ئارامتر بخوێنەوە!

ڕاسان چەمکێک بۆ هەموو وەرزەکانی شۆڕش

پڕۆژەیێک کە هیچکات نابێت بوەستێت

سامیار شێروە

ئاماژە

ئەوەی گرینگە بیری شۆڕشگێڕانە دەبێ لەسەر وێنایەکی ڕاستەقینە لە مرۆڤ دەست پێ بکات. دەستپێکردن لەو پرسیارەوە کە چی شتێک مرۆڤ دەکا بە مرۆڤ و دەبێتە هۆی ئەوە کە بە شێوازێکی تایبەت بیر بکاتەوە نەک ئەوەی بۆ نموونە پرسیار لە چییەتی چەوسانەوە.

ئامانج کوشتنمان نییە، بەڵکو نەژیانەوەمانە. ترسی سیستمی فاشیستی لەوە نییە کە تۆ ئێستا دەژی، بەڵکو ئەو لە بەردەوامیی تۆ دەترسێت، لە ڕاسانی بەردەوام و دادخوازیی تاهەتاییت.

پێشەکی

ڕوحی نوێی شۆڕش لەسەر بنەمای ئەو کەتوارە پێک هاتووە کە وەستان و چەقین لە دونیای کەتواری زاڵدا هیچ چەشنە گۆڕانێکی بنەماییی لێ شین نابێ و ئەوەی گرینگە کردنەوەی دەرگایەکی گەورەتری ڕەتکردنەوەیە. کە بەرەو دەربازبوون لە کەتواری هەنووکە ڕێنماییمان بکات. واتە گرینگی پێدان بە ڕێگەیەک کە بەرەو ئیمکان  بمانبات، ئەو ڕێگەیەی کە سوژە لە میرایەتیی ئۆبژە دەرباز بکات و وەک هێزێکی پێکهێنەر بیهێنێتە گۆڕەپانەوە.

ڕاسان وەک چەمک لە تێئۆریدا ئەو ڕۆحە شۆڕشگێڕانەیەیە کە لە بەرانبەر ” دژایەتیی” کەتواری چەقین و ڕاوەستان لەبەرانبەر نیزامێکی دواکەوتوو و قۆڕغکەری وەک کۆماری ئیسلامی پێکهاتووە و پێی وایە وەستان لە وەها دۆخێکدا بە واتای ڕۆچوون و لەناوچوونی یەکجارەکییە. ڕاسان کە پرۆژەیێکی خۆڕسک و هەڵقوڵاوی ویست و خواستی بەدەنەی فکری و کۆمەڵایەتیی خۆرهەڵاتی کوردستانە، هاوکات بە ڕوانگەیێکی بنیامینی، چالاک کردنەوەی توانا سەرکوت‏کراوەکانی مێژووییمانە، بە واتایێکی‏تر بووژانەوەی دەنگە کپ‏کراوەکان و دەرخستنی مانا کۆنەکان و گیانبەخشی پێیان لە ئێستادایە.

دێموکراسی و شۆڕش

ژاک دریدا فەیلەسووفی ئەلجەزایێری-فەڕەنسی پێێ وایە دێمۆکراسی هەمووکات لە داهاتوودایە، شتێک کە لە ڕیگادایە و دێت، ئەوە جەوهەرەی دێمۆکراسییە ئەگەر بوەستێت ناتوانێ بە کەماڵ بگات. هەر بۆیە، دێمۆکراسی هەمووکات گیرۆدەی داهاتوویە. هیچ نیزامێک ناتوانێ خۆی وەک مۆدێلێکی تەواوکەر و خاڵی کۆتاییی پڕۆژەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی نیشان بدات.

کەواتە ئەو ئامانجەی ناتوانین بیکەین بە کەتوار[1](رئال) کام ئامانجه؟

ئەو شتەی هەمووکات لە داهاتوودا دێتە دی و گومان (شک) بەرهەم دێنێ چییە؟

بلوخ دەڵێ “ئێستا” سەرەڕای ئەوەیکە زۆر لێمان نزیکە و ئێمە تێیدا دەژین هێشتا زۆر ون و تاریک دەردەکەوێ. تاریکی بەشێکی گرینگ لە هەمووی ئەو ساتانەیە وا تێیدا دەژین، ئەو تاریکییە ئاماژەیەکە لە نادیاری و ناڕوونیی هەتایی. ئەو تاریکییە سەرەڕای ئەوەی تاهەتاییە بەڵام بەردەوام لە گۆڕاندایە و هەمووکات هەر ئەو تاریکییەی پێشوو نییە. تاریکیێک کە لە هەناوی “ئێستا”[2]دایە و بۆ ئێمە جێگای نواندن نییە، هەر ئەو شتەیە کە هێشتا بە بوون نەگەیشتووە. ئەو وێچواندنەی بلوخ زۆر وێنەی وێچواندنەکەی هێگێڵ لە مەڕ مرۆڤ وەک “شەوی گەردوون” دەدا. واتا ڕووکارێک کە ئیمکانگەلی زۆر لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێ. بە واتایەکی تر “شەوی گەردوون”ی هێگێڵ بەرانبەرە لەگەڵ “‌هێشتا بە بوون نەگێشتوو”ی بلوخ.

بلوخ دوو جۆری ئیمکان لێک جیا دەکاتەوە:

1- ئیمکان لە جیهانی ئەندێشەدا

2- ئیمکان لە کەتواری ئۆبژێکتیڤدا

مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێ هەڵفڕێ، هەزاران ساڵ لەمەوبەر لە بیرۆکە و خەیاڵی خۆیدا بیری لە فڕین کردۆتەوە. فڕین لێرەدا ئیمکانێک لە جیهانی ئەندێشەدایە. بەڵام دواتر کە تەکنەلۆژی و زانست گەشە دەکا، فڕین دەبێت بە کەتواری ئۆبژێکتیڤ. بلوخ یەکگرتنی ئەو دوو ئیمکانه بە مەرجی سەرەکی بۆ پڕۆسەی لەدایک بوونی نوێ[3] دەزانێ.

“گۆڕانکاریی ڕۆحی” واتە گۆڕان لە ئاوەز و هۆشیاریی سووژەدا کە لە فەلسەفەی بلوخدا مەرجی سەرەکیی گۆڕانکاری لە کەتواری ئۆبژێکتیڤ دایە.

بلوخ چەمکێکی نوێ لە ژێر ناوی ((ئەو شتەی هێشتا بەسەریدا ئاگا نین)) دێنێتە ئاراوە کە زۆر لە چەمکی ناخودئاگای فڕۆید نەزیکە، بەڵام لە ناخودئاگای فڕۆیددا شوێن بوونی هەیە، کە مەیلە سەرکووت کراوەکان بەرەو ئەوێ پاڵ نراون بەڵام ناخودئاگای بلوخ ڕووەو داهاتوویە، شوێنێک کە مەیل و خوازەکان لە داهاتوودا لە دایک دەبن. بە بڕوای بلوخ دەرکەوتنی ناوەرۆکی ناخودئاگا بەربەست ساز دەکا. واتە لەسەر ڕێگەی تێپەڕ بوون لە ((ئەو شتەی کە هێشتا بەسەری دا ئاگا نەبووین)) بەرەو ئاگایی بەربەست هەیە و دەبێ لابدرێ.

هەرکات ئیمکانی ناو ئاگایی لەگەڵ ئیمکانی ناو کەتواری ئۆبژێکتیڤ هاوتەریب بێت پڕۆسەیەک دەست پێدەکات کە پڕۆسەی کەتوار کردنی ئەو ئیمکانەیە. هەر لەو ڕوانگەوە، بلوخ یۆتۆپیا و نیشتمان دەستکاری دەکا و واتای نوێ‌یان پێ دەبەخشێ. نیشتمان لە ڕوانگەی بلوخەوە وڵاتێک نییە پێشوەخت چێ کرابێ و ئێمە تیایدا لە دایک بین بەڵکوو شوێنێکە کە خۆمان چێی دەکەین، نیشتمان ئەو ئاسۆیەیە کە ڕوومان بەرەو ئەوە. وڵات بە کەتوار گەیشتنی خولیا و ئاواتەکانی ئێمەیە. ئەوەی لای بلوخ جێگای بایەخە کرانەوەیەکی بە شکۆیە بەسەر ئیمکانە ناوەکییەکانی مێژوودا.

تا ئێستا هەوڵمان دا بە تیشک خستنەسەر بیرو بۆچوونەکانی بلوخ پێشەکییەک بدەینە دەست بۆ وڵام دانەوەی ئەو دوو پرسیارەی کە لەسەرەتادا و لە هەناوی بیرو بۆچوونی دریدادا بۆمان ساز ببوو کە پرسیاری لاکان و ئێمەشە.

زانست و پێناسەیەک کە “سیاسەت” وەک “مومکینات” لە قەڵەمی دەدا، لە هزری دریدادا گۆڕانکاریی بنەڕەتیی بەسەردا دێت و دەبێت بە هونەری مومکینات.

دریدا هاوارێکی ڕەوایە کە تەنیا بە شوێن ئیمکان و ئەگەرەکاندا نییە بەڵکوو بۆ گەیشتن بە نامومکینات تێدەکۆشێ. بە واتایەکی‎تر بۆ گەیشتن بە سوێگەگەلێک کە هێشتا تیل نەبوونەتەوە هەوڵ دەدا. ئەو ڕوانینە لە ڕوانگەی دریداوە یۆتۆپیایی نییە بەڵکوو بە تەمای نامومکینات بوونە. نامومکینات لە دەزگای فکریی دریدادا هێزی پاڵنەر و وزەی لە بن ‌نەهاتووی گەیشتن بە دێمۆکراسییە. بە  بڕوای ئەو مرۆڤ نابێ لە چوارچێوەی سنووری ئیمکان‎گەلی بەرەوڕوویدا ڕاوەستە بکات. بە بڕوای دریدا بێتو مرۆڤ خۆی لەگەڵ ئەو ئیمکانانە هاوئاهەنگ بکات، بە واتای ئەوەیە کە خۆی لەگەڵ گەڵاڵەیەکی پێشوەخت و چاوەڕوان کراو هاو تەریب کردبێت.

وێکچوون و جیرانییەتییەکی نزیک لە چەمک‎گەلی “ئیمکانی” بلوخ و “نامومکینی” دریدادا هەیە. هەردوو چەمک جەخت لەسەر کەتوار بوونی خۆیان دەکەنەوە و “ئیمکان” لە هزری بلوخدا وزەی هاندەری پڕۆسەی یۆتۆپیایە و لە هزری دریدادا “نامومکین” وزەی پاڵنەری ڕەوشتی مرۆڤییە. ئەو دوو چەمکە لەگەڵ ساتی ئەمێستا پێیوەندییەکی نزیکیان هەیە و پڕۆژەیەک نییە بتوانین هەڵیپەسێرین. دێمۆکڕاسی لە ئەندێشەی دریدادا هەردەم لە شتێکدا شاراوەیە کە لە ڕێگادایە نەک ئەوەیکە لە شتێکدا بێ کە بوونی هەیە. کەواتە دێمۆکراسی چوارچێوەیێکی داخراو نییە، کۆتاییی بۆ نییە، هەر ئەو ئەمرە لە دەوڵەتە سۆسیالیستی و دینییەکان جیاوازی دەکاتەوە، واتە شێوەیەک لە دەسەڵاتداری کە هەردەم دەتوانێ شتێکی نوێی پێ زیاد کات و بەردەوام بەرەو داهاتوو کراوە بێ.

“هاڵووی”یش لەو کەسانەیە کە پێی وایە ڕابردوو دەبێ ڕاگیرێت، فەلسەفەی هاڵووی سوژەتەوەرە و گرینگییەکی زۆر بۆ ئیرادەی مرۆڤ قایلە. جیاوازی و بەربەرەکانیی ئەو لەگەڵ مارکسیستە کلاسیکەکان لەوەدایە کە لەگەڵ ئەو گریمانەی کە بڕوای وایە نیزام بە ناهاوئاهەنگیی ناخۆییە کە هەرەس دێنێ، بە پێچەوانەوە ئەو ناهاوئاهەنگییە بەردەوام خەریکە نیزام بەرهەم دێنێتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە گەشەیە. (بۆ نموونە ڕەوتی ڕێفۆرم و بناژۆخوازیی ئێران کە بەردەوام لە ماوەی ئەم چل ساڵەدا دیسکۆرسی نیزامیان بەرهەم هێناوەتەوە و بگرە لە هەمبەر نەتەوەکانی‎تری ئێران‎ وەک کورددا بە هێزتریشیان کردووە). هاڵووی پێی وایە بێتو ئێمە ئەو نیزامە نەگۆڕین هیچ مەرجێکی ئۆبژێکتیڤ ناتوانێ بە شێوەیەکی مکانیکی ببێتە هۆی گۆڕانی نیزام. تا ئەو کاتەی ئێمە وەک سوژەی شوێندانەر نەتوانین ئەو کەلێن و بۆشایییانەی ناوەوەی نیزام ساز نەکەین، گەورە نەکەینەوە و جغزی تێنەخەین هیچ چەشنە گۆڕانێک نایەتە ئاراوە. لێرەدا زیاتر لە هەر کاتێکی‎تر هەست بە بوونی پڕۆژەیەکی وەک ڕاسان دەکرێ. بە گشتی بوون بە سوژەی شوێندانەر تێزی سەرەکیی هاڵوویە نەک یاسای یەک جارەکی و جەبری لە دونیای ئۆبژەکاندا. پڕۆژەی ڕاسان دەبێ بەخشینی دووبارەی ئەو شوێندانەرییە بێ بە تاکی کوردی خۆرهەڵاتی.

ئێستا پاش کۆک بوون لەسەر ساز کردنی سووژەی شوێندانەر دەمانهەوی بزانین میکانیزمەکانی ساز بوونی ئەو سووژەیە چین و لە ڕوانگەی بیرمەندانی ئاماژە پێکراوەوە دەبێ چۆن پێناسە کرێ.

مەسەلەی سووژە لە ئەندێشەی فۆکۆ و ژیژەکدا

ئاخۆ تێپەڕبوون لە نیزام ئیمکانی هەیە؟

فۆکۆ پێی وایە تاک خاڵی بەرانبەری هێز نییە بەڵکوو بەرهەم هاتووی هێزی سەردەستە و ئەوە هێزە تاک چێ دەکات، هەروەها لەسەر ئەو بڕوایەیە شوێنێک لە کۆمەڵگادا نادۆزرێتەوە کە ئەو هێزە لەو شوێنە حزووری نەبێ. ئۆتۆریتەی هێزی سەردەست سەرلەبەری سنوورەکان دەتەنێ و لە نێوان بچووکترین پێیوەندییە ناوخۆیییەکانی نیزامدا ڕۆ دەچێ. هێز لە لایان کەسێکی ترەوە ناسەپێ واتە وەک گوڵۆڵەیێک نییە کە لەسەرچاوەیەکەوە تووڕ درێ و ئامانجێک بپێکێ. هێز گوڵۆڵەیەکە لە نێوان تۆڕێک لە یاریکەران بە تێکڕایی، داوێکی گەورەیە پێکهاتوو لە پێیوەندییەکان. هێز بە تەنیا چالاککەری وزە نییە بەڵکوو پێک هێنەری وێژمانە و سنوورەکانی “بیر” دیاری دەکات. هێز لە سەردەمی مۆدێڕندا بە پێچەوانەی سەردەمی پاشایەتی، گۆڕەپانی پاشگەز کردنەوەیە تاکو سزادان، واتە توانایی زۆرتر لەوەدایە کە مرۆڤەکان بە شێوازێکی تایبەت پەروەردە بکات. کە واتە خەبات لەو چاخەدا دەبێ فرەڕەهەندی و وێژمان‎ساز بێ و بتوانێ تاکێک کە لەوەها بەستێنێکدا پێگەیوە ئازاد بکات. دواجار بۆمان دەردەکەوێ کە ڕۆڵی سووژەیی بەخشین لەسەرەکیترین ئامانجەکانی فۆکۆ بوو.

هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد نیزام هەردەم لەسەر پێچکەی ناهاوئاهەنگی خۆی گرتووە. ناسینی ئەو، گرێ دراوە بە قاتە شاراوەکانی نێوخۆیی کە وەک “ڕوحی گۆڕان” نێومان برد. “ڕوحی گۆڕان” ئەرکانێکی تێکدەر بە هەژمار دێ کە لە ڕێگەی گەیشتن بە کەماڵ، لەمپەڕ بۆ نیزام ساز دەکا. ڕوحی نیزام کاتێک سنوورەکانی خۆی دەبینێ کە ئێمە لە ڕێگەی ئیرادەی خۆن وەبیری بهێنینەوە.

پێناسەیەکی کورت لە سووژەی لاکانی 

ئاخۆ دەتوانین ڕوخسارێکی شۆڕشگێڕانه بە کەڵک وەرگرتن لە بیرۆکەکانی ژاک لاکانەوە بۆخۆمان وێنا بکەین؟

سەرەڕای ئەوەی وا دەردەکەوێ لاکان بڕوای بە سووژه نییە و لای ئەو مەیل، مەیلی ئەوی ترە چۆن دەتوانین بڕوامان بە سووژەی لاکانی هەبێ؟

پاش ڕوونکردنەوەی سووژەی لاکانی مەبەست لە سوژەی شۆڕشگێڕ چییە و کێیە؟

سووژه کەلێنێکە لە ناو  نیزامی هێمایین  کە پڕ نابێتەوە، پێگەیەکە لە نیزام کە دەیهەوێ دەستی بەسەر ڕۆگرێ و بیتەنێ، ئەمرێکی مەحاڵە کە نیزام ناتوانێ بە چۆکیدا بێنێ. لاکان بۆ گەیشتن بە ڕەئاڵ و ئازادی لە چەمکی ڕووداو[4] کەڵک وەردەگرێ، ڕووداو لە ناو نیزامدا پێشاندەری ئەو شتەیە کە هیچ کات کۆنتڕۆڵ ناکرێ. بە کورتی، ئازادی شتێکی جیا لە ڕەئاڵ نییە، واتە دەرکەوتنی ئاسۆ لە گەردوون بە دەستی سووژەیێکی نەفیی‎گەری ڕادیکاڵە کە بنیاتنەرە و هەبیتووسی داگیرکەر تێک دەڕمێنێ. سووژەی لاکانی ئەرکی ئەوەیە مەنتقی نەفیی و ئیمکانی شکستی نیزام بپارێزێ، ئەو ئەرکەش تەنیا بە کایە و چالاکی لە نێوان کەتوار و نیزامی هێمایینی قودرەت و ئایدۆلۆژی دێتە دی. ئەو شتەی وا ڕاسان بە ماوەیێکی کورت و بە شێوەیێکی سەرسوڕهێنەر پێی نیشانی داین. نیزام کەلێنی گەورەی تێدایە و جێگەی تەشەنە کردن تیایدا فرەوانە. ئەوەی گرینگە هەستانەوە و نا گوتنە بە نیزام؛ ئەو کارەش بە سووژەی شۆڕشگێڕی شوێندانەر دەکرێ.

لاکان و شۆڕشگێڕ بوون

شۆڕش ئەمرێک نییە کە لە ناکاو ڕووبدا و پاشان هەموو دڵەڕاوکێی ئێمە هەوڵ دان بۆ ڕاگرتنی ئایدۆلۆژی و هێماکانی بێ، واتا نەریتێک کە بیری کۆمۆنیستی بۆ جووڵانەوە جیهان سێهەمییەکان بە دیاری جێی هێشتووە. ئەو پێشگریمانە ئایدۆلۆژیکە هەڵەی فەلسەفی و پڕ خەساری تەنانەت بۆ کورد لێ کەوتۆتەوە؛ چونکو گریمانەی شكست و چارەنووسی بە ئاکام نەگەیشتووەکانی لەبەر چاو نەگرتووە هەر لەسەر ئەو هەڵە فەلسەفییە، لاکان پێی‎وایە خەبات دژی سیستمە داگیرکەرەکان دەبێ خەباتێکی بەردەوام، فرەڕەهەندی، چەندلایەنە و خاوەن ستراتێژیی جۆراوجۆر بێ. خەباتێک کە لە پێناو پێناسەی بەردەوامی سنووری سیستەم و سوژەی شۆڕشگێڕ بێ.

تێگەیشتنی باو لە چەمکی شۆڕشگێڕی لە کولتوری سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوینی سەدەی بیستەم، نەفیی ڕادیکاڵی نیزامی سیاسی و پێیوەندیی سیاسیی نێوان هێزە کۆمەڵایەتی و قەومییە هاودژەکان بووە کە زۆربەیان دەستیان بردووە بۆ چەک. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت دەست بردن بۆ چەک بەشێک لەو پڕۆژە دوور و درێژەیە و ئێمە بۆ تەیار کردنی سووژەی شۆڕشگێڕ، پێیویستیمان بە هێزی‎تر وەک هێزی وێژمانی و بەدیل سازە.

ئەوەی ئەوڕۆکە بووە بە خەسار و ڕوانینی زاڵی هێزەکانی دژ بە نیزامی جمهوری ئیسلامییە، ڕوانینی هەڵە بۆ چەمکی شۆڕشە کە لەسەر بنەمای ڕوانینی ئەویترەکەیان پێک هاتووە و بە هۆی تێنەگەیشتن لە سیستم و چۆنیەتیی کارکردی دیسکۆرسیڤ لە ئاستی زمان و پێکهاتەی ڕەوانی_هزریی مرۆڤی کورد دامەزراوە. هەڵەیێکی ستراتێژیک کە هێزە ڕزگاریخوازەکان تووشی بوون و دەبن، هەوڵدان بۆ زۆرتر ناسین و بەرەنگار بوونەوەی تواناکان و ئاستی هێزی سیستمەکانە، لە کاتێکدا ستراتێژیی ئەو هێزانە لە هەنگاوی یەکەمدا و بە بۆنەی نابەرابەری لە هێزدا دەبێ ناسینی کەم و کوڕییەکان و بۆشایی دیسکۆدیڤی ناو سیستەمەکان و هاوکات کارکردن بۆ زەق کردنەوەیان بێ.

هەبیتووس

هەبیتووس چەمکێکە کە پییەر بۆردیۆ بە کاری دێنێ. بۆردیۆ پێی وایە سووژە گیرۆدەی بازنەیێکە، واتە سووژە شتێکە کە ئەویتر سازی دەکا. هەبیتووس چەشنێک لە ڕێکخستنی دەروونییە کە بە پێی ئەو، خەڵکی یاسا و ڕێساگەلێک دەروونی دەکەن و ڕەوا و ناڕەوای کۆمەڵگا دەبێتە بەشێک لە هەبوویەتیی تاک. ئەو ڕەوتە لە سەرەتای لە دایک بوونەوە دەست پێ دەکا و هەتا کۆتاییی ژیان بەردەوام دەبێ. لە دەرئەنجامدا ئەو ڕەوتە پێکهاتەیی_ ناسیاری (شناختی)ـیە  لە ناوەرۆکی تاکەکاندا پێک دێ و بە شێوەی نەرمە ئامێرێک پێوەندی لەگەڵ دونیای دەرەوە ڕێک دەخات.

هەبیتووسی گەلی کورد ساڵانێکە بە هێزی سەخت و بە دیسکۆرسگەلی جۆراوجۆر کاری بۆ دەکرێ و بووە بە هەبیتووسی ئەوی ‎تر، بۆیە کاتێک باس لە زیندوو کردنەوەی رۆحی شۆڕش دەکرێ هەندێ کەس بە خەیاڵێکی شاعیرانەی دەزانێت. لاکان ئەو کەسەیە حوکم لەسەر کردەیی بوونی ئەو گۆڕانە دەدا و باس لە ڕۆحی شۆڕش دەکات و بۆ دواجار دەڵێت سووژە ئەمری ناتەواوە و هێزەکەشی لەو ناتەواو بوونەیدایە. بۆیە ئێمە پێویستیمان بە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانەیە کە بتوانێ داینەمۆی ڕاسانەوەیێکی نوێ بێت.

ئەوەی گرینگە بیری شۆڕشگێڕانە دەبێ لەسەر وێنایەکی ڕاستەقینە لە مرۆڤ دەست پێ بکات. دەستپێکردن لەو پرسیارەوە کە چی شتێک مرۆڤ دەکا بە مرۆڤ و دەبێتە هۆی ئەوە کە بە شێوازێکی تایبەت بیر بکاتەوە نەک ئەوەی بۆ نموونە پرسیار لە چییەتی چەوسانەوە؟

پرسیار لە چەوساندنەوە و ئازادی پرسیارگەلی پاشگر و دووهەمی بە ئەژمار دێن.

شەڕ لەگەڵ سیستم، خەباتێکی بێ وچان، جۆراوجۆر، بە ستڕاتێژیی جیاواز و فرەڕەهەندییە، خەباتێک کە لەسەر دەستی سەرلەنوێ پێناسە کردنەوەی سنووری نێوان سیستم و سوژەی شۆڕشگێڕ چێ دەکرێ.

ئەو بۆشاییەی کە بووە بە وزەیەکی نەرێنی لە ناو سیستمدا و بەردەوام ئەو کەتوارەمان وەبیر دێنێتەوە کە هەر نیزامێک کۆڵە و جێگەی دەست‎تێوەردانی هەیە، کام بۆشایییە؟

لە هزری لاکاندا ئەو بۆشایییە ناوی کەتوار(ڕەئاڵ)ـە. کەتوار وەک پانتایی بابەتی نەناسراو و بێ‎ناو و ڵێڵ، سەرچاوەی ترس بۆ نیزامە و وەک پاڵنەرێکی نەفیی یا نەسەلمی (انکار)، هۆکاری دەرکەوتنی جیاوازیی ڕادیکاڵ و سەرچاوەی هەرەس هێنانە. کەتوارێکی وەک شۆڕش بریتیە لە شکاندن و نەفیی هێما کۆنەکان و شوێنی ڕووخانی رێکخراوە پێکهاتەییە‎کانی هەنووکەیی.

 ئامانجی سەرەکیی ئەو بابەتە، هاوکات لەگەڵ شەرحی چەمکگەلی گرینگی لاکانی، لێکدانەوەی شێوازێک لە تێفکرینی لاکانە بۆ دەربازبوون لە جەبری نیزام، بەستێنێک لە ئەندێشەی ئەو کە دەرکی دۆخی مرۆڤ دەڕەخسێنێ و ناوەرۆکی نیزام و تێپەڕبوون لێی سانا دەکات. کەڵک وەرگرتن لەو چەمک و ڕێسایانەی لاکان بۆ دەربازبوون لە دونیای هێمایینی نیزام پێویست و کاریگەرە. ئەو تێئۆرییە پێمان دەسەلمێنێ کە هەرەس پێ هێنان بەو هێزە داگیرکەرە گرێدراوە بە گۆڕانی بنەمایی لە دونیای هێماییندا. بە بێ پچڕینی زنجیرگەلی دونیای هێمایینی سیستم، گەیشتن بەو دیوی دونیای هێمایین کارێکی ئاستەمە. هەر بۆیە لاکان پێی وایە ناوەوەی دونیای هێمایینی نیزام پڕیە لە کەلێن و ئێمە دەبێ بیانقۆزینەوە و لە ڕێگەی نەفیی ڕادیکاڵەوە ئەو دیوارە نمادینە بشکێنین.

ژێدەرەکان

[1]Das Real
[2]Moment
[3] Norum
[4]Even