ئارامتر بخوێنەوە!

راسان پارادایم و سەنتێزێكی فەلسەفی و رامیاری بۆ جەوھەری ھەبوونی كورد

هادی عەزیزی

ئاماژە

لە ڕاساندا چەند درووشمێكی بەرجەستەكراو هەیە كە دەكرێ وەك حەقیقەتی ناوەرۆكی ڕاسان زیاتر لێی بدوێین، بەڵام بۆ ئەمەش پێویست دەكا كە شیكارییەكی زانستی ڕۆژەڤانەی بۆ بكەین، هەر بۆیە لەم نووسینەدا بە كەڵك وەرگرتن لە دوو زانستی كۆمەڵناسی و مرۆڤناسی خەسارناسیی دەكەین، هەتا ئامانجەكانی ڕاسان زیاتر بۆ پێكان ڕوونتر ببنەوە.

پێشەكییەكی گشتی:

ھەلومەرج و جوگرافیا چەند گۆشەیەكن كە زۆر جار مرۆڤ بە تاك و پانتایی كۆمەڵگەوە تووشی بوون و نەبوون دەكات. كوردستان وەك وڵاتێكی داگیركراو و پارچەكراو لە بەشی ناخۆشی و چەرمەسەریی ئەم چەند گۆشەیە میراتێكی پێ بڕاوە كە بۆ قەبووڵ نەكردن و بەرپەرچدانەوەی ئەو میكانیزمە داگیركارییە، بە تایبەت لە سەد ساڵی ڕابڕدوودا كە زەمەنی ئاكادیمی بوونەوەی گۆی زەوییە، بە كەڵك وەرگرتن لە جۆرەھا ھزر و روانین ‌هەوڵی خەبات و تێكۆشانی داوە و ھەمیشە ویستوویەتی خۆی لە بەندی ژێردەستی و دیلی بڕەوێنێتەوە.

بەشێك لەم نیشتمانە كە ھەمیشە و بێ بڕانەوە دژی داگیركەر شۆڕشی كردووە ڕۆژھەڵاتی كوردستانە. ڕۆژھەڵاتی كوردستان ھەر لە ساڵەكانی پێش سەدەی بیستەم و زووترەوە، لە قۆناخی شۆڕشی نەتەوەیی دژی داگیركەری ئێرانی دەستی بە شۆڕش كردووە و ھەر جارەش بە كەڵك وەرگرتن لە شۆڕشی پێشوو وەك خولقاندنی كۆتێزێك ویستوویەتی بە ھەناسەیەكی تازەترەوە گۆڕەپانی خەبات پڕ بكاتەوە.

یەكێك لەم خاڵە جێ سەرنج و جەوھەرییانەی خەباتی ئەم پارچەیە لە نیشتمان، ڕاسانی ڕۆژھەڵاتە كە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا لە لایەن حیزبی دێموكراتەوە ڕاگەیەندرا كە بە پلەیەكی بەرزی سەركەوتن و شكاندنی تەمی سیاسیی ڕۆژھەڵات، حیزبی دێموكراتی لە ڕێزبەندی پێشەوەی خەبات ھێشتەوە و ھاوكات وەك باڵانس و پاڵنەرێك توانی وزە و ھێز بە حیزبەكانی دیكەش ببەخشێت.

ڕاسان لە جەوھەری فەلسەفی و سیاسیدا وەك جیھانبینییەكی كوردی لە تێزی دكتورینی حیزبی دێموكرات، پەنجەرەیەكی كراوەی دێموكراتیكە كە بە پابەند بوون بە ھەموو بەھا نەتەوەییەكان، ھەموو باوەڕ و ئایدیایەك لە توێی نەتەوەی دێموكراتیكدا تێك دەھاڵێنێ و جیا لە حاوانەوەی فكری و سیاسی، خزمەتی كورد و كوردستانیش دەكا.

ڕاسان جیا لە میكانیزمی بەرەنگاری شۆڕش، لە خودی خۆیدا شۆڕشێكی جەوھەری وێژدان و ناخە كە مرۆڤی كورد دەرحەق بە مافی كورد و خەباتی ڕۆژھەڵاتی كوردستان بە ئاگا دەكاتەوە و بە كەڵك وەرگرتن لە ھێزی كۆمەڵگە و ھێزی پێشمەرگەی كوردستان دەیھەوێ مرۆڤی كورد لە دوو بەستێنی شاخ و شاردا تێكەڵ بە رەفی شۆڕشگێڕی بكات.

لە زەمەنی دامەزراندنی ھەموو حیزبێكی سیاسیدا، چەند خاڵێكی گرینگ و بنەڕەتی ھەیە كە دەكرێ وەكوو سیستمی كاركردن و تەنانەت یاسای حیزبیش كاری پێبكرێت. ھەر ڕێكخراوی سیاسی و نیزامی دوای چل ساڵ كاركردنی تێئۆری و پراكتیك ئەگەر نەیتوانی لە ئامانجەكانی نزیك ببێتەوە یان ئامانجەكانی بپێكێت، دەبێ لە ناوەرۆك و چوارچێوە و ھێزی مرۆییدا خۆی نوێ بكاتەوە، ئەگینا تووشی پیربوون و قەیرانی سیاسی دەبێت.

حیزبی دێموكرات بە دوای ھەوراز و نشیوێكی زۆری مێژوویی ھەر لە ھەرەسھێنانی ماددی كۆمار (كۆمار بە مەعنەوییاتی سیاسی نەڕووخا، چوونكە شۆڕشی ٤٦/٤٧ كۆتێزی كۆمارە) و شۆڕشی ٤٦/٤٧ ی ھەتاویش توانی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا، بە شێوەیەكی جوان و ڕێك و پێك وەك خەباتێكی ھەمەلایەنە خۆی نوێ بكاتەوە.

ئەگەر بمانھەوێ لە دوای زەمەنی ھاتنە سەر كاری ڕژێمی ئێرانیش چاوپۆشی لە ھەموو ڕووداوەكان بكەین و چل ساڵی ڕەبەق خەبات لە دژی ڕژێمی تێرۆریستی ئێران لە لایەك دابنێن، لە ناورۆكی ورد بوونەوە لە چارت و ھەیكەل و بڕیاری حیزبی دێموكرات، خاڵێكی جێی ڕامان و سەرنج بەرۆكمان دەگرێ كە ئەویش تێزی “ڕاسانی ڕۆژھەڵات” ـە كە بە تایبەتیش لە كۆنگرەی شانزدەیەمی حیزبدا ڕەوایی تەواوی بە خەباتی حیزبی دێموكرات بەخشی و كە كۆمەڵێك كۆسپ و تەگەرە و قەید و بەندی چەند ساڵ مانەوەی باشووری لە پیلی ڕۆژھەڵات داماڵی و توانی بە ھەناسەیەكی زیندوو و چواچێوەیەكی ئاپدێت كراو جارێكی تر گۆڕەپانی خەبات دابگرێتەوە. ڕاسان ڕێك لە زەمەنێك سەری ھەڵدا كە بیرمەندانی ڕژێمی داگیركەر و تێرۆریستی كۆماری ئیسلامی بە ڕوانینی ئەوەی حیزبەكانی ڕۆژھەڵات لە قووڵاییی خاكی باشووری كوردستان تووشی “پیر مردگی” دەبن، وەك قسەی سەر زاریان لە خەباتی ڕۆژھەڵاتیان دەڕوانی. بەڵام ڕاسان وەكوو میكانیزمێكی بەھێزی بەرەنگاری توانی ھەموو خەونەكانی داگیركەری ئێرانی لە گۆڕ بنێ و جیا لە قازانج بۆ ناورۆكی حیزب توانی گوڕ و تین بە شۆڕشی ڕۆژھەڵات لە ھەموو لایەكەوە ببەخشێت.

جیا لەوەش ڕاسان تیرێكی ناوقەدبڕ بوو بۆ ئەوانەی كە لە دوو زەمەنی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٧ی زایینی، بە دەمامكی كوردستانی گەورە و دروشمی ھەستیار، ھێزی ماددی و مرۆیی ڕۆژھەڵاتیان بۆ شوێنێكی دیكە ڕادەگواست ھەتا لە خەباتی ڕۆژھەڵات دووری بكەونەوە و بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ خزمەتی پیلانەكانی كۆماری ئیسلامیان دەكرد. ڕاسان بە شێوەیەكی مەیدانی وڵامی باشوور تەوەر و باكوورتەوەرەكانی دایەوە و دەمامكی لە ڕووخساریان داماڵی و ھێز و پتانسییەلی ڕۆژھەڵات جارێكی دیكە بۆ خزمەتكردنی ڕۆژھەڵات قازانج كرایەوە.

ناوەرۆك:

وەك لە سەرەوە باس كرا، لە ڕاساندا چەند درووشمێكی بەرجەستەكرا و ھەیە كە دەكرێ وەك حەقیقەتی ناوەرۆكی ڕاسان زیاتر لێی بدوێین، بەڵام بۆ ئەمەش پێویست دەكا كە شیكارییەكی زانستی ڕۆژەڤانەی بۆ بكەین، ھەر بۆیە لەم نووسینەدا بە كەڵك وەرگرتن لە دوو زانستی كۆمەڵناسی و مرۆڤناسی زیاتر بەم حاڵاتەدا دەچینەوە و خەسارناسیی دەكەین، ھەتا ئامانجەكانی ڕاسان زیاتر بۆ پێكان ڕوونتر ببنەوە.

یەكەم:

ڕاسان دژی تەنیایی و ئێلیناسیۆن و گۆشەگیریی تاك لە كوردستاندا؛

زۆربەی زۆری بیرمەندانی دنیا گەورەترێن کێشەی ئێستای کۆمەڵگا، وەک قەیرانی هەبوون یان خۆنەناسین لێک دەدەنەوە. زۆربەی ئەو فیلسووفانە باسیان لە ئێلیناسیۆن کردووە و هەر کامەیان بە شێوەیەک لە سەری دواون؛ لەوانە هێگێل و مارکس و فۆئێرباخ و ئێریک فرۆم و….هتد. لە ناو هەموو لێکدانەوەکاندا یەک دۆخ گشتییە؛ ئەویش باس لە هەبوونی دڵەڕاوکی و بێ ئیرادەیی و خۆدۆڕاندن و دوور کەوتنەوە لە ناخ دەکات. هەروەها لە ناو نووسین و رادەربڕینی فیلسووفەکانی زاراوەی ئێگزستانیالیزم یش (کە بریتییە لە بڕوا بە خۆبوون و هەڵەیە کە وەک پووچ گەرایی لێک دەدرێتەوە، کە لێرە جێی باس کردنی نییە)، ئەو دۆخە لەبەر چاو گیراوە و بەم شێوەیە لێکی دەدەنەوە. ئەوان دەڵێن: ئێمەی مرۆڤ لە ناخی جیا لە خۆبوونی خۆمان و جیا لە کۆمەڵگای خۆمان ون دەبین و لە پشت دەمامک و ئەرکی کۆمەڵایەتیدا دەنێژرێین. ئەو دۆخە بە “غەریب بوون” نێو دەبردرێ و بە شیکارییەکی فەلسەفەی کۆمەڵایەتی لە نێوان بوون یا هەبوون، مرۆڤ لێک دەداتەوە.

لێرەدا مرۆڤ، نوێ بوون لە بووندا دەبینێ و ئەوەش مرۆڤ لە ناخی خۆی دوور دەکاتەوە. هەر بۆیە مرۆڤ تووشی ئێلیناسیۆن یان لە خۆ بێگانەبوون دەبێ. رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئێستا لە بارودۆخێکی ئابووریی خراپدا بە سەر دەبا، ئەوەش لە پێش هەمووشتێکدا ئەو هەلانە لە مرۆڤ دەگرێتەوە کە بە خۆی ڕابگا و لانیکەم ناتوانێ بە پێداهاتنەوە بە مێشک و ناخ و فێڕبوونەکانی خۆی نۆژەن بکاتەوە. هەر وەها بن دەستیی دەوڵەتی داگیرکەر و چاوترسێن کرانی کۆمەڵگا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە. جیا لەوەی مرۆڤی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کاری بە کەس نییە، تەنانەت لە خۆشی دابڕاوە. هەموو کۆمەڵگایەک هەر دە ساڵ جارێک پێداهاتنەوەیەکی مێژوویی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بە خۆیدا دەکا، بە لێکدانەوەی ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵگا و هاتنی جیلێکی نوێ بۆ ناو بازنەی کۆمەڵگا، سەر لە نوێ داڕێژەی بۆ دادەڕێژنەوە و بە میکانیزمی جۆراوجۆر هەڵیدەسەنگێنن، کە لە کۆمەڵگای بن دەستی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو دۆخە رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت و بە سەر خەڵک و کۆمەڵگادا دەشکێتەوە و مرۆڤی کورد زیاتر لە ناو سیاسەتە چەپەڵەکانی کۆماری ئیسلامی و نەتەوەی سەردەستدا نوقم دەبێت.

رەوشی خراپی کۆمەڵگا ئەو هونەرەشی لە تاکی کورد ستاندۆتەوە کە دەبێ خوێندن بۆ فێڕبوون و زانست بێ، بەڵکوو ئەو دەخوێنێ هەتا بتوانێ وەک فەرمانبەر لە ناو سیستەمی حکوومەتدا جێی خۆی بکاتەوە، هەتا لە دواڕۆژدا لە برسانە نەمرێت. کەوابوو بەو ئاراستانەدا دەڕوا کە حکوومەت بۆی دیاری دەکا و ئەوەش ئەو مرۆڤانە وا هان دەدا کە نەک لە ناخ بەڵکوو لە هەمووشتێکی خۆی داببڕێت. ئەو مرۆڤە دوودڵە لە زۆربەی بژاردەکانی؛ تەنانەت لە ئاستی خۆشەویستی و پێكهێنانی بنەماڵە وەک بناخەی کۆمەڵگا بە هێز نییە. هەر بۆیە ئەو ئاکامانەی لێ دەکەوێتەە کە دواتر بە جیا بوونەوە و لێکترازانی بنەماڵە کۆتایی دێت، کە ئێستای رۆژهەڵاتی کوردستان لەو حاڵەتانە پڕە و ئەوەش هەمووی بەرهەمی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

ئەو لە خۆ بێگانە بوونە کە تێگەییشتنی لە گەڵ نییە، هەلومەرجێک دەڕەخسێنێت کە وەک چیرۆکی شاری گولان، هەمووی بە لاچاو لە یەک دەڕوانن و کەس لەم دۆخە رازی نییە و هاوکاتیش کەس خۆی بە خەتابار نازانێ. کۆی ئەم تێگەییشتنە بەرەو رووی مرۆڤێکمان دەکاتەوە کە خۆی نییە و خۆی لە پشت دەمامک حەشار داوە و ئەو دەمامکداربوونە کە بە تێپەڕبوونی کات، کەسایەتی بۆ خولقاندووە و کۆمەڵگایەکی بەرهەم هێناوە، کە جیا لە بندەستی و داگیرکراوی هەڕاجیش کراوە.

دووھەم:

ڕاسان میكانیزمێك بۆ تێكشاندنی سیاسەتی تواندنەوە و ئاسمیلاسیۆن؛

ئاسیمیلاسیۆن بە واتای گشتی یانی لە یەک چوون، یان درووست کردنی وەک یەک. ئەو زاراوەیە زۆرتر لە باری کەلتووری و فەرهەنگییەوە بە کار دێت و لە زانستدا، بۆ کۆمەڵگایەک یان نەتەوەیەک بە کار دەبردرێ کە بە شێوەیەکی گشتی لە بن دەستی تاقمێک یان نەتەوەیەک یان حکوومەتێکی حاکمدا، دەتوێنەوە و لە کەلتوور و فەرهەنگی خۆیان دادەبڕێن کە ئەم بابەتە لە رۆژهەڵاتی کوردستان زمانیش وەک بناخەی کەلتوور هاوڕێیەتی دەکات و دەتوانین بەم شێوەیە روونترنێوی لێ ببەین کە کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی ئاسمیلاسیۆنی زمانی و کەلتووری بکات.

زمان وەک دیاریکەری جوگرافیای سیاسی و بنەڕەتیی کەلتوور، گەورەترین پێناسەیە بۆ نەتەوە بوون. لە ئێران ئاسیمیلاسیۆن بە شێوەیەکی سیستماتیک لە سەردەمی رەزاخانی سەواد کوهی دەستی پێکرد، ئەگەر چی هەر لە رووخانی مادەکانەوە هەر پاشایەتییەک کە هاتووەتە سەر کار، حەولی ئەوەیان داوە کە کورد لە هەموو شتێک بێبەش بێت،جا هەر لە چەواشەکاری مێژوویی و……..هتد. لە سەردەمی پاشایەتیی بە نێو پاڵەیی(پهلوی) بە ناوی رێفۆرمەوە کۆمەڵیک یاسای کۆمەڵایەتی و سیاسییان بە سەر نەتەوەکانی جیا لە نەتەوەی فارسدا سەپاند کە نەتەوەی کورد زیاتر رووبەڕووی ئەو ئاراستەیە دەبۆوە. لەو نموونانە داهێنانی زمانی فارسی کرماشانی بوو کە هەتا ئێستاش و لە دوای هاتنە سەر کاری رژیمی خومەینی، ئەو دۆخە بە هۆی بە لە خزمەت گرتنی مرۆڤی کورد بە هۆی ئایینزاوە لە دامو دەزگا نیزامییەکان بەردەوامە و بە تایبەت لە ناو شاری کرماشان تەواو جێی بە شێوەزارە کوردییەکان چۆڵ کردووە، ئەوەندەی حکوومەتی ئێران بە رێگای نیزامیگەرییەوە حەولی داوە کرماشان وەک ناوچەیەکی فارس نشین نیشان بدا، ئەوەندەش لایەنی کوردی لێی بەرپرسیارە کە وەک خەسارناسیی سیاسی دەتوانین بڵێین شۆڕش و سەرهەڵدان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت لە هەشتاکانی زایینیدا نەیتوانیوە لە ناوچەی ناودەروەن لە  کامیاران و شیوی خەراجیان لە روانسەر بەرەو خوارتر بڕوات، هەر بۆیە مۆرکە نەتەوایەتییەکان تووشی کاڵ بوونەوەیەکی بێ وێنە بوون کە زیاتر رێگا خۆش کرا بۆ سیستمی داگیرکەر هەتا سیاسەتی خۆی بەرەو پێشەوە ببا.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی دۆخێک لە ئارادایە کە هەموو کۆمەڵگای تەنیوە و تاکی کورد بە گومانەوە لە کورد بوونی خۆی دەڕوانێ. سیستمی زاڵ وای کردووە کە مرۆڤی کورد لە پێشینەی خۆی داببڕێ و ئەو ئاستە تا ئەو جێگایە پێش کەوتووە کە لە زۆربەی ماڵە کوردەکان وێنەی درۆیینی پاشاکانی هەخامەنشی(ئەخمینی) هەڵدەواسرێت و کوردیش وەک فارس رۆژانە هەندێک رستە و قسەی راست یان ناڕاستی پاشاکانی هەخامەنشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شانەوشانیان پێدەکا. لە لایەکی دیکەوە زمان لە هەر کۆمەڵگایەکدا قەدەخە بوو، رۆژ بە رۆژ بازنەی زمانەوانی و واتای وشەکان لە رەسەنایەتی دوور دەکەوێتەوە و هەر زمانێکیش کە رۆژانە بە شێوەیەکی زانستی کاری لە سەر نەکرا، بەرەو نەمان دەڕوا و لە ناو کۆڵان و بازاڕی نەتەوەیەکی بندەست، قسە و وێژەی نەتەوەی سەردەست و حاکم تێکەڵاوی دەبێت. ئەڵبەت لێرەدا مژارێکی گرینگ هەیە کە باس کردنی جێی خۆیەتی، ئەوێش تاقمێک لە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستانن، کە بە هۆی سەرقاڵ بوون لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا و زاڵ بوون بە سەر ناوەندی شارەکانی رۆژهەڵاتدا، بە جۆرێک وەک بازرگانێکی خراپ، هاوردەکاری کەلتووری نەتەوەی سەردەستن لە ناوەندی حکوومەتەوە بۆ ناو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە هەر شارێک کۆمەڵێک گوندی بە دەوری خۆیەوە خڕ کردۆتەوە وئەو تاقمە بە نێوی فەرهەنگی بوونەوە تەواو لە گەڵ مەرامی حکوومەت هەڵدەسووڕێن و رۆشنبیرییەکەشیان لە چوارچێوەی ئەو رۆژنامانەدا دەسووڕێتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چاپ و بڵاویان دەکاتەوە. لە ئاکامدا سیستمی حکوومەت بە بڵاو کردنەوەی ئەو هزرە، کە زمانی ئێوە، زمان نییە و شێوەزارێکە لە زمانی فارسی، تاکی کورد تاکی کورد بەرەو ئاراستەیەک دەبا کە خۆی لە بەرابەر کەلتووری نەتەوەی سەردەست بە سووک دەزانێ وهەتا ئەو کەندەڵانە دەچێتە پێش کە لە شوێنە گشتییەکاندا لە گەڵ منداڵەکەی بە فارسی قسە دەکا و کاتێکیش لە گەڵ فارسێک رووبەڕوو دەبێتەوە بە شانازیی دەزانێ.

سێھەم:

ڕاسان دژی كۆچبەر بوون و ئەنتگراسیۆن

ئەنتگراسیۆن بریتییە لە زاراوەیەک کە بۆ کۆمەڵگایەک بە کار دەبردرێ کە باوەشی ئاواڵەیە بۆ کۆچبەر و پەنابەر کە رووی تێبکەن. ئەو کەسەی روو دەکاتە ئەو کۆمەڵگایە، کۆمەڵێک ئەرکی دەکەوێتە سەر شان کە بۆ ئەوەی ژیانی رۆژانەی بە دوا نەکەوێ، دەبێ خۆی لە گەڵ ئەو کۆمەڵگایە بگونجێنێ و لە پێش هەموو شتێکدا دەبێ فێری زمان و کەلتووری ئەو جوگرافیایە بێت کە دەیهەوێ تێیدا بژیت. لەو نموونە بەرچاوانە کۆچی ئەم دواییانەی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەت کوردستان بەرەو ئەوروپا بوو، کە ئێستاکە هەمووی لە کەمپەکاندا نیشتەجێن هەتا فێری زمان و شێوازی هەڵسوکەوتی ئەو وڵاتانە بن.

 لە ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە ئەو شار و مێترۆپۆلە فارس و تورکانە دەگووترێ کە کورد بە شێوازی جۆراوجۆر کۆچبەری ئەوێ بوون و ئێستاکە لێی نیشتەجێن. لێرەدا جێی خۆیەتی کەلێنی دزێو و بەراوەژووی ئەو دۆخەش بورووژێنین کە ئەویش ئەگەر هەتا دوێنێ باژێر و کۆمەڵگای تورک و فارس وەک ئەنتگراسیۆنێک، کوردی کۆچبەریان وەک خۆیان بار دەهێنا، بەڵام ئەوڕۆ کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان لە درێژەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و نەتەوەی سەردەستدا، لە ئاستی ئاسیمیلاسیۆنێکی پێشکەوتوو، ئەرکی هاڕینی تاکی کوردی گرتووەتە ئەستۆ و بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە دەچێت.

لە کۆمەڵگای دەرەوەی کوردستان، مرۆڤی کورد لە ئەنجامی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی و بەرەو پێش چوونی ژیانی، کاتێک دەکەوێتە پرۆسەی هاوسەرگیری و پێکهێنانی ژیان، ئیتر بە یەکجاری دەتوێتەوە و ئەوەش دوا قۆناخی دەست بەردان لە نەتەوەیە و بە لەدایک بوونی یەکەم منداڵیان، دەبێ بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە نەتەوە و نیشتمانی کوردی بکەن. دوا وتەی ئەم خێزانە کۆچبەرانەش ئەوەیە کە دایک و باوکم کوردن، بەڵام من فارسم.

لە لایەنی خراپتری ئەم حاڵەتە، کە کۆمەڵگای کوردی بۆ خۆی دەبێتە ئەنتگراسیۆن، تەنانەت خێزانی کوردی تووشی ئەو داڕمانەش دەبێ کە گۆیا پیاو یان ژنی بنەماڵە لە هەست و خۆشەویستی تێناگا و ناتوانێ بە لایەنی هێمنایەتی ئەوی دیکەیان بلاوێنەتەوە، هەر بۆیە ئەوە باشترین بیانوویە بۆ لاسایی کردنەوە و بە شوێن پێی نەتەوەی سەردەستدا رۆیشتن کە رۆژانە بە راگەیاندن و سینەما و پڕۆپاگەندەی کەلتووری زیاتر ئەو بەستێنە خۆشتر دەکا هەتا نەتەوەکانی دیکەی پێ رابکێشێ کە لێرەدا لایەنی نەتەوەیی لێی بەرپرسیارە کە نەیتوانیوە متمانەی کوردایەتی بە تاک و کۆمەڵگا ببەخشێت. لە کۆتایی ئەم باسەدا دەتوانین بە پاڕادایمێک کە لە بن چاوەدێریی کەسانی پسپۆڕ و نەتەوەییدا بێت، تاک و کۆمەڵگای کوردی لەم دۆخە رەها بکەین.

لە كۆتاییدا:

ڕاسان وەك پاڕادایمێك دەتوانێ بە چاودێریی ورد و زانستییانە لە رووی پرەنسیبە نەتەوایەتییەکانەوە، چاودێریی هەموو مژارەکانی ناو کۆمەڵگا بکا کە هەر لە ئەلف و بێی بنەڕەتی خوێندنگە هەتا لە نووسرانی تابلۆی سەر دووکان و بازاڕ و راگەیندن و سینەما لە خۆی دەگرێت.

ڕاسان وێڕای ئەوەیكە دەستەواژەی ھێزی پێشمەرگەی كوردستانی جارێكی دیكە ھێناوەتە ناو ئەدەبیاتی سیاسی و وەك دەزگایەكی حیزبی كارای كردووەتەوە، دەشكرێت لە ژێر سێبەری ڕاساندا دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ڕۆژھەڵاتی كوردستانیش بكرێتەوە و وەك ناوەندێكی باڵای نەتەوەیی زیاتر و وردتر دیراساتی دۆخی ڕۆژھەڵات بكا.