ئارامتر بخوێنەوە!

فەلسەفەی سیاسیی خۆسەروەری

ژیلا موکری

ئاماژە

“کەلتووری نەتەوەیی، بژاردەکانی بەردەمی مرۆڤ واتادار دەکات  و لە هەمان کاتدا زەمینەی پێداچوونەوە و بەرهەڤدانی بۆ ساز دەکات. هەروەها ئەو پێداچوونەوە بە باوەڕ و بژاردەکانی مرۆڤ خاوەنی بەهای ئەخلاقییە و پتانسێلی ئەقڵانی بوونی مرۆڤ ئاشکرا دەکات. کەواتە لێرەدا تاکەکان بەرز دەنرخێندرێن ، بەڵام ئەوە نەتەوەکانن کە بژاردەکان دروست دەکەن و خاوەنی بەهاکانن.“

پێشەکی

ئامانجی فەلسەفەی سیاسی دابین کردنی بەختەوەرییە بۆ مرۆڤ و جیاوازە لەگەڵ تیۆریی سیاسی و هەروەها ئایدۆلۆژیی سیاسی. فەلسەفەی سیاسی لەگەڵ “بەهاکان” سەروکاری هەیە و باس لە “دەبێ” دەکات، واتە باس لە ئەو حاڵەتە ئارمانییە دەکات کە وا باشە هەبێت یان دەبێ هەبێت بۆ ئەوەی بە ژیانیکی بەرزتر و باشتر بگەین. بەڵام تیۆریی سیاسی لەگەڵ “ڕاستەقینەکان” سەروکاری هەیە و باس لە “هەیە” دەکات. واتە بە شێوەیەکی بێ لایەن تەنیا دەربارەی ڕاستەقینە سیاسییەکان دەدوێت و دەیەوێ تەکوزی و مانایان پێ ببەخشێ بەڵام بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە دۆخی هەبوو هەوڵ نادات. لە وتاری بەردەستدا لە ڕەهەندی فەلسەفەی سیاسییەوە باس لە پێویستیی هەبوونی خۆسەروەری دەکرێت بۆ نەتەوەکان و ئەوە ڕوون دەکرێتەوە کە بۆچی گرنگە نەتەوەکان لە باری سیاسییەوە خاوەنی خۆسەروەری بن؟ بە واتایەکی دیکە، خۆسەروەری چ شتێک لە ژیانی نەتەوەکان دەگۆڕێ؟ و نەبوونی خۆسەروەری لە کوێدا زیان بە نەتەوەکان دەگەیەنێت؟ هەروەها چونکە ئەم وتارە ڕەهەندێکی فەلسەفەی سیاسی ڕەچاو کردووە، هەوڵ دەدات هەبوون یان نەبوونی خۆسەروەری گرێ بداتەوە بە بەختەوەریی کۆمەڵانی خەڵک لە چوارچێوەی نەتەوەدا. شایانی ئاماژەیە کە نەتەوە یەکەیەکی مرۆیییە و بە پێێ ئەو پێناسەگەلەی بۆی کراوە، خاوەنی زمانی هاوبەش، کەلتووری هاوبەش، ڕابردووی هاوبەش، جوگرافیای هاوبەش، و ئامانجی هاوبەشە.

بۆچی نەتەوە گرنگە؟

ئەندامێتیی نەتەوەیی یەک لە گرنگترین ئەندامێتییەکانە بۆناسنامەی کۆیی و تاکەکەسیی مرۆڤ. مرۆڤەکان لە خۆیاندا پێویستیان بە کەسانێک هەیە کە لە ئەوان بچن و وەک ئەوان بژین و شێوە ژیانێکی هاوبەش ڕەچاو بکەن و کەند و لەند و یان خۆشییەکانی ژیان پێکەوە دەرباز بکەن. تەنانەت ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ گەشەی منداڵ، لە تەمەنێک بەدواوە منداڵ لەگەڵ خەڵکانی تر تێکەڵ دەبێت و خۆی لەگەڵ ئەواندا پێناسە دەکات و بۆ پێداویستی یان پرسیار یان داخوازییەکانی خۆی دەگەڕێتەوە بۆ لای ئەوان. هەروەها لە تەمەنێک بە دواوە منداڵ تەنانەت لە کاتی گەمە کردنیشدا حەز دەکات گەمەی چەند کەسی بکات و شکست یان سەرکەوتن لەگەڵ کۆمەڵدا تاقی بکاتەوە. ئەو کۆمەڵە کەسە کە لە تەمەنی منداڵیدا پێداویستییەکانی منداڵ بۆ هەبوونی هاودەم و هاویاری دەستەبەر دەکات، لە تەمەنی گەورەتر دا دەگۆڕێت. دەبێ ئەو کۆمەڵە کەسە زیاتر و بەربڵاوتر ببن، چونکە پێداویستییەکانی مرۆڤیش زیاتر و بەربڵاوتر دەبن. دەکرێ بگوترێ ئەو کۆمەڵە مرۆییە، نەتەوەیە. واتە نەتەوە وەک یەکەیەکی مرۆیی، ئەرکی پشتیوانی کردنی مرۆڤ لە ئەستۆ دەگرێت. نەتەوە دەبێتە ئەو گرووپە بەربڵاوە کە مرۆڤ ئیدی دەتوانێت تێیدا خۆی بناسێ، خۆی پێناسە بکات، پێداویستییەکانی دەستەبەر بکات و سەرکەوتن و شکست لە ئاستی بەرزتردا تاقی بکاتەوە.

ئەندامێتیی نەتەوەیی وەک سەرچاوەیەکی گرنگ و سەرەکیی ناسنامەی تاکەکان دەردەکەوێ و بە چەند هۆکار دەتوانێ ناسنامەیەکی فرەڕەهەندی بەربڵاوی دوورمەودایان پێ بدات. سەرەتا مرۆڤ لە نێو نەتەوەدا دێتە دونیا و کاتێکیش دێتە دونیا، بە شێوازی خۆکرد ئیدی ئەندامی نەتەوەکەی خۆیەتی و هیچ کەس ناتوانێ ئەندامێتی نەتەوەیی لە هیچ کەس بستێنێتەوە. مرۆڤ تەنانەت ئەگەر لە وڵاتی خۆیشی دەربکرێت و یان خۆی رێگای ئاوارەیی هەڵبژێرێت و لە شوێنێکی تر نیشتەجێ ببێت، ئەوا هەر وەک ئەندامی نەتەوەی خۆی دەمێنێتەوە و هەر بەو ناونیشانەش خۆی دەناسێنی. لێرەدا نامەوێ بڵێم نەتەوە دیاردەیەکی زاتی و سروشتییە، بەڵام دەتوانم ئەو ئیدیعایە بکەم کە ناسنامەی نەتەوەیی ئاوێتەی هەبوونی مرۆڤە و هیچ هێزێێک ناتوانێ لێێ داببڕێت.

لە لایەکی ترەوە، ئەو ئایدۆلۆژیانەی بانگەوازی بەختەوەری و ژیانی باش بۆ مرۆڤەکان دەکەن، هەر کامیان تەنیا بەشێک لە ناسنامەی مرۆڤ لە خۆ دەگرن و یان بەشێک لە ناسنامەی مرۆڤ بە هەند وەردەگرن. بۆ نمونە، لیبراڵیزم تەنیا جەخت لەسەر تاکایەتیی مرۆڤ دەکاتەوە و پێی وایە کە تاک بە تەنیا و بێ هەبوونی کۆمەڵیش دەتوانێ بەختەوەر بێت و خۆیشی دەبێ بەس بەرژەوەندیی تاکەکەسیی خۆی ڕەچاو بکات. فیمێنیزم تەنیا جەخت لەسەر لایەنی جێندەر دەکاتەوە (کە ئەمڕۆ تەنانەت مرۆڤەکان بە ئاسانی دەتوانن ڕەگەزی خۆیان بگۆڕن). مارکسیزم تەنیا بەشی ئەندامێتیی چینایەتی لەبەر چاو دەگرێت و دەخوازێ کە چینایەتی باڵ بکێشی بەسەر هەموو ئەندامێتییەکانی دیکەدا، (لە کاتێکدا مرۆڤەکان دەتوانن چینی خۆیان بگوازنەوە بۆ چینی باڵاتر)، بەڵام نەتەوە هاوکات دەتوانێ هەموو ئەو ئەندامێتیانە لە خۆ بگرێت و هەروەها ئەندامێتیی نەتەوەیی وەک باس کرا، نە کەس دەتوانێ لە مرۆڤی بستێنێتەوە و نە وەک ئەندامێتیی جێندەری و چینایەتی دەکرێ خۆت کۆتایی پێ بهێنی.

بێجگە لەوانەش ئەندامێتی نەتەوەیی ئیمکانی ژیانی باش واتە ژیانێکی ئەخلاقی بۆ مرۆڤ پێک دەهێنی و لەو ڕێگەیەوە یارمەتیی گەشەی کەسێتی و ئەخلاقیی تاکەکان دەدات. ئەم کارەیش لە ڕێگەی ئەو کەلتوورەوە دەستەبەر دەبێت کە تایبەتە بە ئەو نەتەوە و بە پێێ دۆخی جیاوازی زمانی و مێژوویی و جوگرافی و ئەنترۆپۆلۆژی و سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتیی جیاواز، هەر نەتەوەیەکیش خاوەنی کەلتوورێکی جیاوازە و تەنانەت ئەگەر هەموو فاکتەرەکانیش لە بەر چاو نەگرین، خودی زمان دەتوانێ سنووری کەلتوورە نەتەوەییەکان دیاری بکات. جا بۆ ئەوەی بتوانین باس لەوە بکەین کە ئاخۆ کەلتووری نەتەوەیی چلۆن یارمەتیی گەشەی کەسێتی دەدات، دەکرێ دوو دانە کارکردی کەلتووری نەتەوەیی بخەینە بەر چاو. یەکەم: کەلتووری نەتەوەیی پانتاییەک فەراهەم دەکات بۆ ئەوەی مرۆڤەکان لەو پانتاییەدا ئیمکانی هەڵبژاردنیان ببێت وئەگەریش ئازادی بە واتای ڕێژەی بژاردەکانی بەر دەمی مرۆڤ بزانین، کەواتە کەلتووری نەتەوەیی پارێزراوتر و بەربڵاوتر، واتە ئیمکانی زێدەتر و بەدوایدا تاکی ئازادتر.

 دووهەم: کەلتووری نەتەوەیی، بژاردەکانی بەردەمی مرۆڤ واتادار دەکات  و لە هەمان کاتدا زەمینەی پێداچوونەوە و بەرهەڤدانی بۆ ساز دەکات. هەروەها ئەو پێداچوونەوە بە باوەڕ و بژاردەکانی مرۆڤ خاوەنی بەهای ئەخلاقییە و پتانسێلی ئەقڵانی بوونی مرۆڤ ئاشکرا دەکات. کەواتە لێرەدا تاکەکان بەرز دەنرخێندرێن؛ چونکە خاوەنی ئیختیارن و خاوەنی بەرژەوەندی، بەڵام ئەوە نەتەوەکانن کە بژاردەکان دروست دەکەن و خاوەنی بەهاکانن. کەواتە دەکرێ نەتەوەکان وەک یەکەی سەرەکیی بەهاکان بێنە ئەژمار.

لە پێناسەی نەتەوەدا گوترا کە یەکێک لە فاکتەرەکانی نەتەوە، هەبوونی ئامانجی هاوبەشە و ئەو ئامانجە هاوبەشە لە سەرەی یەکەم دا مەیلە بە خۆسەروەری و ژێردەست نەبوون. واتە نەتەوە وەک گشتییەتێک هەوڵی دەستخستنی خۆسەروەری دەدات وئەو ئامانجە هاوبەشەش، ڕێگا بۆ تاکەکان خۆش دەکات تا لە هەوڵی بە دەست هێنانی خۆسەروەری و چێ کردنی پانتاییەکی گشتیدا بن تا لەوێدا وەک مرۆڤ بتوانن بیر و هزر و تواناییی خۆیان تاقی بکەنەوە وبە ئاستێک لە خۆناسین بگەن. کەواتە لێرەدامەیلی خۆسەروەری تاکەکەسی گرێ دەدرێتەوە بە مەیلی خۆسەروەریی کۆیی یان نەتەوەیی. چونکە تاک وەک پێکهێنەرێکی نەتەوە، پێویستی بە بەستێنێک هەیە بۆ دەربڕینی خۆسەروەری و ئازادیی تاکەکەسی خۆی لە ڕێگای بەدەست هێنانی خۆسەروەری و ئازادی کۆییەوە. کەواتە لە یەک ڕستەدا دەکرێ بڵێین نەتەوە گۆڕەپانێکی باشە بۆ تاقی کردنەوەی مەیل و توانا و تایبەتمەندیی خۆسەروەری لای تاکەکان.

لە لایەکی ترەوە ئەندامێتیی نەتەوەیی، ڕێگری دەکات لە نامۆیی، گۆشەگیری، و گومناوی. واتە ناسیۆنالیزم بە پتەوکردنی ئایدیای یەکگرتوویی، ئەو گەرەنتییە بە تاکەکان دەبەخشێت کە ئەوان تەنیا نین، کەسانێک هەن ئاگایان لێیانە و بە هەمان شێوەش ئەوان دەبێ ئاگایان لە کەسانێک بێت. جا ئەم بابەتە بە ڕوونی لە ژیانی نەتەوەکاندا دەبینرێت. بۆ نمونە، کاتێک کەسیک حەزی لە وەرزشی تۆپی پێ هەیە و دەبێت بە یاریزانی تۆپی پێی نەتەوە(وڵات)ی خۆی، بە هەزاران کەس هەن کە لە کاتی یاری کردندا هانی دەدەن و پشتگیریی لێ دەکەن، هەروەها هاندەرانی ئەو یاریزانەش کە ئەندامەکانی نەتەوەکەنی، پێویستییان بە کەسانێک هەیە لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی وەرزشدا وەک نوێنەری ئەوان دەربکەون و سەرکەوتن بۆ هەمووان بە دەست بهێنن. بەو پێیە دەکرێ ئەو ئیدیعایە بکەین کە سەرکەوتن و شکست ئەو دوو ئەزمونەن کە هەموو ئەندامانی نەتەوە پێکەوە ئەزمونیان دەکەن. سەرکەوتنی هاونەتەوەکەم من شاد و سەربەرز دەکات وەک چۆن شکست و ئابڕوچوونی ئەو بۆ منیش ڕیک ئەو مانایەی هەیە. کەواتە نەتەوە هیوای نوێ بوونەوەی تاکەکەسی بە تاکەکانی خۆی دەبەخشێت لە ڕێگای نوێ بوونەوەی نەتەوەیییەوە. بەو شێوازە کە کاتێک نەتەوە دادەڕمێ، تاکەکانیش بە دوایدا دادەڕمێن و کاتێک نەتەوە دەگەشێتەوە، تاکەکانیش هەروەها. جا ئالێرەدا دەکرێ نەتەوە بشوبهێندرێ بە بنەماڵە. لە ئاستی بنەماڵەشدا سەرکەوتن و یان شکستی خوشک و براکانمان دەتوانێ ئێمە سەربەزر یان سەرشۆڕ بکات. وێکچوونێکی دیکەی بنەماڵە و نەتەوەش ئەوەیە کە ئەندامێتیی نەتەوەیی هەستی هاوبەشێتی دەبەخشێت بەڵام جیاوازییە جێندەری و چینایەتییەکان ناسڕێتەوە. تەنیا وەک چەترێکی گەورە وایە بە هەر ستاتۆ و ڕەگەز و چینێکەوە دەکرێ خۆتی تێدا ببینیەوە.

تایبەتمەندییەکی گرنگی دیکەی ئەندامێتیی نەتەوەیی لە گرنگیی خودی ناسیۆنالیزمەوە دێت. سەرەتا ئەوە کە ناسیۆنالیزم وەک ئیزمەکانی دیکە تەنیا یەک ئایدۆلۆژیی سیاسی نییە، چونکە دەتوانێ چەندین فۆڕمی جیاوازی هەبێت. لەوانە: ئایینی، کۆنسەرڤاتیڤ، لیبراڵ، فاشیستی، کۆمۆنیستی، کەلتووری، سیاسی، یەکخەرانە، جوداییخوازانە، دیاسپۆرا، پان و هتد. دوای ئەوەش ناسیۆنالیزم تەنیا جەخت لەسەر یەک خاڵی ناسنامە ناکاتەوە. واتە وەک باس کرا ناسیۆنالیزم باس لە یەک لایەنی ناسنامەی مرۆڤ ناکات وەک ئەندامێتیی جێندەری یان چینایەتی یان ناوچەیی، بەڵکوو داوای ئەندامێتیی نەتەوەیی دەکات کە هاوکات دەتوانێ هەموو ئەندامێتییەکانی سەرەوەش لە خۆی بگرێت. کەواتە ئەندامێتیی نەتەوەیی بە پێچەوانەی ئەندامێتیی جێندەری، چینایەتی، یان ناوچەیی، هاوکاریی تاک دەکات بۆ دۆزینەوەی جێگایەک بۆخۆی نەک تەنیا لە جیهانێکدا کە تێیدا دەژی، بەڵکوو لە زنجیرەیەکی نەپساوەی بووندا.

​خۆسەروەری نەتەوە چی دەکات؟

وەک لە سەرەوە باس کرا، نەتەوەکان لە چەندین ڕێگا و دەرفەتی جۆراوجۆرەوە پڕبەها و گرنگن و یارمەتیی پێگەیشتنی تاکەکەس و کۆمەڵ دەدەن. بە واتایەکی تر، نەتەوەخوازی نە بە تەنیا کۆمەڵ بە گرنگ دادەنێت و نە بە تەنیا تاک، بەڵکوو پردێک لە نێوان تاک و کۆمەڵدا دروست دەکات. خۆسەروەری وەک دەسەڵاتی تاکەکانی نەتەوە بەسەر خۆیاندا، وەک بەدەستەوە گرتنی جڵەوی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسیی خۆت، وەک زاڵبوون بە سەر داهاتوو و چارەنووسی خۆتدا، وەک پارێزگاری لە کەلتوور و بەها و خاک و ئاوی خۆت لە ئاست دەستدرێژیی ئەوانی تردا دەتوانێ ببێتە پارێزەری هەموو ئەو تایبەتمەندییانە کە بۆ نەتەوە باس کران و لەو ڕێگایەوە یارمەتیی تاک بدات، کە بریتین لە:

یەکەم:

پاراستنی ئەو یەکە مرۆیییە کە دەرەتانی تەناهی و پێوەندارێتی و پرستیژ بە تاکەکان دەبەخشێت.

​

دووهەم:

پاراستنی ئەو ئیمکانە کە مرۆڤەکان لە نێو نەتەوەدا بتوانن ببن بە خاوەنی ناسنامەیەکی فرەڕەهەندی فرەچەشن کە هەموو وردەناسنامەکانی دیکەشیان لە خۆ بگرێت.

​

سێهەم:

گەشەپێدان و هەروەها پاراستنی بەستێنی کەلتووری نەتەوەیی، کە یارمەتیی گەشەی ئەخلاقی و ئەقڵانیی مرۆڤەکان دەدات بەو شێوەیە کە هەم بژاردە دەخاتە بەر دەستیان و هەم بژاردەکانیان بۆ واتادار دەکات. ئەم تایبەتمەندییەی نەتەوە وەک بەستێنی ئازادی و مومارەسەی ئازادیی تاکەکانیش دێتە ئەژمار.

​

چوارەم:

پاراستنی زەمینەی خۆسەروەری بۆ تاکەکان و یارمەتیدانیان کە لە ناو مەیل و خواستی خۆسەروەری کۆیی دا کە وەکوو تاک ئەو پتانسێلەیان ئاشکرا بکەن وخۆیان دەربخەن یان باس لە خۆیان بکەن.

​

پێنجەم:

پاراستنی فەزایەک کە تاکەکان لە تەنیایی و گۆشەگیری و بێکەسی دەرباز دەکات و ئەو ئیمکانە دەخاتە بەر دەمیان تا لەگەڵ کەسانی تر و لە ڕێگای ئەوانەوە گەشە بە توانا شەخسییەکانی خۆیان بدەن.

​

شەشەم:

پاراستنی نەتەوە وەک سەرچاوەیەکی نەگۆڕی ناسنامەی تاکەکەسی. ناسنامەیەک کە بێ هیچ نێوانگیرییەک لە سەرەتای لەدایکبوونەوە بە مرۆڤ دەبەخشرێ.

بۆچی کورد دەبێ ببێتە خاوەنی خۆسەروەری؟

باسی خۆسەروەری لە هزری سیاسیدا بە دوو جۆر دەکرێ بێتە بەر باس. لە لایەکەوە وەک باسێکی مافناسانە باس لەو بابەتە دەکرێت کە لە ژێر ناوی “مافی دیاری کردنی چارەنووس”دا دێتە ئاراوە. واتە نەتەوەکان مافی ئەوەیان هەیە کە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. بێجگە لەوەش لەم ڕەهەندەوە کە لۆژیکێکی سەلبی و بەرەنگارانەی هەیە باس لەوە دەکرێت کە نەتەوەکان ئەگەر لە ژێر هەڕەشەی ڕاستەوخۆی توانەوە و لەناوچوون و ژێنۆسایددا بوون، ئەوا دەتوانن باس لە مافی دیاری کردنی چارەنووسیان بکەن. بەڵام سەیر ئەوەیە کە تەنیا لایەنی بەرچاو و دیاری توانەوەیان مەبەستە کە ئەویش کوشتن و بڕینی بە ئاشکرایە. نە باس لە تاڵان کرانی سەرچاوە ماددی و مەعنەوییەکان دەکات و نە باس لە داسەپاندنی کەلتووری و تواندنەوەی زمانی دەکات؛ واتە ئارگیومێنتێکی ناتەواوە. بەڵام لە لایەکی ترەوە لە دەلاقەی فەلسەفەی سیاسییەوە دەکرێ باس لە خۆسەروەری بکرێت کە لێرەدا باسگەلی مافناسانە و شەرت و مەرج هەڵناگرێ، بەڵکوو وەک بابەتێکە بۆ گەیشتنی مرۆڤەکان بە ژیانی باش. لێرەدا کە مەبەستی وتاری بەردەستیشە، خۆسەروەری ماف نییە، بەڵکوو خۆسەروەری ئامرازێکە بۆ پاراستن و گەشەپێدانی زۆر ئیمکان و دەرەتان کە هاوکاریی تاک دەکەن بۆ ئەوەی ژیانێکی باش و بەختەوەرانە بباتە سەر. واتە نەتەوە وەک خاڵی سەنتەر وایە لە ژیانی مرۆڤدا و کارکردی جۆراوجۆر و فرەی هەیە بۆ ڕێکخستن و پاراستنی ژیانی مرۆڤ.

ڕاستە کورد تەنانەت لە دوای زۆر ئەزمونی ژێنۆساید و هەوڵی ئاشکرای لەناوبردنیشی دیسان بە دەنگێکی بەرز و زوڵال باسی لە پێویستیی خۆسەروەری نەکردۆتەوە و بە هێندێک دەسکەوت و دروشمی کەم و پچڕپچڕ ڕازی بووە، بەڵام ئەگەر نەتەوەی کورد بیهەوێت لە نەتەوەیەکی پاسیڤی چاولەدەم و چاولەدەستی کەسانی تر قوتار ببێت، ئەوا دەبێ پرسی خۆسەروەری بهێنێتە بەر باس و خواس. ئەویش نەک وەک مافێک یان وەک بژاردەیەک لە وەڵامی ئەو هەوڵانەی بۆ تواندنەوەی فیزیکی و کوشتاری سیستماتیک بە سەریدا سەپێنراوە، و نە وەک کارتێکی فشاری سیاسی بۆ دیپلۆماسیی ناوچەیی، بەڵکوو وەک بابەتێکی ئەخلاقی. وەک چەمکێک بۆ ڕۆنانی مەعریفەتێکی نوێ و هاتنە ناو کایەی مەعریفی بۆ قوتار بوون لە مەعریفەتی زاڵ کراوی ئەوانیتر و وەک ئامرازێک بۆ دەستەبەر کردنی بەختەوەری بۆ مرۆڤی کورد. کەواتە هەر بزووتنەوە یان شۆڕشێک کە لە کوردستانی بندەست دا بیهەوێ خۆی دابڕێژێ و بیهەوێ کۆمەڵگای کوردستان بەرەو ئاقارێکی باشتر ببات، نابێ لەو بابەتە خافڵ بێت کە داڕشتنی خۆسەروەری وەک چەمکێکی بنگەهی و لە ڕەهەندی فەلسەفەی سیاسییەوە لە کورتماوەدا دەتوانێ هەستی بڕوابەخۆبوون و مرۆڤی تەواو بوون بۆ مرۆڤی کورد بگێڕیتەوە و لە درێژماوەدا کەرامەت و بەختەوەری بۆ مرۆڤی کورد دابین بکات.

​

​

سەرچاوەکان

– Christopher Heath Wellman(2005), a Theory of Secession: The Case for Political self -determination, Cambridge University Press

-David Miller (1993), “in Defense of Nationality”, Journal of Applied Philosophy, 10, pp. 3-16

-Margaret Moore (2003), the Ethics of Nationalism, Oxford University Press

-William Bloom(1990), Personal Identity, National Identity, and International Relations, Cambridge University Press

-Yael Tamir (1995), “the Enigma of Nationalism”, World Politics, v 47 n 3, p. 418(23)