ئارامتر بخوێنەوە!
خەباتی شار و شارۆمەندی بەرپرس
ئاگری ئیسماعیل نژاد
ئاماژە
“کە وایە شارۆمەندی بەرپرسی گوتارتەوەر بەو مانایە کە ئەوەی کۆی جووڵەی شارۆمەندی بەرپرس وەک ئەکتەری نێو خەباتی شار دیاری دەکات، گوتارەکەیەتی! خۆی لە خۆیدا شارۆمەندی بەرپرس هیچ هەنگاویک نانێت کە لەگەڵ بەرژەوەندی گوتارەکەی هاودژ بێت.“
ناسینی ئەو پرسەی کە “دۆزی کوردی” پێدەگوترێ، گرینگترین هەنگاوە بۆ ئەوەی چۆنێتی چارەسەری و بەرەڕووبونەوە لەگەڵ بەربەست و دوژمنی ئەو دۆزە دیاری بکرێت.
لە قۆناغی ئێستادا کوردستانی ڕۆژهەڵات لە پێنج مافی خۆی بێبەش کراوە، مافی سیاسی، مافی کۆمەڵایەتی، مافی ئابووری، مافی تەناهی و مافی فەرهەنگی.
هاوکات کوردستانی رۆژهەڵات لە چوارچێوەی دەسەڵاتدارییەکی تۆتالیتر دا دەژی کە لانیکەمی پێنج جۆرە توندوتیژی لە دژی دەکرێت: توندوتیژی بە پێی دەستوور، توندوتیژی دادوەری، توندوتیژی ئابووری، توندوتیژی نیزامی_سیاسی و توندوتیژی فەرهەنگی.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆرێ لەسەر ئەو بنەمایە کە تەوەری بێ مافی و توندوتیژی بۆ دۆزی کورد دیاری کرا، چۆن دەکرێت خوێندنەوەیەکمان بۆ خەباتی شار هەبێت؟
بە بڕاوی من خەباتی شار لە سێ رەهەندەوە دەکرێت سەیر بکەین، یەکەم: رەهەندی جوغرافیا دووهەم: رەهەندی شێواز سێهەم: رەهەندی رێکخستن
لە ڕووی جوغرافیاییەوە خەباتی شار ئەو خەباتەیە کە لە جوغرافیای شار وەک ناوندەی جەماوەری بەڕێوەدەچێت.
لە رەهەندی شێوازدا دەکرێت بڵێن خەباتێکی ناتوندوتیژتەوەرە، بەو مانایە کە خەباتی شار ناچێتە چوارچێوەی خەباتی چەکدارییەوە و ئەگەر له جوغرافیای شاردا چالاکییەکی چەکداری بکرێت، ئەوە هەمان خەباتی شاخە کە بۆ گۆرەپانی شارەکان درێژکراوەتەوە.
لە ڕووی رێکخستنەوە خەباتی شار لە راستییدا بە تەواوەتی خەباتێکی ڕێکخراوە تەوار نییە، بەڵکوو زۆرتر گوتارتەوەرە بەو مانایە کە لە دەوری گوتارێکی[1] تایبەت بە شێوازی جۆراوجۆر خۆی رێک دەخات؛ ڕوونە گوتارەکە لە چوارچێوەی ماف_سەرکوت دیاری دەکرێت، بەو مانایە بەپێی مافە جۆراوجۆرەکانی نەتەوەی کورد و بۆ بەرەڕووبونەوە لەگەڵ سەرکوتە جۆراوجۆرەکان، گوتارێکی ئۆرگانیک دیاری دەکرێت و تاکەکان لە دەوری کۆدەبنەوە.
تایبەتمەندی رێکخستنیی ئەوەیە کە هەموو تاکێک لە چوارچێوەی ئەو خەباتەدا دەتوانێ خۆی ببینێتەوە؛ واتە تاک لە خەباتی شاردا کوردێکی نیشتمان پەروەر وشارۆمەندێکی بەرپرسە.
خەباتی شار لە رەهەندی ئامانجیشەوە گرینگی خۆی هەیە. لە ڕاستیدا خەباتی شار سەرەڕای ئامانجە هاوبەشەکەی لەگەڵ خەباتی شاخ ، دوو ئامانجی تایبەت بە خۆی هەیە:
یەکەم: گرێدانەوەی خەبات لە بەستێنی مێژوودا. دەبینین کە لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا خەباتی شاخ هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە دیوە و نسکۆ و سەرکەوتنی بووە، خەباتی شار یەکێک لە کارکردەکانی ئەوەیە کۆی ئەو چالاکییە قۆناغ بە قۆناغەی شاخ، پێکەوە گرێ دەدات.
دووهەم: پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی نێو خەباتی شاخ ،بۆ وینە بە هۆی تایبەتمەندی خەباتی شاخ، ناکرێت بڵێین خەباتی شاخ لە ڕووی هەنگاو بۆ بەرخۆدانی فەرهەنگی پێشەنگە، ئەوە لە کاتێدایە کە خەباتی شار لە بواری بەرخۆدانی فەرهەنگی نە تەنیا پێشەنگی خەباتی کوردستانە، بەڵکوو گەشەپێدەری فەرهەنگی کوردستانیش بووە.
بە هۆی توتالیتاریسمی کۆماری ئیسلامی خەباتی شار لە رەهەندی بەرخۆیدانیشەوە گرینگی تایبەتی خۆی هەیە. بنەمای دەسەڵاتداری تۆتالیتری ئیسلامی لەسەر دوو تەوەری زمانی فارسی_وەلی موتڵەقی فەقێ دامەزراوە، ئەو دوو تەوەرە بەرانبەر بە مافی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی جیهانبینی خۆیان هەیە و لە جیهانبینی ئەوان دا کورد بە ئەویتر دانراوە و هاوکات لەگەڵ ئەوە وەک دوژمن پێناسەکراوە، ئەو شەیتان سازییە بۆتە هۆی ئەوەی بێ مافی و سەرکوت لە کوردستان پێکەوە سەرهەڵدەن. کە وایە لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا هەم ماف پێشێل دەکرێت و هەمیش هەوڵدەدرێ جێگۆرکێ بە ژیان و جیهان بینی کوردی بکرێت و ژیان و جیهان بینی مرۆڤی کورد بەتاڵ بکرێتەوە، لەباتی ئەو ژیان و جیهانبینیە، وەلی فەقێ لە ئێستادا و “ئێران زەمین” لە ڕابردوودا جێگرەوەی بێت، هەر بەو پێیەش خەباتی شار گەورەترین پشکی لە رەهەندی خۆراگری دەکەوێتە ئەستۆ، چون رێگرە لە بەتاڵ کردنی تاکی کورد لە فکر و جیهانبینی کوردی.
ئێستا ئەگەر بمانەوێ پێناسەیەک بۆ خەباتی شار دابنێن دەکرێت بڵێن: خەباتێکە کە لە گۆرەپانی شارەکان بەشێوازی ناتوندوتیژ لەسەر بنەمای شارۆمەندی بەرپرس هەنگاو بۆ بەرپەرچدانەوەی سەرکوتی رێژیم و دەستەبەرکردنی مافە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دەنێت.
پاش ئەو پێناسەیە ئێمە لەگەڵ دیاردەی شارۆمەندی بەرپرس بەروڕوو دەبینەوە، لێرە پێویستە باسێک ڕوون بکەیەنەوە، ئەوەیش بابەتی شارۆمەندی بەرپرسە لە خەباتی شاخدا. ئەو تاکەی بەشدارەلە خەبات، وەک شۆرشگێر دەناسرێ. لەخەباتی شاخدا پێناسەیەک گشتیی بۆ شۆرشگێری کراوە، بەڵام ئەوەی کە دەکرێت بە وردی لەسەری بڵێین ئەوەیە کە شۆرشگێر مرۆڤێکە لە پێناو دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی و چارەنووسی نەتەوەکەی ڕادەپەرێت و جوغرافیای شاخ وەک جوغرافیایەکی “بەیدەست” یان “سڵ” بۆ ژیان و چالاکی هەڵدەبژێرێ ، هەروەها شۆرشگێر شێوازی خەباتەکەی پتر چەکدارییە و ئەو جار شۆرشگێر بە شێوەی تەواو کات لە خەباتدا بەشدارە!
لە پێناسەی شارۆمەندی بەرپرس دەکرێت بڵێن ،شارۆمەندی بەرپرس،تاکێکە کە بەرانبەر بە چارەنوسی نەتەوەکەی هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات و لە پێناو ئەو بەرپرسیارێتییەدا هەنگاو بۆ گۆرینی دۆخی ئێستا هەڵدەهێنێتەوە، (ئەوە خاڵی هاوبەشی نێوان شۆرشگێر و شارۆمەندی بەرپرسه)، بەرپرسیارێتیەکەی پێکهاتووە لە دوو رەهەندی فکری_ئەخلاقی،بەو مانایە کە شارۆمەندێک لەسەر بنەمای باوەر بە مافی کۆ و تاکی کورد بۆ گۆرینی دۆخی ئێستا ئەخلاقەن خۆی بە بەرپرس دەزانێ و لەپێناو ئەو بەرپرسیارێتیەشدا، هەنگاو هەڵدەنێتەوە، ئەو شێوە خەباتە خەباتێکی پیشەیی نییە، بەڵکوو هەنگاوگەلێکە کە لە بەستێنی جیاواز و قۆناغی جیاواز تاکەکان بۆ ئامانجێکی ڕوون هەنگاوی بۆ دەنێن.
کە وایە شارۆمەندی بەرپرس گوتارتەوەر بەو مانایە کە ئەوەی کۆی جووڵەی شارۆمەندی بەرپرس وەک ئەکتەری نێو خەباتی شار دیاری دەکات، گوتارەکەیەتی! خۆی لە خۆیدا شارۆمەندی بەرپرس هیچ هەنگاویک نانێت کە لەگەڵ بەرژەوەندی گوتارەکەی هاودژ بێت.
هاوکات لەگەڵ ئەوە، شارۆمەندی بەرپرس خەباتگێرێکی پیشەیی نییە، بەو مانایە کە بەشێوەی تەواو وەخت چالاکی بکات، بەڵکوو تاکێکی کۆمەڵگایە کە بە هەڵوێست وکردەوە و دژکردەوە و ڕووانین لە ڕووداوەکانی دەوروپشتی بە قازانجی بەرژەوەندی گوتارەکەی کارتێکەری دەخاتە سەر ڕووداوەکان یان ڕووداو خوڵقێنە، بەمانایەکی سادە شارۆمەندی بەرپرس هەم کردەوەیە هەم دژکردەوە، هەم خۆی ڕووداو خوڵقێنە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی دابین بەکات، هەم ڕووداوەکان بەو پێیە دەخوێنێتەوە کە زیاتر بەرژەوەندی دابین بکات.
ئێستا لێرەدا بۆمان ڕوون بۆوە کە شارۆمەندی بەرپرس لە خەباتی شار هەمان تاکی شۆرشگیرە لە خەباتی شاخ، بە هێندێ جیاوازییەوە.
ئەوەی لێرەدا گرینگە دوو بابەتە یەکەم: شارۆمەندی بەرپرس و شۆرشگێر دژ بەیەک نین و هەر دووکیان لە یەک چوارچێوەدا چالاکی دەکەن و تەواوکەری یەکترن.
دووهەم: تاکێکی کۆمەڵگای کوردستان دەتوانێ لە نێوان دوو شوێنگەی(پۆزیسیۆن) شارۆمەندی بەرپرس و شۆرشگێڕدا جێگۆرکێ بکات.
کۆتایی ئەو باسە ئەوەیە کە شارۆمەندی بەرپرس چون گوتارتەوەر و چون لە قۆناغی جیاوازدا هەنگاوی جیاواز هەڵدەنێتەوە، بێ گومان پێویستە شارۆمەندێکی بارگاویکراویش بێت، دەنا ناتوانێ لەنێوان چالاکی و بەژروەندیییەکانی گوتارەکەی هاوپەیوەندی ساز بکات. کەوایە لە خەباتی شار دا بە پێی دۆخی ئێستا کە خەباتەکە لە ژیر هەڕەشەی دەسەڵاتدارییەکی توتالیتێر دایە، گوتار و شارۆمەندی بەرپرسی بارگاویکراو رۆلی سەرەکیان هەیە و ئەو دوو کۆڵەکەیە لە راستییدا چوارچێوەی خەباتی شار دیاری دەکەن.
[1] لە تەواوی ئەو دەقەدا گوتار بەمانای وێژمان بەکار دێت.


