ئارامتر بخوێنەوە!
ڕاسان و ڕەهەندە تیۆرییەکانی (١)
ئاوڕدانەوەیەکی تیۆری لە خەباتی نوێی کوردستانی ڕۆژهەڵات
پێشکەشه بە یاد و بیرەوەریی شەهیدی هەمیشە زیندوو «کاوە جەوانمەرد »
سمایل شەریفی
ڕوونکردنەوە
“بەشی یەکەمی ئەم بابەتە لە دوای دەستپێکی ڕاسان؛ بە فایلی پی دی ئێف بڵاو کراوەتەوە. لە سەر داوای دەستەی نووسەرانی گۆڤاری تیشک، لە ژمارەکانی داهاتوودا بەشەکانی دیکەش ئامادە و لە گۆڤاری تیشک بڵاو دەبێتەوە.“
١. هەر جووڵەیەکی بەربڵاوی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوەندەی خۆی لەدوای بارستایەک لە باسوخواس و تیۆری و تێڕامانەوە دێ، هەر بەم شێوەیەش شەپۆلێک شیکاری و شرۆڤە و پرس و تێڕوانینی جۆراوجۆریش بەدوای خۆیدا دەهێنێ. بەم شێوەیە هەموو بزاڤە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ـ بەگوێرەی بەرتەسک بوون یان بەربڵاو بوونیانەوەـ بە خەرمانەیەکی تەنک یان تۆخی تیۆرییەوە دەورە دەدرێن و دواجار ئەو خەرمانە تیۆرییە کار لەسەر خودی بزاڤەکەش دەکات و ئەوەندەی شوێنی لێ وەردەگرێ شوێنیشی لەسەر دادەنێ. بزاڤەکان ئەوەندەی وە دوای تیۆرییەکان دەکەون، هەر هێندەش تیۆرییەکان وە دووی خۆیان دەدەن.
دیارە ڕاسانە نوێیەکەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش وەکوو جووڵەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەم رێسایە هەڵناوێردرێ. هاتنەوەی ڕێکوپێکتر و بەرنامەبۆداڕێژراوتر و ڕاگەیەندراوتری پێشمەرگە بۆ ناو خەڵک و شڵەژان و دژکردەوەی هیستێریکی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی لە لایەک و خوێندنەوەی سەرەپێیی و هەندێک جار ساویلکانەی بەشێک لە لایەنە خۆماڵییەکان، جا چ بە ناکۆکی دەربڕین لەبەرانبەر ئەم پرسە بێ یان بە داکۆکی کردن لەم جووڵەیە بووبێ، زۆر باسوخواس و پرس و ترسی ورووژاند و زەمینەی بۆ هەڵگیرساندنی باسێکی قووڵتر و گەشەکردووتر خۆش کرد. ئێستا دوای نیشتنەوەی کەف و کوڵی سەرەتایی، کاتی ئەوە هاتووە جێگای “هەست” بە “هزر” و جێگای “سۆز” بە “سەرنج”، پڕ بکەینەوە و هەنگاوەکانی ڕابردوومان و بەرنامەکانی داهاتوومان وردتر شەنوکەو بکەین و هەندێک پرسیار بەرەوڕووی خۆمان و خەنیمەکانیشمان بکەین و هەوڵ بدەین هەگبەیەک وڵامی پوخت و پەرداخ، وەک بەری داری ئەم پرسیارانە بڕنین و دواجار ئەم میوە بەتاموبۆیانە لەسەر سفرەی خۆشڕاخراوی گوتاری خەباتگێڕانەی نەتەوەییمان دابنێین و هەم گۆشەیەکی سفرەی گوتارەکەمانی پێ بڕازێنینەوە و هەم لەباری فیکرییەوە لێی بخۆین و پێی پاراو بین.
یەکەمین هەنگاو بۆ ئەم مەبەستە بریتییە لە روخساربەندییەکی دروست و وەسفێکی ڕاست لە جووڵەکە. ئەم جووڵەیەی وا لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردستان بە ڕاسان نێوی دەرکرد چ جووڵەیەکە؟ چۆن دەستی پێکردەوە و قەرارە چۆن درێژەی پێ بدرێ؟ ئەو ماکەیەی قورسایی ئەم جووڵەیە پێک دەهێنێ و دەبێ بە شێوەیەکی تیۆری قسەی لەسەر بکرێ کام ماکەیە؟ شەڕی چەکدارییە؟ ئامادە بوونی هێزە سیاسییەکانی کورد لەناو خەڵکە؟ ڕەتکردنەوەی ئەو دابڕانەیە وا بەسەر هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات داسەپاوە؟ بردنە سەری ورەی خەڵک لەبەرانبەر سیاسەتی ترس وەبەرنان و تۆقاندنی ڕێژیمە؟ نیشاندانی ڕووخەک بوون و لەرزۆک بوونی ئەو دۆخەیە وا ڕێژیم بە دۆخێکی سەقامگیر و ئەمن ناوی دێنێ و وەک دۆخی دوورگەیەکی ئارام لەناو دەریایەکی نائارامدا وەسفی دەکا؟ یان ماکەیەکی تری جودا لەم ماکانەیە؟
هەر لەبنەڕەتدا ڕوخساربەندی هەڵەی باسەکە، تووشی وڵامی هەڵەشمان دەکا و دواجار ئەوەی وەک ئەنجامی ئەم دۆخە بۆمان دەمێنێتەوە، سەرلێشێواوییەکە کە هەم لە بەستێنی تیۆری و هەم لە بواری کردەوە، باوی هەنگاومان پێ شل دەکا و تووشی دڕدۆنگیمان دەکا و وامان لێ دەکا تەمی ڕاڕایی نەهێڵێ ڕێگای بەرپێمان و دوورە دیمەنی بەرچاومان بە ڕوونی ببینین و هەر بۆیە دەبێتە هۆی ئەوەی لە رەوت و ڕۆیینی شۆڕشگێرانەماندا بەلادا بێین و ڕەت ببەین و سەرەنگرێ بین.
لەم ماوەیەدا هەندێک لایەنی خۆماڵی بۆیە تووشی وڵامی هەڵە بوون، چونکە لە بنەڕەتدا روخساربەندییان لە جووڵەکە هەڵە بوو. جاری وایە گرفتی وڵامەکان هەر لەناو خودی پرسیارەکاندایە. ناکرێ ئێمە وەسفی دۆخەکە و ڕوخساربەندیی جووڵەکە لە نەیارەکان وەربگرین و هەوڵ بدەین پاساوێکی خۆماڵی بۆ ئەم وەسف و ڕوخساربەندییە بهێنینەوە. ئەمە ڕاست وەک ئەوەیە بانگهێشتنی کەسێک بۆ ژەمەنانێک قەبووڵ بکەین بەڵام وا بڕیار بدەین چێشتی خۆمان ببەین لەسەر سفرەی خانەخوێکە بخۆین. هەر لە بنەڕەتدا قەبووڵ کردنی بانگهێشتنی کەسێک بەمانای ئەوەیە لەسەر سفرەی کابراش دانیشین و لە چێشتەکەشی بخۆین. کەوابوو لێرەدا یەکەم هەنگاو بۆ قەبوول کردن یان ڕەتکردنەوەی بانگهێشتنی کەسێک، ناسینی خانەخوێکەیە.
شەڕی چەکداری، ئەوەی دەڵێ بەڵێ، ئەوەی دەڵێ نا
لە ڕوانگەی تاقمێک لە شرۆڤەکارەکانەوە پرسی ڕاسانی نوێی ڕۆژهەڵات و بەجێ هێشتنی کەمپەکانی باشوور، لەڕاستیدا هاوسەنگە لەگەڵ پرسی ڕەوا بوون یان ناڕەوا بوونی شەڕی چەکداری. بەبۆچوونی ئەم تاقمە ئەگەر شەڕی چەکداری ڕەوا بێ، ئەوا ڕاسانی نوێش ڕەوایە و ئەگەر بەرەوڕوو بوونەوەی چەکداری ناڕەوا بێ، ڕاسانیش ناڕەوایە و پێشمەرگە دەبێ بگەڕێتەوە ناو مقەڕەکانی لە کوردستانی باشوور. لە ڕوانگەی ئەم تاقمەوە پێشمەرگە هاتووەتەوە شەڕی چەکداری بکا، ڕێژیمیش نایهەوێ شەڕێکی لەم چەشنە ڕووبدا، لە ئەنجامی ئەم ویستن و نەویستنەدا “توندوتیژی” ڕوو دەدا و بەشێک لە هێزە ئینسانییەکانی هەر دوو لا تێدا دەچن. بەرپرسایەتی ئەم تێکهەڵچوونانەش ڕاستەوخۆ لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە کە دەیتوانی تاراوگە زۆرەملییەکەی بە جێنەهێڵێ و نەیێتەوە بەڵام بەپێچەوانەی ئامۆژگاری خێرخوازانەی بەرپرسە حکوومییەکان ئەم تاراوگەیەی بەجێ هێشتووە و هاتووەتەوە و بووەتە مایەی ئاژاوە و شەڕ و تێکهەڵچوون!
ئەمە ڕوخساربەندی ئەم تاقمەیە لەو ڕووداوانەی لەم دواییانەدا ڕوویان دا و قەرارە لە داهاتووشدا درێژەیان پێ بدرێ. پێویست بە گوتن ناکا کە ئەم ڕوخساربەندییە داوەریی دواییی خاوەنەکەشی لەناوخۆیدا هەڵگرتووە: تاوانی ئەم خەسارە ئینسانییەی لەم ناوەدا ڕووی داوە لە ئەستۆی ئەم لایەنەیە وا بژاردەی شەڕی چەکداری هەڵبژاردووە و ئەو لایەنەی وا تێکهەڵچوونی ڕەت کردووەتەوە هەر نەبێ کەمتر خەتابارە.
پێچەوانە کردنەوەی هاوکێشەکان
ئەم شێوە شیکردنەوەی سەرەوە لەو دۆخەی وا بە ناوی “ڕاسان” ناوی دەرکرد، ڕێک وەکوو شیکردنەوەیەکە کە تاقمی گۆرین لەبارەی ئەو هەڵبژاردنانەی لە کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوە دەچن بە دەستەوەی دەدەن. بە دەربڕینێکی تر ئەم شیکارییە زیاتر لەوەی شیکارییەکی تاک، دەربارەی ڕووداوێک و دۆخێکی تاک بێ، لە مەنتیقێکی گشتیترەوە سەرچاوە دەگرێ کە هەوڵ دەدا زۆر دۆخی هاوشێوە، لە ڕوانگەی خۆیەوە شرۆڤە بکا؛ بەڵام شرۆڤەکەی پێچەوانەیە.
وەسفی پرسی هەڵبژاردنیش لە ڕوانگەی ئەم تاقمەوە بەم چەشنەیە کە ڕێژیم دەیەوێ هەڵبژاردن بەڕێوە ببا و هەندێک لە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش هەڵبژاردن بایکۆت دەکەن و پێویست بە گوتن ناکا کە پشتگیری کردن لە سیاسەتی هەڵبژاردن لە پشتڕاست کردنەوەی سیاسەتی بایکۆتی هەڵبژاردن، دێموکڕاتیکترە و هەر لە بنەڕەتدا لە ڕوانگەی ئەمانەوە جێگای سەرسوڕمانە کە حیزبێکی دێموکڕات، هەڵبژاردن کە بەرچاوترین دەرکەوتەی دێموکراسییە بایکۆت دەکا.
لەڕاستیدا ڕێژیم لە کایەیەکی زیرەکانەدا کە لە ڕەوتی بەربەرین و خەست و قورسی بڵاو کردنەوەی ئایدۆلۆژیی ڕەسمی و حکوومەتیدا بەڕێوەی دەبا، جێگای ئاکسیۆنەکان و جێگای ئەکتەرەکان، پێکەوە دەگۆڕێتەوە؛ واتە ناهەڵبژاردن بە هەڵبژاردن لە قەڵەم دەدرێ، ئەوەی نایەوێ بچێتە ناو کایەی ساویلکانەی ناهەڵبژاردنەوە، بە کەسێکی “دژی هەڵبژاردن” دەناسێندرێ و ئەوەی بە کەڵك وەرگرتن لە ئیمکاناتێکی یەکجار گەورەی حکوومەتی، لە پڕۆژەیەکی زۆر ئاڵۆز و خەرجهەڵگر و موهەندیسیکراودا دەیەوێ سەلیقەی چەند کەسێک یان تەنانەت سەلیقەی تاکێک وەکوو سەلیقەی زۆرینەی دەنگدەران بناسێنێ، بە برەوپێدەری بەهاکانی دێموکراسی دەناسێندرێ. ئینجا لە شەڕی نێوان دێموکڕات و نادێموکڕاتدا کێ هەیە لای کابرای نادێموکڕات بگرێ و بە دەنگییەوە بچێ؟
لەم بارەیەدا بیستوومانە و خوێندوومانەتەوە کە هەندێک کەس باسی ئەوە دەکەن کە لە هیچ وڵاتێکدا هەڵبژاردنی سەتاسەت ئازاد و دێموکڕات بەڕێوەناچێ و هەمیشە هەندێک تەگەرەی خوازراو و نەخوازراو دەبن بە لەمپەری سەر ڕێگای هەڵبژاردنێکی دێموکڕاتیک و هەتا ڕادەیەک چەتی تێ دەخەن. کەوابوو ناکرێ ئەو چاوەڕوانییەی لە هیچ سیستمێکی سیاسیدا وەدی نایە لە کۆماری ئیسلامی داوا بکرێ. ئەوانە پێیان وایە دیوێکی دیکەی “نادێموکڕاتیک بوونی ڕێژەیی” بریتییە لە “دێموکڕاتیک بوونی ڕێژەیی” و هەر بە هۆی دێموکڕاتیک بوونە ڕێژەییەکەوە، دەبێ هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیش بە ڕەسمی بناسرێن.
لەڕاستیدا لێرە هەر لە بنەڕەتدا باسی ئاستی دێموکڕاتیک بوونی هەڵبژاردن لەگۆڕێدا نییە کە جاری وایە ڕەنگە بەرز ببێتەوە و جاری واشە نەختێک نزم بێتەوە. بەڵکوو باسی ئەوەیە کە ئایا سیستمەکە خۆی بە شوێنکەوتەی هەڵبژاردن دەزانێ یان هەڵبژاردن بە شوێنکەوتەی خۆی دەزانێ. هەر لە بنەڕەتدا باسی جیاوازیی نێوان “هەڵبژاردن” و “هەڵنەبژاردن” لە گۆڕێدایە. باسی ئەوە لە گۆڕێ دایە ڕێژیم بە بێ ئەوەی هیچ کام لە باجەکانی هەڵبژاردن بدا، لە هەموو دەرفەتەکانی کەڵک وەردەگرێ و کەسانێکیش بە ئاگاداری یان بە نائاگادارییەوە لەم گزی گەورەیەدا دەبن بە هاریکاری و بێ بەرات و خەڵات دەبنە پیادەنیزامی دەزگای حاکم و پێشی دەکەون و بۆی هەڵدەسووڕێن!
باسەکە ئەوەیە کە هەڵبژاردن بۆ ڕێژیم هەندێک باجی هەیە و هەندێک سوودیشی هەیە. باجی هەڵبژاردن بۆ ڕێژیم ئەوەیە کە دەبێ مل بۆ ئیرادەی خەڵک لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵاتدا ڕابکێشێ، سوودەکەشی ئەوەیە ئاستی شەرعیەت و ڕادەی مەقبوولییەتی خۆی پێ دەباتە سەر. باسەکە لەوەدایە کە ڕێژیمی ئێران بەتایبەتی دوای شکستپێهێنانی ڕەوتی ڕیفۆرمخواز و بە داهێنانی پڕۆژەیەکی گزیکارانەی یەکجار ئاڵۆز و بەربڵاو بە ناوی “موهەندیسی ئینتخابات” دەیەوێ بە بێ ئەوەی باجی هەڵبژاردن بۆ خەڵک ببژێرێ، لە هەموو سوودەکانی هەڵبژاردن بەهرەمەند بێ.
لە پێناسەی دێموکراسیدا گوتوویانە دێموکراسی بریتییە لە کۆمەڵێک ڕێوشوێن و یاسا و ڕێسای “دیار” بۆ گەیشتن بە هەندێک ئەنجامی “نادیار”. لە سیستمی دێموکڕاتیکدا ئەنجامی مێکانیسمێکی دیاری وەک هەڵبژاردن هەرچەندەی نادیار و پێشبینی نەکراویش بێ، سیستمەکە قەبووڵی دەکا و خۆی لێ لانادا. بەڵام یاسا و ڕێساکان دیارن و هیچ هێزێکی سیاسی بۆی نییە بەقازانجی خۆی، خۆی لەم یاسا و ڕێسایانە بدزێتەوە یان خۆی تێ هەڵبقوتێنێ. تازەترین نموونە لە مل ڕاکێشان بۆ ئەنجامێکی نادیاری ئەوتۆ کە لەئاکامی بەڕێوەبردنی هەندێک ڕێوشوێن و مێکانیسمی دیار و شەفاف ڕووی دا، ڕاپرسی بریتانیا بۆ مانەوە یان دەرکەوتن لە یەکێتی ئورووپا بوو. کاتێک خەڵکی بریتانیا بەپێچەوانەی ویستی سیستمی زاڵ، بڕیاری چوونەدەر لە یەکێتی ئورووپایان دا، حکوومەت ملی بۆ داخوازی زۆرینەی خەڵک ڕاکێشا و ئەگەرچی دەنگدانەکە بۆ گۆڕین یان نەگۆڕینی حکوومەت نەبوو، بەڵام لە ئەنجامی ئەم دەنگدانەدا حکوومەتیش لاچوو و حکوومەتێکی نوێ هاتە سەرکار.
هەڵبژاردن لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ڕێک پێچەوانەی ئەوەیە؛ واتە لەجیاتی ئەوەی هەڵبژاردن بریتی بێ لە مێکانیسمێکی دیار و تەوافوق لەسەرکراو بۆ گەیشتن بە هەندێک ئەنجامی لەپێشدا نادیار کە ئیرادەی خەڵک دواجار دەیخوازێ، هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا بریتییە لە بەکار هێنانی هەر مێکانیسمێکی نادیار بۆ گەیشتن بە هەندێک ئەنجامی دیار. ئەم مێکانیسمە نادیارانە ڕەنگە ڕەدی سەلاحیەتی کاندیداکان لە پێش دەنگداندا بێ، ڕەنگە تەئید نەکردنیان دوای دەنگ هێنانەوە بێ! ڕەنگە دەستتێوەردانی سندووقەکان لە کاتی دەنگدان بێ!! هیچ کام لەم دەرەتانانە لە هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامیدا دەستیان لێ نەپارێزراوە و زۆر ڕێوشوێن و دەرەتانی نادیاری دیکەش لەگۆڕێدا هەن کە هەر لە درێژەی تەمەنی ڕێژیمدا دەکرێ بەرە بەرە بناسرێن و لە جەعبەی جادووی “هەڵبژاردنی” کۆماری ئیسلامییەوە بێنە دەر. هەموو ئەو ڕێوشوێنە نادیار و سەیر و سەمەرانە لەبەر ئەوە لەکار دەکرێن کە ئەنجامی هەڵبژاردن بگاتە ئەوەی بۆ نموونە ناوی کەسێکی وەک مەحموودی ئەحمەدینژاد لە سندووق بێتە دەر.
دەخوازم وە بیر خوێنەری ئەم دێڕانە بێنمەوە کە باسی هەڵبژاردن وەکوو دەروازەیەک بۆ چوونە ناو باسی شەڕی چەکداری هاتە گۆڕێ. باسی ئەوە بوو کە چۆن لە سیستمە تۆتالیتێر و ئایدۆلۆژیکەکاندا جێگای ئاکسیۆنەکان و ئەکتەرەکان دەگۆڕدرێتەوە و بۆ نموونە ئەولایەنەی هەتا سەر ئێسقان بە دژی هەڵبژاردنە بە بەڕیوەبەری هەڵبژرادن دەناسرێ و ئەو لایەنەی لە هەموو تەمەنی سیاسیی خۆیدا بۆ هاتنە کایەی هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینە خەباتی کردووە، بە “دژی هەڵبژاردن” دەناسرێ.
پرسیارێکی گرینگ ئەمەیە چۆنە کەسانێک ـ با بە هەژمار کەمیش بن ـ دەگەن بەو قەناعەتەی بڕوا بەم درۆ گەورەیە بکەن؟ بەر لەوەی بچمە سەر باسی سەرەکی واتە باسی شەری چەکداری دەخوازم ڕوونکردنەوەیەک دەربارەی چۆنیەتی قەناعەتی بەڕاستی یان بەدرۆی جەماعەتێک لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ساختەکارییە ئایدۆلۆژیکانەدا بدەم:
ئەو تاقمەی وا دێتە بەرچاو بڕوا بەم نمایش و ساختەکارییانە دەکەن لە ڕاستیدا دەستەیەکی بچووکی خەڵکن و ئەو دەستەیەش خۆیان دوو لکیان لێ دەبێتەوە: لکی یەکەم هەر لە بنەڕەتدا زۆر چاک لە قەڵب بوونی قسەکان و گزیکارانە بوونی کردەوەکانی ڕێژیم ئاگادارن، بەڵام بەهرەمەند بوونیان لە سەرچاوەکانی چوارلایەنەی دەسەڵات و سامان و پێگە و زانیاری (قدرت، ثروت، منزلت، اطلاعات) بە هۆی سیستمی حاکمەوە ناهێڵێ ڕاستییەکان وەک هەیە لەقاو بدەن. لەبارەی لکی دووهەم کە ئەوانیش ڕەنگە لەناو ئەم دەستە کەمینەیەدا هەر کەمینە بن و بەڕاستی بڕوایان بە قسە قەڵبەکانی ڕێژیم هێنابێ و لەڕووی قەناعەتێکی دەروونیەوە وەباڵ بۆ قسەکانی دەسەڵاتداران بکێشن، ڕەنگە باسکردنی دوو خاڵ بەکەڵک بێ.
یەکەم. لەباری “دەروونناسیی کۆمەڵایەتی”یەوە دەکرێ بڵێین ڕەوتی بیچم گرتنی زەینیەتی “سووژە” لە سیستمە ئایدۆلۆژیکەکاندا لەسەر فۆرموولی “دووپات کردنەوەی بەردەوامی درۆ هەتا ئاستی بڕوا پێ هێنان وەکوو ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر” دامەزراوە. “سووژە” لەم کۆمەڵگایانەدا ئەوەندە لە کلاسی دەرس و بۆنە ڕەسمییەکان و میدیا حکوومییەکان و نووسراوە ژوورنالیستییەکان و تەنانەت کۆ بوونەوە نیوەڕەسمییەکاندا حوکمی پەسندکراو لەلایەن حاکمییەتەوە دووپات دەکاتەوە یان دەیبیسێتەوە کە بەرە بەرە و بەدرێژایی زەمان و لەژێر بۆمباردومانێکی خەستی ئایدۆلۆژیکدا خۆیشی درۆ بوون و هەڵبەستراو بوونی ئەو حوکمە لەبیر دەکا و هەتا ڕادەیەک بڕوای پێ دەهێنێ.
دووەم: ڕاهاتن لە دۆخی نائاسایی لە ئەنجامی درێژ بوونەوەی دۆخەکە، زۆرجار دۆخەکە بە ئاسایی نیشان دەدا و نائاسایی بوونەکەی لەبەر چاو دەشارێتەوە. لێرەدا ڕەنگە بەپێچەوانە، لەلای هەندێک کەس قسەی ئەو کەسەی گەرەکیەتی نائاسایی بوونی دۆخەکە ئاشکرا بکا، خۆی نائاسایی بنوێنێ و بۆچوونی ئەو کەسەی دۆخە نائاساییەکە بە ئاسایی دەبینێ، سروشتیتر و ئاساییتر بکەوێتە بەرچاو.
شەڕی چەکداری، تاقە بژاردەی رێژیم لەبەرانبەر پرسی کورددا
وەک چۆن لە پرسی هەڵبژاردندا بە گوێرەی ڕیوایەتی ڕەسمی و ئایدۆلۆژیکی حاکمییەت، هێزی دژەهەڵبژاردن و هێزی هەڵبژاردنخواز جێگایان دەگۆڕدرێتەوە، لە باسی شەری چەکداریشدا ڕیوایەتی دەستەڵاتدارەکان هەر بەم چەشنەیە. واتە ئەو لایەنەی دەیەوێ پرسەکە بەشێوەیەکی مۆدێڕن و ئەوڕۆیی و دێموکڕاتیک چارەسەر بکرێ، بە شەڕخواز دەناسرێ و ئەو لایەنەی هەر لەبنەڕەتدا جگە لە بەرەوڕووبوونەوەی چەکداری تاقە بژاردەیەکی تریشی بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد نییە، خۆی بە ئاشتیخواز دەناسێنێ.
ناکۆکییەکە بە هیچ شێوەیەک لەسەر ئەوە نییە کە لایەنی کوردی دەیەوێ پرسەکە بە شەڕی چەکداری چارەسەر بکا و لایەنی دەسەڵاتخوازیش گەرەکیەتی ئەم پرسە بە پشوودرێژی و بەشێوەی هەنگاو بە هەنگاو چارەسەر بکرێ؛ ناکۆکییەکە لەوەدایە لایەنێک پێی وایە لە ئێراندا پرسێک بە ناوی پرسی کورد بوونی هەیە و دەبێ ڕێگاچارەیەکی ئەوڕۆیی بۆ بدۆزرێتەوە و لەبەرانبەردا لایەنێک هەر لەبنەڕەتدا پێی وایە لە ئێراندا دیاردەیەک بەناوی پرسی کورد بوونی نییە هەتا پێویست بێ، ڕێگاچارەیەکی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە.
تێکهەڵچوونی نێوان هێزە سیاسییەکانی کورد و حاکمییەتی ناوەندی وەک هەر دیاردەیەکی دیکە پێویستی بە هۆـ هەڵدان (تبیین،explanation) هەیە. هۆـ هەڵدان واتە وڵام دانەوە بە پرسیارێک کە بە “بۆ” دەست پێ دەکا:
بۆ لەم ماوەی دواییدا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە سەربازییەکانی ڕێژیم تێکهەڵچوون ڕووی دا؟
هەوڵ دەدەین چەند هۆـ هەڵدانی گونجاو بۆ ئەم پرسیارە بدۆزینەوە.
ئەلف. هۆـ هەڵدانی یەکەم.
ـ هێزی پێشمەرگە دوای ماوەیەک دوور بوون لە ناوخۆی کوردستان، هاتووەتەوە ناوخۆ.
ــ هاتنەوەی هێزێکی چەکداری بەرهەڵستکار درەنگ یان زوو دەبێتە هۆی تێکهەڵچوونی چەکداری.
بەم پێیە ئەم تێکهەڵچوونانەی دوایی، لە شنۆ و مەریوان ڕوویان دا.
ئەم هۆـ هەڵدانە لە بنەڕەتدا هی حاکمییەتە. هەندێک کەسی کوردیش دووپاتیان کردووەتەوە. ئەم هۆـ هەڵدانە لە ڕاستیدا ساویلکانەترین شیکارییە کە دەکرێ لەم بارەیەدا بەدەستەوە بدرێ. ئەم شەڕانەی لەم دواییەدا لەنێوان حاکمییەت و هێزە کوردییەکاندا ڕوویان دا چەند ڕووداوێکی دابڕاو لە مێژوو و دابڕاو لە واقیعی تاڵی حاکم بەسەر کۆمەڵگای کوردستان و دابڕاو لە ڕووداوە هاوچەشنەکانی دیکە لە پارچەکان دیکەی کوردستان و لە بڕگەکانی دیکەی مێژووی کورد نەبوون. پرسیاری دروستتر ئەوەیە بپرسین بۆ لە زەمانی دامەزرانی دەوڵەتی شێوە مۆدێرنەوە لە ئێراندا هەتا ئێستا لە نێوان کورد و حاکمییەتی ناوەندی شەڕ ڕووی داوە؟ یەکێک لە هۆـ هەڵدانە گونجاوەکان بۆ وڵام دانەوە بەم پرسیارە لە خوارەوە باس دەکەین.
ب. هۆـ هەڵدانی دووەم.
ــ لە ئێراندا پرسێک بە ناوی پرسی کورد (بێبەش بوونی گەلی کورد لە مافە نەتەوایەتییەکانی) بوونی هەیە.
ـ هەر پرسێک بە چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە، لە درێژخایەندا توندوتیژی و تێکهەڵچوونی لێ دەکەوێتەوە.
ــ حاکمییەتی ئێران جگە لە پشت بەستن بە هێزی سەربازی، هیچ پڕۆژەیەکی بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد نییە.
کەوابوو جارێکی دیکەش لە نێوان حاکمییەت و هێزە کوردییەکاندا تێکهەڵچوون ڕووی دا.
ئێمە پێمان وایە ئەم هۆـ هەڵدانەی دوایی، لەوی یەکەمیان زانستیتر و واقیعبینانەترە. هەرکام لەم هۆـ هەڵدانانە بۆ پێشگرتن بە درێژە کێشانی شەڕ پێشنیارێکی ناڕاستەوخۆی لەناخی خۆیدا هەڵگرتووە. ڕێگایەکی بەراورد کردن و پێکەوە هەڵسەنگاندنی ئەم دوو هۆـ هەڵدانانە ئەوەیە پێشنیارەکانیان بۆ ڕاگرتنی شەڕ پێکەوە بەراورد بکەین. یەکێک لە ئەنجامەکانی هۆـ هەڵدانی یەکەم ئەوەیە بڵێین ئەگەر دەمانەوێ پێش بە درێژە کێشانی ئەم شەڕە بگرین پێویستە پێشمەرگە لە تاراوگە زۆرەملییەکەیدا بمێنێتەوە و پارێزگاری لە تێلدڕووەکانی دەوری خۆی بکا! ئەم حوکمە بەئاشکرا حوکمێکی زۆردارانە و نامەنتیقییە. ملڕاکێشانی هێزە سیاسییەکانی کوردیش بۆ ئەم حوکمە زۆردارانەیە، کردەوەیەکی نامەنتیقییە. بەڵام یەکێک لە ئەنجامەکانی هۆـ هەڵدانی دووەم ئەوەیە ئەگەر قەرارە پێش بە درێژە کێشانی ئەم شەڕە بگیرێ، دەبێ حاکمییەت دان بە بوونی پرسی کورد دابنێ و بۆ چارەسەر کردنی ئەم پرسە پڕۆژەی هەبێ و پڕۆژەکەشی دادپەروەرانە بێ. پشتبەستن بە هێزی سەربازی و میلیتاریزە کردن و ئەمنییەتی کردنی کەشی کوردستان، هەر بە تەنیا دەبێتە هۆی چەندقات بوونەوەی کێشەکە.
ئەگەر بمانەوێ بە ساکارترین زمان هۆی ئەو تێکهەڵچوونانە دیاری بکەین دەبێ بڵێین حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی نەک هەر دەیەوێ هێزە سیاسییەکانی کورد لە تاراوگەدا بمێننەوە و بە تێلدڕوو دەورەیان بدرێ، بەڵکوو دەیەوێ ئەندیشەی مافخوازی و بیری کوردایەتیش لە زەینی مرۆڤی کورد بنێرێتە تاراوگەیەکی زۆرەملی و تێلدڕوویەکی فیکری بەدەوری ئەویشدا بکێشێ. باسەکە بە هیچ کلۆجێک ئەوە نییە کورد بژاردەی شەڕی چەکداری هەڵبژاردووە و حاکمییەت نایەوێ ئەم بژاردەیە بێتە گۆڕێ؛ باسەکە ئەوەیە حاکمییەت پێی وایە بیری مافخوازی و هێزی مافخوازی کورد بە هیچ شێوەیەک نابێ حوزووری سیاسی و تەشکیلاتییان لەناوخۆدا هەبێ، هیزە کوردییەکانیش پێیان وایە ئەوان نابێ لەم حوزوورە بێبەش بکرێن و ئەوە مافی سەرەتایی هێزە سیاسییەکانە بتوانن لەناو خەڵکی خۆیاندا حوزووریان هەبێ و ئەندیشە و ئەجندای سیاسیی خۆیان ڕابنێن. حاکمییەت دەڵێ ئەگەر حوزوورت هەبێ و تاراوگەنشینیی زۆرەملی قەبووڵ نەکەی بە شێوەی چەکداری بەگژتدا دێمەوە و هێزەکانت، بە کوشتن، حەزفی فیزیکی دەکەم (هەر وەک چۆن تاراوگەنشینی زۆرەملیش هەر جۆرێک حەزفی فیزیکییە) هێزە سیاسییەکانی کورد لە وڵامدا دەڵێن وەک چۆن حوزووری ئێمە لەناو خەڵکی خۆماندا مافی بێ ئەملا و ئەولای ئێمەیە، بەرگری کردن لە خۆشمان لەو کاتەی بەرەوڕووی هێرشی چەکداری دەبینەوە، مافی خۆمانە.
دەستپێکردنی شیکارییەکان لە باسی شەڕی چەکدارییەوە هەڵەیەکی گەورەی هەندێک لە شرۆڤەکارانی شوێنوەرگرتوو لە هێژمۆنی حاکمییەته. باسەکە نە بۆ هێزە سیاسییەکانی کورد و نە بۆ حاکمییەتی دیکتاتۆریش لە شەڕی چەکدارییەوە دەست پێ ناکا ـ ئەگەرچی سەرەتا و بەر لە هێزە کوردییەکان، ئەوە حاکمییەتە کە دەست بۆ بژاردەی شەڕی چەکداری دەبا ـ باسەکە لە مافی سەرەتایی حوزوور و ژیان لەناو خەڵکدا دەست پێ دەکا. حاکمییەت پێی وایە هێزی سیاسی کورد بە حوکمی ئەوەی هەڵگری بیر و ئەندێشەیەکی تایبەتە مافی حوزوور و ژیان لەناو خەڵکی خۆیدا نییە و ئەگەر بێتو داوای ئەو مافەش بکا یان بە کردەوە بیەوێ بێتەوە ناو خەڵکی خۆی، وڵامەکەی لە لوولەی تفەنگەوە پێ دەدرێتەوە. دیارە مافی بەرگری کردنی هێزی کوردیش لەخۆی لە ئەگەری بەرەوڕوو بوونەوەی چەکداری وەکوو مافی ژیان لەناو خەڵکی خۆیدا، مافێکە هیچ یاسایەکی ئینسانی و ئەوڕۆیی ناتوانێ لێی زەوت بکا.
پێچەوانە دیتنی واقیع لە کۆمەڵگا ئایدۆلۆژیکەکاندا جاری وایە لە ئاستی خەتاوە بەرەو ئاستی پەتا بەرز دەبێتەوە. لانی کەم یەکێک لە پێناسەکانی ئایدۆلۆژی بریتییە لە شێوە بۆچوونێک کە دیاردەکان بەراوەژوو نیشان دەدا و ئاگادارییەکی درۆیین دەدا بەو خەڵکەی بڕوای پی دەهێنن. ئێمە لە دێڕەکانی پێشوودا هەوڵمان دا ئەوە دەربخەین کە چۆن هێزی ناوەندخوازی نادێموکڕات لە جیاتی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی ئوسوولی بۆ پرسێکی مێژوویی، دەست بۆ چەک دەبا و هێرش دەکاتە سەر خەباتکارانی کورد و شەهیدیان دەکا. با مێژووی کورد ئەمە لە لاپەڕەیەکی غەمگیندا تۆمار بکا کە ئێمە لە جەنگەی دوایین حوزووری پێشمەرگە لەناوخۆ و هێرشی سپای پاسداران بۆسەر پێشمەرگە، بەداخەوە شرۆڤەکاری ئاوامان هەبوو کە لە ئەنجامی شوێنوەرگرتن لە ئایدۆلۆژیی بەراوەژووکەرەوەی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی، لە جیاتی ئەوەی تاوانی کوشتنی ڕۆڵەی کورد بە دەستی پارێزەرانی دیکتاتۆری ببینێ، کارەساتەکە وەک بەکوشتدانی ڕۆڵەی کورد لەلایەن هێزی سیاسی کوردەوە وەسف دەکا[1].
ئەگەر ئەو قسەیە ڕاست بێ نەک هەر لە مێژووی کورددا بگرە لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازانەی هەموو گەلانی جیهاندا ئەوە هێزە ئازادیخوازەکان بوون کە بە هۆی خەباتیانەوە، ڕۆڵەکانیان بە دەستی سیستمە تۆتالیتێرەکان بە کوشت دەدا! دیتنی “کوشتن” وەک “بەکوشتدان” ڕاوەستان لە شوێنێک و ڕوانین لە شوێنێکەوەیە کە شوێنی ڕاوەستان و ڕوانینی ئێمە نییە بەڵکوو هی نەیاران و زەوتکەرانی مافی گەلی ئێمەیە. تەشخیسی ئەوەی ئێمە لە کوێ ڕاوەستاوین یان دەبێ لە کوێ ڕاوەستین یەکجار گرینگە.
جیاوازی نێوان “تیۆری” و “گوتار” لێرەوە سەرچاوە دەگرێ. تیۆری بریتییە لە کۆمەڵێک زانیاری ڕووت کە دەکرێ لەبەریان بکەی و بیانڵێیەوە، کاریشت بەمە نەبێ ئەو کۆمەڵە زانیارییانە چ پێوەندییەکیان لەگەڵ شوێن و کات و بێژەر و بەردەنگ و کەشی گوتنیانەوە هەیە. گوتار بریتییە لە تێگەیشتن لە تیۆڕی لەم شوێن ـ کاتەی تۆی تێدای. شوێن ـ کاتێکی مێژوویی و فەرهەنگی ئەوتۆ کە ناسینی سەنگت پێ دەدا و نەناسینی سووکت دەکا. گرینگی پێدانی بایەخ بە قسەت دەدا و خۆ لێ نەبان کردنی خەسارێکی قەرەبوو نەکراوەیە و تڕۆت دەکا. بە داخەوە یەکێک لەو بۆسانەی ئەوانی دی زۆر کەم وا هەیە تێی بکەون، بەڵام ئێمە زیاتر تێی دەکەوین، هەر ئەمەیە؛ واتە دووپات کردنەوەی ئەو گوتانەی سەر بە گوتاری ئەوانن و ڕەنگە لە دەمی ئەوانەوە تەنانەت ناشیرنیش نەبێ، بەڵام ئەگەر لە دەمی ئێمەوە بێتە دەر ببێتە مایەی ڕیسواییمان.
خاڵێکی تر کە شرۆڤەکاران لە شیکارییەکانیاندا نابێ لەبیری بکەن ئەوەیە کە عادەتەن ئەو لایەنە زیاتر دەست بۆ چەک دەبا و پشت بە بژاردەی تێکهەڵچوونی چەکداری دەبەستێ کە لەباری تێکنۆلۆژیی سەربازی و دەرەتانی چەکدارییەوە تەیارتر و پۆشتە و پەرداختر بێ. ئەگەرچی هێزی پێشمەرگە لە بەرانبەر هێرشی کۆماری ئیسلامیدا دەستەوەستان نییە و توانایەکی باشی بۆ هەڵسووڕانی پارتیزانی هەیە و لەئەگەری هێرشی چەکداری ڕێژیمدا دەتوانێ هەزینەیەکی زۆر بەسەر حاکمییەتی ملهوڕ دابسەپێنێ، بەڵام دواجار ئەوە حاکمییەتە کە لەباری چەکوچۆڵی نیزامییەوە هەتا سەر ئێسقان خۆی تەیار کردووە و پێی وایە بە دابین کردنی دەرەتانی زۆروزەندی نیزامی دەتوانێ مانەوەی خۆی مسۆگەر بکا.
دیارە کۆماری ئیسلامی لەم موحاسەبە هەڵەیەدا لەگەڵ ڕێژیمی ڕووخاوی پەهلەوی هاوبەشییان هەیە. ڕێژیمی پەهلەویش لەباری چەکوچۆڵی نیزامییەوە هێزی یەکەمی ناوچە بوو، بەڵام لەبەرانبەر هێزی بێئامانی خەڵک، خۆی نەگرت و ڕووخا. ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە کورد بەتەنیا ڕێژیمی پەهلەوی نەڕووخاند بەڵام یەکێک لە فاکتەرە گرینگەکانی ڕووخانی ڕێژیمی شا بوو. هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ساڵی٤٧دا بە بەرگری کردنی چەکدارانەی خۆی لەبەرانبەر هێرشی ئەرتەشی تەیاری شا، سامی خەڵکی لە هیزی ڕێژیم شکاند و دە ساڵ دواتر لە ساڵی ٥٧دا ڕێژیم بەیەکجاری هەرەسی هێنا.
مێژوو پێمان دەڵێ بەڵێ ئەوە کورد نەبوو کە حکوومەتی پاشایەتیی ڕووخاند بەڵام ئەو زەبرەی کورد لە ئەرکانی حاکمییەتی ڕێژیمی وەشاند هەر نەبێ یەکێک لەو سەدان زەبرانە بوو کە چارەنووسی ڕێژیمی شایان بەرەو ئاقارێکی دیکە برد. ئێستا کە دەبینین هەندێک بەناو سەرکردەی کورد کە لەڕاستیدا ناکرێ وەکوو کادری مامناوەندیی سیاسیش حیسابیان لەسەر بکرێ، لە هەوڵی ئەوە دان ئەجندای سیاسیی سەقەت و ئیفلیجی خۆیان لە مانەوەی کۆماری ئیسلامی گرێ بدەن، لەڕاستیدا نە مێژوویان خوێندووەتەوە و نە بەداخەوە لە شیکاری و تیۆریشدا بزگوڕێکی بەلاش یان بنژیلێکی بێقیمەتیان پێ بڕاوە. ئەوانە نەک هەر لە ئینشعابی تەشکیلاتییاندا زەبری خۆیان لە حیزبی دێموکڕات و بزووتنەوەی دێموکڕاتیکی گەلی کورد وەشاند و خۆیان شەرمەزاری مێژوو کرد، ئەوە ماوەیەکە فازی دووەمی ئینشعابی خۆیشیان کە بریتییە لە فازی ئینشعابی فیکری دەست پێ کردووە و دیسان ئەوە مێژووە کە پێمان دەڵێ هیچکام لە جەریانە ئینشعابییەکان کە ئینشعابی تەشکیلاتییان لە حیزبی دێموکڕات کرد، نەیانتوانی خۆیان لە ئینشعابی فیکری لابدەن و ئینشعابی فیکری وێڕای ئینشعابی تەشکیلاتی بەرۆکی گرتن ـ جا چ ئەو ئینشعابە فیکرییە بەر لە ئینشعابە تەشکیلاتییەکە ڕووی دابێ، وەک ئینشعابی دوای کۆنگرەی چوار و چ ئینشعابە فیکرییەکە دوای ئینشعابی تەشکیلاتی ڕووی دابێ، وەک ئینشعابی دوای کۆنگرەی سێزدە، دواجار کۆی ئەو دوو ئینشعابانە کە تەواوکەری یەکترن، جەریانە ئینشعابییەکانی بەرەو هەڵدێر بردن. [2]
باسێکی دیکە کە دەربارەی مافی حوزووری هێزە سیاسییەکان لەناو خەڵکی خۆیاندا هاتووەتە گۆڕ ئەوەیە کە بۆچی ناکرێ هێزە سیاسییەکان بەشێوەی فیکری و گوتاری لەناو خەڵکدا حوزووریان هەبێ هەتا لە بەراورد کردنی هەزینە و فایدەدا، کەمترین هەزینە بدەن و زیاترین سوود وەدەست بخەن (ڕەخنەی یەکەم) لە ڕەخنەیەکی تری نزیک لەم ڕەخنەیە، باسی ئەوە کراوە جووڵەیەکی ئەوتۆ دەبێ پشتئەستوور بە گوتارێکی تێروتەسەل بێ و لە حالەتی نەبوونی ئەم گوتارەدا، جووڵەکەش ئەستێور دەمێنێتەوە و بەرێکی بەرچاوی لێ شین نابێ. (ڕەخنەی دووەم).
لە وڵامی ڕەخنەی یەکەمدا دەبێ ئاماژە بەو ڕاستیە بکەین ئەو لایەنەی وا دەیەوێ هێزی سیاسیی کورد حەزفی فیزیکی بکا و بۆ تاراوگە دووری بخاتەوە و پێوەندیی تەشکیلاتی ئەم هێزە لەگەڵ خەڵک بپچرێنێ یان بیگەیەنێتە نزمترین ئاستی خۆی، زۆر چاک دەزانێ حەزفی فیزیکی پێشەکی و ڕێگاخۆشکەری حەزفی فیکرییە. لەلای حاکمییەت، دوور خستنەوەی فیکری قۆناغی دوای دوور خستنەوەی بەجەستەیە و دەستەڵاتی سەرەڕۆ بۆ جێبەجێ کردنی ئەم قۆناغەی دواییش سێودوو ناکا.
لەولاوە پەیامی ئەو لایەنەی وا پێشمەرگە دەنێرێتەوە ناوخۆ ئەوە نییە حوزووری پێشمەرگە با ببێتە ئالترناتیڤی بەرهەم هێنانی فیکر و گوتار، بەرهەم هێنانی گوتار شان بە شانی حوزوور و خەباتی پێشمەرگە و هەر لە جەنگەی ئەم خەبات و حوزوورەدا ڕوو دەدا. فیکر و گوتاری دەوڵەمەند، خەباتی جیددی لێ بەرهەم دێ و خەباتی جیددیش سات بە سات بە سامانی گوتار و فیکرەکەوە زیاد دەکا.
لایەنی تەنزی باسەکە ئەوەیە هەندێک لەو کەسانەی لە حیزبی دێموکڕاتیان ڕانەدەدی دیواری درۆیین و بەربەستی بۆشی هێزی سەربازیی ڕێژیم بۆ پێش گرتن بە هاتنەوەی پێشمەرگە تێکبشکێنێ و هەر بە هۆی ئەم تێڕانەدیتنە و بە زمانی تەوس، ناوی حیزبی دێموکڕاتیان وەک حیزبێکی کەمپنشین دێنا ئێستا هاواریان لی بەرز بووەتەوە کە بۆچی حیزب لە کەمپەکەی خۆی دانانیشێ هەتا پێشمەرگەی خۆیشی سلامەت بن و برادەرانی سپاش خوێنیان لە لووتیان نەیە! ئەو دەم کەمپنشینی، لەلای ئەم شرۆڤەکارە هەڵەوێژانە مایەی گاڵتە و پێکەنین بوو کەچی ئێستا نیشانەی پشوودرێژی و ژیر بوون و موحاسبەی هەزینە فایدە و موقاومەتی مەنفی و حەلەم قەلەمی لەم چەشنەیە. حیزبی دێموکڕات نە ئەو دەم کە بەهۆی هەندێک بەرژەوەندی تایبەتەوە، حوزووری پێشمەرگەی لەناوخۆی کوردستانی ئێراندا سنووردار کردبۆوە، هێزی خۆی لەوەی کە هەبوو کەمتر دەدی و خۆی بەهێزێکی چکۆڵە و لاوەکی لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا حیساب دەکرد و نە ئێستاش کە هێزی ئامادەی لەناوخۆدا هەیە، خۆی لەوەی کە هەیە بە قەبەتر دەبینێ.
لەپێوەندی لەگەڵ ڕەخنەی دووەم (ئەو ڕەخنەیەی دەڵێ جووڵەیەکی لەگوێن حوزووری پێشمەرگە دەبێ پشتئەستوور بە گوتار بێ) دەبێ بڵێین ئەو قسەیە هەڵە نییە. بەڵام حوزووری پێشمەرگە لەناو خەڵک و خەباتی پێشمەرگانە دابڕاو لە گوتار نییە. ئامادە بوونی ئەم دواییانەی پێشمەرگە لەناوخۆ و بەرەوڕوو بوونەوەی حاکمییەت لەگەڵ پێشمەرگە، ڕووداوێک نییە بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورددا ڕووی دابێ، لانی کەم مێژووی هاوچەرخی کورد لەم سەدوبیست ساڵەی دواییدا بەشێکی زۆری لەسەر ئەم شێوە ئامادە بوونەی هێزی کورد لەناو خەڵکی خۆی و بەرەوڕوو بوونەوەی هێزی نەیار، ساغ بووەتەوە. گومان لەوەدا نییە خەباتی هێزە سیاسییەکانی کورد دەبێ ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە گوتارێکی تازەتر و مۆدێرنتر هەڵبێنجێ و خۆی پێ پاراو بکا و سامانی بەوەجی نوێی پێوە زیاد بکا. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە هاتنەوەی دووبارەی پێشمەرگە جووڵەیەکی کوێرانە و (ئیبتدا بە ساکن) و حیساب بۆ نەکراو و بزاڤێکی دابڕاو لە گوتار بووە. ئەم جووڵەیە نوێترین ئاڵقە لە ئاڵقە زۆر و زەوەندەکانی زنجیرەیەکی دوور و درێژی مێژووییە. جووڵەیەکی ئەوتۆ چۆن جووڵەیەکی دابڕاو لەگوتارە؟ ئەدی گوتاری خەباتگێڕانەی سەدوبیست ساڵەی کورد پێوەندیی بەکام شێوە خەبات و کام شێوە هەڵسووڕانەوە هەیە؟ ئایا ئەم گوتارە بۆ هەموو پارچەکان ڕەوایە و بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات حەڕامە؟ ئایا ئەم گوتارە بۆ حیزبە کوردییەکانی دیکە ڕەوایە و هەر بەتەنیا لە حیزبی دێموکڕات حەرامە کە بەشێکی بەوەجیش لەم گوتارە هەر خۆی بەرهەمی هێناوە؟
٢. وێرژێنە جۆراوجۆرەکانی خۆلادان لە چارەسەر کردنی پرسی کورد
گوتمان هۆی سەرەکیی تێکهەڵچوون و توندوتیژی لە کوردستان، خۆلادانی حاکمییەتی ناوەندی یان باشترە بڵێین حاکمییەتی ناوەندخواز لە چارەسەر کردنی پرسی کوردە. بەڵام ئەم خۆلادانەش بە یەک شێوە بەڕێوە ناچێ. ئەوەندەی حاکمییەتی ناوەندخواز لە زەمانی ڕەزاشای پەهلەوییەوە هەتا ئێستا زەبەلاحتر بووە، شێوەکانیشی بۆ خۆلادان لە چارەسەر کردنی پرسی کورد جۆراوجۆرتر بووە. لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا هەر چەندەی دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی سیستمی حاکم زیاتر دەبێ، لەجیاتی ئەوەی ئەو دەسەڵات و دەستڕۆیشتووییە ـ جا چ ڕواڵەتی بێ و چ ڕاستەقینە ـ خەرجی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی پێشکەوتوووانەتر بۆ گرفتە سەرەکییەکانی وڵات بکرێ، خەرجی شێوەی تازەتری خۆدزینەوە لە گرفتەکان و کپ کردنی دەنگی ناڕازییەکان دەکرێ.
لە مێژووی ئەندیشەدا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، بزووتنەوەیەکی فیکری لە ئورووپا سەری هەڵدا کە پێی وابوو هەر لە بنەڕەتدا پرسی فەلسەفی بوونی نییە. بیرمەندانی سەر بەم بزووتنەوەیە پێیان وابوو، ئەوەی بە پرسی فەلسەفی دەناسرێ لەڕاستیدا لە ئەنجامی هەندێک گەمەی زمانییەوە دێتە کایەوە. هەر بۆیە دروشمی ئەم بیرمەندانە ئەوە بوو کە ئێمە نامانەوێ پرسە فەلسەفییەکان “حەل” بکەین یان چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، چونکە هەر بڕوامان بەم پرسانە نییە، بەڵکوو ئێمە دەمانەوێ ئەم پرسانە “مونحەل” بکەین واتە هەڵیانوەشێنینەوە.
لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا هێزە سیاسییە ناوەندخوازەکان ـ چ لە دەسەڵاتدا بووبن و چ لە دەرەوەی دەسەڵاتدا بووبن ـ نەیانویستووە پرسی کورد حەل بکەن، بەڵکوو هەمیشە ئیرادەی سیاسییان خەرجی ئەوە کردووە پرسی کورد مونحەل بکەن. جا بۆ ئەو مونحەل کردنە دەستیان لە هیچ کارێکی توندوتیژ نەگێڕاوەتەوە، لە مونحەل ڕاگەیاندنی حیزبە خەڵکییەکانی کوردستانەوە بگرە هەتا کوشتن و بڕین و ڕاونان و تۆقاندن.
لە مێژووی هاوچەرخی ئێران ـ لە ئاستی تیۆریدا ـ بە چوار شێوە هەوڵ دراوە کێشەی کورد ڕەت بکرێتەوە و دەنگی مافخوازیی گەلی کورد کپ بکرێ و پرسی کورد لەجیاتی ئەوەی حەل بکرێ، مونحەل بکرێ. ئەم چوار شێوانە ئەمانەن:
ئەلف. حاشا کردن لە بوونی پرسەکە یان پاک کردنەوەی ڕووی پرسەکە
ب. گۆڕینی ڕووی پرسەکە یان شێواندنی پرسی کورد
ج. پێکهاتەشکێنیی چەمکی “گەلی کورد”
د. پێشنیار کردنی ڕێگاچارەی نادادپەروەرانە
بەر لەوەی ئاوڕێکی کورت لە هەر کام لەم شێوازانە بۆ بەلاڕێدا بردنی پرسی کورد بدەینەوە پێویستە باسی ئەوە بکەین ئەم چوار شێوازە بەڕواڵەت جیاوازانە لەڕاستیدا چوار دیوی دیاردەیەکی واحیدن و بەشێوەیەکی جەوهەری جیاوازییان پێکەوە نییە. بەڵام هەرکام لەم شێوازانە لەکار کرابن، لە درێژخایەندا بوونەتە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوون لە کوردستاندا و لە داهاتووشدا هەتا ئەم شێوازانە لە جیاتی شێوەی بەرەوڕوو بوونەوەیەکی مۆدێڕن لەگەڵ پرسی نەتەوەیەک لەکار بکرێن، شەڕ و تێکهەڵچوون و توندوتیژی هەر دەقەومێتەوە. لەڕاستیدا هاواری کورد لە سەرەتای بزووتنەوەی مۆدێڕنی نەتەوایەتییەوە ئەوە بووە کە با شەڕ و توندوتیژی جێگای ڕێگاچارەی مۆدێڕن و دیپلۆماسییانە نەگرێتەوە. لەم لاوە لایەنی دەسەڵاتخواز بە دەسەڵاتەکەی و بە ئیمکاناتی ماددی و چەکداریی خۆی غەڕڕە بووە و لە بەرانبەر ئەم داوایەدا هێرشی کردووەتە سەر کوردستان. ئێستا دەزگای تەبلیغاتیی ڕێژیم، کورد بە شەڕخواز و خۆی بە ئاشتیخواز دەناسێنێ و ڕەنگە خەڵکی ساویلکەش وەباڵی بۆ بکێشن.
لەبەر ئەوەی هێرشی دەسەڵاتخوازەکان بۆسەر کوردستان هەمیشە بە دوای ئەم بۆچوونە شێوێنەر و شۆڤینییانەوە هاتووە ڕەنگە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لەم بۆچوونانە بێکەڵک نەبێ.
حاشا کردن لە بوونی پرسی کورد یان پاک کردنەوەی ڕووی پرسەکە
ساکارترین کەرەستە کە دەسەڵاتخوازان دەستیان بۆ بردبێ و لەڕاستیدا دواکەوتووانەترین و ناشارستانیانەترین کەرەستەش بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ پرسێکی لەم چەشنە، حاشا کردن لە سەرلەبەری پرسەکەیە. ئەم شێوە بەرەوڕوو بوونەوەیە زیاتر لەوەی ساکار بێ ساویلکانەیە و زیاتر لەوەی هەڵە بێ گەمژانەیە. دوای سەدوبیست ساڵ مێژووی خەبات و بەرخۆدانی گەلێک، کاربەدەستێکی نەخوێندەوار بێ و بەرەوڕووی ئەم خەڵکە، دەمی هەتا بنانگوێی دابپچڕێ و شوکرانەبژێر بێ کە بە خۆشییەوە لە ئێراندا لەبەر ئەوەی هەموو خەڵک خۆیان بە ئێرانی دەزانن یان خۆیان بە مسوڵمان دەزانن، پرسێکی وەک پرسی کورد لە گۆڕێدا نییە، ئەمە زیاتر لەوەی بۆ ئەمە بشێ وەسفی ناڕاست بوونی وەپاڵ بدرێ، شیاوی ئەوەیە وەسفی گەمژانە بوونی وەپاڵ بدرێ.
سەیر ئەوەیە دەسەڵاتخوازانی سەرکوتکەر ئەم قسەیان لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا دووپات کردووەتەوە. لە هەموو پارچەکاندا قسەی دەسەڵاتبەدەستەکان ئەوەیە کە وڵاتی ئێمە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دی کە کوردیان تێدا دەژی، جیاوازی هەیە و ئەگەر لەو وڵاتی دیکە ناحەقییەکیش دەرحەق بە کورد بکرێ، لێرە برایەتییەکە لە نێوان کورد و غەیرە کورد هێند پتەوە کە گرفتی وا لەگۆڕێدا نییە. هەڵبەت لە هەموو پارچەکاندا ئاوڕ دانەوە لە مێژوویەکی دوورودرێژی خەبات و بەرخۆدان و هێرش لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە و خۆڕاگری لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە، خێرا ئەم بۆچوونانە هەڵدەوەشێننەوە.
ئەم قسەیە ئەگەرچی لە هەموو پارچەکانی کوردستان دووپات کراوەتەوە بەڵام لە ئێراندا زۆر زیاتر جەختی لەسەر کراوە. گوتوویانە لەبەر ئەوەی کورد لەگەڵ تورک و عەرەب هاوڕەگەز نییە و بە نیژاد، نەتەوەیەکی ئێرانییە و زمانەکەی لە پۆلێن کردنی زمانناساندا وەک یەکێک لە زمانە ئێرانییەکان دێتە ئەژمار و کورد لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بژی، خۆی بە ئێرانی دەزانێ، کەوابوو دۆزی کورد لە ئێراندا لەگەڵ دۆزی کورد لە وڵاتانی دیکەدا جیاوازیی هەیە.
ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەگەر ئەم قسانە ڕاست بن، نەک هەر لە بەرپرسایەتیی حاکمییەتی ئێران بە نیسبەتی کوردانی جیهان کەم ناکاتەوە بگرە ئێران دەبێ وەکوو نابەرپرسترین دەوڵەتی جیهان بە نیسبەتی خەڵکی هاوڕەگەزی خۆی بناسرێ. هەموو دەوڵەتەکان خۆیان بە پارێزەری ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هاوڕەگەزی خۆیان لە هەموو جیهان دەزانن. تورکیا سنووری هاوبەشی لەگەڵ ئەفغانستان نییە بەڵام سەبارەت بە کەمینەیەکی تورکی ئوزبەک کە لەوێ دەژین بە مافی خۆی دەزانێ هێزی لە ئەفغانستان هەبێ و بەرگری لە ماف و بەرژەوەندیی ئەم کەمینە هاوڕەگەزەی خۆی بکا. ڕووسیا بۆ پاراستنی مافی ئەو خەڵکە بەڕەگەز ڕووسەی لە بێلاڕووس و کریمە دەژین، لەو یەک دوو ساڵەی دواییدا لە هیچ هەوڵێک درێخیی نەکردووە.
لەولاوە هەموومان ئاگادارین حاکمییەتی ئێران لە هەر وڵاتێكدا وا هەست بکا کوردی ئەو وڵاتە ـ واتە بە گوتەی خۆی هاوڕەگەزەکانی خۆی ـ بە هەر کوێرەوەری و ڕەنج و قوربانیدانێک بێ، خەریکن مافێکی زەوتکراوی سەرەتاییی خۆیان وەردەگرن، ئەوا ئەم حاکمییەتە بە ئەرکی بێئەملاوئەولای سەرشانی خۆی دەزانێ هەوڵێکی درێژخایەن یان کورتخایەنی بۆ پووچەڵ کردنەوەی ئەم دەسکەوتەی کوردان لە بەرنامەدا هەبێ. پرسیارێکی سەرەکی کە ڕووناکبیران و سیاسەتمەدارانی ئێرانی دەبێ وڵامی بدەنەوە ئەوەیە ئەوە چ جۆرە هاوڕەگەزێکە کە ئێوە لە هەموو جیهاندا بەرژەوەندییەکانی بەدژی بەرژەوەندی خۆتان دەزانن؟ ئەوە چ هاوڕەگەزێکە ڕێژیمی پاشایەتی ویستی بە سەددامی بفرۆشی و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەیەوێ بە حەشدی شەعبیی بفرۆشێ؟ کامە دەوڵەت لە جیهاندا هاوڕەگەزەکانی خۆی لەناوخۆی وڵات قەڵاچۆ دەکا و لەدەرەوەش لە هیچ پیلانگێڕییەک بۆ شکاندنیان دەست ناگێڕێتەوە؟ ئەوە چ نهێنییەکە کورد لە هەر شوێنێکی جیهان بێ، وەک ئێوە دەڵێن، خۆی بە ئێرانی دەزانێ، بەڵام ئێوە لە هەر شوێنێکی جیهان کوردێکتان پێشک بێ بە بێگانەی دەزانن و وەک هەڕەشەیەک بۆسەر بەرژەوەندی و تەناهیی نەتەوەییی خۆتان حیسابی لەسەر دەکەن؟
ئێستا ئەوا ماوەیەکە پرسی سەربەخۆیی و ڕێفراندۆم لە کوردستانی باشوور گەرمە. هیچ وڵاتێک ئەوەندەی ئێران کاری جیددیی دیپلۆماسی و سەربازی، بەئاشکرا و بە نهێنی ، بۆ تێک شکاندنی ئەم هەوڵە لە بەرنامەی کاریدا نییە.
ههر له سهرهتاکانی سهدەی بیستهمهوه هێندێک سیاسهتوانی ئێرانی ویستوویانه سهرنجی حکوومهتی ئێران بۆ ئهو خاڵه ڕابکێشن کە بوونی کوردستانێکی سەربەخۆ لە جیرانەتیی ئێراندا و لە نێوان دوو دەوڵەتی ڕکابەری ئێران واتە تورکیا و عێراق زیاتر لە هەر دەوڵەتێکی دیکە بە سوودی ئێرانە. له ساڵهکانی 1925 و 1926دا دکتۆر مهحموودی ئهفشار بانگهشەی پانتوورانییهکانی تورکیا وهبیر کاربهدهستانی ئێڕانی دههێنێتهوه و پێیان دهڵێ لهبهر ئهوهی کوردهکان لهگهڵ ئێرانییهکان هاوڕهچهڵهکن، بوونی کوردستانێکی سهربهخۆ له نێوان ئێران و عوسمانیدا به سوودی ئێرانه و ئێران دهبێ حهولی بۆ بدا. ههر لهو سهروبهندەدا هێندێک له شارهزایانی سیاسی و کاربهدەستانی ئهوسای ئێران باسی ئهوەیان کردووه که کێشەی کورد نهک ههر بۆ ئێران خاڵێکی لاواز نییه بهڵکوو دهکرێ وهک خاڵێکی بههێزیش چاوی لێ بکرێ. دکتۆر مهحموودی ئهفشار له وتارێکدا که له ساڵی 1925 له گۆڤاری ئایندەدا بڵاوی کردووهتهوه باسی ئهوەی کردووه پێویسته ئێرانییهکان لهناوخۆ هێندێک ههنگاو بۆ باشتر بوونی دۆخی کوردهکانی ناوخۆ ههڵبێننهوه و له دهرهوهش لایهنگری له سیاسهتی کوردستانی سهربهخۆ بکهن.[3]
لە مێژووی دیپلۆماسیی ئێرانیدا دەنگی لە گوێن دەنگی دکتۆر مەحموودی ئەفشار هەرگیز نەبیستراوە و لە جیاتی “باشتر کردنی دۆخی کوردانی ناوخۆ و لایەنگری کردن لە کوردانی دەرەوە”، “قەڵاچۆ کردنی کوردانی ناوخۆ و پیلانگێڕی بەدژی کوردانی دەرەوە” بوو بە سیاسەتی ڕەسمی و نەگۆڕی دەسەڵاتبەدەستە ناوەندخوازەکان لە ئێراندا.
ئەم هەموو هەوڵەی دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران لەناوخۆ و لە دەرەوە بە دژی بزووتنەوەی کورد بە هیچ شێوەیەک نیشاندەری ئەوە نییە کە لە ئێراندا پرسێک بەناوی پرسی کورد لەئارادا نییە، بەڵکوو تەواو بە پێچەوانەوە، نیشانەی ئەوەیە پرسێکی زۆر جیددی و کێشەیەکی مێژوویی لە ئێراندا بەناوی پرسی کورد هەیە کە حاکمییەتی ئێران نایەوێ بە ڕەسمیی بناسێ و ئیعتراف بە بوونی ئەم پرسە بکا. ئیعتراف نەکردن بە پرسێکی لەم چەشنە کە کێشەی نەتەوەیەکە، شەڕ و توندوتیژیی لێ دەکەوێتەوە و لەم توندوتیژییەشدا ئەو لایەنە تاوانبارە کە هەر لەبنەڕەتەوە قەبووڵی نییە کە پرسێکی لەم چەشنە هەیە هەتا پێویست بێ بەدوای دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکدا بگەڕێ.
گۆڕینی ڕووی پرسەکە یان شێواندنی پرسی کورد
هەوڵێکی دیکە کە بە جیددی لە بەرنامەی کاری ناوەندخوازەکاندا بووە ئەوە بووە کە بڵێن ڕاستە لە هەندێک بڕگەی مێژووییدا کێشەیەک لە کوردستاندا بوونی هەبووە بەڵام ئەم کێشەیە کێشەی خەڵکی کورد نەبووە بەڵکوو کێشەی چەند حیزبێکی شەڕانگێز و بەکرێگیراوی بێگانە بووە کە بە دنەدانی نەیارانی حاکمییەتی ئێرانەوە هەندێک جووڵەیان لەناوچەدا کردووە. ئەم بۆچوونە، خۆی چەندین وێرژێنی جۆراوجۆری لێ کەوتووەتەوە. لێرەدا ئاماژە بە دوانیان دەکەین:
بەکرێگیراو بوونی حیزبە کوردییەکان
ئەلف. ئەم قەوانە بەدرێژاییی مێژووی خەباتی کورد پەیتا پەیتا لەلایەن ناوەندخوازەکانەوە لێدراوەتە. ناوەندخوازەکان دەڵێن هیچ کام لە بزووتنەوەکانی کورد لە بڕگە جۆراوجۆرەکانی مێژووی خەباتەکەیدا خاوەنی ڕەسەنایەتی نەبوون و ئەم بزووتنەوانە زیاتر لەوەی بەسترابێتنەوە بە ویست و داخوازیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، بەستراونەتەوە بە تاکتیک و ستراتێژیی هێزە بێگانەکان و نەیارانی بەرژەوەندییەکانی وڵاتی ئێران. لە ڕوانگەی ئەوانەوە بزووتنەوەی کورد لە کاتی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا جووڵەیەکی کورتخایەنی سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوو. بزووتنەوەی دوای شۆڕشی ٥٧یش بەسترابۆوە بە دەوڵەتی عێراق و حیزبی بەعس و ڕاسانی تازەی ڕۆژهەڵاتیش لە جەمسەرەکانی عەرەبستان و قەتەرەوە گرێ دراوە. دیارە لەبەر ئەوەی هیچ وڵاتێک ـ و یەک لەوان ئێران ـ هەرگیز بێ ڕکابەر و خەنیمی ناوچەیی نابێ، کەوابوو ناوەندخوازەکان دەتوانن هەمیشە لە هەنبانەی بیانوو و وهمی خۆیانەوە ناوی وڵاتێک یان لایەنێک بهێننە دەر و پێیان وابێ شۆرشی کورد بەستراوەتەوە بەم لایەنەوە. بەڵام هەر وەک گوتمان کارکردی هەڵوێستێکی لەم چەشنە، بێچارەسەر مانەوەی کێشەیەکی گەورەی وڵات و کارکردی ئەم بێچارەسەر مانەوەیەش سەرهەڵدانی شەڕ و تێکهەڵچوونە.
ناوەندخوازان تەنانەت خۆیشیان بڕوایان بەم قسەیەی خۆیان نییە. ئەگەر بەڕاستی قسەی حیزبە کوردییەکان و لەسەرووی هەموویانەوە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، لەجیاتی ئەوەی پێوەندیی بە ویستی مێژووییی گەلی کوردەوە هەبێ، پێوەندیی بە خواستی نەیارانی ئێرانەوە هەیە، کەوابوو باشترین هەڵوێست و پشتپێبەستراوترین هەنگاو بۆ سیستمی ناوەندی، بۆ ترۆ کردنی حیزبە کوردییەکان و پێسەلماندنی بەستراوە بوونیان بە هێزی بێگانە و بێبەری بوونیان لە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەوەیە کە جارێک بۆ هەمیشە ڕێفراندۆمێکی ئازاد لە ژێر چاوەدێریی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لە کوردستاندا بەڕێوە بچێ، هەتا ڕادەی پێگەی حاکمییەت و پێگەی حێزبە کوردییەکان لە کوردستاندا دەربکەوێ. ڕاستییەکەی ئەوەیە بەدرێژاییی مێژوو، دەسەڵاتی ناوەندی لەم ڕێفراندۆم و هەڵبژاردنە خۆی دزیوەتەوە و هێزی کوردیش بە تەحەداوە داوای کردووە. هەموو لایەک دەزانێ پێگەی ئەو لایەنەی پێداگری لەسەر ڕێفراندۆم و هەڵبژاردنی ئازاد دەکا لەچاو ئەو لایەنەی لە ڕەوتێکی لەم چەشنە تۆقیوە و بە هیچ شێوەیەک ملی بۆ نادا، چەندەیە. دیارە هێزێک کە ئەوەندە متمانەیەی بەخۆی هەبێ کە بەبێ ترس خۆی بە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئازاد و دەنگی خەڵکی خۆی بسپێرێ، نابێ بەسترابێتەوە بە هێزی بێگانە، بەڵکوو بێشک بەستراوەتەوە بە خەڵکی خۆی. ترسی حاکمییەت لە حیزبی دێموکڕات لەبەر ئەوە نییە کە بەستراوەتەوە بە بێگانە، چونکە حیزبی لەم چەشنە هەر لەبنەڕەتدا جێگای ترس نییە. ترسی حاکمییەت لەو ڕیشە بەربڵاوەیە کە بزووتنەوەی کوردستان لەناو خەڵکی خۆی و لە مێژوو و لە کۆمەڵگای خۆیدا دایکوتاوە.
حاکمییەتی زاڵ بەسەر ئێراندا، نەک هەر لە گشتپرسی بۆ دیاری کردنی ڕادەی جێگە و پێگەی حیزبە کوردییەکان لە کوردستانی دیوی خۆی دەترسێ، بەڵکوو ترسی لە گشتپرسی لە کوردستانی دەرەوەی سنووری خۆیشی هەیە. واتە گرفتی ئەم شێوە سیستمە سیاسییانە هەر لە بنەڕەتدا لەگەڵ مافی دیاری کردنی چارەنووسە. “شەڕ” و “پیلان” دوو وڵامە کە حاکمییەت بۆ ئەم ویستە دەیداتەوە: شەڕ، زیاتر لەناوخۆی سنوورەکانی و بۆ کوردەکانی دیوی خۆی و پیلان زیاتر بۆ کوردەکانی دەرەوەی سنووری خۆی. ئەم دوو سیاسەتە بە سروشتی کۆماری ئیسلامییەوە گرێ دراون. کەوابوو با شرۆڤەکارانی خۆماڵی، کۆماڕی ئیسلامی لە سیاسەتی شەڕ و شێواندن، “تەتهیر” نەکەن.
ب. هەڵێنجان لەسەر بنەمای خراپترین هۆ- هەڵدان
لە بوارە جۆراوجۆرەکانی بیر و زانستدا چەندین جۆری بەڵگەهێنانەوە هەیە. جۆرێک لە بەڵگەهێنانەوە بریتییە لە “ئیستقرا”[4] واتە ڕیز کردنی نموونە هەندەکییەکان بۆ گەیشتن بە بابەتێکی گشتی. جۆرێکی تر لە بەڵگەهێنانەوە بریتییە لە “قیاس”[5]. قیاس پێچەوانەی ئیستقرایە؛ واتە گەیشتن لە بابەتە گشتییەکانەوە بە بابەتە هەندەکییەکان. جۆرێکی تری بەڵگەهێنانەوە کە هەم لە زانستدا و هەم لە ژیانی ڕۆژانەدا زۆر باوە و کەم قسەی لێ کراوە بریتییە لە “هەڵێنجان لەسەر بنەمای باشترین هۆـ هەڵدان”[6]. لەم شێوە بەڵگە هێنانەوەیەدا بۆ شیکاریی دیاردەیەک چەندین مەزەندە دەکرێ. لەناو گشت ئەم مەزەندانەدا ئەوەی لە هەموویان وێچووتر و ماقووڵتر بێ، وەک لێكدانەوەیەکی پشتپێبەستراو بۆ دیاردەکە حیسابی لەسەر دەکرێ.
بۆ نموونە وای دابنێن کەسێک دەخەوێ و دوای چەند کاتژمێرێک لە خەو هەڵدەستێتەوە. کاتێک ئەم کەسە ویستوویە بخەوێ وڵات ویشک بووە. بەڵام کاتێک بەئاگا هاتووەتەوە دیویە وڵات تەڕە. ئەم کەسە بۆ لێکدانەوەی تەڕ بوونی وڵات دەتوانی زۆر مەزەندەی جۆراوجۆر بکا. مەزەندەیەک ئەوەیە کاتێک ئەم کەسە لە خەودا بووە، فڕۆکەیەک هاتووە و وڵاتی ئاوپڕژێن کردووە. مەزەندەیەکی تر ئەوەیە خەڵکی دەروجیران هەموویان پێکەوە حەسار و بەردەرکە و سەربانی ماڵەکانیان شوتووەتەوە. مەزەندەیەکی تر ئەوەیە کەسەکە گومان لەو شتە بکا کە بەچاو دەیبینێ و پێی وابێ لەبەر ئەوەی تازە لە خەو هەستاوە، چاوی ڕەشکە و پێشکە دەکا، ئەگینا وڵات تەڕ نییە. مەزەندەیەکیش ئەوەیە لەو کاتەدا کە ئەم کەسە لەخەودا بووە، ڕێژنە بارانێک دایکردووە و وڵاتی تەڕ کردووە.
هیچکام لەو مەزەندانەی باسیان لێ کرا، مەزەندەی ئەوتۆ نین بەهیچ کلۆجێک نەگونجێن و شیمانەیان لە ئاستی سیفردا بێ، بەڵام دیارە وێچووترین و ماقووڵترین مەزەندە ئەوەی دواییانە. واتە کاتێک ئەو کەسە لەخەودا بووە، بارانێک دایکردووە و وڵاتی تەڕ کردووە.
ئەمە نموونەیەکی ساکار بوو لەم شێوە بەڵگە هێنانەوەی پێی دەڵێن “هەڵێنجان لەسەر بنەمای باشترین هۆـ هەڵدان”. لەم نموونەیەدا و لە زۆر نموونەی دیکەدا، گەیشتن بە مەزەندەی ناڕاست و هەڵە، ڕەنگە ئەنجامی زۆر کارەساتباری لێ نەکەوێتەوە. بەڵام کاتێک باسەکە باسی سیاسەت و ویست و داخوازیی خەڵکێکە، گەیشتن بە مەزەندەی هەڵە و ڕێکخستنی بەرنامەکان لەسەر بناغەی ئەم مەزەندە هەڵەیە، ڕەنگە ئەنجامی کارەساتباری لێ بکەوێتەوە و ببێتە هۆی ئەوەی ئاوەدانیی دەڤەرێک و ژیانی خەلکێکی زۆر تێدا بچێ. لە زۆر بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا پشتبەستنی دەمارگرژانە بە مەزەندەی هەڵە شەڕ و ناکۆکیی لێ دەکەوێتەوە. هەڵبەت ئەمە دیوی خۆشبینانەی باسەکەیە. واتە گریمانەی ئێمە ئەوەیە لەم ناوەدا لایەنی دەسەڵات بەدەست دەخوازێ راستییەکان ببینێ بەڵام بەهەر هۆیەک بێ، لە دیتنی ڕاستییەکاندا تووشی هەڵە دەبێ. ئەو کاتەی لایەنی دەسەڵات بەدەست خۆی باشتر لە هەر کەسێکی دیکە ڕاستییەکە دەزانێ بەڵام نایەوێ یان لە بەرژەوەندییدا نییە کە دانی پێدا بنێ و بەپێچەوانەوە بە هەموو شێوەیەک بیهەوێ حاشای لێ بکا ئەوە شیمانەی ڕوودانی شەڕ و تێکهەڵچوون یەکجار بەرز دەبێتەوە.
توێژەران و سیاسەتوانان بۆ لێکدانەوەی دیاردەی “کێشەی کورد لە ئێراندا” دەتوانن دەستەوداوێنی زۆر مەزەندە بنەوە. دەکرێ بگوترێ کێشەی کورد خوڵقاوی دەستی زلهێزەکان و زایۆنیزمی جیهانییە و حیزبە کوردییەکان بەکرێگیراوی ئەوانن. ڕەنگە بگوترێ ڕکابەرە ناوچەییەکانی ئێران و هاوسێ ناکۆکەکانی ئەم وڵاتە ئەم کێشەیان خوڵقاندووە هەتا بتوانن لە کاتی پێویستدا کەڵکی خۆیانی لێ وەربگرن. ڕەنگە بڵێن کەمینەیەکی ئاژاوەچی و مافیایی لەناو کورداندا هەن کە نوێنەرایەتیی هیچکام لە چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان ناکەن بەڵام بۆ بەرژەوەندیی خۆیان ئەم کێشەیان خولقاندووە.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە دەستەوداوێن بوونی ئەم جۆرە مەزەندانە لە جیاتی ئەوەی “هەڵێنجان لەسەر بنەمای باشترین هۆـ هەڵدان” بێ، “هەڵێنجان لەسەر بنەمای خراپترین هۆـ هەڵدان”ە. بەڵگەمان بۆ ئەم قسەیە چییە؟
پ. تاقیکردنەوەی ڕەوتەکان بە هۆی بەردەوامیی مێژوویی و بەربڵاویی جوغرافییەوە.
زەرفی تاقی کردنەوەی سیاسەتەکان و ستراتێژییەکان و ئایدۆلۆژییەکان، مێژوو و کۆمەڵگایە. پێویستە هەم کات و هەم شوێن هەتا ڕادەیەکی گونجاو خۆیان لەبەر یەک بکێشنەوە هەتا ڕادەی کارامەیی و ناکارامەییی ڕەوتێک یان ڕوانینێک لەم کات و شوێنە کراوەیەدا خۆی نیشان بدا. کات لە مێژوودا گەڕیانی دەبێ و شوێنیش لە کۆمەڵگا و جوغرافیادا. با چاوەدێرێکی واقیعبین لە واقیعی مێژوو و کۆمەڵگای کوردی ورد بێتەوە:
ـ لە رووی مێژووییەوە چ بڕگەیێک لە مێژووی هاوچەرخ هەبووە، کورد دەرفەتێکی بۆ وەگەڕ خستنی بزاڤی ڕزگاریخوازانە لەبەردەستدا بووبێ و ئەم دەرفەتەی لەکیس دابێ؟ لە چ بڕگەیەکی مێژووییدا کورد بە ئازادی یان بە نهێنی باجی بۆ خەباتی نەتەوەخوازانە نەداوە؟ خەباتی کورد لە دیوی ئێراندا لانی کەمەکەی لە کاتی سمکۆوە هەتا ئێستا بەردەوام بووە. ئینجا ئەگەر کەش و هەوای سیاسیی وڵات داخراو و پڕ لە زەبر زەنگ بووە، خەباتەکەی بە نهێنی بەڕێوە بردووە و ئەگەر کەشەکەش بڕووکەیەک کراوەتەوە خەباتی کوردیش ئاشکراتر و ڕاشکاوانەتر بووە.
ـ لە رووی جوغرافی و پانتایی کۆمەڵگاوە خەباتی کورد هەر هاتووە و لە جوغرافیایێکەوە تەشەنەی کردووە بۆ جوغرافیایێکی دیکەوە. ئەگەر حەفتا ساڵ لەمەوبەر شارێکی کوردستان دەوری ناوەندی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی کوردی گێڕاوە، ئێستا ئەم بزووتنەوەیە خاوەنی چەندین ناوەندی گەورە و گرینگە و پێشبینیی ئەوە دەکرێ هەتا چەند ساڵی داهاتوو ئەم فرەناوەندییە هێندەی دیکەش بەربڵاوتر بێتەوە.
ئەگەر بزاڤی ئازادیخوازیی کورد وەپاڵ بێگانە بدرێ، دەبێ ئەم پرسیار گرینگە وڵامی پێ بدرێتەوە کە ئەوە چ وڵاتێک و چ جۆرە حاکمییەتێکە بە درێژاییی سەدەیەک، ناوچە بە ناوچەی هەرێمێکی تایبەتی بووە بە شوێنی نفووزی بێگانە؟
ڕەنگە لایەنی کوردی هەتا ئێستا بە جیددی ئەم پرسیارەی بەرەوڕووی ئایدۆلۆژیی ناوەندخوازانە نەکردبێتەوە کە بۆچی تەمەنی بزاڤی ڕزگاریخوازنەی گەلی کورد لە تەمەنی هەموو دوڵەتەکانی هاوچەرخی ناوەندگەرا زیاتر بووە؟ کاتێک ڕەزاشا دەوڵەتی دامەزراندووە، بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورد لەگۆڕێدا بووە. دەسەڵاتی ڕەزاشا ڕووخاوە، بزاڤی کورد گەرموگوڕتر بووە. گەلی کورد لە زەمانی حەمەڕەزاشادا کۆمارێکی نەتەوەیی دامەزراند و شۆڕشی ٤٦-٤٧ی بەڕێوە برد. تەختوبەختی حەمەرەزاشاش تێک چوو، خەباتی کورد هەر تێک نەچوو. دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە دەیەی شێستی هەتاویدا یەکێک لە گەورەترین بزاڤەکان لە ئاستی ڕۆژهەلاتی ناویندا، بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بوو. کێ هەیە نەزانێ ئەگەر ڕۆژێک کۆماری ئیسلامیش بڕووخێ خەباتی کورد دیسان پەرەسەندووتر و گەشەکردووتر دەبێ؟
لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا ئەگەر کەسێک بیهەوێ بەڕاستی هەڵێنجانێک لەسەر بنەمای باشترین هۆـ هەڵدان بۆ کێشەی کورد بەدەستەوە بدا، دەبێ دان بەوەدا بنێ کە لەناو گەلی کورددا ویستێکی بەگوڕی مێژوویی بۆ وەدیهێنانی مافە نەتەوەییە زەوتكراوەکانی هەبووە و نوێنەرە سیاسییەکانی گەلی کورد ئامادەن باجی خەبات لە پێناو ئەم ئامانجە بدەن.
لایەنی ناوەندخواز ـ جا چ ناوەندخوازی دەسەڵات بەدەست بێ و چ ناوەندخوازی دەرکراو لە دەسەڵات بێ ـ نەک هەر هەڵێنجانەکەی لەسەر بنەمای باشترین هۆـ هەڵدان نییە، بگرە دەستەوداوێنی خراپترین و نەشیاوترین شیکارییەکانیش دەبێ. لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەم چەشنە بەرەوروو بوونەوە دواکەتووانەیە لەگەڵ کێشەی نەتەوەیەک، بەرچاوترین هۆی شەڕ و تێکهەڵچوون و نائارامی و ناسەقامگیرییە.
شەڕفرۆش بوونی حیزبە کوردییەکان
ئەکبەری گەنجی، لەم وتارانەی کە لەسەر کێشەی کورد لە ئێراندا بڵاوی کردوونەتەوە، بانگەشەیەکی سەرنجڕاکێشی لەبارەی مێژووی هاوچەرخی کورد هێناوەتە گۆڕ. بانگەشەکە ئەوەیە کە شۆڕشی ئێران لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ دا سەرکەوت و حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە ٢٣ی ڕێبەندان واتە ڕۆژێک دوای سەرکەوتنی شۆرش و هاتنە سەرکاری سیستمی تازە، شەڕی خۆی بە دژی ئەم سیستمە و بە هێرش بردنە سەر پادگانی مەهاباد دەست پێکرد و هەر درێژەی ئەم شەڕە بوو کە دواتر زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە.
دوای ئەکبەری گەنجی، هەندێک لە چالاکە سیاسییەکانی ئێرانی ئەم بانگەشەیەیان دووپات کردووەتەوە و لە نووسین و وتووێژەکانیاندا گوتیانەوە.
بەر لەوەی لە ڕادەی ڕاستی یان ناڕاستیی ئەم بانگەشەیە بکۆڵینەوە، ئاماژە کردن بە چەند خاڵێک پێویستە:
یەکەم. هەوڵی لەم چەشنە، عادەتەن لەبواری “بوولتەن نووسی” و “پەروەندە سازی“دا بەڕێوە دەچن. ئەم هەوڵانە بۆ شوێندانان و ڕێکخستنی بیروڕای گشتیی خەڵک و خۆراکپێدانی ئایدۆلۆژیکی هێزەکانی حاکمییەت و تەنانەت هێزەکانی دەرەوەی حاکمییەتیش جێبەجێ دەکرێن. لە بوولتەن نووسیدا، بانگەشەیەک، هەواڵێک، شیکارییەک یان پێشنیارێکی بەکردەوە لەلایەن کەسێکەوە یان لایەنێکەوە بەرهەم دێ و دواتر هەر ئەم گوتەیە بە شێوەی هەراو (انبوه) لە لایەن کەسانی دیکەوە دەگوترێتەوە هەتا مێکانیسمی شوێندانان لەسەر بیروڕای گشتی بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێ.
دوای ئەوەی گەنجی ئەم بانگەشەیەی بەرهەم هێنا، دەستبەجێ لەلایەن کەسانێکی وەک محەممەدی سەهیمی و عەتائوڵلا موهاجرانی و هەندێک کەسی دیکەوە قۆستراوە و بە دژی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد دووپات کراوە. ئەکبەری گەنجی کاری خۆی لە سوپای پاسداراندا بە بوولتەن نووسی دەست پێ کرد. دواتریش کە بوو بە ڕەخنەگری باڵی توندئاژۆی حاکمییەت، یەکجار زۆر کەڵکی لە شارەزاییی خۆی لەم بوارەدا وەرگرت.
دووەم. ئەم شێوە ڕیوایەت و سێناریۆیانە لە بنەڕەتدا بۆ ڕەوایی بەخشین بە هێرشی حاکمییەت بۆ سەر کوردستان و پاساودانی شێوەی بەرەوڕوو بوونەوەی ڕێژیمی تاران لەگەڵ پرسی کوردە. عەتائوڵلاهی موهاجرانی لە بەرنامەیەکی تەلەویزیۆنی بیبیسی دا وەک پاساو هێنانەوە بۆ هێرشی چەکداریی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و شەپۆلی ئیعدامەکانی سیستم لە کوردستان بە دەستی کەسانیکی وەک خەڵخاڵی، گوتی حیزبە کوردییەکان لە سبەینێی ڕۆژی سەرکەوتنی شۆرشەوە، چەکیان بە دژی دەولەتی تازە هەڵگرت و هەر دەوڵەتێکیش لە جیاتی دەوڵەتی ئێران بایە، هەر بەم شێوەیە لەگەڵ گرووپێکی شەڕخوازی چەکداردا بەرەوڕوو دەبووەوە. حەمیدڕەزا جەلایی پوور و مستەفا تاجزادەش هاوشێوەی ئەم قسانەیان دووپات کردووەتەوە.
ئەم شێوە بۆچوونانە نەک هەر بۆ پاساودانی شەڕ و ئیعدامەکانی ڕابردوو لە ساڵانی سەرەتای شۆڕش دەردەبڕدرێن، بەڵکوو بێگومان زەینییەتی باڵی ڕێفۆرمخوازی حاکمییەت و تەنانەت بەشێکی زۆر لە ئۆپۆزیسۆنی ئێرانیش بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی داهاتوویان لەگەڵ کێشەی کورد نیشان دەدەن.
تەنزی مێژوو ئەوەیە کەسانێک کە پاساو بۆ شەپۆلی ئیعدامەکانی خەڵخاڵی لە کوردستان دەهێننەوە، خۆیان بە دژی شەڕ و توندوتیژی دەزانن، ئەو حیزبەش کە سکرتێرەکەی لەسەر مێزی وتووێژ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەکی ئاشتیخوازانەی کێشەی کورد، هەر بە دەستی لایەنی وتووێژکار !! کوژراوە بە شەڕخواز دەناسێنن.
با بگەڕێینەوە بۆ ریوایەتی ئەکبەری گەنجی لە شەڕی ڕێژیم لە کوردستان کە ئێستا بووە بە ریوایەتی ڕەسمیی ناوەندخوازەکان، لە دەسەڵاتبەدەستەکانەوە بگرە هەتا ڕیفۆرمخوازەکان و هەتا ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵاتیش.
گوتمان لە ریوایەتی گەنجی و هاوبیرەکانیدا حیزبی دێموکڕات تاقە ڕۆژێکیش نەیتوانی لەگەڵ سیستمی تازەدامەزارودا هەڵ بکا و لە ٢٣ی ڕێبەنداندا ڕۆژێک دوای سەرکەوتنی شۆڕش بە شێوەی چەکداری هەڵیکوتایە سەر پادگانی مەهاباد و بەم شێوەیە شەڕی نێوان ڕێژیم و حیزبی دێموکڕات دەستی پێ کرد. لە هەموو سیستمە سیاسییەکانی جهانیشدا دیارە چۆن مامەڵە لەگەڵ گرووپێکی چەکداری بەرهەڵستکاردا دەکرێ. کەوابوو هێرشی چەکداریی ڕێژیم بۆ سەر کوردستان و ئیعدامەکانی سەرەتای سەرکەوتنی شۆرش و ئی دوای ئەویش کردەوەیەکی پاساوهەڵگڕە.
دیارە سێناریۆکەی گەنجی درۆیە و بۆیە هەڵبەستراوە هەتا پاساودەری جینایەتەکانی ڕێژیم بێ. لە سیناریۆی گەنجیدا شۆڕش ئەمڕۆ لە تاران سەرکەوتووە و دەزگاکانی سیستمی تازە بۆ ڕۆژی دوایە لە دوورترین شوێنەکانی ئێران و یەک لەوان لە مەهاباددا دامەزراون و سەقامگیر بوون. ئینجا ئەو هێرشەی رۆژێک دواتر کرایە سەر پادگانی مەهاباد نەک هێرش بۆ سەر پاشماوەکانی سیستمی پاشایەتی بەڵکوو هێرش بۆ سەر حاکمییەتی سیستمی تازە بوو! دیارە ئەوەش بەمانای ئێعلانی شەڕ بە دژی سیستمی تازە بووە و پیاو حەق بڵێ، سیستمی تازە، بەستەزمان جگە لە شەڕێک کە وا دەمودەست بەسەریدا سەپاوە، چ بژاردەیەکی دیکەی بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ کێشەی کورد بۆ نەماوەتەوە و جگە لە پیاوێکی شەریفی وەک خەڵخاڵی ـ وەکوو سەمبۆلی حاکمیەتی تازە ـ کەسی دیکەی نەبووە هەتا وەک قازیی شەرع بینێرێ بۆ کوردستان.
لە سیناریۆی گەنجیدا لە هەموو ئەو حالەتانەی ـ لە شوێنەکانی دیکەی ئێراندا جگە لە کوردستان ـ خەڵک هەڵیانکوتاوەتە سەر ناوەندە نیزامییەکانی بەجێماو لە سیستمی پاشایەتی، ئەوا خەڵکەکە “خەڵک” بوون و ناوەندەکانیش “پاشماوەی ڕێژیمی پاشایەتی” بوون، بەڵام لە مەهاباددا “خەڵک” لەم هەلومەرجە شۆڕشگێڕانەیەدا زۆر ئارام و مەند و قووڵ لە ماڵی خۆیان یان لەسەر کاری ڕووتینی ڕۆژانەی خۆیاندا بوون و ئەوە جەماعەتێکی شەڕانگێزی ئاژاوەچیی سەر بە بێگانە بوون کە هێرشیان کردە سەر پادگانی مەهاباد و هێزەکانی ناو پادگانی مەهابادیش هێزی وەفادار بە سیستمی تازە بوون!
ڕەنگە ئەو خوێنەرەی بە وردی ئاگاداری ئەمە نەبێ لە “بوولتەن نووسی”دا چ دەکرێ، ئێستا تا ڕادەیەک بەم نهێنیەی زانیبێ.
ئەمە یەکێک لە دەیان ڕیوایەتی ناراستی حاکمییەت بۆ ڕەوایی بەخشین بە هێرشی چەکداری بۆ سەر کورستان و گرتنە پێشی سیاسەتی کوشتن و بڕینە. ئێمە نامانەوێ ئێستا و لەم نووسراوەیەدا دانە دانە ناڕاست بوون و هەڵبەستراو بوونی ئەم ریوایەتانە نیشان بدەین.[7] ئامانجی ئێمە ئێستا زیاتر ئەوەیە نیشان بدەین چۆن بەرهەم هێنانی ئامانجدار و بڵاوکردنەوەی سیستماتیکی ئەم سێناریۆیانە دەبن بە پێشبار و زەمینەخۆشکەری هێرش بۆ سەر کوردستان. ئەوەی گرینگە ئەمەیە کە ئەم لایەنە پێویستی بەم جۆرە سێناریۆیانە هەیە کە شەڕی دەست پێ کردووە و درێژەی پێ داوە و ئێستاش وەکوو بژاردەیەکی حازر و بزر لە هەنبانەی ملهوڕیی خۆیدا پاراستوویە و هەر کاتێکی کەیفی لێ بێ دەستی بۆ دەبا و دەیەوێ خەڵکی مافخوازی پێ چاوترسێن بکا.[8]
گەنجی بەئانقەست یان بەبێ قەست بۆ هەڵبەستنی بانگەشەکەی سێ هەڵەی پێکەوە تێکەڵ کردووە:
یەکەم. حوکمی دەورانی سەقامگیری داوە بە دەورانی شۆڕش
دووەم. حوکمی ناوچەیەکی ـ کە خۆی پێی ناوەندە ـ داوە بەناوچەیەکی دی ـ کە خۆی پێی پەراوێزەـ
سێیەم. حوکمی نەهادێکی سیاسی داوە بە نەهادێکی سەربازی
ئەوە لە دەورانی سەقامگیری و ئارامیی وڵاتدایە کە حوکمێک لە ناوەندێکی بڕیاردەری باڵادا پەسند دەکرێ و ئەم حوکمە بۆ ڕۆژی دواتر لە هەموو ناوچەکان بەڕێوە دەچێ. ئایا دوای ڕۆژی بیست و دووی ڕێبەندان هەموو ئەو هێزانەی پێشتر وەفادار بە سیستمی پێشوو بوون، بەشێوەیەکی ئوتووماتیک بوون بە وەفاداری سیستمی تازە؟ وڵامی ئەم پرسیارە بێگومان “نا”یە. بەڵام با وای دابنێین وڵامەکەی “ئەرێ”یە. لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا “سیستمی تازە” دەلالەتی بۆ چ سیستمێک هەیە؟ ئایا لە هەموو ناوچەکانی ئێراندا سیستمی تازە ئەو هێزانە بوون کە لە هەناوی خەڵک و لە هەناوی شۆڕشەوە سەریان هەڵدابوو، بەڵام لە کوردستاندا ئەو هێزانەی وا لە هەناوی خەڵک و شۆڕشەوە سەریان هەڵدا نەدەبوو بە بەشێک لە ئاڵوگۆڕەکە حیسێب کرابان؟ ئایا هێزەکانی کورد لە کوردستان دەبوو زوو مەیدان چۆل بکەن و دەنگ و ویستیان کپ بکرێ؟ لە ڕوانگەی کەسانی وەک گەنجییەوە وڵامی ئەم پرسیارە “ئەرێ”یە. واتە کە شۆڕش کرا ئەوە شۆڕشگێڕەکانی تارانی و شیرازی و ئیسفەهانی و تەورێزی بوون کە دەبووایە نەهادە حکوومییەکانیان لە پاشماوەکانی سیستمی پێشوو تەحویل وەرگرتبایە، بەڵام “شۆڕشگێری کورد” دەبوو چاوەڕێی گەیشتنی نوێنەرەکانی شۆڕش لە تاران و تەورێز و شیراز و ئیسفەهانەوە بووایە هەتا دامەزراوە سیاسی و سەربازییەکانی “ڕادەست”ی ئەوان بکردایە. واتە لە هەموو شوێنەکانی دیکە ئەوە خەڵک و ڕۆلەکانی شۆڕش واتە هێزەکانی هەڵقوڵاو لە شۆرش بوون کە خاوەنی شۆڕشەکە بوون بەڵام لەشوێنی وەک کوردستاندا ڕۆڵەکانی شۆڕش بە چاوی “زڕ” چاویان لێ دەکرا و دەبوو چاوەڕوان مابانەوە هەتا لە ڕۆژی خۆیدا هێزەکانی ناوەند و ڕۆڵە ڕاستەقینەکانی شۆڕش بگەنە کوردستان و ئەمانەتەکەیان تەحویل وەردەگرنەوە! ئێستا ڕاستییەکی یەکجار زۆر گرینگمان بۆ ڕوون دەبێتەوە:
بەپێچەوانەی قسەی گەنجی ئەوە هێزە کوردەکان نەبوون کە تاقە ڕۆژێک دوای سەرکەوتنی شۆڕش شەڕی خۆیان بە دژی ناوەند دەست پێ کرد. بەڵکوو ئەوە هێزە ناوەندخوازەکان بوون کە تاقە ڕۆژێک دوای سەرکەوتنی شۆڕش سیاسەتی هەڵاواردن و جودا کردنەوەیان دەست پێکرد و ئێرادەی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتە ئاشکرا کرد. لێرەشدا بە هەندێک سەرنج و لێوردبوونەوە، ئایدۆلۆژیی بەراوەژووکەرەوەی ناوەندخوازەکان بەرە بەرە ئاشکرا دەبێ. بۆ ئێمەی کورد زۆر گرینگە بزانین دەزگای ئایدۆلۆژیک و گوتارساز بۆ پێچەوانە کردنەوەی ئاکسیۆنەکان و ئەکتەرەکان هەر لەناو دەزگا حکوومییەکاندا نامێنێتەوە و تەنانەت لەناو بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنیشدا کاری خۆی دەکا.
بۆ ئەوەی هەڵبەستراو بوونی بانگەشەکەی گەنجی و پاساودەر بوونی ئەو بانگەشەیە بۆ هێرشی چەکداری بۆ سەر کوردستان زیاتر دەربخەین، با چاوێک بە هەواڵی ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمی ئێراندا بخشێنین و بزانین دوای ٢٢ی ڕێبەندان، چەند کردەوەی هاوشێوەی هێرشی شۆڕشگێرانی کورد بۆسەر پادگانی مەهاباد لە باقی شوێنەکانی ئێراندا بەڕێوەچوون و چۆن لەم شوێنانەی دیکە هەر ئەم کردەوانە بە کردەوەی شۆرشگێرانە حیسێب کراون!
بەشێک لە هەواڵەکانی ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٣٥٧:
ـ پادگانەکانی باغیشا، عیشرەتئاباد، حیشمەتییە، زیندانی قەسر، عەباسئاباد، جی، مێهرئاباد و پادگانی شاهپوور [لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە] دەستیان بەسەر داگیرا.
ـ ساختومانی ناوەندیی ساواک لە سەڵتەنەتئاباد دوای نۆ سەعات شەڕی چریکی لەلایەن خەڵکەوە دەستی بەسەرداگیرا.
ـ لە خوڕڕەمئابادی لوڕستاندا لە شەڕێکی توند کە لە نێوان خەڵک و ژاندارمەکاندا ڕوویدا، هەندێک کەس کوژران.
ـ جێگری لەشکری زرێهی قەزوین لەتاران لەلایەن خەڵکەوە کوژرا.
ـ جێگری فەرماندەری گاردی جاویدانی شا کوژرا.
ـ خەڵک بۆ دەستبەسەرداگرتنی زیندانی ئێوین هەوڵیان دا.
ـ فەرماندەری هێزی زەمینی شا لە هێرشی خەڵک بۆ سەر شوێنی کاری کوژرا.
ـ خومەینی لە پەیامێکدا بۆ ڕاکێشانی هاوکاری ئەرتەش ڕایگەیاند:
“من بە فەرماندەرانی ئەرتەشی ڕادەگەیەنم ئەگەر بێتو نەهێڵن ئەرتەش دەستدرێژی بۆسەر خەڵک بکا و تێکەڵ بە میللەت و دەوڵەتی یاساییی میللیی ئیسلامی بن، ئەوان بە بەشێک لە گەل و گەلیش بە بەشێک لەوان دەزانم و وەک برا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەم.”[9]
لە پەیامەکەی خومەینیەوە زۆر چاک ئەوە هەڵدەهێنجرێ کە هێشتا هەموو فەرماندەرانی ئەرتەش و هەموو ناوەندە نیزامییەکان خۆیان بە دەستەوە نەدابوو و لە هەندێک شوێندا هێشتا هەر لە بەرانبەر هێزە شۆڕشگێرەکاندا خۆڕاگرییان دەکرد. هەر بۆیە هەواڵی لەم چەشنە لە ڕۆژەکانی دواتریشدا هەر درێژەیان هەبوو.
هەواڵی لەم چەشنە کە نیشان دەدا هەندێک هێزی وەفادار بە سیستمی پاشایەتی هێشتا خۆیان بەدەستەوە نەداوە و هێزە شۆڕشگێرەکان هێشتا هەر هێڕشیان بۆسەر دەکەن لە ڕۆژانی دواتریشدا دەبیسترێ. وەک نموونە:
٢٤ی ڕێبەندانی ١٣٥٧:
ـ سەرلە بەیانی ئەمڕۆ لە چەند شوێنی تاران لەناو ماشێنەوە تەقە لە پاسداران کرا.
٢٥ی ڕیبەندان
ـ مەئموورانی ساواک و هەندێک لە هێزەکانی ئەرتەش [ی شاهەنشاهی] لە تەورێز بوون بە هۆی تێکهەڵچوونی توندوتیژ. لەم شەڕ و تێکهەڵچوونانەدا، هەندێک کەس کوژران و هەندێکیش بریندار بوون و چەند بەشێک لە شاری تەورێز ئاوریان تێبەردرا.[10]
٢٧ی ڕێبەندان
ـ لە قەزوین بەهۆی هێرشی خەڵکەوە چەند فەرماندەرێکی ئەرتەش گیران و ناردران بۆ تاران.[11]
ـ لە تەورێز هەندێک لە فەرماندەرانی ئەرتەش گیران و ناردران بۆ تاران.[12]
کارێکی دژوار نییە هەواڵی هێرش بۆسەر پادگانی مەهابادیش لە ڕستەیەکدا بەدوای هەواڵەکانی پێشوودا بنووسین و بیر لەوە بکەینەوە کە ئەوە کامە زەینییەتە ئەم هەواڵە هاوشێوەیە و بکەرەکانی کردەوەکە و سروشتی کردەوەکە لەوانەی پێشوو هەڵداوێرێ و نیشانەی پرسیاری لەپێش دادەنێ؟
پێویست بەوە ناکا حەتمەن شیکاریی گوتار بزانین یان شرۆڤەکارێکی سیاسیی لەزەبر بین هەتا بزانین، ئەم هەواڵەش هەر لە ڕەگەزی هەواڵەکانی پێشوو بووە و تەنانەت بە شیمانەیەکی زۆر ئیلهامی لەوانیش وەرگرتووە و لەگەڵ ئەوان هاوئاراستە و هاوسروشت بووە. بەڵام پرسیاری گرینگ ئەوەیە لەناو ئە هەموو خەڵکە و لەناو ئەو هەموو شوێنە و لەناو ئەو هەموو کردەوانە، بۆچی ئەوە خەڵکی کورد و جوغرافیای کوردستان و کردەوەی هێزە کوردییەکانە کە جودا دەکرێتەوە و حیسابێکی دیکەی جگە لە حیسابی نموونە هاوشێوەکانی دیکەی بۆ دەکرێ؟
ڕەنگە بکرێ سێ ولام بەم پرسیارە سەرەکییە بدرێتەوە.
ـ وڵامی یەکەم ئەوەیە کە جیاوازیی کوردستان لەگەڵ شوێنەکانی دیکە ئەوەیە کە لە کوردستاندا کێشەیەکی ئەتنیکی لەگۆڕێدا هەیە کە لە هەندێک شوێنی دیکە ڕەنگە لە گۆڕێدا نەبێ، کەوابوو نەدەبوو ئاکسیۆنێکی ئەوتۆ لەوێ بەڕێوە چووبا.
ئەم وڵامە چەند گرفتێکی زۆر سەرەکی بۆ ناوەندخوازەکان دروست دەکا. گرفتێک ئەوەیە کە زۆریەک لە ناوەندخوازەکان هەر لە بنەڕەتەوە حاشا لە بوونی کێشەی کورد دەکەن. لێرەدا ئاماژە کردن بە بوونی کێشەیەکی مێژوویی بەناوی کێشەی کورد بەنیازی تاوانبار کردنی کردەوەیەکی وەک هێرش بۆ سەر پادگانی مەهاباد، نیشانەی ئەوەیە حاشا کردنی ئەوان لە کێشەی کورد هەر لەبنەڕەتدا لەگەڵ بڕوای ڕاستەقینە و قەناعەتی نهێنیی خۆیشیاندا ناتەبایە. ئەوان دەزانن کێشەیەک بەناوی کێشەی کورد بوونی هەیە بەڵام حاشای لێ دەکەن. ئایا ئەوە دەروازەی هەڵاییسانی شەڕ لە کوردستان نییە؟
گرفتێکی دیکەی ئەم وڵامە ئەوەیە کە هەر لەبنەڕەتدا شۆڕش بە دژی سیستمی پێشوو، بە هۆی کەڵەکە بوونی گرفتی لەم چەشنەوە ڕووی داوە و کۆمەڵانی خەڵک بەم هیوایە شۆڕشیان کردووە کە لە سیستمی تازەدا ئەم گرفتانە نەمێنن. کەوابوو یەکەمین هێزی “دژی شۆڕش” ئێوە بوون و یەکەمین ئاکسیۆنی “دژی شۆڕش” و یەکەمین پاشگەز بوونەوە لە “ئارمانجەکانی شۆڕش” و بەگشتی یەکەمین هۆ بۆ هەڵاییسانی شەڕ لە کوردستان لەلایەن ئێوە و بە گەڕانەوەتان بۆ دۆخێک لە دۆخەکانی پێش شۆڕشەوە ڕووی دا.
ـ وڵامی دووەم ئەوەیە بڵێین لە کوردستاندا “حیزب” و “ڕێکخراوەی” سیاسی چالاک بوون و لە باقی شوێنەکانی ئێراندا دیاردەی لەم چەشنە لە گۆڕێدا نەبوو.
ئەم وڵامە لە چەندین لاوە جێگای سەرنجە. ڕاستییەکەی ئەوەیە حیزبی سیاسی دیاردەیەکی مۆدێرنە و بوونی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی نیشانەی ئاستی پێشکەوتووتری خەباتە. پێچەوانەی ئەوەش ڕاستە واتە کۆنەپارێزترین و دواکەوتووترین هێزەکان، زیاترین ترسیان لە حیزب و زۆرترین نەگونجانیان لەگەڵ ڕێکخراوەی سیاسییە. حیزبە ئێرانییەکان ـ چ حیزبی ناو دەسەڵات و چ حیزبی دەرکراو لە دەسەڵات ـ ناتوانن خۆیان لەم ڕاستییە نەبان بکەن کە خاوەن پێشینەترین و ڕیشەدارترین حیزبی ئێرانی، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێرانە. ئەوەش نیشانەی سیستماتیک بوون و خاوەن پێشینە بوون و خاوەن بەرنامە بوونی خەبات لە کوردستانە.
ناوەندخوازەکان بەم وڵامەیانەوە راستیەکی نهێنی ئاشکرا دەکەن. ئەویش ئەمەیە کە ئەوان هیوایان دەخواست هیچ حیزب و ڕێکخراوەیەک لە کوردستاندا نەبووبایە و خەباتی گەلی کورد خەباتێکی ڕێکخراو و مۆدێڕن و خاوەن بەرنامە نەبووبا.
لەولاوە دەزانین کە ئەگەرچی حیزبە کوردییەکان زۆر قەدیمیتر و جەماوەریتر لە حیزبەکانی دیکە بوون، بەڵام حیزبە ئێرانییەکان لە باقی شوێنەکانیشدا چالاک بوون. ئەوەی گەورەترین پارادۆکسی خەباتی ئۆپۆزیسۆنی ئێرانییە ئەوەیە هەموو ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی ئەوسا و ئێستا بە هەڵوەشاوە ڕاگەیەندرانی حیزبی دێموکڕات لەلایەن حاکمییەتەوە کەیفخۆش بوون، دواتر خۆیان بە نۆرە هەڵوەشاوە ڕاگەیەندران. ئەو حیزبە سیاسییە سەرانسەرییانە، ئەودەم ئەوەندە بەرچاوڕوونیەیان نەبوو بزانن ئەو مامەڵەی لەگەڵ حیزبی دێموکڕات کرا، پێشباری مامەڵەکەیە کە دواتر لەگەڵ خۆیان دەکرێ. ئێستاش کە مامەڵەی حاکمییەت لەگەڵ خۆیان بە نایاسایی دەزانن، هەمان ئەم بۆچوونەیان بەنیسبەتی مامەڵەی حاکمییەت لەگەڵ حیزبی دێموکڕات نییە.
ـ ولامی سێیەم ئەوەیە بڵێین هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەم کردەوەیە و کردەوە هاوشێوەکانی دیکە لەگۆڕێدا نییە. کەوابوو لەم وڵامەوە بەم ئەنجامە دەگەین کە زەینییەتێکی نەخۆش ئەوە خەریکی هەڵبەستنی مێژوو و بوولتەن نووسی و پەروەندەسازییە و ئەوانە هەموویان زەمینەخۆشکەری شەڕن. شەڕێک کە ئێوە دەستتان پێکرد و ئێستاش درێژەی پێدەدەن و پاساوی بۆدەهێننەوە.
پێکهاتەشکێنیی چەمکی “نەتەوەی کورد”
ڕێگایەکی دیکەی حاشا کردن لە پرسی کورد ئەوەیە زەوتکەارنی مافی کورد ژێستێکی دێموکڕات بگرن و بڵێن دیاری کردنی مافی چارەنووس، مافی گەلانە، بەڵام گومان لە نەتەوە بوونی گەلی کورددا هەیە. یان ئەگەر وای دابنێین کورد گەلێکە و زمانی خۆی هەیە، ناکرێ بڵێین بزووتنەوەی کورد نوێنەرایەتی هەموو خەڵکی کوردستان دەکا.
پرۆژەی “پێکهاتەشکێنی” بەگشتی سێ وردە پڕۆژەی تر لەخۆی دەگرێ:
ـ پێکهاتەشکێنیی چەمکی “گەلی کورد”
ـ پێکهاتەشکێنیی چەمکی “زمانی کوردی”
ـ پێکهاتەشکێنیی چەمکی “بزووتنەوەی نەتەوەخوازانەی کورد”
لەم ساڵانەی دواییدا کەسانێک خەریکن لەسەر ئەم پرۆژەیە کار دەکەن. کاری ئەو کەسانە تێکەلاوێکی زۆر شپرزە لە کاری مێژوویی و کاری ژوورنالیستی، کاری شێوە لێکۆڵینەوە و شانتاژی مەیلەو سیاسی، مێژووی ڕاست و مێژووی هەڵبەستراو، نووسینی ڕۆژهەڵاتناسەکان و قسەی سەرزارەکی خەڵکی ئاسایی و شتی لەم چەشنەیە. تۆ لە وتاری کەسێکی وەک ئیحسانی هووشمەنددا لە نەقڵی قسەکانی مینۆرسکی و مەکێنزییەوە دەربارەی زمانی کوردی بەسەر گێرانەوەیەکی سووک و چرووکی بیرەوەرییەکی شەخسیدا دەکەوی کە گوایە کەسێکی کرمانج هاتووە و لە زانستگای سنە قسەی کردووە و خوێندکارە سنەییەکان لە زاراوەکەی نەگەیشتوون! یان لە زنجیرە بەڵگەیەک کە دەیانهەوێ نیشان بدەن زمانی کوردی تاقە زمانێکی واحید نییە و چەندین زمانی جیاواز لەخۆی دەگرێ و بۆ نموونە کرمانجی سەروو خۆی زمانێکە و کرمانجی ناوەراستیش زمانێکی دیکەیە، لەناکاو بەسەر بەڵگەی ئاوا دا دەکەوی کە دەیانەوێ نیشان بدەن کوردی هەر بە زمان حیساب ناکرێ و زاراوەیەکە لە زاراوەکانی زمانی فارسی.
لە نووسراوەکانی هووشمەنددا زۆربەی هەرە زۆری ئەو ئیستنادانەی بە ڕۆژهەڵاتناسە بەناوباگەکان دەکرێ لە سەرچاوە پلە سێ و پلە چوارەکانەوە وەرگیراون و ئەگەرچی قسەکان وەک خۆیان ڕاگوێزراون، بەڵام چاوخشاندنێک بەسەر تەرکیبی سەرچاوەکانی نووسراوەکانی ئەم کەسە ڕادەی هەژاریی سەرچاوەکانی و ڕادەی نائاکادێمیک بوونی نووسراوەکانی دەردەخا. پێکهاتەی نووسراوەکانی هووشمەند یەکجار ئاڵۆز و تێکچڕژاو و ناڕێکوپێکە.
هووشمەند لە هەر سێ بواری سەرەوەدا خەریکی پێکهاتەشکێنی لەو چەمکانەیە کە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد گرینگن. کەسانێک هەن کە زیاتر لە بوارێکدا خەریکی ئەم کارەن. بۆ نموونە کەسێکی وەک عیرفانی قانعیفەرد زیاتر لە بواری پێکهاتەشکێنی لە چەمک و مێژووی بزووتنەوەی کورد خەریکی کارە.
ڕەنگە هێنانەوەی هەندێک نموونە لە نووسینەکانی هووشمەند کە هەر کامەیان پێوەندییان بە دیوێکی ئەم پڕۆژە دژە کوردەوە هەیە بەکەڵک بێ.
ئەلف. پێکهاتەشکێنیی چەمکی “گەلی کورد”
ـ وشەی کورد زیاتر لەوەی ناوی “گەلێکی تایبەت” یان ناوی “خەڵکێکی خاوەن زمانێکی تایبەت” بێ ناوی “شێوەیەکی تایبەت لە بەڕێچوون”ی خەڵکانێک بووە کە یەکەم عەرەب نەبوونە و دووەم لە شوێنێکدا نیشتەجێ نەبوونە.[13]
ـ جیاوازیی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی کوردان لەناو خۆیاندا ئەگەر زیاتر لە جیاوازیی نێوان کوردەکان لەگەڵ باقی ئێرانییەکان نەبێ، کەمتر نییە.[14]
ب. پێکهاتەشکێنیی چەمکی “زمانی کوردی”
ـ لەکاتی لێکۆڵینەوە لەسەر زمانی ئەو خەڵکەی وا لە کوردستان دەژین، ئێمە لەگەڵ زنجیرەیەک لە زمانە جیاوازەکاندا بەرەوڕوو دەبینەوە.[15]
ـ تەمەنی نووسین بە زمانی کوردی ئەوپەڕەکەی لەم سەدە و نیوەی دوایی تێپەڕ ناکا و تەنانەت یەکەمین کتێبی مێژوویی لەبارەی کوردستان کە لە لایەن کوردێکەوە لە زەمانی سەفەوییەدا نووسراوە و دراوە بە سوڵتانی عوسمانی ـ واتە کتێبی شەرەفنامەـ بە فارسی نووسراوە.[16]
ـ [لە زمان نووسەرێکەوە:] زمانی کوردی لە لکی زمانەکانی هیند و ئێرانی و لە پەلی زمانی فارسییە و لە ڕووی ڕێزمانییەوە، جگە لە هەندێک زاراوەی وەک زاراوەی خەڵکی پاوە، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ زمانی فارسیدا نییە.[17]
پ. پێکهاتەشکێنیی چەمکی “بزووتنەوەی نەتەوەخوازانەی کوردی”
ـ لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا هەرگیز کوردەکانی باشوور (کرمانشا و ئیلام) و هەروەها هەندێک لە کوردەکانی ناوچەکانی ناوەندیی کوردستان یان ئەردەلان (دانیشتووانی ناوچەی گەڕووس و قوروە) کە شیعەن، ڕوویان لە بزووتنەوەکانی دژەناوەند لە باکوور (ئازەربایجانی ڕۆژئاوا) نەکرد و نەک هەر ڕەگەڵ ئەوان نەکەوتن، بگرە بە توندی لەبەرانبەریشیاندا ڕاوەستان.[18]
پوختەی قسەی هووشمەند ئەوەیە کە قسە کردن لە “کوردەکان” لەجیاتی قسە کردن لە “کورد” وێچووتر و ژیرانەترە و دەکرێ لە جیاتی واحیدێکی نەتەوەیی بەناوی “کورد” بۆ نموونە باسی “کوردی سوننی” و “کوردی شیعە” و “کرماشانی” و “مەهابادی” و “سەقزی” و “گەڕڕووسی” و … بکەین.[19]
جارێ کارمان بەوەدا نییە کە قسەی لەم چەشنە لە ناوەندە ئەمنی و نیزامییەکانی حاکمییەت و تەنانەت لە دەرەوەی حاکمییەتیش کڕیاری تایبەتی خۆی هەیە و سفارشی تایبەتیش بۆ ئەم چەشنە نووسینانە لەگۆڕێدا هەیە. هەروەها کارمان بەوەش نییە کە هووشمەند بەو ئاستە لە خوێندەواری و ئاگادراییەی خۆیەوە، شوێنکەوتە و قوتابیشی لەناوخۆی کوردستاندا بۆخۆی دۆزیوەتەوە. ئەوەی دەمانەوێ پێداگریی لەسەر بکەین، ئاماژە کردن بە ئەنجامی پێچەوانەی ئەم جۆرە پڕۆژانەیە.
دیاردەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا ڕووی داوە کە هووشمەند و کەسانی لەو بەرەژوورتریش بە باشی لێی ورد نەبوونەتەوە. دیاردەکە ئەمەیە کە پێکهاتەشکێنی لە چەمکی گەلانی ناوخۆی ئێران بە سوودی ناوەندخوازی و بە سوودی زمانی فارسی، لەولاوە دژکردەوەیەکی وەک پێکهاتەشکێنی لە چەمکی ئێران و پێشینەی سنوورە سیاسییەکانی ئێران و پێکهاتەشکێنی لە زمانی فارسی و مێژووی ئەدەبی فارسی و دیاردەی لەم چەشنەی لێ کەوتووەتەوە. ئەم دژکردوەیە، چەکێکە لە ڕەگەزی خودی کردەوەکە. تۆ ناتوانی دەست لە خەڵکی دیکە بوەشێنی و چاوەڕوانیی ئەوەت هەبێ خەڵکی دی پشوودرێژ بن و دەستت لێ نەوەشێنن. تۆکاتێک دەستەوداوێنی بۆچوونە دژبەیەکەکانی دەیان نووسەری ناسراو و نەناسراو و دەستەوداوێنی چەندین گریمانەی بەهێز یان لاواز دەبی هەتا بۆچوونێک بە کەسێک یان لایەنێک بسەلمێنی، دڵنیا بە جیهانی بۆچوونەکان و لێکۆڵینەوەکان ئەوەندەی دە هەنبانەدا هەیە کە لایەنەکانی دژ بەتۆش بگەڕێن و بەلێشاو بۆچوونی دژ بە تۆ و پرۆژەکەی تۆ لەم هەنبانەیە دەربهێنن و لە پێش تۆی ڕیز بکەن. کاتێک پێوانەکان لە پێوانەی زانستی دوور دەبنەوە و لەجیاتی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کار دەگاتە هەڵبەستنی مێژوو و داتاشینی شوناسی ساختە، وا نییە هەر بەتەنیا دەستی تۆ ئاوەڵا بێ و دەستی لایەنەکەی بەرانبەر بە تۆ ببەسترێ. بەم شێوەی نزم کردنەوەی پێوانەکان و دابەزاندنی ئاستی باسەکان ـ کە تۆ دەستت پێ کردووە ـ لایەنەکەی دیکەش دەستی بۆ ئەم شێوە بەرەوڕوو بوونەوەیە ئاوەڵا دەبێ.
ئەم توندوتیژییە لە گوتە و ئاخاوتندا و لە ڕەت کردنەوەی شوناسی ئەوی دیدا، ئێزنگ و ئاوردووی ئاوری توندوتیژییەکی بە کردەوەیە کە کەسانی وەک هووشمەند پووش بە پووش خەریکن کۆوەی دەکەن و درەنگ یان زوو دووکەڵەکەی دەچێتە چاوی خۆیان و خەڵکی دیکەشەوە و سەرەنجام وڵاتێکی پێوە دەسووتێ. کەسانێکی وەک هووشمەند ڕەنگە ڕۆژێک بەم ڕاستییە بزانن ـ کە خەریکی کۆ کردنەوەی دەستەچیلە بۆ ئاوری توندوتیژین ـ کە ئیتر زۆر درەنگ بووە.
پێشنیار کردنی ڕێگاچارەی نادادپەروەرانە
بۆ سەقامگیر بوونی ئاشتەواییەکی بەردەوام لە وڵاتدا، نەک هەر پێویستە ١ــ پرسێکی وەک پرسی کورد بەڕەسمی بناسرێ و ٢ـ مەسەلەکە لەگەڵ باس و بابەتی ساختەی وەک بەستراوە بوون بە ئامریکا و ئیسرائیل و عەرەبستان و … یان شەڕخواز بوونی هێزە کوردییەکان جێگای پێ نەگۆڕدرێتەوە و ٣ـ لە حەولی وەک پێکهاتەشکێنی چەمکی گەلی کورد یان هەر گەلێکی تری ناو سنووەکانی ئێران، پارێز بکرێ، بەڵکوو دوای سەلماندنی ئەم خاڵانەش ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان ئیرادەی لایەنەکان هاتە سەر ئەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ ئەم پرسە ببیننەوە، زۆر پێویستە بزانین داکۆکی کردن لەسەر ڕێگاچارەی نەقوستان و نادادپەروەرانە هەر وەک ئەوەیە پرسەکە بە چارەسەرنەکراوی و برینەکە بە دەرماننەکراوی بمێنێتەوە.
ئێمە لە سەرەتای ئەم نووسینەوە پێداگریمان لەسەر ئەم بابەتە کردووە کە ڕێگاچارەی پێشنیارکراوی ئێمە بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد (دامەزراندنی سیستمێکی فێدراڵ لە ئێراندا)، پشت بە مێتۆدێکی مۆدێرن بۆ بەڕێوە بردنی وڵات دەبەستێ و لە بەرانبەردا ڕوانینی هێزەکانی ناوەندخواز (بە هێزەکانی حاکمییەت و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنیشەوە) ڕوانینێکی دواکەتووانە و ناشارستانییانەیە. بەڵگەی ئێمە بۆ ئەم قسەیە چییە؟
فێدرالیزم لە ڕوانگەی ئێمەوە لەسەر بنەمای ئەسڵی گرینگی پێش گرتن بە داپەستران واتە (تمرکز)ی دەسەڵات دامەزراوە و وێڕای ئوسوولێکی وەک دێموکراسی و سێکۆلاریزم و پابەند بوون بە بەهاکانی مافی مرۆڤ دەبێ بۆ دروست کردنی سیستمێکی حکوومەتیی شارستانی لە ئێرانی داهاتوودا ڕەچاو بکرێ.
هەر کام لەم ئوسوولەی باسمان کردن، هەتا لە لایەن شارۆمەندانی وڵاتێکی وەک ئێرانەوە سەلمێندراون، ماوەیەکی زۆری پێ چووە و خۆڕاگریی لەڕادەبەر لەبەرانبەریاندا کراوە.
لە زەمانی پاشایەتیدا ئەو بۆچوونەی وا داکۆکی لە پێویستیی دامەزرانی سیستمێکی کۆماری و دێموکڕات و بیرۆکەی ماوەبەسەرچوونی سیستمی پاشایەتی کردووە، هەتا ماوەیەکی زۆر وەک بۆچوونێکی سەیروسەمەرە و ناپێویست چاوی لێ کراوە و نەک هەر هێزە سیاسییە کۆنەپارێزەکان، بگرە بەشێکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی و ئاساییش، سیستمی کۆماری و بیرۆکەی دێموکراسییان وەک شتێکی تایبەت بە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان چاو لێ کردووە. ماوەیەکی زۆری پێچووە هەتا بەشێک لە خەڵک بەم ڕاستییەیان زانیوە کە دێموکراسی و حکوومەتی کۆماری و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، دیاردەی ئەوتۆ نین پێوەندییان بە جوغرافیایەکی تایبەتەوە هەبێ، بەڵکوو ئەوانە هەندێک مێتۆدی مۆدێرن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و هەندێک مێکانیسمی تاقیکراوە بۆ کۆنترۆلی دەسەڵاتن.
مێژووی هاوچەرخی ئێران نیشان دەدا کە سیستمی کۆماری سی ساڵ بەر لەوەی لە تاران پیادە بکرێ لە شوێنێکی وەک کوردستان بە کردەوە جێبەجێ کراوە. ڕوونترین دەلالەتی ئەم پێشکەوتنە سی ساڵەیە ئەوەیە کە نەتەوەکانی وەک کورد و تورک بۆ وەرگرتن و جێبەجێ کردنی ئەم جۆرە بیرۆکە تازانە باوەشیان ئاوەڵاتر بووە و لە بەرانبەردا لە ناوەند، خۆڕاگرییەکی زۆر لە هەمبەر ئەم جۆرە بیرۆکانە کراوە و دەکرێ. لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا مەشرووتیەت هەم وەکوو فکر و هەم وەکوو بزووتنەوە لە ناوچە سنوورییەکانەوە چوو بۆ ناوەند. سیستمی کۆماری، بەر لە تاران، لە کوردستان و ئازەربایجان و گیلان بەتاقی کراوە و ئینجا چەند دەیە دواتر لە تاران وەرگیرا.
چیرۆکی فێدرالیزمیش هەر ئەوتۆیه. وەک چۆن لە ڕۆژی خۆیدا داوای سیستمی کۆماری بۆ یەکەمین جار لە شوێنی وەک کوردستان هاتە گۆڕێ و هەوڵی بە کردەوە بۆ جێبەجێ کردنی درا و تاران بەرلەوەی مل بۆ ئەم داوایە ڕابکێشێ، چاوی لە هێزە ئازادیخوازەکان سوور دەکردەوە، ئێستاش بانگی فێدرالیزم لە شوێنی وەک کوردستان و ئازەربایجان و بەلووچستان و خووزستان و تورکەمەنستاندا بڵیندە. سیستمی ناوەندخواز هێشتا نەگەیشتووە بەم گونجانەی بتوانێ داوای دامەزرانی سیستمێکی ناداپەستراو (غیرمتمرکز) قەبوول بکا، یان تەنانەت بە دروستی فامیشی بکا.
حاکمییەت لەبواری دژایەتی کردن لەگەڵ سیستمی فێدرال نەک هەر پشتیوانیی باڵی ڕێفۆرمخوازی دەرکراو لە دەسەڵاتی لەگەڵە، بگرە پشتیوانیی بەشێکی زۆر لە ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی حاکمیەتیشی لەگەڵە و تەنانەت بە پشتیوانیی بەشێک لە خەڵکی مەدەنیش پشتئەستوورە. بۆچی ئەم هەموو هێزانە، بەدژی فێدرالیزم ڕاوەستاون؟ ئایا ئەمە نیشانەی نەگونجاو بوون یان ناکارامە بوونی فێدرالیزمە؟
بەر لەوەی وڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، ڕەنگە لە جێگای خۆیدا بێ باسی ئەوە بکەین سێ بیرۆکەی سیستمی کۆماری، سێکۆلاریزم و فێدرالیزم، بە چ ڕیزبەندییەک زیاترین خۆڕاگری و بەربەرەکانیان لەگەڵدا کراوە؟
زۆربەی مێژوونووسان لەسەر ئەم بڕوایە کۆکن کە مێژووی ئێرانی نوێ لە زەمانی شۆرشی مەشرووتییەتەوە دەست پێ دەکا و یەکەمین دەوڵەتی ڕەهای مۆدێرن لە زەمانی ڕەزاشادا دامەزرا. ئەم سیستمەش وا ڕەزاشا دایمەزراند بەهۆی سیستمی کۆماری ئیسلامی/ویلایەتی فەقیهەوە ڕووخا و نەزمێکی نوێ جێگای گرتەوە.
شۆڕشی مەشرووتە بەدژی سێ نەریتی کۆنی ماوەبەسەرچوو ڕاپەڕی. ئەم نەریتانە بریتی بوون لە:
ـ سیستمی پاشایەتیی ڕەها
ـ سیستمی دەسەڵاتی ئایینی و خۆهەڵقورتاندنی کەسایەتییە ئایینییەکان لە کاروباری دەوڵەتدا
ـ داپەستراو بوونی دەسەڵات لە تاران وەک ناوەندی ئێران
بزووتنەوەی مەشرووتە بۆ وەلانانی هەر کام لەم نەریتە کۆنانە، پێشنیاری نوێی پێ بوو. ئەگەرچی پێشنیاری مەشرووتەخوازەکان بۆ کاتی خۆی پێشنیاری پێشکەوتووانە بوون، بەڵام ئەوانە هەر نوسخەی سەرەتاییی پێشنیارەکان بوون کە دەبووایە لەگەڵ تێپەڕینی زەمان و پێشکەوتنی بۆچوونەکان و شێوەی تێفکرینەکان کاملتر بووبان. ئەگەر بۆچوونی مەشرووتەخوازەکان بە بنەمایەکی ساکار بگرین، شێوەی پێگەیشتووتری وەلانانی سیستمی پاشایەتیی ڕەها، لە دامەزرانی سیستمی کۆماریدا خۆی دەدیتەوە. شێوەی ئەوڕۆییتری پێشگرتن بە خۆهەڵقورتاندنی ئایین لە کاروباری دەوڵەت، لە سێکۆلاریزمدا خۆی دەدیتەوە و شێوەی مۆدێرنتر و تاقیکراوەتری نەهێشتنی داپەستراویی دەسەڵات لە ناوەند ـ کە مەشرووتەخوازەکان بەشێوەی دامەزراندنی ئەنجومەنە ئەیالەتی و ویلایەتییەکان پێشنیاریان کردبووـ لە فێدرالیزمدا وەدی دەهات. دیارە دەسەڵاتی ئەو سەردەم و کۆی هێزە کۆنەپارێزەکان خۆڕاگرییەکی لەڕادەبەدەریان لە بەرانبەر هەر سێ پێشنیاردا کرد ـ تەنانەت بەم شێوە ساکارترەش کە مەشرووتەخوازەکان پێشنیاریان دەکرد ـ
لە ڕوانگەی نووسەری ئەم دێڕانەوە، ئەگەرچی هەتا ئێستاش هیچکام لە ئارمانجەکانی مەشرووتیەت لە شێوەی پێگەیشتووتریاندا وەدی نەهاتوون، بەڵام دامەزرانی سیستمێکی فێدرال، هەتا ئێستا زیاترین و درێژماوەترین بەربەرەکانیی لەگەڵدا کراوە. دوای ئەم سێکۆلاریزم زیاترین خۆڕاگریی لە بەرانبەردا کراوە و ئینجا دامەزرانی سیستمی کۆماری بەربەرەکانیی لەگەڵدا کراوە.
پێویستی دامەزرانی سیستمی کۆماری، هەرنەبێ لەسەر کاغەز و لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا دانی پێدا هێنراوە. سێکۆلاریزمیش ئەگەرچی لەلایەن حاکمییەتی ئێستاوە ڕەت دەکرێتەوە بەڵام هەر نەبێ لەناو شەبەنگە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیدا کۆدەنگیەکی تەواوی لەسەرە.
لەم ناوەدا فێدرالیزم زیاترین بەربەرەکانیی ـ هەم لەلایەن حاکمییەتەوە و هەم لە لایەن هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە ـ لەگەڵدا دەکرێ و ئەمە بەمانای ڕێگای دژوار و دوورودرێژی بەرپێی هێزە فێدرالخوازەکان و ئەرکی قورسی سەرشانیانە.
پرسیار ئەمە بوو بۆچی گشت ئەم هێزانە بەدژی فێدرالیزم هەڵوێستیان گرتووە؟
مۆدێلی خووپێکراوی حاکمییەت لە ئێراندا، مۆدێلی “باوکسالاریی سەرەڕۆیانە”یە. ئەم مۆدێلە دوای مەشرووتییەت و هەتا ئێستا، نەک هەر خاشەبڕ نەبووە بگرە زیاتریش ڕیشەی داکوتاوە. بیرۆکەی وەک دێموکراسی و فێدرالیزم بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ باوکسالاریی سەرەڕۆیانەدا ناگونجێن. هەم زەینییەتی تاکی ئێرانی و هەم پێکهاتەکانی دەسەڵات، بەشێوەی مێژوویی بەلای ئەم مۆدێلەدا شکاونەتەوە. وەک چۆن دێمۆکراسی لە ئێراندا تەعبیری سەیروسەمەرە و کووچە بازاڕیی لێ کراوە، هەر بەم شێوەیە فێدرالیزمیش تەعبیری زۆر نزم و ناحەزی لێ کراوە.
بەشێکی زۆر کەم لە ڕووناکبیرانی ئێرانی بەرە بەرە سۆزەی ئەمەیان کردووە کە داپەستراویی دەسەڵات لە ناوەنددا دەتوانێ داهاتووی ئەم وڵاتە بخاتە مەترسییەکی جیددییەوە. ئەم کەسانە بەم قەناعەتە سەرەتاییە گەیشتوون کە ناوەندخوازی لە پێناو بەهێزکردنی مۆدێلی باوکسالاریی سەرەڕۆیانەدایە. هەر بۆیە کەتوونەتە بیری ڕەخنەکاریی مۆدێلی ناوەندخوازانە و پێشنیار کردنی مۆدێلێک کە بە بڕوای خۆیان بتوانێ داپەستراویی دەسەڵات لە ناوەنددا هەتا ڕادەیەک هەموار بکاتەوە. بەڵام بەهۆی ئەوەی خراپ تێگەیشتنی مێژوویی لە چەمکی فێدرالیزم بەرۆکی ئەم کەسانەشی بەرنەداوە، ئەمانیش لەجیاتی ئەوەی بتوانن ڕێگاچارەیەکی دادپەروەرانە فۆرموولە بکەن، بە ڕێگاچارەی سەقەت و نادادپەروەرانەدا نووساون و هەر بە ئەدەبیاتی هێزە ناوەندخوازەکان بە گژ هێزە فێدراڵخوازەکاندا دێنەوە و ئەدەبیاتەکەیان لە شوێنێک بەدواوە هەر وەک ئەدەبیاتی ئەوان نزم دەبێتەوە و دوای هەڵبەز دابەزێکی زۆری تیۆری، هەمیسان دەگەڕێنەوە سەر هەڵوێستی پێشوویان و دێنەوە سەر حوللەمەرەسێ.
نموونەیەک لەم کەسانە ئیسماعیل نووریعەلایە. پوختەی قسەی نووریعەلا ئەوەیه کە بۆ داهاتووی ئێران زۆر پێویستە بۆ بەربەرەکانی کردن لەگەڵ داپەستروایی دەسەڵات لە ناوەنددا، بیر لە دامەزراندنی سیستمێکی فێدرال بکرێتەوە بەڵام ئەم فێدرالیزمە بە هیچ شێوەیەک نابێ فێدرالیزمێکی ئەتنیکی بێ. بەڵکوو بۆ نموونە دەبێ فێدرالیزمێکی پارێزگایی بێ. نووریعەلا لە هەندێک لە نووسراوەکانیدا دوای ئەوەی بە تێروتەسەلی باسی خێروبێرەکانی فێدرالیزم دەکا و فێدرالیزمی ئەمریکایی بەنموونە دەهێنێتەوە و بە لێزانیی دامەزرێنەرانی سیستمی سیاسیی ئەمریکا هەڵدەڵێ، کاتێک دەگاتە باسی ئێران، ئافەرین لە سەرکردە تورکەکانی بزووتنەوەی مەشرووتییەت دەکا، کە لەکاتی نووسینی یاسای مەشرووتییەتدا بەهیچ شێوەیەک باسی زمانی غەیری فارسییان نەکردووە! نووریعەلا لەکۆتاییدا بەم ئەنجامە دەگا کە ئەو کەسانەی باسی فێدرالیزمی ئەتنیکی لە ئێراندا دەکەن هەندێک “بوونەوەر”ن کە قسەیان لەگەڵدا نایە. دیارە هۆی بە “بوونەوەر” یان “مەوجوود” ناوبردنی ئەو کەسانەش هیچ نییە جگە لەوەی گوایە گومان لە “مرۆڤ” بوونی ئەم کەسانە دەکرێ! ڕاستییەکەی ئەوەیە زەینییەتی باوکسالار و نادێموکڕات و ناوەندخواز، تەنانەت ئەوکاتەش وا خەریکین باسی چاکەکانی دێمۆکراسی و پێویستیی دابەشینەوەی دەسەڵاتیش دەکەین، زۆر زوو خۆی دەردەخا.
دەکرێ بۆچوونەکانی نووریعەلا بەم شێوەیە کورت بکەینەوە:
ــ سیستمی فێدرال بۆ ئێران نەک هەر مۆدێلێکی نەگونجاو نییە بەڵکوو داهێنەری شێوەی سەرەتایی فێدرالیزمیش هەر ئێرانییە کەوناراکان بوونە. فێدرالیزمێکی “ساتراپی” هەر لە زەمانی هەخامەنشییەکان و ئەشکانییەکان و ساسانییەکان لە ئێراندا بەرپا بووە و ئەم سیستمە ناداپەستراوە بە هێرشی عەرەبەکان بۆ سەر ئێران ـ وەک هەموو شانازییە دانستە و دەگمەنەکانی دیکەی ئێران ـ لەناو چوو.
ــ لە بزووتنەوەی مەشرووتیەتیشدا ـ بە پەسند کرانی یاسای ئەنجومەنە ئەیالەتی و ویلایەتیییەکان ـ بناغەی چەشنێک فێدرالیزمی ئێرانی داندرا.
ـ ئێرانی داهاتووش دەبێ بەهۆی دامەزرانی سیستمێکی فێدرالەوە، وەک ویلایە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ببێ بە “ویلایە یەکگرتووەکانی ئێران”
ـ بەڵام دابەشکاریی سیستمی فێدرالی داهاتووی ئێران بەهیچ شێوەیەک نابێ لەسەر بنەمای زمان و ئێتنیسیتە و ئایین بێ. چونکە ئەم دابەشکارییانە دەبنە هۆی لەبەریەکهەڵوەشاندەوە واتە “تەجزیە”ی ئێران!
ـ دامەزرانی سیستمی فێدرال لە ئێراندا، نەک هەر عیلاجی نەخۆشیی سەرەڕۆیییە، بەڵکوو عیلاجی دەردی هەڵوەشاندنەوەخوازیشە. بە گوتەیەکی تر، سەرەڕۆیی لە ناوەنددا و هەڵوەشاندنەوەخوازی لە دەرەوەی ناوەنددا، دەرکەوتەی نەخۆشییەکی یەکسانن کە هەردووکیان بە دامەزراندنی سیستمێکی فێدرال عیلاجیان دێ.
ـ هاندەری هەڵوەشاندنەوەخوازەکان شتی لەم چەشنەن: تورکەکە دەڵی ئەگەر ئازەربایجان سەربەخۆ بێ، من دەبم بە سەرۆکوەزیرانی، کوردەکە دەڵێ ئەگەر کوردستان سەربەخۆ بێ من دەبم بە باوکی شێعری نوێی کوردی[20]، بەلووچەکەش دەڵێ ئەگەر بەلووچستان ببێ بە وڵات، من دەبم بە سەرۆککۆماری!!
خوێنەری ئەم دێڕانە با هەر خۆی بەرزیی ئیدەیەکی پێشکەوتوو و مۆدێرنی وەک “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئێران” لەگەڵ نزمیی ئەم قسانەی دوایی، پێکەوە بەراورد بکا.
بەڵگەکانی ئێمە بۆ ڕەتکردنەوەی بۆچوونی کەسێکی وەک نووریعەلا ئەمانەن:
٢-٥-١. بەڵگەی یەکەم. دژایەتی کردن لەگەڵ ناوەندخوازی ناکرێ بە هۆی بڕیارێکی ناوەندییەوە بەڕێوە بچێ.
فێدرالیزم مێکانیسمێکە بۆ دژایەتی کردن لەگەڵ ناوەندخوازی و داپەسترانی دەسەڵات لە ناوەنددا. کەوابوو جۆری ئەو فێدرالیزمەی قەرارە دابمەزرێ نابێ بە بڕیارێکی لەپێشدا دراو لە ناوەنددا دیاری بکرێ.
کەسانی وەک نووریعەلا دەیانەوێ لە ناوەندەوە چۆنیەتیی سیستمی دژەناوەندخوازانە دیاری بکەن. ئەوانە کاتێک تەنانەت بەگژ باوکسالاری و ناوەندخوازیشدا دێنەوە، دیسان بە خەستی باوکسالار و ناوەندخوازن؛ واتە باوکسالارانە دەیانەوێ ئانگژای باوکسالاری ببنەوە و ناوەندخوازانە گەرەکیانە دابگژێنە سەروسەکوتی ناوەندخوازییەوە! ئەمەش ناوی فێدرالیزمی ئێرانییە و مرۆڤی ئێرانی لە زەمانی کوروشی مەزنەوە بەتاقی کردووەتەوە!
ئەم مەنتیقە خۆی دژایەتی لەگەڵ خۆی دەکا و بەم عەقلییەتەوە ناکرێ بەربەرەکانی لەگەڵ داپەسترانی دەسەڵات بکەین.
بەڵگەی دووەم. ئەم دەرهاویشتنانەی وا فێدرالیزم دەکەن بە سانترالیزم
هەموو ئەو کەسانەی دژایەتی لەگەڵ چەمکی وەک دێموکراسی یان فێدرالیزم دەکەن، بەئاشکرا یان لە سەرەتادا ئەم دژایەتییە دەرنابڕن. دژایەتی کردن لەگەڵ چەمکی ئەوتۆ عادەتەن ڕەوتێکی بەم شێوەیە دەبڕێ:
چەمکی “ئەلف” چەمكێكی زۆر بەکەڵک و پێویستە، “بەڵام” بۆ ئەوەی “بۆ ئێمە” گونجاوتر و بەکەڵکتر بێ، دەبێ ئەم خاڵانەی لێ دەرهاوێژین: دەرهاویشتەی یەکەم، دەرهاویشتەی دووەم، …، دەرهاویشتەی چەندەم.
کاتێک مرۆڤ دواجار لەم دەرهاویشتانە ورد دەبێتەوە، دەبینێ کۆی ئەمانە، هەر خۆیان جەوهەری چەمکەکە پێک دەهێنن و چەمکەکە بە بێ ئەمانە ناوێکی بێناوەرۆک و توێکڵێکی بێ کاکڵە. شەڕەکە هەرلە سەرەتاوە لەبەر ئەمە بوو ئەوانەی بە دەرهاویشتە حیساب کراون ببن بە بنەما. تۆ تەنانەت دەتوانی دژ بەم بنەمایانەش بی، بەڵام گرینگ ئەمەیە ناکرێ تۆ بەناوی خاوەندارێتی کردن لەم چەمکە دژ بەم بنەمایانە بی.
کەسێک کە دەڵێ دێموکراسی و هەڵبژاردن باشترین سیستمی سیاسییە بەڵام هەر کاتێک خەڵک لەم سیستمەدا هەڵبژاردنێکی هەڵەیان کرد، پێویستە تاقمێکی دەستەبژێر بێن و هەڵەکەیان بۆ ڕاست کەنەوە، ئەوە هەر لە سەرەتاوە نەدەبوو زەحمەت بکێشێ و بڵێ دێموکراسی سیستمێکی لەبارە.
کەسێک کە دەڵێ پێویستە سیستمی فێدرال لە وڵاتدا دابمەزرێ بەڵام ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان خەڵکی ئەیالەتێک لە پارلمانی ئەیالەتی خۆیاندا بڕیاریاندا بە زمانی ناوچەی خۆیان بخوێنن، دەبێ بڕیارەکە لە “ناوەند”وە هەڵبوەشێتەوە، گەلۆ ئەم کەسە بۆ لە سەرەتاوە زەحمەتی بەرگری کردن لە سیستمی فێدرالی دەدایە بەرخۆی؟ ئەمە فێدرالیزمی سانترالیستیە.
فێدرالیزمی سانترالیستی شتێکە وەکوو دێموکراسی سەرەڕۆیانە یان فێمینیزمی باوکسالارانە یان سێکۆلاریزمی بناژۆخوازنە! ئەوەی بەرگری لە سەرەڕۆیی دەکا چۆن و بۆچی قسە لە دێموکراسی دەکا؟ با بڵێین قەیدی ناکا کەسێک باوکسالاری پێ نەزمێکی زەریفە، بەڵام زۆر سەیرە ئەم کەسە خۆی پێ برەوپێدەری بەهاکانی فێمینزمیش بێ. یان ئەگەر کەسێک بناژۆخوازە، ئەم سیستمە سێکۆلارەی دەیەوێ دایبمەزرێنێ، بەڕاستی چەندە جێگەی بەقایە؟ ئەمانە هەموو بەم مانایەن کە زۆر جار ئەم چەمکانەی کەسانێک قسەی لەسەر دەکەن، بە باشی لەلایەن ئەم کەسانەوە فام نەکراوە.
بەڵگەی سێیەم. ڕووبار ئەگەر پێشی کراوە خۆی بەستێنی خۆی دیاری دەکا
کاتێک بڕیاری سیاسیی گشتی دێتە سەر ئەوەی دەسەڵات لە ناوەند دانەپەسترێ و ناوچەکان دەسەڵاتی ناوچەیی خۆیان هەبێ، ئەوکات بەشێوەیەکی سروشتی خەڵکی ئەم ناوچانە بۆلای پەسند کردنی ئەم یاسا و ڕێسایانە دەچن کە لەگەڵ زمان و ئایین و ئەتنیسیتەی خۆیان گونجاوە. واتە کاتێک فێدرالیزم لە وڵاتێکی فرەنەتەوەدا پراکتیزە بکرێ، دوای ماەیەک بەشێوەیەکی سروشتی و خۆڕسک بۆلای فێدرالیزمی ئەتنیکی دەچێ. ئەمە بەهۆی پیلان و گەلەکۆمەکێی پیلانگێڕانەی هیچ لایەنێکی دەرەکی نییە بەڵکوو لەسۆنگەی هەمان دیاردەوە ڕوو دەدا کە فەلسەفەی فێدرالیزمی لەسەر دامەرزاوە؛ واتە دەسەڵاتی گەلان بۆ بڕیار دان.
دەکرێ بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە کەڵک لە تەمسیلێک وەربگرین. وای دابنێن لە کوێستانێک بەهۆی بەنداوێکەوە پێشی ئاوی ڕووبارێک گیراوە. دیارە بەم پێشپێگیرانە ئاوی بەندەکە هر لەوێ خڕ دەبێتەوە. ئەگەر ڕۆژێک بڕیار هاتە سەر ئەوەی ئاوی بەنداوەکە پێشی بەردرێ، ئەودەم ئەوە تایبەتمەندیی زەوییەکانی خوارەوەی بەنداوەکە و چۆنیەتی بەرزی و نزمی عەرزەکە و جۆری خاکەکە و بەربەستەکانی سەر رێگایان و ئەم جۆرە شتانەیە کە ڕەوگەی ڕووبارەکە دیاری دەکەن. ئەم بڕیارەی لێرە دەدرێ پێش بەردان بە ئاوەکەیە. بەڵام کە تۆ پێشت بە ئاوەکە بەردا ئیتر ناتوانی بڵێی هەتا ئەم چۆمە دەگا بە دەریا ، خۆیشم بست بە بستی ڕەوگەکەشی بۆ دیاری دەکەم. ڕەوگەکە بەشێوەی سروشتی لەلایەن تایبەتمەندیی شوێن بە شوێنی بەستێنەکەوە دیاری دەکرێ.
بەڵگەی چوارەم. وەهمی بوونی مەترسییەکانی فێدرالیزم
دژبەرانی فێدرالیزمی نەتەوەیی، ئاماژەیان بە چەندین مەترسی کردووە کە ئەگەر ئێران ببێ بە وڵاتێکی فێدرال، گوایە هەڕەشەی ئەم مەترسییانە دەبێتە هۆی ئەوەی خەساری فێدرالیزم لە سوودەکەی زۆر زیاتر بێ. ئەم مەترسییانە ئەمانەن:
ـ فێدرالیزمی نەتەوەیی دەبێتە هۆی پارچە پارچە بوون و لەبەریەک هەڵوەشانەوەی خاکی ئێران
ـ فێدرالیزمی نەتەوەیی دەبێتە هۆی شەڕ و پێک هەڵپرژانی نەتەوەکان لە ئێراندا
ـ فێدرالیزمی نەتەوەیی دیوارێکی پۆڵایین لە نێوان ئەیالەتە فێدرالەکاندا دروست دەکا و پێش بە جەریانی ئازادی هاتوچۆ و نیشتەجێ بوونی خەڵکی ناوچەکانی دیکە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا دەگرێ.
دژبەرانی فێدرالیزم بۆ چەسپاندنی بۆچوونەکانی خۆیان چەند پرسیارێک دەخەنە بەردەم لایەنگرانی فێدرالیزمی نەتەوەیی. پرسیارەکان ئەمانەن:
ـ ئەگەر سیستمی فێدرالیزمی نەتەوەیی لە ئێران زاڵ بێ ئایا هیچ زەمانتێک هەیە ئێران پارچە پارچە نەبێ؟
ـ ئەگەر سیستمی فێدرالیزمی نەتەوەیی لە ئێران بێتە سەرکار، ئایا هیچ زەمانەتێک لەگۆڕێدا هەیە شەڕ و تێک هەڵچوون لە نێوان نەتەوەکانی ئێراندا ڕوو نەدا؟
بەڕاستی کێ دەتوانێ بە دڵنیاییەوە ئەم زەمانەتانە بکا؟ دەی ئەگەر ناکرێ ئەم زەمانەتانە بکرێن کەوابوو بۆ دەبێ دەسەڵاتی ناوەندی زەمانەتی جێبەجێ بوونی فێدرالیزم بکا؟ ئایا ئەمە غەدر نییە لایەنگرانی فێدرالیزم نەتوانن زەمانەتی ئەوە بکەن لە ئەنجامی دامەزرانی سیستمێکی فێدرال لە ئێراندا وڵات پارچە پارچە نەبێ یان هیچ شەڕێک لە نێوان نەتەوەکاندا نەقەومێ، بەڵام لەولاوە چاوەڕوانیی ئەوەیان لە دەسەڵات هەبێ زەمانەتی دامەزراندنی سیستمێکی فێدرال بکا؟
لەڕاستیدا وڵامی ئەم پرسیارانە یەکجار ساکارن. با دوو پرسیارە سەرەتاییەکە پێچەوانە بکەینەوە و ئەوجار ئێمە پرسیارەکان بەرەوڕووی ناوەندخوازەکان بکەینەوە:
ـ ئەگەر هەر وەکوو پێشوو سیستمی ناوەندخواز لە ئێران حاکم بێ و مافی گەلانی ناو سنووری ئێران نەدرێ، ئایا هیچ زەمانەتێک لە گۆڕێدا هەیە ئێران لە داهاتوودا پارچە پارچە نەبێ؟
ـ ئەگەر سیستمی ناوەندخواز لە ئێراندا زاڵ بێ و سیاسەتی هەڵاواردن و فەرق و جیاوازی دانان لەنێوان نەتەوەکانی ناو سنوری ئێران درێژەی هەبێ، ئایا هیچ زەمانەتێک هەیە نەتەوەکان تووشی شەڕ و خوێنرشتن نەبن؟
لەبارەی داهاتوودا هیچ زەمانەتێکی سەتاسەت نادرێ. نە سیاسەتوانان دەتوانن ئەم زەمانەتە بدەن، نە ڕووناکبیران و نە پسپۆرانی کۆمەڵناسی. فیلسووفێکی بەناوبانگی ڕۆژئاوایی دەڵێ هەر بە تەنیا دوو دەستە لە خەڵک دەتوانن زەمانەتێکی سەتاسەت لەبارەی داهاتوودا بدەن بە کەسانی دی: دەستەی یەکەم پێغەمبەرانن و ئەوانی دی فێڵبازانی درۆزنن. فێدراڵخوازەکان نە پێغەمبەرن و نە فێڵباز. بەڵام فێدراڵخوازەکان بە دڵنیاییەوە دەتوانن بەرگری لە چەند بۆچوونێک بکەن:
ـ شیمانەی پارچە پارچە بوونی ئێران بە درێژە کێشانی سیستمی ناوەندخواز زۆر زیاترە لە هەمان شیمانە بە دامەزرانی سیستمێکی فێدرال.
ـ شیمانەی تێکهەڵچوونی نێوان نەتەوەکان، بە درێژە کێشانی سیاسەتی هەڵاواردن و فەرق و جیاوازیی دانان لە نێوان نەتەوەکان زۆر زیاترە لە هەمان شیمانە بە دامەزرانی سیستمێکی دادپەروەرانە کە نەتەوەکان تێیدا هەست بە ژێردەست بوون و مافخوراو بوون نەکەن.
دەربارەی مەترسیی سێیەم دەبێ بڵێین کە دامەزرانی سیستمی فێدرال، هیچ دیوارێکی پۆڵایین لە نێوان هەرێمەکاندا ساز ناکا و نە بۆ هاتوچۆ و نە بۆ نیشتەجێ بوونی هیچ تاکێک لە هیچ هەرێمێکدا، بەربەست دروست ناکا. ئەوەی بەربەستی بۆ ساز دەکرێ و دیوارێکی لە بەرنبەردا بەرز دەبێتەوە بوونی یاساگەلی نادادپەروەرانە و نەشیاوی هەرێمەکەن.
ئەوەی سنوورەکانی هەرێمی فێدرال دیاری دەکەن دەنگی خەڵکی هەرکام لە ناوچەکانن. دیارە هەندێک هەرێمی خۆڵەمێشی هەن کە شوێنی نیشتەجێ بوونی دوو نەتەوەن، یاساکانی ئەوێ لەگەڵ یاساکانی هەرێمی تر جیاوازیان دەبێ و ئەم ناوچانە بە شێوەی هاوبەش ئیدارە دەکرێن. ئەوانە هەموویان پرۆڤە کردنی پێکەوە ژیان و پێکەوە مانەوەن نەک لێک دابڕان و جودایی. هەر لە بنەڕەتدا فێدرالیزم فۆرمۆلێکە بۆ پێکەوە ژیان نەک بۆ لێکدابڕان.
٭٭٭
لەم نامیلکەیەدا هەتا ئێرە هەوڵ درا بەشێوەیەکی قووڵتر، باسی زەمینەکانی شەڕ و تێکهەڵچوون لە کوردستاندا بکرێ و پێشان بدرێ شەڕی چەکداری بژاردەی چ لایەنێکە و ئەم لایەنە بۆ خۆ بواردن لە بەڕێوە بردنی چ بەرنامە و ئەجندایەکی مۆدێڕن و ئەمڕۆیی دەست بۆ چەک دەبا. باسی ئەوە کرا لایەنی ناوەندخواز لە بەرانبەر حوزووری هێزێکی سیاسیی و لە بەرانبەر حوزووری بیرێکی تایبەتی سیاسیدا دەست بۆ چەک دەبا و دەستەوداوێنی حەزفی فیزیکیی جودابیران دەبێ. باسی ئەوە کرا حاکمییەت بەهۆی چ تەمهیدگەلێگی تیۆری و مێژووییەوە زەمینە بۆ هێرشی چەکداری بۆسەر کوردستان خۆش دەکا و چۆن بیروڕای گشتیی خەڵکی دەرەوەی کوردستان بۆ ئەم هێرشە ئامادە دەکا. باسەکە ئەمە بوو کە “ڕاسان” بریتییە لە خۆئامادە کردن بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ سیاسەتی حەزف و هێرشی هەمەلایەنەی حاکمییەتێکی دڕندە.
دەربارەی گرینگایەتیی ڕاسان و پێویستیی بەرخۆدان لەبەرانبەر هێزی سەرکوتکەر و شکاندنی سامی خەڵک لە سیاسەتی تێرۆر و تۆقاندن و بەگژداچوونەوەی قەڵای شەو و چالاک کردنی پتانسیەلە شاراوەکانی سیاسی و مەدەنی بەهۆی بەرخۆدانێکی هەمەلایەنە، زۆر باسی پیویستی دیکە ماون کە لە بەشەکانی تری ئەم نامیلکەیەدا باسیان لێ دەکرێ.
با ئەم بەشە بە سروودی ڕاسان و سروودی سام نەکردن لە شەوی هێرشی تەتاران کۆتایی پێ بێنین.
“دەنگی ڕاسان”
چ سوارە ئەو پشوویەم، وەرە ئاوەڵا کە دەرگا
وەرە دەرکی ئەو قەڵایەی، کە لە جادووە و لە حەزیا
بشکێنە تۆ دڵی بەرد، وەکوو سوورە گوڵ لە پاشان
بشەکێنە پەرچەمی خوێن، بکە خۆڵ ڕەوەز بە تەنیا
تۆ کە ئاشنای سپێدەی، بە شێعر، بە وردە قامێک
بکە تەڕ هەناوی دیدە، مەبە گێژی خۆزگە، بریا
بە تەما نییە کە ئەوشەو، لە کەلم هەتاوێ دەربێ
ئەتۆ خۆت لە کەل وەدەر خە و، ببە خۆری زیت و وریا
بە زوڵاڵی دەنگ هەڵێنە، کە هەبوونە دەنگی ڕاسان
دە بە ویرەیەک گڕی دە، هەموو ترس و خۆفی ئێستا
شەوی هێرشی تەتاران، چڕە سێبەری لە هەر لا
وەرە تۆ بە هەورە گرمە، بڕمێنە سێبەری سا
لە دەرێوە نایە کەس تا، کە ببێتە یاری زامت
ئەتۆ خۆت تەتار شکێن بە، وەرە خۆت بگە بە فریا[21]
سەرچاوەکان
[1] ئەم قسەیە لەلایەن موختار زارعییەوە کراوە.
[2] لە پەراوێزی ئەم باسەدا ناکرێ خۆمان لە بابەتێکی گرینگ ببوێرین. عەبدووڵڵا حەسەنزادە لە مێژووی هاوچەرخی کوردستانی ئێراندا سیمایەکی دیارە. هەڵبەت بەداخەوە ئەم کەسایەتییە ـ بەهەر دەلیلێک ـ لە هەڵەی گەورەی ئینشعابەوە گلا و خەتێکی هەڵبژارد کە شەهید دکتۆر قاسملوو هەتا زیندوو بوو ڕەتی کردەوە؛ واتە خەتی ئینشعاب. ئەو ئینشعابەی حەسەنزادە لە حیزبی دێموکراتی کرد، ئینشعابێکی تەشکیلاتی بوو. دیارە ئەمەش هەر بە هەڵە حیسێب دەکرێ و ناکرێ هێچ پاساوی بۆ بهێنرێتەوە، بەڵام لەبیرمان نەچێ تێوەگلان یان بێدەنگ بوون (هەردووکیان وەک یەک) لە فازی دووەمی ئینشعاب واتە ئینشعابی فکری هەڵەیەکی دووقات و بگرە چەندقاتە و بە هیچ قیمەتێک نابێ حەسەنزادە ئەم هەڵەیەش لە کارنامەی خۆیدا تۆمار بکا. بەخۆشییەوە حەسەنزادە ئێستا لە ژیاندایە و ئێمە جگە لە تەمەندرێژی هیوای ئەوەی بۆ دەخوازین نەک هەر لە هەڵەی دووهەمەوە نەگلێ بەڵکوو ئەوەندەی دەستی دەڕوا و بۆی هەڵدەسوڕێ هەڵەی یەکەمیش قەرەبوو بکاتەوە.
[3] بڕوانه پێشهکی ئهم کتێبه:
مک داول، دیوید، تاریخ معاصر کرد، ترجمهی ابراهیم یونسی، تهران، انتشارات پانیذ، صص 24ـ22
[4] induction
[5] deduction
[6] Inference to the best explanation
[7] هەڵبەت هیوادارین بۆمان بڕەخسێ لە نووسینی دیکەدا بپەرژێینە سەر ئەم بابەتە گرینگە و سێناریۆ هەڵبەستراوەکانی ناوەندخوازان بۆ ڕەوا نیشان دانی هێرش بۆسەر کوردستان، ڕیوایەت بە ڕیوایەت شەنوکەو بکەین.
[8] جگە لەم سێناریۆیانەی بە نیازی ڕەوا نیشاندانی دەست پێ کردنی شەڕ لە کوردستان بەرهەم هاتوون، هەندێک سێناریۆش بەنیازی بەرهەم هێنانەوی ئایدیای زل بوونی ناوەند و چکۆڵە بوونی کوردستان بەرهەم هاتوون. لە سێناریۆیەکی سەیروسەمەرەدا کاتێک تاڵەقانی وێڕای شاندی دەوڵەتی تازە دەگاتە سنە و مەلا شێخ عیززەددین دەچێتە پێشوازی، تاڵەقانی هەر دەگاتە شێخ، زللەیەکی توندی لە بنانگوێی دەخەوێنێ و بە شێوەی “میتی کۆمان” تێی دەخوڕێ کە ئەم دۆخە بۆ بەسەر کوردستاندا زاڵە؟ مەلا شێخ عیززەددینیش سەری دادەخا و بە وێنەی تاوانبارێک بێدەنگ دەبێ. من یەکەم جار ئەم سێناریۆیەم لە گۆڤاری “اندیشەی پویا” و لە وتارێکی “جلال توکلیان”دا دی. دیارە کەسانێکی وەک ئەکبەری گەنجی و جەلالی تەوەکولیان ئەوەندەی بۆ تێگەیشتن لە کێشەیەکی وەک کێشەی کورد پشت بە فیلمی وەک هێرکوول پوارۆ یان کارتۆنی وەک میتی کۆمان دەبەستن، ئەوەندە پشت بە مێژووی ڕاستەقینەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد و تیۆریی ڕۆژ بۆ چارەسەر کردنی پرسی لەم چەشنە نابەستن. ئەگەر ئەوانەش لەبەر دەستدا نەبوون ئەوە فیلمی شێوە وێستێرنی ئیبراهیمی حاتەمیکیا ـ فیلمی وەک “چێ” ـ لەبەردەستدا هەن. ئەگەریش هەر پێویست بوو باسی مێژووی کورد لە زمان خۆیەوە بکرێ، ئەوە شوکر کتێبەکەی مامەغەنی بە وەرگێڕدراوە فارسییەکەیەوە لە هەوێڵدا هەیە و ئێستا کەم شرۆڤەکاری ناوندخواز هەیە وا بە ئەرکی سەرشانی خۆی نەزانێ حەدیسەکانی موسنەدی مامەغەنی نەقڵ بکا.
[9] هەموو ئەم هەواڵانە لەم سەرچاوەیە وەرگیراون:
سمیعی، احمد، طلوع و غروب دولت موقت، تهران، نشر شباویز، چاپ دوم، ١٣٧٢، صص ٦-٥
[10] سەرچاوەی پێشوو، ل ٢٠
[11] سەرچاەی پێشوو، ل ٢٣
[12] سەرچاوەی پێشوو، ل ٢٣
[13] هوشمند، احسان، کرد یا کردها، مدخلی جامعەشناختی بر کردشناسی، فصلنامەی گفتگو، شمارەی ٤٠، شهریور ١٣٨٣، ص ٩
[14] سەرچاوەی پێشوو، ل ١٠
[15] سەرچاوەی پێشوو، ل ١٠
[16] سەرچاوەی پێشوو، ل ١٢
[17] سەرچاوەی پێشوو، ل ١٤
[18] سەرچاوەی پێشوو، ل ١١
[19] سەرچاوەی پێشوو، ل ٣٠
[20] نووریعەلا تەنانەت لە تەعبیری “باوکی شێعری نوێی کوردی”ش کەڵک وەرناگرێ بەڵکوو لە تەعبیری “نیما یووشیجی کوردستان”! کەڵک وەردەگرێ. دەسەڵاتی تێفکرینی ناوەندخوازانە تەنانەت لە قسە و بۆچوونی ئەو کەسانەی وا خەریکن بە گژ ناوەندخوازیشدا دێنەوە، زۆر زوو بە شێوەیەکی ئایرۆنێک و تەنانەت بەشێوەیەکی تەنزاوی خۆی نیشان دەداتەوە.
[21] ئەم شێعرە وەرگێڕدراوی شێعرێکی دکتۆر محەممەد ڕەزا شەفیعی کەدکەنییە بەناوی “غزلی در مایە شور و شکستن”:
نفسم گرفت از این شب، در این حصار بشکن
در این حصار جادویی روزگار بشکن
چو شقایق، از دل سنگ، برآر رایت خون
بە جنون صلابت صخرە کوهسار بشکن
تو کە ترجمان صبحی، بە ترنم و ترانە
لب زخم دیدە بگشا، صف انتظار بشکن
سر آن ندارد امشب کە برآید آفتابی
تو خود آفتاب خود باش و طلسم کار بشکن
بسرای تا کە هستی، کە سرودن است بودن
بە ترنمی دژ وحشت این دیار بشکن
شب غارت تتاران، همە سو فکندە سایە
تو بە آذرخشی این سایە دیوسار بشکن
ز برون کسی نیاید چو بە یاری تو اینجا
تو ز خویشتن برون آ، سپە تتار بشکن


