ئارامتر بخوێنەوە!

رۆژهەڵاتی کوردستان و ڕاسانەوە

هاوڕێ کرماشانی

ئاماژە

لە ناوەرۆکی دێموکراتدا ئەویدی هەمیشە لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستاندایە، چوونکە لە بەرامبەر هیچ هێزێکی ناوخۆییدا خۆی پێناسە نەکردووە، داواکارییەکانی دێموکراتیک و ئینسانی بووە، تەنانەت بە عەقڵیەتێکی سۆبژێکتیڤەوە نەخشەڕێی بۆ پانتاییەکی گەورەتر لە کوردستانیش هەبووە. بۆیە دوو دالی سەرەکیی دیسکۆرسی دێموکرات مافە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان و دێموکراسی خوازی بووە.

حیزبی دیموکرات وەکوو حیزبێکی خاوەن پێگە و مێژوویەکی پڕشنگدار، ئەبێ زۆر جیاواز چاوی لێ بکرێ. لەبەر ئەوەی هەر لە ژێکافەوە تا کۆمار و دواتر تا شۆڕشی ٥٧ی ئێران و ئێستاشی لە گەڵ بێت، ساردوگەرمی زۆری چێشتووە و  خاوەن ئەزموونێکی نەک تەنیا کاری و پراکتیکی بەڵکوو مەعریفی و مەعنەویشە، ئەزموونێک کە بووەتە بناخەی سەرهەڵدانی ئەو هەموو هێز و لایەنەی کە هەر هیچ نەبێ لە رۆژهەڵات و باشووردا پێیان ناوەتە مەیدانی خەباتەوە. چەمکە بنەماییەکانی دیسکۆرسی نەتەوەیی و مۆدێڕن لە داوێنی کۆمارەوە پەروەردەکراوە، لە چەمکی پێشمەرگە و  سروودی نەتەوەییەوە تا دەگاتە ئاڵای کوردستان. ئەم هێزە مەعریفییە بەر لە هەر شتێک ئەبێ دەرک بکرێ. دەرک پێ کردنی ئەم دیاردەیە پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە لەبەر ئەوەی ئەو هێز و پۆتانسیەلە ئەوەندە مەزنە، کە بەڕاستی حەیفە لە ململانێی ناشیرینی حیزبایەتیدا خەرج بکرێت. دیموکرات قوتابخانەی سەرهەڵدانی شۆڕشی باشوور و رۆژهەڵاتە، هەموو ئەو حیزبە نەتەوەییانەی کە لە گۆڕەپانی سیاسیدان ئەو چەمکانەیان لا قبووڵ و پیرۆزە.

دیموکرات ئەو حیزبەیە کە بەر لە زۆر لایەنێکی ئەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، داوای دەوڵەتی دیموکراتیکی کردووە. ئەوەش بڵێین مەرج نیە هەر حیزبێکی خاوەن مێژوو ئەزموون ناوی کلاسیکی لێبنرێت، دیموکرات نەک کلاسیک نیە، بەڵکوو زۆر ئاوانگارد و پێشڕەوە، پێشڕەوییەکەی ئیدیۆلۆژیک نیە بە ئاراستەیەکی مارکسیستی، پێشڕەو بوونی دیموکرات لە واقعبینی سیاسیدا بووە، زۆر گرنگە ئەم هەموو ئایدۆلوژیە چەپ و راستییە، تەڕاتێن بکەن و تۆ هەر خۆت بیت و پرەنسیپە ئینسانی و کوردییەکان بە پشتیوانیی بۆچوون و تیۆرێکی مۆدێڕنەوە بپارێزی. کانتێکستی سەرهەڵدانی دیموکرات کانتێکستێکی ڕەسەن و مۆدێڕنە، هەر لە سەرهەڵدانیەوە یەک ئەویدی ناسیووە، ئەویش داگیرکاری ئێرانی فارسی بووە، بۆیە لە سەر بنەماکانی بووندارێتیی مرۆڤی کورد و ژینگەی ئەو مرۆڤە کە کوردستانە سەری هەڵداوە.

هیچ حیزب و جەریانێکی ناوخۆیی و دەرەکی نەیتوانیووە باڵ بهاوێتە سەریا و تەنانەت ئەگەر هەوڵدانێک بووە لەوپێناوەدا، بەڵام بەشێوەیەکی کاتی بووە و نەیتوانیووە سەرکەوتوو بێت. ئەو هەوڵانە لە لایەن حیزبی توودەی ئێرانی و پارتی دیموکراتەوە دراوە، بەڵام سەرنەکەوتن، هۆکارەکەشی جیا لە توانای رێبەرایەتی، دەگەڕێتەوە بۆ بنەما ناسنامەییەکانی ئەو حیزبە، کە هەرگیز لە ژێر کاریگەری ئیدیۆلۆژی یان لایەنێکی تایبەت نەجووڵاوەتەوە. ئەوەی پێوەندی بە ناسنامەی دیموکراتەوە هەیە بەڕادەیەک بنەمادار و قورس و قایمە، کە هیچ دەسەڵات و ئیدیۆلۆژییەک ناتوانێ لەخۆیدا نغرۆی بکات. رێچکە و ئەندێشەی دیموکرات لە خودموختارییەوە تا فیدراڵیسم و لە چەپی توندەوە تا سۆسیالیزمی دیموکراتیک یەک کاکڵی هەیە.

لە ناوەرۆکی دیموکراتدا ئەویدی هەمیشە لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستاندایە، چوونکوو لە بەرامبەر هیچ هێزێکی ناوخۆییدا خۆی پێناسە نەکردووە، داواکارییەکانی دیموکراتیک و ئینسانی بووە، تەنانەت بە عەقڵیەتێکی سۆبژێکتیڤەوە نەخشەڕێی بۆ پانتاییەکی گەورەتر لە کوردستانیش هەبووە. بۆیە دوو دالی سەرەکیی دیسکۆرسی دیموکرات مافە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان و دیموکراسی خوازی بووە.

دیموکرات لە قەندیلەوە تاکەمپەکانی باشوور دنیایەک ئەزموونی لە جانتادایە، ئەو ئەزموونانە دەبێ بکرێنە مەشخەڵی رێی داهاتوو. ترس لە رەخنە لە کولتووری دیموکراتدا واتایەکی نییە بۆیە ئەگەر وەها رۆحێکی دژە رەخنەتێیدا پەیدابوو، بێ گومان نیشانەی ئەوەیە ئەو حیزبە بەلاڕێدا چووە.

بۆیە لە هەمان کاتدا نابێ لە بیربکەین کە دیموکراتیش وەک هەر جەریانێکی سیاسیی تر بێ بەش لە هەڵە و بەداخەوە ململانێی نزمی ناوخۆیی و نسکۆ و تەنانەت لادان و داڕووخان نەبووە کە هۆکارەکانی بەشێکی ناوخۆیی بووە و بەشێکیشی جەبری جوغرافیا و ژینگە و تەنانەت ژێئۆپۆلۆتیک. نەبینینی ئەو خاڵە لاوازانە نەک تەنیا ئاسۆکانی سەرکەوتن دوورە دەستتر دەکات، بەڵکوو لە هەمان کاتدا پشتکردنە  لەکولتووری دیموکرات.

 دیموکرات دژ بە بوت سازی و تاک پەروەرییە، دیموکرات ئەو حیزبە نیە کە سەرکردایەتییەکەی لە قەفەسی ئاڵتوونیا دانێت و لە گیانی مناڵە هەژاری وڵاتەکەی بۆخۆی خەرج بکات. مێژوو شایەتمانە بەردەوام لە ئاستی سەرکردایەتیدا قوربانیی داوە، و وەک هێزێکی پێشکەوتوو نەک فڕی بە تیرۆرەوە نەبووە، بەڵکوو خۆی بەردەوام قوربانیی تیرۆرە. دیموکرات دوورە لە دەسەڵاتی بنەماڵە و ئەمانەش هەموو خاڵی بەهێزن. ئەمە وەبیرهێنانەوەیەک بوو بۆ ئەوەی بزانین قورسایی ئەو حیزبە چەند و چۆنە، وە بەگشتی مەبەستم کولتوور و مێتافیزیکی حیزبی دیموکراتە، لەهەمان کاتیشدا فیزیکەکەی لێمانەوە شاراوە نیە.

خوێندنەوەی واقیع بینانەی ئەو مێتافیزیکە لە لایەن فیزیکی حیزبەوە، رەنگە زۆرێک لە کێشە و گرفتەکانی دیموکرات چارەسەر بکات و لە هەمان کاتیشدا بە ئاوایەکی دیموکراتیک، و بە هاوکاریی حیزبەکانی تری رۆژهەڵات، ببێتە بنەمایەکی پتەو بۆ دروست بوونی بەرەیەکی کوردستانیی رۆژهەڵات تەوەر. نابێ لەبیرمان بچێ نیشتەجێ بوون لە کەمپەکانی خاکی باشووری کوردستان و هاوکات دەسکورتی و بێ دەسەڵاتیی دەسەڵاتی باشوور لە ئاست ئێراندا کێشە و گرفتی زۆری دروست کرد، نابێ حیزبەکانی رۆژهەڵات ئیزن بدەن کولتووری حیزبایەتی باشوور لێرەش دووپات بێتەوە، ئەبێ بگەڕێنەوە بۆ بنەما سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی رۆژهەڵات. مەبەستم بەرز نرخاندنی رۆژهەڵات لە ئاست باشووردا نیە، بەڵکوو مەبەستم ئەو تایبەتمەندییانەیە کە بە هۆی سنوورە دەسکردەکان و دەسەڵاتە زاڵە داگیرکەرەکانی سەر کوردستانەوە بەدی هاتوون. رۆژهەڵات گۆڕانی بە خۆوە دیوە و وەک جاران نەماوە، رۆژهەڵات شتی گەورەتری ئەوێت، ڕاسانی ئەوێت، ئەم ڕاسانەش، ئەبێ ڕاسانەوەی هەموو هێز و جومگە و رەهەند رۆژهەڵات بێت، بەرامبەربە دەسەڵات و کولتوورێک کە قایل بە دێموکراسی و ژیانی هاوبەش نیە.

ئەو کولتوورە ئێرانێک پێناسە ئەکات کە ئێمەی کورد یا بوونمان نیە، یان ئەگەریش بوونێکی لاوازمان هەیە، لە پەراوێزی ئەو پێناسەدایە. ڕاسان، ڕاسانەوەی سۆبژێکتیڤی کوردە دژ بە چەمکە دەستکرد و سەپاوەکان. ڕاسان بە هێزی مێشک ئەچێتە ژێری ئەو چەمکانەوە و هەڵیانئەتەکێنێ و دوایی یان پێناسەیەکی هاوبەش و دیموکراتیک جێی دەگرێتەوە، یان ئەم وڵاتە هەڵدەوەشێتەوە. هەڵوەشانەوە بۆ ئەوان کۆسپە، بەڵام بۆ ئێمە خۆ کوسپ نیە، ستراتژییەکی ناچارییە لە پێوەندی لەگەڵ شەریکێکدا کە کولتووری شەریکایەتی فام ناکات. هیچ شەریکایەتییەکیش ئەزەلی و ئەبەدی نیە. کورد سەلماندوویەتی لە پانتاییی جوغرافیای ئێراندا  ئەگەر چی پێشڕەو،بەڵام نەتەوەیەکی بیرکراوە.هەر لە شۆڕشی ٥۷دا ئێمەی کورد بە هەموو جەریان و حیزبەکانمانەوە ئەمانزانی چیمان ئەوێت، بەڵام ئەوانیتر نەیانئەزانی. ئێستاکەش هەمان دووپاتی دۆخی ٥٧ە، ئێستەش مرۆڤی ئێرانی فارسی گیرۆدەیە لە نێوان شوناسێکی ئێرانی فارس، ئێرانی شیعی و ئێرانی کەوناراییدا. هێشتا لێی روون نیە ئێران چیە و ئەوانەی ئێرانین چ تایبەتمەندییەکی ناسنامەییان هەیە. ئێران چەمکێکی دەرهەستە کە پانتاییی ئیمپراتوورییەکی کۆنی هەیە. بەڵام لە وشیاری و بەرهەستیدا تاکی ئێرانی فارسی شیعی، رقی لە عەرەب و تورک و فارس و بەلووچ و کوردە. ڕاسان گەڕانەوەیە بۆ خاڵە جیاوازەکانی ئێمە لە گەڵ ئەویدیدا. دیسکۆرسی ڕاسان ئەبێ فرە رەهەند بێت، بیر و هزر و تیۆر و رەخنە و کاری پراکتیکی و تەنانەت ئەدەب و رۆژنامەش بگرێتەوە، نابێ بە خوێندنەوەیەکی کلاسیک و بە نۆستالژییەکی دەیەی شەستییەوە رووبەڕووی بینەوە. ڕاسان پشت ئەستوورە بە شاخ و شار. شاخ و شار هەردوویان پێکەوە تەواوکەری دیسکورسی ڕاسانن. حیزبی دیموکرات ئەبێ بە دڵفراوانی و بە ئاوایەکی تەواو دیموکراتیکەوە باوەش بۆ هەر جووڵەیەکی نەتەوەیی بکاتەوە. دەبێ ڕاسان پێکهاتەیەک بێت بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد لە دەرەوەی ماڵە بچووکە حیزبییەکاندا، جارێکی تر لە گەورەماڵی نەتەوەدا خۆی ببینێتەوە. ڕاسان فۆرمووڵی دەرچوون لە قەیرانی ناسامەی تیایە بۆ تاکی کورد. ڕاسان شکاندنی ئەو هێڵەیە کە سنوورێکی لە نێوان کوردی سوننی و شیعەدا دروست کردووە، ڕاسان شۆڕشی زانیاری و گەڕانەوەیە بۆ بەهاکانی شوناسی کوردی، پێناسەیەکی دووبارەیە بۆ خەباتی رزگاریخوازیی رۆژهەڵات.