ئارامتر بخوێنەوە!

کوردەکان و ئیسلام* 

نووسین: مارتین ڤان برۆنسێن

و: ژیلا خۆش بەیان

بەكورتی

ئیسلام لە کوردستان پێناسەیەکی جیاواز و دیاریکراوی هەبووە و لە بەریەککەوتنی کۆمەڵگای کوردی لەگەڵ پەروەردە و ڕەوتە ئیسلامییەکان سەرچاوەی گرتووە، بەجۆرێک کە ئالۆزییەکانی ڕەوتی ڕاستی ئایینی (ئۆرتۆدۆکسی) و چەپی ئایینی (هێترۆدۆکسی) بەشێوەیەکی تایبەت کاریگەریی لەسەر کوردستان داناوە. کوردستان بەشێوەیەکی لێکدژ، هەم ناوەندی ڕەوتێکی ڕاستی ئایینیی سوننەی توندڕەو و هەم شوێنی هەندێک لە جیاوازترین ئایینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکوو، ئایینی ئێزدی و ئەهلی حەق و هتد بووە کە لە ناوەند و باشووری کوردستان سەریان هەڵدا. لە کوردستان ئایینی تێکەڵاو و جیاواز پێکەوە ئەژین و پەیوەندیی نێوان ڕێبەرانی ئایینیی کوردی سوننە، زۆرتر لەگەڵ شیعەکان، ئێزدی، ئەهلی حەق، ئەرمەنییەکان، مەسیحییەکان و جووەکان بە شێوەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بووە. هەروەها تەریقەتی سۆفی یان سۆفیگەری بەشێوەیەکی بەرچاو لە کوردستان بوونی هەبووە و شێخەکانی ئەو تەریقەتە زیاتر نوێنەری ئیسلامی کوردی بوونە. لە سەدەی ڕابردوودا، کوردستان لە ژێر کاریگەریی تەریقەتی قادری و نەقشبەندیدا بووە کە لە بارودۆخە تایبەتەکاندا ڕۆڵێکی گرنگیان لە پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستاندا هەبووە. لەبەر ئەوەی کە ئەوان نوێنەرایەتیی پارادایمێکی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتییان دەکرد کە خۆیان لە عەشیرە و هەروەها حکوومەتیش جیا دەکردەوە.

بەلای زۆربەی کوردە سوننە باوەڕدارەکانەوە، ئیسلام بەشێکی گرنگە لە شوناسی کورد و بزووتنەوە ئیسلامییەکانیش لە کوردستان، بەبەراورد بە ڕابردوو، بە ئاشکرا زیاتر شوناسی کوردییان وەرگرتووە.

لە دوای تورکی، عەرەبی و فارسی، زمانی کوردی لەڕووی ڕێژەی ئەو کەسانەی قسەی پێ دەکەن، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چوارەمین زمانە. لە ئێستادا ڕێژەی کوردەکان، بە لێکدانەوەیەکی ورد، ٢٠ بۆ ٢٥ ملیۆن کەس دەبێت، کە بە یەکێک لە گەورەترین نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار دەکرێن. زۆرێک لە کوردەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە مێژووی ئیسلامدا هەبووە، بەڵام ئەم پرسە پشتگوێ خراوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی کە ئەوان بە ئاشکرا، خۆیانیان لە ئاخێزگە نەتەوەییەکانیاندا نەدەبینیەوە و هەرکاتێک لە ڕێگەی نووسینەوە پێناسەی خۆیانیان کردبا، بە یەک یا زیاتر لە زمانی سێ وڵاتی دراوسێیان دەیاننوسییەوە.

کوردستان ناوچەیەکی کوێستانییە کە زۆربەی دانیشتووانی کوردن و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ ناوچەیەکی هەڵکەوتوو لە نێوان ناوچە تورکی ـ عەرەبی و  فارسزمانەکانی جیهانی ئیسلام بووە. کوردستان لە ڕووی سیاسییشەوە لە هەرکام لەو ناوچە فەرهەنگی ـ سیاسییانە، پەراوێزی ئەو ناوەندانەی پێکهێناوە و لەهەمانکاتدا ڕۆڵێکی نێوەندگیرانەی فەرهەنگیی گرنگیشی لەو نێوانەدا هەبووە.

کوردە خوێندەوارەکان بەردەوام وەک پردێک بوونە لە نێوان نەریتە فیکرییە جیاوازەکان لە جیهانی ئیسلامدا و زانا کوردەکانیش پشکێکی زۆریان لە لێکۆڵینەوەی ئیسلامی و ئەدەبیاتی موسوڵماناندا (بە عەرەبی، تورکی و فارسی) هەبووە. ئیسلامیش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کۆمەڵگای کوردی داناوە و تەنانەت لە ڕووی ڕواڵەتیشەوە لایەنە نامەزهەبییەکانی ژیانی سیاسیی کۆمەڵایەتی لەو ڕێگەیەوە فۆرمیان گرتووە. هەروەهاگرووپەکان لە ناوەندەکانی خوێندن و تەریقەتەکانی سۆفیگەریش وەکوو میکانیزمەکانی یەکپارچەییی کۆمەڵایەتی کاریان کردووە و بەسەر کەلێن و لێکترازانە بچووکەکانی کۆمەڵگادا زاڵ بوونە.

زۆر سەیر نییە کە لە ژینگەی قوتابخانەکاندا، شوێنێک کە خوێندکاران لە بەشە جیاوازەکانی کوردستانەوە ئامادەی دەبوون و لە گەڵ زمانەکانی عەرەبی و فارسی، زمانی کوردیشیان دەخوێند، بیرۆکەی شوناسێکی (نەتەوەیی) کوردی سەرهەڵبدات. یەکەمین شاعیرانی کورد کە بەرهەمەکانیان لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا بە شانازییەوە باس دەکرێت، پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ قوتابخانەکاندا هەبووە و لە ڕێگەی قوتابخانەکانەوە بەرهەمەکانیان بڵاو دەکرایەوە و ناوبانگیان پەیدا دەکرد. تەریقەتەکانی سۆفیگەری، دەبوونە هۆی یەکگرتوویییەک کە دابەشبوون و ناکۆکییە ناوچەیی ـ عەشیرەییەکانیان لەناودەبرد. یەکەمین بزووتنەوە کوردییەکان، لانیکەم و بە دڵنیاییەوە، لەگەڵ ڕەوتێکی ناسیۆنالیستی، لەلایەن شێخەکانی تەریقەتی سۆفیگەرییەوە ڕێبەرایەتی کران.

ئیسلام لە کوردستان، پێناسەیەکی جیاواز و دیاریکراوی هەبووە و لە بەریەککەوتنی مێژووییی کۆمەڵگای کوردی لەگەڵ پەروردە و ڕێنماییی ئیسلامی و هەروەها حکوومەتی ئیسلامی لەدایک بووە کە چەند بەشێک لە کوردستانیشی لەخۆگرتووە.

ئاڵۆزییەکانی ڕاستی ئایینیی (ئۆرتۆدۆکسی) و چەپی ئایینی (هێرتۆدۆکسی) ـ کە لە هەموو شوێنێک بوونی هەیە ـ بە شێوەیەکی تایبەت کاریگەریی لەسەر کوردستان هەبووە. وەکوو دەستپێکیش بە پێویستم زانی لەم وتارەمدا لەبارەی ئیسلام، لێکۆڵینەوەیەک لە سەر ئەو ئاڵۆزییانە و ئەوەی کە لە نێوان کوردەکاندا بوونی هەیە، ئەنجام بدەم.

 

راستی ئایینی (ئۆرتۆدۆکسی) و چەپی ئایینی ( هێرتۆدۆکسی)

ئیسلام هەر لە قۆناغەکانی سەرەتای پەرەسەندنییەوە هاتە ناو کوردستان و لە ناوەندی شارەکانی وەکوو جزیرە، هەولێر و دیاربەکر، لاینگرێکی  زۆری پەیدا کرد و لەگەڵی تێکەڵاو بوو. لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی سروشتی کوێستانییەوە، بەشێکی گەورەی کوردستان، لە بەرانبەر ئەو جیهانە نوێیەدا، لە پەراوێزدا مایەوە و پەیوەندییەکی تەمومژاویی لەگەڵ ئیسلامی ئۆرتۆدۆکسی و زاناکانیدا دروست کرد و درێژەی پێ دا.

لە لایەکەوە چەندین ناوەندی ڕاهێنانی ئیسلامی ئۆرتۆدۆکسی، تەنانەت لە ناوچە دوورەدەستەکانیشدا پەیدابوون. ھەروەھا لەو ژینگەیەدا شتێکی سروشتی بوو کە کۆبوونەوەکانی ئایینی هێرتۆدۆکسی بۆ ماوەیەکی زۆر، درێژەیان ھەبوو و گرووپ و کەسانێک کە بەهۆکاری مەزهەبی یا سیاسییەوە داواکراوبوون پەنایان بۆ ئەو ناوچانە دەبرد. (وەکوو شوێنەکانی تر، دژایەتیی سیاسی و جیاوازیی ئایینی و مەزهەبی زۆربەی کات لەگەڵ یەک دەکەوتن.)

هەر بۆیە کوردستان بە شێوەیەکی لێکدژ، هەم بووە ناوەندی ڕاستێکی ئایینیی سوننەی توندڕەو (کە پەیڕەوی مەزهەبی شافێعین کە مەزهەبێکی سازگارترە بە بەراورد لەگەڵ مەزهەبی حەنەفی کە لەلایەن زۆرینەی عەرەبەکان و تورکەکانی دەورووبەرەوە هەڵبژێردراوە) و هەم بووە شوێنی نیشتەجێبوونی هەندێک لە ئایینە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئایینەکانی ئێزدی و ئەهلی حەق، لە ناوەند و باشووری کوردستان سەریان هەڵدا لە کاتێکدا کە مەزهەبی ئێزدی بە بڕوای کوردەکان، شوێنکەوتووانێکی زۆری نەبووە، مەزهەبی ئەهلی حەق، لە نێو گرووپە نەتەوەییەکانی دیکەی ئێراندا، زیاتر قەبووڵکراوبوو و پێگەیەکی فراوانیشی بەدەستهێنا، بەڵام تەنیا لە کوردستانە کە هەوڵەکان بۆ بە ئیسلامکردنی ئەو مەزهەبانە بەردەوامە. ڕەوتەکانی بنەمای بیروباوەڕی قزڵباشەکان و عەلەوییەکانی تورکیای ئێستا، لێک نزیکبوونەوەیەکی بەرچاو لەگەڵ ئێزدییەکان و ئەهل حەقییەکان نیشاندەدەن. لە نێو عەلەوییەکانیشدا، کۆمەڵگای کوردی بە گشتی، بە بەراورد بە کۆمەڵگای تورکی، زیاتر لە ئیسلامی ئۆرتۆدۆکسی دوور کەوتوونەتەوە. جیاوازییەكانی ڕابردوو لە بوونی دوو باوەڕی توندڕەوی ناسازگاری دوولایەنە، لەسەر کوردەکانیش ڕەنگیداوەتەوە. یەکێکیان لاینگری ئەو بۆچوونەیە کە کوردەکان، پەیڕەوانی سوننەی خاوەن هەنگاوی پتەو و باوەڕدارانی مەزهەبێکی یاخین. ئەوانی دیکەش کوردەکان وەکوو کەسانێک دەبینن کە بە زەحمەت بوونەتە موسوڵمان.

«بە بەراورد بە کافرێک، کورد موسوڵمانە» ئەمە وتەیەکە کە لە زمانە جیاوازەکانی ناوچەکەوە دەبیسترێ. ئەم بیروباوەڕە توندانە، بەپێی چینە جیاوازەکان لە نێو کوردەکاندا، بەو کوردانەی کە لە شارەکان، لە خێمەکان یان ئەوانەی لە سەردەمی کۆندا لە ناو گوندەکان دەژیان دەگوترا. لەوانەیە جێی سەرنج بێت کە یەکەمین زانای موسوڵمانی بە ڕەگەز کورد، کە لە کتێبە عەرەبییەکاندا ئاماژەی پێ کراوە، کەسێکە بە ناوی مەهدی بن مەیمون، کە لە سەدەی ٢ ی کۆچی (٨ی زایینی) لە بەسرە دەژیا. ئەو نەک تەنیا وەک کوردێک بەڵکوو وەک کوڕی کوردێک ناسێندرا. لە سەدەی ٣ی کۆچی (٩ی زایینی) نموونەیەکی دیکە لە گێڕەرەوەیەک لە بەغدا دەبینین کە بە گشتی بە ناوی (ابن الکوردی) دەناسرا. ئەمەش پێدەچێت پەیوەندی بە لێکنەگەیشتنێکی تایبەتی نێوان کوردێک و زانایەکی شارنشینەوە هەبێت. لە سەرچاوە عەرەبییەکاندا وا دەبینرێت کە وشەی (کورد) ئاماژەیە بۆ خەڵکێک کە لە خێوەتدا دەژین. لەگەڵ ئەوەشدا ماوەیەک دوای ئەو سەردەمە، لەگەڵ چەند زانایەکی کورد ئاشنا دەبین کە بە ئاشکرا خۆیان وەکوو کورد دەناسێنن. دوای ئەوەش، ئێمە دەبیستین کە باس لە ناوەندە مەزهەبییەکانی کوردستان دەکرێت کە لە شوێنەکانی دیکەوە خوێندکاران وەردەگرن.

یەکێک لە کۆنترین مامۆستاکان کە ناوبانگێکی نێودەوڵەتیی پەیدا کرد، سۆفییەک بە ناوی (عەمار کوڕی یاسر بدلیسی) لە سەدەی (٧ی کۆچی ـ ١٣ی زایینی) بوو کە مامۆستای سەرەکیی نەجمەدین کوبرا، دامەزرێنەری تەریقەتی سۆفیگەریی کوبرییە بوو. عەمار بەشێک بوو لە گرووپێکی سۆفیگەری کە شوێنکەوتووی لە بەغدا و قاهیرە و شارەکانی دیکەی ئێرانیش هەبوو. بەڵام خۆی لە بەتلیس دەژیا و دەرسی دەگوتەوە. زۆربەی کوردەکان پێیان وایە کە شێخ عەبدولقادری گەیلانی (کە لەساڵی ٥٦١ی کۆچی ـ ١١٦٦ی زایینی کۆچی دوایی کردووە)، کە تەریقەتی قادری ناوەکەیان لە ئەوەوە وەرگرتووە، کورد بووە کە نەک لە گیلان (لە باکووری ئێران) ـ ئەو بۆچوونەی کە بەگشتی دەگوترا ـ بەڵکوو لە ناوچەیەکی هاوشێوەی ئەو ناوە لە باشووری کوردستان تا ڕۆژئاوای کرماشان جێگەی ڕێزی خەڵک بووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو زۆربەی ژیانی خۆی لە بەغدا بردەسەر و پێناچێت هیچ کام لەو کەسانەی لەسەردەمی ئەودا دەژیان، وەکوو کوردێک پێناسەیان کردبێت. بە بۆچوونێکی تر شێخ عەبدوڵقادر کەسێک بووە بە ناوی عەلی هەکاری (کە لەساڵی ٤٨٦ی کۆچی ـ ١٠٩٣ی زایینی کۆچی دوایی کردووە) و خەڵکی ناوچەی هەکاری لە کوردستانی ناوەند بووە و بنەماڵەیەکی خاوەن پێگە لە زانایان و شێخە کوردەکان لەو بڕوایەدان کە لە نەوەکانی شێخ عەبدولقادرن کە دواتر لە شەمزینان لە نزیک هەکاری نیشتەجێ بوون.

تەریقەتی قادری شوێنکەوتووانێکی زۆری لە کوردستان هەیە. لەبارەی (عودەی بن مافر) کە لە ساڵی (٥٥٧ی کۆچی ـ ١١٦٢ی زایینی) کۆچی دوایی کردووە، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیەكە ئەڵقەیەکی پەیوەندیی نێوان چەپی ئایینی و ڕاستی ئایینی بووە لە کوردستان. ئەو لەدایکبووی لوبنان بوو و لە بەغدا خوێندوویە. شوێنێک کە پێدەچێت شوێنی ئاشنایەتیی ئەو لەگەڵ شێخ عەبدولقادری گەیلانی بووبێت. ئەو دواتر لە لالش لە کوردستانی ناوەندی نیشتەجێ بوو و هەر لەوێ گرووپێکی لە سۆفییەکان پێکهێنا. لەو نوسراوانەی کە لێی بەجێماون دەردەکەوێت کە ئەو موسوڵمانێکی سوننەی ئۆرتۆدۆکس بووە. لەگەڵ ئەوەشدا بە درێژایی کات، مەزارگەکەی بووە شوێنێکی پیرۆزی سەرەکیی ئێزدییەکان و کەسایەتیی خۆیشی وەک شێخ عودەی، بووە سەرچاوەی پیرۆزترین ڕۆح (روح القدوس) لە مەزارگەکەیدا. ئێزدییەکانی سەردەمی نوێ، لەو وتەیەی کە شێخ عودەی بانگەوازی بۆ نەک مەزهەبی ئەوان بەڵکوو بۆ ئیسلامی سوننە ـ مەزهەبێک کە ئێزدییەکان بەهۆیەوە بە توندی سەرکوت کران ـ دەکرد تووشی سەرسوڕمان بوون.

شێخ عودەی لەو ڕوانگەوە تاكە کەس نەبووە کە گرنگیی پێ بدرێت. مەزارگەیەک کە لە لایەن ئەهلی حەقەکانەوە زۆر پیرۆزە، هی (وەلی باوە یادگار)ە کە دەکەوێتە گوندی سارانە لە کوێستانەکانی داڵاهوو لە ڕۆژئاوای کرماشانەوە. باوە یادگار سەرچاوە و وێنای یەکێک لە حەوت کەس یان حەوت فریشتەیە کە خۆیان لە جیهاندا و لە سەردەمێک لە مێژووی پیرۆزی ئەهلی حەق وەدەردەخەن. بەپێی ئەفسانەکانی ئەهلی حەق، یادگار، کوڕ و جێگری مەعنەویی سوڵتان ئیسحاق، بنیاتنەری ئایینی ئەهلی حەقە کە خۆی وەکوو سەرچاوە یان وێنای خواوەند لە سەر زەمین دەبینرێت. لەگەڵ ئەوەشدا چەند ئاماژەیەک هەن کە باوە یادگار لە ماوەی ژیانیدا، وەکوو شێخێکی سۆفی دەناسرا. بەڵگەیەکی سەلمێندراو هەیە کە تیایدا کوردێکی سوننە پارچە زەوییەکی لە ساڵی (٩٣٣ی کۆچی ـ ١٥٢٦ی زایینی) پێ بەخشیوە و ئەو بەڵگەیە بە ئامادەبوونی شایەتحاڵە موسوڵمانەکان و لە دادگای شەرعیدا تۆمار کراوە. لە پەیوەندی بە سوڵتان ئیسحاقەوە، ئەفسانەکانی ئایینی ئەهلی حەق، ئەو وەکوو کوڕی کەسێک بەناوی سەید عیسا دەبینن، کەسێک کە لەگەڵ براکەی بە ناوی مووسا لە هەمەدانەوە هاتبوون و لە بەشی هەورامان نیشتەجێ ببون.

بە شێوەی گشتی، بنەماڵەی بارزانی بەبڕشتترین بنەماڵەی زانایان و شێخە سوننەکانی باشووری کوردستان، بنەچەیان دەگەڕێننەوە بۆ سەید عیسا. هەربۆیە پێدەچێت هەم ئێزدییەکان و هەم ئەهل حەقییەکان لە گرووپێک لە سۆفییە ڕاستە ئایینییەکانەوە پێکهاتبێتن کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە خەڵک كە پابەندی نەریت و بیروباوەڕی مەزهەبی (زۆرتر ئێرانی) بوون،  دەژیان. لەوانەشە لە نێو کۆمەڵگای سۆفیدا کارتێکەرییەکی ئیسلامیی تایبەتیان لە ژینگەی دەورووبەریاندا هەبووبێت. بەڵام بە درێژایی سەردەمی نەوەکانی پاشتر، ئەوان زیاتر پێکهاتەی ناوچەیی و هەروەها ڕەنگە پێکهاتەی دەرەکییان لە دروشم و بنەماکانی بیروباوەڕیان چەسپاندبێت و هەر ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی گرووپە مەزهەبییە جیاوازەکانی تر. گەڕانەوە هاوشێوەکانی تر لە کۆمەڵگاکانی ئۆرتۆدۆکسی بۆ هێرتۆدۆکسی (چەپی ئایینی) تا ئەم دواییانەش و لە سەردەمی ئێستاشدا تۆمار کراون. ئەم جۆرە گەڕانەوەیە لە چەند لقێکی ناوچەییی تەریقەتی سۆفییەتی نەقشبەندی ڕوویدا کە بەشێوەیەکی گشتی لەسەر بنەمای شەریعەت بنیاتنراوە.

لە زۆربەی لقە کوردییەکاندا، خواست لەسەر ئەوەی کە پێگەی شێخ بوون بە شێوەی میراتگری بێت، ئەوانی لە گرووپە گەورەترەکانی نەقشبەندی  دابڕاند. چەندین کەس لە شێخەکانی بارزان خۆیانیان ناو دەنا مەهدی و شۆڕشی دژە حکوومەتیان ڕێبەرایەتی دەکرد. وا باس دەکرێت کە شێخ ئەحمەد خۆی وەک کەسێکی نائاسایی ناساند و خواردنی گۆشتی بەرازی حەلال کرد. ئەم نموونەیە ڕەنگە بتوانین وەک یەکێک لە نموونەکانی ڕەفتاری دەگمەن  بێنینە بەرچاو کە زۆربەی کات لەگەڵ بزووتنەوەکان لە قۆناغێکی هەزار ساڵەدا بوونی هەبووبێت. تەنانەت خواستی دژیەکی بەهێزتریش لە نێوان شوێنکەوتووانی شێخێکی دیکەی نەقشبەندییەکان بەناوی عەبدولکەریم سارجلو، لە ناوچەی سلێمانی سەری هەڵدا ئەویش ئەوە بوو کە دەبینرا پیاوان و ژنان لە حەوزی مزگەوتدا بەیەکەوە خۆیان شۆردبوو و تەنانەت ڕێگەشیان دابوو کە سەگەکانیش بچنە نێو حەوزەکەوە. هەروەها پیاوەکان وەکوو ژنان جلوبەرگیان دەپۆشی. کاڵاکان و هەروەها ژنان وەک سەرمایەیەکی هاوبەشی کۆمەڵایەتی دەبینران. ئەم تەریقەتە بە لقێکی چەپی ئایینیی جیاواز کە بە فرت و فێڵ ناوبانگیان دەرکرد، تا ئێستاش هەر بەردەوامن و بوونیان هەیە.

لە سەرەتاکانی سەدەی شازدەهەم، بەشێکی گەورەی کوردستان کە لەدوای قۆناغێکی پڕ ئاڵۆزی کە تیایدا دەسەڵات لە نێوان ئیمپراتورییەتە خێوەت نشینەکان لە قراقوینلوو بە ئاق قووینلوو و لەوێشەوە بە حکوومەتی تازە دامەزراوی سەفەوی بە ڕێبەرایەتیی کاریزماتیکی شائیسماعیلی سەفەوی گۆڕدرا، کەوتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان. لە شەڕێک کە لە نێوان ئیمپراتووریی عوسمانی (سوننە) لە سەردەمی حکوومەتی سوڵتان سەلیمی یەکەم و قزڵباشەکانی پەیڕەوی ئایینی چەپ (هەروەک پەیڕەوانی شێخ ئیسماعیل لە ڕێگەی ئەو سەرپێچە سوورانەوە کە دەیانبەست بەو ناوە بانگ دەکران) ڕوویدا. زۆرینەی دەسەڵاتدارانی میرنشینە ناوچەییە کوردییەکان بە هەموو توانایانەوە پاڵپشتی عوسمانییەکانیان کرد. لە بەرانبەردا ڕێژەیەکی بەرچاو لە لاینگرانی خۆبەڕێوبەری، ئەوان و حکوومەت و دەسەڵاتی عوسمانییان قەبووڵ کرد و چوونە ڕیزی خەباتی چەکداری دژ بە قزڵباشەکانەوە. مێژوونووسانی عوسمانی بە کۆی دەنگ لەو باوەڕەدان، کە کوردەکان خۆیان بوونە هاوپەیمانی عوسمانییەکان، لەبەر ئەوەی کە ئەوان موسوڵمانێکی سوننەی بەوەفا بوون و هەربۆیە سەرسەختانە لەگەڵ سەفەوییە چەپەکان دژایەتییان هەبوو. بە بۆچوونی من ئەم بۆچوونە زۆر لە ئاستی خۆی گەورەتر نیشان درا. زۆربەی باسەکانی داهاتووی ئەم ڕووداوانە، بەدیاریکراوی پشت بە لێکدانەوەکانی لێکۆڵەری کورد (ئیدریس بەتلیسی) دەبەستێت کە نێوەندگیری نێوان ڕێککەوتنەکانی عەشیرەتە کوردەکان و ئیمپراتوریی عوسمانیی دەکرد. بەتلیسی کە خۆی کورد بوو، لەوانەیە بە مەبەستی ڕازی کردنی سوڵتان بەرانبەر بە وەفاداریی سیاسیی کوردەکان و ڕاستە ئایینییەکان، زۆرتر هەوڵی دابێت و جەختی لەسەر کردبێتەوە، بەڵام پێداگری و جەختکردنەوەی هاوشێوەی هەوڵەکانی بەتلیسی، لە شەرەفنامە دەبینین بەوەی کە کوردە سوننەکان کەسانێکی وەفادارن. کتێبێک کە نزیکەی یەک سەدە دواتر لەلایەن شەرەفخانی بەتلیسیەوە نووسرا. شەرەفخان بەر لە ڕادەستبوونی بە سوڵتانی عوسمانی و ڕێگە پێدان بۆ گەڕانەوەی بۆ بەتلیس، بەشێک لە ژیانی خۆی بۆ خزمەتی سەفەوییەکان تەرخان کردبوو. ئەو پاساوێکی باشی بۆ ئەو پرسە هەبوو بەوەی کە وەفاداریی مەزهەبی، کوردەکانی لە عوسمانییەکان نزیک کردۆتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لەوێ بەراستی هەندێک ئاماژە هەن کە دەریدەخات نە تەنیا ژمارەیەکی زۆری ئێزدی لە نێو کوردەکان لەسەدەی شازدەهەم بوونیان هەبووە، بەڵکوو شوێنکەوتووانێکی زۆریش لە عەشیرەتە چەپە ئایینییەکان لەوانە قزڵباشەکانیش لە کوردستان ژیاون. لە ئێستاشدا بەشێکی بەرچاوی کوردەکانی تورکیە، قزڵباش یا عەلەوین.

لەمڕۆدا کەلێنێکی کۆمەڵایەتیی قووڵ، عەلەوییە کوردەکان لە کوردە سوننەکان جیادەکاتەوە، بەڵام سنووری نێوان سوننەکان و عەلەوییەکان پێدەچێت زۆر کەمتر لەچاو ڕاستییەکانی ڕابردوو و بەریەککەوتنە بەردەوامە سنوورییەکانی، دەستنیشان کرابێت. وەکوو زۆربەی عەلەوییە تورکەکان، کوردە عەلەوییەکان لە ژمارەیەک گرووپی جیاواز پێکهاتوون کە بە لەبەرچاوگرتنی دروشم و بیروباوەڕەکانیان و هەروەها ڕادەی لێکچوونیان لەگەڵ ئیسلامی فەرمی، لەگەڵ یەک جیاوازن. لەگەڵ ئەوەشدا لقێکی دیکەی قزڵباش هێشتا لە بەشێکی دیکەی کوردستان بوونی هەیە. کۆمەڵگای ناڕوونی شەبەک، ناوچەی موسڵ و قزڵباشەکانی ناوچەکانی کەرکووک، سەرەڕای جیابوونەوە لە عەلەوییەکانی ئاناتۆلی و هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیی قووڵی نێوانیان لەگەڵ ئێزدییەکان و ئەهلی حەقەکان(شەبەک)، شوناسی قزڵباشییان پاراستووە و پێدەچێت لە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵێک لە کەرکووک، کە هێشتا ناوی «شاب»یان لەگەڵ خۆیان هەڵگرتووە، ئەم پرسە ڕاست دەربچێت.

لە لایەنی بیروباوەڕ و بەجێهێنانی ئەرکە ئایینییەکان و دروشمەکان، لێک نزیکبوونەوەیەکی زۆر لە نێوان مەزهەبی قزڵباش ـ عەلەوی (بەتایبەت بەوجۆرەی کە لەنێوان کوردەکاندا هەیە)، لەگەڵ مەزهەبەکانی ئێزدی و ئەهلی حەقدا هەیە. لە هەر سێ مەزهەبەکەدا، جیا لەمە، ئەرکە سەرەکییەکانی عیبادەت، تەنیا لەلایەن کەسانی شارەزای مەزهەبی کە خاوەن پێگەیەکی پیرۆزن و کەسانێکن کە لەو بڕوایەدان لە نەوەی ئەو پێغەمبەرانەن کە لەگەڵ ئەفسانەکانی  نێو مەزهەبەکەیان یەکدەگرێتەوە، بەڕێوەدەچێت. ئەهلی حەق لە باشووری کوردستان لە گەڵ عەلەوییەکان و ئێزدییەکان لە پەیوەندیدان و چەند پێکهاتەیەکیان لە هەردوو مەزهەبەکە بە پاشخانی ئەفسانە و بیروباوەڕەکانیان زیاد کردووە. پێدەچێت هەندێک لە کۆمەڵگای عەلەوییەکان، زیاتر پەیڕەوییان لە ئێزدییەکان کردووە و هەر سێ مەزهەبەکەش پێدەچێت کە لە ژمارەیەک لە نەریتە کۆنە مەزهەبییەکانی ڕابردوو ئیلهامیان وەرگرتبێت.

 

کوردەکان و کەمینە ئایینییەکان لە کوردستان

کوردستان، وەکوو زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە بەردەوامی پێکهاتەیەکی مەزهەبی و نەتەوەییی هەبووە کە تیایدا خێوەت نشینەکان، جوتیاران، شارنشینەکان و خەڵکی زمانە جیاوازەکان و زۆربەی زاراوەکان، پەیڕەوانی ئیسلام، مەسیحییەکان، جولەکەکان و زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی کلیسای کاتۆلیکی ڕووم، یەکیان گرتبوو و لە ژێر ناوی چاڵدیانەکانەوە بەناوبانگ بوون. دواتر ئەرمەنەکان و پرۆتێستان و کاتۆلیکەکان لە پاڵ پەیڕەوانی کلیسای گورجستان و سوورییە کاتۆلیکەکان و پرۆتێستانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ژاکووبەکان، بوونیان هەبووە. چالاکیی زۆری شاندە مەزهەبییەکان لایەنێکی کاریگەر بەرەو پەرەسەندنی هێزە ڕۆژئاواییەکان لە ناوچەکەدا بوو و لەمڕووەشەوە هەم لەلایەن مەسیحییەکان و هەم موسوڵمانەکانەوە هەستی پێ دەکرا. مەسیحییە ناوچەییەکان وردە وردە ڕازی بوون کە پێگە ئایینییەکانیان قەبووڵ بکەن. حکوومەت و موسوڵمانە شارنشیینەکان لە ناوچەکەدا، بەدوور لەمە، گومانیان هەبوو کە ئەگەری هەیە مەسیحییەکان هاوکاریی دوژمنانی دەرەکی بکەن.

کۆمەڵێک کوشتار و شەڕی چەکداری ڕوویدا  کە کوشتاری ١٩١٥ ی ئەرمەنییەکان، لوتکەی ئەو ڕووداوانە بوو و لە کۆتاییدا جیاکاری (یان گۆڕینی ئایین)ی نەتەوەیی تەواوی مەسیحییەکانی لێ کەوتەوە. کوشتارەکانی ١٨٩٤ـ1896ی ئەرمەنییەکان کە قۆناغێکی سەرەکیی ئەم ڕووداوانە پێکدەهێنن، زۆرتر دەخرێتە پاڵ هێزی حەمدییە کە هێزی ناوچەیی کوردەکان بوون (ئەو هێزە لەلایەن سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەمەوە پێکهاتبوو). دوایین لێکۆڵینەوەکان جەخت لە ڕۆڵی موسوڵمانانی شارنشینی ناوچەکە ـ گرووپێک بە شوناسی نەتەوەیی ناڕوون ـ لەو کوشتارانەدا دەکاتەوە. ڕاگوێزرانە زۆرە ملییەکان و کوشتارە بە کۆمەڵەکانی ساڵی ١٩١٥، بە کردەوە کۆمەڵگای ئەرمەنیی لە کوردستان ڕیشەکێش کرد.

ئاسوورییە نەستوورییەکانی کوردستانی ناوەندیش ئەو ساڵانە پەناگە کوێستانییەکانیان بەرەو ئێران بەجێهێشت. بەریتانیا یەکەمجار ئەوانی بۆ شەڕ لەگەڵ عوسمانییەکان بەکارهێنا و دواتر، بە نیشتەجێ کردنیان لە باشووری عێراق، لەوان وەکوو هێزی پۆلیس و هەروەها دژی شۆڕشەکانی کورد کەڵکی وەرگرت. کوشتاری ساڵی ١٩٣٣ (لەلایەن کوردەکان و ئەفسەرانی سەربازیی ناسیۆنالیستیی عێراق) ژمارەیانی کەم کردەوە و وەکوو هێزێکی سەربازی لەناویانی برد.

ئاسوورییەکانی ڕۆژئاواش لە شەڕی جیهانیدا خەسارەتێکی زۆریان بەرکەوت. دوای دامەزراندنی وڵاتی سووریە، زۆربەیان بۆ نیشتەجێ بوون لەوێ، لە سنوورەکانی تورکیەوە تێپەڕین، ئەوانەشی کە لە چیاکانی سوور عابریندا مابوونەوە، زۆربەی ئەندامە چالاکەکانیان بە هۆی کۆچ بۆ کارکردن لە ئەڵمانیا لەدەستدا و لە بەرانبەر سەرکوتی بەردەوام لەلایەن دراوسێ موسوڵمانەکانەوە زۆر لاواز ببون و هەر ئەوەش بووە هۆی هەڵاتنی بەکۆمەڵ لەو ناوچەیەدا. بەپێچەوانەی مەسیحییەکان، جووەکانی کوردستان (تا دامەزراندنی حکوومەتی ئیسراییل) نە وەکوو هاوکارە بەهێزەکانی هێزە دەرەکییەکان هەژمار دەکران و نە ڕێژەشیان ئەوندە دەبوو کە نوێنەرایەتیی هێزێکی بەرچاو بکەن. پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ کوردەکان لەسەر یەک دۆستانە ـ هەرچەندە نابەرانبەر ـ بوو و کۆچیشیان بەرەو ئیسراییل لە دەورووبەری ساڵی ١٩٥٠، بە هۆی ڕەفتاری دراوسێ کوردەکەیانەوە نەبوو. ئەوەی جێگەر سەرنجە ئەوەیە کە کۆمەڵگای جووە کوردستانییەکان لە ئیسراییل، هەستێکی کوردانەی بەهێزتریان هەبوو.

لە کوردستان، مەزهەبە لێکدراوەکان، لەگەڵ یەک دەژین. موسوڵمانانی سوننە مەزهەب کە بە زمانی کوردی قسەدەکەن، زۆرینە پێکدەهێنن، بەڵام لەهەر شوێنێکیش دراوسێیان لە مەزهەب و زمانە جیاوازەکانیتر هەیە. لە باکووری کوردستان، ئەرمەنییەکان زۆرتر بوونیان هەبووە و لە هەندێک ناوچەش تەنانەت زۆرینەیان پێکهێناوە. پەیوەندییەکانی نێوان ڕێبەرانی ئایینیی کورد و ڕەعیەتە ئەرمەنییەکان، نابەرانبەر بەڵام بەشێوەی پێکەوەژیان بوو. لە ناوەند و ڕۆژئاوای کوردستان کۆمەڵگای گەورەی  مەسیحییە ئارامی زمانەکان، کە تایبەت بوون بە کلیساکانی سووریای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە، هەبوون (لە ئەورووپا وەکوو ئاسوورییەکان، نەستوورییەکان و ژاکووبەکان دەناسران). ئەو کۆمەڵگایانە لە زۆربەی لایەنەکانەوە لەگەڵ دراوسێ موسوڵمانەکانیان بەرانبەر بوون. کۆمەڵگای کوردستانی ناوەندی، ڕێکخراوێکی عەشیرەییان هەبوو و تا سەرەتاکانی سەدەی ١٩ هێزێکی بەرچاویان پێکدەهێنا کە فاکتەرێکی چالاک بوون لە سیاسەتی کوردیدا. زۆربەی شارە کوردییەکانیش کۆمەڵگای بچووکی جوویان هەبوو و شوێنگەلێک وەکوو زاخۆ، بارزان و باکالە، لەراستیدا شوێنی نیشتەجێ بوونی کۆمەڵگا گەورەکانی جووەکان بوون. کۆمەڵگای مەسیحی، بەئەگەری زۆر بەڕادەی موسوڵمانانی نایەکگرتوو و چەپە ئایینییەکان، کەم تا زۆر لە نێویاندا هەبوون (سەرهەڵدانی پولیسین کە لە نێو ئەرمەنییەکانی باکوور ڕۆژئاوای کوردستانی ئێستا لە سەدەی ٨ سەریهەڵدا و لە سەدەی ٩ لەلایەن بیزانسییەکانەوە لەناوچوو، بەناوبانگترینیان بوو).

پێکهاتەی جوو و مەسیحی، کە زاناکان لەو بڕوایەدان کە لە مەزهەبەکانی عەلەوی و ئەهلی حەقیشدا دەبینرێن، ڕەنگە نەک لە فۆرمی باڵای ئەو مەزهەبانە، بەڵکوو لە جۆرە دەشتەکییەکەیەوە جیابوونەتەوە. گرووپە نوێیە مەزهەبی و نەتەوەییەکان بە ڕادەیەک فراوان بوون. ئەگەرچی لەوانەیە پێمان وا بێت کە تەنیا بەشێکیان نووسراونەتەوە. کارستێن نیبوور دەڵێت، لە سەدەی ١٨ بەدواوە، زۆربەی پەیڕەوانی عەشیرەتی شەمسی، کە زانیارییەکی زۆر کەم لەبارەیانەوە لەبەردەستدایە، ئایینی خۆیانیان بۆ کلیسای ژاکووبیت گۆڕیوە. هەروەها کە دواتر ژمارەیەکی زۆری ئێزدییەکان لەگەڵیان کەوتن. ڕاستییەک کە زۆرێک لە ئەرمەنییەکان و ژاکووبییەکان خاوەن زمانی دایکیی کوردین، ئاماژەیە بۆ مێژووی ئەو گرووپە نوێیە ئایینییانە.

لە بەشی دێرسیم، زۆرێک لە ئەرمەنییەکان مەزهەبی خۆیانیان بۆ عەلەوی گۆڕی. بەڵام بە دەرکەوتنی بانگخوازە مەزهەبییە بیانییەکان کە جۆرێک لە گەرەنتیی پاراستنیان لەگەڵدا بوو، چەند گەڕانەوەیەکی کەم لە عەلەوییەوە بۆ مەسیحییەتیش لەوێ دەبینرێت. بە هاتنی میسیوونێرەکان بۆ کوردستان ـ لەسەرەتا، کلیسای ڕووم و دوای ئەویش لە سەدەی ١٩ لەلایەن پرۆتستانەکانەوە لە تەریقەتە جیاوازەکان ـ خانە مەزهەبییەکان، تەنانەت، ئاڵۆزتر بوو، لەبەرئەوەی کۆمەڵگای نەتەوەیی ـ مەزهەبیی نوێ سەریان هەڵدا. کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی سووریە خۆیانیان لەگەڵ کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دیازپۆرا بە باشی ڕێکخستبوو و لە ئەورووپا و ئەمریکای باکووریش ڕێکخرانەوە. بزووتنەوەیەکی یەکگرتوو و سێکۆلاری ئاسووری کە هەم بۆ یەکپارچەیی نەتەوە و هەم بۆ بەرەوپێشبردنی باوەڕەکانیان هەوڵ بۆ گەڕانەوە بۆ مێزۆپۆتامیا (بین النهرین) دەدات، لە ئەورووپا سەری هەڵدا و لەگەڵ بزووتنەوەی کوردەکان لەبارەی پرسەکانی پلۆرالیزمی نەتەوەیی، مەزهەبی و سیاسی کەوتنە دانوستانەوە. بزووتنەوەی کوردی، کۆمەڵێک هەنگاوی نوێی بە بەراورد بە بزووتنەوەی ئاسووری هەڵگرتووە: هەم پەرلەمانی سەربەخۆی کوردستانی عێراق و هەم پەرلەمانی کوردەکانی تاراوگە، نوێنەری ئاسوورییان هەیە و کەناڵێکی سەتەلایەتی کوردی، زمانی ئارامی بە بڵاوکراوەی هەواڵ و بەرنامەکانی زیاد کردووە.

پەروردەی ئیسلامی لە كوردستان و پەیوەندیی لەگەڵ جیھانی بەرفراوانی موسوڵمانان

جوگرافیا ـ لە ساڵی 1500ی زایینی لە نێوان ناوچە ناوەندی و گرینگەکانی ئیمپراتووریی عوسمانی و سەفەویدا و دواتریش قاجاری ئێران – لە كوردستان ناوچەیەكی گرنگی سیاسیی دروستكرد. ھەروەها لە كوردستانیش ناوچەیەكی بۆ تێپەڕبوون لەو ناوچانە دروست كرد كە تیایدا 3 زمانی سەرەكیی ئیسلام (عەرەبی، فارسی و توركی) زمانی قسەكردن و نووسینیان بوو. ھاوشێوەی شازادە پلە خوارەكان و سەرۆك عەشیرەتەكان، زانایانی كورد بەناچاری ھەوڵیان دەدا زیاتر لایەنی دراوسێ بەھێزەكانیان بگرن. زۆرێك لە پاڵ كوردی و عەرەبی، فارسی و توركییان دەزانی و ھەر ئەوەش ئەو دەرفەتەی پێ دەدان تا وەكووهێڵێکی پەیوەندیی فەرھەنگی كە لە ڕێگەی ئەو زمانانەوە پێناسە و دیاری دەكران، ڕۆڵیان ھەبێت.

خەڵك بۆ پەیداكردنی كار زیاتر بۆ ئەو ناوچانە دەنێردران. نموونەیەك لەوانە یەكێك لە زاناكانی كورد بوو كە کارێکی «نێودەوڵەتی»ی هەبوو، بە ناوی مەلا گۆرانی كە لەساڵی 1488ی زایینی كۆچی دواییی كردوە. ئەو لەدایكبووی «شارەزوور» لە كوردستانی باشوور بوو و پەروەردەی سەرەتاییشی لای مامۆستایانی ناوچەكە تەواو كردبوو. بە ھەڵكشانی تەمەنی، بۆ بەدەستھێنانی زانست، بەرەو بەغدا، دیاربەكر، حەسەن كێف، دیمەشق، ئورشەلیم و قاھیرە ڕۆیشت، ئەو شارانەی كە لەژێر كۆنترۆڵی ھێزە سیاسییە جیاوازەكاندا بوون. لەدوای ڕۆیشتنیشی، لە میسر، بۆ خزمەت کردن لە دەوڵەتی عوسمانی بانگھێشت كرا و بووە مامۆستای ماڵەوەی شازادە محەمەد (سوڵتان محەمەد فاتیحی داھاتوو) و لەكۆتاییشدا بەرزترین پێگەی مەزھەبیی لە ئیمپراتۆری ـ موفتی یەكەمی ئیستانبول ـ بەدەستهێنا. زاناكانی دیكەی كورد، وەكوو مامۆستا لە شارە پیرۆزەكانی وەك مەككە و مەدینە نیشتەجێ بوون، شوێنێك كە تیایدا توانییان ڕۆڵی خۆیان وەكوو نێوەندگیرێكی فەرھەنگی لە نێوان كۆمەڵگای فارسی، توركی و عەرەبی زماندا بەشێوەیەكی شایستە بگێڕن. لە وتارێكی دیكەدا نووسەر كاریگەریی زانایانی كورد لەسەر بەشێكی دوور لە جیھانی ئیسلام – باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا- دەخاتە بەرباس.

لەشارەكانی كوردستان، وەكوو دیاربەكر، حەسەن كێف، میافارقین (سیلوان)، موسڵ و ھەولێر، یان لە نزیكی ئەوانەوە قوتابخانەی كۆنی بەشكۆ دەبینین كە ھەندێكیان لە سەدەی 12 تا سەدەی 14ی زایینی بنیات نراون. لە زۆربەی كاتەكاندا ئەو قوتابخانانە لەلایەن دەسەڵاتەكانی غەیرە كوردەوە كە لە شارەكان و ناوچە بەرفراوانەكاندا حوكمیان دەكرد، دروست كراون. ھەربۆیە، ئەندامانی خاندانی ئاتوركیدی تورك Zincirye یا SittiRadviye لە سەدەی 12 و Hatuniye لە سەدەی 14، بەشێك لە قوتابخانەكانی تریان لە ماردین و قوتابخانەی مەسعودییەیان لە سەدەكانی 12 بۆ 13، لە دیاربەكر دروست كرد. قوتابخانەی Zinciriyeی دیاربەكر بەشێوەیەكی جیاواز دەگەڕێتەوە بۆ خاندانی ئاتوركید لە سەدەی 12 یان بۆ دەسەڵاتدارانی سەدەی 13 كە خاندانی ئەیووبی بوون و كورد بوون.

خاندانی ئەیوبی جیا لە ناوچەكان، لە قوتابخانەكانیش حوكمیان دەكرد. ئەوە قوتابخانەكان بوون كە بەبێ لەبەرچاوگرتنی لایەنی نەتەوەییی خوێندكارەكان، زۆربەی ئەو كەسانەیان وەكوو مەلا گۆرانی بۆ لای خۆیان ڕادەكێشا. ئێمە ئەوان لە بیۆگرافییەكانی زانایانی عەرەب، تورك، فارس و كوردیش كە ئاماژەمان پێ كرد، دەبینینەوە. ئەم قوتابخانە حكوومییانە بۆ پەروردەی ئەو زانایانەی كە لە یەك قۆناغ یان قۆناغەكانی دواتر وەكوو دادوەر، موفتی یان مامۆستا لە دەوڵەتدا خزمەتیان دەكرد، ڕێكخرابوو. لە سەردەمی ئیمپراتوریی عوسمانیدا ئەم قوتابخانانە  لەگەڵ ڕێكخراوێكی ئیداریی… لەگەڵ كتێب و بەرنامەی خوێندنی كەم و زۆر نەگۆڕ و نموونە كارییەكان، تێكەڵ كران كە یەكگرتووییی خوێندكاران و مامۆستاكانی لە بەشێكی ئیمراتورییەكەوە بۆ بەشێكی تر گەرەنتی دەكرد.

فەرمانڕەوایانی میرنشینە كوردییەكان كە سەربەخۆیی خۆیانیان لە چوارچێوەی ئیمپراتووریی عوسمانیدا پاراستبوو، قوتابخانەی تایبەت بە خۆیان بنیات نا كە پێدەچێت لە دەرەوەی سیستەمی ئیداری و پەروەردەی عوسمانییەكاندا بووبێت. بەتایبەت بەتلیس و جزیرە و ئامەد كە ناوەندی سەرەكیی فێربوون بوون و زانا بەناوبانگەكانیان پەروەردە دەكرد. بەھۆی ئەوەی كوردەكان پەیڕەوانی مەزھەبی ئیمامی شافیعی بوون و حەنەفی مەزھەبی فەرمیی ئیمپراتوریی عوسمانی بوو، بەرنامەی دەرسی ـ لانیكەم تا ئەو شوێنەی كە پەیوەندیی بە فیقھ وە ھەبێت ـ دەبوایە بە شێوەیەكی بەرچاو لە قوتابخانەكانی عوسمانیدا جیاواز بێت. جیاوازییەكی دیكەی نێوان قوتابخانەكانی عوسمانی و ئەم قوتابخانە كوردییانە بە شێوەیەكی گشتی، پێگەی زمانی كوردی بوو. لانیكەم لە سەدەی 17 كاتێك كە ژمارەیەك لە نووسەران ھاتنە ئەو قوتابخانانەوە و بوونە ھۆی گەشەسەندنی ئەدەبیاتی كوردی (نەوەكانی پێشوو، بەتایبەتی بە عەرەبی یان فارسی دەیاننوسی). مەلا ئەحمەدی جزیری كە لە قوتابخانەی سووری جزیرە دەیخوێند، نووسەری دیوانێكی بەناوبانگە لە شێعرە مەعنەوییەكانی كورد كە زۆرتر لەگەڵ دیوانی حافز بەروارد كراوە.

ئەحمەدی خانی (كە لەساڵی 1706 ی زایینی كۆچی دوایی كردووە) بەرھەمی عاشقانەی (مەم و زین)ی بۆ شێعرە درێژەکەی هەر بەو ناوە بەرهەمهێنا. بەرهەمێکی ئەدەبیی زۆر ناوازە و جوان بە لاپەڕەی جیاوازی مانا کە لەلایەن نەوەکانی دواترەوە وەک بەرهەمێکی حیماسی میللیی کورد هەڵبژێردرا. لەپاڵ ئەم بەرهەمە ئەدەبییە، خانی، دوو کتێبی دەرسیی بۆ بەکارهێنانی لە پەروەردەی سەرەتایی نووسی: فەرهەنگێکی وشەی عەرەبی ـ کوردی بە شێوەی شێعر بە ناوی نەوبەهار و کتێبێکی دینیی سادە بە زمانی کوردی بە ناوی بیروباوەڕی ئیمام. مەلای جزیری و خانی بەناوبانگترین نووسەرانی کوردی ئەو سەردەمەن، بەڵام ئەوان هیچکات تەنیا نووسەر نەبوون. ئەولیا چەلەبی (گەڕیدەی بەناوبانگی تورک)، کەسێک لە سەردانی چەندین میرنشینی کوردی لە ناوەڕاستی سەدەی ١٧ کردووە، وەسفێکی ڕوون و زیندووی لە ژیانی مەزهەبی و فەرهەنگیی بەتلیس، جزیرە و ئامەد دەخاتەڕوو و باس لەو زانایانە دەکات کە بە کوردی شێعریان دەنووسی. لەگەڵ قوتابخانە حکوومی و فارسییەکاندا کە لەلایەن خاندانی فەرمانڕەوای سەربەخۆی کوردەوە پاڵپشتی دەکران، لەهەمانکاتدا و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ ژمارەیەکی تر لە قوتابخانەکان لە کوردستان هەبوون، قوتابخانەی میانەڕۆتر بەڵام سەربەخۆتر کە لە ژێر کاریگەریی ژمارەیەک لە مزگەوتەکانی گوندەکاندا بوون و لەلایەن ئەو مەلایانەی کە لە بواری پەروردەوە ناوبانگێکی باشیان هەبوو، سەرپەرشتی دەکران. ئەو قوتابخانانە خوێندکارەکانیانیان بۆ پۆستە فەرمییەکان ڕانەدەهێنا، بەڵکوو بۆ ئەوە بوو کە ببنە مەلا و خزمەت بە کۆمەڵگای شارنشین و گوندەکان بکەن.

ئەوان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە سەرهەڵدانی وەئاگاهاتنەوەی کورد و یەکگرتووکردنی بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا هەبووە. خوێندکارانی قوتابخانەکان بەکگراوندێکی کۆمەڵایەتی و ناوچەییی جیاوازیان هەبوو، تێکەڵبوونە عەشیرەیییەکان، لەژێر کاریگەریی عەرەبەکاندا نەبوو و زمانی کوردی زیاتر دەخوێندرا و پەرەی دەسەند. دواتریش گەشەسەندنی ئەدەبیاتی کوردی، کە لە سەدەی ١٩ و لە کوردستانی باشوور دەستی پێکرد، بەشێوەیەکی لێکنزیک بەسترابووەوە بە بارودۆخی قوتابخانەکانەوە. یەکەمین شاعیری نەتەوەیی لە زاراوەی سۆرانی، حاجی قادری کۆیی و گەورەترین شاعیرانی مەزهەبی، مەحوی و مەولەوی، لەو ژینگەیە هەستاونەتەوە و یەکەمین لایەنگرانیشیان هەر لەوێ پەیدا کرد. شێعرەکانی مەولەوی کە بە زاراوەی گۆرانی نووسراون، ئەمڕۆکە لەلای پیاوانی ئایینیی کورد سەنگ و خۆشەویستییەکی زۆریان هەیە. باسکردنی ئەم خاڵەش گرنگە کە ئەگەرچی ئەو نووسەرێکی موسوڵمانی ڕاستڕەوی ئایینییە، بەڵام هەندێک لە بۆچوونەکانی ـ بۆ نموونە بڕوا بە تەناسۆخ (جێگۆڕکێی ڕۆح لە جەستەی کەسێکەوە بۆ کەسێکیتر) ـ لە بەرهەمەکانیدا باس کراوە، کە وەبیرهێنەری بیروباوەڕی ئەهلی حەقن.

نووسەرێکی بەناوبانگی دیکە کە لە دونیای قوتابخانەی کوردی لە کوردستانی باکوور هاتە مەیدانەوە، سەعید نۆرسی ( ١٨٧ـ١٩٦٠) بوو. کەسێک کە وەکوو نووسەری نوسراوە دینییە بەبڕشت و ناوازەکان و وەکوو ئەفرێنەری بزووتنەوەی «نوورسوو»ی تورکیە زیاتر ناسراوە. لایەنێکی کەمتر ناسراوی کەسایەتیی نۆرسی، پابەندبوونی وەکوو کوردێک بوو بۆ باشترکردنی بارودۆخی خەڵکی لە دواکەوتوویی. بەشی سەرەتاییی ژیانی بە دێژایی ئەو ماوەیە، وەکوو بانگخوازێکی پڕ وزە و ئەندامێکی چالاک کاری دەکرد، وەکوو سەعید کوردی ناسرابوو و چالاکانە لە ئەنجومەنە نەتەوەیییە کوردییەکان و لە قوتابخانەیەکی کوردی لە ئیستانبول لە دەیەی ١٩٠٠ و ١٩١٠ سەرقاڵ بوو. ئەو بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە ڕێگەی ڕێبەریی بزووتنەوەی نورسوو، حەشار دراو و نووسراوەکانیشی تا ڕادەیەک سانسۆر دەکران. سەعید نۆرسی کەسایەتییەکی نائاسایی و تایبەت بوو، لەو ڕوانگەیەوە کە خاوەن تێکهەڵکێشێک لە پابەندبوونی تەواو بە ئیسلام و هەروەها نیگەرانییەکی قووڵ بەرانبەر بە خەڵکی کورد بوو، ڕوانگەیەک کە لە نێو پیاوانی ئایینیی کورددا باو بوو.

دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣، حکوومەت فەرمانی بە داخستنی قوتابخانەکان دا. ئەو بڕیارە پێدەچێت لە ڕۆژئاوای تورکیەدا کاریگەریی هەبووبێت، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی تورکیە (کوردستانی تورکیە) شوێنێک کە زۆربەی قوتابخانەکان تا دەیەی ١٩٧٠ بە شێوەی نهێنی چالاکییان هەبوو، کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوو. لە ڕاستیدا ئەو بڕیاری قەدەغەکردنە، لەوانەیە پەیوەندیی قوتابخانەکانی بە شوناسی کوردی ـ لەگەڵ سەرکوتکردندا- بەهێزکردبێت. پیاوە ئایینییەکانی کورد لە نێو کەسانێکدا گرنگ و ناسراو بوون کە زانیارییەکانیان لە بارەی شوناسی کوردی بە درێژایی ئەو ساڵانەی کە حکوومەت بە هەموو توانایەوە هەوڵی تواندنەوەی فەرهەنگیی دەدا، پاراستبوو.

 

تەریقەتەکانی سۆفیگەری و ڕۆڵە سیاسی و کۆمەڵاتییەکانیان

تەریقەتەکانی سۆفیگەری بە شێوەیەکی بەرچاو لە کوردستان بوونیان هەبوو و شێخە سۆفییەکانیش زیاتر نوێنەری ئیسلامی کوردین. بەناوبانگترین زانایانی مێژووی کورد، سۆفییەکان بوونە و زۆربەیان پێگە و سەنگێکی بەرچاویان بەدەست هێناوە. تەریقەتی سۆفیگەریی جیاواز لە یەک کاتدا لە کوردستاندا بوونی هەبووە.

لە سەدەی ڕابردوودا، گۆڕەپانەکە لە ژێر کۆنترۆڵی تەریقەتەکانی قادری و نەقشبەندیدا بووە. ئەو تەریقەتانە لە هەندێک کاتی تایبەتدا ڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گرنگیان لە کوردستان گێڕاوە. چونکە نوێنەری نموونەیەکی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ لە عەشیرەتەکان و (هەروەها حکوومەتیش) بوون. لە ئاستێکدا تەریقەتێکی سۆفی وەکوو قوتابخانەیەکی نافەرمی، تەکنیکە عیرفانییە دیاریکراوەکان و ڕێورەسمە عیرفانییەکانی زیندوو دەکردەوە و دەیگوتەوە کە ئەو فێرخوازانی تازە پێگەیشتوو پێویست بوو لە ژێر ڕێنوێنیەکانی کەسانی شارەزادا جێبەجێی بکەن. ئەو تەکنیکانە لەلایەن بنیاتنەرانی تەریقەتەکانەوە پەرەی پێ دراوە، بەڵام وا دەگوترێت کە ئەوانیش درێژەی ئەو زانستانەن کە بە شێوەی زارەکی لە پێغەمبەری ئیسلامەوە بە میرات وەرگیراوە. تەنیا شارەزاترین ڕۆحانییەکان ڕێگەیان پێ دراوە بە ڕاهێنان و پەروەردەی ئەو ڕێورەسمانە کە وەکوو مورشید ـ لە کوردستان وەکوو شێخ ـ بەناوبانگن. ئەو پێناسە و ناوەش نافەرمییە.

هەر کەسێک تەنیا بە بەڵگەنامەی نووسراو (مۆڵەت)ی مامۆستاکەی دەبێتە شێخ و، تێپەڕاندنی قۆناغێکی دوور و درێژ لە پەروردە لە ژێر چاودێریی مامۆستاکەی، تەنیا یەکێک لە مەرجەکانە و بەدەستهێنانی مۆڵەت بە ئاسانی نییە. لە کوردستان لە دەورووبەری هەر شێخێک، گرووپی جیاواز لە شوێنکەوتوانیان هەن.

وەفادارترین قوتابییەکان (مورید) بە شێخ، لە ماڵی شێخ (خانەقا یان خەڵوەتگای دەروێش) یا لانیکەم لە نزیکییەوە دەژیت و ڕۆژانە لە بۆنە و ڕێورەسمە ئایینییەکاندا بەشداری دەکات. لەوێ بازنەیەکی بەرفراوانتر لە شوێنکەوتووان هەیە. کەسانێک کە بوونەتە ئەندامی تەریقەتەکە و بەشێوەیەکی کەم تا زۆر ڕێکوپێک، بۆ ڕێورەسمە ئایینییەکان بە کۆمەڵەکان کە لەلەیەن شێخ یا نوێنەرەکەیەوە(خەلیفە) بەڕێوە دەچێت، لە دەوری یەک کۆدەبنەوە. شێخەکان، شوێنکەوتووانی خۆیان لە نێو بەئەزموونترین(بەتەمەنترین)ی ئەو کەسانە دەستنیشان دەکەن. گرووپێکی زۆر گەورەتر لە پەیڕەوەکانیان بەشداری لە ڕێورەسمە عیرفانییەکان ناکەن و لەوانەیە تەنانەت نەبنە ئەندامی تەریقەتیش، بەڵکوو سەرسام بن بە کەسایەتی و گەورەیی شێخەوە. بەپێچەوانەی زاناکان، زۆربەی شێخەکان کاری سەیروسەمەرە ئەنجام دەدەن، لە بارەی بابەتی سیاسی و ئەخلاقی ڕاوێژیان پێ دەکرێت، ھەوڵ بۆ چارەسەری نەخۆشییە دەروونی و جەستییەكان دەدەن و نێوەندگیریی نێوان ئەو بنەماڵانە دەكەن كە بەشەڕدێن و ئاشتیان دەكەنەوە. بوونیان بەھۆی ڕەحمەتی پەروەردگارە و لەو بڕوایەدان كە ئەوان توانای شەفاعەت و لێبوردنیان لەلایەن خوداوە ھەیە.

لە كوردستان خواست بۆ ئەوەی پۆستی شيخەكان بەشێوەی میراتگری بێت ھەیە. ھەموو شێخەكانی قادری لە كوردستانی باشوور تەنیا لە دوو بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانین. تەریقەتی نەقشبەندی لە سەدەی 19 پەرەی سەند و پەرەسەندنەكەشی تا ڕادەیەیەك بۆ دژایەتییان لەگەڵ تەریقەتی قادری ناودەبرا.

مەولانا خالید، كەسایەتییەكی زۆر كاریزماتیك و خەڵكی ناوچەی سلێمانی بوو كە لەگەڵ یەكێك لە گەورەترین مامۆستاكانی نەقشبەندی خوێندوویەتی، ئەو خوێندكارێكی زۆری پێگەیاند و زیاتر لە 30 شێخی لە بەشە جیاوازەكانی كوردستان دەستنیشان كرد(لەگەڵ ژمارەیەك لە خەلیفەكانی بەشەكانی دیكەی ئیمپراتوریی عوسمانی كە لەسەر دەستی ئەو دەستنیشان كران و پۆستیان وەرگرت). لەگەڵ ئەوەشدا لە نەوەكانی داھاتوو خواست بۆ  دەستنیشانكردنی شێخەكان لە ڕێگەی میراتگرییەوە لە نێو تەریقەتی نەقشبەندی لە كوردستان سەری ھەڵدا. لە ئەنجامدا لقێكی تایبەت لە تەریقەتەكان لە نزیكەی بیست عەشیرەتدا پەرەی سەند.

بارزانییەكان، ڕادیكاڵترین نموونەی ئەو ڕەوتە بوون. شێخەكانی بارزان لە ئاخێزگە جیاوازەكان، پەيڕەوانێكی زۆریان پەیدا كرد. ژمارەیەك لەوان لە عەشیرەتەكان بوون بەڵام زۆربەیان لە ڕەعیەت و جوتیارەكانی دەرەوەی عەشیرەتەكان بوون. كەسانێكیش كە پێشتر لە گوندەكانی شێخەكانی بارزان یان لە نزیكیانەوە دەژیان یان دواتر لەوێ نیشتەجێ كران، لە لاینگرانیان بوون. ئەو گرووپانە بە ھەستی بەرانبەریخوازییەكی بەھێز و خواست بۆ وەرگرتنی كەسانی بیانیش وەكوو ئەندام، لەوانی دیكە جیا دەكرێنەوە. بەڵام لە پرسی شەڕەكان لەگەڵ عەشیرەتەكانی دراوسێ، زیاتر وەكوو عەشرەت ڕەفتاریان دەكرد. گرووپی حەققەش، لە كەسانێكی جیاواز پێكدێن. تەریقەتی نەقشبەندی كە بە خێرایی لە نیوەی یەكەمی سەدەی 19 پەرەی سەند، گرنگییەكی سیاسیی زیاتری پەیدا كرد. تا كۆتایی سەدەی 20ەم دەبینین كە لە زۆرێك لە بەشەكانی كوردستان، شێخەكانی نەقشبەندی پۆستی باڵا و گرنگی زۆریان وەرگرت. ئەمەش  پەیوەندیی بە بەرەوپێشچوونە سیاسییە گەورەكانی ئەو سەردەمەوە ھەبوو. لە دەیەكانی سەرەتای سەدەی 20، چاكسازیی ئیداری، دوایین میرنشینە كوردییە سەربەخۆكانی ڕووخاند و كوردستان بە گشتی كەوتە ژێر كۆنترۆڵی كەسانێك كە لەلایەن ناوەندەكانی حكوومەتەوە دەستنیشان كرابوون.

ئەو دەسەڵاتدارانە، پێگە و سەنگی ئەخلاقیی دەسەڵاتدارانی كوردیان نەبوو و نەیاندەتوانی ھاوشێوەی ئەوەی كە كوردەكان شەڕە عەشیرەییەكانیان كۆنترۆڵ دەكرد، كار بكەن. دەیەكانی دواتر دەبینین كە ئاسایشی گشتی كەمتر دەبێت و بەھەمان ڕێژەش شەڕ و توندوتیژی زیاتر دەبێت. ھەست بە نەبوونی ئاسایش و ئەمنییەت لە ژێر كاریگەریی كۆمەڵێك لە شكستەكانی ئەرتەشی عوسمانی لەبەرانبەر ھێزەكانی ئەورووپا و چالاكییە گوماناوییە مەزھەبییەكانی ئەورووپا لە نێو كۆمەڵگای مەسیحیدا، دۆخەكەی خراپتر كردبوو. ئەو بارودۆخە بوو كە شێخەكانی وەك نێوەندگیرێك بۆ شەڕ و ئاڵۆزییەكان لێكردبوو. ڕێك لەبەر ئەوەی ھێز و توانایان سەربەخۆ و لە دەرەوەی گرێدراویی عەشیرەییەوە بوو و پەیڕەوانیشیان سنوورە عەشیرەییەكانیان تێدەپەڕاند. شێخەكان پێگەیەكی باشیان لە چارەسەركردنی ئاڵۆزی و شەڕەكان لە ڕێگەی نێوبژیوانی كردن لە نێوان لایەنەكانی شەڕ لە ڕێگەی خستنەرووی چارەسەرێكی ئاساندا  ھەبوو.

بەشێك لە شێخەكان بوونە ھەڵسووڕێنەرانێكی سیاسیی زیرەك، كەسانێك كە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتەكەیان تەنانەت بەسەر گەورەترین سەرۆك عەشیرەتەكانی ناوچەكەیان سەركەوتوو بوون. ئەوان لە كۆتاییدا لە زۆربەی شوێنەكان بە گشتی ببوونە قەبووڵكراوترین گوتەبێژەكانی كورد.

بە ھەڵكەوت نییە كە زۆرێك لە سەرھەڵدانە سیاسییە سەرەتاییەكان بە ڕەھەندی نەتەوایەتییەوە لەلایەن شێخەكانەوە ڕێبەرایەتی دەكرا. وەك شۆڕشە گەورەكانی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری (1880) و شێخەكانی بارزان لە كوردستانی باشوور، شێخ سەعیدی پیران (1925) لە باكوور و شێخ مەحموودی بەرزنجی (1919،1922، 1931) لە كوردستانی باشوور و چەندین شۆڕشی بچووكی دیكە.

بۆ سەردەمێكی دوورودرێژ، نەتەوەپەرستە سیكۆلارەكان، خۆیانیان ناچار دەبینی كە لەگەڵ شێخەكاندا یەك بگرن، لەبەرئەوەی شێخەكان توانای كۆكردنەوە و یەكخستنی جەماوەریان ھەبوو و ئەمەش تەنیا تایبەت نەبوو بە كاتی شۆڕشەكانەوە. كوڕی شێخ عوبەیدوڵڵا ـ سەید عەبدولقادر ـ كە دوای شۆڕشی توركە گەنجەكان لە ساڵی 1908 لە ئەستانبوڵ نیشتەجێ بوو، لە یەكەمین شوورا كوردییەكان ڕۆڵێكی بەرچاوی گێڕا و تاكە سەركردە بوو كە چینی كرێكارە كوردەكان گوێڕایەلی بوون.

نەتەوەپەرستە سیكۆلارەكان بە پەروەردە مۆدێڕنەكانیان، بەشێوەیەكی گشتی لەو ناوەندە بێبەش كران. تەریقەتەكانی سۆفییەت لەم سەدەیەدا بەتوندی لە لایەنە جیاوازەكانەوە كەوتنە بەر ڕەخنە: لەلایەن ڕێفۆرمخوازە موسوڵمانەكان، سیاسەتەمەدارانی سیكۆلاری نوێخواز و ڕۆشنبیران و نەتەوەپەرەستەكان.

سەعید نۆرسی كە مامۆستاكەی شێخێكی نەقشبەندی بوو، لە نووسینەكانیدا، ڕۆحێكی عیرفانی دەكردەبەر نووسراوەكانی. تەریقەتەكان بەو شێوەیەی كە لە كوردستان كاریان دەكرد، بیروباوەڕی خوڕافی و سیحرەكانی پەیوەندیدار بەوان و ستایشی ناعەقڵانیی شێخە میراتگرەكانی ڕەت دەكردەوە (بزووتنەوەی نۆرس كە پەیڕەوانی تیایدا ڕێكدەخران، لە توركیە زیاتر وەك تەریقەتی سۆفییەت ناودەبران، بەڵام تەریقەت نە ڕێبەرییەكی میراتگری ھەیە و نە دەستیان لە عیبادات و ڕێورەسمە گشتییەكان وەردەدا). توركە گەنجە سیكۆلارەكان و جێگرە كەمالیستەكانیان تەریقەتەكانی سۆفیگەری وەكوو شوێنی گەشە و پەرەسەندنی خوڕافاتی ساختە و ڕێگرێك لە بەردەم گەشەسەندنەكان دەزانی. پەیوەندیی بەشێك لە شێخە نەتەوەپەرستەكان لەگەڵ نەتەوەپەرستە كوردەكان ھۆكارێك بوو بۆ گومانی زیاتر. شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران ئەم بابەتە بە ئاشكرا  پشتراست دەكاتەوە.

لە ماوەی چەند مانگدا، حكوومەت سەرجەم تەریقەتەكانی سۆفییەتی قەدەغەكرد. ئەم  قەدەغەكردنە بەتایبەت بۆ تەریقەتەكانی ناو شار كە پێویست بوو چالاكییەكانیان ڕابگرن، بە زەرەریان شكایەوە. بە شێوەیەكی لێكدژ، بەشێك لە شێخە كوردەكان بەتایبەت ئەوانەی ھاوكاریی حكوومەتیان دەكرد، توانییان پێگەی پتەوی كۆمەڵایەتییان بپارێزن. تێپەڕین بۆ دیمۆكراسیی فرە حیزبی و ھەڵبژاردنی سەرتاسەری بەدوای شەڕی جیھانیی دووەمدا، شێخەكانی كردە كەرەستەیەك بۆ كۆكردنەوەی دەنگ بۆ حیزبە كۆنەپارێزەكان، لەم پێناوەدا چەندین شێخی كورد بوونە ئەندام پەرلەمان. لە قۆناغی دوای شەڕیش، بەشێك لە نوێترین ڕەخنەگرانی شێخەكان، ڕۆشنبیرانی سیكۆلار بوون كە ئەوانیان بەهۆی نەزان هێشتنەوەی کۆمەڵگای لادێیی، چەوساندنەوەیان لە بواری ئابووری و خۆفرۆشتنیان بە حکوومەت سەرکۆنە دەکرد.

وردە وردە گوشارەکان بۆ قەدەغەبوونی تەریقەتەکان لە تورکیا، کەمتر بووەوە. تا دەیەی ١٩٨٠ ئەو تەریقەتانە توانیان بە کردەوە جارێکی تر بەشێوەیەکی ئاشکرا چالاكی ئەنجام بدەن. پەیوەندیی نەقشبەندییەکان لەگەڵ نەتەوەی کورد، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە کۆمەڵگای کورد و تورک، سوننە و عەلەوی بەیەکەوە دەژیان، ڕێگەی پێ درا و ئازاد کرا. ژمارەیەک شێخی کورد لەو ناوچەیە لە ناوەڕاستی دەیەی ١٩٧٠ لەگەڵ حیزبی عەمەلی نەتەوەپەرست کە حیزبێکی فاشیست و پان تورکیزم بوو، پەیوەندییان هەبوو. ئەگەرچی هەندێ جار بەشێکی زۆری پەیڕەوانیان کورد بوون.

بەشێکی دیکە لە شێخە کوردەکان، ژمارەیەکی زۆر لە شوێنکەوتووانی غەیرە کوردیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا. چەندین لقی کوردی نەقشبەندی لە ئێستادا نوێنەرایەتییان لە ئیستانبوڵ هەیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە خودی شێخەکان خۆیان چوونەتە ئەو شوێنانە و یان گرووپێک لە پەیڕەوانیان لەوێ بەشێوەیەکی ڕێکخراو چالاکییان هەبووە.

ئەوکاتەی کە تەریقەتەکانی سۆفییەت لە تورکیا قەدەغە کران، بەشێک لە شێخە کوردەکان بەرەو سووریە کۆچیان کرد کە لەوکاتەدا لەژێر کۆنترۆڵی فەرەنسادا بوو و لەوێ بە بەراورد بە دراوسێ باکوورییەکەی خۆی (تورکیا)، سیاسەتی کوردی و ئیسلامیی لیبراڵتر پەیڕەو دەکرا. باکووری ڕۆژئاوای سووریە، شوێنێک کە کوردەکان بە هۆکارگەلێک ناچاربوون کە تورکیایان بەجێهێشت، لەوێ نیشتەجێ بن، حەشیمەتێکی زۆری لەخۆ گرتبوو. ژمارەیەکی دیکەیان هێشتا پەیڕەوانێکی زۆریان لە بەشی کوردستانی تورکیا هەبوو و ساڵانە چەندین جار سەردانی دەکرا.

ناسیۆنالیزمی مەزهەبی لەبەرانبەر ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی

بەلای بەشێکی زۆر لە کوردە سوننە باوەڕدارەکانەوە، ئیسلام بەشێکی گرنگ لە شوناسی کوردییە. ئەوان ئێزدییەکانیان وەکوو کوردێکی ڕەسەن هەژمار نەدەکرد، ئەگەرچی کە زۆربەی ئێزدییەکان تەنیا بە زمانی کوردی قسە دەکەن. عەلەوییە زازاکانیش هەندێجار لەوەیکە وەکوو کورد ناوببرێن، بێبەش دەبن و نکۆڵییان لێ دەکرێت، هەرچەندە ئەم ڕوانگەیە، ڕوانگەی هەمیشەیی نەبووە.

نووسەرانی تورک و کورد لە سەدەکانی ١٦ تا ١٩، بە ئاشکرا باسیان لە کوردە ئێزدییەکان و قزڵباشەکان دەکرد. لە سیستەمی حوکمڕانیی عوسمانیدا،  تورک و کورد، بۆ پێدانی سەرانە و باج و کارە یاساییەکانی دیکە، وەکوو موسوڵمان چاویان لێ دەکرا. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە نەدەبووە هۆکاری ئەوەی کە تووشی ڕاوەدوونان نەبنەوە و ئازار نەدرێن. سنوورێکی جیاکەرەوە لە نێوان کۆمەڵگا مەزهەبییە جیاوازەکاندا بەردەوام بوونی هەبوو، بەڵام گرنگییەکەی لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر دەگۆڕدرا. ئەم پرسە لە دوو دەیەی ڕابردوودا تا ئەو ئاستە پەرەی سەند کە بەشێک لە کۆمەڵگای عەلەوی و ئێزدی، خۆیانیان لە نەتەوەکانی تر، جیاواز لە کوردە سوننەکان دەزانی.

چەندین جار باس کراوە کە یەکەمین شۆڕشی کوردی لە تورکیە، کە لەلایەن شێخ سەعیدی پیرانەوە ڕێبەرایەتی دەکرا، سەرهەڵدانێکی عەشیرەتە سوننە زازاییەکان بوو و چالاکانە لەلایەن بەشێک لە عەشیرەتە عەلەوییە زازاکانی دراوسێیانەوە، دژایەتی دەکران. لەبەرئەوەی شۆڕشی ١٩٣٧ لە دێرسیم تەنیا عەلەوییەکانی لەخۆ دەگرت و لەلایەن هیچکام لە کوردە سوننەکانەوە پاڵپشتی نەکرا. تایبەتمەندیی نەتەوەییی کوردی لە هەر دوو شۆڕشەکەدا، هەم لەلایەن سیکۆلارەکان و هەم لەلایەن سیاسەتمەدارانی گرووپە جیاوازەکانەوە، کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە. ئایا ئەمانە تەنیا شۆڕشێکی عەلەوییەکان و موسوڵمانانی سوننە یان شۆڕشی نەتەوەیی نین؟

لە ئاستی ڕێبەریدا، هەردوو شۆڕشەکە، ژمارەیەک لە کەسانی خوێندەواری شارنشینی لەگەڵ بوو کە لەژێر کاریگەریی بیروباوەڕی ناسیۆنالیزمی کوردیدا بوون، بەڵام هەوڵەکانیان بۆ کۆکردنەوەی خەڵک سەرکەوتوو نەبوو. بۆ بەشێکی بەرچاوی بەشداربووان، شۆڕش، لەوانەیە لەگەڵ نموونەکانی پێشووتری بەرگری دژی دەستێوەردانی حکوومەتی ناوەندی لە کاروباری ناوچەیی، زۆر جیاواز نەبێت. بەرگری لە ئیسلام، پاڵنەری بەهێزی دیکە لە شۆڕشەکەی شێخ سەعیددا بوو. لە شۆڕشی دێرسیم، لەوانەیە لە هێماکانی عەلەوی کەڵک وەرگیرابێت، بەڵام هیچکات شۆڕشێک بەناوی عەلەویزم نەبوو. ئەو شۆڕشە بەوشێوەیەی کە ڕوویدا، شۆڕشی عەلەوییەکان بوو و هەربۆیە کەمتر دەبوە هۆی یەکگرتووییی کوردە سوننەکان. ڕوانگەی عەلەوییە زازاکان یان کورد زمانەکان، بە شوناسی کوردی، کە لە ڕوانگەی هەندێک کەس پەیوەندی بە ئیسلامی سوننەوە هەیە، بەدرێژایی دەیەکانی داهاتوو تەمومژاوی و ناروون مایەوە. عەلەوییەکان پاساوێکی باشیان بۆ سیکۆلاربوون هەبوو و بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیرانی عەلەویی کورد لانگرییان لە کەمالیزم کرد، لەبەرئەوەی ئەوان بناژۆخوازیی ئیسلامییان وەکوو هەڕەشەیەکی گەورەتر بەرانبەر بە گرووپەکانیان دەبینی.

لە دەیەکانی ١٩٦٠ـ١٩٧٠ عەلەوییە گەنجەکان، کوردەکان و هەروەها تورکەکانیش، سیاسەتی چەپی تورکیەیان لە بەرانبەر سیاسەتی نەتەوەیی هەڵبژارد. بەڵام ئەوان لە زۆربەی ڕێکخراوە کوردییەکانی دوای ئەو قۆناغە دەرکەوتن و عەلەوییەکان لە ڕیزی دیارترین ڕێبەرانیاندا دەبینران. دوای شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران، نەتەوەپەرەستیی کوردی پەیوەندییەکی ئاشکرای لەگەڵ ئیسلام، تا سەرەتای دەیەی ١٩٨٠ لەدەستدا. بە گشتی ئەگەرچی هەستی نەتەوەپەرەستی لە نێو کوردە سوننەکاندا بە بەراورد لەگەڵ عەلەوییەکان، ئەهلی حەقی، ئێزدی و شیعەکان بەهێزترە، و هەروەها زۆربەی کوردە سوننەکان، موسوڵمانێکی مەزهەبی و باوەڕدارن، لەگەڵ ئەوەشدا، سەرجەم ڕێکخراوە فەرهەنگی و حیزبە سیاسییە کوردییەکان، کە سەریانهەڵدا، بەشێوەیەکی گشتی سیکۆلار بوون. لەلایەکی دیکەوە ئەو کوردانەی کە وەکوو موسوڵمانێکی باوەڕمەند، چالاک بوون، لە پێداگری لەسەر شوناسی نەتەوەیی کوردیی خۆیان پاشگەزبوونەوە و زۆرجار لە شەڕدا بوون لە گەڵ شۆڕشەکانی کورد کە بەتایبەت لە دەیەی ١٩٥٠ بەدواوە بە گشتی کەوتبوونە ژێر کاریگەریی مارکسیزمەوە. تەنیا لەگەڵ هەرەسهێنانی مارکسیزم وەکوو هێزێکی سیاسی بوو کە ئیسلام وەکوو فاکتەرێکی پڕبایەخ بۆ سیاسەتی کوردی و سیاسەتی شوناسی کوردی، گەڕایەوە بۆ ئیسلامگەرایی.

بێگومان شۆڕشی گەلانی ئێران، ڕۆڵێکی گرنگی لەو ڕووداوانەدا گێڕا، ئەگەرچی کاریگەرییەکەی ناراستەوخۆ بوو. لە یەکەمین مانگەکانی شۆڕشەکەدا، کوردەکان سەرلێشێواو بوون و بەشێکی زۆر لە کەسایەتییە مەزهەبییەکان ڕۆڵی گوتوبێژی ئەوانیان دەگێڕا. شێخ عیزەددین حوسێنی لە مەهاباد و ئەحمەد موفتی زادە لە سنە لەو کەسانە بوون. لەگەڵ ئەوەشدا بە زوویی توانیان کۆنترۆڵی ڕووداوەکان بکەن و ڕێبەرایەتیی خەڵک لە بن دەستی کەسایەتییە مەزهەبییەکان، گەڕایەوە بۆ سیاسەتمەدارانی کوردی سیکولار. ئەوان تازە لە زیندان یان تاراوگە گەڕابوونەوە و لە دووبارە ڕێکخستنەوەی حزبە کوردییە ناچالاکەکان (سیکۆلار و مەیلەو چەپ) ، سەرکەوتوو بوون. عێزەدین حوسەینی لە هەمان قۆناغی یەکەم لەگەڵ چەپە ڕادیکاڵەکان بووە هاوپەیمان و دیسکۆرسێکی سۆسیالیستیی ئیسلامی ـ پۆپۆلیستی لەگەڵ جەختکردنەوە لە مافی دیاری کردنی چارەنووسی گرووپە نەتەوەییە ـ زمانییە جیاوازەکانی ئێران هەڵبژارد. کاتێک کە حکوومەتی ناوەندیی نوێ، سپای بۆ کۆنترۆڵی کوردستان ڕەوانەکرد، بزووتنەوەی بەرگریی کوردی سوننە لەلایەن برای شێخ عیزەددین حوسێنی لە بانە و شێخ عوسمان نەقشبەندی لە ناوچەی هەورامان ڕێبەرایەتی کرا کە ماوەیەکی زۆریشی نەخایاند، بەڵام کاتێک کە شەڕی چریکی دەستی پێکرد، تەنیا هێزە سیکۆلارەکان لە مەیدانەکەدا مانەوە.

لە ماوەی شەڕی ئێران و عێراقدا، ئێران پاڵپشتیی لە حیزبە سیکۆلارەکانی عێراق (سەرەتا پارتی دیموکراتی کوردستان و دواتر یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان) دەکرد، بەڵام هاوکات هەوڵیشی بۆ یارمەتیدانی بزووتنەوەی ئیسلامی لە ناو کوردەکانی عێراق دەدا. هەر لەو کاتەدا عەڕەبستانی سعودی کە لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران، هەستی بە مەترسی دەکرد، چەند هەوڵێکی هاوشێوەی ئەنجام دا، ئەگەرچی تەنیا بۆ ڕێگری کردن لە بەرەوپێشچوونەکانی ئێران بوو. بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بە ڕێبەریی عوسمان بن عەبدوڵعەزیز، لە حەڵەبچە لە ساڵی ١٩٨٧ سەری هەڵدا و تەنیا لە سەرەتای دەیەی ١٩٩٠ بوو کە بووە هێزێکی سیاسیی گرنگ. ئەو بزووتنەوە هەوڵی دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و عەرەبستانی سعودی هاوسەنگ بکات.

شێخ محەمەد خالید بەرزنجی نەقشبەندی، ئامۆزای مەسعوود بارزانی، هەوڵیدا بۆ دامەزراندنی هێزێکی چەکدار کە بە ناوی حزبوڵڵای کوردی بەناوبانگە. ئەو گرووپە توانی لە ناوەڕاستی دەیەی ١٩٨٠ حیزبی کۆمۆنیستی عێراق و یەکە چریکییەکانی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان لە ناوچەی بارزان بکاتە دەرەوە. لە دەیەی ١٩٩٠ گرووپی حزبوڵڵا کە لەلایەن ئەدهەم بارزانییەوە ڕێبەرایەتی دەکرا، پێکهێنرا کە لە بزووتنەوەی پێشوو جیا ببوەوە. پێدەچێت ئێستا بزووتنەوەی ئیسلامی، پشتیوانییەکی جەماوەریی خەڵکی بەدەستهێنابێت و ڕکابەرێکی جیددی بێت بۆ حیزبە سیکۆلارەکان.

لە کوردستانی تورکیە، ڕێکخراوێکی حیزبوڵڵاهیی نهێنی، بۆ ماوەیەک، لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٨٠ سەری هەڵدا. لایەنێکی بزووتنەوەکە بە توندی لەگەڵ نەتەوەپەرستی سیکۆلاردا دژ بوون و لە دەیەی ١٩٨٠ دا لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان PKK کەوتنە شەڕێکی قورسەوە کە لە درێژەیدا لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دژە شۆڕشی تورکیادا هاوکارییەکی نزیکی هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا لقێکی دیکەی حیزبوڵڵا فۆرمێکی لە ئیسلامگەرایی پەرەپێدا کە لەگەڵ نەتەوەپەرستیی کوردیدا سازگاری هەبوو. PKK بەپێچەوانەوە، ڕوانگەیەکی باشتری لە پەیوەندی لەگەڵ ئیسلامدا گرتەبەر. PKK لە سەرەتادا، وەکوو هەموو بزووتنەوە چەپەکانی تورکیە، نە تەنیا سیکۆلار، بەڵکوو تاڕادەیەک دژە ئایین بوو، بە تێگەیشتن لەوەی کە زۆرێک لە گوندنشینانی کورد تا چ ڕادەیەک لە ژێرکاریگەریی ئیسلامدان، PKK لە دژایەتیی ئیسلام پاشگەز بووەوە و دوو یەکیەتیی ئیسلامیی دامەزراند: یەکیەتی کەسایەتییە مەزهەبییەکان و یەکیەتی کەسایەتییە نیشتمان پەروەرەکان (هەروەها PKK بۆ ڕاکێشانی کوردە ئێزدییەکان و عەلەوییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ ئیسلامی سوننە، شوورایەکی ئێزدی و شوورایەکی عەلەویشی دامەزراند.). لە نێو بزووتنەوە مەزهەبییە جیاوازەکانی کوردستانی تورکیە، پێدەچێت کە بزووتنەوەی نورسوو، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی پەێرەوانیان، گەورەترین بزووتنەوە بووبێت و هەروەها گرنگترین بزووتنەوەی مەزهەبی لە هەموو تورکیایە، بەڵام چەند جیابوونەوەیەک تیایدا ڕوویداوە و لە ئەنجامدا، نەتەوەیی بوون گەڕاوەتەوە بۆ قووڵایی بزووتنەوەکە.

هێڵە فیکرییەکانی بزووتنەوەکە، کە پەیوەندیی بە ڕۆژنامەی (YeniAsya)ەوە هەیە بەردەوام لە سیاسەتی کردەیی دوورکەوتۆتەوە و بەهۆی بۆچوونەکانیەوە–زاڵبوونی ئیسلام لەسەر لێکترازانە نەتەوەییەکان- بوو کە بووە هۆی ئەوەی ڕەهەندی کوردی بزووتنەوەکە کەم بایەخ نیشان بدرێت. باڵێکی گەورەی دیکەی ئەو بزووتنەوەیە، کە بە بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن و ڕۆژنامەی زەمان بەستراوەتەوە، خوازیاری هاوکاری لەگەڵ نوخبە بوروکراتەکان و ئەرتەشی سیکۆلاری تورکیە بوون و هەڵوێستی نەتەوەپەرستانەی ئاشکرای تورکییان هەڵبژارد. لەکاردانەوە بەم پرسە، چەند گرووپێکی نوێی کوردەکان، جەختیان لە شوناسی کوردیی خۆیان کردەوە و لایەنە کوردییەکانی بیوگرافیی سەعید نۆرسی کە بۆ ماوەیەکی زۆر پشتگوێ خرابوو، ئاشکرا کرا. توندڕەوترین ئەو گرووپانە بە گرووپی ماد ـ زەهرا ناسراون (مەبەست زانکۆی «قوتابخانەی زەهرا» یە کە سەعید نۆرسی خولیای دامەزراندنیی لە کوردستان هەبوو). ڕۆژنامەی «داوا» بەوە بەناوبانگە کە بڕوای زۆری بە نەتەوەپەرستیی کوردی هەیە، ئەم گرووپە، ڕێبەرایەتیی یەکەمین سەرهەڵدانی گەورەی کوردەکانی لە تورکیە، (شێخ سەعیدی پیران)، وەکوو دووەمین کەسایەتی گەورە لە گەڵ سەعید نۆرسی ناساند و کۆمەڵێک ڕاپۆرتی لەبارەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان (عێراق) بڵاو کردەوە. ڕۆژنامەی «نەوبەهار» کە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە کەمتر سیاسییە و زیاتر فیکرییە، گۆشەیەکی گرنگی زیندووکردنەوەی فەرهەنگی کوردییە. نووسەرانی ئەو ڕۆژنامەیە لەگەڵ بزووتنەوەی نورسوو، پەیوەندییەکی پتەویان هەیە بەڵام ئەوان ڕۆشنبیرانی کوردیشن. ئەم ڕۆژنامەیە زیاتر سەرقاڵی وتووێژە لەگەڵ گرووپەکانی تر و هاوبەشەکانیشی بە گشتی نەک لە نێو گرووپە موسوڵمانەکانی تر بەڵکوو لە نێو گرووپە کوردە سیکۆلارەکاندا پەیدا دەکات. سەرهەڵدانی ئەو گرووپە کوردییانە لە بزووتنەوەی نورسوو لەگەڵ ئاشکرا کردنی پەیوەندییان لەگەڵ کوردەکان و پشتیوانی و ژیاندنەوەی ئیسلام، بەشێک لە چالاکی و تێڕوانینی سەعید نۆرسی بوو کە پێدەچێت نیشانەی ڕەوتێکی گشتگیرتر بێت. ڕوانگەی زاڵ لە بزووتنەوەی ئیسلامیدا ئەوەیە کە نەتەوەیی بوون بەشێکی ناسازگارە (هەربۆیە هەموو تێڕوانینی ڕەگەزپەرستیی نەتەوەیی و هەروەها ناسیۆنالیزمی نەتەوەیی پێویستە ڕەتبکرێتەوە.)

لە دەیەی ١٩٨٠ ـ لانیکەم لە تورکیە ـ  شوناسەكانی نەتەوەیی و میللی خۆیانیان بەسەر بزووتنەوە ئیسلامییەكاندا سەپاند. ناسیۆنالیزمی دەستی ڕاستی توركیە ھەوڵی داوە تا ئیسلامگەرایی لە فۆرمی (بیرۆكەی توركی – ئیسلامی) كە بووەتە ئیمپراتۆریی نوێی حكوومەت، قەبووڵ بكات. كەسانێك بە باكگراوندی پان توركی لە ئەندامانی دیاری حیزبی ڕیفاھی ئیسلامی و لقی بەبڕشتی بزووتنەوەی نورسوو كە لەلایەن فەتحوڵلا گولەنەوە ڕێبەری دەكرێت، نە تەنیا لە دوورەوە دیسكۆرسيكی میللی گەراییی توركییان ھەڵبژاردووە، بەڵكوو چالاكییەكانیشیان لە ئاسیای ناوەندی درێژەپێدا. لە لایەكی دیكەوە توانیان تەنیا ئیسلامگەرا كوردەكان، ناچار بە زیندووكردنەوەی خۆیان و شوناسێكی جیاواز لە بزووتنەوەی ئیسلامی بكەن. كۆمەڵگای كوردی و سیاسەتی كوردی زیاتر بەرەو ئیسلامی بوون ڕۆیشتوون، ھەم بەو مانایەی كە ڕێكخراوە مەزھەبییە سیاسییەكان زاڵتر بوونە و ھەم بەو مانایە كە تەنانەت بزووتنەوە سیاسییە سیكۆلارەكان، پێویستە ئیسلام قەبووڵ بكەن و ڕێزی لێ بگرن. لە لایەكی دیكەوە، بزووتنەوە ئیسلامییەكان لە كوردستان، بە بەراورد بە ڕابردوو بە شێوەیەكی ئاشكرا، شوناسێكی كوردییان وەرگرتووە.

 

*. Martin van Bruinessen. «The Kurds and Islam.» Working Paper no. 13, Islamic Area Studies Project, Tokyo, Japan, 1999.