ئارامتر بخوێنەوە!
مەکتەبی قورعان؛ بەرانبەر بە گوتاری نەتەوەیی
لە چوارچێوەی ئیسلامی سیاسیی هاوچەرخدا
ڕزگار موکری
“مەکتەبی قورعان ئەگەرچی هەرگیز بە شێوەی ڕاستەوخۆ دژایەتیی خۆی بەرانبەر ڕەوتی سەرەکیی بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد دەرنەبڕی، بەڵام هەموو ئاراستەکانی «گفتمانی» ئەم ڕێکخراوەیە، بە جۆرێک بوو کە توانی زەبر لە گوتاری هاوبەشی کوردی بدات و ئیزن نەدا ئەم گوتارە هاوبەشە پێک بێت کە دەیتوانی وەک گوتاری زاڵی سەراسەری لە کوردستاندا ببێتە بەرانبەر و تاکە بەردەنگی کۆماری ئیسلامی، لە ململانێ دیپڵۆماتیک و نیزامییەکانی سەردەمی شۆڕشدا“
ئەگەر دامەزرانی کۆماری کوردستان بە دەستپێکی مێژووی هاوچەرخی کوردی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بزانین و لەم سەرەتایەوە لێکدانەوە بۆ ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی بیری سیاسی لەم بەشەی کوردستان بکەین، دەتوانین شوێنپەنجەی هێندێک گۆڕانکاریی هزریی سیاسی و مەزهەبی لە توێی ڕووداوەکانی کوردستان دیاری بکەین. دیارە بە پێی هێندێک هۆکار لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بیری ئایینی وەک بنەمای کردەوەی سیاسی نەیتوانیوە ببێتە هێژمۆن و گوتاری زاڵی سیاسی پێک بێنێ، بەڵام ئەم جۆرە بیرۆکەیە کە ئیسلامی سیاسیی پێ دەگوترێ بوونی هەبووە و لە هێندێک قۆناغدا وەک ئەکتەری سیاسی ڕۆڵیشی گێڕاوە. مەکتەبی قورعان یەک لەم گرووهانەیە کە لانی کەم لە سەرەتای شۆڕشی پەنجاوحەوتی گەلانی ئێرانەوە وەک جەریانێکی سیاسی لە چوارچێوەی گوتاری ئیسلامی سیاسیدا چالاکیی کردووە. بۆ لێکدانەوەی چۆنێتی و جۆرایەتیی حوزوری ئەم تاقمە لە سیاسەتی ئێران و کوردستان دا پێشەکی پێویستە ئاماژەیەکی نەزەری بکەین بە جۆرەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەی زانست و دین، کە دواتر دەبێتە بنەمای ڕووبەڕوو بوونەوەی سیاسەت و دین و چەمکەکانی پێوەندیدار بە سیاسەتەوە کە دێموکراسی و حوکمڕانی لەو چەمکانەن.
جۆرەکانی پێوەندیی زانست و ئایین؛
چوار جۆری بۆچوون بە نیسبەت ئەم پرسەوە لە ئارادایە کە هەرکام بنەمای نەزەریی ڕەوتێکی تایبەتی سیاسی و فەلسەفین:
یەکەم؛
لەم ڕوانگەیەوە دین و زانست یا دین و سیاسەت دوو مەیدانی جیاواز لە یەکترن و هەرکام ئەرکێکیان لە ئەستۆیە کە هیچ پێوەندییەکیان پێکەوە نیە، دین مەیدانی ژیانی شەخسیی تاکە کە پێوەندیی هەیە بە دنیای ماوەڕاییەوە و زانست و سیاسەت، وەک درێژەی ئەم، پێوەندییان بەژیانی کۆمەڵایەتی و ئەم دنیاییەی تاکەوە هەیە. کە ئەم بیرۆکەیە بنەمای ئەندیشەی سێکۆلارەکانە بە نیسبەت سیاسەت و حوکمڕانییەوە و بەو پێیە دیموکڕاسی بە حەوزەیەک دەزانن کە هیچ پەیوەندییەکی بە دینەوە نیە.
دووهەم؛
دین و زانست لە پێوەندییەکی ئەزەلیدان و هەرچی لە زانستدا دەبیندرێ، ڕیشەی لە دیندا هەیە و دین بنەمای هەموو زانست و ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵکە و بێ هەبوونی دین، زانست و سیاسەت و چەمکە پێوەندیدارەکان ناتەواون، هەر لە سەر ئەم بنەمایە شێوەی حوکمڕانیش هەرئەو شێوەیەیە کە دین ئاماژەی پێ دەکا و ئەوحکوومەتە ڕەسەنە کە لە سەر بنەمای دین و پێڕەوی حوکمی خودا بێت. ئەم شێوەڕوانینە بنەمای ئەندێشەی بنەماژۆ خوازە ئیسلامییەکانە کە باوەڕمەند بە حکوومەتی ئیسلامین، تاقم و گرووهە توندئاژۆ ئیسلامییەکانی وەک ئەلقاعیدە و داعیش و…
سێهەم؛
بە پێی ئەم ڕوانگەیە دەگوترێ ئەگەرچی ئیسلام و دین دەتوانێ سەرچاوەیەکی بەهێز بۆ زانست بێت بەڵام زانستی نوێ هێندێک شتی بەدیهێناوە کە دەکرێ لە گەڵ دین ڕێک بخرێن و بنەمای دینیان بۆ بتاشرێ و وەک دەسکەوتێکی باش کە بەرهەمی عەقڵی بەشەری بە پشتوانەی دینەوەن پێشکەش کۆمەڵگا بکرێن، لەم دەلاقەیەوە حوکمڕانی و سیاسەتیش دەتوانێ لە دین بەرهەم وەرگرێ و حوکمی خودا بخرێتە چوارچێوەی هێندێک دەسکەوتی نوێی مرۆڤ لەو پێوەندییەدا. دیموکراسیش یەک لەو شتانەیە کە دەکرێ بە کەڵک وەرگرتن لە ئیجتهادی ئیسلامی و هاوئاهەنگ کردنی بەشێک لە ئەحکامی دینی وەک دێموکراسیی ئیسلامی پێشکەش بکرێ یا بە کەڵک وەرگرتن لە هێندێک نەریت و حوکمی ئیسلامی وەک شۆڕا، حکوومەتێکی هاوشێوەی دەسەڵاتدارییە دێموکراتیکەکانی ڕۆژئاوا دابمەزرێ و بە نێوی دێموکراسیی دینی یا ئیسلامی سەقامگیر بێت. لەم ڕوانگەیەوە پاشگری ئیسلامی یا دینی حوکمی قەیدی هەیە و هێندێک قەیدوبەند بۆ دێموکراسی لە چوارچێوەی دین و ئیسلامدا ساز دەکات، ئەم جۆرەڕوانینە بنەمای هزری زۆریەک لە باوەڕمەندان و نوێخــــوازە ئیسلامییەکانی سەدەی بیستەم بووە کە دینیان بە سەرچاوەی ئیلهامدەری دەسەڵات و یاسا زانیوە و حوکمڕانانی پێشووی وڵاتە ئیسلامییەکانیان بەوە تۆمەتبار کردووە کە دەرکێکی دروستیان لە ئیسلام و بنەما فێقهیەکانی وەک شوڕا و … نەبووە، ڕاشد ئەلغنووشی، ئەبوئەعلـــــای مەودودی، موتەهەری و… لە باوەڕمەندانی ئەم ڕوانگەیەن و ئەم شێوەڕوانینە بنەمای فکـــری ئیخوانیەکانو مەکتەبی قورعانیشە…
چوارەم؛
ئەم ڕوانگەیە لای وایە دەبێ خوێندنەویەکی عەسری و سەردەمیانە لە سەرچاوە دینیەکان(کتاب، سنت و نص) بکرێ، کە بۆ ئەم مەبەستە لە زانستی «تەئویل» کەڵک وەردەگرن، جۆرێک لە زانستی نوێ بۆ خوێندنەوەی نوێ لەم سەرچاوانە بە پێی زەرفیەتی زەمانی و مەکانی. لەم ڕوانگەیەوە دین نە تەنیا نابێ و ناکرێ ڕێگر بێ لە بەرابەر دەسکەوتە بەشەرییەکان، بەڵکوو دەبێ خوێندنەوەیەک لە دین پێشکەش بکرێ کە هاوتەریبە لەگەڵ ئەم دەسکەوتانە، وەک جۆرەکانی حوکمڕانیی ڕۆژئاوایی دەبێ بنەمای یاسا لە دەسەڵاتدارێتیدا، عورف بێت نەک دین و خوێندنەوە نەریتییەکان. بە پێی ئەم باوەڕە؛ پاشگری ئیسلامی بۆ دێموکراسی، وەسفیە و حەکایەت لە بەستێنی کۆمەڵایەتیی ئەم حوکمڕانی یا دێموکراسییە دەکات و هیچ قەید و بەندێکی بۆ ساز ناکات، نەسر حامێد ئەبوزەید، موجتەهیدی شەبستری، یۆسف ئەشکەوەری، عەبدولکەریم سرووش و… لە باوەرمەندانی ئەم ڕوانگەیەن.
هەردوو جۆری دووهەم و سێهەمی ئەم پۆلێنبەندیە، لەڕووبەڕوو بوونەوەی زانست و دین یا سیاسەت و دین، دەبنە بنەمــای ئیسلامی سیاسـی. یەکەمینیان ئیسلامی سیاسیی بنەمــــاژۆخواز و فێندامێنتالیستەکانە کە دەبنە بنەمای سەلەفییەکان و ئەوانەی کە ئیسلام بە سەرچاوەی هەموو مەعریفەتێک دەزانن و سیاسەت و حوکمڕانیش دەبێ لەم سەرچاوەیە تێرئاو بێت و بەدەر لە دین هیچ زانستێک ناتوانێ بوونی هەبێ و حەقیقەت بێ، واتە حەقیقەت یەک شتە، ئەویش حەقیقەتی دینی. جۆری دووهەمیش بیرۆکەی ئیسلامی سیاسیی نوێخوازە کە ئیسلام و دین وەک یەک لە گرینگترین سەرچاوەکانی زانست، سیاسەت و حوکمڕانی دەبینێ و حەول دەدا هیچ کام لەم دسکەوتە مرۆییانە لە دژایەتیدا نەبێ لە گەڵ دین و ئەگەر کەوتە دژایەتییەوە، حوکم بە نەفعی دین دەدرێ و ئەوە مەعریفە بەشەرییەکانن کە دەبێ لە گەڵ دین ڕێک بخرێن.
لە دۆخی سیاسیی کوردستانیشدا، بێجگە لە سێکۆلارەکان کە لە سەر بنەمایەکی جیاوازی هزری کە باس کرا دامەزراون، دوو جۆری ئیسلامی سیاسی کە یەکەمینیان ئیسلامی سیاسیی بنەماژۆخوازە و دووهەمین؛ نوێخواز، وەک بنەمای هیندێک جەریان بوونیان بووە و بوونەتە هۆی دەستەبەندیی سیاسی، بە تایبەت دوای شۆرشی پەنجاوحەوتی گەلانی ئێران و لە ساڵانی ڕابردوودا.
گوتاری ئایینی ـ سیاسیی مەکتەبی قورعان؛
مەکتەبی قورعان ئەو تەشکیلاتە ئایینییەی کە لە سەر دەستی ئەحمەد موفتیزادە دامەزرا، وەک سەرجەم تەشکیلات و ڕێکخراوە مەزهەبییەکان، بەڕوانگەیەکی پەروەردەییەوە شکڵی گرت و خۆی وەک جەریانێکی فکری ناساند، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە کوردستان پتر لە سێ دەیە بوو لە ژێر هێژمۆنی جەریانێکی سیاسیی سێکۆلاردا بوو و بزووتنەوەی کوردی ئەگەرچی سست ببوو بەڵام کۆمەڵگای کوردی، لە ژێر کاریگەریی حیزبی دێموکرات و کۆمارەکەیدابوو. لەم کاتەدا پاش چەند ساڵ لە وانەی ئایینی کوتنەوە، موفتیزادە لە ژێر کاریگەریی هێندێک ڕۆشنبیری دینیی فارس و عەرەب، نیزامی ئەندیشەییی خۆی خستە چوارچێوەی تەشکیلاتێکی ئایینیی سیاسییەوە بە ناوی مەکتەبی قورعان. ئەو مەکتەبە کە داهێنانی موفتیزادە بوو، وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، لە چوارچێوەی بیری نوێخوازانی دینی کە پێوەندیی زانست یا سیاسەت و دین بە پێویست دەزانن و حەول دەدەن دین و سیاسەت وەک دوو باڵی پێویست نیشان بدەن و دین بە هۆی زانستی نوێوە نوێ بکەنەوە و ڕەنگ و بۆنێکی سەردەمیانەتری پێ بدەن، بەڵام لەو جێیانەی کە دژایەتییەک لە بەینی دین و زانست یا سیاسەت پێش دێ بە قازانجی دین حوکم دەدەن،(جۆری سێهەمی پۆلێن بەندییەکە) لە ژێر کاریگەریی چەند سەرچاوەی مەعریفیدا گوتاری سیاسیی خۆی پێک دێنێ؛
یەکەم؛
ئیسلامی خەلیفە خوازی؛ دوای مەرگی پێغەمبەری ئیسلام خـــــــەلیفەکان دەسەڵاتدارییەکی نوێ لە ژێر ناوی خەلافەتدا دادەڕێژن کە شێوەی جێنشینی خەلیفەکان و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی خەلیفەکان دەبێتە سەرچاوەی موفتیزادە و حەول دەدا بە بەکارهینانی هێندێک واتای وەک؛ «شووڕا»، «اهل حل و عقد»، «اولی الامر» و… دوای سەرکەوتنی شۆڕشی پەنجاوحەوت مۆدێلێکی نوێ لەو خەلافەتە بە کەڵک وەرگرتن لە شووڕای ناوچەیی وەک خۆی جەختی لە سەر دەکاتەوە لە چوارچێوەی «خودموختاریی ئیسلامی»دا دابمەزرێنێ.
دووهەم؛
لە ژێر کاریگەریی هێندێک بیرمەندی وەک ڕەشیدی ڕەزا و ئەبو ئەعەلای مەودوودی بۆ بووژاندنەوەی خەلافەتی نوێ و ڕاشد ئەلغنووشی بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی عەسریتری ئیسلامی، ئەو جۆرە لە حوکمڕانی دابمەزرێنێ کە بتوانێ وێڕای ئەوەی کە ناوەڕۆکە دینیەکەی پارێزراو بێ، ڕووکەش و بەها نوێیە سیاسییەکانیشی تێدا رەنگ بداتەوە.
سێهەم؛
لە ژێر کاریگەریی عەلی شەریعەتی شیعە مەزهەبدا بوو، کە هەم لە باری شێوەی تەبلیغەوە، وەک شەریعەتی شێوازی مەکتەبی، واتە تریبۆنە ئایینیەکانی بۆ بەیانی ئەندێشەکانی خۆی هەڵبژارد و هەم لە سەر واتای «تشیع صفوی-تشیع علوی»، «اسلام نبوی-اسلام اموی» هێنایە نێو گوتاری ئایینی-سیاسیی خۆیەوە. لە لایەکی دیکەوە بە پێداگری لەسەر واتای «امت واحدهی اسلامی» لە چوارچێوەی گوتاری شۆڕشگێڕانەی دژە ناسیۆنالیستیی خومەینیدا بوو.
چوارەم؛
موفتیزادە دوای ئەوەی ناتوانێ لە گەڵ رێژیمی ناوەندگەرای شیعەخوازی خومەینی لە سەر دوو بڕگەی یاسای نوێ؛ (بڕگەی ١٢ و ١١٥) ڕێکبکەوێ، بە دامەزراندنی «شمس» دەچێتە ژێر کاریگەریی ئیخوان المسلمین، بە شێوەیەک کە موفتیزادە دەبێتە موفتیی تەشکیلاتێکی فرەنەتەوەییی ئێرانی، پێکهاتوو لە نەتەوە سوننەکانی ئێران، ئەو کاریگەرییە تا ڕادەیەکە کە بەشێک لەئەندامانی دە کەسی بەڕێوەبەری شەمس ڕاستەوخۆ کەسانی دیاری ئیخوانن لە ئێران، کە ناسر سوبحانی لە کەسانی بەرچاوی ئەو تاقمەن.
مەبەستی مەکتەبی قورعان لە پێک هێنانی گوتارێکی جیاواز
موفتیزادە بە کەڵک وەرگرتن لەم واتایانە گوتاری ئایینی-سیاسیی مەکتەبی قورعان بۆ دوو مەبەست پێک دێنێ؛
لە کاتێکدا مەکتەبی قورعان شکڵ دەگرێ کە نزیک شۆڕشی گەلانی ئێرانە و گوتاری ئایینیی خومەینی لە پەرەسەندندایە، کاتێک کە شۆڕش سەردەکەوێ، گوتاری زاڵ لە ناوەند گوتاری ئایینیی خومەینییە و موفتیزادە بۆ ئەوەی بتوانێ بێتە ژێر چەتری ئەم گوتارەوە پێویستی بە هێندێک چەمک و واتایە کە لە چوارچێوەی گوتاری ناوەنددا جێی بێتەوە، (ئەو واتایەنەی کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا)، بۆیە بە کەڵک وەرگرتن لە بابەتەکانی شەریعەتی و خومەینی، حەول دەدا خۆ لەم گوتارە نزیک بکاتەوە تا لە قەوارەیەدا جێی بێتەوە.
کەڵک وەرگرتن لە واتای «خودموختاریی ئیسلامی» و «پێشمەرگەی موسڵمان»، حەول بوو بۆ پێکهێنانی گوتاری ئایینی-سیاسیی مەکتەبی قورعان لە بەرانبەر گوتاری نەتەوەییی حیزبی دیموکرات و گوتاری زاڵی کوردی لەو قۆناغەدا، بۆ ئەوەی لە گوتاری ئایینیی ناوەند نەترازێ. لەڕاستیدا زەرافەتی گوتاری ئەم جەریانە ئایینییە لێرەدایە کە نایهەوێ هاوتەریب بێ لە گەڵ ڕەوتی سیاسیی کوردستان و گوتارەکەی خۆی لە دژایەتی لە گەڵ گوتاری زاڵی کوردی جومگەبەندی دەکات. گوتارێک کە ئەگەرچی نەیتوانی سەر بکەوێ بەڵام توانیبووی چەترێکی بەرین بێ بۆ داواکارییەکانی گەلی کورد و جەماوەرێکی زۆری لە دەوری خۆی کۆ کردبۆوە.
موفتیزادە دوای دابڕان لە خومەینی و پێکهێنانی شەمس؛
دوای ئەوەی موفتیزادە ناتوانێ بەو ویستانە بگات کە بووی و لە گەڵ ناوەند لە سەر داواکارییەکانی پێک نەهات و دواتر لە لایەن دەسەڵاتی نوێوە تۆمەتبار بە دژی شۆڕش بوون کرا، کەوتە بیری دامەزرانی تەشکیلاتێکی دیکە،ڕێکخراوەیەک کە ئیدی زۆریش قەوارەی کورد بوونی پێوە دیار نەما و لە هەموو پێکهاتە سوننەکانی ئێران پێک دەهات، لەڕاستیدا «شووڕای مەرکەزیی سوننەت» یا «شمس» دژ کردەوەیەک بوو بە دوو شت؛
یەکەم؛
دابڕانی گشتی لە بزوتنەوەی کوردی و ئەو دۆخەی کە بە دژی موفتیزادە و مەکتەبی قورعان لە کوردستان پێک هاتبوو، چون بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگای کوردی سیاسەتەکانی ئەویان بەیەکێک لە هۆیەکانی شکستی کورد و هەڵوێستی دەسەڵاتی نوێ بە نیسبەت کوردستان دەزانی. بۆیە ڕێکخستنی وەها ڕێکخراوەیەک کە ڕووی لە پێکهاتەکانی دیکە و جەخت کردن لە سەر سوننی بوون بوو، بووە گەڵاڵەی ئەم تەشکیلاتە نوێیە.
دووهەم؛
موفتیزادە دەیویست بە پێکهێنانی بەرەیەکی سوننە بە دوو ئامانج بگات؛١. حەول بدات یارمەتیی وڵاتانی سوننیی ناوچە بۆ لای خۆی ڕابکێشێ ٢. لەو ڕێیەوە فشار بۆ دەسەڵاتی نوێ بێنێ کە بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات، ئەو بەڵێنانەی کە بەردەوام موفتیزادە ئاماژەی پێ دەکات کە چوار ڕۆژ پێش سەرکەوتنی شۆڕش، خومەینی پێی داوە و دواتر کەسانی دیکەی وەک مونتەزیریش جەختیان لە سەر کردووە بەڵام بێ بەڵێنییان کردوە.
گرینگییەکی دیکە کە پێک هێنانی شەمس هەیەتی ئەوەیە کە موفتیزادە زۆر لە قەوارەی ئیخوان نزیک دەبێتەوە، قەوارەیەک کە دەسەڵاتی نوێ زۆری پێ خۆشحاڵ نییە لەبەر ئەوەی حاکمانی نوێ باش تێدەگەن کە ئیخوان بە چ شێوەیەک کار دەکا و تواناییەکی زۆری تەشکیلاتی و ڕێکخستنیان هەیە، بۆیە هەر زۆر زوو بەرەنگاری دەبنەوە و چەند رۆژ دوای بەستنی دووهەمین کۆنگرەی شەمس موفتیزادە و ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی دەستبەسەر دەکرێن.
ئاکام
مەکتەبی قورعان ئەگەرچی هەرگیز بە شێوەی ڕاستەوخۆ دژایەتیی خۆی بەرانبەر ڕەوتی سەرەکیی بزووتنەوەی نەتەوەییی کورد دەرنەبڕی، بەڵام هەموو ئاراستەکانی «گفتمانی» ئەم ڕێکخراوەیە، بە جۆرێک بوو کە توانی زەبر لە گوتاری هاوبەشی کوردی بدات و ئیزن نەدا ئەم گوتارە هاوبەشە پێک بێت کە دەیتوانی وەک گوتاری زاڵی سەراسەری لە کوردستاندا ببێتە بەرانبەر و تاکە بەردەنگی کۆماری ئیسلامی، لە ململانێ دیپڵۆماتیک و نیزامییەکانی سەردەمی شۆڕشدا. بۆیە پێویستە ئەوە وەک ڕاستییەکی سەرەکی لەبەر چاو بگیرێ کە گوتاری ئیسلامی-سیاسی لە هەر قەوارەیەکدا، چ لە قەوارەی نوێخوازی بە شێوەی موفتیزادە و چ لە قەوارەی فێندامێنتاڵیدا، دەتوانێ پێش بە ساز بوونی گوتاری هاوبەش بگرێ و لە گوتارێکی جیاوازدا لە چوارچێوەی هزری ئایینیدا حەول دەدات کۆمەڵانی خەڵک لە خۆی کۆ بکاتەوە، لانی کەم تا ئێستا نەیتوانیوە لە چوارچێوەی گوتاری نەتەوەییی بزووتنەوەی سیاسیی کورددا خۆی پێناسە بکات. مەکتەبی قورعان وێڕای هێمنایەتیی زۆری بە نیسبەت جەریانە ئایینیەکانی دیکە نەیتوانی لەو قۆناغەاد کە دەبوو لە گەڵ ئەم گوتارە زاڵە هاوتەریب بێت، هاوڕا بێت و تەنانەت بە گەڵاڵەی گوتاری ئایینیی خۆی، وەک باس کرا، بە جەخت کردن لە سەر واتای «خودموختاریی ئیسلامی» و «پێشمەرگەی موسڵمان» لە بەرانبەر گوتاری زاڵی نەتەوەییدا ڕابوەستێ. لە لایەکی دیکەوە موفتیزادە و مەکتەبی قورعانەکەی بە پێجەوانەی جەریانە ئایینییە سەلەفییەکان و ئیخوانییەکان، توانی لە کوردستان بێ ئەوەی لە هێزێکی دەرەکی کەڵک وەرگرێ، تەشکیلاتێکی خۆڕسکی ئایینی پێک بێنێ کە ئەو تواناییەی هەبێ بۆ ماوەیەکی کەمیش بێ لە مەیدانی سیاسیدا قسەی پێ بێ و ببێتە تەرەف حیسابی ناوەندێکی ئایینی. ئەم جەریانە بوو بە سەرەتای تەشکیلاتی بوونی بیری ئیسلامی سیاسی و بووە بەرانبەرێک ڕووبەڕووی نەهادی ڕۆحانییەتی نەریتیی کورد کە تا ئەو کاتە ئەگەر سیاسیش بووبێت، سیاسییەکی نەتەوەیی بووە و پێشەنگی زۆریەک لە بزووتنەوە نەتەوەییەکانی کوردستان بوون؛ بەلام ئەحمەدی موفتیزادە بە پێک هێنانی مەکتەبی قوڕعان، ئیسلامی لە کوردستان بە سیاسی کرد و توانی بەو گوتارەی خۆی، بسەلمێنێ ئیسلام دەتوانێ بە تەشکیلاتەوە بێتە مەیدانی سیاسەت و کەلێنیش بخاتە هەر ڕەوتێکی سیاسی لەم بەشەی کوردستاندا.


