ئارامتر بخوێنەوە!
ڕۆڵی ڕاسان بۆ پێشگیری کردن لە بە لاڕێدا بردنی گوتاری کوردایەتی
ئەلبورز ڕۆئین تەن
ئاماژە
“گوتاری کوردایەتی کە خۆی لە خەبات بۆ ماف و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد لە ئاستی جیاوازدا دەبینێتەوە، بەردەوام لە لایەن ڕێژیم کەوتووەتە بەر هێرش و دژایەتی و چەواشەکاری. دوژمن بە شەڕی نەرم هەوڵ دەدات ئەو گوتارە بسڕێتەوە و گوتاری فریودەرانەی خۆی لە جێگەی دابنێت.“
لە بری پێشەکی
ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر بە دژی بزوتنەوەی حەقخوازانە و ڕەوای نەتەوەی کورد دەوەستنەوە. ئەوان لە شەڕی بزاڤە ڕەواکەماندا وێڕای شەڕی سەخت، شەڕێکی بەربڵاوی نەرمیش دەکاردەکەن. تەنانەت دەتوانم بڵێم وزە و تێچووی زیاتر لە شەڕی سەخت، بۆ شەڕی نەرم تەرخان دەکەن. ڕێژیمی ئێران بە درێژایی مێژووی، لەم جۆرە شەرەدا، لە داگیرکەرانی دیکە شارەزاتر بووە و بەشێوازی جیاواز ئەو شەڕە بەڕێوە دەبات. یەکێک لە شێوازەکانی ئەو شەڕە بە لاڕێدا بردنی گوتاری کوردایەتییە؛ واتە هەوڵ دەدات کە کوردایەتی وەک بابەتێک یا پرسێکی سادە و نێوخۆیی، کە چارەسەرییەکەی زۆر بە ئاسانی بە دەزگاکانی ڕێژیم دەکرێت نیشان بدات. بەو شێوەیە بەشێکی هێز و وزەی کورد بۆ کوردایەتی کۆنتڕۆڵ دەکات. بۆ ڕوونتر بوونی ئەو بابەتە ئاماژە بە نموونەیەک واتە سیناریۆی هەڵبژاردن لە کوردستان دەکەم. ڕێژیم دیهەوێ بە شەقامی کوردی بڵێت هەڵبژاردنی نوێنەرێکی کورد لە بە ناو مەجلیسی ئێران و گوتنی چەند وشەیەکی جوان لە پشت تریبوونی مەجلیس، کوردایەتیە و تەنانەت چارەسەری پرسەکانی کورد لەو ڕێگەیەوە مومکینە. یا لەوپەڕی دڵ کراوەییدا پرسی کورد بە پرسێکی ئابووری ـ کۆمەڵایەتیی ئەو ناوچانە هەژمار دەکا و دەیهەوێ بەم شێوەیە بە شەقامی کوردی بڵێت کە ئەوە ئەو نوێنەرەیە کە پرسی کوردایەتیی ئەو چارەسەر دەکات، نەک هێزە شۆڕشگێڕەکان و ناوەندی شۆڕش، کە ناتوانن خەباتی خۆیان بە جەماوەری بکەن.
ئەو بە لاڕێدا بردنە بە یەکێک لە هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ دژایەتی کردنی شۆڕشگێڕان و لاواز کردن و پچڕاندنی پەیوەندییان بە خەڵک هەژمار دەکرێت.
بەڵام ئەوەی بۆ هەموومان ڕوونە ئەوەیە بە هەموو بەڵگەکانی بەردەست و ڕاستیەکانی سیاسەت و کوردستان و کورد کە پرسی کورد نەک بەو شێوەیە چارەسەر نابێت و نەبووە بەڵکو لە هەمان کاتدا داگیرکردن و تاڵان کردن و وێران کردنی کوردستان و سەرکوتی کوردان بە شێوەیەکی سیستماتیک بەردەوامە و پەرەی پێ دەدرێت. هەر بۆیە شۆڕشگێڕان بە بەردەوامیی خەبات وتێکۆشانیان، وێڕای نوێگەرایی و بەردەوامی، دەبێ بە باشی بەرەنگاری ئەو شەڕە نەرمە ببنەوە. لەم وتارەدا ڕۆڵی ڕاسانی نوێی گەلەکەمان بە دژی داگیرکەر، کە ڕۆڵی هەبوە لە پێشگیری لە بە لاڕێدا بردنی گوتاری کوردایەتی، کە ڕێژیم سیستماتیک کاری بۆ دەکات، شی دەکەینەوە.
گوتاری کوردایەتی
پێناسە و شرۆڤەی زانستیی گوتاری کوردایەتی ئەستەمە چونکە پێناسەی جیاواز لە لایەنی جیاوازەوە کراوە یا لەوانەیە سەرچاوەیەکی وا لە بەردەست نەبێت بەڵام دەتوانین بڵێین بە شێوەیەکی گشتی خەباتی کورد بۆ بە دەست هێنانی ماف و ئازادییەکانی بە کوردایەتی وەسف دەکرێت. کامیل ژیر یەکیک لە دامەزرێنەرانی “کاژیک” بە شێوەی خوارەوە باس لە گوتاری کوردایەتی دەکات:
“کوردایەتی هەست و سۆز و بیروباوەڕ و خەباتی بزوتنەوەی کوردە لە پێناو بەرگری کردن لە کوردستان و لە بوونی نەتەوایەتیی کورد و رزگار بوون و یەکپارچەیی کوردستان و سەربەخۆیی وئازادی و بەختیاریی نەتەوەی کورد و رەخساندنی هەلی لەبار بۆ کۆمەڵگای کوردەواری و بۆ بینینی دەوری میژووییی خەڵکی کوردستان لە شارستانێتی و لە کاروانی گەلاندا بە مەبەستی چەسپاندنی مافی مرۆڤ و سەرەوەریی یاسا و گەشە پێدانی کۆمەڵگای کوردەواری و چەسپاندنی بنەماکانی مرۆڤایەتی لە سەرتاسەری جیهاندا.”١
بێ گومان بە لەبەرچاو گرتنی جیاوازایی سیاسیی لایەنەکان یا شۆڕشەکانی کورد، لەوانەیە گوڕانکاری بە سەر ئەو پێناسەیەدا بێت و هەریەکێک لە چوارچێوەی جیهانبینیی خۆی بۆ پرسی کورد پێناسەی کوردایەتی بکات. بەڵام ئەوەی دەکرێ بە نێوئاخنی هاوبەشی گوتاری کوردایەتیی بزانین خەبات بۆ دەستەبەر کردنی ماف و داخوازە ڕەواکانیەتی. بەم پێناسەیە ئەگەر گوتاری کوردایەتی لە ڕۆژهەڵاتدا لە دوو سەدەی ڕابردوودا لەبەرچاو بگرین شۆڕشەکانی کورد و خەباتی لایەنە سیاسییەکان لە خۆ دەگرێت کە بە دامەزراندنی کۆمەڵەی ژێکاف و حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان، پێ دەنێتە قۆناغێکی دیکەوەو تا ئێستا کە لە چوارچێوەی ڕاسان و خەباتی هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەدا بەردەوامە. “حیزبــی دێموکــرات وەک پــردی نێــوان شۆڕشــەکانی ڕابــردوو تاکــوو گەیشتـن بـە ڕاسـانی ڕۆژهـەڵات توانیویەتـی هەسـت و بیـری کوردایەتـی بپارێزێــت.”٢
لە سەردەمی ئێستادا ڕاسان وەک گوتاری کوردایەتی دەزانین چونکە “حیزبی دێموکرات دوای خوێندنەوەی دووبارەی خۆرهەڵاتی نوێ و ڕاوێژ و لێکۆڵینەوەیەکی هەمە لایەنە لە سەرەتاکانی ساڵی ١٣٩٤، بەو ئاکامە گەیشت کە کوردستانی رۆژهەڵات بۆ ئەوەی لەو پەراوێز بوون و ئەو ئاسیمیلاسیۆنە پڕ مەترسیەی کە لە سەریەتی ڕزگاری بێ و کورد لە پەراوێزەوە بگەڕێتەوە بۆ چەقی خەبات، پێویستی بە ڕێکخەر و پشتیوان هەیە. ئەو ڕێکخەرو پشتیوانەش خەباتی پێشمەرگە و ئامادەبوونیەتی لە کۆڕێ گەرمی نیشتمان و خەڵکە تامەزرۆیەکەی. خەباتێکی نوێ کە دوایە لە لایەن خەڵکەوە بە ناونیشانی “ڕاسانی رۆژهەڵات”ناوزەد کرا.”٣
لەو دێڕانەی ڕاپۆرتی سیاسیی کۆنگرەی شازدەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات ناودێر کرابوو، بە ڕوونی دەردەکەوێ کە پەراوێز کەوتن و ئاسیمیلە کردنی خۆرهەڵات وەک مەترسییەکی گەورە دەزانرێت. بە دەستپێکی ڕاسان، شەقامی کوردی خاوەن ئادرەسێکی بە هێز و سەردەمیانەیە بۆ شۆڕش و کوردایەتی. ئەو ئادرەسەش کاریگەریی دەبێت بۆئەوەی شەقامی کورد پەنا بۆ تراویلکەی چارەسەری پرسی کورد لە چوارچێوەی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیدا نەبەن.
شەڕی نەرمی ڕێژیم و بەلاڕێدابردنی گوتاری کوردایەتی وەک نموونەیەک
دوای تیرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات و ئاوارە بوونی هێزی شۆڕش لە کوردستانی گەرمێن، دوور کەوتنەوە لە شەقامی رۆژهەڵات و گرفتەکانی نێوخۆیی بە پیلانە یەک لە دوای یەکەکانی ڕێژیم کە کاریگەریی لە سەر لاواز بوونی شۆڕش لە ڕۆژهەڵات هەبوو، ماتۆری شەڕی نەرمی ڕێژیم لە چەند ڕەهەندەوە ئاراستە کران.
یەکەم: بۆ ئەوەی پێگەی جەماوەریی شۆڕش نەهێلن لە ڕێگەی جۆراوجۆر و بە بەکارهێنانی سەدان پێگەی ڕاگەیاندن، بۆ چەواشە کردن و ناشیرین نیشاندانی ناوەندەکانی شۆڕش، کەسایەتییە سیاسییەکان و ڕێبەرانی شەهید و مێژووی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان و هەروەها حیزبە سیاسییەکان، هەوڵیان دا بەر بە پەیوەست بوونی خەڵک بە شۆڕش بگرن. بۆ ئەو مەبەستە، وێڕای کەڵک وەرگرتن لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی سەر بە خۆیان لە خزاندنی کەسانی جۆراوجۆر لە نێو ڕاگەیاندنەکانی دیکە و هەروەها دروست کردنی پێگە و سەرچاوەی نادیا رکەڵکیان وەرگرتووە.
لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتە بە ناوی مێژوو نووسین و لیکۆڵینەوەی زانستییەوە زۆر بوختان و درۆیان بۆ ڕێبەرانی خاوەن پیگەی بزووتنەوەی کورد و لایەنە کاریگەرەکانی بزاڤی ڕەوای گەلەکەمان هەڵبەست. ئامانجیان لەو چەواشەکاریە داڕماندنی پێگەی جەماوەریی شۆڕش و کوردایەتی لە ناخی کورددا بوو هەتا بتوانن ئاسانتر ئەوەی خۆیان دەیانهەویست جێگیری بکەن.
دووهەم: دوای پەرەگرتنی ڕەوتی ڕێفۆرمخوازی لە ئێران، ئەو ڕەوتە گرینگییەکی تایبەتی بە کوردستان دا، چونکە کوردستان پوتانسیەلێکی زۆری بە نیسبەتی دژایەتیی سیاسەتی دەسەڵاتی حاکم هەبوو. بەو شێوەیە وێڕای کەڵک وەرگرتن لەو پوتانسیەلە بۆ دەنگ وەرگرتن، بە بانگەشەی گۆڕینی ڕوانگەیان بۆ کوردستان، خۆیان وەک ئادرەسی چارەسەریی پرسە جیاوازەکانی کوردەکان نیشان دا. ئەو بانگەشانە تەنانەت خوێندن بە زمانی دایکیشی لە خۆ دەگرت کە هیچ کات جێبەجێیان نەکرد. ئەوەی بەرچاو بوو لەو ڕەهەندە لە کاراکتێری کوردی کەڵکیان وەردەگرت و بە گەرم کردنی کێبەڕکێی نێوان کوردەکان، هەروەها کورد و ئازەری، وایان نیشان دەدا ئیتر کورد ئەگەر گرفتێکیشی هەبێ، لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا هەوڵی چارەسەری بۆ دەدرێت. لاواز بوونی شۆڕش لە رۆژهەڵاتدا و دورکەوتنەوەی پێشمەرگە لە خەڵک دەیتوانی هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ بانگەشەی نەمانی حیزب و لایەنی بزاڤی کوردایەتی زۆر ئاسانتر بکات. بەو شێوەیە کاراکتەری ڕێفۆرمخواز بە بانگەشەی جۆراوجۆر و لەبەرکردنی جلی کوردی و بابەتی لەو شێوازە، خۆی وەک بەرگریکەری مافەکانی کورد نیشان دەدا.
سێهەم: لایەنێکی دیکەی شەڕی نەرمی کۆماری ئیسلامی بۆ بەلاڕێدا بردنی گوتاری کوردایەتی، ئازاد بوونی دەربڕینی پشتگیری لە خەباتی کوردانی پارچەکانی دیکەیە. لە کاتێکدا بە هیچ شێوەیەک ناتوانن باس لە پرسی نەتەوایەتی لە رۆژهەڵاتدا بکەن، بە دەیان جار دیتوومانە نوێنەرانی کوردی بە ناو مەجلیسی ئێران، بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ یا دژایەتیی سیاسەتەکانی سەرۆک کۆماری تورکیە بە نیسبەت کوردەکان لە تریبوونی مەجلیسی ئێراندا وتار دەدەن. بەڵام ئەگەر کوردێکی ڕۆژهەڵات بە دوور و نزیک پەیوەندیدار بە خەباتی نەتەوایەتی لە لایەن ڕێژیمەوە دەستبەسەر بکرێ، بە تۆمەتی “محاربە با خدا” واتە شەڕ لە گەڵ خودا لە سێدارەی دەدەن. کۆماری ئیسلامی بەو شێوەیە سۆزی شەقامی کوردی بە نیسبەت پارچەکانی دیکە بۆ پشتیوانی لە کەسانێک کە سەر بە کۆماری ئیسلامین یا لە ژێر کۆنتڕۆلی ئەواندان بە کار دێنن، بە واتایەکی دیکە کەسانی ژێڕ کۆنتڕۆلی خۆیان وەک نیشتمانپەروەر بە شەقامی کوردی نیشان دەدەن. ئەگەر هێزی شۆڕش لە گۆڕەپانی خەباتدا نەبێت، ئەو بە لاڕیدا بردنە زۆر ئاسانتر دەبێت. بە تایبەتی بۆ جیلی نوێ و لاوان، بە پێچەوانەوە ڕاسان دەتوانێ ببێ بە ناوەندی ڕاکێشانی هێزی لاوان بۆ خەبات لە پێناو ماف و ئامانجە ڕەواکاندا.
ئەو ڕەهەندانە و دەیان ڕەهەندی دیکەی شەڕی نەرمی ڕێژیم بۆ بە لاڕێدا بردنی گوتاری کوردایەتی لە ڕۆژهەڵات بە کار دەهێنران، چونکە ئەو چالاکیانەی کە دەکەوتنە ئەو چوارچێوانە لە لایەن ئەوانەوەوە بە کوردایەتی دەناسران. تەنانەت دەتوانین بڵێین بەر لە ڕاسانی نوێی گەلەکامان، کاریگەرییان لە سەر دۆخی ڕۆژهەڵات دانابوو. ئەوەش واتە بە لاڕێدا بردنی هەست و سۆزی کورد بۆ کوردایەتی بە جۆرێک کە لە کۆنترۆلی ڕێژیمدا بێت. هەر وەک لە ڕاپۆرتی سیاسیی کۆنگرەی شازدەدا ئاماژەی پێ کراوە دۆخی ڕۆژهەڵاتی بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدار دەبرد، بەڵام بە وەگەڕ کەوتنەوەی شۆڕش کە بە ڕاسان ناسێنرا ڕۆڵێکی کاریگەری لە پێشگیری لە بە لاڕێدا چوونی گوتاری کوردایەتی هەبوو.
ڕۆڵی ڕاسان بۆ پێشگیری کردن لە بە لاڕیدا بردنی گوتاری کوردایەتی
لە کاتێکی وەهادا کە تەونی فریو و سەرکوتی ڕێژیم ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تەنیبوو، تەنانەت بەشێک لە هێز و وزەی کوردی بە لاڕێدا بردبوو، وەرزێکی نوێی چالاکی و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نەورۆزی ساڵی ١٣٩٥ هەتاویدا ڕاگەیەنرا کە دواتر بە ڕاسان ناسێندرا. ڕاسان بە شێوازی جیا توانی پیلانی چەندین ساڵەی دوژمن بۆ بەلاڕێدا بردنی گوتاری کوردایەتی وەک شەڕی نەرم پوچەڵ بکاتەوە و بەرەنگاری دۆخی پەراوێز بوونی شۆڕش لە ڕۆژهەڵات ببێتەوە.
یەکەم: بە چالاک بوونی هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات توانی مژدەی دەستپێکردنی قۆناغیێکی دیکەی خەبات و لە هەمان کاتیشدا پوچەڵ کردنەوەی پیلانەکانی ڕێژیم بدات. چونکە چالاکیی پێشمەرگە لە نێوخۆدا درۆی چەندین و چەند ساڵەی دوژمنی بۆ نەمانی هێزی شۆڕش و خەباتی کردە بڵقی سەر ئاو. ڕێژیم بناغەی بە لاڕێدابردنی گوتاری کوردایەتیی لە سەر نەمانی شۆڕش دامەزراندبوو. چالاکیی پێشمەرگە ئەو بنەمایەی ڕووخاند کە دەبێتە سەرەتای ڕووخانی پیلانەکانی دیکەی دوژمن. هەروەها بە هەبوونی هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵات، ئەو پیلانەی دوژمنیشی بۆ دوور ڕاگرتنی هێزی شۆڕش لە ڕۆژهەڵات پوچەل کردەوە. دوای ساڵانێکی زۆر لە نێوخۆی وڵات پێشمەرگە و گەل یەکتریان لە ئامێز گرت. بەو شێوەیە ئەو بەشەی چەواشەکاریی ڕێژیم کە دەیگوت شۆڕش نەماوە و تەنیا هێزەکانی ژێردەستی ئەون باس لە خزمەت بە کورد دەکەن، مایەپووچ دەرچوو. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەوەش ڕانەوەستا بەڵکوو وەک یەکەمین هێزی ڕۆژهەڵات، دوای ساڵانێکی زۆر بە گواستنەوەی بارەگای پێشمەرگە بۆ شاخەکانی ڕۆژهەڵات وێڕای نیشاندانی جیدییەتی خۆی لە وەرزی نوێی خەباتدا، هەوڵێکی زۆری دا بۆ بەهێزکردنی هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانی. لە بیرمان نەچێ ئەو بەشە لە ڕاسان کە گرینگییەکی زۆری هەیە بە نرخێکی گران بە خوێنی دەیان شەهیدی نوێ و قارەمانێتیی پێشمەرگە مومکین بوو. ئیتر شەقامی کوردی بە بیستینی وەگەڕ کەوتنەوەی شۆڕش و چالاکیی باسکی بەهێزی شۆڕش، هیوای ڕزگارییان لا دروست بوو. ئەوەش دوورکەوتنەوەی زیاتری شەقامی کوردی لەو کەسانە بوو کە بە پیلانی دوژمن خۆیان بە چالاکی گوتاری کوردایەتی دەناساند.
دووهەم: ساڵانێکی زۆر شۆڕش ئەو ڕەخنەیەی لەسەر بوو کە نەیتوانیوە لە نێو شارەکاندا پەل بهاوێژێت. تەنانەت ڕیژیم بۆ کەم نیشاندانی شۆڕش، زیاتر وەک گرووپێکی چەکدار پێناسەی دەکرد. هەر چەند وا نەبوو بەڵام پەل نەهاویشتنی زیاتری شۆڕش بۆ نێو شار ئەو ڕەخنەیەی زەق دەکردەوە. لە ڕاساندا نەک هەوڵ درا بۆ زیاتر پەل هاویشتنی شۆڕش بۆ نێو شار بەڵکو شاری کردە چەقی خەبات و تێکۆشان و هێزی پێشمەرگەی وەک پشتیوانی ئەو خەباتە پێناسە کرد. نێوەڕۆکی ڕاسان کە خۆی لە لێک گرێدانی خەباتی شار و شاخدا دەبینێتەوە، توانی کاریگەری لەسەر بەدەنگەوە هاتنی شار بۆ داخوازییەکانی دابنێت. لە بۆنەی جیاوازی شاد و خەمباری کۆمەڵگادا ڕۆژهەڵات یەکپارچە بە هانای یەکترەوە چوون. تەنانەت بە هانای پارچەکانی دیکەشەوە چوون. ئەو بابەتە ئەگەر هەمووشی لە ژێڕ کاریگەریی ڕاساندا نەبێت، ناتوانین ڕۆڵی ڕاسان لەو حەماسانەی شار فەرامۆش بکەین. هاواری سفرەی بەتاڵی کۆڵبەران، بە هاناوە چوونی لێقەوماوانی کرماشان، ڕێز گرتن لە تەرمی ئەبوبەکر مەعروفی، شادی دەڕبرین بۆ بەڕێوە چوونی سەرکەوتووانەی ڕێفراندۆم، شادی و مەراسیمەکانی نەورۆز و لە کۆتاییدا جامانە و لیباس خاکییەکانی کە بە هانای لافاو لێدراوانی لورستانەوە ڕۆیشتبوون. هەر کامەیان قۆناغێکی گرینگی خەباتی شارن کە وێڕای وڵاتپارێزی لە زۆر ئاستەوە شایەنی لێکۆلینەوەی وردن و هەروەها پەیامهێنەری بە دەنگەوە هاتنی شارە کە ئامانجی ڕاسانە. لەو بارودۆخەدا ئیتر دوژمن ناتوانێ حیزب و شۆرش بە گروپێکی چەکدار بشوبهێنێ و بە خەڵک بڵێت ئەوە شوڕای شارە بە دەنگ داخوازییەکانی ئێوەوە دێت. بەڵکوو ئێستا شۆڕش لە شەقامە و پێشمەرگەش پشتیوانە، ئیتر هەندێک کاراکتەری بەرژەوەندیخواز ناتوانن بە بەرگری لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بۆ شاردنەوەی خەبات لە ڕۆژهەڵات خۆیان بە نوێنەری کوردایەتی بزانن، چونکە خەڵک دەپرسێت هەمان مافخوازی و خەبات و شەهید لە ڕۆژهەڵاتیش هەیە ئەی بۆ باسی ناکەن. واتە هەبوونی ئادرەسی شۆڕش لە شەقامەکان پێشگیرییەکی جیددی لە بە لارێدا بردنی گوتاری کوردایەتی و هێز و وزەی کورد دەبێت کە لە داهاتوودا کاریگەرییەکانی ئەو بابەتە زیاتر دەبیندرێت.
سێهەم: ئامانجێکی دیکەی ڕاسان و بەڕێوەبەرەکانی ڕاسان هەوڵدان بوو بۆ یەکڕێزیی زیاتر لە ئاستی ڕۆژهەڵاتدا. سەڕەرای دەستپێکردن و قوربانیدانێکی زۆری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاساندا، هەروەها ڕەخنە گرتنی ئەو جووڵەیە لە لایەن هێزەکانی دیکەوە، حیزبی دێموکراتی بەرەوە تاکڕەوی نەچوو؛ بەڵکوو وێڕای وەڵام دانەوەی دڵفراوانانەی ڕەخنەکان، کاری زۆرتری بۆ یەکڕێزی کرد. تەنانەت لە دامەزراندنی ناوەندی هاوکاریی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێراندا ڕۆڵێکی کارامەی هەبوو. ئێستاش لە بۆنەی جیاوازدا ڕادەگەیەنێ کە بەهێز کردنی ناوەند بە یەکێک لە سیاسەتەکانی خۆمان دەزانین و لەو بوارەدا هەوڵێکی زۆریش دەدەین.
ئەم بابەتە بەهێز کردنی گوتاری کوردایەتی نیشان دەدات؛ چونکە یەکێک لە بوارەکانی شەڕی نەرمی ڕێژیم زەق کردنەوەی ناکۆکییەکانە لە نێو ڕێزەکانی کورددا، بۆ ئەوەی بە خەڵک بڵێت کورد یەکگرتوو نییە و قەت سەرکەوتوو نابێت. ئەوەش دابەزینی ورەی پشتیوانی لە گوتاری کوردایەتی بە دوادا دێت، بە ڵام هەوڵەکانی بەڕێوەبەرانی ڕاسان لەم بوارەدا توانیویەتی تا ڕادەیەک بەسەر ئەو کۆسپەشدا زاڵ بێت. شایانی باسە بێگومان ئاستی یەکگرتوویی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا لەوانەیە لە ئاستی چاوەڕوانیی زۆر کەسدا نەبێت. بەڵام بەو مانایە نییە کە هەنگاوەکانی دروست بوونی یەکڕێزی لە لایەن حیزبی دێموکرات و هێزەکانی دیکە نەبیینن. بەڵکوو ئەو هەنگاوانە زۆر پیرۆزن بە تایبەتی کە دیالۆگی بەردەوام و پەیوەندیی دۆستانە هەیە، بەڵام دەبێ لە قۆناغەکانی داهاتوودا ئەو دیالۆگ و پەیوەندییە دۆستانەیە بکەینە هەوێنی هەنگاو و میکانیزمی کردەوەی جیدی بەو ئاراستەیەدا.
کۆبەند
گوتاری کوردایەتی کە خۆی لە خەبات بۆ ماف و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد لە ئاستی جیاوازدا دەبینێتەوە، بەردەوام لە لایەن ڕێژیم کەوتووەتە بەر هێرش و دژایەتی و چەواشەکاری. دوژمن بە شەڕی نەرم هەوڵ دەدات ئەو گوتارە بسڕێتەوە و گوتاری فریودەرانەی خۆی لە جێگەی دابنێت، هەتا بتوانێ هێز و پوتانسیەلی شەقامی کوردی بۆ پشتیوانیی کوردایەتی بەرە و ئاراستەیەک کە خۆی کۆنتڕۆڵی دەکات بە لاڕێدا ببات. لە ئەگەری لاوازیی شۆڕش و خەباتکارانی ڕاستەقینەی گوتاری کوردایەتی، ڕێژیم دەتوانێ زۆر بە ئاسانی لە هەوڵەکانی لەو بوارەدا سەرکەوتوو بێت، بەڵام بە ڕاسانی نوێی گەلەکەمان وێڕای ئەو نوێگەراییەی کە لە نێوەڕۆکی خۆیدا هەیە و بە قارەمانێتیی پێشمەرگە و سەرهەڵدانی شار توانیویەتی لاوازیی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتدا نەهێڵێت. ڕووداوەکانی ساڵەکانی دوای دەست پێکردنی ڕاسان بەڵگەن بۆ سەلماندنی ڕۆڵی کارامەی ڕاسان بۆ پێشگیری لە بە لاڕێدابردنی گوتاری کوردایەتی، چونکە بەهەبوونی ڕاسان ئێستا شەقامی کوردی خاوەن ئادرەسێکی گرینگە بۆ شۆڕش و بەرخودان و کوردایەتی.
ژێدەرەکان
١. کوردایەتی و سەربەخۆیی کامیل ژیر
٢. هێزی شوێندانەر لە رۆژهەڵاتدا (ڕاسان) ئەلبورز رۆئین تەن
٣. ڕاپۆرتی سیاسیی کۆنگرەی شانزدە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.


