ئارامتر بخوێنەوە!
بەرگریی چەکداری و وشیاریی نەتەوەیی
ئارەش ساڵح
ئاماژە
“ڕستەی «دڵێکی نوێ خستنە ناو جەستەوە » ئەگەرچی گوتەیەکی تەواو سادە کراوەیە، بەڵام لە ڕاستییەکی قووڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەویش هەڵدەگەڕێتەوە سەر ئەو ڕۆڵەی بەرگریی چەکداری لە گەشەی وشیاریی نەتەوەییدا دیگێڕێ.“
دوای ماوەیەکی زۆر لە بێدەنگیی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەنجام حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۲٨ی ڕەشەمەی ۱۳۹٤ لە بۆنەی نەورۆز لە چیاکانی سەر سنووری کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور دەسپێکردنەوەی قۆناخێکی نوێ لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی ڕاگەیاند. ئەگەرچی ئەم قۆناخە نوێیە هێشتا خەریکی بەروەپێش چوون و چاکسازی لە ناوخۆیدایە بەڵام هەر لە سەرەتاوە سێ بابەتی سەرەکی لە چوارچێوەی ئەو خەباتە ڕوون و ئاشکرا بوون.
یەکەم بابەت ئەوە بوو کە خەباتی ڕاسان ئامانجە سەرەکییەکەی زیندوو کردنەوەی ڕۆژهەڵات و بەرز کردنەوەی سەنگی ڕۆژهەڵاتە لە هاوکێشە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا. بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە جۆرێک پێشڕەوی خەباتە مودێڕنەکان بووە، لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا نەناسراو و بێ دەنگ مابوویەوە و کەمتر کەسێک ئاگای لەوە مابوو کە لە ئێران کورد هەیە. بابەتی دووهەم ئەوە بوو کە شار و خەباتگێڕانی شار ڕۆڵێکی مێحوەرییان لەو خەباتەدا دەبێت. قۆناخی نوێ لە خەباتی ڕۆژهەڵات کە بە ڕاسان ناوزەد کرا، هەوڵی لەسەر ئەوە بوو کە جەختی زۆر لەسەر چینی مامناوەندی شارنشین بکاتەوە. بابەتی سێهەم کە ڕاسان هەر لە دەسپێکەوە لەگەڵ خۆی هێنای، وەستانەوە لە بەرامبەر ئەو گوتارانەدا بوو کە دەیانویست ڕۆژهەڵات لە وشیاریی نەتەوەییی خۆی داماڵن و بیکەنە پاشکۆی هەندێک گوتار کە لە تاران یان بەشەکانی تری کوردستان سەرچاوەیان گرتبوو.
هەر سێ ئەو بابەتەی ڕاسان، دەکرێت بکەوێتە خانەی یەک بابەتی گشتگیرترەوە و لە چوارچێوەی ئەو پرسەدا لێک بدرێنەوە کە ئەویش کاریگەریی شەڕی چەکداری لەسەر وشیاریی نەتەوەییە. ئاخۆ شەڕی چەکداری چۆن دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لە خەباتی ڕزگاریخوازی و وشیاریی نەتەوەیەکی بندەست؟ شەڕی چەکداری چ کاریگەریەکی لەسەر بەرگریی کەلتووری هەیە و چۆن دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەلتووری ژێردەست بتوانێت لە بەرامبەر توانەوەدا بەرگری بکات.
ئامیلکار کابرال کە یەکێک لەو کەسانەیە کە لە ڕزگاریی نەتەوایەتیی و بەرگریی نەتەوایەتی، تیۆریسیەنێکی بەناوبانگە و خۆی یەکێک لە گرینگترین ڕێبەرانی ئافریقا بووە لە دژی کۆلۆنیالیزم، لە وتارێکی بە ناو ڕزگاری نەتەوەیی و کەلتوور کە لە گۆڤاری ترانسیشنی زانکۆی ئیندیانادا بڵاو بۆتەوە دەڵێت :ئیدێئاڵی داگیرکەر کاتێک کە نەتەوەیەکی تر داگیر دەکات دووحاڵەتە، یان ئەوەی کە هەموو خەڵکەکە لە ناو ببات یان ئەوەی کە بەبێ هیچ چەشنە دەست بردن بۆ کەلتوور، داگیرکەرییەکەی بچەسپێنێت. لە درێژەدا دەڵێت کە یەکەمیان کە ژینۆسایدی خەڵکە داگیرکراوەکەیە لەگەڵ ئامانج و توانای داگیرکەر یەک ناگرێتەوە کە ئەویش ئەو خەڵکەیە کە دەیەوێت بەسەریاندا زاڵ ببێت و لە ئاکامدا بیانچەوسێنێتەوە.
بەڵام نموونەی دووهەمیش بە هیچ چەشنێ هەتا ئێستا لە مێژوودا نەبینراوە. هیچ کەلتوورێک نەبووە کە بە تەواوەتی داگیرکراوی قەبووڵ بکات. بۆیە لە ڕاستیدا دۆخێک هاتۆتە ئاراوە کە پێی دەڵێن بەرگریی کەلتووری. واتە جیاوازیی کەلتووری جۆرێک بەرگری لەبەرامبەر داگیرکاریی سیاسی و ئابووری پێک دێنێت. بەرگریی کەلتووری تەنیا بەو واتایە نییە کە لە ڕێگەی بەرهەمی کەلتوورییەوە لە بەرامبەر داگیرکەردا بەرگری بکرێت. ئەم چەمکە مانایەکی بەرینتری هەیە. لە درێژەی داگیرکاریدا ئەو شتەی کە ڕوودەدات ئەوەیە کە داگیرکەر یان سەردەست، دەیەوێت دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی بەسەر نەتەوەیەکی دیکەدا بسەپێنێت. بەڵام لەبەر ئەوەی هەر دامەزراوەیەکی سیاسی یان ئابووری هەڵقووڵاوی کەلتوورێکی تایبەتە، بۆیە دامەزراوەکانی نەتەوەی سەردەست لەگەڵ کەلتووری گشتیی کۆمەڵگای داگیرکراو نایێنەوە. بۆیە بەهۆی ئەو جیاوازییە کەلتوورییەوە لە لایەن تێگەیشتنی گشتیی کۆمەڵگای داگیرکراو ڕووبەڕووی بەرگری دەبنەوە.
هەر بۆیە، بە گوێرەی ئامیلکار کابرال، داگیرکەر بۆ بەرپەرچ دانەوەی بەرگریی کەلتووری، دەست بۆ سازکردنی هەندێک تیۆری دەبات کە لە ناخی خۆیاندا شتێک نین بێجگە لە فۆرموولەکردنێکی نوێ لە ڕاسیسم و لە کردەوەدا دەبنە هۆی بەردەوام بوونی داگیرکاری لە چوارچێوەی ئەو چەمکەی کە ئەو پێی دەڵێ دیکتاتۆرییەکی دێموکراتیک یان ڕاسیستی. هەوڵی ئەو تیۆریانە پووچەڵ کردنەوەی بەرگریی کەلتوورییە، واتە لە ڕێگەی ساز کردنی گێڕانەوە (Narrative) ەوە، لەسەر شێوازی پێناسە کردنی ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو لەلایەن خەڵکی داگیرکراوەوە، بەها و تێگەیشتنی گشتیی ئەو کۆمەڵگایە ئامادەی قەبووڵ کردنی دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکانی گەلی سەردەست بن.
لە نیوەی دەیەی حەفتای هەتاوی، لەگەڵ گوڕ گرتنی شەپۆلی بەجیهانی بوون، ساخت یان پێکهاتەی ئیمپریاڵیستی لە ئێراندا کە پێک هاتووە لە هەندێک پێوەندیی ئێمپریالیستی لە نێوان فارس لە لایەکەوە و نەتەوە بندەستەکان لە لایەکی ترەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانە بگونجێنێت ناچار بە هەندێک گۆڕانکاریدا تێدەپەڕێت کە ناوی بزاڤی ڕێفۆرمیستی یان “جنبش اصلاحات”ی لێ دەنرێت.
ئەو چەلێنجانەی کە بەجیهانی بوون ڕووبەڕووی پێوەندییە ئێمپریاڵیستییەکان لە ئێران دەکاتەوە ئەوەندە بەهێز هەن کە ببنە هۆی لە دایک بوونی بزاڤی ڕێفورمخوازی؛ بەڵام ئەوەندە بەهێز نین کە ببنە هۆی لاواز بوونی تەواویەتی ئەو جۆرە پێوەندییانە. واتە ئەو پێوەندییە ئێمپریالیستیانەی کە چیەتیی پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێراندا پێک دێنن دەتوانن تا ئێستا بەباشی لە بەرامبەر ئەو شەپۆلەی بەجیهانیی بووندا بەرگری بکەن و نەڕووخێن؛ بەڵام هاوکاتیش پەرچەکرداری ئەو پیوەندیانە لە دایک بوونی بزاڤی ڕێفورمخوازییە. کاریگەرییەکی سەرەکیی ئەو بزاڤە، تیۆریزە کردنەوەی داگیرکەرییە بە شێوازێک کە پەسند کردنی لەلایەن گەلانی ژێردەستەوە بێ کیشە بێت. ئامانجی ئەو بزاڤە ئەوەیە کە بتوانێت بەرگریی کەلتووری گەلانی ژێردەستی ئێران -کە لە ئاکامی پرۆسەی بە جیهانی بوون کاریگەرتر بووە- لە ڕێگەی فورمولە کردنەوەیەکی نوێی ڕاسیسمەوە لاواز بکات و بەم شێوەیە یارمەتیی بەرهەمهێنانەوەی پێوەندیە ئێمپریالیستیەکان بدات.
بنەمای ئەو سەرلەنوێ فورمولە کردنەیە لەسەر سەپاندنی “گێڕانەوە” یان narrative ێک بنیات نراوە کە ڕابردوویەکی سەرلەنوێ ساز کراو، تێگەیشتنێک لە ئێستا و خەونێک لە داهاتوو بۆ کورد لە چوارچێوەی ئێراندا پێناسە بکات کە لە بەرامبەر پێوەندییە ئەمپریالیستییەکان بێ لایەن بێت. ئەو گێڕانەوەیە پێیەکی لەسەر هێزی سەرکوت بنیات نراوە و پێیەکی تریشی لە سەر کردنەوەی دەرگای مەدەنییەتێکی ئێرانی – فارسی بە ڕووی تاکی کورددا، بۆ ئەوەی ئەو تاکە بتوانێت وڵامی ئەو نەهامەتی و دوا کەوتووییانەی کە لە ئاکامی سەرکوتەوە تووشی هاتوون لەو مەدەنیەتەدا ببینێتەوە و جەزبی ببێت.
بۆیە لە ڕاستیدا ئەو پێوەندییە ئێمپریالیستیانەی کە بەسەر گەلانی ژێردەستی ئێراندا زاڵن، لە پەرچەکرداری ئەو چالێنجانەی کە بەجیهانی بوون بەرەوڕوویان دەکاتەوە و بۆ بێ کەڵک کردنی “بەرگریی کەلتووری”، سەرەتا تاکی کورد بە سەرکوتێکی جەستەیی بە شێوازی دەروونی تووشی ڕووخان و داڕمان دەکات و پاشان بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە، مودێلێکی نوێی پێ دەناسێنێت کە لەوێدا ئەگەرچی دەتوانێت ناوی کورد و زمانی کوردییش بەردەوام بەدوای خۆیدا ڕابکێشێت بەڵام زمانی ئەدەب، زانست و مەنزەلەتی کۆمەڵایەتیی ئەو تاکە فارسی دەبێت و مێژوو، ئێستا و داهاتووی ئەو مرۆڤە لەگەڵ ئەو ئێرانە پێناسە دەکرێت کە هیچ کێشەیەکی لەگەڵ بەردەوام بوونی ئێمپریالسیمی ناوخۆییی خۆی نییە. بۆیە ئەگەرچی زمان و کەلتووری کوردی دەتوانێت لە پانتاییی کۆمەڵایەتیدا حوزووری هەبێت بەڵام خودی کورد وەکوو شوناس لە پانتاییی سیاسیدا غایب دەبێت.
ئەگەرچی ئەمڕۆ زۆربەی نزیک بە هەمووی کوردەکان هەم لەگەڵ بنەمالە و هاوڕێیانیاندا کوردی قسە دەکەن و کوردی نووسین بەو شیوازەی دنیای تۆڕە کۆمەڵایتیەکان، بۆ هەموو ئەو کەسانە ئیمکانی هەیە، بەڵام ڕێژەی بەکارهێنانی کوردی نووسین لە ئێس ئێم ئێس، ئیمەیل و لە ناو تۆرەکۆمەڵایەتیە پەیام نێرەکان وەکوو تێێلێگرام و واتساپ و …. زۆر بە کەمی بەرچاو دەکەوێت. زۆر جار ڕوو دەدات کە تەنانەت ئەو کەسانەی لە دەرەوەی دنیای مەجازی لەگەڵ یەک کوردی قسە دەکەن لەو هەلانەدا بۆ پەیام بەڕێ کردن بۆ یەکتر لە زمانی فارسی -کوردی کەڵک وەردەگرن. ئەم دیاردەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مادامێک کە سەردەست بتوانێت وا لە تاکەکانی نەتەوەی ژێردەست بکات کە زمانەکەی خۆی خاوەنی ئەو فەرمییەتە نەناسێت کە لە پەیامی نووسراو بۆ کەسی نزیکی خۆی بەکاری بێنێت، باس کردن لە زمانی کوردی و وانەی زمانی کوردی و چاپ کردنی کتێب بە زمانی کوردی بەهیچ شێوە ناتوانێت مەترسییەک بێت بۆ ئەو پێوەندیە ئەمپریالیستییانە. لێرە بە ڕوونی ئەگەرچی زمانی کوردی لە پانتاییی کۆمەڵایەتیدا بوونی هەیە، بەڵام غیابی کورد لە پانتاییی سیاسەت و پیوەندیەکانی دەسەڵاتدا بۆتە هۆی ئەوە کە ئەو زمانە لەلایەن بەکارهێنەرەکانیشیەوە وەکوو زمانێکی دەستە دوو بیتە بەرچاو. پێگەی زمانی کوردی لە موناسێباتی دەسەلات کە بە شێوازی نافەرمی بوونی ئەو زمانە لە لایەن بەکارهێنەرانیەوە ڕەنگ دەداتەوە، غیابی “خودی کورد” لە پانتاییی سیاسەتدا بەردەوام دەکات و ئەو غیابەش بەردەوام پێگەی زمانی کوردی لە پیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتدا وەکوو جاران دەهێڵێتەوە.
مێژوونووسی سیاسیی زاڵی ئێران، ڕۆڵێکی زۆری هەیە لە غایب کردنی خودی کورد لە پانتاییی سیاسەتدا و لەئاکامدا سڕینەوەی فەزیلەتی کۆمەڵایەتی لە مێژووی کورد و گۆڕینی واتای مێژوو بۆ تاکی کورد. واتە مادامێک کە مێژووی نەتەوەی سەردەست، شارستانییەتی ئێستا و ئەو داهاتوویەی کە وێنای دەکات ببێت بە سەرچاوەی فەزیلەتی کۆمەڵایەتی لە ناو کۆمەڵگای کوردستاندا، باس کردن لە قازی محەممەد بە مەبەستی دەنگ هێنانەوەی لایەنێک لە هەڵبژاردندا، تەنیا وەکوو بەکارهێنانی وێنەی چێگۆوارایە لەسەر تیشێرتێک کە لە چاخی سەرمایەداریدا بەرهەم دێت. واتە هەمان قازی محەممەدێک کە بۆ دژایەتی کردنی پێوەندیە ئێمپریالیستیەکانی زاڵ، یەکێک لە گەورەترین ڕێبەرانی مێژوویە، لەلایەن هەمان ئەو پیوەندیە ئێمپریاڵیستیانەوە دەبێتە ئامرازێکی بازرگانیی سیاسی.
لە زۆربەی ئەو حاڵەتانەدا کە دەسەڵاتی داگیرکەر دەتوانێ پوتانسیێلی بەرگریی کەلتووری لە ناو خەڵکی داگیرکراو یان ژێردەست لاواز بکات، بەرگریی چەکداری هەڵبژاردەیەکی عەقڵانییە بۆ گەڕانەوەی غایبی پانتاییی سیاسەت واتە “خودی کورد” بۆ ئەو پانتاییە.
لاواز بوونی دامەزراوە دیموکراتیکەکان بە گشتی لە ناو کۆمەڵگای سەردەست و هەروەها لە ناو بردنی ئەو دامەزراوە ئیداری- سیاسیانە کە دەرخەری ئیرادەی گەلی سەرکوتکراون، دوو فاکتەری سەرەکین لە لاواز کردنی پوتانسیەلی بەرگریی کەلتووری.
تیم پات گووگان، نووسەری گرینگترین کتێب لەسەر ئای ئاڕ ئەی و خەباتی ئیرلەند بە ناوی The IRA لە سەرەتای کتێبەکیدا دەڵێت: ئیرلەندیەکان لە باشوور پێیان وایە مێژووی ئەوان گەڕان لە بازنەیەکدا بوو کە هەمووکات دەهاتەوە سەر کارەسات تا ئەو کاتەی کە ڕێبەرانی خەباتی خۆبەخشانی ئولستێر لە ساڵی ١٩١٦ گیانی خۆیان بەخت کرد و خەباتێکی چەکدارییان دامەزراند کە ئای ئاڕ ئەی منداڵێکی ئەو شەڕە چەکدارییە بوو. ئەو دەڵێت ئیرلەندییەکان پێیان وایە ئەو خۆ قوربانی کردنە و دەست بۆ چەک بردنە، دڵێکی نوێی خستە ناو جەستەی خەڵکی ئیرلەندەوە و لە ئاکامدا بزاڤی سەربەخۆییخوازیی ئیرلەندی لێ ساز بوو. لە درێژەدا گووگان باس لەوە دەکات کە خودی ئەو پەرچە کردارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پێشتر گرووپێکی پرۆتستان کە لایەنگری دەسەڵاتی بەریتانیا بوون لە ژێر ناوی هێزی خۆبەخشانی ئولستێردا، هەولێکی تریان دەست پێ کردبوو بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئیرلەندییەکان و دامەزراوە نیشتمانییەکانیان، کە لە قالبی خودموختاری یان Home Rule بوو، کۆتایی پێ بێنن.
ڕستەی “دڵێکی نوێ خستنە ناو جەستەوە” ئەگەرچی گوتەیەکی تەواو سادە کراوەیە، بەڵام لە ڕاستییەکی قووڵەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەویش هەڵدەگەڕێتەوە سەر ئەو ڕۆڵەی بەرگریی چەکداری لە گەشەی وشیاریی نەتەوەییدا دیگێڕێ. ئەم بابەتە لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان بە دووشێوە خۆی دەردەخات. یەکەم زیندوو کردنەوەی شوناس و خواست بۆ بەرگریی کەلتووری و دووهەم دەرباز بوون لە ئاگاییی عەشیرەیی بۆ ئاگایییەکی نەتەوەیی.
لە باکووری کوردستان، خەباتی چەکداری ١٩٢٥ بە ڕێبەریی شێخ سەعید توانی نەتەنیا کەلێنی نەتەوەیی لەو بەشە لە کوردستان چالاک بکاتەوە، بەڵکوو لەسەر فۆرموولە کردنی خواستی کورد لەو بەشە لە کوردستانیش کاریگەر بوو. هەروەها خەباتی چەکداریی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ١٩٨٤ هەتا دەسبەسەر بوونی عەبدوڵڵا ئوجالان، ڕێبەری ئەو حیزبە، لە دۆخێکدا کە بەرگریی کەلتووریی کورد بە تەواوەتی لەو بەشە لە کوردستان تێکشێنرابوو، توانی “دڵێکی نوێ” بخاتە جەستەی نەتەوەی کورد لەو بەشە لە کوردستاندا و وشیاریی نەتەوەیی و بەرگریی کەلتووری لە بەرامبەر داگیرکەردا زیندوو بکاتەوە.
چیەتیی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات و پێشڕەو بوونی مێژووییی ئەو بەشە لە خەباتدا، نەیتوانیوە پێش بەوە بگرێت کە داگیرکەر، لە ڕێگەی جۆربەجۆرەوە، بەرگریی کەلتووریی کورد لەو بەشەدا تووشی کیشە و داڕمان نەکات. بۆیە دەتوانین بڵێین هەرکام لە خەباتەکانی سمکۆ، دامەزراندنی کۆماری کوردستان، خەباتی ٤٦-٤٧، خەباتی چەکداریی دوای شۆرشی گەلانی ئێران تا سەرەتای دەیەی ٧٠ی هەتاوەی و هەروەها خەباتی ڕاسان هەموو ئەو خەباتانەن کە هەرکامیان دوای سەرکوتی خەباتی پێشوو بەڵام هاوکات لەسەر ئەو فونداسیونانەی کە ئەو خەباتە پێشووییانە دایانناوە، توانیویانە دیسان ئەو بەرگریی کەلتوورییە زیندوو بکەنەوە. چاوخشاندنێک بەسەر ڕێژەی بەهێز بوونی وشیاری و گوتاری نەتەوەیی لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، بۆمان دەردەخات کە خەباتی چەکداری ١٣٤٦-١٣٤٧ چەندە لەسەر بەرز بوونەوەی ئەو وشیارییە کاریگەریی هەبووە. ڕووداوەکانی دوای شۆڕشی ٥٧ بە ڕوونی دەریدەخات کە خەڵک لەو شوێنانە کە یەک دەیە پێشتر کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی خەباتی چەکداریی ٤٦-٤٧ بۆ ئەو وشیارییە نەتەوەییە ئامادەتر بوون.
لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین کە یەکێک لە گرینگترین هەنگاوەکان بۆ بەرەنگار بوونەوەی نەتەوەی ژێردەست لە بەرامبەر داگیرکاری و تواندنەوەی شوناس، دەست بردن بۆ چەک و بەرگریی چەکدارانەیە. ئەگەرچی بەرگریی چەکدارانە لە ڕێگەی ڕاکێشانی سەرنجی داگیرکەر بۆ وتووێژ، دەتوانێت ئامرازێکی کارسازی سیاسیش بێتە ئەژمار؛ بەڵام گرینگترین کاریگەریی بەرگریی چەکداری ڕاوەستانە لەبەرامبەر گێڕانەوەی (Narrative) ساز کراوی نەتەوەی سەردەست یان داگیرکەر بۆ پێناسە کردنی نەتەوەی ژێردەست یان داگیرکراو.
چەک دەتوانێت وەکوو چەمکێکی هیوا و وزە بەخش، هەم لە ناسینەوەی ڕابردوو، هەم لە ڕاڤەکردنی ئێستا و هەم لە وزەبەخشین بە خەونەکانی داهاتوو کاریگەر بێت کە هەرسێکیان پێکهێنەری سێ توخمی سەرەکین کە گێڕانەوە (Narrative) پێکەوە گرێیان دەداتەوە و بەو شێوەیە شوناسی تاک فۆرم دەبەخشێت. واتە مێژوویەکی هاوبەش، دۆخێکی هەنووکەیی و خەونێکی هاوبەش پێناسەی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایەن کە هەمووی لە ژێر کاریگەریی چەمکی چەکدا، بوون پەیدا دەکەن.
راسان کە قۆناخێکی نوێی خەباتی گەلی کوردە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەروەها کە پێشتر باس کرا لە سەر فونداسیۆنەکانی خەباتە پێشووەکانی خۆی دامەزراوە. دوابەدوای سەرکوتی خەباتی گەلی کورد دوای شۆرشی گەلانی ئێران، پێوەندییە ئێمپریالیستییەکان بەهیچ چەشنێک هیچ جۆرە بەرگرییەکی کەلتووری لە بەردەم خۆیان نابینن و زمان و مێژووی کوردی، لەبەر بەهێز بوونەوەی غیابی “توخمی کورد” لە پانتاییی سیاسەتدا، گرینگیی ئەمنیەتیی خۆیان لە کیس دەدەن و بۆیە دەتوانن لە چوارچێوەی ئایدەنتیتی پۆلیتیکسێکی لیبەراڵدا، بە بێ ئەوەی هیچ مەترسییەکیان بۆ پێوەندییە ئیمپریالیستییەکان هەبێ، بکەونە خزمەتی هەڵبژاردنەوە.
دەسپێکی ڕاسان بەڵام لەیەکەمین هەنگاودا بەرەنگار بوونەوەی ئەو گێڕانەوەیە (Narrative)یە کە پێوەندییە ئێمپریالیستییەکانی زاڵ لە ئێراندا دەیانەوێ لە قاڵبی بزاڤی چاکسازی بەسەر کورددا زاڵی بکەن. ئەو قاڵبە لە ڕاستیدا هەمان فورموولە کردنی نوێی ڕاسیسمە. یەکێک لە ڕەهەندەکانی ئەم فورموولە کردنەوەی ڕاسیسمە، ئەو هەوڵە چەمک داڕێژییانەیە (conceptualization) کە لە لایەن ڕۆشنبیرانی سەردەستەوە هاتۆتە ئاراوە و ناسیوناڵیزمی نەتەوەکانی ژێردەست دژی بەها مودێڕنەکان، دژە ژن، دژە … پێناسە دەکات و لەلایەکی ترەوە ناسیوناڵیزمی ئێرانی وەکوو سیمبۆلی بیری مودێرن و پێشکەوتنخوازی دەناسێنێت.
هەربۆیە ڕاسان دەتوانرێ وەکوو هەوڵێک پێناسە بکرێت بۆ زیندوو کردنەوەی وشیاریی نەتەوەییی کورد لە ژێر چەپۆکی ئەو گێڕانەوە نوێیانە کە ئێمپریالیسمی ناوخۆییی ئێران دەیەوێ بەهۆیانەوە خۆی بەردەوام بکات.


