ئارامتر بخوێنەوە!

تیۆریی زاگرۆس: چۆن بیر لە کوردستانی فەرهەنگی دەکەینەوە؟

شاهۆ زەنگەنە

ئاماژە

“کەڵک وەرگرتن لە چەمکی زاگرۆس وەک فەرهەنگی ئەو دەوڵەمەندییە بە بواری فیکر و کولتوورمان دەگەڕێنێتەوە کە ئەو ناوچانەی ئێستا کوردی لێ ناژین بەڵام پێشتر وەک هەرێمی فەرهەنگیی زاگرۆس کوردی لێبووە، وەک بەشێک لە سەرمایەی کولتووری خۆمان ئەژماریان بکەین“

پێشەکی

مەبەست لە تیۆریی زاگرۆس تاوتوێ کردنی ڕەهەندە کولتوورییەکانی کوردستانی فەرهەنگییە. لە سەدەی بیستەم و هاوکات لەگەڵ خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد، بیری کوردایەتی بە کوردستانێک کورت کراوەتەوە کە چوارچێوەکەی بە زمانی کوردی سنووردار بووە. واتە کوردستان بەو شوێنانە وتراوە کە مرۆڤی کوردزمان لە سەردەمی هاوچەرخدا تیایدا ژیاوە. ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە، لەسەر دوو ئاست کێشەی بوونناسانەی بۆ ژیانی ئێمە لە جیهاندا ساز کردووە:

سەرەتا ئێمەی لە دۆخێکی بەرگری لە زمانی کوردیدا داناوە. مەبەست لە دۆخی بەرگری لە زمانی کوردی ئەوەیە کە داگیرکەرانی کوردستان بە قەدەغەکردنی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی هەوڵیان داوە کوردستانیبوون تەنیا بۆ دۆخی کوردزمانبوون دابەزێنن و بەرگری لە زمانی کوردی بە ئامانجی سەرەکیی کوردایەتی دابنێن. هەروەها بۆ دەستەبەرکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایک، ڕێگەی ڕیفۆرم و گۆڕانکاری لە مافەکانی هاووڵاتیبوونی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان لە جیاتی شۆڕش بە مەبەستی سەربەخۆیی پێشنیار کراوە. لە کاتێکدا بە شێوازی مێژوویی و پێش لە سەدەی بیستەم کوردستانی بوون تەنیا بە مانای کوردزمان بوون نەبووە. هەروەها لە دۆخی بەرگری لە زمانی کوردیدا، داگیرکەر گوشاری لەسەر ئێمە ساز کردووە کە زمانی کوردی لقێکی زمانە ئێرانییەکانە و تەنانەت زارەکانی لوڕی، لەکی، هەورامی و زازاکی بەشێک لە زمانی کوردی نین. لە بازنەیەکی بێ‌ئەنجامی سەلماندن و ڕەتکردنەوەدا بەرگریمان لە زمانی کوردییەک کردووە کە تەنیا دەتوانێ یەکێک لە فاکتەرەکانی ناسنامەی چەند ڕەهەندیی کوردستانی بوون لە جیهاندا بێ. هەروەها و بەتایبەت پێش لە سەردەمی مۆدێرن کوردستانییەکان تەنانەت بۆخۆشیان کەڵکیان لە چەندین زمانی وەک عەرەبی، فارسی و تورکی بۆ گواستنەوەی تێگەیشتنی خۆیان سەبارەت بە مرۆڤ و جیهان وەرگرتووە.

دواتر، کاتیک سەیری مێژووی ناوچەکە دەکەین، پانتایی کولتووریی کوردستان لە هەرێمێکی زۆر بەرفروانتر لە سنوورە هەنووکەییەکانی زمانی کوردییدا بووە. دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، بزووتنەوەی کوردایەتی لە ژێر کاریگەریی سازبوونی ئەو دەوڵەت نەتەوانەی کە کوردستانیان داگیر کردووە، بەرەو هەرێمی دەسەڵاتی زمانی کوردی پاشەکشەی کردووە. لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا کوردستانی فەرهەنگی پانتاییەکی بەرینی لەخۆ گرتووە و لە هەناوی خۆیدا فرەچەشنییەکی سەرنجڕاکێشی هەڵگرتووە کە تاکوو ئەمڕۆ وەک کێشەیەک بۆ سەر بزووتنەوەی کوردایەتی سەیر کراوە و داگیرکەرانیش بۆ پەرتەوازەیی بەرەی کوردستانی  زۆرترین کەڵکیان لێ وەرگرتووە. لە تیۆریی زاگرۆسدا هەوڵ دەدەم بە بەکارهێنانی فەکتە مێژوویی و کولتوورییەکان، تیۆرییەکی پاڵپشت بۆ کوردایەتی پێشنیار بکەم بەڵکوو ئەم فرەچەشنییە لە مەترسییەوە بۆ دەرفەتی بەهێزترکردنی ناسنامەی کوردستانیبوون بگوازینەوە. لە ئیستادا گوتاری کوردایەتی پێویستیەتی بە چەندین بیرۆکە بەهێزتر بکرێتەوە کە توانایان هەبێ لە زۆرترین ئاستدا یەکگرتوویی لە ناو فاکتەرە پرشوبڵاوەکاندا ساز بکەن.

ڕەنگە گرێدانی تایبەتمەندییە لێک دوورەکان وەک شێوازێک لە زاتگەرایی سەیر بکرێ کە لە ناخیدا دەیەوێ شتێکی نەگۆڕ بۆ هەڵاتن لە ڕەخنە نیشان بدات و چاوپۆشی لە کێشەکانی تیۆریی کوردایەتی بکا. تیۆریی زاگرۆس کەڵک لە زاتگەراییەکی ستراتێژیک وەردەگرێ کە لە ڕێگەیەوە، بێ ئەوەی بیهەوێ جۆراوجۆرییەکانی کۆمەڵگای کوردی بسڕێتەوە، خوازیاری ئەوەیە لە ناو چەمکێکی فەرهەنگیدا پێکەوە گرێیان بداتەوە و لە هەمان کاتدا لە بەرامبەر تیۆرییەکانی ئێرانچیەتی (قلمرو زبان فارسی یان پان‌فارسیزم، ایرانی‌وار یان پان‌ئیرانیسم، ایرانشهر)، جیهانی ئیسلامی (هێژمونی فەرهەنگی ئیسلامی بە مەبەستی ناسیۆنالیزمی عروبە و کاریگەریی زمانی عەربی) وتورکچیەتی (کەمالیزم، پان‌تورکیسم، تێهەڵکێشی تورکی – ئیسلامی) پاڵپشتیکی فەرهەنگی بۆ کوردایەتی ساز بکا. تیۆریی زاگرۆس لەسەر دوو مژار ڕاوەستاوە: باس لە بڕشتی کولتووریی کوردستان بۆ ئەو ناوچانە دەکا کە بەپێی هێژمونی کولتووری داگیرکەرانەوە لە کوردستان دابڕاون. هەروەها تەنیا خۆی لە ڕابردوودا کورت ناکاتاوە، بەڵکوو دەکرێ لەسەر ئەو تایبەتمەندییانەی کە ناوچەی زاگرۆس هەیەتی باس لە چەمکی مۆدێرنی پێکەوەژیانی گروپە ئایینی، قەومی و زمانییە جیاوازەکانی ناو کوردستان بکرێت.

[١]

زاگرۆس کوێیە؟

لە کاتی هاتنی یۆنانییەکان بۆ وڵاتی میدیا، مێژوونووسەکانیان باسیان لەوە کردووە کە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس وڵاتی میدیا لە ناوچە دەشتاییەکانی مێزۆپتامیا، بیابانەکانی پێرشیا و دەریای قەزوین (خەزەر) جیا دەکاتەوە.[1] عەرەبە موسڵمانەکان کاتێک لە دەشتاییەکانی عێراقەوە دەیانەوێ دەست بە سەر گرنگترین شارەکانی ڕێگای ئاوریشمدا بگرن بەرەوڕووی چیا بەرزەکان دەبنەوە کە ناوی جیبالی (چیاکان)لێ دەنێن. هەروەها دواتر کە سیستەمێکی ڕێکوپێکی ماڵیات بۆ حکومەتی ئیسلامی ساز دەبێ، بەشی مەزنی وڵاتی میدیای جاران ناوی جیبال بەخۆیەوە دەگرێت. تەنانەت ماڵیاتی (جەزیە و خەراج) دوو شاری هەرە گرنگی جیبال، دینەوەر و نەهاوەند، بۆ سازکردن و ئاوەدان کردنی دوو شاری کووفە و بەسرە لە عێراق خەرج دەکرێ. بۆیە لە زۆربەی دەقەکاندا وەک ماه الکوفە و ماه البصرە ئاماژە بەم دوو شارە و داهاتە زۆرەکەیان دەکرێ. لێرەدا مەبەست لە ماه وڵاتی میدیا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی مادەکانە. بەڵام موسڵمانەکان لە ڕووی ئیدارییەوە پارێزگا یان ساتراپی ئازەرپاتێگان (ئازەربایجان) لە وڵاتە کۆنەکەی میدیا دادەبڕن؛ هەرچەند هەر لەو سەردەمەدا لە ڕووی فەرهەنگییەوە ئەم دوو پارێزگایە هەر یەک بوون. تاکوو سەدەی هەشتەمی کۆچی (چواردەی زایینی) ئاماژە بە ناوی کوردستان وەک شوێنێک کە کوردەکانی لێ بن ناکرێ.[2] هەڵبەت لێرەدا دەبێ ئاگاداری دوو بابەت بین: یەکەم، جوگرافینووسە عەرەبەکان پێمان دەڵێن کە کوردەکان لە هەندێک لە شارەکانی جیبال وەک (سیروان، دینەوەر، شارەزوور، کرماشان، سۆهرەوەرد، ئەبهەر و هەمەدان) زۆرینە بوون و لە شارەکانی دیکەش (ئیسفەهان، ڕەی، قۆم، قەزوین، زەنگان،شوش) کوردەکان بەشێک لە پێکهاتەی قەومی بوون. بەرەبەرە کوردستان تەنیا بەو ناوچانە وتراوە کە زۆرینەی کورد بوون و ناوی جیبالی عێراق بۆ ناوچەکانی دیکە بەکار هاتووە.[3]

دووەم، جیاکاری ئیداری لە نێوان هەرێمەکاندا، ڕێک هەر وەک سەردەمی ئیستا، گرێدراوی مەبەستی سیاسی بووە. بۆ نموونە کاتێک سەلجوقییەکان لە سەدەی پێنج و شەشی کۆچیدا (یازدە و دوازدەی زایینی) ناوچەی جیبال دەکەنە ناوەندی دەسەڵاتی خۆیان و عێراق و بەغداش وەکوو پایتەختی خەلافەتی ئیسلامی کۆنترۆڵ دەکەن، هەمەدان وەک پایتەختی خۆیان هەڵدەبژێرن. هەر بۆیە کاتێک خەلیفەی عەباسی نازناوی سلطان العراقینیان پێ دەبەخشێ ناوی جیبال لەبەر تێکەڵ نەبوون لەگەڵ عێراقی عەرەب بە عێراقی عەجەم دەگۆڕدرێ.[4] ئەم گۆڕانکارییە سیاسییە بەردەوامانە لەسەر ناو و جوگرافیای ناوچەکە هەتا سەدەی بیستەم، کاریگەرییەکی ئەوتۆ لەسەر دانیشتووانی زاگرۆس دانانێت و لە ڕووی تایبەتمەندییە کولتوورییەکانەوە (دابونەریت، زمان، شێوازی شارنشینی) زاگرۆس جیاوازی خۆی لەگەڵ هەرێمەکانی عێراقی عەرەب، فارس و خۆراسان و تورکستانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی هێشتووەتەوە. بەڵام لە سەدەی بیستەمدا سازبوونی دەوڵەت نەتەوەکانی ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا دەبنە هۆی ئەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ناوچەکانی زاگرۆس لێک دوور بکەونەوە. لە لایەکەوە بەشێکی زۆر لە ناوچەکان کوردی لێ نامێنێت و  لە لایەکی دیکەشەوە هەم سنووری کوردستان بچووک دەکرێ و هەم لە نێوان چوار پارچەکەدا پەیوەندیی کولتووری لاوازتر دەبێتەوە.

   ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە هەرچەند لە وڵاتەکانی ئەرمەنستان، ئازەربایجان، ناوچەی خۆراسان لە ئێران، شارەکانی ئەستانبۆل و تاران ڕەوەندێکی بەرچاو لە کوردەکان دەژین، بەڵام هەر لە دێرزەمانەوە زۆرینەی کوردەکان لە زنجیرە چیا و پێدەشتەکانی زاگرۆس ژیاون.[5] کەواتە لێرەدا دەبێ خۆمان لە دوو وەهم دوور کەینەوە: وەهمی یەکەم ئەوەیە کە دەوترێ مرۆڤی نیشتەجێی چیاکان خاوەنی شار و شارستانییەت نەبوون؛ ڕێک بەپێچەوانەوە، لە کەناری چیا بڵیندەکان پێدەشتە پڕپیتەکانی زاگرۆس شوێنێکی گونجاو بۆ ژیانی مرۆڤ بوون و بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەردەمی مادەکانەوە هەمانە بەشێکی گرنگ لە شارەکانی پاشایەتییەکان و خەلافەتەکان لە ناوچەی زاگرۆس هەڵکەوتوون. فەرهەنگ، ئایین، شێوازی ژیان و دابونەریتی زاگرۆس نیشانەکانی شارستانییەتێکی گرنگی ناوچەکەمان بۆ دەردەخەن کە لە سەدەی بیستەمدا لەبەر هەندێک جیاوازی بنەڕەتی هەوڵی چاوپۆشی، لەناو بردن و سڕینەوەی دراوە. وەهمی دووەم ئەوەیەکە گوایە کوردەکان هەمیشە لە شکەستدا بوون و کوردستان لە ڕەوتی مێژووییدا بچووک بووەتەوە؛ دیسان وردبوونەوە لە مێژووی ناوچەکە ڕاستییەکی ترمان بۆ دەردەخەن. هەر لە کۆنەوە پانتایی فەرهەنگیی زاگرۆس بەرفراوانتر لەو ناوچانە بووە کە دەسەڵاتە ناکوردییەکان ناوی کوردستانیان لێ ناوە. بۆ نموونە، ئەو ناوچانەی کە یەکەم جار لە ژێر دەسەڵاتی سەلجوقییەکاندا (سەدەی دوازدەیەم) کوردستانی پێ وتراوە زۆر بچووکتر لە هەرێمی کوردستانی گەورەیە. ئەمە دەریدەخات کە کوردەکان هەم لە پانتاییەکی بەرینتردا ژیاون و هەم هەوڵیان داوە کولتووری خۆیان بۆ ئەوپەڕی دەسەڵاتی خۆیان بگوازنەوە. بەم شێوەیە دەتوانین باس لەوە بکەین  کە کولتووری زاگرۆسی و مژارە هاوبەشەکانی لە باکوورەوە بۆ ئەوپەڕی ڕووباری ئەرەس، لە باکووری ڕۆژئاواوە بۆ چیاکانی تورۆس (هەتاکوو سیواس، ئەرزرووم و مەرعەش) و لە باشوورەوە تا دەشتاییەکانی مێزۆپێتامیا (دەشتی کەرکوک) گوازراوەتەوە. ئەگەر ئیستا سەیری ئەم ناوچانە دەکەین دەبینین جگە لەوەی کوردی لێ دەژین، ئەم پەرەپێدانە بووەتە هۆی ئەوەیکە هاوبەشییەکی کولتووری لە ژیانی مرۆڤەکانی ئەم دەڤەرانەدا ببیندرێ کە لە کولتووری دەوڵەت – نەتەوە دەستکردەکانی ناوچەکە جیایان دەکاتەوە.

کەواتە کاتێک باس لە تیۆریی زاگرۆس دەکەین مەبەستمان لە چەمکی زاگرۆس، لە هەمان شێوازی بەکارهێنانی مێژوونووسە یۆنانییەکاندایە کە تایبەتمەندیی سەرەکیی هەرێمی میدیایان بە بوونی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس دەستنیشان کردووە. لێردا دەبێ وڵامی دوو پرسیاری گرنگ بدەینەوە:

(١) چۆن دەکرێ چەمکی زاگرۆس وەک ناوچەیەکی جوگرافیایی لەسەر چەند هەرێمێک دابنێین کە پێمانوایە هەڵگری کولتوورێکی هاوبەش یان زۆر لێک نزیکن؟

 (٢) چەمکی زاگرۆس وەک کوردستانی فەرهەنگی چ کەڵکێکی بۆ بزووتنەوەی کوردایەتی هەیە؟

لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا من لە سێ تایبەتمەندیی زمان، ئایین، ئەدەبیات و موسیقاوەک گرنگترین فاکتەرە کولتوورییەکانی ناوچەی زاگرۆس کەڵک وەردەگرم هەتا لێک نزیکبوونی فەرهەنگیی دانیشتووانی زاگرۆس نیشان بدەم. لە کۆتاییدا باس لە بایەخی ئەم تیۆرییە بۆ بزووتنەوەی کوردایەتی دەکەم و ئاماژە بەوە دەدەم کە چۆن دەکرێ هەرێمی فەرهەنگیمان بەربڵاوتر لە هەرێمی جوگرافیمان بێ؛ یان بە واتایەکی دیکە باس لە ئیمکانەکانی تیۆرییەک دەکەم کە تیایدا ڕووبەری جوگرافیای فەرهەنگیمان لە جوگرافیای سیاسیمان بەرفراوانترە.

[٢]

شەبەنگی زمانیی زاگرۆس

مۆدێلی سازکردنی دەوڵەت – نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای یەک نەتەوە – یەک زمان ڕاوەستاوە. هەر بۆیە لە هیچ کام لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان داگیرکردووە، نە تەنیا ڕێگە بە خوێندن بە زمانی کوردی نەدراوە، بەڵکوو هەروەهاش زمانی کوردی وەک مەترسییەک بۆ سەر یەکگرتوویی نەتەوەیی وڵاتی داگیرکەران سەیر کراوە. ئەم دەوڵەتانە سەرەڕای قەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی کوردی هەوڵ دەدەن لە بۆشاییەکانی نێو فیکری کوردایەتی کەڵک وەرگرن و دۆخێکی ئاڵۆز بە سەر ناسنامەی کوردستانی بووندا بسەپێنن. هەر لە سەرەتاوە دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کاتێک داگیرکەران پرسیارمان لێ دەکەن کامە زاری کوردی وەک زمانی فەرمی لە کوردستان بەکار دێنین؟ پێویست ناکا پێداگری لەسەر، بۆ نموونە، کورمانجی یان سۆرانی بکەین. چونکە لە بنەمادا پرسیارەکە هەڵەیە و لە مۆدێلی دەوڵەت نەتەوەی داگیرکەرەوە سەرچاوەی گرتووە. واتە بەپێی تێگەیشتنی ئەوان هەر دەوڵەت نەتەوەیەک دەبێ تەنیا و تەنیا یەک زاری ستاندارد و یەک ئەلفوبێی هەبێ. مۆدێلی دەوڵەت نەتەوەی ئێمە توانای هەیە جگە لەوەی تیایدا دوو زاری سەرەکی (کورمانجی و سۆرانی) هەبێ کە لە لایەن ڕۆشنبیر و نووسەرەکانەوە پەسەند کراوە، تەنانەت کەڵک لە دوو ئەلفوبێی تەواو جیاواز وەرگیراوە. ئەگەر ئەم مۆدێلە هەندێک کێشەی لە سازکردنی دەوڵەت نەتەوەدا هەیە ئەو کێشانەی پەیوەندی بەخۆمانەوە هەیە نەک داگیرکەر کە وەک ئامرازی گوشارخستن بەکاری بهێنێت. ئێمە لەم کاتەدا کە تەنانەت دەوڵەت نەتەوە و دامودەزگا بەهێزەکانی پەروەردەمان نییە لە ئاستێکی بەرزدا توانیومانە لەگەڵ ئەو کێشە خۆمان ڕابهێنین و چارەسەرمان بۆ دۆزیوەتەوە. گرنگ ئەوەیە کە ئێمە ئیمکانە زمانییەکانی خۆمان باش بناسین و بە باشترین شێوە بۆ ژیانی هاووڵاتییەکانمان بەکاریان بهێنین، نەک ئەوەی بە شێوازی داگیرکەرەکانی کوردستان لەبارەیانەوە بیر بکەینەوە.

لە ڕوانگەی زاگرۆسییەوە ئەو زمان و زارانەی کە لە هەرێمەکدا ئاخاوتنی پێ دەکرێ لێک دانەپچڕاون و لە بەرامبەردا دەبێ وەک شەبەنگێکی زمانی سەیریان بکەین. لە شەبەنگی تیشک و لە نێوان ڕەنگەکاندا(لە بنەوشەوە تا سوور) سنوورێکی لێک داپچڕاو لە ناو ڕەنگەکاندا نییە، بەڵکوو لە شەبەنگێکی پێکەوە گرێدراو ڕەنگەکان دەگۆڕدرێن. لە هەریمی زاگرۆسیش کاتیک لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە و لە زمان (یان زاری) لوڕییەوە بەرەو لەکی، کەلهوری، هەورامی و بنزارەکانی دیکەی کوردیی خوارەوە دەڕۆین هەست بە جیابوونەوە ناکەین. خەڵکی ئەو دەڤەرانە زۆر بە ئاسانی لێک تێدەگەن بەڵام داگیرکەران بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆریی زمانناسەکانی ڕۆژئاوا باس لە چند زمانێکی جیا لە یەک لەم ناوچانە دەکەن. ئەگەر لە خەڵکی ئاسایی هەر کام لەم شوێنانە ورد ببینینەوە بۆمان دەردەکەوێ کە ئەوان لە پەیوەندی سازکردن پێکەوە، گرفتێکی ئەوتۆیان نییە. کاتێک بەرەو سەرتر دەڕۆین ناتوانین جیاکارییەکی ڕوون لە نێوان هەرێمی بنزارەکانی کوردیی لە ناوچەکانی کرماشان و ئەردەڵاندا ببینین و لە نێوان بنزارەکانی سۆرانی، بادینی و کورمانجیدا دیسان هەر ئەم ڕەوتە بەدی دەکرێ. بەڵام ڕوونە کە لە نێوان دوو جەمسەری شەبەنگی زمانیی زاگرۆسدا، واتە لە لۆرییەوە تا زازاکی، جیاوازییەکە دەگاتە ئاستێک کە لێک تێگەیشتنی ئاخێوەرەکان ئاستەم دەبێ. ئەم لێک تێنەگەیشتنە لە نیگای یەکەمدا وەک مەترسییەک بۆ ناسنامەی کوردستانی سەیر دەکری؛ بەڵام ئەگەر وەک داگیرکەر بیر نەکەینەوە و دەوڵەت نەتەوەی خۆمان تەنیا بە یەک زمان یان زار نەبەستینەوە هیچ کە کێشەیەک بۆ ناسنامەی ئێمە ساز نابێ، بەڵکوو دەرفەتێکیش دەڕەخسێ کە تیایدا هاووڵاتییەکانی کوردستان بەپێی هەڵبژاردەی خۆیان لانیکەم جگە لە زار یان زمانی هەرێمی خۆیان یەکێک لە دوو زارە فەرمییەکەش فێر دەبن. ئەم دەوڵەمەندییە زمانییە بووەتە هۆی ئەوەی ئەدەبیات، فولکلۆر و موسیقایەکی جیاواز و فرەچەشن لە ناوچەی زاگرۆس ساز ببێ کە هەموویان دەتوانن لە نەخشاندنی پازڵی فەرهەنگیی کوردستاندا دەوریان هەبێت.

پێکەوەژیانی ئایینی لە زاگرۆس

لە سەردەمێکدا کە توندڕەویی ئایینی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تەنیوەتەوە و سیاسەتمەدارەکان هەوڵ دەدەن لە لایەکەوە وڵاتەکەی خۆیان لەم کێشانە بەدوور بگرن و لە لایەکیشەوە ئایین بکەنە ئامرازی بشێوی لەو وڵاتانەی کە وەک دوژمن سەیریان دەکەن، هەرێمی زاگرۆس لانیکەم بۆ ماوەی چەندین سەدە، شوێنێک بۆ پێکەوەژیانی ئایینەکان بووە. بێگومان وەکوو هەموو شوێنێکی دونیا لە هەرێمی زاگرۆسیشدا بەریەککەوتنی ئایینەکان هەبووە و تەنانەت ئیماندارەکان کێشەیان بۆ بیروباوەڕی یەکتر ساز کردووە، بەڵام لەبەر فرەچەشەنیی ئایینی بەرەبەرە هەڵگرانی ئایین و ئایینزا جیاوازەکان پێکەوە هەڵیان کردووە. پێش لە هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە، ئایینەکانی مەسیحی، جوولەکە، زەردەشتی، مانەوییەت، میترایی و ئایینزا یۆناییەکان لە هەرێمی زاگرۆسدا هەبوون و دوای ئیسلامیش سەرەڕای ئەوەی کە ئیسلامی سوننی (زۆرینەی شافعی و کەمینەیەکی بچووک حەنەفی) و شیعە بوونە ئایینی دانیشتووانی زاگرۆس، ئایینەکانی یارسان، ئیزدیایەتی و عەلەوی، شەبەک و مەندایی لە هەرێمەکدا درێژەیان بە ژیانی خۆیان داوە.[6] بۆ زۆربەی توێژەران پرسیار بووە ئەم پێنج ئایینە چۆن توانیویانە لە لایەکەوە لە ژێر دەسەڵاتی بەهێزی حکومەتە ئیسلامییەکاندا بمێننەوە و لە لایەکیشەوە کاتێک لە چەند ناوچەی جیاوازن چۆن هێندە خاڵی هاوبەشی مەعریفییان هەیە؟

ئایینی مەندایی لە باشووری ڕۆژهەڵات ژمارەیەکی کەمی ئیماندار ماوە؛ ئایینی یارسان کە لە ناو لورەکان و کوردەکانی ڕۆژهەڵاتدا دەبیندرێ و لە بەشێک لە باشوور وەک کاکەیی ناویان لێ دەبرێ؛ ئیزدیایەتی وەک ئایینی بەشێک لە کوردەکان لە باشوور، کۆمەڵگەیەکی بچووک لە باکوور و هەموو کوردەکانی دانیشتووی یەکیەتی سۆڤییەتی پێشوو پێک دێنێ؛ ئیماندارانی ئایینی شەبەک لە دەروبەری موسڵ لە باشووری کوردستان دەژین و عەلەوییەکانیش کە هەموویان لە باکووری کوردستانن. سەرەڕای ئەم هەموو ئایین و ئایینزایە دەتوانین باس لە بوونی لقەکانی ئایینی مەسیحییەت (ئاشوری، کلدانی) لە زاگرۆس بکەین. ئەم فرەچەشنییە سەرەڕای ئەوەی فەرمانڕەواکان کەڵکیان لێ وەرگرتووە کە لە نێوان گروپە جیاوازەکاندا کێشە ساز بکەن، بەڵام لە ناو خەڵکی زاگرۆسدا بووەتە هۆی ئەوەی بەرەبەرە بیروڕای جیاواز قەبووڵ بکرێت و پێکەوەژیان و هەڵکردنی ئایینی وەک تایبەتمەندییەکی سەرەکیی ژیانی لێ دەربێت.

تیۆریی زاگرۆس پێمان دەڵێ بەپێچەوانەی هەموو دنیای ئیسلام، ئایینە نائیسلامییەکان لە هەرێمی زاگرۆس درێژەیان بە بوونی خۆیان داوە و ڕەنگە ئەمە بۆ سروشتی ناوچەکە بگەڕێتەوە. ئەگەر تەنیا لە ناو سنووری وڵاتانی ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا سەیری ئەم مژارە بکەین ناتوانین تێگەیشتنێکی وردمان لەسەر پرسی ئایین هەبێ. بەڵام کاتێک لە دەرەوەی سنووری ئەم وڵاتانە سەیری ئایینەکان دەکەین دەبینین تەنیا لە ناوچەی زاگرۆس ئەم فرەچەشنییە بوونی هەیە؛ ئەم دوورگە بەڕواڵەت لێک جودایانە (یارسان، ئیزدی، عەلەوی) لە ڕاستیدا وەک بیروباوەڕی خەڵکانی دانیشتووی ناوچە دوورەدەستەکان، پاشماوەی ئایینە کۆنەکانی ناوچەکەیان (زەردەشتیگەری و میترائیسم) لە خۆدا پاراستووە. ڕەنگە بتوانین ئەم دیاردەیە بۆ تایبەتمەندیی سروشتیی چیاکانی زاگرۆس بگەڕێنینەوە کە داڵدەی بیروباوەڕە جیاوازەکانی داوە کە لە ناو نەچن و تاکوو ئەمڕۆ بمێننەوە.

   هەروەها لە ناو دڵی ئیسلامدا بەشێکی بەرچاو لە زانا و سۆفییە ناودارەکانی دنیای ئیسلام لە ناوچەی زاگرۆس ژیاون. لە سەرەتای سەرهەڵدانی بیرۆکەی سۆفیگەری و بڵاوبوونەوەی بە دنیای ئیسلامدا، سۆفییەکانی هەرێمی زاگرۆس دەوری گواستنەوەی ئیسلامیان بۆ ناوچەکانی دیکەی دنیای ئیسلام هەبووە. زاناکانی ناوچەی زاگرۆس بە هۆی تایبەتمەندیی چەند زمانییەوە توانیویانە لە هەموو دنیای ئیسلام پەیوەندییان هەبێ. چونکە جگە لە زمانی کوردیی خۆیان هەر سێ زمانی عەرەبی، فارسی و دواتر تورکیشیان زانیوە.[7] ئەم تایبەتمەندییە لە ناوچەی زاگرۆس بووەتە هۆی ئەوەی کەسانیک وەک عەینولقوزات هەمەدانی و سۆهرەوەردی بە هەر دوو زمانی عەرەبی و فارسی لە بەرزترین ئاستی فیکری لە دنیای ئیسلامدا بەرهەمیان هەبێ. شارەکانی بەتلیس، مێردین، شارەزوور، دینەوەر و هەمەدان گرنگترین ناوەندە فیکرییەکانی دنیای ئیسلام بوون. هەروەها لە هەرێمی زاگرۆس بیرۆکەی سۆفیگەری هەر لە سەدەی سێی کۆچییەوە تاکوو ئەمڕۆ زۆر بەهێز بووە. بیرۆکەی سۆفیگەری جودا لە شەریعەتی ڕەسمی و تایبەت بە ناوچەی زاگرۆس بووەتە هۆی ئەوەی لە هەمان سەرەتاوە سێ کەس لە گرنگترین کەسایەتییەکانی هەریمی زاگرۆس، واتە حەللاج، عەینولقوزات و سوهرەوەردی، بە دڕەندەترین شێواز بکوژرێن. ئەم سۆفییانە هەرچەند بە زمانی کوردی هیچیان نەنووسیوە بەڵام تاکوو ئیستاش پرسیارێکی گرنگیان بۆ ئێمە هێشتووەتەوە بۆچی دەبێ تەنیا ئەوان بەم شێوەیە بکوژرێن؟ هەروەها لە سەردەمی مۆدێرنیشدا و پێش لە قۆناغی ناسیۆنالیزم گرنگترین خەباتی دژەداگیرکەر لە ڕێگەی تەریقەتەکانی نەقشبەندی و قادرییەوە پێشەنگی بکرێت.

ئەدەبیاتی زارەکیی زاگرۆس

لە بەشی زاگرۆسی ناوەندیدا بۆ ماوەی چەندین سەدە کەڵک لە شێوازێکی ئەدەبیی هاوبەش وەرگیراوە. لەم هەرێمەدا چەندین زار و بنزاری تێدایە و نووسەرەکان بەرەبەرە بە زمانێکی ئەدەبیی هاوبەش گەیشتوون کە وەک شێوازی ئەدەبیی گۆرانی باسی لێ دەکەین. لە ڕاستیداهیچ کات لە مێژووی زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باس لەوە نەکراوە کەسێک بە زمان یان زاری گۆرانی قسەی کردبێ و تەنیا شێوازی گۆرانی زمانی ئەدەبی نێوانجی و هاوبەش لە نێوان ئاخێوەرانی هەرێمی زاگرۆسی ناوەندیدا بووە. ئەم تایبەتمەندییە بێ وێنەیە لە ئەدەبیاتی نەتەوەکانی دراوسێی کوردستاندا نابینرێ و ئیستاکە بۆمان دەرکەوتووە شێوازی ئەدەبی گۆرانی لە ڕووی ڕێزمانەوە لە لوری و کەلهوری نزیکە و لە ڕووی فەرهەنگی وشەکانەوە نزیکایەتی لەگەڵ هەورامی و لەکییەوە هەیە.[8] ئەمڕۆکە گۆرانی نەماوە (کەس بەو شێوازە شێعر ناڵێ و پێی نانووسێت) و هەر کام لەو چوار زارە بەرەبەرە بەرەو ئەدەبیاتی خۆیان هەنگاو دەنێن. هەروەها کەلامەکانی ئایینی یارسان هەر بە شێوازی گۆرانی هۆنراونەتەوە و لە ڕێگەی نەریتی زارەکییەوە بە دەستی ئێمە گەیشتوون. لێرەدا گرنگە سەرنج بەم بابەتە بدەین کە هەرێمی زاگرۆس لە ڕووی ئەدەبییەوە دوو تایبەتمەندیی گرنگی هەبووە: تاکوو چەند سەدەیەک لەمەوپێش ئەدیبەکان کەڵکیان لە شێوازی گواستنەوەی زارەکی وەرگرتووە. بۆ نموونە چەندین چیرۆکی سەرنجڕاکێشی شانامەی کوردی بە شێوازی زارەکی و بێ ئەوەی بفەوتێن هاتوونەتە سەردەمی مۆدێرنەوە و سەرچاوەیەکی گرنگی ئوستوورەییان بۆ ئێمە ساز کردووە.[9] کارکردێکی دیکەی شێوازی زارەکی گواستنەوەی بیرۆکەی ئایینی لە نێوان ئایینە جگەئیسلامییەکاندا بووە.[10] یارسانەکان، ئیزدییەکان و عەلەوییەکان لە نووسینەوەی باوەڕەکانی خۆیان نیگەران بوون، چونکە دەترسان لە لایەن ناوەندەکانی دەسەڵاتی ئیسلامییەوە بەرەوڕووی توندوتیژی ببنەوە؛ هەڵبەت لەبەر ئەم بارودۆخە توانیویانە مێکانیزمێکی بێ وێنەی گواستنەوەی سینە بە سینە ساز کەن کە بیروباوەڕیان نەفەوتێت. ڕەنگە بەهێزبوونی ئەم ئایینانە لە هەرێمی زاگرۆس و شێوازی زارەکی بوونیان لە ڕوی ناچارییەوە کاریگەریی لەسەر پەرەپێدان و مانەوەی ئەدەبی زارەکی دانابێت. دەکرێ بوترێ چونکە پاراستنی ڕازەکان یەکێک لە ئەرکەکانی ئیماندارانی ئەم ئایینانەیە و نەریتی زارەکی یارمەتیدەری ئەم دۆخە بووە. بۆ نموونە ئەگەر سەیری سەڕچاوە ئایینییەکانی ئیزدییەکان بکەین بۆمان دەردەکەوێ کە ئەوان چۆن توانیویانە کەڵک لە سیستەمێکی دەوڵەمەندی ئەدەبی زارەکی وەربگرن و لە ڕێگەیەوە سەرەڕای دەربڕینی باوەڕە ئایینییەکان، فەرهەنگی کوردیی ئەو دەڤەرە بە سەردەمی هاوچەرخ بگوازنەوە. ئیزدییەکان کەڵکیان لەم شێوازانە وەرگرتووە: چیرۆک (پەخشانی زارەکی)، قەول، بەیت، قەسیدە، دوعا و دیرۆزە، پاییزۆک و ڕۆبارین.[11]

   نەریتی نووسین لە زاگرۆس درەنگتر لە زمانەکانی فارسی و عەرەبی گەشەی سەندووە. هەرچەند زمانی کوردی کەمتر توانیویەتی لە شارستانیەتی ئیسلامیدا و پێش لە سەردەمی مۆدێرن، دەوری هەبێ و هەر ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی بەشداریی فەرهەنگیی ئێمە بە ناوی قەومەکانی عەرەب، فارس و تورکەوە تۆمار بکرێ، بەڵام کاتێک سەیری هەریمی زاگرۆس دەکەین بۆمان دەردەکەوێ کە بیرمەندەکانی ئەم ناوچەیە دەورێکی بەرچاوی مەزنیان لە سازکردنی شارستانییەتی ئیسلامدا هەبووە.

مژارێکی تر کە لێرەدا گرنگە باسی لێ بکەین، پاش هاتنی عەرەبەکان بۆ ئەو شوێنانەی کە دواتر وەک دنیای ئیسلام ناوی لێ دەبەین، شێعری قەومە عەجەمەکان دەکەوێتە ژێر کاریگەریی عەرووزی عەرەبییەوە. هەریمی زاگرۆس زۆر دواتر و لە سەدەی شازدەیەمەوە دەکەوێتە ژێر ئەم کاریگەرییەوە. دانیشتووانی زاگرۆس تاکوو ئیستاش کەڵکیان لە سیستەمی دە بڕگەیی خۆیان بۆ شێعر و کەلام و قەولی ئایینی وەرگرتووە. تەنانەت دوای ئەوەی گۆران و سوارە دەیانەوێ شێعری کوردی لە دەست سیستەمی عەرووزی ڕزگار کەن پەنا بۆ سیستەمی زۆر کۆنتری زاگرۆس دەبەن. واتە بۆ نوێ بوونەوە، بەرەو سیستەمی شێعری زاگرۆس دەگەڕێنەوە. ئەم شێوازە زارەکییە کاتێک لەگەڵ موسیقای ناوچەی زاگرۆسدا تێکەڵ دەبێ، چەمەرە، بەیت، لاوک، حەیران، بەند، سیاچەمانە و هۆرە ساز دەبن و هەروەها گۆرانییەکان لەگەڵ مەقامەکان بەربڵاوترین بەشی موسیقای ناوچەی زاگرۆس لەخۆ دەگرن.

[٣]

چۆن وەک کوردستانی فەرهەنگی کەڵک لە هەرێمی زاگرۆس وەربگرین؟

داگیرکەرانی کوردستان ویستوویانە هەمیشە نیشانی بدەن کە کوردستانی بوون یانی زمانی کوردی و لە هەر پارچەیەکیش زمانی کوردی بە یەکێک لە زارەکان کورت کراوەتەوە. هەروەها ئەوان دەزانن کە دەتوانن بۆشاییە بچووکەکانی ناو ناسنامەی کوردی زەق و هەراوتر بکەن بۆ نموونە لێرەدا سەیری چەند کێشەیەکی گرنگی ناسنامەی کوردی دەکەین کە چۆن داگیرکەران لە بەرژەوەندیی ناسیۆنالیزمی خۆیان کەڵکیان لێ وەرگرتووە و لە هەمان کاتدا بەکارهێنانی تیۆریی زاگرۆس چۆن دەتوانێ ئەم پیلانانە پووچەڵ بکاتەوە:

(١) لە ڕۆژهەڵات، حکومەتی ئێران بەردەوام کەڵکی لەوە وەرگرتووە کە ناسنامەی هاوتەریب لەگەڵ ناسنامەی کوردبوون ساز بکا. لەمێژە کاریان لەسەر ئەوە کردووە کە لوڕەکان قەومێکی جیاوازن و بەم شێوەیە لوڕستانیان لە کوردستانی گەورە جیا کردووەتەوە. بۆ ئەوەی گروپێک بتوانێ ناسنامەی قەومێک بەخۆیەوە بگرێ دەبێ هەندێک لێکچوون لە نێوان ئەندامەکانیدا هەبێ وەکوو هاوبەش بوون لە نێوان پێشینیان، زمان، میژوو، کۆمەڵگا، کولتوور و نەتەوە. کاتێک سەیری مێژوو دەکەین تا سەدەی بیستەم لوڕستان بەشێک لە کوردستان بووە و قەومی لوڕ وەک یەکێک لە قەومەکانی کوردستان سەیر کراوە. بەڵام لە سەدەی بیستەمدا و لە ژێر کارتێکەریی ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا هەوڵێکی سەرکەتوو دراوە کە لوڕ وەک قەومێکی ئێرانی بناسێنن. لە کولتووردا باس لە دابونەریت، ئوستوورە و ئایینی هاوبەش گرنگییەکی تایبەتیان لەسەر ناسنامەی هاوبەش هەیە. ئێرانییەکان لەم هاوکێشە ئاڵۆزە تێگەیشتوون و هەوڵیان داوە زیرەکانە لوڕەکان وەک قەومێکی ئێرانی بناسێنن. ئەم کاریگەرییە لە ئاستێکدایە کە ئیلیتی لوڕەکان خۆیان وەک ناسیۆنالیستە ئێرانییەکان گرنگییەکی زۆر بە دونیای پێش ئیسلام دەدەن.

   بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد گرنگی بە ڕزگاریی مرۆڤەکانی دانیشتووی زاگرۆس دەدا کە لە ستەمی نەتەوایەتی ڕزگاریان ببێ. لوڕەکان لە ناو ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا وەک قەومێکی ئێرانی سەیر دەکرێن و لە کاتێکدا بە هۆی نەوتەوە دەوڵەمەندترین ناوچەی جوگرافیای سیاسیی ئێران پێک دێنن بەڵام لە دۆخێکی دژواردا دەژین و لەگەڵ فەوتانی دابونەریت، زمان و کولتووری خۆیان بەرەوڕوو بوونەتەوە. بزووتنەوەی کوردایەتی بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆریی زاگرۆس پێشنیاری ئەوە دەکا کە لوڕەکان نەک وەک قەوم بەڵکوو تەنانەت وەک نەتەوەیەکی جیاواز دەتوانن ناسنامەی خۆیان هەبێ. تایبەتمەندیی فەرهەنگیی زاگرۆس کورد و لوڕ لێک گرێ دەداتەوە و خەباتی هاوبەشی دژ بە داگیرکەر، بەرژەوەندی نیشتمانی هەر دوو لایەن دەپارێزێت.

(٢) بەردەوام ڕەخنە لەوە دەگیرێ کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کەمترین کاریگەرییان لەسەر پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام بووە. بەتایبەت کورد و لەکەکانی ئەم ناوچەیە کاتێک ئایینزای شیعەیان هەیە لە ڕووی ناسنامەوە مەیلیان بەرەو ئێرانی بوون هەیە؛ ئەم بابەتە لە قوروە و بیجاڕیش دەبیندرێ. حکومەتی ئێران لە سەد ساڵی ڕابردوودا کەڵکی لەم قەڵشتە وەرگرتووە و تەنانەت بە سازکردنی لەهجەیەکی بێ بنەما بە ناوی “فارسی کرماشانی” هەوڵی داوە ناسنامەیەکی چەند ڕەهەندیی دەستکرد کە بریتییە لە ئێرانی بوونی کوردی شیعە ساز بکا. لە ناسنامەی کوردستانی فەرهەنگیدا ئەم ناوچانە هەست بە گرێدراوییەکی زۆر زیاتر لەگەڵ بەشەکانی تری کوردستان دەکەن. پارێزگا دەستکردەکانی ئیلام و کرماشان لە کۆنەوە هەڵگر و پارێزەری توخمەکانی کولتووی کوردی بوون و جیاوازیی ئایینی تەنیا لە سەدەی بیستەمدا کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ناسنامە ساز کردووە؛ ئەگەرنا تایبەتمەندیی پێکەوەژیانی ئایینی بووەتە هۆی ئەوەی دانیشتووانی زاگرۆس کێشەیەکی ئەوتۆیان پێکەوە نەبێت.

(٣) لە باشوور، پاش ساڵی ٢٠٠٣ هەوڵێک لە ئارادا بووە کە ناسنامەی کوردبوون بۆ ئیزدییەکان ساز بکرێ یان بۆیان بگەڕێندرێتەوە. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە زمانی ئاخافتن و زمانی ئایینی ئیزدییەکان کوردییە، بەڵام بەشێک لە کۆمەڵگەی ئیزدی خواستیان لەسەر ئەوەیە کە پرسی ناسنامە تەنیا بە ئایین گرێ بدەنەوە. ئایینی ئیزدیایەتی وەک ئایینی یارسان داخراوە و جگە لە پەیوەنیی خوێنی ناکرێ کەسێک لە دەرەوەی بازنەکە ئایینی خۆی بۆ ئیزدیایەتی یان یارسان بگۆڕێت. هەر بۆیە بەشێک لە ئیزدییەکان دەیانەوێ وەک جوولەکەکان تەنیا لە ڕێگەی ئایینەوە بناسرێنەوە و باس لە کوردبوونی خۆیان نەکەن. پاش داگیرکردنی شنگال لە لایەن داعشەوە و بەرگری نەکردنی پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان و لە ئاکامدا کۆمەڵکوژیی ئیزدییەکان، دیسانەوە قەڵشتی نێوان ئەوان لەگەڵ ناسنامەی کوردی زیاتر بووەتەوە. هەر بۆیە نادیە مۆراد دەوری بەرگری کردن لە ئیزدییەکان وەک ڕەساڵەتی خۆی سەیر دەکا و بە زمانی کوردی قسە ناکات. ئەگەر قەبووڵی بکەین کە لە ناوچەی زاگرۆس (کوردستانی فەرهەنگی) گرووپەکان دەتوانن ڕەهەندی جیاوازیی ناسنامەییان هەبێ، ئیتر پێویست ناکا ئەوان خۆیان بە کورد یان دژەکورد بزانن. ئیزدییەکان وەک یارسانەکان هەڵگری هەندێک تایبەتمەندیی بێ وێنەی کوردبوونن و بەپێی ویستی خۆیان دەتوانن باس لە ناسنامەی خۆیان بکەن و لە کوردستانی فەرهەنگیدا بمێننەوە بێ ئەوەی پەنا بۆ ناسنامەی عێراقی یان ئێرانی ببەن.

(٤) لەمێژە لە باکووری کوردستان، سەرەڕای گوشاری ناسیۆنالیزمی تورکی، لە دوو لایەنەوە ناسنامەی کوردی پرش و بڵاویی تێکەوتووە. لایەنی گرنگتر ئەوەیە لە ئەو ناوچانەی لە باکووری کوردستان ئایینی عەلەوییان هەیە و بە زاری زازاکی قسە دەکەن کەمتر لەگەڵ ناوچە سوننەکانی باکوور کە بە زاری کرمانجی دەئاخفن لە ڕووی ناسنامەوە تێکەڵ دەبن. هەر ئەمە یەکێک لەو هۆکارانەیە کە پارێزگای درسیم دەبێتە ناوچەیەکی گرنگ بۆ دەنگهێنانەوەی مەهەپە وەک یەکێک لە دژەکوردترین حیزبەکانی تورکیا. لە لایەکی دیکەشەوە بەشێک لە کوردە سوننەکانەکانی باکووری کوردستان کە دەکەونە ئەوپەڕی ڕووباری فۆراتەوە هەڵگری ئایینزای حەنەفین و هەر لەم ڕووەوە لە ڕووی ناسنامەوە خۆیان لە تورکە حەنەفییەکان نزیک دەبیننەوە؛ هەر بۆیە لە دوایین دەنگدانەکانی تورکیادا ئەم گروپە بەردەوام دەنگی زۆرینەی خۆیان بە ئاکەپە داوە. لە ناسنامەی کوردستانی فەرهەنگیدا ئەم فرەچەشنییە ئایینییە وەک بابەتێکی ئاسایی ئەژمار دەکرێ و بوونی ئایین و ئایینزا جیاوازەکان بەشێک لە تایبەتمەندی کوردستانیبوون پێک دێنن.

(٥) نابێ ئەم خاڵەش لەبیر بکەین کە لە کوردستان جگە لە زمانی کوردی، ئاخێوەرانی زمانەکانی دیکە وەک ئاشوری و تورکمان و هتد. دەژین. بۆچوونێکی هەڵەیە کە بمانەوێ دەوڵەت نەتەوە یان دەوڵەت نەتەوەکانی کوردستان تەنیا بە یەک زاری کوردییەوە ببەستینەوە. یەکدەست نەبوونی کوردستان لە ڕووی زمانییەوە ئیمکانی کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی چەند زمان و زاراوەی بۆ ئێمە ساز کردووە و دەکرێ بە کەڵک وەرگرتن لە دوو زاری فەرمی بۆ پەیوەندیگرتن لە نێوان هاووڵاتیان، دەرفەتی مانەوەی شەبەنگی زمانی زاگرۆس بڕەخسێنین. هەروەها لوڕەکان و زازاکان کە هەتاکوو ئیستا نەیانتوانیوە خۆیان وەک بەشێک لە زمانی کوردی سەیر بکەن، دەتوان وەک زمانی سەربەخۆ لە ئیمکانی فرەچەشنیی شەبەنگی زمانی زاگرۆس کەڵک وەربگرن و زمانەکەی خۆیان لەمەترسیی لەناوچوون ڕزگار بکەن.

(٦) کەڵک وەرگرتن لە چەمکی زاگرۆس وەک کوردستانی فەرهەنگی ئەو دەوڵەمەندییە بە بواری فیکر و کولتوورمان دەگەڕێنێتەوە کە ئەو ناوچانەی ئیستا کوردی لێ ناژین بەڵام پێشتر وەک هەرێمی فەرهەنگیی زاگرۆس کوردی لێ بووە، وەک بەشێک لە سەرمایەی کولتووری خۆمان ئەژماریان بکەین. بەم شێوەیە بڕشتی کولتووریی ئێمە لە ناوچەکدا پەرە دەستینێت و دەتوانین لە ڕێگەیەوە باس لە شارستانییەتی کۆنمان بکەین. بۆ نموونە بیرمەندگەلێک وەک سوهرەوەردی (شێخی ئیشراق)، ئەبوونەجیب سوهرەوەردی، باباتاهیری هەمەدانی، عەینولقوزاتی هەمەدانی و سەدانی تر لەو ناوچانە ژیاون کە ئیستا و بەپێی هەلومەرجی سیاسی وەک کوردستان ناناسرێن بەڵام تەنانەت لە ئیستاشدا هەر وەک بەشێک لە زاگرۆس سەیر دەکرێن. 

دەرەنجام

ناوچەی زاگرۆس هەرێمێکی بەربڵاوتر لە کوردستانە و هیچ کاتێکیش هەموو دانیشتووەکانی کوردزمان نەبوون. مەبەست لە ناوچەی زاگرۆس کوردستانی فەرهەنگییە کە لە مێژوودا زۆر پان و بەرینتر لە سنوورەکانی ناوچە کوردزمانەکانەکانی ئێستا بووە. داگیرکەرانی کوردستان هەر جارە و بە پاساوێک بەشێک لە کوردستانیان لە ڕووی ناسنامەوە دابڕیوە. ناسنامەی کوردی لە ناچاریدا ویستوویەتی لە سنوورە بەرتەسک کراوەکەی بەرگری بکا و شەڕی فەرهەنگیی خۆی لەگەڵ داگیرکەران بۆ ناو کولتووری کوردی گواستووەتەوە. ئەگەر عەلەوەییەکان، ئیزدییەکان، یارسانەکان، فەیلییەکان، شیعەکان، لەک و لوڕەکان بە هۆی دابڕان لە ناسنامەی کوردییەوە بە شوێن ناسنامەی نوێ بۆخۆیان بوون، پرسیارێکی گرنگ دەخاتە بەر دەم بزووتنەوەی کوردایەتییەوە کە چۆن دەتوانێ ئەم پرش و بڵاوییەوە لە دەوری ناسنامەیەک لێک گرێ بداتەوە؟ هەموو ئەم ناسنامە نوێیانە لە ناوچەی زاگرۆس دەژین و لە ڕووی مێژووییەوە نزیکایەتییەکی ئێجگار زۆریان پێکەوە هەیە. ناسنامەی زاگرۆسیبوون ئیمکانێک ساز دەکا کە ئەم بەشانە پێکەوە ببەسترێنەوە.

بزووتنەوەی کوردایەتی لە هەر چوار پارچەکە لە دژەکردەوە بۆ ناسیۆنالیزمی هەر چوار داگیرکەری کوردستان لە دۆخی بەرگریدا بووە. لە کاتێکدا بەپێی پێناسەی کوردستانی فەرهەنگی هەموو دەشتی موسڵ و کەرکوک بەشێک لە کوردستانە و لە جیاتی ئەوەی قووڵایی ستراتێژیکی بزووتنەوەکەمان بۆ ئەوپەڕی ئەو ناوچە داگیرکراوانە بگوازینەوە، لەسەر کوردبوونی کەرکوک دانوساندن لەگەڵ داگیرکەر دەکا. ئەم هەڵە ستراتێژیکە بووەتە هۆی ئەوەی لە سەدا پەنجای خاکی باشووری کوردستان لە هەمان دۆخی داگیرکاریدا بمێنێتەوە. لە پارچەکانی دیکەش هەر هەمان دۆخی تێنەگەیشتن لە کوردستانی فەرهەنگی کێشەی سەرەکی بۆ ناسنامەی دانیشتووانی زاگرۆس ساز کردووە. لە ڕۆژهەڵات قووڵایی ستراتێژیکی بزووتنەوەی کوردایەتی لوڕستانی گەورەیە؛ نابێ باس لەوە بکەین کە ورمێ، کرماشان یان ئیلام کوردن یان نا و لەسەر ماڵی خۆمان لەگەڵ داگیرکەر دانووساندن بکەین، بەڵکوو هەموو خۆڕەم ئاوا و لۆرستان تاکوو کەنداو ناوچەی فەرهەنگیی زاگرۆسن. لە باکووری کوردستان ئامەد ئەگەر قەڵای خۆڕاگری بێ، دەبێ هەمان گرنگی بە درسیم بدرێ کە سڕینەوەی کولتووری تورکەکان دەیەوێ ناسنامەی نوێی تونجەلی بۆ ساز بکات یان گۆڕانی دیمۆگرافیای چەولیگ بە بینگۆل لە ئاراستەی هەمان سیاسەتی کەمالیزمدایە. بۆیە دەکرێ تیۆریی زاگرۆس وەک تیۆرییەکی ستراتێژیک بۆ سازکردنی هێژمونی کولتووری کوردایەتی سەیر بکەین کە تیایدا فرەچەشنی زمانی، ئایینی و دابونەریت لە زاگرۆس نە تەنیا مەترسی لەسەر ناسنامەی کوردایەتی ساز ناکا بەڵکوو دەکرێ وەک دەرفەتێک سەیر بکرێ کە هەم ناسنامەی کوردستانی لە ناسنامەی ئێرانی، عێراقی، سوری و تورکی جیا بکاتەوە و هەم لەبەر سەرنجڕاکێشی و دەوڵەمەندبوونی شێوازە جۆراوجۆرەکانی فەرهەنگی زاگرۆسی ببێتە هۆی خۆشەویستیی زیاتری نیشتمان.

سەرچاوەکان

[1] Polybius, The Histories of Polybius (Book Five). Transl. Evelyn S. Shuckburgh (Cambridge, Ontario: In parentheses Publications, 2002), 54.

[2] Guy Le Strange, The Lands of the Eastern Caliphate: Mesopotamia, Persia, and Central Asia from the Moslem Conquest to the Time of Timur (Cambridge: Cambridge University Press, 1905), Chapters XIII-XV, 185-231.

[3] Edmond C. Bosworth, “ʿErāq-e ʿAjamī.” Encyclopædia Iranica. 2008. Accessed 09 05, 2019. http://www.iranicaonline.org/articles/eraq-e-ajami.

[4] L. Lockhart, “D̲j̲ibāl.” Encyclopaedia of Islam, Second Edition, II (Leiden: E. J. Brill, 1991) 534.

[5] McDowall, David. A Modern History of the Kurds (London: I. B. Tauris, 2004) 5-6.

[6] Philip  G. Kreyenbroek, “Religion and Religions in Kurdistan.” In Kurdish Culture and Identity, edited by Philip G. Kreyenbroek and Christine Allison (London: Zed Books, 1996), 85-110.

[7] Martin van Bruinessen, “The Kurds and Islam” Islamic Area Studies Project, Working Paper no. 13 (Tokyo, Japan, 1999): 12.

[8] Behrooz Chaman Ara and Cyrus Amiri, “Gurani: practical language or Kurdish literary idiom?” British Journal of Middle Eastern Studies45, no. 4 (2018): 643.

[9] Behrooz Chaman Ara, The Kurdish Shahnama and its Literary and Religious Implications (Charleston: CreateSpace, 2015).

[10] Philip G. Kreyenbroek, “Orality and Religion in Kurdistan: The Yezidi and Ahl-Haqq Tradition.” In Oral Literature of Iranian Languages: Kurdish, Pashto, Balochi, Ossetic; Persian and Tajik: Companion Volume II: A History of Persian Literature, edited by Philip G. Kreyenbroek and Ulrich Marzolph (New York: B. Tauris, 2012), 70-88.

[11] Philip G. Kreyenbroek and Khalil Jindi Rashow, God and Sheikh Adi are Perfect: Sacred Poems and Religious Narratives from the Yezidi Tradition (Wiesbaden: Otto Harrassowitz, 2005), 49-51.