ئارامتر بخوێنەوە!
کوردایەتی دژ بە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییە
سارۆ ئەردەڵان
ئاماژە
“من لەم توێژینەوەی خۆمدا دەمەوێ ئەم مژارە لە ڕووی بواری تیۆریی، ئابووری – سیاسیی مارکسیزمەوە پەرە پێ بدەم و بەڵگە بهێنمەوە کە هەر چوار وڵاتی کۆلۆنیالیستی کوردستان کە بریتین لە تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا، کوردستانیان وەک کۆلۆنییەکی نێوخۆیی بە مەبەستی گەشەسەندنی ناوەندی وڵاتەکەی خۆیان بەکار هێناوە.“
پێشەکی
کاتێک باس لە کوردایەتی دەکەین، سەرەتا مەبەستمان لە ڕەهەندێکی سیاسییە کە ئامانجەکەی سازکردنی دوڵەت-نەتەوە لەسەر خاکی کوردستانە. هەر جۆرە کردارێکی ئابووریی، کۆمەڵایەتی وکولتووری لە چوارچێوەی ئەم ڕەهەندە سیاسییەدا مانای کۆتایی بەخۆیەوە دەگرێ. هەروەها لە مانایەکی بەرفراوانتردا، ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی جگە لە ناسیۆنالیزم (ڕەهەندی سیاسی)، هەڵگری چەندین ڕەهەندی دیکە وەک سۆسیالیسم، فێمینیزم و ژینگەپارێزییە.[1] ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی دەیەوێ دابڕانێک لەگەڵ ئەو سیستەمانەدا ساز بکا کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا و بە ناوی دەوڵەت – نەتەوەی مۆدێرنەوە خاکی کوردستانیان بەکۆلۆنی گرتووە. لێرەدایە کە کوردایەتی دەبێ وەک ئایدیۆلۆژییەک بۆ ڕزگاریی لە هەر چوار پارچەی کوردستان سەیر بکەین و باشترە وەک جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی ناوی لێ ببەین. واتە ئەگەر ئامانجی یەکەم سەربەخۆیی بێ، ئامانجی گرنگتر و کۆتایی ڕزگارییە. بۆ ڕزگاریی کورردستان پێویستە لە سیستەمی کۆلۆنیالیزم تێبگەین و بزانین ئەو میکانیزمانە چین کە سیستەمی کۆلۆنیالیستی کەڵکیان لێ وەردەگرێ تاکوو درێژە بە دووانەی کۆلۆنیالیست/بەکۆلینکراو بدا.[2]
دوکتور قاسملوو لە هەر دوو کتێبی تیۆریکی خۆیدا، واتە کوردستان و کورد(١٩٦٣)[3]، و کورتەباسێک لەسەر سۆسیالیسم(١٩٨٣)[4]پێیوایە کە ئێمە لە کوردستان لەگەڵ دوو کێشە بەرەوڕووین: ستەمی نەتەوایەتی و ستەمی چینایەتی. چارەسەری ستەمی نەتەوایەتی لە ئێران ئەوەیە کە خودموختاری بۆ کورد دابین بکرێ و ستەمی چینایەتی بە چەسپاندنی سیستەمێک لەسەر بنەمای سۆسیالیسم لە درێژخایەندا چارەسەر دەبێ. هەرچەند چارەسەری قاسملوو بەتایبەت بۆ ڕۆژهەڵاتە، بەڵام دیارە ئەو ژیرانە دۆخی هەموو کوردستانی لەبەر چاوە. هەروەها ئەو بۆ یەکەم جار کوردستان (کوردستانی گەورە) وەک ناوچەیەکی موستەعمەرە سەیر دەکا.[5] بۆیە باشترە سەرەتا مەبەستی قاسملوو لە چەمکی کۆلۆنیالیزم شی بکەینەوە، ئەو دەبێژێ: “یەکێک لە گرنگترین دیاردەکانی سەردەمی ئێمە ڕووخانی سیستمی موستەعمەراتییە. نەتەوە ژێردەستەکان یەک لە دوای یەک ڕزگار دەبن… بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تا ئێستاش هێندێک مەڵبەند لە ژێر دەسەڵاتی ئیستیعماردا ماون. تەنیا نەتەوەیەکی گەورەی ئەو مەڵبەندە کە تا ئێستا ڕزگار نەبووە و لە مافی نەتەوایەتی و سەربەخۆیی سیاسی بێبەشە، نەتەوەی کوردە. هەرچەند کوردستان بە مانای تەواوی وشە موستەعمەرە نییە، بەڵام باری سیاسیی کوردستان زۆر لەوە نزیکە. بێجگە لەوەش کە کوردستان لە نێو چەند وڵاتدا دابەش کراوە.”[6] قاسملوو پێیوایە کە کوردستان کۆلۆنی دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکانە و ئەو دەوڵەتانەی کە ئیستا لە تورکیا، ئێران و عێراق لەسەر کارن بەڕواڵەت سەربەخۆن و هەموویان بەکرێگیراوی گەورەهێزەکانی ئامریکا، بریتانیا و فەڕانسەن.[7] هەرچەند ئەم کۆلۆنیالیزمە ناڕاستەوخۆیە، بەڵام نەتەوەی کورد وەک نەتەوەکانی دیکە دەبێ خۆی لە ستەمی نەتەوایەتی ڕزگار بکا کە ئیمپریالیستەکان بە سەریاندا سەپاندوویانە.
دواتر زانایەکی ناودار بە ناوی ئیسماعیل بێشکچی، لە تێزەکەی خۆیدا بە ناوی کوردستان کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتی (١٩٩٠) نیشانی دەدا کە نابێ باس لەوە بکەین کە کوردەکان لە وڵاتەکانی تورکیا، ئێران و عێراق کەمینەن، بەڵکوو ئەوان لەسەر خاکی خۆیان زۆرینەن و ئەوان لەبەر سیاسەتەکانی ئەو دەوڵەت نەتەوانەی کە لە خزمەت ئیمپریالیزمدان چەوساونەوە و بەکۆلۆنی کراون. ڕوانگەی بێشکچی نزیکە لە هەمان پارادایم کە قاسملوو تیایدا شرۆڤەی خۆی ئەنجام دابوو، بەڵام دەکرێ بوترێ کە ئەو زیاتر جەخت لەسەر سیاسەتەکانی کەمالیزم، دەوڵەتە نەتەوەکانی ئێران و عێراق بۆ پاکتاوکردنی کورد دەکات. هەرچەند بێشکچی کەمتر باس لە باری ئابووری دەکا و ڕوانگەی تیۆریکی دیار نییە، بەڵام لە ڕوانگەیەکی مێژوویی و کولتوورییەوە بە وردی نیشانی دەدا کە دۆخی بەکۆلۆنیبوون چ کاریگەرییەکی نەرێنیی لەسەر نەتەوەی کورد و کوردستان داناوە.[8]
من لەم توێژینەوەی خۆمدا دەمەوێ ئەم مژارە لە ڕووی بواری تیۆریی ئابووری – سیاسیی مارکسیزمەوە پەرە پێ بدەم و بەڵگە بهێنمەوە کە هەر چوار وڵاتی کۆلۆنیالیستی کوردستان کە بریتین لە تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا، کوردستانیان وەک کۆلۆنییەکی نێوخۆیی بە مەبەستی گەشەسەندنی ناوەندی وڵاتەکەی خۆیان بەکار هێناوە. واتە، کاتێک ئەم دەوڵەت نەتەوە مۆدێرنانە ساز بوون، لەبەر گەشەسەندنی خۆیان پێویستیان بوو کە هەندێک لە ناوچەکانی ناو وڵاتە نوێیە دەستکردەکەی خۆیان بە کۆلۆنی بگرن. هاوکات بە هەمان ئەندازە ناوچە ناوەندییەکانی ئەو چوار وڵاتە گەشەی دەسەند، کوردستان وەک ناوچەیەکی بەکۆلۆنیکراو بەرەو گەشەنەکردنێکی سیستەماتیک هەنگاوی دەنا. کۆلۆنیالیست لە ڕێگەی بەکۆلۆنی کردنی کوردستان و کەڵک وەرگرتن لە هێزی کار و سەرچاوە ماددییەکان، کوردستانی وەک ناوچەیەکی دواکەوتوو لە ڕووی ئابووری و پیشەسازییەوە هێشتووەتەوە.
هەروەها من هەوڵ دەدەم ڕوونی بکەمەوە کە چۆن ئەم گەشەی لاسەنگە (Uneven development) بووەتە هۆی ئەوەی نەتەوەی کورد لە فیکری سازکردنی جووڵانەوەی نەتەوەیی خۆیدا بێ، بەرخۆدانێکی بەربڵاو و درێژخایەن ساز بکا تاکوو لە دۆخی نابەرابەر لەگەڵ نەتەوەی کۆلۆنیالیست ڕزگاری ببێ. بە واتایەکی تر کاتێک کوردستان لە ڕێگەی سیستەمی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییەوە دەچەوسێتەوە، ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی هەوڵ دەدا پێگەیەکی فیکری بۆ دەربازبوون لە دۆخی نابەرابەر بدۆزێتەوە و تەنیا دابڕانی وابەستەیی لەگەڵ ناوەند کێشەکە چارەسەر دەکات.
کوردستانی پەراوێزخراو وەکوو کۆلۆنییەکی نێوخۆیی
خەڵکی (گەل) کوردستان بۆ ماوەی چەندین سەدە هەستی خۆشەویستیی نیشتمانیان هەبووە و لە کوردستان خاوەنی دەسەڵاتی خۆیان (وەک میرنشینەکان) بوون، بەڵام تاکوو کاتی سەدەی نۆزدەیەم و بەتایبەت لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە (و بە چڕی پاش جەنگی یەکەمی جیهانی) ئەم خۆبەڕێوەبەرییانە (Self-governance) مەترسیی لەناوچوونیان لەسەر ساز نەبوو و گەلی کورد هەستی بەوە نەکردبوو کە دەبێ پارێزگاری لە سەروەریی (Sovereignty) خۆی بکا. سەرەتا کاتێک ئیمپراتوریی عوسمانی و پاشایەتیی قاجار لە بەرامبەر ڕۆژئاوادا بەرەوڕووی شکەستی بەردەوام دەبوون، ڕێگەچارەیان لە چڕکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەند، سازکردنی دامودەزگای ئیداری مۆدێرن، تەیارکردنی سوپا و بەگشتی کۆنتڕۆڵی زیاتر بە سەر هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا دەبینی و هەر بۆیە میرنشینەکان بەرەو لاوازی و نەمان ڕۆشتن (تەنزیماتی عوسمانی و مەشروتەی قاجار). بۆ نموونە شۆڕشەکانی شێخ عەبیدوڵڵا نەهری و سمکۆ لە هەمان چوارچێوەی قەبوڵ نەکردنی دەسەڵاتی بێگانە بە سەر کوردستان ساز بوو؛ واتە لە کوردستان خواستێکی حکومەت بە سەردا نەکران هەبووە کە تەنانەت پاشخانەکەی لە کتێبی مەم و زینی ئەحمەدی خانیدا دەبینرێ. لەم قۆناغەدا کوردستان لە لایەن ئەو دوو حکومەتەوە داگیر کراوە و ناوبەناو لە کوردستانیش حکومەتی خۆجێیی ساز دەبێ و لەناو دەچی.
دوابەدوای سازبوونی نەتەوەکانی فارس، تورک و عەرەب و هەڕەشەی دەوڵەت – نەتەوەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا بۆ سەر گەلی کورد لە ناوچەکە، هەستی کوردایەتی لە نێوان گەلی کورد گەشەی کرد.[9] لێرەدایە دەتوانین باس لە پەرەسەندنی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کورد (کوردایەتی) بکەین کە لە ئەنجامیدا گەل وەکوو نەتەوە (people as a nation) خاوەنی ناسنامەیەکی هاوبەش دەبێت. هەروەها ئەم دەوڵەتانە کە ئایدیۆلۆژی سازکردنی نەتەوەیەکی یەکدەستیان هەبوو جگە لە پەراوێزخستنی نەتەوەی کورد، کوردستان و نەتەوەی کوردیان بەکۆلۆنی گرت تا لە ڕێگەیەوە پرۆژەی گەشەسەندنی وەڵاتەکەیان خۆیان خێراتر بکەن. هەر بۆیە هێزی مرۆیی، وزە و سەرچاوە نیشتمانییەکانی کوردستانیان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوەندی دەسەڵات بەکار دەهێنا.[10] ئەم دەوڵەتە نوێیانە، بە مەبەستی بەهێزکردنی فەرمانڕەوایی خۆیان، دەسەڵاتیان لە ناوەند چڕ کردەوە و بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی ئابووریی خۆیان لە ناو سنوورەکانی دەوڵەتەکانیاندا پێویستیان بە چەند کۆلۆنییەک هەبوو. دۆخی کوردستان لەم قۆناغەدا و هەتاکوو ئیستا لە دۆخی کۆلۆنیالیزمدا ماوەتەوە و نەتەوەی کورد لە لایەن نەتەوە کۆلۆنیالیستەکانەوە بەکۆلۆنی گیراوە.
بەکۆلۆنی کردنی هەندێک ناوچە لە ناو سنوورەکانی دەوڵەت نەتەوەی مۆدێرندا وەک کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی ناوی لێ دەبرێ.[11] جیاوازیی سەرەکیی ئەم بیرۆکەیە لەگەڵ کۆلۆنیالیزم لەوەدایە کە سەرچاوەی چەوساندنەوە و کۆنتڕۆڵ کردن لەمیاندا لە دەرەوەی سنوورەکانی دەوڵەت نەتەوەدایە بەڵام لە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لە ناو سنوورەکانی یەک دەوڵەت نەتەوەدا یەک یان چەندین ناوچە وەک کۆلۆنی هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکرێ. من پێموایە هەر چوار پارچەی کوردستان باکوور، ڕۆژهەڵات، باشوور و ڕۆژئاوا لە لایەن دەوڵەت نەتەوەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریاوە وەک ناوچەیەکی بەکۆلۆنیکراو هەڵسووکەوتیان لەگەڵ کراوە. دەکرێ بوترێ لە سازکردنی ئەم دەوڵەتانەدا و دوای جەنگی یەکەمی جیهانی کوردەکان پەراوێز خراون و جگە لە ماوەیەکی کەم لە عێراق لە ڕووی سیاسییەوە هیچ بەشدارییەک بە کوردەکان نەکراوە کە لە ناوەندی بڕیاردانانی حکومەتەکاندا بەشدارییان هەبێ. هاوکات کوردستان وەک یەکەیەکی سیاسی – جوگرافیایی تێکەڵ بە ئەم دەوڵەتە نوێیانە کراوە و لە ڕووی سیاسییەوە کیانێکی سەربەخۆی نەبووە.
بەڵام هەتاکوو تێکەڵبوونی سیاسی، چەوساندنەوەی ئابووریی پێ زیاد نەکرێ، ناتوانین باس لەوە بکەین کە کوردستان وەک کۆلۆنیی ئەم دەوڵەتانەی لێ دەردێت. ناوچە بەکۆلۆنیکراوەکان هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی پیشەسازی لە ناوەندی سیاسی ئەم وڵاتە نوێیانە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر سەربەخۆیی خۆیان لە کیس دەدەن و وابەستەییەک لە نێوان ناوچە پەراوێزخراوەکان لەگەڵ ناوەند ساز دەبێ. ئەم وابەستەییە پێکهاتەییە و لە ڕوانگەی هێشترەوە هەڵگری چەندین تایبەتمەندییە: “بازرگانی و ئاڵوگۆڕی ئابووری لە نێوان پەراوێز بەرەو قۆڕغکردن لە لایەن ناوەندەوە دەڕوات. قەرزی بانکیش دەستی بە سەرداگیراوە. کاتێک ئاسۆی ئابووری ڕوون دەبێتەوە بانکدارەکان، بەڕێوەبەران و خاوەن کارەکان لە نێو خەڵکانی ناوەنددا هەڵدەبژێردرێن. ئابووریی پەراوێز ناچار دەکرێ تەواوکەری گەشەی ناوەند بێ و کەواتە بە بازاڕە دەرەکییەکان وابەستە دەبێ. بە شێوەی گشتی، ئەم ئابوورییە پشتی بە هەناردەکردنی یەک بەرهەمی سەرەکی وەکوو کشتوکاڵ یان کانزاکان دەبەستێت. جووڵەی هێزی کاری پەراوێز، زۆربەی کات بە شێوەی دەرەکی دەستنیشان دەکرێ. هەر وەکوو چاوەڕوان دەکرێ، کۆچبەری و گواستنەوەی ئێجگار زۆری کرێکارەکانی ناوچە پەراوێزخراوەکان لەبەر هۆکاری بەرز و نزمیی نرخی ئەو بەرهەمانەیە کە هەناردە دەکرێن. وابەستەیی ئابووری لە ڕێگەی پێوەری یاسایی، سیاسی و سوپاییەوە تۆکمەتر دەکرێتەوە… هەڵاواردنی نەتەوەیی لەسەر بنەمای زمان، ئایین یان شێوازە کولتوورییەکانی دیکە بوونی هەیە.”[12] لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین ئاماژە بە دوو تەوەری سەرەکیی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی بکەین:
(١) دابەشکردنی هێزی کار (The division of labor): هێزی کاری ناوچەی بەکۆلۆنیکراو لە لایەن دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستەوە بۆ ناوەند دەگوازرێتەوە. لەم گواستنەوەیەدا دوو مەبەستی سەرەکی بەدی دەکرێ، سەرەتا ئەم هێزی کارە لە خزمەتی گەشەسەندنی ئابووری و ئاوەدانکردنەوەی ناوەندی کۆلۆنیالیستدا کەڵکی لێ وەردەگیڕیت و هەروەها ناوچەی پەراوێز بە نەمانی هێزی کار بە ناوەند وابەستە دەبێت. لە دەیەی سی سەدەی بیستەمەوە هێزی کاری کوردستان وەکوو کرێکار بۆ ناوەندەکانی ئەستانبۆل، ئەزمیر، تاران، قەزوین، بەغدا، حەلەب و دیمەشق گوازراونەتەوە تاکوو ئەم ناوەندانە گەشەی ئابووری پەیدا بکەن. لەم ڕاگواستنەدا هێزی کاری کوردستان بە بیانووی نەبوونی کار و دابین نەبوونی بژێوی ژیان بەرەو ناوەند کۆچ دەکەن. ناوەندی کۆلۆنیالیست بۆ گەشەسەندنی خۆی بەئەنقەست ناوچە بەکۆلۆنیکراوەکان لە دۆخی ناگەشەسەندووییدا دەهێڵێتەوە. کۆلۆنیالیست هەوڵ دەدا نیشانی بدا کە لەبەر تێگەیشتوویی، بوونی ئیلیتی تێکنۆکرات و خوێندەوار و بەکارهێنانی مێکانیزمەکانی گەشەسەندن، ناوەند گەشەی کردووە و لە هەمان کاتدا باس لەوە دەکا ناوچە پەراوێزخراوەکان لەبەر تەوەزەلی، نەبوونی ئیلیتی شارەزا و نەخوێندەواریی خۆیانەوە نەیانتوانیوە گەشە بکەن. بەڵام بەپێی ڕوانگەی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی، گەشەسەندنی ناوەند لەگەڵ گەشەنەسەندنی ناوچە پەراوێزخراوەکان هاوکات بووە. واتە ناوچە بەکۆلۆنیکراوەکان بەئەنقەست لە دۆخی دواکەوتووییدا هێشتراونەتەوە تاکوو لە سەرچاوە ماددی و مرۆییەکانی ئەوان بۆ گەشەکردنی ناوەند کەڵک وەربگیرێت.
(٢) دابەش کردنی کولتووریی کار (The cultural division of labor).کۆلۆنیالیست کەڵک لە سیستەمێکی توێژبەندی وەردەگرێ کە تیایدا هەندێک لەو پیشانەی کە پێگەی کۆمەڵایەتیی بەرزتریان هەیە بۆ ئەندامەکانی ناوەند دەستنیشان دەکرێ و ئەو پیشانەی کە لە ڕووی پرێستیژی کۆمەڵایەتییەوە لە ئاستێکی نزمتردان بەر ئەندامانی ناوچە بەکۆلۆنیکراوەکان دەکەوێت.[13] بۆ نموونە زۆربەی وەزیر، بەڕێوەبەرە گشتییەکان، پاڕێزگار، دیپلۆمات و مامۆستاکانی زانکۆکان لە ئەندامانی نەتەوەی ناوەند هەڵدەبژێردرێن و ئەو پیشانەی کە لەو سیستەمە توێژبەندییەدا خراپتر یان ئاسایی دادەندرێن بۆ ئەندامانی ناوچە پەراوێزخراوەکان یان نەتەوەی ژێردەست دەستنیشان دەکرێ. هێڵی ئەم دابەشکارییە ڕێک لەسەر هێڵی جیاوازیی نەتەوەکان دەوەستێت. ئەگەر کرێکارانی کورد لە گەورەشارەکانی وڵاتی کۆلۆنیالیست وەک هێزی کار کەڵکیان لێ وەردەگیرا، هاوکات و لە ڕووی فەرهەنگییەوە، کرێکاربوون وەک تایبەتمەندییەکی کوردبوونی لێ دەردێ. بەرەبەرە بەکەم زانینی کورد لە ناو میدیا و ناوەندە فەرهەنگییەکانی کۆلۆنیالیستدا بەرهەم دێ و ئاستی نزمی کولتووری وەک تایبەتمەندییەکی هەمیشەیی، لەمێژینە و نەگۆڕی نەتەوەی کورد پیشان دەدرێ. تەنانەت هەندێک پیشەی نەشیاو وەک کۆڵبەری و قاچاغچیەتی بە ناو نەتەوەی بەکۆلۆنیکراوەوە تاپۆ دەکرێ؛ بۆ نموونە لە ئێران هەوڵ دەدرێ کۆڵبەری وەک پیشە ناسنامەیەکی فەرمی هەبێ هەتاکوو تاکی کوردی کۆڵبەر بتوانێ داوای مافەکانی خۆی لە ئیدارەی کار بکا!
دابەش کردنی نایەکسانی سەرچاوەکان، مێکانیزمێکی کۆنتڕۆڵییە کە کۆلۆنیالیست بەسەر هەموو لایەنە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ناوچە بەکۆلۆنیکراوەکاندا دەیسەپێنێت. ستراتێژیی کۆلۆنیالیست ئەوەیە کوردستان وەک ناوچەیەکی بەکۆلۆنیکراو ئابوورییەکی یەک بەرهەمیی هەبێت: بۆ نموونە لە زۆربەی کوردستان گەنم و توتن وەک بەرهەمی یەکەمی کشتوکاڵ بە شێوەی دێم چێنراوە یان تەنیا گرنگی بە هەندێک بەرهەم وەک میوەی باخ و ئاژەڵداری دراوە. هەروەها سیستەمی کۆلۆنیالیستی کەڵک زەوی پڕپیتی کوردستان دەکاتە پاشکۆی کارخانەکانی خۆی. بۆ نموونە بەرهەمێک وەک چۆندەر کە بایەخێکی ئابووری ئەوتۆی نییە بەشێکی زۆر لە زەوییەکانی ڕۆژهەڵات داگیر دەکا هەتا شەکری پێویست بۆ ئێران بەرهەم بێ و لە ئاکامدا هێج کەڵەکەیەکی سەرمایەی بۆ کوردستان لێ ناکەوێتەوە. لە ڕووی پیشەسازییەوە دەکرێ بوترێ کە لە کوردستان هیچ کارخانەیەکی گرنگی لێ نییە کە بتوانێ بەرهەمێکی ستراتێژیکی هەبێ. مەبەست لەم ڕێگڕییە ئەوەیە کە کوردستان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو نەنێت و لە ڕووی ئابوورییەوە هەمیشە وابەستەی ناوەند بێت. کانزاکانی کوردستان نەوت، ئاسن، زێڕ و هتد، بێ ئەوەی کەڵکێکی ئەوتۆیان بۆ ناوچەکە هەبێ بە مەبەستی پێشخستنی ئابووریی ناوەند و هەروەها هەناردەکردنیان بەتاڵان دەبرێن. ئەم شێوازە کە وەک گەشەی لاسەنگ ناوی لێ دەبەین بریتییە لەوەی لەبەر گەشەی ناوەند پەراوێزەکان گەشە ناکەن. من بۆ تاقیکردنەوەی گریمانەی خۆم لەسەر بەراوردکردنی گەشەی کوردستان وەک ناوچەی پەراوێز لەگەڵ ناوەند کەڵک لە دوو بەراوردکاری وەردەگرم:
(١) بەراوردی نرخی بەرهەمی تێکڕای نێوخۆیی بۆ هەر کەسێک (GDP per capita)؛
(٢) ئیندێکسی گەشەی مرۆیی (Human Development Index)
لە هەر دوو وڵاتی توکیا و ئێران بۆ بەدەستهێنانی ئیندێکسی گەشەی مرۆیی کەڵک لە سێ ڕەهەند وەردەگیرێ:
١. نرخی ئۆمێد بە ژیان لە کاتی لەدایکبوون (Life Expectancy at Birth)؛
٢. ڕێژەی خوێندەواری گەورەساڵان (Adult Literacy Rate)؛
٣. بەرهەمی تێکڕای نێوخۆیی ڕاستەقینە بۆ هەر کەسێک (Real GDP Per Capita).
دەبێ ئاماژە بەوە بکەم ئیندێکسی گەشەی مرۆیی لە نێوان سفر و یەکدا هەژمار دەکرێ. ئەم ئیندێکسە ئەو ئیمکانەمان بۆ دەڕەخسێنێت کە لە نێوان ناوچە و پارێزگاکانی وڵاتەکاندا بەراوردکاری ئەنجام بدەین.
لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان لە ڕووی نرخی بەرهەمی تێکڕای بەرهەمی نێوخۆیی بۆ هەر کەسێک ساڵی ٢٠٠٠ـی زایینی لە نێوان ١٥٠٠ تاکوو ٣٧٠٠ (موش –ئامەد) دۆلاردان، لە کاتێکدا نرخی مامناوەند بۆ تورکیا ٥١٠٠ و بۆ پارێزگاکانی ناوچەی مەرمەرە ٧٨٠٠ دۆلارە؛ هەروەها لە هەمان ساڵدا لە پارێزگاکانی باکوور، ئیندێکسی گەشەی مرۆیی لە نێوان ٠.٥٧ تاکوو ٠،٦٧ (شڕناخ – ئامەد) بووە و لە هەمان ساڵدا نرخی مامناوەند بۆ تورکیا ٠.٧٢ و بۆ ناوچەکانی مەرمەرە ٠.٧٩ بووە.[14] کاتێک سەیری ئیندێکسی گەشەی کۆمەڵایەتی – ئابووریی (Socioeconomic development index) تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٣ دەکەین کە پارێزگاکانی تورکیا بە سەر پێنج ئاستدا دابەش دەکا، هەموو پارێزگاکانی باکووری کوردستان لە ئاستی هەرەوە خوارەوە (٥) و پارێزگاکانی ڕۆژئاوای تورکیا و ئانکارا لە ئاستی هەرە سەرەوەدان (١ و ٢).[15]
لە ڕۆژهەڵات ڕێک هەمان شێواز لە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی دەبینین: ئیندێکسی بەرهەمی تێکڕای بەرهەمی نێوخۆیی بۆ هەر کەسێک لە ساڵی ٢٠١٤ (١٣٩٣) بۆ ناوچە جیاکانی کوردستان لە نێوان ٠.٥١ تا ٠.٥٧دایە (ورمێ – کرماشان) و ڕیزبەندی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات لە نێوان ٣١ پارێزگای ئێران بەم شێوەیە دابەش دەبێ: کرماشان ١٧، خۆراسان شۆمالی ٢٣، ئیلام ٢٧، لۆڕستان ٢٨، کوردستان ٢٩، و ورمێ ٣٠. ئەمە لە کاتێکدایە کە مامناوەندی ئەم ئیندێکسە بۆ ئێران بریتییە لە ٠.٦٢ کە لە بەرزترین ئاستی ناوچە بەکۆلۆنیکراوەکانی ڕۆژهەڵات لە سەرەوەترە. ئەم ئیندێکسە بۆ پارێزگاکانی ناوەوند لە نێوان ٠.٦٢ تا ٠.٧٢ دەبێ (مازەندەران – تاران).[16]هەروەها ئەگەر باس لە ئیندێکسی گەشەی مرۆیی بکەین و پارێزگاکان پێکەوە بەراورد بکەین بەم دەرەنجامە دەگەین کە ئیندێکسی پارێزگاکانی کوردستان کە لەسەرەوە ناوم لێ بردن لە نێوان ٠.٦٥ تا ٠.٧ (کوردستان – کرماشان) لە ساڵی ١٣٩٣ (٢٠١٤)دایە لە کاتێکدا ئیندێکسی مامناوەند بۆ ئێران لە هەمان ساڵدا ٠.٧٤٥ و بۆ پارێزگاکانی ناوەند لە ٠.٧٥ تا ٠.٨١دایە (مازەندەران – تاران). ڕیزبەندی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات سەرنجڕاکێشن و لە نێوان ٣١ پارێزگا، پارێزگاکانی کوردستان وەک ناوچەی بەکۆلۆنیکراو بەم شێوە دەکەونە ڕیزبەندییەوە: کرماشان ١٩، خۆراسان شۆمالی ٢٦، ئیلام ٢٧، لۆڕستان ٢٨، ورمێ ٢٩، کوردستان ٣٠.[17]
هەر وەک دیارە، هەموو ئیندێکسەکان نیشانی دەدەن کە جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان کوردستان و ناوەندەکانی دەسەڵات کە نەتەوەی سەردەست بەڕێوەی دەبەن دەبیندرێ. بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بەئەنقەست کوردستان گەشەی نەسەندووە تاکوو ناوەندەکانی دەسەڵاتی دەوڵەت نەتەوە لە تورکیا و ئێران گەشە پەیدا بکەن. بەم پێیە دوابەدوای ئەوەی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە بە سەر چوار دەوڵەت نەتەوەدا دابەش دەکرێ و لە مافی دابین کردنی چارەنووسی خۆی بێبەش دەبێ، لە ڕووی ئابوورییشەوە دەچەوسێتەوە و لە دۆخی ژێردەستیدا دەمێنێتەوە. ڕزگاربوون لە دۆخی بندەستی پێویستی بە دابڕان لە وابەستەیی بە ناوەند هەیە؛ چونکە تا ئەو کاتەی کوردستان لە دۆخی بەکۆلۆنیکراویدا بمێنێتەوە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە پەیوەندییەکانی نەتەوەی بەکۆلۆنیکراو (کورد) و نەتەوەی کۆلۆنیالیست(تورک، فارس و عەرب) ساز نابێ. کاریگەرییەکانی ئەم دۆخە تەنانەت دوای ڕزگاریش بە سەر کوردستانەوە دەمێنێتەوە. بۆ نموونە لە باشوری کوردستان دەبینین کە لە ڕواڵەتدا هەرچەند لە ڕووی ئابوورییەوە نیشان دەدرێ کە هەرێمی کوردستان گەشەی سەندووە، بەڵام لە ڕاستیدا لە باشووری کوردستان لە جیاتی سازبوونی بۆرژوازییەکی نەتەوەیی، بۆرژوازییەکی کۆمپرادۆر جێگای گرتووەتەوە کە دوو دەوری سەرەکی هەیە: تاڵانکردنی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان و هەروەها ئەم بورژوازییە سەرمایەی کەڵەکەکراو بۆ دەرەوەی کوردستان دەگوازێتەوە و لە هەمان کاتدا تەنیا وەک بریکار دەوری هاوردەکردنی کاڵا بۆ کوردستان دەبینن. هەرێمی کوردستان دیسانەوە بە هاوردەکردنی نزیکەی هەموو شتومەکی پێویست لە تورکیا و ئێرانەوە وابەستە بووە. شێوازی گەشەکردنەکە وەک فرانک دەڵێ لۆمپەن – گەشەکردنە و لە جیاتی بۆرژوازییەکی نەتەوەیی بریکارە کوردەکانی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکان، لۆمپەن بۆرژاوازییان لە باشووری کوردستان ساز کردووە.[18] هەر ئەم توێژە لۆمپەن بورژوایە لە کاتێکدا دەرفەتێکی زێڕین بۆ سازکردنی دەوڵەت نەتەوە ڕەخسابوو ئاسۆی سازکردنی دەوڵەتیان لە کوردستان ناڕوون و لێڵ کردووە.
دەرەنجام
گەشەسەندنی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا و گەشەنەسەندنی کوردستان دوو دیوی دراوێکن. تورک، فارس و عەرەبەکان دوابەدوای سازکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان لە فیکری ئەوەدا بوون کە چۆن خاوەنی ئابوورییەکی سەربەخۆ بن تاکوو لە دۆخی گەشەنەسەندوویی ڕزگاریان ببێ. لە کاتێکدا ئەم دەوڵەتانە خۆیان لە پەراوێزی ئابووریی جیهانیدا بوون، کوردستانیان وەک ناوچەیەکی بەکۆلۆنیکراو لە پەراوێزی خۆیاندا بەکار هێنا تاکوو وەک پەیژەیەک کەڵکی لێ وەرگرن و گەشە بکەن. نەوت و کانزاکانی کوردستان ماددەی خاوێکی پڕ بەهایان بۆ کارخانەکانی ناوەند و هەناردەکردن بۆ وڵاتانی دیکە دابین دەکرد. بۆ نموونە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، نەفتخانە، تەق تەق، بازیان، میران، چەمچەماڵ، خورمور، تاوکە، پیشخابیر (باشوور)، چەمەرلو، گارزان، ئیکزتەپە، باتی کوزلوجە، باتی ڕامان، دنچەر (هەموویان لە باتمان)، ئادیامان دیاربەکر و مێردین، (باکوور)، کێڵگە نەوتییەکانی نەوتشار، چەنگولە، سۆمار، ئازەر، داڵپەری، دانان، دێهلۆران، کێڵگەی گازی دۆڵی بیجار (ڕۆژهەڵات)؛ و ڕۆمێلان و حەسەکە (ڕۆژئاوا) و چەندین جۆر کانزای گرنگ وەک ئاسن، کرۆم، زێڕ، زیو، قورقوشم لە ژێر مۆنۆپۆلی دەوڵەت نەتەوەکانی کۆلۆنیالیستی کوردستاندان. سەرەڕای ئەمانە، کوردستان و ناوچەی زاگرۆس سەرچاوەی ئاوی گرنگترین ڕووبارەکانی ناوچەن: دیجلە، فۆرات، ئاراس، قزل ئوزەن، کەرخە و کارون. بەتایبەت تورکیا و ئێران بە سازکردنی دەیان بەنداوی لەسەر سەرچاوەکانی ئەم ڕووبارانە دەیانەوێ لە لایەکەوە کەڵکی سیاسی لە ئاو وەرگرن و وەک گوشار بۆ سەر دەوڵەتەکانی ناوچەکە بەکاری بێنن؛ هەروەها بە گواستنەوەی ئاوی کوردستان وزەی سازبوو بە مەبەستی ئاوادانکردنەوەی ناوچەکانی خۆیان بەکاریان دێنن.
بە گۆڕانی حکومەت و ڕژیمەکان لەم وڵاتانە، دۆخی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی گۆڕانێکی ئەوتۆی بە سەر نەهاتووە. واتە هیچ جیاوازییەک لە نێوان سیاسەتەکانی کەمالیزم و ئاکپارتی، ڕژیمی پاشایەتی پەهلەوی لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕژیمی بەعس لەگەڵ عێراقی فیدراڵ و سیاسەتەکانی بەعسیزم لە سوریا لە ئاست دۆخی بەکۆلۆنیکراوەیی کوردستان ڕووی نەداوە. چونکە لە ڕاستیدا ئەم دەوڵەت نەتەوانە لەسەر بنەمای پەراوێزخستنی کوردستان و نەتەوەی کورد ساز کراون. تایبەتمەندییەکانی دۆخی بەکۆلۆنیبوون بریتین لەوەی کە دەوڵەتی ناوەندی نفووزێکی ئابووری و تەکنۆلۆژییان لە ناوچە پەراوێزخراوەکان هەیە و کوردستانیان وابەستەی خۆیان کردووە. شێوازی بەرهەمهێنان پێکهاتەیەکی ئابووریی ناهاوسەنگی لە نێوان ناوەند و کوردستان ساز کردووە. هەر ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە کوردستان نەتوانێ خاوەنی ئابوورییەکی خۆبژیو بێ و پەیوەندییە کۆلۆنییەکان کاریگەری لەسەر پەیوەندی چینایەتی لە کوردستان ساز دەکەن. لاسەنگی گەشەی ناوەند و کوردستان دەبێتە هۆی ئەوەی کاریگەری لەسەر پەیوەندی ناهاوسەنگی ئەو دوو ناوچەیە دابنێت.
لە کۆتاییدا دەمەوێ وەڵامی ئەم پرسیارە سەرەکییە بدەمەوە کاتێک ئەم کۆلۆنیالیزمە نێوخۆییە سیستەماتیکە ڕوو دەدا چۆن کوردایەتی دەتوانێ لە ناو گەلی کورد یەکڕیزی ساز بکا و داواکارییەکی نەتەوەیی هەبێ؟ سەرەتا دەبێ باس لەوە بکەین کە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی زۆر لە کۆنۆلیالیزمی کلاسیک ئەستەمترە. چونکە لە کۆلۆنیالیزمی کلاسیکدا دەوڵەتێک لە دەرەوەی سنوورەکان و بە مەبەستی کۆلۆنیالیزم ناوچەیەک داگیر دەکا و بەکۆلۆنیگیراوەکان لە ڕووی ناسنامەوە لەگەڵ کۆلۆنیالیستەکان جیاوازییەکی زۆریان هەیە؛ بەڵام لە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییدا ئاستەکانی ناسنامەی نەتەوەی ژێردەست لەگەڵ نەتەوەی سەردەست لە ڕووی قەومی، ئایینی، زمانی و کولتوورییەوە تێکەڵ دەبێ. بەتایبەت لە ئێران فارسەکان بە سازکردنی چەمکی ئێران و کەڵکوەرگرتن لە بەکۆلۆنیکردنی ڕۆژهەڵات ناسنامەی کوردبوون بە شێوەیەکی فەرهەنگی بسڕنەوە چونکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زمان و کولتووری کوردی بەشێک لە زمان و کولتووری ئێرانییە. لە ژێر هەڕەشەی ئەم تواندنەوەیەدا، کاتێک ئیلیتی نەتەوەی بێبەشکراو بەرەوڕووی کۆلۆنیالیزم دەبنەوە هەوڵ دەدەن یەکڕیزییەکی فەرهەنگی لە ناو کۆمەڵگای خۆیاندا ساز بکەن. تەنانەت ڕەنگە ئەم بووژاندنەوە فەرهەنگییە بەو مانایە نەبێ کە دەبێ هەندێک بەڵگە لە مێژوویەکی هاوبەش بدۆزنەوە، بەڵکوو زۆربەی جار بەپێی دۆخی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆلۆنیالیست، لە ناو نەتەوەی ژێردەستدا ساز دەبێ و لەم ڕێگەوە ئامانجی سەربەخۆیی سیاسی و ئابووری مەشروعیەت پەیدا دەکا.[19] لە کوردستان ڕۆشنبیرانی کورد هەوڵیان بۆ سازکردنی یەکڕیزیی کولتووری داوە و کەسانێک وەک حسێن حوزنی موکریانی، میقداد میدحەت بەدرخان، جەلادەت عالی بەدرخان، پیرەمێرد و تاکوو ئیستا سەدان ئیلیتی کورد ویستوویانە جیاوازیی کولتووری و کۆمەڵایەتیی کوردستان لەگەڵ کۆلۆنیالیستەکان ساز بکەن. بە سازبوونی چوار دەوڵەت نەتەوەی مۆدێرن کە تایبەتمەندیی سەرەکییان دوورکەوتنەوە لە سەردەستیی ناڕاستەوخۆ و کۆنتڕۆڵی هەمەلایەنە بە سەر وڵاتدا بوو، هەر کام لە کۆلۆنیالیستەکانی کوردستان دەیانویست لە ناوەندی دەسەڵاتەوە فەرمانڕەوایی ڕاستەوخۆیان بەسەر کۆمەڵگایەکی نایەکڕەنگدا (heterogeneous society) هەبێ.[20] بۆیە ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی هاوکات کە دژ بە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی کوردستان و دۆخی ژێردەستیی کورد جووڵانەوەیەکی ڕزگاریخوازانەی ساز کردووە و دەیەوێ لەم وابەستەییە داببڕێ، بە گرنگیدان بە سازکردنی ناسنامەیەکی هاوبەشی کولتووری لە نێوان هەر چوار پارچەی کوردستان، بەرەو ڕۆنانی دەوڵەت نەتەوە لەسەر خاکی کوردستان و ڕزگاری لە ستەمی نەتەوەیی و چینایەتی هەنگاو بنێت.
سەرچاوەکان
[1] Eyyûb Kerîmî, “Structure of the Ideology of ‘Kurdism’,” Journal of Middle Eastern Research 1 (2017): 57-63.
[2] زۆربەی جار لە کوردیدا کەڵک لە دووانەی داگیرکەر/داگیرکراو (occupier/occupied) لە جیاتی کۆلۆنیالیست/بەکۆلۆنیکراو (colonialist/colonized) وەردەگیرێت کە هەڵەیەکی مانایی ساز دەبێ. داگیرکردنی وەڵاتێک بە شێوەیەکی کاتییە و ڕەنگە هێزێکی سوپایی وەڵاتێک بۆ ماوەیەک وەڵاتێکی دیکە داگیر بکا و دوای ئەو لەو ناوچەیە دەڕواتە دەرەوە و دەسەڵات ڕادەستی خەڵکی ئەو وەڵاتە دەبێت. بۆ نموونە داگیرکردنی فەڕانسە لە لایەن ئاڵمانییەکانەوە لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانی یاکوو داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئامریکاوە دوای ساڵی ٢٠٠٣. بەڵام کاتێک باس لە سیستەمی کۆلۆنیالیزم دەکەین مەبەستمان لەوەیە کە هێزی کۆلۆنیالیست بە دەستێوەردان لە کەرتی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری ئەو وەڵاتەی کە بە کۆلۆنی گرتوویەتی کاریگەرییەکی درێژخایەن و قووڵی لەسەر دادەنێت. تەنانەت ئەگەر ئەو وەڵاتە ڕزگاریش ببێ ئەو کاریگەرییە نەرێنییانە بە ئاسانی بنبڕ نابن.
[3] عەبدولڕەحمان قاسملوو، کوردستان و کورد. وەرگێڕان: عەبدوڵڵا حەسەن زادە ه(هەولێر: ڕۆژهەڵات، ٢٠١٤).
[4] عەبدوڵڕەحمان قاسملوو، کورتەباسێک لەسەر سوسیالیزم (لەگەڵ شیکردنەوەی کورتەباس) (ستۆکهۆڵم: کتێبی ئەرزان، ٢٠٠٣).
[5] Ahmad Mohammadpour and Kamal Soleimani, “Interrogating the tribal: the aporia of ‘tribalism’ in the sociological study of the Middle East” The British Journal of Sociology (online version 2019): 18.
نووسەران ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکەمجار قاسملوو لە ساڵی ١٩٦٥ و لە کتێبی کوردستان و کورد ئاماژەی بەم چەمکە کردووە. هەرچەند ئەوان دیارییان نەکردووە کە قاسملوو چۆن و بە چ مەبەستیک کەڵک لە کوردستان وەک ناوەچەیەکی موستەعمەرە (بەکۆلۆنیکراو) وەردەگرێت. دەبێ باس لەوەش بکەین کە وەرگێڕانی ئینگلیزی لە ساڵی ١٩٦٥ چاپ بووە و کتێبەکە سەرەتا بە زمانی چێکی و لە ساڵی ١٩٦٣ بڵاو بووەتەوە. نووسەران لەم وتارەیاندا باسێکی زۆر گرنگیان سەبارەت بەوە کردووە کە چۆن لە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی چەمکی عەشیرەگەری (tribalism) سەبارەت بە کورد بەکار دێ و ئەوان ئەم میتۆدە، بە درووستی، بۆ ڕوانگەی کۆلۆنیالیزم دەگەڕێننەوە.
[6] قاسملوو، کوردستان و کورد، ٣٢٥.
[7] “ئەو لێکدانەوەیەش کە گۆیا خەباتی گەلی کورد بەشێوەیەکی ڕوون دژی ئیمپریالیزم نییە، هەر لەوەڕا سەرچاوە دەگرێ کە ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدا دەژی بەڕواڵەت سەربەخۆن و نفووزی ئیمپریالیستەکان لەوێدا بەشێوەیەکی ئیستیعماریی کۆن نییە، بەڵکوو لە پشت پەردەی حکوومەتی دەرەبەگ و بۆرژوا بەکرێگیراوەکاندا شاردراوەتەوە، کە هەرچەند بەڕواڵەت سەربەخۆن، بەڵام لە ڕاستیدا بوونە پێگەیەک بۆ قازانجی ئیمپریالیستەکان.”
هەمان سەرچاوە، ٢٧٧.
[8] ئیسماعیل بێشیکچی، کوردستان کۆلۆنییا نیڤدەولەتی. وەرگێڕان: وەلات تۆفیق (دهۆک: زانکۆیا دهۆک، ٢٠١٨).
[9] کەمال سلێمانی بەوردی بزووتنەوە نیشتمانی و ناسیۆنالیستییەکانی ئەم قۆناغەی (١٨٧٦ تا ١٩٢٦) لە توێژینەوەیەکی ورد و دانسقەدا نیشان داوە:
Kamal Soleimani, Î slam, Îslamîzm, Dewlet û Neteweperweriya Kurdî, wergera ji înglilizî: Fexriya Adsay (Stenbol: Weşanên Peywend, 2018).
[10] من لێرەدا بەکورتی ڕەخنەی لە تێزی سەرەکی عەباس وەلی دەگرم کە پێیوایە ناسیۆنالیزمی کوردی لە دەرەنجامی دیالێکتیکی نکۆڵی کردن و بەرەنگاربوونەوەدا ساز بووە. واتە لەو کاتەوە کە دەوڵەت نەتەوە مۆدێرنەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا ساز دەبن و نکۆڵی لە ناسنامەی کوردی دەکەن، ناسیۆنالیزمی کوردی و ڕێکخراوە سیاسییەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیە ساز دەبن. من پێموایە بەرەنگاربوونەوەی کورد لەگەڵ ناسنامە سازکراوە نوێکانی ناوچەکە تەنیا یەکێک لە ڕەهەندەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی پێک دێنێت. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئەگەر ناسنامەیەکی هاوبەش لە کوردستان بوونی نەبووە، ئەو دەوڵەتانە نکۆڵییان لە چی کردووە؟ هەر بۆیە بە باوەڕی من لە دەرەنجامی سازبوونی ئەم دەوڵەت نەتەوە نوێیانە دۆخی کوردستان لە ناوچەیەکی داگیرکراو، لە لایەن خەلافەتی عوسمانی و پاشایەتی قاجارەوە، بۆ ناوچەیەکی بەکۆلۆنیکراو دەگۆڕدرێ. سەرەڕای ئەوەیکە پێش لە ناسیۆنالیزمی ئێرانی، تورکی و عەرەبی کوردەکان لە بەرامبەر داگیرکردنی کوردستان هەستی نیشتمانییان بۆ پاراستنی کولتوور و بەها هاوبەشەکانی خۆیان هەبووە و بەرەنگاری لەناوچوونی حکومەتە ناوچەییەکانی خۆیان دەبوونەوە، بەڵام دوای ئەوەی دەوڵەت نەتەوە مۆدێرنەکان بە شێوەیەکی سیستەماتیک کوردستان بەکۆلۆنی دەگرن، ناسیۆنالیزمی کوردی ساز دەبێ. بۆ ئاگاداربوون لە ڕوانگەی وەلی سەیری ئەم وتارەی خوارەوە بکەن:
Abbas Vali, “The Kurds and Their “Others”: Fragmented Identity and Fragmented Politics,” Comparative Studies of South Asia, Africa and the Middle East XVIII, no. 2 (1998): 83-04.
بۆ ئاگاداربوون لە ڕەخنەیەک کە لە ڕوانگەی سەمبۆلیزمی ئەتنیکییەوە لەم تێزەی عەباس وەلی گیراوە سەیری ئەم وتارە بکەن:
ڕێزان عەبدوڵڵاهی، “ناسیۆنالیزمی کوردی: لە نێوان مۆدێرنیزم و سەمبۆلیزمی ئەتنیکی،” گۆڤاری بیر و هزر، ژمارەی ٣-٤ (١٣٩٥) ٣٣ – ٣٦.
[11] Michael Hechter, Internal Colonialism: The Celtic Fringe in British National Development, 1536-1966 (Berkeley: University of California Press, 1975).
بۆ سازکردنی چوارچێوەی تیۆری کەڵکم لەم کتێبەی مایکەل هێشتر وەرگرتووە. هێشتر دواتر لە وەڵامی ئەو ڕەخنانەی کە پێیانوابوو ئەم تیۆرییە ناتوانێ وەڵامدەری جووڵانەوەی نەتەوەیی لە هەندێک لە ناوچەکان بێ چەندین بابەتی دیکەی نووسی. هەروەها لەبەر ئەوەی چۆن کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی بە سازبوونی نەتەوەکان پێش لە دنیای سەرمایەداری گرێ بداتەوە.
[12] Ibid., 33.
[13] Ibid., 30.
[14] Veli Yadirgi, The Political Economy of the Kurds of Turkey: From the Ottoman Empire to the Turkish Republic (Cambridge: Cambridge University Press, 2017), 234.
ئەم کتێبە بەوردی لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکانەوە و تا دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەم لە ڕوانگەی ئابووریی سیاسییەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر جیاوازییەکانی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی تورکیا کردووە.
[15] Ibid., 243-4.
[16] محمد جواد صالحی، “رتبەبندی استانهای کشور بر اساس شاخصهای انسانی و سرمایە انسانی،” فصلنامە پژوهش و برنامەریزی در آموزش عالی ٢٤، شمارە ١ (١٣٩٧): ٢٦.
بەداخەوە نرخی GDP لە ئێران بۆ پارێزگاکان بە ڕیاڵ هەژمار دەکرێ و من ئامارێکی باوەڕپێکراوم نەدۆزییەوە کە بە دۆلار نیشانیان دابێ. بەڵام لەم توێژینەوەدا کە بەگوێرەی پێوەرەکانی من باوەڕپێکراو بوو کەڵکی لە ئیندێکسی GDP Per Capita وەرگرتووە کە ژمارەکان لە نێوان سفر و یەکدان. هەڵبەت بەم شێوەیە بەئاسانی دەکرێ لە نێوان پارێزگاکاندا بەراوردکاری ئەنجام بدەین.
[17] هەمان سەرچاوە، ٣٧.
[18] Andre Gunder Frank, Lumpenbourgeoisie: Lumpendevelopment: Dependence, Class, and Politics in Latin America. Translated by Marion Davis Berdecio (New York: Monthly Review Press, 1974).
[19] Michael Hechter, Internal Colonialism, 38-9.
[20] Michael Hechter, Containing Nationalism (Oxford: Oxford University, 2000), 134-140.


