ئارامتر بخوێنەوە!
بوون له ناو کاتدا:
بزووتنه‌وه‌ی کورد و بەدواداچوونێکی جیهانی*
حه‌مید بوزئه‌رسه‌لان
و: چیا کاکۆ، زانکۆ کوردستانی
بزووتنه‌وه‌ی کورد، بۆ ده‌یه‌گه‌لێکی زۆره له رۆژهه‌ڵاتی نزیک چالاکە و له‌م دواییه‌نه‌دا، به هۆی بوونی پێکهاته‌ی دی‌فاکتۆ و دوژوورەوە له کوردستانی عێراق و سوریا و، هه‌روه‌ها بوون له به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ دژ به داعش له ساڵانی 2014 و 2015، ده‌رکه‌وتووییه‌کی گشتیی به‌ده‌ست هێناوه.
شیکاریی وه‌ها بزووتنه‌وه‌یه‌ک کارێکی سانا نییه. بەر له هه‌موو شتێک وه‌کوو هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌ک؛ کۆمه‌ڵگای کوردی به شێوه‌یه‌کی مێژوویی فرەچەشنه و فۆڕمگه‌لێکی جۆراوجۆری سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتووریی له‌مه‌ڕ به‌رخۆدان، ده‌ربڕین، گه‌ڕانه‌وه و له هه‌ندێک بواردا ڕاهاتن یان گونجاندا به‌رهه‌م هێناوه. له ڕاستیدا ده‌سته‌واژه‌ی «بزووتنه‌وه‌ی کورد» له‌م وتاره‌دا وه‌کوو دالێکی (ئاماژه پێکە‌رێکی) گشتی به‌کارهاتووه و فره‌ییی بزووتنه‌وه‌گه‌لی سیاسی یان نیزامی دیاری ده‌کات. دووهه‌م، کورده‌کان ته‌نیا نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێ‌ده‌وڵه‌ت نین که له نێوان وڵاتانی جیاوازدا دابه‌ش کرابێتن؛ به‌ڵکوو تا ئه‌و جێگایه‌ی من ئاگادار بم ته‌نیا نه‌ته‌وه‌یه‌کن که له نێوان چوار وڵات‌دا دابه‌ش کراون: ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا. ڕێڕه‌وی مێژووییی کورد «له‌گه‌ڵ» یان «دژ» به سێ ڕووخساری زمانی-که‌لتووری عه‌ره‌بی، فارسی و تورکی که هه‌زارساڵه به سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا زاڵه، پێکهاتووه. ئاڵۆزیی نه‌خشه‌ی سیاسیی کورد و بزووتنه‌وه‌ی کورد، نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که هاوکات هه‌م یه‌کگرتوو و هه‌م دژ به یه‌ک بوون. یه‌کگرتووییی نه‌ته‌وه‌ییی کورد له نێوان ساڵانی 1920 و 1940دا به‌دی ده‌کرێ. ئه‌و یه‌کگرتوویییه له ئاکامی په‌ره‌پێدانی گێڕانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییی هاوبه‌ش، نه‌خشه‌ی خه‌یاڵیی، ئاڵا، په‌رستگه (شوێنه پیرۆزه‌کان) نەتەوەیییەکان و گۆڕانی نه‌ته‌وه‌یی بووه. له ره‌هه‌ندێکی دیکه‌وه دابه‌ش بوونی کورد له نێوان دەوڵەته‌کاندا به‌رهه‌مهێنه‌ری میناکگه‌ل و که‌لتوورگه‌لی سیاسیی جیاوازه؛ به‌تایبه‌تی مێژووی به‌شه جیاوازه‌کانی کوردستان له لایەن هێزه جیاوازه‌کانه‌وه و له هه‌ندێک بواردا به‌پێی ستڕاتێژیگه‌لی دژایه‌تییانه پێکهێنراوه. به‌م چەشنه که‌شی سیاسیی کوردی، مه‌جبوور بوو تا یه‌کگرتووییی کوردی به باشترین شێواز و جیاوازی و دژایه‌تییه‌کانیش به بێ‌نرخترین شێوازی مومکین بنوێنێ.
سێهه‌م، له ئاکامی دیالیکتیکی یه‌کگرتوویی ـ جیاوازی دوو دیارده‌ی گرینگ هه‌ن؛ یه‌که‌م: یه‌کیه‌تیی «نێوان کوردی»یه که به میلیتاریزه کردنی سنووری نێوان ده‌وڵه‌ته‌کان ڕانه‌وه‌ستا. دووهه‌م؛ پڕۆسه‌ی یه‌کیه‌تی و یه‌کگرتوویی له‌گه‌ڵ ئێران، عێراق، تورکیا و سوریا و به گشتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. شۆڕشه کوردییەکان، له ئه‌نجامی پڕۆسه‌ی یه‌کیه‌تی ناچار به تێکه‌ڵ کردنی جیاوازییه‌کان بوون. بۆ وێنه «کوردایه‌تی» دوایین هۆی مانه‌وه و بوونی پێک‌هێنا که باندۆری له سه‌ر جیهانبینیی گشتی، نۆڕم و ئایدیالۆژی کوردی بووه و پێکیهێناوه. به‌و مانایه که کورد له سه‌رانسه‌ری سه‌د ساڵی ڕابردوودا، مه‌جبوور بوو که له نێو کات و دونیای ئه‌واندا بێ؛ جیهانێک که به‌رده‌وام له نێو ته‌فسیره‌کاندا سه‌باره‌ت به دۆخی مرۆڤ، ئایدیالۆژییه‌کان و یوتوپیاکان له گۆڕاندایه تا‌کوو دونیا بۆ دۆخێکی باشتر بگۆڕێ.
ئه‌م نووسراوه‌یه گریمانه‌گه‌لێک سه‌باره‌ت به تێگه‌یشتن له گۆڕانی دۆخی کورد له کۆتایییه‌کانی ئیمپڕاتووریی عوسمانییه‌وه پێشکه‌ش ده‌کات. به‌شی یه‌که‌م چه‌ند تێبینییەک له سه‌ر چه‌مکی «که‌مینه« و «نه‌ته‌وه‌خوازی» که بۆ بابه‌تگه‌لی په‌یوه‌ندیدار به کورد به‌کار ده‌بردرێن ده‌خاته ڕوو. به‌شی دووهه‌م باس له ده‌یه‌کانی 1920 تا 1940 ده‌کات که به کاریگه‌ریی لێکترازاوی ڕووخانی ئیمپراتووریی عوسمانی دیاری ده‌کرێت. پێکهێنانی دەوڵەتی سوریا و عێراق وه‌کوو ده‌وڵه‌تانی سه‌رپه‌ره‌شتی‌کراو و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی ئێران و تورکیا به پێی مودێلی وێستفاڵیا له ئاکامی ڕووخانی ئیمپراتووریی عوسمانی بوو. به‌شی سێهه‌م ده‌پەرژێته سه‌ر ده‌یه‌کانی 1960 تا 1980 که ئایدیا و خولیاکانی چه‌پ له کوردستان وه‌کوو به‌شه‌کانی دیکه‌ی جیهان په‌ره‌ی ئەستاندبوو. له به‌شی چواره‌مدا من هۆکاره‌کانی زاڵ بوونی ئیسلام له بواری سیاسی و بایه‌خه‌کانی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ده‌یه‌ی 1980دا شی ده‌که‌مه‌وه و هه‌روه‌ها باس له‌وه ده‌که‌م که بۆچی ئیسلام له کوردستان له په‌ڕاوێزدا مایه‌وه. به‌شی کۆتایی باس له دۆخی ئێستای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ده‌کات که بۆشاییی ئایدیالۆژیکی تێدا به‌دی ده‌کرێت. ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستێک که دوو کۆمه‌ڵگای سوریا و عێراق له‌گه‌ڵ مه‌ترسیی داڕمانی ته‌واو ڕووبه‌ڕوویه، تورکیا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئاک پارتیدا گۆڕدرا و به‌ره‌و پێشکه‌وتن ڕۆیشت و ئێران شوێن که‌وتووی ڕێگایه‌کی ناڕوونه. وه‌رگێڕانی کێشه و ڕاستییه به‌ربڵاوه‌کانی بۆ زمانی سیاسیی کوردی شتێکی دژواره و هه‌ر به‌و پێیه کورد ده‌بێ سه‌رچاوه‌گه‌لێکی نوێ بۆ ڕه‌واییی ئایدیا و پێوه‌ره‌کانی خۆی بدۆزێته‌وه که له جێگایه‌کی دیکه‌ی جیهاندا لایه‌نگری هه‌یه.
فرەچەشنیی کۆمه‌ڵگای کوردی و ئاڵۆزیی له‌ڕاده به‌ده‌ری هه‌ر کام له قۆناغه مێژوویییه‌کان، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌م نووسراوه‌یه خۆی به میناکگه‌لی ڕوون و ڕه‌هه‌نده سه‌ره‌کییه‌کان به‌رته‌سک بکاتەوە و سه‌نتێزه چه‌ند ڕه‌هه‌ندییه ئایدیالۆژییه‌کان و په‌یدۆزگه‌لێک له به‌شه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که کاریگه‌رییان له سه‌ر کوردستان بووه، وه‌لانراوه. بۆ وێنه باسه‌کانی سه‌باره‌ت به ئیسلام و ڕۆژئاواخوازی یان نه‌ته‌وه‌خوازی و سۆسیالیزم له‌به‌رچاو نه‌گیراوه.
که‌مینــــه‌کان، نه‌ته‌وه‌خــــوازی و ئایدیالۆژییه‌کان
زۆربه‌ی توێژه‌ران و نووسه‌ری ئه‌م وتاره، چه‌مکی «نه‌ته‌وه‌خوازیی که‌مینه» بۆ پێناسه کردنی مشتو‌مڕگه‌لی سیاسی، که‌لتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌کار ده‌بەن که ئامانجی ئه‌م چه‌مکه گه‌یشتن به ڕه‌زامه‌ندی سه‌باره‌ت به خودموختاریی نه‌ته‌وه‌یییه، که به دۆخێکی فێدڕاتیو له نێو سنووری ئێستای دەوڵەته‌کان یان سه‌ربه‌خۆییی ته‌واو و یه‌کگرتووییی به‌شه جیاوازه‌کانی کوردستان پێناسه ده‌کرێت. مانای زه‌ینیی دوو چه‌مکی «که‌مینه« و «نه‌ته‌وه‌خوازی» پرۆبلماتیکه و پێویستی به ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتره. وشه‌ی «که‌مینه» له لایەن بکه‌رانی سیاسی، ڕووناکبیران و خاوەن بیروڕاکانی کورد پەسند نەکراوه و وه‌کوو چه‌مکێکی نه‌ویستراو هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ کراوه. هه‌ر به‌و پێیه کورد نه‌یتوانیوه که‌مینه‌یه‌کی دیموگڕافیک پێک‌بێنێ؛ به پێچه‌وانه‌وه توانیویه‌تی زۆرینه‌یه‌کی به‌هێز له‌و ناوچانه‌ی که تێیدا نیشتەجێن، پێک بێنن. له‌م نووسراوه‌یه‌دا من باس له ڕوانگه‌ی سیاسی و یاسایی ده‌که‌م، «زۆرینه« و «که‌مینه« به پێی قورساییی دێموگڕافیکیان دیاری نه‌کراون؛ به‌ڵکوو به پێی پێوه‌ندییه‌کانی هێزه، که شوناسی فه‌رمی و داسه‌پێندراویان بۆ ته‌رخان ده‌کرێت و پێکه‌وەلکانێک لە دایک ده‌بێ که خه‌ڵکی دیکه ئه‌وان به‌و شوناسه‌وه ده‌ناسنه‌وه و له ئه‌ویدییه‌کان جیایان ده‌که‌نه‌وه. ئه‌گه‌رچی که‌مینه‌کان له دۆخی یه‌کسان له گه‌ڵ زۆرینه بێبه‌شن و وه‌کوو سووژه‌گه‌لی (که‌سانی) بڕوا پێنه‌کراو ده‌بیندرێن و وه‌کوو وزه‌یه‌کی په‌نگراوه بۆ دوژمنانی نێوخۆیی پێناسه ده‌کرێن.
به که‌مینه کردنی یاسایی و سیاسی پڕۆسه‌یه‌که که له‌گه‌ڵ مێکانیزم‌گه‌لێکی وه‌کوو زاڵ بوون، ژێرده‌ست بوون، نکۆڵی و به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی زۆره ملیانه ده‌ڕواته پێشێ. ئه‌م ڕاستییه کاریگه‌رییه‌کی زۆری له سه‌ر ڕه‌وتی مێژوویی بووه. لێکۆله‌ری فه‌ڕه‌نسیی مێژووی سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاستی ئیسلام «گابریل مارتینێز گڕۆس»کاتێک له سه‌ر» ئێبنی خه‌لدوون» ده‌نووسێ ده‌لێ: «مێژووی گرووپه (خه‌ڵک) زاڵه‌کان، هی قاره‌مانه‌کانه(براوه‌کان)» که ژێرده‌سته‌کانیان بێ‌ده‌نگ کردووه.[١] هه‌ر به‌و پێیه هه‌ر شه‌ڕێکی نه‌ته‌وه‌یی یان هه‌ر چەشنه شه‌ڕیک له لایەن «گرووپه ژێردەستەکانەوە»، شه‌ڕێکه بۆ وه‌ده‌ست هێنانی مافی دیاری کردنی مێژووی خۆیان. هه‌روه‌ها ئایدیالۆژییه‌کان و جیهانبینییه‌کان دێنه ئه‌م خانه‌یه‌وه. به گشتی هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی له زانست‌دا هه‌یه که ئایدیالۆژییه‌کان له لایەن گرووپه زاڵه‌کانەوە به‌رهه‌م نایه‌ن، به‌ڵکوو له لایان که‌سێکی زاڵه‌وه به‌رهه‌م دێن یان له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا له لایەن ئه‌وانه‌وه له وڵاتانی ڕۆژئاواوه هاورده کراون. گرووپه زاڵه‌کانیش ده‌توانن ئه‌و زانسته قبووڵ بکه‌ن؛ بۆ وێنه ئایدیاکان و ئایدیالۆژییه نه‌یاره‌کانیش له‌خۆ ده‌گرێ، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش که زۆر ڕووخێنه‌رن و ته‌نیا له ڕێگه‌ی زمان و سه‌رچاوەکانی گرووپه زاڵه‌کانەوە، له هه‌وێڵ‌دان. له زۆر بابه‌تدا که دۆخی کورده‌کانیش له‌خۆ ده‌گرێ نیشانیان داوه که وه‌رگرێکی بێ‌ده‌سه‌ڵات و پاسیڤ نین و به‌کارهێنه‌رێکی چالاکن له بابه‌ت ئه‌و شتانه‌ی وه‌ریده‌گرن.[2] ئه‌وان ده‌توانن ئه‌و مودێلانه، ئایدیا و مودێلگه‌لێک له به‌هاکان که وه‌ریده‌گرن بیگۆڕن و بیکه‌نه ئامراز و چوارچێوه‌گه‌لێکی ته‌فسیری و به‌ڕه‌واکراو بۆ شۆڕشه‌کانیان. له بنەڕەتدا ته‌واوی شۆڕشه دژه کۆلۆنیالیستییه‌کان له شه‌ڕی دژ به کۆلۆنیالیزم، به شیوازێکی چالاکانه زانستی داگیرکه‌ر یان کۆلۆنیالیان به‌کار هێناوه؛ ئه‌و زانسته‌ی که له زمانی هێزی داگیرکه‌ردا، له هه‌وێڵدایه یان ئایدیالۆژیی هێزی داگیرکه‌ر که بووەته ڕووناکییه‌ک له کۆمه‌ڵگای داگیرکراودا و دژ به داگیرکاری به‌کار هێندراوه‌تەوە.
چه‌مکی «نه‌ته‌وه خوازی»یش به هه‌مان شێوه پڕ پێچ و پەنایه؛ جگه له هه‌ندێک میناکی مێژوویی که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سەردەمی ڕۆمانتیکی، «دووباره له دایک بوونه‌وه‌ی» شۆڕشی کورد له ده‌یه‌کانی 1950 و 1960دا بووە. له‌و کاته‌دا بلیمەتە کورده‌کان سه‌رمایه و سامانێکی لاوازی سیاسی و که‌لتوورییان هه‌بوو و چه‌مکی «نه‌ته‌وه‌خوازی» له لایەن شۆڕشه‌کانی کورده‌وه به‌کار نه‌هێندراوه. به پێچه‌وانه‌وه و تا ئه‌و جێگایه‌ی من ئاگادار بم، ئه‌م چه‌مکه واتایه‌کی پاڵه‌کیی نه‌رێنیی له وشه‌دانی سیاسیی کوردی‌دا هه‌بووه و پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئایدیالۆژی و کرده‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کاندا هه‌یه و وه‌کوو به‌رهه‌می «نه‌ته‌وه سه‌رکوتکه‌ره‌کان» ڕه‌خنه‌ی لێ‌گیراوه.
ڕێبه‌ری PKK عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان به توندی جۆره جیاوازه‌کانی نه‌ته‌وه‌خوازیی کوردی ئیدانه کردووه و مۆرکی «نه‌ته‌وه‌خوازیی سه‌ره‌تایی[3]»ی لێ داوه.[4] ئه‌وه به‌و مانایه نییه ئه‌م چه‌مکه که به به‌ربڵاوی له ئه‌ده‌بیاتی ڵێکۆڵه‌ڕانه‌ی ئۆجه‌لاندا به‌کار هاتووه مانایه‌کی بێ‌به‌ڵگه‌ی هه‌یه و واتایه‌کی شیکارییانه‌ی نییه.
ئه‌وه ڕوونه که نه‌ته‌وه‌خوازی، ئاواته‌کانی کورد و شۆڕشه‌کانی ڕوون ده‌کاته‌وه و ده‌توانێ وه‌کوو کۆمه‌ڵێک له سه‌رچاوه‌کان(نووسراوه مێژووییه‌کان، ســــروود و گـــۆرانییه نه‌ته‌وه‌یییه‌کان، خه‌یاڵی نه‌خشه‌یی و شوێنه پیرۆزه نەتەوەیییەکان) یان دیسکۆرسگه‌لێک که ڕه‌وایی ده‌دا به چه‌مکی «کوردایه‌تی» ببیندرێت. شتێک که ده‌بێ له بابه‌ت شۆڕشه‌کانی کورده‌وه قبووڵ بکرێ ئه‌وه‌یه که ناسیۆنالیزم باشترین حاڵه‌تی وه‌سفییه سه‌باره‌ت به چه‌مکی «خۆڕاگریی» کوردی که تا ئێستا خۆی به شێوازێکی تایبه‌ت و دیاریکراو پێناسه نه‌کردووه و له چوارچێوه‌ی خواسته‌کانی کورد له مه‌ڕ سه‌ربه‌خۆییدا نه‌بیندراوه و پێناسه نه‌کراوه. ده‌بێ بگوترێ دۆزی کورد وه‌کوو زۆربه‌ی که‌یسگه‌لێک که پێوه‌ندییان به که‌مینه ئیتنیکییه‌کان و گه‌لانی داگیرکراوەوە هه‌یه، ئه‌وه‌یه که خواستی سه‌ربه‌خۆیی و یونیڤێرسالیزم پێکه‌وه و شان به شانی یه‌کتری ده‌ڕۆنه پێشێ. یونیڤێرسالیزم ویستی سه‌ربه‌خۆ بوون ڕێک ده‌خات، تا‌کوو گرووپێکی «نه‌ته‌وه‌یی» بێته نێو پانتاییی مێژووی جیهانییه‌وه و له هه‌مان کاتدا، خواستی سه‌ربه‌خۆیی به‌رده‌وام له‌وه ده‌گه‌ڕێ تا‌کوو به‌شێکی گرینگ له مێژووی مرۆیی، ڕه‌وایی به‌خۆی بدات.[5] له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که دیسکۆرسگه‌لی ناسیۆنالیست خراپه‌ی پڕۆسه‌ی بێگانه سازی ده‌ڵێن؛ «بوون به ئه‌ویدی» له ڕێگه‌ی «یونیڤێرساڵ»ه‌وه ته‌نیا ڕێگه‌یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی که‌سێک یان نه‌ته‌وه‌یەک بمێنێته‌وه. لێره‌دا دوو شتی ڕێگه‌پێدراوی زۆر گرینگ هه‌یه، یه‌که‌م؛ پێکهێنانی دەمارگیریی سه‌ربه‌خۆخوازییه (ساز کردنی یه‌کیه‌تیی نێوخۆیی که ده‌بێته هۆی سه‌رکه‌وتنی گرووپێک) و هه‌روه‌ها هزر و زه‌ینی سه‌ربه‌خۆ خوازانه له ڕێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی مێژوویی و هێماناسی. دووهه‌م؛ وزه و هێزدان به پاساوگه‌لێک سه‌باره‌ت به شۆڕشی نه‌ته‌وه‌یی که وه‌کوو شۆڕشێکی جیهانی پێناسه بکرێ و به شێوازێکی گشتی بگوترێ که ئه‌وه شۆڕشی نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌رکوتکراوه بۆ مرۆڤایه‌تی.
دیارده‌یه‌کی دیکه که سه‌باره‌ت به پرسی کورد ڕاسته، ئه‌وه‌یه که ته‌نیا «بانگهێشتێکی»[6] جیهانی ده‌توانێ ئیزن به کورده‌کان بدات که دۆخی کورد وه‌کوو ئاکامی نادادپه‌روه‌ری له دۆخی مرۆڤایه‌تی فام بکرێ که ده‌بێ به شێوازێکی ڕادیکاڵ بگۆڕدرێ. کێشه و هاوکێشه‌ی نێوان ویستی سه‌ربه‌خۆیی و جیهانی‌گه‌ری و هه‌روه‌ها له نێوان دەمارگیری و بانگهێشت کردن، به وردی له بیروڕای ئیبنی خه‌لدووندا (1332-1406) ده‌بیندرێ و ڕێگه‌یه‌کی پڕبایه‌خ بۆ تێگه‌یشن له کێشه‌گه‌لی نه‌ته‌وه‌یی له مێژووی نوێ‌دا پێشکه‌ش ده‌کات.
بۆ وێنه زۆربه‌ی شۆڕشه ناسیۆنالیستییه‌کانی باڵکان، پێش له شه‌ڕی یه‌که‌می باڵکان له ساڵی 1912، ویستگه‌لی سۆسیالیستییان بووه و پاشان بوون به هه‌ڵاوێرده‌خواز و ڕه‌وتێکی هێرش به‌رانه‌یان له نه‌ته‌وه‌خوازییه‌که‌یان گرته به‌ر. هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی تالین تێرمیناسیان[7] له نووسراوه‌که‌یدا سه‌باره‌ت به شۆڕشه‌کانی چه‌پ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا نیشانی ده‌دات[8]؛ شۆڕشی ئه‌رمه‌نییه‌کان (له به‌رانبه‌ر ئه‌وانی دیکه) به‌شێوازێکی ستاندارد هه‌ڵگری ئایدیاگه‌لی سۆسیالیستی له ده‌یه‌ی 1920دا بوو؛ هه‌روه‌ها شۆڕشی فه‌لەستین له ده‌یه‌کانی 1960 و 1970 له‌و چه‌شنه بووه و شۆڕشی کوردیش له‌و ده‌یانه‌دا له ئاستێکی نزمتردا هه‌ڵگری ئایدیای سۆسیالیستی بووه. سه‌باره‌ت به هه‌مووی ئه‌و نه‌ته‌وانه، تێکه‌ڵاویی بیری سه‌ربه‌خۆییخوازی و یونیڤێرسیالیزم ته‌نیا ڕه‌هه‌ندێکی ئامێری نییه، به پێچه‌وانه‌وه به‌شێکی زۆر له جه‌سته و پێکهاته‌ی بوونیان بووه.
بزووتنەوەی کورد بەر له شه‌ڕی جیهانیی دووهه‌م
ڕوانگه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌کناسانه زۆر به سانایی ده‌توانێ نیشانمان بدات که شۆڕشی کورد جووڵه‌ی ناوخۆییی خۆی ڕاگرتووه و له ئاکامدا دوایین هۆی مانه‌وه‌یانی پێکهێناوه له کاتێکدا که‌سانێکی زۆر به له‌ناوچوونی ئیمپڕاتۆریی عوسمانی تووشی شکست هاتن. به‌و پێیه شۆڕشی کورد به‌رده‌وام له نێو کاتی خۆیدا بووه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا و ئاستی جیهانیشدا له کاتی ئایدیالۆژیکاڵدا بووه. ئێمه ده‌بێ ڕه‌چه‌ڵه‌کناسیی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه له ڕووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانییه‌وه ده‌ست پێ‌بکه‌ین که له نێوان پڕۆسه مێژووییه‌کانی دیکه‌دا بووه‌ته هۆی شۆڕشگە‌لێکی کوردیی لاواز، درێژخایه‌ن و گشتی که له سه‌ر جوگرافیای پێشووی عوسمانی و هه‌روه‌ها ئێران پێکهاتووه. خاڵی جێگه‌ی ئاماژه ئه‌وه‌یه که نابێ وا بزاندرێ که کورد پێش له ڕووخانی عوسمانی هیچ چەشنه شۆڕشێکی کوردیی نه‌بووه. به‌شێک له شۆڕشه‌کانی سه‌ده‌ی 19 له سه‌ر ئاگاهیی ته‌واو له بابه‌ت جیاوازی ئیتنیکه‌وه هاتوونه‌ته ئاراوه. بۆ وێنه شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵا نه‌هری له نێوان سالانی 1881 تا 1883 به داشداری کردن له کورده‌کان و ساز کردنی یه‌کێتی له نێوان کوردانی عوسمانی و ئێران قسه‌ی کردووه و دواهه‌مین ڕێبه‌ری کورد بووه که شۆڕشی چەکداریی له‌و سه‌ده‌یه‌دا
کردووه.[9] له ڕه‌هه‌ندێکی گشتیتردا شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له ژێر کاریگه‌ریی مشتومڕی ڕووداوه‌کانی باڵکان و میسردا بووه که ئه‌وانیش له نێو کاتی خۆیاندا بوون و به‌و پێیه شێخ عوبه‌یدوڵڵا خوازیاری مافی یه‌کسانیی کورد له به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌دا بووه. به‌ڵام ئه‌و مشتومڕه نیزامییانه فاکتۆرگه‌لێکی کاریگه‌ری چه‌ند ڕه‌هه‌ندییان هه‌یه؛ بۆ وێنه خۆڕاگری له به‌رامبه‌ر ئاواتی ناوه‌ندخوازیی عوسمانی و پاراستنی سه‌روه‌ریی کورد/موسڵمان له پارێزگا ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان[10] ئامانجێک بۆ پێکهێنانی سه‌ربه‌خۆییی کورد یان ده‌وڵه‌ت وه‌کوو قه‌وارەیەکی سیاسی یان پێکهاته‌یه‌ک نه‌بووه. به‌هه‌مان شێوه ڕۆژنامه‌ی کوردستان (1898-1902) وه‌کوو ده‌نگێک که لایه‌نگری کورده، خۆی له ئه‌ویدی واته بڵاڤۆکه کاتییه‌کانی «تورکانی لاو» جیا ده‌کاته‌وه؛ له حاڵێکدا هیچ یه‌ک له داخوازییه‌کانی کورد جگه له ریفۆڕم له کوردستان و ئیمپڕاتۆریی عوسمانی‌دا فۆڕموله ناکات. که ئه‌وه‌ش که‌متر له خواستی سه‌ربه‌خۆییخوازیانه‌یه. شتێکی گرینگ له بابه‌ت شۆڕشه‌کانی کورد له 1909 تا 1914 ئه‌وه‌یه که: ئه‌وان به‌ڕوونی سه‌باره‌ت به بردنه‌سه‌ری «ئاگاهیی کورد بوون» ڕادیکاڵ ده‌جووڵانه‌وه و له لایەن بلیمەتە نیزامییه خۆجێیه‌کانه‌وه که یه‌کیه‌تیخواز بوون، پشتیوانی ده‌کران؛ به‌ڵام نواندنه‌وه‌ی دژایه‌تیی ئه‌رمه‌نییه‌کان بوون و به شێوازێکی پاڕادۆکسیکاڵیش لایه‌نگری عوسمانی بوون. زۆربه‌ی ڕێبه‌رانی ئه‌م شۆڕشانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کورده‌کان له ساڵانی 1916 و 1917 له ناوچه کوردییه‌کان شاربه‌ده‌ر کران و ڕاونران، پێیان خۆش بوو تا له‌گه‌ڵ کومیته‌ی یه‌کیه‌تی و پێشکه‌وتن له کاتی ژێنۆسایدی ئه‌رمه‌نییه‌کان وتووێژ بکه‌ن و هاوپەیمانی له‌گه‌ڵ ئه‌و کومیته‌یه ساز بکه‌ن؛ پاشان په‌یمانه کورد-تورکه‌کانیان له‌گه‌ڵ هێزه که‌ماڵیسته‌کان نوێ کرده‌وه. له 1914 سێ شۆڕشی کوردی ڕوویدا (بارزان، بەدلیس و سۆران) که یه‌کیان وه‌کوو داخوازیی گه‌لی ناسیۆنالیستی کوردی پێناسه ده‌کرێ. ئه‌و شۆڕشانه له ئاستێکی مامناوه‌ندیدا بوون و له‌وه گرینگتر ڕووداوگه‌لێکی مێژوویی کورتخایه‌ن بوون. شۆڕشی که‌م و زۆر پێکهاته‌مه‌ندی کورد پاش ڕووخانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی و له پاییزی 1918دا ڕوویدا؛ و سه‌رچاوه‌که‌ی ئاگاهیی نه‌ته‌وه‌یی له نێوان توێژی ڕووناکبیردا له ئه‌سته‌نبوڵ یان جڤاته کوردییه‌کان له سه‌رانسه‌ری کوردستان بوو.
پێناسه کردنی ناسیۆنالیزمی کوردی پاش 1918 به‌هۆی فره‌یی و پان و به‌رینی و هه‌روه‌ها چه‌ند واتاییه‌که‌ی کارێکی سانا نییه. بۆ وێنه ده‌تواندرێ شۆڕشه‌کانی کۆچێگری (1921) و سمکۆ (1919) وه‌کوو داخوازیگه‌لێکی خۆجێیی کوردی لێک بدرێته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌م دیارده‌یه سه‌باره‌ت به خۆڕاگریی مەحموود به‌رزه‌نجی (1920) له کوردستانی عێراقیش ڕاسته. له حاڵه‌تێکی دیکه‌دا ئه‌م شۆڕشه ده‌تواندرێ وه‌کوو داخوازییه‌ک بۆ ڕه‌وایی دان به پێکهێنانی یه‌که‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی کوردی که مافی به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاتداریی نه‌ته‌وه‌یی کوردی هه‌یه له به‌رچاو بگیردرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پاشایه‌تیی کورتی به‌رزه‌نجی له‌گه‌ڵ هێزی تازه له‌دایک بووی که‌ماڵیست پێوه‌ندیی هەبوو؛ به‌ڵام کاریگه‌رییه‌کی مه‌زنی له‌سه‌ر مێژووی بزووتنه‌وه‌ی کورد دانا و کۆمه‌ڵێک ڕۆژنامەی کوردی وه‌کوو «ڕۆژی کوردستان»، «بانگی کوردستان» و «دیاریی کوردستان» چاپ و بڵاو بوونه‌وه.
شۆڕشی 1925 به ڕێبه‌ریی شێخ سه‌عیدی نه‌قشبه‌ندی بووه و ئه‌ویش کاریگه‌رییه‌کی گرینگی له سه‌ر مێژووی کورد بووه. وێژمانی شێخ سه‌عید له چوارچێوه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی که‌ڵکی له پێناسه‌گه‌لی نه‌ته‌وه‌یی و ئیسلامیی کوردایه‌تی و کێشه‌ی کورد وەرگرتووە. ئه‌وه له کاتێکدایه که حکوومه‌تی ناوه‌ندیی تورکیا ناسیۆنالیزمی تورکی و سێکولاریزمێکی تۆخی به‌کار ده‌هێنا. خاڵی سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه که شێخ سه‌عید به ئاشکرایی که‌ڵکی له دوو چه‌مکی عه‌سه‌بییه‌ت(دەرمارگیری) و بانگهێشت وه‌رگرتووه[11]؛ چه‌مکی عه‌سه‌بییه‌تی کوردی که به ته‌واوی له شیکارییه‌کاندا له‌بیر کراوه و بانگهێشتی ئیسلامیش به‌و مانایه‌یه که کورد هه‌ڵگرێکی نوێی بانگهێشتی ئیسلامییه. تێکه‌ڵاویی مانایی ئه‌و دوو چه‌مکه له 1925دا به‌و مانایه‌یه که سه‌ربه‌خۆییخوازیی کوردی پێویستی به ره‌وایی‌دانی جیهانی به خواستی خۆی هەیە. له وێژمانی شێخ سه‌عیددا، کوردایه‌تی به‌م شێوازه فام کراوه، هێزێکه که ده‌بێ پارێزه‌ری ئیسلام بێت که ئاڵاکه‌ی له لایەن تورکه‌کانه‌وه به‌جێهێشتراوه و کورده‌کان نابێ خه‌یانه‌ت به ئیسلام وه‌کوو دینه‌که‌یان و ئۆممه‌تی ئیسلامیش بکه‌ن.[12]
مێژوونووسی فه‌رمیی تورک، جیهادی شێخ سه‌عیدیان وه‌کوو شۆڕشێکی وه‌دواکه‌وتووانه و به‌رهه‌لوێستکارانه پێناسه کردووه و حوکمی له سێداره‌دانی شێخ که به هۆی به‌رگری له ئامانجه‌کانی کورد بوو ڕه‌د ده‌که‌نه‌وه.[13] ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه له مێژوو له لایەن مێژوونووسانی خۆرئاوایی و یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌ت-یش قبووڵ کراوه. شێخ سه‌عید پاڵپشتییه‌کی به‌رینی له که‌سایه‌تییه مەزنه ئایینییه‌کان وه‌رگرت که کورد بوون. شێخ سه‌عید ته‌نیا کوردێک بوو له کومیته‌ی کورت خایه‌نی «ئازادی» به‌ڕاستی ڕه‌وایی به شۆڕشی کورد له ژێر ناوی ئیسلام‌دا و ئه‌ندازیاری سه‌ره‌کیی شۆڕشی 1925 بوو؛[14] و تا ئاستێک لایه‌نگری هزی ڕۆژئاوا بوون و ئه‌ندامانی ئه‌و کومیته‌یه وه‌کوو که‌ماڵیسته‌کان و یه‌کگرتووخوازه‌کان پێشینه‌یه‌کی فکریی هاوبه‌شیان بوو. به‌شێک له هاوکاره نزیکه‌کانی شێخ وه‌کوو فه‌همی بیلال و په‌سه‌ن سه‌ردی وه‌ک که‌سانێکی بێ‌باوه‌ڕ (خودا ناباوه‌ڕ یان ناموسڵمان) ده‌ناسران[15]. که‌مێک پاش شکستی شۆڕشی شێخ سه‌عید کومیته‌ی خۆیبوون[16] به ئاشکرایی وێژمانگه‌لی ڕۆژئاوایی خۆی باس ده‌کرد[17]. ئه‌و کومیته‌یه که به‌شی غه‌یره نیزامییه‌که‌ی به ڕیبه‌ریی بنه‌ماڵه‌ی ناسراوی به‌درخانه‌وه بوو، هه‌وڵی دا که دژ به‌و ڕوانگه‌یه‌ی ده‌وڵه‌تی تورک یان تورکه‌کان بوه‌ستێ که کوردیان وه‌کوو به‌ڕبه‌ڕ ده‌نوانده‌وه؛ به‌و پێیه کورد و شۆڕشی کورد شه‌ڕی بۆ شارستانییه‌ت و شارستانی بوونی کورد ده‌کرد.[18] له‌م وێژمانه‌دا شتێک که جێگه‌ی سه‌رنجه هاوکێشه‌ی نێوان شه‌ڕی کورد بۆ به گه‌یشتن به ڕزگاری و شه‌ڕ دژی به‌ڕبه‌ڕیسم له ژێر ناوی شارستانییه‌تی جیهانییه. خۆیبوون له به‌رانبه‌رییه‌ک که زیاتر له لایەن بەریتانیاوه وه‌کوو وڵاتی سه‌ره‌کی، فه‌ڕانسه وه‌کوو ده‌وڵه‌تی سه‌رپه‌رشتیار له سوریا، ئێران و یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌ت پشتیوانی ده‌کرا، له «جیهانی کاتی» خۆیدا نه‌بوو هه‌ر بۆیه‌ش له ڕه‌هه‌ندی نیزامی و سیاسییه‌وه شکستی پێ هێندرا؛ به‌ڵام له بواری ئایدیالۆژیکییه‌وه له «کاتی خۆیدا» بوو. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌فسه‌ری کۆڵۆنیالی فه‌ڕانسه له سوریا پییه‌ر ڕۆندۆت[19] وه‌کوو دڵدانه‌وه‌یه‌کی لاواز بۆ هاوکاتییەکی مودیرییه‌ت کراو، هه‌ندێک پشتیوانیی مۆڕالی کوردی کرد.[20]
هێژموونی چه‌پ
حه‌ولی نێوان ویستی نه‌ته‌وه‌خوازی و یونیڤێرسالیزم له پاش شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی، له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی کۆماری مهاباد له 1946 و پێکهاتنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان زۆر ڕوونتر بووه‌وه[21]. ئه‌و دوو پێکهاته‌یه هاوبه‌شییه‌کی زۆریان بوو و هه‌روه‌ها ته‌واو دوو پێکهاته‌ی چه‌پ نه‌بوون. حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له وێژمان و کرده‌وه‌دا تا ئاستێک کۆنزێرڤه‌یتیڤ بوو. کۆماری کوردستانیش له چاو کۆماری ئازه‌ربایجان که له‌لایەن ئه‌ڕته‌شی سۆڤییه‌ت داگیر کرا و مودێلێک له سۆڤییه‌ت بوو میانه‌ڕه‌وتر بوو. کۆماری کوردستان که به ڕێبه‌ریی قازی محەممەد بوو، هێندێک ڕیفۆڕمی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئاراسته کرد به‌ڵام نه‌یتوانی عه‌شیره‌کان له سیسته‌می سیاسی یان به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت دوور بخاته‌وه و ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی پێش به بوونی دین له سیسته‌مه‌که‌یدا بگرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌که کورد کۆنزێرڤاتیست بوو «چه‌تری سۆڤییه‌ت» به‌سه‌ر کۆماری کوردستانیشدا هه‌ڵدرابوو و کاریگه‌رییان له سه‌ر لایەنه سیاسییه چه‌په‌کانی ئێرانیشدا بوو.
کۆماری ساوای کوردستان بوو به سه‌رچاوه‌یه‌ک بۆ شۆڕشه چه‌په کوردییه‌کانی دەیه‌کانی 1960 و 1970 له کوردستان. قازی محەممەد بۆ ئه‌وه‌ی پێش به ڕشتنی خوێنی خه‌ڵکی کورد بگرێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی دایه ده‌ست هێزه ئێرانییه‌کان و خۆشی له 19 ژانویه‌ی 1947 له سێداره درا. به‌ڵام له‌داهاتوودا به‌ستێنی ئێران به شۆڕشی موسه‌دق گۆڕدرا و بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که‌سانێکی وه‌کوو غه‌نی بلووریان و ڕووناکبیرێکی ماڕکسیست-لێنێنیست وه‌کوو عه‌بدوڕه‌حمان قاسملوو[22] هێزی نیزامیی کورد ڕادیکاڵ بکه‌نه‌وه. له‌وه‌به‌ولاوه و پێش له ده‌ستپێکی سه‌رده‌می نوێی سه‌رکوت؛ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان که پشت‌به‌ستوو به چه‌پ بوو توانی 80 له سه‌دی ده‌نگه‌کان له شاری مهاباد له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1952 به‌ده‌ست بهێنێ.[23]
جگه له هه‌ندێک قۆناغ؛ مێژووی کورد له کۆماری مهاباد تا کوده‌تای نیزامیی عەبدولکەریم قاسم له عێراق له ساڵی 1958 به‌شێوه‌یه‌کی پێویست نه‌خوێندراوه‌ته‌وه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا هیچ شۆڕشێک سه‌ری هه‌ڵنه‌دا و دۆخی یاسایی بۆ جمووجۆڵه کوردییه‌کان به توندی داخراو بوو به‌ڵام له هه‌ندێک بازنه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیدا چالاکیی کوردی مابوو. له‌و سه‌رده‌مه درێژه مێژووییه‌دا هه‌ندێک له شۆڕشگێرانی کورد وه‌کوو زینار سیلۆپی، ویستیان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ره‌کانی سۆڤییه‌ت پێوه‌ندی چێ بکەن بێ ئه‌وه‌ی که هیچ ده‌ستکه‌وتێکی گرینگ‌یان بێ و زۆربه‌ی کوردانی سوریا و عێراقیش به‌ره‌و حیزبه چه‌په‌کانی ئه‌و وڵاتانه ڕاکێشران.[24]
کوده‌تای سەربازیی قاسم بوو به هانده‌رێک بۆ گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ له ڕوانگه‌ی سیاسیی کورد له عێراق. مه‌لا مسته‌فا بارزانی ڕێبه‌ری پارتی دێموکڕاتی کوردستان که په‌نابه‌رێکی سیاسی له ڕوسیا بوو و پاش شکستی کۆماری مهاباد له ساڵی 1946 به‌ره‌و ئه‌و‌ێ چوو؛ پاش دامەزراندنی سیستەمی کۆماری لە عێراق له ساڵی 1958 بۆ ئەم وڵاتە گه‌ڕایه‌وه. بارزانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که له «مه‌وته‌نی سۆسیالیزم» ساڵانێکی تێپه‌ڕاند کاتێک که گه‌ڕایه‌وه بۆ کوردستان، له‌مه‌ڕ ئه‌جێندای کوردی به شێوه‌یه‌کی کۆنزێرڤاتیڤ جووڵایه‌وه. به‌ڵام کادرە نوێیەکانی مه‌لا مسته‌فا، وه‌کوو برایم ئه‌حمه‌د و زاواکه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی، زۆر زیاتر له ژێر کاریگه‌ریی چه‌پدا بوون. زۆربه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی که خه‌ریکی شه‌ڕی چریکی بوون له 1961دا پێشینه‌یه‌کی گوندی یان عه‌شیره‌ییان بووه و پێده‌چێ حه‌زیان له به‌کار هێنانی ئایدیاکانی چه‌پ نه‌بووبێ یان له شۆڕشی چه‌پ له عێراق تێنه‌گه‌یشتبێتن. به‌ڵام ئه‌و که‌سانه‌ی پێشینه‌ی شاریان بووه یان منداڵی ڕووناکبیرانی شاری بوون و هاوکات پێشمه‌رگه‌یه‌کی کورد و چریکێکی چه‌پ بوون و به‌شێکیان هه‌م له‌گه‌ڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و هه‌میش له‌گه‌ڵ لقی کوردیی حیزبی کومونیستی عێراق بوون؛ تێگه‌یشتنیان له چه‌پ هەبوو. هه‌ستانی کورد له‌و کاته‌دا وه‌کوو شۆڕش پێناسه ده‌کرا. «شۆڕش» وشه‌یه‌کی چه‌ند مانایی بوو که هه‌م واتای خه‌باتی کورد بوو هه‌م هه‌ڵگری مانای شۆڕش یان ئینقلابی چه‌پ بوو. عیسمه‌ت شه‌ریف وانلی نوێنه‌ری حیزب له ئوروپا بوو ڕایگه‌یاند که «ناسیۆنالیزمی کورد له زاتی خۆیدا شۆڕشگێڕانه‌یه»[25].[26]
ڕاسته که شۆڕشی بارزانی له لایەن هه‌ر دوو وڵاتی ئێران و ئیسڕائیل له ناوه‌ڕاستی ده‌یه‌ی 1970 پشتیوانیی لێ ده‌کرا. ئه‌وه له کاتێکدا بوو که دۆخی ئاڵۆزی شه‌ڕی سارد له ئارادا بوو و شۆڕشی کوردستانی عێراقیش وه‌کوو به‌شێک له شۆڕشی 1960
سێ-قاڕڕه‌یی[27] پێناسه ده‌کرا و مێژووی خۆیان له به‌ستێنی شه‌ڕه دژه ئیمپێڕیالیسمه‌کان یان دژه کۆلۆنیاله‌کان ده‌خوێنده‌وه و ده‌که‌وتنه به‌ستێنی هزری هێندی-چینی، باکووری ئەفریقا و ئەفریقای ڕه‌شه‌وه. دۆخی سووریاش به هه‌مان شێوه بوو، به‌ڵام به‌و جیاوازییه‌وه که کورده‌کان، بوونێکی به‌رچاویان له حیزبی کومونیستی سوریادا نه‌بوو؛ به‌ڵام شیعری که‌سانێکی وه‌کوو جگه‌رخوێن[28] و عوسمان سه‌بری نیشانی ده‌دا که شۆڕشگێرانی کورد خاوەنی جێگه‌یه‌کی ڕادیکاڵی چه‌پ بوون. زۆربه‌ی کوردان له تورکیا پێش له دایک بوونی سازمانه چه‌په تورکییه‌کان له ده‌یه‌ی[29] 1960دا لایه‌نگری ئایدیاگه‌لی چه‌پ بوون. شۆڕشی کورد له تورکیا ڕواله‌تێکی کۆنزێرڤاتیڤی بووه به‌ڵام ناچار بوون چه‌پ بوون[30] قبووڵ بکه‌ن یان به‌لانیکه‌مه‌وه ئاشکرا پێملی مۆرکی «دێموکڕاتیک بوون» بن[31]. کۆمەڵەی کەلتووریی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵات (DDKO) که ڤێرژێنێکی کوردی له چه‌پی تورکی بوو له ده‌ستپێکی ده‌یه‌ی 1970دا پێکهات و باندۆڕێکی گرینگی له سه‌ر چه‌پ بوو و تا ئاستێک بوو به میناکی سازمانه چه‌په کوردییه‌کانی داهاتوو له تورکیا. ئه‌م سازمانه پێی وابوو که سۆسیالیزم ته‌نیا ڕێگه‌چاره‌یه‌ک بۆ پرسی نه‌ته‌وه‌ییی کورد نییه به‌ڵکوو ڕێگایه‌ک بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ فیۆدالیزم، دواکه‌وتوویی و گه‌شه‌نه‌سه‌ندنی داسه‌پاو به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردییه[32] و دروشمی سه‌ره‌کییان ئه‌وه بوو که «ته‌نیا سۆسیالیزم ده‌توانێ ڕۆژهه‌ڵات ڕزگار بکات».[33]
هۆکارگه‌لێکی زۆر له‌مه‌ڕ زۆر بوونی ئایدیا، هێما و فۆڕمه بایه‌خییه‌کانی چه‌پ له کوردستانی ده‌یه‌ی 1960دا هه‌یه. یه‌که‌م؛ جیهانی ده‌یه‌ی 1960 لیپاولیپ بوو له وشه، نیشانه، قاره‌مان، ئه‌فسانه و گێڕانه‌وه‌گه‌لی چه‌پ که مشتومڕه‌کانی ئەفریقا، ئاسیا، ئەمریکای لاتین و ته‌نانه‌ت ئوروپاشی پێکه‌وه ده‌لکاند و ته‌فسیرێکی یه‌کده‌ستی ده‌خسته ڕو. هۆکاری دووهه‌م که ته‌واوکه‌ری هۆکاری یه‌که‌مه، بوونی سیسته‌مه سیاسییه پاوانخوازه‌کان له ئێران و تورکیای ده‌یه‌ی 1960 بوو که له لایەن ویلایەته یه‌کگرتووه‌کانی ئەمریکاوه پشتیوانی ده‌کران. له هه‌ر دوو وڵاتی ئێران و تورکیا، نه ته‌نیا وشه‌ی سۆسیالیزم به‌ڵکوو وشه‌گه‌لی ئازادی(Freedom)، ئازادی یان ئیختیار (Liberty) و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵ-یش وه‌کوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی حه‌تمی له‌لایەن کۆمۆنیسته‌وه پێناسه ده‌کرا، هه‌ر بۆیه ئۆپۆزیسون ده‌بوو خۆی له نێو وێژمان و بایه‌خه‌کانی دژه ئیمپڕیالیستی‌دا فۆڕموله بکات. به‌پێچه‌وانه‌وه عێراق و سوریا که به ته‌واویش له ژێر ڕکێفی سۆڤییه‌تدا نه‌بوون به‌ڵام لایەنگری بلۆکی ڕۆژهه‌ڵاتی بوون. له‌و دوو وڵاته‌ش ئایدیاگه‌لی چه‌پ ته‌واوی گۆڕەپانە سیاسییه‌کانی وڵاتی داگیر کردبوو و ئیزنی ڕه‌وایی دانی به هیچ چه‌شنه ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاست نه‌ده‌دا. له‌و دوو وڵاته‌دا ئۆپۆزیسیۆن ده‌بوو خۆی وه‌کوو بزووتنه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی چه‌پ پێناسه بکات که خه‌ریکه شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه ده‌کات که پێش به وه‌دی‌هاتنی سۆسیالیزمی ڕاسته‌قینه ده‌گرن. هۆکاری سێهه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و په‌یامه‌ی ماڕکسیست-لێنێنیست بۆ نه‌ته‌وه سه‌رکوتکراوه‌کانی ناردووه: ماڕکسیسم-لێنێنیزم ته‌نیا ئایدیالۆژییه‌که که به‌ڵێنی به نه‌ته‌وه سه‌رکوتکراوه‌کان داوه که مافی دیاری کردنی چاره‌نووسی خۆیانیان هه‌یه. له ڕاستیدا ئه‌و چه‌شنه له سۆسیالیزم که له‌و وڵاتانه بوونی هه‌بوو زۆر زیاتر سه‌رکوتکه‌رتر بوون و له زۆر کاتدا تۆتالیتێر بوون و که‌متر له سیسته‌می کاپیتالیزم به‌رانبه‌ر به که‌مینه‌کان و نه‌ته‌وه سه‌رکوتکراوه‌کان سه‌رکوتکه‌ر نه‌بوون. له‌وبه‌ریشه‌وه ئه‌وه ڕاسته که سوسیالیزم یان کومونیزم له شوێنه‌کانی دیکه‌ی جیهاندا له ژێر نێوی ده‌سه‌ڵاتگه‌لی لایه‌نگری بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات ئاسۆیه‌کی ڕزگاریخوازانه‌یان بۆ چین و نه‌ته‌وه سه‌رکوتکراوه‌کان پێشکه‌ش کردووه. له ڕاستیدا زۆربه‌ی بزووتنه‌وه‌کانی دژی کۆلۆنیالیزم له وێژمــان و ئایدیالۆژیی چه‌پ بۆ به‌هێز کردنی ئامانجه‌که‌یان که‌ڵکیان وه‌رگرتووه. هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی فڕانتز فانۆن له نووسراوه‌که‌یدا سه‌باره‌ت به ئەفریقا ده‌ڵێ: ئەمریکا کاتێک ده‌توانێ دڵ و مێشکی خه‌ڵکی ئافڕیقا داگیر بکات که قبووڵی بکات بڵۆکی کۆمۆنیزم مافی سه‌ربه‌خۆیی خۆیانیان هه‌یه.[34] خواستی سه‌ربه‌خۆیی یان ئاستێک له ئۆتۆنۆمی هۆی سه‌رنجڕاکێشی ئایدیای چه‌پ له کوردستان بووه. کەوا بوو بۆ جارێکی دیکه کوردستان له کات و جیهانی کاتیی خۆیدا بووه. چواره‌م؛ زیندوویی چالاکییه که‌لتوورییه‌کان له یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌ت له چوارچێوه‌ی وێستگه‌ی ڕادیۆیی کوردی، ڕۆژنامه و زۆر یه‌ک له بلاڤۆکەکانی دیکه ،بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە که ئه‌م چالاکییه کوردییانه به‌ڵگه‌یه‌که بۆ ڕووڕاستی و پاکیی سۆسیالیزم له مه‌ڕ نه‌ته‌وه سه‌رکوتکراوەکان.
هه‌روه‌ها سه‌رنجڕاکێشی چه‌پ له کوردستان ده‌بێ له چوارچێوه‌ی گۆڕانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له ڕوانگه‌ی شاریی کوردییه‌وه بخوێندرێته‌وه: له ده‌یه‌ی 1960دا که‌سایه‌تییه به‌ناوبانگه‌کان و بنه‌ماڵه شارییه‌کان به‌رده‌وام و به‌شێوه‌یه‌کی پته‌و، هێزه سیاسی و ئابوورییه‌کانیان قۆرغ کردووه. بلیمه‌ته کۆنه‌کان له کۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بییه‌کان و هه‌روه‌ها کۆمه‌ڵگای کوردیش‌دا بۆ گۆڕینی ئه‌و بارودۆخەی که ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه ئایدیای نوێیان پێ نەبووە. توێژی هه‌ڵکه‌وتوو و ڕووناکبیرانی نوێ زۆر جیاوازتر له ڕووناکبیرانی عوسمانی بوون و ئه‌وان بوونه هۆی سه‌ره‌کی به‌ره‌و پێش چوون و خوێندنه‌وه‌یه‌کی یه‌کده‌ستیان له ئێستا، ڕابردوو و داهاتوو له ڕوانگه‌یه‌کی ئه‌نجامناسانه ئاراسته کردووه. ئه‌و ده‌سته ڕووناکبیره له ده‌یه‌کانی 1950 و 1970 رووناکبیری مامناوه‌ندی جیهانیان پێک‌هێنا و توانیان ئامرازگه‌لی چه‌مکی و شیکارییانه له زانسته کرده‌ییه‌کان(وه‌کوو فیزیا، پزیشکی یان کیمیا) یان یاساییه‌کان بۆ ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی بگۆڕن و ئه‌و کرده‌وه‌یه له چوارچێوه‌ی چێ کردنی فۆڕمێکی نوێ له بایه‌خناسی بووه. خاڵێکی گرینگ که له ئاکامی ئه‌م پێگه مامناوه‌ندییه‌دا بوونی هه‌یه چه‌شنێک کاریگه‌ریی دووقاته له سه‌ر چینی سه‌رەوه و چینی خواروو. منداڵانی چینی سه‌ره‌وه‌ی پێمل کرد تا وەکوو حاشا له هه‌ڤیازی خۆیان به‌نێوی خه‌ڵک یان نه‌ته‌وه‌وه بکه‌ن و بۆ چینی خواروو دیسکۆرس و گۆڕه‌پانی کرده‌وه و ده‌ربڕینی پێشکه‌ش کرد و توانی ڕه‌خسانی ڕایه‌داری که بەر لەوە ئه‌زموون نه‌کراو بوو ئاراسته بکات.
ڕادیکاڵیزه بوونی چه‌پ له ده‌یه‌ی 1970
ڕووناک‌بیری باو و زاڵ له کاتی شۆڕشی «سێ قاڕه‌یی» له ده‌یه‌ی 1950 تا 1970 له دوو ده‌سته‌ی دیکه‌دا: یەکەم؛ ڕووناک‌بیری تێکنۆکڕات، که به شێوه‌یه‌کی نزیک پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ پێکهێنانی چینی مامناوه‌ندوه هه‌یه. ده‌سته‌ی دووهه‌م؛ ئه‌کته‌رانی ئاسایی یان چینی سێهه‌می کۆمه‌ڵگا؛ چینێکن که مێژوو به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌به‌ن و له ئاکامی شاری بوونێکی به‌په‌له له ده‌یه‌کانی 1970 و 1980 پێکهاتوون. هۆکاری ئه‌وه‌ی که چینی سێهه‌م له به‌رانبه‌ر چینی مامناوه‌ندیدا زووتر سه‌ری هه‌ڵدا، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شکستی سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی کورد و هه‌روه‌ها بۆ ئەوەی کورد له ده‌یه‌ی 1970دا له ژێر کاریگه‌ریی ته‌واوی توندوتیژی و زه‌بروزه‌نگی ده‌وڵه‌ته‌کاندا بووه. کوده‌تای نیزامی ساڵی 1971 له تورکیا زه‌برێکی سه‌ختی له‌و ئاواته‌دا که ده‌ویست دۆخه‌که به ڕیفۆرمی یاسایی و دێموکڕاتیزه کردن بگۆڕن. ڕووناک‌بیری کوردیش تووشی ناسه‌قامگیری و شڵه‌ژان بوو و له‌لایەن جیلی نوێوه که جیلێکی لاوی سیاسی بوون، به‌وه تۆمه‌تبار دەکران له‌گه‌ڵ ئاشتی و سازان نێوانیان زۆره.
کاتێک که ڕێژیمی نیزامی له ساڵی 1973 کۆتایی پێهات و شۆڕشی بارزانی تووشی نسکۆ بوو، پاشه‌کشێیه‌ک له ساڵی 1975دا ڕوویدا و بووه هۆی ئه‌وه‌ی که جیلی لاو یان که‌سه ڕادیکاڵه‌کانی نێو پارتی، بارزانی و ته‌نانه‌ت ڕێبه‌ران و هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی پێشووی کوردیش به‌وه تۆمه‌تبار بکه‌ن که خه‌یا‌نه‌تیان به ئامانجه نەتەوەیییەکان کردووه. پاش ئه‌و کۆتاییه دڕاماتیکه، شۆڕش 110000 پێشمه‌رگه‌ی چالاک و ڕێزێرڤی هه‌بوو و ویستیان به ترۆپکی خۆیان له ڕێگه‌ی سه‌رکه‌وتنه سه‌ربازییه‌کان بگه‌ن؛ به‌ڵام ئه‌وه به پانه‌وه پێوه‌ندی به پشتیوانی ئێرانه‌وه بوو، ئێرانێک که پاش گرێبه‌ستی ئه‌لجه‌زایه‌ر له‌گه‌ڵ عێراق له 5ی مارچی 1975 پەڕاوێز خسترابووه‌وه. چاره‌سه‌رکردنی دژایه‌تیی ئێمپیریالیزم که له خوێندنه‌وه‌ی زۆر یه‌ک له شۆڕشگێرانی پارتی دێموکڕاتی کوردستان وه‌کوو جه‌لال تاڵه‌بانی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بوو، زۆر ئاسته‌مه و زۆربه‌ی ئه‌و کادرە ڕادیکاڵانه پێیان وابوو که هه‌موو چەشنه بزووتنه‌وه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له لایه‌ن ئێمپریالیزمه‌وه پشتیوانی ده‌کرێ و ئاکامه‌که‌شی شکست بۆ کورد دەبێت. له کۆتاییدا پاش 1977 ئێران بووه سه‌کۆی شانۆی ململانێی شۆڕشی گه‌لان و له‌و نێوانه‌شدا لاوانی کورد یه‌کیان گرته‌وه؛ به‌ڵام جارێکی دیکه ده‌توانین جیاوازی و ناته‌باییی نێوخۆیی ببینین: حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران (حیزبی به‌بڕشتی کوردستان) به ڕێبه‌ریی عه‌بدوڕه‌حمان قاسملوو که له ژێر کاریگه‌ریی بیری[35] ئالێکساندر دووبچێکدا بوو، پێگه‌ی ڕادیکالی ماڕکسیست-لێنینیستی خۆی بۆ وێستگه‌ی سۆسیال دێموکڕاسی گۆڕی؛ به‌ڵام سازمانه‌کانی دیکه وه‌کوو کۆمه‌ڵه ڕادیکاڵتر بوونه‌وه و ئه‌وه‌ش ئاکامی شکستی شۆڕشی بارزانی و تا ئاستێکیش شۆڕشی گه‌لانی ئێران بوو.
جێگه‌ی سه‌رسووڕمان نییه که له‌و ده‌یه‌یه‌دا ته‌واوی ئه‌کته‌رانی سیاسیی کورد ماڕکسیزم-لێنێنیزم (یان یه‌کێک له لقه‌کانی وه‌کوو مائۆئیزم، هوشیزم و
تڕۆتۆسکیزم)[36]-یان وه‌کوو تاکه دۆکتورینی وڵامده‌ر بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه ئایدیالۆژیکییه‌کانی کوردستان دیتووه.[37] ته‌نانه‌ت پارتی دێموکڕاتی کوردستانی عێراقیش دیسکۆرسی چه‌پ و دژه ئێمپریالیزمیان له نیوه‌ی دووهه‌می ده‌یه‌ی 1970دا به‌کارهێناوه و که‌ڵکیان له خۆ-ڕه‌خنه‌گرییه‌کی توند ، به‌رانبه‌ر به ئه‌زموونه‌کانی ڕابردوویان گرتووه.[38] باسی ماڕکسیزم-لێنینیزم به‌گشتی دیارده‌یه‌کی نێوخۆییه و به سانایی ناتوانین به پشتیوانیی یه‌کیه‌تیی سۆڤییه‌ت له کوردستان پێوه‌ندیی بده‌ینه‌وه.[39]
هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستیی ڕووناکبیرانی کورد سه‌رباره‌ت به ماڕکسیزم-لێنینیزمی کلاسیک، کارێکی دژواره؛ به‌ڵام ئه‌و چه‌شنه هه‌ڵسه‌نگاندنه له خوێندنه‌وه‌ی فارس، عه‌ڕه‌ب و تورک‌دا هه‌یه. خاڵێکی گرینگ ئه‌وه‌یه که ڕووناکبیران و چینی لاوی خوارووی کۆمه‌ڵگا له ده‌یه‌ی 1970دا و له به‌ستێنی شکست و پێویستیی زۆر به بایه‌خه‌کان، پێیان وابوو که ماڕکسیزم-لێنینیزم چوارچێوه‌یه‌که بۆ کرده‌وه له ئێستا و له‌و حانده‌دا. ماڕکسیزم-لێنینیزم وه‌کوو دۆکتورینێکی یه‌کگرتوو و بێ که‌موکووڕی، که وڵامده‌ری ته‌واوی پرسه مەزنه کۆمه‌ڵایه‌تی ،سیاسی، ئابووری و نەتەوەیییەکانه، ده‌توانێ شکسته‌کانی کورد له ئێستا و ڕابردوودا ڕوون بکاته‌وه. هه‌روه‌ها ده‌توانێ ده‌رفه‌ت و به‌ربه‌سته‌کانی دۆخی هه‌نووکه‌یی نیشان بدات و ئاسۆیه‌کی جیهانی و به‌رینتر پێشکه‌ش بکات. له هه‌مووان گرینگتر ئه‌وه‌یه، ئه‌م دۆکتورینه ده‌توانێ ببێته هۆی ئەوەی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رکوتکراوی کورد خه‌ون به ئاواتی ڕزگارییه‌وه ببینێ؛ به‌و تێبینییه که کورد خۆی ناخاته پەڕاوێزه‌وه؛ به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ چینه سه‌رکوتکراوه‌کانی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی دیکه هاوپه‌یمانی پێک بهێنێ و هه‌ر ئه‌وەش ده‌بێته ڕێگەخۆشکه‌رێک بۆ باسی ڕزگاریی گشتی و جیهانی مرۆڤه سه‌رکوتکراوه‌کان. هه‌ر به‌و پێیه ویستی سه‌ربه‌خۆیی و یونیڤێرسالیزم، له جیات لێکترازان و مه‌وداگرتن، هاوکات یه‌کدی به‌هێز ده‌که‌نه‌وه.
له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی PKK له نێوان ساڵانی 1975 و 1978، ئه‌و ڕادیکالیزه بوونه به ئاستێکی شیمانه نه‌کراو گه‌یشت و دووفاقییه‌کی خسته نێو بزووتنه‌وه‌ی کوردەوە؛ چی دیکه هۆگری مودێلی سۆڤییه‌ت یان مائۆئیزم نه‌بوو، هه‌رچه‌ند مارکسیزم-لێنینیزمی جێ نه‌هێشت به‌ڵکوو له ڕێگه‌ی فانۆنیزم، مارکسیزم-لێنینیزمی ڕدیکالیزه کرده‌وه و دیسان پێناسه‌ی کرده‌وه و پێیان وابوو کۆیله‌ییی کورد ئاکامی نه‌بوونی به‌رخۆدانه و خۆیانیان وه‌کوو به‌رپرسی ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه به ئه‌ژمار هێنا. فڕانتز فانۆن له کتێبی 5 ساڵ شۆڕشی ئه‌لجه‌زایه‌ردا که له 1958 بڵاوبووه‌وه، پشتیوانیی له «توندوتیژیی ئه‌رێنی» ده‌کرد که ئامانجه‌که‌ی ڕزگاریی جیهانی کۆلۆنیالکراو بوو؛ به‌ڵام خۆی له ڕزگاریی ئەفریقا بێ‌هیوا ببوو، چونکه نابه‌رانبه‌ریی پێکهاته‌مه‌ند چ له نێو هێزی کۆلۆنیال و چ له ده‌وڵه‌تی نوێ‌دا نه‌گۆڕدرابوو و پێوه‌ندییه‌کانی هێزیش له کۆمه‌ڵگایه‌کی ڕزگارکراو له ژێر ڕکێفی کۆلۆنیالیزم، که هه‌ڵکه‌وتووانی خۆی هێزیان به‌ده‌سته‌وه‌یه نه‌گۆڕدرابوو. له یه‌کێکی دیکه له نووسراوه به‌ناوبانگه‌کانیدا به نێوی «چه‌رمه‌سه‌ریی زه‌وی» ده‌ڵێ: توندوتیژی ته‌نیا ئامرازێک بۆ لابردنی کۆلۆنیالیزم نییه؛ به‌ڵام ده‌توانێ له به‌رژه‌وه‌ندیی مرۆڤگه‌لی رزگارکراو له به‌ندی کۆلۆنیالیزمدا ببێ. به‌م شێوه‌یه ئۆجه‌لان مێژووی خه‌ڵکی کوردی به‌وه تۆمه‌تبار کرد که مێژووه‌که‌یان، مێژووی کۆیلایه‌تییه و داوای له لاوانی کورد ( به‌گشتی خه‌ڵکی کورد) ده‌کرد که توندوتیژی ته‌نیا وه‌کوو ئامرازی ئازادیی کوردستان به‌کار نه‌هێنن، به‌ڵکوو ده‌بێ بۆ ئازادیی کورد له کۆیلایه‌تیی چێنراوی خۆی بێ. له ڕوانگه‌ی ئۆجه‌لانەوە، سۆسیالیزم له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌توانێ و ده‌بێ له ڕێگه‌ی گیانبازیی کورده‌وه پێکبهێندرێ. دیاره که ئۆجه‌لان له‌گه‌ڵ چه‌مکه‌کانی ئیبنی خه‌لدوون ئاشنا نییه و به‌کاری نه‌هێناوه؛ له ڕوانگه‌ی ئۆجه‌لان، عه‌سه‌بییه‌تی کوردی وه‌کوو هێزێکی داینامیک بۆ خه‌ڵکی سه‌رکوتکراو گۆڕدراوه بۆ ئامرازی بانگهێشتێکی جیهانی. ئه‌گه‌رچی له ده‌قه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی PKKدا به‌ڕوونی باس له‌وه نه‌کراوه. له ڕوانگه‌ی ئه‌و حیزبه‌وه کورد ده‌بێ له جیاتی فه‌له‌ستین ئاڵاهەڵگه‌ڕی شۆڕش له سه‌رانسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بێت. به‌ڵام له ده‌ستپێکی ده‌یه‌ی 1980دا دۆخی ماتریال و سۆبژێکیڤ، ئیزنی وه‌ها ئاواتێکی نه‌دا و له ئاکامدا کورد هه‌ر پاشکۆ مایه‌وه. له ڕه‌هه‌ندی ئۆجه‌لانه‌وه کورد نەک ته‌نیا له «کات»ی خۆیدا نییه، به‌ڵکوو له پێگه‌یه‌کدایه له پێشتره له کاتی خۆیان.
ده‌یه‌ی 1980-2010: ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئیسلامگه‌رایی
پاش ڕووداوه‌کانی 1979 ( شۆڕشی ئێران، داگیرکردنی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن ئه‌ڕته‌شی سوور، گرێبه‌ستی دووهه‌می که‌مپ ده‌یڤید که ئیسڕائیل له‌لایه‌ن میسره‌وه به فه‌رمی ناسرا، شۆڕشی ئیسلامیی جیهمان ئه‌ل-عوته‌یبی له مه‌ککه) ئایدیای چه‌پ پێگه‌ی هێژموونیکی خۆی له زۆربه‌ی به‌شه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له قیس دا[40]، به‌ڵام له دوو فه‌زای سه‌روو ـ ده‌وڵه‌تی یان سه‌روو ـ وڵاتی[41] وه‌کوو فه‌له‌ستین و کوردستان هوگری مایەوە. له ده‌یه‌ی 1980دا عه‌بدوڵڵا ئه‌عزه‌م ناسراو به بیرمه‌ندی جیهاد له ئه‌فغانستان و یه‌کێک له دا‌مه‌زرێنه‌رانی ئه‌لقاعیده، ڕۆڵێکی ئه‌گه‌رچی دوور به‌ڵام پێکهێنه‌ری له که‌مپی په‌نابه‌رابی فه‌له‌ستینی له ڕێگه‌ی بڵاو کردنه‌وه‌ی په‌یامه ڕادیکاڵه‌که‌ی خۆیەوە بووه.[42] ئیسلامگه‌رایی له فه‌له‌ستین وه‌کوو ئایدیالۆژیی خۆڕاگری له به‌رانبه‌ر دوژمنی موسڵمانان، له ئاستێکی به‌رینتردا فام دکرێت؛ بەڵام بزووتنه‌وه سێکۆلاره‌کانی فه‌له‌ستینی خستووتە ژێر سێبەری خۆیەوە ئەگەرچی له ساحه‌تی سیاسی‌دا بوونیان هه‌ر ماوه. له کوردستانیش ئیسلامییه‌کان هۆگرییان وه‌چنگ هێناوه و چه‌ندین سازمانی سیاسیشیان هه‌یه. هه‌ر دوو جۆری ئیسلامی توندئاژۆ و ئاشتیخواز له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌ڵیاندا. بۆ وێنه فه‌تاح نه‌جمه‌دین فه‌ره‌ج ناسراو به مه‌لا کرێکار، شاگردی پێشووی عه‌بدوڵڵا ئه‌عزه‌م، ڕۆڵێکی گرینگی له پێکهێنانی ئه‌نسارولئیسلام هه‌بوو که پاش 11ی سێپتا‌مبر کاکڵه‌ی لقی عێراقی ئه‌لقاعیده بووە. سازمانی نه‌ناسراوی حیزبوڵڵا[43] زۆر به باشی له‌لایه‌ن دەزگا نهێنییه‌کانی تورکیاوە پشتیوانی ده‌کرا و تا ئه‌مڕۆش له کوردستانی تورکیا چالاک ماوه‌ته‌وه.
له ناوه‌ڕاستی ده‌یه‌ی 2010دا و پاش سی و پێنج ساڵ له گۆڕانی دڕاماتیکی 1979: له تورکیا حیزبی هۆدا که له ساڵی 2012دا دامه‌زرا و ڕکابه‌ری حیزبی قه‌ده‌غه‌کراوی حیزبوڵڵایه له هه‌ڵبژاردندا پەڕاوێز خستراوه ته‌نانه‌ت له باتمان که ناوه‌ندی سه‌ره‌کیی ئه‌و پارته‌یه؛ به‌ڵام حیزبی ئیسلامی ئاک پارتی توانیویه که 50 له سه‌دی ده‌نگه‌کانی کوردستان له ڕێگه‌ی کادره کورده‌کانی خۆیەوە به‌ده‌ست بێنێ. سه‌باره‌ت به ئێران گه‌رچی زانیاریی بڕواپێکراو که‌مه به‌ڵام پێده‌چێ برایانی موسڵمانی کورد له کوردستانی ئێران لاواز بن، و ئیسلامییه‌کان له کوردستانی عێراق (کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و یه‌کگرتووی ئیسلامیی کوردستان) و سوریاش گرێدراویی ڕادیکاڵیان نییه و له هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ پارته غه‌یره ئیسلامییه‌کانن و به‌رده‌وام 15 له سه‌دی ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست ده‌هێنن. ئه‌و لاوازییه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌کته‌ره غه‌یره ئیسلامییه‌کان بۆ چەندین دەیەیە به‌سه‌ر گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا زاڵن و ده‌یانهه‌وێ له‌سه‌ر میراتی خۆیان وه‌کوو بزووتنه‌وه‌ی خۆڕاگریی نه‌ته‌وه‌یی یا دامه‌زرێنه‌ری ده‌وڵه‌ت سه‌رمایه‌گوزاری بکه‌ن.
ئیسلامگه‌رایی، به‌پێچه‌وانه‌ی ئایدیاکانی چه‌پی نه‌ریتی نه دیمه‌نێکی جیهانی بۆ ئازادیی کورد ده‌خاته ڕوو، نه به‌ڵێنی ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دا به‌ڵکوو له باشتریان حاڵه‌تدا بنکه ئیتنیکییه‌کان وه‌کوو به‌شێکی ڕه‌وا بۆ ئومه‌تی ئیسلامی ده‌بینن که ده‌بێ به‌پێی پڕه‌نسیبی یه‌کیه‌تی له نێوان موسڵماناندا حوکمه‌تیان به‌سه‌ردا بکرێ. به‌پێچه‌وانه‌ی فه‌له‌ستین؛ ئه‌کته‌ره ئیسلامییه کورده‌کان نه‌یانتوانیوه له‌سه‌ر ڕه‌وایی خۆیان له به‌رانبه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردی و بزووتنه‌وه ئیسلامییه مێتانەتەوەیییەکان وتووێژ بکه‌ن.
بۆشایی ده‌یه‌ی 2000 تا 2010
بزووتنه‌وه‌ی کوردی به‌گشتی له ده‌یه‌ی 1980 و به‌تایبه‌تی له ساڵانی دوای 2000 له کاتێکدا گه‌شه‌ی سه‌ند که له ئاستێکی به‌ریندا سه‌ربه‌خۆ له سه‌رده‌می «کاتیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست»دا بووه. به‌ڵام ئه‌وه به‌و مانایه نییه که ده‌توانێ خۆی جیا بکاته‌وه و جیهانێکی خۆژی چێ بکات. ئه‌گه‌رچی له دونیای عه‌ڕه‌ب، تورکیا و ئێران‌دا دژایه‌تی ده‌کرێن به‌ڵام ده‌بێ خۆیان له به‌ستێنێکدا ساغ بکه‌نه‌وه که ئه‌ستەمه یونیڤێرسالیزم بتوانێ خۆی دیسان ساغ بکاته‌وه. له عێراق و سوریا ته‌نیا بزووتنه‌وه‌گه‌لی چه‌پ له‌نێو ناچن به‌ڵکوو کۆمه‌ڵگاکه‌شیان له مه‌ترسیی کاول بوون و ته‌فروتوونابوون دایه. له پازده یان بیست ساڵ له‌وه پێش ده‌کرا کێشه نێوخۆییه‌کانی سوریا و عێراق به زمانی سیاسیی کوردی وه‌رگێڕدرابا و پردێک له نێوان خواستی کورد بۆ ئۆتۆنۆمی یان فێدڕالیزم له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه ئۆپۆزیسیونانه‌ی عێراق یان سوریا که بۆ دێموکڕاسی شه‌ڕیان ده‌کرد ساز کرابا. داڕشتنه‌وه‌ی دووباره‌ی داروینیزمی کۆمه‌ڵایه‌تیی کێشه فیرقه‌ییه‌کان (عه‌له‌وی ـ سووننه و شێعه ـ سووننه) له‌و دوو وڵاته و له‌م ساڵه دووایانه‌دا نه‌ته‌نیا خێراییی پڕۆسه‌ی لێکترازان و دوورکه‌وتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای عه‌ڕه‌بی له سوریا و عێراقی زۆر کردووه، به‌ڵکوو هه‌ر چه‌شنه زمانێکی هاوبه‌شی سیاسیی نێوان کورد و عه‌ڕه‌بیشی له‌نێو بردووه؛ هه‌ر بۆیه ئێلیته سیاسییه‌کانی کورد و ته‌نانه‌ت ڕای گشتیی خه‌ڵکی کوردیش ده‌توانن ئه‌و جۆره کێشانه به شێوازێکی لۆژیکاڵ و عاقڵانه ببینن.
ئێستاشـــــــی له‌گه‌ڵ بێت بزووتنه‌وه‌ی کورد، پێوه‌ندیگه‌لێکیان له‌گـــه‌ڵ بزووتنــه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیونی چه‌پ و دێموکڕاتیکی ئێرانی و تورک هه‌یه و لێره‌دا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که پردێک له‌نێوان خواسته کوردییه‌کان و ئه‌و شتانه‌ی که له‌لایه‌ن ئۆپۆزیسیونه‌وه فوڕموله ده‌کرێ پێکبهێندرێت. به‌ڵام پێوه‌ندیی ئێستایا‌ن به‌هۆی لاواز بوونیان له‌چاو ده‌یه‌ی 1970 ناتوانێ سازکه‌ری ئاڵتێرناتیڤێکی سیاسیی سه‌رانسه‌ری بێت. بۆ وێنه له تورکیا؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌کی نزیک له‌نێوان بزووتنه‌وه‌ی کوردی و ئه‌کته‌رانی چه‌پ، بوونی هه‌یه به‌ڵام پڕۆسه‌ی جووڵەپێدان و لەجووڵەخستن[44] و ڕادیکاڵیزه کردن و ڕادیکاڵیزه نه‌کردن بۆ ساڵانێکی زۆره پچڕ پچڕ بووه. گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان (که PKK و بنه‌ماڵه سیاسییه‌که‌ی BDT-HDP پێگه‌یه‌کی هێژموونیان هه‌یه) جیاوازه که گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا و هۆکاره‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وەی ئاک پارتی به‌سه‌ر ته‌واوی گۆڕه‌پانی سیاسیی تورکیادا زاڵه. له ئێران هه‌ر چه‌شنه قه‌یرانێکی سیاسی رێژیمی زاڵ ده‌بێته هۆی گۆڕان و جیاوازیی نێوان ساحه‌تی سیاسیی کورد، به‌لووچ و ئازه‌ری و ئه‌وانه‌ی که فارس-ئێرانین که‌مڕه‌نگ ده‌بێته‌وه.
بزووتنه‌وه‌ی کوردی ده‌توانێ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئیزۆله بوونه که هاوکات زۆره‌ملیشه له ڕێگه‌ی فره‌یی کۆمه‌ڵگای کوردییەوە، وه‌کوو سه‌رچاوه‌یه‌کی گرینگ به‌رانبه‌ری بکات و هەندێک له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ڕه‌وایی به خواستەکانی بدات. فره‌یی به‌و مانایه‌یه که دۆخی سیاسیی کورد له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان «وه‌کوو دیاسپۆڕایه‌کی به‌هێز (شمۆرتکێکی به‌هێز) « یه‌کیه‌تی و دابڕانی زۆره‌ملیانه به‌درێژایی مێژوو قبووڵ بکات که که‌لتوور، میناک و ڕه‌چه‌ڵه‌کناسیی سیاسیی داسه‌پاو له‌خۆ ده‌گرێ. بێ‌گومان پتر له ده‌یه‌یه‌که که حوکمه‌تی هه‌رێمی کوردستان به ڕێبه‌رایه‌تیی مه‌سعوود بارزانی و PKK به ڕێبه‌رایه‌تیی ئۆجه‌لان دوو بکه‌ری سه‌ره‌کین و ڕۆڵی یه‌که‌م بوون[45] ده‌گێڕن بێ ئه‌وه‌ی که هه‌رکه‌س خۆی بێ.[46] بۆ وێنه PYD و PJAK به سانایی درێژه‌ی مێکانیکاڵی PKK نین به‌ڵام ئاکامی ته‌یار کردنی نێوان ـ ئێرانی و نێوان ـ سوریایی ئه‌و ده‌ره‌تانه‌ی به PKK داوه تاوەکوو سازمانێک وه‌کوو مودێل و سه‌رچاوه یان وه‌کوو کاکڵه‌یه‌ک له‌مه‌ڕ کۆمه‌ڵگای کوردی له سوریا و ئێران پێک‌بێنێ.
له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ده‌بێ سه‌رنج بده‌ین که پاش ڕووخانی دیواری بێڕلین که کۆتایی به بلۆکی سۆسیالیست وه‌کوو سه‌رچاوه‌یه‌کی جیهانی (یونیڤێرساڵ) هێنا؛ هەنده‌سه‌یه‌کی نوێ له هێز هاتنه ئاراوه: بڕووکسێل، واشێنگتۆن و پێته‌خته‌کانی ئورووپا. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی شه‌ڕی سارد؛ ڕێژیمه نوێیه نێونەتەوەیییەکان، ئاسۆیه‌کی نوێیان له مودێلێکی جیهانی ئافراند، به‌ڵام به‌و جیاوازییه که ئه‌وان ئیزنی ڕه‌خنه له‌و نۆڕمانه‌ی که پشتیوانیی لێ ده‌که‌ن ده‌ده‌ن. بۆ وێنه نێئۆلیبڕالیزم یان لیبڕالیزمی ئابووری، نۆڕمگه‌لێکی جیهانیی چێ کردووه و ئه‌کته‌رانی کوردیش له عێراق و تورکیا، مشت‌ومڕێکی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و نۆڕمانه نییه به‌ڵام له ژێر ناوی لیبڕالیزمی سیاسی، جیهانی بوونی ڕادیکاڵ، فێمێنیزم، ئێکۆلۆژی یان دیموکراسیی خۆجێیی یان هه‌ر شتێک ده‌نگدانه‌وه‌ی له به‌رنامه‌ی PKK و هاوپه‌یمانه‌کانی وه‌کوو PYD و PJAKدا بێ، ڕه‌خنه‌ی لێ ده‌گرن.
جارێکی دیکه ده‌توانین ئیدیعای ئه‌وه بکه‌ین که بزووتنه‌وه‌ی کورد له ده‌یه‌کانی 1920 تا 1930 و 1960 تا 1970 له «کاتی» خۆیاندا بوون و له جیهانی کاتیی خۆیاندا بوون بگره له‌ویش له پێشتریش بوون چونکه کورد ته‌نیا گوێڕایه‌ڵی ئه‌و شتانه‌ی که جیهان وه‌کوو نۆڕم پێناسه‌یان ده‌کات نییه و ڕه‌خنه له زۆربه‌ی نۆڕمه‌کان ده‌گرێ له پێناو مرۆڤایه‌تییه‌کی باشتر و ته‌نیا بۆ ڕزگاریی کورد و باشتر بوونی کۆمه‌ڵگای کوردی نه‌بووه. له بواری کرده‌وه‌ی سیاسی‌دا کورد له ده‌یه‌ی 2000 تا 2010دا له عێراق نیوە دێموکڕاتیک و نیوه پاتریمۆنیاڵ بووه و له سوریا و تورکیا نیوه نوێنه‌ریانه و نیوه هێژموونیک بووه. له‌مه‌ڕ حیزبه سیاسییه کوردییه‌کان و له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا PKK (له ئاستێکی که‌متردا ئه‌و پارتانه‌ی له عێراقدا هه‌ن) ده‌بێ پێکهاته‌ی پاتریمۆنیاڵ و هێژموونیکی خۆی قبووڵ بکات و ده‌توانێ ته‌نیا له دۆخێک‌دا بمێنێته‌وه بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی که به کۆمه‌ڵگای کوردی‌یان داوه و ده‌بێ فره‌چه‌شنیی کۆمه‌ڵگای کوردیش ڕەچاوبکەن. هه‌روه‌ها ئه‌وان ئاگاداربوون له به‌کارهێنانی داینامیکگه‌لی نوێ که به‌ناچاری تواناییی کۆنتڕۆڵ کردنیان نییه. به له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی زاڵی ده‌یه‌کانی 1980 و 1990؛ کۆمه‌ڵگای کوردی گۆڕانکارییه‌کی زۆری به‌سه‌رداهاتووه: سه‌رهه‌ڵدانی چینی مامناوه‌ندی، وینه‌ی نوێی لاوه‌کان (واته جیلی نوێی کۆمه‌ڵگا) و خواسته‌کانیان. له کوردستانی تورکیا جووڵه پێدانی به‌رده‌وام بۆ ده‌یه‌ی 1960 ده‌گه‌ڕێته‌وه که نه‌ته‌نیا ئیزنی به گۆڕینی ڕواڵه‌ت و به‌رده‌وامیی نێوان-جیلی داوه؛ به‌ڵکوو پیاوانی لاو و گرینگتر له‌وان ژنانی لاویشی به‌ره‌و پێشه‌وه هان داوه.[47] بێ‌گومان ئه‌م ده‌سته‌یه (بزووتنه‌وه‌ی چینه مامناوه‌ندییه‌کان، ژنان و لاوان) خۆیان وه‌کوو که‌سانێکی ده‌روه‌ست به ئامانجه کوردییه‌کان پێناسه ده‌کرد؛ به‌ڵام به‌و مانایه نییه که نکۆڵی له سه‌مپاتی خۆیان بۆ PKK بکەن و هه‌روه‌ها به‌ومانایه نییه که پێوه‌ندییان به حیزب یان هێزه سه‌ربازییه‌کانیان هه‌یه و ناتوانین به سانایی ڕواڵه‌تیان وه‌کوو سه‌ربازانی «ئامانجه نەتەوەیییەکان» بگۆڕین.
ئه‌کته‌رانی کورد پاش ساڵی 2003 له کوردستانی عێراق و پاش ساڵی 2012 له کوردستانی سوریا وه‌کوو لایه‌نێک شیمانه ده‌کران که ده‌توانن له چوارچێوه‌یه‌کی ئاشتیخوازانه‌دا کار بکه‌ن و ئیزنیان پێ درا که «کاتی نه‌ته‌وه‌یی»ی خۆیان دامه‌زرێنن و به‌سه‌ر «گۆڕه‌پانی نه‌ته‌وه‌یی»ی خۆیاندا زاڵ بن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیچ چه‌شنه چوارچێوه‌یه‌کی به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌کوو ئۆتۆنۆمی یان لامه‌رکه‌زییه‌تێکی ڕاسته‌قینه بوونی نییه؛ له ساڵی 2013دا و له کوردستانی تورکیا ئاگربه‌ست که به پڕۆسه‌ی ئاشتی ناسرابوو، وه‌کوو به‌ختێک شکستی خوارد. کرده‌وه‌ی دی فاکتۆی ئه‌کته‌رانی کورد هه‌رگیز به شێوازێکی به‌ربڵاو و به‌رین له‌و وڵاته‌دا بوونی نه‌بووه.
له کاتی هێرشی داعش بۆ کوردستانی عێراق و سوریا له هاوینی 2014دا بۆ سه‌ر شه‌نگاڵ و کۆبانی «کات و شوێن» نیشانده‌ری پڕۆسه‌ی ده‌وڵه‌تسازی بوو[48] که دۆخه نوێیه‌کەی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خستییه ژێر پرسیاره‌وه. و بۆ جارێکی دیکه، توندوتیژی نێو دڵی کۆمه‌ڵگای کوردی داگیر ده‌کات و ئه‌کته‌رانی سیاسی مه‌جبوور بوون هه‌میسان خۆیان میلیتاریزه بکه‌نه‌وه. ئه‌و دیسان میلیتاریزه بوونه‌وەیە به ته‌واوی تێگه‌یشتنێکی نوێ له هه‌ر دوو وڵات سه‌باره‌ت به کورده‌کان بوو و چی دیکه به تاکتیکگه‌لی چریکی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی خۆیان شه‌ڕیان نه‌ده‌کرد به‌ڵکوو وه‌کوو ده‌وڵه‌تێکی دی‌فاکتۆ به‌رگرییان له «وڵاتی نه‌ته‌وه‌یی»ی خۆیان ده‌کرد. ئه‌زموونی هه‌نووکه‌یی، خێرایی دا به پڕۆسه‌ی یه‌کگرتوویی و یه‌کیه‌تیی کورد و شه‌ڕی هاوینی ساڵی 2014 وێنه‌یه‌کی گرینگی له گێڕانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییی کورد پێک‌هێنا و هەندێک جار دیسان ئامانجه‌کانی کوردی پێناسه کرده‌وه. له‌و پڕۆسه‌یه‌دا به‌رپرسان و سازمانه‌کانی کورد ناچار بوون تا‌کوو ڕه‌هه‌ندی ئیسپارتی[49] به مودێله ئاشتییانه‌کەی «نیئۆ-لیبڕاڵ»و «فێمێنیست/ئێکۆلۆژیکاڵه‌کانیان» کۆمه‌ڵگای خۆیان پتربکه‌ن و بۆ جارێکی دیکه جووڵاندنی نیزامی‌یان خسته نێو دڵی
چالاکییه‌کانیانه‌وه.
ڕه‌وتی ئه‌و گۆڕانه له‌گه‌ڵ چاوه‌ڕوانییه نێونەتەوەیییەکان هاوئاهه‌نگیی هه‌یه و له ئاکامدا و بۆ جارێکی دیکه خواستی بزووتنه‌وه‌ی کورد بۆ بوون له نێو کاتدا به‌هێز ده‌کات.
سەرچاوەکان
*. Hamit Bozarslan. “’Being in Time’: The Kurdish Movement and Universal Quests.” In The Kurdish Question Revisited, Edited by Gareth Stansfield and Mohammed Shareef, 61-76 (Oxford: Oxford University Press, 2017).
[1]. Gabriel Martinez-Gros, Ibn Khaldun et les sept vies de l’Islam (Arles: Actes-Sud, 2006)
- 143-4.
[2]. Kenneth Thompson, Beliefs and Ideology (London: Open Press, 1986) p. 29.
[3]. primitive nationalism
[4]. For the documents, cf. Paul White, Primitive Rebels or Revolutionary Modernizers? TheKurdish National Movement in Turkey (London: Zed Books, 2000).
[5]. Jean Leca, “Nationalisme et universalisme”, Pouvoirs 57 (1991) pp. 31-42.
[6]. da‘wa ده‌عوه یان بانگهێشت کردن له پێشدا خواستێک بوو بۆ قبووڵ کردنی بێ‌هاوتاییی خودا و پێغه‌مبه‌رایەتیی موحه‌ممه‌د له ڕێگه‌ی په‌ره‌پێدان و ئایدیالۆجییەوە
[7]. Taline Ter Minassian
[8]. Taline Ter Minassian, Colporteurs du Komintern: l’Union soviétique et les minorités au
Moyen-Orient (Paris: Sciences-Po, 1997).
[9]. Abbas Vali, Kurds and the State in Iran: The Making of Kurdish Identity (London: I. B.
Tauris, 2011) pp. 19-20.
[10]. Cf. Joost Jongerden and Jelle Velheij (eds), Social Relations in Ottoman Diyarbékir, 1870–
1915 (Leiden and Boston: Brill, 2012).
[11]. Mehmet Bayrak, Kürtler ve Ulusal Demokratik Mücadeleleri. Gizli Belgeler,Arastirmlar, Notlar (Ankara: Ozge Yayinlari, 1993) p. 110.
[12]. Cf. Hamit Bozarslan, Entre le nationalisme et la ‘umma : l’islam kurde au tournant du siecle
(Amsterdam: MERA Occasional Papers, 1992).
[13]. Cf. for the acts, Khoybun, Les massacres des Kurdes en Turquie (Cairo: Khoybun, 1927)
- 35.
[14]. For Azadi, cf. Martin van Bruinessen, Agha, Sheikh and State, The Social and PoliticalStructures of Kurdistan (London: Zed Books, 1992); and Robert Olson, The Emergenceof Kurdish Nationalism and the Sheikh Said Rebellion (1880–1925) (Austin, TX:University of Texas Press, 1989).
[15]. Cf. H. H. Serdi, Görüș ve Anılarım, 1907–1985 (Istanbul: Med Yayınları, 1985).
[16]. Cf. Jordi Tejel Gorgas, ≪La Ligue nationale kurde Khoybun. Mythes et realites de la premiereorganisation nationaliste kurde”, Etudes Kurdes (special edition, 2007).
[17]. کومیته‌ی خۆیی بوون ته‌نیا سازمانێکی به باشی پێکهاته‌مه‌ندی سیاسی-نیزامی کورد بوو که بۆ هه‌ر دوو به‌شه‌که ڕێبه‌ری تایبه‌تی خۆیابی بوو. (نووسه‌ر).
[18]. Cf. Khoybun, Les massacres des Kurdes en Turquie, p. 9.
[19]. Pierre Rondot
[20]. Cf. Hamit Bozarslan, “Correspondance entre le general Rondot et les freres Bederkhani,”Etudes kurdes 3 (2001)pp. 73-4.
[21]. Cf. William Eagleton, The Kurdish Republic of Mahabad (Oxford: Oxford UniversityPress, 1946); Abbas Vali, The Kurds and the State in Modern Iran: The Making of KurdishIdentity (London: I. B. Tauris, 2011).
[22]. Abdurrahman Ghasemlou, Kurdistan and the Kurds (Prague: Czechoslovak Academy ofSciences, 1965).
[23]. Ali Arik, Dr. Sivan. Sait Elçi-Süleyman Muini ve Kürt Trajedesi (1960–1975) (Istanbul:Peri Yayınları, 2011) p. 336-56.
[24]. Cf. K. Cemil Paşa, Doza Kurdistan. Kürt Milletinin 60 Yıllık Esaretten Kurtuluş SavaşıHatıraları (Ankara: oz-Ge, 1991) p. 181.
[25]. واته ئینقلابییه. revolutionary
[26]. I. Ch. Vanly, Le Kurdistan irakien entité nationale: Etude de la Révolution de 1961(Neuchatel: Editions de la Baconniere, 1970).
[27]. Tri-continental
[28]. Cf. Metin Yuksel, “I Cry Out so that You Wake Up: Cegerxwin’s Poetics and Politics ofAwakening”, Middle Eastern Studies 4:50 (2013) pp. 1-18.
[29]. Cf. Hamit Bozarslan, “49’ların Anıları Uzerine Tarihsel-Sosyolojik Okuma Notlarıve Bazı Hipotezler”, Tarih ve Toplum 16 (2013) pp. 127-43.
[30]. واته ببنه چه‌پێکی ڕاستین.
[31]. Cf. Hamit Bozarslan, “Turkiye’de Kurt Sol Hareketi”, Modern Türkiye’de SiyasiDüsünce, vol. 8 (Istanbul:Iletisim, 2007) pp. 1167-1207; and “Between integration,autonomization and radicalization: Hamit Bozarslan on the Kurdish Movement andthe Turkish Left”, interview with Marlies Casier and Olivier Grojean, EuropeanJournal of Turkish Studies 14 (2013, internet edition).
[32]. Cf. Komal Yayınları, DDKO Dâvâ Dosyası, vol. 1 (Ankara: Komal Yayınları, 1975) pp. 489-630.
[33]. Ali Arık, Dr. Sivan, p. 98.
[34]. Franz Fanon, Pour la révolution africaine: Ecrits politiques (Paris: La Decouverte, 2006)p. 111.
[35]. سوسیالیزم به ڕووخسارێکی مرۆییه‌وه
[36]. Cf. for a selection of documents, E. A. Turkmen and A. Ozmen (eds), Kürdistan SosyalistSolu Kitabi. 60’lardan 2000’lere Seçme Metinler (Ankara: Dipnot, 2014).
[37]. Cf. Clifford Geertz, “Ideology as a Cultural System”, in David Apter(ed. ), Ideology and Discontent (New York: Free Press, 1964) p. 65; and Maxime Rodinson,Marxisme et le monde musulman (Paris: Seuil, 1972) p. 311.
[38]. Cf. KDP, Irak Kürdistan Demokratik Partisi Yeni Stratejisi (İstanbul: Ucuncu DunyaYayınları, 1978); KDP, The Road of the Kurdish Liberation Movement (London: CalvertNorth Star Press, 1977).
[39]. باسی چه‌پ له کوردستان مشت‌ومڕێکی نێوخۆی کۆمه‌ڵگای کوردییه و ناکرێ له ڕێگه‌ی پشتیوانی سۆڤییه‌ت یان هه‌ر وڵاتێکی دیکه وه‌کوو چین و ئاڵبانیا که ته‌نانه‌ت ئه‌و شتانه‌ی له کوردستان ڕوو ده‌دات له‌به‌ر چاوی ناگرن، خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکرێت.
[40]. Hamit Bozarslan, “Revisiting the Middle East’s 1979”, Economy and Society 41:4 (2012)pp. 558-67.
[41]. supra-territorial or trans-state
[42]. Bernard Rougier, Everyday Jihad: The Rise of Militant Islam among the Palestinians inLebanon (Cambridge, MA: Harvard University Press, 2009).
[43]. ئه‌و حیزبوڵایه نابێ له‌گه‌ڵ حیزبوڵای لوبنان که گروپێکی شێعه‌یه تێکه‌ڵ بکرێ.
[44]. mobilization andde-mobilization,
[45]. (primus inter pares) نووسه‌ر لێره‌دا له‌و ده‌سته‌واژه لاتینه که‌ڵکی وه‌رگرتووه که به مانای یه‌که‌م بوون له به‌رانبه‌ر به‌و که‌سانه‌ی که هه‌موو پێکه‌وه له‌یه‌ک ڕێزه‌دان؛ هه‌ر بۆیه به له‌به‌ر چاو گرتنی به‌ستێنی ده‌ق، مانای یه‌که‌م بوون زربه‌تێک له ناوه‌رۆکی ده‌ق نادات. (وه‌رگێڕ).
[46]. Cf. Hamit Bozarslan, “The Kurds and Middle Eastern ‘state of violence’, 1980s and2010s”, Kurdish Studies 2 (2014) pp. 4-13.
[47]. Cf. Nicole Watts, Activists in Office: Kurdish Ethnic Politics, Political Resources, andRepression in Turkey (Seattle, WA: Washington University Press, 2009).
[48]. Anthony Giddens, The Nation-State and Violence (Berkeley and Los Angeles, CA:University of California Press, 1987) pp. 46-7.
[49]. Spartan


