ئارامتر بخوێنەوە!
ڕاسان و ناسیۆنالیزم
ئیدریس ئەحمەدی
ئاماژە
“ڕاسان بزووتنەوەیەکی سیاسییە کە کاردانەوەی نییە، بەڵکوو دەسپێشخەرانەیە لە پێناو خوڵقاندنی دەرفەت بۆ گەیشتن بە ئازادی. ڕاسان هەم بەردەوامبوونی خەباتی لە مێژینەی حیزبی دێموکراتە، هەمیش هەڵگری پێداچوونەوە و داهێنانە لە بواری خەبات لە پێناو ڕزگاریی نەتەوایەتیدا“
خوێندنەوەیەکی هێگلی بۆ ڕاسان: لە بری پێشەکی
وتەیەکی هێگل هەیە دەڵێ:” لە زەردەپەڕی کاتی خۆرئاوابووندایە کوندەبوی مینێرڤا [کە هێمای زانینە لە میتۆلۆژیی ڕۆمیدا] باڵ دەگرێتەوە.” مانای ئەم وتەیە ئەوەیە کە پاش کۆتایی هاتنی قۆناغێک، دەتوانین بە تەواوی لێی تێبگەین. بەو پێییە، ناکرێ “دوا وتە” لە سەر ڕاسان بگوترێ، یان حوکمی کۆتایی لەسەر بدرێ.
ڕاسان پرۆسەیەکی مێژووییە. وەکوو هەموو پرۆسەیەکی مێژوویی، کە ئەمساڵ پێ دەنێتە نێو چوارەم ساڵیەوە، پاش کۆتایی هاتنی، یان دروستتر بڵێین سەرکەوتنی، دەتوانین لێی تێبگەین. هەرچەند ڕەنگبێ دوای ئەوەش، خوێندنەوە و ڕاڤەی جۆراوجۆری بۆ بکرێ.
لەو چەند ساڵەدا، ڕاسان بابەتی سەرەکیی موناقشە سیاسی و ڕووناکبیرییەکان بووە، چ لە نێوخۆی کوردستان، چ لە تاراوگە. تەنانەت ئەوانەی نکۆڵی لە گرنگ بوون یان شوێندانانی دەکەن، یان هەوڵی کەمڕەنگ کردنەوەی دەدەن، بە کردەوە ئیسباتی شوێندانەریی ڕاسان دەکەن. زۆر جار لە سیاسەتدا، نکۆڵی کردن لە خۆیدا ئیسبات کردن دەگەیەنێ.
لێدوانی زۆر لەسەر ڕاسان دراوە. هەروەها راڤەی جۆراوجۆر لە سەر ڕاسان کراوە و لە دیدی جیاوازەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە. هەوڵی زۆر دراوە ڕاسان پێناسە بکرێ. راستییەکەی، ڕاسان لە چوارچێوەی پێناسەدا قەتیس نامێنێتەوە، یان با بڵێین خۆی لە هەموو پێناسەیەک دەرباز دەکا؛ چونکە دیاردەیەکی فرەلایەن و دینامیکە.
لێرەدایە خوێندنەوەیەکی هێگلی بۆ ڕاسان پێویستە.
وتەیەکی دیکەی هێگل هەیە، دەڵێ: “مێژووی جیهان هیچی دیكه نیه بێجگه له گهشهسهندنی هۆشی ئازادی.”[1] بە مانایەک، هێگل هەوڵی ئەوە بوو مێژووی کۆی مرۆڤایەتی بنووسێ، هەڵبەت نەک بە مانای نووسینی ڕووداوە مێژووییەکان، بەڵکوو بە مانای مێژووی گەشەسەندنی هۆشی مرۆڤ، کە بە نووسینی مێژووی “گەردوونی” لە قەڵەم دراوە.[2]
لە نووسینی ئەو مێژووەدا، ئازادی، تەوەری سەرەکی بوو. لهو پەیوەندییەدا، هێگل له رۆژههڵاتهوه دهست پێ دەکا و ئاماژه بهوه دهدا كه له وڵاتانی رۆژههڵاتیدا، یهك كهس، واتە دەسەڵاتدار، ئازاد بوو؛ دواتر كه مێژوو دهگاته یۆنانی دێرین و ڕۆم، چهندین كهس بە ئازادی دەگەن؛ بهڵام لهسهردهمی هێگل خۆیدا، واته سهردهمی مودێرن، ئازادی هەموو کەس دەگرێتەوە. به واتایهكی دیكه، ئهوەی هێگل له نووسینی مێژووی گهردوونیدا بهدوایدا دهگهڕێ، گهشهسهندنی ئازادییه.
بەو پێیە، ڕاسان گوزارشتێکە لە گەشەسەندنی هۆشی بەکۆمەڵی گەلی کورد، کە بە نۆرەی خۆی یان بە دیوێکی دیکەدا، گەشەسەندنی هۆشی ئازادییە لە کوردستان.
ڕاسان پرۆسەیەکی مێژووییە؛ پرۆسەی گەشەسەندنی هۆشی سیاسیی نەتەوەی کوردە؛ ئەزموون وەرگرتنە لە شکست و دەسکەوتەکانی ڕابردوو؛ تێکهەڵپێچێکە لە ئەزموونی مێژوویی و بووژانەوەی ئیرادەی وەدەسهێنانی ئازادی.
ئەو خوێندنەوە هێگلییە هەروەها سوودی هەیە بۆ باس کردن لە سەر مەسەلەی ناسیۆنالیزم لە ڕاساندا، کە تەوەری ئەم ژمارەیەی گۆڤاری تیشکە. ئەم وتارەی بەردەست هەوڵێکە بۆ تیشک خستەسەر ئەو بابەتە. بەڵام پێش ئەوەی باس لە ڕاسان و ناسیۆنالیزم بکەین، پێویست دەکا چەند لایەنێکی گرنگی ڕاسان شی بکرێتەوە.
ڕاسان وەک بزووتنەوەیەکی دەستپێشخەرانە
ڕاسان بزووتنەوەیەکی سیاسییە کە کاردانەوەیی نییە، بەڵکوو دەستپێشخەرانەیە لە پێناو خوڵقاندنی دەرفەت بۆ گەیشتن بە ئازادی. ڕاسان هەم بەردەوامبوونی خەباتی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتە، هەمیش هەڵگری پێداچوونەوە و داهێنانە لە بواری خەبات لە پێناو ڕزگاریی نەتەوایەتیدا.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ڕاسان، پێناسەکردنەوەی دەوری پێشمەرگەیە لە تاکە هێزی ڕزگاری بۆ هێزێک کە بە فیداکاری و گیانبەختکردن، ئامانجی هێز بەخشینە (empowerment) بە کۆمەڵانی خەڵک لە پێناو وەسەرخستنی هێزی خۆی و هێزی جەماوەر لە شکڵی خەباتی مەدەنیدا. بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی گەشەسەندنی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بوارەکانی شارنشینی، چوونەسەری ئاستی خوێندەواری، گەشەسەندنی کۆمەڵگای مەدەنی و بەشداربوونی بەکۆمەڵ و چالاکی ژنی کورد لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیدا.
ئەگەر پێشتر ژنانی کوردستان دەوری پاڵپشت و یارمەتیدەری پێشمەرگە بوون، لە ڕاساندا بەشدار و بەڕێوەبەری بزووتنەوەن. بەشداریی ژنان تەنیا سنووردار نییە بە پەیوەست بوونیان بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە، بەڵکوو لە نێو شارەکاندا و لە خەباتی مەدەنیشدا جێ پەنجەیان دیارە.
ئەم وەرچەرخانە لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوایەتیدا هەروەها دەروازەیەکە بۆ باس کردن لەسەر بابەتی ناسیۆنالیزم لە ڕاساندا. ئەگەر هێگلی بۆی بڕوانین، گەشەسەندنی هۆشی ئازادی لە کوردستان بەندە بە بەجەماوەریترکردنی خەبات، کە بەشداریی ژنان یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانیەتی.
ڕاسان و ناسیۆنالیزمی ئاسۆیی
رووکردنی بەکۆمەڵی کچان و ژنانی کورد بۆ نێو ڕیزەکانی پێشمەرگە وێڕای ئەو ڕۆڵە دیارەی کە لە خەباتی مەدەنی لە شارەکاندا هەیانە، نیشاندەری ئەوەیە کە ڕاسان لە هەوڵی بەرهەمهێنانی شێوە ناسیۆنالیزمێکە، کە نێوهاوێژە (inclusive)، هەروەها توانیوەتی یەکسانی بکا بە یەکێک لە ئامانجە سەرکییەکانی. ئەمەش گوزارشتێکە لە بەجەماوەریترکردنی خەبات، کە ئامانجی دەربڕاوی کۆنگرەی ١٤ی حیزبی دێموکرات بوو؛ بەڵام لە ڕاساندا بە کردەوە کاری بۆ کراوە. بە بێ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ نێو کوردستان و بەرەوڕووبوونەوەی هێزی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بەجەماوەریترکردنی خەبات ئەستەم بوو بە کردەوە سەربگرێ؛ کەوابوو، هێزی پێشمەرگە شادەماری ڕاسانە.
ئەگەر پێشتر کچان و ژنان ڕوویان دەکردە هێزە مارکسیست و چەپەکان، ئەوڕۆ ڕاسان، کە بەرهەمێنەری ناسیۆنالیزمێکی تایبەتە، بووە بەو بزووتنەوەیەی کە ژنان خۆیانی تێدا دەبیننەوە و تێیدا چالاکانە بەشدارن.
ئەو ناسیۆنالیزمەی کە ڕاسان خەریکە بەرهەمی دێنێ و لە ژیانی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتدا بەدامەزراوەیی دەکا، “ناسیۆنالیزمی ئاسۆییە”. ئەم جۆرە لە ناسیۆنالیزم جیاوازیی هەیە لەگەڵ “ناسیۆنالیزمی ستوونی”.[3]
لە ناسیۆنالیزمی ستوونیدا، نوخبە ئەرکی بڵاوکردنەوەی فکری ناسیۆنالیستیی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا هەیە. بەو مانایە، ناسیۆنالیزمێکی نوخبەییە. لە ناسیۆنالیزمی ئاسۆییدا، جەماوەر بەشدارە لەبەرهەمهێنانی گوتاری ناسیۆنالیستیدا. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە لە ڕاساندا نوخبە دەوری نییە یان دەوری نامێنێ، بەڵکوو ناسیۆنالیزمی ئاسۆیی، ئامانجی بەشدارکردنی چالاکانەی کۆمەڵانی خەڵکە لە پرۆسەی ڕزگاریی نەتەوەییدا و رێگایان بۆ فەراهەم دەکا کە وەکوو بکەر لەو پرۆسەیەدا بەشدار بن. بە واتایەکی دیکە، ناسیۆنالیزمی ئاسۆیی لە ڕاساندا وا دەخوازێ لە تاکی کورد و گەلی کورد بە گشتی، کە لە پێناو ڕزگاریدا بە فکر، زانین، ئەزموون و داهێنانی خۆیان لە ڕاساندا بەشدار بن تاکوو شکڵ و گەشەی پێ بدەن.
ناسیۆنالیزمی ئاسۆیی لە ڕاساندا یەکێکە لەو هۆیانەی کە وای کردووە ئەو بزووتنەوەیە لە چوارچێوەی پێناسەدا قەتیس نەمێنێتەوە و هەموو پێناسەیەک دەرباز بکا. هەر ئەمەشە وای کردووە ڕەخنەگرانی ڕاسان کاتێک دەڵێن هەڵگری “ستراتژییەکی ڕوون” نییە، ڕەچاوی ئەوە ناکەن کە ڕاسان گەشەسەندنی هۆشی سیاسیی نەتەوەی کوردە؛ پرۆسەی ئەزموون وەرگرتنە لە شکست و دەسکەوتەکانی ڕابردوو کە دەرفەت دەدا بە تاکی کورد وەکوو بکەر، نەک تەنیا وەک چالاکڤان یان خەباتگێڕ کە نوخبە هەموو ڕێگایەکی پێ نیشان بدا و تەنیا دەوری سنوورداربکرێ بە جێبەجێ کردنی ئەرک، بەڵکوو دەبێ “بەشدار” بێ بە مانای شکڵدان و تەنانەت داهێنان لە ڕاساندا.
دوا وتە
ناسیۆنالیزمی ئاسۆیی لە ڕاساندا دواجار یارمەتیدەری پرۆسەی بەهێزکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و دێموکراسی دەبێ لە قۆناغی پاش ڕزگاری لە کوردستاندا. سوودێکی دیکەی ناسیۆنالیزمی ئاسۆیی ئەوەیە کە ئەگەر بێت و سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە لەلایەن دوژمنەوە زەربەی وێ کەوێ، وەک لە ڕابردوودا شاهیدی بووین، ئەو بزووتنەوە جەماوەرییە توانایی ئەوەی هەیە خەبات درێژە پێ بدا و دینامیک و داهێنەر بێ.
سەرچاوەکان
[1] Quoted in Peter Singer, Hegel: A Very Short Introduction (Oxford: Oxford University Press, 2001(, p. 15.
[2] Francis Fukuyama, The End of History and the Last Man (London: Penguin Books, 1992), pp. 55-60.
[3] Eric Kaufmann, ”Complexity and Nationalism”, Nations and Nationalism, 23 (1), 2017, 6-25.


