ئارامتر بخوێنەوە!
لە ڕزگارییەوە بۆ ئازادی
مەسعوود بابایی
ئاماژە
“«کورد » کەتوارێکی سەرزەمینییە. لە ئەلەندی مێژووەوە هەتا ئەم ڕۆژگارە لەسەر خاکی مێژووییی خۆی دەژی و «زمان » و «خاک » تا ئێستەش یەکدییان لە دەست نەداوە و جیاوازیی دۆخی بەشێکی زۆری نەتەوە بندەستەکانی ئەم سەردەمەی ئێمە و کورد ڕەنگە لەوەدا بێت کە ئێمە هێشتا لە چەقی ململانێ ژیۆپۆلەتیکییەکاندا هەین، ئەگەرچی هەبوونەکەشمان گەلێ بەئازارە؛ بەڵام ئەم هەبوونە بەئازارە نیشانەی ئەوەیە کە «کورد» تەنیا بوونەوەرێکی فەرهەنگی نیە، بەڵکو هەبوویەکی سیاسییە و جەستەیەکی زیندووە کە لەسەر خاکێکی داگیرکراوی پڕململانێدا دەژی کە هێشتا داگیرکەر نەیتوانیوە شوناسەکەی لێ بستێنێتەوە و ئێمە بە هەر نرخێک بێت دەبێ ئەم کەتوارە سەرزەمینییە بپارێزین.”
خەباتی دوورودرێژ و باجێکی قورس کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد بە درێژاییی سەدەکان بۆ ڕزگاری داویەتی، گەلێ جار تووشی هەناسەسواریی کردووە و بەداخەوە جاروبار لە بێ هیواییدا هەندێ هیوای تراویلکەئاسای داتاشیون کە دواجار هیوای ساختە تووشی نسکۆ و هەڵدێری کردووە! شوێنگۆڕکێی “ڕزگاری” و “ئازادی” دەراوی شرۆڤە دەگۆڕێت و “کەتوار”(واقعیت) بۆ وەئۆباڵخستن (فرافکنی) دەگوازێتەوە و بەم چەشنە بەلاڕێداچوون، هێزێکی سیاسی تا ـ نەخوازەڵا ـ خۆبەدەستەوەدانی خۆنەویستانە هەڵدەخلیسکێنێ!
شیکردنەوەیەکی زمانەوانیی چەمکەکانی “ڕزگاری” و “ئازادی” وەک دەراوی شرۆڤە خۆی وەک پێویستییەک دەسەپێنێ. هەربۆیە پێویستە پێشوەختە لە شەنوکەوێکی سادەدا لەم دوو چەمکە بدوێین.
هەمیشە دەپرسین: “ڕزگاری” لە چی؟ ، ڕزگاری لە کێ؟
“ڕزگاری” ئاماژەی پەنامەکیی قوتاربوون لە دۆخێکی داگیرکارییە، هەربۆیە دەگوترێ: “ڕزگاری لە دەستی…. ڕزگاربوون لە…” ڕزگاری جێهێشتنی قۆناخێکە بە یەکجاری. بە بۆچوونی بەندە ناتوانین “ڕزگاری” قۆناخبەندی بکەین. چونکە پاش ڕزگاری، باسکردن لە ئازادی دەست پێدەکات!
بەڵام بابەتێکی سەرنجڕاکێش لێرەدا زەق دەبێتەوە؛ هەمیشە دەگوترێ لە “زیندان ئازاد بوو!” ئەدی بۆچی ناگوترێ لە “زیندان ڕزگار بوو”؟!
چەمکی “داڕنین” و “داماڵین” وەک دوو چەمکی یارمەتیدەر باشتر دەتوانن لە تێگەیشتن لە چەمکی “ڕزگاری” یاریدەمان بدەن.
“داڕنین” دەربازکردن لە هەر زیادەیەکە کە توانای جووڵەی جەستە، ئەندام، بوونەوەر و گیانەوەرێکی گرتبێ. بۆ نموونە هەندێ لە درەختەکان دادەڕنرێن. “میوە” بەرپرسیارێتیی وەرزیی “درەخت”ە کە لێی دەڕنرێ. هەروەها؛ بەرگێک کە دەبێ دابڕنرێ تا پێکهاتەی سەرەکی بتوانێ خۆی بۆ بەرگێکی دیکە ئامادە بکات. ئەمە جۆرێکە لە “ڕزگاری”.
“داماڵین” بەپێچەوانەی “داڕنین”، لابردنی لەمپەرێکە کە بە “ماڵین” لادەبرێ یان بۆ دەرکەوتنی “گەوهەر”، “بەڵغ”(عرچ)ی لێ دادەماڵین.
هەمیشە لەبەرانبەر چەمکی “داگیرکاری”، چەمکی “ڕزگاری” دەزێتە زەینمانەوە. ئەوە لە کاتێکدایە لە چەمکی “ئازادی”دا هەست بە هەنتەش (حضور)ی داگیرکەر ناکەین؛ ڕەنگە هۆیەکەش ئەوە بێت کە “ئازادی” بە “جووڵە” و “ڕەفتار”ەوە بەندە و بەپێچەوانەی “ڕزگاری” پێویستیی بە “داڕنین” و “داماڵین” نیە. هەمیشە خۆمان لە بارێکی زیادە ڕزگار دەکەین، لەکاتێکدا “ئازادی” مانای ڕزگاربوون لە “بارکران” ناگەیەنێت. چونکە “ئازادی” مانای “هەڵبژاردنی بار” دەگەیەنێت نەک “لە کۆڵکردنەوە”.
ئازادی، بە “هەڵبژاردن”ەوە بەندە؛ بەڵام ڕزگاری پێویستیی بە “یاخیبوون”و “داڕنین” و “داماڵین”ە. “هەڵبەت دەکرێ ئەم بۆچوونە لە چەندین لاوە وەبەر تیرۆژی ڕەخنە بدرێت؛ بەوەی کە “ئازادی” تەنیا “ئەرێنی” (هەڵبژاردن” / ایجابی) نیە بەڵکو نەرێنی(داڕنین، داماڵین/ سلبی). لە مانای “هەڵبژاردنی ئەرێنیدا”بارکران” و “بارکردن” هەیە؛ واتە “وەئەستۆگرتن” و “وەئەستۆخستن”. بەڵام لە هەڵبژاردنی نەرێنی(داڕنین، داماڵین/سلبی) دا (لەکۆڵکردنەوە، ڕادەستکردنەوە و لێسەندنەوە)ش بەدیدەکرێت. ئەگەر ئەمە بە خاڵی هاوبەشی نێوان “ئازادی” و “ڕزگاری” بزانین، خاڵێکی جیاوازی گەورە هەیە کە بارتەقای هەموو خاڵە هاوبەشەکانە کە ئەویش بریتییە لە : “ماف”.
ئازادی، مافە. بەڵام ڕزگاری ماف نیە. بەو مانایەی کە “ڕزگاری” لەپێناو وەدەستهێنانی مافی ئازادییە. هەربۆیە لە “دەستوور، یاسای بنەڕەتی” ئازادی وەک ماف باسی لێوە دەکرێت و باس لە “ڕزگاری” ناکرێت. تەنیا شتێک کە دەتوانین بە تێل نیشان(تلمیح)ی ڕزگاری لە “دەستوور” و “یاسا نێودەوڵەتییەکاندا” لەقەڵەمی بدەین، “مافی دیاریکردنی چارەنووس”ە کە دەتوانین”ڕزگاری”ی لێ هەڵێنجێنین. بەگوێرەی “مافی دیاریکردنی چارەنووس” دەتوانین “ڕزگاری” وەک مافی “خۆدەربازکردن لە داگیرکاری” ڕاڤە بکەین؛ بەڵام لێرەشدا “ڕزگاری” وەک پێشمەرجی “ئازادی” ـ وەک ماف ـ خۆی نیشان دەدات، ئەگینا “ڕزگاری” ناتوانێ وەک “ماف” لە “دەستوور”دا لێک بدرێتەوە!
هەمیشە بڕوام بەوە هەبووە کە ئێمەی کورد لەنێو “کەلێنی چەمکی”دا دەژین. مانای وەها بانگەشەیەک مایەی ڕاڤەکردنە. مەبەست لەم دەربڕینە ئەوەیە کە چەقین لە مانای باوی لیکسیکۆنی و تێنەگەیشتن لە زمانی چەمکی بەتایبەتی لەباری “مافناسانە” و “دەستووری” دەبێتە مایەی دروستبوونی “کەلێنی چەمکی”. ڕەنگە لە ڕاڤەدا، بەندە هیچکات نەتوانم لە جەغزی زمانگەرایانە خۆم دەرهاوێژمە دەرەوە؛ بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە ئیدی ڕاڤەی زمانگەرایانە ناتوانێ وەک دەراوی توێژینەوەکانی پەیوەست بە فەلسەفەی سیاسی و زانستی ڕامیاری بەدەر لە بڕشت بێت. بڕشتی ئەم ڕاڤەیە لەو کاتەدا دەردەکەوێت کە ئێمە بمانەوێت مانا سرکەکانی “ئازادی” لە “دەستوور”دا چوارچێوەدار بکەین. چوارچێوەدارکردن لەگەڵ خۆیدا چەقی سەرنجی زمانەوانی دەهێنێت و یاسادانەر دەبێت ئاگاداری ڕاگرتنی مانا لە کەوانەدا بێت. لەو دەمەدا کە مانای وشەیەک لە بەستێنی سروشتگەرایانەی خۆی دەترازێ و بۆ کێڵگەیەکی سیاسی، فەلسەفی و مافناسانە و دەستووری دەگوازرێتەوە، دەبێ زۆر ئاگادار و وریا بین کە نەکەوینە نێو “مەیدانی مینی مانابارکردن”ەوە. ئەگەر ڕاشکاوانەتر بدوێم، لەو باوەڕەدام مەودای نێوان مرۆڤی کورد و زمانەکەی هەندە زۆرە کە ناتوانێ لەو کێڵگە واتاییانە بدوێ کە وشەکانی وەک “ڕزگاری” و “ئازادی” لە خاکی ئەو کێڵگانەدا چەکەرە و گەشەیان کردووە؛ ڕەنگە ئەمە بتوانێ ئاریشەی “کەلێنی چەمکی” ڕوون بکاتەوە. ئەوەی ڕاڤەی سیاسی و دەستووریی چەمکێک ئاڵۆز دەکات، کێڵگەی ماناییی وشەیە نەک مانای وشەنامەیی کە بەشێوەیەکی ئاسۆیی لە مانای سەرەکییەوە بۆ مانا لاوەکییەکان لە جووڵەدایە. لە ڕاڤەی سیاسیدا هەڵبژاردنی مانای خوازراو دەتوانێ لۆژیکی جووڵە لە مانای سەرەکی بۆ مانای لاوەکی لەبەرچاو نەگرێت، بەڵکو کاتێک باس لە هەڵبژاردنی مانای خوازراو دەکەین، لە مانایەکی دەسچنکراو دەدوێین کە بەندە بە “نیاز”و “جیهانبینی”ی سیاسەتوان کە دەیهەوێت “جیهانی سیاسی”ی خۆی لە چەمکسازییەکی دەستووریدا زەق و زۆپ بکاتەوە، لێکی دەدەمەوە.
گوتەی بەناوبانگی” کورد لە جەنگدا دەیباتەوە و لەسەر مێزی دانوستان دەیدۆڕێنێ” پێوەندیی بە “پێوار(غیاب)ی هوشیاریی بە ئاماژە پەنامەکییەکانی چەمک لەباری سیاسیی و دەستوورییەوە هەیە کە هەروەک پێشتر باسم کرد، نیشانەی “کەلێنی چەمکی”یە کە ئەویش بەرەنجامی مەودای وەرگێڕانی نێوان چەمکەکانە؛ بەو مانایەی کە دانووستاندن لە مەیدانێکی گەورەی ماناییدا ڕوودەدات کە وەرگێڕانی چەمکەکان بەرپرسیارێتیی سیاسیی و دەستووری لەتەک خۆیدا دەهێنێت کە پێی دەگوترێ تەڵە یان مینی نێو کێڵگەی دەستوور(یاسای بنەڕەتی).
ڕزگاری
داگیرکاری، دەستبەسەرداگرتنی ڕووبەرێکە کە هەم داگیرکەر و هەم داگیرکراو بەتەواوەتی لە دۆخی خۆیان تێدەگەن. “داگیرکەر” بە هەر پاساوێکیش بێت، لەو شتەی کە وەدەستی هێناوە و بە زەبری هێز دایچڕیوە تێدەگات. بەڵام پێویستیی بە وەدەستهێنانی “ڕەوایی”یە. “ڕەوایی” تاکە شتێکە کە “داگیرکەر” دەتوانێ لە ڕێگەیەوە باڵادەستبوونی خۆی بەسەر داگیرکراودا درێژە بدات. ئەم هەوڵەی “داگیرکەر” کاردانەوەی”داگیرکراو”ی لێ دەکەوێتەوە و لێرە بەدواوە زنجیرەیەک لە پێوەندیی ئاڵۆزکاوی شەڕ، ئاشتی، دانووستان، نە شەڕ و نە ئاشتی لەنێوان ئەم دوو بەرەیەدا چێ دەبێ کە بەگوێرەی لۆژیکی هێز “دالەنگاندن(تقلیل)”ی ماف لەپێناو بەهێزبوونی پێگەی “داگیرکراو”ی لێ دەکەوێتەوە و فۆرمەکانی”خۆبەڕێوەبەری(ئۆتۆنۆمی)، فێدراڵی و …هتد دەسمایەی بەهێزکردنی پێگەی داگیرکراون و هەڵپەساردنی نیازی سەرەکییە کە هەڵبەت داگیرکەریش بەگوێرەی ئەزموونی بەریەککەوتن لەتەک داگیرکراودا، وێستگەکانی داواکاری بەگوێرەی هێز، پێشبینی دەکات و ڕێگەی پێشگیرانە بۆ ڕزگاری کە هەمان “سەربەخۆیی”یە دەگرێتە بەر کە ئەم ڕێگایانە لە “دەستوور”دا دەستەبەر دەکات.
شێوازەکانی داگیرکەر بۆ بەردەوامیدان بە داگیرکاری گەلێ زۆرن و داگیرکەر لەبەرئەوەی ناتوانێ بە بەردەوامی هێزی سەخت یان توندوتیژی بە دژی داگیرکراو بەکار بهێنێ و هەروەها لەبەرئەوەی کە داگیرکراو لە ڕەوتی ململانێ لەتەک داگیرکەردا بەئەزموونتر و خاراوتر دەبێت، ڕێگەکانی بەرخۆدان و بەرەنگاربوونەوەی هێزی سەخت دەدۆزێتەوە و ئەمەش تێچووی مانەوەی داگیرکەر لە زەوییە داگیرکراوەکاندا زیاتر دەکات. هەرکات داگیرکەرمان ناچار بە دانوستان کرد، ئەو، بیر لە شێوازەکانی دیکەی درێژکردنەوەی داگیرکاری دەکاتەوە.
هەر بۆیە پێموایە فۆرمە جیاجیاکانی دابەشکردنی دەسەڵات لە وڵاتێکدا کە بەدەست داگیرکەرەوە بەڕێوە دەچێ، تەنیا لەپێناو درێژکردنەوەی تەمەنی داگیرکەردان. لەم سۆنگەیەوە داگیرکەر بە داننان بە هەرێمێکی نەتەوەیی یان ئیتنیکی ناچار دەبێت کۆمەڵە مافێک بۆ نەتەوە و ئیتنیکە داگیرکراو و بندەستەکان پێشنیار بکات و بەرگێکی دیمۆکراتیک بە باڵای دەسەڵاتەکەی داببڕێ. بۆیە لەو باوەڕەدام فۆرمەکانی خۆبەڕێوەبەری(ئوتۆنۆمی)، فیدراڵی یان هەر جۆرێکی دیکەی دابەشکردنی دەسەڵات لەپێناو هێشتنەوەی دەسەڵاتی داگیرکەردایە کە یارمەتیی دەدات تا بتوانێ لە ڕێگەی “نەتەوەسازیی ساختە”وە شوناسێک بۆ جوگرافیایەکی قووتدراو لە جوگرافیایەکی دیکەدا دەستەبەر بکات و بە بێ داننان بە “فرەیی” ناتوانێ هاوسۆزیی ژێردەستەکان بۆ خۆی ڕابکێشێ و ئەمە بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا ڕوودەدات کە “بێگانەکان” خاکی “خۆوڵاتییەکان” داگیردەکەن و پاشان لە کڵێشەیەکی دیمۆکراتیکدا کۆمەڵە مافێکیان بۆ دەستنیشان دەکەن و لە چوارچێوەی “دەستوور”دا وەها پێناسەیان دەکەن وەک بڵێی ئەوان میوانن و ئەمان خانەخوێ. واتە مەبەستم ئەوەیە کە شوێنگۆڕکێی پێگەکان و پێناسەی پێگەکان و سیاسەتی فێڵبازانەی “دڵدانەوە” لە چوارچێوەی “مافی هاووڵاتیبوون”دا بەرەبەرە هاوسۆزیی داگیرکراو بۆ داگیرکەر دەوروژێنێ و ئیدی لەوەلا خەونی دروستکردنەوەی نیشتمان و خاک و جوگرافیای نەتەوە ڕەسەنەکانی وڵاتانی داگیرکراو لە گۆڕ دەنرێ و وەکو “هاووڵاتییانی سەرگەردان” لە جوگرافیایەکی نوێدا تاهەتایە بە نامۆیی دەژین بە بێ ئەوەی بتوانن بۆ ڕابردوویان بگەڕێنەوە و بە بێ ئەوەی بشتوانن لەتەک مرۆڤە بێگانەکان کە ئێستە لە دەوروبەری ئەواندا دێن و دەچن و بوونەتە خاوەن ماڵ هەڵبکات و ناچارە دوو مێژووی نامۆ لە جوگرافیایەکدا پێکەوە بنووسێنێ کە دەبنە جووتۆکەیەکی نایەکسانی نایەکانگیر، بەڵام دانپیانراو. هەر بۆ نموونە با سەیرێکی دۆخی سوورپێستەکان، ئامازیخی و قیبتی و بەشێکی زۆر لە خۆوڵاتیانی ئافریقا و ئوسترالیا و هەروەها نەتەوە تواوە بەعەرەبکراوەکانی سووریا و لوبنان و … هتد بکەین کە وەڕاستگەڕاو(مصداق)ی دیاری داوەرییەکەی ئێمەن.
هەر بۆیە بە بوێرییەوە دەڵێم کە هەموو فۆڕمەکانی خۆبەڕێوەبەری و فیدراڵی و…هتد شێوازەکانی بەردەوامیدان بە داگیرکارین ــ بەتایبەتی لە وڵاتانی فرەنەتەوەدا.
“کورد” کەتوارێکی سەرزەمینییە. لە ئەلەندی مێژووەوە هەتا ئەم ڕۆژگارە لەسەر خاکی مێژووییی خۆی دەژی و “زمان” و “خاک” تا ئێستەش یەکدییان لە دەست نەداوە و جیاوازیی دۆخی بەشێکی زۆری نەتەوە بندەستەکانی ئەم سەردەمەی ئێمە و کورد ڕەنگە لەوەدا بێت کە ئێمە هێشتا لە چەقی ململانێ ژیۆپۆلەتیکییەکاندا هەین، ئەگەرچی هەبوونەکەشمان گەلێ بەئازارە؛ بەڵام ئەم هەبوونە بەئازارە نیشانەی ئەوەیە کە “کورد” تەنیا بوونەوەرێکی فەرهەنگی نیە، بەڵکو هەبوویەکی سیاسییە و جەستەیەکی زیندووە کە لەسەر خاکێکی داگیرکراوی پڕململانێدا دەژی کە هێشتا داگیرکەر نەیتوانیوە شوناسەکەی لێ بستێنێتەوە و ئێمە بە هەر نرخێک بێت دەبێ ئەم کەتوارە سەرزەمینییە بپارێزین. “کوردستان” وەک پارووی لەقوڕگگیراوی دوژمنان نیشانەی ویستی “کورد”ە بۆ مانەوە و پاراستنی کەتواری سەرزەمینیی خۆی. ئەم ویستە، ویستێکی سیاسییە لەسەر بنەمای مافی دیاریکردنی چارەنووس کە ڕەوایی بە “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد”دەدات تا ڕزگاریی خۆی لە “سەربەخۆیی”دا پەیجۆر بکات، چونکە بە بێ سەربەخۆیی “ئازادی” وەک “مافی سروشتیی مرۆڤ” وەدی نایەت. هەروەک گوتم، کەتواری سەرزەمینیی کورد چەشنی نەتەوەیەک تێکڕای مافەکانی نەتەوەیەکی خاوەن سەروەریی پێ ڕەوا دەبینرێت. هەر بۆیە دەبێ جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە دۆخی کورد لە دۆخی گەلانی بێ خاک جیاوازە و ئێمە نابێ لە ڕوانگەی نەتەوایەتیی خۆماندا دۆخی خۆمان بۆ دۆخی دالەنگاوی گەلانی بێ سەرزەمین دابلەنگێنین.
دروشمی ڕیالیستیی”ئێمە نوێنەری نەوەی خۆمانین نەک نوێنەری نەوەکانی داهاتوو” ـ لە سۆنگەی ڕزگاریخوازییەوە ـ بۆ کورد گونجاوترین دروشمی تاکتیکی بووە کە دەکرێ وەک دروشمێکی ستراتیژیک کە ڕێگەی سەربەخۆییی نەوەکانی داهاتوو ڕووناک دەکاتەوە لەقەڵەمی بدەین. لەم سۆنگەیەوە ململانێی داگیرکەرانی کوردستان و کورد وەک داگیرکراو، تا ئەم سەدەی بیست و یەکە بەردەوامە و ڕەنگە تا نیوەی سەدەی بیست و یەک “کورد بتوانێ یەکێک لە جۆرەکانی مافی سیاسی” وەک ئوتۆنۆمی” و “فیدراڵی” لە سێ بەشی کوردستاندا، یان تەنانەت دەوڵەتێک بۆ “کورد” دەستەبەر بکات. بەڵام دەبێ لە بیرمان نەچێت، “داگیرکەر” لەبەرانبەر “داگیرکراو”دا هەندێ ئەرکی لەسەر شانە کە دەبێ جێبەجێیان بکات. ئێمەی کورد لەبەرئەوەی شارەزاییەکی تەواومان لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا نیە، لەوە بێئاگاین کە ئەو مافانەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی داگیرکەردا داوای دەکەین، ئەوانە ئەرکی داگیرکەرن کە دەبێ جێبەجێیان بکات و ئێمە هێشتا لە ململانێ لەتەک داگیرکەردا داوای کۆمەڵێک مافمان کردوون کە لە ڕاستیدا ئەرکێکی جێبەجێنەکراوە. چونکە هەروەک گوتم مافەکانی نەتەوەیەکی داگیرکراوی وەکو کورد کە کەتوارێکی سەرزەمینییە، تەنیا بە دەوڵەتی سەربەخۆ دەستەبەر دەکرێت؛ چونکە هەرکام لە شێوازەکانی “ئوتۆنۆمی” و “فێدراڵیزم” ڕێکارەکانی کەم کردنەوەی “ستەمکاری” و “چەوساندنەوە”ن نەک ڕزگاری. کە وابوو ئەوەی کە ئێمە داوای دەکەین کەم کردنەوەی ئاستی “ستەمکاری” و ” چەوساندنەوە”یە و نابێ وەک “ڕزگاری” لێی بدوێین. ئەگەر پەیکاڵکردن(تطبیق)ی هەرکام لەو شێوازانەی بەڕێوەبردنی وڵاتێکی داگیرکەر بە وەدەستهێنانی “ڕزگاری” و پاشان”ئازادی” لەقەڵەم بدەین، وەک ئەوە وایە کە بێژین: وازمان لە کەتواری سەرزەمینی هێناوە کە دەبێ لە دەوڵەتی سەربەخۆدا وەدی بێت و ئەمە لەباری زەینییەوە خەونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەسڕێتەوە. ئەمە “کەلێنی چەمکی”یە کە دەبێتە مایەی “شوێنگۆڕکێی مانایی”. چونکە هەڵە هەمیشە بەزەقی و لە یەک جۆر بەڵگەهێنانەوەی لۆژیکیدا خۆی دەرناخات. “شوێنگۆڕکێی مانایی” دەبێتە مایەی هەڵەی لۆژیکی و لە بواری “سیاسی” و “دەستووریدا” هەڵەیەکی کوشندەیە.
لە پێوەندی لەتەک “داگیرکەر” و “داگیرکراو”دا، بەداخەوە هیچکام لە داگیرکەرانی کوردستان دان بە “داگیرکەری”ی خۆیاندا نانێن، هەربۆیە ئەرکی خۆیشیان لەهەمبەر “داگیرکراو”دا جێبەجێ ناکەن. دەتوانم بێژم لەبەر دوو هۆکار، داگیرکەرانی کوردستان دان بە “داگیرکاریی” خۆیاندا نانێن:
١. ئەوان بڕوایان بەوە نیە کە “کورد” خاوەنی “کەتواری سەرزەمینی”یە.
٢. “دوژمنکاری”ی نەژادیی بەردەوام سروشتی بنەڕەتیی ئەم داگیرکارییەیە.
بە شێوەیەک لە شێوەکان هەردووک هۆکارەکەش تەواوکەری یەکدین؛ بەو مانایەی کە نکۆڵیکردن لە “کەتواری سەرزەمینی”ی کورد، نکۆڵی لە داگیرکاریشی لێ دەکەوێتەوە. لەم سۆنگەوەیە کە دەتوانین لە تۆمەتی”جوداخوازی”تێبگەین. تۆمەتی”جوداخوازی” بە دوای خۆیدا تاوانی دژایەتیی یەکپارچەییی خاکێک بەسەرماندا ساخ دەکاتەوە کە “داگیرکەر” خۆی کردووە بە خاوەنی؛ ئیدی لەوەش تێدەپەڕێ کە ئێمە بتوانین لە چوارچێوەی “کۆڵۆنیالیزم” دوژمنەکانمان پێناسە بکەین. هۆیەکەش ئەوەیە کە لانیکەم لە “کۆڵۆنیالیزم”دا مافی “سایەسایی (قیمومت، انتداب) هەیە و کۆڵۆنیالیستە ئەوروپاییەکان ئەرکێکیان لەسەر شانی خۆیان داناوە و خۆیشیان وەک “داگیرکەر” بە فەرمی ناساندووە. هەروەک باسمان کرد داننان بە “داگیرکاری” واتە دەستگرتن بەسەر خاک و نەتەوەیەکدا کە خاوەنی “کەتواری سەرزەمینییە” و تەنیا پاساوی “داگیرکەر” ئەوەیە کە تا ئەوکاتەی “نەتەوەی داگیرکراو” خۆی دەرۆستی بەڕێوەبردنی خۆی بێت، دەبێ یارمەتیی بدرێت. دیار و ئاشکرایە “داگیرکەر” هیچکات لە دۆخێکی ئاساییدا دان بەوەدا نانێت کە “نەتەوەی داگیرکراو” کاتی ڕزگاربوونی هاتووە! بەڵام هەر چۆنێک بێت، دان بەوەدا نراوە کە خاکێکی داگیرکردووە و بە یاسای “سایەسایی” هەتا بتوانێ درێژە بە داگیرکارییەکەی دەدات و پاش کۆتاییهاتنی “سایەسایی” و پاش سەربەخۆییش “کۆڵۆنیال” بە ڕێگەی جۆربەجۆر بە “کۆڵۆنیالیست” دەبەسترێتەوە؛ ئەگەر سەیرێکی وڵاتانی داگیرکەری”فەرەنسا” و “بریتانیا” و ئسپانیا” و…هتد بکەین، ئێستەش بەرتاو(نفوذ)یان لە وڵاتانی داگیرکراوی پێشوویاندا بە زەقی دەبینرێت.
هەر بۆیە دۆخی داگیرکاریی کوردستان ناکرێ لەتەک سروشتی کۆڵۆنیالیستیی وڵاتانی ئەوروپایی بەراورد بکرێت. چونکە داگیرکەرانی کوردستان لە دەرەوەی ئەو پێناسانە هەڵسوکەوت دەکەن. خاڵی هەرەگرنگی جیاوازیی داگیرکەری ئەوروپایی و داگیرکەرانی کوردستان لەوەدایە نە بڕوایان بە “کەتواری سەرزەمینی”ی کورد هەیە و نە پەیڕەوی لە سیاسەتی”سایەسایی”دەکەن. ئەگەر بنەمای ئەم بەڵگەهێنانەوەیە بە هەند وەربگرین، ناکۆکییەکی گەورە لە کرۆکیی پێناسەکەدا سەرهەڵدەدات و دەبێتە مایەی گۆڕانی چەقی سەرنج و چەقی ڕوانگە لە ڕەوتی بەڵگەهێنانەوەدا.
پرسیارێک لێرەدا دێتە ئاراوە: کەوابوو سروشتی داگیرکەرانی کوردستان چۆن دەستنیشان دەکرێت؟
فارسەکان، تورکەکان و عەرەبەکان میراتگری ئیمپراتۆرییەکانن. کاتێک باس لە میراتی ئیمپراتۆری دەکەین، ئیدی جوگرافیای نەتەوەیی و ئیتنیکی لە ئارادا نابێت. گەڕانەوە بۆ بونیادنانەوەی ئیمپراتۆرییەکان و گێڕانەوەی شکۆی سەدە لە دەستچووەکان هیوای نەوە مەزنیخوازەکان دەگەشێنێتەوە و بەرەو پاوانخوازی ڕایان دەنێ. ئەم سێ نەتەوەیە بەپێچەوانەی بانگەشەکانیان بەتەواوەتی پێیان نەناوەتە نێو مودێڕنیتەی سیاسییەوە و لە مێژووی حیکایەتەکانیان دانەبڕاون و لە جیهانی مودێڕنیشدا شوێنپەنجەیان دیار نیە و تەنیا خۆیان لە فۆرمێکی مودێڕنیزاسیۆندا ئاڵاندووە و بەم پێیە دەتوانین بێژین سروشتی دەوڵەت ـ نەتەوەی ئەوروپایی بەسەریاندا ساخ نابێتەوە. پاشەکشەی ئیمپراتۆرییەکانی خۆرهەڵات و کشانی کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپایی و تێکەوەپێچرانی ئیمپراتۆرییەکانی تورک و فارس لەم ناوچەیەدا، نەبووە مایەی دابڕان لە چیرۆکە مەزنەکانی ئیمپراتۆری و پاشماوەی ئەم ئیمپراتۆرییانە دیسان بە شێوەیەکی دیکە هەوڵی نۆژەنکردنەوەی ئەم ڕابردووە مەزنەیان داوە کە بەزەقی لە دەوڵەت ـ نەتەوەی ئەم سێ نەتەوەیە و لە چوارچێوەی پان ئێرانیزم (پان فارسیزم) و پان تورکیزم و پان عەرەبیزمدا ڕەنگی داوەتەوە و لە گەلێ ڕووەوە ئەدگاریان لە ناسیونالیزمی ئەوروپایی و خۆرئاوایی جیاوازە.
تێزی “پان ناسیونالیزم” بۆ مێژوو، خاوەندارێتیی خاک نیە، بەڵکو دەسەڵاتدارێتییە بەسەر خاکدا. لەم بیروباوەڕەدا “دەسەڵات”ی مێژووییی ئیمپراتۆرییەک بەسەر جوگرافیایەکدا، دەبێتە مایەی خاوەندارێتیی ئەو خاکە و ئیدی باسکردن لەوە کە ئەم خاکە کێی لەسەر ژیاوە و لە قەواڵەی کام نەتەوەدایە هیچ سوودێکی نیە.کاتێک دەگوترێ: یەکپارچەییی خاکی ئێران، تورکیا و عێراق و سووریا، هیچ پرسیارێک لەوە ناکرێت کە کێ لەسەر ئەو خاکە دەژی و کێ خاوەنیەتی و ئەو کەسەش پارچەی دەکات یان جیای دەکاتەوە لە چی جیا دەبێتەوە؟! لەم لۆژیکەدا “سنووری نەتەوایەتی”دەبەسترێتەوە بە “سنووری قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی داگیرکەر” بەسەر خاکێکدا کە مۆرکی زمانی و نەژادیی ئەوی پێوە دیار نیە. لێرەدا بەکارهێنانی وشەی “داگیرکەر” بۆ وەها “دەسەڵات”ێک هیچ دانپیانانێکی لێ ناکەوێتەوە، چونکە هەر لە بنەڕەتەوە جوگرافیای نەتەوایەتی بەستراوەتەوە بە حیکایەتی دەسەڵاتەوە نەک “نەتەوە”وە. لەو سۆنگەیەوە”ئێران” وڵاتێکی پاشماوەی ئیمپراتۆرییەکانە کە مێژووی دەسەڵاتی خاوەن دەسەڵات دەگێڕێتەوە نەک خاوەندارێتیی ئەو. دەسەڵات چ وەک هێزی سەخت یان وێژمان. خۆ ئەگەر لە سۆنگەی ڕەواییی پاوانکردنەوە سەیری مەسەلەکە بکەین، خاکێکی یەکپارچە هەیە کە لە پاوانی فەرمانڕەواییدایە و فەرمانڕەوا بەگوێرەی گێڕانەوەیەکی بان مێژوویی و بان جوگرافی “ئێران” پێناسە دەکات کە خاکێکی پیرۆزە و لێرەوە هیچ ڕێزێک بۆ “کەتواری سەرزەمینی”ی گەلانی پەستێنراو لەم جوگرافیایەدا دانانرێت.
ڕەواییی خاوەندارێتیی خاکێکی ئەمڕۆیی لەسەر بنەمای ئەوە کە پێگەی فەرمانڕەواییی ڕابردوویەکی ئیمپراتۆری بووە، ڕێگەی دانپیانان بە داگیرکاری دادەخات و لەم سۆنگەیەوە هەرچەشنە داواکارییەکی “داگیرکراو” بۆ گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی خۆی بە “جوداخوازی” لەقەڵەم دەدرێ. کە وابوو جەستەی دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانی یان تورکی یان عەرەبی، ئەوەندە قاچی لەنێو مێژوو و یادەوەریی ئیمپراتۆریدا هەیە، هەندە لەو مێژووە دانەبڕاوە؛ بۆیە مێژووی جێهێشتووە بەڵام لە مێژوو تێنەپەڕیوە، واتە ڕێنێسانسی بەخۆوە نەدیوە. هاوکێشەکە ڕوونە؛ ئەوەی کە بەجێی دەهێڵی هەر ناچاری بۆی بگەڕێیەوە، ئەوەش کە لێی تێدەپەڕی ئیدی بۆی ناگەڕێیەوە. قەیرانی نەتەوە مێژووییەکان لەوەدایە بۆ دەستەبەری داهاتوویان بەردەوام ناچارن بۆ مێژوو بگەڕێنەوە و “مێژوو” دەوڵەت دەپارێزێ و دەوڵەتیش مێژوو…
بەم پێوەرە، نەتەوە مێژووییەکان زیاتر لە نەتەوە نوێیەکان پێویستییان بە دەوڵەتە. بەڵام ئاریشەکە لەوەدایە کە نەتەوەیەک جوگرافیا وەک ڕووبەری فەرمانڕەوایی پێناسە بکات و قەڵەمڕەوی سمی ئەسپەکان بە نیشتمان و وڵاتی خۆی بزانێت و بە هیچ شێوەیەک “کەتواری سەرزەمینی”ی نەتەوەکان لەبەر چاو نەگرێت. ئێمە ڕەخنەمان لە مافی دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ “فارس” و “تورک” و “عەرەب” نیە، ڕەخنەکە لەوەدایە کە ئەوان ڕابردووی ئیمپراتۆریی خۆیان کە مێژووی داگیرکاریی خاکە، بە مێژووی نیشتمان و وڵاتی خۆیان لەقەڵەم دەدەن، لەکاتێکدا لەو ڕووبەری خاکەی کە داگیریان کردووە، یان نیشتەجێ نین یان کەمینەیەکی ئێجگار کەمن!
ئەو کەس و لایەنانەی کە دەوڵەت ـ نەتەوە بە سەرچاوەی نەهامەتییەکان دەزانن، وا دیارە لە سروشتی جیاوازی “ناسیونالیزم” و “پان ناسیونالیزم” تێناگەن یان خۆیان لە باسەکە دەبوێرن. ئاریشەی سەرەکیی کەسانێک کە هەمیشە لە کۆتوبەندی مێژووی پڕشکۆدا گینگڵ دەدەن ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی خۆیان فڕێ دەدەنە نێو مودێڕنیتەوە، بەڵام مێژوویەکی ئەفسانەییی تەژی لە فەڕی ئیزەدی تێکەڵ بە جیهانی مودێڕنیتە دەکەن و بە بیانووی خۆگونجاندن لەتەک جیهانی مودێڕن، بە جوگرافیای نەتەوایەتیی خۆیان و بە سنوورەکانی دەوڵەت ـ نەتەوەی خۆیان ڕازی نابن. ئەگەر سەیرێکی “پان ئێرانیزم” و “پان تورکیزم” بکەن، هەمیشە چاویان لە جوگرافیای مێژووییی ئیمپراتۆرییەکانیانە. چەشنی “خەونی هەخامەنشی، ساسانی” یان “عوسمانیی نوێ”!
هەموو ئەم درێژدادڕییە بۆ ئەوە بوو کە ئێمەی کورد بزانین، لە چ دۆخێکی سەختی داگیرکاریداین و “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد” بەرەوڕووی چ جۆرە داگیرکارییەکە کە بە هیچ شێوەیەک لەتەک دۆخی کۆڵۆنیالیزم بە پێناسە ئەوروپاییەکەی تێک ناکاتەوە. چونکە ئێمە لەتەک گێڕانەوەیەکی “بان مێژوویی” و “بان جوگرافی”دا بەرەوڕووین کە تەنیا تێکشاندنی ژیۆپۆلیتکی ناوچەکە دەتوانێ “کورد” بە ڕزگاریی خۆی بگەیەنێت. بۆیە هەمیشە دەبینین هەرکات درزێکی ژیوپۆلیتک لە ناوچەکەدا دروست دەبێت، مەترسییەکی گەورە بۆ دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان دێتە ئاراوە و “کورد” وەک فاکتەری هێز قوت دەبێتەوە و ئەگەر “داعش” وەک درزێکی ژیۆپۆلیتیک بزانین ـ لەپاڵ زیانەکانی بۆ کورد ـ سەنگی کوردی لە ناوچەکەدا زیاتر زەق کردووەتەوە.
لە پێوەندی لەگەڵ مافەکانی ئێمە لە چوارچێوەی “دەسەڵاتی داگیرکەر”دا ـ کە پێشتر بە کەمکردنەوەی ئاستی “ستەمکاری” و “چەوساندنەوە” ناوم لێنا ـ دەبێ بە وریاییەوە داوەری بکەین. بەدەستهێنانی”ئوتۆنۆمی” و “فێدراڵی” لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی داگیرکەردا، پەیمانێکە کە مەرجەکەی “پاراستنی یەکپارچەیی وڵات”ێکە کە خودی وڵاتەکە لە لایەن مەرجدانەرەوە داگیر کراوە.
کاتێک دوو بەرەی جەنگ لەبەر هاوسەنگیی هێز مل بە دانوستان دەدەن، دەبێ بەگوێرەی ئاست و ڕادەی هێز، دانوستاندن بەڕێوە ببرێ و لە ڕەوتی دانوستاندا هەمیشە هێزی کار و کاردانەوە نیشان بدرێت، کارتەکانی “هێز” بۆ دروستکردنی “هەرامەی کەتوار”(امر واقع/دیفاکتۆ) گەلێ گرنگن. ئەزموونی ئێمەی کورد لە دانوستاندا سەلماندوویەتی هەرکات هێزی سەخت (پێشمەرگە) توانایی بەرزەفتی خاک و جوگرافیای هەبووبێت، توانیویەتی پاشەکشە بە ملهوڕییەکانی داگیرکەر بکات. بەڵام داگیرکەریش بۆ “خۆبەهێزکردن” دانوستانەکەی بۆ کڕینی کات درێژتر کردووەتەوە. لە وەها دۆخێکدا هێزی سەختی ئێمەی کورد بە بەردەوامی تواناییی بەرزەفتی خاک و جوگرافیای هەبێت؛ ئەمە وا دەکات پارامێترەکان بە قازانجی ئێمە بن.
ئێمە لەگەڵ”داگیرکەر”ێکدا بەرەوڕووین، کە بە هیچ شێوەیەک بڕوای بە “دیمۆکراسی” نیە. لە وڵاتێکی وەک “ئیسپانیا” یان “بریتانیا” لەبەر ئەوەی هەر چۆنێک بێت، جۆرێک لە ڕەفتاری دیمۆکراتیک بەگوێرەی بنەواشە(پرەنسیپ)کان هەیە، دەوڵەتەکان بەردەوام پێڕستێک لە مافەکان و ئۆنۆمۆمیی زیاتر پێشنیار دەکەن بۆ ئەوەی هەرێمەکان “سەربەخۆیی” خۆیان دوا بخەن. کە وابوو بەرانبەرەکەی ئێمە نەک هیچ پێڕستێک لە مافەکانی ئامادە نەکردووە، بەڵکو هەر لە بنەڕەتەوە بڕوای بەوە نیە کە ئێمە جوگرافیایەکی جیاین لەنێو جوگرافیایەکی دیکەدا. واتە ئەو شتەی کە بەندە بە “کەتواری سەرزەمینی” ناوم هێنا. هەر چەشنە وەدەستهێنانێکی ماف تەنیا پێوەندیی بە ڕادەی هێزی ئێمەوە هەیە کە ناتوانین پێشبینیی ئەوە بکەین ئاخۆ تا کەی دەتوانین “هاوسەنگیی هێز” بپارێزین. بۆیە هەمیشە هەرکات “ناوەند” لاواز بووبێت، ئێمە توانیومانە بەهێز ببین و هەناسەیەک بدەین. وەها دۆخێک لەمەڕ دانوستان لەبارەی”ئوتۆنۆمی” یان “فێدراڵی” لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سێنتراڵیستیی وەک ئێراندا، هەمیشە لە کاتی لاوازیی دەوڵەتی ناوەندی بووە و بەم دۆخە دەگوترێ “ئاشتیی خۆپڕچەککردن”(صلح مسلح)!
دۆخی”ئاشتیی خۆپڕچەککردن” زیاتر لە ئاگربەست دەچێ تا ئاشتی! ئەوەی کە جۆرێک لە ئاشتیی هێناوەتە کایەوە، لاسەنگیی هێزی ناوەندە بەرانبەر بە پەراوێز و هەرکات کە “ناوەند” هێزی جارانی وەدەست هێنایەوە، پەراوێز دەخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی!
یەکێک لە فێڵەکانی دەوڵەتی ناوەندی بەرانبەر یەکە “ئۆتۆنۆمیخوازەکان” خەریک کردنیانە بە دانوستانی دوورودرێژ لەسەر بنەمای ماددە و بەندێکی دەستووریی ناکارا کە هەمیشە لە کاتی “قەیران”دا کارا دەکرێتەوە! هەر بۆ نموونە ماددەی ١٥ی دەستووری کۆماری ئیسلامی (مافی خوێندنی “ئەقوام” بە زمانی دایک) کە هەر لە بنەڕەتەوە ماددەیەکی لەکارکەوتووە، هەمیشە لە کاتی فشار بۆ ناوەند دەخرێتەوە بەر باس؛ ئەم باسوخواسە بۆ ئەوەیە لە “بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد” لە نێوخۆوە تووشی دڕدۆنگی و مقۆمقۆ بکات! هەر ئەوەندە ڕێژیم دەرفەتێکی ساختە بخاتە ڕۆژەڤی سیاسیی هێزە سیاسییەکانی کوردەوە! توانیویەتی نێوەندی بڕیاری ئەم هێزانە بشڵەقێنێ و ئەم ڕۆژەڤە ساختەیە ناوی “ڕیفۆرم”ی لێ دەنرێت!
وێنای “ئازادی” لە قۆناخی پێش “ڕزگاری” هەمیشە خەوشدارە! ئێمە ناتوانین بە بێ “سەربەخۆیی” مەشقی ئازادی بکەین. “ئازادی” بە بێ لابردنی “ستەم” نایەتە دی، نەمانی “ستەم” خۆبەخۆ بە واتای ڕزگاربوونە لە شتێک کە هەروەک باسم کرد پێشمەرجی ئازادییە. هەر بۆ نموونە: پێشنیارکردنی کۆمەڵە ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەیەک لە لایەن کەسێکەوە کە خۆی بەشێکە لە کێشەکە، بە مانای”ئازادی” نیە؛ تەنانەت ئەگەر مافی هەڵبژاردنی یەکێک لە بژاردەکان بە ئێمە بدرێت ـ ئەگەر یەکێک لە بژاردەکان سەربەخۆیی نەبێت ـ دیسان بەو مانایە نیە کە ئێمە ئازادین. ئەمە دیدێکی ئایدیال نیە، بەڵکو دیدێکی کەتوارەکی(واقعی، ڕیالیستی) یە، بەڵام دەکرێ بێژین دیدێکی ئەوپەڕگر(حداکثری)ە؛ دیارە دەبێ لە دانوستاندا هەمیشە ئەم دیدە لەبەرچاو بگرین، ئەگینا تووشی دالەنگاندنی چەمکی (تقلیل مفهومی) دەبین کە بەندە لە سەرەتای ئەم بابەتەوە بە “کەلێنی چەمکی” ناوم هێنا و دالەنگاندنی چەمکی یەکێک لە لێکەوتەکانی “کەلێنی چەمکی”یە ـ یان بەپێچەوانەشەوە.
لە دۆخێکدا کە کوردستان، وەک وڵاتێکی داگیرکراو لەلایەن ئەو ڕێژیمانەی کە خۆیان بە داگیرکەر نازانن، وڵاتێکی خنکێنراوە؛ داواکردنی هەر مافێک لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدا دەتوانین ـ ئەگەر دانوستاندنێک هاتە ئاراوە ـ ئێمەی کورد لە چ ڕێگەیەکەوە و چۆن سروشتی داواکارییەکانمان بخەینە ڕوو. هەندێ کەس دەراوی گفتوگۆ لەتەک “دەسەڵاتی نێوەندی” بە “ئێرانیبوون” لەقەڵەم دەدەن و دەڵێن دەبێ مەرجی ئێرانیبوون لە گفتوگۆکاندا لەبەرچاو بگرین بۆ ئەوەی “نێوەند” پێشمەرجی “شوناسی ئێرانی” نەکات بە گرێی دانوستان. ئەوە لە کاتێکدایە کە هەمووان دەزانن پەسندکردنی وەها پێشمەرجێک دەبێتە مایەی داماڵینی بەرگی داگیرکەر لە “دوژمن”. ئێمە ئەگەر لە هەلومەرجێکی لەباردا لەتەک دەوڵەتی ناوەندی بکەوینە دانوستانەوە؛ با “شوناسی ئێرانیبوون” بەشێوەیەکی دیکە بخەینە ڕوو؛ “ئێرانیبوون” ئەگەر بە مانای ئەو جوگرافیا سیاسییە بێت کە ئێمەی کورد تێیدا پەستێنراوین و خۆ ئەگەر ئەم جوگرافیا سیاسییە ببێتە بنەمای “شوناسی ئێرانیی کورد” ئەوە هەر لە سەرەتاوە “مافی دیاریکردنی چارەنووس”مان لە نەوەکانی داهاتوو سەندووەتەوە و نابێ ئەو شوناسە بەسەرماندا بسەپێنرێ. شوناسی مێژووییی ئێرانی، شوناسێک نیە کە بە نەخشەی جوگرافیای سیاسیی ئێرانی ئێستایەوە بەسترابێتەوە و پەسندکردنی شوناسە مێژووییەکەی ئێران، هاوپشکیی ژیاریی کوردیشی تێدایە و زیان بە “مافی دیاریکردنی چارەنووس” ناگەیەنێت، چونکە نامانکات بە نوێنەری نەوەکانی داهاتوو. دانوستانکەری باش بریتییە لەو کەسەی کە خۆی وەک نوێنەری قۆناخەکەی بناسێنێ نەک بە نوێنەری داواکارییە پێشبینی نەکراوەکانی داهاتوویەکی نادیار.
تیرێکی ئاوقەکراو
هەروەک پێشتر هێمام بۆ کرد، “ئازادی” بۆ کورد چەمکێکە هێشتا بەشێوەیەکی “بەرهەستەکی” نەهاتووەتە دی و تێکڕای وێناکانی “ئازادی” بۆ ئێمە لەبەر ئەوەی لە هەڵبژاردنی “بژاردەکان”دا “سەرپشک” نین، تووشی ساویر(توهم)ی سەمەرە ببین. هەر بۆ نموونە داواکاری یان پشتیوانی لە “ڕیفۆرم” لە وڵاتێکی داگیرکراو لە چوارچێوەی دەستوورێکی نادیمۆکراتیک کە لە نێوەرۆکدا ڕەنگە تەنیا هەندێ کرانەوەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بە دوای خۆیدا بهێنێت و کرانەوەکەش بۆ فەرهەنگ و زمانی سەردەست بێت، دەکرێ وەها لێک بدرێتەوە لایەنی پشتیوانیکەر وازی لە دروشمی ڕووخاندن هێناوە و خۆی بۆ هەندێ “ئەگەری هەلپەرستانە” ئامادە کردووە و وەهای پێشبینی کردووە کە ڕەنگە بکرێت بە نزیکبوونەوە لە “نێوەند” خۆی بکات بە لایەنی سەرەکیی دانوستان و لە داهاتووی وڵاتدا پشک و پێگەیەکی سەقامگیر پەیدا بکات. لە ڕاستیدا هەرچەند بە بۆچوونی بەندە ئەمە لە باری ڕەوشتی سیاسییەوە نەباو و ناپەسندە، بەڵام بەگوێرەی سیاسەتی پراگماتیستیش بۆ ئێمەی کورد هیچ دەسکەوتێکی نیە؛ چونکە سیاسەتی پراگماتیستی بۆ بەهێزەکان باشە کە توانایی وەرسووڕاندنی ڕووداوەکان و ئاراستەدانی سیاسەت و مەیدانی ململانێیان هەیە کە ئێمەی کورد لە دەستنیشانی پارامێترەکاندا یەکلاکەرەوە نین و تەنیا دەتوانین لە بەرەیەکی هاوئاراستەدا خۆمان ڕێک بخەین. لە لایەکی دیکەشەوە، بەشداری لە پرۆسەیەکی لێڵی ڕیفۆرمخوازی لە چوارچێوەی دەستوورێکی دواکەوتووی نێوەندگەرا کە بڕوای بە هیچ کەتوارێکی سەرزەمینی بۆ پەراوێزەکانی خۆیشی نیە، بەرەنجامەکەی بەوە دەگات کە ئیدی واز لە پێناسەی دوژمن وەک “داگیرکەر” بهێنین و بەم چەشنە بە فەرمی لە خانەی “کورد” وەک “کەتواری سەرزەمینی”ی جیاواز وازمان هێناوە و دانمان بە ڕەواییی کەتواری سەرزەمینیی خاکی وڵاتێکی داگیرکەری پاشماوەی ئیمپراتۆری هێناوە. ئەمە بە مانای وازهێنان لە دانوستان و بەشداری لە سیاسەتکردن وەک ڕێکاری کەمکردنەوەی ستەم و وەدەستهێنانی دەسکەوت نیە. بە بۆچوونی بەندە پشتیوانی لە ڕیفۆرم و گۆڕان لە چوارچێوەی وڵاتێکی داگیرکەر کە بەرەنگاری دەبییەوە و هەنووکە هیچ پێوەندییەکی فەرمی و پێش زەمینەیەکمان بۆ مافەکانمان نیە، بەشدارییە لە پرۆسەیەکدا کە ئەوپەڕەکەی کرانەوەیەکە بۆ نەتەوەی سەردەست کە سروشتی کێشەکان و داخوازییەکانی پێوەندیی بە کوردەوە نیە. خۆ ئەگەر کەسانێک پێمان بڵێن هەر جۆرە کرانەوەیەکی نێوەند قازانجی بۆ پەراوێزەکانیش هەیە؛ وڵامەکە ڕوونە:
یەکەم، نێوەند بە شێوەیەکی یەکسان “ماف” و “ئەرک” ی بەسەر هەموو جوگرافیای ئێراندا دابەش نەکردووە.
دووەم، لە “دەستوور” و “یاساکان”دا هەڵاواردن لە پلەی هاووڵاتیبووندا بەزەقی وەبەرچاو دەکەوێت و سەرباری ستەمی نەتەوەیی، هەڵاواردنی ئایینی و ئایینزایی هەیە و بەشداری لە دەسەڵات تەنیا لە نوێنەرایەتییەکی گاڵتەجاڕانەی پڕوپاگەندەییدایە.
سێیەم، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئێمە گیرۆدەی وڵاتێکین کە خاوەن دەسەڵات یاساکانی خۆیشی جێیەجێ ناکات و وڵات بە ڕێنمایی بەڕێوە دەچێ و ڕێنماییەکانیش باری تەناهییان هەیە. لەو سۆنگەیەشەوە کرانەوەکان “تاکتیکی”، کورتخایەن، توێژتەوەر و سڕکەرن و لە دەستووردا هیچ چاکسازییەک پەسند ناکرێت و تەنیا بۆ تێپەڕاندنی قەیران سوودیان لێ وەردەگیرێت.
لەبەر ئەم هۆکارانە، ئامانج لە ڕیفۆرم لە وەها وڵاتێکدا پاشەکشەیەکی تاکتیکی و کەمکردنەوەی فشارەکان و خۆنۆژەنکردنەوەیە و لەمەڕ بارودۆخی کوردەوە هیچ ستەمێک و چەوساندنەوەیەک لەسەر کورد کەم ناکاتەوە.


