ئارامتر بخوێنەوە

ناسیۆنالیزمی کوردی: بنەچەکەی چییە؟

نووسەر: جێگر حەسەن

زانکۆی ئۆنتاریۆی ڕۆژهەڵات

وەرگێڕ: ژیوان ڕۆژهەڵاتی

 

پوختە:

تێگەیشتنێکی گشتی لای بەشێک لە ئەکادیمی و ناسیۆنالیستە کوردەکان هەیە لایان وایە، ناسیۆنالیزمی کورد کۆنە و خۆڕسکە وەک لە سەدەکانی مێژوودا سەلمێندراوە. ئەم بنچینەخوازانە ئاماژە بە کولتوور و زمان و ئەدەبیاتی کوردیی جیاواز دەکەن وەک بناغەیەک بۆ شوناسێکی نەتەوەییی کۆنی کورد. بەرەیەکی پێچەوانەی مۆدێڕنیستەکان، جەخت لەوە دەکەنەوە چەمکی ناسیۆنالیزم بەرهەمی پیشەسازیکردن و مۆدێڕنیتەیە. توێژینەوە لەبارەی سەرچاوەی ناسیۆنالیزم لە دەرەوەی مشتومڕی پێش- مۆدێڕنیزم، کەمێک پێش کەوتووە. ڕێدۆزێکی جێگرەوە بۆ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم لە لایەن بەرهەمەکانی ئەنتۆنی سمێسەوە دەخرێتەڕوو. ئەم ڕێدۆزە کە بە بنچینەخوازیی (نەرم) ناودێرکراوە، دان بە توخمە سەرەتایی و مۆدێڕنەکانی ناسیۆنالیزمدا دەنێت. پرسی توێژینەوەکە لێرەدا ئەوەیە: ناسیۆنالیزم لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئایا بۆماوەییە یان پێکهاتەیە؟ ئەم وتارە سەرلەنوێ مشتومڕێکی کلاسیکی لە نێوان دوو تیۆریی باڵادەستی ناسیۆنالیزم دەکاتەوە و بەکارهێنانیان بۆ کەیسی کورد هەڵدەسەنگێنێت. بەڵگەکانی وتارەکە باس لەوە دەکات، نە ڕێدۆزی سەرەتایی و نە ڕێدۆزی مۆدێڕنیستی تاکلایەنە ناتوانێت گرنگی بە سەرچاوەی ناسیۆنالیزمی کوردی بدات. بەڵکوو بابەتەکە دەڵێ نەتەوەکان – وەکوو کەیسی کورد ئاشکرای دەکات، لە لایەک تایبەتمەندیی سەرەتایی و لە لایەکی تریش تایبەتمەندیی مۆدێڕن لەخۆدەگرن.


سەرەوشەکان: ناسیۆنالیزم، بنەچەخوازی، مودێرنیزم، ناسیۆنالیزمی کوردی، مێژووی کورد، ئەدەبیاتی کوردی.


پێشەکی:

لە نێو هەندێک لە ئەکادیمیستەکان و ناسیۆنالیستە کوردەکاندا تێڕوانینێکی گشتی هەیە کە ناسیۆنالیزمی کوردی کۆن و سروشتییە وەک چۆن لە چەندین سەدەی مێژوودا دەرکەوتووە. ئەم ڕوانگەیە ئاماژە بە گێڕانەوەی زارەکیی مێژوویی و کولتوور و زمانێکی جیاوازی کوردی و ئەدەبیات دەکات وەک بونیادێک بۆ شوناسی نەتەوەییی کۆنی کورد. ئەم ئەکادیمیستانە و ناسیۆنالیستە کوردەکان لەگەڵ دیدگای سەرەتایی ناسیۆنالیزمدا بەشدارن، کە دەڵێت نەتەوەکان خاوەنی سیفەتی پەیوەستکراون کە ناگۆڕدرێن (Joireman 2003: 20). هەرچی بێت ئەم بانگەشەیە زۆرجار تایبەتمەندییە مۆدێڕنەکانی نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم پشتگوێ دەخات.

 بۆ مۆدێڕنیستەکان چەمکی ناسیۆنالیزم کۆن نییە بەڵکوو بیرۆکەیەکی ڕۆژئاواییە کە بە هۆی پیشەسازییەوە بەرهەم هێنراوە و بە نەتەوەکانی ڕۆژهەڵات ناسێنراوە (بڕواننە ڤان برۆینسن؛ هیرشلەر؛ سترۆهمایر). مۆدێڕنیستەکان بەم تێرمە باس لە ناسیۆنالیزمی کوردی دەکەن و لە هەمووی تایبەتیتر، دەرکەوتنی وەک  کاردانەوە بەرانبەر بەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی دوای داڕمانی ئیمپراتۆریی عوسمانی هاتبووە ئاراوە، لێک دەدەنەوە. پێش ئەم قۆناغە کورد بە درێژاییی هێڵە خێڵەکی و جوگرافییەکان پەرشوبڵاو و دابەش بوون و خاوەنی هەستێکی یەکگرتووی نەتەوەیی نەبوون. کێشەی سەرچاوەی ناسیۆنالیزم لە دەرەوەی مشتومڕی سەرەتایی-مۆدێڕنیزم، کەمێک پێش کەوتووە. بەڵام کارەکانی ئەنتۆنی سمێس[1] لەسەر “سەرەتاگەراییی نەرم[2]“، ڕێبازێکی جێگرەوە بۆ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم دەخاتە ڕوو. ئەم ڕێبازە دان بەوەدا دەنێت، ناسیۆنالیزم هەم توخمە سەرەتاییەکان و هەم توخمە مۆدێڕنیستەکانی تێدایە.

 ناسیۆنالیزم لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئایا بۆماوەییە یان بنیات نراوە؟ بە تایبەتیتر، ئایا ناسیۆنالیزمی کوردی کۆنە یان دیاردەیەکی مۆدێڕنە؟ ئەم وتارە سەرلەنوێ مشتومڕی کلاسیکی نێوان دوو تیۆریی باڵادەستی ناسیۆنالیزم دەکاتەوە و کارپێکردنی هەریەکەیان بۆ کەیسی کورد هەڵدەسەنگێنێت. بەڵگەی من ئەوەیە، نە ڕێبازی سەرەتایی و نە ڕێبازی مۆدێڕنیستی بە تەنیا ناتوانێت بایەخ بە سەرچاوەی ناسیۆنالیزمی کوردی بدات. کەیسی کورد ئەوە دەردەخات کە نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم تایبەتمەندیی سەرەتایی و مۆدێڕنیان هەیە. نەتەوە بەرهەمی گرووپێکە پراکتیزەی کولتووری و زمانەوانی ناوازە و زۆرجار درێژخایەنیان هەیە. وتارەکە پشت بە سەرەتاییگەرایی [ئەزەڵی] “نەرم” دەبەستێت بۆ ئەوەی پردێک لە نێوان ئەو دوو تیۆرییەدا دروست بکات. بە شێوەیەکی پڕاکتیکیتر، پریمۆردیالیزمی نەرم، یارمەتیدەرە بۆ پاڵپشتیکردنی گەشەسەندنی مێژووییی کورد: خەڵکانێکە دانیشتووانی سەقامگیر و پڕاکتیزە کولتوورییە کۆنەکانیان هەیە، بەڵام ئەوانە هەستی ناسیۆنالیزمیان تا مودێرنیتە پەرەی پێ نەداوە. وادیارە بارودۆخی مۆدێڕنیتە لە خۆیدا  بەس نەبێت بۆ بەرهەمهێنانی هەستێکی سەقامگیری نەتەوەیی، بەتایبەتی لە کەیسی کورددا. بەم پێیە، بابەتەکە ئەوەمان بۆ دەردەخات گەشەسەندنی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕنی کوردی لە لایەک پێویستی بە بوونی کولتوور و زمانێکی کۆن (ئەگەرچی کولتوور و زمانێکی تەواو ناوازە نییە) و لە لایەکی تر پاڵنەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییە تایبەتەکان هەبووە. چۆن تەنیا نموونەی توێژینەوە یارمەتیمان دەدا بۆ ئەوەی باشتر لە سەرهەڵدانی نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم تێ بگەین؟ نموونەی توێژینەوە بریتییە لە ‘توێژینەوەیەکی چڕ لە یەک کەیس بە مەبەستی تێگەیشتن لە چینێکی گەورەتری کەیسەکان (Gerring 2007: 95). بە لەبەرچاوگرتنی وربوونەوەی زیاتر، سوودی تایبەتی هەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە تەنیا کەیسێک. یەکەم، لێکۆڵینەوە لە تاکە کەیسێک، دەرئەنجامێکی وەسفکەر دەدات بە ئەکادیمییەکان، بەسوودە بۆ بەراوردکردنی یەکەیەک لەگەڵ یەکە هاوشێوەکانی تر (Gerring 2004: 346; Hawkins 2009). دووەم: خوێندنەوەی ورد بۆ کەیسی کورد، تاقیکردنەوەیەک بۆ ڕوانگە سەرەتایی و مۆدێڕنەکان دابین دەکات و سەرەڕای ئەوەش، دەتوانرێت لەو دۆزینەوانە یان تیۆرییانەی لە کەیسی کوردییەوە دروست دەبن، کەڵک وەربگیرێ و بۆ کەیسەکانی تری هاوشێوەی بەکاری بهێنین. بابەتەکە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت. لە بەشی یەکەم بە کورتی مێژووی کورد دەخرێتەڕوو بۆ ئەوەی کۆنتێکست بۆ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی دابین بکات. بەشی دووەم ڕوانگەی سەرەتایی دەخاتە ڕوو. بنچینەخوازی ڕوون دەکاتەوە، نیشان دەدات چۆن بۆ کەیسی کورد دەگونجێت و هەندێک ڕەخنە لە ڕێبازەکە پێشکەش دەکات. هەروەها تیشک دەخاتە سەر گرنگیی ئەدەبی کوردی لە ئاگادارکردنەوە و پەرەپێدانی ناسیۆنالیزمی کوردی. لە بەشی سێیەمدا ڕوانگەی مۆدێڕنیستی بۆ ناسیۆنالیزم و چۆنیەتیی ڕوونکردنەوەی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی و هەندێک ڕەخنە لە ڕێبازەکە دەخاتە ڕوو. ئەم بەشە پێشنیاری ئەوەیە، گەرچی ئەم ڕێکارە ڕوونکردنەوەیەکی بەڕواڵەت قایلکارانە بۆ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی پێشکەش دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، کێشەیەکی ناتەواوە. بەشی چوارەم بە سوودوەرگرتن لە بەرهەمەکانی ئەنتۆنی سمێس بەشدارییەکانی تیۆرێکی جێگرەوە بۆ ناسیۆنالیزم دەناسێنرێت. بەم کارە، بابەتەکە بنچینەخوازیی “نەرم” دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی تێ بگات ناسیۆنالیزمی کوردی لە کوێوە هاتووە و چۆن پەرەی سەندووە. لە کۆتا بەشدا هەندێک تێبینیی کۆتایی لەسەر سوودی سەرەتاییگەراییی “نەرم” بۆ ڕوونکردنەوەی نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم پێشکەش دەکرێت. بەرلەوەی بابەتەکە بچێتە پێشەوە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێناسەکردنی چەمکە سەرەکییەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە: نەتەوە، ناسیۆنالیزم، ئیتنیکی (یان جڤاکی) و ناسیۆنالیزمی کوردی. بنەمای ئەم توێژینەوەیە، پێناسەی ئەنتۆنی سمێس بۆ نەتەوەیە.

وەک کۆمەڵگەیەکی مرۆیی ناودار و خۆپێناسەکراو کە ئەندامەکانی ئەفسانە، یادەوەری، هێما، بەها، نەریتی هاوبەش دەچێنن، لە نیشتمانێکی مێژووییدا نیشتەجێن و خۆیان لەگەڵیدا دەناسێنن، کولتوورێکی گشتیی جیاواز دروست دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە و داب و نەریتی هاوبەش و یاسا هاوبەشەکان ڕەچاو دەکەن. (Smith 2008: 19)

بە سەرنجدانی ئەوەی کە، پێناسەی سمێس نموونەیەکی ئایدیالییە، نەتەوەکان دەکەونە سەر بەردەوامیی خاوەندارێتیی زیاتر بۆ کەمتر لەم تایبەتمەندییانە. لە لایەکی دیکەوە زاراوەی ئیتنیکی بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت کە کۆمەڵی مرۆیی کەوا ئەفسانە و مێژوو و کولتووری بنەماڵە هاوبەشەکانیان هەیە، پەیوەندییان لەگەڵ خاکێکی دیاریکراو و هەستکردن بە هاودەنگیدا هەیە (سمێس ١٩٨٦: ٣٢). بەڵام “هەستی کۆدەنگی” سستە و نابێتە هۆی ناسیۆنالیزم و خواستی دەوڵەتداری. ناسیۆنالیزم ڕەنگدانەوەی خواستی دانیشتووانێکی دیاریکراو بۆ یەکخستنی یەکە سیاسی و نەتەوەییەکانە (Gellner 1983: 1). زۆرجار ئەم خواستە لە نزیکەوە بەستراوەتەوە بە ئامانجێکی سیاسیی کۆنکرێتەوە، ئەویش ئەوەیە نەتەوەکان لە کۆتاییدا هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەت دەدەن. بەم شێوەیە دەتوانرێت ناسیۆنالیزمی کوردی وەک کردەوەیەکی ئامانجدار لە داڕشتنی ناسنامەیەکی کوردی لە ڕێگەی بانگەواز بۆ زمان و کولتوور و مێژوویەکی هاوبەش وەک ئامرازێک بۆ ئامانجێکی بەرجەستە چاو لێ بکرێت. لەم بەشەی خوارەوەدا گێڕانەوەیەکی کورت و گشتی لە مێژووی کورد پێشکەش دەکرێت.

مێژووی کورد و مێژووی ناسیۆنالیزم

پەلاماری عەرەبەکان لە سەدەی حەوتەم، ئیسلامیان بە ناوچەکە ناساند؛ بەڵام کورد پراکتیزەی کولتووری و زمانەوانیی داگیرکەرانی خۆی وەرنەگرت. جگە لەمەش زۆر زانیاریی کەم لەسەر کورد بەرلە ئیسلام و دەسەڵاتی عەرەب هەیە (Hassanpour 1992; MacDowall 2004). ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەوەیە کە کۆمەڵگای کوردی خێڵەکی بووە و بە حوکمڕانیی لۆکاڵی تایبەتمەند بووە و لە ڕووی جوگرافییەوە دابەش بووە. دوابەدوای داگیرکارییەکانی عەرەب، کورد کەوتە قۆناغێکی شڵەژان و کەوتە ژێر دەسەڵاتی تورکی سەلجوقی و مەغۆل (حەسەنپوور 1992: 50). ئەمەش تا دەوروبەری کۆتاییی سەدەی پانزە و سەرەتای سەدەی شانزە بەردەوام بوو کە لەو سەردەمەدا هۆزە کوردەکان ملکەچی دەسەڵاتی عوسمانی و فارس بوون. هۆزە کوردەکان دانیان بە سەروەریی شای سەفەوی و سوڵتانی عوسمانیدا نا بەڵام ئەم هۆزانە حوکمڕانییان دەکرد (و سەربەخۆیییەکی بەرچاویان بەسەر گەل و خاکەکەیاندا هەبوو) (MacDowall 2004: 27). سەرەڕای سەقامگیریی ڕێژەییی ئەم ڕێکخستنە، پێکدادان لە نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکان و لە نێوان دەسەڵاتدارانی ناوەندی و هۆزەکانی کورد زۆر بوو. پێکدادانەکان تا هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی لە سەدەی هەژدەهەم و لاوازبوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە سەدەی نۆزدەهەمدا بەردەوام بوون (Hassanpour 1992; MacDowall 2004; Olson 1989).

حسەنپوور لای وایە، بیرۆکەی نەتەوە و ناسیۆنالیزم، لە سەدەی حەڤدەیەمدا ڕواڵەتێکی باوی نەبووە، لە ڕاستیدا لە هەلومەرجی تایبەتی کوردستاندا پەرەی سەند (1992: 55). نووسەرانی کوردی وەک شەرەفخان بەتلیسی و ئەحمەدی خانی وەک بەڵگەیەک بۆ بەئاگاهاتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی دەهێنێتەوە. بەڵام ئەو ئارگیومێنتە بە ناوی ناسیۆنالیزمی “فیۆدالی” دەستنیشان کراوە، کە پێشی دەخات بۆ جیاکردنەوەی لە ناسیۆنالیزمی “چینی ناوەندی مۆدێڕن” (1992: 56–7). حەسەن پوور پێشنیاری ئەوە دەکات، ناسیۆنالیزمی مۆدێڕنی کوردی لە دەوروبەری ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا داڕێژراوە، بەڵام تا ڕووداوەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم وەک شۆڕشی گەنجانی تورک لە ساڵی ١٩٠٨دا قۆزاخەی نەبەستبوو، هەرچەندە حەسەنپوور بوونی ناسیۆنالیزمی سەدەی حەڤدەیەمی کوردی دەپارێزێت، بەڵام تێبینی دەکات تا سەدەی بیستەم کۆمەڵگای کوردی، فیۆداڵی و پڕ لە ناتەبایی بووە و ناسیۆنالیزمی مۆدێڕنی کوردی لە ئەنجامی هەوڵەکانی کورد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاسمیلاسیۆن بووە. (65: 1992). ئەم جۆرە سیاسەتە جیاکارییانە لە ئەنجامی بەدیهێنانی دەوڵەتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای جەنگی جیهانیی یەکەمدا بووە. داڕمانی ئیمپراتۆریی عوسمانی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، ساتێکی وەرچەرخانی بۆ مێژووی کورد دیاری کرد. کۆتاییی جەنگی جیهانیی یەکەم و دواتر پەیمانی ئاشتیی نێوان عوسمانییەکان (واتە تورکیای مۆدێڕن) و بریتانیا، بانگەشەی بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دەکرد. پەیماننامەی سیڤەر لە ساڵی ١٩٢٠ نوێنەرانی ئیمپراتۆریەتی بریتانیا و ئیمپراتۆری عوسمانی واژۆیان کردبوو، ڕێکخستنێکی بۆ سەربەخۆیی کورد لەخۆ گرتبوو. دوو مادەی تایبەت بە مادەی ٦٢ و ٦٤ تایبەت کرابوون بۆ پرسی کورد. یەکەمیان ئۆتۆنۆمیی بۆ کوردەکان دابین دەکات لەو ناوچانەی دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی فوڕات، باشووری سنووری ئەرمینیا وەک ئەوەی لەمەودوا دیاری دەکرێت و باکووری سنووری تورکیا لەگەڵ سوریا و میزۆپۆتامیا (پەیماننامەی سیڤەر ١٩٢٠). شاندێکی سێ کەسی لە ئەورووپاوە پەیماننامەیەکیان داڕشت بۆ پشتیوانی لەو مادەیە. هەروەها مادەی ٦٤ گرنگە. دەڵێت:

ئەگەر لە ماوەی یەک ساڵدا لە کاتی چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم پەیماننامەیە نەتەوەکانی کورد لە چوارچێوەی ئەو ناوچانەی کە لە مادەی ٦٢ دا دیاری کراون، بە شێوەیەک خۆیان ئاراستەی ئەنجومەنی کۆمەڵەی نەتەوەکان بکەن بۆ ئەوەی پیشانی بدەن زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە ئارەزووی سەربەخۆیی لە تورکیا دەکەن، ئەگەر ئەوکات ئەنجومەن پێی وایە ئەم نەتەوانە توانای سەربەخۆیی لەو جۆرەیان هەیە و پێشنیاری ئەوە بکات پێیان بدرێت، تورکیا لێرەوە ڕازی دەبێت بە جێبەجێکردنی پێشنیارێکی لەو شێوەیە و دەستبەرداری هەموو ماف و ناونیشانێک بێت بەسەر ئەو بوارانەدا [پێداگری زیادکرا].

ئەو مادەیە جێبەجێ نەکرا. ئەگەری دەوڵەتی کوردی کاتێک نەما تورکیا لە ڕێگەی پەیماننامەیەکی نوێ بە سەرکردایەتیی ئەتاتورک سنوورەکانی خۆی داڕشتەوە و پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ دانی بە بوونی کورددا نەنا. بەڵام پەیمانننامەی سیڤرێش بە هۆکاری سیمبۆلیکی گرنگ دەمێنێتەوە. لە ڕوانگەی ناسیۆنالیستی کوردەوە دیارە کورد گەلێکی جیاواز لە تورکی عوسمانی و عەرەبە. لەوەش گرنگتر، بابەتەکە بە ڕوونی ئاسۆی دەوڵەتبوونی کوردی بە خواستی دەربڕینی کورد بۆ سەربەخۆیی بەستەوە. لە ئەنجامدا، هەر هەوڵێکی داهاتوو بۆ دەوڵەتداری پێویستی بە پشتیوانیی دانیشتووانێک هەبوو لەو سەردەمەدا لە ڕێگەی قەناعەتێکی هاوبەشەوە بە ناسنامەیەکی نەتەوەیی سروشتی یەکگرتوو نەبوون. ئەمەش هەر زوو دەگۆڕا، چونکە کورد دەستی کرد بە ناسین و دەربڕینی کولتوور و زمانی هاوبەشی خۆی. ناسیۆنالیستە کوردەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا هەوڵیان دا بۆ ئەوەی لە دانیشتووانی کورددا هەستی شوناسێکی سەرەتایی هەڵگیرسێنن.


ڕوانگەی بنچینەییانە و ناسیۆنالیزمی کوردی

بنچینەخوازی، بەڵگەی ئەوەیە نەتەوەکان سروشتی، خۆڕسک و کۆنن (ئۆزکیریملی 2010: 49). ناسیۆنالیزم و پەیوەندییە نەتەوەییەکان وەک بەرهەمی پەیوەندییەکانی خوێن و خێزانی و دێرینیی مێژوویی دەبینێت (Joireman 2003: 19–20). لەم ڕوانگەیەوە، سەدەکانی مێژوو و کولتوور و نیشتمانێکی هاوبەش بە باشترین شێوە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم ڕوون دەکەنەوە. ڕوانگەی بنچینەخوازەکان ئەوەیە، ناسنامە و نەتەوەکان وەک شتێکی بەخشراو، قووڵ و زاڵبوون و جێگیر دەبینن (Eller and Coughlan 1993: 187). لەناو بەرەی بنچینەییەکاندا مودێلی جۆراوجۆر هەیە دووانیان بۆ مەبەستی ئەم بابەتە باس دەکرێن. یەکەم، بنچینەخوازیی “کولتووری”یە، ئەم ڕوانگەیە جەخت لە گرنگیی ئەندامبوون لە گرووپێک و خاوەندارێتیی پراکتیزە کولتووری، زمانەوانی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو گرووپە دەکاتەوە (Joireman 2003: 24). هەندێک لە لایەنگرانی بنچینەخوازیی کولتووری، بریتین لە ئێدوارد شیڵز (١٩٥٧)، ئادریان هاستینگس (١٩٩٧) و کلیفۆرد گێرتز (١٩٧٣)، هەریەکەیان هەوڵیان داوە ناسنامەی نەتەوەیی لە ڕێگەی چاویلکەیەکی کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە ڕوون بکەنەوە. بۆ نموونە کلیفۆرد گێرتز (259: 1973) وابەستەییی بنچینەییی بەم شێوەیە پێناسە کردووە: “پێدراوەکان”ی بوونی کۆمەڵایەتی. گیرتز ڕوونی دەکاتەوە ئەم بەخشینە بەم شێوەیەیە:

 لەدایکبوون لە کۆمەڵگەیەکی ئایینیی دیاریکراوەوە، قسەکردن بە زمانێکی دیاریکراو […] [و کەوا] هاوخوێنی، ئاخافتن، داب  و زۆر شتی تر، هەندێ جار لە ڕادەبەدەر دەسەڵاتیان لە خۆیاندا هەیە وەسف ناکرێت.

گێرتز جەخت لە وابەستەییە کولتوورییەکان دەکاتەوە و پیشانی دەدا پەیوەندییەکان سروشتین. گرنگ نییە ئایا وابەستەییەکان سروشتین یان نا، بەڵکوو گرنگتر ئەوەیە، تاکەکان وەک ئەوەی دراون سەیریان بکەن (سمێس ٢٠٠١: ٥٣). بۆیە بنچینەییەکان باوەڕیان بە سروشتیبوون و کۆنبوونی نەتەوەکان هەیە.

گرووپی دووەم، “بنچینەخوازیی نەرم”، تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی مێژوو و نیشتمانێکی هاوبەش (واتە پەیوەندییە دەروونی و سۆزدارییەکان) لە یەکخستنی گرووپێکدا.(Joireman 2003: 28) لایەنگرانی بریتین لە واکێر کۆنر و ئەنتۆنی سمێس. هەرچەندە ئەم هەڵوێستە بنەما “بایۆلۆژییەکانی” نەتەوەکان پشتگوێ دەخات، بەڵام قبوڵ دەکات نەتەوەکان زگماکین و ناگۆڕدرێن (28: 2003). بۆ ئەم گرووپە، چەمکی بیروباوەڕی هاوبەش و مێژووی بەسوودترین تێڕوانین بۆ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی و باسێکی کورت لەبارەی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی دەکات (29: 2003). هەردوو بنچینەخوازەکانی کولتووری و نەرم، چەند تێڕوانینێکی بەسوود و باسی کورت لەبارەی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی پێشکەش دەکەن.

زۆر جار کوردناسەکان تیشک دەخەنە سەر توخمە کولتووری و زمانەوانی و دەروونییەکانی کورد و ناسیۆنالیزمی کورد (Edmonds 1968; Hassanpour). سی.ج.ئێدمۆندز (87: 1871) دەڵێت کورد لانی کەم لە ناوەڕاستی سەدەی حەوتەمەوە کۆمەڵگەیەکی جیاواز بووە بەو پێیەی ناوی )کورد( بۆ ئاماژەدان بە دانیشتووانی ڕۆژئاوای ئێران بەکارهاتووە. ئێدمۆندز بە باشترین شێوە سەرچاوە سەرەتاییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی کورت دەکاتەوە:

کورد یەک نەتەوە پێکدەهێنێت، لانی کەم سێ هەزار ساڵە شوێنی ژیانی ئێستای داگیرکردووە. تەمەنیان لە سەرهەڵدان و داڕمانی زۆرێک لە ڕەگەزی ئیمپراتۆریی تێپەڕاندووە: ئاشووری، فارس، یۆنانی، ڕۆمی، عەرەب، مەغۆل، تورک. هەموویان مێژوو و زمان و کولتووری تایبەت بە خۆیان هەیە. وڵاتەکەیان بە ناڕەوا دابەش کراوە. بەڵام ئەوان خاوەنی ڕەسەنن، نەک نامۆ وەک کەمینەکان بەسەرباریان بزانن و ئیمتیازاتی سنوورداریان هەیە بە تەمان داگیریان بکەن (Edmonds 1971: 88)

حەسەن پوور (2003) ئاماژەی بە کۆنیەتیی زمانی کوردی کردووە. زمان لای ئەو نوێنەرایەتیی بنەڕەتیترین توخمە نەتەوەیییەکان دەکات کە لە دامەزراندنی ئەدەبێکدا ڕەنگ دەداتەوە. چاوپۆشی لە توخمەکانی تری ناسنامەی نەتەوەیی دەکات و لەبری ئەوە جەخت لەسەر پەرەپێدانی زمانی ئەدەبی کوردی دەکاتەوە کە لە کۆتاییی سەدەی پانزەیەمەوە دەستی پێ کردووە. بەم شێوەیە مێژوویەکی دوور و درێژ و کۆن بە ناسیۆنالیزمی کورد دەبەخشێت

گێڕانەوەی بنچینەیی بۆ داڕشتنی نەتەوەیەکی کۆن پشت بە گێڕانەوەی تایبەت و زمان و ئەدەبی کوردی دەبەستێت. لە سەدەی بیستەمەوە بەرگریکارانی ناسیۆنالیزمی کورد بە مەبەستی داڕشتن و بەرهەمهێنانی ناسنامەیەکی نەتەوەیی، سوودیان لە بەرهەمە مێژووییەکان وەرگرتووە (Vali 2003:63). دوابەدوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، زۆرێک لە ڕووناکبیرانی کورد دەستیان کرد بە بیرکردنەوە لە کوردبوونی خۆیان. بۆ نموونە لە ساڵی 1931 مێژوونووس محەمەد ئەمین زەکی (1: 1931) پرسیاری ئەوەی کرد، بنەچەی سروشتی کورد چییە و چی بەسەریان هاتووە؟ کەسانێکی وەک جەمال نەبەز، لایان وایە ناسیۆنالیزمی کوردی لە نووسراوە مێژووییەکان و شیعری ئەحمەدی خانی و شەرەفخان بەتلیسیدا هاتووە (Hassanpour 2003: 100)  ئەوان بەم کارە ڕەتی دەکەنەوە ناسیۆنالیزمی کوردی تەنیا دووبارە خستنەڕووی چەمکە ڕۆژئاواییەکانە. کورد زیاتر لە نیو سەدەیە ئەو خاکەی کە ئێستا تێیدایە (واتە باکووری عێراق، باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، ڕۆژئاوای ئێران و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا) نیشتەجێ بووە و لە ڕووی کولتووری و زمانەوانییەوە لە دراوسێ عەرەبی و تورکی و فارسەکانیان جیاوازە. (McDowall 2004; van Bruinessen 1994).

ئەگەرچی کۆمەڵگەی کوردی لە سەرەتاکانی سەدەی پانزە و شانزەیەمدا تاڕادەیەک خێڵەکیبوونی بەخۆیەوە بینی، ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی دەسەڵاتی سیاسیی کورد و دامەزراندنی میرنشینە کوردییەکان (Ghassemlou 1965: 37; Hassanpour 1992)  لەم ماوەیەدا شێخەکان کۆنترۆڵی خۆڕسکیان هەبووە و حوکمڕانییان بەسەر دانیشتووان و زەویدا دەکرد (52: 1992). لە ماوەی ململانێی دەسەڵاتی ناوچەیی کە پێشتر باسمان کرد لە نێوان دوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەویدا، کورد زیاتر پەراوێزخرا و بووە هۆی سنووردارکردنی ئەو ئۆتۆنۆمییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە پێشتر چێژیان لێ وەرگرتبوو (53: 1992). هەر لەو هەلومەرجەدا بوو کە ئەحمەدی خانی، شاعیری ڕێزداری کورد، گریانی دەهات بە ژێردەستەیی کورد و ئیلهامبەخش بوو بۆ سەرهەڵدانی بەئاگاهاتنەوەی نەتەوەیی لە کۆمەڵگەیەکی فیۆدالی ڕێکخراودا کە لە پێشدا دڵسۆزی بۆ بنەماڵە و عەشیرەت و شوێنی لەدایکبوون بوو (55: 1992) . چیرۆکی خۆشەویستیی خانی واتە مەم و زین لە سەدەی حەڤدەیەم، بەردێکی بناغەی هەر باسێکە سەبارەت بە سەرچاوەی ناسیۆنالیزمی کوردی. چیرۆکێکی خۆشەویستی تراژیدییە دەربارەی گەنجێک (مەم) و ژنێک (زین) لە خێڵە جیاوازەکان کە بە نەهامەتی و خیانەت لەیەکتر جیا دەبنەوە؛ حیکایەتەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک ئاماژەیەک بۆ بارودۆخی کورد لە ژێر دەسەڵاتی بیانیدا تێدەگەین. ناسیۆنالیستەکان چەمکی ( /derda maخەباتی ئێمە) کە لەلایەن خانییەوە هاتە ئاراوە ڕێزی لێ دەگرن کەوا نوێنەرایەتیی بێ بەشبوونی کوردی دەکرد (Strohmeier 2003). بانگەوازەکانی خانی بۆ یەکگرتن و ئازادکردنی هەموو کوردەکانی ژێر دەسەڵاتی دەرەکی، هەروەها سزادانی کورد بەهۆی ناتەبایی و دابەشکارییە ناوخۆییەکانیانەوە گرنگ بوون. بەرهەمەکەی وەک سروودێکی نەتەوەیی دەخوێندرێتەوە. بەم پێیە خاڵێکی ئاماژەی بۆ نوخبە کوردەکان دابین کردووە لە ڕێگەیەوە ناسنامەیەکی نەتەوەیی بنیات بنێن. سەرەڕای ئەوەش، بنچینەخوازەکان لایان وایە، هۆنراوەکە سروشتی ناوەکیی ناسیۆنالیزمی کوردی ئاشکرا دەکات (Strohmeier 2003: 27; van Bruinessen 2003). سەرەڕای پێگەی ڕێزگرتنی خانی لە خەیاڵی بەکۆمەڵی کورد، بەڵام کارەکانی کوردناس و ناسیۆنالیستی کورد بەسەر دوو ئۆردوگادا دابەش دەکات: ئەوانەی باوەڕیان بە نووسینەکانی هەیە، کۆنیەتیی نەتەوەی کورد نیشان دەدەن و ئەوانەی کە بە پێکهێنەری ناسیۆنالیزمی مۆدێڕن دەیبینن. ئەحمەدزادە (2007) ئەوە ڕوون دەکاتەوە. کورد لە ڕەواییدان  بە ڕەگ و ڕیشەی مێژووییی خۆی لەو ناوچەیەی کە تێیدا دەژی و درێژکردنەوەی مێژووی خەباتی خۆی بۆ مافە نەتەوەییەکانی خۆی لەوانەش دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی، بەزۆری ئاماژە بە کتێبی “مەم و زین”ی ئەحمەدی خانی دەکات کە لە ساڵی ١٦٩٥دا نووسراوە.

 کورد لە سەدەی بیستەمەوە تادێت بە ئاماژەدان بەم جۆرە بەرهەمە ئەدەبییانە بانگەشەی ناسیۆنالیستیی خۆی چەسپاندووە. ئەمە لە کاتێکدایە ڤان برۆینسن (41-3: 2003)  دان بە گرنگیی سیمبۆلیکی خانیدا دەنێت، بەڵام مشتومڕی هەیە لەسەر بانگەشەی بنچینەییی خانی و لەبری ئەوە وەسفی  پاڵنەرەکانی خانی بۆ نووسینی شیعرەکە بە زمانی کوردی، وەک یاخیبوون لە سیاسەتی تواندنەوەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەکات. ڕێکاری بنچینەیی چەندین خاڵی سنوورداری هەیە، بە تایبەتی پەیوەندیی بە ناسیۆنالیزمی کورد و کارەکانی خانییەوە هەیە. یەکەم: گەرچی خانی خۆی وەک کورد دەناسێنێت و هانی یەکگرتنی کورد دەدات، بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن لە سەدەی حەڤدەیەمدا خەڵک خۆیان بە ناسنامەیەکی نەتەوەییی تایبەتەوە نەناساندووە(van Bruinessen 2003: 44)  بەکارهێنانی دەستەواژەی کورد لەلایەن خانییەوە، وەک دەگوترێ، ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک کەسی جیاواز، بە بێ ئەوەی ناسنامەیەکی هاوبەشیان هەبێت. بەڵکوو پەیمان لەگەڵ هۆزی ناوچەکە و شا و سوڵتانی سەرتاسەری بوو. دووەم: بانگەوازی خانی بۆ یەکگرتنی کورد لە ژێر یەک فەرمانڕەوادا نابێت وەک بانگەوازێک بۆ دامەزراندنی نەتەوەیەکی مۆدێڕن لێک بدرێتەوە، چونکە کارەکانی خانی پێش دەوڵەتی نەتەوەییی مۆدێڕن بوون (45: 2003). ڕەنگە ڕەخنەگرانی کارەکەی خانی ڕاست بن، چونکە بەڵگەی تەواو لەبەردەستدا نییە بۆ بوونی ناسیۆنالیزمی کوردی. بەڵام کارەکانی خانی ئەوە دەردەخەن، جۆرێک لە ناونان و جیاکاری لە نێوان کورد و دراوسێکانیدا هەبووە. ڕەنگە دانیشتووانی کورد هەستێکی یەکگرتوویی و ناسیۆنالیزمیان لەدەست دابێت؛ وەک ئەوەی ئەمڕۆ لێی تێدەگەین، بەڵام ناتوانرێت نکۆڵی لەوە بکرێت شوناسێکی ناوازەی کورد هەبووبێت. ئەگەر پریمۆردیالیستەکانی کورد لەبەکارهێنانی ئەدەبیاتی سەدەی حەڤدەیەمدا وەک بەڵگەیەک بۆ کۆنیەتیی خۆیان، لە ڕادەبەدەر پەرۆش بن، دەبێ بڵێین ڕەخنەگرانیش بە هەمان شێوە بۆ ڕەتکردنەوەی پەلە دەکەن.

جگە لەو ناڕەزایەتییانەی سەرەوە، بنچینەخوازەکان تووشی دوو ڕەخنەی فراوان و پەیوەندیدار دەبنەوە. یەکەم: چەمکسازیی بنچینەخوازی بۆ ناسنامەیەکی جێگیر و ناسیۆنالیزم، ڕێگە بە گۆڕانکاری نادات (Joireman 2003: 31)  بەڵام ناسنامە و نەتەوەکان شل و ناجێگیرە. بۆ نموونە دەیڤید لایتین (1998) نیشان دەدات هەرچەندە هەندێک ناسنامەی نەتەوەیی هەیە قووڵن (وەک بنچینەخوازەکان دەڵێن)، بەڵام هەندێکی دیکەیان لە ڕووی کولتوورییەوە و زیاتر بە شێوەیەکی ڕەسەن بنیات نراون. کارەکانی ئەم خاڵە لە ڕێگەی دانیشتووانی ڕووسی لە لاتڤیا، ئیستۆنیا، ئۆکرانیا و قەزاقستان (کەنار دەریا) دەخەنە ڕوو. لایتین بەڵگەی ئەوەیە، ئەم گرووپە ڕووسی زمانانە بە شێوازی جیاواز پەرەیان سەندووە: هەندێکیان خۆیان لەگەڵ نەتەوەی ناوداری ناوچەییدا ئاسمیلە کردووە، هەندێکی تریان ناسنامەیەکی نوێی (تێکەڵەیی)یان گرتووەتەبەر (هاوشێوەی کوردەکانی ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا) و هەندێکی تریش دیزاینیان کردووە چی دەبێتە ناسنامەیەکی نوێ (1998:32-4). خاڵێک کە هەیە ئەوەیە ڕەنگە ناسنامەی تاکێک یان گرووپێک بە تێپەڕبوونی کات بگۆڕێت. بۆیە بنچینەخوازی شکست دەهێنێت بۆ ڕوونکردنەوەی گۆڕانکاری. دووەم: بنچینەخوازی ناسنامە فرە نەتەوەییەکان ناناسێتەوە و ڕوونی ناکاتەوە  (Joireman 2003: 32)

 ڕەنگە تاکێک یان نەتەوەیەک لە یەک کاتدا خاوەنی زیاتر لە ناسنامەیەک بێت (بۆ نموونە کورد-تورک). سەرەڕای ڕەخنەکان و نەبوونی ئەنجامی سەرچاوە مێژووییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی، بەشێک لە کوردناسەکان بەردەوامن لە بانگەشەی ناسیۆنالیزمێکی کۆنی کورد. ئەم بانگەشەیە هێشتا بەهێزە. زۆرجار لە ڕاگەیاندنەکەی ئێرنست ڕێنان (1882) وەرگیراوە، کە پێشنیار دەکات “بە هەڵە وەرگرتنی مێژووەکەی بەشێکە لە نەتەوە بوون”. بەڵام کۆدەنگیی ئەکادیمی ئەوەیە، نەتەوەکان مۆدێڕنن. لە بەشی داهاتوودا ڕێکاری مۆدێڕنیستی ڕوون دەکەینەوە. بەشی دواتری بابەتەکە، بۆچوونی مودێرنیستی لێک دەداتەوە. مشتومڕی ئەم بەشە ئەوە دەبێت چۆن ئەم ڕوانگەیە ناسیۆنالیزمی کورد لێک دەداتەوە و ڕەخنەکان دژ بە مودێرنیزم پێناسە دەکات.


ئەکاونتی مۆدێڕنیستی و سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی

ڕێدۆزی مۆدێڕنیستی لەبارەی سروشتی خۆڕسکی و هەمیشەییی ناسنامە نەتەوەییەکان، ململانێی بۆ بنەما ناوەندییەکانی بنچینەخوازی سازکردووە. لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، مۆدێڕنیستەکان بە جەختکردنەوە لە سروشتی بنیاتنراوی نەتەوەکان، گریمانە سەرەکییەکانی بنچینەخوازییان تێکداوە. مۆدێڕنیزم دەڵێ ناسنامەی نەتەوەیی، نەک جێگیر و سەقامگیر، هەمیشە لەلایەن نەوە نوێیەکانەوە دانوستان و گۆڕانکاریی نوێی بۆ دەکرێتەوە (Ozkirimli 2010: 61 ) مۆدێڕنیزم ململانێی بۆ ئەو باوەڕە سەرەتاییە ساز کردووە بڕوای بە سروشتی و کۆنیی نەتەوەکان هەیە. مۆدێڕنیزم وەک تیۆریی ناسیۆنالیزم لە تیۆرییەکانی مۆدێڕنیزاسیۆنی ساڵانی شەستەکانەوە سەری هەڵدا کە لە بواری ئەکادیمیادا سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەست هێنابوو (72: 2010). لایەنگرانی سەرەکیی بریتین لە جۆن بریویلی (1982)، ئێریک هۆبسباوم (1990)، ئێرنست گیلنێر (١٩٦٤، ١٩٨٣) و بێندێکت ئەندەرسۆن (1985). چاپخانە، پیشەسازی، سکۆلاریزم و دەوڵەت وەک ئامرازێک بۆ لە دایکبوونی نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم دەناسێنن. بەم شێوەیە مۆدێڕنیستەکان جەخت لەسەر بنیاتنانی کۆمەڵایەتیی نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم دەکەنەوە. بۆ نموونە ئێرنست گیلنێر (١٩٦٤) ڕوونی دەکاتەوە، ناسیۆنالیزم هۆشیارکردنەوەی نەتەوەکان بۆ خۆئاگایی نییە: ئەو نەتەوانە لەو شوێنانە دادەهێنێت کەوا نین. بیندیکت ئەندرسۆن لە کۆمەڵگە خەیاڵکراوەکان (1985) دا، یەکێک لە حاڵەتە زۆر سەرنجڕاکێشەکان بۆ تیۆری مۆدێڕنیستی دەخاتە ڕوو. لێکۆڵینەوەکەى ئەندەرسۆن لەسەر سێ “پارادۆکس”ى ناسیۆنالیزمە. یەکەم، ئاماژە بەوە دەکات بە پێی لێکدانەوەی زۆربەی بابەتەکان نەتەوەکان دیاردەیەکی تا ڕادەیەک نوێیە، بەڵام لایان وایە خۆیان کۆنن (1985: 6). دووەم، ئەو بەڵگەیە دەهێنێتەوە، نەتەوەکان بە شێوەیەکی  تایبەت یەکگرتوو نین: هەزاران نەتەوە هەن و هەموویان سەر بە یەک نەتەوەن. سێیەم: ئەندرسۆن (6:1985) پێشنیاری ئەوە دەکات، نەتەوەکان دەسەڵاتی سیاسییان هەیە، بەڵام زۆر جار لەڕووی فەلسەفییەوە ناتەبان. بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بین بۆ تێگەیشتن لەوەی ئەم پەیوەندییە دژ بە یەکانە چۆن دێنە ئاراوە، ئەندرسۆن نەتەوەیەک بە “کۆمەڵگەیەکی سیاسیی خەیاڵی” پێناسە دەکات. تاکەکان لایان وایە خۆیان ئەندامی کۆمەڵگەیەکن لەگەڵ تاکەکانی دیکە کەم لەبارەیانەوە دەزانن و ڕەنگە هەرگیز ڕووبەڕوویان نەبنەوە.

مۆدێڕنیستەکان زیاتر بەڵگەیان ئەوەیە، ناسیۆنالیزم بەهۆی بنیاتنانی مێژوو و زمانێکی هاوبەشەوە هان دەدرێت. چاپی سەرمایەداری ئاسانکاریی بۆ دابەزینی زمانە ناوخۆییەکان کرد و هەربۆیەش پەرەی بە زمانێکی هاوبەش دا. چاپی بەکۆمەڵی ڕۆمان و ڕۆژنامە، ڕێگەی بە کەسانی پچڕاو دا کە لە یەک کاتدا بەشداریی ڕووداوەکان بکەن و ئەزموونی ڕووداوەکان بکەن. بە تێپەڕبوونی کات، بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکان بە زاراوە ناوچەییەکان چەندین زمانی ناوخۆییی جیاوازی بەیەکەوە گرێ دا و زمانێکی نووسراوی هاوبەشی بەرهەمهێنا(Anderson 1985). ئەم پەرەسەندنە هاوکات بوو لەگەڵ بیرۆکراتیزەکردن. بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر دەسەڵاتی سیاسی بەکاربهێنن، ناوەندە ئیدارییەکان زمانێکی هاوبەشیان گرتەبەر. لێکدانەوەی مۆدێڕنیستەکان هەموو جارێک بۆ لێکدانەوەی سەرچاوەی ناسیۆنالیزمی کوردی بەکار دەهێنرێن، وەک چۆن زۆربەی ئەکادیمییەکان ناسیۆنالیزمی کوردی بە مۆدێڕن و بنیات نراو وەسف دەکەن. ئەم لایەنە لە ناسیونالیزمی کوردی بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم دەگەڕێنێتەوە. باس لەوە دەکات کە ناسیۆنالیزمی کوردی وەک ڕەتکردنەوەی شۆڕشی گەنجانی تورک لە ساڵی 1908 و دواتر ڕووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی لە کۆتاییی جەنگی جیهانیی یەکەمدا سەری هەڵداوە. بیرۆکەکانی شۆڕشی گەنجانی تورک سەبارەت بە چاکسازیی دەستوری و ناسیۆنالیزمی تورک، ئیلهامبەخش بوو بۆ کوردەکان بۆ دامەزراندنی یانەی خۆیان و بەدواداچوون بۆ خوێندن بە زمانی کوردی. ناسیۆنالیستە کوردەکان بە چاپکردنەوەی فۆلکلۆر و ئەدەبیاتی کوردی، بەتایبەتی بەرهەمەکانی ئەحمەدی خانی و شەرەفخان بەتلیسی، هانی خوێندەوارییان لە ناو کورد دەدا ( (Naamani 1966: 281 ئەمەش یەکێکە لەو ڕێگایانەی ئەم بەرهەمانە دیسانەوە هاتنەوە ناو کۆمەڵگەی کوردەوە کەوا ناسیۆنالیستە کوردەکان لە توانایاندایە نەتەوەی کورد بنیات بنێن. هەرچەندە نەعمانی سەرهەڵدانی هەستی ناسیۆنالیستی دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەی کوردی لە تورکیا، بەڵام ناسیۆنالیزمی کوردی لە عێراق زۆرترین گەرمیی هەیە. هۆکارە سەرەکییەکانی ئەمە دیمۆگرافی و جوگرافیایە: کوردەکان لە عێراق بەشێکی بەرچاوی دانیشتووانی عێراق پێک دەهێنن لە چاو کوردەکانی وڵاتانی دیکە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، دانیشتووانی کورد نزیکەی لەسەدا ١٠ی دانیشتووانی تورکیا و ئێرانیان پێک هێنابوو، لە کاتێکدا کوردەکان لە عێراق نزیکەی لەسەدا ٢٠ی دانیشتووانی عێراقیان پێک دەهێنا. جگە لەوەش کوردەکان لە عێراق لە ڕووی جوگرافیاوە زیاتر چڕ بوون و توانییان بەرخۆدانێکی کاریگەر لە دژی دەوڵەتێکی تازەپێگەیشتووی عێراق پێک بهێنن. وەک  لە سەرەوە ئاماژەمان پێ دا، زۆربەی ئەدەبیاتی ئەکادیمی لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی باس لەوە دەکەن کە دوای داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی سەری هەڵداوە ( Gunter 2007; Halliday 2006; Jabar 2006; Jwaideh 2006; McDowall 2004; Olson 1989; Vali 1998 ).

بۆ نموونە ڕۆبێرت ئۆلسۆن (1989) ئاماژە بەوە دەکات، هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و شۆڕشی گەنجانی تورک هاندەری کۆکردنەوەی نەتەوەی کورد بوو کە ڕێکخراویان پێک هێنا. ئەم کۆکردنەوەیە لەگەڵ ناونووسکردنی گەنجانی کورد لە قوتابخانەکانی ئەورووپاشدا بوو کە لەوێدا چەمکە مۆدێڕنەکانی ناسیۆنالیزمیان ناسی دواتر ئەم بیرۆکانە گوازراونەتەوە بۆ بەرپرسە ئایینییە ناوخۆییەکان، ئەوانیش لە بەرانبەردا چەمکەکانی ناسنامە و نەریتی کوردییان بۆ دانیشتووانی کوردستان بڵاوکردەوە.(Olson 1989: xvii)  پێش ساڵانی ١٩٠٠ کوردەکان بە پێی میرنشین و هۆز و ناوچە خۆیان ڕێک دەخست. هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بووە هۆی ململانێیەکی ناوچەیی بۆ خاک و سەرچاوە لە نێوان گرووپە جیاوازەکاندا، ئەمەش سەرکردەی هۆزە کوردەکانی ناچار کرد بانگەشەی خاوەندارێتیی مێژوویی بکەن لەسەر ئەو زەوییانەی تێیدا نیشتەجێ بوون. دروستکردنی ناسیۆنالیزمی کوردیی مۆدێڕن، پڕۆژەیەکی نوخبەکانە کە مۆدێڕنیستەکان بەڵگەی بۆ دەهێننەوە. ناسیۆنالیزمی کوردی بنیات نرا و وێنا کرا (Strohmeier 2003).

یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی کوردستان کە لە ساڵی ١٨٩٨ دامەزرا، هاندەرێکی گرنگ بوو بۆ بنیاتنانی ناسنامەی کورد (Strohmeier 2003). وەک بەڵگە، سترۆهمایەر ئاماژە بە مۆتیڤەکانی کوردستان دەکات: داوای لە کوردەکان دەکرد ‘لە خەوی نەزانییان بەئاگا بێنەوە […] دواکەوتووییی خۆیان بناسن’ (23: 2003). ڕۆژنامەکە جەختی لەسەر کورد وەک گرووپێکی جیا کردەوە کە مێژوویەکی کۆن و کولتوور و زمانێکی جیاواز و هەمدیسانەوە توانای گەشەی سەربەخۆ لە ستەمکارە بیانییەکانی هەیە. کارەکانی کوردستان یارمەتیدەر بوو بۆ زیندووکردنەوەی ئەدەب و مێژووی کوردی بە ئامانجی دۆزینەوەی شوناسێکی کورد (2003: 26؛ ڤان بروینسن 2003: 50). ئەمەش ئەوە دەردەخات کورد ناسنامەیەکی یەکگرتووی لە تاک و هۆز و گرووپە پچڕاوەکانەوە دروست کردووە و بنیاتی ناوە. چاپکردن بۆ بنیاتنانی نەتەوەکان پێویست بوو. هەروەها ئەو گۆڕانکارییە پێکهاتەییانەی بەهۆی ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە بەرهەم هاتبوون، ناسیۆنالیزمی کوردییان پەروەردە کرد. وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، پێش داڕمانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ئایین ئەو شوناسە سەرتاسەرییە بوو کە دانیشتووان لەگەڵیدا خۆیان دەناساند. لەگەڵ دروستکردنی دەوڵەتی نوێ لە ناوچەکەدا، وەک عێراق و تورکیا، گرووپەکان دەستیان کرد بە خۆناساندن لەگەڵ نەتەوەکەیان. بۆ نموونە تورکیا بۆ ئەوەی گرووپە نەتەوەییەکانی دیکە کز بکات، ناسنامەی تورکیی خستە پێش ناسنامەی ئیسلامی کە گشتگیرتر بوو. تەنیا لەم کاتەدا کورد دەستی کرد بە بنیاتنانی دژە ناسنامەیەک لە شێوەی ناسیۆنالیزمی کوردی. تیۆری مۆدێڕنیستی گێڕانەوەیەکی ناچارکەر بۆ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی دابین دەکات. بەڵام ڕەخنەگران ئاماژەیان بەوە کردووە مۆدێڕنیستەکان زۆرجار جۆرێکی ئایدیالی نەتەوە گریمانە دەکەن کە لەسەر بنەمای ئەزموونی سەدەی هەژدە و نۆزدەهەمی ئەورووپای ڕۆژئاوا دامەزراوە (Ozkirimli 2010: 126  ). ئەوان دەڵێن هەستی ناسیۆنالیستی زۆر پێش سەدەی هەژدەهەم هەبووە. بۆ نموونە، باس لەوە کراوە کە هاووڵاتییانی سەدەی پانزە و شانزەیەمی فەرەنسا، ئینگلیس و ئیسپانیا هەستیان بە وابەستەبوونێکی بەهێز بۆ نەتەوەکەیان کردووە (126: 2010). سەرەڕای ئەوەش، مۆدێڕنیستەکان شکست دەهێنن لەوەی بنیاتنانی نەتەوەکان پێویستی بە هەندێک بناغەی ڕابردوو هەیە. ناسیۆنالیستەکان ناتوانن نەتەوەیەک دروست بکەن کە نەریتێکی مێژووییی نەبێت کە کاریان پێ بکەن. ڕەخنەی دووەم و بەهێزتر لە دژی مۆدێڕنیزم ئەوەیە، ناتوانێت توخمە سۆزدارییەکەی شوناس و ناسیۆنالیزم ڕوون بکاتەوە (Ozkirimli 2010: 131  ). بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەریی نەتەوەکان لەسەر ئەندامەکانی شکست دەهێنێت. بۆ نموونە بۆچی مرۆڤەکان ئامادەن بۆ مەبەستی ناسیۆنالیستی بە گەرمی مەرگ لە باوەش بگرن، ئەگەر نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم خەیاڵ بکرێن؟ مۆدێڕنیزم چاوپۆشی لەو وابەستە سۆزدارییانە دەکات کە تاکەکان لەسەر نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم دەیخەنە ڕوو. بۆ دڵنیایی گرنگە چەندە تاکەکان باوەڕیان بە بابەتیکردنی نەتەوەکان هەیە. بۆ نیشاندانی ئەم خاڵە، بابەتەکە داڕشتنی دیدگایەکی بەدیل بۆ نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم دەخاتە ڕوو: بنچینەخوازیی “نەرم”. بەشی داهاتوو زیاتر نیشان دەدات کە چۆن بنچینەخوازیی “نەرم”، بۆ ڕوونکردنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی یارمەتیدەرە.


تیۆرێکی جێگرەوە بۆ ناسیۆنالیزم

بەڵگەی ڕەوتی ڕستەکان ئەوەمان پێ دەڵێ کارەکانی ئەنتۆنی سمێس تێگەیشتنێکی بەسوود بۆ سەرهەڵدانی نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم بە گشتی و کەیسی کورد بە تایبەتیتر دەڕەخسێنێت. ئەو بەشە بە خستنەڕووی تێگەیشتنێکی جێگرەوە بۆ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی، هەوڵی پردێک لە نێوان پریمۆردیالیزم و مۆدێڕنیزم دەدات. ئەم ڕوانگە جێگرەوەیە چەمکی بنچینەخوازیی “نەرم”ی لە ساندرا ژۆیرمان (2003) وەرگرتووە. وەک چۆن لێرەدا بەکارهاتووە، بنچینەخوازیی نەرم، نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم درک بە هەبوونی توخمە  توخمە کۆن و نوێیەکان دەکات و  شۆناس بە شتێکی کراوە لە قەڵەمی دەدا. پێش سەدەی نۆزدەیەم کۆمەڵێک گرووپ هەبوون کولتوور و زمانێکی هاوبەشیان هەبوو بەڵام پێویستی بە تەکنەلۆژیای پیشەسازی و مۆدێڕنیزاسیۆن هەبوو بۆ یەکخستنەوە و خستنەڕووی ناسنامەی شاراوە. گرووپەکان کولتوور و زمانێکی جیاواز و هەستی کۆمەڵایەتییان بۆ چەندین سەدەیە هەیە، بەمەش بناغەیەکی سەرەتاییی بە نەتەوەکان بەخشیوە (Clark 1995: 10 ). بەم شێوەیە، بنچینەخوازیی نەرم دان بە دێرینیی نەتەوەکاندا دەنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا گرنگیی مۆدێڕنیتە لە سەرهەڵدانی نەتەوەکان و ناسیۆنالیزمدا دەناسێت. ئەم تێگەیشتنە لە ناسیۆنالیزم لەسەر کارەکانی ئەنتۆنی سمێس دامەزراوە. سمێس (1986) ڕەخنە لە هەردوو بنچینەخوازی و مۆدێڕنیزم دەگرێت. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە مۆدێڕنیزم ڕۆڵی کولتوور، زمان، هێما و ئەفسانە لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا بە کەم دەزانێت، ئەمە لە کاتێکدایە یەکەمیان پەرەسەندنی نەتەوەکان بە تێپەڕبوونی کات ڕوون ناکاتەوە، واتە بۆچی مرۆڤەکان ناسنامەیەک دەگرنەبەر، بەڵام سڵ لە ناسنامەی تر دەکەنەوە (بۆ نموونە ‘ئەڵمانی نەک پرۆسی) (Smith 2001: 54 ). بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم کەموکورتییانە، بنچینەخوازیی نەرم، جەخت لە ڕۆڵی کولتوور و زمان دەکاتەوە، خزمەت بە یەکخستنی ئەو گرووپانە دەکەن کە هاوبەشی ئەم پراکتیزکردنانەن. سمێس دەڵێت، تایبەتمەندیی “کۆن” هەیە کە تایبەتە بە نەتەوەکان و ئەمانە دەتوانرێت لە هونەر، زمان، زانست و یاساکانی کۆمەڵگەیەکدا بدۆزرێنەوە (Smith 2008 ). بۆیە نەتەوە و ناسیۆنالیزم لە هەمان کاتدا سەرەتایی و مۆدێڕنن. وەک پێشتر باسمان کرد، سمێس زاراوەی “ئیتنی\ethnie” بەکاردەهێنێت بۆ وەسفکردنی شێوازی ڕێکخستنی گرووپەکان لە کۆندا (سمێس ١٩٨٦: ٣٢). زاراوەی “ئیتنی” جەخت لە هەستی کۆمەڵگەیەکی مێژوویی دەکاتەوە. بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت کە نە ناوی جەماوەری مرۆیی لەگەڵ ئۆستوورەکان، مێژووەکان و کولتووری باوباپیرە هاوبەشەکان پێناسە کراوە و پەیوەندییان بە هەبوونی هەرێمیکی دیاریکراو و هەستی هاوبەشەوە هەیە   (32: 1986). سمێس بە پشتبەستن بەم تێگەیشتنە باس لەوە دەکات نەتەوەکان لە قۆناغە جیاوازەکان و لە کیشوەرە جیاوازەکاندا سەریان هەڵداوە و سەریان هەڵداوەتەوە و لە کۆتاییدا هەندێکیان بە هۆی “شۆڕشی سێ لایەنە” گۆڕدراون بۆ نەتەوەکان. شۆڕشی سێ لایەنە لە شۆڕش لە دابەشکردنی کار، شۆڕشێک لە کۆنترۆڵکردنی ئیدارەدان و شۆڕشێک لە هەماهەنگیی کولتووریدا پێک هاتووە (1986: 131). بۆ نموونە پەروەردە و وەرگرتنی سەربازی بۆ چاندنی هەستی ناسیۆنالیستی لەناو هاووڵاتییاندا زۆر گرنگ بوون. سمێس پرسیارەکان دەوروژێنێت کە بۆچی “نەتەوە” بووەتە بەرجەستەکردنی ئایدیالە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤایەتی و بۆچی زۆرێک لە نەتەوەکان -هەرچەندە هەموویان ناگرێتەوە- بەدوای نەتەوەبووندا دەگەڕێن. ئەو پێی وایە شۆڕشی سێ لایەنە بەرپرسیار بووە لە دروستکردنی نەتەوەکان بە خواستراو (Smith 1986: 131). لە حاڵەتی یەکەمدا، بەرزبوونەوەی چالاکییەکانی دەوڵەت، ناوەندە ئابوورییە جیاوازەکانی ناچار کرد پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا دروست بکەن و بووە هۆی بەستنەوەی ناوەندە گوندنشینەکان و شارەکان. دووەم: شۆڕشی ئیداری و سەربازی دابەشبوونی خاکی ئەورووپای بەهێزتر کرد و هانی نەزمی نێوان دەوڵەتانی دا. لە کۆتاییدا شۆڕشی ڕوناکبیری و پەروەردەیی، ڕێبازی کەنیسە و نەریتی، بە دەوڵەتی سەروەری گۆڕی. بۆیە سێ شۆڕشەکە، دەوڵەتی ناوەندی و لە ڕووی کولتوورییەوە یەکسانیان دامەزراند و تا سەدەی بیستەم ئەورووپایان دابەش کردبوو بەسەر تۆڕێکی دەوڵەتە “عەقڵانی”یە بیرۆکراتییەکاندا (131: 1986). بەڵام گەشەسەندنی پێکهاتنی نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆر لە گەشەسەندنی ڕۆژئاوا دەچوو. شۆڕشی سێ لایەنە زۆر دواتر هات و بە شێوەیەکی نایەکسان ڕووی دا و بەهۆی پێکهاتە نەتەوەییە جیاوازەکانەوە، گرووپەکان زیاتر خۆیان لەسەر بنەمای پێوەرە نەتەوەییەکان دەناساند. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەست و سۆزی نەتەوەیی بەردەوام بوو بەڵام جگە لە ئێرانییەکان، گرووپەکان نەیانتوانی دەربڕینی خاکی یان سیاسی بدۆزنەوە.


تێگەیشتن لە ناسیۆنالیزمی کوردی لەگەڵ بنچینەخوازیی “نەرم”

بە دڵنیاییەوە کورد دەتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات ڕەگ و ڕیشەی کۆنی هەیە. لە سەدەی حەوتەمەوە فەرهەنگ و زمان و نیشتمانێکی جیاوازی کوردی بەدی دەکرێت. زمانی کوردی خاوەنی زاراوەی جۆراوجۆرە، بەڵام لێکچوون و یەکێتییەکی بنەڕەتی لە زمانی کوردیدا هەیە (Minorsky in van Bruinessen 1994) . حەسەنپوور، لە بەرهەمە سەرەکییەکەیدا سەبارەت بە زمانی کوردی، باس لەوە دەکات، کوردی نووسین لە دەوروبەری سەدەی پانزە و شانزە لە سەردەمێکدا پەرەی سەندووە کە زمانی عەرەبی و فارسی زاڵ بوون (455Hassnpour 1992 :). جگە لەوەش، کولتووری کردەکیی کوردەکان بریتین  لە جلوبەرگ، خواردن، مۆسیقا و کردارە کۆمەڵایەتییەکان لە دراوسێکانیان جیایان دەکاتەوە. ئەم جیاوازییە کولتووری و زمانەوانییانە سەرەتا لە لایەن خانییەوە بۆ تیشک خستنە سەر بوونی شوناسێکی کوردی، هەرچەند نایەکگرتووانە دەربڕدراون. کۆتاییهاتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ڕۆڵی هەبوو لە یەکگرتن و دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمێکی کوردی کە لەسەر کولتوور و زمانێکی کۆنی کوردی دامەزرابوو. هەرچەندە نەتەوەی کورد و هەستکردن بە ناسیۆنالیزم وەک ئەوەی ڕوانگەی مۆدێڕنیستی تێدەگات، نەبووە، بەڵام چەندین سەدە نەتەوەیەکی کورد هەبووە. جگە لەوەش، دانیشتووانی کورد لەسەر “نیشتمان”ی ئێستای خۆیان ژیاون و لە سەدەی حەوتەمەوە کولتوور و زمانێکی هاوبەشی جیاواز لە گرووپە دراوسێکانیان پراکتیزە کردووە (Hassanpour 1992, MacDowall 2004). بنچینەخوازیی “نەرم”، چەمکسازییەکی بەسوود بۆ تێگەیشتن لە کەیسی کورد دابین دەکات. لێرەدا چەمکی “ئیتنی” لە لایەن سمێسەوە بە تایبەتی یارمەتیدەر و پەیوەندیدارە. زۆرجار ناسیۆنالیستە کوردەکان بانگەشەی مێژوویەک دەکەن ڕەگ و ڕیشەی لە کۆنەوە داکوتاوە. کوردەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە گەلێکی جیاوازن، چەندین سەدە هەمان خاکیان داگیرکردووە. ئەم باوەڕە لە دەستووری حکومەتی خۆسەری هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراقدا چەسپاوە. دەستوور بەم وشانە دەکرێتەوە:

کورد گەلێکی کۆنە، هەزاران ساڵە لە زێدی خۆی کوردستان ژیاوە، نەتەوەیەک بە هەموو ئەو سیفەتانەی کە دەیخەنە ڕوو بۆ پڕاکتیزەکردنی مافی چارەی خۆنووسین، هاوشێوەی نەتەوە و گلانی تری جیهان (حکومەتی هەرێمی کوردستان-دەستووری کاتی).

بە دڵنیاییەوە دەتوانرێت ئەم ڕاگەیاندنە وەک تاکتیکێکی سیاسی لێک بدرێتەوە کە ئامانجی پاراستنی کۆنترۆڵی کوردە بەسەر ئەو خاکەی ئێستا بەڕێوەی دەبەن و بۆ دروستکردنی ڕەواییدان بە جیابوونەوە لە عێراق لە داهاتوودا. بەڵام ئەمە گرنگیی ئەو لێدوانە زەوت ناکات. بە ڕوونی ئاماژە بەو باوەڕە دەکات کوردەکان سەبارەت بە کۆنیی نەتەوەیی خۆیان و جیاوازییەکەیان هەیانە.


کۆتایی

کورد لە سەدەی حەوتەمەوە تا سەرەتای سەدەی بیستەم لە دەسەڵاتدارە یەک لە دوای یەکەکانی کۆلۆنیالیزم ڕزگاری بوو و بەشێکی زۆری ناسنامەی خۆی پاراست. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت هەرچەندە کورد لە ژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمدا بوو، بەڵام سەرکردەکانی کورد بەرپرسیارێتیی دانیشتووان و خاکی خۆیان پێ دەسپێردرا. عەشیرەتە کوردەکان هەمیشە بەرپرسیارێتییان لە بەرانبەر دانیشتووانی خۆیان پاراست. ئەمە خاڵێکی بەرچاو نیشان دەدات: ناسنامەی کورد کاردانەوەیەک نەبوو بەرانبەر بە مەیلە ناوەندگەراییەکانی کۆلۆنیالیستەکان. ئەم بەردەوامبوونه به زیادەش به هۆی ئەو پراکتیزەکردنەی زمان و کولتووری هاوبەش و قووڵەوه ڕوون دەبێتەوە کەوا دانیشتووانی کوردی گرتەوه. خوێندنەوەیەک بۆ مێژووی کورد ئەوەمان بۆ دەردەخات دەبوو ناسنامەی کورد بەهۆی هەندێک ڕووداوەوە (بۆ نموونە لەشکرکێشیی عەرەب و حوکمڕانیی ئیمپراتۆریەتی فارس و تورکیا) تێک بچێت. لەگەڵ ئەوەشدا کورد توانی ناسنامەیەک بپارێزێت کە تەمەنی چەندین سەدەیە. تا کۆتاییی جەنگی جیهانیی یەکەم کورد دەستی کرد بە بەرەنگاربوونەوە و کاردانەوە بەرانبەر بە هەوڵە ئاسمیلاسیۆن و ناوەندگەراییەکانی دەوڵەتانی میواندار. هەر لەم سەردەمەدایە کە ناسیۆنالیزمی کوردی توخمە مۆدێڕنەکانی وەک بانگەوازی دەوڵەتی سەربەخۆ و بڵاوکردنەوەی ئەدەبی کوردی و شارنشینیی بەدەست هێنا.

ئەم نووسینە بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی، ڕووپێوی ئەدەبیاتی ناسیۆنالیستیی کردووە. بابەتەکە سەیری دوو ڕوانگەی کێبڕکێی کرد کە نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم ڕوون دەکەنەوە. لە ڕوانگەی سەرەتاییەوە، گرووپەکان خاوەنی سیفەتگەلێکی کۆنن و دەگەڕێندرێنەوە بۆ کۆن. ئەم باوەڕە ئەوەمان بۆ دەردەخات نەتەوەکان کۆنن و وابەستەییی تاک بە گرووپێکەوە شتێکی سروشتییە. ئەمەش دەبێتە هۆی هەندێک گریمانە سەرەتاییەکان کە ڕەخنەیان لێ گیراوە. یەکەم: ڕەخنە لە بنچینەخوازی گیراوە کە گریمانەی ئەوەیە، ناسنامەکان جێگیرن. وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، ڕەخنەگرانی ئەم بیرۆکەیە ئاماژەیان بە سروشتی دەڵەمەی ناسنامەکان کردووە. ڕەنگە ناسنامەی تاک یان گرووپ بە تێپەڕبوونی کات بگۆڕێت. ڕەخنەی دووهەم دەڵێت بنچینەخوازی لە ڕوونکردنەوەی ئەو حاڵەتانەی کە تاکەکان یان گرووپەکان چەندین ناسنامە یان وابەستەبوونیان هەیە هەرەس دەهێنێت. لە لایەکی دیکەوە مۆدێڕنیزم جەخت لە سروشتی بنیاتنراوی نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم دەکاتەوە. دەڵێت نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم دەرئەنجامی پیشەسازیکردن و گەشەسەندنی چاپخانە و پراکتیزە بیرۆکراتییە مۆدێڕنەکانن. هەروەها ئەم ڕوانگەیە کەموکورتیی هەیە و ناتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر چارەسەری بکات. یەکەم: مۆدێڕنیزم حسابی بوونی هەستی ناسیۆنالیستی زۆر پێش سەدەی هەژدەیەم، ناکات. دووەم: مۆدێڕنیزم ناتوانێت ئەو وابەستەییە سۆزدارییە ڕوون بکاتەوە تاکەکان بۆ نەتەوەکەیان هەیانە.

بە لەبەرچاوگرتنی کەموکووڕییەکانی مۆدێڕنیزم و بنچینەخوازی، ئەم بابەتە بنچینەخوازیی “نەرم”ی پێشکەش کرد بۆ ڕوونکردنەوەی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی. بنچینەخوازیی نەرم، دان بەوەدا دەنێت نەتەوەکان و ناسیۆنالیزم خاوەنی توخمە کۆن و مۆدێڕنەکانن. لە وتارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بوونی کولتوور و زمانێکی کۆن لەگەڵ پاڵنەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییە تایبەتەکان، بەشدار بووە لە پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕنی کوردیدا.

ئەم بابەتە لە سەردانکردنەوەی مشتومڕی کلاسیکی نێوان سەرەتایی و مۆدێڕنیزمدا، ئاماژەی بەوە دا هیچکام لەم دوو ڕێبازە بە تەنیا ناتوانن سەرچاوەی ناسیۆنالیزمی کوردی بخەنە ڕوو. بەڵکو کوردەکان هەم تایبەتمەندیی سەرەتایی و هەم تایبەتمەندیی مۆدێڕن پێشان دەدەن. بۆیە ئەم لێکۆڵینەوەیە مەتەڵێکی سەرنجڕاکێش دەورووژێنێت: ئایا نەتەوەکان دەتوانن لە یەک کاتدا خاوەنی توخمە سەرەتایی و مۆدێڕنەکان بن؟ دۆسیەی کورد، وەک من لێرەدا دەڵێم، بە دڵنیاییەوە ئەوە نیشان دەدات دەتوانن. ئەم دەرەنجامە کاریگەریی لەسەر ئەدەبیاتی ئەکادیمی لەسەر کورد و بە ئەگەرێکی زۆرەوە، حاڵەتەکانی دیکەی ناسیۆنالیزم هەیە. هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، کوردناسەکان دەکەونە دوو ئۆردووگای دژ بە یەکەوە کە ناتوانن دان بە ڕەوایەتی هەڵوێستی دژ بەیەکدا بنێن. یەکێک لە بەشدارییە ئەگەرییەکانی ئەم بابەتە بریتییە لە پڕکردنەوەی دابەشبوونی نێوان ئەم دوو ئۆردووگایە بە نیشاندانی ئەوەی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕنی کوردی، بەبێ زمان و کولتوور و مێژوویەکی کۆن نەیدەتوانی سەرهەڵبدات. لە کۆتاییدا کار لەسەر نەتەوەکانی دیکە پێشوازیی لێ دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا کەیسی کورد تایبەتە یان دۆزینەوەکان لێرەدا بۆ گەردوونێکی گەورەتری کەیسەکان دەگونجێت.

 

ژێدەر:

Ahmadzadeh, H. (2007), ‘In search of a Kurdish novel that tells us who the Kurds are’, Iranian Studies, 40: 5, pp. 579–92.

Anderson, B. (1985), Imagined Communities, London: Verso.
Breuilly, J. (1982), Nationalism and the State, Manchester: Manchester University Press.
Clark, S. (1995), State and Status: The Rise of the State and Aristocratic Power in

Western Europe, Montreal and Kingston: McGill-Queen’s University Press. Edmonds, C. J. (1968), ‘The Kurdish War in Iraq: The constitutional back-

ground’, The World Today, 24: 12, pp. 512–20.
—— (1971), ‘Kurdish nationalism’, Journal of Contemporary History, 6: 1, pp. 87–97, 99–107.
Eller, J. D. and Coughlan, R. M. (1993), ‘The poverty of primordialism: The demystification of ethnic attachments’, Ethnic and Racial Studies, 16: 2,  pp. 183–202.
Geertz, C. (1973), The Interpretation of Cultures, New York: Basic Books. Gellner, E. (1964), Thought and Change, London: Weidenfeld and Nicolson. —— (1983), Nations and Nationalism, Ithaca: Cornell University Press. Gerring, J. (2004), ‘What is a case study and what is it good for?’ American  Political Science Review, 98: 2: pp. 341–54.
—— (2007), ‘The case study: What it is and what it does’, in C. Boix and S. C.

Stokes (eds.), Oxford Handbook of Comparative Politics, New York: Oxford University Press, pp. 90–122.
Ghassemlou, A. R. (1965), Kurdistan and the Kurds, London: Collet’s Holdings Ltd.
Gunter, M. (2007), ‘The modern origins of Kurdish nationalism’, in M. M. A.

Ahmed and M. Gunter (eds), The Evolution of Kurdish Nationalism, Santa Ana, CA: Mazda Publishers, Inc., pp. 1–17.
Halliday, F. (2006), ‘Can we write a modernist history of Kurdish nationa- lism?’, in F. A. Jabar and H. Dawod (eds.), The Kurds: Nationalism and  Politics, London: SAQI, pp. 11–20. Hassanpour, A. (1992), Nationalism and Language in Kurdistan, 19181985, San  Francisco: Meilen Research University Press.
Hassanpour, A. (2003), ‘The making of Kurdish identity: Pre-20th century

historical and literary discourses’, in A. Vali (ed.), Essays on the Origins of Kurdish Nationalism, California: Mazda Publishers, pp. 160–162.

Hastings, A. (1997), The Construction of Nationhood: Ethnicity, Religion, and Nationalism, London: Cambridge University Press.

Hawkins, D. (2009), ‘Case studies’, in T. Landman and N. Robinson (eds.), The Sage Handbook of Comparative Politics, Los Angeles: Sage Publication, pp. 50–66.

Hobsbawm, E. (1990), Nations and Nationalism since 1780, Cambridge: Cambridge University Press.

Jabar, F. A. (2006), ‘Arab nationalism versus Kurdish nationalism: Reflections on structural parallels and discontinuities’, in F. A. Jabar and H. Dawod (eds.), The Kurds: Nationalism and Politics, London: SAQI.

Joireman, S. F. (2003), Nationalism and Political Identity, New York: Continuum. Jwaideh, W. (2006), The Kurdish National Movement: Its Origins and

Developments, Syracuse: Syracuse University Press.
Laitin, D. (1998), Identity in Formation: The Russian Speaking Populations in the

Near Abroad, Ithaca: Cornell University Press.
McDowall, D. (2004), A Modern History of the Kurds, New York: I.B. Tauris. Naamani, I. T. (1966), ‘The Kurdish drive for self-determination’, Middle East

Journal, 20: 3, pp. 279–95.
Olson, R. (1989), The Emergence of Kurdish Nationalism and the Sheikh Said

Rebellion, 1880–1925, Austin: University of Texas Press.
Ozkirimli, U. (2010), Theories of Nationalism: A Critical Introduction, New York:

Palgrave Macmillan.
Renan, E. (1882), ‘Qu’est-ce qu’une nation?’/‘What is a nation?’ Conference

faite en Sorbonne, 11 March, (Delivered as a lecture at the Sorbonne),

Accessed 30 January 2013.
Shils, E. (1957), ‘Primordial, Personal, Sacred and Civil Ties: Some Particular

Observations on the Relationship of Sociological Research and Theory’,

The British Journal of Socioloy, 8: 2, pp. 130–145.
Smith, A. (1986), The Ethnic Origins of Nations, Oxford: Basil Blackwell Ltd. —— (2001), Nationalism: Theory, Ideology, History, Cambridge: Polity Press. —— (2008), The Cultural Foundations of Nations: Hierarchy, Covenant, and

Republic, Oxford: Blackwell Publishing.
Strohmeier, M. (2003), Crucial Images in the Presentation of a Kurdish National

Identity, Leiden: Brill.
Treaty of Sevres (1920), ‘Treaty of Sevres and Lausanne’, www.fransamalting-

vongeusau.com/documents/dl1/h1/1.1.18.pdf. Accessed 5 February 2013. Vali, A. (1998), ‘The Kurds and Their “Others”: Fragmented Identity and Fragmented Politics’, Comparative Studies of South Asia, Africa and the  Middle East, 18: 2, pp. 82–95.
Vali, A. (ed) (2003), Essays on the Origins of Kurdish Nationalism, California: Mazda Publishers.
Van Bruinessen, M. (1994), ‘Kurdish nationalism and competing ethnic loyal-

ties’, Peuples Méditerranéens, 68–69, pp. 11–37.
—— (2003), ‘Ehmedi Xani’s Mem u Zin and its role in the emergence of

Kurdish national awareness’, in A. Vali (ed.), Essays on the Origins of  Kurdish Nationalism, California: Mazda Publishers.
Zaki, M. A. (1931), A Brief History of the Kurds and Kurdistan, 2 vols, Baghdad: Dar as-Islami Publishers.

suggested citation

Hassan, Z. (2013), ‘Kurdish nationalism: What are its origins?’, International Journal of Contemporary Iraqi Studies 7: 2, pp. 75–89, doi: 10.1386/jcis.7.2.75_1

contributor details

Zheger Hassan is a Ph.D. candidate at the University of Western Ontario in the Political Science Department. His dissertation will look at Iraqi Kurdistan’s status as a de facto state within a federal Iraq.

Contact: The University of Western Ontario, Department of Political Science, 1151 Richmond St., London, ON, Canada, N6A 5B7.
E-mail: zhassan@uwo.ca

Zheger Hassan has asserted his right under the Copyright, Designs and Patents Act, 1988, to be identified as the author of this work in the format that was submitted to Intellect Ltd.

https://intellectdiscover.com/content/journals/10.1386/ijcis.7.2.75_1

[1] . Anthony Smith

[2] . Soft primordialism

داگرتنی بابەت