ئارامتر بخوێنەوە!
به‌خوابوونی مرۆڤ… به‌مرۆڤبوونی خودا
(له نێوان سه‌له‌فییزم و عیرفاندا، دوو جۆر خودا، دوو جۆر دونیا)
موحسین ئه‌دیب*
“خودا و ئایین دوانه‌یه‌کی لێک دانه‌بڕاون، هه‌موو ئایینه‌کان به‌جۆرێک له جۆره‌کان گرێ ده‌درێنه‌وه به‌خودایه‌ک له خوداکانه‌وه. بۆیه کاری نه‌کرده‌یه له ئایین تێبگه‌یت تا له جۆری خوداکه‌ی نه‌گه‌یت، چونکه جۆری خودا و ڤیژن(بینین)مان بۆ خودا، ماهییه‌تی ئایینه‌کانمان بۆ مانیفێست ده‌کات، به‌مانایه‌کی دی، خودا سه‌ره‌کیترین و بنه‌ڕه‌تیترین کۆد و کلیلی تێگه‌یشتنه له ئایین و له ئایینداره‌کانیش، واته ئه‌گه‌ر بته‌وێت ئایین و ئاییندارێک بناسیت سه‌ره‌تا پێویستیت به‌ناسینی خوداکه‌ی هه‌یه“
له بری پێشه‌کی
بۆ تێگه‌یشتن له هه‌ر کایه و دیارده و گوتارێک پێویستیمان به کلیلێک یان کۆدێک هه‌یه، تێکڕا ته‌ماشاکردنی گوتارێک به‌شێوه‌یه‌کی کوللی له گه‌وهه‌ری گوتار و کایه‌که نه‌ک نزیکمان ناکاته‌وه، به‌ڵکوو دوریشمان ده‌خاته‌وه و ده‌مانخاته دۆخێکه‌وه که نه له زاهیر و نه له باتنی شته‌که تێنه‌گه‌ین.
له و ڕوه‌شه‌وه که خودا و ئایین دوانه‌یه‌کی لێک دانه‌بڕاون، هه‌موو ئایینه‌کان به‌جۆرێک له جۆره‌کان گرێ ده‌درێنه‌وه به‌خودایه‌ک له خوداکانه‌وه. بۆیه کاری نه‌کرده‌یه له ئایین تێبگه‌یت تا له جۆری خوداکه‌ی نه‌گه‌یت، چونکه جۆری خودا و ڤیژن(بینین)مان بۆ خودا، ماهییه‌تی ئایینه‌کانمان بۆ مانیفێست ده‌کات، به‌مانایه‌کی دی، خودا سه‌ره‌کیترین و بنه‌ڕه‌تیترین کۆد و کلیلی تێگه‌یشتنه له ئایین و له ئایینداره‌کانیش، واته ئه‌گه‌ر بته‌وێت ئایین و ئاییندارێک بناسیت سه‌ره‌تا پێویستیت به‌ناسینی خوداکه‌ی هه‌یه.
ئه‌وانه‌ی بڕوایان به‌دونیای میتافیزکا و غه‌یبانیه‌ت هه‌یه به دوو شێواز مامه‌ڵه له گه‌ڵ خودادا ده‌که‌ن:
یه‌که‌م: به‌مرۆڤکردنی خودا. ئه‌مه‌ش زیاتر لای ئایینه ئاسمانییه‌کان یان ڕاستتر»ئیبراهیمییه‌کان» به‌جۆرێک له جۆره‌کان به‌رجه‌سته ده‌بێت.
دووه‌م: به‌خوابوونی مرۆڤ: ئه‌مه‌ش زیاتر لای ئه‌و ئایینانه به‌رجه‌سته ده‌بێت که به‌ئایینی «زه‌مینی» ناسراون، وه‌ک ئایینه‌کانی بودی و هیندۆسی و تاوی و کۆنفۆسیۆسی و ئایینه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانی تر و ئه‌و ڕه‌وته عیرفانیانه‌ی که له ناوه‌ندی ئایینه» ئیبراهیمییه‌کان «دا ده‌رکه‌وتوون.
به‌گشتی له هه‌ر دوو باره‌که‌دا دوو خاڵ گرنگیی ئه‌م باسه ده‌سه‌لمێنێت:
مرۆڤ، یان لانی که‌م به‌شێکی زۆر له مرۆڤه‌کان، ناتوانن پشت له مه‌سه‌له غه‌یبی و میتافیزییکییه‌کان بکه‌ن. بۆیه گرنگه به‌جۆرێک میتافیزیکا ته‌وزیف بکه‌ین که له خزمه‌تی مرۆڤ و پێکه‌وه‌ژیاندا بێت، نه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه.
لایه‌نی ڕۆحیی مرۆڤ مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگه، هه‌ر شارستانییه‌تێک دوور بێت لێی ڕوبه‌ڕووی ته‌نگه‌ژه‌ی ده‌رونی و ئه‌خلاقی قووڵ ده‌بێته‌وه. بۆیه ده‌بێت گرنگی به لایه‌نه ڕۆحییه‌کان بدرێت بۆ ده‌رچوون له ته‌نگه‌ژه هه‌نووکه‌ییه‌کان. واته ناتوانین واز له پێویستییه ڕۆحییه‌کان بهێنین، بۆیه له بری ڕه‌تکردنه‌وه‌ی خودا و ئایین، پێویسته ڤیژنمان بۆ خودا و ئایین بگۆڕین. لێره‌وه گرنگیی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه خۆی ده‌سه‌لمێنێت.
بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتری تانوپۆی بابه‌ته‌که‌ش، به‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌رانه‌ی خواره‌وه‌دا دابه‌شی ده‌که‌ین:
یه‌که‌م: خودا له نێوان ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌که‌ی ئیمانۆیل کانتدا.
دووه‌م: خودای ئاییندار و خودای بێ ئایینه‌کان!
سێهه‌م: پێغه‌مبه‌ران و پڕۆســــــه‌ی نه‌ویکردنه‌وه‌ی خودا، یان به‌مرۆڤکردنی خودا!
چواره‌م: پیاسه‌کردن له گه‌ڵ خودادا، له پێنا و به‌خودابوونی مرۆڤدا.
پێنجه‌م: بێ شوناسیی خودا و به‌خودابونی مرۆڤ
شه‌شه‌م: ده‌رکه‌وته‌کانی به‌خودابوونی مرۆڤ لای سه‌له‌فییه‌کان
یه‌که‌م: خودا له نێوان ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌که‌ی ئیمانۆیل کانتدا
هه‌ڵبژاردنی ئه‌م سه‌بتایتڵه به‌ئه‌نقه‌سه‌ت و زیاتر له پێناو کورتبڕینه‌وه‌ی ئه‌و جه‌ده‌له‌یه که له نێوان بڕوادار و بێ بڕواکاندا هه‌یه، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا خودا هه‌یه یان نییه؟ ڕه‌نگه دێرینترین و هاوکات تازه‌ترین و ڕه‌نگه ئه‌به‌دیترین موناقه‌شه، له سه‌ر وڵامی ئه‌م پرسیاره ئه‌نجام درابێت و بدرێت. ئه‌وانه‌ی بڕوایان پێی نییه زۆرترین به‌ڵگه‌ی عه‌قڵییان ڕیزکردووه بۆ نه‌بوونی، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه بڕواداره‌کانیش چه‌ندین به‌ڵگه‌یان هێناوه‌ته‌وه بۆ بوونی خودا. به‌ڵام توێژه‌ر ڕای وایه که بوون و نه‌بوونی خودا مه‌سه‌له‌یه‌ک نییه له ڕێگای کایه‌ی عه‌قڵییه‌وه بسه‌لمێت، واته هه‌موو ئه‌و به‌ڵگه عه‌قڵیانه‌ی بۆ بوونی خودا ده‌هێنرێنه‌وه، ده‌شێت هه‌مان ئه‌و به‌ڵگانه‌ش بۆ نه‌بوونی بهێنینه‌وه، واته له یه‌ک کاتدا به‌ڵگه عه‌قڵییه‌کانی بوونی خودا، به‌ڵگه‌ی نه‌بوونی خوداشن. بۆیه ئه‌و بڕوادارانه‌ی له ڕێگای عه‌قڵه‌وه به‌شوێن خودادا ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه که بڕوایان به‌بوونی خودا نییه، یان لانی که‌م گومانیان له بوونی خودا هه‌یه!. به‌م پێیه، ئه‌وه‌ی ده‌یسه‌لمێنێت که بڕوادارێک به ڕاستی بڕوای به بونی خودا هه‌یه، ئه‌وه‌یه که به‌ڵگه‌ی عه‌قڵی بۆ بوونی نه‌هێنێته‌وه. هه‌ر لێره‌وه‌یه فه‌یله‌سووفێکی بوونگه‌رای باوه‌ڕداری وه‌ک (کیێرکێگارد) جه‌خت له وه ده‌کاته‌وه که ناسینی خودا له ڕێگای لۆژیکی عه‌قلییه‌وه ئه‌سته‌مه .
به‌ڵام ڕه‌نگه زیاتر له هه‌ر فه‌یله‌سووفێک (ئیمانۆئیل کانت) ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی زۆر به‌جوانی یه‌کلایی کردبێته‌وه و چاره‌سه‌رییه‌کی لوژیکیی بۆکردبێت. ئه‌و پێی وایه که‌خودا به‌عه‌قڵ ناسه‌لمێنرێت، به‌ڵام ناشکرێت له ڕووی لۆژیکییه‌وه بڕوامان به‌سه‌ره‌تای بنه‌ڕتی نه‌بێت که کانت به «بوونه‌وه‌ری بنه‌ڕه‌تی یان باڵا– تراسینتدال» ناوی ده‌بات، یان ئه‌وه‌ی ئه‌ره‌ستۆ به هۆکاری یه‌که‌م (العلة الاولی) ناوی ده‌بات، هه‌ندێ فه‌یله‌سووفی موسوڵمانیش به(الواجب الوجود) گوزارشتی لێ ده‌که‌ن.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌ره‌نجه، «کانت»، له چوارچێوه‌ی ڕوونکردنه‌وه‌ی هه‌ردوو چه‌مکی «نۆمین و فینۆمینۆ»دا زه‌ربه‌یه‌کی گه‌وره ده‌دات له خودای کڵیسا و ئایینه ئیبراهیمییه‌کان به‌گشتی، هه‌ر بۆیه‌ش کڵێسا نه‌فره‌ت له م فه‌یله‌سووفه مه‌زنه ده‌که‌ن و قه‌شه‌کان وه‌ک سووکایه‌تی کردن، سه‌گه‌کانیان ناوده‌نێن»کانت»، بێگومان چاره‌سه‌ریی کانت بۆ بوون و نه‌بوونی خودا وای له به‌شێک له «کانت ناسان» کردووه بڵێن: «کانت له ده‌رگای پێشه‌وه خودای کرده ده‌ره‌وه، به‌ڵام له په‌نجه‌ره‌وه هێنایه‌وه ژوور».
دووه‌م: خودای ئاییندار و خودای بێ ئایینه‌کان!
به‌مه‌به‌ست له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م به‌خوداکه‌ی «کانت» کرد، چونکه ئه‌مه ده‌لاقه‌یه‌کی به‌سووده تا زیاتر چه‌مکی خودا وه‌ردبکه‌ینه‌وه، چونکه ڕه‌نگه ئه‌و خودایه‌ی کانت خاڵی هاوبه‌شی نێوان زۆرێک له ئایینداره‌کان و بێ ئایینه‌کان بێت، چونکه زۆرێک له بێ ئایینه‌کانیش کێشه‌یان له گه‌ڵ ئه‌م خودایه‌دا نییه، که ئه‌شێت به‌خودای به‌دیهێنه‌ر «خالق» ناوی ببه‌ین، هه‌ر به نمونه عه‌ڕه‌به موشریکه‌کانی پێش ئیسلام و سه‌روه‌ختی ئیسلامیش بڕوایان به‌مجۆره له خودا هه‌بووه، وه‌ک ئه‌وه‌ی خودی قورئان دان به‌وه‌دا ده‌نێت که عه‌ره‌به موشریکه‌کان بڕوایان به‌خودای «خالق» هه‌بووه: «وائِن سَالْتَهُم مَنْ خَلقَ السَمَاواتِ والْارْضَ لیقُولُنَ اللهُ)، واته ئه‌گه‌ر پرسیاریان لێبکه‌یت کێ ئاسمانه‌کان و زه‌وی دروستکردووه؟ پێت ئه‌ڵێن خودا. به‌هه‌مان شێوه هه‌ندێک له خه‌ڵکه بێ ئایینه‌کانی ڕۆژئاواش کێشه‌یان له گه‌ڵ ئه‌م خودایه‌دا نییه، به‌نمونه ئه‌ره‌ستۆ ناوی لێ ناوه جووڵینه‌ر یان هۆکاری یه‌که‌م(العله الاولی)، یان ئه‌وه‌ی هه‌ندێک زانا و فه‌یله‌سووف به‌هێزی په‌نهانی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، ئه‌مه جگه له وه‌ی عاریفه‌کانیش خودا به «هو» واته «ئه‌و» ناوده‌به‌ن.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌م خودا به‌دیهێنه‌ر و جوڵێنه‌ری یه‌که‌م و هێزه په‌نهانه و «هو»ی عاریفه‌کان له خودای ئایینداره‌کان جیا ده‌کاته‌وه (جیاکه‌ره‌وه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تیشه)، بریتییه له وه‌ی خودای ئایینداره‌کان ناسراوه و شوناسی هه‌یه و جێگا و مه‌کانێکی دیاریکراویان بۆ ده‌سنیشان کردووه که ئاسمانه، به‌ڵام خودای بێ ئایینه‌کان، یان «خودای فه‌یله‌سووف و عاریفه‌کان» نه‌ناسراو و بێ شوناسه «یان شوناسێکی سرکی هه‌یه»، ئه‌م شوناسداری و بێ شوناسییه‌ی خودا‌ش کاریگه‌ریی زۆری هه‌یه له تێڕوانینی ئاییندار و بێ ئایینه‌کان «فه‌یله‌سووفه‌کان»، بۆ جۆری خودایه‌تیی خودا که دواتر ڕوونترده‌بێته‌وه.
سێهه‌م: پێغه‌مبه‌ران و پڕۆسه‌ی نه‌ویکردنه‌وه‌ی خودا، یان به‌مرۆڤکردنی خودا
ڕه‌نگه کاری سه‌ره‌کیی پێغه‌مبه‌ران به‌دیوێکدا هیچ نه‌بێت جگه له هێنانه خواره‌وه‌ی خودا بۆ سه‌ر زه‌وی، کاتێکیش خودا دێته سه‌ر زه‌وی ئیدی ده‌بێته هه‌ڵگری هه‌موو خه‌سڵه‌ت و ئه‌دگاره‌کانی مرۆڤ، واته ده‌بێته خاوه‌نی هه‌ست و سۆز، ڕق و خۆشه‌ویستی و هه‌ڵگری سه‌رجه‌م سیفه‌ته مرۆییه‌کان. هه‌ر لێرشه‌وه ئه‌م جۆره له خودا له زیهنیه‌تی مرۆڤه‌وه نزیکه و زۆر سانا لێیی تێده‌گات، هه‌ر ئه‌مه‌ش ڕاڤه‌ی ئه‌و دۆخه‌مان بۆ ده‌کات که دواکه‌وته‌ی پێغه‌مبه‌ران زۆر و زه‌وندن، به‌ڵام دواکه‌وته‌ی خودای فه‌یله‌سووف و عاریفه‌کان زۆر که‌من، چونکه تێگه‌یشتن له خودای فه‌یله‌سووف و عاریفه‌کان ئاسان نییه.
لێره‌وه له وه ده‌گه‌ین که خودای ئایینداره‌کان به‌ته‌نها به‌دیهێنه‌ر(خالق) نییه، به‌ڵکوو (رب) واته به‌رپرسمانه و ئاگاداریشمان ده‌بێت، واته به‌ته‌نها گه‌ردوون و مرۆڤ و بونه‌وه‌ره‌کانی دیکه‌ی دروست نه‌کردوه، به‌ڵکوو به‌خێویشمان ده‌کات، ئاگای لێمان ده‌بێت، نزاکانمان لێ وه‌رده‌گرێت، کێشه‌کانمان بۆ چاره‌سه‌رده‌کات، دۆستی دۆسته‌کانمانه و دوژمنی دوژمنه‌کانمانه. به‌کورتی ئه‌م جۆره له خودا(رب) ئه‌شێت له باشترین دۆخدا خاوه‌نکارێکی به‌هێز و ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، هه‌ر که‌سێک له گه‌ڵیدا باش بێت له گه‌ڵیدا باش ده‌بێت و پاداشتی ده‌کات، هه‌ر که‌سێکیش گوێرایه‌ڵی نه‌بێت له گه‌ڵیدا خراپ ده‌بێت و سزای ده‌دات و نه‌فره‌تی لێ ده‌گرێت، بۆ نموونه سه‌یر بکه‌ن مه‌سیحییه‌کان گرنگی به خودای کوڕ ده‌ده‌ن، نه‌ک خودای باوک، چونکه خودای کوڕ ده‌ناسن به‌ڵام خودای باوک ناناسن، بۆیه زۆر گرنکیی پێناده‌ن.
ئه‌گه‌ر تێبینی بکه‌ین ئه‌م جۆره له ئایینداران(دواکه‌وته‌ی پێغه‌مبه‌ران) ئه‌گه‌رچی خۆیان به دۆست و پیرۆزکه‌ری خودا ده‌زانن و پێیان وایه خواپه‌رستی ڕاسته‌قینه ئه‌وانن، به‌ڵام له ڕاستیدا بیانه‌وێت یان نه‌یانه‌وێت، پێ بزانن یان نه‌زانن، له شکۆی خودایان هێناوه‌ته خواره‌وه و خودایان له خودابوون خستووه و کردوویانه‌ته سوپه‌ر مرۆڤێک که خاوه‌نداریمان لێ ده‌کات، واته «مولی»مانه، مادام خاوه‌نیشمانه بۆیه‌ش ده‌بێت په‌رستراو(معبود) بێت، واته ملکه‌چی بین. به‌م پێیه ئه‌وه ڕوون ده‌بێته‌وه که خودای به‌دیهێنه‌ر(خالق) له گه‌ڵ خودای به‌رپرس(رب) و خاوه‌ن(مولی) و دواجار خودای په‌رستراودا جیاوازییه‌کی زۆری هه‌یه، له یه‌که‌میاندا به‌ته‌نها به‌دیهێنه‌ره و ئیدی ئازاد و سه‌رپشکی کردوین. به‌ڵام خودا به‌مانای ڕه‌ب و مه‌ولا و مه‌عبود، کۆتمان ده‌کات و ده‌بێت به و جۆره هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ین که ئه‌و ده‌یه‌وێت.
چواره‌م: پیاسه‌کردن له گه‌ڵ خودادا، له پێنا و به‌خودابوونی مرۆڤدا
له ڕووکه‌شدا به‌خشینی سیفاتی مرۆیی به‌خودا لای ئوسوولی و سه‌له‌فییه‌کان و دینداره ته‌قلیدییه‌کان و له پێناو به‌خشینی عه‌زه‌مه‌ت و پیرۆزییه به‌خودا، به‌ڵام له گه‌وهه‌ردا وه‌رگرتنه‌وه‌ی عه‌زه‌مه‌ت و پیرۆزییه له خودا، چونکه کاتێک خودا هێنده ساده ده‌که‌یته‌وه و ده‌یهێنیته سه‌ر زه‌مین، ئیدی له خودابوون ده‌که‌وێت، مادام له خودابوونیش ده‌که‌وێت دواجار هیچ چاره‌نوسێکی نییه جگه له به‌مرۆڤبوون، مادامیش وابوو، که‌واته ده‌بێته هاوڕێ و ڕۆژانه ده‌ست و په‌نجه‌ی له گه‌ڵدا نه‌رم و ڕه‌ق ده‌که‌ین، تاراده‌ی ئه‌وه‌ی ده‌توانین قۆڵ بکه‌ین به قوڵیدا و پیاسه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌ین، به‌و جۆره‌ی لێ بکه‌ین که خۆمان ده‌مانه‌وێت (یان ڕاستتر بڵێم ده‌سه‌ڵاتی ئایینی ده‌یه‌وێت)، چونکه کاتێک خودا ده‌کرێته مرۆڤ، ئیدی به‌خوابوونی مرۆڤیش ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به‌دوای خوی‌دا ده‌هێنێت.
هه‌ر لێره‌وه‌یه، بۆ نمونه له ئایینی ئیسلامدا ئایه‌ته‌کان هۆکاری دابه‌زینی (اسباب نزول)یان هه‌یه و به‌گشتی به‌و جۆره دابه‌زیون که به‌رژه‌وه‌ندیی په‌یامبه‌ری ئیسلام و موسوڵمانه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی به‌رجه‌سته کردووه، ڕه‌نگه له‌م ڕووه‌وه ئه‌و قسه‌یه‌ی عائیشه‌ی هاوسه‌ری په‌یامبه‌ری ئیسلام باشترین به‌ڵگه بێت که ده‌ڵێت: «مَا ارَی ربَکَ إِلا یُسَارعُ فِی هَواکَ» واته: «ئه‌بینم هه‌میشه خواکه‌ت زۆر خێرا هه‌موو ئاره‌زووه‌کانت بۆ دێنێته دی» .
بێگومان به‌ڵگه‌ی تر زۆره له سه‌ر نه‌ک به‌خودا بوونی په‌یامبه‌ری ئیسلام، له وه‌ش زیاتر هه‌ندێک پێدراو هه‌یه ده‌یسه‌لمێنێت که په‌یامبه‌ر له خودا گرنگتره لای موسوڵمانان، هه‌ر به نمونه ئاساییه موسوڵمان کاتێک ناوی خودا ده‌هێنێت، هیچ شتێک نه‌ڵێت له نمونه‌ی (جل جلاله)، به‌ڵام زۆر به‌ده‌گمه‌ن ده‌بینیت موسڵمانێک ناوی موحه‌مه‌د بهێنێت و به‌دوایدا نه‌ڵێت(صلی الله علیه وسلم). ئیدی با ئه‌و ئایه‌تانه‌ش بوه‌ستێت که هه‌میشه ناوی په‌یامبه‌ر به‌دوای خودادا هاتووه، له نمونه‌ی ئایه‌ته‌کانی «ومن لم یۆمن بالله و رسوله فإنا اعتدنا للکافرین سعیر» و» و اطیعوا الله ورسوله ولا تنازع و فتفشلوا «،….هتد.
بێگومان مه‌ترسیی ئه‌م خاڵه له‌وه‌دا تۆخترده‌بێته‌وه که ئه‌م به‌خوابوونه‌ی مرۆڤ به‌ته‌نها له که‌سایه‌تیی په‌یامبه‌ری ئیسلامدا کورت نابێته‌وه، به‌ڵکوو زۆر سانا ده‌سه‌ڵاتداره ئایینی و سیاسییه‌کانی دونیای ئیسلام به‌خودا بوونیان موماره‌سه کردووه، واته ئه‌و شوناسه‌یان به‌خۆیان به‌خشیوه که پێشتر به خودایان به‌خشیوه، ئه‌مه‌ش یه‌کێک له هۆکاره‌کانی نه‌ک به‌ته‌نها ئه‌نجامدانی توندوتیژیی زۆروزوه‌نده له مێژو و و ئێستای دونیای ئیسلامدا، به‌ڵکوو خودی ئه‌و توندوتیژی و کاولکارییه‌ش به‌عیباده‌تی په‌تی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و به‌هۆکاری چوونه به‌هه‌شتی ده‌زانن. ئه‌م شه‌رعییه‌ت به‌خشینه ئیلاهییه‌ش به‌توندوتیژی، خاڵی دیاری جیاکه‌ره‌وه‌ی توندوتیژیی ئیسلامییه سه‌له‌فی و ئوسوولییه‌کانه له توندوتیژیی خه‌ڵکانی دی و دواکه‌وته‌ی ئایدۆلۆژیا جۆراوجۆره‌کانی وه‌ک نه‌ته‌وه‌گه‌رایی و چه‌پگه‌رایی و ئه‌وانی دیش.
پێنجه‌م: بێ شوناسی خودا و به‌خودابونی مرۆڤ
ئه و خاڵه گه‌وهه‌رییه‌ی خودای ئوسوولییه‌کان (ئه‌هلی حه‌دیس و سه‌له له فییه‌کان و قاعیده و داعشه‌کان و…) له خودای فه‌یله‌سووف و عاریفه‌کان(گووروه‌کان) جیاده‌کاته‌وه، بریتییه له شوناسی خودا، به‌جۆرێک لای ئوسوولییه‌کان شوناسی خودا ناسراوه، به‌ڵام لای فه‌یله‌سووف و عاریفه‌کان خودا شوناسێکی سرک و نائاشکرای هه‌یه، یان وردتر بڵێم خودای ئوسوولییه‌کان به‌جۆرێکه، له توانادایه بخرێته چوارچێوه‌ی زمانه‌وه، واته به‌زمان گوزارشتی لێ بکرێت، به‌ڵام خودای عاریف و فه‌یله‌سووفه‌کان له وه زۆر سرکتر و بێ شوناستره که به که‌ره‌سته بێ تفاقه‌کانی زمان پێناسه‌بکرێت، یان کاتێکیش به زمان باسی ده‌که‌ن شوناسه‌که ئاڵۆزتر ده‌که‌ن. ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش ڕاڤه‌ی ئه‌و دۆخه‌مان بۆ بکات که خودای پێغه‌مبه‌ره‌کان زۆرترین دواکه‌وته‌ی هه‌بێت و خودای عاریفه‌کان که‌مترین دواکه‌وته وه‌ک پێشتر ڕوونمان کرده‌وه.
به‌ڵام ئه‌م بێ شوناسییه‌ی خودا لای عاریفه‌کان، به‌و مانایه نییه، که ئه‌وان مامه‌ڵه له گه‌ڵ خودادا ناکه‌ن، یان خودا ناناسن، ئه‌وان ده‌یناسن به‌ڵام ناتوانن له چوارچێوه‌ی زماندا به‌خه‌ڵکی ئاساییی بناسێنن، عاریفه‌کان پێیان وایه بۆشایی نییه له نێوان ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت مرۆڤ و ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت خودا . به و مانایه‌ی مرۆڤ توانای به‌خودا بوونی هه‌یه، به‌ڵام مه‌به‌ست له به‌خودابوونی مرۆڤ، بریتییه له‌وه‌ی که مرۆڤ له ڕێگای هه‌ندێک ڕاهێنانی ڕۆحی و پڕۆسه‌ی خۆپاککردنه‌وه و کوشتنی «ئیگۆ»وه ده‌گاته ئاستی خودا، واته له زاتی خودادا حلول ده‌کات، وه‌ک ئه‌وه‌ی بودییه‌کان پێیان وایه «بودا» گه‌یشتووه‌ته قۆناغی خودا بوون، هه‌روه‌ها «کریشنا»ش به‌هه‌مان شێوه. هه‌ندێک له سۆفییه موسوڵمانه‌کانیش پێیان وایه «بایه‌زیدی به‌ستامی» گه‌یشتووه به‌هه‌مان قۆناغ و «حه‌للاج»یش له سه‌ر هه‌مان بانگه‌شه شه‌هید ده‌کرێت. واته به‌خوابوونی مرۆڤ زیاتر لای ئه‌و ئایینانه به‌رجه‌سته ده‌بێت که به‌ئایینی «زه‌مینی» ناسراون، وه‌ک ئایینه‌کانی بودی و هیندۆسی و تاوی و کۆنفۆسیۆسی و ئایینه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانی تر و ئه‌و ڕه‌وته عیرفانیانانه‌ی که له ناوه‌ندی ئایینه»ئیبراهیمییه‌کان»دا ده‌رکه‌وتوون، له نمونه‌ی «غنوسییه‌ت» لای مه‌سیحییه‌کان و ته‌سه‌وف لای موسوڵمانه‌کان.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر تێبینی بکه‌ین ئه‌م به‌خوابوونه‌ی مرۆڤ لای عاریفه‌کان ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی به‌مرۆڤبوونی خودایه لای ئوسوولییه‌کان، ڕاسته خاڵی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوکیان خودایه، به‌ڵام ئوسوولییه‌کان خودا داده‌به‌زێنن بۆ ئاستی مرۆڤ، واته خودابوون یه‌کسان ده‌که‌ن به مرۆڤبوون، به‌ڵام عاریفه‌کان مرۆڤ به‌رزده‌که‌نه‌وه بۆ ئاستی خودابوون. لێره‌وه له یه‌که‌میاندا به‌خودابوونی مرۆڤ زۆر سانا ده‌بێت و زۆرێک له مرۆڤه‌کان توانای به‌خودا بوونیان هه‌یه، به‌ڵام لای عاریفه‌کان به‌خودا بوونی مرۆڤ کارێکی زۆر قورسه و ته‌نها له توانای ئه‌و مرۆڤانه‌دایه که لایه‌نه ئاژه‌ڵییه‌کانی مرۆڤبوون تێده‌په‌رێینن و لایه‌نه ڕۆحییه‌کانی مرۆڤبوون ده‌رک ده‌که‌ن و گه‌شه‌ی پێ ده‌ده‌ن، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه ئوسوولییه‌کان لایه‌نه ڕۆحییه‌کانی خودابوون سڕده‌که‌ن و لایه‌نه ئاژه‌ڵییه‌کانی گه‌شه پێده‌ده‌ن، به‌کورتی عاریفه‌کان خودا بڵند ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام ئوسوولییه‌کان نه‌ویی ده‌که‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش گه‌وهه‌ری جوداییی خودای عاریفه‌کان و خودای ئوسوولییه‌کانمان بۆ ڕاڤه ده‌کات.
به‌م پێیه، خودای ئوسوولییه‌کان هه‌ڵگری دوالیزمه‌ی ڕق و خۆشه‌ویستییه، واته خودای ئوسوولییه‌کان ڕقی له دوژمنه‌کانیه‌تی و دۆسته‌کانی خۆش ده‌وێت، هاوکاریی ئه‌وانه ده‌کات که گوێرایه‌ڵی ده‌که‌ن و دژی ئه‌وانه‌یه که له فه‌رمانه‌کانی لاده‌ده‌ن. به‌ڵام خودای عاریفه‌کان یه‌که و دوو نییه و له مرۆڤ جودا نییه و بڕوایان به‌یه‌کێتیی بوون(وحدة الوجود) هه‌یه، ئه‌وان پێیان وایه ناشێت له زاتی خودادا هه‌م ڕق هه‌بێت و هه‌میش خۆشه‌ویستی، خودا لای ئه‌مان خودی خۆشه‌ویستییه و به‌س، ئه‌و له ئاسمان نییه، له هه‌موو شوێنێکه و له هیچ کوێش نییه، ئه‌و نه چۆنێتیی هه‌یه و نه حه‌یسییه‌ت و نه شوێن . بێگومان وه‌ک ڕوونه کاتێک چۆنێتی و شوێن و گه‌وهه‌ری خودا نادیار بوو، ئه‌و کات به‌خودابوونی مرۆڤ(ئه‌گه‌رچی له توانای هه‌ر مرۆیه‌کیشدا بێت ببێته خودا واته حلول بکات تێیدا وه‌ک عاریف و سۆفییه‌کان ده‌ڵێن) کارێکی زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت، کاتێکیش مرۆڤ له ڕێگای حلوله وه(به‌زمانی سوفییه عاریفه‌کان) ده‌بێته خودا، ئه‌و کات ئه‌م به‌خودابوونه‌ی عاریفه‌کان ته‌واو جودایه له‌و به‌مرۆڤبوونه‌ی خودا که سه‌له‌فییه ئوسوولییه‌کان موماره‌سه‌ی ده‌که‌ن. پڕۆسێسه‌که چه‌ندێک له چه‌ندێتێدا جیاوازه، (لای ئوسوولیه‌کان له به‌ر ئه‌وه‌ی خودا به‌مرۆڤ کراوه، ژماره‌ی مرۆڤه به‌خودا بووه‌کان زۆر و زه‌وه‌نده، دواتر ئه‌مه ڕوونتر ده‌که‌ینه‌وه)، به‌ڵام لای عاریفه‌کان (که‌مترین مرۆڤ توانیاویانه بگه‌نه قۆناغی خودا بوون، واته حلول بکه‌ن). هه‌روه‌ها له چۆنێتیشدا پڕۆسه‌که ته‌واو جیاوازه، چونکه ئوسوولیه‌کان(سه‌له‌فیه‌کان) ته‌واو ڕه‌نگ و ده‌نگ و شوناسی ئه‌و خودایه هه‌ڵده‌گرن که دایانماڵیووه له هه‌موو ئه‌دگاره خودایییه‌کان، بۆیه زۆریان(به پیاوه ئایینیی و سیاسییه‌کانیانه‌وه) ده‌بنه خودایه‌کی توندوتیژ و پڕاگماتی و تێکده‌ر.
شه‌شه‌م: ده‌رکه‌وته‌کانی به‌خودابوونی مرۆڤ لای سه‌له‌فییه‌کان
ڕه‌نگه لای خوێنه‌ری به‌ڕێز ئه‌وه گران بکه‌وێته‌وه و نه‌توانێت وێنای ئه‌وه بکات که چۆن موسوڵمانێکی توندڕه‌و و سه‌له‌فی (که خۆی به یه‌کتاپه‌رست ده‌زانێت) ئه‌توانێت ببێته خودا؟ بێگومان بۆ ساناکردنه‌وه‌ی ئه‌م بیرۆکه‌یه، گه‌ره‌که پێشوه‌خته ئه‌وه بڵێێن که له گوتاری زاهیریاندا سه‌له‌فییه‌کان و سه‌له‌فییه جیهادییه‌کان، بانگه‌شه‌ی به‌خودابوون ناکه‌ن و ئه‌وه‌ش به کوفری ڕووت له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وان ئه‌و تۆمه‌ته ده‌ده‌نه پاڵ فیرعه‌ونه‌کان و هاوشێوه‌کانیان. به‌ڵام له گه‌وهه‌ردا و له باتنی هه‌ر سه‌له‌فییه‌کدا به‌خودابوون زۆرسانا خۆی مانیفێست ده‌کات.
تۆ تێبینی بکه کاتێک سه‌له‌فییه‌ک خۆی به‌حه‌قی ڕه‌ها، تۆش به باتیلی ڕه‌ها ده‌بێنێت، لێره‌شه‌وه ده‌ست ده‌داته ده‌عوه و ته‌بشیر و ده‌یه‌وێت هه‌موو دونیا له ڕێگای به‌سه‌له‌فی کردنیانه‌وه کۆنترۆل بکات، ئه‌م ئیدیعایه و ئه‌م پڕۆسه ته‌بشیرییه شمولییه جگه له به‌خودابوون و کاری خودا چی تره؟ کاتێک سه‌له‌فییه‌ک زۆر سانا له گیرفانی بچوکی خۆیدا، فتوای جۆراوجۆر ده‌رده‌هێنێت و ئه‌م کافر ده‌کات و ئه‌و بڕوادار پیشان ده‌دات، به‌ناوی خوداوه ته‌رغیب و ته‌رهیبی خه‌ڵک ده‌کات و وه‌ک مقاول به‌هه‌شت و دۆزه‌خ ده‌به‌خشێته‌وه، ئه‌مه جگه له خودابوون چی تره؟ کاتێک سه‌له‌فییه‌کان و بن لادن و به‌غدادی و داعشه‌کان و بۆکۆحه‌رامه‌کان و…هتد ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ له کونفه‌یه‌کونێکدا بڕیاری قه‌تڵوعامی ده‌یان هه‌زار مرۆڤ ده‌ده‌ن و چه‌ندین وڵات ژێراوژوور ده‌که‌ن و سه‌دان هه‌زار خه‌ڵک ماڵ‌وێران و ئاواره ده‌که‌ن، ئه‌مه جگه له به‌خودابوون ( بێگومان به‌وجۆره‌ی خۆیان پێناسه‌ی خودایان کردووه) چی تره؟
بێگومان وه‌ک له سه‌ره‌تاوه ڕوونمان کرده‌وه ئه‌م سانا به‌خودابوونه لای سه‌له‌فییه‌کان، په‌یوه‌ندیی به ڤیژنیانه‌وه هه‌یه بۆ خودا، وه‌ک ڕوونمان کرده‌وه سه‌له‌فیزم و وه‌هابیزم و دواجاریش داعشیزم خودا وه‌ک مرۆڤێک وێنا ده‌که‌ن که «ده‌ستی هه‌یه، له‌سه‌ر کورسیی عه‌ڕش دانیشتوه، کۆمه‌ڵێک فریشته‌ی له‌به‌ر ده‌ستدایه و کاره‌کانی بۆ ڕایی ده‌که‌ن، ئه‌م خودایه وه‌ک مرۆڤ فێل ده‌کات، توڕه ده‌بێت، ڕقی له‌وانه‌یه که گوێڕایه‌ڵی ناکه‌ن و له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش سزایان ده‌دات، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵی باش بیت له‌گه‌ڵت باش ده‌بێت و ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵی خراپ بیت له‌گه‌ڵت خراپ ده‌بێت، هاوکاریی کۆمه‌ڵێکه دژی کۆمه‌ڵێکی تر، ئه‌م خودایه شه‌فاعه‌ت و واسیته‌ی خه‌ڵکانێک قه‌بوڵ ده‌کات بۆ لێخۆشبوو‌ن له که‌سانێکی تر و کۆمه‌ڵێک خاسیه‌تی مرۆیی تر». واته دواجار لای سه‌له‌فیزم و داعشیزم (که دیوه پراکتیکیه‌که‌ی سه‌له‌فیزمه) خودا مرۆڤێکی به‌هێز و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جۆراوجۆره، چی بوێت ده‌یکات.
لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که بیرۆکه‌ی به‌مرۆڤکردنی خودا، تاچه‌ندێک له پشت دروست بوونی گروپگه‌لی وه‌ک ئه‌لقاعیده و داعشه‌وه‌یه؟ تا چه‌ندێک ڕاڤه‌ی ئه‌و توندوتیژییه بێشوماره‌مان بۆ ده‌کات که داعشه‌کان به‌ناوی خوداوه ده‌یکه‌ن؟ ئه‌م ساده‌کردنه‌وه‌یه‌ی خودا بۆ مرۆڤ خۆی له خۆیدا هه‌وڵی ئاسانکردنی به‌خودا بوونه لای داعشه سه‌له‌فییه‌کان، به‌مانایه‌کی تر هه‌ر تیرۆریستێک به‌خۆی بزانێت یان نا خۆی به‌خودا ده‌زانێت و له بری خودا ده‌کوژێت و له‌ناوده‌بات. دواجار سه‌له‌فییزم بیه‌وێت یان نه‌یه‌وێت، به‌خۆی بزانێت یان نه‌زانێت، کاتێک خودا نه‌وی ده‌کاته‌وه بۆ ئاستی مرۆڤ و سیفه‌ته مرۆییه‌کانی پێ ده‌خشێت، له پێناو ئه‌وه‌دا نییه که خودا به‌مرۆڤه‌کان بناسێنێت، به‌ڵکوو له پێنا و ئه‌وه‌دایه پڕۆسه‌ی به‌خوابوونی مرۆڤ ئاسان بکات، لێره‌شه‌وه مرۆڤ هه‌رچی خراپه‌یه به‌ناوی خودا و به پشت به‌ستن به‌خودا ده‌یکات، که‌واته سه‌له‌فییزم به‌ر له وه‌ی دژی مرۆڤ و مرۆڤبوون بێت، دژی گه‌وهه‌ری خودا و ماهیه‌ته‌که‌یه‌تی.
له کۆتاییی ئه‌م باسه‌دا ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که به‌خودابوونی مرۆڤ کاریگه‌ریی (ئه‌وه‌ی لای عاریفه‌کان هه‌یه) هه‌یه له سه‌ر کلتوری ناتوندوتیژی و پێکه‌وه ژیان، به‌تایبه‌ت ئه‌وه ئاشکرایه توندوتیژی به‌ناوی ئایینه زه‌مینییه‌کانه‌وه زۆر که‌متره له‌و توندوتیژییانه‌ی که له دونیای ئیسلامدا بونیان هه‌یه. هه‌ر به‌نمونه وڵاتێکی وه‌ک هیندستان که زیاتر له ملیارێک که‌سی تێدا ده‌ژی و هه‌ڵگری هه‌زاران ئایین و مه‌زهه‌ب و ڕه‌وتی جیاوازی ڕۆحین، که‌چی له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تاڕاده‌یه‌کی باش توانای پێکه‌وه هه‌ڵکردنیان هه‌یه، بێگومان یه‌کێک له هۆکاره‌کانی ئه‌م دۆخه په‌یوندی به‌وه‌وه هه‌یه که ئه‌وان بروایان به‌خودابوونی مرۆڤ هه‌یه، نه‌ک به‌مرۆڤکردنی خودا. ئه‌م یه‌کتر قبوڵکردن و تولێرانسه لای سۆفییه‌کان و له عیرفانی (ئیسلامی)یشدا هه‌یه و له مباره‌یه‌وه نمونه‌مان زۆره.
پوخته‌ی ئه‌نجامی باسه‌که
له تان و پۆی ئه‌م باسه‌دا ده‌گه‌ینه دوو ئه‌نجامی گرنگ:
نزمکردنه‌وه‌ی خودا بۆ ئاستی مرۆڤ، سه‌رچاوه‌ی تیرۆر و توتدوتیژی و ئاشووبی کۆمه‌لایه‌تیه، به‌رزکردنه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ ئاستی خودا، ده‌بێته هۆی سنوردانان بۆ تیرۆر و به‌هێزکردنی گیانی پێکه‌وه ژیان و ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تی.
گۆڕێنی ڤیژنمان بۆ خودا و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی مرۆڤ بۆ خوابوون، له ڕیشه‌وه ڤیژنمان به‌رامبه‌ر ئایین ده‌گۆڕێت، به‌جۆرێک که ئایینێک به‌رجه‌سته ده‌که‌ین که خزمه‌تی پێکه‌وه ژیان بکات، نه‌ک دژی پێکه‌وه ژیان و جوانیه‌کان بێت.
*. دوکتۆرای فەلسەفەی دەستوور/سلێمانی
سه‌رچاوه‌کان
[١]. الامام ڕب و قاسم الجنید، ڕسائل جنید، تحقیق: علی حسن عبدالقادر، القاهره، 1988.
[2]. بوشینسکی ا. م. الفلسفه المعاصره فی اوروبا، وه‌رگێڕانی: د. عزن قرنی، زنجیره کتێبی(عالم المعرفه) ،کویت، 1992.
[3]. حه‌لاج، دیوان الحلاج، له کۆکردنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسی فه‌ڕه‌نساوی: لویس ماسینیون، به‌بێ ساڵ و شوێنی چاپ.
[4]. د. موحسین ئه‌دیب: داعش کوڕی شه‌رعی سه‌له‌فیزم، سلێمانی، 2014.
[5]. ئیمانوئیل کانت، نقد العقل المحض، وه‌رگێڕانی: د. موسی وهبه، مرکز الانما و القومی، بیروت، به‌بێ ساڵی چاپ.


