ئارامتر بخوێنەوە!

 

وتووێژ لهگهڵ مەلا سەید حەسەن واژی

محەممەد حەسەن ناسراو بە مەلا سەید حەسەن واژی کوڕی حاجی مامۆستا مەلا سەید نوورەدین واژی پەسوێ. شوێنی لە دایک بوون: پەسوێی پیرانشار لە پارێزگای ورمێ، بەرواری لە دایک بوون ١/٧/١٣٥٢، خوێندەواری: قۆناغی ناوەندیی قوتابخانەی دەوڵەتی، ١٣ ساڵ خوێندن لە حوجرە و ناوەندە ئایینییەکان، بەڵگەنامەی سەتحی ٣ی حەوزە بەرانبەر بە لیسانس، لە ساڵی ١٣٧٧ بووە بە مەلا لە ئاواییی پەسوێ بۆ ماوەی ١١ ساڵ، ٤ ساڵ لە ئاواییی شنۆزەنگی پیرانشار و ٧ ساڵ لە مزگەوتی عەشەرە موبەششەرەی پیرانشار وتاربێژی ئایینی بووە. بڕوانامەی زانستە ئایینییەکانی لە خزمەت باوکی وەرگرتووە. پاش زیاتر لە ٢٥ ساڵ چالاکیی نیشتمانی لە ناوخۆ، لە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ١3٩٧ ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە جێ هیشتووە. کار و چالاکی: توێژینەوەی هزری و مەیدانی لە چەند تەوەردا، نووسینی چەندین بابەت و بەڕێوەبردنی دەیان کۆنفڕانس و بەشداری کردن لە کۆمەڵێک سمینار و کۆبوونەوەی گەورە.

 

تیشک: سپاس مامۆستا بۆ ئەوەی، لەپێوەندی لەگەڵ باسێکی هەستیار کە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئیسلامی سیاسی  دەناسرێتەوە، کاتت بۆمان تەرخان کرد. وەکوو یەکەم پرسیار، تکایە پێناسەیەکمان لە ئایین و دەسەڵاتی ئایینی بدەنێ؟

وڵام: بە نێوی خوا، سەرەتا ماندوونەبوونی و دەسخۆشیتان لێ دەکەم.

کردنەوەی باسێک لەسەر ئایین و دەسەڵاتی ئایینی و بزاڤ وجەریانات و ڕێکخراوە ئایینییەکان ولێک کردنەوەی چەمکەکانی ئیسلامی سیاسی، دەوڵەتی ئیسلامی وحکومەتی ئیسلامی، هەڵگری باسێکی چڕ و پڕە. ئەو بابەتە لێوردبوونەوەی تایبەتی پێویستە وئەگەر ئاوڕێکی زانستییانە و وردی لێ نەدرێتەوە، ڕەنگە ناشییانە لێدوانی، غەدر بێ لە خۆی مژارەکە و بەردەنگ و لە کۆتادا خەسار و لێکەوتەکانی زێدەتر بن لە بەرهەمەکانی. کەواتە وەک پرسیارەکەت فەرموو پێداویستی لەپێشینەی ئەو مژارە ناسینی ئایین ودەسەڵاتی ئایینییە، و ئەسڵەن ئایین ڕۆڵی چییە؟ و کەڵکی بۆ مرۆڤایەتی چییە؟ کەڵکی بۆ تاک چییە؟ ئایینی ئیسلام لە درێژەی ئایینە مێتافیزیکییەکاندایە، بەشەر لە سەرەتای مێژووی ناسراویەوە و لەو کاتەوە کە بەسەرهاتی ژیانی وەک خۆی لە لەوحە و پەرتووکەکاندا نووسراوە، بۆژیانی خۆی و بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی ڕۆژانەی، بۆ هەبوونی کۆمەڵگایەکی ڕێکوپێک، ناچار بووە شتێک پێڕەو بکات وەکوو یاسا، شتێک پێڕەو بکات وەکوو نەرێت و عورف و عادەت، کە ژیانەکەی بە جۆرێک بێت کە خۆی تێدا ببینێتەوە؛ تێیدا بحەوێتەوە، تێیدا بحەسێتەوە. هەیە بۆخۆی یاسایەکی ڕێکخستووە وەکوو ئەو مەکتەب یا ڕەوتانەی کە ئینسانی بوونە یا بە ئەدەبیاتی ئەوڕۆ هۆمانیستی، ماتریالیستی، پۆزێتیڤیستی، ئەگزیستانسیالیستی و بەهەر نێوێک کەهەیە، ـ باشەڕی وشە و دەستەواژەنەکەین ـ گرینگ ئەوەیە بەشەر بۆ ژیانێکی ئارام و خۆش، پێویستی بەیاسا هەیە، پێویستی بە دیسیپلین هەیە، پێویستی بە تەعریف کردن و ڕێکخستنی بایەخەکان هەیە، نیازی بە تەعریف کردنی مافەکان هەیە، نیازی بەپێناسەیەکی ورد لە ئەرکەکان هەیە و ئەگەر ئەرکەکانیان بەڕێوەببەن و داکۆکی لە مافەکانیان بکەن، بە پێی عادەت ئەو کۆمەڵگایە، کۆمەڵگایەکی بەختەوەرە. ناڵێین تەواو و بێ کەم وکۆڕییە، بەڵام کۆمەڵگایەکی زیندوو و لەسەر سکەیە، کۆمەڵگایەکە کە بەپێی ئەو توانا زانستییانە بەڕێوەدەچێ.

ئایینی ئیسلام یەکێکە لە ڕێکارەکان بۆبەختەوەریی مرۆڤ چ بە تاک، چ بەکۆمەڵ. ئەو یاسا و ڕێسایانەی هەن بەشێکیان سەرچاوە وباکگراوندەکەیان، باکگراوندی تەواو بەشەرییە. یانی لە ئەساسدا داڕشتنەکەی داڕشتنێکی بەشەرییە و بەشەر بۆ خۆشی و بەختەوەریی خۆی و کۆمەڵگای، بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی، بۆ ژینگە پاراستن و بۆ هەموو پێداویستییەکانی، تێفکریوە ڕێیەک بدۆزیتەوە کە ئینسان بگەیەنێ بە کەنارەیەکی ئارام و ژیانێکی سەرکەوتوو. ئەو خەڵکانەی کە باوڕیان بە مێتافیزیک و دەسەڵاتێک هەیە لەسەرەوەی دەسەڵاتەکانی دیکە، -کە هەمووشیان ئەو زاتە بەنێوی ئەڵڵا ناناسن- ئەوانیش هەوڵیان داوە لەوفیکر و هزرەڕا کە هەیانە یاسا و ڕێسا و بنەمایەک وەربگرن کە خزمەت بە خۆیان و هاوبیرەکانیان و کۆمەڵگای بەشەری بکات.

کەواتە ئەگەر لەو گۆشە نیگایەوە چاوی لێ بکەین، ئیسلام لە پۆلێنبەندییەکدا کە دەکرێ، لەبەشی یاسا و ڕێسا ئاسمانی و مێتافیزیکییەکانە، کە بێ گومان هاتووە بۆ بەختەوەر کردنی بەشەر. کە قسە لە بەختەوەریی ئینسان دەکرێ، تەنیا قسە لە مرۆڤ نییە، بەڵکوو قسە لە ژینگە و ئێکۆسیستەمێکە کە تێیدادەژی، پێویستە ئەرک و مافی خۆی تەعریف بکات، مافی ژینگە و ئاژەڵان پێناسە بکات و هەروەها تەواوی ئەو شتانەی کە خزمەت دەکەن بەوەی کە کۆمەڵگا کۆمەڵگایەکی بەختەوەر بێ بە هەموو ڕەهەند و لایەنەکانەوە. کەواتە ئایینی ئیسلام، لە درێژەی ئایینە میتافیزیکییەکاندایە، تەعریفی ئینسانە باوەڕدارەکانە لە ئەرک و ماف. تەعریفی نیزامێکی مەعریفەتی و بایەخەکان دەکات بەو پێوەرەمێتافیزیکییانە کە دەیانناسێ. کەواتە ئیسلام بۆ خزمەتە بە بەشەر، بە ژینگە، بە بەختەوەری. خەڵک ناگرێتە خزمەت، بەڵکوو بۆخۆی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات. ئەوکەسانەی باوەڕمەندن بە بیرێکی مێتافیزیکی و خودایی، نابێ وا بیربکەنەوە کە بەشەر دەبێ خزمەتی خوا بکات، چوونکە خوا پێویستی بە خزمەتی بەشەر نییە. ئەوە زەعف و لاوازییە بۆ ساحەتی خودایی کە بەشەر خزمەتی خودا بکا. لەو ڕوانگەیەوە تەنانەت بەندایەتیکردن، خزمەتە بەخۆت بۆ خاوێن کردنەوەی جەستە یان دەروونت تا لە کۆتاییدا بتوانی وەکووتاکێکی سالم، خزمەت بە کۆمەڵگا بکەیت. هەڵبەت ئەوە مانای ئەوە نییە کە ئێمە بڵێین ئەو خزمەتگوزارییە لەسەر خوای واجبە، بەڵام لە ئاکامدا ئەوەی خوا ئەمری پێ دەکا، هەر لە بەرژەوەندیی بەشەرە. کەواتە لە یەک پێناسەدا ئایینی ئیسلام بریتییە لە کۆمەڵێک یاسا کە چوارچێوەیەک و کۆمەڵە بایەخێک دەناسێنێ و بەپێی وی ئەرک و مافەکان تەعریف دەکات و لە ئاکامدا، مرۆڤێکی سالم و ڕێکوپێک پەروەردە دەکات کە پێش هەموو کەس خزمەت بەخۆی، بە بنەماڵەی خۆی و خزمەت بەکۆمەڵگا بکات، بۆ بەختەوەریی کۆمەڵگا و خزمەتی ئایین بە مرۆڤایەتی.

تیشک: ئیستا پرسیارێکی دیکە، هۆکاری دروست بوونی ئەو ڕەوتە جیاوازانە چییە لە خودی ئاییندا، لەکاتێکدا وەکوو دەق، دەقێکی تاک و دیاریکراو هەیە؟

وڵام: بۆ ئەو پرسیارە دەبێ بە دوو شێوە وڵامتان بدەمەوە؛ وڵامێک بە زمانێکی سادە بۆ لێ تێگەیشتنێکی گشتی و وڵامێکی پسپۆڕانە بۆ ئەو کەسانە کە ئاگاداری زیاتریان لەسەر بابەتە هزرییەکان هەیە. ئەوەی وەک ئایین، وەکوو دەقی پیرۆزهەیە بۆخۆی قسەناکات. چونکە باسی ئێمە ئایینی ئیسلامە، من نامەوێ لەسەر ئایین و ئایینزاکانی دیکە بەگشتی قسە بکەم. دەقی پیرۆزی ئیسلام قورئان و سوننەتە. تەنانەت سوننەتیش بەو ئامانجە کە وەکوو دەقی پیرۆز سەیری بکرێ، پاڵێوراوە. زۆر شتی ناڕاست کە بە ئامانجی جیاواز دراونەتە پاڵ نێردراوی خوا، بژار کراون و بەشێک لە فەرموودەکانیش کە حەزرەت دروودی خوای لەسەر بێ، نەک بە سیفەتی نێردراو، بەڵکوو بۆ وێنە بە سیفەتی ئەمیر فەرموویەتی، کاتینە. قوڕئان و ئەو بەشە لە سوننەت کە وەکوو سەرچاوە دەمێنیتەوە، کەمتر قسە لە خاڵەوردەکان و واتا پاژەکییەکان دەکەن. بەڵکوو دەتوانین بڵێین زۆرینەی کات و بەتایبەت قورئان، هێڵەگشتییەکان دەخەنە بەر باس و ئیتر لە ڕەهەندەکانی دیکەدا ئازادیی داوە بە مرۆڤ، بەو مەرجە کە هێڵە سوورەکان بپارێزێ. مادام دەڵێین ئایین لە خزمەتی مرۆڤدایە، ئەگەر بێنی بەشەر کۆنکرێت لە خەندەکێک داحاسێی کەیت، ڕێگەت بە بیرکردنەوەی نەداوە، بەربەستت بۆ دروست کردوە لەوەی کە خۆی ببینێتەوە و وەکوو مرۆڤ، کەڵک لە بیر و هزر و عەقڵی خۆی وەرگرێ.

ئایین لە دەقی پیرۆزدا وەکوو هێڵی گشتی دابەزیوە، چوارچێوەیەکی دروست کردووە، بەڵام وەکوو بینایەکی کۆنکرێت و چەقبەستوو دانەڕێژراوە کە هەموو وردەکارییەکی تێدا بێت. خاڵە گشتییەکان باس کراون و ئیزن بە مرۆڤ دراوە بۆخۆی دەق وەدەنگ بێنێ، یانی تەفسیر لە دەق بکات. بەڵام بەو مرۆڤانەی کە توانایان هەیە، نەک هەر کەس لە خۆیەوە بە بێ شارەزایی قسەی لێ بکات. هەردەقێکی گشتی کە هات، خەڵکانێک دێن هەر یەکە و لە ڕوانگەی خۆیەوە چ شتێک بۆ وی ئەولەویەتی هەبێ، لەو بەشەڕا دەچیتە ناو بابەتەکە. ئەوانەی بۆ وێنە ئەخلاق و فەزیلەتیان بەلاوە گرینگە، مانای ئەوە نییە شتەکانی دیکە نابینن و لەبەرچاوی ناگرن، بەڵکوو فۆکووسیان لەسەر ئەخلاق و فەزیلەت دەبێ. بەشێک فۆکووسیان لەسەر فیقهـ و شەریعەتە وەکوو ئەحواڵی شەخسییە، بەشێک لەسەر حوکم ودەسەڵاتی ئایینی، هەر یەکە، بەپێی ئەو ئەولەویەتەی بۆ وی هەیە لەسەر بەشێک زووم دەکات و لەگەڵ ئەوەیش حورمەت لە بەشەکانی دیکە دەنێ. مانای ئەوە نییە ئەو کەسەی کە تەنیا فۆکووسی لەسەر ئەخلاقە دەسەڵات نابینێ، بەڵام هەر تاقم و گرووپێک کێهەی پێ گرینگترە، زێدەتر لەسەر ئەو بابەتە قسەدەکات و هەوڵ دەدات ئەگەر مەکتەبێک دروست بکات یا تەفسیرێکی بەشەری بخاتەڕوو، لەو بەشە پتر بمێنیتەوە. ئەوە بەشێکە لە هۆکاری وەی کە چۆنە خوێندنەوەکان توێ توێ بوونە و هەر یەکەی بە لایەکدا قسەی لەسەر دەکات. بەڵام هەر بە گشتی ئایینی ئیسلام ئیجازە دەدات هەر بە پشتبەستن بە دەق، کە مرۆڤ بە عەقڵ و بۆچوونی خۆی و بە پشتبەستن بە بەڵگە نەک بە هەوا و هەوەس و ویستی خۆی بڕواتە نێو پرسەکان. بەڵام ئایینی ئیسلام وەکوو بابەتی لێکۆڵینەوەی ئەوجار لە پۆلێنبەندیدا بە دوو بەشی زۆر سەرەکی دابەش دەبێ. بەشێکی بەشی کەلامییەتی کە پێی دەوترێ ئوسوول یا بنچینەکان. ئەوە جیهانبینی و بەشی خودا ناسییەکەیەتی، جیهانبینی بەشێکە کە هەر بە پێی بەڵگە و سەرچاوە دینییەکان تەقلید و لاساکەریی لە بنچینەکانیدا دروست نییە. یانی یەکێک دانپێدانانی بە خودا و بەو بەشەی کە لە دینی ئیسلامدا پێی دەگوترێ ئوسوولی باوەڕ و بە ڕوکنی ئیمان دەناسرێ، کوێرکوێرانە بێ. بەو شەش ئەسڵانە کە ئیمان بە خودا و بە مەلائیکە و کتێبە ئاسمانییەکان و پێغەمبەران و ڕۆژی قیامەت و قەزاوقەدەرە، کە ئەوانە تەفسیر هەڵگرن. لەو بەشەدا کە بەشی ئوسوول و جیهانبینییە، بەپێی دەقەکان زۆرینەی زانا ئایینیەکان پێیان وایە، تەقلید دروست نییە. هەڵبەت ناڕەوابوونی تەقلید مانای ئەوە نییە هەموو کەس دەتوانێ لەو بەشە گرینگە بۆخۆی فیکرێکی هەبێت، تەقلید یانی وەدواکەوتنی کوێرکوێرانە و بێ پرسیارکردن لە بەڵگە. لەو بەشەش ئینسانەکان جیاوازن و هەرکەس بە پێی زەرفییەت و تواناییی خۆی تەکلیفی لەسەرە لە بەڵگە بپرسێ. کەواتە لەبەشی ئوسوولییەکەیدا مەزاهیب و شێوە بۆچوونەکانی یەکجار زۆرن و ڕێگە پێدراویشە. لەبەر وەی کە خوداپەرەست بوون یا یەکتاپەرەست بوون پێوەندیی بە تاکەوە هەیە. ئەو تاکە دەبێ قەناعەتی لەو شتانەدا بۆ دروست بێ. بە ئیستلاحی دین دەڵێن بێعسەتی پێ بگات و قەناعەتی بە بوونی خودا وکەون و مەکان بە پێی تەعریفی ئیسلام بۆ دروست بێ. ئەو قەناعەتە بە کوێرکوێرانە وەدواکەوتن دروست نابێ، کەواتە لە بەشی ئوسوولیدا، بەرفراوانیی جیاوازییەکان ڕێگە پێدراوە و هەرکەسە بەپێی بۆچوونەکانی خۆی بەڵام بە گوێڕاگرتن لە زانایان و وردبوونەوە لە بەڵگەکان، لە کوێ قەناعەتی بۆ دروست بێ، دەتوانێ بڵی ئەو دەلیلانەم قەبووڵ بوو و لەوە قەناعەتم لا دروست بوو. لە ئوسوولدا ئێمە دوو مەزهەبی زۆر سەرەکیمان هەیە، مەزهەبی ئەشعەری و ماتوریدی. ئەو دوانە زۆر سەرەکین نە بەو مانایەی کە ساختارێکی کۆنکرێتن، بەڵکوو بەو مانایە کە سەرکەوتوون و بەشی زۆری موسوڵمانانی دونیا، بەڵگەکانی ئەشاعیرە و ماتۆریدییەیان بە دڵە و قبوڵیان کردووە. دیارە هیچ ئینحسارێکیش بۆ ئەو دووە نییە و خەتی دیکەش هەن و ڕێگە پێدراویشە. بەڵام هۆکار چییە کە ئەو دوو مەزهەبە وا سەرکەوتوون؟ ئاساییە کە ئەوە بە هەڵکەوت نییە و لەبەر وەیە کە خوێندنەوەکەیان توانیویەتی زۆرترین ڕێژەی حەقخوازان گیرۆدەی خۆی بکا. حەقخوازی تایبەتمەندیی لەمێژینەی مرۆڤە و مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ هزر و بیرۆکەیەکی لاواز تواناییی مانەوەی نییە و لەکۆتاییدا بیرۆکەیەک دەمێنیتەوە کە توانیبێتی باشترین وڵام بۆ زۆرترین و گرینگترین پرسیارەکانی حەقخوازان دابین بکات.

بەشی فرووعیش هەیە، واتا بەشی کردە و ڕەفتارەکان کە پێنج ڕوکنی ئەسڵیی هەیە لە ئیسلاما وەکوو شادەوئیمانی و نوێژ و ڕۆژوو و زەکات وحەج. کە بەشێکیان هەر بە زمانن، بەشێک بەزمان وبە جەستەن، بەشێک بە ماڵن و بەشێک بەجەستە و بەماڵیشن. لەو بەشەی کە پاشکۆیەکانن، دیتنەوە و هەڵێنجانی ئەحکام تەخەسسوس و پسپۆڕیی پێویستە. کەسایەتیی شارەزا لە فەننی دەوێ کە پێی دەڵێن موجتەهید. موجتەهیدیش چەند تاقمی هەیە: موجتەهیدی موتڵەق، موجتەهیدی فیالمذهب، موجتەهیدی فیالفتوی کە ئەوانە یەک لەدوای یەک مەیدانی قسەکردنیان بەپێی زانست و پسپۆڕی جیاوازە. دەستەواژەیەکیش هەیە لەژێر نیشانی (تجزی اجتهاد) کە زانایەک لەیەک بابەتی تایبەت دا پسپۆڕە و بۆی هەیە حوکم هەڵێنجێ. ئەوانە گشتیان باسی پسپۆڕانەن و من زیاتر ناچمە نێو وردە کارییەکانیان. گرینگ ئەوەیە ئەو پەیامە وەربگرین کە ئەوە بەشی پڕاگماتیکی ئیسلامە و دەبی بە زانست و پسپۆڕی پێش بە ئاناڕشیسم بگیرێ. کەسانێک زانستییانە یاساکان لە دەقەکان هەڵدێنجن. ئەوکەسانەی پسپۆڕ نین، یاساکان ڕەچاو دەکەن وسیستەمی قەزاییش بەپێی وی حوکم دەکا. کە دەڵێین وەرگرتنی حوکم لە دەقەکان بەشی فرووعە واتا فەرعی بەر عەقیدەیە، یەعنی دوای ئەوەی کابرا بیروباوەڕ و جیهانبینییەکەی بە قەناعەتەوە دامەزرا، جا ئەوجار ئەرکی بۆ دیاری دەکرێ و دێتە ئەستۆی. پەس لە بەشی فرووعیشدا دوبارە هەبوونی جیاوازی ڕێگە پێدراوە، بەڵام بە تاکی پسپۆڕ کە حوکم هەڵبێنجێ لە دەق و حوکمیش هەڵبێنجێ نەک بۆ ئەوەی ژیان لەخەڵک قورس بکات، بەڵکوو بۆ ئەوەی ڕێکار ببینێتەوە کە خەڵک ژیانێکی ڕەوان بکەن. ئەوەی کە پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێ، دەفەرمێ ئیختلافی ئۆمەتی من ڕەحمەتە، یەعنی ئیختلافی زانایانی ئۆممەت لە هەڵێنجانی حوکم لە دەق بە پێی زروف و زەمان بە لەبەرچاوگرتنی بەڵگەکان بێ کە ئەو حوکمە کارهاسانی بۆخەڵک بکات و دین لە ئەو خەڵکە نەبێتە شتێکی دەست و پێگیر، بەڵکوو بتوانن کێشەی ڕۆژانەی خۆیانی پێ چارەسەر بکەن.

بەڵام بێمە سەر وەڵامی ئەسڵی و پسپۆڕانەی پرسیاری جەنابت؛ خوا یەکە، پێغەمبەر یەکە و دەق یەکە، بەڵام ئێمە دەبینین کە گرووپ وئەحزاب و ڕەوتە ئیسلامییەکان، زۆرجار لەگەڵ یەکتر تەنانەت زاویە پەیدا دەکەن. نەک هەمپوشانییان نییە، بەڵکوو هەیە یەکتر بە دەرچوو لە بازنەی دین تۆمەتبار دەکەن، شەڕ لەگەڵ یەکتر دەکەن و لە یەکتر دەکووژن. ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکار کە لە کۆتاییدا تێگەیشتنێک بۆ مرۆڤەکان لە ئایین ساز دەکا. جا بە پێی ڕێژەی ڕەخنەکردن و پەسندکرانی هێرمێنۆتیک لە کۆماڵگاکاندا، ڕێژەی گرژی و هاڵۆزییەکانیش سەروژوور دەکا. ئێپیستێمۆلۆژی واتا ماریفەتناسی، دەتوانێ زۆرترین کارتێکەریی هەبێ لەسەر لێک نزیک کردنەوەی خوێندنەوەکان، بەڵام بەداخەوە کەمترین ڕێژەی ئاگاداری لەو چەشنە زانستە لە نێو کۆمەڵگادا هەیە. ماریفەتناسی، ڕێخۆشکەرە بۆ هەڵسوکەوتێکی شێوازمەند لەگەڵ دەقەکان و مەیدان و دەرفەتی عەقڵ ڕوون دەکاتەوە. هەر ڕێژەی دەرفەت و مەیدانداریی عەقڵ لە هەنبەر نەقڵیشە، کە زۆرترین باندۆری لە زۆربوونی ڕەوتە فکرییەکان هەیە. ئەوەی کە لە فەلسەفەدا پێی دەڵێن هێرمۆنۆتیک یانی زانستی پێشفەهمەکان، یانی باکگراوندە زێهنییەکان، هەرتاکێک بەپێی پەروەردەی خۆی، بە پێی سایکۆلۆژیی خۆی، بەپێی باروودۆخی ئاووهەوایی، بە پێی شەڕایتی ئیقلیمی، بەو ژیانەی کە تێیدایە تەفسیر لە دەق دەکات. بەڵام بەشێک لە خوێندنەوەکان و بە دیاریکراوی بناژۆخوازان، نەک هێرمێنۆتیک و دەوری دۆخ لەسەر لێکدانەوەی دەق ناسەلمێنن، بەڵکوو تەنانەت ڕێگە بە عەقڵیش نادەن دەوری هەبێ و پێیان پێویست نییە پاڕادۆکسە ڕواڵەتییەکانیش وڵام دەنەوە. لایەنی بەرامبەرەکەی گیرۆدەی عەقڵ و خرەدی خۆداڕێژە و مەیدانێکی ئەوتۆ بۆ نەقڵ واتا دەقە پیرۆزەکان ناهێڵیتەوە. لەوسەر تا ئەوسەری ئەو جەغزە بە بەسترانەوە بە ڕێژەی دەوری عەقڵ لەسەر نەقڵ، بە دەیان خوێندنەوەی لێ ساز دەبن. خوێندنەوەی ناوەندی ئەو دوو لایەنە، مەدرەسەی ئەشاعیرەیە کە گونجانێکی تەواوی لەنێوان عەقڵ و نەقڵ ساز کردووە ، چون پێبەندی ئێپیستێمۆلۆژییەکی ڕێئاڵیستیک و واقیعبینانەیە، وەکوو یەک مەدرەسە ماوەتەوە و شاخە شاخە نەبووە.

دیارە ئەو کێشانەی کە ئێمە ئیستا دەیبینین لە دونیای ئیسلام، دەچێتە بەشی ئوسوولیەکەی نەک بەشی فرووع، یانی لە جیهانبینییەکەیە نەک لە ئیدئۆلۆژی. جیاوازیی بۆچوون و بەریەک کەوتن و ئەویتربوون، لە بەشی فیقهیدا گرینگ نییە، چون ئەوان ڕێکارن بۆ ژیان و تاکی پسپۆڕ واتا موجتەهید دەیکات. بەڵام لە بەشی جیهانبینییەکەی بەشی پتری کێشەکان دەگەڕێنەوە سەر پێناسەی باوەڕ واتا تەعریفی ئیمان. دیارە ئەوەی بۆ تاکێک بووە بە ئیمان، ئیلزام نییە بۆ تاکێکی دیکەش هەر ئەوە ئیمان بێ، ئەوەی کەسێک تێیدا بە قەناعەت دەگا بەنیسبەتی خۆی تەواوە. بەڵام لە پێناسەی ئیماندا جیاوازیی زۆر هەیە کە ئیمان داخوا هەربە بیروباوەڕێکی پتەوی کە گومانی تێدا نەبێ دەگوترێ و ئەو تێگەیشتن و ئەو بیروباوەڕەیە کە بۆی دروست بووە، یان عەمەلی ساڵحیشە. ئیختلاف و گرژیی ئەسڵی ئەلەو جێیە دروست دەبێ. بەشێک پێیان وایە ئیمان بە بیروباوەڕێک دەڵێن کە بۆ ئەو تاکە ببێ بە یەقین و کردەوەی چاکیشی لەگەڵ بێ، یانی لەو تەفسیرەدا عەمەلەکە بەشێکە لە ئیمان، کەواتە ئەو کەسانەی کە تەرکی عیبادەتێکیان کرد، ئیمانیان ناقیس بووە، بەشێک لە ئیمانیان چووە. بەڵام بەشێک پێیان وایە عەمەل بەشێک نییە لە ئیمان، یانی شەتر نییە شەرتی ئیمانە. شەرتی ئیمان ئەوەیە کە ئیماندار کردەوەی دروست بکات. بەشێک پێیان وایە نەشەرتە و نەشەترە، یانی کردەوە نە بەشێکە لە ئیمان و نەمەرجە. بەشێکی دیکە پێیان وایە عەمەل بەرهەمی ئیمانە، نە مەرجە و نە بەشێکە لەوی؛ بەڵکوو کەسێک ئیمانی هەبێ، بەرهەمەکەی ئەوەیە کردەوەی باش بن. وەکوو دارێک سەمەردەدا، ئیمانیش سەمەر و بەروبوومی هەیە، بەروبوومی ئیمان کردەوە چاکەکانن. پەس گرژیی ئەسڵی لەسەر ئەو جێیە دروس بووە کە تۆ دەگەڕێیەوە سەر ئوسوول و لە پێناسەی ئیمان دەپرسی. لەو جێیە چۆنییەتیی تەفسیری دەق، کە قورئان و سوننەتی پاڵێوراوە، ئەو جیاوازییانەی دروست کردون. دەق بۆخۆی قسە ناکا، ئینسانە کە وەقسەی دێنێ و ڕێز لە شعووری ئینسان گیراوە کە بۆخۆی بێ، تەفسیری دەق بکات. دەق بۆیە بە شکڵی هێڵی گشتی هاتووە کە ئینسان بە تێگەیشتنی خۆی، بەڵام نەک بە ئیشتیا، بەڵکوو بە پشتبەستن بە بەڵگەی عەقڵی و نەقڵی، تەفسیری بکا. لەوێش ڕەوتی دینیی جیاواز شکڵیان گرتووە کە لێرە مەجال نییە بۆ چوونەناو وردەکارییەکان و ئەوەی حەواڵەی خوێنەرانی گۆڤارەکە دەکەم، شوکر خەڵکی خوێندەوار زۆرە و پێویستە ئەوان بۆخۆیان لێی بکۆڵنەوە. لە تەفسیری دەقدا بەپێی ئەو پڕەنسیبانەی باسمان لێ کردن، ئەهلی زاهیر و ئەهلی باتین پەیدا بوون. بەشێک هەن تەنیا ڕواڵەت دەخوێننەوە و بە ئەسڵی دەگرن. بۆ تێگەیشتن لەدەق پێیان وایە ئەو وشانە چۆن هاتوون ڕێک دەبێ بەپێی مانای لۆغەتەکان لە زاراوەی عەڕەبی مەعنا بکرێن. ئالەوانە کە ئەهلی زاهیرن، سرییەک ڕەوتی فیکری دروست دەبن. بۆ وێنە جەریانی خەواریج، کە لە سەردەمی هەوەڵی ئیسلامدا ساز بوو و تا ئەوڕۆش جەریانە توندئاژۆیەکان شاگردی مەکتەبی خەواریجن، لە ئاسەواری مەعناکردنی ڕواڵەتیی ئایەتەکان بوون. سەلەفییەت و نەوسەلەفییەتی ئەوڕۆ بەشێکە لە هەمان جەریانی خەواریج کە ئاکامی تەفسیر کردنی ڕواڵەتیی قورئان بوو و جەریانی سەلەفییەتیش زۆر جیاوازن لەگەڵ ئەو گەورەپیاوانەی کە بە سەلەفیساڵح دەناسرێن. دیارە ئەو باسە بۆخۆی هەڵدەگرێ کە زۆری قسە لەسەر بکرێ و لێرە ئەو مەجالە نییە. تەفسیری ڕواڵەتیی قورئان، خۆی لەخۆیدا ئاوسە بە دروست کردنی سرییەک  بزاوتی توند، چون کابرا چاو لە ڕواڵەتەکە دەکات، تەئویل واتا ڕاڤەیەکی زانستی و عەقڵانی ناکات، یانی بەپێی تێگەیشتنەکان ڕاڤەیەکی بەشەری بۆ ڕواڵەتی دەق بکاو بیگونجێنێ. بەڵکوو ڕاست دێ دەقەکە مانادەکات و ڕاستەوخۆش دەیسەپێنێ. هەڵبەت هەر لەسەر مانای ڕواڵەتیی دەق، جەریانێکی مەعقولی ڕێکوپێکی وەکوو سەلەفی ساڵحی لێ دروست بووە کە لەو شوێنانەی مانا ڕواڵەتییەکان کێشەیان لەسەرە، ئەوەی کە ئەسڵی مەعنایەکە چییە، حەواڵەی خوای دەکات. زۆرینەی زانا گەورەکان لە سەلەفی ساڵحن، کە زۆر جیاوازن لە سەلەفییەکانی ئەوڕۆ. هەر لەپاڵ سەلەفی ساڵحدا، جەریانێکی دیکە دروست بوون بە نێوی (باطنی) کە وتیان هیچ ئایەتێک لەسەر ڕواڵەتی مانا ناکرێ، هەموو وشەکان (بطون) و ناوەرۆکیان هەیە وەکوو توێتوێی پیوازی، ئەوان ڕێک پێچەوانەی ڕەوتەکەی پێشوون و ئەوسەر ئەوسەری جەغزەکەن. ئەوان هەر ئایەتێک بخوێندرێتەوە، تەفسیرێکی باتینیی لێ دەکەن، یانی لەسەر دەق لایدەبەن، ڕواڵەتی دەقەکە لەبەرچاو ناگرن و مانای دیکەی لێدەدەن و دەڵێن لە دەروونی خۆیدا هەڵگری ئەو مەنایانەی دیکەیە. کەواتە گەرچی لێرە جێگای شی کردنەوەی تەواوی ئەو باسە نییە، لە واقیعدا ئەو ڕەوتە جیاجیا فیکرییانە، ئەلەو جێیەدا دروست بوونە کە دەق چۆن تەفسیر دەکەی؟ بەپێی ڕواڵەتەکەی؟ (تفویض) دەکەی؟ یا تەئویلی دەکەی؟ ئەو جیاوازییە لە ڕوانگەدا بوو بە هۆی وەی کە جەریاناتێک دروست بن وەکوو خەواریج، موڕجیئە، موعتەزیلە و جەبرییە و . . . کە ژێرشاخەشیان یەکجار زۆرن. هەر یەکەی بە تێگەیشتن و باکگراوندێکی کە هەیەتی، بە شێوەیەک دەقی تەفسیر کردووە بۆ جیهانبینییەکەی. جگە لەو باسە ڕابردووانە، لەسەر باسی زات و سیفاتی خوا و پێگەی عەدڵ لە نیزامی خواییشدا کێشە زۆرە و مەدرەسەی جیاوازی لێ ساز بوونە. کەواتە ئاخێزگەی هەمووی ئەو ڕەوتانە، چۆنییەتیی تەفسیری دەقە و لەکۆتادا هەموویان هەڵقووڵاوی دەقن، بۆیە هەموویان ئیستناد بە دەقە دینییەکان دەکەن، هەموویان بۆ کردەکانیان تەوجیهی دینییان هەیە. بەڵام دابڕانەکان لە ئەسڵی دەق پەیدا نەبوونە، بەڵکوو بەپێی هێرمۆنۆتێک و پێشفەهمەکان، باکگراوندە زێهنییەکان لە تەفسیری بەشەری لەدەقەکان دروس بوونە و ئەوە مانای ئەوەیە تەفسیرە بەشەرییەکان پیرۆز نین. ئاکامی بابەتەکە ئەوەیە کە دەق، خۆی لەخۆیدا پیرۆزە. ئەوەی کە وەکوو دین دەیبینین، لێکدانەوەی مرۆڤە بە باکگراوند و پاشخانە فیکرییەکانی خۆی لەدەق. تەفسیری بەشەری لە دەق پیرۆز نییە، دەق خۆی پیرۆزە. کەواتە ئەوەی ڕۆژانە ئێمە بەرخوردمان لەگەڵی هەیە وەکوو ئەحزاب وجەریانات و نیحلە فیکرییەکان، ئەوانە هەڵقوڵاون لە تەفسیری بەشەری لەدەق. کەواتا بۆخۆیان عەینی دین نین، ئەگەرچی غەیری دینیش نین. ئەوە ڕوونکردنەوەیەک بوو لەسەر چۆنییەتیی دابڕانەکان و لێکەوتنەوەی ئەو هەمووە جەریاناتە. دیارە لە جێی خۆی دەبێ تەکتەکی وانەش باسێکی فراوانیان لەسەر بکرێ.

تیشک: ڕەوتی ئیسلامی سیاسی، وەکوو گوتارێکی دژبەر، خۆی لەدەرەوەی ناسنامەی نەتەوەییی نەتەوەکان پێناسە دەکات. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە بێینە سەر باسی ڕۆژهەڵات، هەڕەشەکان بۆ سەربیری نەتەوەیی چین؟ دیارە ئەم وتارە دژبەرە دەکرێ غەیری ئیسلامیش بێت و دژ بە بیری نەتەوەییش بێت. بەگشتی ئەم وتارە دژبەرە کە لێرەدا مەبەستمان ئیسلامی سیاسییە، چۆن پێناسەدەکرێت؟

وڵام: ئیسلامی سیاسی لە بەشێکدا زاویەی هەیە لەگەڵ بیری نەتەوەیی و ناسیۆنالیزم، لە بەشێکدا هەمپووشانیی هەیە، یەعنی عمــــووم وخسووسێکی (من وجه)ی پێ دەڵێن لە زانستی مەنتیقدا. بەشێکی زاویەی هەیە، زاویەکە لەو بەشەیە کە ئیسلامی سیاسی دەیهەوێ دەوڵەتی ئیسلامی دروست بکات بە باکگراوندی حکومەت کردنی ئیسلامی. ئەساس و شالوودەی دەسەڵاتی ئیسلامی، لەڕوانگەی ئیسلامی سیاسییەوە یان ئەسڵەن لەڕوانگەی ئایینەوە دروست کردنی دەوڵەت-ئوممەتە، یانی چوارچێوە و مەرزێکی جوغڕافیایی بەهەوێنی نەتەوەی تێدا جێ نابێتەوە. جوغڕافیاکەی جوغڕافیایەکی بەربەرینترە، هەر وەکوو ئایدۆلۆژیا ئینسانییەکان و جەریانە چەپەکانیش وان کە عەداڵەتمیحوەرن و بەحسی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکەن. وەکوو گوڵوبالیزم و ئەو جەریاناتانەی کە جەهانوەتەنن و ئەو ئایدیایانەی کە بەحسی مێترۆپۆلی جیهانی دەکەن. لەئاکامدا ئیسلامی سیاسی دەیهەوێ دەوڵەت بە هەوێنی ئوممەت دروست بکات کە جوغڕافیاکەی جەهانییە، یانی جەهانوەتەنە، لەوێوە زاویەی هەیە لەگەڵ ناسیۆنالیزم کە دەیهەوێ دەوڵەت-نەتەوە دروست بکات. بەشێکیشی هەمپووشانیی هەیە، لە چوارچێوەیەکدا نەتەنیا ئیسلام، بەڵکوو هەموو ئەوانەی جەهانوەتەنن، هەریەک لە فیکرەکان کە چاویان لێ دەکەی، ئەوانیش نوسخەیان هەیە بۆ خۆشبەختی و بەختەوەریی بەشەر. ئیسلامی سیاسیش کە ئێمە باسی لێدەکەین، لە نیگاهی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی وشیاوسالاریدا کە بۆخۆی بانگەشەی بۆ دەکات، لەوێدا لەگەڵ ناسیۆنالیزم و دەوڵەت-نەتەوە هەمپوشانیی هەیە. ئەو، ئیددیعایەکەی ئەوەیە کە لەچوارچێوەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا، دەبێ مافی نەتەوەکان دابین بێ. کەواتە ئێمە لەسەر ئەو بەشە زۆم دەکەین کە ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە لەسەر ئەرزی واقێع دەیبینین وەکوو ئیسلامی سیاسی کە بۆخۆی خۆی ئاوا پێناسە کردوە، بۆیە بۆ ئێمەش بووە بە کێشە، لەبەر ئەوەی کە بەڕاستی لەگەڵ نەتەوەکان و بەتایبەت لەگەڵ نەتەوەی کورد، تەنیا لەسەر ئەو بەشەی کە زاویەی هەیە، جەخت دەکەنەوە. ئەوان لەهەر کوێ دووبەردەی دەوڵەتێکی ئیسلامییان پێکەوە نابێ، هاتوون بە سیاسەتی ئاسیمیلەکردن و ئیزۆلەکردن، لە فیکری سڕینەوەی بیری نەتەوەییدا بوونە، یانی ئەوانەی کە بانگەشەی درووستکردنی دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن، وەک ئەو ئیسلامی سیاسییەی ئەمڕۆ، نەک وەک مەفهوومە کلاسیکەکەی، گەرچی بەشێکی هەمپووشانیی هەیە لەگەڵ ناسیۆنالیزم، بەڵام بەراستی بۆخۆیان تەنیا لەسەر خاڵە ناکۆکەکە جەخت دەکەنەوە و بە پاساوی ئەو زاویەیەی کە هەیە، لەگەڵ ئێمە وەکوو دژبەر ڕەفتار دەکەن. من پیم وایە ئەوەی ئێمە دەیکەین ڕێفلێکس و دژکردەوەیە بەرامبەر بەوەی کە ئەوان دەیکەن، چون لەهەرکوێ دەسەڵاتێکی ئیسلامییان دروست کردووە، بەتایبەت لە کوردستانی خۆمان، پێش هەموو شتێک شەڕیان لەگەڵ نەتەوە کردووە و بۆیان بەکوفر حیساب کردووینە. ئەوە کە بە کوفریان حیساب کردووە، کردوویانە بە موجەویز و مۆڵەتێک کە ئێمەی پێ بکووژن. پێشمەرگەیەک کە موسوڵمانە، نوێژ دەکات، ڕۆژوو دەگرێ، ئەهلی شەعائیر و مەناسیکی دینییە، دەیکووژن وەکوو دژبەر. کەواتە ئەوە ئەوانن ئێمە دەبەنە ئەو خانە کە پێمان وابێ ئیسلامی سیاسی نەتەنیا بەردەنگە، بەڵکوو دژبەرە بۆ دەسەڵاتێک کە خەریکە دەوڵەت-نەتەوە دروست دەکا. خۆ ئەو بەشە کە بەشی ناسیۆنالیزمی کوردییە، وەکوو سوژەی ئێمە، ئەگەر ئەویش دەوڵەت-نەتەوە دروست بکات، دەوڵەت دروست دەکات بۆ نەتەوەیەکی موسوڵمان. بڕیار نییە دژایەتی لەگەڵ ئیسلام بکات، بەڵام بەڕاستی ڕەفتاری نەشیاوی ئەوانە کە ئێمەی ناچار کردووە بەوەی کە پێمان وا بێ زاویەمان هەیە لەگەڵ ڕەوتی ئیسلامی سیاسی، ئەوان بە شێوازێکی پڕاکتیکی سەلماندوویانە کە ئێمە بە دژبەر دەزانن، بێگوومان ئێمەش ئەو بەشەی لەسەر زەق دەکەینەوە و بەدژبەری دەزانین.

تیشک: چۆنە لەنێو موسوڵمانان کە هەرگیز کێشەی شوناسی ئایینییان نەبووە و بەتایبەت لەنێو نەتەوەی کورد کە قەیرانی شوناسی نەتەوەییشی هەیە، ڕەوتێکی وەک ئیسلامی سیاسی سەرهەڵدەدا؟

وڵام: خوای داهێنەری ئینسان دەفەرمێ ئامانجی جیاوازییەکان لە خەلقی ئینساندا، یەکتر ناســــین و دانپێداهێنان بە یەکترە و ئامانجی ئایینیش، پەروەردەی تاکێکی ڕەوشتمەندە و دەیهەوێ بە دەست ئەو تاکە ڕەوشتمەندانە، کۆمەڵگا بەڕێوەبەرێ. داکۆکی لە ڕەوشت و ئەخلاق دەگاتە شوێنێک کە پێغەمبەری ئیسلام د. خ لە ئاڵقەی وانەگوتنەوەی (اصحاب صفە) کە مامۆستای کردەیی و زانستی ڕەوشت بوون، دادەنیشێ و کەڵکیان لێ وەردەگرێ. نێوی شاری یەسریب دەگۆڕێ بە مەدینە کە بە واتای ڕێزلێنان لە شارستانییەت و ڕەفتاری مەدەنی و دانپێدانان تەنانەت بە شارۆمەندیی موشریکە. بەڵام بەداخەوە دوابەدوای دەورەی ٣٠ ساڵەی خیلافەتی ڕاشیدە، وەک پێغەمبەر پێشبینیی کردبوو، سیستەمێکی تۆخ و گەزەندەی پاشایەتیی عەشیرەتی دامەزرا کە زیاتر لە خەڵک، غەدر بوو لە خودی دین. لە مێژووی ئیسلامدا زۆر جار هەر دینداران دژی ئەو چەشنە حکوومەتانە شۆڕشیان کردووە کە کەڵکی کەڵەکاوییان لە دین وەرگرتووە و دینیان کردۆتە ئامێری قڕتێخستن و قەڵاچۆ کردنی خەڵک. ئەوە لە مێژووی ڕۆژئاواشدا بەرچاوە و ئەربابی کلیسا زۆریان غەدر لە دین و خەڵک کردووە و لە زنجیرە دادگاییەکی سەدان ساڵە بەنێوی ئەنگیزاسیۆندا، هەزاران جیابیریان لە سێدارە داوە و هەر ئەوەش بۆتە هۆکاری پەرەئەستاندنی ڕێفۆڕمخوازیی ئایینی و پڕۆتێستانتیزم کە ویستوویەتی دین بگێڕیتەوە سەر شوێن و ڕاستیی خۆی، گەرچی ئەوانیش زۆر تووشی توندوتیژی بوونە. لە مێژووی ئیسلامیشدا حاکمانی خۆسەر و بەنێو زانایانێک کە ناوەرۆکیان لە دین ئەستاندووە، بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی ڕەوتی بناژۆخوازی وەک ئەحزابی ئیسلامی، کە زۆرینەیان لەژێر کاریگەریی هزریی سەیدقوتبدان. سەیدقوتب لە تەفسیری (فی ظلال القرآن) و کتێبی (معالم فی الطریق)دا دەستەواژەی «کۆمەڵگای جاهیلی»ی داهێنا، خەتی سووری تاکی پەڕاند، کۆمەڵگای بە کافر و موسوڵمانەوە بە کافر دانا، جیهاد دژی ئەو کۆمەڵگایەی بە ڕەوا دانا و بناژۆخوازی و توندئاژۆیی، پاساوی دینیی بۆ هێندرایەوە. لە لایەکی ترەوە پەرەئەستاندن و بەجیهانیبوونی ئەو فەلسەفانەی کە هێرشیان دەکردەسەر ئەسڵی دین و هەوڵی سڕینەوەیان دەدا و تەنانەت دینیان لە سنووری تاکەکەسیشدا قەبووڵ نەبوو، هەروەها داگیرکاریی زلهێزان و چەوساندنەوە و شکاندنی شکۆی گەلانی موسوڵمان و ئیستیعماری جەستەیی و هزریی ئەوان، کۆمەڵەهۆکارێکیتری سەرهەڵدانی ئەو ڕەوتانەبوون. گەرچی توندئاژۆییی ئەو ڕەوتانە بەشێکی دەگەڕێتەوە سەر فکری خەواریج، بەڵام ئەوانیش لیپاولیپ بوون لە گرێی دەروونیی سەرکوت و شکانەوە و داگیرکاری و خۆشیان بەهەمان شێوە هەڵسوکەوتیان کرد و بە لادان لە پەروەردەی تاک و کارکردن لەسەر ئەخلاق و ڕەوشت و ڕێزگرتن لە نەیاران، کە شێوەی ڕەفتاری ئیسلامی نەرێتییە، هەوڵیان دا بۆ پێکهێنانی چوارچێوەیەکی ئیشک و زاڵ و سەپێنەرانە.

لە کوردستانیش گەورەپیاوان و زانایان و خەباتگێڕان زۆرینەیان شاگردی مەکتەبی ئیسلامی نەرێتی و عیرفانن کە سەرمەشقی ڕەوشت و دینداری بوونە. بەڵام بەداخەوە ڕەفتار و هێندێک وەخت خوڕافەخوازیی بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی و ئەوکەسانەی بەنێوی شێخ چالاکییان هەبوو، -جا هۆکارەکەی بیرچەوتی بێ یا بەرژەوەندیخوازی- ناوەرۆکی ئایینی لە پەروەردەی ئەخلاقی بەتاڵ کرد و زۆر کات دووکانێک بەنێوی دین کرایەوە. ئەوە خۆراکی دا بە تاقمێک کە ئەو هەلە بقۆزنەوە و ئیسلامی نەریتی بە گشتی پەلامار بدەن و بە هەوێن وەرگرتن لە بیرۆکە بناژۆخوازە نێودەوڵەتی و ئیسلامییەکان، بوون بە بەڵایەک لە ئایین و نەتەوە. بۆشاییەکیان لەنێوان ئەو دوو چەمکە ساز کرد و بیری نەتەوەیییان بە دوژمنی دین لەقەڵەم دا و چاوپۆشییان لەو ڕاستییە کرد کە زێدەتر لە پەنجا دەوڵەتی ئیسلامی بە هەوێنی نەتەوە ساز کراون. بۆچی بۆ وان ڕەوایە و بۆ کورد ناڕەوایە؟ بەڵام ئەوە شتێکی ئاساییە کە هەر فکرێکی نوێ کە دێ، ماوەیەک یارگیری دەکا و جەماوەرێک گیرۆدەی خۆی دەکا، تا ڕاستییەکانی وەدەر دەکەون، هەرکات ڕووی ڕاستیی وەدەرکەوت، خەڵک لێی هەڵدەگەڕێتەوە. ئەوە ڕاستییەکە کە ئێستا نکووڵی لێ ناکرێ و هەڵسوکەوتی ئەو بناژۆخوازانە لەگەڵ نیشتیمانپەروەران و بەتایبەت سەرهەڵدانی داعیش و مامەڵەی دەوڵەتی ئیسلامگەرای تورکیە و داعیش لەگەڵ پرسی کورد و ڕوداوەکانی دەورەی ڕێفڕاندۆمی سەربەخۆییی باشور و پرسی ڕۆژئاوا و کۆبانی و عەفرین، بۆتە هۆکاری ڕوونبوونەوەی ناوەرۆکی ڕاستەقینەی ئەو ڕەوتانە، تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتیش. ئێستا جێگە و پێگەی ئەو جەریاناتانە زۆر لاواز بووە و ئەرکی کۆمەڵگای کوردی و زانایانی ئایینیی کوردستان ئەوەیە کە بگەڕێنەوە سەر پەروەردەی تاک و چیتر ڕێگەی کەڵک وەرگرتنی ناڕەوا لە ئایین بۆ بەرژەوەندیی حیزبی و جەریانی نەدەن. بۆ وەی جارێکیتر ئایین ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی بگێڕێ و خەڵک خێر و خۆشیی لێ ببینێ و ئەو کاریگەرییە نەرێنییەی کە کۆڵۆنیالیسم و گوزار و پاوانخوازی لەڕێگەی خوێندنەوە بناژۆخوازەکانەوە لەسەر ئایینی داناوە، نەمێنێ و ئەوەش ئاسایییە کە کاتی پێویستە.

تیشک: لەدەرەوەی دەسەڵاتی سیاسیی ئیسلام کەتەنیا سەروەری وحاکمییەتی خوایە، زۆرجار دەگوترێ جیابیری و پابەند نەبوون بە بنەما فیکرییەکانی ئەم دەسەڵاتە، حوکمی تەکفیری بەدواوەیە، ئەمە تا چەند ڕاستە؟

وڵام: ئەوەش لە دوو ساحە و مەیدانی جیاواز دەکرێ لێکدانەوەی بۆ بکرێ. یەکەم ئەوەی کە ئیسلام وەک تیۆری و وەک خۆی چی دەوێ؟ و لە بەشە پڕاکتیکییەکەیدا لە بەعزە دەورەیەکدا چی کردووە؟ دووهەم ئەوەی کە ئەوڕۆ ئەمری واقیعە. کێشەکە ئەوە دروستی کردووە کە ئیستا لەسەر ئەرزی واقیعە. بەڵام بە گشتی هەڵسوکەوتی ئیسلام کە وەکوو دین دێتە کۆمەڵگایەک، دابەش دەبێ بەدوو بەش: بەشێکی دەسەڵاتی بەڕێوەبەری و پڕاکتیزە کردنی یاسا گشتییەکانی دین بۆ بەڕێوەبردنی مەدەنییانەی کۆمەڵگا، کە دەڕوا لە وڵاتێک دەوڵەتی ئیسلامی دادەڕێژێ بە چوارچێوەیەکی تایبەت. گومانی تێدا نییە ئەو کارە دەکات. بەشێکی دی بەشی قبووڵ کردنی ئایینی ئیسلامە وەکوو باوەڕی تاک. ئیسلام کە دەڕوا بۆ شوێنێک و دەسەڵاتی لەو جێیە داڕشت، هیچ ئیجبارێکی نییە بە گشتی وەکووئایین بۆ قبووڵ کردنی ئایینەکە: (لااکراه فی الدین قد تبین الرشد من الغی)، زەبر لە وەرگرتنی دیندا نییە، ئەوەی وەزیفەی دینداران، یا پسپۆڕانی ئایینییە، ئەوەیە ڕوونکردنەوە بدەن، خەڵکیش ئازادە دین قبووڵ بکات یا نەیکات. دیارە پێغەمبەریش بۆخۆی دەفەرمێ (انما بعثت معلما) من موعەلیمم، موعەلیم ئیجبارێکی نییە. یا (و ما علی الرسول الا البلا‌‌غ) ڕەسوڵ هیچ ئەرکێکی لەسەرنییە جگە لە گەیاندنی دروستی چەمکەکان  بەخەڵک. ڕەسووڵ بریتیە لە پێغەمبەر یا زانایان، کە واریسی ئەنبیان. تەنیا دەبێ تەبلیغ بکەن، بەشی فیکرییەکەی ئیجباری تێدا نییە. لە بەشی دەسەڵاتێکدا کە بە نێوی دەسەڵاتی ئایینیی ئیسلام، وەکوو تیۆری و مەفهوم و مەعنایەکەی دروست دەبێ، ئالەوێدا ئێمە ئیماندار و یەکتاپەرەستمان هەیە کە هەم وەکوو بە بیر و باوەڕ وەریگرتووە و هەم لە چوارچێوەکەدا خۆی گونجاندووە، ئەوە ئەرک و مافەکانی خۆی پێناسە کراون، شارۆمەندیشمان هەیە یانی ئەوانەی کە شەهروەندن، لە وڵاتێکی ئیسلامیدا دەژین بەڵام بۆخۆیان موسوڵمان نین. ئیسلام وەکوو تیۆری ئەوانەی کە ئەو فیکرە قبووڵ ناکەن، مافی شارۆمەندیان لێ ناستێنێتەوە و هەموو مافێکیان بۆ دابین دەکات، ماف و ئەرکێ کە بە ڕوونی تەعریف کراوە و سێمپڵی مێژووییشمان هەن کە تەنانەت لە بەرهەمەکانی ڕۆژهەڵاتناسانیشدا، بە ڕوونی ئاماژەی پێ کراوە. بەڵام پێویستە ئەوە ڕوون کەینەوە کە ئەوەی لە سەر ئەرزی واقیعە، غەیری ئەوەیە کە دین ئاماژەی پێ دەکا. ئەوەی ئێستا دابەزاندنی دین وەک خۆی نییە. لەکوێ دەسەڵاتێکی ئایینی دروست بوو، ئەویترەکەی خۆی واتا ئەوانەی کە ئایین قبووڵ ناکەن، وەکوو کافر یا تەنانەت وەکوو موڕتەد هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەن. شەڕیان لەگەڵ دەکەن، حەزفیان دەکەن، دەیانکوژن، دەریان دەکەن. ئێمە ئەو هەمووە غەدرەی کە دیتوومانە لە چوارچێوەی ئەو شوێنانەن کە دەسەڵاتی ئیسلامییان لێ دروست بووە، جا چ ئەوەی لە ئەفغانستان دروست بوو، وەکوو دەسەڵاتی تالیبان یا ئەلقاعیدە، چ وەکوو کۆماریئیسلامی، چ وەکوو داعش. لە هەرکوێ ئەوانە دروست بوون، تەنانەت لە نەرمترینەکەیدا وەکوو ئەوەی لە تورکیە دەگوزەرێ؛ ئەگەرچی وڵاتەکە بە هەوێنی ئیسلامی نییە، دیارە لەوێ بەحیساب سیستمێکی سکۆلارە، بەڵام ئەوانەی کە لەسەر دەسەڵاتن بەشێکیان کە باکگراوندی ئایینییان هەیە. ئێمە ئەوە بەرچاو دەبینین کە ئەوانەی لەگەڵ خۆیان نین، بە دژیان چاو لێ دەکەن، مافی شارۆمەندییان نادەنێ. کەواتە وڵامەکە ئەوەیە ئایین وەک خۆی ئەوەی غەیری خۆی بێ بە دژی چاو لێ ناکا و مافی شارۆمەندیی دەداتێ: (و ان احد من المشرکین استجارک فاجره حتی یسمع کلام الله)، تەنانەت ئەگەر موشریکێک هات مافی شارۆمەندی و جیرانێتیی لە تۆ ویست، حەقی جیرانەتی بدەیە و بە کردەوە بیسەلمێنە بۆئەوەی ئەو نمونەی جێبەجێ کردنی کەلامی خوای لەسەر مرۆڤەکان و تاکەکان ببینێ و بزانێ باشە، نەک ئەو هەمووە بێڕەوشتی و بەدڕەوشتییەی کە ئەوڕۆ بە نێوی ئایین دەیکەن. کەواتە ئایین وەک بەشی نەزەرییەکەی غەیری خۆی لە وڵاتی خۆیدا وەک شارۆمەند وەردەگرێ، بەڵام بە کردەوە و لە دابەزاندندا بەداخەوە ئەوەمان زۆر کەم دیتووە.

تیشک: یەکێک لە بنەماکانی شرۆڤەی دەقی پیرۆز، مێژووی ئیسلامە، ڕوونە کە مێژووی ئیسلام خۆی پیرۆزنییە و ڕەنگە زۆر شت بەو شێوەیەی کە هەیە نەنوسرابێتەوە. پێوەندیی نێوان مێژووی ئیسلام و دەقی پیرۆز چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

هەرشتێک وەکوو مەفهووم و چەمکی گشتی، کوللی قسەی لێ دەکرێ، چ بەشەری بێت، چ بەشەری نەبێ وخودایی بێ، واتا و کوللییەتی بەحسەکە شتێکە و وێنە و مەسادیقەکانی شتێکی دیکەن، تەنانەت لە ساحەی زانستیشدا هەر وایە. ئایینی ئیسلام وەکوو ئایینێکی مێتافیزیکی، ئایینێکە کە لە دەقدا خۆی نیشان دەدا، مێژوو نموودی دەقەکە و نمودی ئایینەکەیە. مێژوو بۆخۆی پیرۆز نییە، تەنیا بەشێک لە مێژوو لە ئیسلامدا کە وەک شتێکی پیرۆز بەحسی دەکرێ سوننەتە، یانی ڕەوشت، کە ئەویش مێژوو نییە و بە هەڵە تەفسیردەکرێ. پێغەمبەر دروودی خوای لەسەربێ دەفەرمێ (علیکم بسنتی و سنة الخلفاءالراشدین المهدیین من بعدی). واتا بۆ جێبەجێ کردنی دەق وەکوو نمونەی عەمەلیی ئیسلام، ئەرکە لەسەر ئێوە چاو ببڕنە ڕەفتاری من و ڕەفتاری خەلیفە ڕاشیدەکانی دوای من. کە کۆیەکەی دەکاتە٣٠ساڵ و لە ئیمام حەسەن تەواو دەبێ. گەرچی بەشێک پێیان وایە دەورانی عومەری کوڕی عەبدولعەزیزیش هەردەورانی خولەفای ڕاشیدەیە. دەفەرمێ خوو و ڕەوشت، لەوێ باسی مێژوو ناکات، باسی خەسڵەت دەکات. وەکوو سێمپڵی کردەوەییی دابەزاندنی دین. چۆن مێژوو ئاوێنەی کۆمەڵناسییە، لەوێش سوننەت ئاوێنەی ئایینە، چون ئایین بۆخۆی قسەناکات. دەفەرمێ ئێوە لەسەرتانە ئەوە بە ئەسڵ بگرن، سوننەتی من، خوو و خدە و ڕەوشتی من، لەگەڵ ڕەوشتی خەلیفەکانی دوای من کە ئەهلی ڕوشدن، یانی پێگەیشتوون لە مەکتەبی نەبەویدا، نافەرمێ لەگەڵ دەورەکەش. دەورەیەکی ٣٠ ساڵە باس لێ دەکا، ئەویش نەک ئەو٣٠ ساڵە بە ڕەفتارە گشتییەکەیەوە، بەڵکوو تەنیا خسڵەتی خەلیفەکان، چون دەفەرمێ ئەوان نمودی تەتبیق و دابەزاندنی دەقن. جا ئەو کردەوەیی کردنە لە پێغەمبەردا سەتاسەتە چون مەقامی عیسمەت و نبووەت و ڕیسالەتی هەیە و لە خەلیفەکانیشدا نموونەیەکی گونجاوی بەشەرییە، دیارە لەوێ کەموکۆڕی دەبێ، بەڵام نمونەیەکی گونجاوی بەشەرییە لە تەتبیقی شەریعەت و دین. کەواتە مێژوو بۆخۆی پیرۆز نییە و مێژوو بەشێک لە بەڵگە و ئەدیللەی شەرعیش نییە و بۆ شرۆڤەی ئایینیش بەڵگە هێنانەوە لە مێژوو دروست نییە، چون مێژوو بەپێی عادەت خەڵکانێک لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدا دەینووسن و مێژوو ئیستنادی پێ ناکری.

 تیشک: دەسەڵاتی ئیداری و بەڕێوەبەری لە ئیسلام تەنیا بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری کۆمەڵگایە، واتە تەنیا دەوڵەتمەداری دەکات؟ یان ئەوەی کە وەک فەزیلەتێک، بیر لەو دونیاش دەکاتەوە و بەهەشت و بەختەوەری لەو دونیاش بۆ تاکەکان مسۆگەر دەکات؟

وڵام: دەسەڵاتی ئایینی کە ئێمە بەنێوی دەوڵەتی ئیسلامی کە بناغەکەی لە مەدینە دامەزراوە و دەورانی مەدەنی پێ دەڵێن، لەگەڵ دەورانی مەککی کە هیدایەتە دوو شتی جیاوازن. ئێمە کە دەڵێین دەوران بەمانای زەمان نە، هەر لەیەک ڕۆژدا و لەیەک ماڵدا دەکرێ دەورەی مەککی و مەدەنیش هەبێ. دەورەی مەککی یانی ئێرشاد، یانی ڕێنوێنیکردن، ئیستیدلال، تەوجیە، دانووستان و بەشی نەزەر. یەکێک بە زمانێکی پاراو خەریکە خەڵک هیدایەت دەکات، بە مانای ڕێگە پیشاندان کە بۆ خۆی لەو چوارچێوە فیکرییەدا کە هەڵیبژاردووە، خۆی ببینێتەوە لەگەڵ خوای خۆی و بۆ ئەو دونیای دیکەش کە بەشێکە لە باوەڕی مێتافیزیکیی ئەو کەسە، وەکوو تاک بەئەرکەکانی خۆی ڕاپەڕێنێ و لە دەروونی خۆیدا لەگەڵ خوای خۆی پێک بێت بۆ چوونی بەهەشت یا خۆپاراستن لە چوونی جەهەنەم. ئەو بەشە دەورانی مەککییە و تەنیا لە بەشی ئیرشاد و ڕێنوێنی کردندایە. بەڵام کە هاتییە سەر دەوڵەتی ئیسلامی و دەورانی مەدەنی، دەوڵەت و دەسەڵاتی ئیسلامی تەنیا نوسخەیەکی خودایییە بۆ ئیداەری دونیا، بە تەفسیری بەشەری لەو نوسخە خوداییە، کە مادام بەشەرییە دەکرێ هەڵەی هەبن. لە دەقەکەدا هەڵە نییە وەکوو شتێکی گشتی، بەڵام بەشەر لە تەفسیرکردنەکەدا و هەروەها لە دروست کردنی دەسەڵاتەکەش دەکرێ بەهەڵە چووبێ. ئەو شتەی کە پێیدەکوترێ دەوڵەتی ئیسلامی، لە واقیعدا تێگەیشتنی تاکی موسوڵمانە لە یاسایەکی مێتافیزیکی بۆ داڕشتنی دەسەڵاتێک کە ئەو دەسەڵاتە بتوانێت بەشەر بە کافر و موسوڵمان و بە هەموو ئایین وئایینزا و بەهەموو کەمینە ئەتنیکییەکانەوە، ژیانێکی خۆشیان بۆ دابین بکات کە لە پەنا یەک، وەکوو ئینسانێکی بەباوەڕی بەبایەخ بژین و کێشە و قەیران بۆ یەکتر دروست نەکەن و یەکتر ئازار نەدەن. باشترین موسوڵمان ئەو کەسەیە کە موسوڵمانان لە دەست و زمانی لەئەماندا بن، کەواتە دەسەڵاتی ئایینیش تەنیا بۆ جێبەجێ کردن وبۆ بەڕێکردنی ژیانی مەدەنی و ڕۆژانەی خەڵکە، نەک بۆ ڕۆژی دوایی. بەشی قیامەتەکەی دەکەوێتە بەشی هزرییەکەی کە لەوێ ئەرکی دین، تەنیا موعەللیم بوون و ڕێنوێنی کردنە وەکوو پێشتر باسی کرا کە خەڵک بۆخۆی ڕێگایەک هەڵدەبژێرێ بۆ وەی لەگەڵ خوای خۆی پێک بێت.

تیشک: هەوێنی ئایینی ئیسلام وەحیە، پێگەی عەقڵی مرۆڤ لێرەدا چۆنە؟

وڵام: چییەتی و چۆنییەتیی وەحی لە نێو زانایانی ئایینیشدا ئیختیلافێکی زۆری فیکری و کەلامیی لەسەرە، کە دەچێت دە خانەی فەلسەفەشەوە ولێرە ئەوەهەڵناگرێ بچینە نێو وردەکارییەکانی. دیارە لەم سەر تا ئەو سەری جەغزەکە، لەسەر تەفسیری وەحی و تەنانەت لەسەر پێناسەشی ئیختیلاف هەیە. بەڵام ئەوە کە لە ئاسمان ڕا مەلائیکەیەک هاتبێتە سەر ئەرز و پەیامی خوای وەک یەک بەستەی نەگۆڕ بە ڕەسوڵێک گەیاندبێ، ئابەو تەعریفە، وەحی دەبێتەوە هەمان ئەو دەقەی ئێمە بەحسی دەکەین کە قورئانە. و بەپێی (و ما ینطق عن الهوی ان هو الا وحی یوحی) واتا پێغەمبەر بە ئیشتیا و ئارەزوو و مەراقەکانی خۆی قسە ناکات و ئەوەی دەیڵێت وەحیە، بەشێک لە ژیانی پێغەمبەر، بەشە وەحیانییەکەیەتی نەک بەشە ئینسانییەکەی، ئەو بەشە کە سوننەتی پاڵێوراوە، ئەویش بەشێکە لە دەقی دین. وەحی شتێکە لە ئاسمان ڕا دێ بەڵام چون بەشەر دەبێ تەفسیری کات، پەس عەقڵ دەوری هەیە. بەڵام لە دونیای ئیسلامدا بۆچوونەکان لەسەر عەقڵ بە دوو بەشی سەرەکیدا دابەش بووە: بەشێک کە هەم موعتەزیلییەکانن بە دوو باڵی بەغدادی و بەسری بە چەند جیاوازییەک کە هەیانە و هەم ئەهلی تەشەییوعیش، ئەوانەعەقڵ بە یەکێک لە ئەدیللەی ئەحکام دەزانن، یانی دەڵێن هەرحوکمێک کە عەقڵ پەسندی نەکرد، باتڵە. بەشی دووهەم ئەشاعیرەکانن کە ئەوانیش عەقڵ بەکار دێنن بەڵام نەک وەک دەلیلی حوکم، بەڵکوو زێدەتر بۆتەتبیقی یاسا بەکاردەهێنرێ. گەرچی لەو شوێنانە کە حوکم لە دەقەکاندا بە ڕوونی ئاماژەی پێ نەکراوە، عەقڵیش دەور دەبینێ. ماتووریدییەکان لەگەڵ ئەشاعیرە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە، بەڵام لە هەنبەر عەقڵ زیاتر لە موعتەزیلە نزیکن. و بە گشتی جگە لە خەواریجی پێشوو و سەلەفییەتی سەردەم، هیچ کام لە مەدرەسە ناسراوەکانی ئیسلام دژایەتییەکیان لەگەڵ عەقڵ نییە.

دیارە تەدوینی یاسا و ڕێکخستنی دەسەڵات بەشێکە، جێبەجێ کردن و چەسپاندن بەشێکی دیکەیە. ئیستا لە دونیای پێشکەوتووشدا وایە کە سازوکاری تەدوینی یاسا سەربەخۆیە و کاری بە ئیجرا نییە. سیستەمی بەڕێوەبەریی وڵات یا نیهادی دەوڵەتە کە بەپێی بارودۆخ خوێندنەوەی بۆ دەکا کە ئەو یاسایە هەلی ئیجرای بۆ ڕەخساوە یان نا؟ لەو بەشە کە زۆرینەی ئەهلیسوننەتە، چەمکێک هەیە بەنێوی (مقاصد الشریعه). ئالەوێ عەقڵ بۆ تەتبیق بەکار دەهێندرێ. با وێنەیەک لە دەورانی خولەفای ڕاشیدە ئاماژە پێ بکەین. حوکمی دزی-کردن بەشەرایتی شەرعیی خۆی کە ڕێژەی ماڵی دزراو چەند بێ و لە کوێیش ئاگاداریی لێ کرابێ و کەسێک دزیبی، دەسپەڕاندنە. دیارە فەلسەفەی ئەو ئەحکامانە دەبێ لە جێی خۆی باسی لێ بکرێ و لە دەرەوەی بازنەی باسەکەی ئێمەیە. لە زەمانی حەزرەتی عومەردا گرانی و قاتوقڕی پەیدابوو، ئەو وەختە حوکمی دەستپەڕاندن لەسەرهیچ دزێک جێبەجێ نەکرا. چون لەوێ، نەبوونی و برسیەتی هۆکار و هاندەری دزی بوو، نەک تێکدانی ئەمنییەتی کۆمەڵگا. یانی لەگەڵ کەسێک ڕووبەڕوو دەبووی کە لە برسان چووە دزی کردووە، نەک ویستبێتی دەستدرێژی بکاتە سەر خەڵک. حەزرەتی عومەر، تەنفیز و چەسپاندنی حوکمەکەی ڕاگرت و تەعلیقی کرد. لەوێ ئەوانەی دزییان دەکرد زۆرئاسان سزایەکی سووکیان دەدان و خەڵاسیان دەهات. دەی خۆ دەلیلە شەرعییەکەی ئینکاری دروست نییە، چون ئەو حوکمە بەشێکە لە مەنتووقی قورئان. مەنتووق یانی دەقێکی ڕوونە و جێی تەفسیری نییە و لەگەڵ مەفهووم جیاوازە، کە لێرە شوێنی کردنەوەکەی زۆر نییە. کەواتە عەقڵ لە دینی ئیسلامدا یا بە دەلیلی حوکم دەزانرێ، وەکوو قورئان و سوننەت وعەقڵ کە موعتەزیلەکان و شیعەکان کردەیان  بەو بەشەیە، یان وەکوو فەقیهەکانی ئەشاعیرە، وێڕای ڕێزلێنان لە عەقڵ(لەژێر نێوی قیاس)، لەو شوێنانەدا کە حوکم لە دەقەکاندا ناڕوونە، لە شوێنەکانی دیکە وەکوو موسوڵمان، کرێدیتی یاسادانەری بۆ خوا دەپارێزێ، بەڵام زێدەتر لە ئیجرادا عەقڵ بایەخی پێ دەدرێ. وەکوو دونیا ئەوڕۆ وادەکات وئەمن ئەوم پێ دیمۆکراتیکتر وکراوەترە. یانی بە گشتی یاسایەکەداڕێژراوە، بەڵام لەهەر دەورەیەکدا و بۆهەر بارودۆخێک عاقڵانە بەڕڕەسی و لێکدانەوە بۆ یاساکان دەکەن کە بزانن زەمینەی ئیجرای هەیە یان نا؟ یان ئەو قانوونە، بە شێوەیەکی کاتی دەبێ هەڵپەسێردرێ؟ کەواتە عەقڵ جێگاکەی لە دیندا پارێزراوە، لەگەڵ وەحی هیچ کۆنتاکتێکیان نییە. ئەوەی کە دەکوترێ وەحی و عەقڵ هەردوو جیلوەی خوایین، ڕاستە. وەحی هاتووە و ئیجازەی تەسەڕڕوف و دەستتێوەردانیش بە عەقڵی مرۆڤ دراوە. مرۆڤ دەتوانێ لە عەقڵ هەم وەکوو دەلیلی حوکم هەم لە ئیجرا و چەسپاندندا کەڵک وەربگرێ و لەگەڵ وەحی هیچ دژایەتییەکیان نییە و کەڵک وەرگرتنی هاوکات لە عەقڵ و وەحی، دەبیتە هۆکاری ژیانێکی خۆش بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا کە هاوسەنگییەکی گونجاوی بۆ حەساوەیی جەستەیی و ئاسوودەیی ڕووحی، تێدا ڕەچاو کراوە.

تیشک: عەقڵی مرۆڤ لەگەڵ نیزامی مەعریفیی دینی پێوەندییان چۆنە؟ 

وڵام: مرۆڤ زۆر گەورەیە. ئەگەر وەکوو ئینسانێکی دیندار چاوی لێ کەین، عەقڵ دیارییەکی خوداییە بۆ مرۆڤ، ئەگەر وەکوو ئینسانێکی دینداریشی چاو لێ نەکەین، ئینسان پێکهاتووە لە جەستە و عەقڵ. یانی لە جەستە و هزر و بیرکردنەوەیەکی کە هەیەتی. کەواتە عەقڵ لەگەڵ وەحیی خودایی و زانستی بەشەری هیچ کێشەیەکی نییە، بەو مانایەی کە ئەوانە ببنبە بەردەنگی یەکتر یان ببن بە دژبەر بۆ یەکتر. نیزامی مەعریفیی دینی، نیزامێکە کە تەفسیری مرۆڤ لە دەق دایڕشتووە. مرۆڤێکی ئیماندار و مرۆڤێکی کە ئیماندار نییە، یا مرۆڤێکی ئیمانداری موسوڵمان و مرۆڤێکی ئیمانداری غەیرەموسوڵمان، هەردووک عەقڵیان هەیە و هەردووکیان لێکدانەوە بۆ شتەکان دەکەن. نیزامی مەعریفیی دینی هەڵقوڵاوە لە تێگەیشتن و تەفسیری دینداران لە وەحی، بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی کارا بۆژیانێکی سەرکەوتووانە و مەبەستدار بۆخەڵک. ئیتر عەقڵییەتی دینی و عەقڵی سێکۆڵار، هەردووکیان عەقڵی بەشەرین و ئەگەرچی جیاوازییان هەیە لە تەعریفی بایەخەکاندا. بەڵام من زاویە و دژایەتییەکی ماهەوی نابینم و هەمپوشانیشیان هەیە، بەڵام ئەوەش مانای ئەوە نییە کە سەتاسەت تێگەیشتنەکان یەکن، چوون باکگراوند و پاشخانە فیکرییەکانیان یەک نییە. ئاساییە تەفسیریان لە بایەخەکان و پێناسەیان لە
حەوزەی ئەرزشی جیاوازە و سرییەک
شتی جیاوازیان لێ دەکەوێتەوە، بەڵام نەئەوەی کە دژی یەک بن و زاویەی تووندیان هەبێ و بەریەک کەوتنی لێ دروست بێ.

تیشک: داگیرکاری لە ئیسلامدا ڕەهەند و کارێگەرییەکانیان بە چ شێوەیەکە؟ بە تایبەت بۆ نموونە ئیمە باسی کوردستان بکەین، کوردستان لە نێوان دوو دۆخدایە، دۆخی ئومەتی ئیسلامی و دۆخی مەمڵەکەتی ئیسلامی، ئەم لایەنە داگیرکارییە چۆن ئەبینی؟

وڵام: ئەوە نکۆڵێ لێ ناکرێ کە ئیسلام لە کاتی خۆی بە هەوێن و بۆنمایەیەکی ئێدئۆلۆژیکی، ئایینی و مێتافیزیکییەوە کشوەرگوشاییی کردووە. لە پێشدا لە نیمچەدووڕگەی عەڕەبستان و دواجار پەلی هاویشتووە و لەگەڵ دوو دەسەڵاتی لەمێژینەی ئەو سەردەمی دونیا واتا ئیمپراتۆری ڕۆم و عەجەم(نەک فارس)، شاخبەشاخ بووە و کشوەرگوشاییی کردووە. ئەوە ئاساییە لە کشوەرگوشاییدا تۆ دەڕۆی داگیرکاری دەکەی، بەو مانایەی کە تۆ دەڕۆی دەسەڵاتێک لادەبەی و بۆخۆت لە شوێنی وی دەبی بەدەسەڵات. ئیسلامیش کە دەسەڵاتەکانی دیکەی وەلاناون، بۆخۆی وەک دەسەڵات چۆتە وێ، کە بەشێکیش کوردستاناتی ئیمەیە. وەکوو ئیستا دونیای لیبراڵ یا دونیای دیمۆکرات کە وا تێدەگا لە بەشێک لە دونیادا ڕشتە دەسەڵاتێک هەن کە داپڵۆسێنەرن، دەسەڵاتی ڕەشی ئێستبدادی و دیکتاتۆرن و خەڵک دەچەوسێننەوە، دەڕۆن کشوەرگوشایی دەکەن. کشوەرگوشایی هەمیشە نابێ بە داگیرکاری. بەڵێ ئیسلامیش کشوەرگوشاییی کردووە، دەوڵەت-ئومەتێکی دروست کردووە وەکوو دەسەڵات و دەوڵەتی ئیسلامی. هاتووە لە ناوچەی ئیمەش ئێمپراتۆریی عەجەمی تێکشکاندووە، لە قادسییە شەڕی سەخت کراوە و لەچەن شوێنێک دەرگیری هەبووە، تا هاتووە وڵاتەکەی گرتووە و ئەوە نکۆڵی لێ ناکرێ. بەڵام هاتنی ئیسلام لەسەر بیرۆکەی گۆڕینی دێمۆگرافی ناوچە ئێتنیکییەکان و بۆ وێنە نیشتیمانی نەتەوەی کورد دانەمەزراوە. لە گرتنەوەی (سوادالعراق)دا، ئەوە دەبینین لە سەردەمی حەزرەتی عومەردا دەگەڵ وڵاتانی عەرەبی جێ هێشت و گەیشت بە مەملەکەتی غەیری عەرەب و هات بۆ کوردستانات، (کە بە فتوح سوادالعراق دەناسرێ) سەحابییەکان لەسەر داوای حەزرەتی عومەر کۆبوونەوە و ئیجماعیان بەست (ئێجماع یەکێکە لە ئەدیللەی ئەحکام کە پێشتر باسمان لێ کردن و بەمانای کۆدەنگیی زانایان لەسەر بابەتێکە)، کە حاکم بگۆڕن بەڵام نەبن بە مالیک و خاوەنی مڵکەکە. ئەوکات سیستەمی ئابووریی وڵاتان شتێکی وەک فێئۆداڵیتە بوو و خەڵک کاری لەسەر موڵکی دەوڵەت دەکرد. موڵک هی دەوڵەتان بووە و زۆر لەمێژ نییە خاوەنایەتیی نادەوڵەتی لەسەر مڵک هەیە. ئەگەر بگەڕێیەوە سەر مێژوو و چاوی لێکەی ڕوونە کە کاتێک لە وڵاتێک حاکمەکان دەگۆڕان، ئەربابەکانی مڵک دەگۆڕان بەڵام بۆ خەڵکەکە زۆرجیاوازیی نەبوو، دوێنێ کاری بۆ ئەو دەسەڵاتە دەکرد و لەسەر ئەو موڵکە بەروبوومی خۆی هەڵدەگرت و بەشی وی دەدا، ئەوجار کە حاکمەکان دەگۆڕان، خاوەنی مڵک دەگۆڕا و خەڵک بەجۆرێک دەبوو بە کاریگەری خاوەنی دواتر و کاری بۆ وی دەکرد. بەڵام کە موسوڵمان گەیشتنە کوردستانات لە قادسییە بەولاوە، حەزرەتی عومەر فەرمووی ئەلێرەوە وڵات عەوەزبوو و دەچینە نێو میللەتانی غەێرەعەرەب، ئەگەر وەک پێشێ ئێمە مڵک وەکوو غەنیمەتی شەڕی چاو لێ بکەین و بێین لێرە مالیکی ئەو مڵکانە بگۆڕین، یانی لە واقیعدا مڵکی کوردمان کرد بە ئی عەڕەب. پەس فەرموون با ئێجماع بکەین. ئەلێرە ڕا کە وڵاتی عەرەبی تەواو دەبێ و واریدی سنووری کوردان دەبین، با چیتر مڵک غەنیمەتی شەڕ نەبێ و مڵک ڕادەستی خۆیان کەینەوە، دەوڵەتمان ببێ بەڵام مڵک هی خۆیان بێ. دیارە حەزرەتی عومەر نایهەوێ دێمۆگرافی بگۆرێ و ئەوەش بەڵگەیەکی مێژووییە لەسەرئەوەی کە سنوری کوردستان لەکوێدا دەسپێدەکا. تۆ بە گۆڕینی مالیک دێمۆگرافیش دەگۆڕی، ڕاستە لەوێ مڵکەکە هی ئەو وەرزێرە نەبووە کە کاری لێ کردووە، بەڵام خاوەنی ڕابردوو هاوڕەگەزی خۆی بووە و ئەگەر بێی و مڵکەکە بدەی بە عەڕەبێک، ئیتر تۆ دێمۆگرافیت گۆڕێ.

هاتووە، بەڵێ هاتووە و کشوەرگوشاییی کردووە و کوردوستانیشی بە ئەدەبیاتی ئیسلامییەکەی فەتح کردووە. چۆتە هەرکوێ مامۆستا و فێرکاری بەجێهێشتووە تا جیهانبینییەکە بۆ خەڵک شی کەنەوە، بەڵام خەڵک چارەنووسی خۆی لەبەردەستی خۆی بێ و بۆخۆی خۆی بەڕێوەبەرێ. ئاساییە لە هەموو کشوەرگوشایییەکدا گۆڕانکاری پێکدێن، بەڵام چۆن ئێستا دونیای لیبراڵ و دیمۆکرات دەڕوا و پێی وایە دەبێ داگیرکەر دەرکا و خەڵک ڕزگار کا، ئایینی ئیسلامیش کە هاتووە بەو فیکرەوە هاتووە، بەڵام چەندە جێبەجێ کراوە یا چەند جێبەجێ نەکراوە، چی خراپ یا چی چاکی لێ کەوتۆتەوە، ئەوە خۆی باسێک هەڵدەگرێ و منیش پێم وا نییە کە سەداسەد جێبەجێ کرابێ. بەڵێ لە زۆر جێیان ڕەنگە غەدریشی لێ کەوتبێتەوە، چوون ئەو تاکەی هاتووە، فەردە، کەسە، ڕاستە بە باکگڕاوندێکی ئایینییەوە هاتووە، بەڵام تاکێکە و ڕەنگە نەیتوانیبێ ئایین وەک خۆی جێبەجێ بکا. ئەو دەستەی هاتووە ڕەنگە تەعەسسوبێکی هەبێ و بە دەمارگرژی یا بە تێگەیشتنێکی خۆی خەریکی تەتبیقی دین ببێ. کەواتە هاتووەهەم خاڵی ئەرێنیی هەبوونە، بۆ وێنە دەسەڵاتی زاڵی زاڵم هەبووە کە لێرە لایبردوون، هەم زەرەریشی لێ کەوتۆتەوە لە بازە بەشێکی. کەواتە دەوڵەتی ئیسلامی بەڵی هاتووە کشوەرگوشاییشی کردووە، بەڵام بە زۆر خەڵکی موسوڵمان نەکردووە و هەوڵیشی نەداوە دێمۆگرافی بگۆڕێ، ئەگەرچی لێشی کەوتۆتەوە. لێی کەوتۆتەوە باسێکە و ئەوەیکە فکرەکەی خۆی ئەوە بێ، باسێکی جیاوازە.

تیشک: مەسەلەی تەئسیر و تەئەسسۆر (تأثیر و تأثر)، شوێندانان و شوێنوەرگرتنی ئایین و نەتەوە بەتایبەتییەکەی ئیمە مەبەستمان کوردە و ئەو نەتەوانەی کە باڵادەستن لەم ناوچەیە، وەکوو مەسەلەن بڵێین لە ئێران، لە عێراق لە تورکیە، ئەو تەئسیرو تەئەسسورەی ئایین و نەتەوە  لەسەر یەکتر بە چ شێوەیەک دەبینن؟

وڵام: تەئسیر و تەئەسسۆر شتێکی ناچارە واتا خۆپاراستنی لێ ناکرێ. لە گڵوبالیزمدا و بەجیهانیبووندا کە تا ئیستاش دونیا نەیتوانیوە وەک خۆی قەبووڵی بکا، ئەو دەسەڵاتانەی کە جیهانوەتەنن و سنوور ناناسن، زۆریان کار بە نەتەوە نییە،  فکرێکیان هەیە دێن بە پێی ئەو هەوێنە فکرییەی خۆیان هەنگاو دەنێن، کە ئیسلامیش یەکێکە لەوانە. ئیسلام هاتۆتە ئەو وڵاتانە و ئێمە با لەسەر دۆخی ئیسلام و کورد قسە بکەین. لێرە هەم کاریگەریی لەسەر کورد هەبووە و هەم تەئسیری  لە کورد وەرگرتووە. یانی خزمەتگوزاریی دوولایەنە لە بەینی ئیسلام و کورد بەرچاوە، کارتێکەریی دوو لایەنە بەرچاوە، ئاسایییە لەو پڕۆسەیە هێندێک شت لە دەست دەدەی، بەڵام هێندێک شت وەدەست دێنێ. من پیم خۆشە لێرە ئاماژە بە بابەتێک بکەم، بایەخەکان نەگۆڕ نین، تەنانەت بایەخە نەتەوەیییەکان نەگۆڕ نین، ئەو شتەی ئەوڕۆ دەبێ بە بایەخ، ئەوە بایەخی ئەو نەتەوەیەیە، ئەو زمان و زاراوەی کە ئەوڕۆ کورد بۆ ئاخاوتن بەکاری دێنێ، ئەوڕۆ ئەوە زمانیەتی نەک زمانە مێژووییەکەی. زاراوەی ئەوڕۆ زمانی خۆیەتی، خۆ ئیمە ئەگەر چاو لێ بکەین کورد لە سەیرێکی میژووییدا، جلکەکەی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەو جلکەی کە ئەوڕۆ ئێمە لەبەری دەکەین، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ سەر مێژوو جیاوازە لەو جلکەی کە کورد دووسەد ساڵ یا پێنسەد ساڵ لەوەی پێش لەبەری کردووە. گۆڕان بەسەر جلکەکەماندا هاتووە، گۆڕان بەسەر زمانماندا هاتووە، بەسەر زاراوەماندا هاتووە، ئەوە شتێکی ئینسانی و پارێزهەڵنەگرە. ئایینی ئیسلامیش کە هاتۆتە کوردستانات، هەم لێرە بڕێک کوردێندراوە، واتا تەئسیری لە عالمانی کورد وەرگرتووە، هەم لەولاشەوە کاریگەریی خۆیشی هەبووە. خەڵک نێویان بوونە بە نێوی ئیسلامی، پۆششیان بووە بە پۆششی ئیسلامی، ڕەفتاریان بوونە بە ڕەفتاری ئیسلامی و ئەوە ئاساییشە، هەر وەکوو ئێمە ئیستا لە جیهانیبوون و گڵۆبالیسم یا گڵۆبالیزێیشێنی ئەوڕۆدا، ئەوە دەبینین کە دەوری لەسەر لیباسمان هەبووە، دەوری لەسەر نێوی منداڵەکانمان هەبووە، بە باوەڕی من ئەوانە نابێ زۆر نەرێنی وەرگرین. ئەوە نیشانەی زیندووبوونی ئەو نەتەوەیەیە، کە چالاکی دەکا، خۆی فەرامۆش ناکا، مێژووی فەرامۆش ناکا، ئەسڵەکانی خۆی وەکوو نەتەوە فەرامۆش ناکا، ئیزۆلە نابێ، ئاسیمیلە نابێ، بەڵام خزمەتگووزاریی دوولایەنەی دەبێ، ئاسایییە لەوەدا کە لە کارتێکەریی دوولایەنە هەمیشە خەساریش هەیە. ئەو پڕۆسەیەی کە لە فەلسەفەی ئەوڕۆدا پێی دەڵێن گوزار، لە گۆزار لە کۆمەڵگایەکی بەدەوی بۆ کۆمەڵگای پێشکەوتوو یا گوزارەکانی هاوشێوە، حەتمەن هێندێک شتی باشیش لەدەس دەچێ، بەڵێ تەئسیر و تەئەسسۆر هەیە، خەساریشی هەبووە و دەسکەوتیشی هەبووە.

تیشک: ئیسلامی نەریتی یا هەمان ئیسلامی سوننەتی لە کوردستان ئایا تەنیا هەڵگری بارێکی ئەخلاقییە یا خۆد ڕەهەند و لایەنی جیاوازیشی هەیە؟ 

وڵام: ئیسلامی نەریتی، دەبێتە ئەویتری ئیسلامی سیاسی بەو خوێندنەوەیە کە پێشێ بۆمان کرد. ئیسلامی نەریتی خوێندنەوەیەکی زۆر زیندوو و بەڕۆژە لە ئایین و لە ئیسلام. بەڵام پێداگری لە سەر ئەخلاقە، ئیسلامی نەریتی دژ نییە لەگەڵ دروست بوونی حکومەت و دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام هەوڵیش بۆ دروست کردنی دەوڵەت وەک ساختار نادا. هەوڵ دەدا تاکی موسوڵمان پەروەردە بکا، یانی ئەگەر هەوڵ بدا دەسەڵاتی ئایینیش دروست بکا، ئیسلامی نەریتی بە مێتۆدێکی دیکە دەیهەوێ دەسەڵاتی دینداران و کەسانی بە ڕەوشت دروست بکا، نەک دەسەڵاتی ئایینی وەکوو ساختارێکی ئێشک. ئیسلامی نەریتی ئەویتری ئیسلامی سیاسییە، ئیسلامی سیاسی دەیهەوێ دەوڵەت و لە لووتکەدا حکومەتی ئیسلامی دروس بکا، مانای ئەوە نییە ئەو پەروەردە فەرامۆش دەکا و مانای ئەوە نییە ئیسلامی نەریتیش دەسەڵاتی ئیسلامی ئێنکار دەکا، بەڵام ئیسلامی نەریتی خوێندنەوەیەکی نەرم و نیان و گونجاوە لەگەڵ کلتوری مرۆڤ، لەگەڵ ئینسان، کار لەسەر ئەخلاق دەکا، کار لەسەر دروست کردن و پەروەردەی تاک دەکا و دەیهەوێ تاکەکەش بە بیرۆکە و باکگراوندێکی ئایینی دروست بکا؛ لە کۆتاییدا کۆمەڵگایەکە ببێتە کۆمەڵگایەکی ئەخلاقمەدار و ڕەوشتمەند. ئەو کۆمەڵگایە ئەگەر تاکەکانی، پەروەردەیەکی ئینسانی و ئەخلاقیی دروستیان هەبێ، هەرئەوانن سبەی دەسەڵات دەگرنەدەست و هەر ئەوانیشن کە ئەگەر لە دەسەڵاتدا بن ئەخلاقمەدارانە و ڕەوشتمەندانە حوکم دەکەن و دوور دەبن لە گەندەڵی. کەواتە ئیسلامی نەریتی لە کوردستانی ئێمە، هەوڵی نەداوە بۆ دروست کردنی دەوڵەت و حکومەتی ئیسلامی بەڵام هەوڵی داوە بۆ سەقامگیر کردن، بۆ گونجانی ڕێنماییەکانی دین و بۆ دروستکردنی تاکێکی دینداری بەئەخلاقی ڕێکوپێکی بەدوورلە گەندەڵی و خەراپەکاری. کاری ئیسلامی نەریتی لە وڵاتی ئیمە ئەوە بووە کە زۆرینەی دەعوەتگەرەکان و بانگخوازە ئایینییەکانی کوردستانات دەگرێتەوە.

تیشک: سۆفیگەری لە کوردستان چ دەورێکی بووە و هەیەتی؟ 

وڵام: سۆفیگەری لە کوردستان نێوێکی تەواو نییە بۆ بابەتەکە، چون تەریقەت هەن بۆ پەیوەندیی مەعنەوی لەگەڵ خوا، بۆ ئاشتیکردن و پێکهاتنەوە لەگەڵ خۆت. دیارە تەریقەتەکان زۆرن، هەموو پێیان ناڵێن سۆفی، سۆفییە، دەروێشە و لە بەشێک لە ناوچەکانی دیکە تەریقەی دی هەن و نێوی دیکەشیان هەن، کەواتە گوتنی وشەی سۆفی یا سۆفیگەری، پڕ بە پێستی نییە، بەڵام بووە بە شتێکی مەشهور و گەرچی نادروست بێ، وشەکە جێکەوتووە؛ دەنا بابەتەکە گشتیترە لەوەی مەوزوعی عیرفانی ئیسلامی. دیارە عیرفان لە نێو ئایین و ئایینزاکانی دیکەشدا هەیە، ئەو جەریانی سۆفیگەرییە کە مەشهوورە لە وڵاتی خۆمان، یان عیرفان لە کوردستاناتدا، بەشێکە لە مەکتەب و مەدرەسەی ئیسلامی نەریتی. گوتمان ئیسلامە نەریتیییەکە بۆ جێگیر کردنی ئەخلاق، پێویستی بە پەروەردەی تاک هەیە، پەروەردەی تاک میکانیزمەکەی هەمان عیرفانە. یانی عیرفان لە کوردستاندا مەکتەب و مەدرەسەیەکە کە ئینسانەکان پەروەردە دەکا بۆ ئەوەی ئەخلاقی بژین و هاوکات شەعائیری دینی،  فرووعیاتی دین جێبەجێ دەکەن. شەریعەت لەگەڵ تەریقەت دژ نییە، تەواوکەری یەکترن، بەڵام عیرفان یا ئەوەیکە بە سۆفیگەری دەناسرێ لە کوردستاندا، مەعنا دروستەکەی یانی مەعریفەت یانی شناخت، یانی خۆناسین، کە ئەوە لە دینی ئیسلامدا وەک ئەسڵێک وەردەگیرێ. (من عرف نفسە فقد عرف ڕبە) واتا هەرکەس خۆی بناسێ پەروەردگاری خۆیشی دەناسێ، هەرکەس خۆی وەکوو وێنە و ئاکام و بەرهەمی مەکتەبێک بناسێ، ئاسایییە ئەوکات ئەو مەکتەبەی کە ئەوی پەروەردە کردووە یا ئەو خوایەی کە پەروەردگاری ئەوە، ئەویش دەناسێ، دەزانێ خوا ڕەحمەتی لەسەر خۆی نووسیوە، هەمووی ڕەحمەتە. کەواتە بەرهەمی سۆفیگەری یا عیرفان لە کوردستاندا، کەسانی گەورەی وەکوو مەولانا خالید و حاجی قادر کۆیی و زۆرێکی دی لە پیاوە گەورەکان کە لە کوردستاندا هەربوونە تا دەگاتە حەزرەتی سڕاجەددین و… ، یەکجار زۆرن ئەوانەی کە شێخانی تەریقەت بوونە، هەم مامۆستای خەڵک بوونە، هەم عارف بوونە هەم واریع بوونە. یانی ئەهلی وەرع و تەقوا و پاریزگاری بوونە، هەم ئینسانی بە ئەخلاق بوونە، کە ئەوانە هەموویان شاگردی ئەو مەکتەبەینە، کە ئەو مەکتەبە بۆ کورد و بۆ کوردایەتی هەم لە زمان و ئەدەبیاتدا هەم لە شۆڕشەکاندا، گەورەترین خزمەتی کردووە و بە واقیعی نوسخەیەکی کوردانەیە لە دین. نوسخەی کوردی یانی ئەوەیکە بە ڕواڵەت پێی دەڵێن خۆماڵی کردن(دانش بومیسازی)، کە ئیستا لە دانشگاکان قسەی لێ دەکری. تەسەووف و عیرفانیش لە کوردستاندا خوێندنەوەیەکی کوردانەیە پڕبەپێستی کۆمەڵگای کوردەواریی خۆمانە و بۆ خەڵک نامۆ نییە. لە لەدایک بوون تا مردن لەگەڵ خەڵکەکەی خۆیەتی، نەهامەتییەکانی هەست پێ دەکا، لە کوێ هەستی بە غەدر کردبێ، دژی داگیرکەر ڕاوستاوە، بە دڕێژاییی مێژوو و خەبات و بەرخۆدانی کورد، ئەوانەی چەکی شەڕەفیان پێ بووە و لە سەنگەری خەبات و بەرخۆداندا بوونە، بەشی زۆریان پابەند  بوونە بە عیرفان و تەریقەت و ئیسلامی نەریتی لە کوردستاناتدا تا ئەمڕۆش. کەواتە عیرفان خزمەتی بە نەتەوەی کورد کردووە و نەتەوەی کوردیش خێری لێ دیوە، خوێندنەوەیەکی کوردانەیە لە ئایینی ئیسلام.

بابەتێک کە جێی خۆیەتی ئاوڕێکی خێرای لێ بدەینەوە، بەڵام خێرا لێی نەگوزەرێین، ئەو ڕاستییەیە کە بەداخەوە زۆرینەی کات خوێندنەوەیەکی ئاوەژوو لە ئیسلامی نەریتی دەکرێت و زۆر کەس کاتێک کە نێوی ئیسلامی نەریتی یا سووننەتی دەبیستێ، پێی وایە قسە لە خوێندنەوەیەکی گۆشەگیر، کۆن و بەردینە لە دین دەکرێ. کەچی بە پێچەوانەوەوە، ئیسلامی نەریتی خوێندنەوەیەکی داینامیک، زیندوو و بەڕۆژە کە هاوکات هێمای نەرمی و پێکەوەژیانە. دینداری بەپێی ئەو شتەی لە حەدیسی قودسیدا ڕوون کراوەتەوە، سێ پلەی ئیمان و ئیسلام و ئیحسانی هەیە کە عیرفان و نەریت نوێنەری باڵاترین پلەی دینداری واتا ئیحسانە و ئامانجەکەی پێکەوەژیان و هەستپێکردنی چاوەدێریی هەمیشەییی خوا و بەتایبەت خزمەتگوزاریی ئایین و نیشتیمانە. بۆ وێنە پێویستە ئاوڕێک لە مێژووی جەریانی برایانی سنووسی، بە سەرکردایەتیی پێشەوا عومەر موختار بدرێتەوە، کە مەدرەسەیەکی عیرفانییە بەڵام لە کاتی داگیرکرانی وڵاتی ئەلجەزایر لەلایەن کۆلۆنیالیزمی ئیتالیاوە، گشت تەکیە و خانەقاکانی خۆی کرد بە سەنتەری چالاکی و خەبات و بەرخۆدان دژی داگیرکەران و گەرچی گیانی خۆی لەسەر دانا و بەدەست داگیرکەرانی وڵاتەکەی شەهید کرا، بەڵام پێگەیەکی ئاوێتە لەگەڵ ڕێزی تەنانەت لە دڵی داگیرکەراندا وەدەست هێنا و ئەو خەبات و چالاکییەی دەستی پێکردبوو، لەئاکامدا دەستی نەیارانی لەسەر زێد و نیشتیمانەکەی قوڵە کردەوە. دیارە هەر ئەوەش بوو بەسەرهاتی ئیمامی ڕەببانی و سۆفییەکانی هیندووستان لە هەمبەر داگیرکەرانی وڵاتەکەیان. لە کوردەواریی خۆمانیش بەشی هەرەزۆری خەباتگێڕان و ڕێبەرانی چالاکییە نەتەوەییەکان، هاوکات ڕێبەرانی ئایینی بە باکگراوندی عیرفان و نەریت و تەسەووفن. کەسانێک وەکوو پێشەوا قازیی شەهید، شێخ سەعیدی پیران، شێخ مەحمودی نەمر، بنەماڵەی شێخانی شەمزینان و بنەماڵەی بارزانی و کەسانی هاوشێوە. دیارە ئەو مەدرەسەی عیرفانە، پارێزەر و پەرەپێدەری زمان و ئەدەبی کوردیش بووە و شاعیر و ئەدیبی گەورەی پەروەردە کردوون. وەکوو مەولەوی تاوەگۆزی و مامۆستای نالی و مەحوی و مەلای جزیری و مامۆستا عەبدولکەریم مودەڕڕیس.

تیشک: پێگە و دەوری ڕەوتە ئیسلامییەکان، مەبەستمان بە دیاری کراوی ئیسلامی سیاسی و سەلەفییەتێکە کە ئیستە لە کوردستاندا هەیە بە تەعبیری ئەمڕۆ نەک تەعبیرە میژووییەکەی، دۆخی ئێستا و مەترسییەکانیان بەگشتی چییە و لە کۆتاییدا ئەگەر دەکرێ گرێی بدەین بە وڵامی ئەو پرسیارە کە ئەرکی کۆمەڵگای موسوڵمان لە ڕۆژهەڵات نیسبەت بە ڕەوتی ئیسلامی سیاسی چۆنە؟ 

وڵام: ئێمە باس لە ئەوەی دەکەین کە ئەوڕۆ وەکوو جەریانی ئیسلامی سیاسی لەسەر ئەرزی واقیع دەناسرێ لە کوردستاناتدا، ئەوەی کە هەیە لە وڵاتی ئیمە وەکوو ئیسلامی سیاسی یا ئەحزاب یا تەنانەت جەریاناتی ئیسلامی سیاسیش کە هەن، لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوە زاوییەیان هەیە. بۆخەڵکی ئیمە و بۆ کوردەواری ئەوڕۆ خەراپی لێ کەوتووەتەوە.  ئەگەرچی ئەوانیش مافی بوونیان هەیە هەر وەکوو جەریانێکی چەپی مافی خۆیەتی ببێ و بانگەشەی خۆی بکا،  وەکوو ئەوانەی کە کار دەکەن بۆ مێتڕوپۆلێکی جیهانی، وەکووئەوانەی کاردەکەن بۆ گڵوبالیزم. لەئاکامدا ئەوانیش مافی خۆیانە هەبن، بەڵام خاڵێکی کە بۆتە هۆکار زۆرجار دژایەتیی لێ بکەوێتەوە ئەوەیە کە کورد لە چ قۆناغێکدایە و بۆ لەو قۆناغەدا ئیسلامی سیاسی بە زەرەری جووڵانەوەی کوردە؟ لەو وڵاتانە کە نەتەوە وەک خۆی وڵاتی هەیە، زمانی هەیە، بە گشتی شوناسەکەی دان-پێداهێندراوە، لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاڵای هەیە، زمانەکەی بە زمانی فەرمی دەناسرێ،  کولتورەکەی، وەکوو کولتورێکی فەرمی لە دونیایەدا، دانی پێدادەهێندرێ. بەڵێ ئەو وڵاتی خۆی هەیە. چون قەیرانی شوناسی نییە لە چوارچیوەی وڵاتەکەی خۆیدا، ڕێگە دەدا هەر ڕەوتێک بەو مەرجەی خەڵک ئازار نەدا و توقێنەر نەبێ، چالاکیی خۆی بکا و بوونی هەبێ. بەڵام ئیستا کورد لە کوردستاندا بەگشتی و لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی کە ئێمە لەسەر دۆخی خۆمان قسە دەکەین، قەیرانی شوناسی هەیە، واتا چوارچێوە جوغرافیایەکەی لە ژێر هەڕەشەدایە کە دێمۆگرافیی بگۆڕدرێ، ئەوەی کە ئێمە لە باکووری ڕۆژهەڵات دەیبینین کە بە غەدر ناوی ئازەربایجانیغەربییە، یا ئەوەی لە کرماشان دەیبینێن، لە  بەشێک لە ئیلام دەیبینین، لەوێدا ئێمە دەبینین کە داگیرکەرەکان خەریکن جوغرافیایەکەی ڕۆژبەڕۆژ لێ چووکەتر دەکەنەوە. ئەوجوغرافیایەی کە ئەوڕۆ لەو چەن ئوستانەشدا هەیە، خەریکە ئەویشی لێ دەستینن و چووکەی دەکەنەوە، مافی خوێندن بە زمانی خۆی نییە، فەرهەنگ و دابونەریتەکانی خۆی ناتوانێ جێبەجێ بکا، و بە مانای پڕبەپێستی وشە قەیرانی شوناسی هەیە، لەو دۆخەدا کە کورد لەو حاڵەدایە، لەو لاوە ئەحزاب و جەریاناتی ئیسلامیش تەبلیغی دەسەڵاتێک دەکەن بە هەوێنی دەوڵەت-ئوممەت کە بەشێکیان بێگومان لەژێرکارتێکەریی ناسیۆنالێزمی عەڕەبیشدان، تەنانەت بە پۆشاک و بە قسەکردن و بە شکڵیانەوە دیارە، نکۆڵێ لێ ناکرێ ئەوانەش دەبن بە بەشێک لە سڕینەوەی شوناسی کوردی، یانی کورد بۆخۆی  بەڵالێدراوە،  ئیستا کورد هەر چوارپارچەی داگیرکراوە، خەریکە ناسیۆنالیزمی تورک و عەرەب و فارس دێمۆگرافییەکەی دەگۆڕن و دەیانەوێ شوناسی بگۆڕن، هەرلەو دۆخەشدا، جەریاناتێکی بە نێو ئەحزابی ئیسلامی کە ئیستا هەن، کە بە داخەوە ئەوانیش نەیانتوانیوە وەکوو حیزبی کوردیی ئیسلامی خۆیان نیشان بدەن، لەژێر کاریگەریی ناسیۆناڵیزمی عەرەب و تورک و فارسدا، تەبلیغ دەکەن بۆ دەسەڵاتێک بە هەوێنی ئوممەتی ئیسلامی. ئاسایییە  ئەوە دەتوانێ هەڕەشە بێ لەسەر ئەو خەبات و بەرخۆدانەی کە کورد ئەوڕۆ دەیکا بۆ مسۆگەرکردن وسەقامگیرکردنی شوناسی خۆی چونکە چوارچێوەی جوغرافیایییەکەی، یا ئابوورییەکەی و زمانەکەی و فەرهەنگەکەی، هەمووی ئەوانە لەژێر هەڕەشەدان. ئەو قەیرانەیە کە ئێمە وەکوو خەتەردەیبینین.  پێویستە ئەلێرەڕا دەلاقەیەکی چووکە لەسەر هەڵسوکەوتی جەریانی نەوسەڵەفییەت یا ئیسلامی سیاسی بە گشتی لەگەڵ ئەو بابەتە بکەینەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئەوانەی لەژێر ئەو نێوانە کار دەکەن بۆ ئایین، نەیانتوانیوە ئایینی ئیسلام بکوردێنن. بەڕاستی ئایین لەگەڵ ئێتنیک هیچ کێشەیەکی نییە. ئایین بۆ خزمەتە بە نەتەوە، هەرنەتەویەکیش بۆی هەیە ئایین بە خزمەتی خۆی بگرێ بە پاراستنی بایەخەکانی کە بۆخۆی هەیەتی. بەڵام ئەو ڕەوتە ئیسلامییانە، لەژێر کارتێکەریی ناسیۆنالیزمی عەڕەب و تورک و فارس بە داخەوە ڕووناکبیران و پسپۆڕانیان سەرکەوتوو نەبوونە کە بانگەشە بۆ ئیسلامێکی سیاسی بە بۆن و بەرامەی کوردی بکەن. ئێشکالێک کە کاتی خۆی لە نێو ئوممەتی عەرەب ڕوویدا ئەوەبوو کە بەشێک لە بەڕواڵەت ڕووناکبیرانی ئایینی، بەتایبەت سەیدقوتب، هاتن لە تاکی مووەحید و تاکی مولحیدڕا (بە داوێژی خۆی)، کردیان بە جامیعەی جاهیلی و جامیعەی تەوحیدی. ئێمە هەموو ڕەوتە ئیسلامییەکان بە یەک چاو نابینین، بەڵام خوێندنەوەی ئەو جەریانە ئێدێئۆلۆژیک و حیزبە ئیسلامییانە کە ئێمە بەرکەوتنمان لەگەڵیان هەیە، وەکوو ڕادیکاڵیزم و جەریانی فەندەمێنتالیستی ئیسلامی، تەواو لەژێر هەژموونی فکری سەید قوتبە کە تاکی مووەحید و تاکی جاهیلی کرد بە کۆمەڵگای تەوحیدی و کۆمەڵگای جاهیلی، کە گشتگیرییەکی ترسێنەری تێدایە. خوێندنەوەی ئەو جەریانی فەندەمێنتاڵیستی و ڕادیکاڵیزمی ئیسلامییە کە ئەوڕۆ لێرە حیزبە ئیسلامییەکان نوێنەرایەتییان دەکەن لەسەر کۆمەڵگای کوردی ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵگایە کۆمەڵگایەکی جاهیلییە کە دەبێ وێرانی کەن. پێیان وایە جامیعەکە جامیعەیەکی تەوحیدی نییە و جاهیلییە. یانی مامەڵەیان لەگەڵ تاک نییە کە بەڕای وان بۆ وێنە فڵان تاکە لە دین لایداوە و دەبێ ڕینوێنیی بکەن و بیگەڕیننەوە لای دین؛ بەڵکوو شەڕیان لەگەڵ کۆی کۆمەڵگایە. کۆمەڵگایە کە بە جاهیلی دەناسێنن. کەواتە دەتوانن هەڕەشەیەکی زۆرگەورە بن لەسەر ئەو بیرە ناسیۆنالیزمە کوردییە. بەڵام بیری ناسیۆنالیستیی کوردیش دەبێ خوێندنەوەیەکی زانستی و دروست لەسەر ئەو بابەتە بکا کە هەر وەکوو جەریانێکی ئایینی دەتوانێ لە جەریانێکی نەرم و خزمەتگوزاری وەک ئیسلامی نەریتی کە لە خزمەتی نەتەوەدایە، ببێ بە جەریانێکی فەندەمێنتالیستی و ترسێنەر، جەریانی ناسیۆنالیزمیش نابێ فەرامۆش کا کە خودی ناسیوناڵیزمیش دەتوانێ بەدیهێنەری فاشێزمی موسولینی بێت. یانی ناسیۆناڵیزمیش نابێ وەکوو دژبەر خەریک بێ بەریەک کەوتن دروست بکا، دەبێ ئەویش خوێندنەوەیەکی دروست لە ناسیۆنالیزم بکا. ناسیۆنالیزمیش بە مانای ئێنکاری ئایین نییە، ناسیۆناڵیزمیش دەتوانێ خوڵقێنەری جــــــــەریانێکی شیبهە فەندەمێنتاڵیزمی ئیسلامی بێت کە ئەویش دەبێتە شۆڤینیزم یا فاشیزمێکی تۆخی موسولینیستی. ناسیۆناڵیزم یا ئێنترناسۆناڵیزم دەتوانن خوڵقێنەری توندوتیژی بن. کەواتە ئێمە لێرە وەک کورد حەرەکەتی نامەعقوولمان بەرابەر دەکرێ، بەڵام بۆخۆمان دەبێ عەقڵانی و ئینسانی ڕەفتاربکەین. خەڵکانێک هەن دەیانهەوێ بە سیاسەتی ئیزۆلەکردن و ئاسمیلەکردن ئێمە بفەوتێنن. ئێمە لە عەینی ئەوەیدا کە پێش دەگرین و خەبات دەکەین دژی وەی، بەڵام نابێ ئەوەش ئێمە وا لێ بکا کە هێرش بکەینە سەر بیروباوەڕی خەڵک. هەموو کەس و هەموو جەریانیک بە یەک چاو ببینن. کەواتە ئەمەش دەبێ خوێندنەوەی لەسەر بکەین و وشیاریش بین. تاک لێرە ئەرکی هەیە، وشیار بین و فەرقیان بکەین ئەو حێزب و جەریانانەی کە دەیانهەوێ بیری کوردی بسڕنەوە، ئەو جەریانە ئیسلامییانەی کە ئێمە بە کۆمەڵگای جاهیلی نێودەبەن، غەزا دەکەن لەگەڵ ئێمە و جیهاد دەکەن لەگەڵ ئێمە و دەیانهەوێ ئێمە بە عەبد و جارییەبگرن، ئێمە نەهێڵین ئەوانە لە نێو ئێمە بوونیان هەبێ، مافی خۆمانە وەکوو گەلی کورد کە دژی ئەوانە خەبات بکەین،  ئیجازە نەدەین لە نێو ئیمە مەلایەتی بکەن، ئیجازە نەدەین لە نێو ئێمە بنکە و دەزگایان هەبن. چون بەڕاستی ئەوانە ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت، حەڕەکەتی دیکە وەکوو داعش دروست دەکەنەوە کە بیری نەتەوایەتییەکە بفەوتێنێ و وڵاتەکەمان کاول بکات، بە عەبد و جارییەمان بگرن. بەڵام ئەوەش نابێ ببێ بە پاساو کە ئێمە هەر کەسێک شەعائیری دینیی بەڕێوەبرد یا نیشانە دینییەکانی پێوە بوو، وەکوو ڕدێن و عەبا ومێزەر ومزگەوت و ئەنجامدانی فەریزەکانی دینی، لەخۆڕا هەمووان بە یەک چاو ببینین. کورد دەبێ وشیارتر بێ لەوە، بخوێنێتەوە هەر لە نێو کوردستانی ئیمەدا ئێستە حیزب و جەریانی وا هەیە کە بەڕاستی ئەگەر خزمەت بە خەبات نەکا دژیشی ناوەستێ. بەڵام ئەوانەی دژی دەوەستن، ئەرکە لەسەر ئێمە کە ئیمەش هەوڵ بدەین کە ئەوانەش لە نێو گەلی کورد نەمێنن، ئەو جەریانەی کە بە جەریانی سەلەفی دەیانناسین نەک سەلەفی ساڵح. ئەوەی بە جەریانی سەلەفی یا بە ڕادیکاڵیزمی ئیسلامی یا بە جەریانێکی فەندەمێنتالیستی تۆخی دەناسین کە خەڵک لە نێو ئیمە بە نێوی داعیش و تالیبان و ئەلقاعیدە و ئەوانە دەیانناسێ، ئەوانە دەتوانن هەڕەشەی جیددیان هەبێ بۆ سەر کیانی کوردی. حێزبەکانی دیکەش دەبێ خوێندنەوەی دروستیان لەسەر بکرێ، یانی باڕومبەندی بکرێن، لە کوێ هەڵەن و لەکوێ دژی ئێمەن، لەوێ لە بەرانبەریان ڕاوەستین، بەڵام لە کوێ خزمەت بە بیر و باوەڕی خەڵک دەکەن و دەیانهەوێ خزمەت بە ڕزگاریی نەتەوە بکەن، ئێمەش مافمان نییە بیانسڕینەوە، دەبێ دانوستانیان لەگەڵ بکەین و وەک خۆی ئیعترافیان پێ بکەین. چون ئەگەر بمانهەوێ بیانسڕینەوە دەبن بە بەردەنگ و دەبن بە دژبەر.  ئیعترافیان پێ بکەین، چون ئەوان هەبن چاکە. جەریانی ڕادیکاڵیزم و فەندەمێنتاڵیزم بەڕاستی بۆ ئێعتراف پێکردن نابن، بەڵام حیزب و جەریاناتە ئیسلامییەکانی دیکە هەریەکەی بە ڕێژەی خۆی دەبێ ئیعترافیان پێ بکەین، دانوستانیان لەگەڵ بکەین و بیانکێشینە نێو چاخی خەبات، بیانکێشین بۆ ئەوەی کە ئەرکداریان کەین کە وەزیفەیانە داگیرکار لەو وڵاتە دەرکەن و دوایەش بە ئەندازەی خەباتی خۆیان تەنخایی بکەن. مادام بەشیان نەبێ لە ڕزگاریی نەتەوەکەیاندا، دوایێ نابێ داواکاریی زۆریشیان هەبێ. با بێن بە ئەرکی خۆیان وەک تاکێک لە کۆمەڵگای کوردی هەستن، کۆمەڵگایەکەش کۆمەڵگایەکی ئیسلامییە، با خزمەت بە ئیسلام بکەن و بەو کوردە ماڵویرانەش بکەن کە ئەوەش کوردە و موسوڵمانە. داگیرکەر لە وڵاتی کوردی دەربکەن و یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی کورد لە قەیرانی شوناس دەرچی و وڵاتی خۆی بە کیان و ئاڵای خۆی دروست بکا، میللەتەکەش موسوڵمانە، با ئەو میللەتە موسوڵمانە لە چوارچێوەی خۆیدا حەساوە بێ و بحاوێتەوە.