ئارامتر بخوێنەوە!
فەلسەفەی “خاک[1] – ڕزگاری”ی کوردستان
شوعەیب دانش پەژووە
“پۆلێنبەندیی ئەندێشەی مرۆڤ و ڕزگاری بەنیسبەت پێگەی ڕاوەستاویی خودی مرۆڤ لە سۆنگەی سووژە یان ئۆبژەبوونیەوە، بابەتێکە کە بەبێ نێوانگریی فەلسەفە ئیمکانی ڕوونکردنەوەی نییە، بەتایبەت ئەو بەشەی لە فەلسەفە کە سەرقاڵی وەڵامدانەوەی چۆنیەتیی پێوەندیی نێوان مرۆڤ/سووژە لەگەڵ هێز/دەسەڵات بووە. بۆیە لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت گۆشەنیگایەکی نوێ لە فەلسەفەی ڕزگاری شی بکرێتەوە و بنەمایەکی مەعریفی بۆ ئایدیای «ڕزگاریی کوردستان » تیۆریزە بکرێت.”
ئاماژە
ئامانجی ئەم وتارە لادان لە سەردێڕی باوی پرسی کورد وەکوو پرسیاری سەرەکیی سووژەی کوردی سەدەی هاوچەرخە و، لە بەرانبەردا بە هەڵدانەوەی چەمک و ڕوانگەکانی فەلسەفەی سیاسیی نوێ، دەیەوێت بە تیۆریزەکردنی بنەماکانی پرسی کوردستان، تیۆریی فەلسەفەی خاک-ڕزگاریی کوردستان، بێتە نێو ئەندێشەی سیاسیی کوردییەوە. پێویستە ئاماژە بدرێت کە ئەم تیۆرییە لە چوار بەش پێکهاتووە کە لە چوار ژمارەی گوڤاری تیشکدا بڵاو دەکرێتەوە.
ئەم شەڕە، شەڕی نێوان چەند بنەماڵە لەدژی چەند بنەماڵەی دیکە نییە.
بەڵکوو شەڕی نێوان نەتەوەکانە.
بەشی یەکەم
پۆلێنبەندیی ئەندێشەی مرۆڤ و ڕزگاری بەنیسبەت پێگەی ڕاوەستاویی خودی مرۆڤ لە سۆنگەی سووژە یان ئۆبژەبوونیەوە، بابەتێکە کە بەبێ نێوانگریی فەلسەفە ئیمکانی ڕوونکردنەوەی نییە، بەتایبەت ئەو بەشە لە فەلسەفە کە سەرقاڵی وەڵامدانەوەی چۆنیەتیی پێوەندیی نێوان مرۆڤ/سووژە لەگەڵ هێز/دەسەڵات بووە. بۆیە لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت گۆشەنیگایەکی نوێ لە فەلسەفەی ڕزگاری شی بکرێتەوە و بنەمایەکی مەعریفی بۆ ئایدیای “ڕزگاریی کوردستان” تیۆریزە بکرێت. لێکۆڵینەوە سەبارەت بە پێگەی[2] مرۆڤی کوردستانیی مێژووی ڕابردوو، پرسیار لە دۆخی ژیواری ئێستای تاکی کوردستانی، و هەروەها داڕشتنی داهاتووی ئەو تاکە لە بەستێنی پێکدادانی هێزەکانی دەوروبەری خۆیدا، ئاوێتەیەکە لە چۆنیەتیی بەکارهێنانی چەمکگەلی پێکهێنەری بونیادی مەعریفیی هەمان مرۆڤ/تاک . ئەم ئاوێتەیە، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە تاک پرسیاری ساکار بەڵام بنەڕەتی لە خۆی دەکات: من کێم؟ و لێرە چ دەکەم؟ کاتێک سوکرات دەیوت فەلسەفە بە سەرسووڕمانەوە دەستپێدەکات، لە ڕاستیدا مەبەستی ئاماژەکردن بە ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤ لەگەڵ ئەندێشەی خۆی بوو کە تێیدا پرسیاری لە بوون و شوناسی خۆی دەکرد. لێرەوەیە کە مرۆڤ دەبێتە ئۆبژەی خۆی و بە کەڵکوەرگرتن لە چەمک و دەستەواژەکان هەوڵ دەدات شوناسێکی “نێوپڕ”[3] بۆ خۆی دەستەبەر بکات. پاڕادایمی زاڵی فەلسەفی لە ئەفلاتوونەوە تا پێش کانت، پاڕادایمی کاتمەند بووە، بەو شێوەیەی کە جیهانێک هەیە و مرۆڤ لەنێو ئەم جیهانەدا سەرقاڵی ناسینی دەورووپشتی خۆیەتی. واتە جیهان ئۆبژەی مرۆڤە. لە وەها بەستێنێکدایە کە کۆی ئەندێشەی فەیلەسووفەکان هەوڵێکە بۆ دیاریکردنی بنەمایەکی پیرۆز [پێویست] بۆ مرۆڤ کە تێیدا جیاوازیی شوێن/جوگرافیا گرینگ نەبێت و ئایدیایەکی گشتی بۆ بەختەوەریی مرۆڤ دەستنیشان بکرێت. ئەم بەختەوەرییە لە لای هەر بیرمەندێک مانایەکی جیاوازی بووە و لە قاڵبی چەمکگەلێکی تایبەت بەڵام گشتیدا دیاری کراوە. بەڵام کانت کۆی ئەم ڕەوتەی پێچەوانە کردەوە و بەبێ ئەوەی یەکەمایەتی بە جیهان و دەوروپشتی مرۆڤ بدات، هەوڵی دا سنوورەکان دەستنیشان بکات، پێشمەرجەکانی ناسیاریی مرۆڤ، سنووری عەقڵی مرۆڤ، سنووری ئەزموونی مرۆڤ و … بەمجۆرەیە کە پاڕادایمی کاتمەند، جێگای خۆی بە شوێنمەندبوون دەدات. واتە ڕاوەستەکردن لەسەر پێگەی هەنووکەییی منی هزرێنەر، بۆ بەدەستەوەدانی ناسیارییەکی کۆنکرێت سەبارەت بە شوناس و بوونی خۆم.
کۆڵینەوە لە شوناس و پێگەی کورد دەکرێت لە سێ قۆناخی مێژووی کۆنینە و ئوستوورە، قۆناخی ئێمپراتۆرییەکانی عوسمانی و سەفەوی و، قۆناخی ئێستا بەرەو داهاتوودا پۆلێنبەندی بکەین. قۆناخی یەکەم پێویستی بە لێکۆڵینەوەی تایبەت بە خۆی هەیە کە لە دەرفەتی ئەم وتارەدا ناگونجێت بۆیە قۆناخی دووەم و سێیەم تا ئەو جێگایەی پێوەندیی بە ئەندێشەی ڕزگارییەوە هەیە لێکدەدرێتەوە. خاک لە زمانی ئوستوورەکاندا وەکوو دایکی یاسا ئاماژەی پێ دەکرێت. خاکێک کە مرۆڤ کار(کشتوکاڵ)ی لەسەر دەکات، لەسێ لایەنەوە لەگەڵ یاسا گرێ دەدرێتەوە و پێوەندییەکی دیالێکتیکیان هەیە. خاک، بەوێنەی ماف/حەقدەستی کار، یاسا لە خۆی دەگرێت. مرۆڤ چوارچێوەی خاکی کارلەسەر کراو بەچەشنی سنووری قایم بۆ خۆی دەستنیشان دەکات. ئەم سنوورە وەکوو هێمای گشتیی تەکووزی لەگەڵ خۆی ڕادەگرێت. بەزمانێکی دیکە، یاسا بەستراوەتەوە بە خاک و پاشخان یان دەرکەوتەی خاکە. کەوایە بەبێ بوونی خاک، نە یاس، نە تەکووزی مانایەکی نییە. کارڵ شمیت[4] لە پێناسەکردنی تیۆریی حکوومەت/دەسەڵاتدارێتیی خۆیدا، داگیرکردنی خاک بە یەکەمین پێشمەرج و پێویستیی دەسەڵاتدارێتی دەزانێت. دەسەڵاتێک کە لەسەر نۆمۆس[5] دادەمەزرێت. نۆمۆس لێرەدا ئاماژەیە بە دۆخی ئاسایی/سرووشتی کە تێیدا هیچ پێکهاتەیەکی حکوومەتی بوونی نییە. نۆمۆس بوونێکی بێ نێوانجییە کە تێیدا تەکووزیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەیەک لە ڕووی شوێنەوە ئاشکرا دەبێت، یەکەمین تەکووزی، دابەشکردنی لەوەڕە واتە داگیرکردنی خاک. شمیت یەکەم بیرمەندێک بوو کە توانی یەکەمایەتیی خاک بەسەر سووژە و حکوومەت و یاسا و شوناس و … نیشان بدات. گرینگیی ئەم ڕوانگەیە لەوەدایە کە بەبێ ئەوەی گیرۆدەی بازنەی ناوەڕۆکی چەمکەکان ببین، فۆرم و پێکهاتەی پێوەندیی گشتیی نێوان سووژە و دەسەڵات ڕوون دەبێتەوە و، پاشان چەمکەکان هەوڵ دەدەن ناوەڕۆکێک بۆ ئەم فۆرمە دەستنیشان بکەن. لە بڕگەی یەکەمدا ئێمە لەگەڵ نۆمۆس ڕووبەڕووین کە هێشتا خاوەنی هیچ چەشنە دەسەڵاتدارێتییەک نییە و مرۆڤەکان بەپێی هەڵکەوت و غەریزە دەژین. لەم بڕگەیەدا، خاک هێشتا مانای نییە، چونکوو سنوورێک دیاری نەکراوە. لێرەدایە کە شمیت بە پێناسەکردنی دەسەڵاتدار[6]، پێگەی خاک و حکوومەت دیاری دەکات. بەپێی پێناسەی ناوبراو، دەسەڵاتدار کەسێکە کە سەبارەت بە دۆخی تایبەت[7] بڕیار دەدات. لێرەدا دۆخی تایبەت هەمان ئاماژەیە بە نۆمۆس. لە بڕگەی دووەمدا، دەسەڵاتدار کە خۆی لە دەرەوەی یاسایە(بەو هۆیەی کە هێشتا یاسایەک بوونی نییە)، بەپێی هێزی خۆی، سنوورێک دەکێشێت و خاکێک داگیر دەکات و ئەو سنوور/خاکە دەبێتە چوارچێوەی حکوومەت و، دەسەڵاتدارێتیی خۆی ڕادەگەیەنێت. حکوومەت بە واتای بەڕێکخراوکردنی کۆمەڵێک لە مرۆڤەکان لە هەمبەر ئەوانی دیکەیە. لە بڕگەی سێیەمدا، یاسا و سوپای نەتەوەیی بۆ ئەم دەسەڵاتدارێتییە دیاری دەکات.
ئەم ڕوانگەیە، بەگشتی بنەمای لیبراڵیی فەلسەفەی سیاسیی ڕۆژئاوا دەگۆڕێت؛ ئەندێشەیەک کە لە ماکیاڤێلییەوە تا ڕۆسۆ و هابز لە سەدەکانی 16 و 17 و 18دا زاڵ بوو. بەپێی ئەم ڕەوتە زاڵە، مرۆڤەکان لە دۆخی سرووشتیدا بۆ بەدەستهێنانی قازانجی خۆیان، مافی مرۆڤەکانی دەوروپشتی خۆیان پێشێل دەکەن و، پاشان بۆ دەربازبوون لەم بازنەیە پێکەوە بڕیار دەدەن کەسێک وەکوو دەسەڵاتدار دەستنیشان بکەن و، دەسەڵاتدار یاسا بۆ ئەوان دیاری بکات. چەمکی گرێبەستی کۆمەڵایەتی کە لەو سێ سەدەیە لە فەلسەفەی سیاسیدا بەکار هاتووە، لەو ڕوانگەیەوە سەرچاوە دەگرێت.
ماکس هۆرکهایمێر[8]، لە کتێبی سەرەتاکانی فەلسەفەی مێژووی بورژوازیدا، سەبارەت بە تیۆریی هابز دەڵێت: “لە کاتێکەوە کە دەسەڵات لەلایەن هەمووانەوە دەسپێردرێتە دەستی دەسەڵاتدار، ئیتر هیچ کەسێک ناتوانێت ئەم نوێنەرایەتییە تێک بدات و ئەو کەسانەیش کە دواتر پەیوەستی ئەم گرێبەستە دەبن، هیچ کاریگەرییەکیان سەبارەت بەو دەسەڵاتە نابێت. هابز ئەم دەوڵەتەی کە لە گرێبەستی کۆمەڵاتییەوە دروست بووە لەگەڵ هاوکێشەگەلی ماتماتیک هەڵدەسەنگێنێت کە ئەوانیش لە گرێبەستەوە دروست کراون. مرۆڤەکان یەک جار دەتوانن بە ئازادییەوە بڕیار بدەن، بەڵام پاش ئەوەی کە گرێبەستیان کرد ئیتر ناتوانن هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا بێنن”.[9] ئەم ڕەوتە فەلسەفییە، ئازادبوونی مرۆڤەکانی وەکوو پێشگریمانەی خۆی قەبووڵ کردووە، واتە مرۆڤەکان لە دۆخی سرووشتیدا بەپێی بڕیاری ئازادانەی خۆیان دەسەڵاتدار وەکوو نوێنەری هەمووان دەستنیشان دەکەن و پاشان دەسەڵاتدار لەڕێگای ڕاوێژی هەمووانەوە یاسا و مافی توێژەکان دیاری دەکات.
هانا ئارێنت[10] ئەم بۆچوونە ڕەد دەکاتەوە و دەڵێت: “بێگومان ئازادی، تایبەتمەندیی هەر چەشنە پێوەندییەکی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی نییە. لە جێگایەکدا کە مرۆڤەکان پێکەوە دەژین بەڵام ڕێکخراوی سیاسییان دروست نەکردووە، ئەوە ئازادی نییە کە کردەوە و ئەکتەکان ڕێک دەخات، بەڵکوو پێویستیی ژیان و پارێزگاری لە بەردەوامبوونی ژیانە کە ئاراستەکان دیاری دەکات. لەوەیش زیاتر، هەرجێگایەک لە جیهانی دروستکراوی مرۆڤ کە گۆڕەپانی کردەوە و گوتاری مرۆڤ نەبووە (بۆ نموونە، کۆمەڵگای ژێر دەسەڵاتی حکومەتی خوداکان)، ئازادی هیچ واقیعییەتێکی هەستپێکراو نییە. بەبێ بوونی دەسەڵاتی هاوبەشی سیاسیی بڕواپێکراو، ئازادی دەرفەتی دەرکەوتنی نییە”.[11]
دەوڵەت/دەسەڵات لە ڕوانگەی هێگلەوە[12] سەنتێزی نێوان بنەماڵە و کۆمەڵگای مەدەنییە. “بنەماڵە نوێنگەی گۆڕەپانی گشتییەت لە مانای یەکدەستییە، کۆمەڵگای مەدەنی نوێنگەی گۆڕەپانی پاژێتییە. دەوڵەت نوێنەری یەکبوونی گشتییەت و پاژێتییە. لە دەوڵەتدا بە جێگای یەکبوونی یەکدەست، یەکبوون لە نایەکدەستی دەبینین و بە جێگای پاژێتیی پەتی، یەکبوونی خواستی گشتی و پاژی دەبینین”.[13] بە زمانێکی دیکە، دەوڵەت بوونێکی ئینتیزاعی نییە کە لە بەرانبەر ئەندامەکانییەوە ڕاوەستابێت، بەڵکوو لە ڕێگەی ئەوانەوە و بە دەستی ئەوان دروست بووە. هەروەها ئەندامەکانی دەوڵەت بە بەشداری کردنیان لە ژیانی دەوڵەتدا لە پاژێتیی خۆیان دەرباز دەبن و دەگەنە گۆڕەپانی گشتیی دەوڵەت. هێگل پێی وایە لێرەدا یەکەمایەتی نە بە مرۆڤە و نە بە خاک/دەسەڵات. بەڵکوو پێوەندییەکی دیالێکتیکی نێوانیانە کە هاوکات دەتوانن کاریگەریی ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر یەکتر دابنێن. بەڵام هاوکات پێناسەیەک لە دوژمن دەکات کە جێگای بەتاڵی لەنێو فەلسەفەی نوێدا دیارە. دوژمن ئەویترێکی نکۆڵیکراوە. نکۆڵیکردنێک کە دوو لایەنەیە و لە هەر دوو لاوە لەگەڵ ئەگەری شەڕ ڕووبەڕووین. “ئەم شەڕە، شەڕی نێوان چەند بنەماڵە لەدژی چەند بنەماڵەی دیکە نییە. بەڵکوو شەڕی نێوان نەتەوەکانە و بەم شێوەیە ڕق، فۆرمێکی یەکدەست و جیانەکراوە بەخۆیەوە دەگرێت و خۆی لە هەر چەشنە تایبەتمەندییەکی تاکەکەسی یان پاژێتی ڕزگار دەکات”.
بەڵام بە وردبوونەوە لە پێناسەی حکوومەت لە ڕوانگەی شمیتەوە، ڕەوتی وەرچەرخانی مرۆڤ بۆ تاک/شارۆمەند ڕوون دەبێتەوە. هەروا کە پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، لە نۆمۆسدا کۆمەڵێک مرۆڤ [بەبێ ئەوەی خاوەنی هەرچەشنە شوناسێکی هێمامەند بن] پێکەوە دەژین، کاتێک دەسەڵاتدار لەو دۆخە تایبەتەدا، بڕیار دەدات ئەو کۆمەڵە مرۆڤە، لەڕێگای دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتدارێتییەوە یەکدەست بکات، یەکەم دەرکەوتەی دەبێتە درووستبوونی هەستێکی هاوبەش بە ناوی “ئێمە”. ئێمە، کۆی ئەو کەسانەی لەنێو ئەو سنوورە دیاریکراوەدا دەژین لەخۆ دەگرێت و، کەسانی دەرەوەی سنوور دەبنە دوژمن/ئەوان. هەڵبەت ئەم “ئێمە”یە بەنیسبەت جێگای جوگرافیای دەسەڵاتەکان، لەوانەیە لە بوارگەلی وەکوو زمان، جلوبەرگ و ڕەگەزەوە توێژی جیاواز و لێکدژ لەخۆ بگرێت، بەڵام بڕیاری دەسەڵاتدار هەموو توێژەکان لەژێر یەک ناو و شوناسدا [لە ڕێگای هێزەوە] یەکدەست دەکات. یەکدەستکردنێک کە هاوکاتە لەگەڵ تواندنەوە/سڕینەوەی جیاوازییەکان. هەموو یەکەیەکی سیاسی و سنووری دەسەڵاتێک پێویستی بە “دەرەوەیەکی سازێنەر“ه. واتە لەنەبوونی ئەویدی/دەرەوەی سازێنەر، ئیمکانی پێکهێنانی شوناس نییە. ئەم تایبەتمەندییە تەنها لە ئاستی دەرەوەی سنوورەکاندا نییە، بەڵکوو بۆ یەکدەستکردنی جیاوازییەکان، دەسەڵاتدار ناچارە لەنێو خودی سنوورەکانی دەسەڵاتیدا، بەردەوام سنوور بکێشێت و ناوخۆییەکی سازێنەر پێناسە بکات. ئەم ناوخۆییە سازێنەرە لەلایەن دەسەڵاتەوە دەکەوێتە ژێر تەوژمی هەڵاواردن بۆ ئەوەی شوناسە ناوەندییەکە زەق بکرێتەوە و وردەوردە جیاوازییەکان یەکدەست بکرێن. بەم شێوەیە تاکەکانی نێو سنووری دەسەڵاتێک، هاوتەراز و بەرانبەر نین بەڵکوو بەچەشنی شارۆمەندی پلە یەک تا … دەناسرێن. هەڵاواردنی یاسایی بەمجۆرە دەوری خۆی دەگێڕێت. تاکێکی پلەخوار لەگەڵ ئەوەیدا کە لەنێو سنووردا دەژیت بەڵام هاوکات نەیارێکی نێوخۆییە. ئەم پارادۆکسە بنەڕەتییە، دەرخەری ئەوەیە کە دەسەڵات دەتوانێت لەیەک کاتدا تاکێک مەحکوومی یاسا بکات بەبێ ئەوەی مافی یاسایی بەو تاکە بدات.
شمیت بە ئاشکراکردنی ئەم پارادۆکسە ئاماژەپێکراوەی دەسەلات، ئەو گریمانەیە دەسەلمێنێت کە: “هەبوونی کیانێکی سیاسی، لەگەڵ بوونی واقیعیی دوژمنێک و هەروەها پێکەوەژیان لەگەڵ لانیکەم پێکهاتەیەکی سیاسیی دیکەدا گرێ دراوە. مادام دەوڵەتێک بوونی هەیە، ناچارەن هەمیشە لەگەڵ چەند دەوڵەتدا ڕووبەڕووین. بوونی یەک دەوڵەتی جیهانی کە سەرانسەری زەوی لەژێر کۆنترۆڵی خۆی بگرێت و کۆی مرۆڤایەتی لەبەر بگرێت، ئەگەرێکی مەحاڵە”.[14] کەوایە بوونی هەر سیستەمێکی دەسەڵاتدارێتی لەگەڵ ئەگەری هەمیشەییی شەڕ ڕووبەڕوویە. بۆیە دەسەڵاتدار پاش دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتدارێتی لە یەکەم هەنگاودا سوپای نەتەوەیی پێکدێنێت.
پێویستە ئەو خاڵە ڕەچاو بکەین کە نە چۆنیەتیی بڕیاردانی دەسەڵاتدار لە دۆخی تایبەتدا و، نە ناوەڕۆکی یاسای دیاریکراو گرینگ نییە و، هیچ لە فۆرمی بیچمگرتنی دەسەڵات ناگۆڕێت. ئەم تێگەیشتنە لە دەسەڵات، نیشاندەری ئەوەیە کە بە دیاریکردن/داگیرکردنی خاکە کە دەسەڵات بیچم دەگرێت، مرۆڤ لە مرۆڤبوونەوە دەبێت بە تاک/شارۆمەند و شوناسێک بۆ خوی پێناسە دەکات و، ئەم شارۆمەندانە بەپێی ناوەڕۆکی یاسای بنەڕەتیی دەسەڵات، هەوڵ دەدەن لە ڕێگای ڕێکخراوەگەلی جۆراوجۆر وەکوو پاڕلمان، مافگەلی سیاسی و کۆمەڵایەتی و … دیاری بکەن. سوپای نەتەوەیی بۆ پاراستنی شوناسی “ئێمە” و شەڕکردن لەگەڵ “ئەوان” دادەمەزرێت، بەڵام پارلمان و ڕێکخراوەگەلی مەدەنی، بۆ پێشگرتن لە شەڕی ناوخۆیی. ئەم نوکتەیە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە کۆی پڕۆسەی هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی بۆ پارلمان، ناتوانێت کەرەستەیەک بێت بۆ پێناسەکردن یان پاراستنی شوناسی ئێمە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ پاراستن و سنووردارکردنی بەرژەوەندییەکانی توێژگەلی جۆراوجۆری نێو سنووری ناوخۆیی. بیرمەندانی دیکە وەکوو جان لاک، هابز، ڕۆسۆ و… لەو بڕوایەدا بوون کە مرۆڤ لە دۆخی سرووشتیدا “هەمان نۆمۆس”ـه کە گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەبەستن، تاکوو دەسەڵاتدارێک دەستنیشان بکەن و، دەسەڵاتداریش یاسا دابنێت. بەڵام شمیت ئەوەی سەلماند کە مرۆڤ لەپاش بڕیاری دەسەڵاتدار، لە دۆخی تایبەتدایە کە مانای حکوومەت و یاسا فام دەکات و لێرەوەیە کە تاکەکان پێکەوە لەسەر چۆنیەتیی گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکان وتووێژ دەکەن.
مێژووی گۆڕانکارییەکانی جوگرافیای وڵاتە ئەورووپاییەکان ئەوە دەسەلمێنێت کە جیاکردنەوە و جیاوازی دانان لە نێوان خاک و دەریای ئازاد، پێوەری تایبەتی یاسای گشتیی ئەورووپا بووە. ئەم تەکووزییە شوێنمەندە، لە بنەڕەتدا دەرکەوتەی داگیرکردنی خاکی نێوخۆییی ئەورووپا و ئاڵوگۆڕەکانی نەبووە، بەڵکوو ئەنجامی داگیرکردنی خاکی جیهانی نائەورووپی، بەدەستی ئەورووپاییەکان و هەروەها داگیرکردنی دەریای ئازاد لەلایەن بریتانیاوە بووە. لەم بڕگە مێژووییەیە کە کۆی خاکی زەوی بەسەر پێنج بەشدا دابەش دەبێت: 1- خاکی سەربەخۆی دەوڵەتی(مەبەست دەوڵەتە ئەورووپایییەکانە) ، 2- خاکە کۆلۆنیکراوەکان ، 3- خاکی پارێزراو لەلایەن دەوڵەتەکانەوە ، 4- خاکی دەرەوەی سنوورەکانی ئەورووپا، 5- خاکی ئازاد کە دەکرێت داگیر بکرێت.
بەم شیکردنەوەیە، دەتوانین پرسیاری سەرەکیی سووژەی کوردستانی پێچەوانە بکەینەوە و سەرلەنوێ فۆرمێکی دیکەی بۆ پێناسە بکەین. بەجێگای ئەوەی دۆخی مرۆڤ/تاکی کورد نوێنگەی پرسی کورد بێت، پێویستە دۆخی خاک بکەینە بنەما و بپرسین پرسی کوردستان چییە؟ ئەم نوێکردنەوەی پرسیارە بۆ سووژەی کوردستانی، دەتوانێت ئاسۆیەکی واقیعی و ڕوون بەرەو چەمک و وڵامەکان بکاتەوە، بەبێ ئەوەی گیرۆدەی بازنەی یاساگەلی دەستکردی ئەویدی ببێت. کورد لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتیی دوو گەورە ئیمپراتۆریی عوسمانی و سەفەوییەوە تا ئێستا خاوەنی خاک نەبووە، بەڵکوو لە باشترین حاڵەتدا جێبەجێکاری یاسای دەستنیشانکراوی داگیرکەری خاکەکەی بووە. ئیمپراتۆریی عوسمانی هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە لە کۆتاییەکانی سەدەی سێزدەیەمدا، دەستی بە داگیرکردنی خاکی دەرەوەی سنوورەکانی خۆی کرد تا ڕادەیەک کە بەشێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا، ڕۆژئاوای ئاسیا و بەشێک لە باکووری ئەفریقای پێوەستی خاکی خۆی کرد. ئێمپراتۆریی سەفەویش کە لە سەرەتاکانی سەدەی شازدەیەمدا دامەزرا، توانی پانتاییەکی بەرچاو لە خاکی ڕۆژئاوای ئاسیا بۆ خۆی داگیر بکات. ئەم دوو ئیمپراتۆرییە وەکوو دوو دەسەڵاتی هاوسنوور بەردەوام لە پێوەندیدا بوون، پێوەندییەک کە ئاشتی، دابەشکردنی خاک، دیاریکردنی سنوور، چۆنیەتیی ئاڵوگۆڕی ئابووری و کاڵا و … تا دەگاتە شەڕ و پێکدادانی تێدا دیاری دەکرا.
ئەوەندەی پێوەندیی بە مەبەستی ئەم وتارەوە هەیە، ئەوەیە ڕوونی بکەینەوە لە بنەڕەتی کۆی ئەم پێوەندییەدا، پانتایی خاک و سنووری جوگرافیا بووە کە خاڵی یەکلاکەرەوەی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوانیان بووە نەک شوناسی دانیشتوانی ئەو خاکە. مرۆڤی کوردستانیش لەنەبوونی دەسەڵاتدارێتی بەسەر خاکی خۆیدا و هەروەها لە نەبوونی شوناسی پاشهاتی خاوەندارێتیی خاکەکەی، بەبێ ئەوەی لەوە تێگەیشتبێت کە پرس پرسی خاکە نە شوناسی دینی یان زمانی، زۆر ساویلکانە دەکەوێتە نێوان دوو هێزی داگیرکەر و ئەرکەکانی ئەوان جێبەجێ دەکات. هاوبەشیی ئایینی لەنێوان بەشێکی کورد و ئیمپراتۆریی عوسمانی دەبێتە بنەمای ڕاوەستان لە بەرەی عوسمانیدا، و هەروەها هاوبەشیی ئابووریی بەشێکی دیکەی کورد دەبێتە هۆکاری ڕاوەستان لەبەرەی سەفەوی. بەم شێوەیە ئەم دوو هێزە، مرۆڤی کورد بە چەشنی مرۆڤێکی خاڵی لە هێماگەلی شوناس، دەکەنە یاریدەدەری ئامانجەکانی خۆیان. لەوەها بارودۆخێکدا کە سووژەی کوردستانی لەژێر پێناسەی شوناسی دوو دەسەڵاتداری جیاواز لەخۆی بەڵام خاوەن بڕیارە، ناتوانێت و نەیتوانیوە لەهیچ ڕێکارێکی بەرەنگاربوونەوەوە، شوناسێکی تایبەت بەخۆی بنیات بنێت. سەرەڕای ئەوەی کە مرۆڤی کوردستانی خاوەنی دەسەڵاتدارێتی لەسەر خاکی خۆی نەبووە، بەڵام وێنایەکی زەینیی سەبارەت بە یەکدەستیی خاکەکەی هەبووە. کاتێک لە سەرەتاکانی سەدەی شازدەیەمدا شەڕی چاڵدێران لەنێوان دوو ئیمپراتۆریی عوسمانی و سەفەویدا ڕوو دەدات، خاکی کوردستان بۆ یەکمجار بەشێوەی فەرمی دابەش دەبێت و بە دیاریکردنی سنوور لەنێوان ئەو دووبەشەدا یەکەم چەخماخەی لەتکردنی پێشگیرانەی شوناسی کوردستانیبوون لێدەدرێت.
پەراوێز
[1] : Territory
[2] : Situation
[3] : Total
[4] : Carl Schmitt (1888 – 1985)
[5] : Nomos
[6] : Governor
[7] : شمیت لە زمانی ئاڵمانیدا وشەی Ausnahme بەکار دەبات. لە زمانی ئینگلیزیدا بەرانبەری Exception بەکار دێنێن.
[8] : Max Horkheimer (1895 – 1973 )
[9] : ماکس هورکهایمر، سپیدە دمان فلسفەی تاریخ بورژوایی، ترجمە محمد جعفر پویندە (نشر نی، 1376): 63.
[10] : Hannah Arendt (1906 – 1975)
[11] : هانا آرنت، میان گذشتە و آیندە، ترجمە سعید مقدم، (نشر اختران، 1396): 217.
[12] : Georg Wilhelm Frierdrich Hegel (1770 – 1831)
[13] : کاپلستون فردریک، تاریخ فلسە جلد هفتم، ترجمە داریوش آشوری، (انتشارات علمی فرهنگی،1367): 212.
[14] : کارل اشمیت، قانون و خشونت، ترجمە صالح نجفی، ( نشر رخداد نو، 1388) : 122.


