ئارامتر بخوێنەوە!
سیاسه‌ت لە كوردستان لە نه‌بوونی «ماف بە سه‌ر شاره‌وه[1]»
ساسان ئه‌مجه‌دی
ئاماژە
“لە نه‌بوونی ناوه‌ندە دێموكراتیكه‌كان و بنه‌مایه‌كی یاسایی‌ی مۆدێڕن و بە لە به‌رچاوگرتنی شێواز و پرۆسه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وە لە وڵاتانی ناوچه‌كه، كورد ده‌رفه‌تێكی یه‌كجار ته‌سكی لە به‌رده‌ستدا بووە بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ لە چوارچێوه‌ی سیاسی-یاسایی فه‌رمیدا به‌دواداچوون بۆ داواكارییه‌كانی خۆی بكات. لە وه‌ها دۆخێك‌دا خه‌باتی چه‌كداری لە لایه‌ن زۆرێ لە پارتە سیاسیهكانهوە وه‌ك ئاڵترناتیڤێ سه‌یر كراوە بۆ درێژە دان بە «به‌رخۆدان» به‌رامبه‌ر به‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كە نوێنه‌رایه‌تیی جۆرێ لە ناسیونالیسمی فه‌رمیی وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن. بە پێچەوانهی ڕوانگه‌یه‌كی زاڵ كە زۆرتر لە لایه‌ن وتاری سیاسیی ئه‌و دهوڵهتانهوە ئاراستە ده‌كرێ، خه‌باتی چه‌كداری نە وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ داگیركردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ناوه‌نده‌كانی، به‌ڵكوو زۆرتر وه‌ك ڕێگاچاره‌یه‌ك سه‌یر كراوە بۆ پاراستنی هه‌بوون و مه‌وجوودیه‌تی پارته‌كان و ڕاگرتنی بهستهرێ كە تێدا بكرێ درێژە بە كار و چالاكیی سیاسی بدرێت.”
وادیارە كە ئه‌و جۆرە چالاكییە چهكدارانەیە زۆربه‌ی كاته‌كان لە ده‌ره‌وه‌ی «شار» و لە به‌ستێنێکدا به‌رێوە چووە كە زۆر پێوه‌ندی بە بەستێنەکانی شارەوە نه‌بووه. ئه‌مە لە كاتێكدایە كە به‌شێكی زۆر لە سهركهردە جه‌وانه‌كانی پارتە سیاسییه‌كانی كوردستان خوێندكاری زانكۆكانی شارە گه‌وره‌كان و لە چینێكی مامناوهندییهوە سه‌ریان هه‌ڵداوه. ئه‌وان هاوكات پێداگرییان لە سه‌ر هه‌ندێ چه‌مك و بایه‌خی سیاسی-كولتووری كردووە كە پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی بە بەستێنەکانی مۆدێڕنی شارنشینهوە هه‌بووه.
له‌م وتاره‌دا هه‌وڵ ده‌درێ ئاوڕێ له‌م پرسە بدرێتهوە كە گه‌رچی خه‌باتی چه‌كداری لە «شاخ» و بە ڕواڵه‌ت لە ده‌ره‌وه‌ی «شار» سه‌قامگیر بووه، به‌ڵام هاوكات ڕیشه‌ی ئه‌م پرسە ده‌گرێته‌وە بۆ ئه‌و ئالوگۆڕانه‌ی كە لە بەستێن و پەیوەندییە شارییەکاندا ڕووی داوه. هه‌ر له‌م باره‌وە پرسی كورد لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و پرۆسه‌ی پاش هاتنە سه‌ركاری محهمهدرهزای په‌هله‌وی و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كە لە سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی ناوبراوە هاتە ئاراوە ده‌خرێتە به‌ر باس. لێره‌دا بە پشت به‌ستن بە چه‌مكی «ماف بە سه‌ر شاره‌وه» كە لە لایه‌ن هێنری لۆفۆبڤر[2] (1990) لە كتێبكدا هه‌ر به‌م ناوە ئاراستە كراوه، قسە لە سه‌ر پێوه‌ندیی «مافی هاووڵاتی[3] بە سه‌ر شاره‌وه» لە گه‌ڵ خه‌باتی چه‌كداری لە ڕۆژهه‌لاتی كوردستان لە پاش كۆماری كوردستان و هه‌ر وه‌ها ئه‌و به‌ستێنه‌ی كە دۆخی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م جۆرە خه‌باته‌ی خولقاندووه، ده‌كرێ.
له‌م بابه‌تەدا هه‌روا باسی ڕۆڵ و گرنگیی «پانتای گشتی» لە سیاسه‌تی كوردی وه‌ك یه‌كێ لە پێویستییەکانی ماف بە سه‌ر شاره‌وە ده‌كرێ. پانتایه‌ك كە لە نه‌بوونی ده‌رفه‌تی فه‌رمیی یاسایی بۆ كاری سیاسی ڕۆڵێكی یه‌كجار گرنگ ده‌بینێت و بە كرده‌وە ڕۆڵی ئالترناتیڤێكی گێراوە بۆ به‌شدار كردنی خه‌ڵك لە پرۆسه‌ی سیاسه‌ت كردن‌دا. پانتایه‌ك كە پاش داگیر كردنی لە لایه‌ن دهسهڵاتهوە سیاسه‌تی كوردیی تووشی به‌ربه‌ست و قه‌یرانێكی جددی كردووە و ناچاری كردووە لە نه‌بوونیدا په‌نا بۆ خه‌باتی چه‌كداری ببات.
«ماف بە سه‌ر شار»: ده‌وڵه‌ت لە به‌رامبه‌ر پانتای گشتی
هێنری لۆفۆبڤر، كۆمه‌ڵناسی بە ناوبانگی فه‌رانسی، لە كتێبێكدا بە ناوی «ماف بە سه‌ر شاره‌وه» قسە لە سه‌ر مافی گشتیی هاووڵاتیان ده‌كات لە سه‌ر چۆنیه‌تی به‌شدار بوونی ئه‌وان لە پرۆسه‌ی به‌رێوه‌بردنی شار و سیاسه‌ت و بابه‌تی ڕۆژانه‌دا. خۆبهرێوبهرییهك كە بە پێچه‌وانه‌ی مافی تاكه‌كه‌سی به‌و جۆره‌ی كە لە یاسای بنه‌ڕه‌تیی وڵاتان و كۆنڤانسیونهكانی مافی مرۆڤدا ڕه‌نگ ئه‌داته‌وه، پشت بە مافی گشتی ده‌به‌ستێ و لە پانتای گشتی و شوێنی ژیان لەگەڵ بزووتنه‌وە سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە.
لۆفۆبڤر «ماف بە سه‌ر شار» وه‌ك داواكارییه‌كی سیاسی بۆ بونیادنانی به‌ستێنێكی كۆمه‌ڵایه‌تی بە كار ده‌بات كە تێیدا ده‌رفه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وە كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییە جواراوجۆرهكان بێتە ئاراوه. ئه‌م چهمكە لە لایه‌ن لۆفۆبڤرهو بە خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت لە «شوێن-مه‌یدان» وه‌ك ڕاستییه‌كی جڤاكی ده‌ناسێندرێت. ڕاستییه‌كی جڤاكی كە لە پێوه‌ندی لە گه‌ڵ «شێوازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ده‌سه‌ڵات» واتای خۆی په‌یدا ده‌كات. هه‌ر بۆیه‌ش لە لایه‌ن لۆفۆبڤرهوە چه‌مكی «شوێن» لە دیارده‌ی ده‌سه‌ڵات، ئایدۆلۆژی و سیاسه‌ت جیا ناكرێتهوە و «شوێن» وه‌ك چه‌مكێ ده‌بیندرێت كە تێیدا فه‌رمان و هیرارشیی كۆمه‌ڵایه‌تی لە لایه‌ن دهوڵهتانهوە بە سه‌ر خه‌ڵكدا داده‌سه‌پێندرێت. به‌ڵام لهوهلاوە به‌شدار بوون لە پرۆسه‌ی سیاسه‌ت و خۆبه‌رێوبه‌ری هه‌مان مافە كە لە به‌رامبه‌ر خۆداسه‌پاندنی ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات واتا په‌یدا ده‌كات و لە سه‌ر ئه‌م بنهمایە شار ده‌بێت بە سووژه‌ی ئه‌كتی كۆمه‌ڵایه‌تی. لۆفۆبڤر پێی وایە ته‌نیا كاتێ «ماف بە سه‌ر شار» ده‌توانێ بێتە دی كە ده‌وڵه‌ت بە ته‌واوی بخرێتە پهراوێزهوە و پرۆسه‌ی بڕیاردان و به‌شدار بوون لە سیاسه‌ت و پانتای گشتی بكرێت بە ئه‌كتێكی سه‌ره‌كیی كۆمه‌ڵایه‌تی. له‌م ڕوانگه‌یەوە شار ده‌بێتە شوێنێک بۆململانێی نێوان ده‌سه‌ڵات و بزووتنه‌وە سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان؛ ده‌بێتە ئامراز و هاوكات ئامانجی بزووتنه‌وه. ئه‌م باسە لێره‌دا و لە پێوه‌ندی لە گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی كورد واتایه‌كی یه‌كجار گرنگتر په‌یدا ده‌كات كە لە به‌شێكی تری بابه‌ته‌كه‌دا دیسان ئاماژه‌ی پێ ده‌كرێت.
گه‌رچی لۆفۆبڤر لە كتێبه‌كه‌یدا شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵات (die orientalische Stadt) كە بە وته‌ی ئه‌و شێوازی به‌رهه‌مهێنانی ئاسیایی بە سه‌ریاندا زاڵە لە لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی ده‌خاتە ده‌ره‌وە، به‌ڵام هاوكات ئاماژە بە هه‌ندێ خاڵ ده‌كات كە ده‌كرێ لە پێوه‌ندی لە گه‌ڵ پرسی كورد و دۆخی پاش «رێفۆرمی ئه‌رزی» لە ئێران‌دا واتادار بێت. ئه‌و پێی وایە له‌م جۆرە وڵاتانەدا، لە ناوچوونی پێكهاته‌ی كشتوكاڵ و «پێشاسهرمایهداری» هاوكات لە گه‌ڵ لە ناوبردن و جۆرێ لە تاڵان كردنی سامانی جووتیاران و وه‌رزێڕان ڕوو ئه‌دات كە ئه‌مه‌ش لە ئاكامدا ده‌بێتە هۆی كۆچی بە كۆمه‌ڵی گوندنشینان و پهراوێزكهوتنیان لە قه‌راخ شاره‌كان و په‌رە سه‌ندنی جۆرێ لە «شارنشینی» كە بە هۆی ڕێژه‌ی زۆری بێكاری، ده‌سكورتی و هه‌ژاری، پێوه‌یستی كونترۆل و سه‌ركوت و ڕوانینی ئه‌منی لە لایه‌ن دهوڵهتانهوە تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ده‌كات بە به‌شێكی یهكلاكهرهوە لە ژیانی كۆمه‌لایه‌تی-سیاسیی ئه‌و خه‌ڵكه.
ئه‌م بابه‌تە لە كوردستان و لە پێوه‌ندی لەگه‌ڵ جۆری لە سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی ده‌وڵه‌ت، خاوەن هه‌ندێک تایبه‌تمه‌ندیی زۆر گرنگن كە ده‌بێ زۆرتر قسه‌ی لە سه‌ر بكرێ: ئه‌وه‌ی كە ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانە چین و پێوه‌ندیی به‌ستێنێک كە تێیدا ڕێفورمی ئه‌رزی ڕووی داوە لە گه‌ڵ گوشاری سیاسی و ئه‌منی بۆ سه‌ر كوردستان و پێوه‌ندی ئه‌م باسە لە گه‌ڵ شار و ئوربانیزم چییە؟
پرسی كورد لە ژێر كاریگه‌ریی «شوڕشی په‌سیڤ» و پێویستییەکانیدا
لە ده‌یه‌ی ٣٠ و ٤٠ی زایینی‌دا نه‌وه‌یه‌كی نوێ لە ڕووناكبیرانی كورد ده‌بن بە هه‌ڵگری بیرۆكه‌ی ناسیونالیستی كە زۆربه‌یان لە چینی مامناوه‌ندین و لە خوێندنگە و زانكۆكاندا پێگه‌یشتوون. دواتر حزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمه‌ڵە زۆرترن ئالیكاری لە ده‌ڤه‌ری سۆرانی زمان و لە باژارهكانی مهاباد و سنە وه‌رده‌گرن و بە گشتی ئینسیاتیڤی شۆڕش دهگوازرێتهوە بۆ شار. ئه‌مه‌ش پرۆسهیهكە كە ده‌كرێ سه‌ره‌تاكه‌ی بگهرێنینهوە بۆ دروست بوونی كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستان. عه‌باسی وه‌لی (Vali 1997) سه‌ره‌تای ناسیونالیسمی مۆدێڕنی كورد لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان دهگهرێنێتهوە بۆ دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی ژ-ك و پێی وایە زۆربه‌ی دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌م ڕه‌وتە كە لە چینی وردە بورژوای شاری پێك هاتوون، خاون پیشەگەلێک بووگن كە لە پرۆسه‌ی په‌ره‌سه‌ندنی فونكسیۆنی سیاسی، ئابووری، ئیداریی ده‌وڵه‌تی مۆدێڕن‌دا، شكلیان گرتووه.
جیا له‌وه‌ی كە چ هۆكارگهلێ ده‌بێتە هۆی ڤهگۆڕینا كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستان بۆ حێزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، ده‌كرێ به‌شێكی گرنگ لە لۆژیك و سیاسه‌تی كۆماری كوردستان بگهرێنینهوە بۆ هه‌مان لایه‌نی مۆدێڕنی كۆمه‌ڵه‌ی ژ-ك كە دواتر لە فۆرمی كۆماردا ڕه‌نگ ئه‌داته‌وه. كۆمار كە لە لایه‌ن به‌شێكی به‌رچاو لە چینی مامناوه‌ندی و هه‌روا چینی بنده‌ستی شاری پشتیوانیی لێ ده‌كرا، خاون تایبه‌تمه‌ندییه‌كی سه‌رەكی بوو لە پێوه‌ندی لە گه‌ڵ چۆنیه‌تیی به‌شدار بوونی خه‌ڵك لە «ئه‌مری سیاسی»دا، كە ئه‌ویش ده‌كرێ بە «پانتای گشتی» ناوی لێ ببردرێت. جیا له‌وه‌ش، كۆمار لە ته‌مه‌نی كورتی خۆیدا زۆرتر وه‌ك بهرێوبهرییهكی شاری ده‌ركه‌وتبوو و هاوكاتیش توانیبووی پانتای سیاسیی خۆی بۆ گونده‌كان به‌رفراوان بكات و باڤهریهن نه‌ته‌وه‌یی لە نێو چینی جووتیار و خه‌ڵكی لادێ تا ڕاده‌یه‌ك په‌رە پێ بدات. “باج(ماڵیات)” سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی داراییی كۆمار بوو و ئه‌مه‌ش لە لایه‌ن دانیشتوانی ئه‌و شارانهوە بە حكوومه‌ت ده‌درا كە لە ژێر كونترۆڵی كۆماردا بوون. ئه‌م هاوكارییه‌ش ده‌رخه‌ری جۆرێ پاڵپشتیی ئه‌كتیڤی چینی مامناوه‌ندی و خواره‌وە شاری بوو لە كۆماری مهاباد. پاڵپشتییه‌كی چالاكانە كە بە پشت به‌ستن بە لایه‌نی سیاسی و ئایدۆلۆژیك، لە ڕێكخستنی كۆمه‌ڵه‌ی خه‌ڵكان تا به‌شداری لە به‌ڕێوبه‌ریی ئیداریی لە خۆ ده‌گرت (Vali 1997).
گرنگیی ئه‌م بابه‌تە له‌وێدا ده‌رده‌كه‌وێ كە ئه‌م ئاڵۆگۆڕانە لە كۆمه‌ڵگایه‌ك سه‌ر هه‌ڵئه‌ده‌ن كە لە لایه‌ك هێشتا تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو لە ژێر كاریگه‌ریی «بەستێن و پەیوەندییەکانی پێشا سه‌رمایه‌داری»دایە و لە لایه‌كی ترە ده‌وڵه‌ت هه‌موو هه‌وڵی خۆی خستووەتە گه‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ی لە په‌راوێزی «بەستێن و پەیوەندییەکانی سه‌رمایه‌داری»ی جیهانیدا جێ بگرێت و بۆ ئه‌مه‌ش لە هه‌وڵی ئه‌وه‌دایە كە “پێویستییەکانی ئەم تێکەڵ بوونە” ده‌سته‌به‌ر بكات. بە واتایه‌كی تر ئێمە له‌م سه‌رده‌مه‌دا ڕووبه‌رووی دۆخێك ده‌بینه‌وە كە دوو لایه‌نی دژبه‌ری لە خۆ گرتووه. یه‌كه‌م «سیاسه‌ت لە كوردستان» كە بە گه‌رەنتی كردنی به‌شداریی خه‌ڵك لە پرۆسه‌ی سیاسه‌ت و پانتای گشتیدا، نوێنه‌رایه‌تیی جۆرێ لە گۆرانكاری ده‌كات كە خه‌ڵك تێیدا ڕۆڵی به‌رچاو ده‌گێرن. دووهه‌م ئاڵ‌وگۆڕێک كە خه‌ریكە هێدی هێدی لە ئێران لە سه‌ره‌وە بۆ خواره‌وە (بە پێچه‌وانه‌ی كوردستان) و بە ئێنیسیاتیڤی محه‌مه‌د ڕه‌زا شای په‌هله‌وی ڕوو ئه‌دات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ لە سیستمی كاپیتالیستیی جیهانیدا جێگیر بێت. ئه‌م پارادۆكسە پێویستی به‌وە هه‌یە زۆرتر بناسێندرێت تا دوایی لە هۆكاره‌كانی ناكۆكیی قووڵی نێوان لۆژیكی ئه‌م دوو جۆرە سیاسه‌تە و كاریگه‌رییه‌كانی لە سه‌ر ڕووهێنانی پارتە سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ خه‌باتی چه‌كداری باشتر تێ بگه‌ین.
ئانتونیۆ گرامشی (1971) بە ناساندنی چه‌مكی «شۆڕشی په‌سیڤ» پێی وایە شۆڕشی «پڕشكۆی» ئێنگلیس لە ساڵی ١٦٨٨ كە شۆڕشی پیشه‌سازیی بە دوای خۆی هێنا، ده‌ستپێكی پرۆسهیهكە كە تێیدا كاپیتالیسم په‌ل بۆ هه‌موو شوێنێ ده‌هاوێژێ. پرۆسه‌یه‌ك كە بە خێرایی له‌و وڵاتانه‌ی كە وه‌ك «په‌ڕاوێز» ده‌ناسێندرێن جێگیر ده‌بێ و بۆ سه‌قامگیر بوونی هه‌ندێ پێویستیی بنه‌ڕه‌تی لە گه‌ڵ خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێ كە دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندگه‌را و داسه‌پاندنی «ئالوگۆری سیاسی-كۆمه‌ڵایه‌تی لە سه‌ره‌و بۆ خواره‌وه» لە پێشمهرجە سهركییهكانیەتی. مۆدێڕنیزە كردنی كۆمه‌ڵگا لە ڕێگای ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی كە لە «سه‌ره‌و» ڕێك ده‌خرێ و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی بە هێز، ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییە گرنگانەن كە بۆ كونترۆڵی سه‌رچاوه‌ی دارایی و مرۆڤی و بە كار هێنانیان لە پرۆسه‌ی «پێشكه‌وتنی گرێ‌دراو»دا پێویسته. سێنتراڵیزە كردن و عه‌قڵانی كردنی (بە واتای عەقڵانییەتی ئامرازی) نۆرمە سیاسییه‌كان، دامه‌زراندنی مه‌كینه‌یه‌كی له‌شكه‌ریی بەهێز، پێشخستن و داسه‌پاندنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌روه‌ها په‌روه‌ردە و ڕاهێنانی یه‌كده‌ست لە قوتابخانه‌كان ئه‌و خاڵانهیە كە بەدی هاتنیان بۆ به‌رفره‌كرنا سییستمی كاپیتالیستی له «وڵاتانی په‌راوێز» (Peripherieländer)، وه‌ك پێویستی و پێشمه‌رجی سه‌رەكی ده‌ناسێندران. له‌م پرۆسهیەدا كە گرامشی بە «شۆڕشی په‌سیڤ» ناوی لێ ده‌بات، هه‌وڵ ده‌درێ ئه‌م گۆڕانكارییانە لە گه‌ڵ «گه‌شە سه‌ندنی كۆمه‌ڵایه‌تی» لە لایه‌ن دهوڵهتهوە و لە ڕێگای ناوه‌ندە فهرمییهكانهوە به‌رێوە بچێت. مێهدی په‌رویزی ئامینە (1999) كە بە وردی لێكۆڵینه‌وه‌ی لە سه‌ر ئه‌م بابه‌تە لە پێوه‌ندی لەگه‌ڵ ئێران‌دا كردووه، پێی وایە شۆڕشی په‌سیڤ لە ئێران لە سێ فازدا به‌رێوە چووە كە یه‌كه‌میان لە نێوان ساڵه‌كانی ١٩٢١ تا ١٩٢٦ و لە كاتی ڤهگۆڕینا ده‌سه‌ڵاتی قاجار بۆ په‌هله‌وی هاتووه‌تە ئاراوه، دووهه‌میان لە ساڵی ١٩٥٣ و پاش لە سه‌ر كار لابردنی محه‌مه‌دی موسه‌دق و توندوتۆڵ كردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، ئابووری و له‌شكه‌ریی محهمهدرهزای په‌هله‌وی چێ بووە و قۆناخی ته‌واوكه‌ری ئه‌م پرۆسەیە لە ساڵی ١٩٦٢ و بە ده‌ست پێكردنی «شۆڕشی چه‌رمگ» گه‌یشتووه‌تە لووتكه. له‌م نێوانه‌دا پرۆگرامی«رێفۆرمی ئه‌رزی» دوو ئامانجی سه‌ره‌كیی هه‌بووه. یه‌كه‌م لە ناو بردنی سیستەمی ئاغاواتی و ده‌ره‌به‌گایه‌تی و گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وان بۆ ده‌وڵه‌ت و دووهه‌م به‌رفراوان كردنی باندۆرا كاپیتالیستی و گه‌شە كردنی لە ناوچه‌ی كشتوكاڵدا. لە ئاكامی «رێفورمی ئه‌رزی» ڕێژه‌یه‌كی زۆر لە گوندنشینان ڕوویان لە شاره‌كان كرد و ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا؛ له‌وانە «حاشیه‌نشینی» لە ئاستێكی به‌ربڵاو، ده‌ستپێكردنی شارنشینیی خێرا و هه‌روه‌ها په‌ره‌سه‌ندنی چینی كرێكار و چینی مامناوه‌ندی شاری.
«رێفورمی ئه‌رزی» لە كوردستاندا بووە هۆی ئه‌وه‌ی كە ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو لە گوندنشینانی كوردستان لە پرۆسه‌ی دابه‌ش كردنی «زه‌وی و زار» ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی برۆكراتیك بن و تووشی ئه‌زموونێكی دژوار لە گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت بن. ئه‌وان له‌وە تێگه‌یشتن كە ده‌وڵه‌ت پارێزه‌ری ئه‌وان نییە و گه‌نده‌ڵی، ناكارامه‌یی سیستەمی یاسایی و هه‌روا بێ ده‌سه‌ڵاتیی ده‌وڵه‌ت به‌رامبه‌ر بە ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌كان لانی كه‌م لە پێوه‌ندی لە گه‌ڵ چینی بنده‌ستی كورددا لە ئاستێكی زۆر بهرزدایە (Kanjori1992). ئه‌م پرۆسەیە هه‌روا بووە هۆی كوچی بەلێشاوی به‌شێكی زۆر لە كوردە جووتیار و گوندنشینه‌كان بۆ شاره‌كان و په‌ره‌سه‌ندنی شارنشینی و هاوكات هه‌ژاری و بێكاری و پەڕاوێز نشینی. هه‌ر بۆیە ئه‌م ئاڵوگۆڕە نوێیە لە ئاكامی «رێفورمی ئه‌رزی» نە ته‌نیا نه‌بووە هۆی لە ناوچوونی كه‌لێنی نێوان ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵك، به‌ڵكوو كێشه‌كانی قووڵتر كرد و به‌ستێنی به‌شێكی به‌رچاو له‌و قه‌یرانانه‌ی گواسته‌وە بۆ ناو شاره‌كان.
لە وه‌ها دۆخێك‌دا و بە پێی ئه‌و شێوازه لە سیاسه‌ت كە لە كۆماری كوردستاندا بە ڕێوهچووبوو، واتە به‌شداریی خه‌ڵك لە ئه‌مری سیاسی و «دێسێنترالیزە كردنی» ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی، ئه‌و دهژبهرییە لە نێوان پرسی كورد و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی تا ده‌هات قووڵتر ده‌بوو. لە كاتێكدا كە ده‌وڵه‌ت لە داسه‌پاندنی بیرۆكه‌ی «كولتووری فه‌رمی» و هه‌روا فۆرماسیۆنی جڤاكی هژمونیك (hegmoniale soziale Formation) تووشی به‌ربه‌ستی جدی بووبوو. چون لە لایه‌ك پێشمهرجە ماددییه‌كان بۆ په‌یڕه‌و كردنی وه‌ها هەژمۆنییهك هێشتا جێبەجێ نه‌بووبوون و لە لایه‌كی تر داسه‌پاندنی ئه‌م هەژمۆنییە پێویستی بە پهژراندنێ هه‌بوو كە لە چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و سیاسیی كوردستاندا هاتبێتە ئاراوه و؛ بابه‌تێک كە بە هۆی شێوازی توندئاژۆی سه‌رهه‌ڵدانی ناسیونالیسمی ئێرانی و ده‌وڵه‌تی مۆدێڕن و هه‌وڵی سیستماتیك بۆ سڕینه‌وه‌ی خه‌ڵك لە پانتای سیاسی‌دا، ناتهبایییهكی قووڵی لە گه‌ڵ سیاسه‌ت لە كوردستان و ناسنامه‌ی كوردی درووست كردبوو.
ده‌كرێ ئه‌م بابه‌تە به‌م جۆرە كورت بكرێته‌وە كە هاوكات بوون و پێوه‌ندیی دیالكتیكیی نێوان پێویستییەکانی مۆدێڕنیزاسیۆن و ناوه‌ندگه‌راییی سیاسی لە ئێران (به‌و جۆره‌ی كە لە سه‌ره‌وە قسه‌ی لە سه‌ر كرا) لە گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی خه‌ڵك لە كوردستان وه‌ك «سووژه‌ی سیاسیی ئه‌كتیڤ» (به‌و جۆره‌ی كە عه‌باس وه‌لی پێناسه‌ی ده‌كات) دۆخێكی هێنا ئاراوە كە ده‌رهاویشتن و سڕینه‌وه‌ی ئه‌و سووژه‌ی سیاسییە لە پانتای گشتی و لە «شوێنی» به‌شدار بوون لە «ئه‌مری سیاسی» ببێت بە پێش مه‌رجی هه‌رە سهركهی بۆ بەرهەست بوونی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت لە كوردستاندا.
ئه‌م بابه‌تە له‌وێدا لە پێوه‌ندی لە گه‌ڵ «ماف بە سه‌ر شاره‌وه» واتا و گرنگی په‌یدا ده‌كات كە لۆفۆبڤرئاماژهی پێ ده‌كات: گرنگ ترین شت بۆ ده‌وڵه‌ت ئه‌وه‌یە كە شوێن و كات بخاتە ژێر ڕكێفی خۆی؛ لە كاتێكدا كە گرنگ ترین میناکی شوێن لە پێوه‌ندی لە گه‌ڵ داسه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتدا «شاره».
ده‌سه‌ڵات لە هه‌وڵی ئه‌وه‌دایە كە لە «شوێن»دا ده‌ربكه‌وێ. بە واتایه‌كی تر «شار» ئامانجی بزووتنه‌وە و دوایین خاڵی بە ئاكام گه‌یشتن یان هه‌رەس هێنانی هه‌ر شوڕشێكه. هه‌ر بۆیە «شار» واتە ئامانجی بزووتنه‌وە، ده‌بێت بە به‌ستێنی سه‌ره‌كیی ئه‌و ناكۆكییه‌ی كە لە سه‌ره‌وە ئاماژه‌ی پێ كرا (پێویستییەکانی به‌رێوه‌بردنی شوڕشی په‌سیڤ لە لایه‌ك و ناته‌باییی ئه‌م باسە لە گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی خه‌ڵك وه‌ك سووژه‌ی سیاسیی چالاك لە كوردستان ). ناكۆكییه‌ك كە لە گه‌ڵ بەكارهێنانی لەڕادهبهدهری توندتیژیی ده‌وڵه‌تی، وا ده‌كات كە كورد ته‌نیا لە كاتی لاواز بوون یان لە ناوچوونی بەرهەستیی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند لە كوردستاندا، جارێكی تر وه‌ك سووژه‌ی سیاسی لە پانتای گشتیدا ده‌ربكه‌وێت و مافی گشتیی خه‌ڵك بە سه‌ر شار بە واتا سیاسییه‌كه‌ی، واتە به‌شدار بوونی خه‌ڵك لە «ئه‌مری سیاسی‌دا» ده‌سته‌به‌ر بكات. لە نه‌بوونی وه‌ها دهرفتێكدا ده‌وڵه‌ت كە هه‌بوون و به‌رده‌وام بوونی حاكمیه‌تی خۆی گرێ داوە بە ده‌رهاویشتن و سڕینه‌وه‌ی ئه‌م سووژە چالاكە لە كوردستان، ڕێگا بە هیچ جورە ڕێكخستنێكی دووبارە و ده‌ركه‌وتنێكی سیاسیی پارت و ڕێكخراوە كوردییه‌كان نادات. هه‌ر بۆیە خه‌باتی چه‌كداری وه‌ك درێژه‌ی سیاسه‌ت كردن لە نه‌بوونی ماف بە سه‌ر شاره‌وە ده‌بێت بە ته‌نیا ئامراز بۆ ڕاگرتنی هه‌بوونی خۆ لە پێناو پاراستنی بیرۆكه‌یه‌ك كە پێی وایە لە یه‌كه‌م ده‌رفه‌ت و لە ئه‌گه‌ری لاواز بوونی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیدا، توانای گه‌ڕانه‌وه‌ی سووژه‌ی سیاسی بۆ پانتای گشتیی كوردستان و به‌شداری كردنی خه‌ڵك لە «ئه‌مری سیاسی‌دا»ی هه‌یه. به‌شدار بوونێ كە لە شاردا و بە ده‌رخستنی ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی لە شار كە بەرهەست بوونی ده‌سه‌ڵاتیان ده‌سته‌به‌ر كردووه، ده‌توانێ واتا په‌یدا كات.
سەرچاوەکان
Lefebvre, Henri (1990): Das Recht auf Stadt. Hamburg: Edition Nautilus
Parvizi Amineh, Mehdi (1999): Die globale kapitalistische Expansion und Iran. Eine Studie der iranischen politischen Ökonomie (1500-1980), Hamburg: Lit Verlag
Vali,Abbas(1997): Politische Herrschaft und Ideologie der kurdischen Nationalbewegung im Iran
1942 – 1979. In: Carsten Borck / Eva Savelsberg / Siamend Hajo (Hg.): Ethnizität,
Nationalismus, Religion und Politik in Kurdistan.
پەراوێزەکان
[1]Das Recht auf die Stadt
[2] Henri Lefebvre
[3]هاووڵاتی نە بە واتای یاسایییهكهی، به‌ڵكوو لێره‌دا مه‌به‌ست لە هاووڵاتی، ههموودانیشتووانی«وڵات»، شار یان ناوچه‌یه‌كه.
بۆ داگرتن بە شێوەی فایلی PDF، لێرە کلیک بکە


