ئارامتر بخوێنەوە!
گۆڕانێک بەرەو کۆمەڵگەی شارستانی؟*
دووبارە ڕێکخستنەوەی تەواو نەکراوەی بزووتنەوەی «حیزبوڵڵا» لە تورکیا
محەمەد کورد
و: ژینۆ ڕۆژبەیان
“محەمەد کورد مرۆڤناس، فیلمساز، و چالاکێکی ماڤی مرۆڤی باکووری کوردستانە. توێژینەوە مرۆڤناسییەکانی محەمەد کورد لە نێوان بوارەکانی مرۆڤناسی و کۆمەڵناسیی سیاسیی، بە تەرکیزێکی تایبەت لەسەر ئیسلامی سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنی لە باکووری کوردستان و بزاڤە ئیسلامگەراکانی دیاسپۆرای تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، جێ دەگرێت. ئەو بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە بزاڤی ئیسلامگەرایی، بەستێنە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئیسلامگرایی و کاریگەرییەکانی لە سەر کۆمەڵانی خەڵک، لە سەر بنەمای ڕوانگە هاوچەرخەکان لێکۆڵینەوە لە سەر پەیوەندیی نێوان سیاسەتی دەوڵەت و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان دەکا. یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوەکانی محەمەد کورد بریتییە لە بابەتی گەنجان و ڕادیکالیسم لە تورکیا. ئەو ئێستا لە زانکۆی یەیل (Yale University) و ئەندامی ماری کورییە لە قوتابخانەی زانستی ئابووری و سیاسیی لەندەن (Marie Curie Fellow at the Londn School of Economics and Political Science) (LSE).“
پوختە
ئەم نووسراوەیە تێڕوانینێکی دەبێت لەسەر پڕۆسەی ناتەواوی گۆڕانی «حیزبوڵڵا»ی کوردی لە ڕێکخراوێکی نایاساییی شاراوەوە بۆ بزووتنەوەیەکی کاریگەر لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستانی تورکیا. ئەم نووسراوەیە، گۆڕانی حیزبوڵڵا دەخاتە چوارچێوەی پێشکەوتنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دوای ساڵانی٢٠٠٠. ئەم نووسراوەیە دوای هەڵسەنگاندنێکی ڕخنەگرانە لە دووبارە ڕێکخستنەوەی سیاسەتی کورد لە تورکیا، باسی گۆڕانی حیزبوڵڵا بۆ کۆمەڵگایەکی شارستانی دەکات و ستراتێجی دووبارە ڕێکخستنەوە و جەماوەرکۆکردنەوەی حیزبوڵڵا، لە ڕێی چالاکیی سیاسی و بۆنە گشتییەکان بە ڕۆڵگێڕیی ئاک پارتی شی دەکاتەوە. ئەم نووسراوەیە لەگەڵ ئەوەی دان دەنێت بە کارگێڕیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەم دووبارە ڕێکخستنەوەیە، لە هەمان کاتدا تیشک دەخاتە سەر کەم و کوڕیەکانی ئەم پڕۆسەیە بە تایبەت بۆچوونی ناڕوونی سەرکردایەتیی سیاسی و لایەنگرانی ئەم بزووتنەوەیە، بۆ پرسی کورد و شوناسی کورد و شەهیدبوون. ئەم نووسراوەیە بە پشت بەستن بە تیۆری سنووردارکردن لەسەرئەوە دەدوێت کە هەوڵەکانی حیزبوڵڵا بۆ باس کردن و ڕوونکردنەوەی نەژادی و ئایینی، بە مەبەستی فراوان کردنی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لەژێر هێژێمۆنی دەوڵەتی تورکی لە لایەک و دژایەتی لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە لایەکی دیکە ماوەتەوە.
پێشەکی
لە بەیانییەکی ساردی نیسانی ٢٠١٦ شاری ماردینم بەجێهێشت کە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا هەڵکەوتووە و بە مەبەستی جەژن گرتنی ساڵیادی لەدایک بوونی پەیامبەری خودا (کە پێی دەڵێن مەولودی نەبی یان کەتلو دۆغم) کە گەورەترین جەژنی ئیسلامییە و لە لایەن ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی حیزبوڵڵاوە بەڕێوە دەچێت، بەرەو پارکی نەورۆزی دیاربەکر ڕۆیشتم. بەهار لە تەختایییەکانی مێزۆپۆتامیا یان دەشتا ئامەدێ پەرەی سەندبوو. ئۆتۆمبێل و ڤەنی بچووک و پاسێکی ئێجگار زۆر لە شارە نزیکەکانی باتمان و ماردین لەوێ بوون کە بە ئاڵا و بەنێری ئیسلامییەوە داپۆشرابوون و دەڕۆیشتن بۆ شوێنی جەژن گرتنەکە. لە پارکی نەورۆز پتر لە هەزار ژن و پیاو و منداڵی لێ بوو کە بە دڵخۆشی و بە شانازی کردن بە هێز و شوناسی خۆیان، هەر لەو گۆڕەپانەی هەموو ساڵێ لە ڕێکەوتی ٢١ی ئازار[١] یادی نەورۆزی کوردەواری و سەری ساڵی کوردی ئەگێڕن، خەریکی بۆنەی لەدایک بوونی پەیامبەر بوون. وێنەی یاسین بۆرو[2] و ئایتاچ باران[3] کە تازە گیانیان بەخت کردبوو، وەک هێمای شەهیدبوون و قوربانی بوونی خەبات لە نێو پەکەکە و حیزبوڵڵا، لە هەموو شوێنێک هەبوو. چەند دانە وێنەی شێخ سەعید ڕێبەری شۆڕشی کورد لە ١٩٢٥ لە ژێر ئاڵای ڕەش و وێنەی گەورەی کەلیمە تەوحید[4] کاڵ و بێڕەنگ ببوو. خەڵك بە هاوار، تەکبیرو «اللەاکبر» و گۆڕانییەکانی حیزبوڵڵایان بە کوردی و تورکی ئەگوت؛ تێکەڵ لەگەڵ پەیامەکانی ئیمامان و نووسەرانی ڕێکخراوە مەدەنیەکانی سەر بە حیزبوڵڵا.
یادی لەدایک بوونی پیرۆز یەکێکە لەو دیمەنانەی گۆڕانی کورد لە بواری سیاسەت لە دە ساڵی ڕابردوودا پیشان دەدات. ئەم نووسراوەیە شیکاری دەکات لەسەر پڕۆسەی گۆڕانی حیزبوڵڵای کوردی[5] لە گرووپێکی نهێنی و نایاسایی بۆ پارتێکی سیاسی و هەروەها لایەنە یاسایییەکانی کۆمەڵگەی شارستانیی ئەو پارتە کە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵكی کوردستانی تورکیا دا بوونیان هەیە. لە ساڵانی ناوەندی ٢٠٠٠ـەکاندا، ئەو ناوچەیە پەرەسەندن و لق وپۆپ گرتنی زۆری ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی بەخۆیەوە دی کە چالاکییەکانیان پتەوتر دەکرد و لە ڕێی پەروەردە و بۆنە کۆمەڵایەتییەکان و چالاکییە خێرخوازییەکان، دەستیان بە ملیۆنان کەس گەیشت. بەکار هێنانی چەمکی (کۆمەڵگەی شارستانی) لە لایەن ئیسلامییەکانی تورکیا فریودانە؛ چونکە ئەم ڕێکخراوانە نە ناحکومین و نە بە مانای لیبراڵەکەی شارستانین. بە وتەی زوبەیدە کۆمەڵگەی مەدەنیی ئیسلامی ئەمەیە:
«لە دەرەوەی حکوومەتە بەڵام دژی حکوومەت نیە: تەواوکەرییەکی گرینگە لە کۆنترۆڵ کردنەوەی کۆمەڵگە. لەکاتی پێویستدا دەتوانێت دژی حکوومەت جەماوەر ڕێکبخات. بەڵام گەر داواکاری بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی لە چوارچێوەی مافی مرۆڤ و سەربەخۆییی کۆمەڵایەتی بێت ئەوا ئەو مۆدێلەی لە لایەن کەرتی ئیسلامییەوە پیشان دەدرێت شکست دەهێنێت. لە کاتێکدا کۆمەڵگە لە پڕۆسەی ئابوری-کۆمەڵایەتی مۆدێرنیتەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابڕاوە، لە چوارچێوەی ئایینی و گوندی و تایفەگەریی سیستەمی باوکسالار، ئەو، ئەم چەمکانە دووبارە دروست
دەکاتەوە.[6]
لەم نووسراوەیەدا بە ئیلهام لە تێڕوانینی زوبەیدە بۆ جەماعەتی ئیسلامییەکان لە میسر، تیشک دەخەمە سەر پڕۆسەی گۆڕانی حیزبوڵڵا و جەماعەتی ئیسلامییە کوردەکان بۆ تاوتوێ کردنی دووبارە ڕێکخستنەوەی پێگەی سیاسیی کوردی تورکیا لە دە ساڵی ڕابردوودا و بە تایبەت تیشک دەخەمە سەر ڕۆلی کەسایەتییە گرینگەکانی ئەم ناوچەیە لە بڵاوکردنەوە و ڕوونکردنەوەی ئایینی و نەژادی. دواتر سەرنج دەخەمە سەر دوو دیمانەی تەواوکەری هەوڵەکانی حیزبوڵڵا بۆ زیاتر کردنی سنوورە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیان: پێشنیار کردنی ڕێگەچارە بۆ ناکۆکییەکانی کورد، بە تێکەڵ کردنی دیسکۆرسی برایانەی ئیسلامی، لەگەڵ ستراتێجیی هاوپەیمانی لەگەڵ حکوومەت و زۆرتر کردنی دەستێوەردان لە بواری کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی بۆنە و ڕێکخراوەکان. ئەم نووسراوەیە ئامانجی حیزبوڵڵا لە گۆڕان بەرەو کۆمەڵگەی شارستانی، لە چوارچێوەی دووبارە ڕێکخستنەوەی سیاسەتی کورد و هێژمۆنی ڕوو لە زیادبوونی حکوومەتی ئە کە پە، تاوتوێ دەکات. بۆ ئەوەی تێڕوانینم بە یەک ئاراستە نەبێت، وا دادەنێم کە ئەم پڕۆسەیە، پاشماوەکانی ناکۆکی و توندوتیژی لە ساڵەکانی ١٩٩٠و هۆشیارییەکی نوێ لە سەر گرینگیی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی شارستانی و سیاسەتی یاسایی بۆ داگیرکردنی مێشکەکان پیشان دەدات.
ئەو زانیارییانەی لەم توێژینەوەیەدا بەکارم هێناون، لە کارێکی مەیدانیی گەلناسی لە شارەکانی دیاربەکر، ماردین و بینگۆل، لە ماوەی ١٨ مانگ لە نێوان ساڵەکانی ٢٠١٥ تا ٢٠١٦ کۆکراونەتەوە. لە ماوەی ئەم کارە مەیدانییەدا، بەردەوام لە نێوان ئەم سێ شارەدا سەفەرم دەکرد تاکوو بۆنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان ببینم و هەروەها چاوپێکەوتنم ئەنجام دا لەگەڵ ئەندامان و سەرکردەکانی ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییە ئیسلامی و سێکۆلارەکان و بڵاوکراوەکان وهەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم شی کردەوە، تاکوو باشتر بتوانم کاردانەوەی ئەم گۆڕانە لە ناو خەڵک بە گشتی ببینم.
گۆڕانی سیاسەتی کورد لە تورکیا
زۆرینەی ئەو شی کردنەوە ئەکادێمییانەی لەسەر کەرتی سیاسەتی کوردستانی تورکیا کراوە، پشتی بە ڕوونکردنەوەی ئایینی و نەژادی لە وتار و بیرۆکەی ئیسلامییە جیاوازەکانی تورکیا بەستووە[7]. «کریستۆفەر هیوستن»، بۆ پرسی کورد لە ساڵەکانی ١٩٩٠ لە تورکیا، سێ بۆچوونی سەرەکیی ئیسلامیی دەستنیشان کرد کە بریتین لە ئیسلامی-حکومی، ئیسلامی و ئیسلامی-کوردی و باسی ئەوەی کردووە کە پرسی کورد لە چوارچێوەی ئەم گرووپانەدایە.[8] ئەم جۆرە پۆلێنبەندییەی ئەو تا دە ساڵی دوایی هەر کاری پێ دەکرا، بەڵام دوای ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی هاوپەیمانەکان لە کاتی ئەکەپە، پێویستی بە داڕشتنێکی دیکە بوو. گولەی تورکمەن دەرڤیش ئۆغلو، پێشنیاری پۆلێنبەندی بە شوناسی نەژادی و ئایینیی کرد (ئایینی-نەژادی ، نەژادئایینی و ئایینی) بۆ وەسفی بواری سیاسەتی کورد لە ساڵەکانی ٢٠١٠ و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم شێوەی شوناسانە بە پێی مەرجەکانی گۆڕان دادەهنرێن و دووبارە دروست دەبنەوە. تورکمەن پێی وابوو کە ئەم چینانە ڕێگر بوون لەوەی ئیسلامی سوننە ڕێگە چارەی ناکۆکییەکانی کورد لە تورکیا بێت.[9] جوما چیچەک گومانی لە کارا بوونی ئەم پۆلێنبەندیەیە هەبوو و پێی وابوو پەیوەندییەکانی نێوان نەتەوەی کورد، سوننەی موسوڵمان و شوناسی ئایینی عەلەوی، شتێکی جێگیر و نەگوڕ نییە، بەڵکوو بەردەوام لە گۆڕاندایە. چیچەک پێی وایە ناکرێت بە ڕوونی سنوورەکانی نێوان شوناسە ئایینی و نەتەوایەتییە کوردییەکان دەستنیشان بکرێن بۆ نمونە شوناسی نەژادی/کەلتوریی زازایی، سەرچاوەیەکی گرینگە بۆ دەستنیشان کردن و پێناسە کردنی کوردی عەلەوی و سوننە[10].
لە کاتێکدا ئەو بۆچوونانەی باس کران، لە ڕێرەوەی ئایدۆلۆجیدا، هەوڵی پێناسەکردنی سیاسەتی کورد دەدەن، مستەفا گوربوز، بۆچوونێک پێشنیار دەکات کە تیشک دەخاتە سەر ئەو ستراتێجی و ڕاهێنانەی لە لایەن کەسایەتییە سەرەکییەکان بەکار دێن بۆ زیادکردنی کاریگەریی خۆیان. ئەو بزووتنەوەی کوردی، ڕێکخراوەکانی حیزبوڵڵا و گولەن[11] وەک ئەکتەری ڕکابەری یەکدی وەسف دەکات کە دوای گۆڕانکارییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، وەک زیادکردنی دەسەڵاتی ئەکەپە و دەستپێکی وتووێژی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، کەلتووری دژایەتیی توندوتیژی خۆیان گۆڕی بۆ کێبڕکێیەکی بەڕەوشتانە. بۆچوونی گوربوز، بۆ بزووتنەوەی ئەو ڕکابەرانە و ستراتێجییەکانیان لە بەکاهێنانی ڕێکخراوەکان لە دوای ٢٠٠٤ بەسوودە. بیرۆکەی بنیاتنانی پێگە و جێگە کە لە لایەن گوربوز پێشنیار کرا باس لە هەوڵەکانی چالاکە ڕکابەرەکان دەکات بۆ بەدەستهێنانی پسپۆری لەو بوارەی بۆ ئەوانەی دیکە ئاسان نییە بۆ نمونە حیزبوڵڵا لە بواری بۆنە گشتییە ئایینییەکان، گولەنیستەکان لە دامەزراوە پەروەردەییەکان و بزووتنەوەی کورد لە ڕێکخراوەی ژنان شارەزایییان هەیە[12]. بەڵام گوربوز نەیتوانی وەسفی ئەو چالاکانە بکات کە لە چینی خەڵکانی ئاسایین یان ڕۆڵی حکوومەت لەم ناکۆکییە ناوخۆیی و ڕکابەرییە دەستنیشان بکات. هەروەها لەم چەندساڵەی ئاخردا سەرهەڵدانەوەی ناکۆکییەکانی نێوان پەکەکە و حکوومەت و دژایەتیی نێوان گولەنیستەکان و حکوومەت، بوو بە هۆکاری کۆتایی هاتنی دەورەی کێبڕکیی ڕێزلێنەرانە.
تێگەیشتن لەوەی کە سیاسەتی کورد چەندین جار داڕژاوەتەوە و گۆڕاوە، تەنیا لە چوارچێوەیەکی چەند لایەنە[13] بەدی دێت کە پەیوەندییەکانی حکوومەتی تورکیا لە لایەک و گۆڕان لە ناوچەکان لە لایەکی دیکەوە ڕۆڵی گرینگ دەبینن[14]. لە سەرەتای ساڵەکانی ٢٠٠٠، سیاسەتی گشتی، دەستپێکێکی ئیسلامدۆستانەی هەبوو کە حیزبە کوردییەکان باوەشیان گرتەوە بۆ کەسایەتییە ئیسلامییەکان و بۆ داواکاریی مافی کەلتوری و سیاسیی کورد وتارێکی ئیسلامییان داهێنا. سارگیل، ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن ڕووداوە ناوچەیی و نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان، بوون بە هۆکاری گۆڕانی بزووتنەوەی کورد و دەستپێکی سەرچاوە ئیسلامییەکان. ئەو دەرکەوتنی چەندین کەسایەتیی سیاسی و ڕکابەرەکانیان لە بواری سیاسییەوە دیاری دەکات. بە وتەی ئەو لە پڕۆسەی سیاسەتی هەلبژاردن، بزووتنەوەی کورد پێویست بوو پێگەی خۆی لە ناو کۆمەڵگەی کوردی کە زۆرینەیان موسوڵمانی سوننەن زۆرتر بکات. خەباتی سیاسی لە هەر دوو ئاستی ئایینی و نەتەوەیی لەژیر کاریگەریی ئەم گۆڕانەی بزووتنەوەی کورددابووە[15].
ئەم نووسراوەیە، بە تیشک خستنە سەر ئەو بەشە لە گۆڕانەکانی حیزبوڵڵا کە کەمتر تۆمار کراون، شیکاریی ئەو توێژینەوانە دەکات وا باس کران. ئەم نووسراوەیە دەریدەخات کە چۆن لە دوای ٢٠٠٤، هێمای نەژاد-ئایینی حیزبوڵڵا گۆڕا و تەشەنە سەندنی نەژادیی حیزبوڵڵا لە نێوان شوناسی سیاسیی کورد لە چوارچێوەی ناوچەیی و نەتەوەیی شی دەکاتەوە. لەم نووسراوەیەدا پشتم بەستووە بە پۆلێنبەندییەکانی ویمەر بۆ دەستنیشان کردنی سنوورەکان کە پێنج جۆری پەیوەندیدار و گونجاو بۆ بەچوارچێوەکردنی گۆڕانی حیزبوڵڵا لەیەک جودا دەکاتەوە. من باس لەوە دەکەم کە حیزبوڵڵا لە بابەتی شوناسی کوردی سیاسیدا، لە ماوەی ئەو ساڵانەی چالاکییەکانیان نایاسایی بوو، هەڵوێستەکانی ناڕوون بوون بەڵام لەگەڵ یاسایی بوونەوەی چـــالاکییەکانیان، هەڵوێستەکانیان بۆ شیوازێکی نەتەوەیی-ئایینییانە بەربڵاو بوو. ویمەر دەڵێت پلەی دامەزراوەیی و دابەش کردنی دەسەڵات و پەیوەندییە سیاسییەکان، دیار دەکات کام ئەکتەر چ ستراتێجییەک بۆ دروستکردنی سنوورەکان هەڵدەبژێرێت[16]. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش من باس لەوە دەکەم کە بۆچوونی حیزبوڵڵا بۆ شوناسی کورد، دەبێ لە چوارچێوەی جووڵە و گۆڕانی دەسەڵات لەو ماوەیەدا شی بکرێتەوە و بخرێتە چوارچێوەی گۆڕانی چەند لایەنەی ناوچەیی، هەرێمی، نەتەوەیی و نێودەوڵەتی، کە دەبێتە هۆکاری دروست بوونی سیاسەت لە ناوچەکانی کوردستان.
تێکەڵ بوونی سەرچاوە ئیسلامییەکان لە ناو وتاری سیاسیی کوردییە ڕکابەرەکاندا، پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە لەگەڵ گۆڕانێکی زەقتری حوکمڕانیی تورکیا لە ناسیۆنالیستی کەمالیستی بۆ ناسیۆنالیستی ئیسلامی لەژێر دەسەڵاتی ئەکەپە.[17] لە لایەکەوە بزووتنەوی ئیسلامیی کورد کە بەرپرسانی حکوومی پشتیوانیی لێ دەکەن ئەجێندا سیاسییەکانی پان ئیسلامییان لە ماوەی دەسەڵاتی ئەکەپە لە ناوچە کوردییەکان خستە بواری جێبەجێ کردنەوە کە جۆرێک لە ناسیۆنالیستی ئایینیی دروست کرد و لە لایەکی دیکەوە بزووتنەوەی ناسیۆنالی کورد ئەو سیاسەتانەی تاقی کردۆتەوە و پێشنیاری خۆی هەیە بۆ دامەزراندنی نەتەوەیەکی دێموکراتی کە ئازادی و نوێنەرایەتی کردنی ئایینی، بەشێکە لە پرۆژەی سەربەخۆیی و فرەلایەن بوون.[18] ئەم ئەجێندایانە پەیوەندیی هەر دوو لا لەگەڵ شوناسی سیاسیی کورد دەستنیشان دەکات: لە کاتێکدا بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردی، جۆرێک لە کوردبوون لەخۆ دەگرێت کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەرچاوە ئیسلامییەکان پێکهاتووە، بزووتنەوەی ناسیۆنالی کورد، ئەو بۆچوونە ئیسلامییە پلورتالیستییەی «خەڵكی تورکیا» (تورکیا هالکلاری) لە بواری سیاسەتدا بەکاردێنێت و ڕەنگی ئایینی دەدات بە شەڕ بۆ وەرگرتنی مافی کەلتور و زمانی کوردی. لە ئاکامدا ئیسلام لە چوارچێوەی سیاسەت و جەماوەری کورد و تورکدا لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا بە زەقی بوونی هەبووە.
ژیان بۆ ئامانج: چۆن حیزبوڵڵا بەرەو کۆمەڵگەیەکی شارستانی گۆڕدرا
سەوزەفرۆشی شەهادەت (ماناڤی شەهادەت) دووکانیکی بچووک بوو لە سەر ئەو شەقامەی پێدا دەچوومەوە بۆ بینگۆل. درەنگانێکی دوانیوەڕۆیەک لە مانگی ئایاری ٢٠١٦، لە لای دووکانەکە وەستام و بە شێوەیەکی ئایینیانە ئەحواڵپرسیی دووکاندارەکەم کرد. دووکاندارەکە ناوی موجاهد[19] بوو و کوردی زازا بوو و ٤٥-٥٠ ساڵ تەمەنی بوو. پانتۆڵیکی فشی لەبەردا بوو و ڕدێنی درێژ و سمێڵێکی ڕێککراوی کورتی بوو. دوای یەکتر ناساندنێکی کورت، پرسیارم لێی کرد کە ئایا ئارەزوومەندە چاوپێکەوتنێکی هەبیت لەگەڵم. بە پێچەوانەی ئەوەی بیرم دەکردەوە و لەبەر ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا ئەندامانی حیزبوڵڵا لەبەر بابەتی ئەمنی چاوپێکەوتنیان نەدەکرد، ئەو پێی خۆش بوو. پێم وابوو کە ئەو کەشی سیاسییە، ئەندامەکانی حیزبوڵڵا هان دەدات کە بە کراوەیی بدوێن. سەرەتا لێم پرسی بۆچی ناوی دووکانەکەت ناوە «سەوزەفرۆشی شەهادەت» و ئاوا وەڵامی دایەوە:
موجاهد: ئێمە شەهیدبوون لە ڕسول اللە (د. خ)، پیغەمبەر زەکەریا و کوڕەکەی فێربووین. ئەمە گەورەترین دیارییە کە خودای گەورە بە کەسێکی دەبەخشێت لەو دونیایەدا و ئەو پێگەیە کە بەردەوام پێغەمبەرەکان لە خودا داوایان دەکرد. بە شێوەیەکی سەرەکی ئاوا دەیبینین کە وەک شەهید بژین، شایەتی بدەین بۆ ئیسلام و دوای شایەتی دان، داوای ئەو پێگە بەرز و پیرۆزە بکەین لە اللە ڕب العالمین. دواتر تێکەڵ کردنی ئەوە لە ناو گشت ڕەهەندەکانی ژیانمان ڕاستیی ئیسلاممان پێ پیشان دەدات. پێم وایە ئەوانەی تاکوو ئیستا داوای شەهیدبوونیان نەکردووە ناتوانن هاوسەنگیی ئیمان و بڕوا ڕابگرن. بۆیە هیچ جێی سەرسووڕمان نیە کە ئەو ناوەم هەڵبژاردووە.
مێهمێت: مەبەستت ئەوەیە کە شەهیدبوون تەنیا یەک ناو نییە و شێوازی ژیانە؟
موجاهد: لە ئاستێکدا دەتوانین وەک شێوازێکی ژیان ناوی لێ ببەین. لەبەر ئەوەی هەروا کە باسم کرد ژیان وەک شەهیدێک و داوای پلەی شەهیدبوون کردن لە خودا شێوازێکی ژیان دروست دەکات. بەڵام کاتێک کە دەڵێین شەهیدبوون، مەبەستمان بەو مانایە نیە کە وەک هەندێک لایەن دەڵێن شەهیدی دێموکراسی، شەهیدی سۆسیالیزم، شەهیدی کۆمۆنیزم، شەهیدی مارکسیزم و ئەو شتانە، خودا ئەو مانایە لە قورئاندا دەخاتە نیو دوو کەوانەوە. تەنیا ئەوانەی فی سبیل اللە ( لە بەر خاتری خودا) ئەوانەی لەبەر خودا و لە ڕێگەی خودا دەکوژرێن شەهیدن.
موجاهد ئەندامێکی حیزبوڵڵا بوو. جەخت کردنەوەی ئەو لە شەهیدبوون وەک شێوازێکی ژیان و مردن، تێڕوانینێک لە هەڵوێستی ئیسلامیستی بۆ ئەو بزووتنەوەیە دەردەخات و یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە ئەو گۆڕان و بەردەوامبوونەی بەو چەند ساڵەی دوایی بە خۆیەوە دیتویەتی. لە کاتێکدا لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٩٠ تورکیا تووشی شەڕە چەکدارییەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای تورکیا بوو، حیزبوڵڵا کە ئەجێندای لادانی ڕێژیمی سێکۆلار و دامەزراندنی حکوومەتی شەریعەی بوو، دەستی بە ئەنجامی تاوان و توندوتیژی بە پاساوی ئیسلامی کرد. هەرچەند لە هەوڵێکی دوو لایەنانە بە دژی پەکەکە، توانیان لەگەڵ حکوومەتی تورکیا ببن بە هاوپەیمان و پەکەکە لە زۆر لە شارە کوردییەکان ڕاو بنێن. ئەوان بە یارمەتیی کلاسە ئایینییەکان لە مزگەوت و چالاکیی ئەندام وەرگرتن لە قوتابخانە ئامادەییەکان، هێزێکی زۆریان بەدەست هێنا و لە لایەن بنەماڵەکانی ناوچەکەوە پشتگیری کران. لە ساڵەکانی ١٩٩٠ دا شارەکانی ژێر دەسەڵاتی حیزبوڵڵا لە ئامەد (دیاربەکر)، باتمان، نوسەیبین، سیلڤان و زۆر شوێنی دیکە بوون بە ناوچەی ژێر دەسەڵات و هێژمونی حیزبوڵڵا. هەڵوێستی چەپی سێکولاری پەکەکە و دوژمنایەتی لەگەڵ کەسە ناسراوە ئایینییەکان لە ساڵەکانی ١٩٨٠ بۆ زۆرێک لە کوردە پارێزگارەکان بوو بە ماوەی دڵگرانی و دۆخی لەبار کرد بۆدروستبوونی وتارێک کە دژی حکوومەتە[20] و ڕێز لە بەها ئایینی و نەریتەکان دەگرێت. زۆرێک لە بنەماڵەکان و تاکە پارێزگارەکان پشتیوانیی خۆیان دەربڕی بۆ حیزبوڵڵا لەبەر جیاوازییەکەی و بەکارهێنانی هێما و بیرۆکەی ئیسلامی کە پەکەکە بە پێچەوانەوە پێکهاتەیەکی ناسیونالیستی بوو.
لە ساڵەکانی ١٩٨٠ دا گرژیی نێوان پەکەکە و حیزبوڵڵا دەستی پێکرد و لە نیوەی یەکەمی ساڵەکانی ١٩٩٠ دا بوو بە هۆی کوشتن و خوێنڕێژی. دە ساڵ گرژی و شەڕ لە نێوان پەکەکە و حیزبوڵڵا، گیانی ٧٠٠ کەسی مەدەنیی[21] گرت و ئەو دوو لایەنەی کرد بە دوژمنی یەکتر. لە ساڵی ٢٠٠٠دا سەرۆکی حیزبوڵڵا، حوسەین ڤەلی ئۆغلو، لە هێرشێکی پۆلیس بۆ سەر بارەگای نوێی لە گەڕەکی بەیکۆز لە ئیستانبۆل کوژرا. ئەو بەڵگانەی لە پشکنینی ماڵەکە دەست هێزەکان کەوت زنجیرە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی بە دواوە بوو لە هەموو تورکیا کە لە ئەنجامیاندا جەنازەی مردووی خەڵک دۆزرایەوە و بەڵگەی زیاتر بەدەست کەوت. هەزاران ئەندامی حیزبوڵڵا دەست بەسەر کران و زۆریان خۆیان شاردەوە.[22] بەڵام لە ٢٠٠٤ بزووتنەوەکە سەری هەڵدایەوە و وەک کاری خێرخوازی و پەروەردەیی بە تایبەت بۆ بە هاناوە چوونی بندەستان (مستەزئەفلەر دەر) هاتنە مەیدانی چالاکی و دوایی وەک پارتێکی سیاسی بە ناو هودا پار لە ٢٠١٢ دەرکەوت.
حیزبوڵڵا بە دەسەڵات گەیشتنی ئەکەپە لە ٢٠٠٣ی وەک هەڵێک بەکار هێنا بۆ ڕێکخستنەوەی ڕێکخراوەکەیان و دەستپێکردنەوە بۆ ئەندام گرتن. چونکە هەردوو لا ئایدیۆلۆژییان یەک شت بوو. لە سەرەتادا لەبەر کێشە سیاسییەکان، هەوڵەکان بۆ چالاک کردنەوەی ئەندامە پێشووەکانی حیزبوڵڵا لە سەرەتای ساڵەکانی ٢٠٠٠ بەرپەرچی توندی درایەوە.[23] بۆ زۆرکەس حیزبوڵڵا ئەو پارتەبوو کە بە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی لە سەرەتای ساڵەکانی ٢٠٠٠ لەناو چوو و گەڕانەوەی بە شێوازێکی یاسایی لەگەڵ ئەو دیمەنانەی کە حیزبوڵڵا بە نهێنی و بە توندوتیژی چالاکیی دەکرد ناکۆک بوو. ئەوەی لەم دیمانەیە نادیار بوو ستراتێجی و توانای بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ دۆخەکە بوو. ڕاستە کە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان ئیدارەی حیزبوڵڵای تێکشکاند، بەڵام پێگەی لە ناو خەڵکدا ما. هەروەها سزادانی گشت ئەندامانی لە لایەن حکوومەتەوە چ ئەوانەی تاوانیان ئەنجام دابوو و چ ئەوانەی لە مزگەوتەکان قورئانیان دەرس ئەدا، خزم و خێزانی سزادراوانی وەک قوربانی لێکردبوو و ئەمە ڕۆڵێکی گرینگی هەبوو لە زیادبوونی هاوسۆزیی خەڵک بۆ ئەو
گرووپە.[24]
ئیدارەی نوێی ئەکەپە و هاندانی ڕێکخستنی ڕیکخراوە شارستانییە ئیسلامییەکان و هەروەها دەستپێکردنی پڕۆسەی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا، هۆکار بوون بۆ ئەوەی چالاکییەکانی حیزبوڵڵا شارستانی بکرێت. بەیاسایی کردنەوەی چالاکییەکانی حیزبوڵڵا لە شوێنە گشتییەکان، لەگەڵ کردنەوەی ئەنجومەنی موستەزئەفلەر لە ٢٠٠٤ دەستی پێکرد. لە ساڵانی دواتر بە پشتبەستن بە پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی، حیزبوڵڵا سەدان ڕێکخراوەی مەدەنیی لە ناوچە کوردییەکان بنیات نا. گرووپە ئیسلامییە بچووکەکان هەر بەم شێوەیە ڕێکخراوەی خۆیان دروست کرد و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان لقیان لەو ناوچە کوردییانە کردەوە. من لێرەدا باس لەوە دەکەم کە کارە یاسایییەکانی حیزبوڵڵا هەلێکی پاراستنی بۆ گرووپەکانی دیکە ڕەخساند کە بە بێ ئەوەی لە هێرشی پەکەکە بترسێن، ڕێکخراوەی خۆیان دانێن کە ئەندامانی ئەنجومەنە ئیسلامییە کوردی و تورکییەکان لە لێدوانیان لەگەڵم دانیان پێدانا.[25] پڕۆسەی یاسایی بوونەوەی چالاکییەکانی حیزبوڵڵا، هەم هەل و هەم کێشەی دروست کرد بۆیان. گەورەترین هەل ئەوە بوو کە جۆری چالاکییەکان و مەودایان پەرەیەکی ئێجگار زۆری سەند و دەستیان بە خەڵکانێکی زۆر گەیشت. لە دوای کۆبوونەوەی ڕێزلێنان لە پەیامبەر لە ٢٠٠٦ کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەو کارتۆنەی لە دانمارک بڵاو ببووەوە[26]، بۆنەی یادی لەدایک بوونی پیرۆز (کوتلو دۆغم) کرا کە سەدان هەزار کەس لە گۆڕەپانەکانی ناوەندی شارە کوردنشینەکان هەموو ساڵێک لە مانگی نیسان کۆدەبنەوە. قەرەبالغترین بۆنەی لەدایکبوونی پیرۆز لە دیاربەکر کرا کە نزیکەی نیو ملیۆن کەس لە شار و شارۆچکە کوردییەکانی دەوروبەر هاتبوون. لەم ساڵانەی دواییدا حیزبوڵڵا بۆنەی لەدایکبوونی پیرۆزی لە ناوچە کوردییەکان کرد بە یەک هەفتە و لە ڕۆژئاوای تورکیا و ئەوروپا جەژنی
دەگرت.[27] لەو یەک هەفتەیەدا لە مانگی نیسان کێبڕکێ و بۆنەی جیاجیا دەگیرێت و هەلێکی باشە بۆ ئەندامە گەنجەکانی حیزبوڵڵا، بۆ ئەوەی باسی ژیانی محمد و هاوڕێکانی (سیەر یارشمالاری) بکەن کە براوەکان بە سەفەرێکی مەککە بۆ بەجێهێنانی عومرە خەڵات دەکران. هەروەها لەو هەفتەیەدا ئاهەنگی دەرچوونی مەدرەسەکانی حیزبوڵڵا کە ئەندامە ئافرەتەکان بەشداریی تێدا دەکەن بەڕێوە دەچێت. دەکرێ بڵێم هەمووی ئەو ئەندامانەی حیزبوڵڵا و بەشداربووانی ئەو ئاهەنگە یەک هەفتەیییە، هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئاهەنگەکە هەم دڵخۆشییەکی گەورەیە و هەم هەلی وەرگرتنی ئەندام دەرەخسێنێت و هەم دەرفەتێکە بۆ دەرخستنی هێز و گەورەییی حیزبوڵڵا.[28] بەشداربووانی ئاهەنگەکانی حیزبوڵڵا بەس ئەندامانی نین بەڵکوو کوردە پارێزگارەکانن. لەسەر ئەم بنەمایە و دوای ئەوەی بە بڕیاری دادگا «موستەزئەف-دەر» داخرا، حیزبوڵڵا هوداپاری کردەوە.[29] لە هەمانکاتدا ئەم بزووتنەوەیە مەیدانی کار و چالاکییەکانی پەرە پێدا و وێستگەی تیڤی و ڕادیۆی (رەهبەر تیڤی)، چاپخانەی (دوعا یاینجیلیک)، ڕۆژنامەی (دۆغرو هابەر)، ئەژانسی هەواڵدێری (ئیلکی هابەر ئاژانسی/ئیلک-ها)، گۆڤار بە کوردی و تورکی (کەلها ئامەد، ئینزار)، قوتابخانەی قورئانی و مەدرەسە، قوتابخانەی ئەهلی، بەشی ناوخۆیی بۆ قوتابیی ئامادەیی و زانکۆ، کاری بازرگانی بۆ دابینکردنی داهات و زۆر شتی دیکەیان کردەوە.
ئەو پڕۆسەیەی حیزبوڵڵا لە ڕێکخراوێکی نهێنی نایاسایی بوو بە یاسایی و شارستانی کرا هۆکار بوو بۆ گۆڕانێک لە وتار و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکانی سەر بە حیزبوڵڵا. قۆناغەکانی ئەم گۆڕانە دەتوانین لە ئاهەنگەکان، بڵاوکراوەکان، ئەلبۆمی مۆسیقا و بەرهەمە میدیاییەکانی حیزبوڵڵا ببینرێت. ئەم پڕۆسەیە بە هیچ شێوازێک یەکسەری نەبوو و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕووی دا. لەسەر ئەم بابەتە هێشتا لەو بڕوایەدام کە تێڕوانینی حیزبوڵڵا بۆ جیهان بە شێوەیەکی ڕادیکاڵی نەگۆڕاوە و تەنیا ئەوەیە کە ئەو بزووتنەوەیە وتار و ستراتێجی نوێی گرتۆتە بەر بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوازێکی یاسایی بێتە ناو گۆڕەپانی سیاسەت و لەگەڵ خەڵک بێت. ئەم گواستنەوەی دۆخە بۆ حیزبوڵڵا هەلێک بوو بۆ ئەوەی نەتەنیا پێگەی خۆی لەناو جەماوەر بەهێزتر بکات، بەڵکوو ئەو خەڵكە پارێزگارانەش بۆ خۆی ڕاکێشێت کە دەیانویست تێکەڵ پارتێک ببن کە بە شێوەیەکی یاسایی کاری خێرخوازی و ئاهەنگ گێڕان دەکات نەک ئەوەی نایاسایی بێت. لە ماوەی کارە مەیدانییەکەم لەگەڵ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبوڵڵا دەدوام و ئەوان زۆر دڵخۆش بوون بە بەشدار بوون لە ئاهەنگە مەزنەکەی حیزبوڵڵا و دەستخۆشییان بوو بۆ ئەو پارتە بۆ ئەوەی ستراتێجیان لە چالاکییەکانی وەرگرتنی ئەندام و دەسەڵات ڕوون و کاریگەر بوو.[30]
کاتێک لە ٢٠١٥ گفتوگۆی ئاشتیی کوردی لەبەر سەرهەڵدانەوەی ناکۆکییەکانی پەکەکە و حکوومەت ڕاگیرا، حیزبوڵڵا زیاتر هاتە بەرچاو. دەورەی توندوتیژییەکانی ساڵەکانی ١٩٩٠ قوربانیی زۆری لە هەر دوو لا لێ کەوتەوە و کەسایەتییە حکومییەکان هەوڵیان دا ناکۆکی بخەنە ناو گرووپەکانەوە. ڕەنگە ئەزموونی ساڵەکانی ١٩٩٠ بوو بە هۆکاری ئەوەی کە توندوتیژی تەشەنە نەسێنێت و نەگات بە ئاستێک کە لە کۆنترۆڵدا نەمێنێت و دوای خۆپیشاندانەکانی کۆبانێ لە ٢٠١٤ و شەڕی ناو شارەکان لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٥ تا تەمووزی ٢٠١٦ زیاتر دەرکەوت کە ئاگربەستێکی باس نەکراو لەو دۆخەدا زۆر پێویست و هەستیارە. دەکرێ بڵەین کە یاسای سەربازی و دۆخی نائاسایی زۆر زووتر لە هەوڵی کوودەتاکە لە شارە کوردییەکان کاریان پێ دەکرا و گرژیی نێوان حیزبوڵڵا و پەکەکە دەسەڵات و هێزی حکوومەتی زۆرتر کرد کە ئەمە لە بەرژەوەندیی حیزبوڵڵا و بە زەرەری پەکەکە بوو.
کوودەتاکەی ٢٠١٦ کە شکستی هێنا لە پڕۆسەی گۆڕانی حیزبوڵڵا خاڵێکی وەرچەرخان بوو. هەرچەندە کوودەتا شەپۆلێک لە گرتن و گرژی و شەڕی دەروونیی بە دواوە بوو کە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کردە ئامانج، بەڵام ئەو ڕێکخراوانەی لایەنگری حیزبوڵڵا بوون، حکوومەت چاوپۆشیی لێیان کرد و بگرە پشتیوانیشی کردن. بۆ نموونە دوای کوودەتا سەربازییە سەرنەکەوتووەکەی تەمووزی ٢٠١٦، هەفتەنامەی دۆغروهابەر بوو بە ڕۆژنامە. لە ماوەی خۆپیشاندانە یەک مانگەکە (گردبوونەوەی دیمۆکراسی)[31] ئەندامانی پارتی هودا-پار و ڕێکخراوەکانی لایەنگری حیزبوڵڵا لە ڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکان لە ناوچە کوردییەکان بوون و سروودەکانی حیزبوڵڵا لە گۆڕەپانەکانی ماردین، دیاربەکر، بینگۆل، باتمان و شارەکانی دیکە بڵاو دەکرایەوە. لە دوای کوودەتا سەربازییە ناسەرکەوتووەکە کەسایەتی و ڕێکخراوە لایەنگرەکانی حیزبوڵڵا لە کەناڵە حکومییەکان دەرکەوتن و لە لایەن سەرۆک ئەردۆغان و دامەزراوە پلەبەرزەکانی حکومەتەوە پێشوازییان لێ کرا.[32] سەرۆکی هودا-پار، زەکەریا یاپیجی ئۆغلو، یەک هەفتە دوای کوودەتا ناسەرکەوتووەکە لە گۆڕەپانی تەقسیمی ئیستانبۆل وتاری پێشکەش کرد،[33] کە بوو بە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ بۆ حیزبوڵڵا کە بۆ یەکەمجار توانی چالاکییەکانی لە ناوەندی گۆڕەپانی تورکیا ئەنجام بدات. دوای تەمووزی ٢٠١٦، نوێنەرەکانی هودا-پار لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان و سەرکردەی پارتەکان چەندین جار دیدار و گفتوگۆیان کرد و کەناڵی لایەنگری حیزبوڵڵا، ڕەهبەر تیڤی بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆیانە باسی ڕێککەوتنی نێوان ئەکەپە و نوێنەرانی هودا-پاری کرد.[34]
لە ساڵانی کۆتایی ١٩٩٠ کەمتر کەسێک چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد ئەو ڕێکخراوە نهێنیە نایاساییە کە لە ژوورە بچووکەکانی دەرەوەی شارە کوردییەکان کار و چالاکیی دەکرد ببێت بە ئەکتەرێکی سەرەکی لە سیاسەت و شارستانییەتی کورد. بابەتی حیزبوڵڵا هێمایێکە بۆ گۆڕانی ئێجگار زۆری شارستانییەت و سیاسەتی کورد لە دوای دەستپێکی حوکمڕانیی ئەکەپە. بە پێچەوانەی بزووتنەوەی ناسیۆناڵی کوردی، هاتنی حیزبوڵڵا بۆ ناو کۆمەڵگە، نە لەلایەن تێکچوونی پڕۆسەی سیاسی و نە لە لایەن کوودەتا شکست خواردوەکەی ٢٠١٦ تووشی کێشە نەبوو تەنانەت لە هەردووکیان سوودی وەرگرت. هەرچەندە پرسی کورد لە ناوەڕۆکی وتار و ستراتێجی حیزبوڵڵا بۆ شەرعیەت وەرگرتن هەر مابوو. دواهەمین بەشی ئەم نووسراوەیە کاریگەریی گۆڕانی حیزبوڵڵا بەرەو کۆمەڵگەی مەدەنی بە بۆچوونی ئەو پارتە بۆ پرسی کورد شی دەکاتەوە و تیشک دەخاتە سەر ڕوونکردنەوەی جیاوازی نەژادی و ئایینی.
چارەسەرێکی ئیسلامیانە بۆ پرسی کورد؟ وتارە نوێکان و نەگریسە کۆنەکان
لە جەژنی لەدایکبوونی پیرۆز لە نیسانی ٢٠١٦ کەسانێکی زۆر بانگهێشت کران بۆ پێشکەشکردنی وتار. مێهمێت گۆکتاش کە موفتی و سەرنووسەری پێشووی ڕۆژنامەی دۆغروهابەری سەر بە حیزبوڵڵا بوو، لە وتارەکەیدا بە توندی ڕخنەی گرت لە گفتوگۆی ناسەرکەوتووی ئاشتیانەی نێوان حکوومەت و بزووتنەوەی کورد:
«ئێوە بۆتان نیە بە هاوکاریکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە نوێنەری کورد نین ئەم وڵاتە تێکبشکێنن. ئەوانە خوانەناسی بێ ڕەوشت و کۆمۆنیستن کە خەڵکیان تووشی بەڵا و شارەکانیان وێران کردووە. چیتر ئێوەمان ناوێت. نوێنەری ڕاستەقینەی کورد لێرەیە. ئەوەتا ئەو ورە و پشتیوانییەی دەتانەوێت بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە. کێشەی پرسی کورد تەنیا لەگەڵ بیرێکی ئیسلامی و بە هاوکاری لەگەڵ خەڵکانی گونجاو چارەسەر
دەکرێت.[35]»
بە قسەی مێهمێت گۆکتاش و زۆر قسەکەری دیکە لەو دوانیوەڕۆیە، ئیسلام تەنیا چارەسەر بوو بۆ کێشەی پرسی کورد. ئەوان پشتگیریی چەمکی برایەتیی ئیسلامییان کرد کە ئۆممە کورد و تورک و نەتەوە موسڵمانەکانی دیکە یەک دەخاتەوە و تەنیا ڕێگەی ڕزگارییە کە کورد دەتوانێت و دەبێت بە دوایدا بڕوات. ڕخنە لە حکوومەت دەگیرا لەسەر دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە کە بە بۆچوونی ئەوان خەڵکانێکی بێتاوان لێی زەرەرمەند بوون. مەلا بەشیر شمشەک وتەبێژی عاشقانی ئایدۆلۆجیی پەیامبەر و ڕێکخـــــەری ئاهەنگەکانی لەدایکبوونی پیرۆز، دەرمانێکی ڕۆحی پێشنیار دەکات بۆ چارەسەری ئەو (نەخۆشی)یەی کاریگەری بووە لەسەر کۆمەڵگەی کوردی:
«ئەو دەرمانە نە لە واشنگتۆنە و نە لە ئەوروپا. دەرمانی کێشەی[پرسی] کورد لە ناو قورئاندایە، قورئان بخوێننەوە. ئەو دەرمانە لە وتەکانی محمد[حدیث] دایە، حدیث بخوێننەوە.»[36]
ئەم وتارە دەبێ بخرێتە چوارچێوەی تێکچوونی پڕۆسەی ئاشتیی کورد کە لە ناکاو لە ئاداری ٢٠١٥ لەلایەن حکوومەتی ئەکەپەوە کۆتایی پێ هات. تێکچوونی گفتوگۆی نێوان حکوومەت و بزووتنەوەی ناسیۆنالی کورد هەلێکی ڕەخساند بۆ ئەو ڕێکخراوانەی سەر بە حیزبوڵڵا بوون بۆ ئەوەی خۆیان بکەن بە لایەنێکی مەشروع لە باسی چارەسەریی پرسی کورد. ئەم پڕۆسەیە لە ڕاستیدا زۆر پێشتر لە تێکچوونی گفتوگۆی ئاشتی دەستی پێکرد. لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٥، ٧٢٤ ڕێکخراوی مەدەنیی ئیسلامی کە ڕێکخراوەکانی سەر بە حیزبوڵڵا شیان تێدا بوو لە کۆنفرانسێکدا کە لە لایەن دەزگای نەهێشتنی کێشەی مرۆڤایەتی (IHH) سەر بە حیزبوڵڵا ڕێکخرابوو لە دیاربەکر بەشداریان کرد.[37] لە ئاداری ٢٠١٥ دا ٦٠٠ شاند کە نوێنەرایەتیی ٣٥٠٠ ڕێکخراوەی مەدەنی[38] لە ناوچە کوردییەکانیان دەکرد[39] لە کۆنفرانسێکی دوو ڕۆژەی سەر بە حیزبوڵڵا بەشداریان کرد. هەر دوو کۆڕەکە لەژێر ناونیشانی (چارەسەری ئیسلامی بۆ پرسی کورد) بەڕێوە چوو، و بانگەوازییەکانی ناو ئەم دوو بۆنەیە، چەمکی برایەتیی ئیسلامییان وەک تەنیا چارەسەر بۆ پرسی کورد پێشنیار کرد. لەو بانگەوازییانەدا بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ ڕێکخراوە ئیسلامییەکان وەک لایەنێک لە پڕۆسەی ئاشتی باس کران و بە ئاشکرا ڕخنە لە پەکەکە و بزووتنەوەی کورد دەگیرا و دەگوترا کە ئەوان نوێنەری شەرعیی کوردەکان نین. لە ڕاستیدا ئامانجی ئەم کۆڕانە دروستکردنی ڕەزامەندی بوو لە نێوان کوردەکان، کە لەسەر بنەمای ئەو شێوازە داڕژابوو کە هەندێک لە کاری بنەمایی چامسکی و هێرمان بە ناوی [بەرهەمهێنانی ڕەزامەندی: ئابووری سیاسی میدیا گەورەکان] دەچوو.[40] ئەو تۆڕی هاوپەیمانیەتییەی کە لە لایەن ڕێژیمی ئەکەپە لە میدیا و کۆمەڵگە بنیات نرا کارامە بوو لە دروست کردنی ڕەزامەندی لە بابەتە ئیسلامییەکان بۆ چەسپاندنی شوناسی ئیسلامی سوننە.
گەورەترین بەربەست لەسەر ڕێگەی پەرەسەندن و گەورەبوونی حیزبوڵڵا لە کۆمەڵگەی کوردی و بواری سیاسی، پاشماوەی ساڵەکانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠ بوو. لە بیری خەڵکی کورد ئەو سەرکوتە توندوتیژانەی بزووتنەوەی ناسیۆناڵی کوردی کە دەستی حیزبوڵڵای تێدا بوو هێشتا ماوە. هەر بۆیە بۆ زیادکردنی سنووری لایەنگرانی بزووتنەوە و شەرعیەتدان بە پلە سیاسیەکەی پێویست بوو وتارێکی نوێ دابێت لەسەر پرسی کورد. دامەزراندنی هودا-پار لە ٢٠١٢ دا لەو پڕۆسەیە یەکلاکەرەوە بوو. هودا-پار وەک پارتێکی سیاسی لە کوردستان دەبوایە پێگە و ڕای خۆی لەسەر پرسی کورد دابڕێژێت. لەو وتارانەی لەسەرەوە باس کرا و بەڵگەکانی ئەو پارتە، نامەشروع کردنی پەکەکە و بزووتنەوەی ناسیۆناڵی کوردی لەسەر بنەمای ئەو دژایەتییەی کە دەگوترێت بەرامبەر ئیسلام دەیکەن ناوەڕۆکی ئەم باسە دەبێت. بە وتەی هودا-پار کوردەکان موسوڵمانی ئایینخوازن کە ئەو پارتانە ناتوانن نوێنەرایەتییان بکەن لەبەر ئەوەی ئاو پارتانە ئامانجیان لەناوبردنی ئیسلامە. ئەم باسە شتێکی نوێ نییە لە وتاری حیزبوڵڵادا. بەڵام لە چوارچێوەی سیاسەتی یاساییدا دەبێتە ناوەندی بانگەشەی هودا-پار بۆ نوێنەرایەتیکردنی ڕاستەقینەی کورد.
هودا-پار هەروەها لە ٢٠١٢ دا بۆ یەکەمجار بەرنامەی نوێی لەسەر چارەسەری کوردی- ئیسلامی بڵاو کردەوە، کە لە ناویدا بەشیك تەرخان کرابوو بۆ چارەسەری پرسی کورد بە شێوەی ئیسلامی.[41] لەو بەرنامەیەدا پرسی کورد وا پیشان درا کە لە ئاکامی پڕۆسەی توندوتیژیی مۆدێرن کردن سەری هەڵداوە کە لە لایەن حکوومەتی کەمالیستی ئەنجامدرا و بوو بە هێمایەک بۆ لەناوبردنی خەلافەت، ئەلف و بێی شۆڕش و سەرکوتکردنی سەرۆکە ئایینییە کوردەکان کە هاوڕا نەبوون لەگەڵیان وەک شێخ سەعید. شایەنی باسە کە ئەمە تێڕوانینی زۆرێک لە گرووپە ئایینییەکان و پارتە سیاسییەکان و ئەکەپە بوو. هەرچەندە تەنیا لە ماوەی هەڵبژاردندا باسی سەرکردە کوردە ئایینییەکانیان دەکرد.[42] لەسەر ئەم بابەتە هودا-پار تیشکی خستنە سەر چەمکی برابوونی ئیسلامی و تێگەیشتنی خۆی لە کارپێکردنی حکوومەتی سێکولار زۆرتر لە نەریتی سیاسیی ئیسلامی لە تورکیا دەردەخات.
هەرچەندە پرۆگرامی هودا-پار لە کاتێکدا کە باس لە مافی کورد بە گشتی دەکرێت زۆر جیاوازە لە ئەم نەریتە. بەرنامەکە باس لەوە دەکات کە لە دەستوردا پێویستە مافی کورد و هاووڵاتیی یەکسان بوون بناسرێت بۆ داهێنانی ئاشتیی نێوان کوردەکان و تورکەکان. هەروەها ئەو پارتە جەخت لەوە دەکات کە لە دامودەزگاکانی حکومی زمانی کوردی بناسرێت و هەروەها حکوومەت بە فەرمی داوای لێبوردن بکات بۆ کوشتنی کەسایەتییە بەناوبانگە کوردەکان کە هاوڕای حکوومەت نەبوون وەک شێخ سەعید و سەید ڕەزا. جێگەی سەرسوڕمانە کە باس لە ڕۆڵی حیزبوڵڵا لە ساڵەکانی ١٩٩٠ دەکات و دەڵێ پێویستە ئەو تاوانە جەنگییانە قەرەبوو بکرێنەوە و لێژنەی دەرخستنی ڕاستی و تاوانەکانی حکوومەت لە ساڵەکانی ١٩٩٠ پێکبێت.[43] لە بابەتی ناساندنی مافی هاووڵاتی لە دەستوردا هودا-پار جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ هەدەپە نییە. بەڵام میراتی ساڵەکانی ١٩٩٠ ئەو دوو بزووتنەوەیە دژی یەک دەکات. بزووتنەوەی کوردی، حیزبوڵڵا بەوە تاوانبار دەکات کە بۆتە ئامرازێکی حکومی (پارتی شەیتان) بۆ شەڕ کردن دژی خەباتی ڕزگاریخوازی کورد. لە لایەکی دیکەوە حیزبوڵڵا پەکەکە بە گەندەڵی و دژایەتیی بەهاکانی کۆمەڵگەی کوردی تاوانبار دەکات.[44]
کەسایەتیی شێخ سەعید، سەرکردەی سۆفی نەقشبەندی لە عەشیرەتی زازای کورد کە یەکەم شۆڕشی مەزنی لە دژی حکوومەتی تورکی لە ساڵی ١٩٢٥ بەڕێوەبرد، هەم بۆ بزووتنەوەی ناسیۆناڵی کورد و هەم بۆ حیزبوڵڵا هێمای خەباتی ڕەوایە. لە دە ساڵی ڕابردوودا هەر دوو گرووپەکە وێنەی شێخیان بە ئاراستەی ئامانجە سیاسی و گۆڕانەکانیان دووبارە خوڵقاندەوە. لەو سەردەمەی کە پەکەکە خەریکی پێداچوونەوەی هەڵوێستی توندڕەوانەی چەپی خۆی بوو بۆ ئایین، شێخ سەعید بوو بە سەرکردەی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بۆ بزووتنەوەی ناسیۆناڵی کورد.[45] ئەم جۆرە تایبەتکردنی شێخ سەعید لە ٢٠١٤ گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی کاتێک کە شارەوانیی دیاربەکر ناوی گۆڕەپانی دۆغکاپی گۆڕی بۆ گۆڕەپانی شێخ سەعید. هاوکات لەگەڵ ئەمەدا ڕێکخراوەکانی سەر بە حیزبوڵڵا لە مزگەوتی گەورەی دیاربەکر یادی شێخ سەعیدیان بەڕێوەبرد. هەر بەو ئاراستەیەدا، دوای ساڵانێک بێدەنگی، حیزبوڵڵا بۆچوونی ڕەچەڵەکناسیی خۆی لەسەر ڕێبەرە شۆڕشگێرە کوردەکان و شێخ سەعید گۆڕی. هەرچەندە ئەم تایبەت کردن و بەرز ڕاگرتنەی شێخ سەعید دیمانەی کوردی ئەو پیشان نادات و بە پێچەوانەوە باس لەوە دەکات کە ڕەنگی ڕاستەقینەی شۆڕش ئیسلامییە.[46]
هەمان ناڕوونی، چەمکی شەهیدبوونیش دەگرێتەوە کە لە وتاری کەسایەتییەکانی سەر بە حیزبوڵڵا زۆر بەکار دێت. هەروا کە لە چاوپێکەوتنەکەم لەگەڵ موجاهد و زۆر کەسی شارەزای دیکە لە ماوەی کاری مەیدانیم، دەمبیست بەردەوام ئارەزوومەندیی خۆیان بۆ شەهیدبوون و قوربانی کردنی خۆیان لە ڕێی ئامانج (بەدەل و داوا) دەردەبڕی. ئەو سەودایەی بۆ شەهادەت (شەهیدبوون)[47] لە قورئان و ژیانی محمد سەرچاوە دەگرێت. هەرچەندە ئەم ئاماژانە کەمتر پەیوەست بوو بە پێشینەی ئایین ناسییان و بەپێچەوانەوە، شەهیدبوون وەک هێڵێکی جیاکەرەوە بەکار دەهات بۆ جیاکردنەوەی ڕاستی و پیرۆزبوونی ئامانجی کەسێک (داوا) و ناڕاست بوون و گەندەڵ بوونی (دوژمن) واتا پەکەکە و ئایدۆلۆجیە چەپی و سێکولارەکەی.[48] لەم تێڕوانینە سیاسییەدا چەمکی شەهیدبوون بۆ لایەنگرانی حیزبوڵڵا پرسیار درووست دەکات لەسەر ڕەوابوونی توندوتیژی. هەرچەندە سەرچاوەی زانیارییەکانی من جەختیان دەکردەوە لەسەر خەباتی ئاشتیانە و سیاسەتی یاسایی بەڵام هێشتا دوودڵ بوون هەروا کە لەم وتووێژەدا هاتووە:
مێهمێت: پێتوایە لەم ساڵانەی ڕابڕدوو و لە ساڵانی ٢٠٠٠ دا حیزبوڵڵا چالاکیی چەکداری خۆی گۆڕی بە چاڵاکییە یاساییەکانی هودا-پار و موستەزئەف-دەر؟
موجاهد: بەڵی وایە. لە ڕاستیدا ئەوەی جەماعەتی حیزبوڵڵا لە ساڵی دامەزراندنیەوە (١٩٧٩) بەدوایەوە بوو ڕێگایەکی یاسایی بۆ سیاسەت بوو. لە بیرت بێت ڕەسوولەڵڵا، درودی خودای لەسەر بێت، بە زەبری شمشێر ئەو وڵاتانەی نەگرت. ئەو خۆی لە دڵی خەڵکدا جێ کردەوە. هەر بۆیە ئیستا جەماعەتی حیزبوڵڵا بەدوای ڕێگایەکی تەواو یاساییدان. ئەوان لە ڕێگای ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و هودا-پارەوە، بیرکردنەوەیەکی سیاسیی نوێیان هێنایە گۆڕەپانی سیاسەت. ئەوان وتارەکانیان تەنیا لە قورئانەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەر کەسێک ناتوانێت ئەم کارە قورسە بکات. هەر هەنگاوێک بە وردی لەژێر لێنزی مایکرۆسکۆپدا پشکنینی بۆ دەکرێت و هەر ڕاوێژ و بانگەوازێک تەنیا لە ڕێگای قورئانەوە دەکرێت. ئەمە خۆی متمانەیە بۆ ئەوەی حیزبوڵڵا لەسەر ڕێگای یاساییدایە و هەر وایش دەمێنێت.
لە قسەکانی موجاهد چەندین خاڵ لەسەر ڕەوا بوون و ئێستا و ڕابردووی حیزبوڵڵا هەیە کە پێویستە لەسەری بدوێین. لە کاتێکدا کە باس لە بەرگری لە ڕێگای یاسایی دەکات لە هەمانکاتدا ناڕاستەوخۆ بە پاساوی بەرگری لە دژی هێرشی حکوومەتی سێکولار و پەکەکەی مارکسیست، مەشروعییەت ئەدات بە توندوتیژی. ئەو وتەیەی موجاهد کە دەڵێت حیزبوڵڵا هەر لە سەرەتاوە بەدوای جالاکیی یاساییدا بوو پێچەوانەی وتاری سەرەکیی حیزبوڵڵا یە لە ساڵەکانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠ کە لەو سەردەمەدا حیزبوڵڵا پێی وابوو کە حکوومەتێکی سێکولار ستەمکار و نامەشروعە و ڕەدی کردەوە چالاکییەکانی بخاتە چوارچێوەیەکی یاسایی. نەک لە وتاریاند ا، بەڵکوو لە ساڵەکانی ١٩٩٠ دا بەکارهێنانی ئەشکەنجە و کوشتنی بێ دادگایی ستراتێجی سەرەکی ئەو پارتە بوو بۆ ترساندن و سەرکوت کردنی لایەنگرانی بزووتنەوەی ناسیۆناڵی کوردی.
ئەم ڕوانینە دوولایەنە ناڕوونە بە نیسبەت توندوتیژی، دوای تێکچوونی پڕۆسەی ئاشتی یەکلا دەکرێتەوە. کوشتنی یاسین بۆرو و هاوڕێکانی لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ لە کۆبانێ و کوژرانی گوماناوی ئایتاچ باران دوای هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی ٢٠١٥ بوو، بە دەستپێکی گرژیی نێوان لایەنگرانی پەکەکە و حیزبوڵڵا کە لە ئاکامیدا کوشتار و زیانی زۆری لێ کەوتەوە. ئایتاچ باران و یاسین بۆرو هەر وەک شێخ سەعید هاتنە کاروانی شەهیدان (شەهیتلەر کەراڤانی) و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان و ىڵاوکراوەکانی ڵایەنگرانی حیزبوڵڵا ڕێزیان لێ گیرا.[49] ڕووداوەکان دەریان دەخست کە حیزبوڵڵا بە تەواوی وازی لە چەک نەهێناوە: یەکەیەکی چەکداری حیزبوڵڵا، هێزی شێخ سەعید[50]، لە شەقامەکانی دیاربەکر دروشمیان دەگوت و تەقەیان دەکرد. ئەم بەرکەوتنانە لە ناوچەکەدا پەرەی سەند و زیانی زۆری لێ کەوتەوە تاکوو ئەو هێزە چالاکییەکانی نهێنی کردەوە. پێناچێت هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ئەو گرووپە کرابێت کە ئەمە دەریدەخات کە لەگەڵ دامەزراوە حکوومییەکان پەیوەندییان هەیە کە پاشماوەی شێوازی حوکمڕانیی ساڵەکانی ١٩٩٠ـە.[51] بۆیە نابێ گۆڕانی چالاکیی نهێنیی توندوتیژانەی حیزبوڵڵا بۆ چالاکیی مەدەنی وەک دابڕانێک لێکبدەینەوە: ئەوە زیاتر خۆگونجاندنێکی ستراتێجیە کە بژاردەی شەڕی چەکداری ئەگەر لە ئەولەویەتدا نەبێت هێشتا لە کاتی سەرهەڵدانی گرژی لە نارچە کوردییەکان بەکاری دەهێنن. دووبارە سازکردنەوەی چەمکی شەهیدبوون لە ناو نەوەی نوێی حیزبوڵڵا کە لەگەڵ بیستنی چیرۆکی قوربانیدانی باوکەکانیان لە پێناو ئامانج (داوا) ڕاهاتبوون، هێمایەکە لەم ناڕوونییەی نێوان چالاکی مەدەنی و چالاکیی توندوتیژانە کە لە تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەی ناسیۆناڵی کوردیشە.
دەرەنجام
ئەم نووسراوەیە پێوە بوو کە گۆڕانی حیزبوڵڵا بۆ کۆمەڵگەیەکی مەدەنی شی بکاتەوە و بیخاتە چوارچێوەوە. تیشکی خستە سەر گرینگیی چوارچێوە و مانای ناوچەیی و نەتەوەیی، کە تایبەتمەندە بە ئەوەی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەچێتە ژێر هێژمۆنی حوکمڕانیی ئەکەپە لە لایەک و لە لایەکی دیکە گۆڕانی بزووتنەوەی ناسیۆناڵی کوردی کاریگەریی هەیە لەسەری. بۆیە زۆرتر بوونی دامەزراوەکانی سەر بە حیزبوڵڵا تەنیا لە ئەگەری هەبوونی هاوپەیمانیی نێوان حکوومەت و کۆمەڵگەی مەدەنیی پارێزگاری ئیسلامی دەکرێت ڕووبدات و لەسەر بنەمای دابەش کردنی سەرچاوە ئابووریەکان و پاڵپشتییە سیاسییەکان.
لە کاتێکدا کە زۆرتربوونی دەرکەوتن و کاریگەریی دامەزراوەکانی سەر بە حیزبوڵڵا و ئاهەنگە گشتییەکان بە ڕوونی ئاماژە دەکات بۆ سەرکەوتوویی ستراتێجی مەشروعییەت دان، بەڵام ئەم نووسراوەیە هەوڵ ئەدات تێڕوانینێکی ڕخنەگرانە دابێنێت بۆ ئەم پڕۆسەیە و تیشک بخاتە سەر دوولایەنی و ناڕوون و سنووردار بوونی ئەم گۆڕانە بۆ چالاکیی مەدەنی و سیاسەتی ڕەوا. بۆچوونی دوودڵانەی هودا-پار و لایەنگرانی بە نیسبەت شوناسی کورد وپرسی کورد ئاماژە بەوە دەکات کە دژایەتی لەگەڵ بزووتنەوەی ناسیۆناڵی کورد و میراتی ساڵەکانی ١٩٩٠ هەر ماوە. لەم بارەیەوە وتاری برابوونی ئیسلامی و جەخت کردن لەسەر شوناسی موسوڵمانی کورد زیاتر لەوەی بۆ بەدەستهێنانی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناو دانیشتوانی ناوچە کوردییەکان بێت، ئارەزوومەندییان بۆ بەدەستهێنانی هێژمۆنی دەردەخات. حیزبوڵڵا بە پشت بەستن بە تەنیا ئەو کوردە سوننە پارێزگارانە بۆ ڕێکخستنی جەماوەر و پەراوێزخستنی کوردی عەلەوی و سێکولار هەلی کەمتری لەبەردەستە بۆ پەرەسەندنی چالاکییەکانی بۆ ئەوپەڕی سنوورەکانی ئایدۆلۆجیای خۆی. لە دەرەوەی بابەتی ئەم نووسراوەیە، ئەو پڕۆسەی گۆڕان و گواستنەوەیە کە کاریگەریی لەسەر ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی تورکیا هەیە و ڕووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی و بزووتنەوەی ناسیۆناڵی کورد لە سوریا، هۆکارێکی دیکەیە بۆ دابەش بوونی کورد لە بواری سیاسەتدا و هەڕەشەیە بۆ سەر گۆڕانی ناتەواو و هەستیار بەرەو سیاسەتی مەدەنیی کەسایەتییەکان.
سەرچاوەکان
*. A Conversion to Civil Society? The Incomplete Reconfiguration of the Hizbullah Movement in Turkey
[١]. نەورۆز بەس تایبەت بە کوردەکان نییە و لە زۆر شوێنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەند جەژنی دەگرن. بەڵام ئەو توندوتیژییانەی تورکیا بەرامبەر شۆڕشگێڕانی کورد لە ساڵەکانی ١٩٩٠ دا ئەنجامی دا، ئەم بۆنە هێمایی و ئەفسانەیییەی بە سیاسی کردەوە کە کوردەکانی لە دەوری یەک و بە دژی هێژمۆنی حکومەت کۆدەکردەوە. بۆ زانیاری زیاتر:
D. Aydin, ‘Mobilizingthe Kurds in Turkey: Newroz as a Myth’, in C. Gunes and W. Zeydanlioglu (Eds.), The Kurdish Question inTurkey: New Perspectives on Violence, Representation and Reconciliation, Routledge, London, 2014, pp. 68-88.
[2]. یاسین بۆرو لە خۆپێشاندانەکانی کۆبانێ بەدەست خۆپیشاندەرە کوردەکان کوژرا. لەو خۆپیشاندانە زیاتر لە ٤٠ کەس بەدەست پۆلیس کوژران بەڵام کوژرانی یاسین بۆرو و سێ لە هاوڕێکانی بە ناو ریات گونەش، احمد داداک و حسن کۆگوز، سەردەمێکی نوێی لە گرژیی نێوان پەکەکە و حیزبوڵڵا دروست کرد. دۆسیەی یاسین بۆرو، لە لایەن نوێنەرانی حکوومەت و میدیاکانی سەر بە حکومەتەوە، لە دژی هەدەپە بەکار هێنرا. سروود و گۆرانی و بۆنەی زۆر بە یادی یاسین بۆرو و ئایتاچ باران، کراوە.
[3]. ئایتاچ باران دوو ڕۆژ دوای هەڵبژاردنەکەی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥، کە هەدەپە ١٣٪ دەنگی بەدەستهێنا و بوو بە خاوەن ٨٠ کورسی لە پەرلەمان، کوژرا. دۆسیەی کۆژرانی باران هێشتا چارەسەر نەکراوە. چەند کاتژمێر دواتر، میلیشاکانی سەر بە حیزبوڵڵا، هێزی شێخ سەعید، سی چالاکی هەدەپەیان لە ماڵەکانیاندا تێرۆر کرد و دەستڕێژی گوللـەیان کردە سەر شەقامەکانی دیاربەکر.
[4]. کەلیمە تەوحید یان کەلیمە طیبة ( لا الە الی اللە، محمد رسول اللە) یەکێکە لەو ٦ کۆڵەکانەی ئیسلام. ئەو ڕستەیە بەکار دێت لەکاتێکدا کەسێک ئیسلام دەهێنێت و شایەتی ئەدات بە ئیمان بە اللە و پەیامبەرەکەی. مانای دەکاتە ( هیچ خودایەک جگە لە اللە نیە و محمد پەیامبەری اللە یە).
[5]. بۆ ئەوەی پەیوەندییە یاسایی و نایاساییەکانی بزوتنەوەی حیزبوڵڵا لە تورکیا جیا بکەمەوە، دەستەواژەی حیزبوڵڵای کوردی بەکاردێنم و هەروەها بۆ ئەوەی لە حیزبوڵڵای شیعەی لوبنانی جیایان بکەمەوە. حیزبوڵڵا لە تورکیا گرووپێکی سوننەی شافعین کە زۆرینەی ئەندامەکانی کوردن. پرۆسەی یاسایی کردنەوەی چالاکییەکانی حیزبوڵڵا، گۆڕانی بەسەر تێڕوانینی سیاسیی ئەو گرووپە هێنا کە زیاتر پێشوازی لە ئایینێکی کوردیی ناسیۆناڵ دەکات. لەم نووسراوەیەدا من بەس حیزبوڵڵابەکار دێنم تاکوو هیچ ناڕوونیەکی پێوە نەبێت.
[6]. S. Zabaida, ‘Islam, the State and Democracy: Contrasting Conceptions of Society in Egypt’,Middle East Report, Vol. 179, 1992, p. 9.
[7]. O. Taspinar (2005), Kurdish Nationalism and Political Islam in Turkey: Kemalist Identity in Transition,Routledge, New York, pp. 116-208.
[8]. C. Houston (2001), Islam, Kurds and the Turkish Nation State, Berg, New York, pp. 147-191.
[9]. G. Türkmen-Dervişoğlu, ‘Negotiating Symbolic Boundaries in Conflict Resolution:Religion and Ethnicity in Turkey’s Kurdish Conflict’,Qualitative Sociology, 41 (4), 2018, pp. 569-591.
[10]. C. Çiçek, ‘Kurdish identity and political Islam under AKP rule’, Research and Policy on Turkey, 1 (2), 2016,p. 147.
[11]. ڕوون نیە بۆچی گوربوز، گولەنیستەکانی وەک ڕکابەرێکی بزوتنەوەی کورد داناوە. گولەنیستەکان لە ماوەی دەسەڵاتی ئەکەپە لە سەرەتای ساڵەکانی ٢٠١٠ لە ناوچە کوردییەکان ئەکتەرێکی گرینگ بوون، بەڵام گرژیی سیاسیی نێوان ئەو دوو گرووپە کۆتایی بە زاڵبوونی گولەنیستەکان هێنا.
[12]. M. Gürbüz, Rival Kurdish Movements in Turkey: Transforming Ethnic Conflict, Amsterdam University Press,Amsterdam, 2016, pp. 24-28.
[13]. H. Lutz, ‘Intersectionality as Method’, Journal of Diversity and Gender Studies, 2 (1-2), 2015, pp. 39-44; K.Davis, ‘Intersectionality as a Buzzword: A Sociology of Science Perspective on What Makes a FeministTheory Successful’, Feminist Theory, 9(1), 2008, pp. 67-85.
[14]. لە یەکێک لە نووسراوەکانمدا باسی ڕۆڵی حکومەت لەو جووڵە چەند لایەنەیەم کردووە و ئەوەی کە تیۆری داگیرکردن و کۆیلە کردنی ناوەکی، نەک بەس بۆ شیکردنەوەی دەسەڵاتی حکوومەت لە دۆسیەی کورد بەڵکوو بۆ دانانی چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لەم گۆڕانە و چینەکانی شۆڕش لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەسوودە.
[15]. Z. Sarıgil, Ethnic Boundaries in Turkish Politics: the Secular Kurdish Movement and Islam, NYU Press, NewYork, 2018.
[16]. A. Wimmer, ‘The Making and Unmaking of Ethnic Boundaries: A Multilevel Process Theory’ AmericanJournal of Sociology , 113, (4), 2008, pp. 970-1022.
[17]. E. Axiarlis, Political Islam and the Secular State in Turkey, I.B.Tauris, London, 2014 pp. 10-115; C. Grissi ,The Kurdish Question in Turkey in the Third Millennium, VDM Verlag Dr. Müller, Riga, 2010.
[18]. C. Gunes, ‘Kurdish Politics in Turkey: Ideology, Identity and Transformations›, Ethnopolitics, 8 (2), 2009,pp. 255-262; R. Burç, ‘One State, One Nation, One Flag—One Gender? HDP as aChallenger of the Turkish Nation State and its Gendered Perspectives’, Journal of Balkan and NearEastern Studies, 21 (2), 2019.
[19]. هەموو ناو و زانیارییە شوناسییەکان لەبەر هۆکاری پاراستن و نادیار هێشتنەوەی ئەوانەی چاوپێکەوتنیان ئەنجام دا گۆڕدراوە.
[20]. هەروا کە لە لاپەڕەکانی دیکە باس دەکەم، وتاری دژی حکومەتی حیزبوڵڵا، بەس سنووردار ببوو بە پڕۆژەی کۆماریخوازە مۆدێڕن و سێکولاریستەکان. بەڵام ئەو بزووتنەوەیە، لەگەڵ ئەوەی لە ساڵەکانی ١٩٩٠ دا کە هاوکاریی توندوتیژیەکانی حکومەت بکات، هیچ کێشەیەکی نەبوو.
[21]. هەندێک لە هەژمارەکان وا دەردەخەن کە ژمارە ڕاستەقینەکە زۆر لەوە گەورەترە و لە ساڵەکانی ١٩٩٠ دا زۆر کەس بەدەستی ئەندامانی حیزبوڵڵاکوژراون. بڕواننە:
M. Kurt, Kurdish Hizbullah in Turkey: Islamism, Violanceand the State, Pluto Press, London, 2017, p. 31.
[22]. وا دەگوترێت کە نزیکەی نیو ملیۆن لاپەڕە و بەڵگە کەوتە دەستی پۆلیس کە تێبینیی ئەندامانی حیزبوڵڵا، سیڤی، بەڵگەی لێکۆڵینەو، ڕیپۆرتی دەزگای زانیاریی خۆیان و هتد بوو. ئەو ئەرشیڤە هیچکات بڵاو نەکراوە بەڵام لە دادگای دۆسیەی حیزبوڵڵا وەک بەڵگە بەکار دەهاتن. کەسێک بە ناوی ئازاد کە چاوپێکەوتنم لەگەڵی کرد دەیگوت لەو ماوەیەدا، یەک ساڵ خۆی شاردبووەوە و زۆر کەسی دیکە دوو یان سێ ساڵ خۆیان شاردەوە. چاوپێکەوتنی تایبەت لەگەڵ ئازاد ٢٨/١٠/٢٠١٣
[23]. گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ سولەیمان ٢٤/١/٢٠١٦
[24]. بۆ زانیاریی زیاتر M. Kurt, Kurdish Hizbullah in Turkey, op. cit., pp. 93-111.
[25]. لێدوانەکە لە بەهاری ٢٠١٦ لە لوتکەی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان ئەنجامدرا.
[26]. https://en.wikipedia.org/wiki/JyllandsPosten_Muhammad_cartoons_controversy>, (accessed12.12.2018)
[27]. بۆ وەرگرتنی لیستی ئاهەنگەکانی لەدایک بوونی پیرۆز لە ئەوروپا لە ٢٠١٧:
>https://hurseda.net/Kultur/181768-2017-Avrupa-Kutlu-Dogum-etkinlik-takvimi.html>, (accessed28.11.2018)
[28]. لێدوانێکی تایبەت لەگەڵ موجاهد (١١/٥/٢٠١٦) عبدالعزیز (١/١٠/٢٠١٥) غوربەت (٢٧/٦/٢٠١٦) و شەیما (١٤/٥/٢٠١٦)
[29]. زۆرێک لە بەڕێوەبەرانی ئەم ڕێکخراوەیە، لەبەر پەیوەندیی ڕابردوویان لەگەڵ حیزبوڵڵاتۆمەتبار بوون. ئەمە وەک بەڵگەیەک بۆ پەیوەندیی نێوان حیزبوڵڵاو ڕێکخراوەی موستەزئەفلەر بەکار هات.
[30]. لێدوانی تایبەتم لەگەڵ غوربەت (٢٧/٦/٢٠١٦) لە بینگۆل و شەیما لە دیاربەکر (١٤/٥/٢٠١٦)
[31]. کۆبوونەوە دیمۆکراسییەکان دوای کودەتا بێ ئەنجامەکەی ٢٠١٦ ئەنجام دران و ٢٧ ڕۆژی خایاند. خەڵکێکی زۆر ڕژانە سەر شەقام لە کاتێکدا زۆرینەی ئەوانەی بەشدارییان کرد هاووڵاتیی سەر بە حیزبوڵڵابوون.
[32].،accessed (10.12.2018(
[33].http://www.hudapar.org/webtv/164/genel-baskanimiz-sayin-zekeriya-yapicioglu-taksim-meydaninda-konustu.jsp>,(accessed 10.12.2018(
[34].M. Kurt, ‘The ‹success› of political Islam in the Kurdish context’, Open Democracy],https://www.opendemocracy.net/mehmet-kurt/success-of-political-islam-in-kurdish-context,accessed (04.12.2018)
[35]. لێدوانی مێهمێت گۆکتاش لە ئاهەنگی لەدایکبوونی پیرۆز لە ١٧ی نیسانی ٢٠١٦ دیاربەکر.
[36]. لێدوانی مەلا بەشیر شمشەک لە ئاهەنگی لەدایکبوونی پیرۆز لە ١٧ی نیسانی ٢٠١٦. چارەسەری پێشنیارکراو لە لایەن مەلا بەشیر و کەسانی دیکە لە ناو ئاهەنگەکە، کارەکانی کریستۆفەر هیوستنی بیر خستمەوە کە دەیگوت (ئیسلامییەکان بۆ ڕاکێشانی لایەنەکان، کێشەی کورد لە چارەسەر و دەرمان وەک ئامرازێک بەکار دێنن. هەر بۆیە نووسەرەکان زۆرجار دەڵێن کە ئەگەر دیاریکردنی حاڵەتەکە بە دروستی ئەنجام نەدرێت، دەرمانێکی گونجاو پێشنیار ناکرێت. وا دەگوترێت کە ناسیۆنالیزم لە خولیای ئێمپێریالیزمی ڕۆژئاوا، دۆمەڵی داوە بۆ دیاربوون و زاڵ بوون بەسەر ئۆمەتی موسوڵمان.[…] ئەگەر هەندێک جار کۆماری تورکیا وەک سەرکەوتنێکی ناسیۆنالیزم ناو دەبردرێت، ناسیۆنالیزمی کوردیش هەر لە ڕۆژئاوا وەرگیراوە؛ جا چ لەبەر یارمەتیی ئابووریی رۆژئاوا بێت، یان کاردانەوەی هێمایی لە ئایدۆلۆجییەکەی ڕۆژئاوا. بۆیە ئەو جەستە سیاسییە (ئۆمەتی ئیسلام) وەک نەخۆش ناوی دەبەن کە لە ژێر هێرشی بێگانەدایە و خاوێنی و سەلامەتیی ئالودە بووە. پێویستە لەو ناپاکییەی چۆتە ناو جەستە خاوێن بکرێتەوە تاکوو تەندروستی و هێزی بۆ بگەڕێتەوە.) بڕواننە:
See C. Houston, op. cit., p 161.
[37].,(accessed 26.11.2018)
[38]. لە هەردوو حاڵەتەکە، ژمارەی ڕێکخراوەکان بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر زۆرن کە دەرئەنجامی سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئیسلامی بوو. ٦٠٠ شاند لە کاتێکدا دەتوانن نوێنەرایەتیی ٣٥٠٠ ڕێکخراوە بکەن کە یەک شەخس یان لە ئەندامان یان لە سەرکردایەتیی چەندین ڕێکخراوە بووبێت. کە لە ڕاستیدا بوو بە باو لە ناو گرووپە ئیسلامییەکان کە بودجەیان بۆ چەندین پرۆژە وەردەگرت تا دوور بن لە دروستکردنی گومان و بەیانییەی سیاسی لەگەڵ زۆرترین ڕێکخراوە واژۆ بکەن.
[39].,(accessed 26.11.2018)
[40].N. Chomsky & E. S. Herman, Manufacturing Consent: The Political Economy of the Mass Media, Vintage,London, 1994.
[41]. عبدالعزیز ئەو کەسەی لێدوانم لەگەڵی بوو، ڕەدی کردەوە دەستەواژەی پرسی کورد بەکار بێنێت و پێی وتم پرسەکە نەبوونی ئیسلامە (سۆرون ئیسلامسزلکتر)، (١/١٠/٢٠١٥).
[42]. ئەکەپە لە کاتی کەمپەینی گشتپرسی بۆ گۆڕینی دەستور لە ٢٠١٦ دا شێخ سەعیدی بەکار هێنا.
[43].Mehmet Kurt, ‘Kurdish Hizbullah in Turkey’, op. cit., pp. 45-48.
[44]. زۆر لەوانەی لێدوانیان دا، دەریانخست کە بەهاکانی کۆمەڵگەی کوردی خەریک بوو لەناو دەچوون و هۆکارەکەشی سیاسەتە سێکۆلارەکەی بزووتنەوەی کورد بوو. بەتایبەت زۆر لە گۆڕانی پەیوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو لە کۆمەڵگەدا تووڕە بوون. جێی سەرنج بوو کە ئەندامە ئافرەتەکانی حیزبوڵڵا زۆرتر بەمە دڵگران بوون. لێدوانی تایبەت لەگەڵ موجاهد (١١/٥/٢٠١٦) و غوربەت (٢٧/٦/٢٠١٦).
[45].H. Ozsoy, ‘The Missing Grave of Sheikh Said: Kurdish Formations of Memory, Place,and Sovereignty inTurkey’, In K. Visweswaran (Ed.) Everyday Occupations: Experiencing Militarism in South Asia and the MiddleEast, University of Pennsylvania Press, Pennsylvania, 2013, p. 212.
[46].HuseyinYilmaz, the vice president of Huda-Par, , (accessed 29.08.2018)
[47].M. Cormack, (ed.), Sacrificing the Self: Perspectives on Martyrdom and Religion, Oxford University Press,Oxford, 2002.
[48]. وتاری شەهیدبوون لە چیرۆک و بەسەرهاتەکان و ڕۆمانەکانی ئەندامانی حیزبوڵڵا، لە بەرامبەر پەکەکەدا دروست کرا. بۆ شی کردنەوە: M. Kurt, ‘Kurdish Hizbullah in Turkey’, op. cit., pp. 125-127.
[49]. کاروانی شەهیدان (شەهیتلەر کەرڤانێ) ئەلبۆمێک بوو کە لە کاتی گرژییەکانی نێوان حیزبوڵڵا و پەکەکە لە ساڵەکانی ١٩٩٠ دا بە حەماس و بۆ پێزانینی شەهیدەکانی حیزبوڵڵا بەرهەم هاتبوو.
[50]. هێزی شێخ سەعید و پاسەوانە تایبەتەکانی حسین (حوسەین فەدایلەری) دوو یەکەی نهێنیی حیزبوڵڵابوون کە بە تەرتیب لە دیاربەکر و باتمان چالاکییان دەکرد. لە دوای کوژرانی ئایتاچ باران لە حوزەیرانی ٢٠١٥ تاکو ئیستا، تەنیا یەکجار دەرکەوتوون بەڵام چەندین ڤیدیۆ لەسەر یووتییوب، گۆرانی و وێنەی ئەو یەکانەی تێدایە. هەروەها هەژماری تویتەریان هەیە :(@Saidseriyyeleri and @H_Fedaileri) بە زیاتر لە دە هەزار فاڵۆوێر. نموونە:
,(accessed 28.11.2018);
تەنیا شیکاریی میدیایی لەسەر ئەو گرووپە:
,(accessed( 28.11.2018
[51]. چەمکی حوکمڕانی ناڕاستەوخۆ، لە لایەن مەحموود مامدانی داهێنرا بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی سەردەمی دوای کۆلۆنیزە بۆ مەبەستی پارێزگارکردنی کۆمەڵگە شی بکاتەوە و لە بەرژەوەندیی حکومەت گرژی ناوخۆیی ساز بکات. بڕواننە:
M. Mamdani, Citizenand Subject: Contemporary Africa and the Legacy of Late Colonialism, Princeton University Press, Princeton,1996pp. 3-35 and 62-108.


