ئارامتر بخوێنەوە!
لە هەڵوەشانەوەی سەروەریی سیاسیی ئێرانەوە بەرەو دەوڵەتی کوردی
سەرهەڵدانی پڕاتیکی سیاسی و دیسکۆرسی نەتەوەییی سەربەخۆ
لە نێوان کوردانی ڕۆژهەڵات لە دیاسپۆرا
خالید خەیاتی*
“هەتا ئێستا کۆڕی ئاکادیمیکی، ڕاستەوخۆ لە سەر پێگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووری هەر یەک لە کوردانی بەشە جیاوازەکانی کوردستان لە دیاسپۆڕا و هەروەها بەرجەستەکردنەوەی کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەوان لە سەر ئاجێندای سیاسیی تایبەت بە هەر پارچە، لێکۆڵینەوەیەکی ئەوتۆی نەکردووە. هەر بۆیەش لە چوارچیوەی ئەم زەروورەتە و بە پێی ئامانجی ئاماژە پێ کراو لە سەرەوە، ئەم نووسراوەیە هەوڵ دەدات، بە ئاوڕدانەیەک لە دیاسپۆڕای کوردانی ڕۆژهەڵات ـ هەرچەند سنوورداریش بێت ـ، نە تەنیا ئاستەنگییەکانی پەیوەندیدار بەم دیاسپۆڕایە بە شێویەکی گشتی بخاتە بەر باس بەڵکوو لە ڕوانگەیەکی تایبەتیترەوە لە سەر دەسکەوتەکانی ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی هەمان دیاسپۆڕا ڕاوەستە بکات“
پێشەکی و ئامانج
دیاسپۆڕای کورد لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، کە سەرەتای پرۆسەی شکڵگرتنی دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی پەنجا و شەستی زایینی، یانی ئەو کاتەی کە ژمارەیەک ڕووناکبیر و خوێندکاری کورد، یەکەم ڕێکخراوەی خوێندکاریی خۆیان لە ئاستی ئۆڕووپا پێکهێنا، ئەمڕۆ بە هۆکاری گەشەی دیمۆگرافیک و بەرزبوونەوەی نفووسی کورد و هەروەها ئەم دەستکەوتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتوورییانەی کە ئەم دیاسپۆرایە لە فەزا گشتییەکاندا دەستەبەری دەکات، نە تەنیا بۆتە کەیسێکی پاڕادیگماتیک بۆ لێکۆڵێنەوەی ئاکادێمیک بەڵکوو گەلێک جاران وەکوو ئەزموونێکی پۆزیتفی خۆگونجاندن باسی لێ دەکرێت. بە واتەیەکی دیکە، دیاسپۆڕای کورد و تایبەتمەندییە جیاوازەکانی کە ئەمڕۆکە وەکوو دیاردەیەکی گلۆبال هەزاران چالاکی و پڕاتیکی ترانسناسیۆناڵ و سنووربەزێن، لە دەیان میتڕۆپۆل و سەدان باژاری بچووک و مامناوەندیی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە خۆی دەگرێ، لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ئەدەبیاتی ئاکادیمیکدا ڕەنگدانەوەی بەرچاوی هەبووە.
ئەم نووسراوەیە سێ ئامانج لە خۆی دەگرێت: یەکەم ئامانج ئەوەیە کە لە ژێر تیشکی ئەم پێناسە گشتییەی کە کۆمەڵناسی ئەمریکایی (Roger Brubaker 2005) لە خوارەوە بۆ چەمکی دیاسپۆڕا پیشکەشی دەکات، ئاوڕێک لەو ئەدەبیاتە ئاکادیمیکە(لانی کەم لە بەشێکی) بدرێتەوە کە لە سەر دیاسپۆرای کورد وەکوو کەیسێکی پاڕادیگماتیک نووسراوە. لە لایەکی دیکەوە، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەم لێکۆڵینەوەیە هەرچەند لە زۆر ڕوانگەوە لە سەر دیاسپۆڕای کورد ڕاوەستە دەکا، بەڵام تا ڕادەیەکی کەمتر ڕۆڵ یان کارتێکەریی پارچە جیاوازەکانی کوردستان و بە تایبەت پارتە سیاسییەکانی سەر بە هەر یەک لەم پارچانە لە پەیوەندی لەگەڵ بۆ نموونە پڕۆسەی دیاسپۆڕاسازی و مۆبیلیزاسیۆنی دیاسپۆرایی دەخاتە بەر باس. هەر بۆیەش ئامانجی دووهەمی ئەم نووسراوەیە ئەوەیە کە بزانین کە لە بەستێنی گوتاری نەتەوەیی و هەروەها پڕاتیکی ناسیۆنالیسمی دوورمەودا (Anderson 1992) – کە لە کۆنتێکستی دیاسپۆڕادا بەدردەوام بەرهەم دێتەوە – کوردی ڕۆژهەڵات چ پێگەیەکیان هەیە و لە کوێ ڕاوەستاون. پرسیار ئەوەیە گەلۆ وەپێشخستنی پرسی سیاسیی پاڕچەکانی دیکەی کوردستان وەکوو ئاجێندای سەرەکیی دیاسپۆرای کورد، واتەی ئەوە دەگەیەنێ کە پرسی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێگەیەکی ماڕژیناڵ و پەڕاویزخڕاوی هەبووە؟ لە چوارچێوەی سێهەم ئامانجدا، ئەم دەقە دەخوازێت کە لە ژێر تیشکی خاڵی یەکەم و دووهەم باسێک لە سەر پێگەی ئێستای کوردانی ڕۆژهەڵات لە کۆنتێکستی دیاسپۆڕادا پێشکێش بکات. گەلۆ دەتوانین بڵێین کە کوردی ڕۆژهەڵات لە حالەتی ئێستای خۆیدا ئاجێندای پارچەکانی دیکەی تیپەڕاندووە و بەم پێیەش توانیویەتی سەرەتایەک لە پڕاتیکی دیاسپۆرایی و گوتاری هۆویەتی تایبەت بە خۆی دەستەبەر بکات؟
هەر وەک لە پێناسەی خوارەوەدا باس دەکرێت، دیاسپۆڕا هەم وەکوو چەمکێکی ئاکادیمیک، هەم وەکوو پێگەیەک بۆ وشیاری، هەم وەکوو پڕۆسەیەک بۆ ناسنامەسازی و هەم وەکوو ئەزموونێک لە پڕاتیکی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، تەنیا پەیوەندیی بە وڵاتی پێشووی خەڵکی کۆچبەر و پەنابەرەوە نییە، بەڵکوو بە هەمان ئەندازە و بگرە زیاتریش ئەم دیاردەیە پەیوەندیی بە خۆگونجاندن و تێکەڵبوونی هەمان خەڵک لەگەڵ کۆمەڵگە و مۆئەسەساتی شوێنی تازەی نیشتەجێبوونیانەوە هەیە کە ئەویش لە وردەکارییەکانی خۆیدا کۆمەڵێک بابەتی وەکوو هەلی کار، هەلی خوێندن، دیاردەی ڕاسیسیم و هەڵاواردن، پرسی تاقمی کۆمەڵایەتی وەکوو ژنان، لاوان، منداڵان و هەروەها کۆمەڵێک شتی دیکە لەخۆی دەگرێت. سەرەڕای ئەوەی کە پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤی کۆچبەر ڕاستەوخۆ لە سەر سیاسەتی وڵاتی پێشوو کارتێکەریی هەیە و ئەمە بابەتێکی زۆر گرینگە، بەڵام ئەم نووسراوەیە تەنیا لە سەر پڕاتیکی سیاسی و گوتاری هۆویەتی کوردانی ڕۆژهەڵات و پەیوەندیی ئەم پراتیکە/گوتارە لەگەڵ پێگەی پرسی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سیاسەت لە ڕۆژهەڵات لە کۆنتێکستی دیاسپۆڕادا ڕاوەستە دەکات.
دیاسپۆڕا وەکوو چەمک و تیئۆری
ئەگەر تۆێژەرانی بواری دیاسپۆڕا سەردەمانێک ئەزموونی دیاسپۆڕای جوولەکەیان (Safran 1991; Clifford 1994) وەکوو کەیسی نموونە (Paradigmatic case) و ئەزموونی ئەرمەنییەکانیان (Cohen 1995; Hovanessian 1995) وەکوو نموونەی دیاسپۆڕای قوربانی (Victim Diaspora) پێناسە دەکرد، ئەمڕۆ بە گوێرەی کۆمەڵناسی ئەمریکایی (Roger Brubaker 2005: 5) کێڵگەی سێمانتیکی دیاسپۆڕا، بەرفراوانتر لە هەمیشە دەیان دەستە و گرووپی کۆمەڵایەتی و ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵگای نەتەوایەتی و کولتووریی دوورکەتوو لە وڵاتانی پێشووی خۆیان، لەخۆی دەگرێ. پێناسەی تیئۆریکی دیاسپۆڕا بە گوێرەی ئەم کۆمەڵناسە بریتییە لە:
بڵاوبوونەوە لە فەزای جوگرافیایی (Dispersal): ئەو دیاردەیە کە هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندیی فرەڕەهەندە و بواری جۆبەجۆری مێژویی، سیاسی و کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە، ئاماژە بە خەڵکانێک دەکا کە بە هۆی ئەو نادادپەروەری و ستەمانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەدا ئەزموونی دەکەن، بە ناچاری ڕیگای کۆچ دەگرنە بەر. ئەوەش لە کاتێکدایە کە مەترسییەکانی ڕێگای سەفەر لە سەر سنووری وڵاتان و هەروەها ئازارەکانی دوای قۆناغی نیشتەجێبوون لە وڵاتانی تازە، نە تەنیا برینی کۆنی (Trauma) مرۆڤی کۆچبەر ساڕێژ ناکەنەوە بەڵکوو لەمەش زیاتر تووشی چەشنێکی دیکەی لە هەستی بێگانە بوون (Alienation) دەکەن کە لە پەیوەندی لەگەڵ پرۆژەی خۆگونجاندن و پرۆسەی دەستەبەرکردنی ناسنامە لە لای هەمان مرۆڤ، کارتێکەریی درێژخایەن و یەکلاییکەرەوەی دەبێت (Safran 1991). بە هەر حاڵ، بە پێی ئەم بۆچوونە، ئەم تاقم و دەستە لە پەنابەر و کۆچبەرانەی کە بە دوای بڵاوبوونەوە، دەتوانن بە شێوازێک لە بەرامبەر پڕۆژەی ئاسیمیلاسیۆن یان تواندنەوەی کولتووریی وڵاتانی نیشتەجێبوون خۆڕاگری بکەن، ڕوو لە ئاراستەی دروست کردن و سازکردنی کۆمەڵگەی دیاسپۆرایی دەکەن کە ئەویش بە پێی کۆنتێکستی مەکانی و زەمانی فۆرم و ناوەرۆکی جۆراوجۆر بە خۆیەوە دەگرێ.
ئاوڕدانەوە لە وڵاتی پێشوو (Homeland Orientation): لێرەدا کۆمەڵگای دیاسپۆڕایی کە لە ناخی کونتێکستی کولتووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتی نیشتەجێبووندا فۆڕمی مۆئەسەساتی تایبەتی بە خۆی ساز کردووە ، نە تەنیا تووشی دابڕان لەگەڵ زێدی جارانی نابێ، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، چ بە ڕێگای خەیاڵ، چیرۆک و گێڕانەوە و چ بە ڕێگای پراتیکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری ترانسناسیۆناڵ بێ، پەیوەندی لەگەڵ وڵاتی پێشووی خۆی ڕادەگرێت و لە چوارچێوەی مۆئەسەسات و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا نەهادینەی دەکات. بە گوێرەی کۆمەڵناسی ئەمریکایی (Roger Brubaker 2005: 5)، ئاوڕدانەوە لە وڵاتی پێشوو (چ بە شێوەی خەیاڵی بێت یان واقیعی) وەکوو سەرچاوەیەکی گرینگ بۆ دەستەربەرکردنی هەستی پێکەوەبوون و ناسنامەی کۆلێکتیڤ خۆی بەرجەستە دەکاتەوە. لەم پەیوەندییەدا، دیاردەی ناسیۆنالیسمی دوورمەودا (Long-distance Nationalism) کە ئاماژە بە هەبوونی چالاکیی سیاسی لە نێوان تاقمی دیاسپۆڕایی – بە تایبەت تاقمی دیاسپۆڕای بێ دەوڵەت- لە پێناو پەرەپێدان و گەشەپێدانی سیاسەت یان بە واتەیەکی دیکە وەسەرخستنی پرۆژەی دەوڵەتسازی لە وڵاتی پێشوو دەکات (Anderson 1992) یەک لەم پڕاتیکە گرینگانەیە کە لە فەزا گشتییەکانی وڵاتی تازەدا بەردەوام دەردەکەوێ و بەرهەم دێتەوە.
پاراستنی ناسنامە (Identity Maintenance): کۆمەڵگای دیاسپۆڕایی بە لەبەرچاوگرتنی کاراکتەری فرەچەشن و فرەڕەهەند و گەلێک جار قەیراناوی و ناکۆک کە بە هۆی جیاوازیی نێوخۆیی لە ئاستی فاکتەرەکانی وەکوو نەتەوە، چین، ڕەگەز، جێندێر، تەمەن، پێگەی کۆمەڵایەتی، مێژووی کۆچ و تایبەتمەندیی وڵاتی نیشتەجێبوون لە خۆی دەنوێنێ، دیسانیش هەڵگری ناسنامەیەکی تایبەتە. مەبەست لێرەدا شکڵگرتنی ناسنامەیەکی تایبەتی دیاسپۆڕایییە کە نە تەنیا لەگەڵ ناسنامەی زۆرینەی کولتووری لە وڵاتی تازە جیاوازیی هەیە، بەڵکوو لە بەرامبەر ناسنامەی وڵاتی پێشووشدا هەڵگری کاراکتەری جیاکەرەوەی بەهێزە (Roger Brubaker 2005: 6). لە ڕۆانگەی تێئۆریی پۆست-کۆڵۆنیالەوە، کۆچبەران و پەنابەرانی بە دیاسپۆڕاکراو لە هەیبەتی سووژەیەکی بەرهەمهێنەر پرسە مێژوویی و سیاسییەکانی وڵاتە کۆڵۆنیزەکراوەکانی پێشووی خۆیان ڕاگوێزی فەزا گشتییەکانی وڵاتانی ڕؤژئاوایی دەکەن کە لەوێ وەکوو سەرچاوەیەکی هۆویەتی هەم لە بەرامبەر سیاسەتی تواندنەوە یان ئاسیمیلاسیۆنی زۆرینەی کولتووری و هەم لە ڕەوتی خۆگونجاندنی کۆمەڵایەتی و ململانێ لەگەڵ خەڵکانی سەر بە زۆرینە، لەسەر گەیشتن بە جومگە گرینگەکانی دەستەڵاتداری لە ناخی مۆئەسەساتی وڵاتی تازەدا کەڵکی لێ وەرگرن (Khayati & Dahlstedt 2015).
دیاسپۆرای کورد وەکوو کەیسێکی پارادیگماتیک
لە چوارچێوەی پێناسەی سەرەوە، کۆمەڵناسی ئەمریکایی (Roger Brubaker 2005) کێڵگەی سێمانتیکی تیئۆری و لێکۆڵێنەوەی مەیدانی بە ڕووی دیاسپۆڕای کورد دەکاتەوە و بەم پێیەش ئەم کەیسە بە سەرجەم ڕەهەندەکانییەوە دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت کە پەیامی سەرهەڵدانی خۆی لە نێو ئەدەبیاتی ئاکادیمیکدا ڕابگەیەنێ. لەم پەیوەندییەدا، ژمارەیەکی بەرچاو مەقالەی زانستی و تیزی دوکتوڕا کە بە دەستی کەسایەتیی ئاکادیمیکی کوردی و غەیرەکوردی نووسراون، نیشاندەری هەبوونی پێگەیەکی بە هێزە کە کەیسی دیاسپۆڕای کورد بۆ خۆی دەستەبەر کردووە.
بە پێی بەشێک لەم بەرهەمانە، ناسنامەی گشتیی دیاسپۆڕای کورد، لە پرۆسەی سازبوونی خۆیدا، وێکچوویییەکی بەرچاوی لەگەڵ دیاسپۆڕای ئەرمەنی و جوو هەیە، چونکە لە پەیوەندی لەگەڵ دیاسپۆڕای کوردیشدا ئەوە هەستی کۆلێکتیڤی قوربانی بوونە (Collective Victimhood) کە دەوری سەرەکی دەگێڕێ. ئەگەر لە لای جووەکان دیاردەی هۆڵاوکۆست و لە لای ئەرمەنییەکان کۆمەڵکۆژیی ئەوان بە دەستی تورکەکان لە نێوان ساڵەکانی ١٩١٤ و ١٩١٥ دەبنە بنەما بۆ ناسنامەی دیاسپۆڕایی، لە لای کوردانیش ئەوە تڕاژێدیگەلی وەکوو ئەنفال، بۆمبارانی کیمیایی، تواندنەوەی کولتووری، کۆمەڵکوژی لە شار و گوند و سەر سنوورەکان، کولتوورکوژی (Ethnocide)، زمانکوژی (Linguicide)، و هتدە کە لە پیش قۆناغی کۆچ لە وڵاتانی ئێران، تورکیا، سووریا و عێڕاق ئەزموونیان کردووە؛ ئەزموونێک کە ئێستا لە قۆناغی نیشتەجێبوون دەبنە ناوئاخنی هەستی کۆلێکتیڤی قوربانی بوون و لە پرۆسەی سازبوونی هۆویەتی دیاسپۆڕاییدا بە فۆڕم و ناوەرۆکی تایبەت جیاوازەوە بەردەوام بەرهەم دێنەوە (Khayati 2008).
لە چەند نموونەیەیەکی دیکە لەم ئەدەبیاتەدا، دیاسپۆڕای کورد وەکوو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەرهەمهێنەر لە فەزایەکی کۆمەڵایەتیی ترانسناسیۆناڵ پێناسە دەکرێت کە لەوێدا دەستە و تاقمی جیاوازی کورد – بە تایبەت ژنانی کوردی بە دیاسپۆڕاکراو- بە ڕیگای ڕێکخراوە مەدەنییەکانیانەوە وەکوو کاراکتەری کارتێکەر و بەرهەمهێنەری پڕۆژەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەردەکەون (Alinia 2004). لە سەر هەمان ڕێچکەش، ژمارەیەکی دیکە لە سەرچاوەی ئاکادیمیک هەن کە بۆ نموونە لە ڕوانگەگەلی وەکوو پەیوەندیی نێوان جێندێر، نەتەوە و دیاسپۆڕا (Mojab 2007)، پەیوەندیی نێوان مێدیا و دیاسپۆڕا (Hassanpour 1998; Ayata 2011)، پەیوەندیی نێوان ناسنامە، زمان و مێدیا (Sheyholislami 2010)، ناسنامەی دیاسپۆڕایی و ترانسناسیۆنالیسم (Wahlbeck 1999; Van Bruinessen 1999)، دیاردەی ناسنامەی لە دەقی ئەدەبیدا (Ahmadzadeh 2003)، ڕۆلی نەوەی سیاسی لە فۆڕمی دیاسپۆڕاییدا (Zettervall 2013)، کاراکتەری هۆویەتی نەوەی گەنج لە دیاسپۆڕا (Eliassi 2010; Alinia & Eliassi 2014)، توندوتیژیی نامووسی و دیاسپۆرا (Begikhani & Gill 2016)، ئاکتیڤیسم و دیاسپۆڕا (Eccarius-Kelly 2002; Beser 2011; Baser 2012)، دیاسپۆڕا و لۆبی (Berkowit& Mügge 2014)، دیاسپۆڕای بێ دەوڵەت (Eliassi 2016; Khayati 2008)، لە دیاسپۆرای قوربانی ڕا بۆ هاووڵاتیی سنووربەزێن (Khayati 2008; Khayati & Dahlstedt 2014) و هەروەها پەیوەندیی دیاسپۆڕا و مووزیک (Pripp 2019) پێناسەی دیاسپۆڕای کورد دەکەن. هەبوونی دینامیکی کۆمەڵایەتی لە لای گرووپی دیاسپۆڕایی کە هاوتەریب لەگەڵ کاراکتەرە ئەرێنییەکانی وڵاتی تازە دەبنە هۆی گەشەی زیاتری زمانەوانی و کولتووری، نموونەیەکی دیکە لەم لێکۆڵێنەوانەیە کە تایبەتمەندییەکانی دیاسپۆڕای کورد بەرجەستە دەکاتەوە. بۆ نموونە، وڵاتی سوئێد بە حوکمی تایبەتمەندییە ئەرێنییەکانی خۆی و هەروەها بە حوکمی ئەوەی میوانداری بەشی زیاتری ئەنتەلێنجێنسیای کوردی دەکا، بۆتە هۆکاری ئەوەی کە دیاسپۆرای کورد لەم وڵاتە بەراوەردکردنی لەگەڵ وڵاتانی دیکە، خاوەن پێگەیەکی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتیی بەهێزتر بێت (Eliassi 2010; Khayati 2008). لەم پەیوەندییەدا وڵاتی سوئێد لە لایان توێژەران، وەکوو لانکە بۆ دیاسپۆڕای کورد (Center of gravity for Kurdish Diaspora) پێناسە کراوە (Khayati & Dahlstedt 2016; Van Bruinessen 1999).
ئەم نموونانە کە ئاماژە بە بەشێک لە توێژینەوەی ئاکادیمیک لە سەر دیاسپۆڕای کورد و ڕەهەندە جیاوازیەکانی ئەم دیاسپۆرایە دەکەن؛ نیشاندەری ئەم ڕاستییەن کە دیاسپۆڕای کورد نە تەنیا لە ئاستی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووری بەڵکوو لە ئاستی سەمبۆلیک، سێمانتیک و مێتافۆریش وەکوو مەیدانێکی لێکۆڵینەوەی فرەڕەهەند میوانداری توێژەرانی خۆی دەکات. ئەم پڕۆسەیە لە گەشە و هەڵكشانی بەردەوامدایە.
شایانی باسە کە هەتا ئێستا کۆڕی ئاکادیمیکی، ڕاستەوخۆ لە سەر پێگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووری هەر یەک لە کوردانی بەشە جیاوازەکانی کوردستان لە دیاسپۆڕا و هەروەها بەرجەستەکردنەوەی کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەوان لە سەر ئاجێندای سیاسیی تایبەت بە هەر پارچە، لێکۆڵینەوەیەکی ئەوتۆی نەکردووە. هەر بۆیەش لە چوارچیوەی ئەم زەروورەتە و بە پێی ئامانجی ئاماژە پێ کراو لە سەرەوە، ئەم نووسراوەیە هەوڵ دەدات، بە ئاوڕدانەیەک لە دیاسپۆڕای کوردانی ڕۆژهەڵات ـ هەرچەند سنوورداریش
بێت ـ، نە تەنیا ئاستەنگییەکانی پەیوەندیدار بەم دیاسپۆڕایە بە شێویەکی گشتی بخاتە بەر باس بەڵکوو لە ڕوانگەیەکی تایبەتیترەوە لە سەر دەسکەوتەکانی ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی هەمان دیاسپۆڕا ڕاوەستە بکات.
گرفتە گشتییەکانی کـــــــــوردە ڕۆژهەڵاتییەکان لە دیاسپۆڕا
ـ سەرگەردانی لە نێوان دووفاقەیی وڵات و دیاسپۆرا
هەبوونی پەیوەندی نێوان پڕۆسەی سازبوونی دیاسپۆڕا و دەستەبەربوونی ناسنامەی دیاسپۆڕایی لە وڵاتی نوێ لەگەڵ وڵاتی پیشووی مروڤی دیاسپۆرانشین (چ لە ئاستی پڕاتیکی ڕۆژانە و چ لە ئاستی هەست و گێڕانەوە)، بە گوێرەی کۆمەڵناسی ئەمریکایی ((Roger Brubaker 2005، پێشمەرجێکی سەرەکییە. بە واتەیەکی دیکە، هەبوونی دیاسپۆڕا بە هەبوونی وڵاتی پێشووەوە بەستراوەتەوە. هەر بۆیەش مرۆڤی دیاسپۆڕایی بەرامبەر بە پرسەکانی پەیوەندار بە زێدی خۆی هەستیارە و بەردەوام لە حەولدایە کە وڵاتی پیشوو لە سەر ئەم ڕێچکەیە بڕوات کە ئەو پێی باشە و ئاواتی بۆ دەخوازێ. لەم تێکۆشانەدا، زۆر جاریش مرۆڤی دوورکەوتە لە پێناو پاراستن و بە هێزکردنی ناسنامەی دیاسپۆڕاییی خۆی و بە تایبەت لە حەولی ڕاگوازتنی بیرەوەرییەکانی وڵاتی پێشوو بۆ منداڵان و نەسلی گەنج، بە سەر ڕاستییە تاڵەکاندا تێدەپەرێ و بە جێگای ئەو وێنەیەکی ئیدیئالیستی و ڕۆمانتیکی لە نیشتیمانی جاران (Safran 1991) ـ نیشتیمانێک کە هەر ئێستاش نیشتیمانترە لە نیشتیمانی تازە ـ بەرجەستە دەکاتەوە. بۆ مرۆڤی دیاسپۆڕایی هەر وەک پڕۆفیسۆری ئەم بابەتە لە زانکۆی لەیستێری بریتانیایی (Avtar Brah 1996) ئاماژەی پێ دەکات، وڵاتی پێشوو، تەنیا ئادرێسێکی تەریتۆڕیال و جۆگڕافیایی نییە، بەڵکوو سەرچاوەیەکی ئیجباری و حاشاهەڵنگرە بۆ ناسنامە و وابەستەبوون بە چەشنێکی تایبەت لە جێگا و مەکان، کە لە فەزاکانی نێوان وڵاتی پێشوو و وڵاتی ئیستایی و هەروەها چەندین وڵات و ناوچەی دیکەدا خۆی دەنوێنێ. ئەم موعادیلە دیالیکتیکییە کە خۆی لە خۆیدا مەودای ناکۆکی و جیاوازیی نێوان واقعییەتی وڵاتی پیشوو و کۆمەڵگەی دیاسپۆڕا دەستنیشان دەکا، دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە مرۆڤی دوورەوڵات بە بەردەوامی لە نێوان واقیع و خەیاڵ و هەستی ئەرێنی و نەرێنی لە لە هاتووچۆدا بێت. ئەم پێناسە تیئوریکییە، ئەزموونی کوردە ڕۆژهەڵاتییەکانی دیاسپۆڕاش دەگرێتەوە.
کوردستان، پێشکەوتنی یان بەردەوام بوونی خەباتی نەتەوایەتی لەوێ، بزوێنی سەرەکییە بۆ ئەوەی کە کوردانی دیاسپۆڕا تۆڕی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوی ترانسناسیۆنال دروست بکەن هەتا بە ڕێگای ئەوان فەزا گشتییەکانی وڵاتانی ئێستا لە پێناو پڕاتیکی ناسیۆنالیسمی دوورمەودا پاوان بکەن. بەم پێیەش لە دیسکۆرسی دیاسپۆڕادا، وڵات وەکوو چەمکێکی بریندار و داگیرکراو پێناسە دەکرێت، کە ڕزگاریی ئەو، تەنیا بە ڕێگای بەشداریی هەموو کورد لە شۆڕشێکی ئاشتیهەڵنەگر و تەواووەختدا دەستەبەر دەکرێت. هەر بۆیەش لەو کاتانەی کە خەبات لە کوردستان گەرمە، مەودای ناکۆکیی نێوان ئێرە و ئەوێ کەم دەبێتەوە و دیاسپۆڕاش بە ورەتر لە هەمیشە لە فەزای مەجازی و واقیعیی وڵاتی تازەیدا دەردەکەوێ. بۆ نموونە، ئەو کاتەی کە سەرکردەیەکی کورد دەبێتە سەرۆکی وڵاتێک، یان پارچەیەکی کوردستان ڕێفڕاندۆمی سەربەخۆیی ڕادەگەیەنێ، یان کوردانی پارچەیەک لە بەرامبەر دوژمنێکی داگیرکار بەرگریی قارەمانانە دەکەن، یان خەڵکی بەشێکی دیکەی کوردستان بە کۆ لە مانگرتنی سەرانسەریدا بەشداری دەکەن، هەموو ئەوانە نە تەنیا وزەی تایبەت، بە ژیانی خەڵکی دیاسپۆرایی دەبەخشێت، بەڵکوو تەنانەت جاروبار مزگێنیی گەڕانەوەیەکی سەربەرزانەشی پێ دەبەخشێت؛ گەڕانەوەیەک کە لەوانەیە هیچکات وەدی نەیە بەلام بەردەوام باسی دەکرێت. پێچەوانەکەشی یانی ئەو کاتانەی کە وڵات بێ دەنگ و سستە، سەرکردە و بەرپرسی حیزبەکان پێکەوە هەڵناکەن و دەبنە هۆکاری لێکترازان و ئینشیعاب یان پرسە نەتەوایەتییەکان بە جیدی وەرناگرن، دیاسپۆڕاش تووشی دڵساردی، دوورەپەریزی و تەنانەت دابڕانی کۆمەڵایەتی دەبێ. ڕەوتی لێکترازان لە نێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەلێک جاران لە نێو کوردانی هەمان پارچە، دابڕانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لێ کەوتۆتەوە؛ دابڕانێک کە بە هۆی نەبوونی دەستپێشخەریی حیزبی، تەنیا لە کاتی گەشەی خەبات لە وڵاتدا کەمڕەنگ دەبێتەوە.
ـ غیابی ئاجێندای سیاسیی ڕۆژهەڵات لە کۆنتێکستی دیاسپۆڕای کورد: بۆچی؟
بە درێژایی پڕۆسەی فۆڕم گرتنی دیاسپۆڕای کورد، پرسی بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ـ چ وەکوو چالاکیی لۆبیگەری و پەیوەندیی دیپلۆماتیک و چ وەکوو چالاکیی جەماوەری لە مەیدان و شەقامدا ـ جگە لە چەند بڕگەیەکی زەمەنیی کورتماوە، هیچ جارێک وەکوو ڕۆژەڤی سەرەکیی ئەم دیاسپۆرایە لە فەزا گشتییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەرنەکەوتۆوە. لە جیاتی ئەوە، کوردی ڕۆژهەڵات بە گشتی و ڕۆشنبیری ئەم پارچەیە بە تایبەتی لە ئاستی چالاکیی دیاسپۆرایی و ناسیۆنالیسمی دوورمەودادا، زیاتر لە چوارچێوەی پڕۆژەی پارچەکانی دیکەدا ڕۆڵیان گێڕاوە. ئەم نووسراوەیە پێی وایە کە غیابی پرسی ڕۆژهەڵات وەکوو سووژەیەکی دیاسپۆڕایی دەگەڕێتەوە سەر دوو هۆکاری جیاواز؛ دوو هۆکار کە لە هەمان کاتدا بە یەکەوە بەستراونەتەوە:
(یەکەم) دیسکۆرسی دیاسپۆڕاییی کورد کە بە شێوەیەکی گشتی لە ژێر کاریگەریی تێڕوانینی جەوهەرگەرایانەدایە، یانی ئەم ڕوانگەیەی کە کولتوور، نەتەوە و ناسنامە وەکوو دیاردەگەلی مێژوویی ڕاوەستاو و نەگۆڕ دەبینێ، لە بنەڕەتدا گرفت خوڵقێنە. ئەم تیگەیشتنە جەوهەرگەرایانەیە کە لەگەڵ میتۆدی پێکهاتەناسی کۆمەڵایەتی ناکۆکە (Khayati 2008)، لە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگای دیسپۆڕایی کوردیدا ـ لانی کەم لە ئاستی زێهنییەتدا – زۆر بە زەحمەت تایبەتمەندییە فرەڕەهەند، فرەگێڕانەوە، فرەمەکان، فرەفەزا و فەرەکولتورییەکانی (Werbner 2002)، ئەم دیاسپۆڕایە دەبینێ و دەسەلمێنی. هەر چەند واقیعی دیاسپۆرای کورد، لیپاولیپە لە دیاردەی مێژوویی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و سیاسیی فرەڕەهەند و جار و باریش ناکۆک لەگەڵ یەکتر، بەڵام دیسکۆرسی جەوهەرگەرایانە کە کوردبوون لە کونتێکستی دیاسپۆرادا وەکوو یەکەیەکی کولتووری/نەتەوەیی نەگۆڕ دەبێنێ (Khayati 2008)، زۆر جاران نە تەنیا چاوی خۆی لە بەرامبەر پڕاتیکی زەقی پارچەگەرایانەی پاوانخواز دەبەستێ، بەڵکوو ئەم چەشنە چالاکانییەش وەکوو چالاکیی «تەواوکوردستانی» بەرجەستە دەکاتەوە. لەم پەیوەندییەدا، دروشمی «کوردستان یەکە، کورد یەک نەتەوەیە، دوژمنی کورد هەموو هەر یەکن و کورد وەکوو یەک زوڵمی لێ کراوە»، وەکوو خاڵی جەوهەریی سەرەکیی ئەم گوتارە، بەردەوام خاوەن ئەم هیز و خەسڵەتە بۆوە کە چالاکیی بەسترواە بە تاکە پارچەیەک یان تەنانەت تاکە حیزبێک، وەکوو چالاکیی خەباتکارانی دیاسپۆڕا بۆ «تەواوی کوردستان» پێناسە بکات و لە ناخی کوردی دیاسپۆرادا جێگیری بکات. لەم فەزا دیسکۆرسییە جەوهەرگەرایانەیەدا، کە دەنگی جیاواز زۆر جار وەکوو نیشانەی پارچەگەرایی و بگرە دژە کوردستانی پێناسە کراوە، پرۆژەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ـ سەرڕای وەزبەخشییەکی زیاتر لە لایان ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی، لەوپەڕی خۆیدا تەنیا وەکوو سووژەیەکی ماڕژیناڵ لە پەڕاوێزی گوتاری دیاسپۆڕاییدا بمێنێتەوە.
(دووهەم) هۆکاری دووهەم تا ڕادەیەکی بەرچاو بۆ سەر لاوازیی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە. نەناسینی دیاسپۆرا و دەرفەتەکانی و نەبوونی پڕۆژەگەلی تایبەت لەم پەیوەندییەدا، مەجال بە پارتە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان دەدات کە لە پوتانسییەڵەکانی دیاسپۆڕا لە ژێر سەردێڕی «دۆزی نەتەوەیی» بە باشی کەڵک وەرگرن و لەم ئاراستەیەشدا، مۆئەسەسات و تۆڕی کۆمەڵایەتی و کولتووریی کاریگەر بخوڵقێنن. چالاکییەکانی دیاسپۆرایی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سی ساڵی ڕابردوودا و وەگەڕخستنی دەزگای گەورەی ڕاگەیاندن وەکوو مێدیا تی ڤی، دروست کردنی کۆنگرەی نەتەوەیی، ئەنیستیتۆی کوردی و دەیان و سەدان ڕێکخڕاو و تۆڕی چالاکی بۆ ژن و گەنج و لاو لە مێتڕۆپۆلە ئۆڕوپاییەکان، نموونەی بەرچاوی کەڵک وەرگرتن لە پۆتانسییەڵەکانی دیاسپۆرای کوردن، کە لە ئاکامدا مۆبیلیزەبوونی بەشێکی گرینگی دیاسپۆرا ـ لە نیۆ ئەوانیشدا ڕۆشنبیران و کەسایەتییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات ـ لە بەرژەوەندیی ئەو ئاجێندا سیاسییەی لێ دەکەوێتەوە کە ئەم پارتە دەستنیشانی دەکات. لە لایەکی دیکەشەوە، بە حوکمی ئەوەی کە هەم لە باشووری کوردستان و هەم لە ڕۆژئاوای کوردستان چەشنێک لە سەروەری یان مودێلگەلێک لە حاکمییەتی سیاسیی کورد لە ئارادایە، ئەم دوو پارچەیەش بە پێی تایمینگ و کۆنژۆنکتووری سیاسیی هەر لایەک، لە ئاجێندای چالاکیی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەردەوام لە پلەی سەرەوەدا بوون. لەم پەیوەندییەدا دەکرێ ئاماژە بە ڕیفڕاۆندمی ساڵی ٢٠١٧ لە باشوور لە لایەک و بەرخۆدانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر ئەڕتەشی تورک لە لایەکی دیکەوە بگرێت کە لە هەر دوو حاڵەتدا گەورەترین مۆبیلیزاسیۆنی دیاسپۆڕاییی، لە نێو کوردەکانی ڕۆژهەڵات لێ کەوتەوە. ئەوە لە حاڵێک دایە، کە نە ئەم دیاردە سروشتییانەی کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەردوام کارەساتیان بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات خوڵقاندۆوە، نە ئەو هێرشە تیرۆریستییانەی کە دەوڵەتی ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ بە ڕێگای مووشەکی دوورهاوێژ بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دیمۆکڕات ئەنجامی دا، هیچکامیان وەکوو نموونە نەبوونە ڕۆژەڤێکی هاوبەش و گشتگیر بۆ هەموو دیاسپۆڕا، بەڵکوو لە باشترین حاڵەتی خۆیاندا وەکوو سووژەیەکی ڕۆژهەڵاتی ماونەتەوە. بە هەرحال، ئاجێندای تەک پارچەیی یان بە ڕێژەیەکی خوارتر تەک حیزبی کە بە درێژایی نیزیک سێ دەیە لە ناخی گوتاری «دۆزی نەتەوەیی» لە کۆنتێکستی دیاسپۆرای کورددا جێگیر ببوو، لەم ساڵانەی دواییدا بە ڕێگای چەند هۆکارەوە چڕژ و کەلێنی بەرچاوی تێکەوتووە؛ چڕژ و کەلێنێک کە لە واقیعی خۆی سەرهەڵدانی شێوازێک لە پڕاتیک و وشیاریی دیاسپۆرایی و بگرە گوتاری ناسنامەییی سەربەخۆی لە نێو کوردانی ڕۆژهەڵاتدا لێ کەوتۆتەوە. ڕوویەکی دیکەی ئەم دەرفەتە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باسی لێوە دەکرێت ئەوەیە کە «لەمەودوا پێویستە کوردانی ڕۆژهەڵات پوتانسییەڵە سیاسی، هزری و ئابووریی دیاسپۆڕاییەکانی خۆیان لە پێناو بەهێزکردنی بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کار بهێنن». ئەم دیاردەیە لە ڕەوتی فۆڕمگرتندایە.
دەرفەت و پوتانسییەڵی کوردانی ڕۆژهەڵات لە دیاسپۆرا
ـ هەڵوەشانەوەی سەروەریی سیاسیی ئێرانی لە کونتێکستی دیاسپۆرادا
بڵاوبوونەوە و جێگیر بوونی نەسڵی سیاسیی کوردانی ڕۆژهەڵات لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی، هەر لە سەرەتاوە بە شێوازی دۆفاکتۆ (De dacto) هەڵوەشانەوەی سەروەریی سیاسیی ئێرانی (Iranian Sovereignty) لە کۆنتێکستی دیاسپۆرادا لەگەڵ خۆی هێنا. ئەویش بەم واتەیە، کە کوردی ڕۆژهەڵات (لانی کەم ئەم بەشەی کە هەڵگری دیسکۆرسی نەتەوەیی بوو) هەر بە دوای نیشتەجێ بووندا، لە ئاستی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی، خۆی لە هاووڵاتیانی ئێرانی دوور خستۆتەوە و نە تەنیا لە پڕۆژەگەلی وەکوو دروستکردنی ڕێکخراوی سیاسی و کۆڕ و ئەنجومەنی ئەدەبی و کولتووریی هاوبەش لە ژێر ناوی «ئێران»دا بەشداری نەکردووە، بەڵکوو تەنانەت لە ئاست پەیوەندیی کۆمەڵایەتیشەوە خۆی لە خەڵکی فارس زمان دابڕیوە. لە ڕوانگەی تیئۆریکەوە، ئەم دابڕانە، نیشاندەری ڕەفتارێکە کە بە گوێری بۆچوونی گابرییەل شێفێر، توێژەری ئیسڕائیلی لە زانکۆی عیبڕیی ئوورشەلیم، تایبەتە بەم کۆچبەر و پەنابەرانەی کە پێکهێنەری دیاسپۆرای بێ دەوڵەتن. لەم بوارەدا، نووسەر پێی وایە کە خەڵکانی سەر بە دیاسپۆرای بێ دەوڵەت، مەشرووعییەتی ڕەفتاری سیاسیی خۆیان و دروستکردنی تۆڕ و ڕیکخراوەی ترانسناسیۆناڵ لە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتی پێشوویان بەو بنەمایەوە دەبەستنەوە کە بەڵێ ئەوان «داکۆکی لە دۆزی نەتەوەیەکی ستەملێکراو دەکەن» هەر بۆیەش پێویستە ستڕاتێژیی دیاسپۆڕاییی خۆیان لە کۆتاییدا لە سەر جیابوونەوە، یان بە واتەیەکی دیکە لە سەر دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە سەر «ئەم نیشتیمانە مێژوویییە بێت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئی خۆیان بووە». لە حاڵیکدا کە دروست کردنی تۆڕ و ڕێکخراوەی ترانسناسیۆنال لە لایان خەڵکانی سەر بە دیاسپۆرای دەوڵەت-میحوەرەوە، پتەوکردنی پەیوەندییە ڕەسمییەکانی نێوان وڵاتی تازە و دەوڵەتی پیشوو دەکاتە پێکهێنەری ستراتێژیی دیاسپۆڕاییی (Sheffer 2002: 24-25) خۆی. پرۆسەی دابڕانی کوردی ڕۆژهەڵات لە ناسنامەی ئێرانی لەم ساڵانەی دوایی کەوتۆتە قۆناغێکی جیاوازترەوە، ئەویش بەم مانایە کە وشیاریی دیاسپۆرایی، ئێستا لە لای ئەوان بۆتە هۆی سەرهەڵدانی شێوازێکی تایبەت لە پڕاتیکی دیاسپۆڕایی، کە نە تەنیا تا ڕادەیەکی بەرچاو خۆی لە پاوانی حیزبەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕزگار کردووە، بەڵکوو زۆر جاریش لە ئاست چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش چیدیکە ئیلتیزامە نەریتییەکانی حیزبی بوون ڕەچاو ناکات. هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم پڕاتیکە دیاسپۆڕاییە – کە کەسایەتی و تاکی حیزبی و غەیرە حیزبی دەگرێتەوە – جێگای سرنجن.
ـ سەرهەڵدانی ئاجێندای ڕۆژهەڵات لە کۆنتێکستی دیاسپۆرادا
لە سێ/چوار ساڵی ڕابردوودا، کوردی ڕۆژهەڵات لە وڵاتانی جۆربەجۆری ڕۆژئاوایی و هەروەها لە پلاتفۆرمی جیاوازی سۆسیالمێدیادا هۆگربوونێکی تایبەت بۆ دروست کردنی ڕێکخراوی مەدەنیی ترانسناسیۆناڵ بە مەبەستی وەگەڕخستنی چالاکیی هزری، مرۆیی، کولتووری، سیاسی، جێندێری و یەکسانیخوازی و کۆمەڵایەتی لە خۆی نیشان داوە. دروست کردنی ئەم ڕێکخراوە مەدەنییانە و هەروەها سەرهەڵدانی ژمارەیەک بزووتنەوەی جەماوەری کە بە گشتی ڕووی چالاکییان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، دەکرێت بە ڕێگای سێ هۆکاری بە یەک بەستراوەوە ڕوون بکرێتەوە:
(یەکەم) هۆکار دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە «لۆژیکی قەناعەت پێهێنانی» حیزبەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان (بە تایبەت پ ک ک و تا ڕادەیەک پارتی دیمۆکراتی کوردستان)، کە هەتاکوو ئەم دواییانە بزوێنی سەرەکیی مۆبیلیزایسیۆنی سیاسیی کوردانی ڕۆژهەڵات بوون، وەکوو جاران بڕ ناکات. ئەوەی کە «نە پ ک ک و نە پارتی هیچ ستڕاتێژییەکی ڕوونیان بۆ خۆرهەڵاتی کوردستان نییە»، نە تەنیا بۆتە فاکتەرێکی جێگیر لە ئاست وشیاریی دیاسپۆرایی کوردانی ڕۆژهەڵات، بەڵکوو هەمان بۆچوون گەلێک جاران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەکوو ڕەخنەی توند یان بە واتەیەکی دیکە لە فۆڕمی ئانتی-دیسکۆرسدا، بۆ نموونە «منی ڕۆژهەڵاتی چیدیکە خۆم فیدای ئەوانی دیکە ناکەم، چونکە ئەو کاتەی ئێمەش لێمان دەقەومێ ئەوان نە تەنیا دەفریامان نایەن بەڵکوو هەر خەبەریشیان نییە» ڕەنگدانەوە لە خۆی دەنوێنێ». لە کۆنتێکستی لەم چەشنەدا، کوردانی ڕۆژهەڵات باسی دەستپێشخەری و ئالترناتیڤی تایبەت بە ڕۆژهەلات دێننە ئاراوە.
(دووهەم) هۆکار دەگەڕێتەوە سەر ئەو گەشەسەندنانەی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابڕدوودا لە فۆڕمی چالاکیی مەدەنیی فرەڕەهەند و ڕەنگاوڕەنگ، و هەروەها سەرهەڵدانی جەماوەری بە خۆیەوە بینیوە. پشتیوانیی جەماوەری لە قوربانیانی زەویلەرزەی ناوچەی کرماشان لە ساڵی ٢٠١٧ و ناوچەی کۆتۆڵ لە ٢٠٢٠ و هەروەها و بە تایبەت مانگرتنی گشتیی خەڵکی ڕۆژهەڵات بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر مووشەکبارانەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دیمۆکرات لە شاری کۆیە، نموونەگەلێکن کە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کە – بە تەفسیری ڕۆشنبیرانی دوورەوڵات – لە لایەک هەڵگری خەسلەتی مودێڕنیتە، دیمۆکراسی خواز، فرەچەشن و وەخۆەگرن و لە لایەکی دیکەشەوە نیشاندەری هەڵکشانی شعووری نەتەوەیین کە تاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لای خۆی وێنای دەکات. چالاکیی هاوتەریب و هاوشێوە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ژێر کارتێکەریی ئەم بزووتنەوانە لە کونتێکستی دیاسپۆرادا سەری هەڵداوە، لە ڕەوتی گەشەسەندنی خۆیدا – و بە تایبەت لە تیکۆشانی گوتارسازانەی خۆیدا – نە تەنیا مەودای گوتاریی نێوان وڵات و دیاسپۆرای بەرتەسکتر کردۆتەوە بەڵکوو لەوەش زیاتر خەریکە وردە وردە ئاجێندای سیاسیی سەربەخۆ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستەبەر بکات. ئەم کۆبوونەوە بەرینانەی کە کوردانی ڕۆژهەڵات بە بانگاوازی حیزبی دیمۆکڕاتی کورستان (حدک) لە پاییزی ٢٠١٨ بە دژی مووشەکبارانی قەڵای دیمۆکڕات لە چەندین شاری گەورەی ئوڕووپا بەڕێوەیان برد و بە تایبەت ئەم خۆپێشاندانە جەماوەرییەی کە لە ژێر دروشمی «ڕاسانی تاراوگە» لە سەر داوای حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە شاری بڕوکسێل بەڕێوە چوو، دەتواندرێ وەک نیشانەی ڕاستەوخۆی سەرهەڵدانی ئەم ئاجێندا ڕۆژهەڵاتییە لە فەزا گشتییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەژمار بکرێت.
(سێهەم) هۆکاری سێهەم کە لە ژێر کارتێکەریی دوو هۆکاری سەرەوەدا سەری هەڵداوە – کە لە ژێرەوەدا وەکوو بەشی کۆتایی ئەم بابەتە بە وردی باسی لێوە دەکرێت – ئاماژە بە وەدەرکەوتنی نەسلێکی جیاواز لە ڕۆشنبیری کورد دەکا کە -سەرەڕای کۆمەڵێک گرفتی جیددی کە هەیەتی و لەم نووسراوەیەدا ئاماژەی پێناکرێت- لە ئاستی مەعریفە و فەزیلەتدا تا ڕادەیەکی بەرچاو پەیامی ڕوونی پێیە. ئەم دەستکەوتە مەعریفییە کە لە سەرەتای سەرهەڵدانیدا، دەستەبەرکردنی تیۆریکی گونجاوی لە پێناو پێناسەکردنی کێشەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەگەڵ ئێران و بەم پێیەش دەستنیشانکردنی پڕاتیکی سیاسی و ستڕاتێژیی ڕزگاری بۆ ئەم پارچەیەی بە ئامانج گرتبوو، خەریکە لە پڕۆسەی پەرەسەندنی خۆێدا نە تەنیا ئاجێندای سیاسیی دیاسپۆرایی کوردانی ڕۆژهەڵات لە جاران زەقتر دەکاتەوە، بەڵکوو وڵات و دیاسپۆراش لە مەیدانێکی گوتاری نەتەوەیی و دینامیکدا زیاتر لە جاران بە یەکەوە دەبەستێتەوە. هەڵوەشاندنەوەی کۆلۆنیالیسمی ئێرانی لە لایەک و دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسی بۆ کوردان لە لایەکی دیکە وەکوو ئانتی تێزی ئەم کۆلۆنیالیسمە دوو ڕەهەندی سەرەکیی ئەم گوتارەن.
سەرهەڵدانی جیلی ڕۆشنبیری ڕۆژهەڵات لە کۆنتێکستی دیاسپۆرادا ـ بەشی کۆتایی
لە ڕەوتی فۆرماسیۆنی دیاسپۆرای ڕۆژهەڵات و بەرجەستەکردنی ڕۆژەڤی سیاسیی ئەم پارچەیە، ئەمڕۆکە چالاکیی ڕۆشنبیری لە نێو کوردانی ڕۆژهەڵات لە کۆنتێکستی دیاسپۆڕادا، پانتایییەکی سێمانتیکیی بەرینتر لە جاران دەگرێتەوە. لەم پانتایییە سێمانتیکییەدا، لە ئاکادیمیسییەن و خوێندکاری زانکۆکان ڕا بگرە هەتا دەگاتە شاعیر، نووسەر، وەرگێڕ، خەباتکاری سیاسی، ژینگەپارێز، ڕۆژنامەنووس، هەڵسووڕاوی مافی ژن، کارمەند، و کاسبکاری ئاسایی، تووشی یەک دێن و لە حەولی خۆیاندا بۆ دەستەبەرکردنی دیسکۆرسێکی تایبەت بە ڕۆژهەڵات، کە لەوێدا دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسی ـ نە تەنیا وەکوو گارانتووری سەرەکیی مافی نەتەوەیی لە دواڕۆژدا، بەڵکوو وەکوو مەجالێک بۆ کەم کردنەوی مەودای گوتاری نێوان وڵات و دیاسپۆرا و یان لەوەش زیاتر بە یەکگەیاندنی وڵات و دیاسپۆرا بە یەکتر لە بەستێنی گوتارێکی نەتەوەییی هاوبەشدا ـ بەردەوام باسی لێوە دەکرێت و دووپات دەبێتەوە. لەم ئاراستەیەدا، جیلی ڕۆشنبیری ڕۆژهەڵات ـ سەرەڕای هەموو گرفتێک کە هەیەتی ـ خاوەن داینامۆ و وزەیەکی هزری و پراکتیکیی بەهێزە کە نە تەنیا لە چوارچێوەی دەقە گەورەکاندا بەڵکوو گەلێک جاران بە ڕێگای کورتە پەیام و ئاماژەی سەمبۆلیکی جۆربەجۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دەریدەبڕێ. لە سەرهەڵدانی ئاجێندای سیاسیی ڕۆژهەڵات لە کۆنتێکستی دیاسپۆڕادا و ڕۆڵی توێژی ڕۆشنبیر لەم پەیوەیدنییەدا پێویستە ئاماژە بە سێ تایبەتمەندی بکرێت:
(یەکەم) ئەم بەستێنە ڕۆشنبیرییە ڕۆژهەڵاتییە لە خۆیدا دەڕبڕی تیگەیشتنێکی سیاسیی وردبینانەیە و بەم پێیەش گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و کارتێکەریی ئەم گۆڕانکارییانە لە سەر پرۆژەی سیاسیی کورد و زەروورەتی نوێکردنەوەی تیۆری و پڕاتیکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەخاتە بەر باس. لەم حەولە هزرییەدا، هەرچەند بەستێنی ڕۆشنبیری ـ هەر وەک لە سەروە ئاماژەی پێ کرا ـ حەولی ئەوە دەدات کە وڵات و دیاسپۆڕا لە پانتایەکی گوتاریی نەتەوەییدا بگەیەنێتە یەک، بەڵام هەر ئەم حەولە لە ڕەوتی لەگەڵ فۆڕمی دەستەڵاتداریی حیزبایەتی لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر جار تووشی جیاوازی دێت.
(دووهەم) ئەم بەستێنە ڕۆشنبیرییە گەشەیەکی بەرچاوی مەعریفی و هەروەها شارەزایی بە سەر میتۆد و چەمکەکانی تیۆریی سیاسیی تایبەت بە پڕۆژەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پێوە دیارە. ئەم تایبەتمەندییە، پێگەی ئەم بەستێنە دیاسپۆڕایییە لە بەرامبەر ئەم دەستە لە ڕووناکبیرانی نەتەوەی باڵادەست، – کە گەڵێک جاران لە جیاتی ڕەچاوکردنی لایەنی ئێتیکیی دیالۆگی هزری، پەنا بۆ سیاسەت بازی، سەفسەتە، گێرەشێوێنی، شینگێڕی ئاشکرا بۆ دەستەڵاتی زاڵ، بوختان کردن، یاریکردن بە وشە، ڕاسیسمی شاراوە و خۆ بە زلزانین، خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی … دەبەن – بەهێزتردەکا. لەم ئاراستەیەدا، پەیامی ڕوونی ئەم بەستێنە ڕۆشنبیرییە ئەوەیە کە «تاکی کورد لە ڕۆژهەڵات پێویستە خۆی لە سەرگەردان بوونی هۆویەتی لە نێوان دوو مەوجوودییەتی ئێرانی بوون و کوردن بوون ڕزگار بکات، چونکە ئەو دوو مەوجوودییەتە لەگەڵ یەک ناکۆک و ناتەبان».
(سێهەم) ئەم بەستێنە ڕۆشنبیرییە تا ڕادەیەکی باش پشت ئەستوورە بە نموونەیەک لە ئەخلاقی گەردوونی و بەم پێیەش ناسینەوەی چەشنێک لە حەقیقەتێکی جیاواز کە لە ـ ڕوانگەی ئەوانەوە ـ ئەمڕۆکە لە هەیبەتی کوردی ڕۆژهەڵاتدا بەدی دەکرێ. ئەم حەقیقەتە کە لە وێنەی پەیامێکی گەردوونیدا خۆی وێنا دەکات لە ڕاستیدا ـ وەکوو لە ئاماژەکانی ڕۆشنبیرانی دیاسپۆراییدا دەردەکەوێ ـ زەقکەرەوەی حەولێکی بێ پسانەوە و ماندوونەناسانەی نەتەوەیەکن بۆ نووسینەوەی مێژوویەکی جیاواز کە تەنیا بە ڕێگای هەڵوەشاندنەوەی هاوکێشەی ئیستیعماری و کۆڵۆنیالیستیی هەنووکەییی ئێران و لە ئاکامدا دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسی، وەکوو مافێکی گەردوونی بۆ هەمان نەتەوە، کۆتاییی پێ دێ.
ئەم سێ تایبەتمەندییە کە بەستێنی ڕۆشنبیریی کوردی ڕۆژهەڵاتی، لە کۆنتێکستی دیاسپۆرادا پێناسە دەکات، لە ڕوویەکی دیەکەوە نیشاندەری سەرەتایەکن لە پرۆسەیەکی بێ گەڕانەوە کە لەوێدا، فۆڕماسیۆنی دیاسپۆرایی لە لای کوردە ڕۆژهەڵاتییەکان چیدیکە وەکوو پاشکۆیەکی پارچەکانی دیکەی کوردستان و یان حیزبەکانی سەر بەم پارچانە خۆی وێنا ناکاتەوە. بەڵکوو لەمەودوا، پراتیکی دیاسپۆڕایی و گوتاری هۆویەتیی تایبەت بە خۆی، یان بە واتەیەکی دیکە ئاجێندای سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە فەزا گشتییەکانی وڵاتانی جێی نیشتەجێبووندا بەرهەم دێنێتەوە.
*. دوکتۆرای زانستی سیاسی/ زانکۆی لینشۆپینگ/سوئێد
سەرچاوەکان
- Ahmadzadeh, Hashem (2003), Nation and novel: A study of Persian and Kurdish narrative discourse. Diss. Acta Universitatis Upsaliensis.
• Anderson, Benedict (1992), “The new world disorder”, New Left Review, 193, pp. 3–13.
• Alinia, Minoo (2004), Spaces of Diasporas, Kurdish Identities, Experiences of Otherness and Politics of Belonging, doctoral dissertation, Department of Sociology, Gothenburg University, Sweden.
• Alinia, Minoo, and Barzoo Eliassi (2014), «Temporal and generational impact on identity, home (land) and politics of belonging among the Kurdish diaspora.» (2014): 73-81.
• Ayata, Bilgin (2011), «Kurdish transnational politics and Turkey›s Changing Kurdish policy: the journey of Kurdish broadcasting from Europe to Turkey.» Journal of Contemporary European Studies 19.4: 523-533.
• Baser, Bahar(2011), «Kurdish diaspora political activism in Europe with a particular focus on Great Britain.» Diaspora dialogues for development and peace project. Berghof Peace Support, Berlin.
• Baser, Bahar (2012), Inherited conflicts: spaces of contention between second-generation Turkish and Kurdish diasporas in Sweden and Germany. Diss. European University Institute.
• Begikhani, Nazand, and Aisha K. Gill (2016), Honour-based violence: experiences and counter-strategies in Iraqi Kurdistan and the UK Kurdish diaspora. Routledge.
• Berkowitz, Lenka, and Liza M. Mügge (2014), «Transnational diaspora lobbying: Europeanization and the Kurdish question.» Journal of Intercultural Studies 35.1 (2014): 74-90.
• Brah, Avtar (1996), Cartographies of Diaspora: contesting identities, Routledge, London and New York.
• Brubaker, Rogers. «The ‘diaspora’diaspora.» Ethnic and racial studies 28.1 (2005): 1-19.
• Cohen, Robin (1995), “Rethinking ‘Babylon‘: iconoclastic conceptions of the diasporic experience”. New Community, Vol. 21, No.1, pp. 5–18.
• Eccarius-Kelly, Vera (2002), «Political movements and leverage points: Kurdish activism in the European diaspora.» Journal of Muslim Minority Affairs 22.1 (2002): 91-118.
• Eliassi, Barzoo (2016), «Statelessness in a world of nation-states: the cases of Kurdish diasporas in Sweden and the UK.» Journal of Ethnic and Migration Studies 42.9 (2016): 1403-1419.
• Hassanpour, Amir (2003),»Diaspora, homeland and communication technologies.» The media of diaspora. Routledge, 89-101.
• Hovanessian, Matine (1995), “Territoires de l’altérité: la diaspora arménienne”, in Bruneau, M. (cor.), Diasporas, Reclus, Montpellier, pp. 42–54.
• Khayati, Khalid. From victim diaspora to transborder citizenship?: diaspora formation and transnational relations among Kurds in France and Sweden. Diss. Linköping University Electronic Press, (2008).
• Khayati, Khalid and Magnus Dahlstedt (2014), «Diaspora formation among Kurds in Sweden.» (2014): 57-64.
• Khayati, Khalid, and Magnus Dahlstedt (2015), «Diaspora: Relations and communities across borders.», in Dahldstedt, Magnus & Neergaard, Anders (red,), International Migration and Ethnic Relations, (20015) pp. 80-103. Routledge.
• Laclau, Ernesto & Mouffe, Chantal (2001), Hegemony and Socialist Strategy, 2nd edn. London: Verso.
• Mojab, Shahrzad (2007), «Gender, nation and diaspora: Kurdish women in feminist transnational struggles.» Muslim Diaspora. Routledge, 2007:142-158.
• Safran, William (1991), “Diaspora in modern societies: myths of homeland and return”, Diaspora, Vol. 1, No. 1, pp. 83–99.
• Sheyholislami, Jaffer (2010), «Identity, language, and new media: the Kurdish case.» Language policy 9.4 (2010): 289-312.
• Pripp, Oscar (2019), «Music, Dance and Ethnic Elasticity in a Kurdish Cultural Association: The Complexity of Intercultural Experience.» El oído pensante 7.1 (2019): 100-118.
• Sheffer, Gabriel (2002), Diaspora politics: At home abroad. Cambridge University Press.
• van Bruinessen, Martin (1999), “Migrations, mobilizations, communications and the globalization of the Kurdish question”, Working Paper No. 14, Islamic Area Studies Project, Tokyo.
• Wahlbeck, Östen (1999), Kurdish diasporas: a comparative study of Kurdish refugee communities. Springer.
• Werbner, Pnina (2002), «The place which is diaspora: citizenship, religion and gender in the making of chaordic transnationalism.» Journal of ethnic and migration studies 28.1 (2002): 119-133.
• Zettervall, Charlotta (2013), «Reluctant victims into challengers-narratives of a Kurdish political generation in diaspora in Sweden.».


