەمە بە بەڵگە بێنینەوە، کەش و فەزای ئێرانشار کەشێکی یەکدەست و زمانەکەشی هەمیشەیی و بەردەوامە. ئێرانشار بەم شێوەیە نیشانەی ئەم شتەیە کە من ناوم لێ ناوە ئێرانتەوەریی بوونناسانە. ئەگەر پشت بە بۆچوونی لوفور ببەستین و، شۆڕش بە بەرهەمهێنانی کەشی بنیاتنانی جیاواز لەقەڵەم بدەین و لەبەرچاومان بێت کە بەرهەمهێنانی فەزا هاوکات فیزیکییە و تێی دەگەین، ئەوکات ئەم ئێرانتەوەریی بوونناسانەش کە پشتی بە بۆچوونێکی تایبەتیی فەزا و زەمان گەرمە، دەبێ ڕەخنەی لێ بگیرێت. خەباتی چینایەتی بۆ بەرهەمهێنانی کەشێکی نوێ ناتوانێ کۆڵەکەکانی بنیاتنانی کەش و فەزای کاتی ئێستا بە سەربەمۆری بهێڵێتەوە. خەبات بۆ وەدەستهێنانی هێژمۆنی بەم شێوەیە خەبات بۆ بەرهەمهێنانی چەمک و لایەنی فیزیکیی فەزا زەمانی بنیاتنانی جیاواز لە فەزا زەمانی ئێرانشارییە. یەکێک لەو ستراتیژییە کاریگەرانەی لەپێناو ئالەنگاری و درکاندنی فەزا زەمانی ئێرانشاریدا هەیە، پشت بە جوداوازیی جوغڕافییایی و مێژوویی و پێکهاتەشکێنیی مێژوونووسانەی دەوڵەتی نەتەوەیی چەق و ناوەندگەرایە کە مێژوو هەر لە چوارچێوەیەکی یەکدەست و ئێرانتەوەر دەگێڕێتەوە و هەرچەشنە گێڕانەوەیەکی بنیاتنەرانەی جیاواز و بێژمار لە “ئێران” وەکوو ترسێکی وجوودی و بوونناسانە لەقەڵەم دەدات.
تەباتەبایی لەسەر ئەم باوەڕەیە کە فرەیی لە هەموو سەردەمانی مێژووی ئێراندا بەڕەسمی ناسراوە[8]. بەم حاڵەشەوە، وێناچێ بەڕەسمی ناسینی فرەیی لە فەزای پێش نەتەوەیی – ئیمپریاڵ یان شاهەنشایی-دا مانایەکی ئەوتۆی هەبووبێ. لە فەزا زەمانی پێش نەتەوەییدا هێشتا دەسەڵاتە ناوەندییەکان دەرفەتی تێکنۆلۆژیک و ژێرخانی پێویستیان بۆ سەرکوتی فرەیی و بەرهەمهێنانی زانست و کولتووری ناوەندی/نەتەوەیی نەبووە. هێشتا چینە زاڵبووەکان نەیاندەتوانی بە شێوەیەکی سیستماتیک کەش و فەزای خۆیان بەرهەم بێنن. لە ئاکامدا، لە سەردەمی پێش دەوڵەتی نەتەوەییدا قسەکردن لە بەڕەسمیناسینی فرەیی بێمانایە. بەڕەسمیناسینی فرەیی تەنیا کاتێک مانا پەیدا دەکا کە ڕێی ماددیی سەرکوتی فرەیی هەبێ. لە سەردەمی پێش نەتەوەییدا، فرەیی هێشتا لە فەزادا قسەی لەسەر نەکرابوو. بابەتەکە ئەمەیە کە داخوا لە داوێنی دەوڵەتێکی نەتەوەییشدا فرەیی بەڕەسمی ناسراوە؟ بۆ وێنە ڕەزاخان هەر کە دەرفەتی ماددی و نیزامی و ژێرخانی (ڕێگاکان) پەیدا بوون، دەستی بە ژینۆسایدی ئەو عەشیرە و هۆز و تایفانە کرد کە زۆربەیان غەیرەفارس بوون. بە بڕوای من لێرەدایە ئەو “یەکێتیی فرەیی”یەی تەباتەبایی مەبەستێتی، ئایدیۆلۆژییەکی کۆنەپەرەستانە و سەرکوتکەرانەیە و کارکردە سەرەکییەکەشی ڕێگەنەدان بە گەڵاڵە و پەیدابوونی جیاوازییەکان لە ئاستی ڕۆژانەدایە. بە واتایەکی دیکە، جەختکردنەوەی لەڕادەبەدەر، زێدەڕۆیانە و نامێژوویی لەسەر فرەیی، ستراتیژییەکی زمانی – سیاسییە کە بەدوای بێپەیوەندی و ناشارەزا نیشاندانی جەختکردنەوە لەسەر فرەیی و جیاوازیدانان لێرە و ئێستایە. بە دیوێکی دیکەدا، وێژمان و دیسکۆرسی ئێرانشاریی یەکێتیی فرەیی یان هەمان شاهەنشایی باس لەوە دەکات، چونکە فرەیی لەپێشدا و هەمیشە لە ئێراندا هەبووە، هەر جۆرە ئیدعا و خواستێکی پلۆڕالیستانە و بەڕسمیناسینی جیاوازییەکان لە باشترین حاڵەتدا بێمانایە. لە خراپترین حاڵەتیشدا، داگەڕان و مەیلی فرەخوازانە و بنیاتی جیاوازیدانان هەمیشە بە تاوانی وەکوو نیشتمانفرۆشی و جوداییخوازی و … وەسف دەکرێن. لە ئاکامدا، “یەکێتیی فرەیی” ئایدیۆلۆژییەکی کۆنەپەرەستانەیە، چونکە بە نامێژووییکردنی فرەیی و بە لەقەڵەمدانی وەکوو شتێک کە لەپێشدا هەبووە و بەتەواوی لە چوارچێوەی “ئێران”دا سەری گرتووە، ڕێ بە پلۆڕالیزم نادا و هەڵیدەوەشێنێتەوە.
لە ئەنجامدا، لە ڕووی ستراتیژیی سیاسییەوە پێویستە لە بەرانبەر مێژوونووسیی ئێرانتەوەردا بەدوای گەڵاڵە و پەرەپێدانی مێژوونووسیی غەیرەئێرانتەوەرەوە بین. دەبێ ئێرانێکی جیاواز بگێڕینەوە و بەرهەمی بێنین. گێڕانەوەی مێژووی بندەستان/کۆڵۆنییەکان یان بە شێوەیەکی وردتر Subaltern Geohistories لێرەدا گرینگییەکی ستراتێژیک پەیدا دەکات، چونکە ڕێک هەمان مێژوو و جوغڕافییایە کە لە ڕێی ئێرانتەوەریی بوونناسانەی نێو ڕوانگە و دیدگاکانی ئێرانشاریدا بەبەردەوامی حاشای لێ کراوە، سڕدراوەتەوە و سەرکوت کراوە. مێژووی نەگوتراو و بێسەروشوێنکراوی ژنان و کۆمەڵگەی ئێڵجیبیتیکیو و ئەو مێژوو و جوغڕافییایانەی وەپشتگوێ دراون یان کۆڵۆنییە نێوخۆیییەکانی ئێران لەو مێژووە هەرەگرینگانەن کە لایان لێ نەکراوەتەوە و پاشقول دراون. کۆڵۆنییە نێوخۆیییەکان ڕاستییەکەی هەر ئەو جوغڕافییایەیە کە ئێرانتەوەریی بوونناسانە لە ماوەی دەوروبەری سەد ساڵی ڕابردوودا بە شێوەی سیستماتیک هەوڵی داوە لەبەر چاوان ونیان بکا و ئاسەواریان نەمێنێ.
سڕینەوەی مێژووی ئەم جوغڕافییا کۆڵۆنییە لە ڕێی هەڵکشان و هێنانی زمانی فارسی لەلایەن دەوڵەتەوە وەکوو زمانێکی نەتەوەیی کاری لەسەر کراوە. بۆچوونی زاڵ لەسەر ئێران وەکوو یەکێتییەکی فرەیی یان بە تەعبیرێکی وردتر، نەتەوەیەکی یەکدەست کە هەمیشە “قەوم”ە جۆراوجۆرەکانی لە سەرەتاوە لەنێو خۆیدا دەمج کردووە و ڕاستەوخۆ لە ڕێی مێژوونووسی بە زمانی فارسییەوە بەرهەم هاتووە. هەڵبەت ناکرێ ئەم ڕەوتە هەر بە مێژوونووسی “بە زمانی فارسی” دابشکێنین. سەرەڕای ئەمە، لەگەڵ مێژوونووسیی فارسیش بەرەوڕووین. ئەگەر لە یەکەمیاندا مێژوو “بە فارسی” دەگێڕدرێتەوە، لە دووهەمیاندا مێژوو لە بنەرەتدا، مێژووی فارسییە و هاوکات “مێژووی نێرینە”شە. فارسی بەم تەعبیرە، تێکنۆلۆژییەکی سیاسییە کە لە پەنا تێکنۆلۆژییە سەرەکییەکانی دیکە وەکوو کارتۆگڕافی و ڕێی ئاسنەوە ڕۆڵێکی بنیاتنەرانەی لە شکڵگرتنی ئێران وەکوو دەوڵەتێکی نەتەوەیی و فەزایەکی حوکمڕانی هەبووە. ئەو بۆچوونە زاڵەی پشتی بە سرووشتیدانان لە جۆری ئێرانشاری بەستووە ئەمەیە کە فەزای نەتەوەیی بە گشتی بە شێوەیەکی فیزیکی و بۆ وێنە لە ڕێی بەنداوسازکردن، ڕێگالێدان و بیناسازی و … یەوە بەرهەم دێت. فەزا و کەشی نەتەوەیی لەسەر تێکنۆلۆژییەکی سیاسیی دیکەش وەستاوە و ئەویش زمانی فارسییە. بەپێچەوانەی ڕوانینی ئێرانتەوەر کە فارسی وەکوو زمانێکی سرووشتی وێنا دەکاتەوە، دەبێ جەخت بکرێتەوە کە هیچ شتێکی فارسی –لانیکەم لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا- سرووشتی نییە. بەتایبەت لە سەردەمێکدا کە بە بۆچوونی لوفور، پەیوەندیی بەرهەمهێنان لە ڕێی شاریبوونی هەسارەیەکەوە گەشە دەکات و ئیتر سێڵاو و تۆفانیش بە دەستێوەردانی بنەڕەتیی سرووشت، کارەساتی سرووشتی نین، بەڵکوو ئاکامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی چینایەتیی دەوڵەتەکانە. دەبێ ئەوەش بڵێین، پەرەپێدانی زمانی فارسی وەکوو زمانێکی سرووشتی لەبنیڕا ناسرووشتییە. لە ڕێی خەباتی چینایەتیی هێژمۆنیکەوەیە فەزا و سرووشتی تایبەتی لە ئاستی جیهانی و نەتەوەییدا بەرهەم هاتووە. لە پێوەری بەرباسی ئێمەدا، سرووشتیسازیی زمانی فارسی بە بەشێکی دانەبڕاوی بەرهەمهێنانی سرووشتیی ئێران دادەنرێت. باسی هەرێم و وشکبوونی دەریاچە و چەم و ڕووبارەکان و پیسبوونی هەوا تەنیا لایەنی سرووشت و ژینگەی “ئێرانییەکان” نییە. فارسی و فارسیسازیش لایەنی بنیاتنەری ئەم سرووشتەیە کە بەرەو فەوتان و لەنێوچوون دەڕوا. فەزا و سرووشت هاوکات بە شێوەی چەمکی/زمانی و فیزیکی بەرهەم دێن.
[1] ئەم دەقە بۆ یەکەم جار لە ماڵپەڕی ڕادیۆ زەمانەدا بڵاو بووەتەوە:
[4] شیکردنەوەی وەرگێڕ: لە نەخشەی عوسمانییەکاندا دەستەواژەی “مەمالیکی ئێران” یان “مەمالیکی ئاناتۆلی” یان لە “پەیماننامەی گوڵستان”دا لەنێوان ئێران و ڕووسیەدا باسی “مەمالیکی ڕووسیە” و “مەمالیکی ئێران” کراوە، واتا هەموو ئەو ویلایەت، شار، گوند و سەرزەمینانەی لەبەردەستی ڕووسیە و ئێراندان. “مەحرووسە”ش بە مانای “پارێزراو” واتا ئەو ناوچە و سەرزەمینانەی دەوڵەتێک دەیانپارێزێ کە ناوە لێکدراوەکەی دەبێتە “مەمالیکی مەحرووسە”.
185
کۆمەڵکوژیی کورد لە ئیمپراتۆری عوسمانیدا (١٩١٥-١٩١٦)...
ناسیۆنالیزمی کوردی: بنەچەکەی چییە؟
Scroll to top