ئارامتر بخوێنەوە!

ڕاسان و کورد بوون

هەرمان هەوشاری

ئاماژە

ڕەوتی نەتەوەخوازیی کوردستانی، لە کۆت و زنجیری خێڵەکی بووندا ماوەتەوە. نەتەوە سەردەستەکان لەم خەسارە کەڵک وەردەگرن. هەر کام لە کوردستانی بندەستی خۆیدا و لە پارچەکانی تری کوردستاندا گوتارێک پەرە پێدەدەن کە شەرعییەت بە دەسەڵاتی خۆیان بە سەر کوردستاندا بدات.

پێشەکی

پەیوەندیی نێوان دوو چەمک یان دیاردە بە چەن شێوە دێتە گۆڕێ. یان هەر پەیوەندییان پێکەوە نییە، یان دژ بە یەکترن، یان تەبا و لە یەک بەستێندان. کورد بوون وەکوو ناسنامە کە هەموو ڕەهەند، لایەن و تایبەتمەندیی تاکی کورد ئەگرێتەوە، ئاخۆ دەتوانێ ڕاسانی ڕۆژهەڵات لە خۆ بگرێت؟ بۆ وڵام دانەوە بەم پرسیارە پێویستە کورد بوون و بە دوای ئەودا ڕاسان لێک بدرێتەوە. لەم دەقەدا بە کورتی لە سەر کورد بوون، ڕاسان و پەیوەندیی ئەم دووانە شرۆڤە دەکەین.

کورد بوون

نەتەوەی کورد لە پێش مێژووەوە لە جوگرافیای کوردستاندا ژیاوە، بە شەڕ و ئاشتی و ئاڵوگۆڕی کولتووری، لەگەڵ دراوسێکانیدا لە پەیوەندیدا بووە. پەیوەندی لەگەڵ خاوەن ناسنامەی تردا، ناسنامەی، بۆ وێنە کورد و کوردستان، دەردەخات. پەیوەندی نەتەوەکان لە جیا بوونەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستی پێ کردبوو. سەردەمی مۆدێڕن هەندێ خاوەن دەسەڵاتی کرد بە نەتەوە، بەڵام نەتەوە بێ دەوڵەتەکان بە ئێتنیک یان خەڵک(people) ناودێر دەکەن. نەتەوە دەسەڵاتدارەکان، بوونی خۆیان وەک نەتەوە دەگەیەننەوە بۆ پێش مێژوو و ئێتنیکەکان بە پاشکۆی خۆیان دەزانن. ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتە پێشمۆدێڕنەکان سەردەست بوونی یەک یان چەند خێڵی هاوزمان بووە بە سەر جوگرافیایەکی تایبەتدا. باس کردن لە نەتەوەی فارس و تورک و عەرەب و تەنانەت کورد بە پێوەری مۆدێڕن بۆ پێش مۆدێڕن گاڵتەجاڕییە. یەکەی سیاسیی ئەو نەتەوەگەلە خۆیان بەرهەمی هەندێ هۆکارن، بەڵام نەتەوەخوازیی نەتەوە بندەستەکان کە هەر لەو هۆکارگەلە کەڵک وەردەگرن بە ڕەوا نازانن و بە دەسکردی دوژمنانی خۆیان دەیهێننە ئەژمار.

یەکەم زاراوە کە کوردی پێ دەناسێنرێت (( نەتەوە))یە. نەتەوەخوازی نە نەئەزەلی بووە نە ئەبەدی. ڕەوتێکی هزری- سیاسی-کۆمەڵایەتی- کولتووری، لە سەر بنەمای جوگرافیایەکی کۆمەڵایەتی-کولتووری کە هەوێنی ناسنامەی نەتەوە پێک‌دێنن، کە تا کاتێ ئامانجی نەتەوە گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسیی خۆی لە وڵاتی خۆیدا بێت، درێژەی دەبێت. ناسنامەی نەتەوەیی بە پێی واتای چەمکی ناسنامە، بوونێکی پڕ پاڕادۆکس و هەمیشە لە گۆڕان و ئاڵوگۆڕ لەگەڵ (( ئەویتر))ـەکاندایە. کورد بوون لە جوگرافیا، زمان، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کولتووریی تایبەتدا ڕەهەندی سیاسیی سەردەمی مۆدێڕنیشی لە خۆ گرت. بەڵام لێک ئاڵانی ئەم ڕەهەندانە بێ خەسار نەبووە. کورد، جوگرافیا، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کولتووری خۆی لە پێناو بە دەوڵەت بووندا نەگۆڕیوە. ئەم کێشەیە تایبەت بە کورد نییە، بەڵکوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی دەگرێتەوە. تورک، فارس و عەرەب بە دەست تێوەردانی بریتانیا بوون بە خاوەن دەوڵەت. کۆمەڵە خێڵێکی تورک لە تورکیا، فارس لە ئێران و وڵاتە گەورە و چووکەی عەرەبەکان جوگرافیایەکی سیاسییان پێ درا بێ ئەوەی ئەقڵییەتی مۆدێڕنیان لە زەینی تەنانەت ڕووناک بیرەکانیاندا جێگیر کردبێت. هەر بۆیە سیستەمی دەسەڵاتدارییان مۆدێڕن نەبووەتەوە. هەردەم دیکاتۆڕێک دەسەڵات دەگرێتە دەست و دوای ماوەیەک بە زەبری دیکتاتۆڕێکی تر یان شۆڕشێکی ڕووکەش دەهێنرێتە خوارەوە. کولتووری نەتەوەیەک لە پێناو مۆدێڕن بووندا دەگۆڕدرێت، گرینگترین هەنگاو بۆ پەرەدان بەم ڕەوتە دەستەبەرکردنی دەوڵەتە.

هەندێ خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دوکتۆرای کورد بە لێکدانەوەی خەسارەکانی دەوڵەت-نەتەوە لە جیهاندا بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناەڕاستدا بەتایبەتی، لە پێویستی دەستەبەر کردنی مافی دیاری کردنی چارەنووس پاشگەز بوونەتەوە. دەوڵەت- نەتەوە بێ‌خەسار نەبووە و نابێ. لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتەکانی دامەزراو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەوڵەت- ئێتنیکن. قەوارەی سیاسیی دامەزراو لە سەر ژێرخانی ئەقڵییەتی خێڵەکی- ئێتنیکی هەرگیز نایهەوێ و ئەگەر بیهەوێ ناتوانێ دەوڵەتێک پێک ‌بێنێ کە مافی سیاسی-ئابووری- کۆمەڵایەتی- چاندی نەتەوەیێکی بندەستی وەکوو کورد بدات. هەر بۆیە دەرهاوێشتەی ئەو بیرمەند و لایەنە سیاسییانەی کە خەبات بۆ دەستەبەر کردنی مافی کورد بۆ چالاکیی مەدەنی و کۆمەڵایەتی بە بێ ڕەهەندی سیاسی دادەبەزێنن، بە هەڵە دەکەوێتەوە. سا ئەگەر ناسنامەی کورد بوون بە ڕەهەندە سیاسییەکەیەوە بەسراوەتەوە، نابێ گۆڕانکاریی بۆ مۆدێڕن کردنی کۆمەڵگا و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان، شێوازی ژیان- بێ دابڕان لە ژێرخانی نەریت، زانست، وێژە و هونەر لە بیر بکرێن.

ڕەوتی نەتەوەخوازیی کوردستانی، لە کۆت و زنجیری خێڵەکی بووندا ماوەتەوە. نەتەوە سەردەستەکان لەم خەسارە کەڵک وەردەگرن. هەر کام لە کوردستانی بندەستی خۆیدا و لە پارچەکانی تری کوردستاندا گوتارێک پەرە پێدەدەن کە شەرعییەت بە دەسەڵاتی خۆیان بە سەر کوردستاندا بدات. سەقامگیر کردنی ئەو سنوورانەی کە لە شەڕی چاڵدێرانەوە تا سایکس- پیکۆ کوردستانیان پارچە پارچە کردووە، ڕەوتی نەتەوەخوازی کوردستان لاواز دەکات. لەجیاتی ئەوەی شوێن کەوتووانی ئیدیۆلۆژییە جیاوازەکان، خۆیان بە کوردستانەوە پێناسە بکەن، هێزی کوردستانیان لە پێناو ئیدیۆلۆژییە جیهانییەکان و نەتەوە سەردەستەکاندا لە خەسار داوە و لە خەساری دەدەن.

ئاراستەی کورد بوون، خۆ پێناسە کردن لە یەکە سیاسییە داگیرکەرەکان و ڕەوتە جیهانییەکاندا نییە. ئاراستەی کورد بوون سەربەخۆ کردنی ناسنامەی کورد و کوردستانە بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە. ئەم ئاراستەیە بە ڕێگایەکی پڕ لە بەربەستدا دەڕوات. زمانی کوردی فرەجۆرە، تەنانەت لە زمانە کوردییەکان دەدوێن. پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستان لە لایەن داگیرکەرانەوە بیچم دەگرێت. بۆ وێنە لە هەڵبژاردنە حکوومییەکاندا کەرتەکانی کۆمەڵگای کوردستان لە کەرتی زمانەوە هەتا خێڵ و ناوچە دەورووژێنرێتەوە. سیستەمی ئابووریی وڵاتە داگیرکەرەکان، کوردستانیان کردووەتە پەراوێز و سامانی سروشتی، کۆمەڵایەتی و هێزی کاری کوردستان تاڵان دەکات. سیستەمی پەروەردەی داگیرکەر لە قوتابخانەکاندا تاکی دڵخوازی خۆی پەروەردە دەکات. گشت ئەم هۆکارانە بەربەستی نەتەوەی کوردن بۆ گەیشتن بە مافی پێویستی خۆی.

هەر لایەنێک شەرعییەتی خۆی لە کوردستانی بوونەوە وەردەگرێت، دەبێ لەم هەلومەرجەدا بە هێزکردنی ڕەوتی نەتەوەخوازی وەکوو ستڕاتێژیی خۆی دەس‌نیشان بکات، نەک بە چالاکیی و پەیوەندیی خێڵەکی بە ئاقاری دوژمندا بڕوات. خێڵەکی بوون لە هەموو لایەنە کوردییەکاندا بوونی هەیە و گەورە مەرجی خۆ گرێ دان بە کورد و کوردستانەوە پەرەدان بە ڕەوتی نەتەوەخوازییە. جێی ئاماژەیە هەر ڕەوتێکی سەر بە ئیدیۆلۆژییە جیهانییەکان ئەگەر ستراتێژیی خۆیان بە دامەزرانی یەکەی سیاسیی کوردستانەوە پێناسە بکەن، بێ ئەوەی نەتەوەخواز بن، لەگەڵ نەتەوەخوازیدا تەبان.

لە کورد بووندا کوردستان یەکەیەکی ژێۆپۆلیتیکی لێک ترازاوە. دوو پرسیار دێنە گۆڕێ؛ بۆ یەکەیەکی ژێۆپۆلیتیکییە؟ ئەگەر یەکەیە، بۆ لێک ترازاوە؟ وەڵامی هەر دوو پرسیار لە کردەوەی داگیرکەراندا دەردەکەوێ. لە قووڵترین ناکۆکیدا پەیمانی هێمنایەتیی هاوبەشیان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی کوردستان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بتەوتر دەکەنەوە. کەرتەکانی ناو کۆمەڵگای کوردستان دەورووژێننەوە، لە هێزە بێ پڕەنسیپەکانی بەشەکانی کوردستان وەکوو ئامراز کەڵک وەردەگرن و ئەو هێزانەی کە ئەقڵییەتی خێڵەکی جڵەویانی گرتووە بە گژ ئەوانی تردا دەدەن.

لەگەڵ ئەم خوێندنەوەیەدا داگیرکەرانی هەر بەش تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و پێکهاتەی بەشی بندەستی خۆیان تا ڕادەیەک جیاواز ئەندازیاری دەکەن. کەرتە زمانی، خێڵی، ئایینی و ئایینزایی، شێوازی پەراوێز بوونی ئابووری و سیاسەتی داگیرکەر بۆ حەواندنەوە و تواندنەوەی ناسنامەی کوردستانی لە ئێران، ئێراق، تورکیا و سووریا لێک جیاوازە.

تا ئێرە کورد بوون واتە جوگرافیایەکی جڤاکی- چاندی تایبەت کە ئامانج و ڕێگای بە دەوڵەت بوونی گرتووەتە بەر. تایبەتمەندیی هاوبەشی داگیرکەرانی کوردستان سەرکوتی ڕەوتی نەتەوەیی کوردی و ڕێگەدان بە ڕەوتە نانەتەوەیی و دژە نەتەوەییەکانە. وێڕای یەکە بوونی کوردستان و هاوپەیمانیی داگیرکەران، کورد بوون لە خۆیدا فرەڕەنگ و فرە دەنگە کە دەبێ لە ڕێگای گەیشتن بە ئامانجی سەرەکیدا لە بەر چاو بگیردرێت. هەوڵ بۆ یەکدەست کردنی کوردستان لە باری کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە ڕێک هەوڵێکی ڕەزاخانی و ئاتاتورکییە. گواستنەوەی سیاسەتی داگیرکەران بۆ ڕەوتی خەبات و لە داهاتوودا بۆ حەواندنەوەی کوردستان، سەرەڕای نابەجێ بوون، مسۆگەر نابێت. ئەو لایەنانەی کە هەوڵیان یەکدەست کردنی کۆمەڵگایە لە پێناو ئیدئۆلۆژی، شێوازی ژیان، شێوەزار یان حیزبێکی سیاسیدا، بە پێچەوانەی تایبەتمەندییەکانی کورد بوون دەجووڵێنەوە.

ڕاسان

ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕۆژهەڵاتی کوردستان گۆڕانێکی بە خۆوە بینی. هەندێ لایەنی کوردستانی خەباتی چەکداریی خۆیان لە دژی حکوومەتی ئێران دەست پێ کردەوە. لەو کاتەوە ڕاسان وەکوو زاراوەیەکی بەرچاو، تەنانەت لە وتاربێژانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ئەبیسرێت. بەڵام بابەتەکە لەوە قووڵترە و نابێ سۆزداری و پاڵەوانەتی بەر بە تێڕامانمان بگرێت. بە لەبەرچاو گرتنی هەڵسوکەوتی داگیرکەران، دەبینین و مێژووش نیشانی داوە بە سەرهەڵدانەوەی راپەڕینە نەتەوەییەکان، هەموو داگیرکەرانی کوردستان هەست بە مەترسی دەکەن. هەندێکیان بە پێی بەرژەوەندیی خۆیان شۆڕشی بەشێکی تری کوردستان دەکەن بە ئامراز و لە داگیرکەری ئەو بەشە ئیمتیاز وەردەگرن. بەڵام کاتێ شۆڕش گەیشتە ئاستی مەترسیدار، لە نێوان دوو یان چەند داگیرکەردا ڕێکەوتنێک ساز دەبێت و پێکەوە نسکۆی شۆڕشی کوردی دادەڕێژن. لایەنە بێ پڕەنسیپەکانی بەشەکانی تری کوردستان کە دەبوا پشتیوانی شۆڕشەکە ببوونایە، دەبن بە ئامرازی داگیرکەر. ئەمە نیشانی دەدات ئەو لایەنە بێ پڕەنسیپانە لە باری دەروونی و ئابوورییەوە بە داگیرکەرانەوە بەسراونەتەوە.

 پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی بەشی ڕاساو بە جۆرێ ئەندازیاری کراوە کە لە هەر گونددا بە ئاشکرا و بە نهێنی کەسانێ کراونەتە سەر بە حکوومەت و پەرەدان بە سیستەمی ئینتەرنەت و پەیوەندی هەر لە پێناوی کۆنتڕۆڵدا جێبەجێ کراوە. بە بەراوەرد لەگەڵ ڕاپەڕینی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران دۆخەکە تەواو گۆڕاوە. لە شارەکاندا سیستەمی کۆنتڕۆڵ بە لێکدابڕان و ئەتۆمیزە کردنی تاکی کورد مسۆگەر دەبێت. هەر چەند کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم سیاسەتە بۆ هەموو نەتەوەکانی بندەستی بەڕێوەدەبات، بەڵام بۆ نەتەوە نافارسەکان لایەنی ئەمنی و توندوتیژی و چاوترسێن کردن و سیخوڕی لە یەکتری بۆ حکوومەت، زۆرتر لە ئارادایە. کۆماری ئیسلامی تۆڕی کۆنتڕۆڵی خۆی بڵاو کردووەتەوە و تەنیا لە ئاستێکی نزمدا ڕێگە بە چالاکیی مەدەنی دەدرێت. دەسەڵاتداری پاوانخواز هێزە دژبەرەکانی بە جۆرێ ئەندازیاری دەکات و لە ئاستی نزمدا ڕایاندەگرێ کە شەرعییەت بە دەسەڵاتەکەی بدەن. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ ئەرکی خۆی دەخاتە سەر شانی کۆمەڵگا و ئەو هێزەی وا ئەگەری سەرهەڵدان و دژایەتی کردنی هەیە، هەم دەناسێت و هەم لاوازی دەکات. ڕووبەڕوو بوونەوەی ئێمە دەبێ چۆن بێت؟ حکوومەت کایە و بەرنامەی خۆی هەیە. ئێمەش دەبێ بەرنامەی خۆمان دابڕێژین. خەبات بەپێی ئەو بەستێنەی داگیرکەر بۆ ئێمەی کردووەتەوە و ناوی ناوە چالاکیی مەدەنی، تەنیا ڕەوایی بە دەسەڵاتی داگیرکەر دەدات. ڕێفۆرمیستە کوردەکان و هەندێ حیزب و لایەنی سیاسی کە هەڵگری دروشمی چالاکیی مەدەنین و ڕاسانی چەکداری بە ڤێرژێنی کۆنی خەبات و کوڕی خەڵک بەکوشتدان ناودێر دەکەن، بە کردەوە هاوسەنگییەکە بە قازانجی داگیرکەران دەشکێننەوە ڕێفۆرمیستەکان بە ئاشکرا پاشکۆی داگیرکەرن. بەڵام ئەو هێزە کوردییەی کە هەڵگری ئەو دروشمەیە، سەرلێشێواو و ماندووە. دەنا چۆن لە ژێر چەتری داگیرکەرێکدا کە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کوردستانی دەدا، دەتوانرێت خەباتی بێ توندوتیژی ببرێتە ڕێوە؟

لە دوای ماوەیەک ئیستایی، ڕاسان بۆ زۆر کەس جێی پرسیار و بۆ لایەنە پاوانخوازەکان سەرهەڵدانی برابەش بوو. بەڵام تاک و تاقمی نەتەوەیی وێڕای هەندێ پرسیار ڕاسانیان وەکوو ژیانەوەی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەژمار دەکرد. پرسیاریان ئەوە بوو؛ ئاخۆ ڕاسان بە بەرچاوڕوونی و ستڕاتێژیی دیاری کراوەوە هاتووەتە گۆڕێ؟ بۆ ئەوەی ڕاسان گشتگیر بێت چ بەرنامەیەک پەیڕەو بکرێت؟

بە هێنانە ئارای هەندێ مەرج دەتوانین ئاراستەی ڕاسان ڕوون بکەینەوە.

  • ئەگەر سیستەمی کۆنتڕۆڵی سەردەست فرە ڕەهەندە، ڕاسان بە خوێندنەوە و دەرخستنی بەرنامەی داگیرکەر دەبێ لە ئاپاڕاتووسی ئەو دەرباز ببێت و دەوری خۆی بگێڕێت.
  • ڕاسان بە گوتارێک کە هەموو لایەنەکان لە خۆ بگرێت پەرە دەستێنێ. ئەگەر داگیرکەر بە کەرت کردنی کۆمەڵگا هەوڵ ئەدات هێزەکانی کۆمەڵگا لێک دوور بکاتەوە و کۆمەڵگا لاواز بکات، ڕاسان دەبێ هێزەکانی ناو کۆمەڵگا ڕێکبخات. ئەو هێزگەلەی کە داگیرکەر بە کاری نەزۆکی مەدەنی بە فیڕۆیان دەدات.
  • خەباتی شار لە باری داڕشتنەوە لە خەباتی شاخ جیاوازە. خەباتی شار بە ئەقڵییەتی خەباتی شاخ ناکرێت. کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا ئەم دوو شێوە خەباتەی تێکەڵ کردووە.
  • خەباتی شاخ و شار هەڵگری توندوتیژین. ئەگەر خەباتی شار شەڕی چەکداریی ڕاستەوخۆ ناکات بەو واتایە نییە کە لە هەڵوێست دادەبەزێ.
  • شار بۆ دەسەڵات زۆر مەترسیدارترە لە شاخ. میدیاکانی حکوومەت بانگەشەی گوندی بوون و سروشتی بوون دەکەن. بۆ ئەوەی کە هەڵگرانی ئەو عەقڵییەتە زۆر بە ئاسانی لە گوتاری سەردەست دا دەتوێنەوە، بۆ ئەوەی لە بیرکردنەوە دەکەون، بە پاراستنی جلوبەرگی کوردی، زمانی کوردی، خواردەمەنی و داب ونەریتی کوردی دڵخۆش دەبن. لە ئامانجی سیاسی و گەیشتن بە مافی پێویست پاشگەز دەبنەوە. زمان و کولتوورێک کە لە سیاسەت خاڵی بووەوە بۆ داگیرکەر هیچ مەترسییەکی نییە. دوای چەند نەوە لە کولتووری سەردەستدا دەتوێتەوە. لە شاردا کورد باشتر دەتوانێ خۆی بە مێکانیزمە مۆدێڕنەکان ڕابهێنێت. ئەگەر خەباتی شار پەرە بستێنێ داگیرکەر ناتوانێ بیحەوێنێتەوە و ڕێگە بۆ خەباتی شاخیش خۆش دەکات. یەک گرتنی خەباتی شار و شاخ لە وەها دۆخێکدا مسۆگەر دەبێت.
  • خەباتی فرەڕەهەند بە یەک گوتار و یەک ڕیزەوە واتە لە پێناو دەستەبەر کردنی مافی نەتەوەی کورد و وڵاتی کوردستاندا هەموو لایەنە سیاسییەکان بە هاوزەینی و هاوبەرنامەیی بگەن. لەگەڵ ئەوەشدا ڕەوتی خەبات هەموو قوژبنەکانی کۆمەڵگا بگرێتەوە.

 بێ‌گومان دوژمن ئەم خاڵگەلە لە ئێمە باشتر لێکدەداتەوە و هەوڵ بۆ پووچەڵ کردنەوەیان دەدات. بەم پێش گریمانەوە دەبێ پلانی خەباتی شار و شاخ دابڕێژرێت. داگیرکەر کایەی خۆی دەکات، ئێمەش دەبێ ڕێسای کایەی خۆمان دابڕێژین. جا کێ لەم مەیدانەدا سەردەکەوێ بە وردبینی و ستڕاتێژیک بوونی بەرنامەی ئەو لایەنە کەوتووە.

پەیوەندیی ڕاسان و کورد بوون

لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ و مەودای سەدەی ٢٠ و تا ئێستە(٢٠١9) ڕاپەڕینە کوردییەکان دەماری سیاسییان تێدا بووە. بەڵام ناتەواوی و ناتەبایی ناوخۆ و هەلومەرجی ناوچە و کایەی زلهێزان نەیانهێشتووە کوردستان ببێتە دەوڵەت. سەرەڕای گەیشتن بە ژیۆپۆلیتیکی پۆستمۆدێڕن، کورد و کوردستان قۆناخی مۆدێڕنیان تێپەڕ نەکردووە. هێشتا ناسنامەیەکی سیاسیی سەربەخۆی نەبووە کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا دانی پێدا نرابێت. سا ئەم وتەیە کە سەردەمی دەوڵەت نەتەوە کۆتایی پێ هاتووە لە هەر زار و پێنووسێکەوە بانگەواز بکرێت، ڕاستەوڕاست دەچێتە خزمەت داگیرکەرەکانەوە. لە بەرانبەردا لە دەیەی دووەمی سەدەی ٢١ەوە بۆچوونێکی بێ بنەما هاتووەتە گۆڕێ کە (( کوردستان وڵاتێکی داگیر کراوە و دەبێ ڕزگار بکرێت و ببێ بە دەوڵەت. هێزە کوردییەکان گیرۆدەی ئێرانچێتی و تورکچێتی و عەرەبچێتین و شەرعییەتی خەباتیان لە دەست داوە. ئەم بۆچوونەگشت هێزەکانی چوار پارچەی کوردستان دەگرێتەوە.))

لە سەر ڕستەی یەکەم هەر لایەنێک بە کوردستانەوە پەیوەست بێت وەری دەگرێ. ڕستەی دووەم باس لە پابەستە بوونی زەینی بە داگیرکەران دەکات کە داگیر کەران بە سیستەمی پەروەردە هەوڵی بۆ دەدەن. بەڵام ئەوەی کە هەموو لایەنەکان پابەستەی داگیرکەرانن جێگەی مشتومڕە. وڵامی ئەم بۆچوونە لە ئامانج و ستڕاتێژیی هەر لایەنێکی تایبەتدایە کە لێکدانەوەی ئەوە ئامانجی ئەم وتارە نییە.

هەر ستڕاتێژییەک کە سنوورە دەسکردەکان پتەوتر بکات، دەچێتە خانەی پابەستبوون بە داگیرکەرانەوە. بەڵام بێ ستڕاتێژی بوون و ڕەش کردنی هێزە کوردستانییەکانیش هەر دەچێتە خانەی بەرژەوەندیی داگیرکەرانەوە. سڕینەوەی هەر هێزێکی کوردی بۆشایی ساز دەکات. بەڵام چاکسازی پێویستە. سا وەڵامی هەموو پرسیارەکان لە ستڕاتێژیدایە کە کورد تێیدا لاواز بووە.

دوکتور قاسملوو بە تێگەیشتن لە واتای ستڕاتێژی، بە پێی سەردەم، هەوڵی داڕشتنی ستڕاتێژیی حیزبی دێمۆکڕاتی دا کە بە شەهید بوونی ناوەختی هەموو بەرنامەکانی ناتەواو مانەوە. پێشتر نووسیم پێشگریمانەمان ئەوە بێت دوژمن شەش خاڵەکە لە ئێمە باشتر لێک‌ئەداتەوە. شەهید کردنی دوکتور قاسملوو تەنیا ڕێگەی دوژمن بۆ تێکدانی خەباتی ئەودەم بوو. دوکتور قاسملوو بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی کوردستان، پێکهاتەی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران و کایەی زلهێزان، هەوڵی داڕشتنی ستڕاتێژیی دا کە بۆ ڕۆژهەڵات و لە بە ستێنی یەکەی ژیۆپۆلیتیکیی کوردستاندا دایڕشت. سەرەڕای کەموکووڕییەکانی، تایبەتمەندییەکانی ستڕاتێژیی تێدا بوو. بە پێچەوانەی هەندێ بۆچوون کە قاسملوو بە ئێرانچێتی تاوانبار دەکەن، ستراتێژییەکەی لە پێناو دەستەبەر کردنی مافی کورددا بوو.

کوردستان کاتێ سەربەخۆ دەبێ کە هەر بەش بتوانێ هێژمۆنیی خۆی بە سەر داگیرکەرەکەیدا بسەپێنێ و ئەوسا پێکەوە بڕیاری یەک گرتنەوە بدەن. لێرەوەیە قاسملوو قسە لە خەباتی ڕۆژهەڵات دەکات. ئەم شێوەڕوانینە ناچێتە خانەی ئێرانچێتییەوە، هەر وەها بۆچوونێکی بێ بنەما نییە. دوکتور قاسملوو دەڵێ ستڕاتێژیی حیزبی دێمۆکڕات بۆ ٢٥ ساڵ ئەوەیە کە لە ژێر سەردێڕی دێمۆکڕاسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان، تایبەتمەندییەکانی فێدێڕاڵیزمی تێدا بێت. لەو پلانەدا دامودەزگای کۆمەڵایەتی و پەروەردە و … هتد بە حکوومەتی خۆجێیی کوردستان بوو. ئەمە واتە پەروەردە کردنی بەرەیەک کە بە مافی خۆیان ئاشنا کراون. دوکتور دەڵێ دوای ٢٥ ساڵ دیسان نەتەوە بڕیاری خۆی دەدات.

ڕاسان لەم سۆنگەیەوە شەرعییەتی لە کورد بوونەوە وەردەگرێت کە ئامانجی سیاسی و ستڕاتێژی و پێکهاتەی خەباتی شار و شاخ، کوردستانییە. بەڵام نابێ سۆزداری و هەستی پاڵەوانی لە بیرکردنەوە و وردبوونەوە دوورمان بخاتەوە. خەباتی نەتەوەیی کورد، گیرۆدەی هەندێ خەسارە کە چارەسەر کردنی وان پێویستی بە هەرەوەزی هەموو لایەنەکانە.

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەڵبەندی گۆڕانی سیاسیی لە ناکاوە. سا دەبێ هێزە کوردستانییەکان ئامادەی ئەو گۆڕانگەلە بن و بەو پێیە ستڕاتێژییان هەبێت.