ئارامتر بخوێنەوە!

دیالكتیكی ناسیۆنالیزمی حاكم و مه‌حكووم له‌ ئێران

ئاسۆ ساڵح

ئاماژە

خاڵێكی سەره‌نجڕاكێش له‌م نووسراوه‌یەدا پیشاندانی ڕۆڵی سه‌ره‌كیی ڕۆشنبیرانی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی فارس له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بووه‌. ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵات و ڕۆشنبیرانی فارس له‌م یه‌ك ساڵه‌ی دواییدا زۆرجار دژی یه‌كتر ڕاوه‌ستاون، به‌ڵام ئه‌و خاڵه‌ی كه‌ هه‌مووكات ئه‌و دووانه‌ پێكه‌وه‌ له‌ سه‌ری هاوڕا بوونه‌، سه‌ركوتی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌یه‌.

سەرەتا

یه‌ك: ڕیشه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ژێر ناوی “ناسیۆنالیزمی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران” له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ  كورد، به‌لووچ، تورك، توركمه‌ن، عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێران به‌كار ده‌برێت و له‌ لایه‌ن گرووپه‌ جۆراوجۆره‌ چه‌پ و ڕاسته‌كانی گۆڕه‌پانی سیاسیی ئێرانەوە دژایه‌تی ده‌كرێ، له‌ واقیعدا له‌ناو پرۆسه‌یه‌كی”دژكرده‌وه‌”یی‌ به‌ ناسیۆنالیزمی ئێرانی (بیخوێننه‌وه‌ فارسی) دایه‌ كه‌ هه‌وڵی داوه‌ و هه‌وڵ ده‌دات نه‌ته‌وه‌كانی دیكه و شوناسی نه‌ته‌وایه‌تییان‌ “ئینكار” یان “له‌ ناو”یان ببات. ئه‌م ناسیۆنالیزمه‌ له‌ چه‌ندین ده‌یه‌ی ڕابردوودا، هه‌مووكات له‌ لایه‌ن ڕووناكبیره‌ ئێرانییه‌كانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ی فارسەوە تیۆریزه‌ ده‌كرێ و له‌ لایه‌ن سیستێمه‌ جۆراوجۆره‌كانی ده‌سه‌ڵاتەوە (مه‌شرووته‌، پاشایەتی یا كۆماری ئیسلامی) به‌ كردەیی‌ ده‌كرێت.

دوو: بابه‌تی ناسیۆنالیزمی فارس، بابه‌تێكه كه‌ كه‌متر له‌ لایه‌ن میدیاكان و نووسه‌رانەوە باسی كراوه‌. زۆربه‌ی باسه‌كان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌ شێوه‌ی هه‌ڵڕشتنی قینێك بووه‌ كه‌ ئه‌م شێوه‌ ناسیۆنالیزمه له‌ ناو نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێران،‌ پێكی هێناوه‌. باس كردن له‌ مێژووی ئه‌م ناسیۆنالیزمه‌ و جۆری به‌ كرده‌‌یی كردنی ئه‌مڕۆژی، ده‌توانێ بۆناساندنی گۆڕه‌پانی سیاسیی ئه‌مڕۆ و داهاتووی ئێران یارمه‌تیده‌ر بێت.

سێ: له‌ ساڵانی ڕابردوودا، ڕۆژانه‌ ڕه‌فتارگه‌لێك ده‌بینین كه‌ ئاكامی ده‌بێته‌ به‌هێزتر بوونی ئه‌م ناسیۆنالیزمه‌، چ له‌ ئاست ده‌سه‌ڵاتداریی كۆماری ئیسلامی و چ له‌ ئاست ئۆپۆزیسیۆنی. بۆ وێنه‌: باس كردن له‌ مه‌كته‌بی ئێرانی ئیسلامی له‌ سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دینەژاد، هێنانه‌وه‌ی مه‌نشووری كوورش له‌ مووزه‌خانه‌ی بریتانیا، دژایه‌تی به‌رانبه‌ر به‌ په‌یمانی ستراتژیكی حیزبی دێمۆكرات و كۆمه‌ڵه‌، دژایه‌تی له‌ به‌رانبه‌ر ڕاسانی حیزبی دێمۆكرات، دژایه‌تیی مه‌سه‌له‌ی خوێندن به‌ زمانی دایكی، گرینگی دان به‌ زمانی فارسی له‌ ده‌وڵه‌تی ڕوحانی و هه‌زاران نموونه‌ی دیكه‌.

ئه‌م وتاره‌ هه‌وڵ ده‌دات له‌م ناسیۆنالیزمه‌ و دیالكتیكی نێوان ناسیۆنالیزمی فارس و ده‌سه‌ڵات و هه‌روه‌ها دیالكتیكی نێوان ناسیۆنالیزمی فارس و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌  بكۆڵێته‌وه‌.

ئیدە

ناسیۆناڵیزم چه‌مكێكی مۆدێرنه‌، واته‌ له‌ سه‌رده‌می مۆدێرنیته‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌، واته‌ له‌و كاته‌ ده‌وڵه‌ت\نه‌ته‌وه‌كان دروست بوون، به‌ واته‌یه‌كی دیكه‌‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ جوگرافیایه‌كی تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتی حوكمڕانیی گرته‌ ده‌ست. بۆیه‌ ناسیۆناڵیزمێك كه‌ گرێدراوی نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كان بووه‌، له‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌ی خۆیدا ناسیۆناڵیزمێكی دژكرده‌وه‌یی بووه‌، واته‌ به‌ دژكرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌فتاری ناسیۆناڵیزمی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست، پێك هاتووه‌.

ئه‌م ڕاستییه‌ له‌ قۆناغی سه‌رهەڵدانی ناسیۆناڵیزمه‌كه‌دایه‌، به‌ڵام چاره‌نووسی ناسیۆناڵیزمه‌كان به‌ پێی كات و ڕه‌وشی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست ده‌گۆڕدرێت. یان ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ ته‌واوی ده‌توێنه‌وه‌ (وه‌كوو ناسیۆناڵیزمی به‌شێك له‌ نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كانی ئێران، له‌وانه‌ گیله‌ك و مازه‌نی له‌ باكووری ئێران) یان خۆی تیۆریزه‌ ده‌كات و له‌ قاڵبی دژكرده‌وه‌یی دێته‌ ده‌ر (وه‌كوو ناسیۆناڵیزمی كوردی یان توركی له ئێران).

ناسیۆنالیزمی ئێرانی یان ناسیۆنالیزمی فارس به‌ واتای زمانی هاوبه‌شی فارسی، چوارچێوه‌ی جۆگرافیی نه‌گۆڕی ئێران و جۆرێك له‌ ستاتووسی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ناسیۆنالیزمه‌ پێناسه‌ ده‌كرێت. ئه‌م ناسیۆنالیزمه‌ جۆرێك پێناسه‌ی له‌ “خود” و “ئه‌وی دی” له‌ سه‌ر ئه‌ساسی جیایی (=به‌رزتربوونی) كولتووری هه‌یه‌. “ئه‌وی دی” له‌م ڕوانگەیەدا‌ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆی وه‌كوو ناسیۆنالیزمی (؟) نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێران ده‌ناسێنێت. ئه‌م جۆره‌ ناسیۆنالیزمه‌ هیچكات ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی (حكوومه‌تی)  یان هیچكات هێژمۆنی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی نه‌بووه‌، بۆیه‌ ناتوانێ دابینكه‌ری پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ناسیۆنالیزمی حاكم (فارس) بێت.

له‌ مێژووی سه‌د ساڵه‌ی ئێراندا، هیچ هۆكارێكی عه‌ینی بۆ هه‌بوونی ئه‌م ناسیۆناڵیزمه‌ نه‌بووه‌‌، به‌ڵكوو خۆی ته‌نیا له‌ پێوه‌ندییه‌كی له پێش پێناسه‌ كراوی “خود و ئه‌وی دی” ناسیۆنالیزمی حاكمدا دیتۆته‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ كه‌ هه‌ست به‌ بوون له‌ ئاستێكی نزمتر له‌م پێوه‌ندییه،‌ وا ده‌كات كه‌ هه‌ستێك كه‌ پێی ده‌گوترێ “گریز از مركز” پێك دێت. ئه‌مه‌ ده‌ورێكی پووچه‌ كه‌ هه‌بووه‌ و هه‌یه‌. ئه‌م ده‌وره‌ پووچه‌ له‌ سه‌رده‌می پێك هاتنی ناسیۆناڵیزمی نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كان زۆر جار دووپات كراوه‌ته‌وه‌، تا ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شێك له‌ نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كانی ئێران، له‌وانه‌ كورد، له‌و قۆناغه‌ دژكرده‌وه‌ییه‌ ده‌رباز كردووه‌ و چۆته‌ ناو قۆناغی تیۆریك و پێناسه‌ كردن.

ده‌وری پووچی دووباره‌ پێكهاتنی ناسیۆنالیزمی حاكم (فارس) له‌ ئێران

 

دیاگرامی ژماره ١

“شوناس”، “شوناسی نەتەوەیی” و ناسیۆنالیزم

شوناس دەگەڕێتەوە بۆ تاکی مرۆڤ لە جیهانی کۆمەڵایەتی. شوناس پێکهاتووە لە هەندێ هزر سەبارەت بەوە کە ئێمە “کێین” و لەگەڵ ئەوانی دیکە چۆن پێوەندی بگرین. دوو جۆر شوناس بەدی دەکرێ، شوناسی تاک و شوناسی کۆ.

شوناسی تاک دەگەڕێتەوە بۆ هەستەکانمان سەبارەت بەو شتانەی کە ئێمە جیا دەکەنه‌وە، واتە ئەم هەستانە جۆرێک لە تێگەیشتنە لە “من”. شوناسی کۆ پێوەندیی بە هاوتاکردن و جۆرکردنی ئێمە لەگەڵ کەسانی دیکەیه‌، ئەم شوناسە دەگەڕێتەوە بۆ هەستەکانمان لە “ئێمە”. نەتەوە جۆرێک شوناسی کۆییە. بەشێک لە نەتەوە بوون، واتە هاوبەش بوون لە بەرژەوەندییەکان. (١)

شوناس شتێک نییە کە لەگەڵمان لە دایک بێت یان پێمان بدرێت، بەڵکوو بە شێوەی بەردەوام و لە رێگەی پێوەندی لەگەل کەسانی دیکەوە دروست دەبێت. پێک هێنانی شوناسێک دەگەڕێتەوە بۆ هەستێک لە جیایی و هاوکات بە هەستێک لە یەک بوون. بەدەسهێنانی شوناسی کۆ، هەم پێویستی بە “ئێمە” هەیە و هەم “ئەوان”. پێک هێنانی شوناسی کۆ، هەم دروست کردنی سنوورەکان لەگەڵ خۆی دێنێت و هەم ئەندام بوون. تاک پێویستە هەم هەستێک لە لێکچوون و هاوتا بوونی هەبێت و هەم هەستی جیاوازی (لەگەل ئەوانی دیکە).

شوناسی نەتەوایەتی دیاردەیەکی مۆدێرنە کە لە سەر بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی و هزری نەتەوایەتی سوارە. پێش لە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم، گرووپە ئێتنیکییەکان و کۆمەڵگا کولتوورییەکان هەبوون، بەڵام تەنیا لەگەڵ پێکهاتنی ناسیۆنالیزمە کە ئەم شوناسانە لە بواری نەتەوایەتیدا تەعریف دەکرێن.

ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی مۆدێڕنە و لەگەڵ پێکهاتنی دەوڵەتی مۆدێرندا پێوەندی هەیە. دوڵەتی مۆدێڕن، پێکهاتەیەکە کە لە سەر هەرێمێکی دیاریکراو دەسەڵاتی هەیە. دەوڵەتی مۆدێڕن پێش لە ناسیۆنالیزم شکڵی گرت. ناسیۆنالیزم لە زەمەنێک بەرەوپێش چوونی بە خۆیەوە بینی کە دەوڵەتەکان ئیدیعای دەوڵەتی نەتەوایەتییان هەبوو.

فاکتەری “شوناس” خاڵێکی نەگۆڕلە ناسیۆنالیزمدا دێنێتە ئاراوە: “ئێمە/ئەوان”. زنجیرە هاوشێوەکانی شوناسێک هەمووکات لە بەرانبەر هەندێ زنجیرەی دیکە دێن کە “ئەوانی دیکە” پیشان دەدەن. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە “ئەوانی دیکە” لە پڕۆسەی لەناوبردنیان، دژایەتی و بێ بەش کردن لە مافەکانیان، بۆ خۆیان شوناسێک پێک بێنن.

ناسیۆنالیزمی ئێرانی

بە باوەڕی نووسەر، ڕیشه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی، عەرەبی، تورکی، بەلووچی و هتد لە ئێران، لە دژ کردەوەیەکدایه‌ لە بەرانبەر ناسیۆنالیزمی ئینکارگەر (ناسیۆنالیزمی فارس) کە لە دوو قۆناغ لە چەند كاتی جیا، خۆی رێکخستووە. ئه‌م ناسیۆناڵیزمانه‌ دواتر خۆیان تا ڕاده‌یه‌ك پێناسه‌ كردووه‌ و له‌ قاڵبی دژكرده‌وه‌یی هاتوونه‌ته‌ ده‌ر، به‌ڵام مه‌به‌ست له‌م دێڕانه‌، هه‌ڵدانه‌وه‌ی بنچینه‌ی ئه‌م ناسیۆناڵیزمانه‌یه‌.

ئەو دوو قۆناغە كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی رێكخستن و پێناسه‌ كردنی ناسیۆناڵیزمی فارسی له‌ ئێران بریتین لە نەتەوەپەرەستیی ئیفراتیی ڕۆشنبیرە ئێرانییەکان (فارسەکان) کە هاوکات بوو لەگەڵ شۆرشی مەشرووتە و هەروەها سیاسەتی ناوه‌ندگه‌راییی دەسەڵات. ئەم دووانە هەمووکات یەکتریان بەهێزکردووە و لە کۆتاییدا بوونەتە هۆی دووبارە بەرهەمهاتنەوەی (بازتولید) ئەمرێکی دژکردەوەیی بە ناوی ناسیۆنالیزمی نەتەوەکانی ئێران. (٢)

ناسیۆنالیزمی ئێرانی (فارسی) لە لایەن ڕۆشنبیرەکانەوە تیۆریزە دەکرا و لە لایەن دەسەڵاتەوە پراکتیزە دەکرا. بۆیە لە دوو بواردا گۆڕانی بە سەرداهات: بە پشتیوانیی دەسەڵات و بە ڕێوشوێنی ڕۆشنبیران. ناسیۆنالیزمی ئێرانی (فارسی) هەوڵی دا کە لە ئێرانی فرە نەتەوە و فرە زمان، بیری “ڕەگ و ڕیشەی هاوبەشی قەومە ئێرانییەکان” بڵاو بکەنەوە و جەخت لە سەر گرینگیی هاوبەشیی مێژوویی لەگەڵ زمانی فارسی، وەکوو پێکهاتەی سەرەکیی شوناسی سەرەکیی “ئێرانی”، بکەنەوە.

ئەم خاڵە بووە هۆی ئەوەی کاتێک کە ڕەزاخان ساڵی ١٣٠٤ ک. ه. دەسەڵاتی گرتە دەست و هەوڵی دا دەوڵەتێکی مۆدێرن، یەکپارچە و ناوه‌ندی پێک بێنێت، پێک هێنانی سیاسەتی “یەک نەتەوە و یەک زمان”ی گرتە بەر. ڕەزاشا سیاسەتی پەرەپێدانی ناسیۆنالیزمی ئێرانیی لە سەر بنەمای یەکبوونی دەوڵەت و نەتەوەی “ئێران” کە جەخت لە سەر زمانی فارسی و خەلکی فارس زمان دەکرا، گرتە بەر. لە درێژەی دەورانی پەهلەوی، ڕژێم هەوڵی دا “گەورەیی”ی قەومی پارس، شکۆمەندیی زمان و ئەدەبیاتی فارسی پیشان بدات و کولتوری فارسی بەرز بنێرخێنێت. لە بەرانبەردا، لەگەڵ کولتوورەکانی دیکە، لە ژێر ناوی کولتووری کۆن، ناشارستانیەت و دواکەوتوو ڕەفتار دەکرا. ئەمە بووە هۆی بەهێز بوونی ناسیۆنالیزم لە ناو نەتەوەکانی ئێران. (٣)

یەکەم نیشانەکانی بیری نەتەوەیی ئێرانینزیکایەتی زۆری لەگەڵ مۆدرێنیزاسیۆن و ڕۆژئاواگەرایی دەسەڵاتی ئەو کات، بوو و لانیکەم لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا، زۆرتر لە چوارچێوەی یاسادا بوو. ناسیۆنالیزمی ئێرانی بە خێراییەکی کەمتر لە ناسیۆنالیزمی عەرەبی و تورکی ڕیشەی دەکرد، بەڵام زۆرتر لەو دوو ناسیۆنالیزمەی دیکە بەربڵاوبوون و بەرەوپێش چوونی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ دەولەتدا دەبینی.

یەکەم هەوڵەکان بۆ مۆدێرن کردنی ئێمپراتووری ئێرانی کاتێ دەستی پێکرد کە بە هەوڵی عەباس میرزا، لە شازادەکانی قاجار، یەکەم گرووپ لە لاوانی ئێرانی سالی ١٨٢٨ بۆ خوێندن نێردرانە ئۆرووپا. بڵاوکردنەوەی یەکەمین ڕۆژنامەی فارسی زمان لە سالی ١٨٣٧ یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی دیکەی پەرەپێدانی ئەم ناسیۆنالیزمە بوو. پێشتر چەند ڕۆژنامە لە دەرەوە بە زمانی فارسی بڵاو دەکرانەوە. میرزا مەلکەم خان، سەرنووسەری ڕۆژنامەی قانوون وەکوو گرینگترین ڕۆژنامەی ئەو کات، لە ساڵەکانی ١٨٦٠ کتێبێکی لە ژێر ناوی پولیتیکە دەوڵەتییەکان ( پولتیکهای دولتی یان بە زمانی ئەمڕۆیی سیاسەتی دەوڵەتی) بڵاو کردەوە. ناوبراو لەم کتێبەدا ئێمپراتووریی ئێرانی لەگەل ئێمپراتووریی عۆسمانی هەلسەنگاند و جەختی لە سەر زیندووکردنەوەی ئەم ئێمپراتووریە لە گەل هەندێ رێفۆرم کردەوە. هەر ناوبراو لەم پەرتووکەدا بۆ یەکەمین جار وشەی “ئێران”ی بەکار برد. پێشتر لە ڕۆژئاوا ئێرانیان وەکوو پێرشیا ناو دەبرد. لە لایەکی دیکە هەندێ ڕۆشنبیری دیکە وەکوو میرزا محەممەد ‌حسێن نائینی کە بیری رێفۆرمیسی پان ئیسلامی هەبوو، هەوڵیان دەدا لە نێوان ناسیۆنالیزمی ئێرانی و مەزهەبی شیعە پێوەندی ساز بکەن. یه‌كه‌م په‌رتووكی مێژووی “نه‌ته‌وه‌یی” ئێران له‌ ژێر ناوی “تاریخ بیداری ایرانیان” له‌ لایه‌ن نازم الاسلام كرمانی نووسرا كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ئایینی و ناسیۆنالیستی بوو. ته‌نانه‌ت ڕۆژنامه‌ی صور اسرافیل له‌ ساڵه‌كانی 1907 تا 1909 كه‌ له‌ ساڵه‌كانی شۆرشی مه‌شرووتەدا‌ بڵاو ده‌كرایه‌وه‌، هه‌وڵی ده‌دا له‌ نێوان ئیسلامیه‌ت و ئێرانییه‌تدا پێوه‌ندی ساز بكات.

ساڵه‌كانی دواتر، واته‌ له‌ دوو ده‌یه‌ی ١٩٣٠ و ١٩٤٠ به‌ پشتیوانیی شا، مێژوونووسیی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ستی پێكرد. به‌شێكی هه‌ره‌ زۆری ئه‌م مێژوونووسییه‌ ڕوویه‌كی دژه‌ مه‌زهه‌بی هه‌بوو و جەختی له‌ سه‌ر گه‌وره‌یی كولتوور و مێژووی پێش ئیسلام له‌ ئێران ده‌كرد. ئه‌حمه‌د كه‌سره‌وی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مێژووی نه‌خوێندبوو، كرایه‌ گرینگترین ئه‌دیب و مێژوونووس. به‌شێك له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ناوبراو بریتین له‌: مێژووی هه‌ژده‌ ساڵه‌ی ئازه‌ربایجان (كه‌ هه‌وڵی ده‌دا بڵێت كه‌ ئازەری ئاریایین) و مێژووی مه‌شرووته‌ی ئێران. هه‌روه‌ها سه‌عید نه‌فیسی ساڵی ١٩٥٦ په‌رتووكی مێژووی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی ئێرانی بڵاو كرده‌وه‌ و ساڵێك دواتر وعیسا سدێق په‌رتووكی مێژووی فه‌رهه‌نگیی ئێرانی بڵاو كرده‌وه‌. ئه‌م په‌رتووكانه‌ و به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی دوایی زۆر شووینیستی بوون و له‌گه‌ڵ چكۆله‌ كردنه‌وه‌ی كولتووری نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌، هه‌وڵیان ده‌دا كه‌ گه‌وره‌یی شارستانیه‌تی ئێرانی و فارسی پیشان بده‌ن.

كاتێك مێژوو نووسه‌كان و ڕۆشنبیره‌كان خه‌ریكی نووسینی په‌رتووكه‌كانیان بوون و به‌ردی بناغه‌ی ناسیۆنالیزمی فارسی – ئێرانیان قایم ده‌كرد، ڕه‌زا شا خه‌ریك بوو ئه‌م بیرانه‌ی پراكتیزه‌ ده‌كرد. ناوبراو ناوی به‌شێك له‌ ناوچه‌كانی كوردستان، ئازه‌ربایجان و عه‌ره‌بستان (خوزستان)ی گۆڕی و ناوی فارسیی بۆ هه‌ڵبژاردن. بۆ وێنه‌ به‌شێك له‌ كوردستانی كرده‌ ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، ئه‌نزه‌لی كرده‌ په‌هله‌وی و لوڕستان ناوێكی ئێرانیی گرت. به‌ بڕیاری ئه‌و له‌ ساڵی ١٩٣٤ ناوی “ئێران” له‌ جیاتی ناوی “فارس” یان “پێرشیا” به‌كار برا. ده‌وڵه‌ت له‌ بڕیارنامه‌یه‌كدا نووسیی: “پارس” یان “فارس” زه‌بوونیی ده‌سه‌ڵاتی قاجاره‌كان پیشان ده‌دات و ته‌نیا به‌شێكه‌ له‌ وڵات، به‌ڵام “ئێران” گه‌وره‌یی مێژوویی و باستانی پیشان ده‌دات و ئاماژه‌یه‌كه‌ به‌ نژادی ئاریایی. ڕه‌زا شا هه‌روه‌ها جێژنی هه‌زارساڵه‌ی فیردەوسی، ئێبنێ سینا و عۆمه‌ری خه‌یاممی به‌ڕێوه‌ برد، واته‌ هه‌ر به‌و شێوه‌ی كه‌ كوڕه‌كه‌ی، حه‌مه‌ ڕه‌زا شا له‌ ساڵی ١٩٧١ جێژنی ٢٥٠٠ ساڵه‌ی پاشایه‌تی ئێرانی به‌ تێچوویه‌كی زۆر به‌ڕێوه‌ برد (٤).

له‌ سه‌رده‌می ڕه‌زاشا و پاش به‌ڕێوه‌ چوونی ئه‌و كارانه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ به‌شێكیان كرا، سه‌ركوتی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێران ده‌ستی پێكرد و هه‌موو هه‌وڵه‌كان خرایه‌ گەڕ بۆ په‌ره‌پێدانی زمانی فارسی. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌دا ئه‌و مه‌دره‌سانه‌ كه‌ به‌ زمانه‌كانی دیكه‌ بوون هه‌موویان داخران. (٥)

ڕژێمی په‌هله‌وی سیاسه‌تێكی گرته‌به‌ر كه‌ جه‌ختی له‌ سه‌ر ناسیۆنالیزمێك ده‌كرده‌وه‌ كه‌ وڵات و نه‌ته‌وه‌ی ئێرانی هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ فارسه‌كان و زمانی فارسی ده‌زانی. به‌شێك له‌م سیاسه‌ته‌، به‌زۆر هاوڕه‌نگ كردنی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ لەگەڵ نه‌ته‌وه‌ی فارس بوو. نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ جگه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ی فارس له‌م ڕژیمه‌ به‌ فه‌رمی نه‌ده‌ناسران و وه‌كوو گرووپ ده‌ناسران و له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هیچ جۆره‌ مافێكیان پێ نه‌ده‌درا. (٦ و ٧)

پاش شۆڕشی ٥٧، به‌شێك له‌ ڕۆشنبیران وه‌كوو مێهدی باز‌رگان هه‌وڵیان دا تا كۆكراوه‌یه‌ك له‌ نێوان ئیسلام و ناسیۆنالیزمی ئێرانی دروست بكه‌ن. خۆمه‌ینی و هاوڕێیانی هه‌وڵیان ده‌دا كه‌ به‌ وته‌ی خۆیان “ئیدئۆلۆژییه‌كی لۆكاڵی نه‌ك ڕۆژئاوایی” په‌ره‌ پێ بده‌ن. له‌ ڕاستیدا دروشمی “نه‌ شرقی، نه‌ غربی” جه‌خت له‌ سه‌ر سه‌ربه‌خۆییی ئێران، زۆر خاڵی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی فارسی – ئێرانی هه‌بوو(هه‌یه‌).

خۆمه‌ینی له‌ نووسراوه‌كان و قسه‌كانیدا هه‌موو كات دژی بوونی نه‌ته‌وه‌ بووه‌ و هه‌موو كات “ئۆمه‌تی ئیسلامی” به‌ كار هێناوه‌. ناوبراو هه‌ر ئه‌م وته‌یەی‌ به‌ ڕاشكاوای‌ له‌گه‌ڵ هه‌یئه‌تی نوێنه‌رانی خه‌ڵكی كورد باس كردووه‌. له‌م وته‌یه‌ مرۆڤ به‌ ڕوونی تێده‌گات كه‌ له‌ فه‌لسه‌فه‌ی كۆماری ئیسلامیدا هیچ شوێنێك بۆ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ نیه‌ و هیچ مافێك بۆ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ دابین نه‌كراوه.

له‌ ساڵه‌كانی دواییدا، رێبه‌رانی كۆماری ئیسلامی له‌ كاریگه‌ریی ناسیۆنالیزمی ئێرانی – فارسی، له‌ چوارچێوه‌ی مانی خۆیان و ئامانجه‌ پۆپۆلیستیه‌كانیان، تێگه‌یشتوون. بۆ وێنه‌ له‌ سه‌ر گۆڕینی ناوی كه‌نداوی فارس به‌ كه‌نداوی عه‌ره‌ب به‌ شێوه‌ی هه‌ستیارانه‌ ده‌جووڵێنه‌وه‌ (بۆ وێنه‌ و‌ڵامی زه‌ریف له‌ دوایین دیداری له‌ ئامریكا كه‌ ئاماژه‌ی به‌م خاڵه‌ كرد) یان ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێ هاوكاریی هاوبه‌شیان له‌ سه‌ر ئه‌ساسی زمانی فارسی و جۆگرافیای نه‌ورۆز له‌گه‌ڵ وڵاته‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌ ده‌ست پێكردووه‌. به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران (به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دینەژاددا) باسیان له‌ مه‌كته‌بی ئێرانی – ئیسلامی ده‌كرد. له‌م نێوه‌دا له‌ وشه‌ی مه‌كته‌ب كه‌ڵك وه‌رده‌گیردرێ كه‌ پێشاندەری فكرێكی مۆهه‌ندێسی كراوه‌ و هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ سه‌ر ئێرانی بوون (فارس بوون) پێش له‌ ئیسلامی بوون ده‌كرێته‌وه‌. حه‌سه‌ن ڕۆحانیش هه‌مان سیاسه‌تی درێژه‌ پێ داوه‌. ناوبراو له‌ سه‌فه‌رێكی بۆ تاجیكستان له‌ سه‌ر به‌رزتر بوونی كولتوری فارسی به‌ نیسبه‌ت كولتووره‌كانی دیكه‌ قسه‌ی كرد. ناوبراو هه‌روه‌ها له‌ وته‌یه‌كی دیكەدا‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی زمانی فارسیی وه‌كوو ئه‌ركێكی دینی ناساند.

به‌ شێوه‌ی كورت كراو، ده‌كرێ ئاماژه‌ به‌ دوو قۆناغ بۆ پێكهاتن یان په‌ره‌پێدانی “ناسیۆنالیزمی ئێرانی\فارسی” له‌ ئێران بكرێت:

قۆناغی یه‌كه‌م: ڕۆشنبیرانی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست

لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ چه‌ند به‌ڵگه‌ و فاكت و هه‌روه‌ها چه‌ند سه‌رده‌می هه‌ستیار له‌ مێژووی ئێران ده‌كرێت كه‌ قۆناغی له‌ دایك بوونی ڕۆشنبیرانی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست له‌ ناو ڕۆشنبیرانی فارس بوو. ئه‌م قۆناغه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ شۆڕشی مه‌شرووته‌ و پاش ئه‌وه‌ بووه‌ (زۆرتر له‌ ١٠٠ ساڵ). له‌م ده‌وره‌ هه‌ندێ وشه‌ وه‌كوو “ته‌مامیه‌تی ئه‌رزی” و “جیایی خوازی” دێنه‌ ناو ئه‌ده‌بیاتی ڕۆشنبیران و جۆرێك ناسیۆنالیزمی وشكی فارسی (ئێرانی) پێك دێت. ڕۆشنبیرانی فارس بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌ی ترسێك كه‌ خۆیان سازیان كردووه‌ و ناویان ناوه‌ “جیایی خوازی”، هه‌ندێ ڕێگه‌چاره‌ پێشنیار ده‌كه‌ن كه‌ پێویسته‌ له‌ چوارچێوه‌ ئاسیمیلاسیۆنی كولتوری و زمانی یان ئه‌و شته‌ی كه‌ پێی ده‌گوترێ جینۆسایدی سپی لێك بدرێنه‌وه‌. ڕۆشنبیرانی نه‌ته‌وه‌په‌رست هاوكات هه‌موویان له‌ سه‌ر پێكهێنانی ده‌ڵه‌تێكی “مه‌ركه‌زی ده‌سه‌ڵاتدار” هاوڕان.

١. ساڵی ١٩٠٥ بارودۆخ بۆ شۆرشێكی سیاسی هاته‌ ئاراوه‌. چینی مامناوه‌ندی سوننه‌تی كه‌ چینێكی به‌ربڵاوتر بوو، له‌ بواری ئابووری، ئیدئۆلۆژیك و سیاسی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی حكوومه‌تی جیا ببووه‌وه‌. چینی ڕۆشنبیری نوێ، له‌ ژێر كاریگه‌ریی مه‌شرووتهدا‌، “ناسیۆنالیست” و سێكۆلار بوو. (٨)

٢. ڕۆژنامه‌ی “ئێرانی نوێ” وه‌كوو یه‌كێك له‌ ڕۆژنامه‌ به‌ناوبانگه‌كانی تاران و ئێران، ساڵی ١٩٠٩ زنجیره‌ وتارێكی بۆ پشتیوانی له‌ ئیده‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندگه‌را و نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌شه‌ جیاجیاكانی ئێران بڵاو كرده‌وه‌. له‌ یه‌كێك له‌ سه‌روتاره‌كانی ئه‌م ڕۆژنامەیەدا له‌ ژێر سه‌ردێڕی “ئێمه‌ یه‌ك نه‌ته‌وه‌ین” (ما یك ملت هستیم) هاتووه‌ كه‌ ته‌نیا نه‌ته‌وه‌گه‌رایی به‌ربه‌ستێكی جێی باوه‌ڕه‌ له‌ به‌رانبه‌ر “فرقه‌ گرایی”دا. له‌م سه‌روتارەدا‌ نووسراوه‌: “بۆ ئه‌وه‌ی‌ پاش شۆرشی مه‌شرووته‌ نه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ دواوه‌ بۆ دیكتاتۆریه‌ت، پێویسته‌ هه‌موو هاووڵاتیان خۆیان بە ئێرانی بزانن”. (٩)

٣. پاش په‌یماننامه‌ی ١٩١٩ی نێوان ئێران و ئینگلیس و هاوكات ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی هه‌رێمه‌ جیاجیاكانی ئێران، به‌شێكی زۆر له‌ “ڕۆشنبیران” خوازیاری سیاسه‌تی ناوه‌ندگه‌رایی بوون. به‌هار، كه‌ خۆی شاعیرێكی توركه‌، له‌م بواره‌دا ده‌نووسێ: “به‌ له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ سیاسه‌تی دژه‌ ناوه‌ندگه‌رایی هه‌رێمی به‌ ئاسانی ده‌بێته‌ هۆی دابڕانی نه‌ته‌وه‌یی، من پشتیوانی له‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند ده‌كه‌م وڕه‌خنه‌م له‌ كووچه‌ك خان، خیابانی و ته‌قی زاده‌ هه‌یه‌. به‌م هۆكاره‌ من پشتیوانی خۆم له‌ پێكهێنانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندگه‌را و دژی خودموختاریی هه‌رێمی ڕاده‌گه‌یێنم”. (١0)

٤. گۆڤاری “ایرانشهر” یه‌كێك له‌ گرینگترین گۆڤاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بوو كه‌ له‌ بێرلین چاپ و بڵاو ده‌كرایه‌وه و زۆر نووسه‌ر و ڕۆشنبیر تێیدا ده‌یاننووسی. یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ كه‌ له‌م گۆڤاره‌ باس كراوه‌، “زیانه‌كانی قه‌ومییه‌ت” بووه‌. له‌ وتارێكدا له‌ ژێر ناوی “ئایین و نه‌ته‌وه‌” هاتوه‌ كه‌ “كێشه‌ی قه‌وم گه‌رایی وه‌ها جیددیه‌ كه‌ هه‌ركات له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌ كه‌سێكی ئێرانی سه‌باره‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌پرسی، ناوی شوێنی له‌ دایك بوونی خۆی ئه‌ڵێت نه‌ك ناوی پڕ له‌ شانازی وڵاته‌كه‌ی. ئێمه‌ پێویسته‌ هه‌موو زمانه‌كان، جل و به‌رگه‌كان، كولتووره‌كانی لۆكالی (محلی) له‌ ناو ببه‌ین. (١١)

٥. مانگنامه‌ی “ئایه‌نده‌” ساڵی ١٩٢٥ و هاوكات له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی دیكه‌، خواسته‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێرانی سه‌رکوت كرد وجه‌ختی له‌ سه‌ر دروست كردنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندگه‌را و شوناسی نه‌ته‌وه‌یی كرده‌وه‌. له‌ یه‌كه‌م بابه‌تی ئه‌م گۆڤاره‌دا و له‌ ژێر سه‌ردێڕی “خواستی ئێمە‌، یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌یی ئێران” هاتووه‌: “ئایدیال یان خواستی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه‌، پاراستنی یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌ییی ئێرانه‌… مه‌به‌ستی ئێمه‌ له‌ یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌ییی ئێران، یه‌ك بوونی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی خه‌ڵكێکه‌ كه‌ له‌ ناو سنووره‌كانی وڵاتی ئێرانن. ئه‌مه‌ به‌ دوو واتای دیكه‌ دێت كه‌ بریتین له‌ پاراستنی سه‌ربه‌خۆییی سیاسیی و “ته‌مامیه‌تی ئه‌رزی ئێران” (بۆ یه‌كه‌مین جار ئه‌م وشه‌یە لێره‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی ئێران و له‌ ناو ڕۆشنبیراندا له‌ دایك ده‌بێت)… پێویسته‌ له‌ هه‌موو وڵات زمانی فارسی گشتگیر بكرێت، جیاوازیی لۆكالی (محلی) له‌ بواری جل و به‌رگ و كولتور و … لاببرێن. كورد، لوڕ، قه‌شقایی، عه‌ره‌ب، تورك و توركمه‌ن و هتد یه‌كسان بن و هه‌موویان یه‌ك جل و به‌رگیان له‌ به‌ر بێت و به‌ یه‌ك زمان (فارسی) قسه‌ بكه‌ن… به‌ باوه‌ڕی ئێمه‌ تا ئه‌و كاته‌ی له‌ ئێران یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌یی له‌ بواری زمان، جل و به‌رگ و هتد نه‌یێته‌ دی، هه‌ركات مه‌ترسی له‌ سه‌ر سه‌ربه‌خۆییی سیاسی و ته‌مامیه‌تی ئه‌رزی هه‌یه‌… پێویسته‌ هه‌زاران په‌رتووك به‌ به‌هایه‌كی كه‌م و به‌ زمانی فارسی له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات، به‌ تایبه‌ت ئازه‌ربایجان و خووزستان بڵاو بكرێته‌وه‌. ناوه‌ جۆگرافیاییه‌ غه‌یری فارسیه‌كان پێوه‌یسته‌ بكرێنه‌ فارسی و …” (١٢)

به‌ دڵنیایییه‌وه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ ده‌توانین سه‌دان و هه‌زاران به‌ڵگه‌ و فاكتی‌ دیكه‌ بهێنینه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م چه‌ند فاكته‌ ده‌توانن مه‌به‌ستی باسه‌كه‌ی نووسه‌ر بگه‌یێنن.

قۆناغی دووهه‌م: هاوڕاییی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیران

پێشتر ئاماژه‌م به‌وه‌ كرد كه‌ له‌ پاڵ خواسته‌ نه‌ته‌وه‌په‌رستییه‌كانی ڕۆشنبیرانی ئێرانی (فارس)، ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیش هاوكات هه‌ندێ بڕیاری جێبه‌جێ كردن. ئه‌مه‌ ته‌نیا ده‌وڵه‌تی ڕه‌زا شا یا سه‌رده‌می په‌هله‌وی ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكوو ئه‌م دیالكتیكه‌ له‌ نێوان ڕۆشنبیرانی نه‌ته‌وه‌په‌رست (فارس) و ده‌سه‌ڵات تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه‌.

حكوومه‌ته‌ جۆراوجۆره‌كانی ناوه‌ند كه‌ حه‌زیان له‌ دروشمی “پێكهێنانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند”ده‌كرد (كه‌ له‌ لایه‌ن ڕۆشنبیرانه‌وه‌ باس ده‌كرا)، هه‌وڵیان دا ئه‌م بیرانه‌ پراكتیزه‌ بكه‌ن‌. له‌م نێوه‌دا هه‌ندێ ڕووداویش له‌ ده‌وره‌ زه‌مه‌نیه‌ جیاجیاكاندا له‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌گه‌راییی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی كاریگه‌ریی هه‌بووه‌:

١. سه‌فیری ئینگلیس سه‌باره‌ت به‌ “ڕێفۆرمه‌كان”ی ڕه‌زا شا ئه‌نووسێ: “شا كه‌ ده‌سه‌ڵاتی مه‌لاكان كه‌م ده‌كاته‌وه‌، ئێستا پێویستی به‌ شتێكه‌ كه‌ شوێنی ئایین بگرێتەوە، ئه‌مه‌ش شتێك نیه‌ جگه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی…”. (١٣)

٢. له‌ درێژه‌ی سیاسه‌ته‌كانی ڕه‌زاشا دژ به‌ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ زۆر بوونی ئه‌و قوتابخانانه‌ی كه‌ وه‌كوو قوتابخانه‌ی گشتی ده‌ناسران و لەواندا ته‌نیا به‌ فارسی وانه‌ ده‌وترایه‌وه‌ و هه‌روه‌ها داخرانی هه‌ندێ مه‌دره‌سه‌ به‌ زمانه‌كانی دیكه‌، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تواناییی خوێندن و نووسینیان هه‌بوو له‌ ناو نه‌ته‌وه‌ی فارس زۆری كرد وبه‌ پێچه‌وانه‌وە له‌ ناو نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كان كه‌متر بوو. (١٤)

٣. ساڵی ١٩٢٨پەرله‌مان جل و به‌رگی مه‌حه‌للیی وه‌كوو نایاسایی ڕاگه‌یاند. (١٥)

٤. ساڵه‌كانی ١٩٢٨ و ١٩٢٩ به‌ بڕیاری ڕه‌زاشا ناوی هه‌ندێ شوێن گۆڕدران. بۆ وێنه‌ عه‌ره‌بستان كرایه‌ خوزستان، ئه‌نزه‌لی كرایه‌ په‌هله‌وی، به‌شێك له‌ كوردستان كرایه‌ ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، ئورمیه‌ كرایه‌ ڕه‌زایه‌، ئێستێرئاوا كرایه‌ گۆرگان و محمره‌ كرایه‌ خۆڕه‌مشار. (١٦)

٥. هه‌ر له‌و ساڵانه‌، بودجه‌ی تاران ٢٠ قات زۆرتر له‌ بودجه‌ی هه‌موو ئازه‌ربایجان بوو، ئه‌مه‌ له‌ حاڵێكدابوو كه‌ ڕێژه‌ی دانیشتوانی ئازه‌ربایجان سێ ئەوەندەی تاران بوو. (١٧)

له‌ كۆتاییدا

له‌م نووسراوه‌یەدا وێڕای ئاماژه‌یه‌كی كورت به‌ بابه‌تی شوناس و ناسیۆنالیزم، ئاماژه‌ به‌ هه‌ندێ ڕووداوی سه‌رده‌مێكی قه‌یراناویی مێژووی ئێران كرا كه‌ به‌ باوه‌ڕی نووسه‌ر، خاڵی سه‌ره‌تایی بۆ پێكهاتنی ناسیۆنالیزمی ئێفراتیی فارس بووه‌ كه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ بووه‌ شوناس و كولتووری نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئێران ئینكار بكات. ئه‌مه‌ له‌ ڕاستیدا به‌ردی بناغه‌ی بیركردنه‌وه‌یه‌ك بووه‌ كه‌ تا ئه‌مڕۆكه‌ش به‌ ڕوونی ده‌بیسترێ و ده‌بیندرێ.

خاڵێكی سەره‌نجڕاكێش له‌م نووسراوه‌یەدا پیشاندانی ڕۆڵی سه‌ره‌كیی ڕۆشنبیرانی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی فارس له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بووه‌. ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵات و ڕۆشنبیرانی فارس له‌م یه‌ك ساڵه‌ی دواییدا زۆرجار دژی یه‌كتر ڕاوه‌ستاون، به‌ڵام ئه‌و خاڵه‌ی كه‌ هه‌مووكات ئه‌و دووانه‌ پێكه‌وه‌ له‌ سه‌ری هاوڕا بوونه‌، سه‌ركووتی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌یه‌. ئه‌م ڕۆشنبیرانه‌ له‌و كاتانه‌ و تا ئێستاش خوراكی فیكریی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندگه‌رایان دابین كردووه‌ و ڕه‌واییان به‌ كرده‌وه‌كانی حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كان، دژ به‌ نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كانی ئێران، داوه‌. ئه‌م ڕۆشنبیرانه‌ هه‌ندێ وشه‌یان داهێناوه‌ كه‌ ئێستاش هه‌روا ئامێرێكن بۆ سه‌ركوت و بایكوتی نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كان.

ئه‌م هاوڕاییه‌تیه‌ی نێوان ڕۆشنبیران و ده‌سه‌ڵات دژ به‌ نه‌ته‌وه‌كان تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ، درێژه‌ی هه‌یه‌. ئێستا به‌ڵام گرووپێكی دیكه‌ به‌م ئاڵقەیە‌ په‌یوه‌ست بووه‌ و ئه‌وه‌ش ئۆپۆزیسیۆنی ده‌سه‌ڵاته‌، واته‌ ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتی نییه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی ڕۆشنبیریش جێی نابێته‌وه‌. ئه‌م سێ كوچكه‌یە ئێستا كه‌ ئاگاییی نه‌ته‌وه‌یی له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌كانی غه‌یری فارس زۆرتر بووه‌ و ناسیۆنالیزم ئیدی له‌ چوارچێوه‌ی دژكرده‌وه‌ بۆته‌ تیۆری، زۆرتر له‌ جاران له‌ به‌رانبه‌ر خواستی ئه‌م نه‌ته‌وانه‌ ڕاده‌وه‌ستن.

به‌م پێیه‌ ده‌توانین دیاگرامی ژماره‌ ١ به‌ شێوه‌ی خواره‌وه‌ بیكێشینه‌وه:

دیاگرامی ژماره‌ ٢

سەرچاوەکان

1- ئه‌لێكساندێر ماتیل، جنبش ها، شخصیت ها و مفاهیم (ناسیونالیسم)، وه‌رگێڕان: کامران فانی، نورالله مرادی

2- له‌وانه‌یه‌ خوێنه‌ری ئه‌م پاراگرافه‌ بڵێت ‌ وا نیه‌ و من هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان بە”ئێرانی” ده‌زانم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ یه‌ك چركه‌ خۆی بخاته‌ جێی “هاووڵاتییه‌كی ده‌ره‌جه‌ دووی كورد”، ده‌توانێ قه‌بووڵ بكات كه‌ بۆچی هاووڵاتییه‌كی كورد ده‌توانێ ئه‌م وته‌یه‌ی ڕه‌د بكاته‌وه‌. هاووڵاتیی كورد بیر ده‌كاته‌وه‌ كه‌: بۆچی له‌ قوتابخانه‌ بە فارسی قسه‌یان لەگەڵ كردم و له‌ ماڵ بە كوردی؟ بۆچی كاتێ كه‌ ڕۆیشتمه‌ قوتابخانه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ كه‌ خوێندن و نووسین فێر بم، تازه‌ پێویست بوو كه‌ زمانێكی بیانی فێر بم؟ بۆچی زمانێك كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ قسهی پێ‌ ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ له‌ ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن ده‌یبیستم جیاوازی هه‌یه‌؟

هه‌روه‌ها له‌وانه‌یه‌ خوێنەر بڵێت كه‌ ئه‌م كاره‌ساتانه‌ ته‌نیا له‌ لایه‌ن ڕژیمی كۆماری ئیسلامیه‌ ڕوو ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕوانینێكی مێژووییمان بێت له‌ سه‌ر چۆنیه‌تیی پێكهاتنی ناسیۆنالیزمی فارسی (ئێرانی)، ئه‌م ئیدیعایه‌ش ڕه‌د ده‌كرێته‌وه‌.

3-      ئه‌لكساندێر ماتیل، جنبش ها، شخصیت ها و مفاهیم (ناسیونالیسم)، وه‌رگێڕان: کامران فانی، نورالله مرادی

4-      هیلل فریش، خاورمیانه،وه‌رگێڕ: هرمز همایون پور

5-      هه‌ر هه‌مان.

6-      ئه‌م سیاسه‌ته‌ به‌ شێوه‌ی عه‌ینی ئه‌مڕۆش درێژه‌ی هه‌یه‌. بۆ وێنه‌ كاناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كانی پارێزگاكان كه‌ هه‌ندێ جار به‌ زمانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ پرۆگرام بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ ژێر ناوی “شبكه‌ محلی” ده‌ناسرێن، زمانی ئه‌م نه‌ته‌وانه‌ “زبان محلی”یه‌ و جل و به‌رگیان، جل و به‌رگی “محلی”.

7-      ئه‌لكساندێر ماتیل، جنبش ها، شخصیت ها و مفاهیم (ناسیونالیسم)، وه‌رگێڕان: کامران فانی، نورالله مرادی.

8-      یرواند ئابراهامیان، ئێران له‌ نێوان دوو شۆرش، نشری نه‌ی، چاپی ١٢، لاپه‌ڕه‌ ١٠٣.

9-      ایران نو، 22 آبان 1288

10-   بهار، تاریخ معاصر احزاب، لاپه‌ڕه‌ ix

11-   ایرانشهر، ١١ی سه‌رماوه‌زی ١٣٠٣، لاپه‌ڕه‌ 1 و2

12-   آینده، ١١ی پووشپه‌ڕی ١٣٠٤،لاپه‌ڕه‌ 5 و 6

13-   British minister to the foreignoffice, report on the situation in Iran, 1935

14-   یرواند ئابراهامیان، ئێران له‌ نێوان دوو شۆرش، نشری نه‌ی، چاپی ١٢، لاپه‌ڕه‌ ١٧٧.

15-   یرواند ئابراهامیان، ئێران له‌ نێوان دوو شۆرش، نشری نه‌ی، چاپی ١٢، لاپه‌ڕه‌ ١٧٨.

16-   هه‌ر هه‌مان.

17-   شیخ الاسلام، مذاکرات مجلس، ٣ی ڕێبه‌ندانی ١٣٤٣.

18-   A.Lombton, Report on Kurdistan, 1944

19- سبب بدبختی آذربایجان چیست؟، ئازه‌ربایجان،١٧ی سه‌رماوه‌زی ١٣٢٠.