ئارامتر بخوێنەوە!
وتووێژ له‌گه‌ڵ هاوژین مه‌لا ئه‌مین
“هاوژین مەلا ئەمین (1973 زاینی)؛ مامۆستا لە بەشی كۆمەڵناسیی زانكۆی سلێمانی، پسپۆڕ لە فەلسەفەی ئیسلامی، دەستەی دامەزرێنەر و سكرتێری ماڵی سوهرەوەردی بۆ لێكۆڵینەوە لە ئایین و ئەفسانە و سۆفیزم. خاوەنی چەند كتێبە، لە بواری فەلسەفە و كەلامی ئیسلامی‌دا لەوانە: 1. تیوری حیكمەتی نەمر لە فەلسەفەی ئیسلامی‌دا، خوێندنەوەیەكی ڕەخنەیی (بە زمانی عەرەبی) 2. دەروازەیەك بۆ زانستی كەلام 3. فەلسەفەی ئیسلامیی كیندی و فارابی 4. فەلسەفەی ئیسلامیی فارابی 5. فەلسەفەی ئیسلامیی ئیبن ڕوشد 6. دەروازەیەك بۆ گنوسیزمی ئیسلامی كە بەرگی یەكەمی پڕۆژەی وەرگێڕان و ڕاڤەی تەواوی نامە و كتێبەكانی سوهرەوەردییە و وەرگێڕان و ڕاڤەی نامەی باڵندەی ئیبن سینا و ئاوازی باڵی جوبرەئیلی لەخۆگرتووە. هەروەها چەند كتێبێكی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی لەوانە: گوتاری فەلسەفیی مۆدێرنەی هابرماس، باسی میتۆدی دیكارت، دادپەروەری وەك ڕەوایی جۆن ڕۆڵز، دیالیكتیكی ڕۆشنگەریی هۆركهایمەر و ئەدۆرنۆ، ئیسلام و بنەماكانی فەرمانڕەایی عەلی عەبدولڕازق، مو‌سا و یەكتاپەرستی فرۆید. لە ساڵی (2007 ز)ـەوە لە بەشی كۆمەڵناسیی زانكۆی سلێمانی مامۆستایە و لە بەشەكانی فەلسەفەی زانكۆی سەلاحەدین و زانكۆی ڕاپەڕین مامۆستای وانەبێژ بووە، دەستەی دامەزرێنەری، بنكەی ئەدەبی و ڕوناكبیریی هەڵەبجە و كۆمەڵەی توێژینەوەی ڕۆشنگەری و سەرنووسەری گۆڤاری ڕوانگە و ڕەخنە بووە. هەروەها سەرنووسەر و خاوەنی ئیمتیازی گۆڤاری(دیدگا) و گۆڤاری ڕیفۆرم و پاشكۆ عەرەبییەكەی بووە بەناوی (الإصلاح).“
تیشک: له قۆناغی پاش جه‌ماڵه‌ددین ئه‌فغانی ئه‌و به‌ره‌یه له ئیسلام که ناوی خۆیان نا بزوتنه‌وه‌ی ڕابوونی ئیسلامی، وه‌رچه‌رخانی نه‌ته‌وه‌ییشان تێدابوو بۆ وێنه ڕه‌شید ڕه‌زا، لاینگری بیری شوڤێنیزمی عه‌ڕه‌بیش بوو. ئێستا لێره ئه‌و پرسیاره‌مان هه‌یه ئایا باوه‌ڕمه‌ندان به ئیسلامی سیاسی له کوردستان، ده‌توانن هه‌ڵگری باوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌ییش بن؟
وڵام: بێگومان په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی توندوتۆڵ هه‌یه له نێوان كلتوور به‌گشتی و ئایین و ناسنامه‌دا به تایبه‌ت، به تایبه‌ت گه‌ر له ڕوانگه‌ی سۆســــیۆلۆژیی و ئه‌نترۆپۆلۆژیای كه‌لتوورییه‌وه له ئایین بڕوانین. به‌هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه توندوتۆڵانه‌شه‌وه كه له نێوان ناسنامه و ڕوانین له خود و شوناسی ده‌سته‌جه‌معی و ناسیۆنالیزمدا هه‌یه، ده‌توانین كه له نێو فۆڕمه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ناسیۆنالیزمدا، ڕوون و ڕه‌وان و ڕیشه‌یی، بگره وه‌ك ڕه‌گه‌زێكی دامه‌زرێنه‌ر و پێكهێنه‌رێكی سه‌ره‌كی سه‌یری ئایین بكه‌ین. گه‌ر ناسیۆنالیزمێكی «سێکۆلار» له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا توانیبێتی خۆی بونیات بنێت، یان ئه‌گه‌ری بونیاتنانی هه‌بێت، گومان له‌وه‌دا نییه كه ئه‌م ئه‌گه‌ره به نێو پڕۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌ن و ڕیشه‌ییی چاكسازیی ئایینی و كلتوریدا تێپه‌ڕیوه و پێشتر پڕۆسه‌ی سێکۆلاریزه‌یشن له دڵی كلتوور و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا جێگه‌وتووه و جێگای خۆی خۆش كردووه و ئه‌مه‌یه كه ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی ڕه‌خساندووه.
چونكه ئایین، ڕه‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی پێكهاتنی كلتوور و خه‌یاڵ و نۆستالۆژیای ده‌سه‌جه‌می و زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری كۆد و هێما و میناك و میتافۆڕ و كاریزما و كاراكته‌ره كلتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و مێژووییه‌كانه و له نێو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووری و له نێو زمان و سایكۆلۆژیای ده‌سه‌جه‌میدا، جێگای هه‌ره دیاری خۆی هه‌یه، ناسیۆنالیزم و نه‌ته‌وه‌سازی، به‌بێ دیالیكتیكێكی قووڵ له گه‌ڵ ئایین و كلتوور و زمان به واتا فراوانه‌كه‌ی خۆی، ته‌واو ئه‌سته‌مه كه بتوانێت قودره‌تی ده‌ركه‌وتن و خۆ بونیاتنانی هه‌بێت. بێگومان ئه‌مه به پله‌ی یه‌كه‌م كاتێك كه باس له فۆرمێكی مه‌ده‌نی یان «سێکۆلار» له ناسیونالیزم ده‌كه‌ین؛ ئه‌گینا نموونه‌ی فۆرمه توند و هه‌ره تۆكمه و بنه‌ڕه‌تی و سـه‌راپاگیره‌كانی ناسیۆنالیزم زۆرن كه په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وانه‌یان له گه‌ڵ ئایین و سود وه‌رگرتنی ته‌واویان لێی، هیچ جێگای مشتوومڕ نین.
ئه‌م په‌یــــــوه‌ندییه‌ی ناسیۆنالیزم و ئایین له نێو ئایینه «ئیبراهــیمییه‌كان»دا په‌یوه‌ندییه‌كی زاڵ و كاریگه‌رتره، به تایبه‌ت له ئایینی یه‌هودی و ئایینی ئیسلامدا كه به واتا ئیتنی و كلتوورییه‌كه‌ی، وه‌ك ئاماژه‌مان پێ دا، به‌و پڕۆسه مێژووییانه‌ی ڕیفۆرم و سێکۆلاریزه‌یشندا وه‌ك پێویست پێنه‌په‌ڕیون و بۆ خۆیان له بنه‌ڕه‌تدا چیرۆك و حیكایه‌تی گه‌وره‌ی دامه‌زراندنیان، په‌یوه‌ندیی به ده‌سته‌بژێربوون و باوك و مێژوویه‌كی میسۆلۆژییه‌وه هه‌یه كه وه‌ك هه‌ویری شێلراو و ئاماده‌كراوی گوتارێكی ناسیۆنالیستی وایه كه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی زه‌حمه‌ته له ته‌نووره‌كه‌ی بنرێت.
به تایبه‌ت له ئایینی ئیسلام و له هه‌ر سێ نه‌ته‌وه‌ی عه‌ڕه‌ب، تورك و فارس‌دا، به پله‌ی جیاجیا، ئایین و مه‌زهه‌ب له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ناسیۆنالیزمدا، ڕۆڵێكی هێنده بونیاتنه‌ر و چاره‌نووسساز و خه‌یاڵساز و ئاینده‌ساز ده‌گێڕن كه ئیدی به هیچ شێوه‌یه‌ك فه‌رامۆش كردنیان، جێگای باوه‌ڕ و متمانه نییه. به‌بێ زێده‌ڕۆیی ده‌توانین بڵێین كه ئه‌م سێ نه‌ته‌وه و ناسیۆنالیزمه، به ته‌واوه‌تی ئیسلامیان بۆ خۆیان قۆڕخ كردووه و خاوه‌ندارێتی لێ ده‌كه‌ن. خاوه‌ندارێتیی فارسه‌كان له ئیسلامی شیعه‌گه‌را، ڕاستییه‌كی دیار و ئاشكرا و ڕوونتره و تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر خاوه‌ندارێتییه‌كی بێ ڕكابه‌رتره له‌وه‌ی كه له نێو ئیسلامی سوننه‌گه‌را و هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی عه‌ڕه‌ب و توركدا هه‌یه، په‌یوه‌ندیی مێژووییی ئایینی ئیسلام خۆی، به چه‌مكه‌كانی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌واییه‌وه، ئه‌م دۆخه‌ی ئاڵۆزتر كردووه.
به‌هــه‌ر حــــاڵ دوای هه‌ره‌سهێنان و گه‌نده‌ڵبوونی ته‌واوی خـه‌لافه‌تی عوسمانی، خاوه‌ندارێتیی توركه‌كان له ئیسلام و میراته سیاسی و فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی، بووه شوێنی گومان و بێ متمانه‌یی زۆر و بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه عه‌ڕه‌ب بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه جارێكی دی خاوه‌ندارێتی له ئیسلام بگه‌ڕێننه‌وه بۆ خۆیان و عه‌ڕه‌ب وه‌ك خاوه‌نه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ئیسلام، هه‌وڵی ئه‌وه بدات كه له به‌ر ئاوێنه‌كانی ئه‌م ئایینه‌دا جارێكی دی خۆی دابڕێژێته‌وه و لێره‌وه ئایین و ناسیۆنالیزمه‌كه‌ی خۆی وه‌ك مێژوو و وه‌ك نۆستالۆژیا و حیكایه‌تی گه‌وره و كلتوور، ئاوێته و ئاوێزانی یه‌كدی بكات.
ئێمه له بۆنه و نوسینی دیكه‌شدا ئاماژه‌مان به‌وه داوه كه چ په‌یوه‌ندییه‌كی توندوتۆڵ هه‌یه له نێوان حیكایه‌ته دامه‌زرێنه‌ره‌كانی ئیسلام و ده‌سه‌ڵاتخوازی و میراتی پیرۆز و خاوه‌ندارێتی له ئاییندا به‌واتا سیاسییه‌كه‌ی، كه ئه‌مانه دواجار ڕۆچوونه‌ته نێو واتا سیۆلۆژی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی موسوڵمان‌بوون خۆیه‌وه و به‌ستوویانه‌ته‌وه به هاوبه‌شیی سه‌ره‌كی و خاوه‌ندارێتیی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌وه له ئیسلام و به‌شداریی چالاك له میراتی خه‌لافه‌تدا. گومان له‌وه‌دا نییه كه هه‌ندێك ئه‌زموونی لابه‌لا، یاخود هه‌ندێك ده‌سه‌ڵاتدارێتیی «كوردی» ئیسلامخوازی وه‌ك پاشای كۆره و سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبیمان هه‌ن له مێژوودا، به‌ڵام دواجار ئه‌م نموونانه نه‌یانتوانیوه وه‌ك خاوه‌ندارێتی له ئیسلام، میلله‌تی كورد به هیچ جێگایه‌ك بگه‌یه‌نن. كورد لێره‌دا نموونه‌یه‌كی هێنده ناوازه و ده‌گمه‌نیش نییه و ئه‌مه بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی موسوڵمانیش جگه له‌و سێ نه‌ته‌وه‌یه هه‌ر ڕاست دێته‌وه و له شوێنی خۆیه‌تی. تایبه‌تمه‌ندی و جیاوازیی كورد لێره‌دا ڕه‌نگه قوڵتر و توندتر بێت كه به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه كه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م گه‌مه‌یه‌وه بمێنێته‌وه و شوناسی خۆی به شتێكی جیاواز له ئایینی ئیسلامه‌وه ببه‌ستێته‌وه. بێگومان هۆكاره‌كانی ئه‌مه زۆر و ئاڵۆزن و ئێره جێگای ئه‌و باسه نییه، به‌ڵام زۆر به ساده‌یی تا ئه‌و شوێنه‌ی كه په‌یوه‌ندیی به‌و سێ نه‌ته‌وه‌یه‌وه هه‌بێت، ئه‌وان موسوڵمان‌بوون ته‌نیا له په‌ڕاوێزی ئه‌و خاوه‌ندارێتییه‌ی خۆیان له ئاییندا ده‌بینن و بزوتنه‌وه ئیسلامییه سیاسییه كوردییه‌كان به ڕه‌هه‌نده «به‌ناو ئه‌نته‌رناسیۆناڵ و جیهانییه‌كه‌ی ئیسلام»، ده‌خه‌ڵه‌تێنن و له په‌راوێزی خۆیاندا دایان ده‌نێن و هه‌موو بانگه‌شه‌یه‌كی جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی له ئه‌وان به كوفر و بێباوه‌ڕی و پارچه‌كردنی دونیا و جیهانی ئیسلامه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه، هه‌ر بۆیه باوه‌ڕی من وایه كه چه‌ند شیاو و بگره پێویسته بۆ بزوتنه‌وه‌یه‌كی ئیسلامیی عه‌ڕه‌بی یان توركی یان فارسی كه ئیسلامی بێت و چه‌ند ئه‌وان ده‌توانن كه سود له‌و میراته وه‌ربگرن بۆ پێكهێنانی ناسیۆنالیستی و نه‌ته‌وه‌سازی، ئه‌وه‌نده‌ش بۆ بزوتنه‌وه‌یه‌كی كوردی ئه‌مه ئه‌سته‌مه و ڕێگای تێناچێت و خۆبه‌سته‌نه‌وه به مه‌زهه‌بی شافیعی، یان جیاوازییه‌وه له گه‌ڵ ئیسلامی سوننه و ئیسلامی شیعه به‌وه‌ی كه ئێمه خۆمان ببه‌ستینه‌وه به ڕێڕه‌وی شافعی و ئه‌شعه‌رییه‌وه و به‌مه خۆمان جیابكه‌ینه‌وه، ئه‌مه له‌م ڕاستایه‌دا هیچ سوود و به‌ها و بایه‌خێكی نییه. هه‌روه‌ها خۆبه‌ستنه‌وه به تێگه‌یشتنێكی میللیی كوردییه‌وه له ئیسلام بێگومان ئه‌مه‌ش هیچ توانای ئه‌وه‌ی نییه كه ئه‌و ڕۆڵه ببینێت، هه‌ر بۆیه من ڕام وایه كه نه‌خێر، ئیسلامی سیاسی له كوردستان نه‌یتوانیــــوه و ناشتوانێت هه‌ڵگـــری دیسكۆرسێك و پرۆژه‌یه‌كی ناسیـۆنالیستی بێت و مه‌حكوومه به‌وه‌ی كه له په‌ڕاوێزی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی دیكه و پڕۆژه ئیمپریالیستییه‌كانیاندا بمێنێته‌وه و بۆ ئه‌مه‌ش له مێژووی نوێ و هاوچه‌رخی ئه‌م بزوتنه‌وانه‌دا نموونه‌ی زۆر و زه‌به‌نده‌مان هه‌ن چ له ڕۆژهه‌ڵات و چ له باكور و چ له باشوور به تایبه‌ت.
تیشک: ژێئۆپۆلێتیکی کوردستان له سێ ڕووه‌وه گرینگه: یه‌که‌م له مێژوودا سێ دینی زه‌رده‌شتی، کریستان و ئیسلام پێک ده‌گه‌ن. دووهه‌م: له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راستدا کوردستان ته‌نیا ناوچه‌یه‌که که ئاوی شیرینی هه‌یه سێهه‌م: کوردستان ناوچه‌یه که له‌ڕووی ته‌ناهییه‌وه گرینگیی بۆ چوار وڵاتی گه‌وره‌ی ناوچه هه‌یه. په‌یوه‌ندیی ئیسلامی سیاسی له کوردستان له‌گه‌ڵ ژێئۆپۆلێتیکی کوردستان چۆن لێکده‌ده‌نه‌وه؟ کاریگه‌ریی بزووتنه‌وه ئیسلامییه‌کان له‌سه‌ر ڕه‌وتی ئیسلامی سیاسی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چۆن ده‌بیین؟
وڵام: بێگومان گه‌ر گرنگی جیۆپۆله‌تیكی و جیۆستراتیژیی كوردستانی گه‌وره لێكبده‌ینه‌وه، له په‌یوه‌ندیدا به‌م بابه‌ته‌وه ده‌توانین ئه‌مه وه‌ك هۆكارێكی دیكه‌ی ده‌سـبه‌ردارنه‌بوونی كوردستان و دواجار ده‌سبه‌ردار نه‌بوونـــــی بزووتنـــــه‌وه سیاسییه‌كانیشی له لایه‌ن ئه‌و نه‌ته‌وه سه‌رده‌ستانه‌وه ببینین، پرسه‌كه به بڕوای من هه‌ر ته‌نها پاشــــكۆیه‌تیی كلتووری و كاریگه‌ربوون به ده‌ورووبه‌ر نییه، ته‌نانه‌ت له په‌یوه‌ندیدا به هـــــه‌ڵگرتنه‌وه‌ی هـــه‌ندێ بیروباوه‌ڕی دیكه و ئایدیۆلۆژیای دیكه‌شه‌وه ئه‌مه هه‌ر ڕاسته.
هه‌موو بزوتنه‌وه سیاسییه توركی و عه‌ڕه‌بی و فارسییه‌كان، له هه‌وڵی له‌خۆگرتنی بزوتنه‌وه سیاسییه كوردییه‌كان و دانانیان له پاشكۆی خۆیاندا بوون و زۆر جار بۆ ئه‌مه یان په‌نایان بۆ درۆی گه‌وره‌ی یه‌ك نه‌ته‌وه‌بوون بردووه، په‌نایان بۆ ئه‌وه بردووه كه كورد توركی شاخ یان عه‌ڕه‌ب یان عه‌جه‌م و ئێرانین، یان په‌نایان بۆ خه‌ڵه‌تاندنی سیاسی له شێوه‌ی مافی كلتووری و هه‌ندێ مافی دیكه بردووه و به‌مه ویستوویانه كه كورد و هێز و توانای بوونی به‌دوای خۆیاندا په‌لكێش بكه‌ن. به‌شێكی زۆری ئه‌م گه‌مه‌یه‌ش هه‌میشه یه‌ك له ناونیشانه‌كانی یان كۆمۆنیزم یان ئیسلامیزم بووه. واته فۆرمێكی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ری ئینته‌رناسیۆنالیزم و پانگه‌رایی به بێ ئه‌وه‌ی كه كورد له چه‌قی هیچكام له‌و بزوتنه‌وه و هێزانه‌دا دبێت.
ئیسلامی سیاسی له كوردستان به گشتی و له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش به تایبه‌ت له‌م كاریگه‌ری و به‌ركاربوون و هه‌وڵی په‌یوه‌ستكردنه‌وه‌یه به‌ده‌ر نه‌بووه، هه‌ر بۆیه ده‌بینین كه ڕه‌وتی ئیسلامگه‌رای ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به شێوه‌یه‌کی گشتی، یان گرێدراوی ئیخوانی جیهانی و ئه‌ردۆغانیزمه، یان گرێدراوی سه‌له‌فیزم و فۆرمه پاشكۆكانی دیكــــه‌ی ئیسلامگه‌راییی توندڕه‌وه. هه‌موو ئیسلامییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كـــــوردستان، په‌راوێزی یه‌ك له‌و كه‌ڵكه‌ڵه و بزوتنه‌وه و هێزه داگیركه‌رانه‌ی كوردستانن یان، گرێدراوی هه‌ندێ هێز و ده‌سه‌ڵات و باوه‌ڕی سیاسی و ئایینیی دیكه‌ن وه‌ك سه‌له‌فیزمی سعودی كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به نه‌ریت و كلتوور و مێژوو و بوونی مرۆڤی كورده‌وه نییه و لانیكه‌م ڕۆڵی له‌خۆ نامۆكردنی كلتووریی ده‌بینێت.
جیۆپۆله‌تیكی هه‌ستیاری كوردستان بۆته مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه داگیركه‌رانی ئه‌م نیشتمانه هه‌رگیز ده‌سبه‌رداری ئه‌وه نه‌بن كه به‌ناوی ئایینه‌وه كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كورد و كوردستان له پاشكۆی خۆیاندا بهێڵنه‌وه.
تیشک: بزوتنـــــه‌وه‌ی ئیسلامیی کوردستان وه‌ک ڕێکخراوه‌یه‌کی گه‌وره و سه‌ره‌تاییه له بواری ئیسلامی سیاسی. کارتێکه‌ریی ئه‌و ڕێکخراوایه له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات چۆن ده‌بینن؟
وڵام: بێگومان ئیسلامی سیاسی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له ژێر كاریگه‌ریی ئیسلامی سیاسییدایه له پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، به تایبه‌ت له ژێركاریگه‌ریی هێڵی ئیخوانی و ئه‌ردۆغانی و له ژێر كاریگه‌ریی هێڵێ سه‌له‌فی جیهادیی و مه‌دخه‌لیدایه، ئه‌م كاریگه‌ربوونه بڕێك ڕووداوه‌كانی ده‌هه‌ی نه‌وه‌ده‌كان كاریگه‌ریی له سه‌ری هه‌یه، به‌جۆرێك له جۆره‌كان، بزوتنه‌وه سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ریی ڕه‌وت و بزووتنه‌وه سیاسییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه و به تایبه‌ت باشور و باكووری كوردستانه‌وه.
بزوتنه‌وه سیاسـییه‌كانی ڕۆژهــــه‌ڵات، چ ئیســلامی و چ ســــــۆسیالیستی و چ ناسیۆنالیستییه‌كانیان، ده‌شـیا ئه‌گـــه‌ر گۆڕانكارییه‌كانی دوای هاتنی كۆماری ئیسلامی ئێران به جۆرێكی دیكه بكه‌وتایه‌ته‌وه، له دوای قازی موحه‌ممه‌د و كۆماری مهاباده‌وه ئیدی ئه‌وان ڕێبه‌ر و پێشه‌نگ بوونایه و پارچه‌كانی دیكه بكه‌وتنایه‌ته ژێر كاریگه‌ریی ڕۆژهه‌ڵات به‌ڵام هه‌لومه‌رجه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك كه‌وتنه‌وه و به تایبه‌ت به‌هۆی جه‌نگی ئێران عێراق و زۆر ڕووداو و هۆكاری دیكه‌وه، به‌جۆرێك كه‌وتنه‌وه كه بزوتنه‌وه سیاسییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له گه‌ڵ گرنگیی مێژوویی و هێزی تایبه‌تیی خۆیاندا پاشكه‌وتن و سستی و په‌راوێزكه‌وتن به‌خۆیانه‌وه ببینن. بێگومان ئه‌مه‌ش هۆكاری زۆری هه‌یه و خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌ت و تێگه‌یشتنی زیاتری پێویسته له‌وه‌ی كه ئێستا لێره‌دا ئێمه ده‌توانین بیخه‌ینه ڕوو.
تیشک: په‌یوه‌ندیی ئیسلامیی سیاسی و تێرۆریزم چۆن ده‌بیین؟
وڵام: ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی ئیسلامی به واتا گشتی و فراوانه‌كه‌ی دوو دیوی یه‌ك پاره‌ن، بێگومان ئه‌مه په‌یوه‌ندییه‌كی زۆری به ڕیفۆرم نه‌كردن و ئه‌وجا سروشتی تایبه‌تی ئیسلامی سیاسی خۆیه‌وه هه‌یه كه ئێمه له زۆر بۆنه‌ی دیكه‌دا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ڕاوه‌ستاوین. ئیسلامی سیاسی پرۆژه‌ی به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یاندنی بیروباوه‌ڕ و تێگه‌یشتنێكی ئایینیی دیاریكراوه كه له هه‌ر به‌رگێكدا بێت گومان له‌وه‌دا نییه كه ئه‌م پرۆژه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه مێژوو و نموونه‌كان شاهیدن و سه‌لماندوویانه، به توندوتیژی و سه‌پاندن و تیرۆر كۆتایی پێ دێت.
تیشک: ڕه‌وته‌کانی ئیسلامی سیاسی له نێو ئایینزای شیعه چۆن تاوتوێ ده‌که‌ن؟
وڵام: ئایینزای شیعه‌گه‌ری خۆی ئایینزایه‌كی ئاوێزانتره به سیاسه‌ت و ده‌سته و تاقمگه‌راییی سیاسی و به سروشتی خۆی ئاماده‌یی زیاتر تێدایه بۆ ئه‌وه‌ی كه ئاوێته به سیاسه‌ت و توندوتیژیی سیاسیش ببێت، له به‌ر ئه‌و ڕابردووه حه‌ماسه‌ت ئامێز و هه‌سته‌قووڵه‌ی كه بۆ قوربانی بوون و مه‌زڵومییه‌ت هه‌یه‌تی، ئه‌گه‌ره‌كانی پیرۆزكردنی توندوتیژی له نێو ئه‌م ڕه‌وته‌دا، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ره‌كانی ئاوێته‌بوون به تیرۆریزم گه‌ر زیاتر نه‌بن، هیچ كه‌متر نین له‌وه‌ی كه له نێو گرووپه سه‌له‌فییه جیهادییه‌كاندا هه‌یه، به‌ڵكو پێچه‌وانه به‌وه‌ی كه له ڕووی سیۆلۆژییه‌وه چاوه‌ڕوانده‌كرێت، ئێمه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا لێك نزیكبوونه‌وه‌ی سه‌له‌فیزمی جیهادی و شیعه‌گه‌ریی سیاسیمان له فه‌له‌ستین و ئه‌فغانستان و كوردستانیش، به‌چاوی خۆمان بینی.
تیشک: جیهانبینیی ئیسلامی سیاسی و شێوازی هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ ئایینه کوردییه‌کان (وه‌کوو ئایینی یاری، ئیزدی، شه‌به‌ک و عه‌له‌وی) هه‌تا چه‌نده به پێی مافی ئایینی و مافی مرۆڤه؟
وڵام: ببورن كه ناچاربم خراپ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌تان بده‌مه‌وه یان بڵێم كه ئه‌م پرسیاره‌تان شایسته‌ی وه‌ڵامدانه‌وه نییه، یان هه‌ڵگری دژیه‌كییه‌كی ناوه‌كییه، چ له نێو جیهانبینی و چ له نێو هه‌ڵسوكه‌وتی ئیسلامی سیاسی‌دا، فره‌یی و جیاوازی، به تایبه‌ت فره‌یی و جیاوازیی ئایینی جێگایان نابێته‌وه. له دیدی ئه‌وانه‌وه، به تایبه‌ت ئایینه كوردییه‌كان زیاتر له‌وه‌ی ئایین بن هه‌رته‌قه و بیدعه و پاشگه‌زبوونه‌وه و مورته‌ددین، ئه‌وان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ددان به ئایینه كوردییه‌كانی وه‌ك ئێزدی و یاری و عه‌له‌ویدا نانێن و به پاشگه‌زبووه‌وه له ئیسلام له قه‌ڵه‌میان ده‌ده‌ن و هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵیان شتێكی بیر لێ نه‌كراوه‌یه، یه‌هودی و مه‌سیحی له دیدی ئیسلامی سیاسییه‌وه، زیاتر شایه‌نی قبوڵكردن و په‌سه‌ندكردنن. له دیدی ئه‌وانه‌وه، ئایینه‌كوردییه‌كان لادان و پاشگه‌زبوونه‌وه‌ن له ئیسلام، مێژووی نوێ و هاوچه‌رخیش باشترین به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌م قسه‌یه‌ی ئێمه و مامه‌ڵه‌ی داعش له گه‌ڵ ئێزدییه‌كان نموونه‌یه‌كی هه‌ره دیاری ئه‌م ڕوانگه و تێڕوانینه‌یه.
تیشک: ئایا ده‌کرێت مه‌کته‌بی قورئان وه‌ک خوێندنه‌وه‌یه‌کی کوردی له ئیسلام سه‌یری بکه‌ین؟
وڵام: بێگومان نه‌خێر، ڕاسته ڕێبه‌ر و سه‌رانی مه‌كته‌بی قورئان كوردی ڕۆژهه‌ڵاتن، به‌ڵام مه‌به‌ستمان چییه له خوێندنه‌وه‌یه‌كی كوردی له ئیسلام؟ گه‌ر ته‌نها ئه‌و واتایه‌ی سه‌ره‌وه به جێبهێڵین بێگومان خوێندنه‌وه‌ی مه‌كته‌ب قورئان و ڕێبه‌رانی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به پرس و كێشه‌ی كورد و كوردایه‌تییه‌وه نییه. له گه‌ڵ ڕێزم بۆ ڕێبه‌رانی ئه‌م ڕه‌وته ئیسلامییه، به‌ڵام میلله‌تی كورد به تایبه‌ت له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌بێت وریای ئه‌وه بێت كه پاشكۆیه‌تیی بزوتنه‌وه ئیسلامییه‌كانی كوردستان ته‌نها هه‌ڵقوڵاوی وابه‌سته‌ییی ئه‌وان نییه. تێگه‌یشتنی ئه‌وان له ئیسلام خۆی خودی كێشه‌كه‌یه و ته‌نها به‌شێك له‌م پرسه په‌یوه‌ندیی به ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌وه هه‌یه، كێشه‌ی میلله‌تی كورد، چۆن كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ست و داگیركراه، ئاواش كێشه‌ی ئازادی مرۆڤ و دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی و مافی ژن و ئازادییه مه‌ده‌نییه‌كان و دیموكراسی و كێشه‌ی بونیاتنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و دیموكراسییه، كێشه‌یه‌كی مێژوویی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتووریی فره ڕه‌هه‌نده كه ئیسلامییه‌كان له په‌یوه‌ندیدا به تێگه‌یشتن و چاره‌سه‌رییه‌وه خاوه‌نی هیچ ڕوانگه‌یه‌كی ئازادی و ڕه‌هایی به‌خش نین، خوێندنه‌وه‌ی مه‌كته‌ب قورئان له ئیسلام هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به كورد و كێشه شارستانی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوورییه‌كانییه‌وه نییه، بگره تێگه‌یشتنێكه خۆی له خراپ حاڵیبوونێكی گه‌وره‌وه له كێشه‌ی كورد و له كورتكردنه‌وه‌یدا بۆ كێشه‌یه‌كی سیاسی و بگره كێشه‌یه‌كی مه‌زهه‌بی به واتا تایبه‌ته‌كه‌ی ده‌ستپێده‌كات.
تیشک: داهاتووی ئیسلامیی سیاسی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چۆن ده‌بینن؟
وڵام: ئیسلامی سیاسی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌شێت سه‌رچاوه‌ی نیگه‌رانی و مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ململانێی ناوخۆیی بێت، ده‌شێت ئه‌و خه‌نجه‌ره بێت كه له پشته‌وه له بزوتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی ده‌درێت و هیچ دوور نییه كه دۆخێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی كه له باشوور هه‌یه ئێستا، له‌وێش دووباره بێته‌وه.
تیشک: پێت وایه ده‌بێت په‌یوه‌ندیی حیزبه سێکۆلاره‌کان له‌گه‌ڵ حیزبه ئیسلامییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چۆن بێت؟
وڵام: به بڕوای من زه‌مینه‌ی سێکۆلاریزم له ڕۆژهه‌ڵات، به هۆی ئه‌زموونی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه زه‌مینه‌یه‌كی زۆر له‌باره، حیزب و بزووتنه‌وه سێکۆلاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌بێت ئه‌م ده‌رفه‌ته له به‌رچاوبگرن و له‌و زه‌مینه كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوورییه سودببینن، به‌بڕوای من سازشكردن له گه‌ڵ ئیسلامی سیاسی، له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌شێت كێشه‌ی گه‌وره بۆ ئاینده‌ی بزوتنه‌وه‌ی كوردستانی له ڕۆژهه‌ڵات دروست بكات، بێگومان پشتبه‌ستن به ڕه‌وایه‌تیی شۆڕشگێڕانه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له باشور بینسمان، یاخود گره‌وكردن له سه‌ر هه‌ست و سۆزی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵك، هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ن. ئه‌وه‌ی كه پێویسته بكرێت سه‌رڕێگا خستنی ئه‌زموون و هه‌لومه‌رجێكی مه‌ده‌نیی و دیموكراسی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌وتۆیه كه ئیسلامی سیاسی تێیدا خۆبه‌خۆ بپوكێته‌وه و بتوێته‌وه، نه‌ك ئه‌وه‌ی كه شه‌ڕی له‌گه‌ڵ بكرێت یان سازش، كه هه‌ردوكیان هه‌ڵه‌ی ستراتیژین و ئێمه له باشوری كوردستان تا ئێستاش له نێو ئه‌و هه‌ڵانه‌دا ده‌ژین.
تیشک: رۆڵی کۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر بیری ئیسلامیی سیاسی چۆن تاوتوێ ده‌که‌ن؟
وڵام: كۆماری ئیسلامی، یان ڕاستتر بڵێم «شۆڕشی ئیسلامیی ئێران»، كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌بوو له سه‌ر ئه‌زموونی ئیسلامی سیاسی له هه‌موو جیهاندا، كاریگه‌ریی ئه‌م ئه‌زموونه سنووره بینراوه‌كان و سنووره ڕاسته‌وخۆكانی خۆی تێده‌په‌ڕێنێت. هه‌روه‌ها سنووره‌كانی جیاوازیی ئاینزایی تێده‌په‌ڕێنێت و هه‌ندێك جار ئیلهامبه‌خشی دابه‌شكردنه‌وه‌ی جیهانی ئیسلامییه به‌سه‌ر ئه‌رسۆدۆكسیه‌تی شیعه‌گه‌را و ئه‌رسۆدۆكسیه‌تی سوننه‌گه‌رادا، ئیلهامبه‌خشی له‌ناوبردنی هه‌موو جیاوازییه‌كانه له نێو ئه‌م دوو ئاشه مه‌زنه‌ی تێگه‌یشتندا له ئیسلام. كۆماری ئیسلامیی ئێران، توانی نموونه‌ی درێژخایه‌ن و پڕ هه‌ژموونترین ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی سیاسیی نه‌یار به خۆراوا و ئیسرائیل، له مێژووی هاوچه‌رخدا پێشكه‌ش بكات، هه‌روه‌ها توانی نموونه‌یه‌كی كرده‌كیی جێبه‌جێكردن و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتێكی ئیسلامی سیاسی بخاته‌ڕوو، توانی نموونه‌یه‌كی مه‌رجه‌عییه‌تی ئایینی و سیاسی بۆ ئاینزای شیعه له جیهاندا پێشكه‌ش بكات كه ئه‌مانه بۆ ئیسلامی سیاسی سه‌رباری هه‌ر ڕه‌هه‌ندێكی تایفه‌گه‌رانه‌ی خۆی، به شێوه‌یه‌كی گشتی ته‌واو ئیلهامبه‌خش و كاریگه‌ر بوون و به بڕوای ئێمه كه‌وتنیشی به هه‌مان شێوه پڕ كاریگه‌ری و درێژخایه‌ن ده‌بێت.


