ئارامتر بخوێنەوە!
ناسیۆنالیسم، موسوڵمانه‌کان و «ئیسلامگه‌رایی»
که‌ماڵ سلێمانی
و: به‌ڕۆژ ئه‌سعه‌دی
ناسیۆنالیزم شێوه‌یه‌ک له هوشیارییه که به زمانی تایبه‌تی خۆی ده‌رده‌بڕدرێ. پێش چه‌رخی ناسیۆنالیزم، ئه‌و شێوه لێدوانه له نه‌ته‌وه، بوونی نه‌بووه. به گشتی ژیان له نێو پاڕادایمی ناسیۆنالیزمدا شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی بیرکردنه‌وه و وێناکردنی نه‌ته‌وه‌ییی به سه‌ر مروڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا سه‌پاندووه. مروڤی دینداریش وه‌ک هه‌موو که‌سێکی تر، له ژێر کاریگه‌ریی ئه‌و پاڕادایمهدایه و بۆ باسی پێوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه، له هه‌مان زمان که‌ڵک وه‌رده‌گرێ. هه‌ر بۆیه دینداره‌کان ته‌نانه‌ت ئیسلامگه‌راکانیش له ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه، ناتوانن بیر له سیسته‌مێکی سیاسیی دیکه بکه‌نه‌وه. هۆکاره‌که‌شی بۆ ده‌روونیکردنی گوتاره ناسیۆنالیستییه‌کانی ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه، که ئه‌ویش کاریگه‌ریی له سه‌ر تێگه‌یشتنیان له سه‌ر چه‌مکه پڕ هاتوهاوار و به ڕواڵه‌ت جیهانییه‌کانی وه‌ک ئوممه‌ت[١] یان خه‌لافه‌ت[2] داده‌نێت.
له هزری ئایینی ئیسلامی مۆدێڕن‌دا، نه‌ته‌وه وه‌ک چه‌مکێکی به‌ڵگه‌نه‌ویست وێناکراوه: له به‌ر ئه‌وه‌ی بکه‌ری ئایینی له ناو پاڕادایمی ناسیۆنالیستیدا چالاکی ده‌کات، ده‌یهه‌وێت زاراوه ئایینییه‌کان له گه‌ڵ زاراوه ناسیۆنالیستییه‌کانی یه‌ک بخات. ژیان له ناو «پاڕادایمی ناسیۆنالیستیدا»[3] جۆرێکی مۆدێڕنی تێگه‌یشتن له نه‌ته‌وه ده‌سه‌پێنێت، و ئه‌مه‌یش ڕێگه به بکه‌ره ئایینییه‌کان ده‌دات که زاراوه ناسیۆنالیستییه‌کان بۆ شی کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییان به نه‌ته‌وه، به‌کار بهێنن.[4]ئه‌م پاڕادایمه، پێداویستییه‌کانی ته‌فسیر و تێگه‌یشتنی ئایینیی خۆی ده‌سه‌پێنێت و وه‌ک به‌ستێنێک بۆ سه‌رله‌نوێ بیرکردنه‌وه له ئایین کار ده‌کات و به‌م شێوه‌یه‌یش کاریگه‌ریی له سه‌ر پانتایی و سنووره‌کانی[بیری ئایینی] داده‌نێت.
ئیسلامییه‌کان هه‌وڵی دووباره بیناکردنه‌وه‌ی[5] ڕابردوویه‌ک ده‌ده‌ن که هه‌م خزمه‌ت به ئێستا بکات و هه‌م ئێستاش بباته ژێر پرسیاره‌وه. له گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، زۆربه‌ی کات ته‌فسیر و ڕاڤه‌کانیان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ترس و دڵهڕاوکێکانیانه که به شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی، گرێدراوی بارودۆخی مۆدێڕنی ئه‌وانه. چاوپێداخشاندنێکی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که له لایه‌ن توێژه‌ره ئایینییه مۆدێڕنه‌کانه‌وه به‌رهه‌م هاتوون، زۆربه‌ی کاته‌کان هه‌وڵێکی به‌رچاوی نه‌ژادی و ئه‌تنیکیی ئه‌وان ئاشکرا ده‌کات.
چالاکیی ئیسلامگه‌راکان له ناو سنووره‌کانی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه و ئامانجی ستڕاتیژیکی ئه‌وان بۆ کۆنتڕۆڵی پێکهاته‌کانی ده‌وڵه‌ت، ناچاریان ده‌کات له ئاسته جیاوازه‌کاندا له گه‌ڵ ناسیۆنالیسم مامه‌ڵه بکه‌ن. ئه‌گه‌رچی ئیسلامگه‌رایی سێکۆلار نییه، به‌ڵام ناشکرێ به شێوه‌یه‌کی زاتی ناسیۆنالیسمیش به سێکۆلار تێبگه‌ین. هه‌ر بۆیه‌یش، ئه‌گه‌ر ناسیۆنالیسم چه‌مکێکی داڕێژڕاو[6] بێت، هه‌روه‌ک پارتا چاتێرجی[7] وای ده‌بینێت، و بتوانێت فۆڕمی جیاواز وه‌ربگرێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ریته که‌لتوورییه خۆجێییه‌کان یه‌کپارچه بکات، ئه‌وه په‌یوه‌ندیی ئیسلامگه‌رایی له‌گه‌ڵ ناسیۆناڵیسم له‌وه قووڵتره که بانگه‌شه ده‌رکرێ.
هه‌وڵی ئیسلامگه‌راکان بۆ کار کردن له ناو ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌دا، خۆی له خۆیدا ڕێگه بۆ تێکه‌ڵ بوونی ئایین و سیاسه‌ت خۆش ده‌کات، که ئه‌مه‌یش به هۆی «به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی»یه‌وه ڕوو ده‌دات. پێویسته ئاماژه به‌وه‌یش بکه‌م که ده‌وڵه‌تی مۆدێڕن نه به ته‌واوی ئایینی له پانتاییی گشتی جیا کردووه‌ته‌وه و نه له سیاسه‌تی دوور خستووه‌ته‌وه، نه به‌رانبه‌ر به ئایین بێ لایه‌ن و بێ-هه‌ڵوێسته. ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی مۆدێڕن، به به‌رده‌وامی ئایین به‌ڕێوه ده‌بات، بیری لێ ده‌کاته‌وه، پێناسه‌ی ده‌کاته‌وه و به شێوه‌یه‌کی هه‌ڵبژێردراو هه‌ندێک ڕه‌هه‌ندی ئایینیی تێکه‌ڵ ده‌کات و ده‌یهێڵێته‌وه و هه‌ندێک ڕه‌هه‌ندیشی وه‌لا ده‌نێت و پشتگوێی ده‌خات. ده‌وڵه‌ته‌کان له چوارچێوه‌ی سنووره‌کانی ڕێژیمێکی یاساییدا (که هه‌مان سێکولاریسمه) مامه‌ڵه له گه‌ڵ ئایین(ه‌کان) ده‌که‌ن، هه‌ر بۆیه‌یش دووباره ته‌فسیرکردن و ڕاڤه‌ی ده‌وڵه‌ت له ئایین ده‌بێته هۆی پابه‌ندیی یاسایی.
ئه‌گه‌ر زمانی توندی ئیسلامگه‌راکان له‌به‌رچاو نه‌گرین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌کان و ده‌وڵه‌ته نائیسلامییه‌کان، هه‌ردووک هه‌ندێک ستڕاتیژیی هاوشێوه و چونیه‌ک، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئایین به‌کار ده‌هێنن. ده‌وڵه‌ته‌کان، ئیسلامی بن یان نائیسلامی، به شێوه‌یه‌کی گشتی ته‌فسیر و ڕاڤه‌ی ئایینی پاوان ده‌که‌ن. ده‌وڵه‌ته‌کان له ڕێگه‌ی سزادان یان پشتگوێخستنی ته‌فسیر و ڕاڤه‌ی ئه‌کته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌کان له ئیسلام، پاوانی خۆیان جێبه‌جێ ده‌که‌ن. کردار و چالاکییه‌کانی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردووی ده‌وڵه‌ته‌کانی
ئێران،[8] میسر، عه‌ڕه‌بستانی سه‌عوودی، و تورکیا، ژماره‌یه‌کی زۆرمان به‌ڵگه بۆ سه‌لماندنی ئه‌م قسه‌یه ده‌داتێ.
تا ئێستا ده‌رکه‌وتووه که له هه‌ر دووک مه‌یدانی هزری و کردارییه‌وه ئیسلامگه‌راکان له بیرکردنه‌وه له ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه – وه‌ک «ئایدیال تایپێ» سیسته‌می حوکمڕانیی مۆدێڕن، شکستیان خواردووه. له گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا، ئه‌وان گرفتاری ئه‌و دیارده‌یه بوون که مایکڵ بیڵیگ ناوی ده‌نێت «ناسیۆنالیسمی ڕۆژانه[9]».[10] (ناسیۆنالیسمی ڕۆژانه ده‌تواندرێت وه‌ک ستایش و ڕێزلێنانی نائه‌نقه‌ست و به‌رزنرخاندنی ڕۆژانه‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه پێناسه بکرێت. به واتایه‌کی دیکه، ناسیۆنالیسمی ڕۆژانه، یانی ئه‌وه‌ی که ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگا، ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه وه‌ک «دیارده‌یه‌کی ئاسایی و قه‌بوڵکراو» سه‌یر بکه‌ن[11]). ئه‌وه‌ی که ئامانج و پاڵنه‌ره‌کانی ئیسلامگه‌راکان له تێوه‌گلانیان له سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تیدا چییه[لێره‌دا]، پرسێکی لاوه‌کییه. لێره‌دا پرسی سه‌ره‌کی بریتییه له جیانه‌بوونه‌وه‌ی ڕوانگه سیاسی(یه‌کانی) ئیسلامگه‌راکان له جۆره‌کانی دیکه‌ی مروڤی نه‌ته‌وه‌خواز.[12] له ئیسلامگهراییشدا، وه‌ک جۆره مۆدێڕنه‌کانی دیکه‌ی هزری سیاسی، سنووره‌کانی ده‌وڵه‌ت له گه‌ڵ سنووره‌کانی نه‌ته‌وه ده‌بن به یه‌ک. مروڤی ئیسلامگهراش ڕه‌زامه‌ندیی له سه‌ر جیاکردنه‌وه‌ی یاسایی و نه‌ته‌وه‌یی یان دابڕانی له به‌شه‌کانی دیکه‌ی ئوممه‌ت هه‌یه.
ئاسایی بوونی جیاوازییه‌کی له‌م چه‌شنه مۆدێڕن و ناسیۆنالیستییه. ئه‌گه‌ر ئه‌م شیکردنه‌وه‌یه ڕاست بێت، ئه‌وه ئیسلامگه‌راکانیش له جیهانێکی جیاوازدا ناژین و لایه‌نگریی له ڕێگه‌یه‌کی جیاوازی ژیان له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی مۆدێڕن ناکه‌ن. وه‌ک هاووڵاتییه‌کانی دیکه، قه‌بووڵکردنی سنووره نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بۆ ئیسلامییه‌کانیش هیچ گرفتێکی بڕیاڕدان دروست ناکات. هه‌ر به‌م هۆکاره‌شه که موسوڵمانه فارسه شیعه‌کان، به شانازییه‌وه له نێوان هه‌موو شته‌کانی دیکه‌دا، جه‌ختکردنه‌وه له سه‌ر ئه‌وه‌ی که سه‌رۆککۆماره‌که‌یان ده‌بێ نێرینه‌یه‌کی شیعه‌ی له‌دایکبووی ئیران بێت که باپیرانیشی هه‌ر ئێرانی بن (به ڕه‌سه‌ن ئێرانی بن) و ئه‌م بابه‌ته‌یان له ده‌ستووری وڵاتهکهشیاندا چه‌سپاندووه[13]. ئه‌و ڕاستییه‌ش پێشانمان ده‌دات که مروڤی ئیسلامگهراش ده‌بێ به مروڤی نه‌ته‌وه‌خواز دابندرێت. هه‌روه‌ک چۆن بالیبار[14] ده‌ڵێ: «سنووره ده‌ره‌کییه‌کانی ده‌وڵه‌ت» بوونه «سنووره ده‌روونییه‌کان»ی هاووڵاتی[15]. ژیان له ناو پاڕادایمی ناسیۆنالیستیدا ئه‌مه‌ی کردووه به پێویستییه‌ک.
هۆکاری گرینگیی ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که جگه له هه‌ندێک ڕێتۆریک له دژی رۆڵی کۆلۆنیالیسمی(رۆژئاوایی) له سه‌پاندنی سنووره جوگرافییه هه‌نووکه‌ییه‌کاندا، هیچ ئه‌ده‌بیاتێکی به‌رچاوی ئیسلامگه‌رایی که پێشانی بدات که ده‌روونیکردنی سنووره نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، ڕه‌نگه گرفتێک بۆ وه‌فاداریی ئایینیی موسوڵمانان دروست بکات، بوونی نییه. ڕاگه‌یاندنی دڵخۆشانه‌ی سنووره ئه‌تنیکی-نه‌ته‌وه‌ییه هه‌نووکه‌ییه‌کان و ده‌ربڕینی به‌رده‌وامی ناسیۆنالیستی، ئه‌م واقیعه به باشی پێشان ده‌دات. ئه‌و خاڵه‌ی لێره‌دا ده‌بێ جه‌ختی له سه‌ر بکرێته‌وه ئه‌وه‌یه که موسوڵمانێک، ئیسلامگه‌را یان نه‌ریتی، کاتێک که سنووره‌کانی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه ده‌روونی ده‌کات، خۆی وه‌ک که‌سێکی نائایینی و بێ‌دین نابینێت. ئه‌و که‌سانه خۆیان وه‌ک به‌شێک له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئایینی که به هۆی سنووره‌کانی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه له یه‌کتر دابڕابن، وێنا ناکه‌ن.[16]
به گشتی وێده‌چێ که ده‌وڵه‌تی عێراق وشام (داعش: ISIL) وه‌ک لادانێک و گرووپێکی ڕێزپه‌ر(استثنا) بۆ کاریگه‌ریی ناسیۆنالیسم ببیندرێت. ئه‌وه له کاتێکدایه که ژماره‌یه‌ک هۆکار پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ڕوانگه‌یه پێشان ده‌ده‌ن:
ئهلف) داعش به شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی په‌رچه‌کردارێکی سوننی ـ عه‌ڕه‌بیی (هێڵی لێکگرێدان (-) لێره‌دا گرینگه) به‌رانبه‌ر به‌و گهشهپێدانانهیه که له ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا له عێراق و سوریا ڕوویان داوه. هه‌ر به‌م هۆی سوننی ـ عه‌ڕه‌بی و ناوچه‌یی بونییه‌وه بوو که ئه‌فسه‌ره‌کانی پێشووی به‌عس، بڕبڕه‌ی پشتی پێکهاته‌ی سه‌ربازیی داعشیان دامه‌زراند.
ب) بانگه‌شه‌ی به‌ڕواڵه‌ت جیهانیی داعش ده‌بێ وه‌ک ئامرازێک بۆ سه‌ربازگیریی میلیشیا موسوڵمانه‌کان له هه‌موو جیهان سه‌یر بکرێت نه‌ک به‌رنامه و په‌یامی جیهانشمولی داعش. ڕێتۆریکی داعش حوکمێکی ئایدیۆلۆژیک نییه. پێش پشتیوانیی ئاسمانیی ئه‌مه‌ریکا بۆ کوردستان له ساڵی ٢٠١٤دا، داعش خۆی له هه‌ر جۆره چالاکییه‌ک له ده‌ره‌وه‌ی عێراق و ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک ده‌پاراست. هه‌روه‌ها ئه‌و گرووپه ئیسلامییانه‌ی که باسیان له‌وه ده‌کرد به‌شێکن له داعش، زۆربه‌ی کاته‌کان هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی ئۆرگانیکیان له گه‌ڵ داعش نه‌بووه، به‌ڵکوو زیاتر له‌ڕێگه‌ی کرداره‌کانی ئه‌م گرووپه‌وه هان ده‌درێن.
پ) ئه‌وان پێیان وایه که هیچ ناعهڕهبێک شیاوی وه‌رگرتنی پێگه‌ی خه‌لیفه نییه. هه‌ڵبژاردنی ئه‌بووبه‌کر به‌غدادیش له سه‌ر بنه‌مای ئه‌م باوه‌ڕه‌وه بوو که ئه‌بووبه‌کر به‌غدادی ڕه‌چه‌ڵه‌کێکی به‌غدایی-عه‌باسی هه‌یه (یانی ڕگهکانی قوڕه‌یشی تێدایه).
ت) زمانی عه‌ڕه‌بی گه‌یێنه‌ری فه‌رمی داعش بووه و شوێنێکی سه‌ره‌کیی له به‌رگریکردن لههۆویهتی ئه‌م گرووپه‌دا هه‌بووه، که ئه‌م خاڵه‌یش سه‌لمێنه‌ری کاراکته‌ری ئه‌تنیکیی گرووپه‌که‌یه. ته‌نانه‌ت، له کاتی هێرشیان بۆ سه‌ر رۆژئاوای کوردستان، سه‌رکرده‌کانیان ده‌یانکوت سوریه وڵاتی عه‌ره‌به، و کورد مافی بوونی له سوریه نییه.
له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا له هه‌ندێک له وڵاته‌کان، ئیسلامگه‌راکان کۆنتڕۆڵی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیان وه‌ده‌ست هێناوه. ئه‌و چه‌ند نموونه‌یه، ده‌رفه‌تی زیاتر له پێویستی بۆ پێشکه‌ش کردنی مۆدێلێکی جێگره‌وه و جیاوازی حوکمڕانیی ئیسلامگه‌راکان ره‌خساند. له ساڵی ١٩٧٩ڕا ئیسلامگه‌راکان له ئێران له ده‌سه‌ڵاتدان. به‌ڵام سیاسه‌ته ناوخۆیییه‌کانی کۆماری ئیسلامی، له لایه‌ن ناسیۆنالیسمی ئه‌تنیکیی فارسه‌وه و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌شی له ژێر ناوی «به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌ت» به‌ڕێوه ده‌بردرێن. کۆماری ئیسلامیی ئێران نموونه‌یه‌کی به‌رچاوی ئه‌و ڕاستییه‌یه که تێگه‌یشتنی موسوڵمانه‌کان له ئیسلام له ژێر کاریگه‌ریی ناسیۆنالیسمی مۆدێڕن و خولیای کۆنتڕۆڵی ده‌وڵه‌تی دایه. له ماوه‌ی چوار ده‌یه‌ی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامیی ئێران نافارسه‌کانی چهوساندووتهوه و سته‌می لێ کردوون و هه‌وڵی داوه به شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک هێما و داله که‌لتوورییه‌کانی نافارسه‌کان بسڕێته‌وه. مامه‌ڵه و ڕه‌فتار له گه‌ڵ ئهویتیره ئه‌تنیکییه‌که‌ی[17] نموونه‌یه‌کی کلاسیکی کۆلۆنیالیسمی ناوخۆییی دروست کردووه. له لایه‌کی دیکه‌یشه‌وه، خودژێدهریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وه‌ک ده‌وڵه‌ته دراوسێیه‌کانی دیکه‌ی، ڕێگای تایبه‌تی وێناکردنی ناسیۆلیستی نه‌ته‌وه پێشان ده‌دات.
ئیسلامگه‌راکان کاتێک که ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌سته، له زۆر رێگاوه، سیاسه‌ت و سیاسه‌تگوزاریی ناسیۆنالیستیی کۆنسێرڤات به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه. ڕوانگه‌ی سیاسیی ئیسلامگه‌راکان، له گه‌ڵ دروشمه ئایینییه هه‌مه‌کی و دژهڕۆژئاواییهکانیان، به شێوه‌یه‌کی زۆر قووڵ ناسیۆنالیستییه. سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌کانیش، وه‌ک هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌کانی دیکه، له ڕێگه‌ی ئه‌و شته‌وه که پێی ده‌کوترێت «به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی» دیاری ده‌کرێت و بڕیاڕی له سه‌ر ده‌درێت. بۆ نموونه هه‌ردووک کۆماری ئیسلامی و گرووپه ئیسلامگه‌را عه‌ڕه‌بییه‌کان، هه‌ڵوێست و ڕوانگه‌ی دژیه‌کیان له سه‌ر زۆربه‌ی کاره‌ساته‌کان هه‌بووه، که له لایه‌ن سیاسه‌ته ههرێمییهکانیانهوه به‌ڕێوه بردراوه، نه‌وه‌ک پابه‌ندییه گه‌وره‌تره ئیسلامییه‌که‌یان. بۆ نموونه، کوشتاری به‌کۆمه‌ڵی ئه‌ندامانی ئیخوانولموسلمین له ساڵی ١٩٨٢ و هاووڵاتییه مه‌ده‌نییه بێ په‌ناکانی حه‌ما[18]، نه‌بووه هۆی لاوازیی په‌یوه‌ندیی هاوڕێیانه و نزیکی نێوان ئێران و سوریا؛ ته‌نانه‌ت ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی به‌هێزتریش کرد. شه‌ڕه‌کانی جینۆسایدی وڵاتانی باڵکان و پشتگیریی ته‌واوی ڕوسیا له رێژیمه‌که‌ی سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ له ساڵه‌کانی ده‌یه‌ی ١٩٩٠ نه‌بووه هۆی دروستبوونی هیچ هه‌ڵوێستێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی ئێران له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا. سه‌رکوتی توندوتیژانه‌ی موسوڵمانه‌کانی چین له لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌وه له لایه‌ن میدیا ده‌وڵه‌تییه‌کانی ئێران، تورکیا یان عه‌ڕه‌بستانی سه‌عوودییه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ک ڕوماڵ نه‌کرا.[19] به‌ڵام کاتێک کار ده‌گاته ئه‌و موسوڵمانانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خۆیانن، ئه‌م وڵاتانه یان بێهه‌ڵوێست ده‌مێننه‌وه و یانیش له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی خۆیاندا، مامه‌ڵه له گه‌ڵ ئه‌م پرسه ده‌که‌ن.
لیره‌دا زیاتر له تۆمه‌تبار کردنی ئیسلامگه‌راکان به نیفاق و دووڕوویی، ئامانج پێشاندانی ئه‌و ڕاستییه‌یه که ئیسلامگه‌راکانیش ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یان وه‌ک «ئایدیال تایپێک» ده‌روونی کردووه. ته‌نیا له‌و بهستێنهیشدایه که وته‌یه‌کی دامه‌زرێنه‌ری ئیخوانولموسلیمین، حه‌سه‌ن به‌نا، مانا ده‌دا کاتێک ده‌ڵیت «ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ئه‌وان له «نیشتمانپه‌روه‌ری» بریتییه له به‌هێزکردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه که ده‌بنه هۆی یه‌کگرتووییی تاکه‌کان له ناو وڵاتێکی دیاریکراودا، و بۆ پێشاندانی ڕێگایه‌کی به‌کارهێنانی ئه‌م به‌هێزبوونه به جۆرێک که به باشترین شێوه له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌واندا بێت، ئه‌وه ئه‌و کات ئێمه‌یش له گه‌ڵ ئه‌مه [له‌گه‌ڵ نیشتمانپه‌روه‌ری] هاوڕاین. چونکه ئیسلام وه‌ک ئه‌رکێکی پێویستی ئایینی سه‌یری ئه‌م بابه‌ته ده‌کات…».[20]
ئه‌ژمارکردنی نیشتمانپه‌روه‌ری وه‌ک ئه‌رکێکی ئایینی خۆی له خۆیدا به مانای تێکه‌ڵبوون و ئاوێته‌بوونی ناسیۆنالیسم و ئیسلامگه‌رایی له بونیادنانی هزری سیاسیی مۆدێڕندایه. ڕه‌نگه زیاتریش به مانای گونجاندنی نائه‌نقه‌ستی رێگا مۆدێڕنه‌کانی شیکردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه له لایه‌ن که‌سانی وه‌ک حه‌سه‌ن به‌ناوه بێت، چونکه ئه‌مه پێشانمان ده‌دات که چۆن «ئیسلامگه‌راکان»یش شوناسی نهتهوهیییان له باوه‌ش گرتووه. کاتێک ده‌توانین له ئاستی کاریگه‌ریی ئه‌م ناسیۆنالیسمه له سه‌ر ئیسلامگه‌رای وه‌ک حه‌سه‌ن به‌نا تێبگه‌ین که ڕوانگه‌کانی ئه‌و له گه‌ڵ ڕوانگه‌کانی محه‌مه‌د ئیقباڵ ـ که ئه‌ویتره‌که‌ی ناموسوڵمانهکانن ـ به‌راورد بکه‌ین.[21] ئیقباڵ پێی وایه که «ئه‌و هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌رییه‌ی که بیری ناسیۆنالیسم وه‌خه‌به‌ری دێنێت، جۆرێک به‌خوداکردنی[22] بابه‌تێکی مادییه، که ته‌واو له دژی جه‌وهه‌ری ئیسلامه و وه‌کوو ناڕه‌زایه‌تییه‌ک له دژی هه‌موو فۆڕمه ورد و درشته‌کانی بوتپه‌ره‌ستی ده‌رده‌که‌وێت.»[23]
ده‌رئه‌نجام
شوناسی نه‌ته‌وه‌یی، جۆرێکی تایبه‌تی ئاماژه‌کردن یان وێناکردنی نه‌ته‌وه‌یه‌که. بیلیگ[24] پێی وایه که «هه‌بوونی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی به مانای هه‌بوونی هه‌ندێک ڕێگای قسه‌کردن و باسکردن ده‌رباره‌ی
نه‌ته‌وایه‌تییه»[25]. هه‌بوونی هه‌ندێک شێوه‌ی تایبه‌تی لێدوان له نه‌ته‌وایه‌تی، دیارده‌یه‌کی مۆدێڕنه. به‌و پێیه‌ی که پاڕادایمی ناسیۆنالیسم، به‌ستێنێک بۆ بیرکردنه‌وه‌ی ئایینی بونیاد ده‌نێت، ئه‌و پاڕادایمه کاریگه‌ریی له سه‌ر دووباره ڕاڤه‌کردنه‌وه داده‌نێت. پاشخانی ئه‌تنیکی و ناسیۆنالیستی/که‌لتووریی تێگه‌یشتنی مۆدێڕنی موسوڵمانه‌کان له ئیسلام ڕه‌نگڕێژ ده‌کات. له زۆر ڕێگاوه، ڕاڤه‌ی ئایینیی کۆمه‌ڵگا موسوڵمانه جیاوازه‌کان، له گه‌ڵ سنووره نه‌ته‌وه‌ییه «وێناکراو»ه‌کانیاندا ده‌گونجێت و یه‌کتر ده‌خوێننه‌وه. هه‌ردووک موسوڵمانه نه‌ریتییه‌کان و ئیسلامگه‌راکان وه‌ک شتێکی به‌خشراو و موسهللـهم ده‌ڕواننه ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه هه‌نووکه‌ییه‌کان و سنووره ئاینییه‌کانیان و مێژووه‌کانیان له گه‌ڵ ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه ڕێک ده‌خه‌نه‌وه و ده‌یگونجێنن.
خولیای ئیسلامگه‌راکان بۆ[وه‌ده‌ستهێنانی] ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت، به مانای ده‌روونی کردنی سنووره نه‌ته‌وه‌یییه‌کان و کاریگه‌ریی گشتیی ناسیۆنالیسم له سه‌ر هزری سیاسیی موسوڵمانانه. ئیسلامگه‌رایی به‌و جۆره‌ی که ده‌بیندرێت له باری ئه‌تنیکی به شیوه‌یه‌کی ورد سنووردار ده‌کرێت و کاتێکیش ده‌گه‌نه ده‌سه‌ڵات، سنووردارێتییه ئه‌خلاقییه‌کانیان به ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت و ئیسلامگه‌راکان به‌شیکی زۆر له به‌رزه‌فڕی و دروشمه «گشتگهرایانه»کانیان وه‌لا ده‌نێن. ئیسلامگه‌را مۆدێڕنه‌کان زیاتر دژایه‌تیی له گه‌ڵ هه‌ندێک یاسا و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی ده‌که‌ن، نه‌وه‌ک دژایه‌تیی خودی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی مۆدێرن. ئیسلامگه‌راکان به هۆی ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه وه‌ک دیارده‌یه‌کی به‌خشراو و موسه‌له‌م سه‌یر ده‌که‌ن، توانایان نییه بیر له سرووشتی ده‌ڵه‌ت بکه‌نه‌وه. ئیسلامگه‌راکان، له فۆڕمه مۆدێڕنهکهیاندا، ده‌وڵه‌ت وه‌ک بکه‌ری سه‌ره‌کیی گۆڕانکاری و کۆنتڕۆڵ بۆ جێبه‌جێ کردنی سیاسه‌ت و پڕۆگرامه کۆنسێرڤاتهکانیان سه‌یر ده‌که‌ن. هه‌ر بۆیه‌یشه، له گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا که ئیسلامگه‌رایی فۆڕمی جۆراوجۆری هه‌یه، به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی خۆجێیه و له چوارچێوه‌ی سنووره‌کانی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ی مۆدێڕن‌دا ماوه‌ته‌وه.
په‌راوێز
[1]. Umma
[2]. Caliphate
[3]. سه‌یری Michael Billig, Banal Nationalism. (London ; Thousand Oaks, Calif. : Sage, 1995) بکه.
[4]. بۆ باسێکی به‌سوود له‌م باره‌وه سه‌یری Billig: 1995 بکه.
[5]. Reconstruct
[6]. Derivative Concept
[7]. Partha Chatterjee
[8]. گوشاری به‌رده‌وامی ئێران بۆ سه‌ر ئه‌کته‌ره ئایینییه جیاوازه‌کان، به تایبه‌تی له نێوان مه‌ڕجه‌عی شیعه (یان ئایه‌توڵڵاکان)، به‌ڵگه‌یه‌کی به‌رچاوی ئه‌و ڕاستییه‌یه که ده‌وڵه‌ت ویستی پاوانی ته‌فسیر و ڕاڤه‌ی ئایینیی هه‌یه.
[9]. Banal Nationalism
[10]. سه‌یری Billig, 1996بکه.
[11]. In other words, the nation-state is ‘taken for granted’.
[12]. Homo Nationalis.
[13]. سه‌یری به‌ندی ١١٥ی ده‌ستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران بکه، http://www. roshd. ir/Portals/0/KarAfarini/PDFs/rules/ghanoone_asasy. pdf. Last visited: 10/01/2016
[14]. Balibar
[15]. Etienne Balibar and Immanuel Maurice Wallerstein, Race, Nation, Class : Ambiguous Identities (London England; New York: Verso, 1991), 95.
[16]. بۆ باسێکی سرنجڕاکێش ده‌رباره‌ی هاوکاتیی سنووره ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان سه‌یری Philip W. Barker, Religious Nationalism in Modern Europe: If God Be for Us, Routledge Studies in Nationalism and Ethnicity London; New York: Routledge, 2009 بکه.
[17]. Ethnic Other
[18]. کوشتاری به‌کۆمه‌ڵی حه‌ما له فێبریوه‌ری ١٩٨٢، کاتێک که ئه‌ڕته‌شی سوریا به فه‌رمانی سه‌رۆکی ئه‌و وڵاته، حافز ئه‌سه‌د، ئه‌نجام درا و تێیدا شاری حه‌ما وێران کرا و سووتێندرا. ململانێکانی ئه‌م دواییانه‌ی سوریا و هاوپه‌یمانه‌کانی به‌رچاوترین ده‌رکه‌وتنی ئه‌و ڕاستییه‌یه که چۆن گرووپ و ڕێژیمه ئیسلامییه‌کان له سه‌ر بنه‌مای ڕوانگه و به‌رژه‌وه‌ندییه ناسیۆنالیستییه‌کانیان دابه‌ش بوون. له‌م باره‌وه هاوپه‌یمانیی حیزبوڵڵا، ئێران و ڕێژیمه‌که‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له گه‌ڵ ڕوسیا جێگه‌ی سه‌رنجه. هه‌ڵوێستی دژبه‌رانه‌ی تورکیا له ڕێگه‌ی دژایه‌تیی هه‌رجۆره ده‌ستکه‌وتێکی سیاسیی کورد دیاری ده‌کرێت، هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌یش هه‌ندێک جار له گه‌ڵ ڕوسیا هاوپه‌یمانی ده‌به‌ستێت، و هه‌ندێک کاتی دیکه‌ش له گه‌ڵ عه‌ڕه‌بستانی سه‌عودی، قه‌ته‌ر و ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا.
[19]. له ساڵی ٢٠٠٩دا، ته‌نزنووسی ناوداری ئێرانی، ئیبڕاهیم نه‌به‌وی، سیاسه‌ته دژیه‌که‌کانی ده‌وڵه‌تی ئێرانی له په‌یوه‌ندیی له گه‌ڵ موسوڵمانه‌کان له جیهان، له قاو دا. له به‌شێک له نووسینه‌که‌ی نه‌به‌وی له سه‌ر بێده‌نگیی ئێران له هه‌مبه‌ر سه‌رکوتی که‌مینه‌ی موسوڵمانی چینی له لایه‌ن ئه‌م وڵاتههاتووه:
به‌رگری له موسوڵمانه‌کان له ئه‌ڵمانیا، ئیتالیا [و به‌شه‌کانی دیکه‌ی ئه‌ورووپای ڕۆژئاوا] ئه‌رکێکی ئایینییه. چونکه موسوڵمانی ئه‌و وڵاتانه [وڵاتانی ئه‌ورووپای ڕۆژئاوا] له به‌ر گیان و ژیانی خۆیان له ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا ڕایان کردووه. . . ئه‌گه‌ر ئه‌و موسوڵمانانه پێیان خۆش بێت بمرن، ناچارن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ وڵاته‌کانی خۆیان. به‌ڵام کێشه‌ی موسوڵمانه‌کانی چین، کێشه‌یه‌کی ناوخۆییی وڵاتی چینه. چونکه موسوڵمانه‌کانی چین بۆ نزیکه‌ی هه‌زار ساڵ وڵاتی خۆیان به جێ نه‌هێشتووه و زۆر به ئاسانی و به ئاشکرا له وڵاته‌که‌ی خۆیان ده‌کوژرێن. هه‌روه‌ها، ئێمه ناشبێت گله‌یی له کوشتاری به کۆمه‌ڵی موسوڵمانه‌کانی چیچان به ده‌ست ڕوسیا بکه‌ین، چونکه ئێمه نامانهه‌وێت ده‌ست له کاروباری ناوخۆی وڵاتی ڕوسیا وه‌ربده‌ین. ته‌نانه‌ت ئه‌م موسوڵمانانه له ڕوسیاش ناژین و له وڵاتێکی دیکه ده‌ژین. . . ئێمه کاتێک به بێ مه‌رج به‌رگری له کوژرانی موسوڵمانه‌کان ده‌که‌ین که له وڵاته‌کانی خۆیانه‌وه به‌ره‌و وڵاتانی ڕۆژئاوای ئه‌ورووپا، وه‌ک وڵاتی ئه‌ڵمانیا، کۆچ بکه‌ن.
http://www. roozonline. com/persian/tanssatire/tans-satire-article/archive/2016/july/12/article/-bc1127ea53. html. Last visited: 10/01/2016.
[20]. حه‌سه‌ن به‌نا، «په‌یامی ئێمه».
[21]. بۆ دیتنی کتێبێکی سرنجڕاکێش له سه‌ر ناسیۆنالیسمی ئیسلامی له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ٢٠ له هیندوستان، سه‌یری کتێبی Faisal Devji, Muslim Zion: Pakistan as a Political Idea, Cambridge: Harvard University Press, 2013 بکه‌ن.
[22]. Deification
[23]. Muhammad Iqbal, Stray Reflections (Iqbal Academy, 1910), 35.
[24]. Billig
[25]. Nationhood


