ئارامتر بخوێنەوە!
ناساندنی کتێب
“ناسنامەی کورد، مافی مرۆڤ و پێگەی سیاسی”، کتێبێکی قەبارە گەورەی ٣٤٩ لاپەڕەیی بە زمانی ئینگلیزییە لە ساڵی ٢٠٠٧ لە لایەن دەزگای چاپەمەنیی زانکۆی فلۆریدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە کۆی کۆمەڵە وتارێکی بە پیزە لەلایەن چارڵز جی. مەک دۆنالد و کارۆڵ. ئێی ئۆڵێری ئێدیت کراوە. لە پێشەکییەکەیدا هاتووە: ئەم کتێبە سەبارەت بە ناسنامەی کوردی؛ تایبەتە بە چۆنیەتیی بینینی کوردەکان لە لایەن خۆیانەوە و چۆنیەتیی بینینی کوردەکان لە لایەن کەسانی ترەوە. نوسەرانی هەر کام لە چاپتەرەکانی ئەم کتێبە هەوڵیان داوە لە سەرووی وشیاریی کولتوری، پردێک بۆ مافەکانی مرۆڤ و پێگەی سیاسیی کوردەکان لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا لێبدەن. هەر بۆیە ئەم کتێبە بۆ خوێندنەوەی پرسی شوناسی کوردی و سیاسەت لە پارچەیەکی کوردستان تایبەت نەکراوە، بەڵکوو هەوڵی ئەوە ئەدا پرسی ناسنامەی کوردی، گرێدراو بە مافەکانی مرۆڤ و پێگەی سیاسی لە هەر چوار بەشی کوردستان بخوێنیتەوە. ئەم کتێبە لە پیشەکییەک و شەش بەش پێکهاتووە.
دوای پێشەکی، ئەم کتێبە شوناسی کوردی لە پێنج بەشدا دێنێتە بەر باس و خواس. بەشی یەکەم تێروانینی چەن ئاکادیمیسیەن و کەسایەتیی سیاسییە. “نێچیروان بارزانی”، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەم کتیبەدا یەکەم کەسە بە تێڕوانینیکی دیرۆکی باسی ناسنامەی کوردی و هەوڵەکانی “مەسعود بارزانی” بۆ ناسنامەی کوردی دەکات. لەم چاپتەرەدا نێچیروان بارزانی کێشەکانی بەردەم یەکێتیی کوردان و هەوڵەکان بۆ چارەسەر کردنی ئەم پرسە باس دەکات. دواتر “مایکڵ ڤان دوسێن”، جێگری بەرپرسی ناوەندی نێونەتەوەیی وۆدرۆ ڤیلسۆن بۆ توێژەران، باسیک لەسەر پرسی شوناسی کوردی دەکاتەوە. لەم چاپتەرەدا ڤان دوسێن داکۆکی لەوە دەکات کە پێویستە کوردەکان هاوکات لەگەڵ بەدواداچون بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، هەوڵ بۆ بەدواداچونی سیاسیەتی دادپەروەرانەی خۆیان، مافە سیاسییەکانیان بکەن. “شەفیق قەزاز”، وەزیری هاوکاریی مرۆڤی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاپتەری دواتردا پرسی کورد وەک پرسێکی نەتەوەیی دەنرخێنێ. شەفیق لەم بەشەدا پێی وایە وڵاتە خاوەن کوردەکان توندوتیژیان بە مەبەستی پەراوێز خستنەوەی کوردەکان بەکار هێناوە بەڵآم لە ٣٠ ساڵی رابردوودا کوردەکان وەک پێشوو چیتر ئەم سیاسەتانەیان بێ وڵام نەهێشتۆوتەوە. پرۆفیسۆر “عەبدولعەزیز سەعید”، بەرپرسی ناوەندی جیهانیی ئاشتی نێونەتەوەیی لە زانکۆی ئەمریکی، پێداگری لەسەر دامەزراندنی ناوەندێک بۆ لێکۆڵینەوە کوردییەکان دەکات. پرۆفیسۆر عەبدولعەزیز لەم بەشەدا پێی وایە بەمەبەستی تێگەیشنێکی زۆرتر و پەروەردەکردنی شوناسی کوردی لەو کۆمەڵگایانەی ئەمڕۆکە لە حاڵی وەدیار کەوتنی سیاسەتی پلورالیسیتدان، پێویستە داکۆکییەکی زۆرتر لە سەر چەمکی peoplehood بکرێ تاکوو دەوڵەتبوون.
بەشی سێهەمی ئەم کتێبە لە ژێرناونیشانی “دەوڵەت، کوردەکان و بەدواداچونی دیموکراسی لە تورکیا”، چوار چاپتەری لەخۆ گرتوە. چاپتەری شەشەم لەژێر ناونیشانی گیرانی ئۆجەلان وەک کاتالیزۆرێک بۆ دیموکراسی و کاندیداتۆریی تورکیا بۆ چوونە ناو یەکێتیی ئەوڕوپا دەکا. ئەم چاپتەرە کە لەلایەن “مایکێڵ گوونتێر”ـەوە نووسراوە، پێی وایە ئوجەلان زیاتر لە هەر رێبەریکی کورد، لەم ساڵانەی دواییدا رۆڵی لە دروست کردنی هەستی باوەڕبەخۆبوونی کورد و نەتەوەخوازیی کورد لە تورکیا و ڕەنگە لە شوێنەکانی تریشدا گێڕابێ. گوونتێر پێێوایە هەر چەن تورکەکان وەک تیرۆریستێک سەیری ئۆجەلان و بزووتنەوەکەی دەکەن بەڵام دوابەدوای گیرانی لە ساڵی ١٩٩٩ و گۆڕانی بیرۆکەکانی ئۆجەلان، پێداگری ئەو لە سەر دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگای تورکیا، هەوڵدان بۆ کەم کردنەوەی ئاستی توندوتیژی لەم وڵاتە، ڕەنگە لە درێژخایەندا هەوڵەکانی وەک پرۆسەیەکی سیاسیی دوورودرێژ ڕێگا بۆ کرانەوەی سیاسی لە تورکیا و دەرفەتی چوونە ناو یەکێتیی ئەوڕوپا بۆ ئەم ئەم وڵآتە بکاتەوە.
چاپتەری حەوتەم لە ژێر ناونیشانی “پێنج قۆناخی پێکهاتنی ناسیۆنالیزمی کورد لە تورکیا”، لە لایەن “هاکان یاووز”ـەوە نووسراوە. ئەم مامۆستایەی زانکۆی “یووتا”ی ئەمریکا، لەم چاپتەرەدا پێی وایە داڕمانی ئیمپڕاتۆریای عوسمانی و فۆرماسیۆنی پرسی ئەتنیکەکان دەبێتە هۆکاری سیاسی بوونی ناسنامەی کوردی، دامەزرانی دەوڵەتی مۆدێرن لە تورکیا، وەک دووهەم هەنگاو تا ساڵانی ١٩٥٠ ناسنامەیەکی جیاوازی کوردی بەرهەم دینێت، لە ساڵانی ١٩٦١ تا ١٩٨٣ لە ڕیگای سۆشیالیزمەوە، سێکیۆلاربوونی ناسنامەی کوردی وەک سێهەم قۆناخی وەدیار دەکەوێ. ساڵانی ١٩٨٣ تاکوو ١٩٩٩ وەک چوارەمین قۆناخە؛ ئەم قۆناخە بە وەدیار کەوتنی پارتی کرێکارانی کوردستان دێتە ناو پانتای سیاسەتەوە. پێنجەمین قۆناخ هاوکاتە لەگەڵ هاتنە ئارای بە فەرمی ناسینی مافە کولتورییەکان و چەشنە دێسێنترالیزاسیۆنک کە پارتیە کوردییە فەرمییەکان و هاوکات پێداگری کردن لەسەر دیموکراتیزە بوونی تورکیا. چاپتەری هەشتەم کە لە لایەن گوڵستان گوربەی نوسراوە باس لە میکانیزمەکان چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا دەکات. گوڵستان پێی وایە هەر وەک وڵاتی ئێران و سووریا، نەبوونی سیاسەتی بە فەرمی ناسینی کوردەکان و نەبوونی دیالۆگی نێوان کورد و تورک و گرینگی پێنەدانی ڕیکخراوە ناونەتەوەییەکان، لەمپەرێک بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
چاپتەری نۆهەم لە لایەن “ڕۆبێرت ئۆلسۆن”ـەوە باسی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئێران و پرسی کورد لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ تاکوو ٢٠٠٠ لەماوەی سەرۆک کۆماریی نەجمەدین ئەربەکان و خاتەمی دەکا. ئۆلسۆن پێی وایە پرسی کورد کێشەیەکی گەورەی ژیۆپۆلەتیک و ژیئۆ ستراتیژیی نیوان ئیران و تورکیایە و باڵانسی هێزی ئەم دووە لە باشوری کوردستانیش بە هۆی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستانەوە ڕووبەرووی کێشە دەبێتەوە.
بەشی چوارەمی ئەم کتێبە سەبارەت بە گەمارۆکان، دڵەڕاوکێکانی مرۆڤی و لەدایکبوونی دیموکراسیی کوردی لە باشوری کوردستانە. بۆیە چاپتەری دەیەم لە ژێر ناونیشانی “سیاسەتی ئەمریکا و باشوری کوردستان” لە لایەن “دێڤید ئێڵ.مەک”، پەیوەندیی دەسەڵاتی ناوەندیی بەغدا و دەسەڵاتە خۆجێیەکان و بە تایبەت هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هەڵدەسنگێنێ. دیڤید مەک پێی وایە لەناو پەیوەندییە سیاسییەکانی هەریم و بەغدادا، دەکرێ کوردەکان سیاسەتی مافی مرۆڤیش بێننە ناو کایەی سیاسی و وەک فاکتەرێکی جیاواز بۆ کاریگەری دانان لەسەر سیاسەتی دەورەوەی ئەمریکا کەڵکی لێ وەرگرن.
هانا ی.فریجی چاپتەری یانزەی ئەم کتێبەی لە ژێرناونیشانی “دەوڵەتی عێراق، ئۆپۆزیسیۆن و ڕێگای جارەسەری” نووسیوە. ئەم چاپتەرە سێ بەشە؛ یەکەم بەش سروشتی دەوڵەتی عێراق و چۆنیەتیی کۆنترۆڵ کردنی عیراق لەلایەن سەدام حوسینەوە باس دەکات. دووهەم بەش لێکدانەوەیەک سەبارەت بە ئۆپۆزیسیۆنی رژیمی عێراق لە کۆتایی دووهەم شەڕی کەنداو بە دواوە دەخاتە بەر دیدی خوێنەرانەوە و سێهەم بەش فۆرمۆلێک بۆ هێزە ناوچەییەکانی عێراق بە مەبەستی دەسپێکردنی پرۆسەی جارەسەرکردن و پێکهاتن لەم وڵاتە پێشنیار دەکات. “کاریگەریی گەمارۆ ئابورییەکان لە سەر باشوری کوردستان” لە نوسینی “رەند ڕەحیم فرانک”، “پاکتاوکردنی ئەتنیکی لە باشوری کوردستان” لە نوسینی “نووری تاڵەبانی”، کورستانی “عێراق، پرۆگرامی مرۆڤی” لەلایەن “ستافۆرد کلاری”، “دەرسەکانی عوسمانی بۆ عیراقی فێدرال” لە نوسینی “ئێرنێست توکر”، “فێدرالیزم وەک مۆدێلیک بۆ دیموکراسی” لە نوسینی “عەلی باباخان” و “کۆمۆنالیزم وەک داهاتوی عێراق” لە نوسینی “کارۆڵ ئێ.ئۆلێری” چاپتەرەکانی ١٢ تا حەفدەی ئەم بەشە لەخۆ دەگرن.
بەشی پێنجەمی ئەم کتێبە تایبەت بە ناسیۆنالیزمی کورد، مافەکانی مرۆڤ و ئاڵوگۆڕی ئابوری لە ئێرانی ئیسلامی. “چارلز جی.مەکدۆناڵد” چاپتەری یەکەمی ئەم بەشەی لە ژێرناونیشانی “ناسیۆنالیزمی کورد لە ئێراندا” نوسیوە. ئەم چاپتەرە ناسنامەی کوردی لە ئێران هەر بەو جۆرەی لەلایەن کوردەکان خۆیانەوە پێکهاتوە دێنیتە بەر باس و خواس. مەکدۆناڵد لەم چاپتەرەدا باس لە ئامانجە سیاسیەکانی کورد لە ئێران دەکات و ئەمە گرێ دەداتەوە بە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانی و دامەزرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. باس لە سیاسەتەکانی دکتور قاسملو بە مەبەستی وەدیهاتنی ئامانجی کوردەکان دەکات. لە ئاکامدا نوسەر پێی وایە ناسنامەی کوردی لە ئێران بە وەدیار کەوتنی ناسنامەی ئێرانی لەو ناوچانە لەدایکبووە. هەر بۆیە کوردەکان لە کوردستان خۆیان وەک کورد و وەک ئێرانی بینیوە. بەڵام پێی وایە گەر بێت و ویستی کوردەکان بەرسڤ نەدرێتەوە، ئەوە کوردەکان خۆیان لە ئێرانییەکان دوور دەکەنەوە.
چاپتەری نوزدەهەم لە لایەن “نادر ئینتسار”ـەوە نووسراوە. “شوناسە نەتەوەییە ڕکەبەرەکان، مەتەڵی کورد لە ئێران” ناونیشانی ئەم چاپتەرەیە. ئینتسار لەم چاپتەرەدا باس لە دەرفەت و ئاستەنگییەکانی کەمینەی کورد لە ئێرانی هاوچەرخدا دەکات و بەم پرسیارە دەستپێدەکا ئاخۆ کوردەکان ئەتنیکن یان نەتەوە؟… ئەی کوردی ئێرانی بە چ واتایەکە؟ چ داخوازییەکیان لە دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێران هەیە؟… ئینتسار پێی وایە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە سووک و ئاسان نییە. هەر بۆیە بە گەڕانەوە بۆ سەردەمی رەزاشا و پێکدادانی دەسەڵات و گرووپە ئەتنیکییە نافارسەکان باسی وەدیار کەوتنی ناسنامە و ناسیۆنالیزمی کوردی دەکا. ئەم چاوپێداخشانە تا سەردەمی سەرۆک کۆماریی خاتەمی و سیاسەتەکانی ئێران لەم سەردەمەدا باسی لێ دەکرێت و لە ئاکامدا ئینتسار پێی وایە وەک پێویستییەک دەبێ مافی تەواوی دانیشتوانی ئێران بە فەرمی بناسرێت.
“ئیلاهە شەریفپور هیکس” و “نیل هیکس”، نوسەرانی چاپتەری ژمارە بیستی ئەم کتێبەن لە ژێر ناونیشانی “مافەکانی مرۆڤ و کوردەکان لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا”. لەم چاپتەرەدا بە ئاماژەپێدانی شەڕی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵانی ١٩٧٩ و ١٩٨٠ تا ساڵانی ٩٠ی زایینی، باس لە رێژەی گیان بەخت کردنی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و خەڵکی سیڤیل دەکات و دواتر بە ئاماژە بە خاڵەکانی مافی مرۆڤ پێی وایە پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕێگای سیاسەتی دیموکراسیانە دەکرێ چارەسەر بێ. بۆ ئەم مەبەستەش ئاماژە دەکاتە سەر هەوڵەکانی دکتور قاسملوو لە ساڵانی ١٩٨١ بۆ دابین کردنی دیموکراسی. بەڵام بە داخەوە دکتۆر قاسملو لە ژولای ساڵی ١٩٨٩ لە پێناو دابین کردنی چارەسەرییەک بۆ پرسی کورد و دیموکراسی بۆ ئێران شەهید دەکرێ. ئەم دووە لەم چاپتەرەدا ئاماژە بە لاوازبوونی پێگەی کوردی رۆژهەڵات لە ئاستی ناونەتەوەیی دەکەن و پێشیان وایە دەسەڵاتی مەلا شیعەکان مافی دەسنیشان کردنی چارەنوسیان بەلاوە گرینگ نییە، بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە خاڵێکی هاوبەشی بەرژەوەندی لە نێوان ریفۆرمیستە ئیرانییەکان و ئامانجە سیاسیەکانی کورد هەیە و ئەویش دیموکراسییە.
“فەریدە کووهی کەماڵی” چاپتەری بیست و یەکەمی ئەو کتێبەی لەسەر “گۆڕانی ئابووریی ناسیۆنالیزمی کورد لە ئێراندا” نوسیوە و پێی وایە ئیستا ناسیۆنالیزمی کورد لە بنەمای سەرەکیی خۆی واتە خێڵ و عەشیرە و گرێ درانی بۆ عەشیرە، بەرەو کۆمەڵگا وەک نەتەوە دەوڵەت هەنگاوی ناوە. فەریدە لە سەر بنەمای کتێبەکەی پێشووی خۆی لە ژێر ناوی ناسیۆنالیزمی شوانکارەیی، لەم چاپتەرەشدا لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە، گۆڕانی بنەما سەرەکیەکانی کۆمەڵگای کوردستان لە خێڵەوە بەرەو کۆمەڵگای مۆدێرنتر نیشان ئەدات و پێی وایە دوابەدوای ئیسلاحاتی ئەرزی، وەفاداری لە خێڵەوە بەرەو کۆمەڵگا ڕاگوێزراوە. لە ئاکامدا فەریدە بە لەبەرچاو گرتنی داهات، باری ئابووریی دابڕان و بەردەوامیی نێوان چین و توێژەکانی کوردستان و هاوکات کاریگەریی گۆڕانی ئابووری لە سەر ناسیۆنالیزمی کورد دەخاتە ڕوو.
“جیهانی عەرەب وجیهانی کورد”، “ڕوانگەی ئەوڕوپییەکان، ڕوانگەی دیپلۆماتێکی ئەمریکی و شوناسی کوردی لە عێراقێکی دیموکرات” چاپتەرەکانی ٢٢ تاکوو ٢٥ ی ئەم کتێبە پیکدێنن. سەرەڕای ئەوەی نزیک ١٠ ساڵ بەسەر نوسینی ئەم کتێبەدا تێدەپەڕێ، بەڵام بێ گۆمان ئارگیومێنت و تێڕوانینەکانی ئەم کتیبە بە هۆی ئەوەی لە ئاسۆیەکی دوورەوە سەیری ناسنامەی کورد و مافەکانیانی لە هەر سێ بەشی کوردستان کردوە، گۆڕانیکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە و هاوکات زۆرێک لە ئارگیۆمێنتەکانی ئێستاکەش هەر سەلمێنراون. ڕەنگە وەرگێڕانی ئەم کتێبە بتوانێ ژێدەرێکی زۆر باش بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر بنەماکانی پرسی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی دەستەبەر بکات.


