ئارامتر بخوێنەوە

وتووێژ لەگەڵ ئاران ئەمینی

ئاران ئەمینی ماستەری ئەندازیاریی ئایتی لە زانکۆی تەربیەت مۆدەڕس لە تاران وەرگرتووە. هەروەها دوکتۆرای زانستی کۆمپیوتەری لە زانکۆی ئەڤینیۆن لە فەڕەنسا وەرگرتووە. پاشان بۆ ماوەی ساڵێک هەر لەوێ توێژەری پۆست دوکتۆرا بووە. ئێستاش هەر لە وڵاتی فەڕەنسا و لە زانکۆی لۆمان وەک توێژەری پۆست دوکتۆرا لە بواری ژیریی دەستکرددا توێژینەوە دەکات. توێژینەوەکانی لەسەر پێواژۆی ئاخاوتن و پێواژۆی زمانی سروشتی بە تایبەت ناسینەوەی ئاخێوەر، ناسینەوەی ئاخاوتن و وەرگێڕانی دەنگ چڕ بوونەتەوە.

١:  ئەگەر وەکوو زانستڤانێک پێناسەیەک بۆ ژیری دەستکرد بکەن، چ پێناسەیەکتان بۆ ژیری دەستکرد هەیە؟!

لە ڕاستیدا چەند پێناسەی جیاواز بۆ ژیریی دەستکرد کراون کە ڕەنگە باوترین و کۆنترینیان ئەمە بێت: ژیریی دەستکرد لقێکی زانستی کۆمپیوتەرە و ئامانجی پەرەدانی سیستمێکە کە کارێک جێبەجێ‌ دەکات کە مرۆڤ بۆ ڕاپەڕاندنی ئەو کارە پێویستی بە ژیری هەیە. کەواتە بۆ تێگەیشتن لە ژیریی دەستکرد پیویستە لە هۆش یان ژیریی مرۆڤیش تێبگەین. بەڵام هەر لێرەوە تووشی بەربەستی گەورە دەبین‌ چونکە تاکوو ئێستاش پێناسەیەکی تەواو و وردبین لەسەر ژیریی مرۆڤ لەبەر دەستدا نییە. بە گشتی دەتوانین تواناییەکانی چارسەری پرس، پەیبردن، پلاندانان، تێگەیشتن، بەڵگاندن، بڕیاردان، بەکارهێنانی زمان، داهێنان، فێربوون و هتد وەک دەرکەوتەکانی ژیری لە مرۆڤدا دابنێین. لە سەرەتاکانی دامەزراندنی ژیریی دەستکرددا خەونێکی بەرزەفڕانە لەو پێناسەدا خۆی حەشار دابوو کە “ماشینێک دروست بکەین هاوشێوەی مرۆڤ ژیری ببێت”. ئێستا کە سێ چارەکە سەدە لە بنیاتنانی ژیریی دەستکرد تێپەڕ بووە، دەتوانین پێداچوونەوە بۆ ئەو پێناسەیە بکەین. هەرچەند ئامانجە سەرەتاییەکە تا ڕادەیەکی زۆر بیچمی بە ژیریی دەستکرد داوە بەڵام لەو مێژووە دوور و درێژەدا دەبینین کە زۆر جاران لەو پێناسە دوور کەوتووینەوە. ژیریی دەستکرد کۆمەڵێک توانایی سەرنجڕاکێش و سەرسووڕهێنەری هەن کە لە توانایی مرۆڤ بەدەرەن. بۆ نموونە، ئێمەی مرۆڤ بە زەحمەت دەتوانین لە ڕێگەی دەنگەوە چەند سەد کەس بناسینەوە بەڵام ژیریی دەستکرد لەم چەند ساڵەی دواییدا گەیشتۆتە ئاستێک کە تەنیا یەک سیستم دەتوانێت ناسنامەی هەموو مرۆڤەکانی سەر زەوی بە دەنگیاندا بناسێتەوە. بەڵام هاوکات دەبینین کە ژیریی دەستکرد لە زۆر پرسی سەرەتاییدا ناگاتەوە مرۆڤ.  لە پێناسەیەکی وردتردا ژیریی دەستکرد بە کۆمەڵێک ئامراز و ئەلگۆریتمی پێواژۆی دەیتا (دراوە) دەگوترێت کە شوێن ئامانجێکی دیاریکراو دەکەون و لە ڕێگەی دۆزینەوە و فێربوونی نەخشە (pattern) شاراوەکانی ناو دراوە فێر دەبن کە چۆن ئامانجەکە بەدی بهێنن. دیارە ئەم پێناسەش هەموو بوارەکە ناگرێتەوە بەڵام تا ڕادەیەکی باش ئەو بوارە زانستییە دادەپۆشێت کە ئەمڕۆ وەک ژیریی دەستکرد دەیناسین.

 ٢: ئایا دەتوانین جۆری جیاواز بۆ ژیری دەستکرد دیاری بکەین؟! ئەگەر بەڵێ! جۆرەکان چن و پێوەری دابەشکارییەکە چییە؟!

لە پۆلێنکارییەکی زۆر گشتیدا ژیریی دەستکرد دابەش دەبێتە سەر دوو لقی هێماخوازی (symbolism) و پەیوەندخوازی (connectionism). یەکەم جیاوازیی سەرەکیی ئەم دوو لقە لەوەدایە کە چۆن زانین دەنوێنن. مەبەست لە نواندنی زانین (knowledge representation) ئەوەیە کە چۆن زانیارییەکان لەناو کۆمپیوتەردا پیشان دەدەین و پێواژۆیان (process)یان دەکەین. لە بۆچوونی هێماخوازیدا زانیاری وەک کۆمەڵێک هێما سەیر دەکرێت. هێماخوازان پێیان وا بوو کە بە کارکردن لەسەر هێماکان دەتوانن ماشینی ژیر بەرهەم بهێنن. بۆ نموونە وشەکان یان چەمکەکان لە زماندا وەک کۆمەڵێک هێما دابنێین. ئەوان پێیان وابوو کە بە تێپەڕاندنی هێماکان لە مەکینەیەکی مەنتقی دەتوانین ژیری بەرهەم بهێنین. ئەمە بۆچوونێکی ئاوەزخوازانە یان ڕەشناڵیستی بۆ ژیرییە. هەر لە سۆنگەی ئەم بۆچوونەوە کۆمەڵێک کاری گەورە کراون و دەستگای مەنتقیی جیاجیا پەرە دراون کە کار لەسەر هێماکان دەکەن. نموونەی ئەوانە مەنتقی فازییە (fuzzy logic) کە لە هەمووان سەرکەوتووترە و دەتوانێت لەسەر ئەو هێمایانەش کاری مەنتقی جێبەجێ بکات کە ڕێژەیی و دەرهەستن (subjective). بۆ وێنە لە سیستمە مەنتقییەکانی دیکەدا کۆمەڵێک بگۆڕ (variable) هەن کە بڕێکی ژمارەیی وەردەگرن و بەو پێیەش مەکینە مەنتقییەکە ئەنجامگیری دەکات: “ئەگەر پلەی گەرمی ٤٠ دەرەجە بوو، فێنککەرەوە هەڵ بکە.” بەڵام، لە پارادایمی فازیدا دەتوانین بگۆڕی زمانی مۆدێل بکەین. بۆ نموونە کاتێک دەڵێی “ئەگەر زۆر گەرمام بوو، فێنککەرەوە هەڵ بکە.” لێرەدا مەبەست لە زۆر چییە؟ سیستمە فازییەکان بۆ کارکردن و بەڵگاندن لە حاڵەتی وادا پەرە دەدرێن.

وەک لە سەرەتای وەڵامەکەدا گوتم دوو لقی سەرەکیی ژیریی دەستکرد هێماخوازی و پەیوەندخوازین. ئێستا دەچینە سەر بابەتی پەیوەندخوازی. لە پەیوەندخوازیدا زانین لە ئاستێکی نزمتر لە هێماکان لە کۆمپیوتەردا پیشان دەدرێت. پەیوەندخوازی بە ئیلهام لە چۆنیەتیی کارکردنی مێشکی مرۆڤ دامەزرا. مێشکی مرۆڤ لە زیاتر لە هەشتا ملیارد دەمارەخانە (neuron) پێک هاتووە کە لە تۆڕێکی ئاڵۆزدا لەگەڵ‌ یەکتر پەیوەندییان هەیە و زانیاریش لە پەیوەندیی نێوان دەمارەخانەکاندا لە شێوەی سیگناڵی ئەلەکترۆکیمیاییدا پاشەکەوت دەبێت و دەگوازرێتەوە. پەیوەندخوازی هەوڵ دەدات شتێکی سادەکراوە لەو مۆدێلەی مێشک ساز بکات. تۆڕە دەمارییە دەستکردەکان (artificial neural network) ئەو کارە دەکەن. تۆڕی دەماری دەستکرد لە کۆمەڵێک دەمارەخانەی دەستکرد پێک دێت کە لە دەمارەخانەکانی ترەوە زانیاری وەردەگرن و پێواژۆی دەکەن. زانیاریش لە شێوەی کۆمەڵێک ژمارە لە نێوان دەمارەخانەکاندا پاشەکەوت دەبێت. با بە نموونەیەکی سادە جیاوازیی ئەم حاڵەتە لەگەڵ‌ هێماخوازی باس بکەم. لێرەدا بۆ نموونە دەمانەوێت وشەی “کوردستان” پیشان بدەین. ئەم وشەیە بە شێوەی کۆمەڵێک ژمارە لە نێوان سەدان دەمارەخانەدا پیشان دەدرێت. ئەگەر بمانەوێت کارێک لەسەر ئەو زانیارییە بکەین کە لە نێوان دەمارەخانە دەستکردەکاندا بڵاو بووەتەوە بە شێوەی هاوشان (parallel) و هاوتەریب دەکرێت بەڵام لە چوارچێوەی هێماخوازیدا پێواژۆی زانیاری بە شێوەی زنجیرەیی دەکرێت. لە مێژووی ژیریی دەستکرددا ململانێیەکی زۆر لە نێوان ئەو دوو ڕەوتە سەرەکییەدا لە ئارادا بووە بەڵام لە دوو دەیەی ڕابردوودا بۆچوونی پەیوەندخوازی بە تەواوەتی زاڵ بووە و ئەو شتەی ئەمڕۆ بە ژیریی دەستکرد دەیناسین بۆچوونی پەیوەندخوازییە. سێ‌ هۆکار پێکەوە ڕێگەیان بۆ ئەو سەرکەوتنەی پەیوەندخوازی خۆش کردووە کە ئەوانیش بریتین لە پێشکەوتنی زانستی و تیۆریک، پێشکەوتنی ژێرخانەکانی ژمێرکاری (computation) و هەروەها پەرەسەندنی دەیتا.

٣: لە ئاستی جیهانیدا پەشۆکان_سەرسووڕمانێک لە ئاستی جیهانیدا بەرانبەر بە ژیری دەستکرد هەیە ئێوە ئەو دیاردەی پەشۆکان_سەرسووڕمانە بەرانبەر به ژیری دەستکرد چۆن هەڵدەسەنگێنن ؟! هەتا چەندە پێی لە ڕاستییەکان دایە؟!

 

ساڵی ٢٠١٥ وتارێک ببە ناوی فێربوونی قووڵ (deep learning) لەلایەن سێ‌ زانای گەورەی زانستی کۆمپیوتەر بە ناوی یان لۆکان، یوشوا بێنجیۆ و جێفری هینتۆن لە گۆڤاری نەیچردا بڵاو کرایەوە. ئەو وتارە بە پوختی باسی لە پێشکەوتنێکی دیکەی تۆڕە دەمارییەکان دەکرد و ئەوەش ڕاهێنان یان فێرکردنی ئەو تۆڕە دەمارییانە بوو کە قەبارەیان زۆر گەورەیە و لە چەندین چین پێکهاتوون کە هەر کام لەو چینانە لە ئاستی جیاجیادا لە دەیتا (دراوە) تێدەگەن. لە ڕاستیدا پێشتر و لە ساڵانی ١٩٨٠دا پێشکەوتنی تیۆریک و بیرکاری بۆ ڕاهێنانی ئەم جۆرە تۆڕە دەمارییانە بەدی هاتبوو بەڵام زۆر کەم لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیاندا سەر دەکەوتن. هۆکاری سەرەکیی ئەوەش‌ کەمیی دراوەی بەردەست بوو. هاتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەقینەوەی دراوە وای کرد کە بە سەرکەوتوویی تۆڕی دەماریی گەورە ڕابهێنین و پێشکەوتنی زۆر گەورە لە کاری جیاجیا وەک ناسینەوەی ئاخاوتن، ناسینەوەی ڕوخسار و وەرگێڕانی ماشیندا بە دی هات. لەو قۆناغە بە دواوە ژیریی دەستکرد دەچێتە ناو شۆڕشێکی نوێوە: شۆڕشی فێربوونی قووڵ. ساڵی ٢٠١٩ وتارێکی زۆر گرینگی دیکە بڵاو کرایەوە بە ناوی “سەرنجدان، هەموو ئەو شتەیە پێویستمانە!” ئەو وتارە پێکهاتەی تۆڕێکی دەماریی نوێی دەناساند بەناوی ترانسفۆرمێر. ئەم تۆڕە دەمارییە نوێیە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیریی دەستکرد دانا و ئەگەر بەر لە فێربوونی قووڵ دەمانتوانی ئەوپەڕی تۆڕێکی دەماری بە بیست چین ڕابهێنین، ئێستا ئیتر دەتوانین سەدان و بگرە هەزاران چین لە دەمارەخانە دەستکردەکان لەسەر یەک هەڵچینین و تۆڕی زۆر گەورە ڕابهێنین. ئەم تۆڕە گەورانە هەلی ئەوەیان پێداین کە لە بوارەکانی وەرگێڕانی ماشین، ناسینەوەی ئاخاوتن، بەرهەمهێنانی ئاخاوتن، پێشکنینی جینۆمی مرۆڤ، وەرگێڕانی دەنگ بۆ دەنگ و هتد پێشکەوتنی زۆر گەورە تۆمار بکەین. یەکێکی تر لە کەڵکە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم تۆڕە دەمارییە نوێیە شتێکە بە ناوی مۆدێلی زمانیی گەورە (large language model). چەت جی.پی.تی یەکێک لەو مۆدێلە زمانییانەیە. ئەرکی مۆدێلی زمانی بەرهەمهێنانی دەقە. ئەم چەند کەڵکە نوێیەی ژیریی دەستکرد هەموو میدیای جیهانی داگیر کرد. ئەم سەربردە زانستییەم لێرەدا بۆ ئەوە گێڕایەوە کە بڵێم چ شتێک ئەو پەشۆکان و سەرسووڕمانەی دروست کرد کە ئەویش فێربوونی قووڵ، تۆڕی دەماریی ترانسفۆرمێر و مۆدێلی زمانیی گەورە وەک یەکێک لە کەڵکەکانی ئەو پێشکەوتنەیە. لە نەبوونی ڕۆشنبیریی زانستیدا هەلی ئەوە دەڕەخسێت کە بە جوڵاندنی هەست و سۆزی خەڵک ترس و تۆقان بڵاو بکرێتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو پێشکەوتنەی ئاماژەمان پێ‌ کرد بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو ترسە نابێت. من پێم وایە شتێکی کاتی و شەپۆلێک کاردانەوەیە بەرامبەر ئەو پێشکەوتنە زانستییە. پێویستە ئێمەی کوردیش‌ هەم لەو پێشكەوتنە زانستییەدا بەشدار بین و هەم لە بەرژەوەندیی پێداویستییەکانی خۆمان کەڵکی لێ‌وەربگرین.

 ٤: ئەگەر قازانج و زەرەدی ژیری دەستکرد دابەش بکەن چۆنی باس و دابەش دەکەن؟!

ژیریی دەستکرد مرۆڤ ژیرتر دەکات. وەک چۆن تەکنۆلۆژیی چاپ و بڵاوکردنەوە و پاشان شۆڕشی هاتنی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت خزمەتی گەورەی مرۆڤیان کردووە و تەنانەت لە درێژەی تواناییەکانی مێشکی مرۆڤدا بوون، ژیریی دەستکردیش درێژەی هەمان ڕێگەیە. چاپی کتێب وەک پەرەدانی بیرگە و یادەوەریی مرۆڤ بوو؛ شۆڕشی زانیاری هەلی گواستنەوەی ئەو کتێبەی ڕەخساند؛ ژیریی دەستکرد هەلی دەرهێنانی زانیاری لە کتێبەکەمان پێ دەدات.

لە ڕاستیدا بەو شێوە نییە کە بڵێین ژیریی دەستکرد هیچ مەترسییەکی نییە. هەم پێشبینیی مەترسیی گەورە بۆ داهاتوو دەکرێت و هەم ئێستاش دەکرێت زۆر خراپ دژ بە مرۆڤایەتی و بەهاکانی بە کار بهێنرێت. پرسی کۆنترۆڵ ڕەنگە بە گەورەترین مەترسیی ژیریی دەستکرد دابنرێت. پرسی کۆنترۆڵ‌ بە سادەیی ئەوەیە کە ژیریی دەستکرد بۆخۆی بتوانێت پەرە بە خۆی بدات یان گوێ نەداتە بەهاکان و ئامانجەکانی مرۆڤ. بۆ ئەوەی ڕێگری لەو مەترسییە بکرێت ستوارت ڕاسڵ، کە زانستمەندێکی ناسراوی ژیریی دەستکردە، پێشنیار دەکات کە هاوکات لەگەڵ پێشڤەچوونی زانستی و تەکنۆلۆژیکیی بوارەکە، هەوڵ بدرێت لەسەر مەترسیەکانیش توێژینەوە بکرێت. لە کتێبی “گونجان لەگەڵ مرۆڤ: ژیریی دەستکرد و پرسی کۆنترۆڵ” چەمکی ماشینی سوودبەخش پێشنیار دەکات. ماشینی سوودبەخش تەنیا شوێن ئامانجەکانی خۆی ناکەوێت بەڵکوو شوێن ئەو شتە دەکەوێت کە مرۆڤ دەیهەوێت. گریمانەی سەرەکیش ئەوەیە کە ماشینەکان سەرەتا نازانن مرۆڤەکان چییان دەوێت، بەڵکوو دەبێت پاش تێگەیشتن لە مرۆڤ شوێن جێبەجێکردنی ویستەکانی مرۆڤ بکەون.

 ئێستا وای دانێین کە ژیریی دەستکرد جێبەجێکاری ویستی مرۆڤ بمێنێتەوە. دیسان کێشەکە چارەسەر نابێت، چونکە ویستی مرۆڤەکان و بەرژەوەندییان دەتوانێت دژی یەکتر بێت. نموونەیەک لە بەکارهێنانی خراپی ژیریی دەستکرد سیخوڕییە کە دەکرێت دەوڵەتە ئۆتۆریتێرەکان بیکەنە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵی خەڵک. هەروەها لە وڵاتانی کراوە و ئازادیشدا بە فێربوون لەسەر مرۆڤ و هەڵسوکەوتەکانی، ئیمکانی ئەوە هەیە تێگەیشتن و دەرکی مرۆڤ لە ڕاستییەکان بگۆڕدرێت و لەو ڕێگەیەوە کۆمپانیاکان بە شوێن بەرژوەندیی ئابووری بن، یان هەوڵ بدرێت سیستمی دێموکراسیی بە ئامانج بگیرێت. بابەتێکی زۆر گرینگی دیکە لە پەیوەندیی بە ژیریی دەستکرد پرسی یەکسانییە. ئەو نایەکسانییەی لە جیهاندا هەیە لە ژیریی دەستکردیشدا لەوانەیە دیسان بەرهەم بێتەوە. هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە کۆمەڵگا لاوازەکان لە ڕووی بەرهەمهێنان، ڕاگرتن و پێواژۆی دراوە ناتوانن کێبەرکێی کۆمەڵگا بەهێزترەکان بکەن. ئەوەش دەبێتە بنەما بۆ فێربوونی مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد و بەرهەمهێنانەوەی ئەو نایەکسانییە. یەکێک لە ڕێگەچارە پێشنیارکراوەکان بۆ بەرگری لەم مەترسییانە ئەوەیە کە زانست و تەکنۆلۆژیی ژیریی دەستکرد کراوە بێت و لەبەر دەستی هەموواندا بێت. ئەوە هەم وا دەکات مەترسییەکان باشتر ئاشکرا بن و هەم ڕێکارەکانی خۆپارێزی فێر ببین.

داگرتنی بابەت