ئارامتر بخوێنەوە!
وتووێژ له‌گه‌ڵ برایم فه‌ڕشی
“برایم فه‌ڕشی له دایکبووی شاری بۆکان و دانیشتووی ئاڵمانه. له بواری دراما، ئه‌ده‌بیاتی نوێی ئاڵمان، شانۆپێداگۆگی، کامپیۆتێر، داڕشتنی سیسته‌می فێربوون و مێتۆدی نووسین خوێندوویه. جگه له به‌رهه‌می شانۆ و فیلم، نووسراوه‌کانی له تۆیی کتێب، گۆوار و ڕۆژنامه و له رێگای ماڵپه‌ڕه‌کانه‌وه بڵاو کراونه‌ته‌وه. ئه‌و به ساڵان وه‌ک شانۆپێداگۆگ له فێرگه و ناوه‌نده‌کانی فێربوون و زیندان، پڕۆژه‌ی شانۆپێداگۆگی به‌ڕێوه بردووه و جگه له شانۆ له زنجیره‌ی ته‌له‌ویزیۆنی ده‌وری گێڕاوه و دۆبلۆری فیلم بووه. نوێترین پرۆژه‌ی برایم فه‌ڕشی که له ساڵی 2011 ه‌وه به‌رده‌وامه، دامه‌زراندنی ئه‌نستیتۆی Lernhaus بۆ «پرۆسه‌ی فێربوون»ه.“
تیشک: مامۆستا برایم فه‌ڕشی! سازدانی ئه‌م چاوپێکه‌وتنه هاوکاته له‌گه‌ڵ ساڵیادی جه‌ژنی دووی ڕێبه‌ندان. ئێمه ده‌زانین که یه‌کێک له کاره سه‌مبولیک و هونه‌رییه‌کانی قۆناغی ژێکاف و کۆماری کوردستان، به‌ڕێوه‌بردنی شانۆی دایکی نیشتمانه. ئایا ده‌کرێ ئه‌م شانۆنامه‌یه وه‌ک ده‌رخه‌ری ڕۆحی سه‌رده‌می کۆمار سه‌یر که‌ین؟ ئامانجه‌کانی ئه‌م شانۆنامه‌یه چی بوون؟
وڵام: سپاس بۆ ئێوه، من مامۆستا نیم؛ ناوم برایم فه‌ڕشییه و ناوه‌که‌ی خۆم له مامۆستا پێ خۆشتره! ئه‌وه بۆ من جێگای خۆشییه، که ڕێک له‌م ڕۆژه‌دا وڵامی پرسیاره‌کانتان ده‌ده‌مه‌وه. ئه‌م جێژنه له هه‌ر مرۆڤێکی نیشتمانه‌که‌م و له‌و که‌سانه‌ی که ئه‌مڕۆ ڕۆژی له‌دایکبوونیانه، پیرۆز بێت.
نمایش یان شانۆنامه‌ی دایکی نیشتمان که له شاره‌کانی مه‌هاباد و خانێ نیشان درا، پڕۆژه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی- سیاسی- هونه‌ری- فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد، به تایبه‌ت قازی محه‌ممه‌د و عه‌بدولڕه‌حمان زه‌بیحی بوو، که ڕه‌نگه میرحاج له باشووره‌وه تێکسته‌که‌ی له گه‌ڵ خۆی بۆ سابڵاخ هێنابێ، که له‌وێ ئاڵوگۆڕی تێدا کراوه. نازاندرێ ناوی ئه‌و کتێبه یان ده‌ستنووسه، چی بووه و کێ نووسیویه‌تی، به‌ڵام ده‌زاندرێ که تێکستی هاورده، ناوه‌رۆکی جیاواز له دایکی نیشتمانی هه‌بووه و ڕه‌نگ و بۆی سیاسیی سه‌رده‌می مه‌له‌ک مه‌حموودی پێوه دیار بووه و داوای پاشایه‌تی بۆ کوردی تێدا کراوه، که له سابڵاخ کراوه‌ته کۆماری و یه‌ک په‌رده‌شی به ناوی په‌یمانی سه‌عدئاباد لێ زیادکراوه.
ئه‌م نمایشه له هاوینی ساڵی ١٩٤٣ له گاراجی عه‌بدول پێشکه‌ش کراوه و له ماوه‌ی ٤٠ ڕۆژدا، به به‌راوه‌ردی من نزیک چل هه‌زار که‌س له ناوچه‌ی موکریان، شار و دێ بینیویانه و خه‌ڵک له دێهاته‌وه گوتویانه ده‌چینه سابڵاخ بۆ بینینی دایکی نیشتمان. به‌م پێیه شانۆنامه‌ی دایکی نیشتمان پلان و پرۆژه‌یه‌کی سیاسی- نه‌ته‌وه‌یی بوو. قازی محه‌ممه‌د به حزووری زه‌بیحی و ڕه‌نگه میرحاج، کاتێک شانۆنامه‌که‌ی داوه به غه‌نی بلووریان وه‌ک به‌رپرسی به‌شی لاوانی ژ.ک، گوتوویه: «ئه‌وه کارێکی ته‌بلیغییه و کارتێکردنی له‌وه زۆرتره که من بچم بۆ خه‌ڵک قسه بکه‌م». واته شانۆنامه‌ی دایکی نیشتمان هه‌ڵگریی په‌یام بۆ خه‌ڵک بووه و بیری پێکهێنانی کۆماری کوردستان له ڕێگای ئه‌م شانۆنامه‌یه‌وه بردراوه‌ته ناو خه‌ڵک. له ڕێگای ئه‌و شانۆنامه‌یه‌وه خه‌ڵک بۆ سه‌ربه‌خۆبوونی کوردستان و دامه‌زراندنی کۆمار ئاماده کراون.
بینه‌رانی ئه‌م شانۆنامه‌یه هه‌موو چین و توێژه‌کانی گوند و شاربوون و ڕۆژانه سێ که‌ڕه‌ت به‌یانی و دوای نیوه‌ڕۆ و ئێوارانه پێشکه‌ش کراوه و ژن و منداڵ و گه‌وره وبچووک، چوونه‌ته سه‌یری شانۆی دایکی نیشتمان. ئامانجه‌کانی ئه‌م شانۆنامه‌یه تێگه‌یاندنی خه‌ڵک له پلان و پڕۆژه‌ی نوخبه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کورد له جه‌نگه‌ی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی بووه، که ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش له لایه‌ن سۆڤیه‌ت و بریتانیاوه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابوو. به‌ڵێ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕۆحی سه‌رده‌می کۆمار و هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان، به ئێستاشه‌وه، بووه. ئامانجی «دایکی نیشتمان» پێکهێنانی کۆماری کوردستان بوو. پلانی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دابه‌ش کراو، که له ڕێگای شانۆووه، گوێزراوه‌ته‌وه بۆ ناو خه‌ڵک.
تیشک: وه‌ک دیاره شانۆنامه‌ی دایکی نیشتمان نه‌ماوه. چۆن ده‌توانین له‌م ده‌قه نزیک ببینه‌وه؟ ئایا ده‌کرێ بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه که شانۆکارێکی وه‌ک به‌ڕێزتان به‌پێی به‌ڵگه‌کان و هه‌روه‌ها پێداویستییه‌کانی قۆناغی ئیستای بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی له کوردستان یاکوو وه‌ک یه‌که‌م ده‌قی شانۆیی له ڕۆژهه‌ڵات شانۆنامه‌که بنووسێته‌وه؟
وڵام: ناوه‌رۆکی شانۆنامه و باسه‌کانی دیارن که من له لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کدا که چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ک به‌ر له ئێستا له گۆواری گزنگ له سوید و به کرمانجی له ستانبووڵ بڵاو کراوه‌ته‌وه، کرۆکیی شانۆنامه‌که و ناوه‌رۆکه‌که‌یم باس کردووه، که شیعره‌کانی حاجی قادری کۆیی تێدا به‌کار هێندراوه. به‌ڵێ، به که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه و بیره‌وه‌ری و لێکۆڵینه‌وی که‌سانی تر، ده‌کرێ شانۆنامه‌یه‌کی هاوشێوه بنووسرێته‌وه. به‌ڵام بێگوومان سه‌رده‌می ئێمه پێویستی به دڕامای سه‌رده‌میانه بۆ هه‌مان مه‌به‌ستی سه‌ربه‌خۆیی هه‌یه. دیاره له سه‌رده‌می ئێستاشه‌وه ده‌کرێ خۆ بگوازینه‌وه بۆ سه‌رده‌می کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک و کۆماری کوردستان و خۆ له جیهانی ئه‌مرۆ و شانۆی سه‌رده‌مدا ببینینه‌وه. ئه‌وه ده‌کرێ و کراوه. ئه‌وه‌شم گوتبێ هه‌ر له سه‌رده‌می نمایشی دایکی نیشتمان، ئێمه له‌و وڵاتانه‌ی که که‌وتنه به‌ر هێرشی فاشیسم، به تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی ئو‌وروپا، له گه‌ڵ شانۆ و نمایشی نیشتمانی ڕووبه‌ڕووین، بۆ وێنه له بولغارستان که شه‌ڕی پارتیزانی به دژی فاشیسم له ئارادا بوو. ئێمه ساڵی ١٩٩٥ شانۆنامه‌یه‌کمان له واسیلی خانچیف به ناوی «نانی ژه‌هراوی» له ئاڵمان پێشکه‌ش کرد، که ڕێک له گه‌ڵ شه‌ڕی پارتیزانی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یه‌ک ده‌گرێته‌وه.
تیشک: ئێوه وه‌ک ده‌رهێنه‌ر و یه‌کێک له ئه‌ندامه‌کانی «تیپی شانۆی لاوی بۆکان» له ساڵی ١٩٧٩ و له قۆناغی ڕزگاریی کاتیی ڕۆژهه‌ڵات، شانۆی مانگرتنتان له هه‌ندێک له شاره‌کان وه‌کوو سنه، سقز، مه‌هاباد، بۆکان و خانێ به‌ڕێوه برد. ده‌کرێ زیاتر له ناوه‌ڕۆکی ئه‌م شانۆنامه‌یه بدوێن؟ هه‌روه‌ها ئایا پێش له‌م شانۆیه، تیپه‌که‌ی ئێوه چالاکیی دیکه‌ی له کوردستان هه‌بوو؟
وڵام: تیپی شانۆی لاوی بۆکان، به پێی نۆڕمه‌کانی شانۆ، ساڵی ١٩٧٣ دامه‌زرا. یه‌که‌م شانۆنامه که له بۆکان پێشکه‌ش کرا ناوی «حفره» کونه ئه‌شکه‌وت بوو، داستانی چه‌ند سه‌رباز که له به‌ره‌کانی شه‌ڕ ڕایان کردبوو، په‌نایان بۆ ئه‌شکه‌وت هێنابوو، که له‌وێ له گه‌ڵ پیره‌پیاوێک، واته له گه‌ڵ مێژوو ئاشنا ده‌بن. هه‌ر ئه‌و کات جووڵانه‌وه‌ی باشوور له گه‌رمه‌ی خۆیدا بوو. «حفره» که نووسه‌ره‌که‌ی ناسر ئێرانی بوو، له ناوچه و مێدیای ئه‌و سه‌رده‌م ده‌نگی دایه‌وه.
پاشان شانۆنامه‌ی «باڵته»ی نیکۆلای گوگول پێشکه‌ش کرا، که باس له دوو توێژی کۆمه‌ڵگا ده‌کا، به‌رگدروو(خه‌یات) و کارمه‌ند. ئه‌و دوو توێژه‌ی که له بۆکانی ئه‌و سه‌رده‌م دوو توێژی گرنگی ناو کۆمه‌ڵگا بوون. خه‌یاته‌کان دوو گوزه‌ری بازاڕی بۆکانیان پێک ده‌هێنا، زۆرینه‌ی خوێنده‌واری ئه‌و کات کارمه‌ند بوون. ئه‌م شانۆنامه‌یه تیپه‌که‌ی برده ناو خه‌ڵکه‌وه.
ساڵی ١٩٧٥ شانۆنامه‌ی «پسر خاک» کوڕی خاک، له نووسینی عومه‌ر حه‌میدی ئه‌ندامی گرووپه‌که پێشکه‌ش کرا. ناوه‌رۆکی شانۆنامه‌که باس له چه‌ند گوندی لوڕستان بوو. گوندێک، وڵاتێک که دووچاری وشکساڵی هاتبوو، مه‌لای دێ خه‌ڵک هان ده‌دا، گوند جێ بهێڵێن، به‌ڵام که‌سانێک دژی ڕاده‌وستن و نایانه‌وێ وڵات و زێد به‌جێ بهێڵن. له‌و شانۆنامه‌یه‌دا زێد، نیشتمان و مانه‌وه له سه‌ر زه‌ویی خۆت، په‌یامی سه‌ره‌کی بوو. شانۆنامه‌که تژی بوو له ڕێوڕه‌سمه‌کانی ناو کورده‌واری، له بووکه‌بارانه‌وه هه‌تا ڕه‌گه‌کانی تری فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی. کوڕی خاک له سینه‌ما سه‌عدیی بۆکان چه‌ند ڕۆژ پێشکه‌ش کرا و هه‌زاران که‌س بینیان. دواتر له مه‌هاباد پێشکه‌ش کرا.هه‌ر ئه‌و ساڵه ساواک له بۆکان و سه‌قز ده‌ستی به گرتن کرد، دوو له ئه‌ندامانی تیپی لاو گیران، عومه‌ری حه‌میدی هه‌تا پاییزی ١٣٥٧ له زیندان مایه‌وه. که‌سانێک له گرووپه‌که دوور که‌وتنه‌وه و بۆکانیان به‌جێ هێشت. به‌ڵام کاری شانۆ به‌رده‌وام مایه‌وه. له درێژه‌دا تیپی شانۆی مێرمنداڵ دامه‌زرێندرا و شانۆنامه‌ی «بچه‌ها و سگها» ئاماده‌ی پێشکه‌ش کردن کرا، به‌ڵام ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری مه‌هاباد، به بیانووی ئه‌وه‌ی که له شانۆنامه‌که‌دا بێڕێزی به شاهه‌نشا ده‌کرێ، پێشی به پێشکه‌ش کردنی شانۆکه گرت.
هه‌تا گه‌یشتن به ساڵی (١٩٧٩)١٣٥٧ شانۆی لاو سێ شانۆنامه‌ی تری پێشکه‌ش کرد؛ «سگی در خرمن جا» له نووسینی نووسه‌ری کرماشانی نوسره‌توڵڵا نه‌ویدی. ناوه‌رۆکی ئه‌و شانۆنامه‌یه باس له ژیانی وه‌رزێران و گرفته‌کانی له گه‌ڵ مه‌لا و بازاڕی بوو. ژن ده‌وری سه‌ره‌کیی له‌و شانۆنامه‌یه‌دا ده‌گێڕا. جێ خه‌رمان ده‌بێته مه‌یدانی کێشمه‌کێشی کۆمه‌ڵایه‌تی، دایکێک بۆ پارێزگاری له هه‌ر ده‌نکه گه‌نمێک به گژ هه‌ر که‌سێکدا ده‌چێت که له خه‌رمان نزیک بێته‌وه. ئه‌م شانۆنامه‌یه، له بۆکان و ناوچه، بۆچوونی گه‌لێک له خه‌ڵکی سه‌باره‌ت به ده‌وری کچان له شانۆدا گۆڕی، دایکی ئه‌و کچانه‌ی که له گه‌ڵ تیپه‌که کاریان ده‌کرد، به ڕێز و شانازییه‌وه سه‌یری کچه‌کانی خۆیانیان ده‌کرد.
حه‌ز ده‌که‌م لێره یادی یه‌کێک له‌و دایکانه و کچه‌که‌ی بکه‌مه‌وه. من سێ ڕۆژ به‌ر له پێشکه‌ش کردنی ئه‌و شانۆنامه‌یه، ئه‌و خانمه‌م له تیپه‌که ده‌رکرد، که ده‌وری سه‌ره‌کیی هه‌بوو، ڕۆیشت و له گه‌ڵ دایکی هاته‌وه، دایکی که خانمێکی کاره‌که‌ر و زه‌حمه‌تکێش بوو، کاری ماڵانی ده‌کرد، هات به‌و زمانه ساکاره‌ی خۆی داوای کرد که ئیزن بدرێ کچه‌که‌ی له گه‌ڵ تێپه‌که بمێنێ. له‌م چرکه ساته‌وه ئه‌و کچه ته‌واو گۆڕا و له سه‌ر سه‌کۆ ده‌ورێکی گێڕا که وه‌بیرهێنانه‌وه‌شی، مچوڕک به له‌شمدا ده‌هێنێ. ئه‌و خانمه و ئه‌و کچۆڵانه‌ی له‌م شانۆنامه‌یه‌دا ده‌وریان گێڕا، خۆشه‌ویستیی مه‌زنی خه‌ڵکیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا و وێنه‌یه‌کی نۆیان له شانۆ، پێشکه‌شی بینه‌ران کرد. ئه‌م شانۆنامه‌یه له هۆڵی شانۆی ده‌بیرستانی کورشی که‌بیر پێشکه‌ش کرا، که تازه ساز کرابوو. ده‌بێ لێره یادێک له ڕه‌سوڵ په‌ناهی، ره‌ییسی ئیداره‌ی فێرکردن و بارهێنان بکه‌مه‌وه، که به‌ڵێنی دروست کردنی ئه‌و هۆڵه‌ی پێ دایین و به‌ڵێنه‌که‌ی برده سه‌ر.
شانۆنامه‌ی «عمو زنجیرباف»، شێتخانه‌یه‌کی پڕ له نووسه‌ر و پسپۆڕ و نوخبه‌ی وڵاتی ده‌نواند، که پرسی ئه‌م توێژه‌ی ناو کۆمه‌ڵگای هێنایه سه‌ر سه‌کۆ. «دووری غه‌ریب» به‌سه‌رهاتی گوندێكی كرماشان ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌م شانۆیه، به قوڵاییی فه‌رهه‌نگ و فولكلۆر و گیروگرفته‌كانی ناوچه‌كانی كوردستاندا ده‌چێته خوار، كه فره ته‌ئسیری له سه‌ر خه‌ڵك دانا. نووسه‌ری ئه‌م شانۆنامه‌یه، نوسره‌توڵڵا سه‌یافی دۆست و هاوکار و به‌رپرسی تیپی شانۆی کرماشان بوو. دوا شانۆنامه‌ی به‌ر له پێشکه‌ش کردنی مانگرتن، شانۆنامه‌یه‌کی بێده‌نگ بوو له نووسینی عه‌بدوڵڵا ئه‌مینی که له سه‌روبه‌ندی خۆپیشاندانه‌کان له ساڵی ١٣٥٧ پێشکه‌ش کرا.
تیپی شانۆی لاو، له‌م سه‌رده‌مه‌دا تێکه‌ڵ به خۆپیشاندان و چالاکیی خه‌ڵک کرا. که‌ماڵ حه‌میدی، ئه‌ندامی تیپی شانۆی لاو، که ده‌بیرستانی کوورش که‌بیر به ناوی ئه‌وه‌وه کراوه، یه‌ک له‌و که‌سانه بوو، که له خۆپیشاندانی خه‌ڵکی بۆکان‌دا کوژرا، موته‌لیب چابوک، سه‌ید ئه‌سعه‌د حوسێنی که به ده‌ستی حکوومه‌تی ئیسلامی کوژران، ئه‌ندامانی تیپی شانۆی لاو بوون.
شانۆی مانگرتن، پاش شانۆنامه‌ی دایکی نیشتمان، یه‌که‌م شانۆنامه به زمانی کوردی بوو، که له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له خانێ، مه‌هاباد، بۆکان، سه‌قز و سنه پێشکه‌ش کرا. ناوه‌رۆکی شانۆنامه‌که باس له مانگرتنی کرێکارانی نه‌وتی که‌رکووک بوو، که له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵات ده‌هاته‌وه. شانۆنامه‌که له باشووره‌وه هاوردرابوو، نووسه‌ره‌که‌ی عه‌بدولڕه‌حمان زه‌نگه‌نه بوو. ئه‌م شانۆنامه‌یه ده‌ستپێکی سه‌رده‌مێکی نوێی شانۆ له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوو. چل ساڵ به‌ر له ئێستا!
تیشک: له ساڵی ١٩٨٠ تیپه‌که‌ی ئێوه شانۆی «خودموختاری یانی چی» به‌ڕێوه ده‌با. ده‌توانن پێمان بڵێن نووسه‌ری ئه‌م شانۆنامه‌یه کێ بوو و ده‌تانویست چ په‌یامێک بگوازنه‌وه؟ گرنگیی ئه‌م شانۆیه له لایه‌ن فۆرمیشه‌وه سه‌رنجڕاکێش بووه. ئایا مه‌به‌ستتان بووه له فۆرمی پێشکه‌ش کردنی به‌یتی کوردی که‌ڵک وه‌رگرن؟
وڵام: یه‌کێک له‌و باسانه‌ی که له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ خه‌ڵک و ته‌نانه‌ت حزبه‌کان ناڕوون بوو، دروشمی خودموختاری بوو. له چوار هێزی ئه‌و کات کۆمه‌ڵه، چریک فه‌دایی، ده‌فته‌ری مامۆستا شێخ عێزه‌ددینی حوسێنی و حزبی دێموکڕات، که له «هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵکی کورد»دا به‌شدار بوون، ته‌نیا دێموکڕات ئه‌و دروشمه‌ی هه‌بوو، به بێ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی نووسراوی له به‌ر ده‌ستدا بووبێ، که خودموختاری چییه؟ ئه‌م بابه‌ته گرنگترین باسی سه‌رده‌می شه‌ڕی سێ مانگه به‌ر له پێکهێنانی «هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تی»بوو. چریک فه‌دایی به که‌ڵک وه‌رگرتن له کتێبی ستالین و مه‌سه‌له‌ی میللی، خودموختاری به ده‌ستی شۆڕاکانی هێنایه کایه‌وه، که بوو به به‌رنامه‌ی کۆمه‌ڵه‌ش. پاشان داوای هه‌شت خاڵ، ١٢ خاڵ و دواتر باسی خودگه‌ردانی هاته پێش، که هه‌مووی ده‌بووه هۆی بشێوی و خه‌ڵک سه‌ره‌نده‌ریان لێ نه‌ده‌کرد. ئه‌وه ڕاست به پێچه‌وانه‌ی سه‌رده‌می کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کورد بوو، که خه‌ڵک ده‌یانزانی حکوومه‌تی کوردیی کۆماریی کوردستان، چییه.
ئێمه له شانۆی لاو ئه‌م باسه‌مان کرده پرسیاری شانۆ، بۆ ئه‌وه‌ی باسه‌که به‌رینه ناو خه‌ڵک. هه‌ر ئه‌و کاره‌ی که له ڕێگای نمایشی «دایکی نیشتمان»ـه‌وه کرابوو. فۆڕمی شانۆنامه‌که له فۆڕمی شانۆی «شۆڕایی» نزیک کرابووه‌وه، که بینه‌ر به‌شداری شانۆکه ده‌بێت. ده‌وری گرێدانی بینه‌ر و شانۆگێڕه‌کان درابوو به «ڕاوی» که له که‌سایه‌تیی به‌یتبێژه‌کان نزیک کرابووه‌وه و ده‌ستی شانۆگێڕی ئاواڵه ده‌کرد بۆ گه‌مه‌ی شانۆیی و پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ بینه‌ر.
به‌یتبێژ هه‌م چیرۆکی به‌یته‌که ده‌گێڕنه‌وه، هه‌م به گٶڕینی ده‌نگ ده‌وری که‌سه‌کانی ناو به‌یته‌که ده‌گێڕن. له شانۆی خودموختاری یانی چی، ڕاوی ده‌چێته ناو بینه‌ران و پرسیار ده‌کا و بینه‌ر به‌شداری پرۆسه‌ی شانۆ ده‌کرێن. ئه‌م شێوه له نواندن و به‌شداری پێ کردنی بینه‌ر، ده‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی بینه‌ر ده‌وری خاو و پاسیڤ نه‌بینێ و به‌شداری پرۆسه‌یه‌ک بێ، که پێوه‌ندیی به ژیان و داهاتووی خۆی و نیشتمانه‌که‌یه‌وه هه‌یه.
خودموختاری یانی چی، له خانێ، مه‌هاباد، بۆکان، سه‌قز و سنه پێشکه‌ش کرا، هه‌زاران که‌س له ڕێگای ئه‌م شانۆنامه‌یه‌وه، تێکه‌ڵ به پرۆسه‌یه‌کی سیاسی کران، بۆ ئه‌وه‌ی پرسیار له خۆیان بکه‌ن، که چی‌یان ده‌وێ و چۆنیان ده‌وێ. نووسه‌ری شانۆنامه‌که برایم فه‌ڕشی بوو.
ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش زیاد بکه‌م، له کوردستان، خه‌باتێکی گه‌رمی فه‌رهه‌نگی، هونه‌ری، ئه‌ده‌بی ده‌ستی پێ‌کردبوو، له مه‌هاباد یه‌که‌مین کۆنگره‌ی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری، به به‌شداریی زۆرێک له نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌سترا، له سنه خه‌باتێکی نوێی مۆسیقا و تازه‌کردنه‌وه‌ی مۆسیقا ده‌ستی پێ‌کردبوو، له بۆکان و کرماشان، شانۆ ده‌وری تازه‌ی ده‌بینی، له‌و شارانه‌ی ڕادیۆ و ته‌له‌ویزیۆن هه‌بوو، سه‌رده‌مێکی نوێی کاری ته‌له‌ویزیۆنی کوردی ده‌ستی پێ‌کردبوو، به کورتی ژیاندنه‌وه‌یه‌کی فه‌رهه‌نگیی مه‌زن له گۆڕێ‌دا بوو. یه‌که‌مین جه‌شنواره‌ی مۆسیقا له شاره‌کانی مه‌هاباد و بۆکان و سنه له ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌دا به به‌شداریی هونه‌رمه‌ندانی کورد و ئازه‌ری و تورکمان به‌ڕێوه چوو، که هه‌زاران که‌س بینه‌ری بوون. هه‌ر له توێی ئه‌م جه‌شنواره‌یه‌دا، بۆ یه‌که‌مجار تیپی سروودی کوردی که له کوڕان و کچانی مه‌هاباد و بۆکان پێکهاتبوو، هه‌م سروودی نوێ و هه‌م سروده به‌ناوبانگه‌کانیان به شێوازی نوێ پێشکه‌ش کرد. بۆ یه‌که‌مجار به‌یتبێژی کورد حه‌مه‌جان و قاله مه‌ڕه هاتنه سه‌ر سه‌کۆی شانۆ. ئه‌وان به‌یتی «کانه‌بی» چیرۆکی ژنێکی کوردیان گێڕایه‌وه، که پاش مه‌رگی براکه‌ی، ده‌چێته شه‌ڕی عه‌جه‌مان، که ڕێک له گه‌ڵ حه‌ماسه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌هاته‌وه که کچ و کوڕان له به‌ره‌کانی شه‌ڕ له گه‌ڵ حکوومه‌تی ئیسلامی، ده‌یانخوڵقاند.
نووسین و خوێندن به زمانی کوردی له شاره‌کانی کوردستان ده‌ستی پێ‌کردبوو، هه‌مووی ئه‌وانه له گه‌ڵ درێژه‌ی شه‌ڕ له کوردستان و داگیرکردنه‌وه‌ی کوردستان، ته‌فروتونا بوون. شه‌ڕ خه‌باتی شاری سه‌رکوت کرد!
خه‌باتی شار، که خه‌باتێکی نوێ بوو ڕاگیرا و حکوومه‌ت پاش ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شاره‌کان، هونه‌ر و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌ب و خاوه‌ن هونه‌ر و ئه‌ده‌بی کێشایه ژێر ڕکێفی سیاسی، ئیدئۆلۆژیک و فه‌رهه‌نگیی خۆی. چل ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ڕۆژانه‌دا تێپه‌ڕیوه و خه‌تی فکری، سیاسی، فه‌رهه‌نگیی حکوومه‌تی ئیسلامیی ئێران به سه‌ر هونه‌ر و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی کورد، له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا سه‌پێندراوه. حکوومه‌ت ده‌یان و سه‌تان که‌سی خۆی له‌و بوارانه‌دا ڕاهێناوه و په‌روه‌رده کردووه وهه‌موو کارێکیان پێ ده‌کات. زۆرێک له‌و که‌سانه‌ش که ته‌نانه‌ت خۆیان دوور ڕاگرتووه له حکوومه‌ت، لایه‌نی فکری، هونه‌ری، ئیدئۆلۆژیکی حکوومه‌ت به سه‌ر خۆیان و کاره‌کانیانه‌وه دیار و به‌رچاوه.
له کوردستان له ماوی ئه‌و چل ساڵه‌دا چه‌شنێک ئاسیمیلاسیۆنی نه‌رم، که په‌رده‌ی زانست و مۆدێرنیسمی ئه‌وڕۆییی به‌سه‌ردا کێشراوه، بواری فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات و زمان و ڕۆشنبیریی داگرتووه، که ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه ئه‌و که‌سانه خۆشیان هه‌ست به‌و ئاسیمیلاسیۆنه و ده‌وری خۆیان له‌و به‌ستێنه‌دا نه‌که‌ن، که فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر و زمان و ئه‌ده‌بیات و تێگه‌یشتن، بنکۆڵ ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ش ده‌بێ بگوترێ و به ده‌نگی به‌رز بگوترێ، له گه‌ڵ حکوومه‌تی ئیسلامیی ئێران، حزب و مێدیا و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و چالاکانی بواری فه‌رهه‌نگ سووچدارین، له‌و ئاسیمیلاسیۆنه‌ی به سه‌ر خۆمان و خه‌ڵک هاتووه و هێندراوه.
من به ڕۆژنامه‌ی دیواری به‌ناوی «تئاتر» له ده‌بیرستانی کوورشی که‌بیری بۆکان، ده‌ستم به کاری ئاشکرای هونه‌ریی شانۆ کرد و به شانۆنامه‌ی «خودموختاری یانی چی؟» له شاری سنه، کۆتاییم به شانازییه‌ک هێنا، که هیچکات بۆم پڕ نه‌کرایه‌وه!
تیشک: ده‌کرێ زیاتر بۆمان باس که‌ن که ناوه‌ندی شانۆی کۆچه‌ر له هه‌نده‌ران چۆن دامه‌زرا؟ کام هونه‌رمه‌ندان تیایدا به‌شدار بوون و چۆن توانیتان دژوارییه‌کانی به‌ڕێوه‌بردنی شانۆ له ئه‌ورووپا چاره‌سه‌ر که‌ن؟
وڵام: ناوه‌ندی شانۆی کۆچه‌ر، ساڵی ١٩٨٩ له دادگای کۆڵن به ڕه‌سمی ئیزنی کاری وه‌رگرت و ناوی وه‌ک کۆمه‌ڵه‌یه‌کی هونه‌ری- فه‌رهه‌نگی- کۆمه‌ڵایه‌تی تۆمار کرا و بوو به ئه‌ندامی ڕه‌سمیی کۆمسیۆنی کۆمه‌ڵه‌کان له ژێر چاوه‌دێریی به‌شی فه‌رهه‌نگی – کۆمه‌ڵایه‌تیی شاری کۆڵن. پێوه‌ندیی ڕه‌سمیی ناوه‌ندی شانۆی کۆچه‌ر له گه‌ڵ شاره‌داری و هه‌موو ئیداره‌کانی تر بوو به ئاسایی. ناوه‌ندی شانۆی کۆچه‌ر له درێژه‌دا پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی له گه‌ڵ به‌شی تایبه‌ت به کاری فه‌رهه‌نگی- کۆمه‌ڵایه‌تیی پاڕله‌مانی ئوورپا په‌یدا کرد. دواتر شاره‌داری کۆڵن بینایه‌کی تایبه‌تی له ئیختیار ناوه‌ندی شانۆی کۆچه‌ر نا، که له‌وێ جگه له شوێنی ئیداری، کتێبخانه، ستودیۆ بۆ به‌رنامه‌ی ته‌له‌ویزیۆنی و ویدئۆیی ساز کرا. کۆچه‌ر به‌رده‌وام چه‌ند کارمه‌ندی هه‌بوو که ڕۆژانه کاریان ده‌کرد و به‌رنامه‌کانیان به‌ڕێوه ده‌برد، که نه‌ک به ته‌نێ شانۆ، به‌ڵکوو هه‌موو به‌شه‌کانی تری ئه‌ده‌بی، هونه‌ری، موسیقا و زانست و لێکۆڵینه‌وه‌ی له خۆی ده‌گرت.
ئه‌و که‌سانه‌ی که پێکهێنه‌ری ناوه‌ندی شانۆی کۆچه‌ر بوون بریتین له، گه‌وهه‌ر فه‌ڕشی، جه‌میله که‌ریمی، ئێران مه‌رزه‌نگی، فیروز سه‌نجابی، برایم فه‌ڕشی (ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان)، فه‌رید ئه‌حمه‌د (ڕۆژئاوای کوردستان)، کرمانج»ناوی کۆچه‌ر پێشنیاری ئه‌م بوو»، داوود، حه‌مدی، ئه‌بوزه‌ید (باشووری کوردستان)، ڕوودین (باکووری کوردستان)، دواتر ئه‌ندامانی کۆچه‌ر ڕووی له زیادکردن نا و جگه له چوارپارچه شانۆگێڕه‌کانی تیپی شانۆی تفلیس جاسم ئینسان و ئینگه ئینسان و سوله‌یمان فه‌ڕشی که خوێندکاری زانستگا له کازاخستان بوو، بوون به ئه‌ندامی کۆچه‌ر که هه‌ر سێکیان له شانۆی ماندانادا، ده‌وری شانۆگێڕ و ده‌رهێنه‌ریان هه‌بوو.
ده‌پرسن دژوارییه‌کان چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کران؟ ئێستا که بیر له وڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌که‌مه‌وه، خۆشم وڵامێکی گونجاوم نییه. له‌وه ده‌چێ ئێمه ئه‌و ده‌م که‌سانێکی تر بووبێتین. کار، خوێندن، شانۆ چۆن له گه‌ڵ یه‌ک گرێ ده‌درا؟ بۆ به‌شێک له کارمه‌ندانی کۆچه‌ر و چه‌ند شانۆگێڕ، گرفتی کار چاره‌سه‌ر کرابوو. ئه‌وانی دی که خوێندکاربوون و کاریان ده‌کرد، شانۆ کاری دوای خوێندن و کار بوو. پشتگیریی ئیداره‌ی کار بۆ هه‌ر که‌سێک یه‌ک هه‌تا سێ ساڵ بوو، که‌سانێک که ساڵه‌که‌یان کۆتایی پێ ده‌هات، ده‌ڕۆیشتن و ئاوڕیان له شانۆ نه‌ده‌دایه‌وه، که‌سانێک هه‌لپه‌ره‌ستانه خۆیان گه‌یانده کۆچه‌ر، به‌ڵام زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌ندامان و هاوکارانی ناوه‌ندی شانۆی کۆچه‌ر، مرۆڤی به‌رز بوون. هه‌ر کام له‌و که‌سانه تاقیکردنه‌وه‌یه‌کیان بۆ کورد له ده‌ره‌وه نه‌خشاند که له مێژووی کورددا، پێشتر و دواتر وێنه‌ی نه‌بووه. که‌سانی سه‌ر به میلله‌تێکی پارچه‌پارچه‌کراو، خۆیان له یه‌ک تیپی شانۆ، بۆ یه‌ک مه‌به‌ست و ئامانج دیته‌وه و رواڵه‌تێکی نوێیان له کورد له ده‌ره‌وی وڵات نیشان دا. هه‌رچه‌ند ده‌بێ ئه‌وه‌ش بۆ مێژوو باس بکرێ که کار و ژیانی ئێمه له کۆچه‌ر پڕ له ژان و ده‌رد و ئه‌له‌م و گرفت و گرفتاری بوو. کۆچه‌ر یارمه‌تیده‌ری هه‌ر که‌س و هه‌ر کوردێک بوو، به‌ڵام پێچه‌وانه‌که‌ی که‌متر بیندرا.
له کۆچه‌ر، لێکۆڵینه‌وه له سه‌ر موسیقا، به‌یت، فۆلکلۆر، ئه‌ده‌بیاتی زاره‌کی و پێشینه‌ی شانۆ له کوردستان ده‌کرا، ده‌یان سمیناری مێژوویی، هونه‌ری و ئه‌ده‌بیی مانگانه و ساڵانه به پێی پلان به‌ڕێوه ده‌چوو. کۆنسێرتی مه‌زهه‌ری خالقی، کۆنسێرتی ڕێزگرتن له ناسر ڕه‌زازی و مه‌رزیه فه‌ریقی، فستیوالی یادی ٧٥ ساڵه‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ک، به‌رنامه‌ی شه‌وی کۆچه‌ران (ئه‌ده‌بیات، شانۆ، کابارێت، موسیقا)، نه‌ورۆز له گه‌ڵ نه‌جمه‌ددین غوڵامی، شانۆی منداڵان، کاناڵی ٢٠٠٠ (به‌رنامه‌یه‌کی هونه‌ریی ته‌له‌ویزیۆنی- ویدئۆیی)، به‌رنامه‌ی یادی هێمن و هه‌ژار له توێی سی دی و کاسێتی «هێمنانه» و «هه‌ژارانه» که ده‌چێته ڕیزی ئه‌ده‌بیاتی گوتن. به‌رنامه‌ی شانۆی ڕادیۆیی بۆ منداڵان وه‌ک «شاری منداڵان» له توێی کاسێت و سی دی، شه‌وی ڕۆشنبیریی گفتوگۆ و دانوستاندنی نووسه‌ران و شاعیران. پێشکه‌ش کردنی شانۆ به زمانی کوردی و ئاڵمانی له‌وانه «نانی ژاراوی»، «زه‌وی»، «ماندانا»، «گوڵی خوێناوی»، «شه‌ڕ له ماڵی هه‌ژار»، «نه‌ک به ته‌نیا پێکه‌وه» و ده‌یان به‌رنامه‌ی دیکه به زمانی کوردی و ئاڵمانی، به‌شێک له چالاکییه‌کانی ناوه‌ندی شانۆی کٶچه‌ر بوون، که له ئاڵمان و ئو‌وروپا بۆ کورد و ناکورد ناسیاو بوو.
كۆچه‌ر خاوه‌نی ئارشیوی شانۆی کوردی بوو. ناوی گه‌لێک هونه‌رمه‌ند، بیرمه‌ند، نووسه‌ر و شاعیری کورد، گرێدراوی ناوی شانۆی کۆچه‌ر بوون. قادر دیلان، جه‌ماڵ نه‌به‌ز، هومه‌ر دزه‌یی، ئیقباڵ حاجبی، دڵشاد سه‌عید، ناسر ڕه‌زازی، مه‌رزیه فه‌ریقی، مه‌زهه‌ر خالقی، مارف عومه‌ر گوڵ، شوان په‌روه‌ر، دڵشاد سه‌عید، په‌روین موشیروه‌زیری، فیروز فه‌ڕووخ، ئه‌سعه‌د سه‌ڕاجه‌ددینی، عه‌لی عه‌بباسی، سوله‌یمان فه‌ڕشی، ڕه‌زا حه‌مه فه‌ره‌ج، خالید ڕه‌شید، ئاسۆ سه‌ڵته، به‌کر له‌گزی، ئاوات ده‌وڵه‌ت و ده‌یان که‌سی تر له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان و زۆر سه‌ربازی ون که دڵخوازانه وخۆبه‌خشانه تۆزی سه‌ر سه‌کۆ و هۆڵه‌کانیان هه‌ڵده‌مژی بۆ ئه‌وه‌ی سیمایه‌کی تر له کورد نیشان بدرێ! ده‌بێ ئه‌وه‌ش زیاد بکه‌م، هه‌موو به‌رهه‌مه‌کانی کۆچه‌ر وه‌ک کتێب، نووسراوه، ویدیۆ، فیلم، کاسێت و سی دی پارێزراون و هه‌مووی دیجیتاڵی کراون، به‌ڵام نووسراوه‌کان که چه‌ند به‌رگ کتێب له خۆ ده‌گرن، تایپ نه‌کراون.
ئێوه ئه‌زموونێکی زۆر و پڕ ناوه‌رۆکتان له نووسینی شانۆدا هه‌یه. ئیستاشی له‌گه‌ڵدا بێ شانۆنامه‌ی کوردی یه‌کێک له‌و ژانرانه‌یه که که‌مترین گرنگیی پێ دراوه. حه‌ز ده‌که‌ین له کۆشکی ئاواته‌وه ده‌ست پێ بکه‌ن و باس له ناڵه‌یه‌ک، له هاوار، ماندانا و به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌تان بکه‌ن.
ئه‌وه‌ی دڕاما و ئه‌ده‌بیاتی نواندن گرنگی پێ نه‌دراوه، گه‌لێک هۆی هه‌یه. شانۆ گرێدراوی کیانی هه‌ر نه‌ته‌وه و وڵاتێکه. گه‌ر کیان نه‌بێ، ده‌بێ نه‌ته‌وه‌یه‌کی تێگه‌یشتوو، پسپۆڕ و نوخبه‌ی به‌هه‌ڵوێست و مێژوو و زمان و فه‌رهه‌نگی زه‌نگینت هه‌بێ. شانۆ له وڵاتانی وه‌ک یۆنان له سه‌ر ده‌ستی فه‌یله‌سووفه‌کان پێکهات، ڕووی ده‌ره‌وه‌ی فه‌لسه‌فه و بیر وهزر بوو. کوردستان دوور له فه‌لسه‌فه له ئایین و ئایینخوازیدا خولی خواردۆته‌وه. نمایش و نواندن و گه‌مه‌ی نمایشی، وه‌ک پراتیک له هه‌موو شوێنێکی کوردستان به‌شێک له ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵک بووه، به‌یت و ته‌نانه‌ت گاتاکانی زه‌رده‌شت، لایه‌نی ئه‌ده‌بی و دڕامایی شانۆ و نمایش و ماتریاڵ بۆ شانۆ بوون. به‌ڵام ئاوڕدانه‌وه له‌و سه‌رمایه‌یه له لایه‌ن کورد خۆی و شانۆگێرانه‌وه نه‌بووه، تێگه‌یشتن له شانۆ به ناوی شانۆی کورد نه‌بووه. شانۆگێڕانی کورد، خۆیان له گه‌ڵ شانۆی هه‌ر کام له‌و چوار وڵاته تێکه‌ڵ کردووه. سه‌رمایه‌ی شانۆییی کورد دزراوه و به بێ‌نرخ سه‌یر کراوه و پسپۆڕانی کوردی ئه‌م بواره، له حاند شانۆی ئه‌و وڵاتانه، بێنرخانه سه‌یری خۆیان و شانۆی خۆیانیان کردوه. وێنه و به‌ڵگه بۆ ئیسباتی ئه‌م قسه‌یه زۆره.
کۆمه‌ڵگا و نوخبه‌گه‌لێک که له خۆیان و فه‌رهه‌نگ و مێژوو و زمانیاندا شتی به‌نڕخیان نه‌دیته‌وه، ده‌بنه چاولێکه‌ر و لاساییه‌که‌ره‌وی ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر و فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌ت و شارستانییه‌تی نه‌ته‌وه‌کانی تر، ئه‌وه له ئێمه ڕووی داوه. ئه‌وه شانۆ و دڕاما و فیلم و هه‌موو بواره‌کانی هونه‌ر ده‌گرێته‌وه. هه‌روه‌ک ئێوه باستان کرد، گرنگی به‌و ژانره نه‌دراوه، جا یان له نه‌زانی یان به زانایی و به قه‌ست!
ئه‌وه‌ی پێوه‌ندیی به منه‌وه هه‌یه، هه‌رچه‌ند کارم کردووه، به‌ڵام دابڕاوم و له خۆم ڕازی نیم و به قووڵی ئاوڕم له دڕامای کورد نه‌داوه‌ته‌وه. هه‌رچه‌ند پێم وایه کۆمه‌ڵێک کاری سه‌ره‌تاییم کردووه، که له ئه‌ده‌بیات و دڕامای نه‌ته‌وه‌کانی دراوسێ ناچێ، به تایبه‌ت «ماندانا» و «زه‌وی» و چه‌ند کاری ناته‌واو!
«کۆشکی ئاوات» به‌رهه‌می شاخ و ژوان له گه‌ڵ تاریک و ڕوونی «هێمن» بوو. به‌رهه‌می نووسینی شه‌و هه‌تا به‌یانی بوو. ئه‌و شانۆنامه‌یه که هه‌مووی شیعره، له شاخ به بۆنه‌ی دووی ڕێبه‌ندان پێشکه‌ش کرا و دواتر له هه‌نده‌ران جارێکی تر له سه‌رڕا نووسیومه‌ته‌وه. له شانۆی کۆچه‌ر، یه‌که‌مین به‌رهه‌م بوو که بۆ پێشکه‌ش کردن به‌ده‌ستمانه‌وه گرت و بڕیار بوو ئیقباڵ حاجبی موسیقای بۆ بنووسێ و به‌یتبێژ یان به‌یتبێژان کارێکتێره‌کانی بلێزن. پاش حه‌ولی چه‌ند مانگه، سه‌ری نه‌گرت.
شانۆنامه‌ی «ماندانا» به وته‌ی جاسم ئینسان، ده‌رهێنه‌ری شانۆنامه‌که، ناچێته ناو هیچکام له‌و ژانڕانه‌ی که ئه‌و وه‌ک ده‌رهێنه‌ر و دڕامانووس لێی شاره‌زا بوو. ئه‌و پێی وابوو ئه‌و تێکسته دڕامای تایبه‌ت به نووسه‌ره‌که‌یه‌تی. بۆچوونه‌که‌ی ڕاسته، ماندانا به‌رهه‌می گه‌ڕانی نووسه‌رێکی کورده بۆ په‌یداکردنی وڵامی ئه‌و پرسیاره: «کینه‌م» من کێم؟ بۆ وڵام دانه‌وه به‌و پرسیاره به‌رۆکی زه‌رده‌شت، میترا، مانی، زه‌روان، شه‌ڕه‌فخانی بتلیسی، ئه‌حمه‌دی خانی، حاجی قادری کۆیی، پیره‌مێرد، قانع، مه‌وله‌وی و زۆری تر هه‌تا نووسه‌ران و شاعیرانی سه‌رده‌م ده‌گرێ. ئاکام له دوو کارێکتێری سه‌ره‌کیی»ماندانا» و «که‌یکاووس» ده‌رده‌که‌وێ. ناوی ماندانا له ماندانای کچی پاشای کورد و دایکی کوورش بنیاتنه‌ری کیانی پارس گیراوه، که خۆی هه‌ڵگری ناکۆکییه. که‌یکاووس ناوێکی ئه‌فسانه‌یی شانامه‌ی فیرده‌وسی، لێره بۆته ناوی نووسه‌ر و ڕۆشه‌نبیرێکی کوردی سه‌رده‌م که به وته‌ی خۆی به شوێن ڕاستییه‌کاندا ده‌گه‌ڕێ. که‌یکاووس شه‌و و ڕۆژ سه‌ری له خویندنه‌وه و نووسین دایه و خۆی به خواردنه‌وه ڕاده‌گرێ. که‌یکاووس له گه‌شته‌که‌یدا له گه‌ڵ زه‌رده‌شت، خانی و شه‌ڕه‌فخان ڕووبه‌ڕو ده‌بێ و دانوستاندن و کێشه و کێشمه‌کێشه‌کانیان ده‌گاته ئه‌و شوێنه‌ی، نووسه‌ر خۆی و کورد ڕووت ده‌کاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ ئه‌و کێیه. ئه‌م کێشمه‌کێشه، به مه‌رگی ماندانا به ده‌ستی که‌یکاووس کۆتایی پێ دێت. ئینگه ئینسان، کچه‌کوردێکی له دایکبووی تفلیس، ده‌وری ماندانا و سوله‌یمان فه‌ڕشی له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه، ده‌وری که‌یکاووسی گێڕا.
زمانی شانۆنامه‌که کرمانجی و سۆرانی بوو، سیروان ڕه‌حیم له باشووره‌وه ده‌وری زه‌رده‌شتی گێرا. به‌رهه‌مێکی شانۆیی که هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان تێیدا به‌شدار بوون. ئه‌م شانۆنامه‌یه ساڵی 1997 له کۆڵن پێشکه‌ش کرا. به‌ر له‌و، شانۆنامه‌ی «زه‌وی» نووسینی برایم فه‌ڕشی پێشکه‌ش کرا. هه‌روه‌ها چه‌ند شانۆنامه‌ی تر به بۆنه‌ی هه‌ڵه‌بجه، ڕه‌وه‌که‌ی ساڵی 1991، «شه‌ڕ له ماڵی هه‌ژار» به زمانی ئاڵمانی به بۆنه‌ی کوشتاری کورد له نه‌ورۆزی ساڵی 1992 له باکووری کوردستان. هه‌ر له به‌ستێنی دڕاما، نووسینی «دڕامای سه‌رکۆمار» له به‌رنامه‌دا بوو، که به هۆی نه‌بوونی زانیاریی پێویست دوای شه‌ش مانگ بێ سه‌رئه‌نجام ڕاگیرا! ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به ئه‌ده‌بیاتی دڕاماوه هه‌بێ، من پێم وایه له وڵاتی ئێمه، چاولێکه‌ری و لاسایی کردنه‌وه و مودێڕنبازی باوه. له ناوخۆی وڵات، له باشوور و ڕۆژهه‌ڵات، ته‌نانه‌ت له زانستگاکانیان، بایه‌خ به‌و هونه‌ره نه‌دراوه و ئێمه به‌یس و بنه‌مایه‌کی دیارمان بۆ دڕامای کوردی نییه و وه‌ک باس کرا، وه‌شوێن ئه‌ده‌بیاتی ده‌سته‌چه‌نده‌می ترک و فارس و عاڕه‌ب که‌وتووین. من له توێی دوو کتێب‌دا، باسی لایه‌نه‌کانی دڕامای کورد و شانۆی کوردستانم کردووه، که به‌ر له چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ک بڵاوکراونه‌ته‌وه.
تیشک: له شانۆنامه‌کانی ئێوه‌دا ڕه‌خنه له پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی کوردستان به‌ڕوونی ده‌بیندرێ. ته‌نانه‌ت له پێرسۆناژی ماندانادا، ئاڵۆزییه‌کانی ژن کوشتن تا ئه‌و شوێنه ده‌ڕوا که ئاوێته‌ی کۆمه‌ڵگای ڕۆشنبیری له کوردستانیش ده‌بێ. ئه‌م ئاڵۆزییه، یاکوو باشتره بڵێم ئه‌م هه‌سته دژ به یه‌کانه، به‌رده‌نگ له دۆخێکی سه‌رگه‌ردانیدا ده‌هێڵێته‌وه. چۆن توانیوتانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له غوربه‌ت ده‌ژین گیرۆده‌ی کێشه‌کانی کوردستان بن؟
وڵام: ئه‌م پرسیاره و بۆچوونه‌که‌تانم به دڵه. ئێمه هه‌موومان له حاڵه‌تی سه‌رگه‌ردانیدا گه‌وره ده‌بین. خوو ده‌گرین به‌و نۆڕم و فۆرم و ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی به‌سه‌رماندا داسه‌پێندراوه. ژیانی ڕۆژانه‌ی ژێرچه‌پۆکانه به ئاسایی وه‌رده‌گرین و ڕه‌نگه چێژیشی لێ وه‌رگرین، به بێ ئه‌وه‌ی بزانیین که ئێمه‌ی منداڵانی کورد، هه‌ر له منداڵییه‌وه له سروشتی خۆمان دوور ده‌خرێینه‌وه و ئازادیی خۆیی بوونمان، لێ وه‌رده‌گرن و بنه‌ماڵه‌کانیشمان ده‌وری جیددی له سه‌رگه‌ردانیی ئێمه‌دا ده‌گێڕن. ئه‌م دیارده‌یه به تایبه‌ت له تورکیا و ئێران، سه‌ت ساڵه سیستیماتیک ده‌بیندرێ.
تاکی کورد به پێی ئازادنه‌بوون، بێ کیانی، بێ ده‌سته‌ڵاتی و ژێرچه‌پۆکه‌بوون، خۆی نه‌بووه. خۆی به مانای ناسنامه، که‌سایه‌تی و گرێ‌دراو به پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی، ئایینی و بگره مێژوویییه‌کان. ئاڵۆزی له هه‌موو پێکهاته‌کانی ئێمه‌دا هه‌یه، سه‌تی هه‌ره زۆری نه‌ک خه‌ڵکی ئاسایی، به‌ڵکوو ئاکادمێسینه‌کانی کورد، ناتوانن به زمانی دایکی خۆیان بنووسن و بخوێننه‌وه، که‌مترین حه‌ول بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌سایه‌تیی زمانی کوردی له‌و که‌سانه‌دا له ڕۆژهه‌ڵات و باکوور ده‌بیندرێ. تێگه‌یشتنی گشتی، تێگه‌یشتنی تورکی، فارسی و عه‌ڕه‌بییه. فه‌رهه‌نگی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵک و ئاخافتنیان کوردانه نییه، به ته‌واوی فارسی و تورکی و عاڕه‌بیش نییه. قووڵتر بڕوانین کورد له تێگه‌یشتنی ئایینه‌کانی دژ به‌خۆیدا، له کیانه‌کانی دژبه‌خۆیدا، گه‌ر نه‌توابێته‌وه، گرفتار و زیندانی ماوه‌ته‌وه. که‌یکاووس خۆی سه‌رگه‌ردانه و گه‌ره‌کییه نه‌ته‌وه‌که‌ی له سه‌رگه‌ردانی ڕزگار بکات. ئه‌م ناکۆکییه، ناکۆییه‌کی ده‌روونییه، که مرۆڤی کورد و نوخبه‌کانی لێی ڕزگار نه‌بوون.
ماندانا وه‌ک ژن، له ناو خۆیدا و له گه‌ڵ که‌یکاووس سه‌رگه‌ردانه. ته‌نانه‌ت خانی و زه‌رده‌شت و شه‌ڕه‌فخان له شانۆنامه‌که‌دا، و‌ڵامیان بۆ پرسیاره‌کان نییه؟ ئه‌وه به‌و مانایه نییه، که نووسه‌ری مانداناش له‌و بازنه‌یه ده‌رباز بووه؛ نا، جیاوازی ئه‌وه‌یه که نووسه‌ری ماندانا ده‌زانێ که له ناوه‌وه گرفتاره.
به‌ڵێ، ده‌روونی ڕۆشنبیره‌کانی کورد، ژنکووژیی تێدایه، که لێره مه‌به‌ست قووڵتر له «په‌یکه‌ر کوشتنه«! ڕاسته؛ من له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی خۆم ده‌ژیم. دوورم له خه‌ڵک و له ژیانی ڕۆژانه و هه‌ناسه‌کانم تێکه‌ڵ هه‌ناسه‌ی خه‌ڵک نییه و به ته‌واوی دوورم له هه‌ست و ئازار و ژیان و خه‌م و شادیی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که له هۆڵێکدا هاوهه‌ناسه ده‌بووین؛ له شه‌قام و کۆڵان و شوێنی ژیان و کار به‌یه‌که‌وه بووین. ئه‌وه‌ش خۆی دڕامه!
هونه‌رمه‌ندی سیاسی به تایبه‌ت شانۆکار، ده‌بێ ڕێگایه‌ک بۆ ئه‌م گرفته‌ی خۆی بدۆزێته‌وه. من گرفتی گه‌ڕانه‌وه‌ی جه‌سته‌م به زیندوویی بۆ چاره‌سه‌ر نه‌کرا، به‌ڵام هه‌موو ڕێگاکانی پێوه‌ندی گرتن و زانیاری وه‌رگرتنم تاقی کردۆته‌وه و له سه‌رده‌می به‌ر له ئینترنێت زانیاریی و ماتڕیاڵی زۆرم به ده‌ست ده‌گه‌یشت و پێوه‌ندییه‌کی به‌ربڵاوم له گه‌ڵ ناوخۆ و ناوه‌نده‌کان و که‌سه‌کان هه‌بوو، ته‌نانه‌ت لێره‌وه به ناوی تر هاوکاریی گۆواره کوردییه‌کانی ناخۆم ده‌کرد و زۆرکه‌س له ناوخۆوه، باشوور و باکوور و ڕۆژهه‌ڵات سه‌ردانیان ده‌کردم، به تایبه‌ت له سه‌رده‌می شانۆی کۆچه‌ر. هاوکارییه‌کی به‌رده‌وامم له گه‌ڵ مێدیای کوردی له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه هه‌بوو. به‌ڵام دیسانیش گرفتی دووری له زێد و خه‌ڵک چاره‌سه‌ر نه‌کرا.
ده‌بێ ئه‌وه‌ش بێژم که خوێندنه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی شاعیران و نووسه‌ران و به تایبه‌ت بیرمه‌ندانی دژی فاشیستی ئاڵمان که له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی خۆیان ژیابوون، گه‌لێک یارمه‌تی دام که خۆم و خه‌ڵک و هونه‌ره‌که‌م نه‌دۆڕێنم. شانۆنامه و نووسراوه‌کانم ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێم که هاتووچۆ بۆ باکوور و باشوور و تێکه‌ڵاوبوون له گه‌ڵ کوردانی ڕۆژئاوا و کوردانی کۆماره‌کانی پێشووی سۆویه‌ت هه‌مووی هۆ بوون بۆ ئه‌وه‌ی، من هیچکات هه‌ست به نامۆبوون نه‌که‌م. هونه‌ر و نووسین بۆ من بوون به زێد، که خۆی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زێد و خه‌ڵک بوو. جگه له‌وه من هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تێکه‌ڵ به بازنه‌ی هونه‌ری، فه‌رهه‌نگی، زانستی، ئه‌ده‌بی، کاری و پیشه‌ییی کۆمه‌ڵگای ئاڵمان بووم و به‌رهه‌می شانۆیی، سینه‌مایی و ئه‌ده‌بیم به‌و زمانه هه‌بووه و ئاکتۆر و شانۆگێڕی زمانی ئاڵمانی بووم و بیست و دوو ساڵ ئه‌ندامی ناوه‌ندی شانۆپێداگۆگه‌کانی ئاڵمان بووم و به‌رپرسیاره‌تیم له ناوخۆی ئاڵمان و له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌زگاکانی ئووروپی و ناونه‌ته‌وه‌یی هه‌بووه و ئێستاش پێوه‌ندی به‌ربڵاوم له گه‌ڵ نووسه‌ران و شاعیران و بیرمه‌ندان و هونه‌رمه‌ندانیان هه‌یه و به‌شداری کاره‌کانیان هه‌م. که‌وایه تێکه‌ڵبوونی من له گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای ئاڵمان و دانه‌بڕانم له خۆم و نه‌ته‌وه‌که‌م و زێده‌که‌م، باشترین ئیمکانی بۆ زیندووبوون و به‌رده‌وامیم له هه‌ردوو لا، مسۆگه‌ر کردووه. به‌و حاڵه، من له خۆم به نیسبه‌ت کوردبوونم و به‌رپرسیاره‌تیم ڕازی نیم، ده‌زانم کاری جیددیم بۆ خه‌ڵکه‌که‌م پێ ده‌کرێ و ڕابووردو و ئێستام ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ، به‌ڵام بۆچی بۆم ناکرێ، ته‌نیا به‌شێک له وڵامه‌که‌ی لای خۆمه!
به‌ڵێ، ناکۆکیی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، فه‌رهه‌نگی و کاره‌کانی ڕه‌خنه‌ئامێزی من نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که من له گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای خۆمان، سیاسه‌ت و فه‌رهه‌نگه‌که‌ی کۆک نیم و نابم. گه‌ر ماندانا به‌تاڵ بکرێ له ڕه‌خنه‌ی بنیاتی- فه‌لسه‌فی- کۆمه‌ڵایه‌تی- هزری، ده‌بێ فڕێ بدرێ، گه‌ر کاره‌کانی برایم فه‌ڕشی له ڕه‌خنه پاک بکرێنه‌وه، نرخی پووڵێکی ڕه‌شیان نامێنێ! هونه‌رێک، کتێبێک که ڕووی له ڕه‌خنه و تڵیشاندنی کێمه‌کان نه‌بێ، نه‌بوونی خاستره، له بوونی!
تیشک: ئێوه له نێوان ساڵی 2006 بۆ 2013 سێ کۆنفرانسی شانۆکارانی کوردتان به‌ڕێوه برد، ده‌کرێ ڕوونتر له سه‌ر ئه‌م کۆنفرانسانه بدوێن؟
وڵام: ئیده‌ی کۆنفرانسی شانۆکارانی کورد به‌رهه‌می گفتوگۆی هاوڕێ زه‌نگه‌نه شانۆکار و برایم فه‌ڕشی له کافه‌یه‌کی شاری کۆڵن بوو. مه‌به‌ست، ڕه‌خساندنی ئیمکان بۆ کاری تیۆریک، فه‌لسه‌فی، هونه‌ری، کۆمه‌ڵایه‌تی، مێژوویی له مه‌ڕ شانۆی گرێ‌دراو به کورد و کوردستان بوو. نه‌ته‌وه‌ی کورد خاوه‌نی ئیمپراتوری و هاوشانی یۆنان و میسرییه‌کان بوو، بوونی کیان له چه‌ند هه‌زار ساڵ به‌ر له ئێستا گرێدراوی بوونی داموده‌زگا له هه‌موو بواره‌کان، له وانه شانۆ و نواندن و ڕێوڕه‌ســــــمه حکوومه‌تی و ناحکوومه‌تییه‌کان بووه، هه‌ر به‌و چه‌شنه‌ی که له یۆنان و میسر بیندراوه.
گه‌ڕان به شوێن ڕێوشوێنه‌کانی شانۆ له کۆندا و هه‌روه‌ها دۆزینه‌وه‌ی بنه‌ماکانی فکری، هزری و فه‌لسه‌فی، فه‌رهه‌نگی سه‌رده‌می ئێستا له شانۆدا مه‌به‌ستی کۆنفرانسه‌کان بوون. له ماوه‌ی حه‌وت ساڵ، سێ کۆنفرانس له شاره‌کانی مونیخ و نورنبێرگ به‌سترا که هه‌ر کام له‌و کۆنفرانسانه سێ ڕۆژی ده‌خایاند و کۆمه‌ڵێک سمینار، گفتوگۆ، گرووپی کار و پلۆنۆم له سه‌ر باس و بابه‌تی جیاواز به‌ڕێوه ده‌چوون. له وڵاتانی نوروێژ، سوید، ئاڵمان، هوله‌ند، بلژیک، فه‌ڕانسه و بریتانیا به‌شداری کۆنفرانس ده‌کرا. بارودۆخێکی نوێ بۆ لێکۆڵینه‌وه له بواری شانۆ پێکهاتبوو. ڕه‌نگه ساڵی 2020 له فۆرم و قه‌واره‌یه‌کی نوێ کۆنفرانسی شانۆکارانی کورد درێژه په‌یدا بکات.
تیشک: پێم خۆشه خوێنه‌ران زیاتر له‌گه‌ڵ لایه‌نێکی دیکه‌ی ئه‌زموونی هونه‌ریی ئێوه ئاشنا ببن. به‌ڕێزتان ساڵی 2018 فیلمێکی به‌ڵگه‌نامه‌ییتان ساز کرووه، ئه‌م فیلمه چۆن و بۆچ مه‌به‌ستێک ساز کراوه؟
وڵام: ئه‌و فیلمه کاری هاوبه‌شی محه‌ممه‌د محه‌ممه‌دی کامێڕامه‌ن و فیلمساز بوو له گه‌ڵ من. فیلمه‌که گه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی دۆکیۆمێنتاریی بو بۆ چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ک پێشتر، ئه‌و کاته‌ی باشووری کوردستان پاش ڕه‌وه مه‌زنه‌که له ساڵی 1992 بوو به خاوه‌نی قه‌واره‌یه‌کی سیاسی. ئه‌و کاته یه‌کیه‌تیی مامۆستایانی ئاڵمان به پێی پرۆژه‌یه‌ک له کوردستان خوێندنگه(مه‌دره‌سه)یان ساز ده‌کرد. هه‌ر ئه‌و که‌سانه پاش چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ک ئاوڕ له‌و مێژووه ده‌ده‌نه‌وه و کوردستانی ئه‌مڕۆ و ئه‌و کات به‌راوه‌رد ده‌که‌ن و ڕه‌خنه‌گرانه هه‌ڵیده‌سه‌نگێنن. بۆ سازکردنی ئه‌و فیلمه و ئاوڕدانه‌وه له‌و ساڵانه له شازده سه‌عات فیلم که‌ڵک وه‌رگیراوه که ئه‌و کات فیروز فه‌ڕوخ(هاوکاری زانستیی زانستگای کۆڵن)، یه‌کێک له ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌ی دروست کردنی قوتابخانه بۆ کوردستان، ساڵی 1994 له هه‌موو شوێنه‌کانی باشووری کوردستان به‌رهه‌می هێنابوو، که له ڕووداوێکی دڵته‌زێندا گیانی له ده‌ست دا و ماتڕیاله‌کان لای من مابوونه‌وه. فیلمه‌که گرێ ده‌درێته‌وه به سه‌رهه‌ڵدانی داعش و ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی له کوردستان ڕوو ده‌ده‌ن. به کورتی فیلمه‌که ڕابردوو، سه‌رده‌می دوای ڕه‌وه‌که و سه‌رده‌می داعش و دوایه نیشان ده‌دات و پرسیاری داهاتوو ده‌کاته پرسیاری سه‌ره‌کی. فیلمه‌که به زمانی ئاڵمانی سازکراوه و شایه‌دحاڵه‌کان کورد و ئاڵمانی بوون. فیلمه‌که 90 خوله‌ک درێژه و ئه‌وه ناوه‌که‌ی بوو. Die Schule zwischen Hoffnung und Aufbruch.
خه‌تی سه‌ره‌کیی فیلمه‌که چاوخشاندن بوو به سه‌ر ژیانی منداڵ و لاوان و چۆنیه‌تی مه‌دره‌سه و فێربوون له وڵاتێک که له گه‌ڵ شه‌ڕ و وێرانی و بێ خانومانی ڕووبه‌ڕوون.
تیشک: سه‌ره‌ڕای ئه‌زموونی هونه‌ری، به هۆی خوێندنی ئاکادمیک له ئاڵمان، ئێوه به‌شداری چالاکی خوێندکاره کورده‌کان له ئه‌ورووپا بوون. گوایه له ده‌یه‌ی هه‌شتای زایینی هه‌م له پراگ و هه‌م له کۆڵن چالاکییه‌کان چڕ ببوونه‌وه. ئه‌مه له کاتێکدایه له‌و قۆناغه‌دا له ڕۆژهه‌ڵات هیچ جۆره چالاکییه‌کی له‌و جۆه‌ره نابیندرێ. پێش له‌وه‌ش چالاکیی خوێندکاره کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات زۆرتر گیرۆده‌ی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی دژ به ڕێژیمی پاشایه‌تی له ئێران بوو. ده‌مه‌وێ له‌وه تێبگه‌م که جیابوونه‌وه و چالاکیی خوێندکاره کورده‌کان چۆن بووه و چالاکییه‌کانتان زۆرتر له چ بوارێک‌دا بووه؟
وڵام: کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی کورد ساڵی 1956 له شاری به‌ڕلین له سه‌ر ده‌ستی که‌ســــــــانی وه‌ک عه‌بدولڕه‌حمان قاسملو، عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی….. و که‌سانی تر دامه‌زرا. ئه‌وانه‌ی ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی کورد له ئوورووپا بوون، ئه‌ندام یان که‌سانی نزیک له حزبه‌کان بوون. له سه‌رده‌می جوڵانه‌وه‌ی باشوور، مسته‌فا بارزانی کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی، وه‌ک باڵوێزخانه‌ی کوردستان ناو نابوو، که واش بوو، هه‌ر وه‌ها له سه‌رده‌می جووڵانه‌وه‌ی 46 و 47 له ڕۆژهه‌ڵات کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکاران ده‌وری گێڕا و ته‌نانه‌ت ساواک حه‌ولی ئه‌وه‌ی دا له ڕێگای ناردنی دوو که‌سی ناودار، ئاگاداری ناو کۆنگره‌که‌یان بێ، که سه‌ری نه‌گرت. پاش دووپارچه‌بوونی پارتی و دامه‌زراندنی یه‌کیه‌تیی نیشتمانی و قووڵ بوونه‌وه‌ی ناکۆکییه‌کان، کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکاران بوو به چه‌ند کوته‌وه، هه‌ر حزبه‌ی جگه له حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕۆژئاوا، ئه‌وانی دی کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی خۆیان دامه‌زراند.
خوێندکارانی کوردی ناو حزبه کۆمۆنیسته‌کان، جگه له حزبی کۆمۆنیستی عێراق، له ناو حزبه‌که‌یاندا کاریان ده‌کرد.
خوێندکارانی باکوور دوای پێکهاتنی پارتی کرێکارانی کوردستان، وازیان له حزبی کۆمۆنیستی تورکیا هێنا و بوون به بنیاتنه‌ری کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی خۆیان و هه‌ر ئه‌وان که‌سانی سه‌ره‌کیی پێکهێنه‌ری داموده‌زگاکانی پ‌ک‌ک له ئو‌وروپا بوون و ده‌وری سه‌ره‌کییان له به‌ڕێوه‌بردنی ته‌له‌ویزیۆنی مه‌د تی وی هه‌بوو.
ساڵی 1987 له ڕێگای دۆستێکه‌وه ئاگادار کرام که ڕێکخراوی لاوانی حزبی کۆمۆنیستی ئاڵمان سه‌فه‌رێکی دوو هه‌فته‌یی بۆ لاوان به‌ره‌و مۆسکۆ، به قه‌تار ڕێکخستووه، ئه‌م پێوه‌ندی و سه‌فه‌ره ڕێگای پێوه‌ندیی تری کرده‌وه. پاش ئه‌م سه‌فه‌ره له گه‌ڵ کورده‌کانی باشووری سه‌ر به حزبی کۆمۆنیستی عێراق ئاشنا بووم و پێشنیاریان کرد کۆنگره‌یه‌ک بۆ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی کورد له ئو‌وروپا و ناوه‌ندی پراگ، له ئاڵمان بگرین. له‌م کۆنگره‌یه له گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کوردی باشوور و ڕۆژئاوا ئاشنا بووم و چه‌ند کوردی ڕۆژهه‌ڵات بوون به ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ئاڵمان. یه‌که‌م چالاکیی کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکاران له ئاڵمان دوای ئه‌و کۆنگره‌یه، ڕێکخستنی فێستیواڵی دووی ڕێبه‌ندان له ساڵی 1988 بوو، که له زانستگای کۆڵن به به‌شداریی که‌سانی ناو به‌ده‌ره‌وه‌ی کورد وه‌ک قادر دیلان، شوان په‌روه‌ر، جوان حاجۆ، که‌ریم حیسامی، غه‌نی بلووریان، گوڵمراد مورادی، جه‌مشید حه‌یده‌ری و گه‌لێکی تر به‌رپا کرا. چه‌ند ڕۆژ دوای ئه‌م فێستیواڵه کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه رووی دا و که‌سانێک له بریندراره‌کان هێندرانه نه‌خۆشخانه‌ی بۆخووم، که ئێمه سه‌ردانمان کرد و هه‌ر ئه‌وه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی ناوه‌رۆکی فێستیواڵی نه‌ورۆز بۆ یادکردنه‌وه و له قاودانی ئه‌و کاره‌ساته بگۆڕیین، که له ئاڵمان گه‌لێک خۆپێشاندنی له کۆڵن و بۆن و شاره‌کانی دیکه لێ که‌وتبووه. ئه‌م فستیواڵه بوو به فستیواڵێکی ناونه‌ته‌وه‌یی که ڕێکخراوی جیهانیی لاوانیش به‌شدارییان تێدا کرد. دروشمی سه‌ره‌کیی ئه‌و فێستیواڵه ئه‌وه بوو: «له ژێر مه‌شخه‌ڵی هه‌ڵه‌بجه یه‌کگرین». حیزبه‌کانی باشوور له حه‌ولی نزیکبوونه‌وه له گه‌ڵ یه‌ک بوون، کۆمه‌ڵه خوێندکارییه‌کانیش به هه‌مان شێوه. له پاییزی ساڵی 1988 کۆنگره‌ی یه‌کگرتنه‌وه له به‌ڕلین ساز کرا، به‌ڵام پاش کۆتاییی کۆنگره، ئه‌م ڕێکخراوه‌یه و ڕێکخراوه‌کانی تری خوێندکاری له ناو چوون. چۆنیه‌تیی وردی ئه‌م کۆنگره‌یه له نامیلکه‌یه‌کدا له لایه‌ن منه‌وه باس کراوه، که وه‌ختی خۆی بڵاوکراوه‌ته‌وه. به‌م چه‌شنه هه‌م کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکاران نه‌ما، هه‌م چالاکیی من له ڕێکخراوه‌ی کوردی ده‌ره‌وه‌ی وڵات، کۆتایی پێ هات و پاش ئه‌وه ناوه‌ندی شانۆی کۆچه‌ر ساز کرا.
تیشک: دوای ساڵی ١٩٩٧ به هۆی گۆڕانکارییه‌کانی ناو ئێران و کرانه‌وه‌یه‌کی ڕێژه‌ییی زانکۆکان به سه‌ر خوێندکاره کورده‌کاندا، چالاکیی بزووتنه‌وه‌ی خوێندکاری له ڕۆژهه‌ڵات و ئێران ده‌چێته قۆناغێکی نوێ و پڕ به‌رهه‌مه‌وه. له ئیستاشدا خوێندکارێکی به‌رچاوی کورد له ڕۆژئاوا سه‌رقاڵی خوێندنن. ئایا ده‌توانین به‌ره‌وه سازکردنی به‌ره‌یه‌کی خوێندکاریی کوردی بڕۆین؟
وڵام: گرفتی سه‌ره‌کیی ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی که به ناوی خوێندکاری له ناو و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان سازکراون و سازده‌کرێن، حزبی بوون و بگره خوێندکاری نه‌بوونه، ئه‌وه له کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی کورد له ئو‌وروپا و هه‌موو لقه‌کانیشی وا بوو. حزبه‌کان و که‌سانی حزبی هه‌ر چوارپارچه ده‌وری گه‌لێک خراپ له‌و به‌ستێنه و له به‌ستێنی هونه‌ری، فه‌رهه‌نگی، کۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌یی ده‌گێڕن. ئه‌وه رێگا له به‌رده‌م هه‌ر چه‌شنه یه‌کگرتنێک ده‌گرێ و گرتوویه. ڕاشکاوانه ده‌لێم حزبه‌کانی کورد له هه‌موو پارچه‌کان، حزبی سه‌ده‌ی بیست ویه‌ک نیین و زیانی گه‌وره‌یان له فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر و ئه‌و کارگه‌له داوه که ده‌بێ دوور له حزبایه‌تی و دوور له ئایین و ئیدئۆلۆژی و ده‌وڵه‌ت و حکوومه‌ت بن. له‌و فه‌رهه‌نگه‌دا داهاتووی ڕوون بۆ فه‌رهه‌نگ، هونه‌ر و زانست نابینم تا ئه‌و کاته‌ی حزبه‌کان واز له‌و سیاسه‌ت و خوو وعاده‌ته زیانبه‌خشه نه‌هێنن. هه‌ر تاکێک مافی خۆیه‌تی ئه‌ندامی کام حزب بێ، به‌ڵام هیچ تاک و هیچ حزبێک مافی تاپۆکردنی هونه‌ر، فه‌رهه‌نگ و زانست و ده‌زگا پیشه‌ییه‌کانی نییه.
خوێندکارانی کورد له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، ده‌توانن گه‌لێک سوودبه‌خش بن بۆ خۆیان و دۆزی کورد، گه‌ر ڕێکخراوی سه‌رده‌میانه‌ی خۆیان ساز بکه‌ن. ڕه‌نگه نیازی گه‌وره‌ی خۆشیان بێ بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و گیروگرفتانه‌ی که تووشی ده‌بن. سه‌رده‌م ته‌واو گۆڕاوه و ئێستا ته‌نیا ئه‌و که‌سانه له زانستگاکان خوێندکار نیین که له کوردستانه‌وه دێن، گه‌لێک منداڵی کورد له وڵاتانی ڕۆژئاوا له دایک بوون و دوورن له وڵات و کۆمه‌ڵگا و بگره زمان و فه‌رهه‌نگی کوردستان. بوونی کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکاران که هه‌موو لاوانی کوردی هه‌ر چوارپارچه له خۆی بگرێ، ڕه‌نگه ببێته باشترین پشتیوانی سیاسی و سه‌نگین وگرانترین ڕێکخراوی کورد، جگه له‌وه زۆرێک له کورده‌کان که خوێندنیان ته‌واو کردووه، ئه‌مڕۆ له زۆر وڵاتان له بواری سیاسی- زانستی- هۆنه‌ریی- فه‌رهه‌نگی- کۆمه‌ڵایه‌تی و ئیداریی ده‌وریان هه‌یه. ئه‌م سه‌رمایه مه‌زنه ده‌توانێ سوودی گه‌وره‌ی بۆ کورد و کارتێکردنیان له سه‌ر سیاسه‌تی وڵاتانی ڕۆژئاوا و دام وده‌زگاکانیان هه‌بێ. کورد و حزب و نوخبه‌کانی له‌م به‌ستێنه‌دا نووستوون.
تیشک: له هه‌مان سه‌رده‌می چالاکیی خوێندکاری‌دا، ئێوه وتووێژێکی چڕوپڕتان له‌گه‌ڵ مامه غه‌نی بلووریان ئه‌نجام داوه که دواتر له دووتوێی کتێبێک‌دا، به ناوی سه‌ده‌ی کاره‌سات، چاپ بوو. ده‌شزانین له ئێران، غه‌نی بلووریان، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌مان چاوپێکه‌وتنه‌کانی ئێوه، کتێبێکی به ناوی ئاڵه‌کۆک چاپ کرد که بووه هۆی مشت‌ومڕ و قسه‌ی زۆری لێ که‌وته‌وه. ده‌کرێ زیاتر له چۆنیه‌تیی ئه‌م چاوپێکه‌وتنانه ئاگادارمان بکه‌نه‌وه و باس له‌وه بکه‌ن که جیاوازیی سه‌ره‌کیی نێوان دوو ده‌قی سه‌ده‌ی کاره‌سات و ئاڵه‌کۆک له چیدایه؟
وڵام: غه‌نی بلووریان ڕێبه‌ندانی ساڵی 1989 له فێستیواڵی دووی ڕێبه‌ندان به‌شدار بوو. بیستبووم که ئه‌و ئه‌ندامی سازمانی جه‌وانان و یه‌کێک له به‌شدارانی نمایشی دایکی نیشتمان بووه، داوام لێی کرد له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته وتووێژی له گه‌ڵدا بکه‌م. هاوینی ئه‌و ساڵه هات بۆ کۆڵن و نه ته‌نیا باس له دایکی نیشتمان، به‌ڵکوو باسی میرمیرن کرا و له درێژه‌دا بوو به شازده کاتژمێر که له یه‌ک هه‌فته‌دا به‌ڕێوه چوو. باسی سه‌رده‌می منداڵی هه‌تا ئه‌و کاته‌ی له ئێران ده‌رده‌چێ و له ڕێگای عێراق و سووریه ده‌گاته مۆسکۆ و له‌وێڕا به‌ره‌و پڕاگ. سه‌ده‌ی کاره‌سات به شێوه‌ی گفتوگۆیه، گفتوگۆیه‌کی سیاسی ده‌رباره‌ی سه‌رده‌مێکی پڕ له کێشه‌ی جیهانی، ناوچه‌یی و سه‌رده‌مێکی گرنگی سیاسیی کورد له ڕۆژهه‌ڵات.
مامه غه‌نی ده‌بوو ڕووبه‌ڕوو وڵامی ئه‌و پرسیارانه بداته‌وه که لێی ده‌کرێ، له چه‌ند شوێن دڵی پڕ بوو، فرمێسک به ڕوومه‌تیدا شۆڕ بووه. له زۆر شوێن قسه‌مان له یه‌ک هه‌ڵده‌به‌زییه‌وه. گفتوگۆیه‌کی ساکاری بێ قڕه نه‌بوو.
«ئاڵه‌کۆک» که به ده‌ستی حامید گه‌وهه‌ری و به که‌ڵک وه‌رگرتن له 16 کاسێتی یه‌ک سه‌عاته و نه‌وه‌د خوله‌کی من، وه‌ک ڕۆمان به بێ پرسی من داڕێژراوه، جه‌وهه‌ری ڕه‌خنه‌گ‌ری و وتووێژیی لێ وه‌رگیراوه و به ناوی بیره‌وه‌ریی مامه غه‌نی به ده‌ستی گه‌وهه‌ری وه‌سه‌ریه‌ک خراوه، که ده‌کرێ بێژم وه‌ک نووسه‌ر مامه غه‌نی ده‌وری تێدا نه‌بووه. به‌ڵام بلووریان و گه‌وهه‌ری به هاوکاریی یه‌کتر و ڕاوێژ له گه‌ڵ یه‌ک، کتێبه‌که‌یان وه‌سه‌ر یه‌ک ناوه.
کتێبی ئاڵه‌کۆک له سوید چاپ کرا، دواتر له ئێران له لایه‌ن که‌سێک به ناوی «رضا خیری مطلق» کرا به فارسی. خه‌یری کارمه‌ندی پێشووی ڕادیۆ ته‌له‌ویزیۆنی مه‌هاباد و پاسداری سه‌رده‌می حکوومه‌تی ئیسلامی بوو، که برایه‌کی وه‌ک پاسدار کوژرا و ئه‌و که‌سه دواتر کرا به پسپۆڕی مه‌سه‌له‌ی کورد و ڕێگای بۆ خۆش کرا، هاتوچۆی باشوور بکات و زۆربه‌ی به‌رپرسانی باشوور ببینێ و کۆمه‌ڵێک کتێب به مه‌یلی ناوه‌نده ئه‌منیه‌تییه‌کانی حکوومه‌ت بنووسێ و له ناوه‌نده‌کانی سه‌ر به حکوومه‌ت له تاران چاپیان بکات. ئه‌وه‌ی غه‌نی بلووریان، حامید گه‌وهه‌ری یان هه‌رکیان ئیزنیان به‌و که‌سه داوه یان پێوه‌ندییان له گه‌ڵی هه‌بووه، بۆ من ڕوون نییه، به‌ڵام ئه‌و کتێبه به وته‌ی چه‌ند زیندانییه‌ک، به‌ر له چاپ به ده‌ستنووس دراوه به زیندانییه کورده‌کان بۆ ئه‌وه‌ی بیخوێننه‌وه و په‌ندی لێ وه‌ر گرن و واز له کوردبوون بهێنن. کتێبی ئاڵه‌کۆک پاش چاپ کردن بۆ مه‌به‌ستی چه‌واشه‌کردنی جوڵانه‌وه‌ی کورد، به‌ربڵاو له شاره‌کانی کوردستان بڵاوکرایه‌وه.
له درێژه‌ی وڵامی پرسیاره‌که‌تاندا، مه‌به‌ستی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاڵه‌کۆک و سه‌ده‌ی کاره‌سات له بنه‌ڕه‌تدا جیاواز بوو، سه‌ده‌ی کاره‌سات بۆ ده‌رخستنی ڕاستییه‌کانی نزیک به سه‌ده‌یه‌ک ڕووداوه‌کانی سیاسی و کاراکتێری سیاسه‌تمه‌داره‌کانی بڵاوکرایه‌وه. ئاڵه‌کۆک به ڕۆمان کردنی ژیانی که‌سێک بوو، که چاره‌گه سه‌ده‌یه‌کی له زیندان و چاره‌گه سه‌ده‌یه‌کی له ئاواره‌یی تێپه‌ڕی. ژیانی مامه غه‌نی خۆی کاره‌سات بوو.
من پاش کۆتاییی وتووێژه‌که، کۆپی هه‌موو کاسێته‌کان و ریزی وردی بابه‌ته‌کانم دا به مامه غه‌نی. بڕیار بوو گوێیان بداتێ و وڵامم بداته‌وه، ئه‌و کاره نه‌کرا و بێ خه‌به‌ر مامه‌وه، هه‌تا کتێبه‌که‌یان به ناوی ئاڵه‌کۆک له چاپ ده‌رهات. پاش ده‌رچوونی کتێبه‌که به ته‌له‌فوون له گه‌ڵ مامه غه‌نی زۆر به زبری قسه‌م کرد و داوام لێ کرد هۆی کاره‌که‌م بۆ ڕوون کاته‌وه، که بۆچی کارێکی وا کراوه، ئه‌و به‌ڵێنی دا نامیلکه‌یه‌ک بڵاو کاته‌وه و باسی ڕاستیی کتێبه‌که و وتووێژه‌که بکات. به‌داخه‌وه ئه‌و کاره‌ش نه‌کرا. «ئاڵه‌کۆک» خۆی به‌ڵگه‌نامه‌یه‌که بۆ ئیسپاتی کاره‌سات، که به ده‌ستی به ناو نووسه‌ر و مێژوونووس و سیاسیی کورد خوڵقا. ئه‌وه‌ی جیاوازیی ئه‌و دوو کتێبه له چیدایه، جیا له‌وه‌ی باس کرا، ده‌کرێ ببێته بابه‌ت بۆ لێکۆڵینه‌وه. ئه‌وه‌ش بگوترێ سه‌رجه‌م کاسێته‌کان وه‌ک خۆی و به شێوه‌ی دیجیتاڵی ماوه‌نه‌ته‌وه.
تیشک: ئێوه له هه‌ر دوو زمانی کوردی و ئاڵمانیدا ئه‌زموونی شێعریتان هه‌یه و کتێبکی دوو زمانه‌تان به ناوی سه‌ده‌ی سه‌رما چاپ کردووه. ژیانی غوربه‌ت، ئاواره‌یی و کوردایه‌تی چ کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر شێعری ئێوه هه‌بووه؟
وڵام: من خۆم له بازنه‌ی شاعیران‌دا نابینم و لێشی نازانم. به ویست، نه‌مویستووه شیعر بنووسم و بهۆنمه‌وه، به‌ڵام په‌خشاننووس و تێکست‌نووس هه‌م، که خۆم ناوی «وێنه‌م» لێناوه. گه‌نگه‌شه‌ی ناو مێشکی من»بیر و هزره« که له تێکست و په‌خشان و کورته تێکست-دا ده‌ریده‌بڕم، که ئه‌وه‌ی ئاخریان ڕه‌نگه له ئافۆریسم (Aphorism) نزیک بێ. حه‌زم له نووسین و جه‌ڕباندنی وشه‌کانی زمانی زه‌نگینی کوردییه و جار هه‌یه به ڕۆژ و هه‌فته، خۆم له گه‌ڵ چه‌ند وشه و ڕسته‌یه‌ک بۆ په‌یداکردنی مانای هزریی خه‌ریک ده‌که‌م، ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌رجار و هه‌مووجارێ، ده‌مگه‌شێنێته‌وه و هه‌ستی ئازادبوونم پێ ده‌به‌خشێ! ئه‌و حه‌زه‌م بۆ زمانی ئاڵمانیش هه‌یه و هه‌ر دوو زمان لای من گه‌لێک له یه‌ک نزیکن و هه‌ر دوو زمان به قووڵی خزمی یه‌کن.
من کوردم و به هه‌ر دوو زمان خۆم و نه‌ته‌وه و زێد و بوون و هزرم ده‌رده‌خه‌م. جار له هه‌ڵه‌بجه ده‌سووتێم و جار له شارێکی هه‌نده‌ران، جار له ئامێدم و جار له هه‌ولێر و کرماشان و عه‌فرین و کۆبانێ. جار گۆی زه‌ویم و جار کوردستان. جار ئالان کوردیم و جار سه‌ری سه‌ردارانی هه‌ڵواسراو، جار شیرین و که‌مانگه‌ر و جار خودی خۆمم.
تێکسته‌کانی من پێشتر له کتێبی ساڵانه‌ی شیعری ئاڵمانیدا بڵاوده‌کرانه‌وه، لێره و له‌وێ داموده‌زگای ئاڵمانی له‌وانه ڕێکخراوی مافی مرۆڤ که‌ڵکێان لێ وه‌رگرتووه و له بۆنه‌کان خوێندراونه‌ته‌وه. پێشتر کۆمه‌ڵێک له‌و تێکستانه، وه‌ک نامیله‌که‌یه‌ک به زمانی ئاڵمانی بڵاو کراونه‌ته‌وه. خۆم له شانۆ بۆ ڕاهێنانی ده‌نگ به هه‌ر دوو زمان که‌ڵکم لێ وه‌رگرتوون.
ئه‌و تێکستانه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی من و جیهانی منن، بۆ وێنه تێکستی سه‌ده‌ی سه‌رما باس له دۆڕانی هه‌ستی ئینسان له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک ده‌کا، سنوور باس له به‌زاندنی سنوور ده‌کا، گۆی زه‌وی باس له ئینسان و زه‌وی ده‌کات، گه‌لێک له تێکسته‌کان باسی مێژوو، فه‌لسه‌فه، هزر، جوانی و ئه‌وین له خۆ ده‌گرن. به‌ڵێ کوردستان له من و ژیان و به‌رهه‌مه‌کانمدا ڕه‌نگیان داوته‌وه، چ پێم زانیبێت، چ پێم نه‌زانیبێت.
به‌رهه‌مه‌کانم لاسایی کردنه‌وه‌ی هیچ شوێن و هیچ ڕێچکه و هیچ که‌سێک نییه. بۆم گرنگ نه‌بووه و گرنگ نییه، به‌رهه‌مه‌کانم ده‌چێته ناو چ ڕێچکه و فۆرمێکه‌وه. گرنگ ئه‌وه‌یه برایم فه‌ڕشی هه‌ست و بیر وهزری خۆی، وه‌ک خۆی به شێوه‌گه‌لی جیاواز ده‌رده‌برێ، جار ده‌بنه په‌خشان، شیعر، تێکست، شانۆنامه، وێنه، یاخود یه‌ک ڕسته، یان بابه‌تێک له توێی نووسینێکی سیاسی، زانستی، یان هونه‌ریی. من له به‌ر دڵی هیچ که‌س و هێزێک شتم نه‌نووسیوه و نانووسم. هیچ سفارشێکم وه‌رنه‌گرتووه و وه‌ری ناگرم. کاره‌کان چه‌نده له گه‌ڵ قالیب و تابووت و پێوانه‌ی ئه‌م و ئه‌و دێته‌وه، بۆ من گرنگ نییه. من به شوێن په‌سه‌ندکردنی ئه‌م و ئه‌و یا ئه‌و شوێن و ئه‌م شوێنه‌وه نه‌بووم. گه‌ر وام کردبا، ده‌بووم به که‌سێکی تر له ده‌ره‌وه‌ی خۆم. ئه‌وه به‌و مانایه نییه که بیروبۆچوونی ئه‌م و ئه‌و وه‌رنه‌گرم، به پێچه‌وانه‌وه، وه‌ک پڕینسیپ بیروبۆچوونی زۆر که‌س له هه‌موو ڕه‌ده‌یه‌کدا وه‌رده‌گرم و ڕه‌خنه‌گرانی به‌رهه‌مه‌کانی خۆم خۆش ده‌وێ. کاری هونه‌ری، کارێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه و ده‌بێ گوێبیستی بیروبۆچوونی کۆمه‌ڵگا بین. به‌ڵام کۆمه‌ڵگا من وه‌شوێن خۆی نادا و من وه‌شوێن کۆمه‌ڵگا ناکه‌و‌م.
هه‌رچی نووسیومه، له وانه ئه‌و تێکستانه به‌رهه‌می کات و سات و چرکه‌کانی ئینسانێکه که به درێژاییی ته‌مه‌نی، تاقیکردنه‌وه‌ی خۆی هه‌بووه. ئه‌و که‌سه له خاکی کوردستان و له ناو فه‌رهه‌نگ و زمان و شارستانییه‌تی کورده‌وه، سه‌ری هه‌ڵداوه و له ئاڵمان گیرساوه‌ته‌وه، نه به هه‌ڵکه‌وت به‌ڵکوو به ویستی خۆی هاتووه و به ویستی خۆی گیرساوه‌ته‌وه. تێکسته‌کان کوردی- ئاڵمانی- ئینسانین. من غه‌ریب نیم و هیچکات هه‌ستم به غه‌ریبی نه‌کردووه، تێکسته‌کانیشم به‌رهه‌می غه‌ریبی نیین. ناڵه ناڵه له هیچ به‌رهه‌مێکی مندا نییه. هه‌ستی نامۆ بوون و خه‌مۆکی له کاره‌کانمدا نابیندرێ. بێ هیوایی له به‌رهه‌مه‌کانمدا جێگای نه‌بۆته‌وه، ئه‌وه‌ش له ده‌ره‌وه فێر نه‌بووم، له وڵات فێربووم. من منداڵی سروشتێکی ته‌ڕ وتوش و دڵڕفێنم و سه‌رده‌مێک که‌ژه‌وان بووم و له به‌رزترین شاخی ناوچه‌که خلۆر بوومه‌ته‌وه و هه‌ستاومه‌ته‌وه، له کاتی داگیرکردنه‌وه‌ی سه‌قز گوللـه به بن گوێچکه‌مدا ویزه‌ویزیان کردووه. چه‌نده‌ی له گه‌ڵ ژان نزیکایه‌تیم هه‌یه، زۆرتر له گه‌ڵ ژیان. ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر، هاوڕیی ژیان و ژان و خۆشییه‌کانم بوون و هه‌ن.
تیشک: له دوایین کتێبتاندا به ناوی «پازڵی کوردبوون کورد: له ناو ئه‌ده‌بیات و سیاسه‌ت» هه‌ست ده‌کرێ وه‌ک پیواز پاک کردن، له‌گه‌ڵ هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی ئه‌ده‌بیات و سیاسه‌ت له کوردستان، به ده‌م گریانه‌وه، چه‌ندین پرسی گرنگ سه‌باره‌ت به بوونی کورد ده‌رووژێنن. چ شتێک ئێوه‌ی هاندا که ئه‌م کتێبه بنووسن؟ پێتان وایه ناسنامه‌ی کوردی زیاتر به‌ره‌و سازکردنی وێنه‌ی کۆتایی پازڵه‌که ده‌ڕوا یاکوو پرش و بڵاوتر ده‌بێ؟
وڵام: دیسان پرسیارێکی باش. به‌ڵێ له کاتی نووسینی ئه‌م کتێبه، تووشی گه‌لێک حاڵه‌ت بووم. هه‌رچه‌ند کورد زمانێکی گه‌لێک زه‌نگین و ئه‌ده‌بیاتێکی پڕ له‌هه‌ست و خۆشه‌ویستی و ئه‌وین ودڵداری و پڕ له ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سروشت و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سۆز وعاتیفه‌ی بۆ زێد و نیشتمان و خه‌بات و وه‌رگرتنی ئازادی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و ئه‌ده‌بیاته و خوڵقێنه‌رانی جگه له به‌خشینی هێز، بیر وهزریان له سه‌ر به‌یس و بنه‌وانی فه‌لسه‌فی به مرۆڤی کورد نه‌به‌خشیوه و مرۆڤی کوردیان له زیندانی تێگه‌یشتنی ئایینی، هه‌موو ئایینه‌کان، به تایبه‌ت ئیسلام ڕزگار نه‌کردووه و نه‌یانتوانیوه ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییی گشتی به هه‌موو تیره و باوه‌ڕمه‌ندانی هه‌مه جۆر و ئاخێوه‌رانی جیاواز له ژێر ناو و ناسنامه‌ی کوردی ببه‌خشن، ته‌نانه‌ت تا ئێستا نه‌یانتوانیوه زمانێکی گشتگیر بۆ تێگه‌یشتن له یه‌کتر، ئه‌ده‌بیاتێکی گشتگیر و تێگه‌یشتنێکی گشتگیر له سه‌ر بنه‌مای هزری گشتگیر بخوڵقێنن. به‌ڵێ زۆرجار بێزار بووم. شانۆنامه‌ی «دایکی نیشتمان» که باسمان کرد، به شیعره‌کانی حاجی قادر ڕازاوه‌ته‌وه که به چڕی په‌سنی خودا ده‌دات، خودایه‌ک که عوسمانلی و پارس و عاڕه‌ب خۆی پێوه هه‌ڵده‌واسن بۆ قڕکردنی کورد. خانی خۆی ده‌کاته غوڵامی خودا و دوای ئه‌وه ده‌گاته باسی مه‌م و زین، هه‌موو شتێک له خۆی، بۆ خودا داده‌ماڵێ. ئه‌م تێگه‌یشتنانه له ناوه‌وه، کوردیان کۆیله هێشتۆته‌وه و هزری ئازاد بیرکردنه‌وه‌یان لێ وه‌رگرتووه و هه‌موو داکه‌وتنه‌کان و شکه‌ست و کاره‌ساته‌کانی خۆیان به ڕه‌زای خودا به‌ستۆته‌وه. ئه‌م تێگه‌یشتنه له ئه‌ده‌بیاتی کوردی‌دا، منی بێزار کردووه و بێزارم ده‌کات.
کتێبی «پازلی کوردبوون» ده‌رفه‌تێکه بۆ لاکردنه‌وه له پرسیاره سه‌ره‌کییه‌کانی ناسنامه‌ی کورد و پێکهاته‌کانی و ده‌رخستنی لایه‌نه‌کانی. ئه‌و کتێبه ئاوڕ له ئه‌ده‌بیات، سیاسه‌ت، ئیدئۆلۆژی، ئایین و کیان ده‌داته‌وه که ده‌وریان له بێ ناسنامه کردن، یان پاک کردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی کورد هه‌بووه. هه‌روه‌ها به‌رهه‌مه‌کان و تێگه‌یشتنی کۆمه‌لێک له ڕۆشنبیران و شاعیرانی سه‌ده‌ی بیست و پیش‌تر، ڕه‌خنه‌گرانه ئاوڕیان لێ ده‌درێته‌وه. کتێبه‌که حه‌ولێکه بۆ دیاڵۆگ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ئامێز و هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رهه‌می ده‌روونی و زیهنیی ڕۆشنبیرانی کورد له به‌ستێنی ئه‌ده‌بیات، نه‌ته‌وه، سیاسه‌ت. من پێم وایه پرۆسه‌ی ناسنامه‌ی کوردبوون، له بووندایه، به‌ڵام له‌مپه‌ری یه‌کجار زۆر له سێ لایه‌نه‌وه بۆ بێ ناسنامه کردن و بێ ناسنامه بوون له ئارادیه، یه‌ک لایه‌نی ناوخۆیی، دوو ناوچه‌یی و سێ جیهانی، مه‌به‌ست به ته‌نیا سیاسه‌ت نییه، به‌ڵکوو جگه له سیاسه‌ت مه‌به‌ست پرۆسه‌ی فکری، فه‌رهه‌نگی، ئیدئۆلۆژیک، ئایینی، کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌روه‌ها ئابوورییه. مرۆڤی کورد له هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌دا، که‌مایه‌سیی جیددیی هه‌یه و هه‌ر کام له‌و خاڵانه ده‌توانێ کورد له ناسنامه‌ی خۆی ته‌نانه‌ت به دڵخواز دوور خاته‌وه. گرفتی کورد ته‌نیا سیاسی نییه، به‌ڵکوو گرفتێکی کۆمپلێکس و چڕ‌وپڕ و ئاڵۆزه. هه‌ر بۆیه ئه‌ده‌بیات و به تایبه‌ت شیعر و خاوه‌نه‌کانیان، که له کتێبه‌که‌دا به خه‌ستی باسیان لێ ده‌کرێ، نه‌یانتوانیوه، به‌ره‌نگاری ئه‌و ئاڵۆزییه هه‌مه‌لایه‌نه‌یه ببن. کتێبه‌که خوێنه‌ر له گه‌ڵ پرسیاری زۆرتر ڕووبه‌ڕوو ده‌کات.
یه‌کێک له چالاکییه هه‌ره گرنگه‌کانی ئێوه ئیش کردن له سه‌ر مژاری په‌روه‌رده بووه. ئێوه به مه‌به‌ستی جێبه‌جێ کردنی پرۆژه فیکرییه‌که‌ی خۆتان، له ساڵی 2011 ئه‌نیستیتۆیه‌کتان له ئاڵمان به ناوی لێرنهاوس دامه‌زراندووه و به تایبه‌ت له‌م ساڵانه‌ی دواییدا په‌ره‌تان به چالاکیی خۆتان له ئاستی چه‌ند وڵاتی ئووروپاییدا داوه. پێمان خۆشه هه‌م بزانین پیناسه‌ی پیداگۆژی بۆ ژیانی مرۆڤی مۆدێرن چییه و هه‌م که‌مێک زیاتر له گه‌ڵ پێکهاته و شێوازی کارکردنی ئه‌نستیتۆکه‌تان ئاشنا ببین.
وه‌ک شانۆپێداگۆگ و داڕێژه‌ری سیسته‌می فێربوون، کاری من به‌و مانایه‌ی که له په‌روه‌رده و ڕاهێنان، «ئامووزش و په‌روه‌رش» ده‌کرێ، نییه. من که‌س په‌روه‌رده ناکه‌م، که‌س ڕاناهێنم و ئه‌و تێگه‌یشتنه به چاوپۆشی له سروشتی مرۆڤ و وه‌رگرتنی سه‌ربه‌خۆیی و پاسیڤ کردنی ده‌وری که‌سایه‌تیی ئینسان و خاوکردنه‌وه‌ی مێشک ده‌بینم.
ئێمه له «لێرنهاوس» ئێمکان بۆ فێربوون پێکده‌هێنین و هاوڕێیه‌تیی «پرۆسه‌ی فێربوون» ده‌که‌ین و چێژوه‌رگرتن ده‌گه‌ڕێنینه‌وه بۆ فێربوون و مه‌یل و ویست و خواست ده‌که‌ینه بنه‌ما بۆ فێربوون. ئه‌و تێگه‌یشتنه که له سه‌ده‌کان و هه‌زاره‌کانی پێشوو، هه‌تا ئێستا له فێرگه ئایینی و نائایینییه‌کان و به ناوی زانست و پێشکه‌وتن په‌ره‌ی ساندووه و مرۆڤ «په‌روه‌رده« ده‌کات و «ڕاده‌هێنێ»، تێگه‌یشتنی من و هاوکارانم نییه.
له سیسته‌مه‌کاندا (سیاسی، ئیدئۆلۆژیک، ئایینی…) له ڕۆژی یه‌که‌مه‌وه هه‌تا دوا قۆناخی خوێندن، تاک وه‌ک تاکی جیاواز له یه‌ک، تاکی ئازاد، تاکی خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی سه‌یر ناکرێ. منداڵ، لاو و گه‌وره، وادارده‌کرێ خۆی له گه‌ڵ نۆڕمه‌کان و داخوازییه‌کانی سیسته‌م و که‌سی سه‌ره‌وه‌ی خۆی لێره موعه‌لیم یا ئوستاد ڕابهێنێ و خۆی بگونجێنێ و په‌یتا په‌یتا له ڕێگای تاقیکردنه‌وه و ئیمتیحانه‌کان بیسه‌لمێنێ که ئه‌و به گوێره‌ی چاوه‌ڕوانییه‌کان، په‌روه‌رده کراوه و به پێی ویستی سیسته‌م و نۆرمه‌کان و ویست و داخوازی فێرکار و په‌روه‌رده‌کار، ڕاهێندراوه.
ئه‌م سیسته‌مانه ئیمکان بۆ هه‌ر تاکێک به پێی تایبه‌تمه‌ندییه‌کان و چۆنیه‌تیی که‌سایه‌تییان پێک ناهێنن. له‌و سیسته‌مانه‌دا، پێداگۆگی به مانای هۆمانیستی، ئینسانی که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی چۆنیه‌تیی تاک و ویست وخواست و توانا و لێهاتووییه‌کانی بێ، نابیندرێ، هه‌ر چه‌ند له چه‌ند سه‌ده‌ی ڕابردوو و سه‌ده‌ی ئێستا گۆڕانکاری له تێگه‌یشتن له پێداگۆگی و مێتۆده‌کان پێکهاتووه و ئینسانی‌تر له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست و سیسته‌می تۆتالیتێری سیاسی و ئایینی، له گه‌ڵ منداڵ هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کرێ.
ناسینی تاکه که‌س و ئاگاداربوون له گرێکانی سه‌ر ڕێگای فێربوون له تاکه‌که‌سدا گرنگه. چین ئه‌و گرفتانه‌ی پێش به پرۆسه‌ی فێربوون ده‌گرن؟ ئێمه بۆ فێربوون، سروشتی مرۆڤ و هۆمانیسم به به‌یس و بنه‌ما ده‌گرین. ئه‌و به‌یس وبنه‌مایه‌ی که له مه‌دره‌سه‌کان و زانستگاکان له به‌رچاو ناگیرێ. ئیجبار بۆ فێربوون و خۆگونجاندن له گه‌ڵ سیسته‌م ده‌بن به بنه‌ما. مه‌دره‌سه‌کانی کلیسا و دواتر مه‌دره‌سه‌کانی سه‌رده‌می گه‌شه‌ی سه‌نعه‌تی و سه‌رمایه‌داری، مرۆڤیان بۆ مه‌به‌ست و وڵامدانه‌وه به نیازی خۆیان په‌روه‌رده ده‌کرد. که‌م نیین ئه‌و کتێب و به‌ڵگه‌نامانه‌ی که مه‌دره‌سه‌کان وه‌ک سه‌ربازخانه و شوێنی چه‌وساندنه‌وه ده‌نه‌خشێنن.
ئێمه «فێربوون» وه‌ک پرۆسه‌یه‌کی به‌رده‌وامی نه‌پچڕاوه ده‌بینیین که له منداڵدانی دایکه‌وه بۆ منداڵ ده‌ست پێده‌کات، هه‌تا مردن. ئێمه سوود له نۆیڕۆلۆژی، بیۆلۆژی و هه‌روه‌ها سیسته‌می جووڵه‌ی Brain Gym و مێتۆد و جووڵه‌کانی شانۆ و شانۆپێداگۆگی بۆ خوردبوونه‌وه(Konzentration) و له‌ناوبردنی بلۆکه‌بوونی ناو مێشک، وه‌رده‌گرین، بۆ ئه‌وه‌ی به پێی ویست و خواست و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی تاک، پرۆسه‌ی فێربوون به‌ڕێوه بچێ. ئێمه که له سه‌رده‌می دیجیتاڵی و دوو جیهانی رێئاڵ و مه‌جازی و دووربوونه‌وه له سرووشتدا ده‌ژین، پێویستمان به پێداگۆگیی هۆمانیستی و دێموکراتیک هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی منداڵ و لاو توانایی بڕیاردانی سه‌ربه‌خۆ په‌یدا بکه‌ن.
لێرنهاوس(ماڵی فێربوون) ماڵێکه پڕ له ئیمکان و که‌ره‌سه بۆ فێربوون و چێژوه‌رگرتن له فێربوون، هه‌ر له کتێب و مێدیۆمی تر هه‌تا ده‌یان چه‌شن پرۆگرام و گه‌مه‌ی فێربوون. ناوه‌ندی ئه‌و پڕۆژه‌یه که‌ره‌سه و مێتۆده‌کان نین، به‌ڵکوو مرۆڤ و مرۆڤ و چۆنیه‌تیی کار و هه‌ڵسوکه‌وت له پڕۆسه‌ی فێربوونه. ڕێگایه‌کی نوێ که هێدی هێدی جێگای خۆی له ناو کۆمه‌ڵگا، فێرگه و زانستگا له ئاڵمان ده‌کاته‌وه و له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا جگه له ئاڵمان له ئیتالیا و فه‌ڕانسه‌وه خوێندکار بۆ ئاشنابوون له گه‌ڵ لێرنهاوس دێنه کۆڵن و پێنج تا شه‌ش هه‌فته لامان ده‌مێننه‌وه. ئه‌وه جگه له‌و خوێندکارانه‌ی زانستگا و فێرگه‌کانی شاری کۆڵن و شاره‌کانی تری ئه‌یاله‌ته‌کانه. مێدیا له‌م به‌ستێنه‌دا پاڵپشتی کاره‌کانمان بوون.
تیشک: له پێداگۆگی مۆدێرنیشدا ڕه‌نگه یه‌کێک له مژاره‌کان ئه‌وه بێ چۆن پرسیارمان هه‌بێ و به چ شێوازێک به شوێن وه‌ڵامدا بگه‌ڕێین. وه‌ک هایدیگه‌ر ئاماژه‌ی پێ داوه، ئه‌م گه‌ڕانه‌یه که هه‌قیقه‌ت وێنا ده‌کا. ئێوه چۆن بۆ ئه‌م باسه ده‌ڕوانن؟
وڵام: پرسیارکردن ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤه. کاتێک منداڵێکی سێ ساڵان له باخچه‌ی منداڵان ده‌گه‌ڕێته‌وه و له دایکی ده‌پرسێ: «من له کوێوه هاتووم؟» و دایکی وڵام ده‌داته‌وه. «تۆ له زگی مندابووی» و ئه‌و وڵامه منداڵ تێر ناکا و دیسان ده‌پرسێ: «نا، یه‌که‌م که‌س له کوێوه هاتووه؟». مانای ئه‌وه‌یه که پرسیارکردن، نیازه بۆ ده‌رخستنی حه‌قیقه‌ت، پرسیاری»من له کوێوه هاتووم» نیازه بۆ فێربوون، نیازه بۆ خۆناسین، نیازه بۆ بوون و، پێوه‌ندیی به‌وه‌وه نییه که پرسیارکه‌ر منداڵێکی سێ ساڵانه، یاخۆ فه‌یله‌سووفێکی حه‌فتا ساڵه.
ئه‌وه‌ی «چۆن پرسیارمان هه‌بێ؟» گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه بێ»چۆن ده‌گه‌ین به پرسیارکردن؟» گرێدراوی که‌سه‌که و ده‌وروبه‌ری و کۆمه‌ڵگا و فه‌رهه‌نگ و ڕه‌خساندنی بوار بۆ په‌یداکردنی که‌سایه‌تیی پرسیارکه‌ره. گه‌ر مه‌به‌ست فۆرم و مێتۆد بێ، که «چۆن پرسیار بکه‌ین؟» بۆ ئه‌وه وڵامم نییه و وڵامه‌که‌ش له پێوه‌ندی له گه‌ڵ منداڵ به پێویست نازانم. ئه‌وه‌ی «به چ شێوازێک به شوێن وڵامدا بگه‌ڕێین؟» لێره‌ش گه‌ر مه‌به‌ست ته‌کنیک و مێتۆد بێ، باسێکی بێ بڕانه‌وه ده‌هێنێته پێش و به‌کارهێنانی هه‌ر مێتۆدێک، وڵامی جیاواز ده‌داته‌وه. له بواری پێداگۆگی و شێوه‌ی هه‌ڵسوکه‌وت له گه‌ڵ منداڵ له مه‌دره‌سه‌کان، مێتۆدگه‌لی جیاواز بۆ ئارمانجی جیاوازی سیسته‌مه فکری، ئیدئۆلۆژیک، سیاسی و کۆمه‌لایه‌تییه‌کان به‌کارده‌هێندرێن.
به‌ڵێ هونه‌رێک به ناوی هونه‌ری پرسیارکردن له هه‌ر مرۆڤێکدا به‌دی ده‌کرێ و ڕه‌نگه مرۆڤ بتوانێ فێرببێ، به‌ڵام ئه‌وه مه‌سه‌له‌ی منداڵ نییه، منداڵ به پێی سروشت و ویست و خواستی خۆی پرسیار ده‌کات و له پرۆسه‌دا، ستایل و شێوه و فۆرمی خۆی په‌یدا ده‌کات که له تاقیکردنه‌وه‌ی خۆی و تێگه‌یشتنی خۆیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ.
ئه‌و منداڵه‌ی «پرسیاری له کوێوه هاتووم»ی له دایکی کردووه، به ئێمه ده‌سه‌لمێنێ که «پرسیارکردن» گرنگه، نه «چۆن پرسیارکردن». ئه‌ڵبه‌ت گه‌ر مه‌به‌ستی ئێوه «چۆن پرسیارمان هه‌بێ»، لایه‌نی پێداگۆگی و مێتۆدیک بێ، دیسان ده‌مانخاته ناو ئه‌و بازنه‌یه و دوورکه‌وتنه‌وه له سروشتی تاکه‌کان، که نابێته ڕه‌نگدانه‌وه‌ی تاک و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی و مرۆڤ ده‌خاته ناو گه‌مه‌یه‌که‌وه، که گه‌مه‌ی منداڵ نییه! گه‌ر ئه‌و منداڵه ئیمکانی پرسیارکردنی لێ وه‌رنه‌گێرێ، به‌ربه‌ست نه‌کرێ به هۆی فه‌رهه‌نگی، داب و نه‌ریت و ئایین و عه‌یبه و چی و چی، له پرۆسه‌ی فێربووندا، خۆی تێده‌گا و ده‌زانێ چۆن پرسیاره‌کانی بێنێته گۆڕێ. گرفت ئه‌وه‌یه که نه له ناو بنه‌ماڵه‌کان، نه له باخچه‌ی منداڵان هه‌تا دوا پله‌کانی زانستگا، ئه‌و ده‌رفه‌ت و ئیمکانه ئازاده به ته‌واوی نابیندرێ، که پرسیار بکه‌ن.
به‌شی دووهه‌می پرسیاره‌که»به چ شێوازێک به شوێن وڵامدا بگه‌ڕێین؟». گه‌ر منداڵ و لاو خۆی بتوانێ وڵامی پرسیاره‌کانی په‌یدا بکات، پێویستی به که‌سی به‌رانبه‌ر(دایک و باوک، موعه‌لیم و …) نامێنێ، هه‌ر وه‌ک چۆن ئێستا ئینترنێت ئیمکانی بۆ منداڵان و لاوان دابین کردووه، خۆیان وڵام بۆ پرسیاره‌کانیان په‌یدا بکه‌ن. ڕه‌نگه لێره بگوترێ، گه‌ر خۆی به بێ چاوه‌دێر(موعه‌لیم، دایک و باب و پێداگۆگ) له وڵام بگه‌ڕێ، ئه‌وه ڕه‌نگه به لاڕێدا بڕوا؟ ئه‌م شک و گومان و بێ باوه‌ڕییه، به‌رهه‌می «ڕاهێنان و په‌روه‌رده و پێداگۆگی» و کۆمه‌ڵگای سه‌قه‌ته. به‌رهه‌می بنه‌ماڵه و باخچه‌ی منداڵان و مه‌درسه و ئایین و فه‌رهه‌نگ و داب و نه‌ریت و کۆمه‌ڵگای ناساخه. گه‌ر له منداڵییه‌وه منداڵ ئیمکانی بۆ ڕه‌خسابێ و گرنگی به سه‌ربه‌خۆییی فکری، که‌سایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و پرۆسه‌ی فێربوون و خۆگرتنی که‌سایه‌تی درابێ، هێنده تێگه‌یشتوو و باوه‌ڕبه‌خۆی لێ ده‌ردێ، که بزانێ چۆن و له چ ڕێگایه‌که‌وه وڵامه‌کان په‌یدا بکات. گه‌ر وا نه‌بێ، هاوڕێیی کردنی منداڵ، سوودبه‌خش ده‌بێ. دوباره‌ی ده‌که‌مه‌وه هاوڕێیی کردن. له هاوڕێیی کردندا، دیالۆگ و گفتوگۆ هه‌یه و منداڵ به‌شدار ده‌بێ له گفتوگۆ و له ڕێگای دیالۆگه‌وه بۆچوونه‌کان ئاڵوگۆڕ ده‌کرێن.
باشترین و هۆمانیستیترین و سروشتیترین شێواز بۆ په‌یداکردنی وڵام، چوونه ناو پرۆسه‌ی گه‌ڕانه، که ئێوه له زمانی هایدیگه‌ره‌وه باستان کرد. گه‌ر مه‌به‌ستی هایدیگه‌ریش چوونه ناو ئه‌و پرۆسه‌یه بێ، که مرۆڤ تاقیکردنه‌وه‌ی خۆی په‌یدا بکات، ئه‌وه پڕبایخه! ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌یه ده‌توانێ ته‌نانه‌ت، وڵام په‌یداکردن بۆ مه‌سه‌له‌یه‌کی ماتماتیک بێ. که وایه پێداگۆگی جێی باسی ئێمه، گه‌ڕانه‌وه بۆ پێداگۆگی سروشتی و هۆمانیستییه. فه‌یله‌سووف و پێداگۆگه‌کان، بۆ بیرکردنه‌وه و پرسیارکردن و ڕێگا په‌یداکردن یارمه‌تیده‌ر هه‌ن، به‌ڵام جێگای مێشک و بیرکردنه‌وه و تاقیکردنه‌وه‌ی تاکه که‌سه‌کان ناگرنه‌وه. گه‌ر ئه‌وه ڕوو بدات، کۆمه‌ڵگا ڕووبه‌ڕووی ئه‌و گرفتانه ده‌بێته‌وه، که به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕووی بۆته‌وه.


