ئارامتر بخوێنەوە!
ڕاسان وەک نیشانەیەک بۆ دەرباز بوون لە قەیران
ئالان.د
ئاماژە
“ئەو کاتەی قاسملووی نەمر لە دوایین ساتەکانی وتووێژیدا لە گەڵ عینایەت فانی، باسی لە دێموکراسیی عەمیق [دێموکراسی رادیکاڵ] دەکرد، ئەو چرکەساتە بوو کە قاسملوو دەستی نایە سەر خاڵی قەیران و هاوکات دەربازبوون لە قەیران. ئەم چەمکە کورتەی شەهیدی سەرکردە هیچ کاتێک لەلایەن ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ئاوڕی لێ نەدرایەوە.“
زیاتر لە سەدەیەکە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی وڵات بە پێی بەستێنی ژینگەی سیاسیی خۆی، لە ناو دۆخی قەیرانی ناوخۆیی و ناوچەییدا توانیویەتی کورد وەک ناسنامەیەکی جیاواز لە ئەتنیکەکانیتری ناوچەکە بپارێزێ و هاوکات هەڵگری داخوازییە سیاسییەکانی گەلی کوردیش بێ. لەم ناوەدا بەردەوامی و گووران، دابڕان، گۆڕان و ژیان لە ناو قەیران، مۆرکی خۆی لەم خەباتە دەمدرێژە داوە.
ئەم وتارە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵانە لە ڕاسیتنەی خەباتی گەلی کورد، پێی وایە ڕەوتی ئەم خەباتە سیاسییەی گەلی کورد، بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان ماوەیەکی دوور و درێژە لەناو قەیراندا ماوەتەوە و ڕاسان وەک نیشانەیەک بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، پێویستی بە خوڵقاندنی دیسکۆرسێکی سیاسیی نوێ هەیە. هەر بۆیە ڕاسان بە مەبەستی دەرباز بوون لە قەیران و بەهەژموون کردنی دیسکۆرسی سیاسیی خۆی، پێویستە بتوانێ کردە و تیۆری سیاسی لەناو پانتای سیاسیی ئێران و کوردستان بە پێناسەکردنی سەرلەنوێی مژاری سیاسی سەر لەنوی جومگەبەندی بکاتەوە.
بۆ ئەم مەبەستە، لە یەکەم هەنگاودا، هەندێک لە لایەنەکانی چەمکی قەیران شی دەکرێتەوە، دواتر بە ئاماژە پێدانی چەمکێکی لەبیرکراوەی قاسملووی نەمر، واتە ڕادیکاڵ دێموکراسی، داکۆکی لە گەشەپێدان و بەربڵاوکردنی دیسکۆرسی ڕاسان، ئەرک و پێویستیەکانی ڕاسان لە ئێستاکە و داهاتوودا، بەرهەمهێنانی دەرفەتی سیاسی و قۆزتنەوەی ئەم دەرفەتانە، دەکرێت.
زیاتر لە سەدەیەکە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی وڵات بە پێی بەستێنی ژینگەی سیاسیی خۆی، لە ناو دۆخی قەیرانی ناوخۆیی و ناوچەییدا توانیویەتی کورد وەک ناسنامەیەکی جیاواز لە ئەتنیکەکانیتری ناوچەکە بپارێزێ و هاوکات هەڵگری داخوازییە سیاسییەکانی گەلی کوردیش بێ. لەم ناوەدا بەردەوامی و گووران، دابڕان، گۆڕان و ژیان لە ناو قەیران، مۆرکی خۆی لەم خەباتە دەمدرێژە داوە.
ئەم وتارە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵانە لە ڕاسیتنەی خەباتی گەلی کورد، پێی وایە ڕەوتی ئەم خەباتە سیاسییەی گەلی کورد، بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان ماوەیەکی دوور و درێژە لەناو قەیراندا ماوەتەوە و ڕاسان وەک نیشانەیەک بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، پێویستی بە خوڵقاندنی دیسکۆرسێکی سیاسیی نوێ هەیە. هەر بۆیە ڕاسان بە مەبەستی دەرباز بوون لە قەیران و بەهەژموون کردنی دیسکۆرسی سیاسیی خۆی، پێویستە بتوانێ کردە و تیۆری سیاسی لەناو پانتای سیاسیی ئێران و کوردستان بە پێناسەکردنی سەرلەنوێی مژاری سیاسی سەر لەنوی جومگەبەندی بکاتەوە.
بۆ ئەم مەبەستە، لە یەکەم هەنگاودا، هەندێک لە لایەنەکانی چەمکی قەیران شی دەکرێتەوە، دواتر بە ئاماژە پێدانی چەمکێکی لەبیرکراوەی قاسملووی نەمر، واتە ڕادیکاڵ دێموکراسی، داکۆکی لە گەشەپێدان و بەربڵاوکردنی دیسکۆرسی ڕاسان، ئەرک و پێویستیەکانی ڕاسان لە ئێستاکە و داهاتوودا، بەرهەمهێنانی دەرفەتی سیاسی و قۆزتنەوەی ئەم دەرفەتانە، دەکرێت.
پێشەکی:
کورتەیەک بۆ بە تیۆرکردنی چەمکی قەیران
هەر نوسراوەیەک یان هەر تێبینییەک لەسەر ڕەوشی کۆمەڵگا و سیاسەت لەم سەردەمەدا، گەر دەستەواژەی قەیران وەک ناوکی لێکدانەوە و شی کردنەوەی دۆخی هەنووکەیی لەبەرچاو نەگرێت، ناتوانێ وەدیهێنەری بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی – سیاسی خۆی لەم سەردەمەدا بێ. هەر بۆیە گەڕانەوە بۆ چەمکی قەیران دەتوانێ هەم وەک درمناسیی دۆخی هەنوکەیی و هەمیش وەک کرانەوەی ئاسۆیەک بۆ دەرباز بوون لە قەیران یان کێشانەوەی نەخشە ڕێگایەک بێتە بەرچاو. ئەمە نەک تەنیا تایبەتمەندیی رەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێستاکەی کوردستان، بەڵکوو تایبەتمەندیی هەرە بەرچاوی ڕاستینەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی سەردەمی مۆدێرنەیە. دەستەواژەی قەیران وا دەکا رەوشی هەنووکەیی تووشی پرسیار بێت، پێشگریمانەکان لەناو بچن و هاوکات لەگەڵ لەناوچونی پێشگریمانەکان، وڵامە کۆنەکانیش چیتر نەتوانن رەوشی ئەمێستاکە پێناسە بکەن. گرینگیدان بە دۆخی قەیران وامان لێدەکا سەرلەنوێ بگەڕێینەوە سەر پرسیارە سەرەکییەکان، بیرکردنەوە لە ڕێگای نوێ؛ کە ئەگەر وا نەکەین، ڕەنگە قەیران خۆی لە قەرەی کارەسات بدات.
چەمکی یۆنانیی قەیرانκρίση – krisis بە پێی پێناسەی ڕاینهارت کوسلێک[1] لە بنەرەتەوە پێوەندیی بە ئایدیای دادوەری کردن و بڕیاردان لە پۆلیسی کۆنی یۆنانەوە هەبووە،[2] دواتر قەیران وەک چەمکێکی سیاسی یەکەمجار لە سەدەی حەڤدەهەمەوە لە بەریتانیا، لە کاتی ڕوودانی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان پەڕلەمان و شا بەکار هاتووە.سەرەڕای ئەوەی تۆماس هۆبز، لەم سەردەمەدا هیچکات لەم چەمکە بۆ شیکردنەوەی رەوشی ئاڵۆزی بەریتانیا کەڵکی وەرنەگرت، بەڵام هەوڵدانەکانی بە مەبەستی فۆرمولەکردنی زانستی سیاسەت، دەکرێ وەک دارشتنی یەکەم تیۆری مۆدێرنی قەیران بنرخێندرێ. لەم روانگەیەوە قەیران وەک نەخۆشیی جەستەی مرۆڤ، هاوتەریب لەگەڵ کێشەکانی کۆمەڵگا وێنا کراوە.
ئەم چەمکە لە سەدەی نۆزدە بە دواوە سەرەڕای زۆر مانای جیاواز، رۆڵێکی سەرەکیی لە گەیاندن و ئاراستەکردنی ئامانجە سیاسییەکاندا گێڕاوە و پرسیارێکی سەرەکی لەناو تیۆری سیاسی بووە. بەم پێیە، قەیرانەکان زۆر جار ژیانیان لەناو بردووە، یان کۆمەڵگایان خستۆتە ناو دۆخێکی نالەبار و هەندێک جاریش بوون بە دوورگەیەکی ئارام یان دەرفەتێک بۆ دەربازبوون لە مەترسییە گەورە و سیاسییەکان. فەلسەفەی مێژوو و بە تایبەت ئەوانەی لە ژێر کاریگەریی نەریتە هێگێلی یان مارکسییەکەیدان، زۆرجار قەیرانیان نەک بە لایەنی وێرانکارانە و پڕ لە نەهامەتییەکەی، بەڵکوو بە لایەنی دەرفەت بۆ گۆڕان یان دەرچوون لە رەوشی نالەباری ئەمێستاکە پێناسە کردووە. هەر بۆیە قەیرانەکان دەتوانن نیشاندەری درمناسیێکی قووڵتری پێکهاتەی کۆمەڵگا بن و دەتوانن پەیوەندییە کراوەکانی هێز یان ئەو کێشانەی هێشتاکەش شاراوە ماونەتەوە، پێکەوە بلکێننەوە.[3]
ئەمڕۆکەش قەیران وەک چەمکێک لەناو تیۆری سیاسی، واتاهەڵگری مەترسی، نەهامەتی، هاودژی، کێشە و ململانێ یان دەرفەت بووە. قەیرانەکان وەک مژارێکی تیلۆلۆژیک، حەقیقەتە شاراوەکانی کۆمەڵگا و جیهانی سیاسەت دەنوێننەوە و هاوکات لەناخی خۆیاندا دەرفەتە نوێێەکان بۆ گۆڕان و دەربازبوونیش نیشان ئەدەن. هەر بۆیە قەیران تەنیا نیشاندەری قەڵشتی نێوان ئەو کێشەیەی ئێمە لەگەڵی روبەڕوین و توانستی ئەمێستاکەی ئێمە بۆ چارەسەرکردنی قەیران نیە؛ بەڵکوو هەڵگری دەرفەتێکە بۆ بیرکردنەوە. قەیران ناوی ئالتێرناتیڤێکە بۆ چرکەساتێک کە پرسیار دەکرێت قەیران چییە؟ بۆ لەناو قەیرانداین، بۆ دەرباز بوون لە قەیران دەبێ چی بکرێت؟ بیر کردنەوە لەم چرکەساتە نیشاندەری ئەوەیە کۆمەڵگا یان سیاسەت پارسەنگی خۆی لە دەست داوە. یان ئەوەی سیستەمێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی خاوەن توانست و ئامرازی بەدیهێنانی هەبوونی بەردەوامی نەبووە. ڕەنگە پێناسەی ئارێنت تا ڕادەیەک لێڵتر بەڵام بنەڕەتیتر بێ، ئارێنت پێی وایە قەیران لە ڕیشە یا هۆکارەکان، هەر کامیان بێ، وەک لەناوبردنی دەمامکەکان و لەناوبردنی پێشگریمانەکان، ئەو دەرفەتە دەخولقێنێ مرۆڤ بیر بکاتەوە و لە خۆی بپرسێ سەبارەت بەم مژارە کامە بابەت بنەڕەتی بوونی خۆی لەکیس داوە.[4]
ئەم تێڕوانینە لە چەمکی قەیران نیشاندەری داکۆکی کردن لە سەر بنەمای تێگەیشتنی هاوبەش بۆ وڵام دانەوەی پرسیارە سیاسییەکانە، ئەو کاتەی نەخشەیەکی ڕوونی سیاسی بۆ دەرباز بوون لە دۆخی هەنووکەیی نەبێ یان ئەم تێگەیشتنە هاوبەشە نەتوانێ وڵامێکی کردەیی بۆ دەربازبوون لە کێشەکان بخوڵقێنێ، قەیران ڕوو ئەدا. هۆکاری ئەمەش لە پانتای سیاسیدا ڕوونە؛ ئەو کاتەی عەقڵی هاوبەش لە ناو ژیانی سیاسیی هاوبەشی ئێمەدا لەناودەچێ، هیچ هەستێکی هاوبەش توانای کۆکردنەوەی مرۆڤەکانی لە دەوری دروشمێکی سیاسی بە مەبەستی کردەیەکی سیاسی نابێ، واتە جیهانی هاوبەشی مرۆڤەکان وێران بووە. بە لەبەرچاوگرتنی دوو تایبەتمەندیی وەلانانی پێشگریمانەکان و هەستی هاوبەشی ژیان لەناو جیهان یان ژینگەی هاوبەشدا، قەیران ناچارمان دەکات سەر لەنوێ چاوێک بە مێژوماندا بخشێنینەوە و لە لایەکی ترەوە، پرەنسیپی ڕێنوێنکەرانەی کردە یان دەسەڵات دووبارە دابڕێژینەوە.
لە کائۆتێسکییەوە تا کوو لێنین، تێگەیشتنێکی مارکسیانە لە سیاسەت لەسەر بنەمای تێڕوانینەکانی کڵاوزویتسەوە ڕیشەی داکوتاوە و ئەویش کاریگەریی جیاکردنەوەیە.[5] واتە گەر پەیوەندی لە گەڵ هێزە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە وەک پەیوندیێکی سەربازی سەیر بکرێت، ئاکامی پاراستنی شوناسی تاک و تەریکی هەر لایەنێک و دژایەتیی ئەم لایەن لەگەڵ لایەنی دیکەی لێ دەکەوێتەوە. ئەم چەشنە تێڕوانینە لە ژێر کاریگەریی کەش و هەوای سەردەمی دوو جەمسەرییەوە ڕیشەی خۆی لە ناو سیاسیەتی کوردیشدا داکوتا و تا ڕۆژی ئێستاکەش کاریگەرییەکانی لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوامە. واتە سیاسەتی ئەم چینە لە دژی چینێکی تر. ئەم سیاسەتە وای کرد سۆشیالیزم بە درێژەی ٧٠ ساڵ لە سەر بنەمای لێکدانەوەیەکی ئابووری، چینایەتی و نەبینینی گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان، وەدیهاتنی توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندیی ئەوان سەیر بکات. ئاکامی ئەم ڕەوتە لە سیاسەتی سۆشیالیستی، قەیرانێکی بەردەوام بوو و بە ڕووخانی سوڤیەت ڕامانی سۆشیالیستیش تووشی داڕمانیکی گەورە بوو. لەسەر بنەمای لێکدانەوەیەکی لەم شێوەیە، لاکلاو و مووف بە نووسینی کتێبی هەژمۆنی و ستراتێژیی سۆشیالیستی[6]– هەوڵی سەرلەنوێ زیندوو کردنەوەی سۆشیالیزم و رزگارکردنی ئەم ڕامانەیان لە قەیرانی سەردەمی نوێ دا.
بەردەوامیی ئەم ڕامانە گەیشتە چەمکێک لە ژێر ناونیشانی رادیکال دێموکراسی. ئەم چەمکە وەک پڕۆژەی ئەم دوو بیرمەندە تا کاتی ئێستاکەش بەردەوام بووە. مووف سەبارەت بەم چەمکە دەڵێ: بە لەبەرچاوگرتنی دێموکراسیی ڕادیکال و پلوراڵ کە لە کتێبی هەژموونی و ستراتێژیی سوشیالیستی سەرچاوەی گرتبوو زۆر تێگەیشتنی هەڵە ڕووی داوە. ئەمە دابرانێکی تەواو لە لیبەراڵ دێموکراسی بۆ دامەزرانی رژێمێکی تەواو نوێ نیە. لە ڕاستیدا ئێمە بانگەشەی ڕادیکاڵیزەکردنی پرەنسیپەکانی ئێتیک-سیاسەتی رژێمە لیبراڵ دیموکراتەکان و ئازادی و هاوسانی بۆ هەمووان دەکەین.[7] ئەمە وەک خاڵی پێکگەیشتنەوەی کردە و تیۆر، دامەزرانی هەژمۆنییێکی نوێیە بۆ لە باوەش گرتنی تەواوی پێکهاتە و توێژەکانی کۆمەڵگا، بە مەبەستی جومگەبەندی کردنی نەزمێکی نوێی سیاسی و کۆکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک لە دەوری دروست کردنی جیهانێکی هاوبەشی ئازاد و هاوسان. ئەم گۆڕانە بنەڕەتییە لەناو دەقی قەیرانی چەپ، تێڕوانینی کلاسیکی سۆشیالیستی لە بنەما وەرگرتنی ئابوورییەوە بەرەو جومگەبەندی کردنی داخوازییە نوێیەکانی کۆمەڵگا، توێژەکان، پەراوێزخراوەکان و ژنان و… ئاراستە کرد.
ڕاسان لە ژێر تیشکی ڕادیکال دێموکراسیدا
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وەک حیزبێکی پێشەنگی خەباتی کوردایەتی لەسەردمی قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێران و کوردستان، ڕۆڵێ مێژوویی دامەزراندنی کۆماری کوردستانی لە مهاباد گرتە ئەستۆ و هەمدیسان لە دۆخێکی قەیراناوی، ئەم کۆمارە لە ماوەیەکی کورتدا، لەناو چوو. دۆخی دوای کۆماریش بۆ ئەندامانی ئەم حیزبە و تەنانەت زیندوو مانەوەی ئەم حیزبە، هەر دۆخێکی قەیراناوی بوو، بەڵام بە جیاوازییەک؛ دامەزرانی کۆمار یادەوەریێکی پڕشکۆی بۆ خەباتی دوارۆژ خوڵقاند و ئەم یادەوەرییە توانی ببێتە وزەیەکی نوێ بۆ کردەی سیاسی لە سەردەمی قەیرانەکان. سەردەمی پەڕیوەبوونی ئەندامان بۆ گەرمێن، زیندانی کرانی ڕێبەرانی ئەم حیزبە لە زیندانەکانی ئێران، سەردەمی شەهید کرانی سەدیق ئەنجیری ئازەر، سولەیمان موعینی و…هتد کە زنجیرە ڕووداوی قەیران خولقێن بوون و بە شەهیدکرانی ڕێبەرانی سەرکردە، نەمران قاسملوو و شەرەفکەندی ئەم قەیرانە گەیشتە لووتکە.
ئەم ڕەوتە پڕ قەیرانە دوای جێگیربوونی حیزبی دیموکرات لە باشوری کوردستان و ڕاوەستانی جموجووڵی ڕاستەوخۆی حیزب بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە ئەزموونی باشور، وای کرد پانتای سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی چەشنە بۆشاییەکی هێز ببێ. هاوکات پێگەیشتنی بەرەیەکی نوێ لە خوێندکاران، بەدیهاتنی توێژێکی مامناوەندی لە کۆمەڵگا، گەشەی خۆشبژێوی ژیان وکرانەوەی پەیوەندییەکان بوو بە هۆکاری چەقەرەکردنی بیر و ڕامانی نوێ لە دەرەوەی چوارچێوەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران یان تەنانەت خۆشەویستیی وڵات و تێکۆشان لە پێناوی ئازادیدا. ئەم سەردەمە سەردەمی هاتنە ئارای پرسیاری نوێ، گۆڕانی جومگەکانی کۆمەڵگا و دەرکەوتنی تێڕوانینی نوێ بوو. هاوکات لەگەڵ ئەمە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم ماوەیەدا توانیبووی نەک تەنیا لە وڵات، بەڵکو لە تەواوی ئێران ئەو جیهانە هاوبەشە بڕوخێنێ کە سەردەمانی پێشوو مرۆڤەکانی بۆ مەبەستێیکی سیاسی-کۆمەڵایەتی لێک کۆ دەکردەوە.
لە بەستێنێکی گشتیی لەم چەشنەدا، لە سەردەمی قەیرانێکی دیکەی دوای کۆتایی پێهاتنی شەڕی ئێران و عێراقدا، قاسملوو توانیبووی ڕێگای دەربازبوون لە قەیران بدۆزێتەوە. بەڵام بە شەهیدبوونی نەیتوانی ئەم ڕوانگە نوێیەی خۆی بە تیۆر بکات. ئەو کاتەی قاسملووی نەمر لە دوایین ساتەکانی وتووێژیدا لە گەڵ عینایەت فانی، باسی لە دێموکراسیی عەمیق [دێموکراسی رادیکاڵ] دەکرد، ئەو چرکەساتە بوو کە قاسملوو دەستی نایە سەر خاڵی قەیران و هاوکات دەربازبوون لە قەیران. ئەم چەمکە کورتەی شەهیدی سەرکردە هیچ کاتێک لەلایەن ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ئاوڕی لێ نەدرایەوە؛ لەبیر کرا، بەڵام هزر و ڕامان نافەوتێ، وەبیر دێتەوە و دەبێتە خاڵی پێک گەیشتنەوەی کردە و تیۆر. بێگوومان قاسملوو بەهۆی ئاڵوگۆڕەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، پێشووەخت ئاگاداری لێکترازانی سۆڤیەت و سوشیالیزمی دامەزراو بووبوو. بێ هیچ گومانێکیش ناوی شانتال مووف و لاکلاوی بیستبوو و ئاگاداری ناوەڕۆکی کتێبەکەیان بوو. هەر بۆیە لەو دیمانەیەدا باسی لەو چەمکەی ئەوان کردوە. قاسملوو دەیزانی بە هۆی تەواو بوونی شەڕی ئێران و عێراق کۆمەڵگا دەگۆڕدرێت، سیاسەت گۆڕانی بەسەردا دێت و مرۆڤەکانیش دەگۆڕدرێن. بۆیە داکۆکی لەسەر ئەم چەمکە دەکرد.
دوابەدوای شەهیدبوونی دوکتور شەرەفکەندی و پەراوێزخرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە پێی دۆخی باشوری کوردستان و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی، سەردەمێکی تری قەیران- هە بەو مانایەی لەسەرەوە ئاماژەی پێ کرا- لە ناوچەکە و لەناو حیزبی دیموکراتی کوردستان دەستی پێ کرد. بەڵام ئەم دۆخە نالەبارە دوای نزیکەی بیست ساڵ، بە دروشمی لێک گرێدانەوەی خەباتی شاخ و شار خوێنێکی نوێی خستەوە ناو پانتای سیاسیی کوردستان. گەر لە سەر بنەمای چەمکی قەیران بنوارینە ڕاسان، ئەوە دەکرێ ئەم دیاردەیە وەک چرکە ساتی لە بیرکردنەوە، وەک قەیران و وەک ساتەوختی هەوڵدان بۆ دەرباز بوون لە قەیران بنرخێنن. ساتەوەختی وەلانانی پێشگریمانەکانی پێشوو و ساتەوەختی بڕیاردان بۆ دەربازبوون لە قەیران. بەڵام دەربازبوون لە قەیرانی ئێستاکە، بە واتای دەربازبوون لە قەیرانەکانی داهاتوو نیە، چونکە سیاسەت پرۆسەیێکە لەناو قەیراندا گیان دەگرێت و لەناو قەیراندا قەقنەس ئاسا خۆی زیندوو دەکاتەوە. هەر بۆیە گەڕانەوەی ڕاسان بۆ ئەو چەمکە لەبیر کراوەی قاسملووی نەمر–ڕادیکال دێموکراسی- دەتوانێ ڕێخۆشکەری زاڵ بوون بەسەر کێشەکانی دوێنێ و ئەمڕۆکە بێ و هاوکات لە ئەگەری ڕوودانی قەیران لە داهاتوشدا، وەک دەرفەت کەڵکیان لێ وەرگیرێ. بەڵام ئەمە چۆن دەکرێ؟ چۆن ڕاسان دەتوانێ وڵامدەرەوەی جیهانی داڕماوی هاوبەشی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بێ؟ چۆن دەتوانێ لە ئەگەری ڕووبەرووبوونەوە لە گەڵ هێزە فاشیستەکان لە دوارۆژدا هەڵگری پڕۆژەیەکی سیاسی بێ؟ بێگوومان وڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە لەم یادداشتەدا جێێ نابێتەوە. هەر چەند دەکرێ وەک سەرەداوێکی گشتی لێی بڕوانرێت. پرۆسەی ڕادیکاڵ دێموکراسی وەک پرۆژەی ڕاسان دەتوانێ دوو ئاراستەی ناوخۆیی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەبێ.
ئاراستەی ناوخۆیی: رۆژهەڵاتی کوردستان وەک سەردەمی دوای شۆرشی ساڵی ١٩٧٩ خاوەن دوو هێزی سەرەکی نیە، بەڵکوو خاوەن چەندین پارتی سیاسی و زۆر لایەنی فکریی جیاوازە. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وەک حیزبێکی خاوەن ئەزموون دەتوانێ لە ڕێگای ڕاسانەوە کولتوری سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بگۆڕێ؛ هەر بەو تێڕوانینە گرامشییانەی لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، واتە شەڕی پێگە، وەک ئاماژەیەک بە کار و خەبات و نەک ئاماژە بە شەڕی راستەقینە- دەتوانێ ئەم تێروانینە کۆنەی شەڕی باو بۆ باڵادەستی هێز لە کوردستان بگۆڕێ و هەر لە ئێستاوە لە رێگای جومگەبەندی کردنی تەواوی داخوازییەکانی خەڵک و ڕوناکبیران هەوڵ بۆ بە ناسەربازی کردنی شەڕ بدات، بە واتایێکیتر لە جیاتی پەیڕەوکردنی کایەی بردنەوە- دۆڕان، بە پێی پێگەی مێژوویی و دروشمی دیموکرات بوون، لە رێگای جومگەبەندی کردنی تێکۆشانێکی چەن لایەنەوە، داخوازیی دیموکراتیک شۆڕ کاتەوە ناو قوڵاییی تەواوی بەش و توێژەکانی خەڵکی کوردستان. ئەم سیاسەتە لە ڕێگای ڕاسانەوە دەتوانێ ڕاسان لە بنکەی حیزبی بوونی خۆی بەرەو بنکەیەکی بەرفراوان و بەرفراوانتری جەماوەری ئاراستە بکات.
لەسەر بنەمای ڕاستینەی رادیکال دێموکراسی، ڕاسان وەک دیسکۆرسێکی نوێ کە هەوڵی لێک گرێدانەوەی خەباتی شاخ و شاری هەیە، پێویست ناکا کۆمەڵگا و نەزمی ئێستاکەی کۆمەڵگا وەک پڕەنسیپێکی بنەڕەتی و چەقبەستوو سەیر کات. پێویست ناکات کۆمەڵگا وەک پانتاییێکی داخراوە سەیر بکات، ڕاسان نابێ کۆمەڵگا وەک زات و جەوهەرەیەک ببینێت، بەڵکوو پێویستە تایبەتمەندیی هەردەم ڕوو لە گۆڕانی ناسنامەکان و سەقامگیرنەبوونی واتای ناسنامەی پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگا لەبەرچاو بگرێت تاکوو بتوانێ چەتری دیسکۆرسی خۆی زیاتر بکاتەوە، وەک تاکە حیزبێک قەتیس نەمێنێتەوە. هەر بۆیە ڕاسان گەر بتوانێ وەک کردارێکی جومگەبەند، کۆمەڵگا لێک بداتەوە، دەتوانێ ژنان بە داخوازییەکانی خۆیانەوە، لاوان بە داخوازییە تایبەتیەکانیانەوە، مامۆستایان و کرێکاران بە داخوازییەکانی خۆیانەوە، هێزە دیموکرات و تەنانەت ئاییندارەکانیش بە ناسنامەی خۆیانەوە لە ناو چەتری دیسکۆرسی خۆیدا جێگا بکاتەوە. ئەم سیاسەتە دەتوانێ لە دەرەوەی چوارچێوەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پانتایەکی بەرفرەتر بگرێتە خۆی.
لەم خاڵەدا دەکرێ پرسی سەرەکیی ڕاسان پێناسە بکرێت؛ خولقاندنی هەلومەرجی وەدیهاتنی دیسکۆرسێک بۆ لەدایکبوونی کردەی جەماوەری، کردەیەک دژی داگیرکاری، نادادپەروەری و هێنانە ژێر پرسیاری پەیوەندییەکانی بندەست بوون. لەم خاڵەدا ڕاسان دەتوانێ هاوکات دوو ستراتیژی دیسکۆرسیڤ بەڕێوە ببات:
یەکەم بڕەوپێدان و شۆڕکردنەوەی خەبات لە پێناو ناساندن و جیاکردنەوەی سەرکوت لە بندەستی. خەبات لە پێناو رزگاری لە سەرکوت و داگیرکاری ئاراستەیەکە بۆ جومگەبەندی کردنی پرسی دەسەڵات Soverigenty و ئاراستەی دووهەم، چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لەناو تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگادا لە خۆ دەگرێ.
دووهەم: قووڵ کردنەوە و شۆڕکردنەوەی پرسی دێموکراسی، لەبەر چاوگرتنی ئەم ستراتیژیە ئاراستەیەکی تر بەخۆیەوە دەگرێ. بە دژ نەناسینی هیچ پارتی و لایەنێکی کوردی، ئەمە -وەک لە سەرەوە باسی لێ کرا- بە هۆی پێشگرتن لە خوڵقانی قەیرانی گەورە لە ئاستی کوردستان لە دوارۆژدا وەک ناسەربازی کردنی شەڕ پێناسەی بۆ کراوە؛ ڕاسان بە پێی هەڵگرتنی ئەم ڕێبازە دەتوانێ ببێتە دارێژەری کولتورێکێ نوێی سیاسی لە کوردستان و ڕکەبەرایەتیی سیاسی وەک کایەی سیاسی بچەسپێنێ و لەم پیناوەدا ببێتە ئاڵاهەڵگری چەسپاندنی دێموکراسی لەناو کورستاندا. ئەمە لە حاڵەتی ڕوودانی هەر چەشنە بۆشاییەکی هێز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، گرینگترین خاڵ بۆ بەردەوامیی خەباتی داهاتووی کورد- نەک بە تەنیا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران- دێتە هەژمار. هیچ لایەنیک ئەزموونی تاڵ و نالەباری باشوری کوردستانی لەبیر ناچێتەوە و مەترسیی ئەم قەیرانە لە رۆژهەڵاتیش کەم نیە. لەسەر ئەم بنەمایە ڕاسان نەک تەنیا وەک شۆرشێکی چەکدارانە، بەڵکوو وەک هەڵگری دیسکۆرسێکی سیاسی-جەماوەری، دەتوانێ بە قووڵ بوونەوە لەسەر نزیک کردنەوەی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، خۆی ببێتە هۆکاری چەسپاندنی زۆرتری دێموکراسی. ئەم خاڵە بە تایبەت بۆ ڕوبەڕوبونەوە لە گەل هێزە ئێرانیەکان لە داهاتوودا خاوەن قورساییی تایبەتی خۆیەتی.
وتەی کۆتایی
ئەوەی لە ڕۆژی ئەمڕۆکە لە پانتای سیاسیی کوردستان و ئێراندا ڕوو ئەدا، سیاسەتی دەستەوەستانی و چاوەڕوانییە. چاوەڕوانییەک بۆ گۆڕانی دۆخی هەنووکەیی بەڵام لە دەرەوەی ئێرادەی سیاسیی گەلی کورد. ئەمە ڕاستیێکی سیاسییە. کورد نە لە ڕووی هێزەوە قورساییی ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامیی هەبووە، نە ئەکتەرێکی سیاسی بووە. کۆمەڵگای کوردستان و سیاسەت لە کوردستان لە ناو قەیراندایە. ئەم قەیرانە ساتە وەختی مەترسی و لەدەستدانی زۆرێک لە بەها و بایەخەکانە. لەماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، لە ماوەی ٢٠ ساڵ لە کۆتاییهاتنی خەباتی راستەوخۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، زۆرێک لە هاوبەشییەکانی کۆمەڵگا، نرخە هاوبەشەکان و ئەو جیهانە هاوبەشەی ژینگەی سیاسیی مرۆڤی کوردی لەم بەشەی وڵات پێکهێناوە، ڕووخاوە. بەڵام ئەمڕۆکە بە لەدایکبوونی ڕاسان وەک نیشانەیەک بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، دەرباز بوون لە سیاسەتی چاوەڕوانی، سەرنجی یاران و نەیارانی بۆ هەر کردەیەکی ئەم پرۆژەیە بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.
لە کات و ساتی ئێستاکەدا کە دۆخی ئێران و بە تایبەت کوردستان لە هەر ڕوویەکەوە لە قەیراندایە و قەیرانی قووڵتریشی لە ناخی خۆیدا هەڵگرتووە، ڕاسان پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی داهاتووی دوور یان نزیک، ئەو کاتەی دۆخی سیاسیی ئێران لە ناوەند بە تەواوی گۆڕاوە، ئەو کاتەی بۆشاییی هێز لە ڕۆژهەڵاتی وڵات بۆتە ئەمری واقیع، بتوانێ دیسکۆرسێکی سیاسیی ئەوەندە بەرفرە و پان و بەرین بخوڵقێنێ کە تەواوی ئەو پارت و گرووپانەی باوەڕیان بە پرسی کورد هەیە، لە ژێر چەتری خۆیدا کۆ کاتەوە، هاوکات بتوانێ لەگەڵ هێزە پێشکەوتنخوازە ئێرانییەکان، ئەوانەی باوەڕیان بە بوونی کێشەیەک بەناوی کێشەی کورد لە پانتای سیاسیی ئێراندا هەیە، بگاتە لێکتێگەیشتنێک. گرتنە بەری ئەم ستراتیژییە پێویستی بە رەچاو گرتنی دوو ئاراستەی دێموکراسی هەیە، پەیڕەو کردنی دێموکراسییەک لەناو پانتای سیاسیی کوردستان و جومگەبەندی کردنی دێموکراسییەک بۆ پانتای سیاسیی ئێران. ئەمەش لە ڕێگای تیۆریزەکردنی چەمکی ڕادیکال دێموکراسی دەستەبەر دەبێ. ئەم دوو ئاراستەیە دەبێ و دەتوانن تەواوکەرەوەی دیسکۆرسێکی سیاسی بن، واتە گەیشتن بە ئازادی و سەقامگیر بوونی دێموکراسی. ڕەنگە تەنیا بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئاسۆ دوورە، بتوانین ڕاسان بکەین بە دیسکۆرسێکی سیاسی، ئەگینا قەیران پوتانسیەلی ئەوەی هەیە خۆی لە سیمای کارەساتێکدا دووبارە کاتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە پرسەکانی ئێستاکەی ڕاسان بە پێشگریمانەکانی پێشوو وڵام بدەینەوە. هەر بۆیە دەربازبوون لە قەیرانی ئێستاکە، بە واتای دەربازبوون لە قەیرانەکانی داهاتوو نیە، ڕاسان پێویستە دوور بنوارێ و بۆ هەر قۆناخێک لە قەیران، نەخشە رێگای ئامادەی هەبێ، لە کات و ساتی ئێستادا گەرانەوە بۆ رادیکال دێموکراسی ڕەنگە باشترین تێڕوانین بێ.
سەرچاوەی ڕاستەوخۆ
Antonio Gramsci (1971) Selections from the Prison Notebooks, trans. and ed. Quintin Hoare and Geoffrey Nowell Smith, New York: International Publishers, esp. pp. 210–8, 275–6 Arendt, Hannah, (1972). Crises of the Republic. New York: Harcourt Brace Jovanovich Reinhart Koselleck (2006) ‘Crisis’, trans. Michaela W. Richter, Journal of the History of
Ideas 67: 397–400
سەرچاوەی ناڕاستەوخۆ
Habermas (1987) The Philosophical Discourse of Modernity: Twelve Lectures, trans. Frederick G. Lawrence, Cambridge, MA: MIT Press, ch. I; S.N. Eisenstandt (2000) 1977. Arendt, Hannah, Between Past and Future: Eight Exercises in Political Thought. London: Penguin Books. Chantal Mouffe, For a Left Populism,Verso, 2018 Erensto Laclau & Chantal Mouffe, Hegemony and Socialist Strategy, Toward a Radical Democratic
Politics, Verso, 2001
ژێدەرەکان
[1]Koselleck
[2]Koselleck (2006, in n. 1), pp. 358–60
[3]Antonio Gramsci (1971)pp. 210–8,275–6
[4]Arendt 1977, 174
[5]Segeregation effect
[6]Hegemony and Socialist Strategy
[7]Chantal Mouffe
Antonio Gramsci (1971) Selections from the Prison Notebooks, trans. and ed. QuintinHoare and Geoffrey Nowell Smith, New York: International
Publishers, esp. pp. 210–8,275–6 – Habermas (1987) The Philosophical Discourse of Modernity: Twelve Lectures, trans.Frederick G. Lawrence, Cambridge, MA: MIT Press, ch.I; S.N. Eisenstandt (2000)1977. – Arendt, Hannah, Between Past and Future: Eight Exercises in Political Thought. London:Penguin Books. – Chantal Mouffe,For a LeftPopulism,Verso,
2018


