ئارامتر بخوێنەوە!

کولتوور، ئایین، گۆڕانکاری

محەممەد حوسەینی

کەڵکەڵەی ئەم وتارە بەیانی کاریگەرییەکانی کولتوور وشارستانیەت و ئایین لەسەر یەکترینن وئایین بە چەمکێ لە کولتوور دەزانێ، کە گۆڕانکاری تێیدا، وەک تایبەتمەندییەک خۆی دەرئەخا. بۆیە بۆ ئەم مەبەستە جەخت خراوتە سەر شێوازی شیتەڵکاری و ئانالیزی ماناکان و ئاماژە بە لای تایبەتمەندیەکانی واتا سەرەکییەکاندا‌‌‌ لە پەنای تاریفی تەوسیفی و بەرساختگەرایانەدا و هەروەها دووری کراوە لە تاریفی مەنتقی ئەرستویی کە هۆی چەواشە بوونە لەم بوارەدا. جا بەم پێیە سەرچاوەگەلێکی بەهێزی عیلمی لە ئانترۆپۆلۆجیستان و ئایین ناسان و فەیلەسووفان بە تایبەت فەیلەسووفانی کولتوور و ئایین لەم بوارەدا ژێروڕوو کراون.

دەستاوەردی ئەم وتارە بەیانی چەند خاڵی لەیەکدا ڕۆچوون، کە وەختێ لە پەنای یەکتریدا دادەنرێن، ئێمە بە بەرهەمێکی مەنتقی دەگەیەنێت:

شارستانییەت(sivilizasion): نیازی ماددی ئێمەیە کە وەک کەرەسە و ڕووداو خۆی ئەنوێنێ .

کولتوور( culture): نیازی مەعنەویی ئێمەیە، کە لە هێماسازی و سەمبولسازی دا خۆدەردە خات .

ئایین: یەکێ لە چەمکە سەرەکییەکانی کولتوورە .

شارستانییەت و کولتوور، کاریگەریی گۆڕانکارییان لەسەر یەکتری هەیە.

کەواتە وەک کۆ بەرهەمی ئەم خاڵانە، ئایین وەک کولتوور گۆڕانکاری هەڵگرە.

گەورەترین بەرهەمی ئەم باسە ئەوەیە، کە کومەڵگای ئایینی بەوە دەگەیەنێت، ئایین چەمکێکی کولتوورییە ومیژوومەندە و ئەمە یانی خۆهاوڕی کردن لەگەڵ ڕەوتی نوێ لە دونیای نوێدا. بۆیە لە پە نای باسی شۆڕشی کولتووریدا کە لای (چارلز تیلۆر) و هندیک لە تۆێژەران و بیرمەندان، لە دوای 1690ەکان بە دواوە ڕویداوە، ئەم وتارە پێی وایە، دەورانی چوارەمی ئایین بە شێوازێکی نۆێ دەستی پێکردوە.

لەکۆتاییدا ئەم وتارە ئەمانکێشی بۆلای باسی چۆنیەتیی گۆڕانکاری هەر لە پایە هەتا سایەی ئایین، کە پانتایەکی گەورە لە تۆێژینەوەگەلی تر دەخاتە بەردستی تۆێژەرانی ئایینناسیەوە.

 

کلید وشەکان (kay word)

کولتوورـ شارستانییەت ـ ئایین ـ گۆڕانکاری

 

پێشەکی

لەم وتارەدا جەخت دەخرێتە سەر گۆڕانکاری لە بوارە جۆراوجۆرەکانی کولتووردا و ئایین وەک چەمکێک لە کولتوور دەناسینەوە و پێمان وایە وەک گۆڕانکاری لە هەمو بوارەکانی کولتووردا ڕوودەدات، هەروەها گۆڕان و گۆڕانکاری ڕوودەکاتە قەبارەی ئایینەوە هەر لە پایە هەتا سایە.

بۆیە بۆ ئەم مەبەسته ‌‌گرنگە پێش هەموو شتێک، لەگەڵ پێناسە و «چی بوونی» کولتوور و ئایین ڕووبه ڕو ببینەوە و لێرەدا لە تاریفگەلی زاتگەرایانە و داشکانباوەڕانە و ڕیدۆکشینستی «reductionism»، دوورەپەرێزی ئەکەین و پەنا دەبەینە بەر پێناسەگەلی تەوسیفی و پەدیدارشناسانە و فنۆمنۆلۆژیستی (phenomenologism).

جا بەم پێیە لە کولتوورەوە کە ئایین یەکێ لە ئێلێمێنتەکانیەتی، دەس پێ دەکەین و بۆ گەیشتن بەواتا و مانای ئەم تێرمە، قۆناغە مێژووییەکانی دەدەینە بەر شیتەڵکارییەوە، تا چەمکه نەناسراوەکانی، یەک لە دوای یەک دەرکەون و بزانین پێناسەی ئەم واتایە چییە؟ و لە کوێوه دەستی پێ کردووە؟ و بەکوێ گەیشتووە؟

لەم گەشتوگوزارە مێژووییەدا بەشەش قۆناغی زەنجیروار و یەک لە دوایی یەکدا تێدەپەرین، کە بەکورتی بریتین لە:

قۆناغی یەکەم: قۆناغی وشەیی و ڕیچۆڵکردنی ماناییی کولتوورە.

قۆناغی دوهەم: قۆناغی کولتوور وەک «civilization» و شارستانییەته، بەتوێکڵی سیاسی و ئەرزشییەوە، کە مرۆڤ دەکا بەمرۆڤی بێ کولتوور و خاوەن کولتوور.

قۆناغی سێهەم: قۆناغی کولتوور وەک زانیاری و زانین و فێربوون و ئازادیخوازی و مافی مرۆڤ و هتدە، کە وەک بەرهەمێکی دونیای ڕێنێسانس ئەژمێرێت، واتە ڕوو وەرگیران لە مرۆڤی خاوەن کولتوور، بۆ لای ئاسەوارەکانی شارستانییەت، وەک مانایەکی گشتی بۆ شارستانییەت.

قۆناغی چوارەم: قۆناغی کولتوور وەک هەموو دەسکەوت و بەرهەمە مادی و مەعنەوییەکانی شارستانییەتە، بێ ئاوڕدانەوە بەلای باری ئەرزشیدا، کە هیچ جیاوازییەک ناخاتە نێوان شارستانییەت [وەک کەرەسە و ڕووداو] و کولتوور [وەک ڕچه و نەریت]

قۆناغی پێنجەم: قۆناغی کولتوور وەک باری مەعنەوی و پێویستی دەروونی و ڕۆحی لە بەرانبەر شارستانییەتەوە دەبینرێتەوە، کە بواری کەرەسە و ڕووداو و باری ماددی مرۆڤ ڕەچاو دەکات، بۆیە بۆ یەکەمجار ئانترۆپۆلۆجستێک ناودار بەناوی«تایلۆر» بەنوسینی کتێبی «primitive culture» [کولتووری سەرەتایی] مانایەک بۆ مرۆڤی بێ کولتوور ناهێلێتەوە و تێنوارینی ئەرزشی لە کولتوور دەگرێتەوە و باری عیلمی و زانستی پێ دەدات و هەموو کەس و جێ و کاتێکی مرۆڤایەتی بەخاوەن کولتوور دەزانێت.

قۆناغی شەشەم: قۆناغی کولتوور وەک خوێندنەوەی تایبەتمەندییەکانی کولتوورە، کە دەتوانین لە ئەندامواربوونی، وەک سیستەمێکی مێژوومەند و ئابستراکشن و داڕنراو لە ڕەفتاری ئادەمی، وەک سەمبولسازی و هێماسازی قسە بکرێ.

بۆیە لێرەدا کولتوور بریتیە لە بەرهەمی مەعنەویی مرۆڤی مێژوومەند، کە لە دوێنێ بۆ ئەمڕۆ، ئاسۆیەک لە ئەزموونی دەستەیەک و ڕاستەوخۆ و خۆڕەس و خۆ چێژ، لە ڕێگای سەمبولسازی و هێماسازییەوە بەدی دەهێنێت.

لێرەدایە کە سەمبولسازی ئەبێت بەخاڵی جیاوازیی مرۆڤ لە گیانلەبەرانی دیکە و ئەبێت بەهەوێن و کاکڵەی کولتوور لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەکانیەوە و مرۆڤ بەگیانلەبەری خاوەنکولتوور تاریف دەکرێت و پێناسەگەلی دیکە وەک گیانلەبەری سوشیاڵ و کەرەسەساز و بیرمەند، لە بەرانبەر ئەم تاریفەدا ڕەنگ دەگۆڕن و دەچنە پەراوێزەوە بۆیە نەخشی دوو گەورەتۆێژەر، وەک «کروبێر» و «کلاکین» لە ناسینەوەی ئەم مەبەستەگرنگە و جیاکردنەوەی سەمبول لە ڕەفتاری ئادەمی وەک گیانلەبەرێک، لە بەشی کولتوورناسیدا بەئەندازەی شکاندنی ناوکی ئۆتۆم لە بەشی زانستی تەجربیدا بەکەڵک و بەنرخ و جێی سرنجە.

لێرەدایە ئایین، چوونکە هەم هەڵگر و هۆگری بار و ناوەڕۆکی مەعنەوییە و هەم زمانیشی زمانی سەمبولیکە، وەک ئێلێمێنتێک زۆر بەهێز لە کولتوور خۆی دەردەخات.

جا ئیتر بەم پێیە هەر وەک پێناسەی کولتوور، لە سەر بنەمای تاریفی تەوسیفی و پەدیدار شناسانە، چەمکەکانی ئایین ئەخەینە بەر تۆێژینەوە، تا بە «چی بوون»ی ئایین بگەین.

بۆیە لە دوای شیتەڵکاریی ئەم تێرمە، بەوە دەگەین، دو وێنە لە ئایین لە بەرانبەر ئێمەدا خۆی دەنۆینێ، که ‌‌ئێمە وێنەی یەکەم وەک وێنەی «کاکڵەیی و کرۆکی» و یا «سەنتەری و هەوێنی» و یا وێنەی «لای کەمی ئایین» واتە وێنەیەک کە ئایین بێ ئەو ئایین نیە، ناو دەبەین، کە ئەویش وەک ئۆتۆ دەڵێ: «ئەزموونی سەرسوڕمان لە بەرانبەر شکۆی مەزن» دایە.

وێنەی دوهەم: وێنەی مێژووییی ئایینە کە وەک بارانێ دەبینرێتەوە کە لە بۆشاییی ئاسماندا لەگەڵ هەڵم و دووکەڵ و … تێکەڵ دەبێ و لەوێ کە دەدات لە زەوی، لەگەڵ خاک و خۆڵ و مەوادی دیکەدا ڕێ دەکەوێ و وێنە پاڵفتە بێگەردەکەی نامێنێ، کە بە پێی بارودۆخی تۆپۆگرافیی ژینگه، ڕەنگدانەوەی جۆراوجۆر بەخۆیەوە دەگرێت، کە کاتی وا هەیە وەک سەیل و لافاو و کاتی وا هەیە وەک دونیایەکی سەرسەوز و کانی و ئاو و کاتی وا هەیە وەک دەریایەکی مەنگ و کاتی وا هەیە وەک دەریایەکی ئاڵۆز خۆی نیشان دەدات، وێنەی یەکەم هەڵمی دەروونی بۆچوونی مرۆڤی خاوەن کەڵکەڵەی دینییە لە بەرانبەر شکۆی مەزندا، کە بەپێی کات و سات و ڕێگا و جێگا و مەودا، وێنەی دوهەم، واته دینیمێژویی، ساز دەکات. بۆیە ئایین لە ژێر کاریگەرییەکانی دونیای دەوروبەری خۆیدا قەرار دەگرێت و هەرچی باری کەرەسە و ڕووداوەکان وەک شارستانییەت ئالوگۆڕی بەسەردا دێت، باری مەعنەوی و سەمبولسازیی مرۆڤیش گۆڕان و گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و ئەگەر ئەم گۆڕانکارییە لە نێوان باری مەعنەوی وەک کولتوور و باری ماددی وەک کەرەسە و شارستانییەت، هاوشانیی و هاوڕێیی و هاودەنگی و هاوسەنگییان پێکەوە بێت، ژیانێک پڕ لە ئارامی و ئاسایش بە مرۆڤ دەس دەدات و ئەگەر بە پێچەوانەوە، ئەم ڕووداوە ڕوونەدات و هاودەنگی و هاوسەنگی لە نێوان کولتوورەکان و شارستانییەتەکاندا نەبێت، کارەسات و دابڕین و قەڵشت ڕوودەدات، کە دەبێ بەهۆی گرژی و خەمۆکی و شەڕ و ئاژاوە و نامۆیی و ناکۆکی لە ژیانی مرۆڤدا.

بۆیە ئایین وەک چەمکێکی بەهێز، لە چەمکەکانی کولتوور، ئەگەر ئەم گۆڕانکارییە بەخۆیەوە نەبینێت، تووشی کێشەی نامۆیی و ناکۆکی لەگەڵ دونیای دەوروبەری خۆیدا دێت و ڕووداوەکانی سەدەکانی میانە (قرون وسطا)، وەک کوشتن و سوتاندن و بیر پشکنین و ئەنکزاسیۆن و ئەشکەنجە و … ئەزموون دەکاتەوە و لە جێی ئەوەی مایەی ڕەحمەت بێت، ئەبێت بەهۆی زەحمەت و گرفت لە ڕێگای ژیانی مرۆڤدا.

هەر بەم پێیە، من پێم وایە کەەرسەکان و ڕووداوەکان بەپێی پێویست ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت، واتە شارستانییەتەکان بگۆڕن و لەوەی شارستانییەتەکان گۆڕانکاری ڕویان تێ دەکات، داخوازیی کولتووری هاودەنگ و هاوسەنگی خۆیانن، بۆیە کولتورەکانیش گۆڕانکاری ڕویان تێ دەکات و لەوێ ئایین کولتووره ‌‌و چەمکێ سەرەکی لەکولتوورە، ئایینیش لە سەر هەتا پێ، گۆڕانکاری ڕوی تێ دەکات.

جا بەپێی دوایین تۆێژینەوە زانستییەکان، وەک فەیلەسوف و کولتوورناسی هاوڕۆژ و هاوچەرخ، «چارلز تیلۆڕ»، و زورینەیەک لە کولتوور ناسان دەڵێن، له ساڵەکانی 1960 کان بەدواوه، ئێمە لەگەڵ شۆڕشی کولتووریدا، لای کەمی لە بەشی سەرەوەی وڵاتانی زەریای ئەتڵەسییەوە ڕووبەڕووو بوینەتەوه، بۆیە ئاڵۆگۆڕی کولتووری، ڕووی کردووەتە تەواوی بەشەکانی کولتوور.

بەم پێیە ئایینیش ئەم گۆڕانکارییە لە نێوان لەرز و تای تایبەت بەخۆیدا ڕووی تێدەکات و ڕووی تێ کردووە و ئەم گۆڕانە تەواوی بوارەکانی ئایینی گرتووەتەوە.

بەچاوخشانێک بەســـــەر مێژووی ئاییندا، تا ئێستا وەک دینناسان وتوویانە، سێ دەوران لە دینداریمان تێ پەڕاندوە
دەورانی سەرەتاییی ئایین  دەورانی تاک فەرماندەیی و ئۆتۆکراسیی ئایین  دەورانی دیتران خوازانە و مرۆخوازانەی ئایین.

لەم سێ دەورەدا ئایین بەپێی بارودۆخی مێژووی لە پانتایی ژیانا و لە درێژاییی مێژوودا، هەر لە خودا هەتا تەواوی لق و پۆپەکانی، ئەزموونگەلی جۆراوجۆری تاقی کردووەتەوە.

بۆیە من پێم وایە ئێمە لە جیهانی دێموکڕاسیدا، لەم سەردەمەدا لەگەڵ دەورانی چوارەمی ئایین، کە دەورانی «مرۆخوازیی نوێ«یە، کە دەتوانین بەدەورانی دیالۆگی «مرۆخوایی و خوامرۆیی» ناوی ببەین، ڕووبەڕوو بووینەتەوە.

بگرە پێشتر لە دونیای ڕۆژئاوادا گەورەپیاوێک وەک نیچە بوو، به بانگەوازی مەرگی خودا ئەمەی ڕاگەیاند و هاوشان لەگەڵ ئەودا لە ڕۆژهەڵاتیش گەورە فەیلەسوفی موسوڵمان، موحەمەد ئیقباڵی لاهوری وتی: خودا دەبێ نەخشێکی تر و ڕۆڵێکی تر، لە ژیانی مرۆڤدا بگێڕێت.

جا ئەم وتارە لە «تایلۆر» [1832 ـ 1917ز] هەتا «تیلۆر» فەیلەسوف و کولتوورناسی، هاوچەرخی بەدی کردووەتەوە و لەسەر ئەم باوەڕەیە، دەبێ دین هەر لە پایە هەتا سایە، گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و ئێمە لەگەڵ سەردەمی چوارەمی ئاییندا، کە خوا لەم سەردەمەدا نە خوای تەک فەرماندەرە و نە خوای خاوەن مافە، کە مافێ بۆ ئەو بێت و مافێ بۆ بەندە، بەدی ناکرێتەوە. بەڵکو خوا خوای هەڤاڵ و ڕەفێق و دیالۆگە و گوناح، نافەرمانیی خوا و زەرەردان لە خۆ نیە، بەڵکوو گوناح، زەرەر لە دیترانە و ئایین وەک ئەزموونی جوانی ویستانە و دەروون نومایانە، وەک ئەزموونی خۆچێژ لە ژیاندا، ئاوڕی لێ دەدرێتەوە.

جا ئیتر پیاچوونەوە بەسەر زۆرێک لە بزاڤە ئایینییەکاندا ڕوودەدات و پرسیارگەلێکی زۆر لە سەر گۆڕانکاری لە ئاییندا دێتە کایەوە، کە پێم وایە وتارەکە به ڕاشکاوی و ڕاستەوخۆ، ئەم مەبەستانەی بەدی کردوتەوە.

هیوام چێژگرتنی زانستیی هەرچی فرەترە لەم بوارەدا، بۆ پوختەکردنی ئەم نیگا و بۆچوونە، لە ژێر شیتەڵکردنەوەی ڕەخنەگرانەدا.

 

کولتوور (Culture) چیە؟

پێناسەی کولتوور وەک هەر پێناسەیەکی دیکە لە دونیای زانستی ئەمڕۆدا پاڵ بەزاتگراییی ئەرستوویییەوە نادات، چونکە واتاکان خاوەنی ڕواڵەتگەلی جۆراوجۆر و بەرساختەی کۆمەڵگا و گۆڕانکارییە یەک لە دووی یەکدا هاتووەکانن.

جا باش وایە کە پوختەیەک لە قۆناغەکانی بەدیهاتنی مێژووییی ئەم واتایە ڕەچاو بکەین و بەتاریفی تەوسیفی کە ئەورۆ، لە کولتوور جێی باسە، بگەین.

 

مێژووی واتای «کولتوور»

کولتوور (Culture) یا «کاڵچر» بەپێچەوانەی سەرهەڵدان و بەدیهاتنە مێژوویییەکەی، وەک بزاڤێکی کۆمەڵایەتی و مرۆڤناسانە، زادەی دونیای نوێ و مۆدێرنە.

پوختەی بەدیهاتنی وەک تێرمێکی مرۆڤناسانە (anthropology) لەم قۆناغانەی خوارەودا ڕەچاو دەکرێت.

 

قۆناغی یەکەم

کــــولتور «Culture» و ناتوور «nature» دوو وشەی لاتینین، وەک ویتگێنشتاین دەڵێ بە«هاوشێوەیی ڕەگەزیەوە» [فامیلی ڕێزیمبڵنس] [family resemblance] پێکەوە بەسراونەتەوە.

[ناتوور] «nature» سروشـــــتە، وەک سروشتە‌‌ماددیەکەیەتی.

[کولتوور] «culture» پەروردەیە، وەک کۆمەڵێک زانین کە ئەبێ ڕەنگدانەوە و کارامەیی بێت، کە ئەمە بۆ خۆی باری مەعنەویی هەیە. بۆیە لە دوو تەوەرەی پەروەردەکردندا بەکار براوە.

تەوەرەی یەکــــەم: پەروەردەکردنی ژیانی ماددی، وەک پەروردەی کشتوکاڵ «agriculture» پەروەردەی باخ و باخداری «horticulture» پەروەردەی هــــــەنگ و هەنگداری «beeculture» پەروردەی سەدەف «oysterculture» و پەروردەی مروارید «pearl culture».

تەوەرەی دووهەم: پەروردەکردنی گیان و دەروونە و وشەی «cultus» بەمانای پەرستنە، بۆیە ئەم واتایە لە سەدەکانی میانیدا «قرون وسطا» هەر بەمانای پەرستن بەکارهاتووە. ئەوەی لەم قۆناغەدا ئەیبینینەوە، ڕنگدانەوەی باری مەعنەویی کولتوور، لە مانا وشەییەکەیدایە، کە دەبێتە هەوێنی بەدیهاتنی ماناعیلمییەکەی کولتوور.[١]

 

قۆناغی دووهەم

لەم قۆناغەدا، ئەم واتایە لە بەرانبەر ڕێوڕەسمی خێڵەکییەوە لە دوای ساڵی 1750 لە ئەڵمانیا لە مانای «civilization» [سێویلیزاسیون] بەمانای شارستانییەت و بەشداربوون لە ژیانی شارنشینی و ڕەفتار بە ڕەفتاری شاریکردن، بەکار هێنرا، کە تا ڕادەیەک، تۆێکڵێک لە مانای سیاسی «politicol»ی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرت و بارێکی ئەرزشیی بە شوێن خۆیدا دەکێشا، واتە مرۆڤی خاوەن کولتوور و مرۆڤی بێ کولتوور،[2] لەم قۆناغەدا کولتوور هەنگاوێ بەرەولای مانا پەیداکردن لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەڕوات، کە پلەیەک لە قۆناغی پێشوو جیا دەبێتەوە.

 

قۆناغی سێهەم

دەورانی نوێخوازی و ڕێنێسانسە، دەورانی پێشاهەنگانێکی وەک کۆپرنیکۆس و گالیلە و نیۆتۆن و … و مرۆڤی نوێیه ، ئەم دەورانە لە بەرانبەر بیر و باوەڕە چەق بەستووەکانی کلیسادا، پرسیارگەلێکی زۆری هێنایە مەیدانەوە، کە هەم داخوازیی ڕزگاری و ڕهاییی عەقڵ لە پێ بەستەکانی ئایین، وەک ئیمان و بڕوانامە «Credo»کان بوو و هەم داخوازی پەرەسەندنی گشتی، ڕووناکبیری و عەقڵی خۆهەژێن بوو. بۆیە فەلسەفەگەلێکی نوێ و تۆێژینەوە لە بواری زانستە کومەڵایەتییەکان و زانستە مرۆڤناسانەکانەوە، هاتنە کایەوە و دەستیان کرد بەپەرەسەندن.

بەم پێیە بوو کە «ولتێر» لە ساڵی 1756دا «فەلسەفەی مێژوو»ی خستە بازاڕی فەلسەفە و فەیلەسوفانێک وەک «کەندوروسە» و «هێگل» بازاڕیان پێ گەرم کرد و دەریای بیر و نیگای دەوروبەری خۆیانیان پێ شڵەژاند.

لە ژێر ئەم تیشکەدا، لە بواری خەڵکناسی و کولتوورناسیەوە توێژەرانێک وەک «ئادلۆنگ» و «هێردر» مانا و واتای کولتووریان خستە بەر شیتەڵکارییەکی نوێخوازانەوە، تا وەکوو «کلێم» هات و لە ساڵی 1843دا «مێژووی گشتیی کولتووری» لە چەن بەرگدا نووسی و هەروەها لە ساڵی 1854دا «زانینی گشتیی کولتوور»ی تۆمار کرد، لێرەدا بوو بە شێوازێکی ڕوون و ئاشکرا و ڕاشکاو، کولتوور وەک زانین و خاوەنی مێژووی سەرهەڵدان و گەشەسەندن، دەناسرێت.

ئەمجار کولتوور لە بەرانبەر بەڕبەڕیەتدا بە واتای زانیاری و زانین و فێربوون و ئازادی ئاماژەی پێ کرا.

لەم قۆناغەدا کولتوور مانایەک مرۆڤدۆسانە و ئازادیخوازانە پەیدا دەکات، کە هێشتا بارێک ئەرزشی لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت، بەڵام پلەیەکی دیکە ماناکەی عیلمی و زانستگەرانە دەبێتەوە و وەک بەرهەمێکی عیلمی و زانستی، خاوەن مێژوو، ڕەچاو دەکرێت.[3]

 

قۆناغی چوارەم

لەم قۆناغەدا زنجیرەیەک لە فەیلەسوفان و مێژوونووســـــان و ئانترۆپۆلۆجیستان، واتای کولتووریان لە هەموو کار و بارێکی شارستانییەتدا بەگشتی ڕەچاو دەکرد.

بۆیە کەسانێک وەک «دانیەلفیسکی» و «ئشپنگلر» و «تاینبی» توێژینەوەیەکی زۆریان خستە بەر دەست. ئەمجار هاتن و وتیان «کولتوور» هەموو بوارە ماددی و مەعنەوییەکانی مرۆڤ دەگرێتەوە، ئەم قوناغە مانای کولتووری بردە ئاستێکی تروە کە تەنیا عەیبی ئەوە بوو کە هیچ جیاوازییەکی لە نێوان «civilization» «شارستانییەت» و «culture» کولتووردا نەدەخست، بەڵام هەنگاوێکی تر ئێمەی بە مانای واتای عیلمیی کولتوور نزیک کردەوە.

 

قۆناغی پێنجەم

لەم قۆناغەدا مرۆڤناسی بەناوبانگی بریتانیایی «سێر ئەدوارد برۆن تایلۆر (1832 ـ 1917ز)» کە بە دامەزرێنەری بواری [مرۆڤناسیی کولتووری] [culturalanthropology] ئەژمێرێت، لە ڕوانگای مرۆڤناسییەوە سنوورەکانی کولتوور و شارستانییەتی لەگەڵ یەکتریدا جیا کردەوە و بە نووسینی کتێبی «تۆێژینەوەکان لە بواری مێژووی سەرەتاییی مرۆڤ و پەرەسەندنی شارستانییەت» جار به جار بەلای تێرمی کولتووردا ئاوڕی ئەدایەوە، بەڵام هێشتا هەر وەک پێشینیان و هاوسەردەمانی خۆی، فرەترین ئاوڕدانەوەی بەلای شارستانییەتدا بوو و سنوورەکانی کولتوور و شارستانییەتی لە یەکتری نەناسیبویەوە، هەتا لە ساڵی 1871دا کتێبی [کولتووری سەرەتایی] [primitive culture] دەنووسێت و بۆمان دەردەخات کە هەموو گەل و کۆمەڵگایەک خاوەن کولتوورن و کولتوور ڕوو ئەکاتە بوارە مەعنەوییەکان و شارستانییەتیش بوارە ماددیەکان نیشانە ئەگرێت.[4]

بۆیە هەر لە یەکەمین بەندی کتێبەکەیدا ئەڵێت: «کولتوور گڵۆڵەیەکی یەکپارچە و لەیەک تەنراوە کە زانین و ئایین و هونەر و یاسا و ئاکار و تەواوی توانایی و هێز و عادەتی مرۆڤ، وەک ڕشتەگەلێکی بەیەکەوە بەسراوە لەخۆدەگرێت..»  لەم قۆناغەدا کولتوور مانا و واتای عیلمی پەیدا دەکات و سنوورەکانی لەگەڵ شارستانییەدا جیا دەبێتەوە و مانایەک بۆ جیاکردنەوەی بێکولتوور و خاوەن کولتوور، لە یەکتری نامێنێت و بەم پێیە وردە وردە لای زانایان و توێژەران، بەتایبەتی ئانترۆپۆلوجیستان «civilization»، بەواتای تەمەدوون و شارستانییەت ناسرا و «کولتوور» «culture» بەواتای چاند و نەریت و فەرهەنگ ئاماژەی پێ کرا.

سەرئەنجام لە ساڵی 1920دا بوو، کە «ئالفرد وێبر» بەتەواوی هێزەوە جەختی کردە سەر ئەم مانایە و نیگای ئەوانەی کە کولتوور و شارستانییەتیان بەپێچەوانەوە تاریف کردبوو و هەروەها نیگای ئەوانەش هیچ جیاوازییەکیان لە نێوان ئەم دوو واتایەدا دانەنابوو، ڕەت کردەوە و کەسایەتیگەلێک وەک «کرۆبیر» و «کلاکین»ی ئەمەریکایی پەیدا بوون کە 164 مانا و واتا و تاریفیان لە پسپۆران و تۆێژەران لەم بوارەدا لە کتێبی «کولتوور، خوێندنەوە و پیاهاتنەوەیەک لە سەر ماناکان و تاریفەکان» کۆ کردەوە و بەمجۆرە کولتوور ئیتر لە پانتایی و دیمەنەیشنێک «dimension»ی تایبەت بەخۆیدا لە بواری عیلمیەوە سەری هەڵدا، کە قۆناغێکی نوێ بۆ ئێمە ڕەچاو دەکات.

 

قۆناغی شەشەم

لەم قۆناغەدا زانایان و پسپۆران و توێژەران و فەیلەسوفان، نیگا و تۆێژینەوەی خۆیان خستە سەر تایبەتمەندییەکانی کولتوور، بۆیە ئەم جار سێ تایبەتمەندیی گرنگ بۆ کولتوور بەدی دەکرێتەوە، کە بگره بتوانرێ ئاستە نادیارەکانی کولتوور بەتەواوی بۆمان ڕوونکاتەوە.

 

تایبەتمەندیی یەکەم

کولتووریان وەک سیستەمێکی ئەنداموار ناسیوە، کە لە دەرەوەی کار و کارکردەکانی بیۆلۆجیکاڵی «biological» ژیانی مرۆڤدا خۆی دەنوێنێ.

 

تایبەتمەندیی دووهەم

جەخت دەکاتە سەر مێژوومەندی «historicity»ی مروڤ وەک مرۆڤی کەرەسەساز.

مێژوومەندی، واتا بوون و حزور و خۆ دیتنەوەی خۆ، بەتەواوی ئەزمونگەلی ژیانەوە، لە ئەزموونی دیتراندا، بەشێوازێک کە ئاسۆیەکی بەرین لە ڕابردوو بۆ ئێستا دابین بکات، بگرە بتوانین قسە لە ئەزموونی ڕاستەوخۆی مرۆڤ بکەین، بەجۆرێ بچینە باوەشی ئانالیزەوە نەک داوەری، تا تووشی ئاناکرۆنیسم[5] نەبین، وەک ئەو شتەی کە دیلتای بە «ئەزمونی ژین»، «تەجربە زیستە» «Erfahrung» ناوی لێ دەبات و ئەم نیگایە بە مێژوومەندی، وامان لێ دەکات هیچ کولتوورێک لە کولتوورەکانی پێشین لە چاو نەخەین و لە دونیای ڕابردوویشدا خۆمان نەهێڵینەوە، بەڵکوو ئاسۆیەک لەوێ بۆ ئێرە ڕەچاو کەین و لەگەڵ ئیڤۆلەیشنی «evolution» کولتووریدا، بەپێی گۆڕانکارییە کەرەسەییەکان گۆڕانکاریمان لە دونیای مانا و کولتووردا بەسەردا بێت و ئەمە بەجۆرێ شانی خستۆتە سەر تێۆری «بنەمای سەرهەڵدان»هکەی «لۆید مورگان» واتە«principle of emergence» کە ئەم تایبەتمەندییە «ئەزموونی ڕاستە و خۆی ژین»، لەگەڵ تایبەتمەندیی یەکەم، واتە سیستەمی ئەنداموار، یەک دەگرێتەوە و مرۆڤ لە پانتاییی ژیان و درێژاییی مێژوودا، وەک ئەزموونگەلێکی جیاواز دەخاتەبەرچاو، بۆیە تایبەتمەندیی سێهەم گرنگترین تایبەتمەندیی مرۆڤه کە مرۆڤ لە گیانلەبەرانی دیکە جیا دەکاتەوە.

 

تایبەتمەندیی سێهەم

تایبەتمەندیی سێهەم باری«تەجریدی» و «ئابستراکشن» «abstraction»ی کولتوور دەخاتە بەر چاو کە لە دەست تێوەردان و ڕووتاندنی ڕەفتار و کرداردا بەدی دەکرێت. یانی ئەوەی پەیوەندیی بە کردەوە و نەندامی مرۆڤەوە هەبێ ڕەفتارە و ئەوەی لە ناوەرۆکی مانای ئەو شتەدا وەک ئەفراندن بەدی دەکرێت، «کولتوور»ه.

جیاکردنەوەی ئەم دوو بوارە لە یەکتری، کارێکی زۆر گرنگ بوو، کە «کرۆبێر» و «کلاکین» وەک سەرنج و وردبینی بەلایدا چوون و بەهۆی ئەمەوە پەردەیان لەسەر بەشێک لە مانای کولتوور و کولتوورناسی لادا، کە لە ژیانی زانستی کولتوورناسیدا، بەئەندازەی شکاندنی ناوکی ئەتۆم، لە ژیانی زانستی تەجربیدا، بەکەڵک و جێی سرنجە.

بۆیە «کولتوور» ئیتر ناوێک بۆ کەرەسە و ڕەفتار و شێوەیەک لە ژین نیە، بەڵکوو ناوێکە بۆ ئافراندن و ئەم ئافراندنە لە ڕێگای سەمبول و هێماسازییەوە سەردەگرێت، کە خاڵی جیاوازیی مرۆڤ لە هەموو گیانلەبەرانی دیکە و دونیای دەوروبەریەتی، واتە ئیتر تاریفە ئەرەستوویییەکەی مرۆڤ وەک گیانلەبەری سۆشیال و تاریفی مرۆڤ بەگیانلەبەری کەرەسەساز و تاریفی مرۆڤ وەک گیانلەبەری خاوەنی ڕێ و ڕچە و عادەت و … جێی خۆی ئەدا بە گیانلەبەری سەمبولساز و هێماساز و لێرەدایە کە تاریفی زمان وەک زمانی ئینسانی، زمانی خاوەن سەمبول و خاوەن هێمایە، کەچی لە نێو گیانلەبەراندا پەیوەندیی زمانی وەک، سیگناڵ و نیشانە بەدی دەکرێت، بۆیە بڕێ لە گیانلەبەران وەک هەنگ و مێروولە و نەهەنگەکان و فیلەکان و مەیموونەکان و … ژیانی سوشیاڵ و کۆمەڵایەتییان هەیە و عیشق و خۆشی و ناخۆشی لە ئاستێکدا ئەزموون دەکەن و بڕێکیان وەک گیانلەبەری خاوەن کەرەسە، لە کەرەسەی تایبەت بەهرە دەگرن و … بەڵام تەنیا شتێک لێرەدا مرۆڤ تایبەتمەند دەکات و جیای دەکاتەوە لە هەموو گیانلەبەرانی دیکە، ئافراندنە لە سەر بنەمای سەمبولسازی و هێماسازی، واتە زوانی سەمبولسازە کە مرۆ لە گیانلەبەرانی دیکە جیا دەکاتەوە و سەمبول بنەما و ناوەڕۆکی «کولتوور»ە و هەر بەخاتری ئەمەیە، کەڕ و کوێری زگماک دەتوانێ ڕێی خۆی بۆ دونیای قسەکردن بدۆزێتەوە، وەک ژیانی «هیلێن کیلێر»[6] ئەمەی بۆ ئێمە سەلماند و ئەم جیاوازییە لە درێژاییی مێژوودا لە دوای دۆزینەوەی ئاگر و چێشت لێنان، ڕێگای ئینسان بۆ مرۆڤ بەدی هات.

بۆیە لە ڕاستیدا نە کار و کاردانەوە و ڕیفلێکسی ئەندامەکان و نە وڵام دانەوە بەدونیای دەوروبەر، [شەرتیکردن «condition reflex»] و نە کەرەسەسازی و نە ژیانی سۆشیاڵ و کۆمەڵایەتی، ناتواننن خاڵی جیاوازیی مروڤ لە گیانلەبەرانی دیکە بن. بۆیە تاریفی مرۆڤ لە دونیای ئەمڕۆدا جێی خۆی داوە بەمرۆڤی خاوەن «کولتوور»، واتە «مرۆڤی سەمبولساز و هێماساز» بۆیە «کولتوور» و «سەمبول» و «زمان» لە «مێژووی ئافراندندا» «مێژوومەندی»ی ئێمە لەگەڵ سیستەمێکی ئەندامواردا ڕووبەڕووو دەکاتەوە، کە واتا و هێمای مرۆڤ و کولتوورمان پێ دەناسێنێ.

بە کوردی و بەکورتی مرۆڤ گیانلەبەری خاوەن کولتوور و کولتوور دونیای دەوروبەری ئێمەیه، واتە مرۆڤ بەشوێن مانابەخشین و مانادۆزینەوە لە ژیاندایە و ئەمەیە کە ئێمە ڕادەکێشێ، بۆ لای مانا و واتای ئایین کە وەک پێویستییەک لە ژیانی مرۆڤدا خۆی دەنوێنێت.

بۆیە بۆ دەرخستنی چەمکەکانی ئەم توێژینەوەیە، دەبێ بزانین ئایین چییە و چ کاردانەوەیەکی لەگەڵ کولتوورەکان و شارستانییەتەکاندا هەیە؟

«دین» چیە؟

هەر وەکوو لە باسی کولتووردا پەنامان بردە بەر تاریفی پەدیدارشناسی و تەوسیفیی کولتوورەوە، باش وایە هەر بەم پێیە لە باسی ئایینیشدا خۆمان بپارێزین لە تاریفی داشکان باوەڕانە و ڕیدۆکشینیستی «red uctionism» «تحویلگرایانه». تاریفی ئایین بە دیاریکردنی چەمکە هاوبەشە سەرەکییەکانی ئەتوانێت ڕێمان پێ بدات، تا «چی بوونی» ئەم واتایە بناسین و لەگەڵ کولتووردا وەک باسکرا پێناسەی کەین و پەیوەندیی و نیسبەتی ئەم دوانە پێکەوە بخەینە بەر تۆێژینەوە و شیتەڵکارییەوە.

بڕێ کەسایەتیی سەرشوناس لە تۆێژەرانی دین وەک «شڵایرماخیر» و «رۆدلۆف ئۆتۆ» و «پۆلتیلیش» و «گئورگ زێمل»[7] پێیان وایە دین و مەعنەوییەت بەشی دانەبڕاوی دەروونی مرۆڤن، بۆیە ئۆتۆ، قسە لە باری عاتیفی و دڵاوێزانەیی دین و مەعنەوییەت دەکات و باس لە «نۆمن» واتە شکۆ و شەوکەتی حازر لە هەستیدا دەکات و یەکەمین ویستگەی مرۆڤ لە بەرانبەر ئەم شکۆ مەزنەدا [کە بە«میستریۆم تری میندۆم» واتە «ڕازی سەرسوڕهێنەر» ناوی دەبات] ئیحساسی دڵسپاردن و خۆ لە دەسدان دەزانێ و قسە لە ناوەڕۆکێک ئەکات، کە پێگە و جێگەی کۆتایین پەردەی دەروونی ئینسانە.

بۆیە پێم وایە خاڵی هاوبەشی تاریفی ئایین، دەگەڕێتەوە بۆ ئیحساسی ئەم شکۆ مەزنە لە هەستیدا، کە یەکێک ناوی بە خوا دەبات و یەکێک بە ئەمری موقەددەس و یەکێک بە ئەمری مینوویی و نادیار و یەکێک بە ئەمری موتەعالی و باڵادەست نیشانی دەکات.

کەمترین سەرنج بەوەمان دەگەیەنێ، کە ئەمە هەر ئەو هێماسازی و سەمبول سازییەیە، کە ئاستی مرۆڤی لە ئاستی گیانلەبەرانی دیکە جودا کردووەتەوە و بگره بتوانین بڵێین، ئەمە هۆکاری سەرەکیی پێویستیی مرۆڤ بە دین و مەعنەوییەت لە درێژایی مێژوودا تا ئەمڕۆ بە شێوازگەلی جۆراوجۆر بووە و لەمەولایش لە وێنەگەلی جۆراوجۆری دیکەدا خۆی دەنوێنێت و بگرە هیچ کاتێک نەبویێت کە مرۆڤ بێ دین و مەعنەوییەت ژیا بێت و هیچ کاتێک نەبێت کە بێ دین و مەعنەوییەت بژیت، وەک هیچ کاتێک نەبووە مرۆڤ بێ هونەر، بە لقە جۆراوجۆرکانیەوە ژیابێت و هیچ کاتێک نییە کە بتوانێ بێ هونەر بژیت و مەبەست لەم بەرانبەری کردنەی ئایین و هونەر، ئەوەیە کە ئایینیش وەک هونەر هەڵقوڵاوی دەروونە و بەشی دانەبڕاوی دەروونە.

بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین ئەم مانا بەرینە کولتوورییە بخەینە بەر تۆێژینەوەوە، تا چەمکە سەرەکییەکانی خۆی دەرخات، پەنا دەبەینە بەر زمانی ئیستعارە و تەمسیلەوە، هەر چۆن کتێبە ئایینییەکان وەک قورئان و تەورات و ئینجیل و ئاوێستا و وداکان و ئۆپانیشادەکان و … بۆ بەیانی ئەم واتاگرنگە گەورەیە، پەنایان بردوووتە بەر زمانی ئیستعارە و تەمسیل و ڕەمز و سەمبولەوە.

بۆیە «پۆڵتیلیش» دەڵێ: «زمانی ئیمان و ئایین تەنها زمانی سەمبولیکە و بەس، و ئەگەر ئێمە بمانەوێت ئیمانی خۆمان نیشان بدەین، که پەیوەندیی ئێمە بە وجوودی موتڵەقەوە دەردەخا، بێجگە لە سەمبول و زوانی سەمبولیک ڕێگەیەکی دیکەمان نیە»[8]

دین لە بنەرەتدا وەک «ئاو» وەهایە،[9] وەک بارانێک وایە کە هەڵمی گەرمای زەمین دوای کار و کاردانەوەیەکی ئاسایی لە ئاسماندا، دەبێ بە هەورگەلی چڕ و پڕی بارانهێنەر، کاتێ کە باران دادەکا، بارانی بێگەرد و بێغەل و غەش لە ئاسمانەوە دەس پێ دەکات، کاتێک لە ئاستی بۆشایی ئاسماندا کەم کەم تێکەڵ دەبێ لەگەڵ تەم و دووکەڵ و مەواددیتردا، لە بێگەردی و خالیسیی خۆی دەکەوێ و کاتێک دێتە سەر زەوی، دڵۆپ دڵۆپ لەگەڵ خاک و خۆڵ و گژ و گیا و مەواددی دیکەدا ئاوێتە دەبێ و لە جۆگەلەیەکەوە بۆ جۆگەیەک و لە جۆگەکانەوە بۆ ڕۆبارەکان و هەروەها بۆ دەریاکان و زەریاکان بەڕی دەکەوێ.

بەڵێ بارودۆخی دینیش هەر وایە، ئەساس و بونیادی دین ئەو ماناخوازی و ئەو شکۆ سەرسوڕهێنەرەیە، کە هەرکەس و هەر ئەزموونگەرێکی ئایینی بە ناوێکی تایبەتمەندەوە، کە سەرسوڕهێنانی ئەم، لە بەرانبەر ئەو شکۆ مەزنەد بەیان دەکات، هەر بەم پێیە پێغەمبەران و ئەزموونگەرانی باری مەعنەویی دین لە یەک دین قسە دەکەن، واتە«ئەزموونی سەرسوڕمان لە بەرانبەر شکۆی مەزندا» وەک ئەزموونگەری بەناوبانگی سوننەتگەرا «فریتیۆف شووان»، که لە تێوری و ئەزموونی«وحدت متعالی ادیان»[باڵا نگەری یەکگرتوی ئایین به گشتی] دا ئاماژەی پێ دەکات.

لەم ڕوانگەیەوەیە کە ئوستوورەشناسی گەورە و بلیمەت «جۆزف کەمبڵ» دەڵێ: «ئەدیان و بانگەوازکەرانی ئایین لە جێی ئەوەی بەرەولای ئەزموونی عارفانەی دین ئاوڕ بدنەوە کە ئەزموونی حەقیقیی دینە، خۆیان تێکەڵ بەڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکان و ئاکارە ئەخلاقییەکان دەکەن»و ئەمە بەهەڵەیەکی گەورە ئەژمێرێت.[10]

بەڵام کاتێک ئەم ئەزموونە زیندووە، هەتا هەتایە، لەگەڵ مێژوودا و بارودۆخە مێژوویییەکاندا، وەک کات و سات و جێگا و ڕێگا و فەرهەنگ و نەریت و چاند و کولتوور و شارستانییەت و تەمەددونه جۆراجۆرەکاندا، تێکەڵ دەبێ، هەر لە ئایینە سەرەتایییەکانەوە، لە توتم و تابۆکانەوە تا ئایینە یەکتاپەرەستییەکان، ڕەنگ و بۆن و شێوازگەلی جۆراوجۆر بەخۆیەوە دەگرێت و ڕەنگدانەوەی تایبەتمەند بەخۆی نیشان دەدات. ئیتر لەم ڕوانگەیەوە وەک جانهێک دەڵێ لەگەڵ یەک دینیدا ڕوبەروو نابینەوە بەڵکوو لەگەڵ فرە ئایینیدا ڕوبەروو دەبینەوە.[11] بۆیە قسە لە پلۆرالیسمی ئایینی واتە فرە دینی دێتە کایەوە، کە ئەگەر بە نیگایەکی فنۆمنۆلۆژیستی و پەدیدارشناسانە و بەرساختگەرایانە سەیری ڕەوتەکە نەکرێت، ناوەڕۆکە بنەماییەکە، کە ئاوبوون و پاکیەتی و سەفا و سەرسوڕمان، لە بەرانبەر شکۆی هەستیسازدایە، جێی خۆی ئەدات بەسەرگەرم بوون و شەڕ و ئاژاوە، لە بوارەئاسایی و ڕووەکییە مێژوویییەکاندا و لە جێی ئەوەی دین ڕەحمەت بێت، ئەبێت بە زەحمەت بەسەر گیان و ژیانی مرۆڤایەتییەوە، لێرەدایە کە جەهل و نەزانینی موقەددەس بە ئەوپەڕی بێڕەحمییەوە خۆی ئەنوێنێ، کەمترین چاوپیاخشان بەسەر مێژووی ئاییندا ئەم حەقیقەتە و ئەم ڕەهەندە ئەخاتە بەر چاو،[12] بۆیە بەم پێیە ئێمە لەگەڵ دوو وێنە لە ئایین ڕووبەڕوو دەبێنەوه.

یەکەم: لەگەڵ وێنەی «ناوەرۆکی و بنەڕەتیی ئایین» و یا «وێنەی دەروونی و هەستەییی ئایین» و یا «وێنەی سەنتەری و هەوێنیی ئایین» ڕووبەڕوو دەبینەوە، کە بریتیە لە «ئەزموونی سەرسوڕمان لە بەرانبەر شکۆی مەزن»دا.

بەم پێیە هەموو ڕێیەک بۆ بانە ئەچێ، هەرچەنده کە بانە بە بەهانە بکات و شایەد مانای«لانفرق بین احد من ڕسله»[13] و «وقل امنت بما انزل الله من کتاب»[14] هەر ئەمە بێت.

دووهەم: وێنەی مێژوویی ئایینەکە بەپێی بارودۆخە مێژوویییەکان و کات و سات و جێگا و ڕێگا و ڕچە و چاند و کولتوور و شارستانییەتە جۆراوجۆرەکان، ڕەنگ و ڕواڵەتی تایبەتمەندی بەخۆیەوە گرتووە و ئەمەیش شایەد هەر هەمان مانای «شەریعەت» و «منهاج»[15] بێت، کە هەر ئۆمەتێک و هەر گەلێک بەپێی پێویست و ئاکارەکانی خۆیان وێنەی تایبەتمەند بەخۆیانیان گرتبێت.

کە تاریفە کۆمەڵناسیی و مێژوویییەکان پشت بە وەها ڕوانگەیەک دەبەستن، بۆ نموونە ئەتوانین ئاماژە بە تاریفەکەی «دورکیم» بکەین کە پشت بە بەباوەڕەکان و کار و ئاکارە لاهووتیەکان ئەبەستێت کە شوێنکەوتوانی خۆیان، لە کۆبەستێکی ئەخلاقی بەناوی «ئوممەت»دا کۆ دەکاتەوە.[16]

جا لەسەر بنەمای ڕێژە باوەریی کولتووری «culturalrelativesm»، هیچ شەریعەتێک و مینهاج و ڕێ و ڕچەیەکی دینی بەرتر و سەرتر لەویتر ناناسرێت. لەبەر ئەوەی کولتوورەکان چی دینی و چی نادینییەکەی لە پێوەرگەلی عیلمیدا جێ ناگرن و پلە و ڕێژەیان بۆ دیاری ناکرێت.[17] ئەگەر ئاوڕێک لە وێنەی یەکەم لە ئایین بدرێتەوە «وەستان لە بەرانبەر شکۆی مەزندا» وەک پاڵفتەی بێگەرد، خاڵی بنەماییی بەدیهاتنی ئایین و ناوەڕۆک و هەوێنی دین کە ئایین بێ ئەو ئایین نیە، خۆی دەنوێنێ و شایەد بتوانین بلێین ئەمە کەمترین و گرنگترین خانەی شوناسی دینە. بۆیە هەر بیروبۆچوونێ بەناو ئایینەوە ئەم تایبەتمەندییەی تێدا بێت، بە دین دەژمێرێت، جا دەرکەوتنی لە بواری ژیانەوە، بەپێی ڕچە و پێگە و ڕێگە و جێگە و مەودا و کات و سات و چۆنیەتیی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕامیارییەوە خۆی دەنوێنێ و خۆی دەنەخشێنێت، هەر وەکوو ئەو بارانەی کە ئاو بوونەکەی لە کات و سات و جێگا و ڕێگاگەلی جۆراوجۆرا بەشێوەگەلی جۆراوجۆر خۆی دەردەخات.

لە ژێر ئەم تیشکەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە ئایین شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤە لەگەڵ ئەمری باڵادا «متعالی» و هومێد بەستن و ژیانە لەگەڵ ئاوا نیگایەکدا، کە لە دۆخێکەوە مرۆڤ ئەبات بۆ دۆخێکی دیکە بەڵام لەم بوارەدا هەوڵ لەسەر ئەوەیە کە قۆناغی داهاتوو دەسکەوتی چاتر بێت لە قۆناغی پێشوو و بگرە بتوانین بەبنەمای تەڵاییی ئایین بەگشتی ناوی ببەین؛ بۆیە من پێم وایە ئەم تاریفە لە ئایین لەگەڵ ڕیچۆڵ کردنی وشەی «دین» لە سانسکرێت و گاتەکان و ئاوێستادا، کە بەردەوام وشەی «دئنا» بەکار دەبات، دێتەوە و هەروەها لەگەڵ وشەی «religion»ی فەرانسەویدا بەواتای کۆمەڵگای دینی و وشەی «religioncer» لاتینیدا کە لە مانای مەعنەوییەت و ئەمری باڵاو ئەمری موقەددەسدا بەکار هاتووە، هاوشان و هاوڕێی هەیە و وا ئەزانم وشەی «دین» لە عەرەبیدا ڕیچۆڵی عەرەبی نیە، لە بهێما وەرگیراو لە (دینا)ی ئاوێستائییە کە ئەویش لە بهێما ئیزەدبانووی یوونانی و ڕۆمی، واتە ئارتیمیسە کە خودای جەنگەڵ و شکار و ڕێپیشاندان بووە، بۆیە لەوێدا کە بەشەر ڕێگای باڵا و موقەددەسی خۆی واتە «سەرسوڕمان لە بەرانبەر شکۆی مەزندا» دەدۆزێتەوە، ناوی «دئنا» و «دینای» پێوەناوە و لەوەبەدواوه بۆ هەموو بارێکی دەروونی و پەنهان لە دیدە، کە مرۆڤ دەستەوەستانی بارەگای باڵای شکۆی مەزن بکات، بەتەواوی شێوە جۆراوجۆرەکانی «دین» و یا هەرچییەک لەم مانایەدا بێت، بەکاریان هێناوە. ئەمەش نیشانەیەکە، بۆ ئەوەی بەوە بگەین بنەمای ڕەسەن و ماددە و هەوێنی بێگەردی دینی و کەمترین خانەی شوناسی دین و یا باشتر وایە بلێین DNA دین، باری دەروونی و دڵ سپاردنە بەشکوی مەزن.

ئالێرەدایە کە ئەم دڵ سپاردنە لە نیگای «رۆدلۆف ئۆتۆدا» بە بنەمای بەدیهاتنی ئایین ئەژمێرێت [18] و هەروەها «پۆڵ تیلیش» بەو جێیە دەگەیەنێ کە دەڵێ: ڕواڵەتی ئایین کولتوورە و ناوەڕۆکی کولتووریش (واتا بارە مەعنەوییەکە) ئایینە.[19]

وا ئەزانم لێرەدا بەوە گەیشتین کە دین چەمکێکی سەرەکی لە کولتووری هەر گەلێکە، کە لە هەمیشەی مێژوودا پەنای پێ براوە و لە ژیانی مرۆڤایەتیدا ڕەنگدانەوەی هەمیشەییی بووە و بگرە ڕەنگدانەوەی هەتا هەتاییشی ئەبێت و بە وتەی جۆزیف کەمبڵ مناڵدان و ڕەحەمی دووهەمی لە دایکبوونی ئادەمیە.[20]

بەڵام ئەوەی لەم باسەدا جێی سەرنج و تێبینییە، ئەوەیە کە کولتوورەکان، چ ئایینی و چ نائایینییەکەی، لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی تر و لە بوارێکەوە بۆ بوارێکی دیکە، گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و بەم پێیە لە دایکبوون و سەرهەڵدان و گەنجی و کارامەیی و پیری و لەکار کەوتوویی و مەرگ و تەواوبوون ڕویان تێ دەکات.

جا ئێستا جێی ئەوەیە بپرسین هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە چیە؟

بۆ ئەم مەبەستە نیازمان هەیە کە کاریگەرییەکانی شارستانییەت و کولتوور لەسەر یەکتری ڕەچاو بکەین.

 

کاریگــــــەریەکانی شارستانییەت «civilization» و کولتوور «culture» لە سەریەکتری

مرۆڤ و ژیانی مرۆڤ (بەپێچەوانەی ئەوانەوە کە دوو بەش بینانە، بەشێ گیان و بەشێ جەستە ئەیبیننەوە و بەشێک زەق و پڕڕەنگ دەکەن و بەشەکەی دیکە لاواز و کەمڕەنگ) بوونەوەرێکی سیستەماتیک و ئەنداموارە، بۆیە ناتوانین هێڵێک لە نێوان گیان و لەشیدا و هەروەها لە نێوان نیازە ماددی و مەعنەوییەکانیدا [سەرەڕای شوناسی ئەم دوو بوارە] بکێشین.

بەڵام بێگومان چەرخەی لەش و گیان، مادده و مانا، شارستانییەت و کولتوور، لەم سیستەمە ئەنداموارەدا وا لە دڵی یەکتریدا تەنراون، لە عەینی ڕوونی و ڕاشکاویدا، لە ناخی یەکتریدا، وەک کەڵافێک سەردەرگووم و نادیارن و بەردەوام بەسەر یەکتریەوە لە ناو خۆیدا کاریگەرییان هەیە.

جا بەم پێیە پێویستە بزانین بەرهەمە ماددی و مەعنەوییەکانی مرۆڤ، چۆن لە یەک ئاڵاون و بە ڕۆخی یەکتریدا چوون؟

لەسەر ئاخرین پێگەیشتنە عیلمییەکانی ئانترۆپۆلوجیستان و کولتوورناسان، واتای (civilization) که شارستانییەتە، باری نیاز و پێویستییە ماددییەکانی ئێمە دەگرێتەوە و هەروەها (culture) کولتوور [چاند و نەریت و فەرهەنگ] پێویستییە مەعنەوییەکانی ئێمە ڕەچاو دەکات.

جا بەپێی ئەو سیستەمە ئۆرگانیکە، کولتوور و شارستانییەت، بێ یەکتری مانا پەیدا ناکەن، وەک لەش و گیان بێ یەکتری مانایەکیان نییە، بۆیە لە هەرجێیەک شارستانییەتێک هەبێ، کولتوورێک هەیە و هەروەها لە هەرجێیەک کولتوورێک هەبێت، شارستانییەتێک هەیە، واتە لە هەرجێیەک کەرەسە و ڕووداوێک سەر بگرێت، داخوازی کولتوورێکی هاوسەنگ و هاودەنگی خۆیەتی و هەروەها لە هەرجێیەک کولتوورێک بەدیبێت، داخوازی کەرەسەیەک و یا ڕووداوێکی تایبەتە، کە هاوشانی و هاوڕێی بکەن لەگەڵ یەکتریدا.

بۆیە هەر کەرەسەیەک کە پێ دەخاتە چوارچێوەی ژیانەوه، ئاوازێکی تایبەت بەخۆی ئەچرپێنێ بە گوێچکەی گیانی ئادەمیدا و گیانی مرۆڤ دەهەژینێ و مرۆڤ لە بەرانبەر ئەو دەنگەدا ڕەوتێکی تایبەتی، کە ڕیفلێکس و کاردانەوەی سروشتی گیانی مرۆڤە، لە خۆی نیشان دەدا، کە دەرئەنجامەکەی بە شێوەی هەڵپەڕکێ و مۆسیقا و گۆرانی و شیعر و هۆنراوە و نومایش و شانۆ و میعماری و نەقاشی و وێنەگری و پەیکەرسازی و پەیکەرتراشی و درام و سینەما و ڕێ و ڕچە و نەریت و خوڵق و خو و پۆشاک و خواردن و خواردنەوە و نووسین و … خۆی دەنەخشێنێ.

هاوڕێیی و هاوشانی و هاودەنگی و هاوسەنگیی ئەم دوو بوارە پێکەوە، ئەبێت بەهۆی ئاسایش و ئارامش و خۆشی و شادی و ئومێد بەژیان و کارامەیی لە بوارەکانی ژیانەوە و هەروەها بۆشاییی و قەڵشتی و دابڕان لە نێوان ئەم دوو تێرمەدا، ئالۆزی و کێشە و قەیران و کارەسات بە باردێنێ و کۆمەڵگا لەگەڵ نامۆیی و ماندوویی و تۆران و خەمۆکی و بێزاریدا، ڕووبەڕوو دەکاتەوە، بۆیە کێشەی کلیسا و زانین لە سەدەکانی میانەدا «قرون وسطا»، بەشێکی گەورەی دەگەڕێتەوە بۆ دابڕین و قەڵشتی ئایین لە بەرانبەر عیلم و زانین و دەسکەوتەکەی وەک شارستانییەتێکی نوێ.

لەوێدا کە کلیسا وەک ئایین نەیتوانی کولتووری لەبار و هاودەنگ و هاوسەنگ و هاوڕێ و هاوشان، لەگەڵ شارستانییەتی نوێدا ساز بکات و نەیتوانی ڕەوتەئایینییەکەی خۆی لەگەڵ دەنگی کەرەسەی نوێ و شارستانییەتی نوێدا هەماهەنگ بکات، تووشی گرژی و درژی و توندی و تێژی و زبری لە ڕووبەڕوو بوونەوەدا هات، بۆیە دەستی دایە ئەنکزاسیون «inquiscion» و بیر پشکنین و بەڕێ خستنی دادگاگەلی سەرسوڕهێنەری کوشتن و سوتاندن و بەڕێ خستنی زیندان و ئەشکەنجە و زەبر و لێدان و بەکۆیلەکردن و زەوتی ماڵ و نامووس و دوورخستنەوە لەگەڵ ئەنجامی کارگەلی سەخت و بەدەر لە توانا و تاقەتی ئاساییی مرۆڤ، تا بەو جێیەی ئێسکەکانی زانایانێک کە ساڵیانی ساڵ لەوەوپێش مردبوون و نیگا و بۆچوونەکانیان هۆگرانێکی پەیدا کردبوو، کە بەشێوەیەک ئەو بۆچوونانە هاودەنگیی لەگەڵ کلیسا دانەبوو، لە گوڕ دەرئەهێنران و دادگایی دەکران و سەرئەنجام مەحکووم دەکران و لەبەر چاوی هۆگرەکانیان ئێسکەکانیان
دەسووتێنران.[21]

بۆیە «پۆل تیلیش»یش هۆکاری ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە لە کەمتەرخەمی و غەفڵەتی کلیسا و ئایینداراندا دەزانێت کە زوانی ئایین و زوانی عیلم و زانستیان نەناسی بوو.[22] ئاوا گوێنەدان و کەمتەرخەمییەک هەڵقوڵاوی بارودۆخی بێ باوەڕی بەگۆڕانکاری لە نێوان شارستانییەت و کولتووردایە، کە مێژوومەندی لە ئایین دەگرنەوە و ئایین وەک کولتوور نابیننەوە و بەتەمای ئەوە نین هیچ ئاڵۆگۆرێک لە ئاییندا بەسەر بناسنەوە، لە هەمان کاتدا لە درێژاییی مێژوودا و لە پانتای ژیاندا، گۆڕانکاری، تەواوی بوارەکانی ژیانی شارستانییەت و کولتووری ئێمەی گرتووەتەوە.

ئەم کاریگەرییانەی کە ئەمڕۆ لە نێوان شارستانییەت و کولتووردا بەدی دەکرێت (مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە) هەر هەمان کاریگەرین کە لە نێوان کەرەسە و سەمبولدا بەدیکراون، وەک مەیموون ناسی ژاپۆنی، «مان»، دەڵێ: تێرمی«کولتوور» وەک هاوردەیەکی مرۆیی، ئەبێ تاریفەکەی جەخت بخاتە سەر سیستەمێکی ڕەفتاریی ئەوتۆ کە فێرخوازی وەک بناغەیەک بناسێتەوە و ئاڵوگۆڕ بەسەر ژینگەدا بهێنێت و بۆ مانەوەی ژینی خۆی دەورێکی سەرەکیببینێت و ژیانی بەکەرەسەوە بەسرابێتەوە.

سەرهەڵدانی ئاوا مەودایەک لە ژیانی مرۆڤدا، سەرهەڵدانی «کولتوور»ی ژیانە کە مێژووەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ کاتێک کە مرۆڤ «کەرەسەی بۆ کەرەسەسازی» دروست کرد و ئەمە لای هەندێ لە دێرینەناسان دەگەرێتەوە بۆ دوو تا سێ ملیۆن ساڵ لەمەوپێش و لای هندێکی تر دەگەرێتەوە بۆ کاتێ کە مرۆڤ بەسەر دوو پێی خۆیەوە وەستا.[23]

ئاوا بۆچوونێک بە چاوپۆشی لە دروستی و نادروستییەکەی، ئەیەوێت پێمان بڵێ کە کەرەسە و ڕووداوەکان، پایە و بنەما و بەردی بنەڕەتیی شارستانییەتن و کاریگەریی ئەم ڕووداوە گەورەیە لە بەدیهاتنی کولتووردا، وەک مرۆڤی سەمبولساز ڕۆڵی گرنگی هەبووە. ئەم ڕەوتەپیرۆزە لە درێژاییی مێژوودا، بە هەزاران پێچ و خەمی گەورە و بچووکدا تێپەڕیووە و هەر لە دەورانی غارنشینییەوە هەتا دەورانی چادرنشینی و خێوەتنشینی و تا دەورانی کێڵگە و کشتوکاڵ و تا دونیای سەنعەت و ماشێن و تا ئەمڕۆی دونیای مەجازی و دونیای زانین و تیکنۆلۆژی و ئینترنێت و «گوندی جیهانی» «global village» لە خۆ دەگریت.

ئەم ڕەوتە تا ئەمڕۆ وەستانی بۆ نەبووە و وەستانیشی بۆ نییە و بەهەر ئەندازە ڕەوتی کەرەسەیی و ڕووداوی، ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت، ڕەوتی فەرهەنگی و کولتووری و مەعنەویش بەو ئەندازەیە خوازیاری گۆڕانکارییەکی هاودەنگ و هاوسەنگ و هاوڕێ و هاوشانە، کە کۆمەڵگا بەئاستی ئارامی و شادی و خۆشی دەگەیەنێت و کۆمەڵگا دەکات بەکۆمەڵگایەکی چالاک و تێکۆشەر و هومێدوار بەداهاتووی، خۆی کە لە دۆخێکەوە بەرە و دۆخێکی دیکە دەچێت و ئازادی وەک بنەما و هەوێنێک تیێدا ڕەنگ دەداتەوە.

جا هەر وەکوو وتمان نەبوونی ئاوا هاودەنگی و هاوسەنگییەک، ئەبێت بەهۆی نەمانی ئازادی و گرژی و درژی و دابڕان لە نێوان کۆمەڵگادا و مرۆڤ لە خۆی نامۆ و بێگانە دەکات. وەک زمانە سوننەتیەکەی دەڵێت تووشی «هبوط»ی دەکات، واتە تووشی دابەزینی دەکات، «هبوط» دابەزین و داکەوتنە، بەڵام بە زمانی ئەمڕۆ جێ مان و دواکەوتنە، کەمتەرخەمی لەم بوارەدا، واتە لە ئاستی گۆڕانکاریی ئایین وەک باڵێکی کولتوور، لە بەرانبەر ئاڵوگۆرە شارستانییەکاندا وەک کەرەسە و ڕووداو، ئەبێت بەهۆکاری کارەساتگەلێک لە ژیانی کۆمەڵگادا کە ئەگەر قووڵ بیری لێ بکەینەوە، گیان و لەشی مرۆڤی خاوەنبیر دەلەرزێنێ، بۆیە من ناوی ئاوا کارەساتێک دەنێم «کارەساتی چرنۆبیلی ئایین لە دونیای نوێدا». بۆیە بەڕاستی لەم چەن دەیەیڕابردووەدا، بەشێک لەو ئاکار و دەرئەنجامانەمان بەناوی دینەوە به چاوی خۆمان بینی کە پاڵپشتەکەی دەقە ئایینییەکان و فەرموودە دینییە موقەددەسەکان بوون، و هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم قەڵشت و دابڕینە لە نێوان دین وەک کولتوور لە لایەکەوە و شارستانییەتی نۆێ لە لایەکی ترەوە. بۆیە ئەم ڕەوتە ‌‌بێفەڕە شێوەیەک لە ئازار و ئەشکەنجە و کوشتن و سووتاندن و بەدیلبردن و بەکۆیلە کردن و بیرپشکنین، دۆزەخێک بەناوی بەهەشتەوە لە سەدەکانی میانە «قرون وسطا» و ئانکزاسیونمان وەبیر دەهێنێتەوە.

جا ئیتر لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە کایەوە، کاتێ کە کەلتوور لە بەردەم گۆڕانکاریی و ئاڵوگۆریی هەتا هەتاییدایە، داهاتووی ئایین وەک چەمکێ لە چەمکە سەرکییەکانی کولتوور چی بەسەر دێت؟

نەشتەرگەریی گۆڕانکاری، تا چ ئاستێک لە گیان و لاشەی دیندا دادەنیشێ؟

وەک کولتوورەکان سەرهەڵدان و گەشەکردن و تەواوبوون و مەرگیان بۆ هەیە، ئایا وەک نیچە لە «مرد دیوانە»کەیدا مەرگی خودای ڕاگەیاند، خودا دەمرێت؟

و یا وەکوو ئیقباڵی لاهووری دەڵێ: خودا دەبێ نەخشێکی تر و ڕۆڵێکی دیکە لە ژیانی مرۆڤدا کایە بکات؟

 

گۆڕانکاری و چاکسازی لە ئاییندا هەر لە پایە هەتا سایە

«من بۆ سەبەت یا سەبەت بۆ من؟»

ئەمە وڵامی عیسای ناسری پێغەمەرە (د.خ) لە بەرانبەر سیستەمی فەقاهەتی مالۆمگەلی ئایینی یەهوود لە ڕۆژگاری خۆیدا، کە دەیانووت: بۆ بە پێچەوانەی ئایینی مووساوە کە ڕۆژی شەممە کارکردن حەرامە، تۆ کار دەکەی؟ بۆیە لە وڵامدا هەڵیدایە و ووتی: منم خاوەنی ڕۆژی شەممە، (من بۆ شەممەم یا شەممە بۆ من؟)[24]

ئەم وتەیە وەک دەسکەوتێکی زێڕین لە باسی ئایین و ئایینناسیدا بۆ هەموو تۆێژەرانی ئەم بوارە ڕەچاو دەکرێت و هەروەها وەک خاڵێکی سەرەکی بۆ نیشاندانی مێژوومەندیی ئایین. ئاوڕی لێ دەدرێتەوە، تا پێمان بگەیەنێ کە ئایین لە پانتاییی ژیاندا و لە درێژاییی مێژوودا، گەشە دەکا و پەرە ئەسێنێت و گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، واتە ئیڤۆلۆیشنی کولتووری (culture evolution) ڕووی تێ دەکات، هەر بەم پێیە وڵامەکەی عیسا، وەک پرسیارێک لە فەلسەفەی دیندا و لە ئایینناسیدا بوو بەبزاڤێکی فەلسەفی و ئایینی کە «من بۆ دین یا دین بۆ من؟»

واتە، ئایا ئایین تەختەکەی پرۆکرۆستیسە (procrustes)[25] کە هەر قەد و قەوارەیەک دەبێ بەئەندازەی ئەو ببڕێت؟ و یا گیانە کە ڕژایە هەر جەستەیەک ئەیهەژێنێ و بەڕێی دەخات؟

بۆیە نیچە زۆر بەوردی لە عیسا و فەلسەفەی ڕەوتی ئەم گەورەپیاوە تێگەیشتبوو و لە «چنین گفت زرتشت»ـەکەیدا قسە لە جوانەمەرگی و زوو مردن دەکات و ئەڵێ عیسای ناسری جوانەمەرگ لە دونیا ڕۆیی و ئەگەر بەقەدەر من لە ژیاندا بمایەوە، ئەوندە گەورە و مەزن بوو، خۆی ئەندێشەکان و بیر و بڕواکانی خۆی دەخستەبەر نەشتەری ڕەخنە و نەقدەوە[26] و ئەمە یانی پێغەمبەری، بەمانای بەربەست بوون لە پیاچوونەوەی مانا و هاوردەکان و دەسکەوتەکانی نییە، بەڵکوو دەسکەوتی پێغەمبەران وەک هەموو دەسکەوتەکانی بەشەر، پیاچوونەوە خواز و ئەکشێنە و وەحی و ئەزموونی وەحیانی دەسکەوتێکی «fixism» «فیکسیزم» و چەقبەستوو و نەگۆڕ نییه و ئەمیش وەک هەموو دەسکەوتەکانی بەشەری ئەزموون هەڵگرە و لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی دیکە گۆڕانی بەسەردا دێت.

جا بەم پێیە، مەرجی مانەوەی لە ژیانی کۆمەڵگادا گۆڕانکاریی هاوچەرخە لەگەڵ بارودۆخی ئالۆگۆڕەکانی دونیای دەوروبەردا، بەشێوازێک کە هاودەنگییەکی بەپێز و هاوسەنگییەکی بەهێزی تێدا بەدی بکرێت.

بۆیە ئێلێمێنتەکانی کولتوور هەر هەموویان سەرهەڵدان و تەواوبوون و گەشەکردن و مردن، ڕوودەکاتە بارودۆخە جۆراجۆرە فنۆمنۆلۆژیکییەکەیانەوە و ئایینیش وەک ئێلێمێنتێکی کولتووری بارودۆخی جۆراجۆر تێیدا سەر هەڵدەدات.

لێرەدایە ئایین وەک ئێلێمێنتێکی کولتووری، ئەگەر دەسکەوتەکانی وەک دەسکەوتێکی بەنرخ، جێی ڕەزامەندیی کۆمەڵگا لە ناوەوە و دەرەوە بوو، ئەوە وەک کولتووری سەرزیندە و ساخڵەم ناوی لێ دەبرێت و ئەگەر بەپێچەوانەوە، لە ناوەوە جێی ڕەزامەندی نەبوو و تەنها لە ڕێگای لاساییکردنەوە و تەقلید و کۆنفۆرمیسم و فاناتیسمێکی دینی و مەزهەبیەوە خۆی داسەپاند، ئەوە کولتوورێکی نەخۆشە و ڕێگای مەرگی خۆی فەراهەم کردوە، کە پڕ دەبێ لە دەمارگرژی و درۆ و دەلەسە و ڕیا و دووڕوویی و هەزاردەستی و هەزارچێرەیی و لەسەر خۆ و دیتران کڵاونان.

بۆیە نیچە لە «مرد دیوانه»کەیدا قسە لە مەرگی خودا دەکات و دەڵێ ئێمە خوامان کوشتووە، دەستمان بەخوێنی خوا سوور بووە، خواکانیش تێکدەشکێن و دەڕوخێن، هەرچەندە ئەم هەواڵە بەئاسانی قەبووڵ نەکرێت، نیازی بەتێپەرینی زەمان هەیە، چونکە هەورەتریشقە و بروسکە پێویستی بە زەمان هەیە و هەروەها ئەستێرەکان بۆ دەرکەوتن پێویستیان بەکات و زەمان هەیە، بۆیە دەڵێ: کلیساکان هەتا ئێستا بێجگە لە گۆڕستانێ بۆ خودا شتێک نەبوون.[27]

ئەم باسەی نیچە کوفربێژی و ناسزاکردن نییە بەڵکوو باس لە مەرگی کولتوورێکی ئایینی دەکات کە سەرهەڵدان و گەشە و مەرگی بەخۆیەوە بیناوە.

وێنەمێژوویەکی ئایین، کە هەمیشە لە کەشوهەوای «جێ و ساتدا»، بەپێی ئاستی پانتایییە کولتوورییە کۆمەڵایەتییەکان (culture area) دەرکەوتوون، ئەزموونگەلی جۆراوجۆریان بەسەردا تێپەریوە، کە بەپێی سەردەمی دەرکەوتنی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕامیاریی خۆیان، شێوازی بەرهەمی جۆراوجۆریان لێ کەوتووەتەوە، کە لە هەر دەرکەوتنێکدا ماناکان و واتاکان و ڕچە و ڕچەڵەکەکان و ئاکار و دەستوورە ئایینییەکان و بەشداربوونی ئایین لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕامیاریی خەڵکدا، شێوازێکی تایبەت بە خۆی نەخشاندوە.

بۆیە هەر لە مانای خوا و ڕووبەڕووبوون لەگەڵ ئەودا، هەتا مانای گوناح و تەوبە و… لە دینداریدا ئەم دەرکەوتنە جۆراوجۆرانە بەدی دەکەین.

ئەم ڕووبەڕووبوونە، لەگەڵ خوا و دونیای دەوروبەردا دەتوانین لە سێ دەورەی ئایینیدا بەدی کەینەوە، کە ئێمەی ئەمڕۆ گەیاندووە بەدەورەی چوارەمی دینداری:

 دەورانی سەرەتاییی ئایین

 دەورانی سەرەڕۆیی و تاک فەرماندەری «خودکامگی». «ئۆتۆکراسی» (autocracy) ئایین»

 دەورانی دیترانخوازانە و نەوعخوازانە و یا مرۆخوازانەی ئایین.[28]

  لەم سێ دەورەیەدا ئایین بەپێی بارودۆخی کۆمەلایەتی و کەشوهەوای ڕامیاری و شێوازی ژیان لە دونیای دەوروبەریدا، ڕەنگدانەوەی بووە و بزاڤە ئایینییەکان وەک خوا و گوناح و تۆبە و … لە ئاوێنەی ژیانی دەوروبەری خۆیدا خۆی نواندوە.

خوا و گوناح و … لە ئایینەسەرەتایییەکاندا بەشێوازی توتم و تابۆکان دەرکەوتوون، کە وێنە سەرەتایییەکانی چەند خودایی و شیرکن، و وردە وردە خواکان لە خوایەکی چڕوپڕدا وەک سەرۆکی خێڵ و هۆز و یا پاشایەکی زاڵ خۆی دەردەخات و دەسەڵاتی خۆی دادەسەپێنێ و بە شێوەی خوای سەرەڕۆ و تاک فەرماندەرانە شکۆ و شەوکەتی خۆی لە ئەزموونە دینییەکاندا دەنوێنێت. خواکانی دەورانی توتم و تابۆ، خوای هەرکەس بۆ خۆ ڕاکێشانە، کە لە هێماگەل و سەمبولگەلی جۆراوجۆردا وەک قوربانی بۆ نزیکبوونەوە لە دەسەڵاتی خوا و یا بۆ دڵنەرم کردنی خواکان لە بەرانبەر قەڵسی و گرژیاندا بەدی کراوە.[29]

لێرەدا بوو کە لە دەورانی چادرنشینی و خێوەتنشینیدا وردە وردە مرۆڤ پێکەو لە پەنای ڕۆبارەکاندا، بەدەست تێوەردانی کشتوکاڵ کۆبوونەوە و کەم کەم لە دێنشینییەوە بۆ شارنشینی و لە سەرۆک خێڵییەوە بۆ پاشایی و یەکفەرمانی و هەروەها لەم ئاوێنەیەدا بۆ لای یەک خودایی هەنگاویان هەڵگرت.

بەڵێ خوا وەک پاشا و پاشا وەک سێبەری خوا، سەرەڕۆ و تاک فەرماندەر خۆی لە ژیانی ئایینیی خەڵکدا دەنوێنێ و ئەزموونگەرانی ئایینی هەر لە پێغەمبەران هەتا عارفان و … بەپێی بارودۆخی کۆمەڵگاکەی خۆیان و پانتایییە کولتوورییەکانیان، نەخشی خوا لە ژیاندا وەک پاشای بەرین و خاوەنی تاج و تەخت و موڵکی بێهاوتا و نەبڕاوە، کە فەرمان هەر فەرمانی ئەوە و ئیتر هیچ، دەخەنە بەر باس و لێکدانەوە.

خوای تەوحید و یەکتاپەرستی لێرەدا، خوایەکی بە تەواوی مانا ئۆتۆکراس و سەرەڕۆیە و بەسەر عەرش و تەخت و بارەگای خۆیدا دامەزراوە، ئەوەی لە باسی بەرزی و بڵندی و شکۆ و شەوکەت و گەورەییی ئەودا بووترێت، عیبادەتە و بەوپێیە هەرچی لە کەمی و کەسری و ناتەوانی و دەستەوەستانی و بێدەسەڵاتیی ئادەمی بوترێت هێشتا هەر کەمە، لێرەدا هۆکاری پەرستش، عیشق و خۆشەویستی و عەداڵەت و ئیحسان و دڵ سپاردن نییە، بەڵکوو تەنیا هۆکار، دەسەڵاتی زاڵ و سەرەڕۆیانەی ئەوە لە ژیانی مرۆڤدا، بۆیە کەمترین فەرمان نەبردن لە بەرانبەر فەرمانەکانی ئەودا، هەرچەندە گەورەترین بەڵگەی لە پشتەوە بێت، گوناح لە قەڵەم دەردرێت و ئەبێت بەندە تەنیا و تەنیا فەرمانبەر و گوێڕایەڵی بێ ئەمما و ئەگەر بێت، واتە گوناح لە بهێما، نافەرمانی لە دەسەڵاتی باڵایە، بەخاتری هەر هۆ و هۆکارێک بێت، یانی فەرمانبردن، تەقوا و پارێزکاری دەژمێرێت و نافەرمانی گوناح و مەعسییەت ئەناسرێت، لەم ژیانە ئایینییەدا بەشی نیونیگایەک بۆ زەردەخەنەیەک نامێنێ، هەموو گیانی مرۆڤ و دونیای دەوروبەری دابەزین و بێدەنگی و سەنگینی شکۆی خاوەنشکۆیە، کە ژینی گۆریوە بە کڕنۆش و گەردەنکەچی و کوێلەیی و بەردەیی، کە هەرکەس مۆری بەردەیی و بێدەنگی و فەرمانبردن بخواتە نێوچاوانی، ڕزگاریی هەتاهەتاییی دەس دەکەوێ.

تۆبە لێرەدا بە واتای بەخۆداهاتنەوە و گۆڕان نییە، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ دەرماڵی بێدەنگی و فەرمانبردن، هەرچەندە گەورەترین بەڵگە، پشتیوانی لە ڕێ دەرچوونی تۆ لە ئایینی پادشا بێت.

هەر بەم پێیە جا کاتێک کۆمەڵگای شارنشینی بەرەو ئاستی دامرکان و دامەزران هەنگاوی نیا، وردە وردە کێشەی فەرمان و نافەرمانی لە نێوان دەسەڵاتی پادشا و حزووری خەڵک وەک دەسەڵاتێکی هاوسەنگ، دروست بوو، بۆیە لێرەدا باسی مافی پادشا و مافی هاووڵاتی، بەجۆرێکی تایبەت بەو سەردەمە پێش دێت و هەروەها لەم ئاوێنەیەدا، لە ئایینیشدا لە ئەزموونە دینیەکاندا، مافی خوا و مافی بەندە دێتە کایەوە و شایەد ئایەتی «و کان حقا علینا نصرالمؤمنین»[30] بەجۆرێک ئاوڕێک بەلای ئەم واتا مێژوویییەدا بێت کە مافی یارمەتیدانی ئیمانداران بەسەر خواوە دیاری دەکات، واتە بەندەکان بەسەر خواوە مافیان هەیە، وەک خوا بەسەر بەندەکانیدا مافی هەیە و هەر ئاوا واتایەکیش لە ئەحادیس و ڕیوایاتدا ئاماژەی پێ کراوە.[31]

ئەم سەردەمە بە سەردەمی دیتران خوازانە و مرۆخوازانەی ئایین دەژمێرێت، کە تەواوی ئێلێمێنتەکانی، ئایین وەک خوا و گوناح و تۆبە و … مانایەکی نوێ بەخۆیانەوە دەگرن و ڕەنگدانەوەی مافی بەرانبەر لە نێوان خودا و مرۆڤدا خۆی دەنەخشێنێ، واتە بە پێچەوانەی دەورانی سەرەڕۆییی ئۆتۆکراسیی ئایینییەوە کە بێدەسەڵاتی و بێهێزیی مرۆڤ، شوناسی خواناسییە، ئەمجار مرۆڤ و توانایییەکانی، دەبێتە سەرهێڵ و سەرتەڵی دیاریکردنی شێوازی دینداری، ئەزموونی دینی لێرەدا لەسەر یەکگرتن و پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەوروبەری خۆیدا لە ڕێگای بیرکردنەوە و عیشق و عەلاقە و دڵ سپاردن و عەداڵەت و بەرانبەری سەر دەگرێت، نە لە ڕێگای گوێڕایەڵی و فەرمانبردنی بێ ئەمما و ئەگەر. خودا لێرەدا سەمبولی هێزەکانی خودی ئینسانە کە مرۆڤ هەوڵ دەدات بیانگەیەنێ بە سەرئەنجام، نە سەمبول و هێمای هێزی سەرتر و بەرتر و زاڵ بەسەر مرۆڤدا، گوناح لە ئاوا نیگایەکدا، دابڕینی مرۆڤ لە خوا نیە، بەڵکو دابڕین و لە خۆنامۆییی مرۆڤ لە خۆیەتی، تۆبە لە ئۆتوکراسیی ئایینیدا بەشێوەیەک خۆئازاری و مازۆخیسمە، کە لە هەموو بۆارێکەوە هەر خۆی سەرکوت دەکات، بەڵام لە مرۆڤخوازیی ئایینیدا، بەخۆداچوونەوەیە بۆ تێپەڕین لە ئەزموونێک بۆ ئەزموونێکی تر، واتا گوناح وەک پێوەرێک بۆ خۆناسی و دیترناسییە و بگرە مانای ئەو فەرموودەی پێغەمبەری خوا درود و سەلامی خوای لێ بێت، هەر ئەمە بێت کە دەفەرموێ: «ئەگەر ئێوە گوناح نەکەن، خودا ئێوە لە ژیاندا هەڵدەگرێت و کەسانێکی دیکە دێنێتە کایەوە، تا گوناح بکەن و لە پاشان تۆبە و ئیستیغفاریش بکەن»[32] 

جا ئێستا جێی خۆیەتی بپرسین ئەگەر ئەم هەموو ڕەنگدانەوە ئایینییانەمان له درێژاییی مێژوودا و لە پانتاییی ژیانی مرۆڤدا بەم ئاڵوگۆڕە جۆراوجۆرەوە، وەک گەشەسەندنی ئایینی و ئیڤۆلەیشنی کولتووری (culture evolution) بەهۆی ئاڵوگۆڕی کەرەسە و پێویستە ماددەییەکان لە ژیاندا، تێپەڕاندووە، سەرئەنجام و دەرئەنجامی دونیای ئایینیی نوێی ئێمە بەم هەموو ئاڵوگۆڕە ئاڵۆزانەوە، کە تیشکئاسا لە جیهانی دیمۆکراسیدا، کە ئازادییە تاکە کەسییەکانی لە ژێر بنەمای «ئەسڵی زەرەر»ی جان ئیستوارت میلدا دامەرزاندووە، بەرەو کوێ دەڕوات؟

ئەسڵی زەرەری جان ئیستوارت میل دەڵێ: «هیچ کەس مافی نییە کە لەبەر قازانجی تاکی من ڕێ بەمن بگرێت، بەڵکوو تەنیا مافی ئەوەی هەیە، ڕێ لە زەرەرگەیاندنی من بە دیتری بگرێت»[33] بۆیە بە باوەڕی «تیلۆر»، فەیلەسووفی هاوچەرخی کانەدایی و زۆرینەیەک لە توێژەرانی ئەوڕۆ، شارستانییەتی ئێمە، لای کەمینەکەی لە وڵاتانی باشووری زەریای ئەتڵەسەوە، لە چەن دەهەی ڕابردوودا لە دوای (1960)ەکان بەم لاوە، شۆڕشی کولتووریی بەسەردا هاتووە، واتە ئاوا شارستانییەتێک لە زۆرینەی ئێلێمێنتە کولتوورییەکاندا، داخوازیی کولتووریی تایبەتمەند و هاوسەنگ و هاودەنگ لەگەڵ خۆیدایە.

هەر بەم پێیە من باوەڕم وایە، ئێمە پێمان خستووەتە نێو سەردەمی چوارەمی ئایینەوە، واتا سەردەمی مرۆخوازیی نوێی ئایینی و یا سەردەمی دیالۆگی «مرۆخوایی و خوامرۆیی».

لە سەردەمی چوارەمی ئاییندا، واتە سەردەمی مرۆخوازیی ئایینی، خودا ئیتر خودای ئۆتۆکراس و تاک فەرماندە نییە، وەک لە دەورانی ئۆتۆکراسیا وا بوو و هەروەها خودا خودای پاشای خاوەن ماف نیە کە مافێک بۆ ئەو دانێین و مافێک بۆ بەندەکان، وەک خوای دیتر خوازانە و مرۆخوازانە وابوو، بەڵکو خوای ئەم سەردەمە خوای دۆست و هەڤاڵە، خوای گفتگۆ و دیالۆگە، خوای پێکەوە ژیانە.

ئەمجار بەپێچەوانەی سەردەمی سەرەتایی و سەرەڕۆییی ئایینییەوە، هیچ ترس و لەرزێ لە نافەرمانیی ئەو، جێی باس و خواسی لە ژیاندا نەماوە، واتە وەک مەنتقییەکان ئەڵێن «سالیبە بە ئینتیفای مەوزووعە» و بەپێچەوانەی دەورانی دیتر خوازانە و مرۆڤخوازانەوە، مافێک بۆ ئەو و مافێک بۆ بەندە تا فەرمانی ژیان و ڕەوڕەوەی ژیانی ئایینی بچرخێت، نییە. لەسەر بنەمای «ئەسڵی زەرەر»، خوایش حەقی نییە لە نێوان چەند هەڵبژاردەی ئازادانەی مندا، هەرچەند بەزیانی منیش بێت، لە جێی من نیگا و بۆچوونی هەبێت، وەک ئیقباڵی لاهوریش ئەڵێ: «چونکە نە ئەو منم نە من ئەوم»[34] بەڵکوو مرۆڤ بە تەواوی ئازادییەوە هەق بەخۆی دەدات، کە لێی بپرسێ تۆ کێی و من کێم؟

لە ئاوا دیالۆگێکدا، مرۆڤی دیندار لەگەڵ خوادا ڕازونیاز دەکات و لەگەڵیدا پێ دەکەنێ و لەگەڵیدا وەک هاودەردێک و یا لە تاو خۆشەویستیدا فرمێسک لە چاوی دێتە خوارێ و لەگەڵیدا ڕاز دەکات و بەسەریدا ناز دەکات و هەروەها لە بوارگەلی ژیاندا داوای لێ دەکات و بەر ڕەخنە و ئەگەری دەدات و لە تەواوی هەڵسوکەوتەکانی ژیاندا، وەک هاوڕازێک لە خواردن و خواردنەوە و خەوتن و عیشق و سێکس و خوێندن و گوێگرتن و دیتندا، تەجروبە و ئەزموونی دەکات و لەوانەیە کاتێکیش لە تەنیاییی خۆیدا، دووکەڵی جگەرەیەکیش لەگەڵ ئاهێکا و یا مەدهۆشانە و سەرخۆشانە بە ڕوویدا بدات. گوناح ئیتر لێرەدا نە نافەرمانییە و نە لە خۆنامۆیی و لە خۆ زیاندانە، بەڵکو گوناح ئەوەیە کە ئازادیی تۆ بەر بەئازادیی دیتران بگرێت و مافی ژیان و ژیانەوە و هەڵبژاردن و… لە کەسانیتر زەوت کات.

بەم پێیە پیاچوونەوە بەسەر فرەیەک لە بزاڤە ئایینییەکاندا ڕوو دەدات.

بەباوەڕی من لە دونیای نوێدا، مرۆڤی نوێ لەسەر بنەمای ئازادییە تاکە کەسییەکان، کە لە وێشدا ئازادیی جەستە و گیان و دەروون و بیر و بۆچون و چۆن ژیانە، بەرەو لای ڕەهایی لە پێبەستە ئایینییەکان ئەچێت، کە لە دەرەوی وجوودی ئەودا وەک نوسخەیەکی هەتاهەتایی بۆی پێچراوە و لە هەمان کاتدا وەختی بەکارگرتنی ئێکسپایەر و تەواو بووە، واتە بەرەولای تاکەکەس باوەڕیی جوانی ویستانە و دەرووننومایانەی «expressive» «ئیکس پریسێڤ»ی ئایینی دەچێت و بەواتای «چارلز تیلۆر» بەرەولای «کولتووری ڕەسەن» و «فەرهەنگی ئەسالەت» ئەچێت، کە لەوێدا هەرکەس لە ئێمە بۆ پەروەردەکردنی گەوهەری مرۆڤایەتیی خۆی، ڕێگە و ڕچە و ڕەوتێکی تایبەت بە خۆی هەیە و زۆر زۆر گرنگە کە ئەو ڕچە و ڕێگەیەی خۆی، خۆی بەدەستی بێنێت و بە شێوەیەکی ئازاد ژیانی خۆی بەسەر ببات، نە وەک لە دەرەوەی وجوودی خۆیدا لە لایەن کۆمەڵگاوە و یا بەشێوازێکی ویراسی لە پێشینیانی خۆی و یا لە لایەن دەسەڵاتێکی سەروەرانەی دینی و یا سیاسییەوه و … لەسەر شانی بار کرێت، واتە بە چێژی خۆی ئەزموونە ئایینییەکان بچێژێت و تاقیی کاتەوە، نە بە وتە و قسەی ئەم و ئەو. بەم پێیە وەک «تیلۆر» ئەڵێ، ژیان و ڕچە و ڕێگای ئایینیی هەرکەس نە تەنیا دەبێت بەرهەمی هەڵبژاردەی تایبەت بەخۆی بێت، دەبێ لەگەڵ تانوپۆی وجوودیدا تێکەڵ بووبێت و بەگیانیدا ڕۆچووبێت و لەگەڵیدا بدوێت و قسە بکات و لەگەڵ ئاڵوگۆرە مەعنەوییەکانی مندا وا کە من دەمەوێت و بیرم لێ کردووەتەوە سازگار بێت، ئاوا بیروبۆچوونێ بەباوەڕی «تیلۆر» هەڵقوڵاوی ئەخلاقی ئازادی و ژیان لەسەر بنەمای قازانج و سوودی
بەرانبەرە.[35]

بۆیە بلیمەتانێک وەک فردریش نیچە (1844 ـ 1900ز) لە دونیای ڕۆژئاوادا و ئیقباڵی لاهووری لە دونیای ڕۆژهەڵاتدا (1873 ـ 1938 ز) پێشتر لە سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشە کولتوورییە خۆیان لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا ڕووبەڕوو دەبیننەوە، ئەوە بوو کە نیچە وەک پێشتر ئاوڕمان لێ دایەوە قسەی لە مەرگی خودا کرد و باوەڕی وابوو کە ئەم هەواڵە بەڕێوەیە، بەڵام زەمانی نەهاتووە، پێویستی بە زەمان هەیە و ئەبێ کات و ساتی خۆی بێتە پێش.

و هەروەها ئیقباڵی لاهووریش لە بوارگەلی زۆرەوە لەگەڵ بنەماییترین بزاڤە ئایینییەکاندا، بەتایبەتی بزاڤە ئیسلامییەکان، وەک باسی خوا و ئەزموونە دەروونییەکان و گۆڕانکاری لە ساختمانی دیندا و ئیمکانیەتی ئایین لە دونیای ئەوڕۆدا، شێوازە جۆراوجۆرەکانی ئایین و وەحی و پێغەمەری و خەتمی نبووەت و گوناح و تۆبە و بەهەشت و جەهەننەم و مافی مرۆڤ وفیقهـ و فەقاهەت و … ڕووبەڕوو دەبێتەوە و قسە دەکات.

بۆیە ئیقباڵ «منی» ئینسانی و فەردانییەتی مرۆڤ لە ئاستێکی وەها سەر بەخۆدا دەزانێ، کە لە هەڵبژاردنی دوو هەڵبژاردەدا، ڕێ بەخودایش نادات کە لە جێی ئەو هەڵبژێرێت[36] و هەروەها زۆجار لەگەڵ خوادا دیالۆگ وەڕێ دەخات، کە تۆ وەهات کرد و من وەهام کرد، تا بەو جێیە کە تای تەرازوو بەلای ئینساندا قورسایی دەکات[37] و بە خودا دەڵێ تۆ ون بووی منی و یاکو منم ون بووی تۆ؟[38] و لە بڕێ جێدا پێی دەڵێ: ئەمە چ کارێکە دەیکەی یا وا بکە یا وەها؟ و لە جێیەکدا بەوپەڕی جەسارەتەوە دەڵێ: «نقش دگر طرازه ده ادم پختەتر بیار/ لعبت خاک ساختن می نسزد خدای ڕا»[39] 

واتە نەخشێکی تر کە شایستەی خودایی بێت وەڕێ بخە، مرۆڤێک پوختەتر و ڕێکوپێکتر بێنە، گەمە و گاڵتە بەخاک و خۆل و خاکبازی سزاواری خودا نیە.

و لە جێیەک تردا پێی دەڵێ: ئێمە لە خوا ون بووین، ئەو بەشوێنی ئێمەدا وێڵە و بەدوای ئێمەدا دەگەرێت، ئەویش وەک ئێمە نیازمەندی ئێمەیە و گرفتاری ئاوات و ئارەزووەکانیەتی.[40] 

هەرچەندە ئیقباڵ خۆی بە دەروێشی پیری ڕۆمی دەزانێت، بەڵام ئەگەر بە باشی تەماشا بکەن، خوای ئیقباڵ و خوای مەولانا و خوای گەورەپیاوێکی وەک غەزالی، سێ خوای جۆراوجۆرن و هەریەک بەجۆرێ ئەزموونی خوا ناسییان تێپەڕاندوە.

ئیقباڵ لێرەدا لە سەردەمێکی تایبەتدا، کە ئاسۆی سەردەمی چوارەمی ئایین لە دونیای نوێدایە قەراری گرتووە، خوایەکی نوێ و دیندارییەکی نوێ ئەزموون دەکات، ئیقباڵ تووشی شەتەحی سۆفییانە نەبووە، بەڵکو ئەیەوێ بڵێت هەر دین و ئایینێک ئالۆگۆڕی بەسەردا نەیەت و بزاڤی ئایینیی هاوچەرخ نەخولقێنێ، ئاوا ئایینێک ناتوانێ لە چەرخەی ژیانی مرۆدا [کە بەردەوام کەرەسە و شارستانییەتی نوێ دێتە ئافراندنەوە و بەدوویدا کولتووری نوێ دێتە کایەوه] بمێنێتەوە. ئەو پێی وایە ئایینی ئیسلام، خاوەنی ئاوەها وزە و پتانسییەلێکی باڵایە، کە هەتا هەتایە دەتوانێت لە ژیانی مرۆدا، بمێنێتەوە و ئافراندنی ئایینی بێنێتە پانتاییی ژیانەوە.

ئێستا جێی ئەوەیە لەم وتارە دا، بەشی دیتران و داهاتووان لە توێژەران و توێژینەوەد بەدی کەینەوە و بپرسین گۆڕانکاریی ئایینیی ئێمە چۆن لە دونیای نوێدا ڕوودەدات؟ ئایینی ئیسلام، وەک کولتوورێک لە ژیانی موسوڵماناندا، لە گەڵ گۆڕانکارییەکانی ژیاندا چۆن دێتەوە؟

ئەحکام و دەقە ئایینیییەکان، لە بواری ئابووری و ڕامیاری و کۆمەڵایەتییەوە، چ لە قورئاندا و چ لە حەدیس و ڕیوایەتدا و چ لە مەکتەبە فیقهی و ئوسوولییەکاندا، چیان بەسەر دێت؟ ئایا گوڕانکاری و تەواوبوون ڕویان تێ دەکات؟ واتە فەلسەفەی دین چییە و چی بەدین ئەژمێرێت و چی به دین ناژمێرێت؟ و ئایینی ئیسلام چۆن لەگەڵ دونیای نوێ و مرۆڤی نوێدا دێتەوە؟

 

دەرئەنجام و کۆبەست

دەرئەنجام وکۆبەستی ئەم باسە، چەندخاڵی گرنگن کە بەکورتی بریتین لە:

 گەیشتن بەبزاڤێ ڕەشناڵ «rational» و لۆجیکاڵ «logical» کە بەرهەمێکی مەنتیقی «logical inference» لە وێنەی یەکەم لەچوار وێنەکەی قیاسی ئیقتیرانی مەنتقی«categorical syllogism» بەم شێوازەی خوارەوە تێیدا بەدی دەکرێتەوە:

الف: هەر ئایینێ کولتوورە.

ب: کولتوورەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.

ج: ئایین گۆڕانکاریی بەسەردادێت.

 بە باوەڕی زۆرینەیەک لە فەیلەسووفان و تۆێژەرانی کولتووری، لانی کەمی لەسەرەوەی وڵاتانی زەریای ئەتڵەسییەوە، شۆڕشێکی کولتووری ڕوویداوە و تەواوی ئێلێمێنتەکانی کولتووری خستووەتە نێو بازنەی گۆڕان و گۆڕانکارییەوە و ئایینیش وەک ئێلێمێنتێک لە ئێلێمێنتە کارامەکانی کولتوور، لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا ڕووبەڕوو بووەتەوە.

 بەپێی تۆێژینەوەی مێژووییی ئایین ناسان، ئایین سێ سەردەمی لە گۆڕانکاری ئەزموون کردوە و سێ دەورانی بەخۆیەوە بینیوە:

1. دەورانی سەرەتایی

2. دەورانی تەک فرماندەری وئۆتۆکراسی

3. دە ورانی دیتران خوازانەی ئایینی

کە هەر سەردەمێ بەپێی بارودۆخی خۆی لەدرێژاییی مێژوودا و لە پانتاییی ژیاندا ڕەنگدانەوەی تایبەتمەند بەخۆی بووە.

 لەپەنای ئەم خاڵانەی سەرەوەدا، ئەم وتارە بەوەگەیشتووە، دەورانی چوارەمی ئایین بەفۆرم و نۆرم و وێنەیەکی نوێ لە دونیای دیموکراسیدا، بەپێی ئاڵوگۆڕە کولتوورییەکان ڕوویداوە کە دەتوانین بەناوی (سەردەمی نۆێی مرۆ خوازیی ئایین) و یا دەورانی (دیالۆگی مرۆخوایی و خوامرۆیی) بیناسینەوە.

 جا بەم پێیە ئەم گۆڕانکارییە هەموو بوارەکانی ئایین وەک ئایینی مێژوویی، هەر لە پایە هەتا سایە لەخۆدەگرێت، بۆیە ئایینی ئیسلامیش بۆ ئێمە لەم بازنەیەدا، جێی شروڤە و ئانالیزە و پێویستی بە خەسارناسی و پاتۆلۆژیی لایەنە جۆراوجۆرەکانی هەیە، کە ئەم باسە دەرگایەک بە ڕووماندا بۆ چۆنیەتیی ئەم خەسارناسی و گۆڕانکارییە، دەکاتەوە.

 

سەرچاوەکان 

ـ قورئانی پیرۆز

ـ کتێبی موقەددەس

ـ اتّو، رودلف1380، مفهوم امر قدسی، (ترجمه و توضیح: همتی، همایون)، تهران: انتشارات نقش جهان.

ـ آشوری، داریوش1380، تعریفها و مفهوم فرهنگ، تهران: نشر آگه.

ـ برن، لوسیلا1384، جهان اسطورەها «دو مجلد، مجموعەی نویسندگان»، [اسطورەهای یونانی]، (ترجمه: مخبر، عباس) تهران: نشرمرکز.

ـ پهلوان، چنگیز 1388، فرهنگ و تمدن، تهران: نشر نی.

ـ تستا، گی؛ تستا، ژان 1379، تاریخ تفتیش عقاید، (برگردان: افشار نادری، غلامرضا)، تهران: نشر جامعه ایرانیان.

ـ تیلور، چارلز1387، تنوع دین در روزگار ما، دیداری دوباره با ویلیام جیمز، (برگردان: ملکیان، مصطفی)، تهران: نشر شور.

ـ تیلیش، پل1376، الهیات فرهنگ، (ترجمه: فرهادپور، مراد/پاکزاد، فضل الله)، تهران: نشر طرح نو.

ـ تیلیش، پل1385، پویایی ایمان، (ترجمه: ثقفی، محمد)، تهران: بهمن برنا.

ـ دورکیم، امیل1383، صور بنیانی حیات دینی، (ترجمه: پرهام،  باقر)، تهران: نشر مرکز.

ـ دوگرولیه، اریک 1379، منشا عالم، حیات، انسان، زبان و فرهنگ، (مجموعه نویسندگان)، (قسمت زبان)، (ترجمه: رفیع فر، جلالالدین)، تهران: نشر اگه.

ـ زیمیل، گئورگ1393، دین، (ترجمه: رضایی، امیر)تهران: نشر نی.

ـ شایگان،  داریوش1355، بتهای رهنی و خاطرەی ازلی، تهران: انتشارات امیرکبیر.

ـ فروید، زیگموند1362، توتم و تابو، (ترجمه: پورباقر، ایرج)، تهران: انتشارات اسیا.

ـ قربانی،  اکبر1394، وحدت متعالی ادیان، بررسی ونقد نظریەی فریتیوف شوان، تهران: نشرنگاه معاصر.

ـ کمبل، جوزف1377، قدرت اسطوره، (ترجمه: مخبر، عباس)، تهران: نشر مرکز.

ـ کهون، لارنس1381، متنهای برگزیده از مدرنیسم تا پست مدرنیسم، [مجموعه نویسندگان و مترجمین]، (ویراستار: ڕشیدیان، عبدالکریم)، [قسمت: «مرد دیوانه»، نیچه،  فریدریش، ترجمه: کوچکمنش، لیلا]، تهران: نشر نی.

ـ لاهوری، محمداقبال1379، بازسازی اندیشەی دینی در اسلام، (ترجمه: بقائی، محمد[ماکان])، تهران: انتشارات فردوس.

ـ مارتینلی، فرانکو1378، تاریخ تفتیش عقاید، (ترجمه: ڵدقیانی، ابراهیم)، تهران: نشر جهان ڕایانه.

ـ ناس، جان بایر1345، تاریخ جامع ادیان، (ترجمه: حکمت، علی اصغر)، تهران: انتشارات علمی فرهنگی.

ـ نیچه، فریدریش ویلهلم1349، چنین گفت زرتشت، (ترجمه: آشوری، داریوش)، تهران: نشر اگه.

ـ هیک، جان1378، مباحێ پلورالیسم دینی، (ترجمه: گواهی، عبدالرحیم)، تهران: موسسه فرهنگی انتشاراتی تبیان.

عەرەبی:

ـ ابن الحجاج النیسابوری، مسلم 2005م، صحیح مسلم، القاهرە (مدینە نصر)، دارالافاق العربیە، مجلد واحد.

ـ البخاری، محمد بن اسماعیل2007، صحیح البخاری، لبنان(بیروت)، دارالمعرفه، مجلد واحد، الطبعە الثانیە.

وتارەکان:

ـ فرامز قراملکی، احد؛ سیاری، سعیده 1388، تحویلینگری در تعریف دین از دیدگاه دینپژوهان معاصرغرب، تهران: پایگاه مرکز اطلاعات علمی جهاد دانشگاهی، دوره یازدهم، شماره33.

لاتین:

ـ Tylor، Edward.B1891، primitive  culture، London، Johnmurray، Albemarte street.

ـ Shayegan، Daryush1976، Idois of the mind and perennial memory، Tehran، Amir-kabir.

 

پەراوێزەکان

 

[1] دارنراو له دوو کتێبی:

ئا: آشوری، داریوش1380، تعریفها و مفهوم فرهنگ، تهران: نشر آگه، ص35و36.

ب: پهلوان، چنگیز1388، فرهنگ و تمدن، تهران: نشر نی، ص45.

[2] آشوری، داریوش1380، ص35و36.

[3] آشوری، داریوش1380، ص37و38

[4] Tylor ،Edward .B1891 ،primitive culture ،London ،John murray ، Albemarte street. P: 1.

[5] ئاناکرۆنیسم «Anachronisme» یانی «کات لێشێواویی مێژویی» که شێوازێک له‌‌ موغالیتهیه «Misleading» «ههڵه بشێودیـتن» «ههڵهپێچکاری» واته: شێوازێک له ههڵه‌‌پێچکاری کاتییه که دوێنێی مێژوو به‌‌ یاسا و پێوهرهکانی ئهمڕۆ ڕەچاو دهکات.

[6] هێلێن ئادامیز کیلێر له‌‌ دایکبوویی 27 ژوئینی 1880ز، کۆچی دوایی 1 ژوئینی 1968 ز. ئهم کهسایهتییه ئهو کچه ئهمریکییە کهڕ و لاڵهیه، که له 18 مانگیدا تووشی نهخۆشینی مێنێنژیت بوو، ههم چاو و ههم گوێی خۆی له دهست دا و تا حهوت ساڵان هیچ شتێکی له دونیای دهوروبهری خۆی نهدهزانی، بهڵام له حهوت ساڵاندا به هۆی کاریگهریی ماموستاکهیهوه، له ڕێگای قامکهکانییهوه فێری قسهکردن بوو و بهم پێیه لهگهڵ دونیای دهوروبهریدا پهیوهندی ساز کرد و توانی بخۆینێت و بنووسێ و وتار پێشکهش بکات و بۆیه وهک پسپۆڕێکی لێهاتوو و بلیمهت کۆبهرههمهکانی پتر له یازده کتێب و وتارگهلێکی زۆری به سهرئهنجام گهیاند.

[7] شایگان، داریوش1355، بتهای ذهنی و خاطرهی ازلی، تهران: انتشارات امیرکبیر، ص115

لهم بوارهدا «مفهوم امر قدسی» له ئۆتۆ و «دین» له گئورگ زیمیل و «الهیات فرهنگ» له پۆل تیلیش جێی سەرنج و تێبینین.

[8] تیلیش، پل1385، پویایی ایمان، (ترجمه: ثقفی، سید محمد) تهران: بهمن برنا، ص68و69.

[9] ئاوا هاوشێوه نواندنێک «تمثیل» «تشابه» له زمانی پێغهمبهری خواوه موحهمهد (دـ خ) ئاماژهی پێ کراوه که دین له ههر پانتایهکدا به گوێرهی بارودۆخی ئهو پانتایه و ههروهها به گوێرهی ئاسته‌‌ ئافرێنراوهکان له مرۆڤدا خۆی نیشان دهدات.

بۆیه هاورده‌‌ وهحیانییهکهی خۆی به باران پێناسه دهکات و ئاستی کۆمهڵگاکان و خەڵکیش به زه‌‌وی و تۆپۆگرافییه جۆراوجۆرهکانی ژینگه پێکهوه دهنوێنێ.

بۆیه ئیمامی بوخاریی و ئیمامی موسلیمیش له ئهبوموسای ئهشعهرییهوه له پێغهمبهرهوه (د ـ خ) بۆمان دهگێڕنهوه، که پێغهمبهر (د ـ خ) فهرمووی: «وێنهی ئهو هاوردهی له ڕێ نیشاندان و زانین که خودا منی پێ ناردووه، وێنهی لێزمهبارانێکی فهراوانه که به سهر وڵاتێکدا دهبارێ، هەندێک جێی ههیه به‌‌پیت و خاوێن و لهباره، ئاوه که له ڕۆخیدا دادهچێ، گژوگیا و سهوزاییهک باش دێنێتە بەر و سهوز دهبێت و هەندێ جێی ههیه سهخت و سهنگهڵان و شۆرهکات و مهنگاو و حهواوه و ئاو تێیدا دهمێنێتهوه و خودا خێروبێری به خەڵک دهگهیهنێ و لێی دهخۆنهوه و ئاودێریی و کشتوکاڵی پێدهکهن و هەندێ جێمان ههیه کهچۆڕژ و وهاڵ و کڕانەیە نه ئاو به خۆیهوه دهگرێ و نه گژوگیایهکی لێ شین دەبێت، ئهم تهمسیل و هاوشێوه‌‌نواندنه، نموونهیه بۆ کهسێک له دینی خودا زانیاری وهردهگرێت و له ئهوهی خودا منی پێ ناردووه بههرهمهند دهبێت و خۆی فێر دهبێت و دیترانیش فێر دهکات و ههروهها نموونهیه بۆ کهسێک که‌‌ ئاوڕێک بهلادا ناداتهوه و شتێک له نارده خوداییهکه که منی پێ نێردراوم بۆ خۆی وهرناگرێت» [البخاری، محمدبن اسماعیل2007م، صحیح البخاری، لبنان(بیروت)، دارالمعرفه، «مجلد واحد»«الطبعه الثانیه»کتاب العلم(20)، باب فضل من علم و علّم 79/1 ص94]. [ابن الحجاج النیسابوری، مسلم 2005، صحیح مسلم، القاهره (مدینه نصر)، دارالآفاق العربیه، «مجلد واحد»کتاب الفضائل(43)، باب بیان مثل ما بعث به النبی(ص) من الهدی و العلم (5)، (15/2282)].

[10] کمبل، جوزف1377، قدرت اسطوره، (ترجمه: مخبر، عباس)، تهران: نشرمرکز، ص99.

[11] هیک، جان1378، مباحث پلورالیسم دینی، (ترجمه: گواهی، عبدالرحیم)، تهران: موسسهی انتشاراتی تبیان، ص69تا86.

[12] چاوێ بگێڕه به [تاریخ جامع ادیان] نووسینی جان بایرناس، هۆرگێڕانی: عهلی ئهسغهری حیکمهت.

[13] قورئانی پیرۆز ـ بهقهره ـ ئایهتی 285 که هیچ جیاوازی و دووبهرکییهک ناخهینه نێوان هیچکام له پێغهمبهرانهوه.

[14] قورئانی پیروز ـ شوورا ـ ئایهتی 15، لێرهدا تهنوینی تهنکیری «من کتابٍ» ئهوهمان بۆ ڕوون دەکاتەوە که ههر کتێبێک ناوی ئیلاهی پێوه بێت جێی ڕێز و حورمهته و ئهبێ ئیمانی دینیبوونی پێ بێنین و جێگه و پێگهی دینیبوونی بۆ دیاری بکهین و بێ جیاوازی و سهرەوخوار دیتنهوه تهماشا بکرێت، که ئایاتی 13 تا 16 سورهی شوورا بهیانی ئاشتی نێوان دینهکان به سهنتهر و ناوهرۆکی خوداییبوونهوه دهکهن بێ جیاوازی و دووبهرکی.

بۆیه وامان تێدهگهیهنی پێغهمبهر موحهمهد، پێغهمبهری ئاشتی نێوان دینەکانە، نه وهک ناسیخ و ههڵوهشێنهوهی ئایینەکانی پێش خۆی.

[15] ئهم واتایه ئاماژه به لای ئایهتی 48 سوورهی مائیده‌‌دا دهکات، که دهڵێ بۆ ههر گهل و ئۆمهتێک و یان بۆ ههر ڕۆژگارێک، «شرعه» [لای من واته دهستپێکردنێکی نۆی لهو جێدا، که دین وهک دینبوون، دهستپێدهکات، که ئهویش باسی خودا و شکۆی مهزنه له ههستیدا] و «منهاج» ڕێ و ڕچه و نهریتی خواناسییهکی تایبهتمان دابین کردووه، ئهوهی جێی سەرنجه لێرهدا نه «شرعه»کهیه و نه «منهاج»ـه‌‌کەیە، بەڵکوو ئەمە وەسیلەیە بۆ گەیشتن و تێپهڕین بهرهولای چاکه‌‌کردنی ههرچی زیاتر و پترتر، واته ‌‌«فاستبقوا الخیرات»، که جۆراوجۆربوون و ڕهنگاوڕهنگبوونی ئایینەکان، بێ جیاوازی و بێ سهروخواربوون له پانتایی و درێژایی مێژوودا به پێی بارودوخه‌‌ مێژووییهکان بهدی دهکاتهوه و بهم پێیه ئێمه و ههر سهردهمێک «شرعه» و «منهاج»ی خۆمانمان ههیه، واته خوێندنهوهیهک نۆی و ڕێ و ڕەچهڵهکێک ینۆی، له ئایینمان بۆ دهستنیشان دهکات.

[16] دورکیم، امیل1383، صور بنیانی حیات دینی، (ترجمه: پرهام، باقر)، تهران: نشر مرکز، ص63.

[17] آشوری، داریوش1380، ص94.

[18] شایگان، داریوش1355، ص116.

[19] فرامرز قراملکی، احد؛ سیاری، سعیده1388، مقالهی تحویلی نگری در تعریف دین از دیدگاه دینپژوهان معاصر غرب، دوره11، شماره 33، ص1تا22، تهران: پایگاه مرکز اطلاعات جهاد دانشگاهی.

[20] کمبل، جوزف1377، ص91.

[21] [تستا، گی؛ تستا، ژان1379، تاریخ تفتیش عقائد، (ترجمه: افشار نادری، غلامرضا)، تهران: نشر جامعهی ایرانیان، ص61و 62.

مارتین لی، فرانکو1378، تاریخ تفتیش عقائد، (ترجمه: صدقیانی، ابراهیم)، تهران: نشر جهان رایانه، ص129].

[22] تیلیش، پل1385، ص112تا114.

[23] دوگرولیه، اریک1379، منشا عالم، حیات، انسان، زبان و فرهنگ، (مجموعه نویسندگان)، قسمت: زبان(ترجمه: رفیع فر، جلال)، تهران: نشر آگه ص 162و163.

[24] کتاب مقدس، انجیل مرقس 2-23تا28.

[25] پرۆکرۆستیس، ڕێگری بهدناویی ئوستوورهی یۆنانهکه به کوڕی پۆسیدوون خودای ئاوهکان و دهریاکان دێتە ئەژمار. ئهم ڕێگره، ڕێبوارانی به میوانی ئهبرده ماڵی خۆی و لهوێدا دهیحهواندن و بهسهر تهختێکهوه دهیخهواندن، ئینجا دهست و پێی دهبهستنهوه، ئهگهر قهد و قهبارهیان له تهختهکه ‌‌کهمتر بایه، ئهونده‌‌ چهکوشی له‌‌ قۆڵ و قاچیان دەدا، تا به ئهندازهی تهختهکه دهربهاتبان و ئهگهر له تهختهکه درێژتر ببان قۆڵ و قاچیانی دهبڕییهوه، تا لهگهڵ ئهندازهی تهختهکه ڕێککهوتبان، بۆیه سهرئهنجام خودا «تسیوس» یا «تزه» پاڵهوان و قارمانی یۆنان و بنیاتنەری دێموکراسی بۆ گهیاند و پرۆکرۆستیسی ههر بهو دهرده برد که ئهو خەڵکەکەی پێ له ناو دهبرد. بۆیه له سهر تهختهکهی خۆی خهواندی، ئهم جار چون له تهختهکهی درێژتر بوو له جێی ئهوهی پێی ببڕێتهوه سهری له لاشهی جیا کردهوه و ههموو ڕێبوارانی له شهڕ و گهڕی نهجات دا، ههر بهم پێیە، ئهم واتا ئوستووریه بووه به پهندێک بۆ نیگای دوگم و چهقبهستوو و نه‌‌گۆڕ [برن، لوسیلا1384، جهان اسطورهها، «دومجلد»{اسطورههای یونانی}، (ترجمه: مخبر، عباس)، تهران: نشر مرکز، ج 1، ڵ33].

[26] نیچه، فریدریش1349، چنین گفت زرتشت (ترجمه: آشوری، داریوش)، تهران: نشر آگه، ص85 و 86.

[27] کهون، لارنس1381، متنهای برگزیده از مدرنیسم تا پستمدرنیسم «مجموعه نویسندگان و مترجمین»، (ویراستار: رشیدیان، عبدالکریم)، [قسمت «مرد دیوانه»، (ترجمه: کوچک منش، لیلا)]، تهران: نشر نی، ص104و105.

[28] بنواڕه کتێبی [روانکاوی و دین] نوسینی ئێریک فرۆم.

[29] فروید، زیگموند1362، توتم و تابو، (ترجمه: پورباقر، ایرج)، تهران: انتشارات آسیا، ص78تا93.

[30] قورئانی پیرۆز ـ ڕۆم ـ ئایهتی47.

[31] عن معاذ بن جبل (رض) قال: «کنت ردیف النبی صلی الله علیه و سلم علی حمار فقال لی یا معاذ، اَتدری ماحق الله علی العباد و ما حق العباد علی الله؟ فقلت: الله و رسوله اعلم، قال: حق الله علی العباد اَن یعبدوه و لا یشـرکوا به شیئاً و حق العباد علی الله اَن لا یعذب من لا یشـرک به شیئاً، قلت یا رسول الله أفلا أبشـر الناس؟ قال لا تبشرهم فیتکلوا» [البخاری، محمد بن اسماعیل2007م، کتاب اللباس(77) باب: ارداف المراة خلف الرجل(101)، رقم الحدیث: 5967/1، ص849. کتاب الرقاق(81) باب: من جاهد نفسه فی طاعتة الله (37)، رقم الحدیث: 6500/1، ص1596و1597][ابن الحجاج النیسابوری، مسلم2005، کتاب الایمان، باب: الدلیل علی أنّ من مات علی التوحید دخل الجنة قطعا، (10)، رقم الحدیث: 51، 50، 49، 48/30، ص35].

[32] عن ابی هريرة: قال: قال رسولالله (ص) «والذی نفسی بیده لو لم تذنبوا لذهب الله بکم و لجاء بقوم یذنبون فیستغفرون الله فیغفر لهم» [ابن الحجاج النیسابوری، مسلم2005، کتاب التوبه، باب: سقوط الذنوب بالاستغفار توبة (2)، رقم الحدیث: 11/2749، ص1145].

[33] تیلور، چارلز1387، تنوع دین در روزگار ما، دیداری دوباره با ویلیام جیمز، (برگردان: ملکیان، مصطفی)، تهران: نشر شور، ص149.

[34] لاهوری، محمداقبال1379، بازسازی اندیشهی دینی در اسلام، (ترجمه: بقائی، محمد «ماکان»)، تهران: انتشارات فردوس، ص180.

[35] تیلور، چارلز1387، ص138تا170.

[36] لاهوری، محمداقبال1379، ص180.

[37] [اقبال لاهوری پیام مشرق، ساقینامه، محاورهی بین خدا و انسان]

[38] [اقبال لاهوري، زبور عجم، ما ز خدای گم شدهایم او به جستجوست]

[39] [اقبال لاهوری، پیام مشرق، باز به سرمه تاب ده چشم کرشمهزای را]

[40] [اقبال لاهوري، زبور عجم، ما ز خدای گم شدهایم او به جستجوست]