ئارامتر بخوێنەوە!
ئیسلامیزم و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ڕەسوول محەممەدی
“بە پێی ئیسلامیزم زیندوو کردنەوەی خەلافەت و هەوڵدان بۆ ژیاندنەوەی ئەم نەریتە سیاسییە دەبێتە یەکەم ئەرکی موسوڵمانان. بوونی ئەم ئایدیایە لەسەردەمی مۆدێڕندا وا ئەکا ئیسلام وەک دیاردەیەکی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی ـ ناونەتەوەیی، ئاقاری نوێ بۆ گرتنە دەسەڵات ببڕێ. لەم ڕوانگەیەوە ڕەنگە بکرێ ئیسلامیزم وەک ڕێگایەک بۆ بڕێنی ڕێگای گەیشتن بە یۆتۆپیایەکی ڕادیکاڵی ڕووە و ڕابردووش بخوێنرێتەوە. هەر بۆیە ئیسلامیزم لە یەکەم هەنگاوی خۆیدا، دەکرێ وەک ئایدۆلۆژییەکی ئایینی بە تەفسیرێکی گشتگیرانە لە ئیسلام سەیر بکرێت کە ئامانجی کۆتایی، دەست بەسەرداگرتنی جیهان بە هەمو ئامرازێکەوەیە“
پوختە
ئیسلامیزم وەک تەفسیرێکی نوێ و هاوچەرخ لە ئیسلامە کە لەم ساڵانەی دوایی لە گشت جیهان و لە کوردستانیش توانیویەتی لە چوارچێوەی هیزێکی ڕێکخراو، مەدەنی و نەرم یان سەربازی، تواناکانی خۆی نیشان بدات. ئەم بیرۆکە ئیخوانی ـ مۆدێرنە لە چوارچێوەی گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕینی خەلافەت، جێگیرکردنی یاسای شەریعەت و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی سەروەریی خوا لە سەر زەوی وەک چوارچێوەیەکی ئایدۆلۆژیک، لە ناو پانتای سیاسی ـ کۆمەڵایەتی، هەڵسوکەوتی سیاسی ئەکات. ئەم وتارە بە دەسنیشانکردنی لایەنە گرینگەکانی ئەم ئایدۆلۆژییە، پێی وایە لە ئەگەری ڕوودانی هەر چەشنە بۆشاییەکی هێز لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئیسلامیزم پوتانسیەلی ئەوەی هەیە وەک ئایدۆلۆژییەکی ئاراستەکراو کێشەی سەرەکی بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی ـ سێکۆلاری کوردی لەم بەشەی کوردستان پێک بێنێ. هەر بۆیە پێداچونەوە و جومگەبەندیی دیسکۆرسێکی سیاسیی گشتگیرتر وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بەرەنگابوونەوە لە گەڵ ئەم ئایدۆلۆژییە، وەک ڕێگاچارەیەکی ستراتێژیک پێشنیار دەکا.
پێشەکی
لە سەرەتای سەدەی بیستەم بە دواوە تا کوو ئەم دواییانەش، دوو ئایدیای گەورەی ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزم، بە لک و پۆپە جیاوازەکانیانەوە، کاریگەریی بەرچاویان لە سەر پانتای سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەبو و هاوکات بە بەردەوامیشەوە زۆر جار لەگەڵ یەک تووشی مشتومڕ بوون. بە پێی بارودۆخی جیهانی و ناوچەیی هەر کام لەم دوو ئایدیایە ڕەنگە بۆ ماوەیەک لە وڵاتێکدا یان لە چەن وڵات دەسەڵاتیان گرتبێتە دەست یان تەنانەت هەژمۆنی بەرچاویان هەبووبێ؛ یان وەک نموونەی ناسیۆنالیزمی کورد، ئەم دوو تێفکرینە زۆر بە قووڵی ئاوێتەی یەک بووبن. بەڵام هەر دوابەدوای داڕمانی سۆڤیەت و کۆتایی پێهاتنی میژوو، دەوڵەتە ناسیۆنالیستەکان یان دژە چەپەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێێان وابوو گەیشتونەتە ئامانجەکانیان و زۆربەی سۆسیالیستەکانیش بە گەڕانەوە بۆ سەر بنەماکانی دێموکڕاسی هەوڵیان دا دێموکڕاسی ڕووکەشیانەی ناسیۆنال ـ لیبرالەکان دێموکڕاتیزەتر کەنەوە. بەڵام ئەم دوو ئایدۆلۆژیایە دوای کەمتر لە ١٠ ساڵ لە گەڵ ئایدۆلۆژیایەکی نوێ و ئاڵۆز لە ژێر ناوی ئیسلامیزم ڕوبەڕو بوونەوە کە ویستی بونیات نانەوەی حاکمییەتی دینیی هەبوو و هەر لەسەرئەم بنەمایەش ئاستی توندوتیژییەکان و بلۆکە سیاسییەکان، ئاڵوگۆڕیان بەسەرداهات و سنورە سیاسییەکان سەر لەنوێ داڕێژرانەوە.
بەڵام ئەم ئاڵوگۆڕانە لە ئاستی کردەییەوە، بە تایبەت لەم بیست ساڵەی ڕابردوودا، کاریگەریەکی زۆریان لەسەر کورد دانا؛ هێرشی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، دامەزرانی هاوکاتی شێوە دەوڵەتێکی کوردی لە باشوری کوردستان و لەدایکبوونی دەوڵەتی شکستخواردووی عێراق لە ناوچەکە، سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی بە ڕوانگەی جیهادی، لێکترازانی هاوسەنگیی ئایدۆلۆژیاکان، لەدایکبوونی ناسیۆنالیزمێکی شێوەلیبراڵی کوردی لە باشوری کوردستان، پرۆسەی ئاشتی کورد-تورک لە باکوری کوردستان و لەبارچوونی هەوڵدانەکان، شۆڕش و دواتر شەڕی ناوخۆیی لە سوریا، وەدیارکەوتنی داعش و جێگیربوونی ئیمکانی سەرلەنوێ سازکردنەوەی خیلافەت، ڕۆژئاوای کوردستان و شەڕی کورد لە گەڵ داعش و دروستبوونی بەرەی چوارەمی جیهادی لە کورستان وەک نمونە هەرە زەقەکانی ئەم ئاڵوگۆڕە توند و تیژانە بوون کە دەکرێ تەنانەت وەک دەرکەوتەی ئام ئاڵوگۆڕانەش سەیر بکرێن. بەڵام خاڵی جێگای سەرنج لە تەواوی ئەم ڕووداوانەدا، لە پەراوێزمانەوە، بەڵام کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەم ڕووداوانە لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک پێگەیەکی جوگرافی ـ سیاسی بووە.
سەرەڕای پەراوێز مانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەلام ئەم بەشە لە کوردستان توانیویەتی لە باری سیاسی و فکری ئاڵوگۆڕی جیدی بە خۆیەوە ببینێ و هاوکات بە پێی ڕووداوەکانی ناوچەکە خوێندنەوەی تایبەتی خۆی هەبێ و هەمیش چەشنە ئامادەبونێکی بەرچاوی سەبارەت بە هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێک لە ئێران و کوردستانەوە هەبێ. ئەمە وای کردوە هاوکات لەگەڵ نەبوونی جموجوۆڵێکی تووندی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەوتە فکری و بزوتنەوە سیاسیەکانی ئەم بەشە، بە هەستیارییەکی زۆرەوە هەم بە لایەنی فکری و هەمیش بە لایەنی کردەی سیاسی، بڕواننە داهاتوو و چۆنیەتیی مامەڵە کردن لەگەل ڕووداوەکان. بەڵام هاوکات لە گەڵ ئەم ئامادەبوونەی کورد وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی ـ نەتەوەیی و هەمیش وەک بزووتنەوەیەکی سیکۆلار و دیموکراتخواز و سۆسیالیست، چۆن دەکرێ لەگەڵ ئایدۆلۆژیای ئیسلامیزم هەڵسوکەوت بکرێت یان چۆن بە لایەنی سیاسیەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؟
وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە چەن گریمانەی سەرەکیی لە پشتە؛ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەزموونی دەسەڵاتداریی ئیسلامیستی (وەک دەوڵەت و وەک ئایین) لەلایەن تارانەوە بینیوە و چەمکی سەروەریی خوا-ی وەک ئەمری واقیع لە ناو سیاسەت وسەپاندنی یاسای شەریعەت بەسەر خۆیدا هەست پێکردوە، لەلایەکی تریشەوە لەم ساڵانەی دواییدا، هاوکات لەگەڵ لەدایکبوونی بەرەی چوارەمی گرووپە ئیسلامییەکانی کوردستان و چوونیان بۆ ناو ڕیزەکانی داعش و جبهه التحریر، دەبینین گرووپی فەرمی و نیوە فەرمیی تر بە ئاجێندای ئیخوانییەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ڕوانگەی نەرم و نیانەوە لە هەوڵی دەس بەسەرداگرتنی کوردستانن. ئەم هەوڵانە بێگومان تەواوی لایەنە نەتەوەیی و سێکۆلارەکانی لە کوردستان بە یەک هۆکارەوە توشی نیگەرانی کردوە؛ ئەویش ئاجێندای ئیسلامیزمە کە لەهەناوی تەواوی گرووپە ئیسلامیەلاندا هەیە. هەر بۆیە ورووژاندنی پرسیارێک سەبارەت بە چۆنیەتیی بەرەنگار بوونەوەی ئیسلامیزە بوونی سیاسەت و سیاسەتی ئیسلامیزەکراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو کاتەی بۆشاییی هێز دەکەوێتە ناو ئێران، دەکرێ وەک پێویستییەکی حاشا هەڵنەگر بۆ ڕۆژە سەختەکانی داهاتووی نزیک، بێتە بەرچاو. گرینگیی وڵامدانەوەی ئەم پرسیارە کاتێک زیاتر خۆی دەنوێنێ کە لەم خاڵە سەرەکییە ئاگادار بین کە ئیسلامیزم لە فۆڕمی بزوتنەوەی ڕادیکاڵ (پەیوەستبوون بە گروپە جیهادییەکان) و لە فۆڕمی ڕیفۆڕمیست (گرووپی وەک ئیسلاح و دەعوە) خەریکی گەشەیەکی خێرا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و ئەمە دەتوانێ بەشێکی بەرچاو لە وزەی بزوتنەوەی سیاسیی گەڵی کورد بخاتە ژێر کاریگەریی خۆی.
ئیسلامیزم وەک هەوڵدان بۆ بونیاتنانەوەی سەروەریی خوا[١]
دوا بەدوای ئاڵوگۆڕە بەرچاوەکانی سی ساڵی دوایی لە پانتای سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیسلامیزم وەک دیاردەیەکی ئاڵۆز بەڵام چەن لایەنە زۆر جار وەک ئایدۆلۆژی، هەندێک جار وەک ڕێکخراوە و بزووتنەوەیەکی سیاسی و هەندێکجاریش وەک فۆڕمێک لە فۆڕمەکانی دەوڵەت پێناسەی بۆ کراوە. سەرەڕای ئەوەی ئەم چەمکە لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئیرانەوە پێگەیەکی تایبەتی لە قامووسی سیاسی بەخۆیەوە گرتووە، بەڵام بێگومان سەرەتای دەرکەوتنی ئیسلامیزم وەک ئایدۆلۆژیایەک، دەگەڕێتەوە بۆ دامەزرانی اخوان المسلمین لە ساڵی١٩٢٨کە هەر لە دەسپێکەوە وەک دژە کردەوەیەک لە هەمبەر گەشەکردنی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا و دابەزینی ڕۆڵی ئیسلام لە ژیانی موسوڵمانەکاندا خۆی نیشان دا (Bunzel 2015)بنەما فکرییەکانی ئیسلامیزم دواتر بە هەندێک ئاڵوگۆڕەوە لەلایەن شیعەکانیشەوە باوەشی بۆ کراوە.
یەکەم خاڵی ئیسلامیزم لە لای ئیخوانییەکان، داکۆکی لە سەر ئەمە بوو کە وەدواکەوتووییی موسوڵمانەکان لە بەرامبەر ڕۆژئاوا، بە هۆی ئەوە بووە کە موسوڵمانی باش نەبوون، هەر بۆیە وەدەسهێنانەوەی شکۆی ڕابردوو، گرێدراوی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و ژیان بە پێێ شەریعەتە. لە سەر بنەمای ئەم تێفکرینە، ئیخوانولموسلمین، لە سەرەتای دامەزرانیەوە، سیستەمی خەلافەتی وەک ئایدیالێکی سیاسی بۆ جیهانی ئیسلام پێناسە کرد و پێی وابوو جیهانی ئیسلام، پێویستیی بە کۆمەڵگایەکی یەکگرتوو لە ژێر سێبەری تاقە ڕێبەرێکی دەوڵەتی ئیسلامی هەیە و هەر بۆیە نابێ وڵاتانی جیهانی ئیسلام دابەش بکرێنە سەر دەوڵەتی جیا جیا. ئیسلامیزم لە جۆرە ئێرانییەکەی خۆشیدا هەر ئەم ڕەنگدانەوە سیاسییەی هەبووە.
بە پێی ئیسلامیزم زیندوو کردنەوەی خەلافەت و هەوڵدان بۆ ژیاندنەوەی ئەم نەریتە سیاسییە دەبێتە یەکەم ئەرکی موسوڵمانان. بوونی ئەم ئایدیایە لەسەردەمی مۆدێڕندا وا ئەکا ئیسلام وەک دیاردەیەکی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی ـ ناونەتەوەیی، ئاقاری نوێ بۆ گرتنە دەسەڵات ببڕێ. لەم ڕوانگەیەوە ڕەنگە بکرێ ئیسلامیزم وەک ڕێگایەک بۆ بڕێنی ڕێگای گەیشتن بە یۆتۆپیایەکی ڕادیکاڵی ڕووە و ڕابردووش بخوێنرێتەوە. هەر بۆیە ئیسلامیزم لە یەکەم هەنگاوی خۆیدا، دەکرێ وەک ئایدۆلۆژییەکی ئایینی بە تەفسیرێکی گشتگیرانە لە ئیسلام سەیر بکرێت کە ئامانجی کۆتایی، دەست بەسەرداگرتنی جیهان بە هەمو ئامرازێکەوەیە. ئەم پێناسەیە هەڵگڕی چەند خاڵی سەرەکییە، ئایدۆلۆژیی ئایینی، تەفسیرێکی گشتگیرانە لە ئیسلام و دەست بەسەرداگرتنی جیهان بە تەواوی ئامرازەکان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.
(Mozaffari 2007)هەر چوار خاڵی ئەم پێناسەیە لە ئیسلامیزم بە هەندێک تێبینیەوە لە ناو ئیسلامی سوننە و شیعەدا بە ڕوونی دیارن.
ئۆلیڤیە ڕوا، پێی وایە چەمکی ئیسلامیزم لەگەڵ سەلەفیەت و هاوکات دابڕان لە سەلەفیەت دروستکراوە. ئیسلامیستەکان بە گشتی تیۆلۆژیای سەلەفیەت ڕەچاو دەکەن: ئامۆژگاری بۆ گەڕانەوە بۆ قورئان، سوننەت و شەریعەت دەکەن و ئەو تەفسیرانە ڕەت ئەکەنەوە کە بەشێکن لە نەریت… بە بروای ڕوا، سێ خاڵ بە ڕوونی ئیسلامیستەکان لە فاندامێنتالیزمی مەلاکان جیا ئەکاتەوە؛ شۆڕشی سیاسی، شەریعەت و مەسەلەی ژن.(Roy 1994, 36) لەسەر ئەم بنەمایەیە ئیسلامیستەکان پێێان وایە پێویستە کۆمەڵگا لە ڕێگای شەریعەتەوە بە ئیسلامی بکرێت و ئیسلام بێتە ناو ژیانی سیاسیی مرۆڤەکانەوە. ئەم سێ خاڵە ئایدۆلۆژیکاڵە لە ناو شۆڕشی ئیسلامیی ئیران و لە ناو سوننەش دا بە ڕوونی ئەبینرێت، بە تایبەت کە لە ناو هەر دوو ڕەوتدا، زۆرێک لەو کەسانەی مەلا نەبوون، ئەم پێناسە نوێیەیان لە ئیسلام بڕەو پێدا. لە کاتێکدا ئیسلامیزم زۆر جار وەک فۆڕمێک لە ئیسلامی نەریتی ئەبینرێت، بەڵام ئیسلامیزم بە تەواوی لە ئیسلامی نەریتی جیاوازە، لە کاتێکا خولیای ئیسلامی نەریتی چۆنیەتیی ژیانی تاک بە پێی ئیرادەی خوایە، ئیسلامیزم لە خولیای دروستکردنی سیستەمێکی نوێدایە. لە کاتێکدا ئیسلامی نەریتی پێداگریی لەسەر بڕوا بە خۆ بوون هەیە، ئیسلامیزم لە قۆناخی یەکەمدا پەرچەکردارانە هەڵسوکەوت دەکات بە پیچەوانەی پێداگری لە سەر تاک، لەسەر کۆمەڵگا و پەیوەندەییەکان پیداگری دەکات و لە قاڵبی ئایدۆلۆژییەکی سیاسیدا خۆی نیشان ئەدا.
هەر لە سەر ئەم بنەمایەیە ئیسلامیزم وەک خوێندنەوەیەکی مۆدێرن لە ئیسلام، بە خەیاڵکردێکی ئایدیالی بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕێنی ٤ خەلیفەی یەکەم، هەوڵ ئەدا ڕوانگەیەکی کلاسیک لە ئیسلام وەک سیستەمێکی جیهانی و گشتگیر پێشکەش بکات. لە دۆخی مۆدێڕندا، ئیسلامیزم لە هەوڵی ئەوەدایە بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، بە مەبەستی سەرلەنوێ دروستکردنەوەی یەکێتیی ناو کۆمەڵگای ڕەسەن[ی ئیسلامی]، لێک گرێداتەوە. ئیسلامیستەکان کۆمەڵگای مۆدێڕن دەکەن بە مەکۆی کردەوەکانیان، هەر ئەو کۆمەڵگایەی خۆیان بەرهەمهاتووی ئەون.(Roy 1994, 37) لەم تێگەیشتنەدا ئیسلامیزم بە نێونجیی تەوحید و پێویستی سەردانەواندەن بۆ ئەم تاقانەییەی خوا، وەک ئایدۆلۆژیایەک بەرەو شەرعیەت پێدانی سەرەوەریی خوا هەنگاو ئەنێت و تەواوی لایەنەکانی ژیانی تاک وکۆمەڵایەتیی مرۆڤ لەخۆوە دەگرێت. هەر بۆیە چیتر ناتوانێ وەک ئایینێکی تاکەکەسیانە و پارێزگارانە سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێتە سیستەم و هەر چەشنە فەزایەکی سێکۆلار داگیر دەکا.
لە سەر بنەمای ئەمە ئیسلامیستەکان بە لەبەرچاوگرتنی شەڕی شارستانییەتەکان، لە خەونی بەدیهێنانی سیستەمێکی نوێ بۆ جیهانن و ئەمە لەسەر بنەمای تێگەیشتنیان لە خوڵقاندنەوەی سەر لەنوێی شەریعەت ڕاوەستاوە. دەرەنجامی ئەمەش جێگۆرکێ کردنی سیستەمی سێکۆلاری ویستیڤالیا لەگەڵ سیستەمێکی جیهانیە. (Inbar 2008, 13) ئەمە وادەکا ئیسلامیزم، لە قاڵبی ئایدۆلۆژیایەکدا خۆی بنوێنێتەوە کە لانیکەم خاوەنی تێگەیشتنیکی بەرتەسک لە باوەڕی تیۆلۆژیک و باوەڕێکی ڕەها بۆ پێویستی هەبوونی دەوڵەتێکی ئیسلامی لە سەر بنەمای شەریعەتە. مەترسیی ئەمە کاتێک ڕوو ئەدا کە ئیسلامیزم، جیاوازیی نێوان دەوڵەت و سیاسەت بە هۆی سەپاندنی یاسای شەریعەت بە سەر تەواوی کەسەکان و گرووپەکان تێک ئەدات و پێی وایە سەروەریی خوا تەنیا لە ڕێگای شەریعەتەوە دەستەبەر دەبێ.
هەر لەسەر ئەم بنەمایە دەوڵەتی ئیسلامی وەک ئامانجی ئاشکرا یان شاراوەی ئیسلامیزم، ڕێگا بۆ بەدیهێنانی سەروەریی خوا دەکاتەوە. لە پێک گەیشتنەوەی سیستەم و سێکۆلاریزمدایە کە چەمکی جیهاد وەک ئامرازی دامەزرانی دەوڵەتی ئیسلامی سەر لەنوێ بە تەفسیری نوێ لە ناو ئیسلامیزمدا ئەگەشێتەوە. سەید قوتب وەک پێشەنگی خوێندنەوەی سیاسییانە لە ئیسلام، ڕۆڵێکی بەرچاوی لەم گەشاندنەوەیەدا هەبوو؛ تا ڕادەیەک کە بۆ ئەم مەبەستە ئەکرێ ئاماژە بکرێتەوە سەر چەمکی جیهاد وەک خاڵی سەرەکیی بیرۆکەکانی سەید قوتب. سەید قوتب جیهاد وەک شۆرشی جیهانیی بەردەوامی ئیسلام، بە مەبەستی دامەزراندنی سەرەوەریی خوا لە گشت جیهان دەبینی. هەر ئەم ڕوانگەیە لە دروشمەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا بە ڕوونی تاکوو ئێستا بینراوە. بەسام تیبی، لەسەر ئەم بڕوایەیە بانگەوازی ڕوونی جێگۆرکێ پێ کردنی سیستەمی نەتەوە-دەوڵەت، لەگەڵ سەرەوەریی خوا، بنەمای ئایدۆلۆژیای دەوڵەتی ئیسلامییە و دامەزرانی نەزمێکی نوێی جیهانی کە لەسەر بنەمای هیڵەکانی شەریعەت دامەزراوە، لە ئاکامدا دروستکردنی نیزامێکی ئیسلامی وەک ئەولەوییەتی ئیسلامی سیاسی لە هەناوی ئیسلامیزمدا بوونی هەیە.(Inbar 2008, 16)
هەر بۆیە بۆ تەواوی گرووپە ئیسلامیستەکان چەمکی سەروەریی خوا وەک بنەمای ئاشکرا و شاراوەی کردەوە و ئامانجی سیاسیی خۆیان ئەبینن ولە ڕێگای تەفسیری گشتگیرانە لە ئیسلام و گرتنەبەری هەر چەشنە ئامرازێک، ڕەوایی بەم کردەوە سیاسییەیان ئەبەخشن. گرینگیی ئاماژە پێکردنی ئەم خاڵە لەوەدایە کە چەمکی دەسەڵاتی خوا نابێ تەنیا وەک ڕیتۆریایەکی ڕۆمانتیک یان نۆستالۆژیایەکی ساکار بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕینی ئیسلام سەیر بکرێت. بەڵکو پێویستە ئەمە وەک وەرچەرخانێکی گرینگی سیستەمێکی نوێ سەیر بکرێت کە لەگەڵ دێموکڕاسی و دەسەڵاتی نەتەوە ـ گەل دژوازیی هەیە و لەناو هەر دوو لقی شیعە و سوننە لە ئیسلامدا وەک یۆتۆپیایەکی سیاسی سەیر ئەکرێت.
کورد و ئیسلامیزم
کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم نزیکەی ٤٠ ساڵە لەگەڵ ئیسلامیزم لە ڕوبەڕوبونەوەدایە. سەرەڕای ئەوەی لە ئێران، ئیسلامیزم لەگەڵ ئێرانییەتیش تێکەڵاویی بووە، بەڵام تایبەتمەندیی ئەم ئایدۆلۆژییە لە سەردەمی ئیمە لەوەدایە کە ئەم ئاجێندا سیاسییە ـ جیهانییە لە ناو کورد خەریکە لە قاڵبی چەمکی شەریعەت و ئوممەت، بۆشاییە سیاسییەکانی هێزە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پڕ دەکاتەوە. کاتێک لایەنە شاراوەکانی ئەم تێبینیە پڕ ڕەنگتر ئەبێتەوە کە ئاماژە بکرێتە سەر پەیوەندیی ئیسلامیزم و سروشتی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست.
ئیسلامیزم وەک ئاجێندایەکی سیاسی ناونەتەوەیی لە هەوڵی سڕینەوەی سنورەکان بە مەبەستی دامەزراندنەوەی سەروەریی خوایە. دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان لە فۆڕمی دەوڵەتی یەک نەتەوە و یەک ئاڵا و یەک زماندا ڕێکخراوە، یان ئەوەی سروشتێکی بە ڕواڵەت سێکۆلار بەڵام لە بنەڕتەوە ئایینیی هەیە. ئەمەش گرێدراوی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئەم وڵاتانەیە. لە هەر دوو حاڵەتدا ئەم سروشتە تایبەتەی دەوڵەت، دەتوانێ ببێتە هۆکاری تەشەنەکردنی بیرۆکەی ئیسلامیزم، بە چەن هۆکارەوە؛ ئەم دەوڵەتانە بە هۆکاری کەم و کوڕییەکانیان بەردەوام پوتانسیەلی ڕووخان یان شەڕ و ئاژاوەیان لە ناوخۆ هەیە و دەکرێ بە هۆی پەراوێز خستنی بەشێکی زۆری کۆمەڵگاوە، چاوەڕوانی تەقینەوەی کۆمەڵگا بن. هەر بۆیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەکرێ بەردەوام چاوەڕوانی لە دایکبوونی دەوڵەتی شکستخواردوو بین. نمونەکانی عێراق و سوریا وەک دەوڵەتی لاواز و شکستخواردوو، بەشێک لەم ڕاستیە دەنوێننەوە. ئەمە لە خۆیدا بەستێنێکی بەهێز بۆ ئیسلامیزم لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیایەکی ئاراستەکراودا بەدی دێنێت. سەرەڕای ئەوەی ئێران خۆی نمونەی زەقی ئایدۆلۆژیی ئیسلامیزم لە ناوچەدایە، بەڵام بە زۆر هۆکارەوە، دەکرێ لە داهاتوودا وەک نمونەی دەوڵەتێکی شکستخواردوو پێشبینی بکرێت و لە ئەگەری ڕوودانی ئەم دۆخە، دوور نابێ ئاجێندای سیاسیی ئیسلامیزمی سوننەش ببێتە یەکێک لە ئەکتەرە سیاسییەکان.
خاڵێکی تری جێگای سەرنج؛ ئیسلامیزم جیا لەوەی لەگەڵ بزوتنەوە ئازدیخواز و سێکۆلارەکان ـ کە بزوتنەی کوردیش هەم وەک نەتەوە و هەم وەک گەل بەشێک لەم بزوتنەوانەیە ـ جیاوازیی هەیە، ئایدۆلۆژیایەکە لە سەر بناغەی گەڕاندنەوەی پیرۆزی[٢] خوازیاری جێگۆڕکێ کردنی نەزمی جیهانی سیکۆلار، لەگەڵ دارولئیسلامێکی ئیسلامیزەکراودایە. ئەم ئایدۆلۆژییە وەک فۆڕمێکی سیاسی لە جیاتی پیرۆزگرتنی چەمکە نەتەوەیی و بەها گەردوونییەکان، لە سەر پیرۆز بوونی چەمکی ئایینی و گرینگیی شەریعەت پێداگری دەکات. لەلایەکی ترەوە کێشەی ئیسلامیزم لەگەڵ بزوتنەوەی کوردی دەگەڕێتەوە سەر هاوتەریبییەک کە ئیسلامیزم و بزووتنەوە ئیسلامییەکان لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەڵی کورد هەیانە. لە هەر سێ بەشی کوردستان و لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیسلامیزمیش وەک ئەکتەرێکی نا ـ دەوڵەتی خۆی لەگەڵ ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی تر وەک ڕکابەر دەبینێ. بەڵام جیاوازییەکی گەورە لەم ناوەدا هەیە، کوردایەتی وەک ئینتمایەکی سیاسی بۆ خاک و نیشتمان لە دەسپێکی دامەزرانیەوە- سەرەڕای ئەوەی ئاییندارەکانیش تێیدا بەشداربوون- بزوتنەوەیەکی سێکۆلار و پابەندی نۆرمە جیهانی و مافخوازەکان بووە.
پارادۆکسەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی و ئیسلامیزم
لە سی ساڵی ڕابردوودا، کۆمەڵگای کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵوگۆڕی قووڵی بە خۆیەوە بینیوە و لانیکەم شایەتحاڵی چەن وەرچەرخانی بنەڕەتی لە دیسکۆرسی سیاسی لە ناو ئێران و کوردستان بووە. هاوکات ڕوانگەی تاکەکانی کۆمەڵگاش سەبارەت بە ئایین، ناسێنە و شێوازی خەبات یان تەنانەت باوەڕ بە چۆنیەتیی چارەسەرکردنی پرسی کورد، گۆڕانی بەسەردا هاتوە. هاوکات لە گەڵ ئەمە، لە پەڕاوێز مانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ئاڵوگۆڕە توند و تیژەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، وای کردوە لە دۆخی چالاکیی کەمی حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات، بیرۆکەی نوێ و ڕێکخراوەی نوێ لە پانتای سیاسی ـ کۆمەڵایەتیدا چالاکی بنوێنن. ئەم دۆخە وای کردوە هەژمۆنی سیاسیی حیزبە کوردییە سیکۆلارەکان بکەوێتە ژێر کاریگەریی ئیسلامیزم و بەشێک لە داینەمۆی کوردی دابەزێت و هاوکات لەگەڵ لایەنی ڕکابەریش تووشی بەربەرەکانێ بن. دۆخی لێکترازانی حیزبە سیاسییە کوردییەکان و پاشاگەردانیی پانتای ڤێرچوال(مەجازی)، ئەم دۆخەی زەقتر کردووەتەوە. بە گەڕانەوە بۆ پرسیاری سەرەکیی ئەم نوسراوەیە، بزاڤی کوردی پێویستە لەگەڵ ئەم دۆخەدا چۆن هەڵسوکەوت بکات؟
بێگۆمان بەشێک لە وڵامی ئەم پرسیارە، گرێدراوی هەڵسوکەوتی هێزە نەتەوەیی ـ سیکۆلارەکانی کورد لەگەڵ یەکترە. پێداگری لەسەر ئەم دووە بە واتای پێویستیی لێک نزیکبوونەوەی ئەم هێزانە و دەرهێنانی هەلو دەرفەتی گەشەی ئیسلامیزم لە پانتای سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. هەر چەشنە قەڵشتێک لەناو ئەم هێزانە، دەتوانێ وەک دەرەفەتێک بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکانی بەرەی نەتەوەیی ـ سێکۆلار ببینرێت. بەشێکی تری ئەم وڵامدانەوەیە گرێدراوی جومگەبەندیکردنی دیسکۆرسێکی سیاسی ـ کۆمەڵایەتیی هێزە نەتەوەیی ـ سێکۆلارەکانە. هزری سیاسی بە تەنیایی سەبارەت بە بینینی زۆر دیاردەی کۆمەڵایەتی کوێرە و پێویستە واز لە ڕوانگەی گشتگیری خۆی سەبارەت بە کورد وەک کۆمەڵگایەکی هاوچەشن و یەکگرتوو بێنێ. بەم تێبینیەوە، هێزە سیاسییەکانی کورد، دەتوانن هاوکات لەگەڵ بینینی کێشە سیاسییەکانی کورد، کۆمەڵگای کوردی بە تەواوی جیاوازییەکانیانەوە، وەک موسوڵمان، شیعە، یارسان و سوننە و لاییک یان ئاتەییست ببینن. گرینگی پێدانی جیاوازییەکان دەرفەتی جومگەبەندیکردنی دیسکۆرسێکی گشتگیرتر سەبارەت بە کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەخوڵقێنێ و هاوکات بەستێنی ڕکەبەرایەتیی زەقی ناو هێزە نەتەوەیی-سێکۆلارەکانیش کەم دائەبەزێنێ.
جومگەبەندیکردنی ئەم دیسکۆرسە پێویستە هاوکات لە گەڵ ئەوەی بە خەستی لە سەر سروشتی سیاسیی کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێداگری بکات و ناسنامەی کوردی بە بنەما بگرێت، بەڵام بەو تێبینییە کۆمەڵناسانەیەی لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا، پێویستە کێشەی کورد وەک مژارێکی سیاسیی جەوهەرخوازانە سەیر نەکات. ئاماژە بەم خاڵە بۆیە پێویستە کە لەم چەن ساڵەی دواییدا هەندێک هەوڵ بۆ هەژمون کردنی زات خوازییەکی میتۆدۆلۆژیک سەبارەت بە کورد و کێشەی کورد لە ئارادان و بەم ڕوانینیەوە هەوڵ ئەدرێت خوێندنەوەیەکی نا-کۆمەڵناسانە و نا ـ مێژوویی بۆ کۆمەڵگای کوردستان بکرێت. ئەم خوێندنەوەیە هاوکات کە مژارێکی دەرەوەی مێژوو و کۆمەڵگای کوردستانە، هەوڵدانێکیشە بۆ دابڕانی نەریتی بزاڤی کوردی لە لایەنی سۆسیالیست و دادپەروەریخوازیی خۆی. لە ئەگەری بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ هەژمۆنکردنی ئەم ڕوانگەیە، نەریتی سیاسیی سێکۆلای کوردی، هێزەکانی خۆی پێشکەش بە ئیسلامیزم دەکا.
دروستکردنی ئەم دیسکۆرسە بۆ دابەزاندنی هێز و توانای ئیسلامیزم، گرێدراوی لەبەرچاوگرتنی پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ تەواوی هیزە کوردستانی و سێکۆلار و پێشکەوتنخوازەکانە. ئەوە گومانی تێدا نییە کورد وەک هەمو نەتەوەیەکی تر، مافی دیاری کردنی چارەنووس و دامەزرانی دەوڵەتی هەیە و پێویستە ئاسۆی دووری سیاسیی کورد هەر لەسەر ئەمە دابمەزرێ، بەڵام دژایەتیی ڕاستەوخۆی زلهێزە جیهانییەکان لەگەڵ سەربەخۆییی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ و پیلانگێڕییەکانی ڕووسیا و ئەمریکا لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان، دەبێ وەک ئەزمونێکی گرینگ بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرنجی پێ بدرێ. لە ئەگەری ڕوودانی هەر چەشنە بۆشایییەکی هێز لە ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتە ئامانجی هێزە ناسیۆنالیستە ئێرانییەکان و لەلایەکی تریشەوە دەتوانێ ببێتە مەیدانی هێزە ئیسلامیستەکانی کوردستان. لە نێوان ئەم دووە- ئەگەر بگۆڕی تر لەبەر چاو نەگیرێت- بەدیهێنانی سەروەریی نەتەوەییی کورد تەنیا لە ڕێگای گرینگی پێدانی هاوپەیمانی لەگەل هێزە کوردییە سیکۆلارەکان و هەندێک لە چەپی ئەتنیکەکانی ترەوە ئیمکانی دەبێ. بۆیە پێویستە لە دەرەوەی هەندێک تێڕوانینی تەنگی پەیوەندیدار بە حیزبایەتی، کورد بتوانێ دیسکۆرسێک جومگەبەندی بکات کە هیزە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بتوانن خۆیانی تێدا بدۆزنەوە.
ئاکام
بە پێی تایبەتمەندیی کۆمەڵگای کوردی و قەڵشتەکانی ناو ئەم کۆمەڵگایە، پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کێشەیەکی ئاڵۆزە. ئەم پرسە جگە لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندخوازی ئێرانی، لەم ساڵانەی دواییدا لەگەڵ هێزێکی تر خەریکی ڕووبەڕوو بوونەوەیە کە باوەڕێکی بە چەمکی سەرەوەریی گەل یان نەتەوە نییە و لە هەوڵی ئەوەدایە بە ئایدۆلۆژیی ئیسلامیزم و لە ژێر ناوی دین و بە ڕێگای دامەزراندنی شەریعەتەوە، دەسەڵاتی خۆی سەقامگیر کات. ئەم ویستە وەک بەردی بناغەی ئایدۆلۆژیی ئیسلامیزم لە ناو هەر دوو ڕەوتی ئیسلامی ڕادیکال و ڕیفۆڕمیست و هەر وەها لەناو هەر دوو نمونەی شیعە و سوننەکەی بە ڕوونی ئەبینرێت. لە دۆخی ئەمێستاکەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئیسلامیزم بە یارمەتیی ئیخوانی جیهانی و کەڵک وەرگرتن لە هاسانکاریی بە ئەنقەستی دەسەڵاتی ئێرانی، لە هەوڵی ئەوەدایە پانتای سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتە دەست. گەشەکردنی ئەم هەوڵدانە لە داهاتوودا ئەتوانێ لە ڕێگای ڕێوشوێنی ئایینیەوە خەباتی کورد وەک بزاڤێکی سێکۆلار بخاتە ژێر کاریگەریی خۆی. ئەم ئایدلۆژییە سەرەڕای لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی هەر کۆمەڵگایەک، هەڵگری تایبەتمەندییەکی نەگۆڕە؛ ئەویش جیبەجێ کردنی یاساکانی شەریعەت لە پێناو دامەزراندنی سەروەریی خوایە. هەر چەند کورد لە سەردەمی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا، لەناو خۆی ڕووبەڕووی ئەزمونێکی لەم چەشنە بوویەوە، بەڵام ئایدۆلۆژیی ئیسلامیزم دوای ٤٠ ساڵ بە تەفسیری نوێ، هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی یۆتۆپیای ڕابردوو و کەڵک وەرگرتن لە ئامرازێ نوێ، هەوڵەکانی خۆی بۆ ئەم مەبەستە چڕتر کردۆتەوە. هەر بۆیە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم ئایدۆلۆژییە، پێویستی بە ئایدۆلۆژییەکی کراوەی نەتەوەخواز و پێشکەوتنخواز هەیە کە بتوانێ جومگەکانی کۆمەڵگا لێک گرێ بداتەوە. لە دۆخی ئەمێستاکە و داهاتوودا، تەنیا یەکڕێزیی هێزە نەتەوەیی ـ سێکۆلارەکان و دەرباز بوون لە قەیرانی ئێستاکەی سیاسەت لەناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەتوانی مەترسیی ئەم ئایدۆلۆژییە کەم بکاتەوە.
پەراوێز
[1]. God sovereignty
[2]. return of the sacred
. Bunzel, Cole. Frome Paper State to Cliphate: The ideology of the Islamic State. Analysis Paper, Center for Middle East Policy at Brookings, Brookings, 2015, 48.
. Efraim Inbar, Hillel Frisch and, ed. Radical Islam and International Security:Challenges and responses. New York: Routledge, 2008.
. Mozaffari, Mehdi. «What is Islamism? History and Definition of a Concept.» Totalitarian Movements and Political Religions (Taylor & Francis) 8, no. 1 (2007): 17-33.
. Roy, Olivive. The Failure of Political Islam. Translated by Carol Volk. Massachusetts: Harvard University Press, 1994.


