ئارامتر بخوێنەوە!
پارالێکسی ڕاسان، ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە
شوعەیب دانش پەژوو
ئاماژە
“لایەنی تیۆریکی ڕاسان وەکوو فۆرماسیۆنێکی نوێی خەبات لاوازە و بەمەبەستی ناساندنی ئەم مێتۆدە لە خەبات بە بەردەنگەکانی هیچ سەرچاوەیەکی نووسراو لەبەردەستدا نییە. لۆژیکی نییە ڕەوتێک لە خەبات دەستپێبکات و پاشان تیۆریزەی بکەین. بەتایبەت کە نووسەری ئەم دێڕانە لەو بڕوایەدایە کە خودی پرسی کورد هێشتا تیۆریزە نەکراوە تاکوو بتوانین ڕێکاری گونجاو ببینینەوە.“
بە مەبەستی هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ “ڕاسان” بە چەشنی “فۆرماسیۆنێکی خەبات”، بەبێ ئاوڕدانەوە و ڕوونکردنەوەی بەستێنگەلی سەرهەڵدانەکەی، لە کۆتاییدا تێگەیشتنێکی ئاڵۆز و نەزۆک دەبێت. یان بە واتایەکی تر، دۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریی هەر بڕگەیەک لە مێژوو، هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی ڕەوتگەلی مێژوویین. هاوکات لەگەڵ چۆنیەتیی بڕگە مێژووییەک، پێویستە خودی بابەتەکە (لێرەدا مەبەست ڕاسانە)، بە مێتۆدی ڕەخنەگرانە و شیکارانە بکەوێتە بەر تیشکی هەڵدانەوە و پەردە لەسەر لایەنگەلی جیاوازیی لابدەین. چەمکی “پارالێکس” یەکەمجار لە بواری فۆتۆگرافییەوە و پاشان لە فەلسەفەدا بەکارهاتووە. نیچە لە شرۆڤەی حەقیقەتدا کەڵک لە چەمکی “پرێسپێکتیڤیزم” بە مانای “سۆنگەگەرێتی” وەردەگرێت. بەبڕوای نیچە، سووژە بەنیسبەت سۆنگە/پێگەی خۆیەوە دەتوانێت گۆشەیەک لە حەقیقەت ببینێت نەک هەمووی حەقیقەت، و بە گۆڕینی سۆنگە/پێگەی خۆیە کە دەتوانێت لایەنێکی نوێی حەقیقەت ببینێت، کەوایە بە ڕێژەی سووژەی ناسێنەر دەتوانین لایەنگەلی جیاواز و نوێی حەقیقەت بدۆزینەوە. فەیلەسووفی ناسراوی ژاپۆنی بەناوی کوجین کاراتانی بە ئیلهام گرتن لە نیچە بۆ ڕەخنەگرتن لە فەلسەفەی مارکس و کانت لە چەمکی پارالێکس کەڵک وەردەگرێت و دەیەوێت لە ڕێگای ئەم چەمکەوە دەست لەسەر مەودایەک دابنێت کە لەنێوان “بەرهەمهێنان” و “بەکارهێنان” دا هەیە و سووچێکی نوێی حەقیقەتی پێوەندیی کار و سەرمایە نیشان بدات. لەم نووسراوەیەیشدا مەبەست لە “پارالێکسی ڕاسان” نەک پێداهەڵگوتنی ڕاسان بەڵکوو دەرخستنی لایەنی نەدیتراو یان کەمتر دیتراوی چۆنیەتیی سەرهەڵدان و کەموکوڕیەکانی ڕاسانە. کەوایە لەم کورتە نووسینە و لە هەنگاوی یەکەمدا، هەوڵ دەدرێت بەستێنی دەستپێکی ڕاسان ڕوون بکرێتەوە و پاشان “چەندایەتیی” ڕاسان زیاتر بکەوێتە بەرباس.
دەتوانین پێریۆدیزەیشنی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا [دەستپێکی دەیەی شەستی هەتاوی تا هەنووکە]، بەسەر سێ قۆناغی مێژووییدا دابەش بکەین.
1- قۆناغی چالاکیی ڕاستەوخۆ :
ئەم بڕگەیە کە لە نیوەی دووەمی دەیەی پەنجای هەتاوی دەستپێدەکات، بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە چوارچێوەی ڕێکخراوکراو ، بەچەشنی هێزی شوێندانەر لە گۆڕەپانی سیاسیی جوگرافیای ئێراندا دەردەکەوێت. حیزبی دێموکرات بە هەبوونی کەسانی خاوەن ئەزموونی خەبات و هەروەها هەڵکەوتەی نەوەی نوێ وەکوو دوکتۆر قاسملوو و بەپشتبەستن بە ئەزموونی کۆماری کوردستان، توانیی ببێتە لایەنێکی شوێنداری کۆمەڵگای کوردی کە لەئاستی گشتیی سیاسەتی ئێراندا دەوری بەرچاو بگێڕێت. جیا لە سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی کورد لەم بڕگە مێژووییەدا، سووڕی پێگەی جەماوەریی حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکەی ئەوکات، بەرهەمهێنەری سووژەیەکی کوردی بوون کە دوو تایبەتمەندیی هەبوو. یەکەم، چالاک/زیندوو بوون و دووەم، خاوەنی شوناسبوون.
ئەم دوو تایبەتمەندییە بارودۆخێکی پێکهێنابوو کە تاکی کورد بەبێ جیاوازیی ڕەگەزی، تەمەن و جوگرافیای نیشتەجێ بوونی بە شێوەیەکی چالاکانە لە گۆڕەپانی سیاسەتی نەتەوەکەیدا بەشداری بکات و خوازیاری دروست کردنی چارەنووسی ئێستا/داهاتووی خۆی بێت. ڕووداوەکانی ئەوکات ئەوە دەسەلمێنن یەکەمجار بوو کە ئەو دوو تایبەتمەندییە لەگەڵ یەکدا و لەیەک کاتدا لە تاکی کورد، کۆببێتەوە. ئەم بارودۆخە سیاسییە زیندووە، هاوکات بوو لەگەڵ بارودۆخی ئابووریی نەباش و ساکاری نامۆدێڕن کە هێشتا تاکی کورد (هەروەها تاکی ئێرانی) لەگەڵ فۆرمی نوێی هێزەکانی کاریگەری پێوەندیی “شارنشینی” (بەواتا سەرمایەدارانەکەی) ئاشنا نەبووە. ئەمە هاندەرێک بوو بۆ دروستبوونی هەستی “یەکێتیی کۆمەڵایەتی” کە یەکەم دەرکەوتەی، بەرپرسیارێتی سیاسیی تاکی کوردی لێ دەکەوتەوە. بۆیە جێگەی سەرسووڕمان نییە کە پێچەوانەی بارودۆخی ئابووریی لاواز، گەشەکردنی کۆفامی سیاسی لە کۆمەڵگادا دەبینین. لە لایەکی دیکەیشەوە دەرفەتی ئەم بڕگە مێژووییە ئەوەندە درێژ نەبوو و خاوەنی بنەمایەکی تیۆریکی سەقامگیرکراو لە زەینی ناوشیاری تاکدا نەبوو کە کۆکردنەوەی هەموو دەنگەکان لەژێر چەترێکی هاوبەشی پەراوێز خستبوو. ئەم دابەش بوونەی تاک بەسەر چەند ڕەوتی سیاسیی جیاوازی کوردستاندا، هەرچەند بەڵگەی پلۆراڵبوونی مەیدانی سیاسەتی کوردی نیشان دەدات بەڵام لە سۆنگەی کارکردییەوە بووە بەربەستێک بۆ هاودەنگ نەبوون لەهەمبەر دەسەڵاتی ناوەنددا. ئەم قۆناغە مێژووییە سەرەتا بە ڕێکخستن و بەڕێکخراوەیی کردنی هێزی سیاسی دەستی پێکرد و پاش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، بە ئامادەبوون لەناو خەڵک و خاکی کوردستاندا، چالاکییەکانی خۆی لە دوو ڕەهەندی وتووێژ و خەباتی چەکدارانەدا درێژە دا. سەرەڕای چەند و چۆنیی ئەو دوو ڕەهەندە لەخەبات، کورد لەئاستی گشتیدا بەو ئاکامە گەیشت کە هێز سەرەکیترین بنەمای دیاریکردنی دەرکەوتەی مێزی وتووێژەکانە و بەزمانێکی نیچەیی، سووژە لە پڕۆسەی چۆنیەتیی پێکدادان و پێکگەیشتنی هێزەکانە کە بیچم دەگرێت و لەئەنجامدا قەوارە یان پێگەی سووژە بەپێی ئاستی ڕێژەیی گەورە یان بچووک بوونی هێزەکانی دەوروپشتی دیاری دەکرێت. چۆنیەتی و چەندایەتیی هێزی سیاسیی کورد لەو قۆناغەدا، بەستێنێکی پێکهێنابوو کە سووژەی کوردی خۆی لە گۆڕەپانێکی پڕشکۆ و حەماسیدا دەدیتەوە.
2- قۆناغی پاسیڤبوون/دابڕان :
چوونەدەرەوەی (بەردەوام و هەمیشەیی) حیزبە کوردییەکان لەناو شارەکان و هەڵگەڕان بۆ بناری کێوەکان، یەکەم هەنگاوی دابڕان بوو. تەواوبوونی شەڕی نێوان ئێران و ئێراق، تیرۆرکردنی ڕێبەرانی بزووتنەوەی کورد بەدەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران، میلیتاریزەکردنی کوردستان، داڕمانی پێکهاتەی ئابووریی ئێران و …. دەیان هۆکاری تر، هەروەها هاوکات دروست بوونی هەستێکی سۆزتەوەر لەنێو نەتەوەکانی دیکەی ئێران لەگەل دەسەڵاتی ناوەندی (بەهۆی کوشتنی کەسوکاریان لە شەڕی ئێران و ئێراق)، بارودۆخێکیان پێکهێنا کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پێگەی هێزی سیاسیی کورد لاواز و لاوازتر دەبوو. لە نیوەی دەیەی حەفتای هەتاوییەوە ، بەهاتنەسەر کاری ڕەوتی ڕیفۆرمیستیی خاتەمی کۆی جوگرافیای ئێرانی بەخۆوە سەرقاڵ کرد و دەورێکی هەشت ساڵەی نۆژەنکردنەوەی پۆپۆلیستیی پێکهاتەی ئێران دەستیپێکرد. لەو ڕووەوە پۆپۆلیستبوون بۆ پێناسەی ئەو ڕەوتە بەکار هاتووە کە کۆی ئیدعای بەناو بزووتنەوەی ڕیفۆرمیستی لەو کاتەدا، جەختکردنەوە لەسەر ئازادیی بەیان بوو. واتە هێنانەخوارەوەی ئاستی ئازادیی تاک لە هەموو بوارگەلی یاسا، سیاسەت و فەرهەنگ بۆ تەنها ئاستی ئازادیی نووسین. هەرچەند تەنانەت ئەو بڕگەیەیش بەشێوەی کردەکی و یەکسان هیچکات ڕووی نەدا. یەکەم پێشمەرجی ئازادی لە هەر کۆمەڵگایەکدا بەستراوەتەوە بە هەبوونی یاسای بنەڕەتیی دێموکراتیک کە هیچ هەڵاواردنێک لەنێوان تاکەکانی نیشتەجێبووی ئەو جوگرافیایەی تێدا نەبێت. لە هەمووان ڕوونە کە تەنانەت ئەو یەک پێشمەرجەیش لە جوگرافیای ئێراندا نەبووە و نییە، کەوایە خودی پڕۆسە یان ئیدعای ڕیفۆرم لە هەنگاوی یەکەمی خۆیدا بێ مانایە. لەم سەردەمەدا هێزە کوردییەکان و تەنانەت توێژی هەڵکەوتە/ڕۆناکبیری کورد ـیش، لە دوو جەمسەردا کۆ دەبوونەوە. جەمسەری هاوڕا و هاوڕێی ڕەوتی ڕیفۆرم و جەمسەری بێ لایەن بەنیسبەت ڕەوتی ڕیفۆرم. تاک لە جەمسەری یەکەمدا دوچاری گەشبینییەکی ناواقیعی و هیوادارییەکی خەیاڵاوی بوو و لە جەمسەری دووەمدا بێ بڕوا بە ڕیفۆرم و هەروەها بێ بڕوا بە هێزی خۆی. لێرەدایە کە “دابڕان” مانا بەخۆوە دەگرێت. دابڕانی تاکی وشیار/بەرپرسیاری قۆناغی یەکەم لە گۆڕەپانی سیاسەتی زیندوو و واقیعی، دابڕانی ڕێکخراوی سیاسیی کوردی لە هاوکێشە کۆمەڵایەتی/سیاسییەکانی قۆناغی یەکەم، و لە هەمووی گرینگتر دابڕانی تاکی ناو کۆمەڵگا لە حیزبی سیاسیی پێشووی. لەلایەکەوە حیزبی سیاسی خۆی لە پێگەی بێهێزیدا دەبینیەوە و هەمووی ئاواتی لەسەر پێشبینیکردنی ڕووخانی دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران بە دەستی وڵاتانی زلهێزەوە هەڵچنیبوو. لە لایەکی دیکەیشەوە تاکی کورد خۆی لەناو دەریایەکی ئازاددا دەبینی کە هەرکات ویستی مەلەکردنی هەبوو، دەریا دەبووە تراویلکە.
ئەگەر بە زمانێکی دەروونناسانە بدوێین دەبێت بڵێین، لەو سەردەمەدا کۆمەڵگای کوردی لە تاکگەلێک پێکهاتبوو کە بەشێوەی “دووانەی پاسیڤ” دەژیان. تاکی کورد لەلایەکەوە هیوای خۆی لەسەر ڕەوتێک بەستبوو کە خۆیشی لە ناخەوە بڕوای پێ نەبوو، و لە لایەکی دیکەیشەوە پاڵپشتێکی جیددی و کارامەی بۆ خۆی نەدەدیت و دیسان بەناچار دەگەڕایەوە سەر بیچمدانی “ناهیوا”کەی. بەپێی خوێندنەوەیەکی فۆرماڵ لە قۆناغی یەکەمدا، حیزبی سیاسی دەوری ڕێنیشاندەر و ڕێکخەر دەبینێت، و تاک بە ڕەچاوکردنی ئاواتی زەینیی خۆی پەیوەست بە حیزبەوە دەبێت. واتە حیزبی سیاسییە کە تەکووزی بە کۆمەڵگا دەبەخشێت. ئەم تایبەتمەندییە لە قۆناغی دووەمدا بە تەواوی نامێنێت، بۆیە لەگەڵ سەرهەڵدانی “ناڕەوت” و “ناحیزب”ی جۆراوجۆر لەم سەردەمەدا ڕووبەڕوو بووین. لە قۆناغی یەکەمدا تاکی کورد شوناسی خۆی وەکوو تاکێکی جیاواز و سەربەخۆ پێناسە نەدەکرد بەڵکوو بە پێچەوانەوە تاک بوونی خۆی بەپێی بەرپرسیارێتیی کۆی کۆمەڵگا (نەتەوە)کەی پێناسە دەکرت و سەرکەوتنی خۆی لەگەڵ سەرکەوتنی گشتی گرێ دەدایەوە. ئەم تێگەیشتنە شاراوەیە لە قۆناغی دووەمدا گۆڕانی بەسەردا دێت، بەجۆرێک کە تاکی کورد یان شوناسی خۆی لە دابڕانی ڕۆژانە و چالاکانەی سیاسیدا پێناسە دەکات یان چارەنووسی خۆی نەک لەگەڵ نەتەوەکەی خۆی بەڵکوو لەگەڵ تاکی جوگرافیای ئێراندا دەبەستێتەوە. واتە لە ئاستی دەروونناسانەی زەینیدا تاکی کورد دوچاری دابڕانێکی نەتەوەیی دەبێت و لە ئاستی مەعریفەناسانەوە دوچاری گۆشەگیری دەبێت.
لە وێنەیەکی کورتدا و بەزمانێکی ساکار دەتوانین ئەم سەردەمە ئاوا وێنا بکەین: حیزب و ڕێکخراوەی سیاسی لە مەیدانی ڕاستینی سیاسەتدا نەماوە، تاک لە بارودۆخێکدا دەژیت کە ناتوانێ ڕێگا هەڵبژێرێت و نازانێت چیی دەوێت، دوژمن بەخەیاڵی ئاسوودەوە خەریکی جێبەجێ کردنی پلانەکانی خۆیەتی.
3- قۆناغی ڕاسان :
کاتێک بە مێتۆدگەلی کۆمەڵناسانەوە بمانەوێت بارودۆخی کۆمەڵگا بکۆڵینەوە و کێشەکانی دەستنیشان بکەین، لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو دەرەنجامە کە هەرچەشنە سەرکوت، گەوجاندن، بەلاڕێدابردن و … واقیعی نەتەوەیەک، هەتایی نییە و لە سەرهەڵدانی قەیرانێکدا دەرفەتێک بۆ سەرهەڵدانەوەی دووبارەی کێشەچارەسەرنەکراوەکان دەرەخسێت. بە ڕەچاوکردنی قۆناغی یەکەم و دووەم، لەگەڵ ڕەوتێکی بزوێنەر و چالاک ڕووبەڕوو دەبینەوە کە وردە وردە لە بزوێنەربوونی کەم دەبێتەوە و دەگاتە ئاستی پاسیڤ بوون. بەڵام ئەم پاسیڤ بوونە بەمانای چارەسەرکردن یان سڕینەوەی کێشەکان نییە بەڵکوو کەڵەکەبوونی کێشەکان لەسەر یەک نیشان دەدات. پاش ئەزموون کردنی دەورەی هەشت ساڵەی ڕیفۆرمی حکوومەتی و بەدەستەوەگرتنی دووبارەی دەسەڵاتی دەوڵەت لەلایەن بناژۆخوازەکانەوە، ئەو ڕاستییە (هەرچەند درەنگ) ڕوون بووەوە کە هیچکام لە کێشەکانی نەتەوەی کورد چارەسەر نەکراون و ناکرێن. کێشەیەک کە دەسەڵاتی ناوەند دەیویست بە چەواشەکاری و سەرکوت وەها نیشانی بدات کە کێشەکە لەبنەڕەتدا پرسی زاڵبوونی نەتەوەیەک(فارس) بەسەر نەتەوەیەکی تر (کورد)دا نییە و بەڵکوو کێشەی سەرەکی چۆنیەتیی پرسی یاسایە و دەکرێت لەڕێگای ڕیفۆرمی یاساییەوە چارەسەر بکرێت. ڕاستە کە تێگەیشتن لەم ڕاستییە کاتی زۆری خایاند و شۆڕشی کوردی بۆ دوو دەیە گۆشەنشین کرد، بەڵام هاوکات کوردی لەگەڵ ئەو پرسیارە ڕووبەڕوو کردەوە کە ئەگەر پرسی کورد لەڕێگای یاسایی و لەچوارچێوەی حکوومەتی ئێراندا چارەسەر ناکرێت، ئەی ڕێکار چییە؟ هەردوو لایەنی حیزبی سیاسی و ئێلیتی ڕووناکبیری کورد بەجۆرێک بە بنبەست گەیشتبوون. لەلایەکەوە حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات خۆیان لە پێگەی بێهێزی و بێدەسەڵاتیدا دەبینییەوە و هەرچەند لە ڕاستییەکە تێگەیشتبوون بەڵام ئیرادەیەک بۆ دەستپێکی خەباتێکی چالاکیان تێدا نەبوو، و لەلایەکی دیکەیشەوە ئێلیتی ڕووناکبیری کوردیش لە تیۆریزەکردن و پێشکەشکردنی گەڵاڵەیەکی کردەکیدا دەستەوەستان بوون. هاوکات دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران لە ئاستی گشتیی خۆیدا لەگەڵ سێ قەیرانی گشتی ڕووبەڕوو بوو کە تایبەتترینیان قەیرانی ئابووری بوو.
پێشتر ئاماژەمان بەو خاڵەدا کە دیوی دیکەی قەیران هەمان دەرفەتە. دەرفەتێک کە لە سەرڕێژکردنی کۆمابوونی کێشەکاندا دەرەخسێت. قەیرانی ئابووری لە ئێراندا خۆی لە مانگرتنی جۆراوجۆری توێژگەلی گۆمەڵگا بەتایبەت کرێکارانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان نیشان دا کە بە سەرکوتی توندی حکوومەتی هەوڵی پەردەپۆشکردنیان دا.
لەپاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 88ی هەتاوی، کەلێنێکی گەورە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا دروست بوو و دەوڵەت لەگەڵ قەیرانی ڕەواییبوونی خۆی ڕووبەڕوو بووەوە. درێژەکێشانی پچڕاو پچڕاوی ئەم دوو قەیرانە و هەروەها قەیرانی ژینگە لە ئاستی گشتیدا، باوەڕی کۆی دانیشتوانی جوگرافیای ئێرانی بەرەو ئەو ئاقارە برد کە ئیتر نەتەنها دەوڵەت ڕەوایی خۆی لەدەست دابوو بەڵکوو کۆی پێکهاتەی دەسەڵات واتە حوکوومەت لەلایەن خەڵکەوە ڕەوایی نەما و دروشمەکانی ناڕەزایەتییەکانی زستانی 96ی هەتاوی سەلمێنەری ئەو ئاماژەیەن. واتە پێوەندیی نێوان خەڵک و مێژووی دەسەڵاتی ناوەندی دوچاری لێکترازان و وەرچەرخانێک بوو. بەڵام لێرەیشدا دیسان بەرەی خەڵک سەرەڕای لەدەستدانی متمانە و باوەڕیان بە حکوومەت، ڕێکارێکی گونجاو و کردەکی بۆ دەربازبوون لەو دۆخەیان نەدیتووە.
کوردستان و نەتەوەی کورد زۆر زیاتر لە هەموو شوێنەکانی دیکەی ئێران لەگەڵ قەیرانە گشتییەکانی جوگرافیای ئێران ڕووبەڕوو بوون. هەروەها ماندووبوونی زەینی سیاسیی کورد لە چاوەڕوانی و بێ هیوایی بارودۆخی ڕۆژانەیان، خواستی خەباتی چالاک و زیندووکەرەوەیان لە حیزبەکان هەبوو. خودی حیزبەکانیش بەهۆی لاوازبوونی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی دەسەڵاتی ناوەندی بەنیسبەت پێگەی سیاسەتی نێونەتەوەییەوە، هەستیان بەوە کرد کە دەتوانن لە فۆرمێکی نوێدا چالاک ببنەوە. بەڵام ئەم چالاک بوونەوەیە هەر لە دەستپێکدا چەند گرفتی هەبوو، لەوانە؛ لاوازبوونی ئاستی کارامەییی چالاکیی نیزامی بەهۆی دوو دەیە دووری لەو چالاکییانە، دروست بوونی مەودایەکی زۆر لە نێوان بەرەی نوێی کۆمەڵگا و حیزبەکان، بەربەستی یاسایی سنووری نێوان ئێران و ئێراق و هەروەها نەبوونی سەرچاوەی ئابووریی پتەو بۆ ماوەی درێژخایەن.
ڕاسان لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە لە بارودۆخێکدا دەستپێدەکات کە ئەم گرفت و ئاستەنگانە تا ڕادەیەک بەهێز و کاریگەر بوون کە ئێستایش لایەنێک پێی وایە چالاکیی نوێ لە فۆرمی نوێدا هیچ کاریگەرییەکی نییە و نابێت بکرێت، لایەنێک هێشتا هەر خەون بە ڕیفۆرمەوە دەبینێت و لایەنی دیکەیش هێشتا چاوەڕوانی وڵاتانی زلهێزە کە دەسەڵاتی ناوەندیی بۆ بڕووخێنن. بۆیە پێش هەموو شتێک، گەڕاندنەوەی بڕوا و متمانە بە خەباتی کورد لە ڕێگای ڕاسانەوە گرینگرین خاڵێکە کە پێویستە ئاماژەی پێبدەین. بەڵام ئەگەر بمانەوێت خودی ڕاسان لێکبدەینەوە و ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە بێنینە بەرباس، پێویستە لە سێ سۆنگەی جیاوازەوە چۆنیەتی و چەندایەتیی ڕاسان شی بکەینەوە.
یەکەم : سۆنگەی تیۆریک
کۆی مێژووی خەباتی مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی لە ڕەوتێکدا بیچم دەگرێت کە سەرەتا بە چوارچێوەیەکی تیۆریک هەوڵ دەدرێت هەموو لایەنەکانی بزووتنەوەیەک هەڵسەنگێندرێت و پاشان ڕێکاری کردەوەیی بۆ دەستخستنی ئامانجەکان پێشنیار بکرێت. ئەم ڕەوتە بەنیسبەت ڕاسانەوە پێچەوانە بووە. واتە لایەنی تیۆریکی ڕاسان وەکوو فۆرماسیۆنێکی نوێی خەبات لاوازە و بەمەبەستی ناساندنی ئەم مێتۆدە لە خەبات بە بەردەنگەکانی هیچ سەرچاوەیەکی نووسراو لەبەردەستدا نییە. لۆژیکی نییە ڕەوتێک لە خەبات دەستپێبکات و پاشان تیۆریزەی بکەین. بەتایبەت کە نووسەری ئەم دێڕانە لەو بڕوایەدایە کە خودی پرسی کورد هێشتا تیۆریزە نەکراوە تاکوو بتوانین ڕێکاری گونجاو ببینینەوە. سەرەڕای ئەوەیش، ناوەڕۆکی ڕوانگە و بۆچوونی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە پرسی کورد ڕوانگەیەکی نەتەوەییە بەڵام ئەم ناوەڕۆکە لە فۆرمی فیدڕاڵیزمدا دەستەبەندی دەکات. خودی ئەم بابەتە یەکێک لە بەربەستە تیۆریکییەکانی حیزبی دێموکراتە کە پێویستە هەرچی زووتر کۆتایی بەم ناکۆکییە بهێندرێت.
دووەم: سۆنگەی جوگرافی
سەرەڕای ئەوەی حیزبی دێموکرات لە ڕێگای ڕاسانەوە هەوڵی ئەوە دەدات کە پرسی نەتەوەی کورد بەنیسبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گشتی و سەرانسەری پێناسە بکات بەڵام لەکردەوەدا نەیتوانییە چالاکییەکانی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکردەوەیی بکات بەڵکوو دوو پارێزگای گرینگی ڕۆژهەڵات واتە کرماشان و ئیلام لە ڕاسان بێبەش کراون. لەوانەیە لە وڵامی ئەو ڕەخنەیەدا، خێرا ئیستدلالی دووری و بەرینبوونی جوگرافیای ڕۆژهەڵات بخەنە بەرباس. بەڵام ئەم ئیستدلالە لە سەرەتای دەستپێکی ڕاسانەوە ڕەوایی هەیە نەک پاش سێ ساڵ لە ڕاگەیاندنی ڕاسان و دەبوو تا ئێستا ڕێکاری لابردنی ئەو گرفتانە پێشنیار و بەکردەوە کرابان. بەبێ بەشداری پێ کردنی تاکی کورد لە دوو پارێزگای ئیلام و کرماشان (کە زۆرینەی حەشیمەتی ڕۆژهەڵاتن) ناتوانین کاریگەریی پێویست و دەرئەنجامی گونجاو بەدەست بێنین.
سێیەم: سۆنگەی ڕەگەزی
یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی خەباتی نەتەوەی کورد کە جێگای شانازی بووە، پەیوەست بوونی ژنان بە ڕیزی خەباتەوە بووە. لە سەردەمی کۆماری کوردستان و بە دروست کردنی یەکێتیی ژنان، بۆ یەکەمجار ژنی کورد توانیی بەشێوەی ڕێکخراوەیی لە خەباتدا بەشداری بکات کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوڤیندا دیاردەیەکی بێ وێنە بووە. ئەم شانازییە هەتا ڕاسانیش هەر بەردەوام بووە و ژنانی کورد لە هەموو حیزبە کوردییەکان بەشداریی بەرچاو و چالاکانەیان هەبووە. بەڵام ئەم چالاکییە لە مەیدانی شەڕی چەکدارانە لەڕاستیدا پلەدوو و ناکارامە بووە. پلە دوو و ناکارامەبوون لێرەدا مەبەست لایەنی نەرێنی و بایەخداوەرییەکی ئەخلاقی نییە بەڵکوو پێگەی ژنان لە شەڕی چەکداری مەبەستە. ڕێژەی شەهیدانی ژن چ لە قۆناغی یەکەم و چ قۆناغی سێیەم ئەوە نیشان دەدات کە ژنان نەیانتوانیوە بگەنە هێڵی پێشەوەی خەبات. لە دەستپێکی ڕاسانەوە تا ئێستا بەڕێژەیەکی زۆرەوە ژنان پەیوەست بە ڕیزی پێشمەرگەوە بوون بەڵام لەکام بەشدا چالاکی دەکەن؟ بۆچی لە هێڵی پێشەوە دەرناکەون؟ وڵامی ئەم پرسیارانە لەسەر شانی ژنان نییە بەڵکوو ئەوە دەرەنجامی سیاسەتی پیاوتەوەریی کۆمەڵگا و حیزبی کوردییە کە ڕێگای گەشەکردنی ژنانیان داخستووە. حیزبی دێموکرات سەرەڕای باوەڕمەندبوونی ڕاستەقینەی سەبارەت بە یەکسانیی نێوان ژن و پیاو، بەڵام ئەم یەکسانییە لە ڕاساندا و لەئاستی بەشداری پێ کردنی هاوتەریبی ژنان لە شەڕی چەکداریدا جێبەجێ نەکراوە. (کۆی شەهید و برینداربووانی ڕاسان، پیاون).


