ئارامتر بخوێنەوە!
تێگه‌یشتن له ئیسلامی سیاسی*
دالیبۆڕ ڕۆهاک
و: هێما کوردستانی
تۆنی بلێر، سه‌رۆکوه‌زیرانی پێشووی به‌ریتانیا، ئه‌مساڵ وتی: هه‌ڕشه‌کانی ئیسلامی توندئاژۆ له په‌ره‌سه‌ندندایه و خه‌ریکه سه‌رانسه‌ری دنیا بته‌نێته‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ناسه‌قامگیریی کۆمه‌ڵگا و ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌کان و هه‌روه‌ها لاوازبوونی پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه و ئاشته‌وایی له سه‌رده‌می به‌جیهانیبووندا. له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌دا وا وێده‌چێ به شێوازێکی سه‌یر نه دان به‌و ڕاستییه‌دا ده‌نێێن، نه هێزی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌مان له به‌رانبه‌ریدا هه‌یه».[١]
رووداوه دڵته‌زێنه‌کانی عێراق، ئه‌و وڵاته‌ی ڕێکخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام (داعش) له‌م دواییانه‌دا هێرشێکی تۆند و دژواری کرده‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی نووری مالکی، به دڵنیاییه‌وه نیگه‌رانییه‌کانی تۆنی بلێڕ پشتڕاست ده‌کاته‌وه– که به مانایه‌کی دیکه ده‌ڵێت: «شه‌ڕه‌کانی ئه‌م سه‌ده‌یه…پێده‌چێ شه‌ڕی جیاوازییه فه‌رهه‌نگی و ئایینیه‌کان بێ.»[2]
به‌ڵام گه‌لۆ بانگه‌شه‌که‌ی بلێر تا چ ڕاده‌یه‌ک نیشانده‌ری گۆڕانکارییه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و باکووری ئه‌فریقایه؟
سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامی سیاسی و زه‌قبوونه‌وه‌ی، پرسیارگه‌لی گه‌وره‌ی خستۆته به‌رده‌م گه‌لانی ناوچه‌که و هه‌روه‌ها داڕێژه‌رانی سیاسه‌ت له وڵاتانی ڕۆژاوادا. دوابه‌دوای ڕووداوی یانزه‌ی سێپته‌مبه‌ر، سیاسه‌تی ئه‌منی و ده‌ره‌کیی رۆژاوا سه‌باره‌ت به رۆژهه‌ڵاتی ناوین و باکووری ئه‌فریقا فۆرمه ڕادیکاڵه‌کانی ئیسلامی سیاسیی کردۆته ئامانج. له ڕووی کردارییه‌وه، ئه‌وه به‌و مانایه دێ که مادام ڕێژیمه دیکتاتۆره‌کان سێکۆلارن، ئه‌وه رۆژاوا پاڵپشتییان ده‌کا، چۆنکه له ئیسلامییه به‌رهه‌ڵسته‌کانیان به باشتریان ده‌زانێ. کاتێ که له سه‌ره‌تای مانگی جووڵای ٢٠١٣دا سوپای میسر موحه‌مه‌د مۆرسی لادا، زۆر لایه‌ن له واشینگتۆن هه‌ستیان به ئاسووده‌یی کرد. بۆ نموونه بیڵ کریستۆڵ شرۆڤه‌کاری نیوکانسێرڤاتیڤی(نۆلاپارێز) ئه‌مریکایی به‌مجۆره بۆچوونی خۆی ده‌ربڕی: «من پێم وایه ئه‌وان پێیان باشتره سوپای میسر حوکمی میسر بکا تا ئه‌وه‌ی جه‌ماعه‌تی ئیخوان موسلمین حوکمی میسر بکا- لام وایه زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ش ئه‌وه به باش ده‌زانن. ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بیش به هه‌مان شێوه. هیچ هۆکارێکیش نابینم ئێمه‌ش ئه‌وه به باشتر نه‌زانین».[3]
یه‌کێک له ڕه‌وایه‌ته زاڵه‌کانی گه‌شه‌ی سیاسی له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوین و باکووری ئه‌فریقا، بوونی ئایین له سیاسه‌تدا، به نیشانه‌ی دواکه‌وتوویی ده‌زانێ و پێی وایه چاوه‌ڕوان ده‌کرێ فاکته‌ری ئایین، ڕه‌وتی به‌ره‌وپێشچوون، ئاوه‌دانی و دیمۆکراتیزه‌بوونی میلله‌تان تووشی داکشان بکات و به‌م شێوه‌یه له نێوان ده‌مارگرژیی ئایینی و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا پێوه‌ندی ساز بکا. به شێوه‌یه‌کی سروشتی، زاڵ بوون و ئاماده‌یی پارته ئایینییه توندئاژۆکان له هه‌ناوی دنیای عه‌ره‌بدا، بۆته هۆی نیگه‌رانی.
ئه‌م ڕاپۆرته سه‌باره‌ت به پارته ئایینییه‌کان به هیچ شێوه‌یه‌ک لایه‌نگرانه و به‌مه‌به‌ست نیه. شوناسی دینی بابه‌تێکی جێێ بایه‌خه بۆ مرۆڤ- ئایینه‌کان له‌وانه ئیسلام- به نیسبه‌ت چالاکی و ئه‌رکه‌کانی کۆمه‌ڵگا، خاوه‌ن ئاماژه و ده‌لاله‌تگه‌لی بههامهند و پێوانه‌یین. به سه‌رنجدان به‌و فاکته، وا وێده‌چێ بیروبڕوای دینی له هه‌ناوی شوناسی فه‌رهه‌نگیی کۆمه‌ڵگای وڵاتانی عه‌ره‌بیدا بوونی هه‌یه، زۆریش چاوهوڕوان نه‌کراو نییه که سه‌رهه‌ڵدانی سیاسییه ئیسلامییه‌کان، دوای که‌وتنی ڕێژیمه دیکتاتۆرییه سێکۆلاره‌کان له ناوچه‌که‌دا، وڵامێکی ساده بێ بۆ خه‌ڵکانێک که داواکاری بوونی ناوه‌رۆکی دینیی زیاترن له پانتاییی سیاسه‌تدا. ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕه‌وایه‌ته ڕاست بێ، ئه‌وه له‌وانه‌یه ئاسۆی لیبڕاڵ دێمۆکراسیی سێکۆلار له ناوچه‌که‌دا زۆر ڕووناک نه‌بێ.
ئیسلام و ئه‌وله‌ویاتی سیاسه‌ت
ئایا ڕه‌شبینییه‌کی له‌م چه‌شنه له‌جێ خۆیه‌تی؟ ڕه‌وایه‌تی ستاندارد باسی دوو ڕاستیی گرنگ ناکا، که دیاره ئه‌مه‌ش شک و گومان له‌باره‌ی پێوه‌ندیی ئه‌م ڕه‌وایه‌ته له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌کانی ئێستای ئه‌و وڵاتانه‌ی زۆرینه‌ی دانیشتوانی موسڵمانن دێنێته ئاراوه. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که باوه‌ڕمه‌ندیی تاکه‌که‌سی، فاکتۆرێکی به‌هێز نیه بۆ دیاریکردنی ده‌نگدان و ئه‌وله‌ویاتی سیاسه‌ت. دووه‌م، پارته سه‌رکه‌وتووه‌کانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا، به چه‌شنێکی نه‌ریتی خاوه‌ن پێشینه‌ی پێشکه‌شکردن و دابین کردنی خزمه‌تگۆزاریی کۆمه‌ڵایه‌تین.
له‌و وڵاتانه‌دا که زۆرینه‌ی خه‌ڵکی موسڵمانی تێدا ده‌ژی، باوه‌ڕمه‌ندیی تاکه‌که‌سی، به شێوازێکی دڵنیاکه‌ره‌وه پێشبینی ناکا و فاکته‌ری دیاریکه‌ری ده‌نگدان نیه. ئه‌وه‌ی که که‌سێک باوه‌ڕمه‌نده یان نا، زۆر ده‌رخه‌ری ئه‌وه نییه کێ له هه‌ڵبژاردندا ده‌نگ ده‌دات یان ئه‌وه‌ی که‌سێک سه‌باه‌رت به مه‌سه‌له سیاسییه‌کان چۆن بیر ده‌کاته‌وه.ئه‌م بابه‌ته، گومان ده‌خاته سه‌ر ڕۆڵی ئیسلام، وه‌ک سه‌رچاوه‌ی به‌رنامه‌ی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی ئایدیۆلۆژیک.
به‌دڵنیاییه‌وه ده‌کرێ ئیسلامگه‌را سیاسییه‌کان بیرۆکه‌ی تایبه‌تیان هه‌بێ؛ بیرۆکه و تێڕوانینی ئیسلام بۆ سیاسه‌تی گشتی و حوکمڕانی. به‌ڵام له‌وه‌ناچێ ئه‌و تێبینییانه هۆکار بن بۆ سه‌رکه‌وتنه‌کانی بزووتنه‌وه سیاسییه ئیسلامییه‌کان له له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا.
لێکۆڵینه‌وه‌ی داتا‌کان له‌سه‌ر ئاستی تاکه‌کان له ناوچه فه‌له‌ستینییه‌کان، وڵاتانی مه‌راکیش، ئه‌لجه‌زایر و میسر، ده‌ریده‌خات که ئیسلام، کارتێکردنێکی که‌می له‌سه‌ر ڕوانگه‌ی سیاسی و به‌تایبه‌ت دێمۆکراسی و پشتیوانی له دێمۆکراسی له دنیای عه‌ره‌بدا هه‌یه[4]. له لوبنان، باوه‌ڕمه‌ندیی دینی، له دیاریکردنی کرداری سیاسی‌دا پڕبایه‌خ نه‌بووه[5]. له ئه‌ندۆنیزیا که زۆرترین جه‌ماوه‌ری موسڵمان له‌خۆ ده‌گرێ، بابه‌تی دینداری له دیاریکردنی چالاکیی ده‌نگدان له ساڵه‌کانی ١٩٩٩ و ٢٠٠٤ مانایه‌ک به‌ده‌سته‌وه نادا[6]، «ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی» پاڵپشتیی له پارته ئیسلامییه‌کان نیشان نادات.[7]
له ئاسیای ناوه‌ڕاستدا، وابه‌سته‌ییی ئایینی، کار ناکاته سه‌ر ئه‌وله‌ویه‌تی دێمۆکراسی یان ئیسلامی سیاسی[8]. ته‌نانه‌ت له ئاسیای ناوه‌ڕاستدا، جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ له‌نێوان موسڵمانانی زۆر باوهوڕمهند(ئۆرتۆدۆکس) وبێ باوه‌ڕدا به‌دی ناکرێ…ته‌نانه‌ت جێی تێڕامانه که موسڵمانانی زۆر باوه‌ڕمه‌ند، زۆرتر له که‌سانی دی په‌رۆشی دێمۆکراسین.»[9]
ئه‌وه‌ش بڵێین زانیارییه‌کانی تایبه‌ت به وڵاتانی عه‌ره‌ب، نیشانده‌ری ئه‌وه‌ن که که‌سێک که پێی وایه دین بۆی هه‌یه و ده‌بێ بپه‌رژێته سه‌ر سیاسه‌ت، سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له سیاسییه‌کان زۆر به که‌می بۆچوونی خۆی ده‌ربڕیوه.[10]
بۆچوونه‌کان له‌باره‌ی سیاسه‌تی گشتی و جه‌ماوه‌ری، ئاراسته‌یان به‌ره‌و هۆکارگه‌لی جیاوازه؛ وه‌کوو ڕه‌وشی ئابووری ـ کۆمه‌ڵایه‌تی (داهات، خوێندن، باری خێزانداری، پیشه و کار و هتد)، به‌ڵام ڕوانگه و ئاراسته‌ی ئاماده‌بوونی ئایینی ئیسلام له سیاسه‌تدا، توانای زۆر که‌می بۆ لێکدانه‌وه‌ی مه‌سه‌له سیاسییه تایبه‌ته‌کان هه‌یه.
ده‌سته‌به‌رکردنی کاڵا و پێداویستییه گشتییه‌کان
بۆ وا ده‌رده‌که‌وێ سه‌رکه‌وتنی ئیسلامگه‌راکان په‌یوه‌سته به پێشکه‌شکردنی خزمه‌تگۆزاری و دابین کردنی پێداویستییه‌کانی خه‌ڵکه‌وه؟ له‌وه‌ش بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌م بۆچوونه ڕاست بوایه و خه‌ڵکی وڵاتانی عه‌ره‌بی ئاواتی ئاماده‌بوونی سیاسه‌تی ئیسلامیان له ناو گه‌مه‌ی سیاسی‌دا هه‌بوایه، هێشتا هیچ پاساو و هۆکارێک نییه بۆ ئه‌وه‌ی ئیسلامگه‌راکان له لایه‌نه سیاسییه‌کانی تر زۆرتر هه‌وڵ و چالاکیی خۆیان بخه‌نه گه‌ڕ بۆ دابین کردنی خزمه‌تگۆزارییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و پێداویستییه‌کانی جه‌ماوه‌ر.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م فاکته، له سه‌رانسه‌ری ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و باکووری ئه‌فریقا، ئیسلامیسته‌کان به شێوازێکی به‌رچاو به پێشکه‌شکردنی خزمهتگۆزارییهکانهوه خه‌ریک بوون، له‌وانه چاوه‌دێریی ته‌ندروستی، به‌روه‌رده و فێرکردن، یارمه‌تی بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی خۆشگوزه‌رانی و یارمه‌تییه مرۆییه‌کان. ساڵی ١٩٨٩ له ئه‌لجه‌زایر، گرووپه ئیسلامییه‌کان له یه‌که‌م تیمه‌کانی فریاکه‌وتنی بوومه‌له‌رزه‌لێدراوانی ئه‌و وڵاته بوون.[1١]
له مه‌راکیش خودی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (PJD) یارمه‌تیی کۆمه‌ڵایه‌تی دابین ناکا، به‌ڵام ڕێکخراوه وابه‌سته‌که‌ی خۆی، واته بزووتنه‌وه‌ی یه‌کگرتن و چاکسازی (MUR)، به‌رجه‌سته‌ترین ڕێکخراوه له ئاستی شاره‌وانییه‌کاندا. له توونس، پارتی پێشکه‌وتووی ئیسلامی ENNAHDA– بزاڤی ئینتیمای ئیسلامی، ڕایه‌ڵه‌یه‌ک له خزمه‌تگوزارییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی بنیات ناوه و له قه‌واره‌ی ده‌وڵه‌تێکدا ده‌رده‌که‌وێ. وێڕای ئه‌وه، به چه‌شنێکی نه‌ریتی، ژماره‌یه‌کی زۆری کۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ئیداره ده‌کا[12]، که بریتین له یانه وه‌رزشییه‌کان و به‌ڕێوه‌بردنی ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیریی به‌کۆمه‌ڵ و بێ به‌رانبه‌ر. له میسر ئیخوان موسلمین ٢٢ نه‌خۆشخانه به‌ڕێوه ده‌با و له هه‌ر پارێزگایه‌کدا قوتابخانه‌یه‌کی هه‌یه. ئه‌م ڕێکخراوه، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌کی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ناوه‌ندی هه‌یه بۆ چاوه‌دێریی بێوه‌ژنان و منداڵانی بێ سه‌رپه‌رشتی هه‌ژار و به‌ڕێوه‌بردنی به‌ڕنامه‌ی فێرکاریی بۆ که‌سانی بێکار…له کۆی پێنج هه‌زار رێکخراوی ناحکومی و ئه‌نجومه‌نی تۆمارکراوی یاسایی له میسر، به‌راورد ده‌کرێ له‌سه‌دا بیستیان سه‌ر به ئیخوان موسلمین بن[13]. له ئۆردن ئیخوان، نه‌خۆشخانه‌ی ئیسلامی له ئه‌مان[14] و ئه‌نجومه‌نی خێرخوازی ئهلعیفاف ئیداره ده‌کا، که خوازببێنی و ئاهه‌نگی هاوسه‌رگیریی به‌کۆمه‌ڵ به‌ڕێوه ده‌با[15]. له یه‌مه‌ن حیزبی ئیسلاح، ڕێکخراوی په‌روه‌رده و فێڕکردنی دینیی دامه‌زراندووه که خزمه‌تگۆزاریی کۆمه‌ڵایه‌تی پێشکه‌ش ده‌که‌ن. جێی ئاماژه‌یه ئه‌نجومه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئیسلاح خه‌ریکی به‌خشینه‌وه‌ی زانیارییه له بوارگه‌لی ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی، بنبڕکردنی نه‌خوێنده‌واری و یارمه‌تیدانی دارایی. سه‌ره‌نجام، له لوبنان «یه‌که‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی» یه‌کێکه له هه‌شت بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌که‌ی په‌یکه‌ری حیزبوڵڵا.[16]
ئه‌م خزمه‌تانه، خزمه‌تگوزاریی کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌کنیکی ده‌گرێته‌وه، له دامه‌زراوه‌گه‌لی هه‌ره‌وه‌زی کشتوکاڵه‌وه تا ده‌گاته ناوه‌نده فه‌رهه‌نگییه‌کان[17]. له ناوچه فه‌له‌ستینییه‌کان، حه‌ماس به هه‌مان شێواز کار ده‌کا. ئیسلامگه‌راکان به‌رنامه‌ی یارمه‌تیدان، قوتابخانه‌کان، شوێنه‌کانی به‌خێوکردنی مناڵانی بێ سه‌رپه‌رشت، مزگه‌وته‌کان، کلینیکه‌کان و ناوه‌ندی دابین کردنی خۆراک و لیگه وه‌رزشیه‌کان به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
ئیسلامی ســــیاسی و شه‌رعیه‌تی سیاسه‌ت
ئه‌م دوو ڕاستییه ده‌ریده‌خه‌ن که له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا، سه‌رنجڕاکێش بوونی ناوه‌رۆکی دین بۆ ده‌نگده‌ران، تاکه هۆکاری کاریگه‌ر نه‌بووه. به‌ڵکوو وێڕای ناوئاخنی ئایینی، دین ڕایه‌ڵه‌یه‌که له ڕێکخراوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. تایبه‌تمه‌ندییه سازمانییه‌کانی دین ده‌توانن ده‌ورێکی به‌رچاویان له که‌م کردنه‌وه‌ی کێشه سیاسییه‌کانی ناوچه‌دا هه‌بێ.
به شێوازێکی تایبه‌ت ده‌کرێ سیاسه‌تی دینی، وه‌کوو ڕێگه‌چاره‌یه‌ک بۆ پرسی پێبه‌ندبوون بوون به هه‌ڵبژاردنه‌کان ببینرێ که ئه‌و دێمۆکراسییه نوێیانه پێوه‌ی خه‌ریکن. ده‌نگده‌ران گرنگیی به‌و تاقم و گرووپه سیاسییانه ده‌ده‌ن که بتوانن به‌ڵێن و وه‌عده بده‌ن بۆ دابین کردنی پێداویستییه گشتییه‌کان دوابه‌دوای هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام تاقم و گرووپی سیاسی له‌م شێوه‌یه، پاش گۆڕانی ڕێژیمه‌کان به‌ده‌گمه‌ن به‌رچاو ده‌که‌ون.
به ده‌گمه‌ن هه‌ڵده‌که‌وێ سیاسه‌تمه‌داران، له ناو گه‌مه‌ی دێمۆکراسییه نوێیه‌کاندا جێی باوه‌ڕبن؛ سه‌باره‌ت به پێبه‌ندبوون و ده‌ره‌وه‌ست بوون، به چه‌شنێک که کاناڵی شیاو بۆ پێوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌ران و به‌دواچوونی به‌ڵێنه‌کان دروست بکه‌ن.
به‌ره‌نجامی سروشتی[18] ئه‌وه‌یه که ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارانه به‌ڵێنی به‌خشینه‌وه به‌سه‌ر ژماره‌یه‌کی که‌م له لایه‌نگرانی خۆیان ده‌ده‌ن- سه‌ره‌ڕای ئه‌وه که ده‌توانن ئه‌و به‌ڵێنانه به ده‌نگده‌رانی خۆیان بده‌ن، به‌ڵام به‌شێک له پاره‌که به قازانجی خۆیان هه‌ڵده‌گرن. له ئاکامدا، دێمۆکراسییه نوێیه‌کان تووشی ئه‌و کێشانه ده‌بنه‌وه: ئیمتیازدان به که‌سانێکی تایبه‌ت و زێده‌ڕۆیی و به‌فیڕۆدان له به‌رنامه‌کانی تایبه‌ت به به‌خشینه‌وه‌دا و هه‌روه‌ها نه‌بوونی ده‌وڵه‌ت بۆ گرتنه ئه‌ستۆی دابین کردنی پێداویستییه‌کان.
ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌ساسی پشتگیری دامه‌زراون، له‌گه‌ڵ کاتدا ڕوو له که‌می ده‌که‌ن، هاوکات که سیاسه‌تمه‌داران ناوبانگی خۆیان مسۆگه‌ر ده‌که‌ن که بواریان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێ بۆ دابین کردنی پێداویستییه گشتییه‌کان به‌ڵێن بده‌ن، به‌ڵام له لایه‌کی تره‌وه ئه‌م پشتگیرییه ده‌شێ ڕێگریان بێ بۆ ئه‌وه‌ی هێشتا هیوایان به‌وه بێ که ده‌نگده‌ران متمانه‌یان به به‌ڵێنه‌کانیانه و له‌و ڕووه‌شه‌وه ماوه‌ی مانه‌وه‌ی زیانبه‌خشیان له ده‌سه‌ڵاتدا درێژ بکه‌نه‌وه.
به‌پێچه‌وانه‌ی نه‌یارانی خۆیان، گرووپه دینییه‌کان له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و باکووری ئه‌فریقا، ده‌رفه‌ت و ئیمکانی به‌ڵێن دان بۆ دابین کردنی پێداویستیییه گشتییه‌کانیان هه‌یه. ئه‌وان له درێژماوه‌دا، به‌هۆی به‌شداریی چالاکانه له ده‌سته‌به‌رکردنی پێداویستی و خزمه‌تگوزاریدا له لایه‌ن ئه‌ندامانیانه‌وه، باشتر ناسراونه‌ته‌وه. ئه‌و فاکتۆره‌ش وا ده‌کا بۆ به‌رده‌وامییان له دابین کردنی خزمهتگۆزارییهکان له ئاینده‌دا، زۆرتر جێی باوه‌ڕی خه‌ڵک بن. ئیخوان موسلمین ده‌یان ساڵه سه‌ره‌ڕای سه‌رکوت کرانی، له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا چالاکه. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بگوترێ جه‌وهه‌ری ئایینیی ئیخوان وای کردووه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ کێشه گشتییه‌کاندا، باشتر و کاراتر له نه‌یاره سێکۆلارهکانیان ده‌رکه‌ون.
ڕێوشوێنه گرنگه‌کان بریتین له خۆبه‌خشی و ناوزڕان وه‌کوو مۆرکێک[19]. لایه‌نه ئیسلامییه‌کان وه‌کوو ئه‌ندام پێویستییان به که‌سانێکه که کات و ژیانی خۆیان بۆ چالاکیی ئایینی و به‌رهه‌مهێنانی پێداویستییه‌کان بۆ ئه‌ندامانی دیکه ته‌رخان بکه‌ن. بۆ پێش‌گرتن له مشه‌خۆری، بڕێک سنوور و یاسا داده‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامان ئه‌رکی خۆیان به‌رانبه‌ر گرووپ و پارته‌که‌یان به‌جێ بێنن، له‌وانه دانانی سنوور بۆ چۆنیه‌تیی پۆشینی جلوبه‌رگ و خواردن. ئه‌وه‌ش وه‌ک سیگناڵێک دێ بۆ ئه‌و ئه‌ندامه گوێنه‌ده‌ر و که‌مته‌رخه‌مانه که له بیری مشه‌خۆریدا نه‌بن.
به‌ره‌نجامه‌کانی سیاسه‌ت
ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه ده‌ربڕی ئه‌وه‌یه که جه‌ماوه‌ری ده‌نگده‌ر له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا، له‌وانه‌یه که‌متر به هۆی باوه‌ڕی ئایینییه‌وه، پارته ئیسلامییه‌کان له سه‌رووی سیاسه‌توانانی دیکه‌وه دانێن. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌ساسی پشتگیری دامه‌زراون و زێده‌ڕۆیی و به‌فیڕۆدان و کهموکوڕیییان لێ ده‌که‌وێته‌وه، پارته جێ باوه‌ڕه ئایینییه‌کان زیاتر ده‌ره‌تان و بواری به‌ڵێن دانیان هه‌یه و ئه‌مه‌ش وا ده‌کا بۆ جه‌ماوه‌ری ده‌نگده‌ر سه‌رنجڕاکێشتر ده‌رکه‌ون.
به‌ڵام به‌و حاڵه‌شه‌وه ئه‌مه نابێ وه‌ک پشتڕاست کردنه‌وه و په‌سن دان بۆ ئیسلامی سیاسی بێته ئه‌ژمار. ئه‌گه‌ر له‌وه‌ش گه‌ڕێین، هه‌روه‌ها که نموونه‌گه‌لی وه‌کوو حه‌ماس و حیزبۆڵڵا پیشانیان داوه، ئه‌و ڕێکخراوه دینییانه‌ش که له دابین کردنی پێداویستییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا سه‌رکه‌وتوو بوون، بۆیان لواوه ئیمکاناتی خۆیان بۆ مه‌رامی وه‌ک توندوتیژیی ڕێکخراوه‌یی و به‌رنامه‌دار به‌کار بێنن. مه‌به‌ست له باسوخواسهکانی ئه‌م وتاره، ته‌نها خستنه ڕووی ئه‌و ڕاستییه‌یه که، له ژینگه‌یه‌کی سیاسی که له قۆناغی ڕاگواستندایه، سه‌رکه‌وتنی ئیسلامگه‌راکان ئاکامی سروشتیی خودی ئه‌و ژینگه سیاسییه‌یه، که ته‌نها ده‌کرێ له ڕێی بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی باوه‌ڕ و متمانه‌ی خه‌ڵک به هێزه‌کانی دیکه‌ی ناو بازنه‌ی سیاسی، ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه سنووردار و که‌م بکرێنه‌وه. چاوه‌ڕوان ده‌کرێ به تێپه‌ڕینی کات، باڵاده‌ستیی لایه‌نه ئیسلامییه‌کان که‌م بێته‌وه، چۆنکه هێزه‌کانی دیکه به‌ره‌به‌ره کاناڵی پێوه‌ندی له نێوان خۆیان و جه‌ماوه‌ر ساز ده‌که‌ن و متمانه و باوه‌ڕی خه‌ڵک وه‌ده‌ست دێنن. ئه‌م ڕاستییه هاوتا و هاوئاهه‌نگه له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رچه‌شنه‌ی له وڵاتانی دیکه، که زۆرینه‌ی خه‌ڵکه‌که‌یان موسڵمانن و ڕه‌وتێکی سیاسیی ئازادتریان ڕه‌چاو کردووه، به‌دی ده‌کرێ. له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ئه‌ندۆنیزیایه، که ڕێژه‌ی ده‌نگه‌کانی پارته ئیسلامییه‌کان له ساڵی ١٩٩٩ به‌ملاوه ڕووی له که‌می کردووه– له ڕێژه‌ی له‌سه‌دا ٣٩.٢ له ساڵی ١٩٩٩، گه‌یشتۆته ڕێژه‌ی له‌سه‌دا ٣٨.٤ له ساڵی ٢٠٠٤ و له‌سه‌دا ٢٩.٢ له ساڵی ٢٠٠٩. هه‌ڵبه‌ت له‌سه‌ر دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رچه‌شنه له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا، که دیارده‌ی به‌هاری عه‌ره‌بی له ئارادا بووه، هێشتا زانیاریمان نییه. نکۆڵی له‌وه ناکرێ که دین و سیاسه‌ت له‌وانه‌یه بۆیان هه‌بێ پێکه‌وه ته‌با بن. به‌و حاڵه‌شه‌وه، سه‌رکوتی سیاسی، وڵامی شیاو و دروست نیه بۆ سیاسه‌ته ئایینییه چه‌وته‌کان؛ وه‌ک چۆن له میسر ده‌بینرێ، به‌ڵکوو په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تی دیمۆکراتیک و ڕکابه‌ریی کراوه و ئازاده.
هه‌روا که لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئابووری‌زان، ئالێن کرووگر، نیشانی داوه، سه‌رکوتکردنی ئیسلامگه‌راکان و پێش‌گرتن له به‌شداریی سیاسیی ئه‌وان له پانتاییی سیاسه‌تدا، ده‌بێته پاڵنه‌ر و داینه‌مۆ بۆ ڕادیکاڵ بوون و په‌نابردنیان بۆ توندوتیژی و تێرۆریزم[20]، که بڕێ جاران ڕێی تێده‌چێ سنووره‌کانی دنیای عه‌ره‌بیش تێپه‌ڕێنێ. عێراق، ئه‌و وڵاته‌ی که سیاسه‌تی چه‌وت و پاوانخوازیی ده‌وڵه‌تی لێنهوهشاوهی نووری مالکی، به‌رچاوترین ڕۆڵی بوو له به ڕادیکاڵ بوونی سوننه‌کانی ئه‌م وڵاته، نموونه و بابه‌تێکی جێی تێڕامانه. هیوادارین وڵاتانی دیکه‌ی ناوچه‌که، تووشی ئه‌زمونی عێراق نه‌بنه‌وه.
*.https://www.cato.org/publications/economic-development-bulletin/understanding-political-islam
یادداشته‌کان
1. Patrick Wintour, “Tony Blair to Say Battle against Islamic Extremism Is Paramount,” Guardian, April 23, 2014, http://www.theguardian.com/politics/2014/apr/23/tony-blair-battle-islamic-extremism-political-agenda.
2. Tony Blair, “Religious Difference, Not Ideology, Will Fuel This Century’s Epic Battles,” Observer, January 25, 2014, http://www.theguardian.com/commentisfree/2014/jan/25/religious-difference-ideology-conflicts-middle-east-tony-blair.
3. Awr Hawkins, “Bill Kristol: Military May Be Preferable to Muslim Brotherhood Rule in Egypt,” Breitbart, August 18, 2013, http://www.breitbart.com/Big-Journalism/2013/08/18/Bill-Kristol-Perhaps-We-Should-Prefer-Egyptian-Military-Rule-To-Muslim-Brotherhood-Rule.
4. Marc Tessler, “Islam and Democracy in the Middle East: The Impact of Religious Orientations on Attitudes toward Democracy in Four Arab Countries,” Comparative Politics 34 (2002): 337–54.
5. MelaniCammett, “Partisan Activism and Access to Welfare in Lebanon,” Studies in Comparative International Development 46 (2010): 70–97.
6. R. William Liddle and SaifulMujani, “Leadership, Party, and Religion: Explaining Voting Behavior in Indonesia,” Comparative Political Studies 40 (2007): 832–57
7. Thomas B. Pepinsky, R. William Liddle, and SaifulMujani, “Testing Islam’s Political Advantage: Evidence from Indonesia,” American Journal of Political Science 56 (2012): 584–600.
8. Kathleen Collins and Erica Owen, “Islamic Religiosity and Regime Preferences: Explaining Support for Democracy and Political Islam in Central Asia and the Caucasus,” Political Research Quarterly 65 (2012): 499–515.
9. Richard Rose, “How Muslims View Democracy: Evidence from Central Asia,” Journal of Democracy 13 (2002): 102–11.
10. DaliborRohac, “Religion as a Commitment Device: The Economics of Political Islam,” Kyklos 66, no. 2 (2013): 256–74.
11. John L. Esposito, The Islamic Threat: Myth or Reality? (Oxford, UK: Oxford University Press, 1999), p. 176.
12. Mohammed FadhelTroudi, “La révolutiontunisienne entre attente et déception, fragilité et maturité,” Géostratégiques 32 (2011): 172.
13. Integrated Regional Information Networks (IRIN), “Social Programmes Bolster Appeal of Muslim Brotherhood,” UN Office for the Coordination Humanitarian Affairs, 2006, http://www.irinnews.org/Report/26150/EGYPTSocial-programmes-bolster-appeal-of-Muslim-Brotherhood.
14. QuintanWiktorowicz, “Islamist Activism in Jordan,” in Donna Lee Bowen and Evelyn A. Early (eds). Everyday Life in the Muslim Middle East, 2nd ed. (Bloomington, IN: University Press, 2002): 234.
15. QuintanWiktorowicz and SuhaTajiFarouki, “Islamic NGOs and Muslim Politics: A Case from Jordan,” Third World Quarterly 21 (2000): 685–99.
16. Ahmad N. Hamzeh, In the Path of Hizbullah (Syracuse, NY: Syracuse University Press, 2004).
17. Ibid. See also RanaJawad, “Religion and Social Welfare in the Lebanon: Treating the Causes or Symptoms of Poverty?” Journal of Social Policy 38 (2008): 141–56.
18. Philip Keefer and RazvanVlaicu, “Democracy, Credibility and Clientelism,” Journal of Law, Economics and Organization 24, no. 2 (2008): 371–406.
19. Laurence R. Iannaccone, “Sacrifice and Stigma: Reducing Free‐Riding in Cults, Communes, and Other Collectives,” Journal of Political Economy 100 (1992): 271–91.
20. Alan B. Krueger, “What Makes a Terrorist?” VoxEU, September 11, 2007, http://www.voxeu.org/article/what-makes-terrorist.


