ئارامتر بخوێنەوە!
شۆڕش، کوردستان و بزووتنەوەی مەکتەب قورئان*
عەلی عێزەتیار
و: ڕەزا فەتحوڵانەژاد
ئاماژەی تیشک
ئەم وتارە بەشێکە لە پەڕتووکی «دوایین موفتیی کوردستانی ئێران؛ دواهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەدا». عەلی عێزەتیار، نووسەری ئەو پەڕتووکە هەوڵ دەدات بە یارمەتیی مێتۆدی نووسینی ژیاننامە و لە ڕێگای گێڕانەوەی ژیانی سیاسی-کۆمەڵایەتیی کاک ئەحمەدی موفتیزادەوە، دواهات و کاریگەرییەکانی جۆراوجۆریی نەتەوەیی و ئایینیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر پرسە سیاسی و نێودەوڵەتییەکان پیشان بدات. ئەو پەڕتووکە، سیاسەتی لایەنی بەرانبەری کورد، واتە ڕژێمی ئیسلامی، دەردەخات کە تەنانەت هەڵگری بزووتنەوەیەکی ئایینی-نەتەوەیی هێور و ناتوندوتیژ، بە وتەی نووسەرەکەی، وەک «مەکتەبی قورئان»یش نەبوو. دەقی کتێبەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە: لە بەشی یەکەمدا بۆ تێگەیشتن لە ئیسلامی سیاسی لە کوردستاندا بەستێنی مێژووییی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەدەی بیستدا کە تێیدا ڕووداوەکانی سەردەمی ژیانی موفتیزادە سەریان هەڵداوە باس دەکات. بەشی دووەم کە زۆرترین بەشی پەڕتووکەکەی بۆ تەرخان کراوە، بەشی ژیاننامەکەیە. لە ڕێگای ژیاننامەکەوە سەرەڕای بایەخی مێژوویی، دەیەوێت نموونەیەک لە «بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی ناتوندوتیژ و پێشکەوتوو لە بواری بەها کۆمەڵایەتییەکان، وێڕای ئۆرتۆدۆکس بوون،» زەق بکاتەوە. بەشی سێهەمی پەڕتووکەکە دوابینانەیە و دەیهەوێت بە پشت بەستن بە بەشەکانی پێشوو، دۆخی سیاسیی کوردستان لەنێو ڕەوتە سیاسییەکانی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شرۆڤە بکات. بەپێی ئەم کتێبە گەرچی زۆربەی خەڵک و تەنانەت ناسیۆنالیستە کوردەکانیش خۆیان بە موسڵمانی ئاسایی دەزانن، بەڵام بەستێنی سیاسی-چاندیی کوردستان، هەڵگری ئیسلامی سیاسی نییە. هەر لەو کاتەدا، پیشان دەدات کە لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا بەها دێمۆکراتیکەکان و کۆمەڵگای کراوە گرنگایەتیی هەیە و ئیسلامی سیاسیی توندوتیژ، بە گوێرەی کۆمەڵگاکانی تر زۆر کەم و لاوازترە و کوردستان دەتوانێت وەک هاوپەیمانێکی دێمۆکراتیکی ڕۆژئاوا بێت.
وێڕای گرنگایەتیی ئەم بەرهەمە بەتایبەت لە باری مێژوویی و ژیاننامەیی و ناساندنی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان و کەسایەتییەکی کورد لە ئاستی جیهانیدا و بەرهەمهێنانی وێژە لەو بوارەدا، وەک هەر بەرهەمێکی تر لە بواری جیاوازەوە ڕەخنەی لەسەرە. بۆ وێنە ئەو پەڕتووکە بە جۆرێ وەک موفتیی هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسی کاک ئەحمەد دەکات، کەچی وێڕای ئەوەی کە لە بنەماڵەی موفتی و موفتیزادە بووە، بەڵام هەر لەو سەردەمەدا کەسانی بەناوبانگ و گەورەتری ئایینی لە کوردستاندا هەبوون و بێجگە لە بزاڤی مەکتەب، بۆ خەڵک بە گشتی و لایەنەکانی تر وەک موفتیی گشتی نەبوو و نەناسرابوو. هەروەها، سەبارەت بە ناساندنی مەکتەب وەک بزووتنەوەیەکی ناتوندوتیژ، پێویستە سەرنجی قۆناغە جیاوازەکانی چالاکی و پێگەی سیاسیی مەکتەب و پێوەندیی لەگەڵ ڕژێمی ئیسلامیدا بدرێت. وانەبووە کە هەمیشە ناتوندوتیژ بووبێت، بەڵکو بە هۆی گەیشتن بە چەقبەستووییی سیاسی، چارەیەکی تری نەبوو. ئەو بزووتنەوەش لە سەرەتادا هەڵگری توانستی توندوتیژی بوو. لەڕاستیدا مەکتەب لە بەرانبەر ڕژێمدا ناتوندوتیژ، بەڵام لە بەرانبەر هێزە کوردییەکانی تر کە وەک ڕکابەر سەیری دەکردن توندوتیژ بوو. بۆیە تاڕادەیەکیش بە پاڵپشتیی دەسەڵاتی ناوەندی بەتایبەت لەگەڵ لایەنی چەپی ڕادیکاڵدا، لە بەرانبەر یەکتردا توندوتیژییان نواند. هەم چەکداری هەبوو و هەم داوای دەسەڵاتی زیاتر و چەکوچۆڵی لە ناوەند دەکرد بۆ بەرەنگار بوونەوەی چەپی ڕادیکاڵ و هەروەها زاڵبوون بە سەر بزاڤی سەرەکیی بزووتنەوەی کوردی، واتە ڕەوتی سێکیولار بە گشتی. کاتێک دەستی لە هەڕەشە و بەرەنگاری کێشا کە کەوتە دۆخی لاوازی و بۆیان دەرکەوت کە حکوومەت وەک ئامرازی سیاسی لە گرووپە ئیسلامییەکان کەڵک وەردەگرێت و هیچکام لە ویستەکانیان جێبەجێ ناکات.
هەر لەو پێوەندییەدا خاڵێکی تر ئەوەیە کە کەشێکی سیاسی-ئیسلامی کە مەکتەب لە کوردستاندا پێکیهێنا ناڕاستەوخۆ بووە هۆی کەڵک لێ وەرگرتنی حکوومەت و یارمەتی دا بۆ یارگرتن و ڕاکێشانی هەندێ خەڵکی سادە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە کوردییەکان و لە ئاکامدا، پێکهێنانی رێکخراوی سەرکوتکەری «پێشمەرگە موسڵمانەکان»، وێڕای ڕەتکردنەوەی پێوەندیی ئەو ڕێکخراوەیە لەلایەن کاک ئەحمەدەوە، کە لەو کتێبەشدا باس دەکرێت. ئەو پەڕتووکە وێڕای ئاماژەیەکی کەم، گرنگایەتی بەو کاریگەرییە ناڕاستەوخۆیەی ئەو کەشە نادات کە لە سیاسەتدا زۆر گرنگە. هەروەها گەرچی کاک ئەحمەد کۆچی خۆی و هاوڕێیانی بۆ کرماشان دەبەستێتەوە بە دوورەپەرێزی لە براکوژی، بەڵام ئەگەر وەک لە سەرەتادا خۆی بە دەسەڵاتدار و هاوبەشی حکوومەتی ئیسلامی دەزانی، دەسەڵاتی لەلایەن حکوومەتەوە بپارێزرایە، هیچ دوور نەبوو کە شەڕی ئایدۆلۆجیایی ئیسلام-کۆمونیست کە بە توندی لە ژێر کاریگەریی مەلا شیعەکاندا کەوتبووە داوی، درێژە نەدات و بە پشتیوانیی برا موسڵمانەکانی لە دژی برا کوردەکانی ڕانەوەستێت، وەک لە سەرەتادا وەستا و خۆی خستە بەرەی ڕژێمی ئیسلامی فارس-شیعە تەوەر و متمانەی پێ کرد. کەواتە بارودۆخ و ئاستی دەسەڵاتی مەکتەب لە توندوتیژ بوون و نەبوونیدا کاریگەر بوو.
لە باری تیۆریکیشەوە، بیری سیاسیی کاک ئەحمەد، ئەوەندەش ئاشتیخوازانە نەبووە. لە بیروڕاکانیدا لەسەر حکوومەتی ئیسلامی و شۆڕا باس دەکات کە دەبێت پسپۆڕان و بلیمەتترین کەسانی موسوڵمان بۆ ئەو حکوومەتە هەڵبژێردرێن و دەڵێت ئەوە خەڵکیترین حکوومەتە. بەڵام بەپێچەوانەوە وا نییە و بە دابەزاندنی خەڵک بە گشتی بۆ گرووپێک لە خەڵک و بە سنووردارکردنی حکوومەت بە کەسانی ئایینی و بێبەری کردنی لایەنەکانی تر، مۆدێلێکی نادێمۆکراتیک لە حکوومەت پێشکەش دەکات کە شێوەیەکی تر لە ڕژێمی ئیسلامی و بناخەی توندوتیژی و ناکۆکییە، بەجێی ئەوەی کە مۆدێلێک بۆ پێکەوەژیان بێت.
وێڕای ئەو ڕەخنانە، ئەو پەڕتووکە هەندێک ڕاستی دەردەخات. بەتایبەت ئەو بەشەی کە لێرەدا پێشکەش دەکرێت بە هاسانی دەریدەخات کە کاک ئەحمەد لە سیاسەتدا هەڵەی کرد. وەک خۆی باسی پسپۆڕایەتی لە زانستی ئایینیدا دەکات و لە ئاستی ئەوەدا بووە کە لەگەڵ زانایانی ئایینیی تر لە کاروباری ئایینیدا پێڕەویان لێ کرێت، لە سیاسەتیشدا دەبا پسپۆڕایەتیی ڕەچاو کرایە. دیارە کاک ئەحمەد پسپۆڕی سیاسی و شارەزای سیاسەت نەبوو. بۆیە باشتر دەبوو کە وەک ئەرکی مرۆیی-نەتەوەیی لەو بوارەدا پێڕەوی کردبایە لە پسپۆڕانی سیاسی و ئەوانەی کە خاوەن ئەزموون بوون و لە کێشەی نەتەوەییدا ببوایەتە پاڵپشتی ڕێبەرانی سیاسیی ئەو سەردەمەی کورد، تاکو تووشی تاکڕەوی و لە ئاکامدا قوربانی کردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی نەبێت. بێ گومان بوونی کاک ئەحمەد لە بەرەی کوردیدا و لە لێژنەی ڕێبەرایەتیی کوردستاندا، دەیتوانی هاوسەنگییەکە بگۆڕێت و زیاتر بە قازانجی کوردستان بێت. کەسایەتییە گەورەکان، وەک کاک ئەحمەد، تەنیا هی خۆیان نین و بەرپرسیارێتییان زیاترە و زیانی هەڵەی سیاسیشیان زۆر کاریگەرترە. لەم ئاستەدا دادوەری لەسەریان ئیدی لە ئاستی ڕەوشتی تاکەکەسی تێدەپەڕێت و بە پێی ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی گشتیی کوردستان، لەسەر کەسایەتییان دادوەریی دەکرێت. ڕەچاوکردنی ڕەوشت لە ئاستی گشتیدا زۆر گرنگترە لە ڕەوشت لە ئاستی تاکەکەسیدا. بۆیە دەبوا بە ڕاوێژ (کە ئەرکێکی ئایینیشە) لەگەڵ باشترین پسپۆڕان و شارەزایانی سیاسەت و پێکەوە پرسەکانیان تێپەڕاندایە کە بەداخەوە لە ڕێبازی کاک ئەحمەددا، ئەو ڕەوشتە سیاسییە نەبینرا. ئەم وتارە بە جۆرێک ئەو ناکارامەییە سیاسییەی ڕێبەرایەتیی کاک ئەحمەد و مەکتەب و هەڵەی سیاسیی ئەوان پیشان دەدات. دەریدەخات کە کاک ئەحمەد چەند ڕەحەت بڕوای بە سیاسەتوانە شیعە-فارسەکان کردبوو و ئەوەی پێشبینی نەکردبوو کە ڕەنگە کڵاوی سیاسیی لەسەر نێن. گەرچی لە ئاکامدا بەوە گەیشت کە نەدەبوو باوەڕی پێیان بکردبایە، بەڵام خۆتەوەری لە جێی ڕاوێژ و کەڵک وەرگرتن لە ئەزموون و زانستی دیتران، هەموو دەرفەتەکانی لێ سەند و حکوومەت کاتی پێ کڕین. لەکاتێکدا کە ئەوانەی شارەزایی و ئاگاییی سیاسییان لەسەرەوە بوو بە هاسانی لە مەبەست و سیاسەتی حکوومەت تێدەگەیشتن و بڕوایان پێ نەدەکرد.
هەرچۆنێک بێت، وێڕای دەسپێکێکی ناسەرکەوتوو و هەبوونی ئەزموونێکی تاڵ لە سیاسەتدا، مەکتەب قورئان جێگە و پێگەی خۆی لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەیە. بە ڕای نووسەری پەڕتووکەکە، مەکتەب لە پاش قۆناغی سەرەتایی و لە ئێستادا ئەدی چارەسەری کێشەکانی ئێران و کوردستان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئیسلامیدا نابینێت. وەک گروپە کوردییەکانی دیکە، خۆی لە ڕێگای سەرکوتی ئازادی لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە پێناسە دەکات. باسی هەڵاواردنی ئایینی و نەتەوەیی و مافی دیاریکردنی چارەنووس دەکات و لەو پێناوەدا بە شێوەی ناتوندوتیژ چالاکی دەنوێنێت. بۆیە لە داهاتوودا بە هەبوونی بیر و ڕوانگەی سیاسیی کراوەتر و نەتەوەییتر، دەتوانن بە پێچەوانەی ڕابردوو، بەشێک لە بەرەی کوردستانی بن و وێڕای خاوەن ڕا بوون لە بواری ئایینی بەتایبەت لە چەشنی چاندی، لە هەڵوێستی سیاسیی بەکۆمەڵی کورد پشتگیری بکەن و تێیدا بەشدار بن و باشترین هەڵوێستی سیاسی پێڕەو بکەن و بەپێچەوانەی سەرەتای شۆڕشی 1979، وەک کاک ئەحمەد خۆی دەڵێت نەبنە داری دەستی دوژمنان: «لاوی کوردم خۆت نەکەیتە داری دەستی دوژمنت/ دوژمنت نەتباتە مەیدان بۆ برای خۆ کوشتنت». دیارە گەر هەموو لایەنە کوردەکان لە پێش هەر ئایدۆلۆجیایەک، بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە ئاڕاستەی مرۆڤایەتیدا ڕەچاو بکەن و لە پشت یەکتر دەبن، دوژمنیان باشتر دەناسن و نابنە داری دەستی. ئەگەریش شەڕی ئایدۆلۆجیا بکەن و بەپێچەوانەی نەتەوەکانی تر بەرژەوەندیی کۆمەڵگای خەیاڵیی موسڵمانان و چەپەکانی تەواوی جیهان بخەنە پێشەوە، ئەوا بە ساکاریی دەبرێنە گۆڕەپانی برای خۆ کوشتن.
هەواڵ لە تارانەوە
لە 1978دا، ناوە بە ناوە هەواڵی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دژی ڕێژیمی شا لە شارەکانی سەرانسەری ئێران زیاتر بە شێوەی بەردەوام دەبیسترا. گرووپە خوێندکارە چەپگەراکان بە ئاشکرا دەستیان کرد بە ڕێکخستنی کۆبوونەوەی جیاجیا لە پێتەخت، کە دواتر لە شکڵی کۆبوونەوەی سیاسی و شەوە شێعری دژەشا و دژەئیمپریالیزمدا پەرەیان سەند. پڕۆسەی بەردەوامی دەستبەسەرکران و ئەشکەنجەکردنی جیابیرە گومانلێکراوەکان لە لایەن ساواکەوە، ترس و تووڕەییی بەربەرینی بەدواوە بوو. لە ژانویەی هەمان ساڵدا، خوێندکارانی حەوزەی عیلمیە لە پێتەختی مەزهەبیی ئێران، قومدا، خۆپیشاندانی بەرینیان بە دژی دەوڵەتی پاشایەتی وەڕێخست. هۆکاری ئەم ناڕەزایەتییانە وتارێک بوو کە بە ناوی خوازراوەوە بڵاو کرابووەوە (کۆدی ئاسایی بۆ ساواک) کە ناوی مەلایەکی ئێرانیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتی کە تا ئەوکاتە کەمتر ناسراو بوو، ئایەتوڵڵا خومەینی، کە لە خۆشەویستیدا پێیان دەگوت ئیمام (واتە ڕێبەر) بە نۆکەری بێگانە هێنابوو. دەوروبەری بیست کەس لە خۆپیشاندەران کوژران، کە سەرەڕای مشتی ئاسنینی بەردەوامی دەوڵەتەکە، بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان. ڕێوڕەسمی ناشتن و پرسەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا بوو لە قوم بوو بە هەوێنی ناڕەزایەتیی دیسان گەورەتریش و خۆپیشاندانی زۆر گەموگوڕی دیکەی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا لێ کەوتەوە کە تا بەهاریش درێژەیان هەبوو.
هاوینی 1978 ئارامییەکی کەمی بەخۆیەوە بینی کە هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەی شا بە ڕادەیەکی بەرچاو لە سانسۆری کەم دەکردەوە و ئاڵوگۆڕی بەرچاوی لە ئەندامانی پایەبەرزی ساواکدا پێکدەهێنا. لە کاتێکدا هەر 40 ڕۆژ جارێک، هەزاران ناڕازی لە زۆرێک لە شارە گەورەکانی ئێراندا کۆ دەبوونەوە، کاتێک خۆپیشاندانەکان لەگەڵ مانگی شینگێڕانی شیعە هاوکات بوو، ژمارەی خۆپیشاندەران دەستی کرد بە کەم بوونەوە. ئەمە تا 19ی ئاگۆست، ئەوڕۆژەی کە زۆرێک لەو بڕوایەدان ڕۆژێک بوو کە بوو بە هۆی ئەوەی شۆڕشی ئێران گەڕانەوە بۆ دواوەی بۆ نەبێت. لە شاری باشووریی ئابادان، سینەمایەک بە ناوی سینەما ڕێکس ئاگری تێبەردرا. پتر لە 400 کەس تێیدا مردن و ئەمەش بووە یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵکوژییەکانی دەرەوەی شەڕ لە مێژووی جیهاندا. لە کاتێکدا ئێستا ئیدی لە ئاستێکی جیهانیدا ئەو بۆچوونە هەیە کە ئەوە کاری شۆڕشخوازە ئیسلامگەراکان بووە، ئایەتوڵڵا خومەینی، لە بنکەکەی لە نەجەفی عێراقەوە، تاوانی ئاگردانەکەی خستە ئەستۆی ساواکەوە. ئەم تاوانبارکردنە بووە خاڵی سەرنجی خۆپیشاندەران. بە زوویی، خۆپیشاندان بەرینتر بووەوە و سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئێران بە پشتیوانی لەو تاوانبارکردنە هاتنە سەر شەقامەکان. شا لە 8ی پێستامبردا، هەنگاوێکی پێشترنەبینراوی هەڵگرت و یاسای سەربازیی لە تاران ڕاگەیاند (هەروەها لە چەند شاری دیکەیشدا). کاتێک هەزاران خۆپیشاندان بە نیشانەی مل نەدان بە حکوومەتی نیزامی دەرکەوتن، بێسەروبەرەیی لێ کەوتەوە. دەیان خۆپیشاندەر لە هێرشی تونددا کوژران کە بە بەرینی شەرمەزار کرا، تەنانەت شا بۆ خۆیشی بە نابەدڵی مەحکوومی کرد. ئایەتوڵڵا خومەینی لە تاراوگەوە ڕایگەیاند کە هەزاران کەس بە دەستی سوپای شا شەهید کراون. ڕێکەوتی 8ی سێپتامبری 1978 بە هەینیی ڕەش ناوزەد کرا. ڕێژیمی شا گڵۆڵەی کەوتە لێژییەوە.
کاتێک ناڕەزایەتییەکانی تاران، تەورێز، مەشهەد و قوم گەیشتنە کوردستان و سنە، تەرکیزی زۆریان لەسەر کرا و خەڵک هاودەنگ بوو لەگەڵیان. خەڵکی کورد بە شێوەی سروشتی هاوسۆز بوون بەرامبەر ئامانجی خۆپیشاندەران و بۆچوونی گشتیی ڕیفۆرم و تەنانەت گۆڕینی ڕێژیم لە ئێراندا. هەستی لە لایەن زۆربەی خەڵکەوە هەبوو کە دەیگوت ڕێژیمێکی نوێ لە ئێراندا لەکۆتاییدا بە مانای مافی زیاتر بۆ خەڵکی کوردیش دەبێت. بەڵام جیاوازییەکی لە هەستی شۆڕشخوازانەی خەڵکی کوردستان و باقی ئێراندا هەبوو. لە کوردستاندا، فەزایەکی زیاتر کرداری و کەمتر سەرخۆشانە لەئارادا بوو، کە ڕووداوەکانی پاشتر نیشاندەری ئەم ڕاستییە بوون. بە پێچەوانەی شۆڕشخوازەکانی باقیی ئێران کە پشتیوانییان لە ئامانجی بەرزەفڕانەی وەک نەمانی نفووزی ڕۆژئاوا لە ئێران و دابەش کردنی سۆسیالیستیی سامانی وڵات دەکرد (تەنانەت لە لایەن ئەو ئیسلامییانەوە کە وتەبێژییەکی سوسیالیستی ـ مارکسیستییان کردبووە پیشەیان)، کوردەکان شۆڕشەکەیان لە ڕوانگەیەکی پێگەی پلە دووهەمی مێژوویی ئیتنیسیتەی خۆیانەوە دەبینی.
کاتێک هەواڵی زیاتر لە ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری ئێراندا لە کوردستان بڵاو بوووە، زۆرێک لە گرووپە خوێندکارییەکان لە سنە دەستیان کرد بە کۆبوونەوەی ناڕەسمی و زیاتر ئاشکرا بە دژی شا، گرووپگەلێک کە بە هۆی ناسەقامگیری لە شوێنەکانی تردا دنە درابوون. هەواڵەکانی چەندین نموونەی ئاگردان و بەردباران کردنی دامودەزگای دەوڵەتی لە لایەن هاوڵاتییان لە کوردستاندا بە نێو جەماوەری سنەدا بڵاو بوونەوە. زۆربەی چالاکییەکان لە کوردستان، لەم قۆناغەدا بە شێوەی فەرمی ڕێکخستنیان بۆ نەکرابوو. هەروەها، جگە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە هێشتا حیزبێکی قەدەغەکراو لە ئێراندا بوو، هێشتا هیچ گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی دیکە لە کوردستاندا نەبوو کە ناسرابێت یان چالاک بێت.
سەرەڕای ڕەخنەی ئاشکرای لە ڕێژیمی شا، موفتیزادە بە پێی ڕاپۆرتەکان بەرامبەر ئەو بۆچوونەی کە شۆڕش خەریک بوو ڕووی دەدا، نیگەران بوو. دەیگوت: «ئێمە بە ئەندازەی پێویست باڵغ نین. ئێران ئامادە نیە. ئێمە (کوردەکان) ئامادە نین.» موفتیزادە تەنیا کەسێکی دیار لە سنە بوو کە بە ئاشکرا ڕەخنەی لە ڕێژیمەکە گرتبوو و ئاماژەی بە کەم بوونەوەی تەمەنی کردبوو، کەوابوو وەها هەستێک بۆ زۆرێک بە نابەوەخت و بە ڕادەیەک نابەختەوەرانە لەقەڵەم دەدرا. سەرەڕای هەستی خۆی لە بارەی ئامادەییی کۆمەڵگاکەی بۆ گۆڕانکارییەکی سیاسی لە ڕادەی گەورەدا، ناوبراو هەستی بە پێویستیی پشتیوانی لە داواکارییەکانی خەڵک کرد. یەکێک لە ناسیاوەکانی وەبیر دێتێتەوە کە «بۆچوونی ئەوە بوو کە ویستی خەڵک ئەوی ناچار دەکرد بە پێچەوانەی ویستی خۆی، دەرگیری ڕووداوەکان بێت». ئەگەر موفتیزادە کەسێک بوو کە بەپێچەوانەی ویستی خۆی پەڕییە نێو قۆناغی داهاتووی ڕووداوەکان بەبێ ئەوەی خۆشبین بێت، بەڵام بەشدارییەکەی مەبەستێکی ڕوونی لە پشت بوو.
لە ئاگۆستی 1978دا، ئەو گومانە زیاتر و زیاتر دەبوو کە ساواک خەریک بوو بە شێوەیەکی چالاکانە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە دژی یەکتر هان بدات تا لەم ڕێگایەوە، یەکیەتییی نێو ڕێزی خۆپیشاندەران لاواز بکات. هەڵوێستێک کە شا لە حەوتووەکانی پێشتریدا بە ئاشکرا دەریبڕیبوو (ئەوە کە ئەگەر ڕێژیم بڕووخێ، ئێران دەبێتە «ئێرانستان» و پارچەپارچە دەبێت)، پەرەی بەم گومانانە دابوو. دانیشتووانی سنە وەبیریان دێتەوە کە لە مانگەکانی ئاگۆست و سێپتامبردا تراکتیان بینیوە کە تێیاندا ڕاگەیەندرابوو شارەزایانی شیعە لە قوم ڕایانگەیاندووە کە سوننییەکان لە کوردستان موسوڵمان نین. ئەم پەیامە بە خێرایی لە کوردستاندا بڵاو بووەوە کە بۆ زۆرێک مانای ئەوە بوو کە ساواک دەستی لە پروگانداکردن بەمەبەستی پێکهێنانی دووبەرەکی لە ئەدەبیاتی لایەنەکاندا هەبوو، تیۆرییەکی پیلانگێڕی کە گرینگیی خۆی پەیدا کرد. خەڵک باسیان لە «سەرچاوەی بێ ناونیشان» دەکرد کە پێشبینیی هێرشێکی لەناکاوی پۆلیسی نهێنیی شایان لە کوردستاندا دەکرد. دەنگۆکان زیاتر و زیاتر دەبوو بە جۆرێک کە دەیان کەس چوونە لای موفتیزادە و پرسیان لێ کرد داخوا ناوبراویش ئەو دەنگۆیانەی بیستووە و بۆچوونی لەسەر ئەو ئەگەرە چیە. تا ڕادەیەک لەم کاتانە بوو کە ناوی موفتیزادە وەکوو جۆرە وتەبێژێکی خەڵکی سنە چووە ناو ئەو وتارانەی کە لە لاپەڕەکانی ناوەوەی ڕۆژنامە ئێرانی و بیانییەکان بڵاو کرانەوە. پەیامی موفتیزادە ڕوون بوو: «وشیار بن، یەکگرتوو بن و دژی هەر جۆرە دووبەرەکییەک لە نێو خۆتان (کوردەکان) و موسوڵمانەکانی تر (شیعەکان) ڕابوەستن».
هەروەها لەو کاتەدا بوو کە گرووپێک کە بە کەمی دەناسرا و بە خۆیان دەگوت کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و داوایان لە حەشیمەتی کوردستان کرد کە «بە دەنگ بانگەوازی پیاوی ژیری خواوە بڕۆن»، مەبەستیان موفتیزادە بوو. ئێمە دەزانین کە ئەم گرووپە پێشەکیی کۆمەڵە لە سنە بوو. کۆمەڵە لەو قۆناغەدا شتێکی ناسراو نەبوو، سەرەڕای بانگەشەکانیان کە دەیانگوت دە ساڵ پێشتر دامەزراون. بەپێی وتەی عەبدوڵڵا موهتەدی، گرووپەکە هێشتا بە نهێنی چالاک بوو و بە مەبەستی لەمەترسی نەخستنی بوونیان بە ئاشکرا پلاتفۆرمی گشتیی خۆیان ڕانەگەیاندبوو، لە هەمان کاتدا ئەو ئیدیعایەش کرابوو کە ئەوان لە ماوەی دەیەی پێشتریدا ژمارەیەک لە ئەندامانی خاوەن ڕێزی کۆمەڵگای کوردییان کردبووە ئەندامی خۆیان. ئەم کەسانە لە گرووپی جیاجیای کۆمەڵگای مەدەنیی پێکهاتوو لە چینوتوێژی جیاواز وەکوو گرووپی کرێکارانی زەحمەتکێش پێکهاتبوون. ئەو ڕاگەیەندراوەی کە پشتیوانیی لە ئەحمەد موفتیزادە دەردەبڕی، وا لێکدەدەرێتەوە کە یەکەمین ڕاگەیەندراوی لەدایکبوونی گرووپی کۆمەڵەیە.
جـــــۆرە هەستێکی ڕەزامەندی و یەکگرتوویی، ئاوێـتە لەگەڵ دڵەڕاوکێ لە سنەدا هەبوو و کاتێک لە مانگی ئۆکتۆبردا، کەشوهەوا خەریک بوو ساردتر دەبوو، ئەو تێگەیشتنە لە سنەدا جێی گرت کە هێزەکانی دەوڵەت زەحمەتە دەست بکەن بە ڕەشبگیری لە نێو چالاکاندا. بۆ زۆرێک لە خەڵک، ئەمە وەکوو سەرکەوتنێک بۆ خەڵکی کوردستان لەقەڵەم درا. خەڵک توندوتۆڵتر بوون. شۆڕشی ئێرانی بە فەرمی لە کوردستان دەستی پێکردبوو.
وتاردان لە مەیدانی ئیقباڵدا
لە شاری مهاباد، یەکێکی دیکە لە شارە گەورەکانی کوردستان، یەکێکی دیکە لە ڕێبەرانی ئایینی ئاگری شۆڕشەکەی دەگەشاندەوە: شێخ عیزەدین حوسێنی. شێخ عیزەدین کە نزیک دە ساڵ پێش شۆڕشەکە وەکوو بەرنوێژی هەینیی شارەکە دیاری کرابوو، ئێستا ئیدی زیاتر وەدەرکەوتبوو و ببووە پشتیوانی پرسی تایبەتی مافەکانی کورد. بە پێچەوانەی ئەو شێخانەی سەرەتای بزووتنەوە ئیسلامی ـ نەتەوەییەکانی کوردستان کە پێشتر ئاماژەمان پێداون، شێخ هەست و داخوازییە نەتەوەییەکانی خۆی لە وتار و سەمبولیزمی ئایینیدا زۆر زەق نەکردەوە. ناوبراو دیسکۆرسێکی دێموکراسی و خودموختاری بۆ کەمایەتییەکانی نێو ئێرانی ڕەچاو کرد.
موفتیزادە و شێخ عیزەدین پەیوەندیی دۆستانەیان هەبوو. «شێخ عیزەدین سەردانی موفتیزادەی دەکرد و موفتیزادەش دەچێتە سەردانی شێخ. لە 1976دا، کاتێک موفتیزادە لە مهاباد بوو، لە لای شێخ عیزەدین مایەوە. ناوبراو دواتر هانی عیزەدینی دا تا خۆی لە شا دوور بخاتەوە»، تەرجیحێکی سرووشتی بۆ کەسێک کە خۆی بەوە جیا کردبووە کە وازی لە پۆستی بەرزترین موفتی دانراو لە لایەن شاوە هێنا. بەڵام شێخ عیزەدین لەو کاتەدا، سەرەڕای هەستە نەتەوەییەکانی، ڕۆڵی خۆی وەکوو کەسێکی سیاسی نەدەبینی. پاش ئەوەی شا ئێرانی بەجێ هێشت و شۆڕشەکە سەرکەوتوو بوو، شێخ عیزەدین بوو بە یەکێک لە خۆشەویستترین کەسایەتییەکانی کوردستان. لە هەمان کاتدا، لە ماوەی مانگە سەرەتاییەکانی شۆڕش، شێخ کە هێشتا بە دەست ئەوە دەیناڵاند کە لە لایەن شاوە دیاری کرابوو، خۆشەویستییەکەی کەوتە ژێر سێبەری خۆشەویستیی موفتیزادەوە. لە بەرەبەری ساڵی 1979دا، خەڵکێکی کەم لە سنە لە بیریانە کە ناوی شێخیان بیستبێت یان ئاگاداری ئەو خۆپیشاندانە بچووکانە بووبن کە شێخ ساڵی پێشتری لاوانی کوردی ڕێبەری کردبوو. «ئەوە موفتیزادە بوو کە شۆڕشخواز بوو»، ئەمە بیرەوەریی کەسێکە. بەڵام ئایا ئەو ئیمکانە هەبوو کە ئەوانەی زیاتر لە کەمپی موفتیزادەدا چالاک بوون، لەبەر ئەوەی لە چالاکییەکانیاندا زیاتر لەگەڵ کەسانێکی تایبەت هاتوچۆیان هەبوو، ئاگایان لە مارکسیستەکان یان پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نەبووبێت؟ لەبەر ئەو شوێنەی تێیدا دەژیان و ئەوەی دەیانویست بیبیستن؟ وەڵامەکە تا ڕادەیەک لۆژیکییە. «لە ماوەی شۆڕشەکەدا، هیچ نهێنییەک لەو بارەیەوە نەبوو کە کێ چالاک یان خۆشەویست بوو و کێ نەبوو. هەر کەسێک کە توانیبای پشتیوانیی خەڵک بۆ لای ئامانجەکانی ڕابکێشێت یان داوا لە خەڵک بکات برژێنە سەر شەقامەکان، خۆی نەدەشاردەوە. هەموویان هەوڵیان دەدا. ئێمە باسی ئەو کۆبوونەوانەمان بیست کە کۆمۆنیستەکان جارجارە دەیانگرت. بەڵام هیچکات زیاتر لە 200 کەس نەبوون. ئێمە لە کوردستان دەژیاین، ئێمە لە مەیدانەکەدا بووین، ئەمە ڕوون بوو».
لە سەرانسەری ئێراندا، مانگرتنی گشتی لە سێپتامبری 1978دا کە ئیفلیجکەر بوو، بووە تەواوکەری خۆپیشاندانە توندوتیژەکان. لە سەرانسەری کوردستاندا، خۆپیشاندان ئەمجارە هەر حەوتوو لە ئارادا بوو. هەواڵی جۆراوجۆر لە بارەی ئەو گرووپی لاوانەی کە لە ورمێ ڕاپەڕیبوون و دواتر ئەو خۆپیشاندان و دەستبەسەرکرانەی لە پاوە ڕوویان دا، گەیشتە گوێ. لە مهاباد، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پێی ڕاپۆرتەکان لە دەورووبەری شارەکەدا هێرشیان کردە سەر هێزە حکوومەتییەکان. لە تاران و ژمارەیەکی زۆر لە شارەکان لە سەرانسەری ئێراندا، سوپای شا لە بەرامبەر سەرهەڵدانی خەڵکدا حەپەسابوو، شتێک کە هەیەجان و هاوکات نیگەرانیی لە کوردستان لێ کەوتەوە.
لەو کاتانەدا، لە سنەدا و لە سەرانسەری شوێنە بەرچـــــــاوەکانی کوردستاندا، خۆشەویستیی موفتیزادە زیاتر بوو. یەکێک وەبیری دێت و دەڵێت: «کەس لەو کاتەدا خۆشەویستییەکەی ئەوەندەی ناوبراو نەبوو. ئەو تەنیا کەسێک بوو». لە ئۆکتۆبری 1979دا، موفتیزادە بە مەبەستی کەڵک وەرگرتن لەم خۆشەویستییەی، لە مەیدانی سەرەکیی شاری سنە، مەیدانی ئێقباڵدا، خۆپیشاندانێکی ڕێک خست. بڕیار بوو ئەو شوێنە ببێتە مەیدانێک بۆ خەڵک کە دەنگی بەرهەڵستکارییان دژی ڕێژیمەکە هەڵبڕن و ڕێبەرانی جیاجیا تێیدا لە بارەی یەکگرتووییی کوردەکانەوە بدوێن، بەڵام کاتێک دەنگۆی لە باقیی کوردستان بڵاو بووەوە کە ڕووداوێکی وا خەریکە بەرنامەڕێژیی بۆ دەکرێت، ناوی «خۆپیشاندانی ئەحمەد موفتیزادە»ی لەسەر دانرا. تاکەکان لە سەرانسەری کوردستان بەرنامەیان دانا بچنە سنە و لە خۆپیشاندانەکەدا بەشداری بکەن. شێخ جەلال، برای شێخ عیزەدین لە بانەش تێدا بەشدار بوو. بەپێی هەڵسەنگاندنی بناژۆخوازەکان، لە نێوان دە تا پانزدە هەزار کەس تێیدا بەشدار بوون. ئەمە تا ئەو کاتە گەورەترین کۆبوونەوەی کوردستانی پێش شۆڕش بوو. پاش ئەوەی چەندین کەس بەرهەڵستکاریی خۆیان بەرامبەر شا و پێویستیی یەکگرتوویی لە کوردستان دەربڕی، موفتیزادە چووە سەر سەکۆ.
موفتیزادە بەپێی ڕاپۆرتەکان تەنانەت لەوانی دیکە توندتر و بۆ ماوەیەک زیاتر دوا. ئەو باسی پێویستی دانانییاسایەکی بنەڕەتی و سڕینەوەی دەسەڵاتی سەرەڕۆ کرد. هەروەها هاوکات کە باسی پێویستی بۆیەکگرتوویی و دژبەری بەرامبەر توندوئاژۆیی لە کوردستان کرد، بۆچوونی خۆیبە پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی دەربڕی.
لە کاتێکدا گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی جیاجیا کە خاوەن ڕوانگەی جۆراوجۆر بوون، بە هۆی خۆپیشاندانی سەرانسەریی ئێرانەوە نێویان دەهاتە نێو هەواڵەکانەوە، موفتیزادە بە ئەگەری زۆرەوە بە هۆی جۆراوجۆریی ئەو هەواڵانەی لە ناوەندە ئایینییەکانی ئێرانەوە دەهاتنە دەرەوە، بەهێزتر بوو. لەم کاتەدا، ئایەتوڵڵا خومەینی ئیدی لە دەرووبەری پاریس (نۆفێل لۆ شاتۆ) نیشتەجێ ببوو و خەریک بوو هەواڵەکانی بە خەستی لە لایەن ڕاگەیەنە بیانییەکانەوە ڕووماڵ دەکرا. بانگەوازی خومەینی بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی شا بە خێرایی دەبووە خاڵی وەرچەرخانی شۆڕشەکە و موفتیزادە هان درا کە دامەزرانی دێموکراسییەکی ئیسلامیی بەرینتر، لەسەر بنەمای سیستمی شۆڕاییی یەکدەنگی، دەکرا ببێتە ڕاستییەک. ئەوەندەی کە ئێمە دەزانین، موفتیزادە لەم خاڵە مەزەنییەدا پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هیچکام لە شۆڕشخوازەکاندا نەبوو. تەنیا پەیوەندیی ناوبراو لەگەڵیان لە ڕێگەی مزگەوتی سەرەکیی شیعەکان لە سنە، حوسێنییەی مەسجێدی، و بەڕێوەبەری حوسێنییەکە، شێخ عەلی سەفدەرییەوە، بوو. سەرەڕای ئەمەش، ئەم پەیوەندییە بە ڕادەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر بۆچوونی ناوبراو لەسەر دەوڵەتی ئیسلامی نەبوو. لەم قۆناغەدا، موفتیزادە لە وتاربێژییەکانیدا لە «کۆماری ئیسلامی» کەڵکی وەرنەدەگرت و زیاتر باسی چەمکە گشتییەکانی دەکرد.
یەکەم جار، ویستە سیاسییەکانی موفتیزادە بە ئاستێکی بەرزدا بۆ شارێک دەگوتران تا لێیان تێبگا. بە پێچەوانەی شەپۆلی هاودەردی دەربڕین لەگەڵ ئیسلامگەرایی «دێموکراتیک»، کە پشتیوانیکردن بوو لە گۆڕینی ڕێژیم لە ئێراندا، بەشێک لە دانیشتووانی کوردی سنە لەگەڵ هەڵوێستەکانی موفتیزادە ڕاحەت نەبوون. کاتێک قسە و دەقی وتەکانی لە مەیدانی ئێقباڵدا لە ناوچەکەدا بڵاو بووەوە، ئەو تێگەیشتنە کە پێی وابوو کە موفتیزادە، سەرەڕای ئەوەی پیاوێکی ئایینیە، لە بنەڕەتدا ناسیۆنالیستێکی کوردە، گۆڕا. بەتایبەتی، دامەزرێنەرە لاوە مارکسیستەکانی کۆمەڵە (کە هێشتا وەکوو زەحمەتکێشان دەناسران) دژی بۆچوونی ئایینی لە کۆمەڵگادا بوون، با ئیدی دەوڵەت ڕاوەستێ. چاوەدێرێک دەنووسێت: «ئەوان ڕاستیان دەکرد. ئەم ئایدیۆلۆژییانە دوو بەرەی دژ بەیەک بوون. ئەو (موفتیزادە) لەگەڵ جۆرێک حکوومەتی ئیسلامی هاوڕا بوو.» لە هەمان کاتدا، هەر وەک چۆن لە باری مێژووییەوە بینیومانە، کۆمەڵگای کوردی بە گرێدانی مافە سەرەکییەکان بە مەنشووری ئیسلامەوە ڕاهاتبوو. وتاربێژییەکەی مەیدانی ئێقباڵ لە لایەن زۆربەی خەڵکەوە بە لێدوان لەدژی شا لێکدرایەوە و بە جۆرێک کە ڕووداوەکانی دواتر نیشانیان دا، زەبری لە خۆشەویست بوونی موفتیزادە نەدا. جیاوازیی نێوان دەیەکانی پێشوو و ساڵی 1979 کە تێیدا ناسیۆنالیزمی کوردی بە شێوەیەکی بەرچاو باڵای کردبوو، ئەوە بوو کە نها بەشگەلێکی قاڵبووی کۆمەڵگا هەبوون کە دژی سەمبۆلیزمی ئیسلامی بوون. لەم قۆناغە هەستیارەدا، لە کۆتایی 1979دا، ئەم کەس و گرووپانە دەستیان کرد بە سووک نیشاندانی پاوان کردنی ڕێبەری لە لایەن موفتیزادەوە. هەر لە سەرەتاوە، کۆمەڵە، یەکێک لەو گرووپانە بوو. پاش ئەوەی لە نوامبری 1978دا دەوڵەتی سەربازی لەسەر کار دانرا، مانگی پیرۆزی موحەڕەم کە پڕاوپڕە لە مانای گیانبازی و سەرکوت لە مێژووی ڕووداوەکانی شیعەدا، گەیشت. لە دیسامبردا، میلیۆنان خۆپیشاندەری ئێرانی لەسەر شەقامەکان بوون. زۆربەی سەرنجی سوپای شا لەسەر تاران و شارە گەورەکانی دەرەوەی کوردستان بوو. گرووپەکانی ئۆپۆزیسۆن لە تەواوەتیی خۆیاندا هێزیان گرت، لەوانە ئەو گرووپانە لە کوردستان بوون. کاتێک لە لایەکەوە موفتیزادە دەستی کرد بە بانگەشە بۆ دیسکۆرسێکی جەماوەری کە دەوڵەتێکی دروست لە بڕوای ئەودا چۆناوچۆنە، لە لایەکی دیکەوە لایەنگرانیان دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی کورتەباسەکانی موفتیزادە لەسەر قسەکانی لەسەر دەوڵەتی ئیسلامی، حیزبەکانی دیکە لە کوردستان دەستیان کرد بە قۆستنەوەی شەپۆلێکی بەرتەسکتری ناڕەزایەتی بەرامبەر ئیدەی دەوڵەتی ئیسلامی و بەهێزکردنی ئەو ئیدەیە. درووشمی دژەئیسلامی لەسەر دیواری ماڵەکان لە سنە لە پڕا دەرکەوتن، لەوانە لەسەر دیواری ماڵی بنەماڵەی موفتیزادە. لەسەر دیوای ماڵی براکەی موفتیزادە کە جێگەی ڕێزی خەڵک بوو، نووسرابوو «هیچ خوایەک بوونی نیە، بەڵام خوا… ماوەی بەسەرچووە». دیسانیش، وا دەردەکەوت کە ئەوە موفتیزادەیە کە شانسی زیاتری هەیە.
لە کۆتاییەکانی ئەو مانگەدا، کاتێک دوو مامۆستای ئایینی و چەند کەس لە قوتابییەکانیان لە سنە لە لایەن ساواکەوە دەستبەسەر کران، موفتیزادە داوای مانگرتنی لە بەردەم مزگەوتی جامیعەی سنەدا کرد. لە پێشوازی لە بانگەوازەکەیدا، سەرەڕای کەشوهەوای زۆر ساردی مانگی نوامبر، هەزاران شارۆمەندی سنە ڕێگەی مزگەوتەکەیان گرتە بەر. ئەوان بەڵێنیان دا هەتا ئازادیی ئەو کەسانە لە مزگەوتەکەدا بمێننەوە. لە پاش چەندڕۆژدا، زیندانییەکان ئازاد کران و موفتیزادە سەرکەوتنی ڕاگەیاند. بە بڕوابەخۆبوونەوە وتی: «دەوڵەت ناڵێ چۆن بوو بڕیاری ئازادکردنیانی دا، بەڵام وا دیارە ناچار بەو کارە بووە. مانگرتووەکان کە لە سەرکەوتنەکەیان سەرمەست ببوون، بڕیاریان دا درێژە بە مانگرتنەکەیان بدەن.ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکایی بەم جۆرە ڕووداوەکان کورت دەکاتەوە:
«وا دیارە بەرپرسانی ناوچەکە لەبەر ترسان لە دنەدانی عەشیرەتە کوردییەکان کە حەشیمەتیان سێ میلیۆن و نیو بوو و هەروەها ترسان لە ئەگەری زیندووکردنەوەی نەریتی شەڕڤانانەیان، بڕیارن داوە ملکەچی داخوازییەکان بن… لە کاتێکدا موفتیزادە جەختی کردەوە کە کوردەکانی ناوچەکە نایانهەوێ بشێوییەکان بقۆزنەوە و دەوڵەتی جیای خۆیان لە ئێران دابمەزرێنن… بەرهەڵستکارانی شا لە سنە بە گشتی وا دیار بوو خۆیان لە توندوتیژیی جەماوەری کە هەر لە سەرەتای ساڵدا دەیان شار و شارۆچکەی ئێرانی گرتبووەوە، نادەن… موفتیزادەی 42 ساڵە کە ئیدیعای وتەبێژیی کوردە سونییەکانی دەکرد کە پێکهێنەری دوو لەسەر سێی حەشیمەتی کوردی ئێران بوون، وتی کە پشتیوانی لە «بەرخۆدانی پاسیڤ» و مانگرتنی ئاشتیخوازانە بە دژی دەوڵەت دەکات».
موفتیزادە لە لێدوانەکانی بۆ لایەنگرانی خۆی و ڕاگەیەنەکان زۆر ڕوون بوو، «رق»ی خۆی لە دەوڵەتی سەربازیی دانراو لە لایەن شاوە دەربڕی و خوازیاری گۆڕانکاریی قووڵی دێموکراتیک بوو. ڕۆژنامەنووسە ئەمریکاییەکە دەبینێت کە «لە ئێستادا، ژمارەیەک لە پەیڕەوانی لاوتر و کەمتر بناژۆخواز دەیانهەوێ لەگەڵ ئەم جۆرە ناڕەزایەتی دەربڕینە بن تا خۆیان لە توندوتیژی لابدەن». چاودێرێکی ڕووداوەکان دەڵێ: «گەر ئەم ڕێگەیە سەرکەوتوو نەبێت، دەست دەدەینە چەک». لە ڕاستیدا، بە پێچەوانەی ڕەوتی یارییەکە و دەکرێ بگوترێ بە شێوەیەک کە سەرسوڕمانی زۆرینەی لێ کەوتەوە، هەندێ لاو جار جار لە کاتی مانگرتنەکەدا خۆیان دەکرد بە مزگەوتەکەدا و گاڵتەیان بە مانگرتووان دەکرد و درووشمی دژەئاینییان دەگوتەوە. پێڕەوانی موفتیزادە دەستبەجێ ئەم لاتولووتانەیان بە «کۆمۆنیستەکان» ناو برد.
هەر لەو کاتانەدا، خۆشەویستیی شێخ عیزەدین لە بەشی باکووری کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا زیادی دەکرد. ئەوە لەو قۆناغی پێش شۆڕشە بوو کە خۆی ئامادە کرد ببێتە ڕێبەرێک کە ببێتە چەتری حیزبە ناسیۆنالیستە جیاجیاکانی کوردستان. هەروەها ئەو هەمیشە کەسی دەستی ڕاستی خۆی لەگەڵ بوو، سەلاح موهتەدی. موفتیزادە و ژنبراکەی (سەلاح موهتەدی) کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر وەکوو ڕێبەرێک لە نێو چەپەکانی مهاباددا دەناسرا، پەیوەندییەکانیان لەم دواییانەدا بە هۆکاری ڕوون تێکچووبوو. موفتیزادە چەپەکانی کە ئەو کوردانە بوون کە هەموویان وەکوو بەشێک لە چینی باڵادەستی تاران، خوێندەوار بوون، تۆمەتبار بە لاوازکردنی یەکیەتی لە نێو خەڵکی سنەدا دەکرد. بە بۆچوونی موفتیزادە، ئیدەکانی ئەو چەپانە لە بنەڕەتدا نەگونجاو بوو بۆ خەڵکی کوردستان. کومەڵەش بەش بە حاڵی خۆی، کە پشتیوانیی سەلاح موهتەدی لەگەڵ بوو، ئێستا ئیدی بە شێوەیەکی چالاکانە بە دوای وەپەڕاوێزخستنی موفتیزادە بوو و ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبووە دژی ئەندامانی مەکتەب قورئان.
لە پەیوەندیگرتن لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبەرەکەی، عەبدولڕەحمان قاسملوو کە بە زوویی دەبێتە ڕێبەرێکی زۆرناوبەدەرەوە، شێخ عیزەدین بەردەوام دەبێت لە جیاکردنەوەی ڕوونی خۆی لە ئیدەی دەوڵەتی ئیسلامی لە کوردستان کە تێیدا مافی کوردەکان بەفەرمی نەناسرابێت و هەروەها بەردەوام دەبێت لە ڕەخنەکانی لەو ئیدەیە. بەپێی وتەی نووسەرێک لەسەر کوردستان لە کاتی شۆڕشەکە، «هەرچی زیاتر خۆی لە خەمی ئایینی دوور دەخستەوە، ئەوەندە زیاتر ئاستی خۆشەویست بوون و ڕێزگرتن لێی زیادی دەکرد».
سەفەری شا
لە 16ی ژانویەی 1979دا، موحەمەدڕەزاشای پەهلەوی، لە نێوەڕاستی خۆپیشاندانە بەربڵاو و توندە جەماوەرییەکان ئێرانی بەجێهێشت. شا، شاپوور بەختیاری وەکوو سەرۆکوەزیر لەسەر کار دانا، شاپوور پێڕەوی موحەمەد موسەدیق (سەرۆک وەزیرانی خۆشەویستی ئێران کە لە 1953دا کودەتای لێ کرا) و بەرهەڵستکارێکی لەمێژینەی شا بوو. لە کاتێکدا شا بە فەرمی وازی لە تاجی پاشایەتی نەهێنابوو، سەردەمەکەی لەڕووی کاریگەرییەوە کۆتایی پێهات. ئەو ئیدی بۆ ئێران ناگەڕێتەوە.
لەیەکی فێوریەدا، ئایەتوڵڵا خومەینی لە نێو ئاپۆرای لایەنگرانی کە بەپێی ڕاپۆرتەکان ژمارەیان چەند میلیۆن بوو، گەڕایەوە ئێران. خومەینی لە لایەن بەختیارەوە پێشوازیی لێ کرا کە دەیویست بیکاتە سەرۆکی کارتۆنیی شۆڕشەکە بەڵام دەسەڵاتی ڕادەست نەکات. بەڵام خومەینی هەر زوو پاش گەڕانەوە بۆ وڵات ڕایگەیاند کە ئەو دەوڵەت دیاری دەکات و ئەوەش کە، دەوڵەتی بەختیار هەر وەک دەوڵەتەکەی شا ناڕەوایە. شەڕی گەورە و قورس لە نێوان لایەنگرانی خومەینی لە لایەکەوە و سوپای هێشتا وەفادار و لایەنگرانی بەختیار لە لایەکی دیکەوە هاتە ئاراوە. ڕاپەڕین لە نێو ئاستە جیاجیاکانی سوپادا سەریهەڵدا، بە جۆرێک کە هەموو یەکە سەربازییەکان پشتیوانیی خۆیان لە ئایەتوڵڵا ڕاگەیاند. بە زوویی، سوپا، لە ڕێگەی شۆڕای بەرزی سەربازییەوە، بە فەرمی بێ لایەنیی خۆی ڕاگەیاند و بەمەش دوایین بزمار لە تابووتی حکوومەتی پاشایەتی درا. دە ڕۆژ دوای گەڕانەوەی خومەینی، سەرۆکوەزیران بەختیار لە ژێر هەڕەشەی دەستبەسەرکراندا ناچار دەکرێت لە وڵات هەڵبێت. لە 11ی فێوریەی 1979دا، شۆڕشەکە بە فەرمی ڕێژیمی شای ڕووخاندبوو.
موفتیزادە، وێڕای گرووپەکانی دیکە لە ئێران و ناوچەی کوردستان، بە پارێزەوە پێشوازیی لە دەرچوونی شا کرد. ناوبراو حەوتوویەک پاش گەڕانەوەی خومەینی بە کورتی سەردانی تارانی کرد و چاوی بە ئیمام لە نێو ژمارەیەکی زۆر ئاخونددا کەوت. لە کاتێکدا هیچ حیزبێکی گەورە ـ لەوانە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە ـ لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بە ئاشکرا پلاتفۆرمی ڕێژیمی نوێی شۆڕشیان ڕەت نەکردەوە، ژمارەیەک گومانیان لە ڕاگەیەندراوەکانی خومەینی زیاتر بوو. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە باوەڕی بە دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان بوو و هەروەها کۆمەڵە کە گرووپێکی مارکسیستی زیاتر ڕادیکاڵ بوو و تا ڕادەیەک پلاتفۆرمێکی ناسیۆنالیستیی هەبوو، زۆر حەزیان لە ئیدەی دەوڵەتی ئیسلامی نەبوو. ئەوان هاوکات لەگەڵ ئەو ڕووداوانە، خەریکی کۆکردنەوەی لایەنگری زیاتر لە ناوچەکانی خۆیان بوون (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە باکووری کوردستان و کۆمەڵەش لە باشووری) بە جۆرێک کە بە زیانی موفتیزادە بوو. بە پێچەوانەی حیزبەکانی دیکەی ناوچەکە، موفتیزادە لە بارەی کارکردن لەگەڵ ڕێژیمە نوێیەکە زیاتر لە حیزبەکانی تر لە کوردستاندا خۆشبین بوو. «دەیگوت، ئێستا کاتی شەڕ لەگەڵ ڕێژیم نیە. ئەمە ڕێژیمێکی خەڵکییە، خۆشەویستە. با یارمەتیدەریان بین». ئەم قسانە بەتایبەتی تووڕەییی مارکسیتەکانی لێ کەوتەوە کە چالاکانەتر دەستیان کرد بە دژایەتی لەگەڵ نفووزی. یەکێک لە دانیشتوانی سنە لەبیریەتی کە بە زوویی پاش دەرچوونی شا، لە ئاستی شاردا تراکت بڵاو کراوەتەوە و وتراوە موفتیزادە لە لایەن مەلاکانی تارانەوە کڕدراوە، تۆمەتێک کە ئەو بە بێ بنەمای لەقەڵەم دەدا.
تا ڕادەیەک بە شێوەیەکی بەرچاو و گونجاو لەگەڵ تێزی دۆکتۆرای ئەم دەقە، کوردستانی ئێران تەنیا ناوچەیەکی سەرەکی لە ئێران بوو کە تێیدا پشتیوانییەکی جەماوەری ئەوتۆ لە ئایەتوڵڵاکە نەبینرا. کەواتە لە کاتێکدا موفتیزادە تا ئەم قۆناغە لە سنە خۆشەویست بوو، بەڵام وەکوو کەسێک کە هەر لە سەرەتاوە پشتیوانی دەوڵەتی ئیسلامیی شۆڕش بوو، دەکرێ بڵێین خۆی کەوتە بەرەیەکەوە کە دژی ڕەوتی باو لە ناوچەی بەرینتری کوردستاندا بوو. موفتیزادە کە بە هۆی چالاکییەکانی «کۆمۆنیست»ە لاوەکانەوە دڵسارد ببوو، لە باسەکانیدا دەستی کرد بە کوتانی بیروبۆچوونەکانیان. «ئەو بووە کەسێکی ڕقئەستوور لە بەرامبەر ئەوانەی پشتیوانییان لە مافەکانی کوردەکان بەبێ ڕەچاوکردنی ئیسلام دەکرد. هەستی هاودەردی لەگەڵ کۆمۆنیستەکان (وەک کۆمەڵە کە بۆ زۆر کەس ناسرابوو) نەبوو، بەڵام ئاستی خۆشەویستیی ئەو گرووپانە گۆڕدرا». موفتیزادە لە لای ئەوانەی لەو پشێوییەدا ببوونە بەرپرسی باڵای کوردستان و ئێرانی پاش شۆڕش خاڵێکی بەرچاوی هەیە: ئەو لەگەڵ ژمارەیەک لە شۆڕشخوازە سەرکەوتووەکاندا لە زینداندا ببوو و پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵیان هەبوو. ناوبراو هەوڵی دا دەستبەجێ لەمە سوود ببینێت. ئەو بە باوەڕی بەو بەڕواڵەت ئیمانە چاکەی، پێی وابوو دەتوانێ هانی ئێران بدا کە سیستمێکی ئیسلامیی گونجاو لەگەڵ تێگەیشتنی لە سیستمی شۆڕایی کە لە قورئاندا باسی کراوە، دابمەزرێنێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئەمە لە کۆتاییدا دەبووە هۆی هاتنەئارای ناناوەندگەرایی و خودموختاری بۆ ناوچەی کوردی و سونییەکانی ئێران. ناوبراو دەستی کرد بە دیدارکردن لەگەڵ سیما بەرچاوە سەرکەوتووەکانی شۆڕش لە پێتەخت و بەرنامەی دیداریشی لەگەڵ ڕێبەرانی دیکەی کورد بە هیوای شکڵگرتنی بەرەیەکی یەکگرتوو لە کوردستان دانا. بەڵام لە بەهاری 1979دا، هەندێ لە حیزبە کوردییەکان بۆچوونیان جیاواز بوو و بە هەستێکی ئۆپۆرتۆنیستانەوە چوونە پێش.
راپەڕین لە کوردستان
لەو کاتەدا کە موفتیزادە خەریکی خۆئامادەکردن بوو بۆ چوون بۆ تاران تا لەگەڵ ژمارەیەک سیمای شۆڕشە ئیسلامییەکە دیدار بکات، هەواڵێک لە مهابادەوە گەیشت کە هەموو کەسێکی لە ئێران و لە کوردستاندا تووشی شڵەژان کرد. لە کۆتاییەکانی مانگی فێوریەی 1979دا، پارتیزانە کوردەکان هێرشیان کردە سەر پادگانی سەربازی لە شاری مهاباد و گەمارۆیان دا. لە ڕەوتی ئەم هێرشەدا، ئەوان هەروەها فەرماندە گشتییەکەی پادگانەکەیان بریندار کرد کە ژنبرای سیمایەکی بەرچاوی شۆڕشە و وەزیری کاری دەوڵەتی خومەینی، داریووش فرووهەر، بوو. لە ماوەی چەندڕۆژدا، بۆ یەکەم جار زۆربەی هەواڵەکان لەسەر شۆڕشەکەی ئێران، سەرنجیان لەسەر ڕووداوەکانی کوردستان بوو. بە هۆی ئەوەی عەبدولڕەحمان قاسملوو و شێخ عیزەدین ڕۆڵی وتەبێژەکانی ڕووداوەکانی مهابادیان دەگێڕا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەڕایەوە نێو چەقی ڕووداوەکان. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە پادگانەکەی لە دەست ئەو کەسانەی تاڵانیان کردبوو، دەرهێنا و دەستی کرد بە وتووێژکردن لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی. لە کاتێکدا عیزەدین و قاسملوو پشتیوانیی خۆیان بە ئاشکرا لە شۆڕشەکە و شەخسی خومەینی دەربڕی، کردەوەکانیان پێچەوانەی ئەمەی نیشان دەدا. لە سەرانسەری ئێراندا، کوردستان بە شوێنێک بینرا کە یەکەم ناوچەیە کە خۆی لە ئاراستەی گشتیی شۆڕشەکە جیا کردووەتەوە.
موفتیزادە ئەو بۆچوونەی هەبوو کە هێرشکردنە سەر دەوڵەتی ناوەندی لەم کاتەدا دەستی کوردەکان لە شکڵبەخشین بەیاسای بنەڕەتیی نوێدا لاواز دەکات، یاسایەکی بنەڕەتی کە لە پاش ڕیفراندۆمی 30ی مارس لەسەر کۆماری ئیسلامی، بەرنامەڕێژییان بۆ دەکرد. بۆچوونی ئەمە بوو کە باشترین شانسی بەرەوپێش بردنی مافەکانی کورد لە هەر ڕێژیمێکی نوێدا لە ڕێگەی دیالۆگەوە بوو، تەنانەت ئەگەر هیچ شتێک گارانتیش نەکرێت. هەموو گرووپە سەرەکییەکانی دیکەی کوردستان بەنیسبەت ئەم بۆچوونە ڕەشبین بوون.
لە 5ی مارسی 1979دا، لە جەرگەی ناسەقامگیری لە مهاباددا، موفتیزادە بەهەرحاڵ سەفەری تارانی کرد تا چاوی بە سیما ناسراوەکانی شۆڕش بکەوێت. ئەوان لە 12هەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی موحەممەد موسەدیق، سەرۆکوەزیرانی ئێران لە 1950کاندا کە کودەتای لێکرا و لە ئاستی جیهانیدا خۆشەویست بوو، کۆببوونەوە. ئایەتوڵڵا مەحموود تاڵەقانی ئەوڕۆژە لەسەر قەبری موسەدیق لێدوانێکی پڕهەستی دا، ڕێزی لە کۆچکردوو گرت و ڕایگەیاند کە میراتی موسەدق بۆ هەمیشە لەیادەکاندا دەمێنێتەوە. موفتیزادە کاتێک لە تاران بوو، لە ڕێگەی کەسانی دیکەوە چاوی بە تاڵەقانی کەوت و پێی ڕاگەیاند کە ئەو خۆشبینە و پێی وایە ڕێککەوتنێک دەکرێ لە نێوان خەڵکی کورد و دەوڵەتی ناوەندیدا لەسەر سیستمێک بکرێت کە هەموو حیزبەکان پێی ڕازی بن. ئەو پێشنیارە پەیوەست بوو بە باسێکی فەرمی بۆ دامەزرانی سیستمێک کە بە هۆیەوە کوردستان ببێتە ناوچەیەکی خودموختار، بەڵام بە تەواوی گونجاو لەگەڵ هێڵی دەوڵەتی ناوەندی و لەسەر بنەمای بڕیارە قورئانییەکان کە باسی هاودەنگی لەسەر دەسەڵات دەکەن، بێت. کاتێک موفتیزادە گەڕایەوە سنە، زۆر دڵنیا نەبوو لەوەی کە کۆبوونەوەکەی چۆن وەرگیراوە و بە کەسانێکی وت کە بە پارێزەوە خۆشبینە.
لە ڕاستیدا، گریمانەی موفتیزادە کە ڕێژیمی ئیسلامی لەگەڵی وتووێژ دەکات، نزیک بە حەوتوویەک دواتر دەرکەوت: ئایەتوڵڵا خومەینی ڕاگەیەندراوێکی دەکرد و ڕایگەیاند کە دەوڵەتی شۆڕش لەگەڵ موفتیزادە وەکوو نوێنەری ڕەوای خەڵکی کورد وتووێژ دەکات.سەرەڕای ئەمە، موفتیزادە بۆ خۆی گومانی لەوە هەبوو کە دەوڵەتەکە لە کردەوەدا مەلای شیعەی مزگەوتی حوسەینییە لە سنە، عەلی سەفدەری، لەو بە باشتر دەزانێ. دیارە سەرەڕای ئەمەش، موفتیزادە هەر بەردەوام بوو لە هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی ڕێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ ڕێژیمەکە.
نزیک دەڕۆژ دواتر (16ی مارس)، موفتیزادە کە کەوتبووە ژێر کاریگەریی ئەو بەرەوپێشچوونەی هێنابوویە ئاراوە، چووە شاری سەقز تا لەگەڵ مامۆستایەکی ئایینی ناسراو کە پێشنوێژی هەینیی شارەکە بوو (مەلا عەبدوڵڵا موحەممەدی) دیدار بکات. کاتێک ناوبراو لە سەقز بوو، هەواڵی چاوەڕواننەکراوی بشێوی لە سنە بڵاو بووەوە. کەسێک کە لەو کاتەدا هاوسەفەری موفتیزادە بوو، لەم بارەوە دەڵێ: «لە سەرەتادا هەواڵەکە ڕوون نەبوو. دەمانزانی کە هێرش کراوەتە سەر پادگان لەوێ، بەڵام نەمانزانی ئەو هێرشە چەندە بەربڵاو و چەندە سەرکەوتوو بووە». سنە لە حەوتووەکانی پێش سەفەرەکەی موفتیزادە هێور بوو و موفتیزادە هێشتا لەو بڕوایەدا بوو کە لەو قۆناغەدا پشتیوانیی شارەکەی لەگەڵە. «ئێمە پێمان وابوو ئەوە لایەنگرانی شا یان سەربزێویی نێو سوپا دژی شۆڕشخوازە ئیسلامییەکانە».
لەڕاستیدا ئەوەیەکەمین هێرشی بەرچاوی کۆمەڵە بوو: هێرش بۆ سەر پادگانی سەربازی لە سنە بە بەرنامەیەکی تۆکمەی لەگەڕخستنی سوپا و دەستگرتن بەسەر شارەکەدا. لەم هێرشەدا کە هاوکات بوو لەگەڵ سەفەرەکەی موفتیزادە و لە ڕاستای مل نەدان بە ڕێبەریی ناوبراودا بوو، ئەندامانی کۆمەڵە سەرەتا وێستگەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی شارەکەیان داگیر کرد. ئەوان پەیامێکیان بۆ شارۆمەندانی شارەکە بڵاو کردەوە: پادگانی سوپا دەبێت دەستی بەسەردا بگیرێت و «هەر کەس چەکی هەیە بەرەو پادگان ڕێبکەوێت!» ڕاپەڕیوەکان کە بە لانی زۆرەوە گرووپێکی چەند سەدکەسی بوون، لە کاتی نزیکبوونەوەیان لە پاسگای سەربازیی دەروازەی پادگانەکە، هیوادار بوون کە خەڵک پێیان پەیوەست دەبێت. یەکێک لەم ڕاپەڕیوانە کەس نەبوو جگە لە عەبدوڵڵا موهتەدی.
موهتەدی ئیدیعا دەکات کە ئەو ڕێپێوانە بەرەو پادگان بەمەبەستی لاوازکردنی نفووزی موفتیزادە نەبووە، بەڵکوو ئاکامی ئەوە بوو کە خەڵکی سنە لە چەکە قورسەکانی سوپا لە ماوەی حەوتووەکانی پێشوویدا ناڕازی بوون. ناوبراو ئیدیعا دەکات کە شەڕێکی نێوخۆیی لە نێوان ئەوانەی لایەنگری موفتیزادە بوون و ئەوانەی لەگەڵ مەلای شیعەی سنە بوون، بوو بە هۆی ناسەقامگیری و هاتنەئارای ویستی لەکارخستنی سوپای دەوڵەتی ناوەندی لە سنە (کە لەگەڵ مەلای شیعە، سەفدەری بوو) لە لایەن زۆر کەسەوە. بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی چی کۆمەڵەی لەو کاتەدا دنە دا، ئەوان بە پێچەوانەی ویستی موفتیزادە بەرەو پادگانەکە وەڕێکەوتن.
کاتێک ئەوان گەیشتنە پادگانەکە، لە بەرامبەر سوپاکەدا دەستەوەستان بوون، سوپایەک کە بە دەوڵەتی ناوەندی وەفادار بوو. ئامادەبوونی سەربازی لە سنە، کە پێتەختی بەڕێوەبەریی کوردستان بوو، بەرچاوتر و بەهێزتر بوو لەوەی مهاباد. هەروەها، سنە خاوەنی ئەو نەریتی ڕاپەڕینە نەبوو کە مهاباد خاوەنی بوو، ناوچەکانی دەورووبەری بۆ شەڕی پارتیزانی کەمتر گونجاو بوون و ئەوەندەی شارەکە پاش ساڵانێک ئاڵوگۆڕی کولتووریی لەگەڵ پێتەخت لە خەتی ڕووداوەکانی تاراندا بوو، ئەوەندە شوێنی مانەوەی پێشمەرگە نەبوو. ئەگەرچی ئەم فاکتەرانە بوونە هۆی ئەوەی بیروبۆچوونی مارکسیستی لە سنە زیاتر هەستپێکراو بێت تا لە مهاباد کە ئەمەش ڕوونی دەکاتەوە بۆچی خۆشەویستیی کۆمەڵە لەوێ زیاتر ببوو، هێرشەکەی سەر پادگانەکە کرچوکاڵ بوو. پاش بڵاوبوونەوەی چەند هەواڵی پێکدژ لەسەر ڕوودانی شەڕ لە پادگانەکە و دەستبەسەرداگرتنی ڕێژەیی بەسەر پادگانەکە، لە ئێوارەی ڕۆژی 16ی مارسدا دەستبەسەرداگرتنەکە بە شکست کۆتایی پێهات. نزیک بە 150 ڕاپەڕیو دەستبەسەر کران و لە بەند ڕاگیران. ژنبرای موفتیزادە کە برای چووکەی هاوسەری کۆچکردووی بوو، لە دەستبەسەرکراوانی هەمان ئەو ڕێژیمە بوو کە ئەو ئێعتباری خۆی لە پێناودا دانابوو.
دەستبەسەرکردنی سەدان لاو لە پادگانەکە لە هەمان کاتدا ڕوویداکە دەرگیری لە سەرانسەری کوردستاندا ڕووی لە زیادبوون بوو. کاتێک زانرا کە ژمارەیەک کورد لە پادگانەکە دەستبەسەر کراون، چەندین شەڕی چووکە لە سنە و دەورووبەری هاتنە ئاراوە. پارتیزانە کوردەکان کە لە ڕووداوەکان وەدوا کەوتبوون، داوای ئازادیی چالاکەکانیان دەکرد و بەڵێنیان دا کە بە زۆری چەک پادگانەکە بگرن.
بە گشتی ئێمە دەزانین کە لە مانگەکانی پاش شۆڕشەکە، ماشێنی ئەمنییەتیی دەوڵەتی ناوەندی بە زۆری نارێکوپێک بوو. لە سەرانسەری ناوچەی کوردستاندا تێگەیشتنێک هەبوو کە بەو پێیە دەوڵەتی ناوەندی خەریک بوو بە قازانجی غەیرەکوردەکان و دانیشتووانی شیعە لە کوردستاندا کار دەکات، ئەویش لە ڕێگەی دابینکردنی چەکوچۆڵ بۆ ئەوان تا لە گەرمەی ئاڵۆزییەکاندا بەرگری لە خۆیان بکەن و پێشگرتن بە چەکداربوونی خەڵکی خۆجێییی ناوچەکە. ئەمە خەڵکێکی زۆری هان دا و بوو بە هۆی ئەو گومانە کە دەوڵەتی شۆڕش خەریکی پلانڕێژییە بۆ بێبەشکردنی کوردەکان لەو مافانەی کە دەیانویست لە حکوومەتی داهاتوودا بەدەستیان بێنن. ئەم ڕوانگەیە لە لایەن ڕێبەرانی دیکەی کوردەوە پەرەی پێ دەدرا، وەک شێخ عیزەدین و قاسملوو. بەشێک لە ڕاپۆرتێکی واشینگتۆن پۆست بە ڕێکەوتی 20ی مارسی 1979، ڕووداوەکانی پاش شکستی پلانی دەستبەسەرداگرتنی پادگانەکە بەم شێوە باس دەکات:
«راپۆرتی کوژراوەکانی شەڕەکە لە 4 کەسەوە گەیشتە 150. دوابەدوای ئەمە ڕووداوێکی تەنانەت بچووکتری شەڕ لە شارێکی کوردیی دیکە کە بچووکترە، قوروە، لە نزیک ناوەندی هەمەدان، ڕوویداکە تێیدا ژمارەیەک کوژران و بریندار بوون. ڕاپۆرتەکانی ئەو شەڕەکە لە لایەن دوکتۆرێکی بریتانیاییەوە کە لەوێ نەخۆشخانەیەکی بەڕێوە دەبرد، پشتڕاست کراوەتەوە، ناوبراو دەڵێ ستافەکەی بە ژمارەیەکی زۆر بریندار ڕاگەیشتوون….
وێدەچێ ڕاست بێت کە شەڕەکەی سنە پاش ئەوە دەستی پێکردووە کە هەم کۆمیتەی ناوچەیی شۆڕش و هەم سوپا، داخوازیی خەڵکیان بۆ دابەش کردنی چەکوچۆڵ لە نێو خەڵکی خۆجێیی بە مەبەستی بەرگریکردن لە خۆیان لە بەرامبەر کەمینەیەکی زۆری ئێرانیی شارەکەدا، ڕەت کردووەتەوە…
سەرەڕای ئەمەش، بە شێوەیەکی بنەڕەتیتر وا دیارە کە بشێوی کاتێک لە ناوچەکەدا پەرەی سەند کە خومەینی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئەحمەدی موفتیزادە، ڕێبەری کوردی میانەڕۆی وەک تەنیا ڕێبەری سیاسی و ئایینیی «کوردەکان» ناو بردووە.
ئەمە هەوڵێکی ئاشکرای لە ژێرپێنانی داخوازیی بەهێزتری خودموختارییە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە کە سیمایەکی مەزهەبی، شێخ عیزەدین حوسێنی، وتەبێژەکەیەتی. ناوبراو پاش شۆڕشی ئیسلامی لە لایەن کوردەکانەوە لە چەپەوە بۆ میانەڕۆ وەکوو وتەبێژی داخوازییەکانیان هەڵبژێردرا.
موفتیزادە بە پەلە گەڕایەوە سنە. لە ڕێگەدا، ناوبراو و ناسیاوەکانی هەوڵیان دا بزانن ڕووداوەکان چۆن بووە. ئەوان باسی ئەو ئەگەرەیان کرد کە ڕێژیمی نوێ، سەرەڕای ڕاگەیەندراوە ئاشکراکانی، ڕەنگ بێت بەمەبەستی لاوازکردنی هێزی دانوستانی کورد لە وتووێژەکان لەسەر خودموختاری، خەریکی ناکۆکی نانەوە لە ناوچەی کوردستان بێت. هەر چۆنێک بێت، موفتیزادە هیوادار بوو کە بوونی لە سنە ببێتە هۆی دامڕکاندنی شەڕەکە.
موفتیزادە لە ڕێگەی ناوبژیوانەوە، دژایەتیی خۆی لەگەڵ کردەوەکانی کۆمەڵە ڕاگەیاند و ئەوانی بە ڕووخێنەری ئامانجی پارێزراوبوونی مافی زیاتر لە کوردستاندا ناو برد. یەکێک لە شایەتحاڵەکان وەبیری دێتەوە و دەڵێ: «زۆر توند بوو لە قسەکانیدا». موفتیزادە نوێنەری بۆ پادگانەکە نارد و هەوڵی دا ئەو ترسانە بڕەوێنێتەوە کە چەکوچۆڵ خەریکە دەدرێتە ژمارەیەک هاوڵاتیی تایبەت. یەکێک لە نوێنەرەکان وەبیری دێتەوە کە ڕێکاری موفتیزادە ئەوە بووە کە هیچ چەکێک نابێ دابەش بکرێت ئەگەر بەگشتی بکرێت و هەروەها نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بارەی ئەگەری توندوتیژی لە نێوان کوردەکان و سوپا، یان لە نێوان کوردەکان دەربڕیوە. موفتیزادە دەڵێ: «ئەگەر کەسێک لەوە تووڕە بێت کە شتێکی وەرنەگرتووە، ئەوە دەتوانین ئەو کەسە هێور بکەینەوە، بەڵام ئەگەر کەسێک بکوژرێت، ئەوە ڕێگەی گەڕانەوە نیە». لە شاردا دەنگۆ بە هۆی سەرچاوەی بێ ناونیشانەوە بڵاو کرایەوە کە موفتیزادە کەسانێکی ناردووە بۆ پادگان بەو هیوایەی کە لایەنی خۆی چەکدار بکات و باقی خەڵکی شار لە چەک بێبەش بکات، ئەوە تۆمەتێک بوو کە هیچکات جێی نەگرت، بەڵام خوێندنەوەیەکی بەربڵاوتری لێ کەوتەوە کە بەو پێیە دەگوترا موفتیزادە هاودەستی دەوڵەتی شۆڕش بوو. موفتیزادە دواتر ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو لەگەڵ ئەو هێزە کوردییانەی کە چەکدار بوون هاوکاریی کرد و بەشێکیان ڕەنگە ئەویان وەکوو ڕێبەریان ناسیوە. بەڵام مەکتەبی قورئان ئەو بۆچوونە کە موفتیزادە هێزێکی میلیشیایی بەمەبەستی پاراستنی شارەکە و پاراستنی دەسەڵاتی یاسا ڕێکخستووە، ڕەت دەکاتەوە. لەو کاتەدا، عەبدوڵڵا موهتەدی بە هیوابڕاوی لە چاڵەڕەشێکی کاتی لە نزیک پادگانەکە چاوەڕێی دەکرد. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەربوونیدا، بۆ زیاتر لە جارێک تەنیا چەند خولەک دوور بوو لەوەی لەسێدارە بدرێت. «ئەوان چەندین جار جلەکانیان لەبەر داکەندین، چاومانیان بەست و بۆ لەسێدارەدان ڕیزیان کردین. دەمتوانی دەنگی ئەو سەرباز و میلیشیایانەی ئێمەیان دەستبەسەر کردبوو ببیستم کە لەگەڵ یەکتر موناقشەیان هەبوو داخوا ئێمە دەبێ لەسێدارە بدرێین یان نا. کەسێک دەیگوت کاتیەتی، یەکێکی دیکە دەینەڕاند و دەیگوت نا! ئەمە ڕێگەی پێ نەدراوە! پێموابوو ئەوە کێشەکە تەنیا لەسەر ئەوە بوو کە کاتەکە گونجاوەیان نا».
کاتێک موفتیزادە لەگەڵ کەسانێک لە حیزبە جیاوازەکان و شایەتحاڵەکانی ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دوا، ئەو قسە بڵاو بووەوە کە ناوبراو چاوی بە چەند میوان لە مهابادەوە دەکەوێت. شێخ عیزەدین و سەلاح موهتەدی هاتبوونە سنە و دەیانویست موفتیزادە ببینن.
موفتیزادە لە 20ی مارسدا، جا ڕۆژێک پێشتریان پاشتری، لە ماڵی براکەی، عەبدوڵڵا موفتیزادە، پێشوازیی لێیان کرد. کاتێک موفتیزادە ڕووبەڕووی ژنبراکەی و ئەو شێخەی کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خۆشەویستتر دەبوو دانیشت، جەوەکە خەماوی بوو. ئەوان باسی دیدارێکی بەرنامەڕێژی کراوی لێژنەیەکی پایەبەرزیان لە تارانەوە کرد کە بڕیار بوو لە چەند ڕۆژی دواتردا بێن بۆ باس لەسەر ئازادکردنی زیندانییەکان و ئاگربڕ. لە هەمان کاتدا، موفتیزادە ڕەنگە بۆ یەکەم جار ئاگادار کرایەوە کە عەبدوڵڵا موهتەدی یەکێک لەو کەسانە بووە کە بەرەو پادگانەکە ڕێپێوانی کردووە. سەلاح موهتەدی داوای لە موفتیزادە کرد کە نێوبژیوانی بکات. شێخ عیزەدین هەوڵی دا خۆی لە باسی چاکییەکانی ئەو کردەوەی ڕاپەڕێوەکان ئەنجامیان دابوو، نەدا، و بە سادەیی ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی موفتیزادە لەگەڵ دەوڵەت کرد و پێداگریی کرد کە عەبدوڵڵا دەبێ بەبێ پێشمەرج ئازاد بکرێت.
موفتیزادە لەسەر ئەو خاڵە جەختی کردەوە کە ئەوە هەڵە بووە کە بەرەو پادگان ڕێپێوانیان کردووە و هەڵەیەکی زیاتریش دەبێت ئەگەر تەنیا بۆ یەک زیندانی وتووێژ بکرێت. ئەو ڕوونی کردەوە کە ئەو لەو پێگەیە نیە کە بە هۆیەوە بتوانێ داوای ئازادکردنی بێ پێشمەرج بۆ کەسێک بکات و ئەوە دەبێت بەشێک لە وتووێژێکی بەرینتر بێت لەسەر ئازادکردنی باقیی زیندانییەکان وێڕای ئاگربڕ. ئەو ڕەخنەی توندی لە سەلاح لەبەر هەوڵەکانی بۆ تێکدانی ئەو بەرەوپێشچوونانەی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی بەدەست هاتبوون گرت، چونکە بیستبووی کە سەلاحیش یەکێک لەو کەسانە بووە کە لە ڕێپێوانەکەدا بەشداریی کردووە. میوانەکان تکایان لە موفتیزادە کرد کە لانیکەم بە هەوڵدانی بۆ ئازادکردنی ژنبراکەی خۆی وتووێژەکان دەست پێبکات. موفتیزادە بەردەوام بوو لە ڕەتکردنەوەی تکاکەیان. لە کۆتاییدا جەوەکە تێکچوو و هیچ جۆرە هاوڕاییەک نەهاتە ئاراوە. عێزەدین و موهتەدی بە پێی ڕاپۆرتەکان لە نێو ئاڵوگۆڕکردنی چەند قسەیەکی خۆمانە بە ساردی و لە کاتێکدا زۆر تووڕە بوون، شوێنەکەیان بەجێ هێشت. ئەوان پێش لە گەیشتنی لێژنەکەی تاران، سنەیان بەجێ هێشت. ئەوە دوایین جارێک دەبێت کە موفتیزادە لەگەڵ ژنبراکانی قسەی کردبێت.
«بەڵێنی خودموختاری لە گیرفانمدایە»
لێژنەی دەوڵەت کە لە 25ی مارسدا بەمەبەستی وتووێژ لە بارەی زیندانییەکانەوە گەیشتە سنە، لە لایەن ئایەتوڵڵا تاڵەقانییەوە بەرپرسایەتی دەکرا، کەسێک کە موفتیزادە لەسەر مەزاری موسەدیق چاوی پێی کەوتبوو. ئەو لە لایەن ئەبولحەسەن بەنی سەدر، ئایەتوڵڵا هاشمی ڕەفسەنجانی، و هەروەها ئایەتوڵڵا بێهێشتییەوە هاوڕێیەتی دەکرا. لێژنەکە کە کاتالۆگێک لە سیما زۆر ناسراوەکانی دەوڵەتی شۆڕش بوون، گرینگیی ڕووداوەکانی کوردستانیان بۆ دەوڵەتی ناوەندی بە کەم نرخاند.
لە وتووێژەکاندا کە لە ژێر چاودێریی قورسی جەماوەری خەڵک بەڕێوە دەچوو، تاڵەقانی قەبووڵی کرد کە زیندانییەکان لە بەرامبەر ڕاگرتنی شەڕخوازی و هەروەها چوونە دەرەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ئازاد بکرێن. پتر لەمەش، تاڵەقانی پشتیوانیی خۆی بۆ مافی ئازادیی کولتووریی کوردەکان دەربڕی و خوشحاڵی لەوە دەربڕی کە وتووێژەکان بۆ خودموختاری لە کوردستان دەکرێت سەرکەوتووانە بن. کومیتەیەکی پێنج کەسی لە سنە بە مەبەستی بەڕێوەبردنی شارەکە دیاری دەکرێت تا مانگێکی دواتر کە هەڵبژاردنێک لە ئاستی شاردا بۆ دیاریکردنی بەڕێوەبەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک (شۆڕای ئیدارەی شار) بەڕێوە دەچێت. ئەو هەڵبژاردنانە لە ڕاستیدا دەبووە یەکەمین هەڵبژاردنەکان لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا. یەکەمین «فەرماندار»ەکان دەبوونە موزەفەر پەرتۆما (زانایەکی ڕێکخراوی «ناسا» کە لە ئەمریکا خوێندوویەتی)، دوو کەس لە پێڕەوانی موفتیزادە (فواد مەردۆخ ڕوحانی و هادی مورادی) و دوو کەس لە نێوان چەپەکان (یووسف ئەردەڵان و سەعید شێخولئیسلامی). زیندانییەکان لە کاتێکدا شەڕی چەکداری لە ناوچە کوردییەکان ناوە ناوە بەردەوام بوو، ئازاد کران.
لە شتێکدا کە لە ئاکامێکی پۆزەتیڤ دەچوو، حیزبە ناسیۆنالیستە کوردە چەپەکان دەستبەجێ دەستیان کرد بە ڕەخنەگرتن لە موفتیزادە بۆ هاودەستبوونی لەگەڵ ڕێژیمەکە. ئەوان ڕایانگەیاند کە «ئەگەر موفتیزادە بەشداریی لە هەوڵەکان کردبایە، یان لانیکەم بە ئاشکرا دژایەتی نەکردبایەن، پادگانەکە دەستی بەسەردا گیرابوو. ئەوکات ئەوە ئێمە دەبووین کە داواکانی خۆمان دەخستەڕوو». پتر لەمەش، لەو ڕاگەیندراوانەی دوای وتووێژەکان لە لایەن دەوڵەتی شۆڕش و تاڵەقانییەوە بڵاو کرانەوە، ڕۆڵی موفتیزادە گرینگیی پێویستی پێ نەدرابوو. کەسێکی تر، موزەفەر پەرتۆما، کرابووە بەرپرسی شۆڕای شارەکە.
ئەوەی بۆچی ڕووداوەکان بەم شێوەیە ڕوویان دا، ڕوون نیە. ئایا لێژنە ئێرانییەکە ویستیان بەوەی خۆیان بنەستەکە بشکێنن، خۆیان خاوەن ئێعتبار بکەن؟ ئایا ئەوان داواکارییەکی موفتیزادەیان جێبەجێ کردبوو کە نەیدەویست وەکوو هاریکاری ڕێژیم بناسرێت، بە ڕەچاوکردنی ئەو حەساسییەتانەی لەو کاتە لە سنە هەبوو؟ ئایا ئێرانییەکان هەستیان بەوە کردبوو کە موفتیزادە خەریکە خۆشەویست بوونەکەی لەدەست دەدا؟ تیۆریی جۆراوجۆر هەیە کە بۆچی ئەم شتە ڕوویدا، بەڵام هەر ئەوەندە بەسە کە بگوترێ کە ئاکامەکە زۆر کەمتر لەوە بوو کە پێی بگوترێ ئایدیال، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵەکانی ئەوکاتی موفتیزادە بۆ وەدەستهێنانی پشتیوانی لەو ئەرکەی لە کوردستان لەسەر شانی خۆی هەستی پێ دەکرد. ناوبراو تا ڕادەیەک زۆر لەسەر وتووێژ لەگەڵ لێژنەکەی تاران سەرمایەگوزاریی سیاسیی کردبوو. بە بۆچوونی زۆرێک لە ئەندامانی مەکتەبی قورئان لە ئێستا و لەو کاتەدا، خومەینی لەگەڵ متمانەبەخشین بە سوننییەک کە سەمپاتییەکەی بۆ ناسیۆنالیستی کوردی ناسرابوو، کێشەی هەبوو. ئەمە وێدەچێ بەو فاکتە بە باشی خۆی دەرخات کە وا دیار بوو دەوڵەتی ناوەندی، سەرەڕای ڕاگەیەندراوە فەرمییەکانی، زیاتر پشتیوانیی لە مەلا شیعەکانی ناوچەکە دەکرد. موفتیزادە و عەلی سەفدەری، ئاخوندی شیعەی پایەبەزر لە سنە، ئەجێندای سیاسی و کۆمەڵایەتیی وەک یەکیان نەبوو، ئەگەرچی هەر دووکیان هاوکاریی ڕێژیمیان دەکرد. جارێکیان لە کۆبوونەوەیەکی نێوانیاندا، ڕاپۆرت درا کە سەفدەری ئیدیعای کردووە کە دووبەرەکی لە کوردستاندا قەبووڵکراو نییە و ئەوەش کە شەرمە کە «سنە هێشتا شەهیدی بۆ شۆڕشەکە نەداوە». موفتیزادە بەپێی ڕاپۆرتەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە بەرامبەر گرووپێک لە خەڵکی ئامادە لە شوێنەکە ڕەخنەی توندی لە سەفدەری گرتووە و وتوویەتی «دەڵێی ئەوە تاقیکاریی شانازییە! شانازی پێش بە مردنی لاوێک دەگرێت!». سەفدەری بەم وەڵامە توندە تووشی شڵەژان دەبێت.
ریفراندۆم لەسەر کۆماری ئیسلامی تا چەندی دیکە بەڕێوە دەچوو. ڕیفراندۆمەکە پرسیارێکی سادە بوو، «بەڵێ یان نا بۆ کۆماری ئیسلامی لە ئێران». هیچ وردەکارییەک لە بارەی ئەوەی چ جۆرە «کۆماری ئیسلامییەک» نەخرایەڕوو.
هێڵی شەڕ، گەر وای ناو بنێین، لە نێوان موفتیزادە و باقیی حیزبەکانی کوردستان لەسەر ئەم مەسەلەیە کێشرا. موفتیزادە هانی بەشداریکردن لە ڕیفراندۆمی دەدا و بەردەوام بوو لە دژایەتیکردنی توندوتیژی وەکوو ڕێگەیەک بۆ کاریگەری دانان لە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی نوێدا. کۆمەڵە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پشت شێخ عیزەدینەوە پشتیوانییان لە بایکۆتی ڕیفراندۆم کرد. ئەوان دەیانگوت کە سروشتی ناڕوونی دەستەواژەی «کۆماری ئیسلامی» ئیزنیان پێ نادا پشتیوانی لە دەنگی «بەڵێ» بکەن. سەرەڕای هەوڵی ناوبژیوانەکان بۆ دروستکردنی یەکگرتوویی لە ئامانج لە کوردستاندا، لەوانە برای شێخ عیزەدین، شێخ جەلال (کە لە دەورووبەری ئەو کاتەدا سەردانی موفتیزادەی کرد)، هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوانیان نەهاتە ئاراوە.
کاتێک بە کورتی دوای یەکی ئاوریل، ئاکامەکانی ڕیفراندۆم ڕاگەیەندرا، سەرەڕای «بەڵێ»ی زۆر بەرچاو لە سەرانسەری ئێران (بە پێی ڕاپۆرتەکان تا 99%)، ژمارەی بەشداربووان لە کوردستان لە باشترین حاڵەتی خۆیدا بە شتێک لە نێوان 50 تا 60 لەسەد مەزندە دەکرا، کە هەندێ لایەن ژمارەی بەشداربوونیان تا ڕادەی 15% بە کەم مەزندە کرد. کەمایەتییە ئینتیکییەکانی تر لە ئێران، لەوانەیە کەمایەتییە سونییەکان، بە ژمارەیەکی زۆر زیاتر بەشدارییان تێدا کرد. تاران لەمە حاڵی بوو، ئاکامەکە بوو بە هۆی زیاتر بوونی گومانی تاران لە پشتیوانی بۆ شۆڕشی خواوەند لە کوردستان و هەروەها یەکەمین نیشانەی بەرچاوی لاوازبوونی توانایی موفتیزادە بۆ کاریگەری دانان لەسەر ڕووداوەکان بوو. بە پێچەوانەی شێخ عیزەدین کە ئێستا ئیدی خەریک بوو لە باقی کوردستان باشتر بناسرێت، موفتیزادە ئەوەندەی زیاتر وەکوو کەسێکی هاوپەیمانی ئیسلامیی شۆڕشخوازەکانی لایەنگری خومەینی و کەمتر وەکوو ناسیۆنالیستێکی کورد دەناسرا ، ئەوەندە زیاتر خۆشەویستی و ڕێزی دەکرێتە قوربانی و دەیبەخشییە گرووپە گرینگەکانی دیکە.
پاش ڕیفراندۆمەکە، سنە پڕۆسەی ئامادەکاری بۆ شۆڕای شاری کە بڕیار بوو لە 13ی ئاوریلی 1979 بێت، دەستی پێکرد. ئەم هەڵبژاردنە، یەکەمین «هەڵبژاردنی گشتی»ی ڕێژیمی نوێ، وەک تاقیکارییەکی گەورە بۆ دێموکراسیی ئەو کۆمارە تازەپێگرتووە و سەقامگیری لە کوردستاندا بوو. لە ڕووداوەکانی پێش هەڵبژاردنەکەدا، ئەحمەد موفتیزادە کەسانێکی بەربژێر کرد کە ڕێزیان لە مەکتەب قورئان و پلاتفۆرمی ئێرانێکی ئیسلامی بە خودموختاریی کوردستانەوە دەگرت. ئەم گرووپە بە «لیستی موفتیزادە» ناسرابوون. کۆمەڵە، لە لایەکی ترەوە، پلاتفۆرمێکی سوسیالیستی ـ مارکسیستی، بە خودموختاری کوردستانی هەبوو.
کاتێک ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بڵاو کرایەوە، لیستی موفتیزادە یانزدە کورسیی بردبووەوە، زیاتر لە هەر حیزبێکی تر لە پێتەختی کوردستاندا. فواد مەردوخ ڕوحانی، ئەندامێکی مەکتەب قورئان، زۆرترین دەنگی هێنابووەوە. کۆمەڵە، سێ کورسیی بردەوە. ئەمە دیسانیش بۆ ئەوان دەرکەوتنێکی بەرچاو بوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تەنیا چەند مانگ پێشتری ژمارەیەکی زۆر کەم ناویشیانی بیستبوو. بەڵام بەگشتی، ئەوە نیشانەی ئەوە بوو کە موفتیزادە، سەرەڕای ئەو ڕەشبینییانەی بە هۆی پەیوەندیی ناوبراو لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندییەوە باس دەکران، وەکوو خۆشەویستترین سیما لە سنەدا مایەوە. بە جۆرێک، موفتیزادە بڕیاری خەڵکی کوردستانی وەرگرتبوو بۆ تێوەگلان لە کاروباری دەوڵەتی ناوەندی. لە هەمان حاڵیشدا، ڕاگەیەندراوەکانی تاران لە بارەی هەڵبژاردنەکەوە یارمەتیدەری موفتیزادە نەبوون، چونکە ئەوان ئاگایانە یان نائاگایانە خەریکی دابەش کردنی خەڵکی کوردستان بوون. سەرکۆمار بەنیسەدر لە ئاماژە بە ئاکامەکە، کاندیداکانی کۆمەڵەی بە «ناموسوڵمان» ناو برد، کە بووە ڕەسمێکی گشتیی ڕێژیم و تا دەهات زیاتر مارکی بێ ئیمان و قەبووڵنەکراو لە چاوی ئیسلامەوەی لە کوردە شۆڕشگێڕەکانی دەدا.
دەڵێی لەم قۆناغەدا، جۆرێک پچڕان لە وەفاداریی جەماوەری کوردیدا هەبوو. پشتیوانی بۆ کۆمارێکی ئیسلامی وا دیار بوو کە لە ئاستێکی نزمدایە، وەک لە بەشداریی زۆر کەمی خەڵک لە ڕیفراندۆمەکە لە بەراورد لەگەڵ سەرانسەری ئێراندا دەرکەوتبوو. هەر لەو کاتەدا، پشتیوانی بۆ موفتیزادە ـ تەنیا ڕێبەرێکی کورد کە پشتیوانی لە هاریکاری لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامی دەکرد ـ لە ئاستێکی بەرزدا مایەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو نییە کە ژمارەی بەشداریی خەڵک لە ڕیفراندۆمەکەدا نیشان بدات، ئایا دەکرێ شتەکە بەو جۆرە بووبێت کە ژمارەکە زیاتر لەوە بووبێت کە تا ئەمڕۆ لە لایەن حیزبە کوردییەکان و مێژوونووسەکانەوە قەبووڵ کراوە؟ لە ڕوانگەی عەبدوڵڵا موهتەدییەوە، ڕوونکردنەوەی ئەمە ئاسانە. موفتیزادە وەکوو کەسایەتییەکی خۆشەویست و جێی متمانە مایەوە، ڕەنگە جێی متمانەترین تاکەکەس لە کوردستاندا. بەڵام بۆ زۆر کەس، دەنگدان بە شۆڕاکەی لە سنەدا بە مانای تەئیدی پشتیوانی لە کۆماری ئیسلامی نەبوو.
خەڵک بە جۆرێک بڕوایان بەوە هەبوو کە ڕەنگە ئەو بتوانێ زۆرترین دەسکەوت لە وتووێژەکانی لەگەڵ تاران بەدەست بێنێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی خەڵک کەمترین مەیلی بۆ بیرۆکەی کۆمارێکی ئیسلامی هەبوو.
هەر لەو کاتانەدا، لە تاران، یەکەمین نیشانەکانی دژایەتی لە نێو دامەزراوەی دەسەڵاتی نوێی ئێراندا دەرکەوت. ئایەتوڵڵا تاڵەقانی، کە بە کەسێکی میانەڕۆ ناسرابوو، بە پێی ڕاپۆرتەکان، کێشەی هەبوو لەگەڵ بڕیاردانە یەکلایەنەکانی ڕێژیم کە خەریک بوو دەبووە شتێکی باو و هەروەها لەگەڵ هەڵنەکردنی لەگەڵ جیابیران. ناوبراو حەوتوویەک پاش هەڵبژاردنەکان لە کوردستان دەنگی هەڵهێنا و وتی کە ئێران لە مەترسیی گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەدایە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەمە بوو بە هۆی کۆبوونەوەی چڕوپڕی ناوبراو و خومەینی و وەڵامدانەوەی ئاشکرای خومەینی کە وتی بەڕێز تاڵەقانی (لە جیاتی ئایەتوڵڵا تاڵەقانی) پەشیمانە لەوەی ئەنجامی داوە. پەیوەندیی نێوان تاڵەقانی و ڕێژیم بە درێژایی هاوینەکە بە خراپی مایەوە.
دیسانیش بژاردەیەکی فەرمیی ڕێژیم بۆ نوێنەرایەتی کردنی خەڵک کە زۆر خۆشەویست بوو، واتە موفتیزادە، لە هەوڵەکانی بۆ قەناعەتهێنان بە خەڵک لە سنە کە دڵنیا نەبوون لە قازانجەکانی تێکەڵاوبوون لەگەڵ ڕێژیمەکەدا، بەردەوام بوو.
ناوبراو دەیگوت: «بەبێ وتووێژ، هیچ شانسێکمان نیە» و بەمەش دەیگوت کە تەنانەت ئەگەر هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە خودموختاری شکست بێنن، دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی ئیسلامی بۆ کێشەکە تەنیا ڕێگەیەک بوو کە بۆ رێژیم قەبووڵکراو بوو. لە کۆتاییی مارسی 1979، موفتیزادە سەفەری تارانی کرد تا بۆ دووهەمین جار لەگەڵ خودی ئایەتوڵڵا خومەینی دیدار بکات. بەپێی ڕاپۆرتەکان لە کاتی قسەکردنیدا لەگەڵ «ئیمام»، «وتی کە کوردەکان دەیانەوێ ببن بەشێک لە کۆماری ئیسلامی و ئەوان باوەڕیان بەیەکیەتیی سوننی ـ شیعە هەیە. ناوبراو هانی خومەینیی دا تا سیاسەتگەلێک وەک گرینگی نەدان بە سونییەکان لەیاسای بنەڕەتیدا نەهێنێتە ئاراوە کە ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی شەڕی نێوخۆییی ئیسلامی… ناوبراو هەروەها پشتیوانی لە مافە کولتووری و زمانییەکان، بە ئاماژەی تایبەتی بە کوردەکان، لە چوارچێوەی ئێرانی یەکپارجەدا کرد». بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئیمام ڕووخۆش و ئەرێنی بووە لە وەڵامدانەوە بە داواکارییەکانی موفتیزادەدا.
لە گەڕانەوەی بۆ تاراندا، موفتیزادە چاوی بە لایەنگرانی لە فڕۆکەخانە کەوت. لە وتاربێژییەکدا، ناوبراو لایەنگرانی لەوە ئاگادار کردەوە کە ئەندامانی پایەبەرزی دەوڵەت دڵنیایان کردووەتەوە کە لە هەر یاسایەکی بنەڕەتیی نوێدا، خودموختاری بۆ کەمایەتییەکان ڕەچاو دەکرێت. هەروەها ئاگاداری کردنەوە کە سەرەڕای کشانەوەی کاندیداتۆرییەکەی لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی خوبرەگاندا (یەکەمین مەجلیسی خوبرەگان)، ئەو لەو کۆبوونەوانەدا بەشداری دەکات کە لە لایەن ئایەتوڵڵا بێهێشتییەوە سەرۆکایەتی دەکرێن. لە کۆتایی قسەکانیدا، ناوبراو ڕستەیەکی زۆر چارەنووسسازی دەربڕی کە لە ڕوانگەی ڕەخنەگرانییەوە، دژایەتی هەبوو لەگەڵ ئیدعاکانی. ناوبراو وتی: «بەڵێنی خودموختاری لە گیرفانمدایە».
هەر لەو سەروبەندەدا، پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە، بەردەوام زەبری توندیان لە سوپای ئێران لە ناوچەی کوردستاندا دەوەشاند و سەلمابوو کە هەر جۆرە وتووێژێک یان ئاگربڕێک لە نێوان کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندی بۆ ماوەیەکی زۆر خۆی ڕاناگرێت. لە کاتێکدا شۆڕای شار بە فەرمی بەسەر شاری سنەدا دەسەڵاتی هەبوو، ئەو ڕاپەڕیوانەی کە دەگوترا سەر بە کۆمەڵە بوون لە مانگەکانی هاوینی 1979دا هێرشیان دەکردە سەر وێستگە کاتەکییەکانی پۆلیسی لۆکاڵ و بەمەش لە ئۆتۆریتەی فەرمانداری فەرمییان کەم دەکردەوە.
ساختەکاریی یاسای بنەڕەتی و تێکچوونێك لەگەڵ ڕێژیم
بیرۆکەی پێکهێنانی دامەزراوەیەکی بەشێوەی دێموکراتیک هەڵبژێردراو بۆ ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسایەکی بنەڕەتی شتێک بوو کە یەکەم جار لە لایەن خومەینییەوە، ئەوکاتەی کە لە تاراوگە لە فەڕانسە بوو، پێشنیار کرابوو. ئیمام ڕایگەیاند کە «شۆڕای یاسای بنەڕەتی» لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت بۆ نووسینی یاسایەکی بنەڕەتیی نوێ، و ئەو شۆڕایە خاوەن دەسەڵاتێک دەبێت کە لە لایەن دەوڵەتی کاتییەوە بۆی دەگوازرێتەوە.بەڵام لە هاوینی 1979دا پرۆسەیەکی جیاواز ئاشکرا بوو.
پاش ئەوەی ڕیفراندۆمی سەرەتایی بۆ کۆمارێکی ئیسلامی دەنگی هێنایەوە، هەڵبژاردنەکان بۆ شۆڕایەکی تەئیدی یاسای بنەڕەتیی هاوتەریب لەگەڵ بیرۆکەی شۆڕای یاسای بنەڕەتی بەرنامەڕێژی بۆ کرا. لە ئامادەسازییەکان بۆ ئەم هەڵبژاردنانەدا، ڕەشنووسەکانی یاسای بنەڕەتی ئامادە کرا و لە نێوان ئاوریل و ژوئەندا بڵاو کرایەوە. ئەو رەشنووسانە بە جۆرێک هیوابەخش بوون، ئاماژەی تایبەتیان بە مافی کەمینەکان و ئیتنیکی کوردی تێدا بوون. حیزبە کوردییە چەپەکان دیسانیش داوای ئاماژەی تایبەتیتریان دەکرد بە هاوبەشیکردن لە سەرچاوەکان و ئازادیی خوێندن بەزمانی دایکی، بەڵام زۆرێک خۆشبین بوون. سەرەڕای ئەمەش، لە هاویندا، شانسی کوردەکان و موفتیزادە بەرەو خراپی ڕۆیشت.
خومەینی لەو باوەڕەدا بوو کە نوسخە سەرەتاییەکانی یاسای بنەڕەتی بە ئەندازەی پێویست ئامادە بوون. بە بۆچوونی ئەو، ڕەشنووسێکی یاسای بنەڕەتی دەبوو دەستبەجێ و بەبێ هەڵبژاردنەکان و بەبێ پێداچوونەوە و تەئیدی شۆڕای یاسای بنەڕەتی بخرێتە ڕیفراندۆمەوە. کاتێک لە لایەن گرووپە نائیسلامییەکان و هەندێک لە هاوقەتارانی خودی خومەینییەوە، لەوانە ئایەتوڵڵا تاڵەقانی، بەرامبەر بەو بیرۆکەیەی خومەینی ناڕەزایەتی دەربڕدرا، دەسەڵات درایە شۆڕایەکی دیکە: «شۆڕای خوبرەگان» کە بچووکتر و کەم ئەندامتر بوو، هەر ئەندامێکی هەڵبژێردراوی ناوچەیەکی نزیک بە 500000 کەسی بوو. ئەم دامەزراوەیە دوایین پێداچوونەوە و دواتەئیدی یاسای بنەڕەتیی دەکرد. سەیر ئەوەیە کە ئەوانەی کە بە توندی دژی بیرۆکەی ڕیفراندۆمی دەستبەجێ بوون، دواتر لە بڕیارەکەی خۆیان پەشیمان دەبنەوە.
عەبدولڕەحمان قاسملوو بڕیار دەدات خۆی بۆ هەڵبژاردنەکانی شۆڕای خوبرەگان بۆ شاری کورد و تورک تێکەڵاوی ورمێ، لە باکووری ئێران (چونکە مهاباد کورسیی پێ نەدرا) کاندیدا بکات. لە ئاگۆستی 1979دا، پاش چەندین دەرگیری، هێزەکانی پێشمەرگە بە شێوەیەکی کاریگەر کونتڕۆڵی چەندین شاری گرینگی کوردستانیان لەدەستدا بوو، لەوانە مهاباد و پاوە. ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی بەشداریی قاسملوو لە هەڵبژاردنەکاندا بەرچاوتریش بکات، ئەوە نیشانەی ویستی بەردەوامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ قەبووڵکردنی سەروەریی حکوومەتی ناوەندی بەسەر ناوچە کوردییەکانەوە بوو. موفتیزادە، بەش بە حاڵی خۆی، بڕیاری دا کاندیداتۆریی خۆی لە هەڵبژاردنەکان بکشێنێتەوە و دەیویست وەکوو کارناسێکی بێ لایەن بێت کە ڕاوێژ دەدا بە دامەزراوەی یاسای بنەڕەتی لەسەر پرسە ئیتنیکی و ئاینییەکان. هەڵبژاردنەکان بۆ شۆڕای خوبرەگان بەرنامەڕێژیی بۆ کرا و لە 3ی ئاگۆستدا بەڕێوە چوو. قاسملوو بە بەدەستهێنانی نزیکەی 80 لەسەدی دەنگەکان، بە سەرکەوتووییەوە کورسییەکی لە شۆڕاکە بردەوە.
سەرەڕای ئەمەش، لە نێوان کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان تا کۆبوونەوەی شۆڕاکە، قورسترین شەڕەکانی ئەو مانگانە لە ناوچەی کوردستان ڕوویان دا. بە دیاریکراوی، حکوومەتی ناوەندی لە هەوڵێکی لەناکاوی بۆ دەستبەسەرداگرتنەوەی شاری پاوەدا شکستی خوارد و خەساری قورسی بینی. خومەینی تووڕە بوو و ڕەخنەی توندی لە سوپا گرت لەبەر ئەوەی فەداکارییان نەکردبوو و داوای کرد جارێکی تر هەوڵ بدرێتەوە. لە 18ی ئاگۆستدا، خومەینی وەکوو فەرماندەی گشتیی هێزەکان، یەکەمین فەتوای بۆ هێزەکانی سوپا دەرکرد. لە فەتواکەیدا کە نێوەڕۆکێکی بێڕەحمانەی هەبوو، خومەینی داوای لە هێزەکانی ئەرتەشی شۆڕش کرد کە دەستبەجێ بچنە نێو کوردستانەوە و هەڕەشەی لێ کردن لە ئەگەری شکستخواردنیاندا، سزای قورس دەدرێن. ئەمە تا ئەوکاتە، ئەگەرچی جێی موناقشەیە، ڕەقترین و ڕاستەوخۆترین بانگەوازی جەماوەریی ناوبراو بوو بۆ شەڕ، تەنانەت ڕەقتر لە وەڵامەکانی بە هێرشەکانی شا بۆ سەر خۆپیشاندەرەکان.
هەر دوابەدوای ئەوەی هەواڵی بردنەوەی قاسملوو لە هەڵبژاردنەکان بڵاو بووەوە، سووربوون لەسەر پێشگرتن بە بەشدارییەکەی ڕوون بووەوە. لە حەوتووەکانی پێش یەکەمین کۆبوونەوەی شۆڕای خوبرەگان لە 18ی ئاگۆستدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە فەرمی قەدەغە کرا. قاسملوو بە ئاشکرا بە کەسێکی گەندەڵی سەر بە «حیزبی شەیتان» ناو برا. کاندیداتۆری و ئەندامەتییەکەی لە دامەزراوەی نووسینی یاسای بنەڕەتی هەڵوەشێندرایەوە، لەو کاتەیدا هەزاران سەبازی دەوڵەت لە چەند سەد مایل ئەولاتر بە سەرکەوتنی کەمەوە لە شەڕی پێشمەرگەدا بوون.
کاتێک هەواڵی ئەوە بڵاو بووەوە کە خومەینی سەرکەوتنی قاسملوو لە هەڵبژاردنەکانی هەڵوەشاندووەتەوە، گوشارەکان بۆ سەر موفتیزادە، کە جارێکی تر وەکوو کارناسێکی سەربەخۆ بۆ شۆڕا بانگهێشت کرابوو، زیادی کرد تا بایکۆتی بکات.
موفتیزادە و قاسملوو تا ئەم کاتە پێوەندییەکی تا ڕادەیەک دۆستانەیان پێکەوە هەبوو. پلاتفۆرمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان، و هەروەها ئەجێندای ناسیۆنالیستییەکەی بۆ موفتیزادە جێی پەسند بوو. ئەوە جیاوازیی بەرچاوی هەبوو لەگەڵ ڕەتکردنەوەی کۆمەڵە لە لایەن موفتیزادەوە، لەبەر ئەوەی ئەجێندا مارکسیستییەکەی کۆمەڵە تا ڕادەیەک سوور بوون لەسەر لە نێوبردنی نەریتی ئایینیی پارێزگاریخوازانە لە کۆمەڵگای کوردستاندا. ئەگەر بەپێی هەڵکەوتەی جیۆگرافییەوە بۆی بچین، وەک پێشتر گوترا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕکابەری سەرەکیی موفتیزادە نەبوو لە ناوچەی باشووری کوردستانی ئێراندا لە دەورووبەری سنە. ڕەنگە گرینگترین خاڵ ئەوە بێت کە موفتیزادە، وەکوو ئەندامێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەمپاتییەکی زۆری بۆ ئامانجی قازی موحەممەد و ناسیۆنالیستە کوردەکانی پێشووی کۆماری مهاباد هەبووبێت. سەرەڕای ئەوەش، موفتیزادە نەیدەتوانی لەگەڵ بیرۆکەی وازهێنانی تەنیا نوێنەری ناوچەکە لە دامەزراوەی نووسینی ڕەشنووسی یاسایەکی بنەڕەتیدا کە لەو قۆناغەدا لەسەر سنووری پەسندبووندا بوو، خۆی بگونجێنێت. بەرنامەی بنەڕەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە کۆماری مهاباددا بڵاو کرایەوە، دەیگوت «ماف نادرێت، ماف دەسەندرێت». بە پێچەوانەی ئەمە، موفتیزادە دەیگوت کە لە بەرامبەر شەڕی نێوخۆییدا کە ببووە هۆی ڕیزبوونی زۆربەی غەیرەکوردەکان لە پشت دەوڵەتەوە، قسەنەکردن تەنیا ڕێگەی گارانتیکردنی ئەوە بوو کە هیچ بەرەوپێشچوونێک نەیێتە ئاراوە. ناوبراو ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکاندا بەشداری دەکات. لە ڕاستیدا، موفتیزادە خەریک بوو بە سەرمایەی سیاسیی خۆی لەسەر دەرهاویشتەی یاسای بنەڕەتی قوماری دەکرد.
کاتێک شۆڕاکە کۆ بووەوە، بە هۆی لابردنی دەستبەجێی زۆربەی ئەو ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتییەی کە دوو مانگ پێشتر بینرابوو، زۆرێکی تووشی ڕاچڵەکاندن کرد. لە جیاتی ئەوە، بن کۆمیتەکان کۆبوونەوەی نووسینی یاسایەکی بنەڕەتیی نوێیان لە پشت درگای داخراوەوە ڕێکخست، یاسایەک کە زیاتر لەخۆگری ڕەهەندە فیقهییە ئیسلامییەکان بێت، لەوانە بنەڕەتی بیرۆکەی بەناوبانگی خومەینی، واتە ویلایەتی فەقیهـ. هیچکام لەم زیادکردنانە لەگەڵ بەهاکانی ئیسلامی سیاسی نەدەگونجان. کاتێک لە لایەن زۆربەی زاناکانەوە تەعبیر کران، تەنانەت زۆر کەمتر لەگەڵ بیرۆکەی مافی کەمینەکان دەگونجان. موفتیزادە لە نزیکەوە چاوەدێریی پرۆسەکەی دەکرد و ئەندامانی کومیتەکەی لە بارەی گرینگیی نووسینی یاسایەکی بنەڕەتی کە هەموو هاووڵاتییانی ئێران ڕازی بکات، دەدواند.
لەو سەروبەندەدا، نزیک بە سێ ڕۆژ پاش کردنەوەی یەکەمین شۆڕای خوبرەگان تا کۆتاییەکانی ئاگۆست، خومەینی بڕیاری گەمارۆدانی شاری مهابادی دا. بۆیەکەمین جار لە دوای شۆڕش، حکوومەتی خومەینی کەڵکی لە هێرشی ئاسمانی لە ڕادەیەکی بەریندا وەرگرت و شارەکەی بە جێتی شەڕکەر و دواتر تۆپخانە تۆپباران کرد. ئەو ڕاپۆرتانەی کە باسی کۆمەڵکوژییان دەکرد و دەرکەوت کە بڕواپێکراون و کوشتنی سەدان کەس پشتڕاست کرایەوە. ڕێژیم لە پشکنینی بێ سنووری خۆی بەمەبەستی دۆزینەوەی سەدان پارتیزان کە زۆربەی هەرەزۆریان پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوون، سەرکەوتوو نەبوو و ئەوان پاش پاشەکشە دواجار شارەکەیان گرتەوە دەست.
لە سنە، هەر لە هەوڵی شکستخواردووی دەستگرتن بەسەر پادگانەکەوە، دەوڵەتی ناوەندی درگا بە درگا بەدوای پێشمەرگەدا دەگەڕا. کە مانگی سێپتامبر نزیک دەبووەوە و کاتێک لە پاش کوژراو و بریندارێکی زۆر لە ناوچەکانی تری کوردستان، شەڕەکە توندتر دەبوو، ڕوون نەبوو کە کونتڕۆڵی شارەکە دەکەوێتە دەست کێ. لەم قۆناغەدا کە نە یاسایەکی بنەڕەتی و نە شۆڕای ئەندامانی هەمیشەییی دامەزرێنەر بوونی هەبوو، بڕیاردانی شۆڕش لەسەر نەزم و دادپەروەری شتێکی گرینگ نەبوو. ئایەتوڵڵا خومەینی، وێڕای ناردنی یەکە سەربازییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە چالاکیی پێشمەرگە، داوای کرد کە ئەوانەی لە شەڕ لەگەڵ سوپای ئیسلام دەگیرێن، دەستبەجێ سزا بدرێن. قازییەکی کاتی (ئایەتوڵڵا موحەممەد سادق خەڵخاڵی) ناردرایە کوردستان کە دادگاکان بەڕێوە ببات، کە دواتر بۆ ئەم کارەی ناوبانگ دەردەکات.
خەڵخاڵی سەرەتا نێردرایە شارەکانی پاوە و مەریوان کە هەواڵیان لێ بڵاوبووەوە کە ژمارەیەک شۆڕشگێڕی کورد دادگایی کراون و لەبەر خیانەت بە دەوڵەت لەسێدارە دراون. داستانگەلی تۆقێنەری ئەشکەنجە و دەستبەسەرکردنی بێڕەحمانە و بە هەر کەرەسەیەکی ئەوانەی گومانی شۆڕشگێڕ بوونیان لێ دەکرا و پاش ناشتنی بەکۆمەڵ بڵاو بوونەوە. هەنگاوی دواتری خەڵخاڵی، سنە بوو. دەنگۆ بڵاو بووەوە کە ئەندامانی مەکتەب قورئان بە گومانی کومونیست بوونەوە دەستبەسەر کراون و دراونەتە دەست ئەرتەشی ئێران کە لە لایەن گرووپەکەوە ڕەد کرایەوە.
هەواڵی هاوشێوە لەوێش هاتە دەرەوە کە پاش دادگاییکردنی چەند چرکەیی لە دادگایەکی سەرەتایی لە نێو فڕۆکەخانەی سنەدا، خەڵک حوکم دراون. تەنیا گومان لەوەی کە کەسێک ئەندامی گرووپە شۆڕشگێڕەکان بوو، حوکمی مەرگی هەبوو، بەبێ دانی دەرەتان بە تاوانبارکراو کە بەڵگەی خۆی بخاتەڕوو.
دواتر بۆ ڕۆژی دواتری، 27ی ئاگۆست، ڕۆژنامەی ئیتلاعاتی ئێران وێنەیەکی بێ ناونیشانی لە ژێر سەردێڕی «40 کەس لە لایەن دەستەی ئاگرەوە لە سنە، مەریوان و پاوە لە سێدارە دراون» بڵاو کردەوە. وێنەکە، سەحنەیەکی ڕەش و سپی جەماعەتیک کە لە دەستەی ئاگر دەچوون وا دیار بوو لە فڕۆکەخانەی سنە گیرابوو. وێنەکە کە وێنەی پیاوانێک بە چاوی بەستراوەوە و کەسانێکیان بە برینداری کە بەرەو پشتەوەیان لە حاڵی کەوتن و مردن لەو گۆڕەپانەدان، نیشان دەدا، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و چەندڕۆژ دواتر لە لایەن بڵاوکراوە نێونەتەوەییەکانەوە بڵاو کرایەوە. ئەم وێنەیە کە ویژدانی جیهانی هەژاند، یەکەمین گۆشەیەک لە چیرۆکە تا ئەو کاتە نادیارەکانی کەڵک وەرگرتنی دەوڵەتی شۆڕش لە توندوتیژی بوو، کە کەمتر لەیەک ساڵدا، توندوتیژیی گەیاندە شوێنێک کە ئەوەی شا، لە بەراورەدیدا بوو بە هیچ. وێنەکە بە جۆرێک بوو بە سەمبولیکترین وێنەی شۆڕشی ئێران و خەڵاتی پۆلیتزێر پرایزی بردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، زۆرێک لەوانەی لە سنە لەسێدارە دران، ئەندامی کۆمەڵە بوون کە بە شێوەی ئۆتۆماتیکی قامکی گومان بۆ لای موفتیزادە و مەکتەبی قورئان درێژ کرایەوە. کۆمەڵە مەکتەب قورئانی بە هاریکاریی خیانەتکارانە لەگەڵ ڕێژیم لە ڕەوتی ڕاپۆرتدان لە کوردەکان تۆمەتبارکرد، تۆمەتێک کە ئەم گرووپە بەردەوام بوون لە حاشاکردن لێی. خەڵخاڵی کە مێژوو بەرچەسپی «قازیی سێدارە»ی لێ دەدا، دواتر سنە بەجێ دەهێڵیت و دەچێ بۆ شارەکانی تری کوردستان و دەچێتە هەر شوێنێک، ماشینی دادپەروەریی خۆی وەگەڕ دەخاتەوە. ساڵانێک دواتر، بەردەوام لە خەڵخاڵی لە بارەی سروشتی دادگاییکردنەکانی و ئەوەی کە ئایا هیچ پەشیمانە یان نا، پرسیار دەکرا. وەڵامەکەی زۆر بەناوبانگە کاتێک دەڵێ نەک پەشیمان نییە، بەڵکوو گەر توانیبای، هەمان کاری دووپات دەکردەوە. لە پەیوەندی لەگەڵ هاریکاری کردنی مەکتەب قورئان لەگەڵی، خەڵخاڵی تەئیدی دەکات کە موفتیزادە هیچ بەشدارییەکی لەیارمەتی کردنی ئەو بۆ دەستبەسەرکردن و لە سێدارەدانی «بێ دینەکان» نەبوو و لەڕاستیدا هەوڵی داوە پێش بە لەسێدارەکان بگرێت. بەپێچەوانەی ئەوە، ئەو موفتیزادە وەکوو کەسێکی جیاییخواز پێناسە دەکات کە وەک باقیی مەحکووم کراوە چارەرەشەکانی دادگاکانی، شایانی دادگاییکردن و لە کۆتاییدا «قەزاوەتی خواوەندە».
بەدەر لەوەی ئایا هاوکاری کردنی موفتیزادە لەگەڵ ڕێژیم ڕاست بوو یان ساختە، لایەنگرانی موفتیزادە دەڵێن کە لە زستانی 1979وە، کۆمەڵە زیاتر بە دژیان توندوتیژ بووە و بەمەش توندوتیژی نێوخۆیی کوردی لە سنە بووە تەواوکەری شەڕی کوردستان لەگەڵ ڕێژیم. ئەوە سەرەتای بەکارهێنانی نازناوی جاش، یان خیانەتکار بە شێوەیەکی بەرین بۆ ئەندامانی مەکتەبی قورئان بوو. وشەیەک کە یەکەمین جار لە 1960ـەکاندا لە لایەن پێشمەرگەوە بۆ ناوزەدکردنی ئەو کوردانەی هاوکارییان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق دەکرد، بەکار هێنرا. بەپێی ڕاپۆرتەکان، دەیان ئەندامی مەکتەبی قورئان لە لایەن پارتیزانەکانی کۆمەڵەوە هێرشیان کرایە سەر، ژمارەیەکیان تەنانەت لە لایەن ئەندامانی وەک دەگوترێ کۆمەڵەوە سەربڕدران. ڕێبەری کۆمەڵە ئەمڕۆکە حاشا لەو تۆمەتانە دەکات.
لە کاتێکدا فەزایەکی ناڕوون لە کوردستاندا لە ئارادا بوو، کۆبوونەوەکانی پەیوەندیدار بە ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتی لە تاراندا بەردەوام بوون. موفتیزادە وەکوو چاودێرێکی تایبەتی بابەتی مافی کەمایەتییە ئیتنیکی و ئاینییەکان لە شۆڕای خوبرەگاندا، هەوڵی دا پێش بە دەرهاویشتنی ئەو ڕێککەوتنانەی لەسەر مافی کوردەکان (و ئیتنیکەکانی تر) کرابوو و هەروەها جیاکردنەوەی ئیسلامی شیعە وەکوو مەزهەبی فەرمیی کۆمارەکە بگرێت. موفتیزادە لێبڕاوانە تکای لە شۆڕاکەدا کرد و وتی ئەو یاسای بنەڕەتییەی کە ڕەشنووسەکەی دەنگی وەرگرتووە، دەبێتە هۆی جیاکاری بە شێوەی هێزەکیی توندوتیژانەی ئێرانییەکان لە یەکتر. بە پێی ڕاپۆرتەکان، ژمارەیەک لە ئاخوندەکان کە پشتیوانییان لە ڕۆڵی کەمتری دامەزراوەی ئاخوندی دەکرد، لەوانە خودی ئایەتوڵڵا تاڵەقانی، پشتیوانییان لە ناڕەزایەتییەکانی موفتیزادە لەسەر بەشگەلێکی بەرچاوی ڕەشنووسەکە کرد. تاڵەقانی کە یەکێک لە لایەنگرانی ڕۆڵی کەمتری ئاخوندەکان لە کۆماری ئیسلامییەکەدا بوو، زیاتر لەگەڵ لابردنی بەشە سێکۆلارەکانی یاسای بنەڕەتی بە قازانجی بەشە فیقهییە ئیسلامییەکان کێشەی هەبوو. ناوبراو بە ڕواڵەت دژی پێویستی دامەزراوەی ویلایەتی فەقیهـ بوو. لە کۆبوونەوە سەرەتاییەکانی شۆڕاکەدا، تاڵەقانی لە ئیستدلالەکانی بۆ لابردنی ئەو دامەزراوەیە سەرکەوتوو بوو.
دواتر، لە 9ی سێپتامبری 1979، باسی دەمەقاڵەی ئایەتوڵڵا تاڵەقانی لەگەڵ باڵوێزی ڕووسیە لە ئێراندا لە کۆبوونەوەیەکدا لە زۆربەی ڕاگەیەنەکاندا بووە سەردێڕ. ماوەیەکی کورت پاش ئەوە، تاڵەقانی کە بە پێشکەوتنخوازترین ئاخوندی دامەزراوەی دەسەڵات ناسرابوو، مرد. هەروەک زۆربەی مێژووی ئێران لە کاتی شۆڕشەکە، مردنەکەی تاڵەقانیش بووە ڕازێک، دوایین کەسایەتیی بەهێزی شۆڕای خوبرەگان مرد. تەنیا چەندڕۆژ دواتر، بەپێی ڕاپۆرتی کاری کۆبوونەوەکانی شۆڕاکە کە دواتر بڵاو کرایەوە، دەنگ درا بە زیادکردنی ویلایەتی فەقیهـ لە ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتیدا.
موفتیزادە هەستی کرد کە ڕووداوەکان خەریکە بە خێرایی لە کونتڕۆلی دەردەچن و پێگەکەی لاواز دەکەن و ئەو خۆشبینییەی کە ناوبراو لە وتووێژ لەگەڵ دەوڵەت هەیبوو خەریک بوو کاڵ دەبووەوە. بە هیوایەکی زۆر کەمەوە بە نیسبەت کارکردن لەگەڵ شۆڕای خوبرەگاندا، موفتیزادە ملی ڕێگای قومی گرتەبەر و داوای کرد لەگەڵ ئیمام دیدار بکات. ئەوە لەو بەیانییەدا بوو کە بەشی 12ی مادەی 1ی یاسای بنەڕەتی لە لایەن شۆڕاوە دەنگی پێ درا و بەمەش ئیسلامی شیعە وەکوو ئایینی فەرمی لە ئێراندا ڕاگەیەندرا.
موفتیزادە لە قوم چاوی بە کوڕی خومەینی(ئەحمەد)، کەوت و بەرەو ژوورێک لە حەوزەی عیلمییە ئیسکۆرت کرا. زانایەکی ئایینیی بەناوبانگی بەلووچ (سوننی بوو) کە ناوی بڵاو ناکرێتەوە، وێڕای ماجێد ڕووحانی، لە کۆبوونەوەکەدا هاوڕێیەتیی موفتیزادە دەکەن. ئەوان لە ژوورێک دادەنیشن و چاوەڕێی ئیمام دەکەن. ڕووحانی دەگێڕێتەوە:
«خومەینی هاتە ژوورەوە و لە دەستی ڕاستی موفتیزادەوە دانیشت. مەلا بەلووچەکە کەوتبووە لای ڕاستی خومەینییەوە و منیش لە گۆشەی ژوورەکە دانیشتم. موفتیزادە ڕووداوەکانی ڕۆژانی پێشتری بۆ ناوبراو (خومەینی) گێڕایەوە. ئەو بەپێی ڕێککەوتەکان ڕووداوەکانی پەیوەندیدار بە رەشنووسی یاسای بنەڕەتیی گێڕایەوە و دواتر دەستی کرد بە ئیستدلال کردن. وتی ئەگەریاسای بنەڕەتی وەک ئەوەی ئێستا هەیە دەنگی پێ بدرێت، دواتر پێش بە ڕکەبەرایەتی و توندوتیژیی نێوان شیعە و سوننی ناگیرێت. ناوبراو ئاماژەی بەو بەڵێنییانەی پێی درابوو کرد و وتی کە فێڵی لێ کراوە. خومەینی گوێی گرت و دواتر دەستی موفتیزادەی خستە سەر ڕانی چەپی و کەوتە قسە. خومەینی وتی کە ئەو بۆ خۆی چەند پێویستی هەیە و کۆمەڵێک خاڵی پێویستی بۆ دروست کردنی کۆدەنگی هەیە. وتی کە کەسانێک لە دەوڵەتدا هەن کە ئەو یاسای بنەڕەتییەیان ناوێت کە موفتیزادە دەیهەویست، و بە شێوەیەکی زیرەکانە پرسیاری کرد کە چۆن دەکرێ ئەو داوای بە زۆر گونجاندنی ئەو خاڵانە بکات. [بە ئاماژەی پەنانەکی بەو ڕاستییەی کە کوردەکان لە شۆڕش بەملاوە هەر چییەک بووبێت هاریکار نەبوون و لە دەرەوەی کوردستان پشتیوانێکی ئەوتۆیان نییە]. خومەینی بە ڕەوانی پرسیاری کرد: «ئەگەر ئەم ڕەوتە کە خەڵکی تێدا دەکوژرێت درێژەی هەبێت، ئایا تۆ ئامادەی کە ئۆباڵەکەی بکەوێتە ئەستۆت؟». خومەینی چاوی لە مەلا بەلووچەکە کرد کە بە تەشەرەوە وتی «نا». موفتیزادە، پاش ڕاوەستانێک، وڵامی دایەوە، «ئێمە بە شێوەیەکی سادقانە بەدوای دیالۆگەوە بووین. [ئێمە کەمینەین و تەنیا مافی خۆمان دەوێت]. ئەگەر خوێن بڕژێت، ئەوە هەڵەی ئێمە نیە، ئەوە هەڵەی دەوڵەتە. ئەوە هەڵەی ئێوەیە». پاش بیستنی ئەمە، دەموچاوی خومەینی سوور هەڵگەڕا و وتی ماندووە، هەستا و ژوورەکەی بەجێهێشت».
چەند کاتژمێر پاش دیداری لەگەڵ خومەینی، موفتیزادە چوو بزانێت چی لە ئاخوندێکی میانەڕۆی دیکە لە قوم تێدەگات، ئاخوندێک کە یەکێک لە پایەبەرزترین ئایەتوڵڵاکان بوو، ئایەتوڵڵا موحەممەد کازم شەریعەتمەدارى. شەریعەتمەداریش لە سەر زۆرێک لە ئەندامانی مەجلیسی خوبرەگاندا شوێندانەر بوو. ماجێد ڕووحانی وەبیری دێتەوە کە خانووی شەریعەتمەداری زۆر لەوەی خومەینی تێیدا دادەنیشت، بە زریقەوبریقەتر بوو. ئەوان لە لایەن ستافی خانووەکەوە پێشوازییان لێ کرا و پێیان گوترا چاوەڕێ بن. کاتێک شەریعەتمەداری هات، موفتیزادە هەمان ئەو ئیستدلالانەی کە بە خومەینیی گوتبوون، دووپات کردەوە. شەریعەتمەداری، پاش لێدوانێکی زۆر هەستبزوێن، زۆر بە هێوری وڵامی دایەوە کە نووسینی یاسای بنەڕەتی پڕۆسەیەکە و پێویستی بە کاتە. ناوبراو هانی موفتیزادەی دا کە بە تاقەت بێت. شەریعەتمەداری بەتایبەتی ئاماژەی بەوە نەکرد کە هەندێ بەش کە هەڵکردن لەگەڵیان نەلواو بوو، هاوڕایییان لەسەر پێکهاتبوو و بەمەش موفتیزادە بە شکستخواردنەوە شوێنەکەی بەجێ هێشت. بە باوەڕی ماجێد ڕووحانی، ئەوە لەو کاتەدا بوو کە بۆچوونی موفتیزادە لەسەر ڕێژیم گۆڕا. نابراو هاتە سەر ئەو باوەڕە کە ئەگەری ئەوە زۆرە کە بە ئەنقەست خەریک بوو فێڵیان لێ دەکرد. لێکەوتەکانی هەموو ڕووداوەکانی ساڵی پێشوو هاتنە بەرچاوی.
ئەگەر موفتیزادە خەریک بوو لە لایەن ڕێبەرانی شۆڕشەکەوە پشتگوێ دەخرا، ئەوا بڕیاری دا کە کارێک بکات دەنگی ببیسترێت. ئەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان دوایین هیوای بوو بۆ گۆڕینی شەپۆلی ڕووداوەکان پێش لەوەی یاسای بنەڕەتییەکە بگاتە دواقۆناغی و بەمەش بێسەروبەرەیی لە کوردستان زیاتریش پەرە بستێنێت. موفتیزادە پێی نایە نێو مەیدانی پیرۆزی حوسێنییەی ئێرشاد. مزگەوتێکی تاران کە مێژووی چالاکییەکانی بەناوبانگ بوو، لەوێ بوو کە عەلی شەریعەتی خوێندنەوەی ڕیفۆرمیستیی خۆی لە ئیسلام پێشکەش کرد و بە مارتین لوتێری موسوڵمانان شوبهاندیان، لەوێ بوو کە مێهدی بازرگان بیرۆکە موناقشەهەڵگرەکانی خۆی لەسەر ئیسلام و حکوومەت خستەڕوو. کاتێک کاتی یەکەمین خوتبەی موفتیزادە هات، بە هەموو هەستی خۆی وتاری دا:
«بە ناوی ئیسلام، ئەوان، ئەم درۆزنانە، خەڵکانی زۆری شیعە و سوننەیان دەستبەسەر کردووە! چۆن ئیزن بە خۆتان دەدەن خومەینی لەگەڵ یارانی پێغەمبەر بەراورد بکەن؟ هەزار خومەینیست ناگاتە ئاستێکی یەکێکیان… (بە ڕاستەوخۆ ڕووکردن لە ڕێژیم) ئێوە شەڕانین، بێشەرەفن! بانگەشە دەکەن و دەڵێن ئێمە براین و دواتر کاتێک سوننییەک ڕەخنە لە خومەینی دەگرێت، هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی لێ دەکەن و بە کەسێکی مونافق و ڕەنجبەخەساری ناو دەبەن. ئەمەیە برایەتی؟ سپاس بۆ خوا کە تا ئێستا ئاستمان ئەوەندە دانەبەزیوە کە پێتان بڵێین بێ ئیمان. سپاس بۆ خوا کە تا ئێستا ئیدیعامان نەکردووە کە خواوەند لایەنگری ئێمەیە، کە ئایینمان دروستە و ئایینتان هەڵەیە. سپاس بۆ خوا. داواتان لێ دەکەم جیاوازیش مەخەنە نێوانمانەوە… ئێمە وەکوو خۆمان لەبەر ئایینەکەی ڕەخنەی لەم دەوڵەتە ناگرین، نا. ڕێبەرانی ئەم دەوڵەتە کە مەستی دەسەڵاتن، ئێمە ڕەخنە لەوان دەگرین کە ئەم هەمووە شیعە و سوننە و موسوڵمانانە دەخنە پشت مێڵەکانی زیندان، لەبەر ئەوەیە ئێمە ڕەخنەیان لێ دەگرین. لە بەرامبەر هەموو فێڵبازییەکانتاندا، ئێمە تۆڵەمان لە هیچکامتان نەکردووەتەوە. بەڵام ئێمە ڕایدەگەیەنین کە… ئێوە دەڵێن کە ویلایەتی فەقیهـ ئیسلامی ڕاستەقینەیە، بەڵام ئێمە بە دژی ویلایەتی کەسێکین، ئێمە کەسمان قەبووڵ نیە، ئێمە قورئانمان قەبووڵە: (خوێندنەوەی قورئان) «ئەمروهوم شۆڕا بێنهۆم». جا ناوی بنێین حکوومەتی پاشایەتی شا، یان ویلایەتی فەقیهـ، دەسەڵاتی تاکەکەسێک دەسەڵاتی تاکەیەک کەسە… دەک دەستی فێڵبازان بشکێ!»
پاش ئەوەی بە ئاشکرا لە مزگەوتێکی شیعەدا ڕایگەیاند کە ڕێژیم فێڵبازە و ئەوەش کە ئەو ئیدی ناتوانێ هاوکاریی ئیمام (خومەینی کە ئەو لە سەرەڕۆییەکەیدا لەگەڵ شا بەراوردی کردبوو) بکات، ژمارەیەک لە بەشداربووان تووڕە بوون. موفتیزادە ناچار کرا کە لە درگایەکی پشتەوە مزگەوتەکە بەجێبهێڵێت.
هيجرەت
موفتیزادە لە جەرگەی شەڕێکی هەمەلایەنەی ڕاپەڕیوە کوردەکان و دەوڵەتدا گەڕایەوە سنە. لەم کاتەدا کە ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتی لە کۆتاقۆناغی خۆیدا بوو، بڕیارەکەی بۆ ئیدی هاوکاری نەکردن لەگەڵ ڕێژیم تەنیا دەیتوانی ببێتە هۆی کڕینەوە ئابڕووی. ژمارەیەک کۆپیی وتارەکەی لە حوسێنییەی ئێرشاد لە لایەن لایەنگرانییەوە لە نێو شاردا بڵاو کرانەوە، بەڵام دەنگی تۆپخانە و جێتە شەڕکەرەکانی دەوڵەت بوون بە هۆی ئەوەی کە وەرسووڕانی موفتیزادە تۆزە کاریگەرییەکیشی، کە ئەگەری هەبوو لەسەر باشتربوونی ئابڕووە خەوشدارەکەی هەیبێت، لای زۆرێک لە خەڵک نەبێت. ناحەزانی هەوڵیان دا وا نیشانی بدەن کە ئەو بەڕواڵەت دەمەقاڵەی موفتیزادە لەگەڵ ڕێژیم بە فێل بناسێنن، وەک ئەوەی پیلانێکی بەلاڕێدابەرانی دیکەی ڕێژیم بۆ فێڵ کردن لە کوردەکان بێت. کۆمەڵە، بەتایبەتی، کاتێک سەلما کە پیاوی ژیری خوا، بەو جۆرەی ئەوان پێیان دەگوت، دوایین ڕێبەرێک بوو لە کوردستاندا کە وازی لە ڕێژیمێک هێناوە کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیلی کوردی بە هەناسەساردییەوە کوشتووە، یەکیەتیی نێو ڕێزەکانی خۆی بە سەرکەوتووییەوە پتەوتر کرد. گاڵتە کردنێکی زۆر ئازاردەر هەبوو کە لەوە بەدواوە ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر لە سنە بەکار دەهێنرا: «ئەحمەد موفتیزادە، کۆتوشەلوارەکەی داوە بە جلشۆری و لەبیری کردووە پێشتر «بەڵێنی خودموختاری»ییەکە لە گیرفانی دەربهێنێت».
کە گەیشتە نوامبری 1979، پیتەختی پارێزگای کوردستان، سنە بە کردەوە لە نێوان دوو دەستەی کۆمەڵە کە تا دەهات زیاتر چەکدار دەبوون وهەروەها لایەنگرانی مەکتەب قورئان کە ئامانجی سیاسیی خۆیان و مانای بوونی خۆیان لە پاش کێشەکەیان لەگەڵ ڕێژیمدا بە زۆری لەدەست دابوو دابەش ببوو.لە بەدشانسیی زیاتری موفتیزادە، هێرشی سەربازیی ڕێژیم بۆ بەدەستهێنانەوەی کونتڕۆڵی دەوڵەت لەسەر زۆرێک لە ناوەندی شارەکانی کوردستان دەرکەوت کە کاتەکی بووە. لە دێسامبر، زۆربەی شارە سەرەکییەکانی کوردستان بۆ جارێکی دیکە بە کردەوە لە ژێر کونتڕۆڵی حیزبە کوردییەکاندابوون. ئەوە بۆ زۆر کەس ترسناک بوو کە بژاردەی شەڕ بۆ پێشمەرگەکان خەریک بوو کاریگەر بێت.
هەروەها لەم کاتەدا، شۆڕای خوبرەگان دوایین ڕەشنووسی یاسای بنەڕەتیی تەحویل دابوو. نێوەڕۆکەکەی بە ئاشکرا دژایەتیی هەبوو لەگەڵ بوونی بیرۆکەی مافی کەمایەتی و بە جۆرێک دێموکراسی لە ئێراندا. جگە لەوەی ئیسلامی شیعە کرابووە ئایینی فەرمیی وڵاتەکە، زمانی فارسیش کرایە زمانی فەرمیی ئێران (پاش ئەوەی چەمکی قەوم بە ئاشکرا لە لایەن خومەینییەوە مۆری غەیرەئیسلامیی لێ درا) و هەروەها ویلایەتی فەقیهـ، دەسەڵاتی ڤێتۆی سەرەڕۆیانەی لە پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی کاروبارەکانی وڵاتدا، بە زانایەکی شیعە بەخشی. کاتێک لە ماوەی حەوتووی یەکەمی دێسامبردا، یاسای بنەڕەتیی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران خرایە ڕیفراندۆمی سەرانسەرییەوە، بەشداریی دەنگدەران زۆر کەمتر بوو لە ڕیفراندۆکەکەی پێشتر و لە کوردستان و هەندێ لە پارێزگا کەمایەتی نشینەکانی دیکەدا بە کردەوە هەر دەنگدەرێک نەبوو. یاساکە بەهەرحاڵ بە زۆرینەیەکی هەرە بەرچاو دەنگی هێنایەوە. بەمەش شکستی سیاسیی موفتیزادە گەیشتە قۆناغی کۆتایی.
لەڕۆژێکی ساردی زستاندا، برای موفتیزادە، عەبدوڵڵا، لەگەڵ بنەماڵەی لە ماڵی خۆیدا بوو. کوڕی گەورەی بنەماڵەکە، ڕەزا، کە سێ خوشکی لە خۆی گەورەتری هەبوو، چووە دەرەوە تا زبڵی ناوماڵ بڕێژێت. هەر چەند چرکە پاش ئەوەی دەرکەی حەوشەی لە خۆی پێوەدا، دەنگی تەقە هات. ڕەزا بە تلاوتل خۆی گەیاندەوە ژوورەوە لای بنەماڵە ڕاچڵەکاوەکەی. کاتێک عەبدوڵڵا چووە دەرەوە بزانێ چی بووە، بە ڕیزێک گوللـە ناچار کرا بگەڕێتەوە ماڵەوە. ئەو کونانەی کەوتبوونە نێو دیواری ماڵەکە، بایی ئەوەندە ڕوون بوون کە بزانن ئەندامانی کۆمەڵە هەوڵیان داوە براکەی موفتیزادە و برازاکەی تیرۆر بکەن. ئەم ڕووداوە پاش ئەوە بوو کە مانگێک پێشتری چەند جار هەوڵ درابوو خودی موفتیزادە تیرۆر بکەن.
لەم قۆناغە زەمەنییەدا، موفتیزادە، سەرەڕای بڕیارەکانی، ئاگاداری ئەو دەنگۆیانە بووەوە کە پێڕەوان و لایەنگرانی لە چەندین دەرگیریی چەکدارانە لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵەدا تێوەگلاون. ئەو تاکانەی کە ئیدیعای بەستراوەبوون بە موفتیزادەیان دەکرد، ئەگەر زۆر بوون بۆ خۆیان هێرشی تۆڵەکردنەوە نەکەنە سەر ئەندامانی کۆمەڵە لە سنە. کاتێک هیوا بە ڕێگەچارەی سیاسی نەما و توندوتیژی ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر پەرەی دەسەند، ئیدی زەحمەت نەبوو کە وێنای ئەوە بکرێت کە ڕووداوەکان لە سنەدا بەرەو شەڕێکی هەمەلایەنە لە نێوان حیزبە کوردییەکان دەچێت. کۆمەڵە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، مەکتەب قورئانیان بە هاریکاریی بەردەوام لەگەڵ ڕێژیم تۆمەتبار دەکرد، یان لە باشترین حاڵەتی خۆیدا بە هێزێک ناویان دەبرد کە لە لایەن ڕێبەرانی شۆڕشەکەوە کە شەڕیان بەسەر کوردستاندا سەپاندبوو، فێڵی لێ کراوە. بە نزیکبوونەوەی ساڵی نوێ، ئەم حیزبانە بەردەوام بوون لە زۆربوونی ئاستی خۆشەویستییان و بە هەستکردن بە سەرکەوتووییەوە دەسەڵاتی شارە کوردییەکانیان لەدەستدا بوو. ئاشتیهەڵنەگر بوونی جیهانبینیی مەکتەب قورئان و کۆمەڵە بەرەو خاڵی پێکدادان دەڕۆیشت. موفتیزادە، ئەگەرچی لە مردن نەدەترسا، زانی کە گیانی لە مەترسیدایە و دەیشیزانی کە تیرۆری ئەو دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆیی لە سنە و دەرەوەی سنەیش. تەنیا بژاردەیەکی ڕوونی بۆ مابوویەوە تا خۆی لە براکوژی بپارێزێت.
لە ژانویەی 1980دا، موفتیزادە بە لایەنگرانی خۆی ڕاگەیاند کە سنە بەجێ دەهێڵێت و دەچێت لە کرماشان نیشتەجێ دەبێت کە دوو کاتژمێر لەوێوە دوورە. لە کاتی شیکردنەوەی هەڵوێستەکەی، ناوبراو ئاماژەی بە هیجرەتی حەزرەتی موحەممەد کرد کاتێک لە پێناو خۆبواردن لە شەڕ لەگەڵ عەشیرەتە مەککەییەکان کە دەیانویست بیکوژن، لە مەککەوە بۆ مەدینەڕۆیشت. ناوبراو وتی هەر وەک لە ئەزموونەکەی پێغەمبەر و یارانی دیارە، «ئەگەرچی ئێمە نامانەوێ ئەوان بکووژین، ئەوان ئێمە دەکووژن»، بە ئاماژە بە لایەنگرانی کۆمەڵە لە کوردستان. ناوبراو شەڕکردن لەگەڵ هەر هێزێکی ڕکابەری لە لایەنگرانی خۆی قەدەغە کرد و داوای لە هەموو ئەو کەسانەی کە لە ژیانی خۆیان دەترسان کرد، شارەکە بەجێبهێڵن. لە هەمان مانگدا، موفتیزادە شارەکەی بەجێ هێشت. کۆمەڵە بە شێوەیەکی کاریگەر شەڕی نفووزی لە سنە بردەوە کاتێک کوڕەکەی موفتیزادە پاشەکشەی کرد.
لە ماوەی ساڵ و نیوێک دواتری، کۆمەڵە و گرووپەکانی تر شەڕێکی خوێناوی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی دەکەن کە بە نرخی ژیانی هەزاران کەس و بەبێ دەستکەوت دەبێت.
شەڕێکی داسەپاو
لە شاری کرماشانەوە، موفتیزادە بە شێوەیەکی پێداگرانە درێژە دەدا بە ڕەخنەگرتن لە ڕێژیم. ناوبراو شەڕی ڕێژیم بە دژی کەمایەتیی سوننی بە ناڕەوا ناو دەبات و کۆماری ئیسلامی بە نائیسلامیبوون مەحکووم دەکات ـ فێل و تەڵەکەی سەردەمی شۆڕش کە لە هەموو شوێنێکدا دەبینرێت-. ناوبراو ڕێنوێنیی لایەنگرانی دەکات کە هەموو جۆرەکانی ژیانی سیاسی لە ڕێژیمدا بایکۆت بکەن و هەموو هاوکارییەکانی لەگەڵ ڕێژیم ڕادەگرێت.
سەرەڕای ڕاگرتنی پشتیوانی و بەشداری لە حکوومەتی نوێدا و بوون بە سیمایەکی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستاندا، موفتیزادە نەچووە نێو فەزیلەتی تاکەکەسیی خۆیەوە. ئەزموونی چەند ساڵی ڕابردووی، ئەوی بەو قەناعەتە گەیاندبوو کە سونییەکانی ئێران هیچ کات بە شێوەی دروست لە لایەن دەوڵەتێکەوە خزمەت ناکرێن کە لێیان بە گومان بوو و ڕقی لە نێوئاخنی باوەڕەکانیان بوو. ئەو لەو بڕوایەدا بوو کە کەمینەی سوننی لە ئێران، ئەگەر دەیانەوێ درێژە بە ژیان بدەن، پێویستە لە نێو خۆیان، خۆیان ڕێکبخەن. لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە، ناوبراو دامەزرانی «شەمس»(شۆڕای مەرکەزییەتی سوننە)ی ڕاگەیاند. ناوبراو هیوادار بوو کە ئەو ناوەندە، وەکوو ناوەندێکی کۆمەڵگای مەدەنی نەک حیزبێکی سیاسی، بتوانێ دەنگی سوننییەکانی ئێران لە کاتێکدا یەک بخات کە دەوڵەتێکی شیعە دەیویست بیخنکێنێت. لە ماوەی دەستپێکی 1980 تا کۆتایی هاوینەکەی، هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وا دیار بوو کە ئەرکی وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمیان لەسەر پرسەکانی کوردستان لە کاناڵگەلێکی بە زۆری نهێنییەوە گرتە ئەستۆ، لە کاتێکدا شەڕ درێژەی هەبوو. بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم وتووێژانە چەندە زاڵ یان جیددی بوون کە لەم بارەوە بۆچوونی پێکناکۆک هەیە، بە ئاکامێکی ئەوتۆ نەگەیشتن.
لە 22ی سێپتامبری 1980دا، ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو ڕوویداکە مێژووی ئێرانی بۆ هەمیشە گۆڕی. سەددام حوسێن، بە هەستکردن بە لاوازیی بەهێزترین و سەرەکیترین ڕکابەری دراوسێی ڕۆژهەڵاتی خۆی، بڕیاری هێرشی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر ئێرانی دەکرد. ناوبراو هیوادار بوو بەم کارەی تاران بگرێتە دەست و دەوڵەتێکی نزیک لە خۆی بێنێتە سەر کار و هاوکات بەشە لە نەوتدا دەوڵەمەندەکانی باشووری ئێرانیش بە جوغرافیای وڵاتەکەیەوە بلکێنێت. ڕێکاری سەرکەوتنەکە وا دیار بوو ئەمە بوو: ئەرتەشی ئێران لە کوردستاندا زەمینگیر بووە، زۆرێکیش لە ژێنێراڵە ئەستێرەدارەکانی سوپای پاشایەتیی پێشوو یان لەسێدارە دراون یان لە زیندان کراون. ناڕەزایەتیی سیاسی لەسەر چەندین پرسی گرینگ لە نێوخۆدا لەئارادا بوو، و هەروەها کەمایەتییە ئیتنیکییەکانیش هەبوون (لەوانە عەرەبەکان) کە بە دڵنیاییەوە ئەو دەرەتانەیان کە بە هۆی هێرشەکە دەهاتە کایەوە، دەقۆستەوە بۆ توندکردنی شەڕەکەیان لەگەڵ ڕێژیمە ئیسلامییەکە. لە مانگە سەرەتاییەکانی شەڕەکە، ئێران زەبری قورسی لێ کەوت هەم لە باری لەدەستدانی خاک و هەم لەدەستدانی پێرسۆنێلەوە. دەوڵەتی شۆڕش کە یەکێک لە بەتواناترینی ئەرتەشەکانی جیهانی بۆ بەمیرات مابووەوە، دەستوپێی ون کرد. ئەو فڕۆکەوانانەی هێزی ئاسمانیی ئەرتەشی شا بە پەلە لە بەندیخانەکان قۆڵکێش کران و فڕێ درانە نێو جێتە شەڕکەرەکانی دروستکراوی ئەمریکا و پێیان گوترا کە بەرگری لە وڵاتەکە بکەن و هاوکات ئەو لاوە ئێرانییانەی، کە هیچکات چەکیان بە دەستەوە نەگرتبوو، لە سەرانسەری وڵاتەوە بەرەو بەرەی شەڕ وەڕێکەوتن و وڵامی بانگەوازی خومەینی بۆ جیهاد لە دژی ئەرتەشی داگیرکەریان دایەوە.
شۆڕشگێڕە کوردەکانیش لە ئێراندا بەم هێرشە تووشی سەرسووڕمان بوون و کەوتنە زەحمەت بۆ دیاریکردنی هەڵوێستیان لەم پەیوەندییەدا. لە لایەکەوە، پەیوەستبوونی بە سوپای عێراق ڕەنگ بوو ڕوونترین دەرەتان بووبێت کە تا ئەو کاتە کوردەکان بۆ شکستدانی کۆماری ئیسلامی کە لە شۆڕشەکە بەملاوە ئامادە نەببوو مل بە داخوازییەکانیان بدات، هەیانبوو. لە لایەکی دیکەوە، سەددام حوسێن بۆ خۆی دوژمنێکی پایەداری خەڵکی کورد بوو و هاریکاری کردن لەگەڵ ڕێژیمی عێراق بە دژی دەوڵەتی ئێران دەبووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە خەڵکی ئێران وا بیر بکەنەوە کە ویستی ئیدیعاکراوی کوردەکان بۆ بەشداری لە ئێرانی دێموکراتیک و یەکگرتوو، ساختەکارانەیە. ئەمە بوو بە هۆی پێکهاتنی ژمارەیەک هاوپەیمانیی سەرلەشێواوانە کە لەیەکەم ساڵەکانی شەڕەکەدا بەردەوام بوو، هاوپەیمانیگەلێک کە زیاتر بەو هۆیەوە سەری گرت کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی عێراق لە پێناو شکستدانی عێراق ، کەوتە بەرەی سوپای ئێران لە شەڕ لەگەڵ هێزە کوردییەکان. هێزە کوردییەکانی دیکەی عێراق، لەوانە یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان کەوتنە بەرەی هێزە کوردییەکانی ئێران.
هەر لەو کاتەدا، هەندێک لەو بزووتنە سیاسییە دۆڕاوانەی شۆڕشەکە، بەتایبەتی گرووپی چەپگەرای ڕێکخراوی موجاهیدنی خەڵک (MKO) دەستیان کرد بە کاری نهێنی و کەمپەینی تیرۆری ڕێبەرایەتیی کۆماری ئیسلامییان بە هیوای داڕماندنی ڕێژیمەکە لە نێوخۆوە خستەڕێ. ئایەتوڵڵا بێهێشتی و موحەمەد جەواد باهونەر، دوو کەس لە بەرپرسانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامی کە ئەحمەدی موفتیزادە لە بەندیخانەکانی شادا لەگەڵیان لەسەر گۆڕینی ڕێژیم ئاڵوگۆڕی بیروڕای کردبوو، تەنیا دوو کەس لەو ژمارە زۆرە کەسە پایەبەرزانەی ڕێژیم بوون کە لە وەها هێرشگەلێکدا کوژران. لە کۆتایی 1981دا، ئێران، لە هەموو بەرەکانەوە، لە جەرگەی شەڕێکی هەمەلایەنەدا بوو.
ئێران دواجار بەو ئاکامە گەیشت کە ڕێکخستنی نێوماڵی خۆی یەکەمین پرسی گرینگە لە شەڕی دژواریدا لەگەڵ سوپای هێرشبەری عێراقدا. بژاردەی سوپای پاسدارانی شۆڕش هەوڵەکانی خۆیان لە ناوچەی کوردستاندا دووقات کرد. ئێران، بە هیوای سەرمایەدانان لەسەر بەکەڵک بوونی ناسیۆنالیزم و شوناسی هێزەکی کوردی کە ئێستا ئیدی ددانی پێدانرابوو، دەستی کرد بە ڕێکخستنی هێزەکانی «پێشمەرگەی موسوڵمان» لە پێناو ئەوەی هاوکاریی یەکە میلیشیاییەکان بکەن. بیرۆکەی پشت ئەم هێزە میلیشیاییە ئەوە بوو کە تا ڕادەیەک ددان بە شوناسی ئیتنیکیدا بنرێت و هاوکات سەرمایەدانان بێت لەسەر هەستی دژەکۆمۆنیستیی کۆمەڵگای نەریتی و پارێزگاریخوازی کوردی. بە هەر پێوەرێک بیپێوین، ئەم هەوڵە لە ڕێکخستنی بەشێکی بەرچاوی سونییە کوردە ئێرانییەکاندا شکستی خوارد ـ زۆربەی بەشداربووانی هێزی «پێشمەرگە موسوڵمان» بەکرێگیراوی عەشیرەیی یان کوردە شیعەکان بوون. ئەمە بەو مانایە بوو کە بەشداریکردن لەو هێزە میلیشیاییە تا ڕادەیەک کەم بوو. سەرەڕای ئەمەش، دەنگۆ بڵاو بووەوە کە ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزی پێشمەرگەی موسوڵمان، پەیمانیان لەگەڵ ئەحمەد موفتیزادە هەیە. هاوکات لەگەڵ ئەوەی موفتیزادە بە ئاشکرا گرووپەکەی ڕەد کردەوە، دەوڵەتی ئێران دەستی کرد بە بەرینترین ڕەشبگیری جیابیرانی سیاسی لە وڵاتدا. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیان ئەو ئەندامانەی مەکتەبی قورئان بوون کە بە ئاشکرا بەرامبەر ڕێژیم دەدوان. ئەوان لە ئاگۆستی 1982دا ژمارەیەک لەو تاکانەیان لە سنە کە ڕەشبگیرییە سیاسییەکە لەوێ لە هەموو شوێنێک قورستر بوو، دەستبەسەر کرد. بە زۆری دیار بوو کە زۆر ناخایەنێت سەرکوتەکە دەگاتە شارەکانی دیکەی کوردستانیش.
لەڕۆژێکی گەرمی هاویندا لە کرماشاندا لەو شوێنەی کە، ئەگەر کەمێک بیهێنینە بەرچاوی خۆمان، گەرمیی خۆشی پاشنیوەڕۆیەک دەیتوانی لانیکەم بۆ ماوەیەکی کورت، بیرکردنەوە لەو شەڕە سارد و حەسێب بۆکراوەی کە تەنیا چەند مایل لەولاترەوە کەفوکوڵی دەکرد بڕەوێنێتەوە، موفتیزادە لە ماڵەکەی خۆیدا پێشوازیی لە میوانێکی زۆر تایبەت کرد. شاعیری بەناوبانگی کورد، عەبدوڵڕەحمان شەرەفکەندی، کە لە خۆشەویستیدا بە مامۆستا هەژار ناوبانگی هەبوو، لە ڕێگەی دۆستێکی هاوبەشەوە لە شوێنی نیشتەجێ بوونی لە دەورووبەری تارانەوە ڕێی ناسینی موفتیزادەی گرتبووە بەر. هەژار نوێنگەیەکی زیندووی کولتووری کوردی بوو. هەژار وەکوو شاعیرێک و نووسەرێکی ئەدەبی کوردی، یەکێک لە یەکەمین شۆڕشگێڕەکانی کۆماری مهاباد بوو کە ناچار بە تاراوگەنشینی کرا و تازە گەڕابووەوە ئێران. ناوبراو، بە هۆی دەیان دەقی نووسراویەوە، بە کەسێک دەناسرا کە زمانی مۆدێڕنی کوردیی فۆرمۆلە کردبوو. لە کاتێکدا کە ژمارەیەک لە نزیکترین پێڕەوانی موفتیزادە لە سەرانسەری کوردستاندا لە ڕەشبگیری دەوڵەتدا دەستبەسەر کرابوون، هەژار دەیویست لەگەڵ موفتیزادەی هاوڕێی قسە بکات و پەیامێکی پێ بگەیەنێت.
کاتێک پێکەوە دانیشتن، هەژار وتی «کاکە ئەحمۆ»، کە موفتیزادە لە خۆشەویستیدا بەو جۆرە ناو دەبرا، «تۆ دەزانی کە ئەوان ڕەنگە بیر لە دەستبەسەرکردنت بکەنەوە. هیچ نەبێت، ئێستا خەریکن بەرنامەڕێژیی بۆ دەکەن». موفتیزادە چاوی لە چاوی هاوڕێکەی بڕی و وڵامی دایەوە «دەزانم». هەژار درێژەی دا و وتی «پێموایە تۆ دەبێ وڵات بەجێ بهێڵیت. هەندێ کەس دەناسم کە دەتوانن یارمەتیت بدەن لە ئێران بچیتە دەرەوە. کەسانێکی زۆر شارەزان. هیچ مەترسییەکی تێدا نیە، وەکوو خزمەتێک بە من حەز دەکەن یارمەتیت بکەن».
موفتیزادە لە وڵامی هەژاردا، بە شێوەیەکی هەستبزوێن پرسیاری کرد: «ئەوە تەنیا پەیوەندیی بە منەوە نیە. ئەدی ئەو خەڵکەی ئەوان دەستبەسەریان کردوون چی؟ ئەگەر من بڕۆم، چی بەسەر ئەوان دێت؟ ئایا من هۆکاری ئەوە نیم کە ئەوان دەستبەسەرن؟» و لە کۆتاییدا وتی «ڕەنگە ئەو خەڵکە بکووژن». هەژار لە مەبەستەکەی موفتیزادە تێگەیشت. سەرەڕای ئەوەش، هەژار لە خستنەڕووی هۆیەکانی بەردەوام بوو و وتی کە ژیانی لە مەترسیدایە و ئەگەر بڕوات، ڕەنگە یارمەتیدەر بێت کە ڕقی ڕێژیم دامڕکێتەوە. ڕەنگە هەمان ئەو هۆکارەش بووبێتە هۆی ئەوەی کە هێشتا دەستبەسەریان نەکردبوو. بەڵام موفتیزادە هیچ لە پێشنیارەکەی هەژار دوودڵی بۆ درووست نەبوو. ناوبراو وتی: «ئەگەر ئەوان من دەستبەسەر بکەن، ڕەنگە ئەوانی دیکە ئازاد بکەن. شوێنی من لێرەیە. زۆر سوپاس مامۆستا گیان».
حەوتوویەک دواتر لە تاران، موفتیزادە لە ماڵی بابامەردوخ ڕۆحانی، نووسەرێکی هێژای کورد و دۆستێکی نزیکی بنەماڵەی دانیشتبوو. ئەو ڕۆژە 30ی ئاگۆستی 1982 بوو و کەسێک زەنگی دەرگاکەی کە دەبوو بە پلیکاندا بۆی چووبایەتی خوار، لێدا. ماجید ڕووحانی تازە دەرگای ئاپارتمانەکەی کە کەوتبووە دەرەوەی شار کردەوە و وتی دەچێتە خوارەوە بزانێ کێ زەنگی لێداوە. کاتێک دەرگاکەی کە بەرەو شەقام دەکرایەوە، کردەوە، چوار پیاو پاڵیان پێوەنا و لەسەر ڕێگە لایان برد و داوایان کرد پێیان بڵێ ئەحمەدی موفتیزادە لە کوێیە. چوار کەسەکە بە پەلە بە پلیکانەکاندا سەرکەوتن بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی وڵامێک بن. ماجید چاوی بە وانێک کە چەندین کەس لەمبەروئەوبەری ڕاوەستابوون کەوت کە لە دەورەوە چاوەڕێی دەکرد. ئەو یەکێک لەو کەسانەی ناسییەوە، کەسێک کە حەوتوویەک لەمەوبەر لە ئیدارەیەکی خانەی بڵاوکردنەوە، لەو شوێنەی ماجید کاری دەکرد، وەکوو لایەنگرێکی کۆمەڵە ناسێندرابوو. ناوبراو بە بیبینی ئەم کابرایە کە خۆی بە «عەلی کەیهان» ناساندبوو، زۆر سەری سووڕما، بەم هۆیەوە لە ناکاو هەموو شتێک هاتەوە بەرچاوی کە دەوڵەت لە چەند حەوتوو پێشترەوە بە نهێنی خەریکی چاودێریی ئەو و موفتیزادە بووە. ماجید خێرا مێشکی بۆ لای ئاکامی بێ ئەملاوئەملای ئەوەی خەریکبوو ڕووی دەدا، چوو.
هەرچی بنەماڵەکە ناڕەزایەتییان دەربڕی، بێ کەڵک بوو و پیاوەکان موفتیزادەیان بە زۆر بردە خوارەوە و خستیانە نێو وانەکە. ئەندامانی لاوتری بنەماڵەکە خۆیان دایە بەر ماشینەکە و پێداگر بوون کە ئەوانیش دەبێ لەگەڵیان بچن، جا بۆ هەر شوێنێک دەچن. سەرەتا «کەیهان» هەوڵی دا بە قەناعەتیان بێنێت کە لەسەر ڕێگەکە لابچن و دواتر ئەوان پێیان بە سەیارەکە نا و خەریک بوو بیانکەن بە ژێرەوە. وانەکە لە کۆتایی شەقامەکەدا لەبەرچاو ون بوو.
ئەنجام
ئێمە بە وردەکاریگەلێکی زۆر سەرنجڕاکێش لە بارەی پەیوەندیی نێوخۆیی و ئەوپەڕنێوخۆییی بزووتنەوە و کەسایەتییە جیاوازەکانی کوردستان و ئێراندا چووینەوە. لە کۆبوونەوە و هاوڕێیەتیی موفتیزادە لەگەڵ ڕێبەرانی داهاتووی شۆڕشە شیعەکەوە لە زیندانەکانی شادا تا ئەوەی موفتیزادە دواجار لە ڕووی ئایدیۆلۆژیکییەوە لە بەرامبەر بنەماڵەی هاوسەرەکەیەوە کەوتە بەر تاقیکارییەوە. بەڵام ڕەنگە بۆ باسکردن لەسەر هێڵی ناسکی نێوان برایەتی و جیایی لە کوردستانی ئێرانی ئەو کاتەدا، نموونەیەکی باشتر لەو داستانەی پەیوەندیی بە برازای موفتیزادە، کچی عەبدوڵڵای براگەورەی ئەحمەد، بوونی نەبێت. کاتێک ئەم کچە لە کۆتاییەکانی 80کاندا بە هۆی مردنی عەبدوڵڵاوە گەڕایەوە ئێران، زۆر سەری سوڕما کە پۆستێرێکی ئایەتوڵڵا خومەینی بە دیوای ماڵی بنەماڵەیان لە دەرەوەی تاران هەڵواسرابوو. دواتر دەرکەوت کە ناوبراو تەنانەت لە کاتێکدا کە براکەی ئەحمەد لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بوو و سەرەڕای ئەوەی چەندین جار میوانداریی موفتیزادەی کردبوو لە کاتی مەرەخەسی دەرەوەی زیندانی و ڕۆژانە دۆعای کردبوو کە براکەی ئازاد بکرێت، هێشتا تا کاتی مردنی، وێنەیەکی خومەینیی بە هەڵواسراوی ڕاگرتبوو. عەبدوڵڵا کە زۆر لەوەی وەکوو کەمپەینی تیرۆری لە کوردستان لە لایەن «کۆمۆنیستەکان»ـەوە بینی و خۆی و بنەماڵەکەی ناچار کرد سنە بەجێ بهێڵن، تووڕە بوو، پشتیوانی لە هەوڵە سەرکەوتووەکانی دەوڵەت بۆ ڕاوکردنیان کرد. هەڵە بەردەوامەکانی موفتیزادە لە چاوی زۆرێک لە ناسیۆنالیستەکانەوە، پەیوەندیی بەوەوە هەبوو کە ناوبراو بەنیسبەت نییەتەکانی دەوڵەتی شۆڕشەوە خۆشبین بوو و لە جیاتی ئەوەی بە شێوەیەکی تاکلایەنە لای حیزبە کوردییەکانی تر و داخوازییەکانیان بگرێت، تاقەتپڕووکێنانە لە هەوڵی پێکهێنانی کۆدەنگی لەگەڵ دەوڵەت بوو. بەڵام موفتیزادە ڕاستی دەکرد کاتێک وتی کە ئاستی خۆشەویستیی شۆڕشەکە و ڕێبەرانی لە ئێراندا زۆر بەرزە. زۆربەی خەڵکی ئێران بەنیسبەت نییەتەکانی ئیمام خۆشبین بوون. زۆربەی خەڵکی ئێران لەوەدا بڕوایان بە ڕێژیم کردبوو کە لە ڕێژیمی پێش خۆی دێموکراتیکتر دەبێت. کەواتە، پرسیاری ڕاستەقینە ئەوە نییە کە موفتیزادە چۆن لەگەڵ ڕێبەرانی شۆڕشەکە هاریکاریی کرد، بەڵکوو ئەوەیە کە بۆچی باقی خەڵکی کوردستان هاریکارییان نەکرد. وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارە هەیە.
دەوڵەتی ئێران دواجار لە کۆتایی 1982دا، کونتڕۆڵی شارەکانی دیکەی کوردستانیشی گرتە دەست. بەڵام شەڕ لە کوردستان لە هەر دوو بەری سنوورەوە بە درێژایی شەڕی ئێران ـ عێراق درێژەی کێشا. لە شارگەلێکی وەک سنە و مهاباد، نەوەیەک مرۆڤی کورد لە نێو دووکەڵی بیرۆکە جۆراوجۆرەکانی ڕێبەرانیان لەنێو چوون و بەمەش برینگەلێک بەجێ ما کە تا ئەمڕۆ بە جەستەی ناوچەکەوە دیارە. هەزاران منداڵ کە لە شوێنی نزیک شەڕەکە لەدایک بوون، هەتیو بوون، یان ئەگەر شانسیان هەبووبێت، لە دیاسپۆرا سەریان دەرهێناوە و ئامانجەکانیان بە هۆی ئەو ڕووداوە گۆڕانکاریهەڵنەگرانەوە بۆ هەمیشە گۆڕاوە. تەنیا چەند مایل لەوبەری سنووری عێراقەوە، سەددام حوسێن شەڕی تەنانەت دڕندانەتری کوردەکانی خۆی دەکات کە بۆ ئەم مەبەستە کەمپەینی ئەلئەنفال (غەنیمەتەکانی شەڕ) کە لە ئایەتێکی قورئانەوە وەریگرتبوو، وەڕێدەخات. کەمپەینەکە لە هێرشی چەکی کیمیایی بۆ سەر شاری کوردی عێراق، شاری هەڵەبجە، دەگاتە لووتکە کە وێنەکانی لە سەرانسەری جیهاندا ڕووماڵ کران. بەگشتی، سەددام حوسێن نزیک بە 200 هەزار کەس لە کەمتر لە سێ ساڵدا دەکووژێت، لە پرۆژەیەکدا کە ئێستا پێی دەگوترێ جینۆساید. کاتێک ڕێژیمەکانی کۆماری ئیسلامی و بەعس شەڕەکانی خۆیان لە کوردستاندا ناو نا جیهاد دژی کافرەکان، ناسیۆنالیزم و سەروەریی کوردی، ئایدلۆژییەکی خۆڕاگر بوو کە هەموو حیزبە کوردییەکان تا ڕادەیەک لەم قۆناغەدا بەرەوپێشیان برد.
لە کاتێکدا چەند سەرۆک عەشیرە لە کاتی شۆڕشەکەدا هەوڵیان دا ڕێبەرایەتیی حیزبە ناسیۆنالیستە کوردییە سەرەکییەکان مەحکووم بکەن (بەتایبەتی ئەو عەشیرانەی کە لایەنگری شا بوون)، زۆربەی عەشیرەکەتان بەڵێنی ڕاوەستان لە پەنای حیزبە سەرەکییە کوردییەکانیان دا یان کەوتنە ژێرکاریگەریی ناسیۆنالیستەکانەوە. کاتێک شۆڕشی ئێران ڕوویدا، شوناسی عەشیرەیی کوردی لای زۆرینە ببووە ناسیۆنالیزم وەکوو فۆرمێکی خۆجوێکردنەوە لەوانی دیکە لە دەورووبەریان ـ خۆجوێکردنەوە لە شوناسی عەرەبی، فارسی، تورکی و ئیسلامی. لەو بارەوە، ئەگەرچی بزووتنەوەکەی ئەحمەد موفتیزادە ئێعتباری ناسیۆنالیستیی ئەوی هەبوو، بەڵام بزووتنەوەکە لە باری زەمەنییەوە نەگونجاو بوو. ئیسلام ئیدی فاکتۆرێکی یەکخستن لە شوناسی کوردی نەبوو، و هەر بۆیە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئیسلام بکرێتەوە ڕەهەندی بنەماییی بزووتنەوەیەکی کوردی، تەنانەت بزووتنەوەیەک کە لە پلەی دووهەمدا پێداگری لەسەر ناسیۆنالیزم دەکرد، بێ ئەملا و ئەولا شکستی دەخوارد.
مارکسیسمی کۆمەڵەش، گرووپێک کە لە لایەن ڕۆشنبیرانی کوردەوە لە تاران دامەزرا، هەر وەک ئیسلامییەکان، لەیەکگرتووکردنی کوردستان شکستی دەخوارد. کۆمەڵە بە زوویی لە پێناو بەرینترکردنی پێگەی، هاوپەیمانییەکی کردەیی لەگەڵ شێخ عیزەدین پێک هێنا. کاتێکیش کۆمەڵە پەرەی سەند، بە شێوەیەکی بنەڕەتی وازی لە تەرکیزی مارکسیستی لە دۆکتۆرینەکەیدا هێنا. چەندین دەیە پاش شۆڕشەکە، کۆمەڵە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە جۆرێک دەبنە دوو شاخەی گرووپێک کە ناسیۆنالیزمی کوردی باوەڕی بنەماییانە. مەکتەب قورئان، بەش بە حاڵی خۆی، وەکووگرووپێکی ئایینی بە شوناسی کوردییەوە درێژە بە ژیان دەدا. وەک لە بەشەکانی دیکەدا دواتر باس دەکرێت، گرووپەکە لە هیچ چالاکییەکی سیاسیدا بەشداری ناکات و وەکوو گرووپێکی تا ڕادەیەک بچووکی ئەندامانی لەخۆبردوو دەمێنێتەوە. هەروەک لە بەشی کۆتاییی ئەم کتێبەدا ڕوون دەکرێتەوە، کوردستانی ئێران وەک باقی بەشەکانی ئێران، ناسیۆنالیزمێکی کوردیی یەکتربڕی پەرە پێدا کە ئێستا بەردی بناغەی ویستە سیاسییەکانیەتی. لە سەردەمی سەرهەڵدانەوەی ئیسلامی سیاسیدا، لە سەرانسەری کوردستان و لە نێو زیاتر لە چل میلیۆن کەسدا، هیچ ئامادەبوونێکی بەرچاوی ئیسلامی بوونی نیە.
کوردستان سەرمــــەشقی گشتیی خۆشبینی، یەکگرتوویی و هاوکاری لەگەڵ شۆڕشخوازەکانی کــــۆماری ئیسلامیی تازەلەدایکبووی پەیڕەو نەکرد، چونکە ئەمە دژایەتی هەبوو لەگەڵ شوناسی کوردی کە لە ماوەی سەد ساڵی پێشوویدا پەرەی سەندبوو.
*. سەرچاوەی وەرگێڕان بەشی پێنجەمی ئەم کتێبەیە:
Ezzatyar، Ali. 2016. The Last Mufti of Iranian Kurdistan Ethnic and Religious Implications in the Greater Middle East (New York: Palgrave Macmillan).
هەروەها سەرچاوەکان لە لاپەڕەکانی ١٥١ تا ١٥٨دا هاتووە.


