ئارامتر بخوێنەوە!
دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەواشە کردنی دۆزی کورد
زانا هەورامی
ئاماژە
“توانای بینینی ئەودیوی ڕووداوەکان یەکەم مەرجی سیاسەتی سەرکەوتوویە. مێشکی ساکار و تاک- ناتوانێت ئەودیوی ڕووداوەکان ببینێت. بە خوێندنەوەیەکی سادە لە نیشانەکان و گوتارەکانی هەندێ حیزبی چەپ و بە ناو نەتەوەیی، بۆمان دەردەوکەوێت کە ئەوان لە فەزای شەڕی سارددا ماونەوە و نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بگونجێنن و گوتاری خۆیان بە مەبەستی ڕاکێشانی جیلی نوێ بگۆڕن. زۆربەی ئەو حیزبانە چاوەڕێی دەرفەتێکن هەتا بچنەوە ڕۆژهەڵات و لە لایەن خەڵکییەوە وەک قارەمان پێشوازییان لێ بکرێت و بە یارمەتیی ئەمریکا، مۆدێلێکی حکوومەتی هاوشێوەی باشووری کورستان دابمەزرێنن. بەڵام ئاشکرایە کە ئەوە هەمووی وەهم و خەیاڵە. کاریگەریی پیلانەکانی دەوڵەتی فارس و نەتەوەی باڵادەست لەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەندە قووڵە کە ئەگەر حیزبەکان نەجووڵێینەوە، کاریگەرییەکانی تەنانەت دوای سەربەخۆییش بەردەوام دەبن و ناسنامەی کوردی دەشێوێنن. هەربۆیە من بەکورتی ئاماژە بەهەندێک لایەنی ئەو کارەساتە لە شارە گرینگەکانی ڕۆژهەڵات دەدەم. هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو شارانە وەک نموونە ئەوەیە کە ئەو شارانە دەتوانن نموونەی شارە هەستیارەکان بن و بە ڕێگای ئەو شارانەوە دەتوانین بارودۆخی گشتیی ڕۆژهەڵات وێنا بکەین.”
مهاباد: مهاباد کە سەردەمێک ناوەندی ناسیۆنالیسمی ڕزگاریخوازی کوردستان بوو و لە دوو بڕگەی مێژووییدا (کۆماری کوردستان لە ١٩٤٦ و شۆڕشی ١٩٧٩) دەورێکی زۆری گێڕا، ئێستا زۆر گۆڕاوە. لە سەرەتای شۆڕشی ١٩٧٩وە دامودەزگا ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی رێژیم سێ پلانی هاوتەریبیان لە مهاباد بەڕێوەبرد:
یەکەم: گۆڕینی دێموگرافیی ئەم شارە.
دووهەم: گۆڕینی کولتووری کوردیی ڕەسەن و خەباتگێڕانەی ئەو شارە.
سێهەم: پەراوێزخستنی مرۆڤی نیشتمانپەروەر لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
لەئاکامی ئەو سێ پلانەدا ئێستا رێژیم مهابادی ئاخاندووە لە خەڵكی ناخۆجێیی. کاری گرینگ و زەوی و خانووبەرەی هەرزانیان پێ داون و کوردیان ناچار کردووە ئەو شارە جێ بێڵن. ئەو جێ هێشتنە لەوانەیە بە ڕێگای کار لە شارە غەیرە کوردییەکان یان تەنانەت کۆچ بۆ هەندەران بێت. ئەگەر ڕێکخراوە خەباتکارە کوردییەکان بەرنامەی خۆیان نەگۆڕن، لە داهاتوویەکی نیزیکدا مهاباد وەک نەغەدەی لێ دێت. ئێستا بەشێکی بەرچاوی خەڵکی مهاباد لە تاران و هەندەران دەژین. کەمتر بنەماڵە هەیە کە چەند کەسی لە دەرەوەی کوردستان نەژین. هەروەها رێژیم هەوڵی سڕینەوە زمان و کولتوری کوردایەتی دەدات لەم شارە. ئەگەر سەرنج بدەن بە جۆری قسەکردنی خەڵکی ئەو شارە لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی مهاباد بۆمان دەردەکەوێت کە چ بەڵایەکیان بە سەر ئەو خەڵکە هێناوە کە سەردەمێک زمانەکەیان شێوەزاری ستانداردی موکریانی بوو و هۆنیاری وەک هەژار و هێمنیان لێ هەڵکەوتبوو. جگە لەوانە ئێستا دابەزینێکی ئەخلاقیی سەیر دەبیندرێت. مادەی هۆشبەر زۆر بە ئاسانی دەست دەکەوێ و ئیتلاعات مادەی هۆشبەر بڵاو دەکاتەوە. هاوکات مرۆڤە نیشتمانپەروەرەکان پەراوێز خراون و مەیدانی کۆمەڵایەتی بۆ مرۆڤی لۆمپەن و بورژوازیی کۆمپرادۆر چۆڵ کراوە هەتا بە کەیفی خۆیان ڕمبازێن بکەن. ئەو پلانانە نەک هەر نێو شاری مهاباد بەڵکوو لە گوندەکانیش بەڕێوە دەچێت. گوندی وەک دریاز و قوونقەڵایان پڕ کردووە لەو کارمەند و کرێکارە هاوردانەی کە لە پێترۆشیمیی مهاباد کار دەکەن. دیارە ئەوە بە سەرنجدان بە نیزیکیی جوگرافیایی مهاباد لە ناوچە ئازەریەکان زۆر پڕمەترسی و هاوکات بابەتێکی زۆر هەستیارە.
سنە: سنە دۆخێکی هاوشێوە بگرە خراپتر لە مهابادی هەیە. جگە لە گۆڕینی دێموگرافیی ئەو شارە، قسەکردن بە فارسی لەگەڵ منداڵان و خۆ لکاندن بە کولتووری فارسییەوە خەریکە دەبێتە دیاردەیەکی باو. بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە سنە زۆر بەربڵاوترە لە مهاباد. مرۆڤی سیاسی و نیشتمانپەروەر لە سنە تەواو پەراوێز خراون و تەنیا وەک ڕەمزێک لە ناوی کوردستان جاروبارە لە سەر تەلەڤیزیۆنی ئەو شارە دەردەکەون هەتا وا بنوێنن کە کولتووری کوردی هەر ماوە و هیچ نەگۆڕاوە لەکاتێکدا کە کولتووری کوردی لە سنە مەترسی لە سەرە. زۆربەی بەرپرسانی سنە لە پۆستە هەستیارەکاندا خەڵکی ناخۆجێی کوردیزانن کە بە کوردییەکی سەقەت دەدوێن. ئەو دامەزراوە کوردییانەی سنەش (وەک بەشی زمانی کوردیی زانکۆی کوردستان) تەنیا بۆ کۆنترۆڵ کردن و خافڵاندنی نوخبەی نیشتمانپەروەری کوردستان کار دەکەن و کۆمەڵێک کوردی ئیداری پەروەردە دەکەن کە لە داهاتوودا لە چوارچێوەی نەتەوەی باڵادەستدا دەتوێنەوە.
کرماشان: دۆخی کرماشان زۆر لە سنەش خراپترە. فارسی بووەتە زمانی باوی کرماشانییەکان و ماددەی هۆشبەر بووەتە شتێکی ئاسایی. ئەگەر کوردێکی نیشتمانپەروەر لە کرماشان پەیدا بێت یان پەراوێز خراوە یان مەترسیی کوژرانی لەسەرە. ئێستا بابەتی باوی نێو گرووپە نەتەوەییەکانی کرماشان ئەوە نییە کە دژایەتی لەگەڵ زمانی فارسی و دەوڵەتی داگیرکەر بکەن بەڵکوو بووەتە باسی زاراوەی کەلهوڕی و لەکی و لوڕی و هەورامی و سۆرانی و ئەوانە، مخابن هەندێ لایەنی ناسراو بۆ رای گشتیش پەرەیان بەم دیاردانە داوە. کرماشان وەک گەورەترین و گرینگترین شاری ڕۆژهەڵاتی کورستان پردی پەیوەندیی نێوان ناوچە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتە هەربۆیە پێویستە گرینگیی تایبەتی پێ بدرێت بەڵام ئێستا زۆربەی سیاسییە کوردەکانی ڕۆژهەڵات دەستیان لەو شارە شۆردووەتەوە چونکە پێیان وایە زۆرینەی شیعەی ئەو شارە خاڵی هاوبەشی زیاتریان لەگەڵ نەتەوەی باڵادەست هەیە هەتا لەگەڵ کوردان! پێویستە لەگەڵ ئەو بۆچوونە چەوتە بەربەرەکانی بکرێت.
ئیلام: ئەگەر بڵێین ئیلام شاری لەبیرکراوی کوردستانە، هەڵەمان نەکردووە. ئیلام بووەتە ناوەندی خۆکوژیی ژنان و تەنانەت پیاوان. هەتا ماوەیەک چاوەدێرە فێمینیستەکان هەموو شتێکیان دەگەڕاندەوە سەر کولتووری پیاوسالاری بەڵام ئاشکرایە کە ئەوە ناتوانێت دۆخی کۆمەڵایەتیی ئاڵۆزی ئیلام شی بکاتەوە. لە ڕاستیدا دۆخی کۆمەڵایەتیی نالەباری ئیلام زیاتر بەرهەمی کۆلۆنیالیسمە، نەک پیاوسالاری. لە وەها دۆخیکدا بوو کە بەختەوەرانە، گەنجە نیشتمانپەروەرەکانی ئیلام دەستیان کرد بە زیندووکردنەوەی کولتووری کوردی و بزوتنەوەی سیاسی. گەنجەکانی ئیلام کە سەردەمێک بەهۆی نەبوونی فەزای کوردی لە نێو نوخبەکاندا دەچوونە نێو ڕیزەکانی موجاهیدینی خەڵق، ئێستا زۆریان گەڕاونەوە بۆ لای کوردایەتی (کە خۆیان ناویان ناوە کوردەواری). خەڵکی خۆڕاگری ئیلام چەند ساڵە هەوڵی بەردەوامیان داوە کولتووری کوردی بپارێزن و بەدژی پان-ئیرانیستەکان و کوروش-پەرەستەکان خەبات بکەن بەڵام لە لایەن حیزبەکان و ڕووناکبیرانی کوردستانەوە بە گوێرەی پێویست، سەرنجیان پێ نەدراوە.
لە دۆخێکی ئاوادا کە شارە گرینگەکانی ڕۆژهەڵات مەترسی توانەوەی کولتووری و سیاسییان لە سەرە، هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات پێویستە ئاوڕێک لە راستیەکانی رۆژهەڵات بدەنەوە، هەر چەند نادڵخواز و تاڵیش بێت. لامان ئاشكرایە کە بەشێکیان دڵیان بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران خۆش کردووە و بەشێکیشیان چوونە نێو وەهمی ئیسلاحتەڵەبی. لە کاتێکدا کە ئیسلاحتەڵەبی لە نێو خودی فارسەکاندا پەراوێز خراوە و کەس حیسابی بۆ ناکات، ئیسلاحتەڵەبە کوردەکان خەریکی چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی دۆزی کوردن. یەکێک لەو چەواشەکاریانە، هێنانەگۆڕێی دۆزی کورد وەک دۆزی کەمایەتییەکانە کە لێرەدا بە کورتی ئاماژەی پێ دەدەم.
چەواشەکردنی دۆزی کورد وەک دۆزی کەمایەتییەکان
یەکێک لە گەورەترین هەڵەکانی کورد لە ساتە هەستیارە مێژووییەکاندا ئەوەیە کە ئاستی خۆی دادەبەزێنێت و بە کەمتر لە مافی ڕاستەقینەی خۆی ڕازی دەبێت. یەکێک لەو هەڵە بەرچاوانە کە کورد بەردەوام کەوتووەتە داوی، هێنانەگۆڕێی دۆزی کورد وەک دۆزی کەمایەتییەکانە. ئەمە لەکاتێکدایە کە تەنانەت دوژمنانی کورد دەزانن کە دۆزی کورد دۆزی کەمایەتییەکان نییە، بەڵکوو دۆزی وڵاتێکی داگیرکراوە. بەڵام بۆ ئەوەی بیسەلمێنین کە کورد کەمایەتی نییە، پێویستە بزانین وشەی کەمایەتی (minority) بە کێ دەگوترێت.
کەمایەتی گرووپێکی مرۆیییە کە جوگرافیایەکی دیاریکراوی نییە و لەناو گرووپێکی گەورەتردا بڵاو بووەتەوە و بەهۆی ناسنامەی خۆیەوە، هەست بە تەوژم و هەڵاواردن دەکات. بۆ نموونە، دەتوانین ئاماژە بە ڕەشەکانی ئەمریکا بکەین کە لە سەرەتای هاتنیان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەک کۆیلە بازرگانیان پێ دەکرا و دوای هەڵوەشانەوەی سیستمی کۆیلەداری (١٨٦١-١٨٦٥)، بە ڕواڵەت ئازاد کران بەڵام بەردەوام کەوتوونەتە بەر هەڵاواردن. ڕەشەکان لە ئەمریکا کەمایەتین (ئەوان نیزیکەی ١٢ لە سەدی حەشیمەتی ئەمریکا پێکدەهێنن) چونکە لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا ناژین بەڵکوو لە شارەکانی ئەمریکا بڵاون؛ هەرچەندە لەوانەیە ژمارەیان لە هەندێک لە شارەکان و گەڕەکەکان زیاتر بێت. هەروەها جوولەکەکان بەدرێژایی مێژوو لە وڵاتانی دەرەوەی ئیسڕائیل کەمایەتی بوون و ئێستاش کەمایەتین.
ئاشکرایە کە کەمایەتییەکان داوای مافی کەمایەتییەکان دەکەن، نەک شتێکی زیاتر. ئەوان داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن (خوێندنی بە زمانی دایک و نوێنەرایەتی بەپێی جەماوەر و هتد). بۆ نموونە ئەرمەنییەکان لە ئێران کەمایەتین. ئەوان لە شارەکانی ئێران بڵاو بوونەتەوە و تەنیا داوای پاراستنی ناسنامەی خۆیان دەکەن بەڵام ناتوانن داوای سەربەخۆیی بکەن چونکە جوگرافیایەکی دیاریکراویان نییە. لەکاتێکدا ئەرمەنییەکان لە وڵاتی خۆیان (واتە ئەرمەنستان) کەمایەتی نین چونکە لە چوارچێوەی جوگرافیای خۆیاندا زۆرینەن و ئەرمەنستان وڵاتێکە کە بە درێژایی مێژوو هی ئەرمەنییەکان بووە. واتە ئەرمەنییەکان لە ئێران کەمایەتین بەڵام لە وڵاتی خۆیان کەمایەتی نین.
بە هەمان شێوە، کورد لە کوردستان کەمایەتی نییە. ئاشکرایە کە کوردستان وڵاتێکی بەکۆلۆنی کراوە و لە لایەن چەند دەوڵەتەوە داگیر کراوە و دەچەوسێتەوە. لێرەدا هێنانەگۆڕێی چەمکی کەمایەتی بۆ کورد بەلاڕێدابردنی دۆزی کوردە کە بەداخەوە هەندێک لە کوردەکان کەوتوونەتە داوی. داواکردنی مافە سەرەتایییەکان بۆ کورد نەک هەر هەنگاوێکی ڕزگاریخوازانە نییە بەڵکوو چەواشەکردنی دۆزی کورد و زەبر وەشاندن لە بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستانە. بەرتەسک کردنەوەی دۆزی کورد لە چوارچێوەی دۆزی کەمایەتییەکاندا دەبێتە هۆی خەسارکردنی وزەی ڕزگاریخوازیی خەڵکی کوردستان.
داوای چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە چوارچێوەی مافی کەمایەتیەکان، بە واتای چەواشەکردنی دۆزی کوردە. ئەو گرووپ و حیزبانە کە توانای جێبەجێ کردنی ویستی ڕاستەقینەی نەتەوەی کوردیان نییە، هەوڵ دەدەن بە بەرتەسک کردنەوەی دۆزی کورد خۆیان لە بەرپرسیارەتیی ڕاستەقینەی خۆیان بدزنەوە.
ئەنجام
کاتێک دوو بابەتی ئەم وتارە (واتە دۆخی نالەباری شارە گرینگەکانی ڕۆژهەڵات وهەڵەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بۆ زەق کردنەوەی دۆزی کورد وەک دۆزی کەمایەتییەکان) لە تەنیشت یەکتری دابنێین، بۆمان دەردەکەوێت کە تاکە ڕێگای دەربازبوون لە هەلومەرجی نالەباری ئێستا رادیکالیسمە، نەک ریفۆرمیسم. جیلی نوێی نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەرچەند پەراوێز خراوە، بەڵام زۆر رادیکاڵە و داوای سەربەخۆیی دەکات. پێویستە ڕەوتە سیاسییەکانی کوردستان کەڵک لە هێزی ئەو جیلە کە زۆربەیان خوێندەوارن، وەربگرن و نەهێڵن کە ئەو وزە زۆرە بۆ لای چەواشەکاران بچێت. ئەوەش تەنیا بە گۆڕینی گوتاری حیزبایەتی و هەنگاونان بەرەو گوتاری کوردایەتی دەکرێت. مانەوە لە فەزای سیاسیی سەردەمی شەڕی سارد و دووپات کردنەوەی دروشمە کۆنەکان نابێتە هۆی دەربازبوون لە دۆخی نالەباری ئێستا. نابێت لە بیرمان بچێت کە ئەگەر هەر ئەو کارانە بکەین کە پێشتر کردوومانە، هەر بەو ئەنجامانە دەگەین کە پێشتر پێیان گەیشتووین.


