ئارامتر بخوێنەوە!
ئایینی سیاسی و ڕۆژانە لە کوردستان*
دیان ئی کینگ
و: ئەمین ئیبراهیمی
«هەر کەس ئایینی خۆی هەیە.» ئەمە دەستەواژەیەکە کە لە ماوەی دە جار لێکۆلینەوە لە سەر ئیتنۆگرافی لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی ١٩٩٥، و هەروەها لە سەفەرم بۆ ناوچەکانی تورکیە و سوریا کە زۆرینەیان کوردن، چەندین و چەند جار بیستوومە. کوردستان، ناوچەیەک لە چوار دەوڵەت لە خۆ دەگرێ کە کورد تێیدا زۆرینەن و هەروەها بە سەرزەمینی خۆیان دیاری دەکەن، هەم لە بواری ڕەنگینیی ئایینییەوە شوێنکی دەوڵەمەندە و هە لە بواری دژیەکی ئایینییەوە سەرسوورهێنەر. ئەم دەستەواژەیە ئاماژەیەکە بۆ کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان؛ لەم لێکدانەوەیەدا(گوتنی جۆراوجۆر هەن)، ئایین پەیوەندیدارە بۆ کۆمەڵگا فرە چەشنەکان. کاتێک لە خەڵکی زاخۆ، شارێکی بچووک لە ناوەڕاستی کوردستانم دەپرسی، ئامانج لەوە چیە، ئەوان پێیان گوتم کە ئەمە ئاماژەیە بۆ سێ باوەڕی ئیبراهیمی: ئیسلام، مەسیحیەت و یەهوودیەت. هەتا دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، زاخۆ حەشیمەتێکی بەرچاوی یەهوودیی هەبوو. ئەو بە شارێکی زۆرینە موسلمان ماوەتەوە، و هەروەها حەشیمەتێکی بەرچاوی مەسیحی و ئێزدیی هەیە. ئەم وتەیە ئاماژەیەکی زۆرە بۆ فرەیی، جۆراوجۆری و شوناس لە کوردستاندا. ئەمە پیشان دەدات کە شوناس ئەتنیکیە، بەڵام ئایین دەگەڕێتەوە بۆ شوناسی ئەتنیک-زمانەوانی: ئیسلام بۆ کوردایەتی، یەهوودیەت بۆ زمان و شوناسی ئارامیی نوێ، و هەروەها مەسیحییەت بۆ زمان و شوناسی ئارامیی نوێ. وا دێتە بەرچاو کە بە سەرنج دان بەوەی کە ناوچەکە پێشینەی پێکدادانی گرنگی ئایینیی هەیە، داواکردنی لێبوردەیی هەم پێویستە و هەم بۆ گوتن دەبێت.
لە پێش شەڕی جیهانیی یەکەمدا، بۆ چەندین سەدە کوردستان لە لایەن دوو ئیمپراتۆریی عوسمانی و فارسەکانەوە کۆنترۆل کرابوو. لە هەر دوو حاڵەتدا ئایین، (ئیسلامی سوننی لە حاڵەتی یەکەم و ئیسلامی شیعە لە حاڵەتی دووەمدا)، بەشێکی جیانەکراو لە ڕێژیم بوو و وەک تایبەتمەندییەکی سەرەکیی شوناسی نەتەوەیی کە کورد هەندێک جاران پەیوەندی ئارێشەدار یان ئەستەمی لەگەڵی هەبوو، پەرەی پێ درا. لەوەتەی سەرزەمینی کورد پاش شەری جیهانیی یەکەم، لە نێوان چوار دەوڵەت- عێراق، سوریە، تورکیە و ئێران- دابەش کرا، ڕوانگەی دەوڵەت بۆ ئایین زۆر ئاڵۆزتر بووە. زۆرینەی کوردەکان ئیسلامیی سوننین، هەروەها باوەڕدارانی کەمینەی گرنگ لەناو حەشیمەتی کورددا هەن. ئێزدیەتی ئایینێکی خۆجێی و یەکتاپەرەستە بە کۆمەڵێک باوەڕ و کرداری ئایینیی تایبەت بە خۆی کە لە مەلیک تاووسدا کۆ دەبێتەوە. ئەهلی حەق(کاکەیی) باوەڕیان بە وێنا کردنی چەند خودایی هەیە، کە بە لای زۆرینەی دراوسێکانییەوە بیرۆکەیەکی بەلارێداچووە. باوەڕەکانی عەلەوییەکان نزیکن لە باوەڕی ئیسلامی شیعە، بەڵام بەو جیاوازییەی کە ئەوانیش کەمیینەیەکی ئایینی پێک دەهێنن. هەروەها مەسیحیەکانی کاتۆلیک و شەرقی کەمیینەیەکی بەرچاوی ئایینی لە کوردستاندا پێک دەهێنن. لەو ئایدیالە کە لە زۆر خەڵکەوە بیستوومە و هەروەها لە زۆر کردار، پەیمانی کلتووری، و یاساکاندا ڕەنگی داوەتەوە، دەستە ئایینییەکان، بە شێوەیەکی جیا، لە باوکانەوە بۆ منداڵەکانیان گوازراونەتەوە. زمان و ئەتنیکیش هەروەها. ئەو سیستەمە ڕاستەوخۆیەی گواستنەوەی ئایین لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی دیکە، ئاماژە بە هەندێ گرووپی کەمینەی «ئەتنیکی» و هەروەها ئایینی دەکات؛ وەک لە حاڵەتی مەسیحیەکانی کاتۆلیک و ئۆرتۆدۆکسی کوردستان، حەتا ئەگەر هاو ئایینییان لە شوێنەکانی دیکە لەوانەیە گرووپێکی ئەتنیکی پێک نەهێنێت.
ئەندامەکانی ئایینە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بۆ چەندین سەدە بە یەکەوە ژیاون، هەرچەندە کە تێگەیشتنێکی کەمیان لە باوەڕەکانی یەکتری هەبووە. ڕق کێشەیەکە کە پسپۆڕانیشی گرفتار کردووە. جیاوازیی جۆری ئایین لە کوردستان بەربڵاو و بەرچاوە، کەدەبێتە بەربەست بۆ ئاسان گشتگیر کردن. لە کاتێکدا کە زانیارییەکی باش لە سەر ئایینی کوردستانی بەرهەم هاتووە، پێویست بە زیاتر دەکات.
رێگایەکی گوتنی بەشێک لە چیرۆکی ئایینی کوردەکان، چاو لێ کردنی وڵاتەکان بە شێوەی تاک تاکە. من بە دوو وڵاتی تورکیە و ئێران دەست پێدەکەم، شوێنێک کە ئەتنیکی کورد ئۆتۆنۆمیەکی کەمیان هەیە، و زۆربەیان کێشەیان لەگەل حکومەت هەیە.
لە تورکیە، بزووتنەوەیەکی بە هێزی سێکۆلار و نەتەوەیی کە لە لایەن دەستەبژێری ئەتنیکی تورکەوە بەرێوەدەچوو، نزیک سەدەیەک پێش ئێستا دوای ڕووخانی ئیمۆراتۆریی عوسمانی سەری هەڵدا. ئەو بزووتنەوەیە بە ڕێبەریی کەمال ئاتاتورک، بە نیاز بوو تاکوو تورکیە بکاتە وڵاتێکی مودێڕن، کە ئیسلامی سوننیی وەک دینی دیفاکتۆی دەوڵەت پاراست، بەڵام ئایین بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کرد. ئەوە بۆ دامەزراندنی « کۆمەڵگایەکی نوێ…… بە ڕێگای سڕینەوەی پێرۆزییەکان، سوڵتان، خەلیفە و ئیسلام، بە مەبەستی داواکردنی (دامەزراندن) دەوڵەتی خاوەن سەروەری لە چوارچێوەیەکی جۆگرافیی دیاریکراودابوو». لە کاتێکدا کە دوایین عوسمانییەکان و کۆمارییەکانی دەستپێکی دەوڵەتی تورکیە، هەندێ کات بە نیسبەت ئەندامانی کەمینەکانی غەیری موسلمان، جێنۆسایدیان ئەنجام دا، داوایان لە هاوڵاتیانی سوننی غەیری ئەتنیکی تورک، (کە زۆرینەی حەشیمەتی بریتی بوو لە کورد)، کرد کە دەست لە بەرجەستە کردنی جیاوازییە زمانی و ئەتنیکییەکان هەڵبگرن. بە شێوەی ئاشکرا و نائاشکرا داوا لە کوردە موسلمانە سوننییەکان کرا، تاکوو شوناسی ئایینیی خۆیان بپارێزن، بەڵام واز لە شوناسی ئەتنیکی-زمانیی خۆیان بهێنن. کوردە غەیری سوننییەکان، کە زۆرینەیان سەر بە شاخەی عیرفانی ئیسلامیی عەلەوین، کەوتنە ژێر گوشار کە هەم ببنە سوننی و هەم تورک. ئەمڕۆ کردارەکان، باوەڕ و شوناسی ئایینی لە نێو کوردەکانی تورکیە، هێشتا ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ یەکدەست کردنە. هەروەک ئەوەی کە بۆ خۆم لە تورکیە لە زۆر خەڵکم بیستووە، هەروەها بە باشی لە لایەن گرووپەکانی مافەکانەوە بەڵگەمەند کراوە. تورکیە هێشتا شوێنێکی سەختە بۆ باوەڕەکانی غەیری ئیسلامی سوننی. بۆ نموونە بەم دواییانە، هیۆمان ڕایتس واچ، ئاماژە دەکات کە لە ساڵی ٢٠١٤ بڕیاری دادگای ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەسەر دۆسیەی مەنسوور یالچین و ئەوانی تر لە بەرامبەر ڕێنمایی ئیجباریی ئایینی تورکیە لە قۆتابخانەکان، ئەوە دەردەخات کە « تەرکیزی لە ڕادەبەدەر لە سەر ئیسلامی سوننی» کراوە. دادگا بڕیاری دا بە تورکیە کە ڕێگە بدات خوێندکارەکان لەو پۆلانە ببەخشرێن(مەعاف بکرێن). بۆ کوردەکان لە تورکیە، شوناسی ئایینی و ئەتنیکی لە مێژە تێکەڵ بوون یان لە دژایەتی دان. ئەوان بە رێژەیەکی زۆر لە یەک جیا نەکراون.
لە ئێران، بەشێکی بەرچاوی کوردەکان سوننین، هەرچەند ڕێژەیەکی بەرچاو شیعەن یان ئەندامی کەمینەی ئایینیی بچووکترن. زۆربەی ئەندامانی ئەتنیکی زۆرینەی فارس شیعەن. بەشی زیاتری سەدەی بیست، دەوڵەت، هاوشێوەی کەمالیستەکان «مودێرنیزاسیۆنی» پەرە پێدا. دەوڵەت بەردەوامیی بە چەسپاندنی شیعە دا، هەر وەک عوسمانیەکان لەگەل سوننیدا کردیان، بەڵام پشتی بە ئایین نەبەست وەک لایەنی سەرەکیی شوناسی نەتەوەیی کە دەیەویست دابمەزرێنێت. هەرچەندە، لە ساڵی ١٩٧٩وە، دەوڵەتی ئێران دیکتاتۆرییەکی ئایینیی شیعە بووە. هەر بۆیە، زۆربەی کوردەکان لە ئێران، وەک کوردە عەلەوییەکان لە تورکیا، کەمینەی ئەتنیکی و ئایینین، و زۆربەی کوردەکانی ئێران وڵامی کۆنترۆڵی توندی دەوڵەتیان بە شۆڕش داوەتەوە- تا ئێستا بە بێ هیچ سەرکەوتنێک. کوردستانی ئێران ناوچەیەکە کە کەمترین ڕێژەی بورسی خوێندن بۆ بواری ئایینی و دینداریی هەیە.
عێراق و سوریا ئێستا دوو وڵاتن بە حەشیمەتێکی بەرچاوی کورد کە ناوچەکانیان بە شێوەیەکی زۆر لە ڕێگای ئەتنیکی کورد و بە زمانی کوردی ئیدارە دەکرێن. هەرێمی کوردستانی عێراق ناوچەیەکی دیفاکتۆی سەربەخۆ لە بەغداد بوو لە ساڵی ١٩٩١ تا ٢٠٠٣، هەروەها بە شێوەیەکی یاسایی لەو کاتەوە ئۆتۆنۆمە. لە ماوەی ئەنجامدانی توێژینەوەم لە ساڵی ١٩٩٥وە، تەماشای بەرەوپێشچوونەکانی ڕێکخراوەکانی ئەو هەرێمەم دەکرد، هەروەها ئەوە ڕێکخستنی ئایینیش لە خۆ دەگرێت. هاووڵاتیانی هەرێم هاووڵاتیی عێراقن، بەڵام لەبەر ئەوەی کە پێویستە هەموو هاووڵاتیانی عێراق، شوێنی نیشتەجێ بوونی فەرمی و دان پێدانراویان هەبێ، کە تەنیا لە ڕێگای کاری ئیدارییەوە دەکرێت بگۆڕدرێت؛ هاووڵاتیانی کوردستان ئەو هاووڵاتیە عیراقییەن کە بەڵگەنامەکانی فەرمی دەوڵەت ـ بەڵگەنامەی لە دایک بوون، کارتی نیشتمانی، پێناسی شۆناسی دەوڵەت ـ نیشتەجێ بوونی فەرمییان لە هەرێم و هەروەها لە هەندێ حاڵەتدا ئایینی تاک پشت راست دەکەنەوە) لە سەرەتای دامەزرانی نافەرمیی هەرێمەکە لە ساڵی ١٩٩١دا، کوردستانی عێراق (کە زۆربەی دامودەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتەکان پێی دەڵێن «باکووری عێراق») وەک دەوڵەتێکی تایفی ڕەفتاری دەکرد: « باکوور هەروەها یاسای بنەماڵەییی خۆی هەیە، کە بە پێی ئایینی تاکەکان بەرێوەدەچێت. ئەوە گەرەنتیی ئەوە دەکات کە مەسیحییەکان گوێڕایەڵی یاسای ئیسلامی نین.»
لە سوریا، شوێنێک کە لە ساڵی ٢٠١٢وە کیانی زۆرینەی کورد بە شێوەیەکی بەرچاو خاوەن سەروەیی کردارییە ، بە پەسندی نابەدڵی ڕێژیمی ژێر گوشاری ئەسەد، دەتوانرێ بگوترێت کە تاقیکردنەوەیەکی ئایینی، لە چوارچێوەی کۆمەڵێک ئەزموونی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ڕوو دەدات. ئەو کیانە کە وەک ڕۆژئاوا ناسراوە، بە ڕێگای بە هێزترینی حیزبە سیاسییەکانی ئەوێ، یەکینەکانی پاراستنی گەل، پەیەدە بەرێوە دەچێت. پەیەدە ئیدعا دەکات کە لە بواری ئایینییەوە یەکسان گەرایە، ئیجازە بە ئەوانەی ژێر کۆنترۆلی خۆی دەدات تاکوو ڕوانگەی ئایینیی خۆیان هەڵبژیرن یان نە. ئەزموونی پەیەدە نوێیە و هەروەها لاوازە لە بەر ئەوەی کە لە زۆر ڕوویەوە دەرەنجامی شەڕی ناوخۆییی سوریایە کە ئیستاش بەردەوامە. وەک سەردانکەرێک بۆ ناوچەکە چەندین جار لە کۆتایی ١٩٩٠کان و سەرەتای ٢٠٠٠، زۆر نیشانەی ڕێوڕەسمە ئایینییەکانم بینی. وەک بەشداری لە مزگەوت بە بەشداریی ڕێژەیەکی بەرچاوی پیاو. هەرەها زۆر نیشانەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە هەبوون: بۆ نموونە لە شاری قامیشلوو، کوردی سوننیی موسلمان و سریانیی ئۆرتۆدۆکس پێکەوە دەژیان وەک دراوسێ و دۆست. ئەو جۆرە دیمەنانە لە ئێستادا، شتێکن پەیوەست بە ڕابردوو لە زۆربەی سوریای شەڕلێدراودا. هەرچەندە پەیەدە بە پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤ تومەتبارە، ڕۆژئاوا هێشتا ئابروومەندیەکی هەیە وەک پەناگەیەک بۆ ئاوارەکانی کەمینە ئایینییەکان. ئەگەر چی ئایدۆلۆژیای پەیەدە، ڕیشەی لە مارکسیزمە، ئاتائیستێکی (بێ باوەڕ) لاوازە، لەم دواییانە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی نووسینەکانی تیۆری ناسی سیاسی، مۆرای بۆکچین و لە ئێستاوە پشتیوانی بۆ لێبوردەییی ئایینی زیاترە لە بێ باوەڕی.
فرەییی ئایینی، مافەکان و دەوڵەت لە کوردستان
کوردستان شوێنێکە کە بە خوێنی ڕژاوی جێنۆسایدەکانی ڕابردوو کە لە لایەن گرووپە جیاوازەکانەوە دژی دراوسێکەیان ئەنجام دراون نەخشاوە. لە دەیەکانی دواییدا کوردەکان زیاتر قوربانی بوونە، بەڵام هەندێ جار تاوانبار بوونە، بە تایبەتی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، وەک ئەو کاتەی هەندێ عەشیرەتی کورد لە جێنۆسایدی ئەرمەنییەکاندا هاوکاریی عوسمانییەکانیان کرد. هەرچەندە، دەمەوێ مشتومڕی ئەوە بکەم لە ئێستادا کوردستان ئیدعایەکی ڕەوای وەک شوێنی لێبوردەیی بەرچاوی ئایینی هەیە کاتێک کەسێک ڕێژەی بەرزی لێبوردەیی ئایینی لە نێوان دراوسێکانیدا دەبیتێتەوە. بە تایبەتی لە ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەندامانی کەمیینە ئایینییەکان لە ناوچەکانی دەوروبەر، ئاوارەیان بوونە. زۆربەیان لە ترسی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسروا بە داعش) ڕایان کردووە، کە لە ٢٠١٤وە خەلافەتی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای عێراق هەبوو. لە کاتی ئەم نووسینەدا، سەرزەمینی داعش شاری گرینگی موسل لە خۆ دەگرێ، کە ڕێژەیەکی زۆر حەشیمەتی کوردی هەیە. ئەوانی تر لە تۆندوتیژی تایفی و تۆندتیژیی زەوی سووتاو ڕایان کردوووە. لە کاتێکدا کە زۆربەی ئاوارەکان لە هەلومەرجی ئابووریی نۆمێدانەدا دەمێننەوە، زۆربەی خەڵک کە نوێنەری شۆناسی کۆیی جیاوازن، لە هەرێمی کوردستان لە ژێر ترسی تۆندوتیژیدا نین.
سەرەڕای ئەوەش، لانیکەم لە ٢ بەش لە ٤ بەشی کوردستان، گۆڕینەوەی ئایینی بە گوێرەی شوێنەکانی دیکە، لێبوردەییی زیاتری لەگەل دەکرێت. لە وڵاتانی زۆربە موسلمان، بەوە ناسراون کە گۆرینەوەی ئایین لە ئیسلامەوە زۆربەی جاران سووکایەتیی پێ دەکرێت و لە خراپترین حاڵەتدا سزای مەرگی هەیە (وەک عەرەبستانی سعودی)، کە ئەمەش پێشێل کردنی ماددەی ١٨ی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤە (ئەنجومەنی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ١٩٤٩). هەر چۆنێک بێت، من سەردانی چەندین کلیسای مەسیحییەکانی پرۆتستان لە تورکیە و کوردستانم کردووە، کە حەشیمەتیان بە زۆری ئەوانەن کە لە ئیسلامەوە هاتوون. چەندین دەستەی وا تا ڕادەیەک کۆبوونەوەی نهێنی دەکەن، لانیکەم لە دوو حاڵەتدا کلیسا بینا و ماڵپەری خۆی هەیە کە هیچ هەوڵێک بۆ شاردنەوەی هەبوونی خۆی نادات. حەتا لەو حاڵەتانەدا، من لەو کەسانەی کە لە گەل کلیسا تێوەگلاون فێر بووم کە هەندێک کەس لە پێگەیاندا هەست بە مەترسی دەکەن لە لایەن ئەندامانی جیاوازی کۆمەڵگا یان بنەماڵەیان. هەرچەندە، ئەوان هەست بە ئاسوودەیییەکی تەواو دەکەن لە پەرەستنی ئازادانە تاکوو ئەوەی لە نهێنیدا ئەو کارە بکەن. کلیساکانی پێکهاتوو لە ئایین گۆڕاوان لە ناوچە زۆربە موسلمان نشێنەکانی جیهاندا دەگمەنن، و من لەو باوەڕەدام ئەوە گرینگە کە بە لانیکەمەوە هەردوویان بە ڕێژەیەکی کراوە (ئازاد) لە کوردستاندا بوونیان هەیە.
سەرەڕای ئەوەش، گرووپە جۆراوجۆرەکان کە خۆیان بە شێوەیەکی سەرەتایی لە دەوری شوناسی تایفی یان ئەتنیکی ڕێکخستووە، هاوپەیمانیی خوازیارییان پێک هێناوە و لە ناوی لکاوی تایبەتی ئەتنیکی یان ئایینی دوور کەوتوونەتەوە. بۆ ناوبردنی نموونەیەکی پێشتر، هاوپەیمانیی سیاسی کە لە ساڵی ٢٠٠٤دا، لە نێوان حیزبە سیاسییە جیاوازەکاندا پێکهێنرا، ناوی خۆی نا «هاوپەیمانیی کوردستانی» نەک «هاوپەیمانیی کوردی» یان «هاوپەیمانیی کوردستان.» ئەو هاوپەیمانییە دوو گەورەترین و کۆنترین حیزبەکان واتا یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دێموکراتی کوردستانی لە خۆی دەگرت. هەروەها حیزبە تایفییەکانی وەک یەکیەتیی دێموکراتیکی کەلدانی، حیزبی نەتەوەییی ئاشووریەکان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و هەروەها حیزبە ئایدۆلۆژیکییەکانی وەک پارتی کرێکارانی کوردستان، بزووتنەوەی ڕەنجدەران و وەرزێرانی کوردستان لە خۆ دەگرت.
ئەو کراوە بوونە ڕێژەییە زیاتر سەرنج ڕاکێشە، لە کاتێکدا کە مافە ئایینییەکان لە هەموو بەشەکانی تری کوردستان هێشتا سنووردارن. هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لانیکەم شوناسی ئەتنیکی و ئایینیی هاووڵاتیانیان لە هەندێ لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی حکوومەتدا تۆمار کردووە. لە ئێران، عێراق و سوریا، لەو شوێنەی کە لە دایک بوون و هاووڵاتی بوونی منداڵ تۆمار و ناونووس دەکرێت، دەستەبەندیی منداڵەکان ڕاستەوخۆ لە باوکیان وەردەگیرێت. هەربۆیە بابەتەکانی ئەتنیکی و ئایینی دان پێدانراو لە لایەن دەوڵەتەوە، ئازادانە هەڵنابژێردرێن و وەلانانرێن، بەڵکۆ لە کاتی لە دایک بوونی تاکدا دیاری دەکرێن. ئەوان لەوانەیە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگای ئەو پیاوەی کە بۆ یەکەم جار ناوی بۆ بەڵگەکانی هاوڵاتی بوون تۆمار کراوە، دیاری بکرێن، بەڵام بە ڕێگای نەسەبی باو و باپیرانیان دیاری نەکراون. ئەم بابەتە هەم لە رێکاری یەکە ئیدارییەکان و هەم لە لایەن زۆر تاکەکان دەبینرێن کە پێشانیان داوم و تا ڕێژەیەکی زۆر نەگۆرن. بۆ نموونە، لە عێراق هەموو هاووڵاتیان بە شێوەیەکی یاسایی بە پێی یەکێک لە ئایینەکانی دان پیدانراو لە لایەن دەوڵەتەوە دیاری کراون، کە ئیسلام، مەسیحییەت، ئێزدی، و هەروەها پەیرەوانی هەندێ ئایینی بچووک لە خۆ دەگرێت. گۆرانکارییەکانی ئەم دواییەی یاسای بنەڕەتیی عێراق، کە لە چوارچێوەی داگیرکردن و شەر هاتنە ئاراوە، ڕۆلی تایفە ئایینییەکانی وەک شیعە، سوننی و ئاشوورییەکانی، لە حاڵەتی تاکەکەسیدابە شێوەیەکی نادیار و کۆتایی پێ نەهاتوو، لە بواری یاساییەوە دیاری کردووە، بەڵام هیچ یاسایەک ئەو گریمانەیە کە لە یاسادا لە ساڵی ١٩٢٠ ەوە هەیە ڕەت ناکەتەوە: کە هەموو هاووڵاتیان سەر بە یەک لە ئایینە دان پێدانراوەکانی عێراقن. دەوڵەتی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە، چەندین بەڵگەنامەی هاووڵاتی بوون بۆ هاووڵاتیانیان دەردەکەن. بە دوای بەڵگەی لە دایک بوون، هاووڵاتیی عێراق پێویستە پێناسی نەتەوەیی، پێناسی بواری کۆمەڵایەتی، و هەروەها کارتی نیشتەجێ بوون وەربگرێت. سەرەڕای ئەوەش، لە ١٩٩٠کاندا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەرکی سەرەکیی دەزگایەکی ئاماری بەڕیوەبرد کاتێک ( لە تیۆریدا) هەموو عێراقییەکانی لە بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراکدا تۆمار کرد، کە بەشێک لە ئابلۆقە نێودەوڵەتییەکانی دژی ڕێژیمی سەدام حوسێن لە عێراق بوو. بۆ هەر تاکێکی تۆمار کراو کارتێکی پێناسی بەشی خۆراک دەرکرا و ئەوە وەک چوارەمین بەڵگەی سەڵماندنی شوناسی دەوڵەت ئەژمار دەکرا. نەسەبی ئایینی بە چەندین ڕێگا لە لایەن ئەو بەڵگەنامانەوە پشتڕاست دەکرێتەوە. ڕێنماییی عێراق بۆ کاروباری کونسولی لە دەرەوە بە ئاشکرایی دەڵێت: «زانیاریی بواری کۆمەڵایەتیی منداڵ، سەلمێنەری شوناسی بواری کۆمەڵایەتیی باوکە.»دەوڵەت ئایین (و لە هەندێ حاڵەتدا تایفە)ی تاک بە پشت بەستن بە بەڵگەنامەکانی باوک دیاری دەکات. هەر بۆیە لە چوارچیوەی ئیداریدا، دەوڵەت پشتگیریی دەستەیەکی بەرفراوانی چەمک و ڕێکەوتنەکان دەکات کە ڕەگەزی باوک پێک دەهێنن، شێوەیەک بۆ تێگەیشتنی پەیوەندیی خزمایەتی کە بە قازانجی پیاوە و بەشداریی دایک لە دیاریکردنی شوناسی تاکدا کەمڕەنگ دەکاتەوە. لە بیرۆکەی ڕەگەزی باوکدا، بە تایبەت لەو فۆرمە بەرتەسکەی کە لە کوردستاندا هەیە، ئەسڵ و نەسەب، ئایینێکی هەیە کە گەورەترە لە ئایینی تاک. بە بڕوای من، ئەو شتە دوور دەکەوێتەوە لە شڕۆڤە کردنی نەبوونی بژاردەی ئایینی و ئازادی کە لە ناوچەکەدا بە گشتی هەیە.
لە ڕووی کەلامییەوە، ئایین لە کوردستاندا بە ڕێژەیەکی زۆرتر لە شوێنەکانی دیکەی جیهان باوکانە بووە. لە کوردستان هەر دوو گرووپی مەسیحی و سۆفیی موسلمان کە چاوەڕوان دەکرێت تەرکیز لە سەر بواری ڕۆحی لە جیاتی جێنشینیی بیۆلۆژیکی بکەنەوە، پێشینەیەکی درێژیان لە دانپێدانان بە جێنشینیی بیۆلۆژیکیی پیاو لە سەرکردایەتیی کردنیاندا هەیە. من ئەوە وەک داهێنانێکی بەرچاو لە هەردوو ئایینەکەدا دەبینم. لە مەسیحییەتدا کە لە کوێستانەکانی کوردستان لە ڕێگای مەسیحییە نەستورییەکان(ئەمرۆ بە ئاشووری ناسراون) بەرێوە دەبردرێت. گواستنەوەی جێنشینی قەشە لە نەسەبی باوکەوە دەگوازرێتەوە. مەسیحییەت بۆ بابەتەکانی پەیوەندیدار بە جێنشینی قەشە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەڵام لە زۆربەی کاتەکان و شوێنەکان، جێنشینی زیاتر بە مەعنەوی ئەژمار کراوە تاکوو بیۆلۆژیکی. هەرچەندە، بۆ چەندین سەدە لە هێلی گواستنەوەی قەشەی باوکێتی ئاشوورییەکان (مار شەمعوون)، بابەتی مەعنەوی و بیۆلۆژیکی تێکەڵ کراون. لە ئیسلامدا نموونەیەکی هاوشێوە لە کوردستاندا هەیە. ئیسلامی سوفی کە عیرفانییە، زیاتر لە سەر کردارەکان و کەسایەتیی ڕۆحی و ئەو شتەی کە بۆ ئاشکرا کردنی بواری خودایی بە کار دێت تەرکیز دەکات. وا دێتە بەرچاو کە ئەم خاڵە دوورە لە بیۆلۆژیکی ڕەگەزی باوکانە. هەر چەندە وەک ڤان برۆنسێن ئاماژە پێدەکات: «لە کاتێکدا کە نەقشبەندی-خالیدییە بە خێرایی لە هەموو کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە لە سەدەی ١٩دا بە هۆی بەکارهێنان زانایانی کاریگەری خۆجێی وەک خەلیفە؛ تۆڕەکانی شێخەکانی قادری (بە تایبەتی بەرزنجی) بە شێوەی بنەماڵەیی ماونەتەوە کە لقی بنەماڵەییان لە شوێنە جیاوازەکان، وەک دەسەڵاتی سەرەکیی ڕۆحی، بە هەبوونی ڕێژەیەکی کەم یان نەبوونی بێگانە لە پۆستە گرینگەکاندا، دامەزراند.» وەک کەسایەتیی دەسەڵاتداری ئایینی، شێخەکان (سەرکردەی سۆفییەکان) نیشاندەری ئەو هێزە بوون کە بە قووڵایی لە پێکهاتەی کۆمەڵگادا ڕەگی داکوتابوو، بەڵام لە هەمان کاتدا دەیانتوانی داهێنەر بن. بە پێی پێناسە، سەرکردەی سۆفی داهێنەرێکی کەلامیە یان لە بنەچەی ئەوانە. هەر بۆیە، شێخەکان پیش ئێستا ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتییان داگیر کردووە کە بە ئاسانی دەتوانرێت بۆ بوارەکانی تر بگوازرێتەوە، وەک بواری عەشیرەتی و ناسیۆنالیستی. سوورانەوەیەکی دی لە بواری ئەوەی کە دەتوانێ تەنیا لە چوارچیوەی ڕۆڵێکی ڕۆحی دا بمێنێتەوە.
ئایینی ڕۆژانە لە کوردستان
کوردستان شوێنێکە کە بۆ زۆربەی خەڵک پەیوەندی و وەستان سەبارەت بە خودا، تۆخمێکی بەهێزی ژیانی ڕۆژانەیانە. من تێگەیشتم کە زۆربەی ژنەکان باوەڕیان بە جنە، ئەو ڕۆحەی کە دەتوانێ لە بەشێک لە ماڵ یان شوێنی تر بژیێت. من سەبارەت بە ئەوەی کە جن دەتوانێت ئەنجام بدات، شوێنێک کە مەیلیان هەیە کۆ ببنەوە ( وەک ئاودەست) و هاوشێوە، قسەی زۆرم یبیستووە. زۆربەی ئەو ژنانە، نوێژی موسڵمانەکان بە وەفادارییەوە، ٥ جار لە ڕۆژدا جێبەجێ دەکەن. توێژینەوەی من بۆ دەیەی ڕابردوو لەم بنەماڵانە لە شار و گوند ئەنجام دراوە. هەرچەند کوردستان ڕێبەری ئایینیی زۆری هەیە، بە ڕای من باوەڕەکان سەبارەت بە خودا، بە هەمان ڕێژەی پیاوانی خاوەن کەریگەری لە لایەن خەڵکی ئاساییەوە (لە خوارێ بۆ سەرەوە) پەرەی پێ دەدرێت. رووبەرووبوونەوە لەگەڵ یەکێک لە دووکانداران لە زاخۆ هەندێ ئالۆزییەکانی ئایین لە کوردستان شڕۆڤە دەکات. لە ساڵی ٢٠٠٨ دا من لەگەڵ ئەو ژنەی کە لە ماڵیان دەمامەوە چووین بۆ کرینی شت، و چووین بۆ کتێبخانەیەک. نەخشەیەکم لەوێ کڕی، و هاوڕێی من سووڕایەوە و گوتی کە ئەو ڕای باشی لە سەر ئەو دووکانە تایبەتە نییە. ئەو شتەی گەڕاندەوە بۆ چەند مانگ پێشتر کە هەوڵی دابوو سیدییەکی تایبەت کە خوێندنەوەی قۆرئان لە خۆ بگرێت بکرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، خاوەن دووکانەکەی پێی گۆتبوو کە حکومەت ئەو سیدییە تایبەتەی قەدەغە کردووە چونکە نە تەنیا خوێندنەوە، بەڵکوو تەفسیریشی تێدابووە. ژنەکە بە تۆرەییەوە گوتی؛ «ئەوان گوتیان کە قەدەغەیە تەفسیری قۆرئان بکرێت. ئەوە زۆر تووڕەم دەکات!»بە هەستەوە وای گوت.
ئەو گفتوگۆیە کاتێک هاتبووە ئاراوە کە عێراق لە لایەن ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، بریتانیا و هاوپەیمانەکانیان داگیر کرابوو، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە بزووتنەوەیەکی ئیسلامی کە بە گوێرەی کات ببووە دەوڵەتی ئیسلامی، هەوڵی لاوازی گرتنە دەستی دەسەڵاتی، دەدا. ئەوە بەشی زۆری لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان ڕووی دەدا، بەڵام لە میانەی دوو سەردانم لە ساڵی ٢٠٠٨، من بە بەردەوامی ئاماژەکان بە ئیسلامییە تۆندئاژۆکانم دەبیست، کە هەموویان لێی دەترسان، و هەروەها لە چەندین خاڵی پشکنین، دیوارەکانی تەقینەوە و هەروەها کارەکانی هاوشێوە کە هەرێمی کوردستان ئاسایشی زۆر جددی گرتبوو بە دیار دەکەوت. و هەوەها بەم حاڵەشەوە، وا نەدەهاتە بەرچاو کە هاوڕێکەم، لە نێوان ئەو کاڵایە کە دەیەویست بیکڕێت و هەرەشەی ئیسلامیە تۆندئاژۆکان، پەیوەندییەک ببینێت. بە ڕای ئەو، حکوومەت بە سادەیی لەگەڵ گوشارێکی قورسی نا پێویست ڕووبەڕوو بوو، کە هەوڵەکانی بۆ بە جێ گەیاندنی ئەرکە ئایینییەکانی ڕۆژانە ڕایدەگرت.
لە بۆنەیەکی دیکەدا، لە گوندێکدا تەماشای چەندین ژنم دەکرد کە بۆ ئامادە کردنی نانی نیوەڕۆ خەریکی ئامادە کردنی بەرخێکی تازە بوون، کاتێک یەکێک لەو ژنانە سەبارەت بە ڕووداوێکی ڕابردوو لە سەر قازێک قسەی بۆ کردم:
کاتێک لێرە لە گوندەکە بووین و زۆر زۆر برسیمان بوو. یەکێک لە پیاوەکان قازێکی سەر بڕی. بەڵام ئەو کارەی دروست ئەنجام نەدا، هەر بۆیە ئەو بۆ خواردن حەرام (رێگە نەدراو لە ئیسلام) بوو. ئێمە هەموو ژنەکان بەو هۆیەوە ڕەتمان کردەوە کە بخۆین. بەڵام پسمامەکانمان ( کوڕەکانی برای باوک، ئەو ئامۆزایانە کە لە هەمان بنەماڵەن) گوتیان کە بۆیان گرینگ نییە، هەر بۆیە بۆ ئەوانمان لێنا و ئەوان خواردیان. کاتێک ئەوان خواردنەکەیان دەخوارد گاڵتەیان بە ئێمە دەکرد، لێوەکانیان دەسرییەوە و دەیانگوت چەندە بە تام و چێژ بوو. بەڵام ئێمە سوور ماینەوە، لەبەر ئەوەی کە ئێمە نامانەوێت وەک ئەوان یاساکانی شەرع پێشل کەین. من لەو باوەڕەدام کە ئێمە ژنەکان بەراوەرد بە پیاوەکانی خزممان دیندارترین.
ئەو وێناکردنە، جیاوازیی شیمانەیی لە ڕێژەی دینداری نێوان ژن و پیاو شڕۆڤە دەکات، کە لە شوێنێکی تردا ئاماژەم پێ کردووە. ئەوە هەروەها کاریگەریی ئایین لە کرداری ڕۆژانەدا شڕۆڤە دەکات. هەر وەک ئەو ژنەی ئەو چیرۆکەی بۆ گێڕامەوە، ژنەکانی تر گێڕانەوەی ئەویان پشتڕاست کردەوە، بە تەرکیز کردن لە سەر ئەوەی کە ئەوان لە حاڵەتێکی برسێتیی ناراحەتدا بوون. ئەوان کاتێک کە چیرۆکەکەیان بۆ دەگێڕامەوە، دوایی پێدەکەنین، بەڵام ئەوە ڕوون بوو کە ئەو ئەزموونە ئەوەندە پێکەنیناوی نەبووە.
ئایین، دوورخستنەوە و گەرانەوە
مێژووی شێواوی کوردستان، کە بەشێکی گرینگی سەروکاری لەگەڵ پێکدادانی ئایینی هەیە، بووەتە هۆکاری کۆچڕەوی زۆر. کۆچی لێشاوی مەسیحییەکان ـ ئەرمەنییەکان، کلدانییەکان، وئاشوورییەکان ـ لە سەدەی نۆزدەیەمدا، بە دوای هێرشی حکومەتی عوسمانی، عەشیرەتەکانی خۆجێیی کورد و ئەوانی تر، دەستی پێکرد. دیترۆیت، میشیگان ناوەندێکی سەرەکیی کۆچبەرانی مەسیحیی عێراق و هەروەها کوردستانە؛ هێشتا مەسیحییەکانی عێراق پییان گوتم کە ئەوان بە دیترۆیت دەڵێن «تلکێفی نوێ» شارێک لە کەناری هەرێمی کوردستانی عێراق لە نزیک موسل. خەڵکی کورد بۆ ماوەیەکی کەم وەک ئاوارە و پەناهەندەی سیاسی دەگوازرانەوە بۆ ڕۆژئاوا، بەڵام ئارەزووە سەرەتایییەکانی ئاوارەییی کوردەکان، لەوانەیە بە باشی لە ڕێگای مەسیحییەکانی دوروبەری ئەوانەوە پەرە پێدرابن. شارە سەرەکییەکانی کوردەکان لە دەرەوە وەک نەشویل، تێنێسی و سان دێیگۆ، ئێستا مزگەوتی کوردییان هەیە.
دیاردەی پەناهەندەیی لە کوردستان، بە پێکدادانە ئایینییەکان دەستی پێکرد و ئەو پێکدادانانە تا ئێستاش هۆکاری سەرەکییە بۆ گەڕانی خەڵک بە دوای ژیانی باشتر لە شوێنەکانی تر. مێژووی ئەم دواییانە نیشان دەدات کە گەڕانی ئاوەها بەردەوامن. لە کاتی ئەم نووسینەدا، ئەڕتەشی عێراق و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی، خەریکە نزیک موسل دەبنەوە، ئامادەکاری دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی لە دەوڵەتی ئیسلامی. ئەوە بە ئەگەری زۆر شەڕی خوێناویی توند لەخۆ دەگرێ کە خەڵکێکی زۆر ڕزگار دەکات، کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لە بەند و کۆتدا تێپەڕیان کردووە؛ بەڵام هەروەها شەپۆلێکی نوێ پەناهەندەی ئایینی بۆ کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەری بەرهەم دەهێنێت. ئەوان دەگەنە هەزاران ئاوارە کە لە ساڵی ٢٠١٤وە ڕایان کردووە. بەشێکی زۆریان ئێزدییەکانی شەنگالن (سینجار)، کە دەوڵەتی ئیسلامی ئەوانی کردە ئامانجی تۆندوتیژیی جێنۆساید. لە ساڵی ٢٠١٦دا لەگەڵ ئێزدییەکان و موسڵمانە کوردەکانی زیندوو ماو لە هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ شەنگال و موسل لە سالێ ٢٠١٤دا چاوپێکەوتنم کرد. لە ناوچەی ئەمن لە هەرێمی کوردستان، ئەوان شڕۆڤەی دەورلێدانیان کرد، تەماشای دۆستان و خزمەکانیان دەکرد کە دەفڕێندران و دوور دەخرانەوە، و هەروەها دەگوازرانەوە بۆ ناوچەکانی دیکە کە ئەوان لەوێوە ڕایان کرد بۆ هەرێمی کوردستان. ئەوان ئەزموونی تاڵیان دەگێڕایەوە. پیاوێکی پسپۆری پزیشکی، دەیگێڕایەوە کە مەجبور کرا بە چاودێریی پزیشکی شەڕکەرانی دەوڵەتی ئیسلامی. هەر یەک لەوان کەسانێکیان دەناسی کە لە کاتی فڕاندنیانەوە هیچیان لێی نەبیستووە، و ئەوە ئاشکرا بوو کە دەترسان لەوەی ئاخۆ ئەوان بە شێوەیەکی ترسناک دەژین یان مردوون. ئەشکەنجەگەرانی داعش ئیدعایان دەکرد کە ڕەنجی ئەوان بە هۆی هۆکاری ئایینییە: لەبەر ئەوەی کە ئەوان بە کافر بە ئەژمار دێن.
راپۆرتەکان و ڕادەربڕینەکانی ئەم دواییەی میدیاکان و تۆرە کۆمەڵایەتیەکان، لەو بروایەدان کە هەندێ گرووپ لە کوردستان، بە تایبەتی ئێزدییەکان و مەسیحییەکان، بە زوویی لە ناو بچن. هەرچەندە، ڕای من بە تێبینییەوە خۆش بینانەیە.لە مارسی ٢٠٠٢دا، لە کاتێکدا کە لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرۆیشتین، ماشێنەکەمان لە نزیک گوندێکی مەسیحی ڕایگرت کە لە دوای هەڵمەتی کۆشتن و کەمپەینی وێران کردنی گوندەکە لە ساڵی ١٩٨٠ەوە بنیات نرابوویەوە، لەوانەیە دەورەی تاریکی مێژووی کوردستان ئەو کاتە بێت. بە دیتنی منداڵان و گەنجان لە کەنار جادەکە، ئێمە ماشێنەکەمان ڕاگرت، لە حاڵیانمان پرسی و پرسیمان کە ئەوان چۆنن. ژنێکی گەنج کە چاوی لێکردین قاقا پێکەنی و هەروەها بە تۆنێکی شادەوە گوتی، «ئێستا باشە. هەموو کەس دەگەڕێتەوە.» پرسیارم لێ کرد «لە بەغداد؟» بە خۆشحالیەوە وڵامی دایەوە «نەک تەنیا لە بەغداد.» « لە هەموو جیهانەوە!»
هیوام ئەوەیە کە لە کورت مەودادا، ئەو وڵاتانەی کە سەقامگیرن و توانای وەرگرتنی خەڵکی ڕاکردوو لە تۆندوتیژییە کۆییەکانی ناو و دەوروبەری کوردستانیان هەیە، ژمارەیەک ئاوارە و پەناهەندەی ڕوو لە زیادبوون وەرگرن. هەڵومەرجی ئیمرجێنسیی مرۆڤدۆستانە ئەو شتە دەخوازیت و داوا دەکات. بەڵام لە درێژ مەودادا، سەرەرای شەپۆلەکانی ترسناکی توندوتیژی، کە زیاتر چوارچێوەیەکی ئایینییان هەیە، هیوام ئەوەیە کە وشەکانی ئەو ژنە گەنجەی کەناری جادە، لە لایەن ئاوارەکانی گەڕاوە لە کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەری، دووبارە بگوترێتەوە و ئەو مەیلە بۆ لێبوردەییی ئایینی کە ئێستا لە هەندێ بەشی کوردستاندا دەبینرێت، هەم لە بواری مەودا و هەم جۆگرافیەوە پەرە پێ بدرێت. ملیۆنان کەس ئێستا لە مەترسیی جێنۆساید، چەوساندنەوە و زاڵ بوونی ئاییندان. پێشبینی دەکەم کە کاتێک ڕزگاربووان لە دەست دەوڵەتی ئیسلامی ئەو دەرفەتەیان هەبێ و بە دەنگدانەوەی ئەو جنایەتانە کە بینراون و بە دوای ڕێز گرتنی قوربانییەکانن، ئەوان کۆمەڵگایەک بنیات دەنێن کە پەرە بە لێبوردەیی لە ئاراستەی نوێدا دەدات.
*. The Kurdish Question Revisited
Edited by Gareth Stansfield and Mohammed Shareef
PART 1: REFLECTIONS ON DEBATES OF IDENTITY AND NATION
- Political and Everyday Religion in Kurdistan – Diane E. King (University of Kentucky)


