ئارامتر بخوێنەوە!

کێشەکانی نووسینەوەی مێژوو لە خزمەت داڕشتنی سیاسەت

هەڵسەنگاندنی کتێبی «ئاخرین موفتی كوردستانی ئێران» عەلی عزەتیار[١]

مەعروف كەعبی[٢]

ئەم وتارە بۆ یەکەم جار لە ژورناڵی دەروازە (گۆڤاری کوردی بۆ زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤییەکان) ،ژمارەی ٣ ساڵی ٢٠١٩ چاپ بووە.[٣] سەرەتا زۆر سپاسی نووسەر و سەرنووسەرانی ژورناڵی دەروازە دەکەین کە لەگەڵ چاپی دووبارەی ئەم وتارە لە گۆڤاری تیشکدا ڕەزامەندییان نواند. دواتر، هۆکاری چاپی ئەم هەڵسەنگاندنە ڕەخنەگرانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە لایەکەوە هەر لەم ژمارەدا گرنگترین بەشی ئەم کتێبە تەرجەمە کراوەتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە ئەم هەڵسەنگاندنە ڕەخنەگرانە، لەو دەگمەن بابەتە جیددییانە کە سەبارەت بەم مژارە نووسراوە.

پوختە

ئەم وتارە بەسەرکردنەوەیەکی بۆچوونەکانی کتێبی ئاخرین موفتی كوردستان دەکاتە ئامانجی خۆی تا نیشانی بدات کە مەبەستی ئەو کتێبە بۆ نووسینی مێژووێکی کورد لە سەدەی ڕابردوودا بۆ سەلماندنی ئەو بۆچوونەیە کە کوردەکان لە مێژوودا داییمە لە ئیسلامی سیاسی یا توندڕەوەیی ئایینی سڵەماونەتەوە و ئەوە دەبێ بیسەلمێنێت کە کورد سروشتی‌ترین هاوپەیمانی زلهێزە ڕۆژاواییەکانن لە ئەمڕۆ و داهاتوودا. ڕەوایەتی مێژوویی کتێبەکە لە سەر دوو فەرزییە دامەزراوە. یەکەم، لاوازبوونی پەیوەندی نێوان ناسنامەی کوردیی و ئیسلامیسم لە کوردستان ڕەوتێکە کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە دەکرێ بەدی بکرێت و دووهەم، دابەزینی پەیوەندی نێوان ئیسلامیسم لە ئێران و ئیسلامیسم لە کوردستان هەر لەو ڕەوتەدا. ئەو ڕەوایەتە هەروەها لە لایەن دوو تێزی دیکەشەوە پاڵپشتی دەکرێت کە بریتین لە «بایەخی کۆمەڵایەتی هاوبەش» لە نیوان کورد و ڕۆژاوا و «ڕەقیبی هاوبەش» لە پەیوەندیی نێونەتەوەییدا. لەو ڕەوایەتەدا ئەحمەد موفتی‌زادە پێگەیەکی ناوەندی پێ دەبەخشرێت تا هەروەها پیشان بدرێت کە ئیسلامە سیاسییەکەی ئەو جیاوازی هەبوو بۆ نموونە لە گەڵ ئەوەی ڕێبەرانی ئایینی شێعە لە ئیران نوێنەرایەتییان دەکرد. لە بەرامبەر ئەمەدا، باسەکەی من هەوڵ دەدات پیشانی بدات کە  پەیوەندیی نێوان ناسنامەی قەومی و ئایینی و شکڵ‌گرتنی ئیسلامی سیاسی لە جەرگەی بەستێنێکی بەرینتری مێژوویی واتە پڕۆسەی نوێسازی لە ئێران لە سەدەی بیستەمدا دەبێ تاووتوێ بکرێن.  ئیسلامی سیاسی لە ئێران هەڵقوڵاوی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی کۆمەڵایەتی-ئابووری، فەرهەنگی و سیاسی ئەو وڵاتەیە لە  سەردەمی دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی (١٩٧٩-١٩٢٥). ئەم بەستێنە، دیارە لە ئاستێکی بچووکتر لە ئێران، کوردایەتییەکی ئایینی خولقاند کە لە لایەن ئەحمەد موفتی‌زادەوە نوێنەرایەتی کرا. هەمان بەستێن پێکهێنەری بایەخە کۆمەڵایەتییەکانیشە کە خاڵێکی هاوبەشی خەڵکانی جۆربەجۆری ئێرانە کە دەبێ ئەوان وەک دۆستانی ڕاستەقینەی کورد
بناسرێن.

وشە کلیلییەکان

 ناسنامەی ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئیسلامی سیاسی، مۆدێرنیزم، ئەحمەد موفتی‌زادە

پێشەکی

کتێبی ئاخرین موفتی كوردستان باسی ژیانی ئەحمەد موفتی‌زادە (١٩٩٣-١٩٣٣) دەکات کە لە ماوەی دوو دەیە پێش ڕاپەڕینی ١٩٧٩ی ئێران لە ڕەخنەگرێکی دەسەڵاتی پەهلەوی و چالاکێکی سیاسی کورد گەشەی کرد و بوو بە بیرمەندێکی ئایینی کورد لە ئێران. موفتی‌زادە لە کاتی ڕاپەڕیندا داوای «خودموختاری ئیسلامی» بۆ کورد کرد بەڵام نەیتوانی پشتیوانییەکی جەماوەری بەرچاو ڕێک بخات. بەپێچەوانە، سەرنجی خەڵکی کورد لە ئیران هەرچی زۆرتر بەرەوە ڕێکخراوە نائایینیی و نوێکانی دیکە ڕاکێشرا. موفتی‌زادە هەم قوربانییەکی بۆچوونە سیاسی و توندخووەکانی سەردەمی دوا-ڕاپەڕین بوو و هەم تاوانی بێ‌بوردباری قەومی ڕژیمی نوێی دایەوە. لە بەر ئەمانە دەبێ داستانی ژیانی ئەحمەد موفتی‌زادە وەک ڕۆڵگێڕێکی مێژوویی بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی تێگەیشتنی مێژووییمان بوترێتەوە و بەشی سێهەمی کتێبی ناوبراویش زۆر بە جوانی لایەنە جۆربەجۆرەکان و گرینگەکانی ژیانی مرۆفێکی خاوەن بنەما و تایبەت باس دەکات. موفتی‌زادە لە زیندانێکی درێژخایەندا خۆی بینییەوە و ماوەیەک دوای ئازادبوونی لە گەڵ ژیان ماڵئاوایی کرد. سەرەڕای ئەو لایەنانە، کتێبەکە ئامانجێکی سیاسی شوێن دەگرێت کە لە ڕاستیدا هۆی نووسینی کتێبەکەی پێک هێناوە. لە هەمان کاتدا، کتێبەکە مێژووێکی ناڕوونی کورد لە ڕێگای تێکەڵ‌کردنی چەندین مێژووی جیاوازەوە بەرهەم دەهێنێت تا ئیدیعا سیاسییەکەی کە کورد باشترین هاوپەیمانی ڕۆژاوایە بسەلمێنێت. ئەم لێڵییە هەروەها ئاکامی بۆچوونێکی یەکدەستە بەرامبەر بە کورد بێ ئەوەی دیاری بکات کام کۆمەڵگای کوردەواریی و کام وڵاتی مەبەستە. بۆ وێنە، کتێبەکە بۆمان شی ناکاتەوە کە ئەگەر کورد لە هەرێمی کوردستان سزاواری یارمەتی ڕۆژاوایە، بۆچی کورد لە ئێرانیش پێویستی بە هەمان یارمەتی هەیە؟

کتێبەکە لە ڕێگای دوو فەرزییەوە مێژووێکی کورد پەیوەندیدار بە باسەکەی دەنووسێتەوە. دوو تێزی دیکەش دەبنە پاڵپشتی ئەو ڕەوایەتە مێژووییە کە هەوڵ دەدات دەری بخات کە ئیسلامیسم لە کوردستان و ناسنامەی نەتەوایەتی کوردیی هەر لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە ڕەوتێکی لە یەک دوورکەوتنەوەیان تاقی کردوەتەوە و ئێستا پەیوەندییەکی لاوازیان هەیە. باسی نووسەر زۆرتر (ئەگەر نە بە تەواوەتی) لە دەور لاوازبوونی پێگەی ئیسلامی سیاسی دەخولێتەوە و نەک حاشاکردنی لە نەبوونی سەرەوەریی بیرۆکەیەکی جیهادیی لە کوردستان. بۆیە ئەگەر باس لە نەبوونی سەروەریی بیرۆکەی جیهادیی بکردایە (کە لانیکەم بە ئاشکرا نەیکردوە) ئەوا باسەکەی دەکرا زۆرتر وەربیگرایەت. ئەم ڕەوتی دوورکەوتنەوەیە هەروەها لە نیوان ئیسلامیسم لە کوردستان [ی ئێران؟] و ئیسلامیسم لە ئێرانیش هەربەوجۆرەیە. لەم ڕوانگەوە، سەرکەوتنی ناسنامەی نەتەوایەتی بە سەر ئیسلامیسم لە کوردستان دەتوانین لە لاوازبوونی پێگەی ڕێبەرانی ئایینی لە بزووتنەوە کوردییەکاندا ڕەچاو بکەین. هەر بەم پێیە، لاوازبوونی پەیوەندی نێوان ئیسلامیسم لە کوردستانی ئێران و لە ئێران دەبێ بە ئاشکرا دیار بێت لە بەر ئەو ئاقارەی کە مێژووی ئێران لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا و لە ڕاپەڕین و حکوومەتێکی ئیسلامیدا خۆی تێدا بینییەوە. تەنانەت ئیسلامە سیاسییەکی ئەحمەد موفتی‌زادەش ئیدیعایەکی وەها بەرپەرچ ناداتەوە. بە پێچەوانە، ژیان و خەباتی ئەو کەسایەتییە نامەیلی کوردەکان بۆ توندڕەویی ئایینی دەسەلمێنێت.

لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا هەوڵ دەدەم ئەو چەمکانە کە کتێبەکە بەکاریان دەهێنێت لە جێگای مێژوویی خۆیان دابنێم تا دوو خاڵ پیشان بدەم. یەکەم، بۆ شیکردنەوەی گریمانەی نامەیلی کوردەکان بۆ توندڕەوەی ئایینی ئێمە دەبێ بۆ هۆکاری زۆرتر بگەڕێین. دووهەم، لە سەر ئەوە پێ دادەگرم کە ئەو گریمانەیە لە جێگای خۆی نییە. ئەمە ڕاستە کە زۆربەی هێزە سیاسییەکانی بەشدار لە بزووتنەوەکانی کوردستان بە خاوەندارێتی بەرنامەی سیاسی نائایینی ناسراون و تەنانەت هێز و کەسایەتییە ئایینییەکانی بەشدار لەو بزووتنەوانە ناکرێ وەک توندڕەو بناسرێن. سەرەڕای ئەمە، مەیلەکان لە ئاڵوگۆڕ و بەستێنە مێژووییەکاندا شکڵ دەگرن نەک لە ناخی مێژوویەکی یەک‌خەتیدا، واتە لە نزمەوە بۆ بەرز یان لە خراپەوە بۆ باش.  کۆمەڵگا جۆربەجۆرەکانی کورد بەستێنی جیاوازیان تێپەڕ کردوە و بوونەتە خاوەن جۆرێک لە مەیدانی سیاسەت تایبەت بە خۆیان سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە ئەو کۆمەڵگانە خاوەن گەلێک خاڵی هاوبەشی گرینگن. بۆ وێنە سەروەری «ئیسلامیسم»لە ئێران بە تەواوەتی بەستراوەتەوە بە ڕەوتی سەرکوتگەرانە و بەڕۆژاوایی‌کردنی نوێسازی/چاکسازی (مۆدێڕنیزاسیۆن) لە ئێران کە لە چەندین دەیەی پێش ڕاپەڕینی ١٩٧٩ی ئێران تینێکی تایبەتی بە خۆیەوە بینی و دەوری هەڵگرت. لە  هەمان بەستێنی مێژووییدایە کە ئیسلامی ئەحمەدی موفتی‌زادەش شکڵ دەگرێت. دەنا ئەویش لە خاڵێکی «پێشکەوتووتر»لە مێژووی کوردستانی ئێران خۆی دەبینییەوە بێ ئەوەی ببێتە خاوەن مەیلی ئیسلامی سیاسی. ئەم خاڵە لە بەشی دیکەی وتارەکەدا شی دەکرێتەوە، بەڵام وەک نموونەیەکی دیکە بۆ تیشک خستنەسەر پەیوەندی «مەیل»و بەستێنی مێژوویی، ئێمە دەتوانین ئاماژە بە جەماوەری‌بوون و سەرکەوتنی کوردایەتی ئایینی لە هەرێمی کوردستان بکەین کە بەرنامە کومەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و سیاسییەکانی بە ئاشکرا تووشی شکست هاتن. کەوابوو، ئەم نموونانە دەریدەخات کە بە گریمانەگرتنی لاوازبوونی «ئیسلامیسم»لە کوردستان—نووسەر ڕوونی ناکاتەوە کام کوردستانی مەبەستە—یان هەر جێگایەکی دیکە لە جێگای خۆی نییە و ئەمەش لە بەر دەور و کاریگەریی بەستێن و ڕووداوە مێژووییەکانە. وێڕای ئەمەش، تێزەکانی  «بایەخی کۆمەڵایەتی هاوبەش»لە نیوان کورد و ڕۆژاوا و «ڕەقینی هاوبەش»هەوڵ دەدەن باسی سەرەکی کتێبەکە پشتگری بکەن کە دەیهەوێت پێگەی کورد وەک سرووشتی‌ترین هاوپەیمانی ڕۆژاوا بباتە سەرەوە. بە پیچەوانە، ئەم وتارە لای وایە کە تێزی یەکەم لە سەر تێگەیشتنێکی هەڵەی چەمکی سکوولاریسم دامەزراوە. ئەم تێگەیشتنە دەبێتە ڕیشەی ئەم گریمانانە کە نامەیلی بەرەوە توندوتیژی/ئیفراتگەرایی ئایینی و بۆچوونی پێشکەوتوو بەرامبەر بە ژنان خاڵی هاوبەشی کورد و ڕۆژاوان. تێزی «ڕەقیبی هاوبەش»لە سەر هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی ئەو لایەنانە دامەزراوە کە وەک ڕەقیبی یەکتر بەحیساب دێن. نموونەیەکی ئەو هاوپەیمانییە ئیران و سووریا بوو لە کاتی شەڕی ئێران-عێراق. سووریا وەک وڵاتێکی عەرەب و سوننە دەبوایە لە ڕووی مەنتیقیەوە هاوپەیمانی عێراق بوایە نەک ئێران. ئەم تێزە وا دەکات کە لە جەرگەی ڕکەبەرکێی نێونەتەوەیی ئێستادا کورد و ڕۆژاوا (واتە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئامریکا) لە بەر ڕەقیبی هاوبەشییان دەبێ یەک بگرن. بەڵام مێژوو پێی نیشان داوین کە سەرگرتنی وەها هاوپەیمانییەک بە قازانجی وڵاتە ڕۆژاواییەکانە نەک کورد کە دایمە لە دووڕوویی نێونەتەوەیی زیانی پێ گەیشتوە.

بەدوای ئەمە باسێک سەبارەت بە سرشتی ڕاپەڕینی ١٩٧٩ی ئێران بەشێکی دیکەی ئەم وتارە پێک دەهێنێت تا بزانین تا چ ڕادەیەک ئەو ڕاپەڕینە ئیسلامیی بوو. ئەمە پەیوەندی بە باسەکەمان سەبارەت بە ئەحمەد موفتی‌زادەوە هەیە لە بەر ئەوەی مەیلی هێزی ئیسلامیی (شێعە) لە ئێران بۆ چنگ‌خستنی دەسەڵاتی سیاسی لادانێکی (هاوچەرخ) بوو لە بنەما ناسراوەکانی ئایینی ئیسلام. ئەو لادانە ئاکامی ئەو جۆرە لە نوێسازیی خێرای ئێران بوو. ئەمە بەو مانا نییە کە دامەزراندنی حکوومەتێکی ئیسلامی دەربازبوونی نەبوو لە بەر ئەوەی ئەوە لە کۆتاییدا دەوری ڕۆڵگێڕان وەک لیبراڵەکان و ڕادیکاڵەکان بوو کە چارەنووسی ڕاپەڕینیان دیاری کرد. دەبێ سەرنج بدەینە ئەو خاڵە گرینگە کە لە کۆتاییدا ڕادیکاڵەکان بردیانەوە لە بەر ئەوەی بیروباوەڕی سیاسی ئەوان لانیکەم لە دوو دەیە پێش ڕاپەڕینەوە ببوە خاوەن هێژمۆنی فەرهەنگی (بەوجۆرەی گرامشی مانای دەکات) واتە سەروەریی فەرهەنگی بەدەست هێنابوو. بەدوای ئەم بەشە، لێکۆڵینەوەیەکی ڕووداوەکان کوردستانی ئێران لە سەردەمی ڕاپەڕیندا بەشێکی دیکەی ئەم وتارە پێک دەهێنێت. پێویستی ئەو لێکۆڵینەوە لەوە دایە کە ڕەوایەتی کتێبەکە هەم ناتەواوە و هەم ئامانجی ئەوەیە کە لەو ڕێگاوە فەرزییە و تێزەکانی خۆی بسەلمێنێت. بەدوای ئەمەدا و بەجۆرێک بۆ بەرگری کردن لە قوربانی کردنەوەی ئەحمەد موفتی‌زادە لە مێژوودا، باسێک سەبارەت بە دیاردەی ئەحمەد موفتی‌زادە پێشکەش دەکرێت، کەسایەتییەک کە میراتەکەی هێشتا لە کوردستانی ئێران هەست پێ دەکرێت، هەتاکوو جیگایەکی ڕەواتر لە مێژوودا بۆ ئەو بسەلمێنین. لە کۆتاییدا  ئاماژە بە دوو خاڵی دیکە پێویستە. یەکەم ، لێکۆڵینەوە لە سەر باسی کتێبەکە دەرسێکی مێژویی تێدایە و ئەویش ئەوەیە کە  نەهێڵین یەکجۆر ڕەوایەتی مێژوویی خۆی داسەپێنێت یان ڕۆڵگێرانی دیکەی مێژوویی بە قازانجی ڕۆڵگێرانی دیکە لە چاو ون بکەین. دووهەم خاڵ پەیوەندی هەیە بە پێش‌بینی کردنی داهاتوو لە مێژوودا و پێکهێنانی ڕەوایەتی مێژوویی بۆ داڕژتنی سیاسەت. لە بەر پێش‌بینی کردنی داهاتوو، کتێبەکە بەتەواوەتی ئاستی ڕەوایەتە مێژووییەکەی دادەبەزێنێت. زۆر بە هاسانی لە بەر ئەوەی داییمە وا پێ دەچێ کە ڕووداوەکان بەوجۆرەی پێش‌بینی دەکرێن ڕوو نادەن و ڕەوتێکی دیکە دەگرن.

ناساندنی کتێبەکە

کتێبەکە لە ڕۆژەکانی سەرهەڵدانی داعەش و پەرەستاندنی ناسەقامگیریی ئەم ساڵانەی دواییدا نووسراوە و چاپ بوە. کتێبەکە بە حەوت بەش دابەش کراوە. لە پێشکەکیدا، نووسەر گرینگی نووسینی کتێبێکی وەها دەتاتە بەر باس. لە بەستێنی نوێی هاتنی داعەشدا، باسی کورد هەمیسان زەق بوەتەوە و سەرنجی بیروڕای گشتی ڕاکێشاوە. بەتایبەت کاتێک کە «لێکترازانی [نەخشەی] ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوەتە ئەگەرێک».[4] لە لایەکی دیکەوە کاتێک کە هەواڵەکان بوونەتە باسی پێشمەرگەی کورد کە لە شارەکانی وەک کۆبانی و سنجار چالاکانە لە دژی حکوومەتی ئیسلامی [داعەش] شەڕ دەکەن، دەوری کورد لە ئاستی گەورەتردا هێشتا سەرەکی نییە. «خەبات و دەوری ئەوان تەواوکەری هەواڵەکان سەبارەت بە ئیفراتگەرایی ئیسلامی و دەوری چەکدارانەی ئامریکا و ڕووسیا لە ناوچەکەدایە. سەرەڕای ئەوەی میدیا گرینگی کەم بەمە دەدات، حکایەتی کورد خاوەن دەورێکی گرینگ و ڕوو بە زیادبوونە لە هەموو ئەو ئاستە
گەورانەدا». [5] نووسەر دەوری گەورەی کورد بە ئاماژە بە هەلومەرجی سیاسی تورکیا، شەڕی کورد لە دژی داعەش لە سووریا، خودموختاری هەرێمی کوردستان، و سەرکوتی سیاسی و ئیعدامەکان لە کوردستانی ئێران زەق دەکاتەوە.[6] بە بڕوای نووسەر، «کەچی کاتێک ژمارەی کورد دەگاتە ٤٠ ملیۆن کەسێک و کورد لە نزیک بە هەموو ناکۆکییەکانی ناوچەکەدا دەور دەگێڕن، کوردستان جێگایەکی بەرزی لە بەرژەوەندی نەتەوایەتی ئامریکا و گوتاری سیاسەتی دەرەوەی ئەودا نییە. دەبێ هەیبێت. جیالەوەی ئێمە چۆن پرسی مافی چارەی‌ خۆ نووسین بۆ کورد لێک دەدەینەوە، ئەمە حاشای لێ ناکرێت کە پرسی کورد، کە بەشێک لە هەموو نەسڵێکی نوێ لە هەلومەرجە سیاسییەکاندا پێک دەهێنێت، لەم سەردەمە ئاڵۆزە  و گواستنەوەدا دەبێتە بابەتێکی بەتایبەت گرینگ».[7] بەڵام ئامریکا نفووزی پێشووی خۆ نەماوە و ئەمە بەو مانایە کە هەموو هاوپەیمانەکانی یەکجار گرنگن بۆ ئەوەی ئامریکا بتوانێت کاریگەری لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان بەوجۆرەی وا دەیهەوێت هەبێت.[8] «دۆستی باوەڕپێکراو زەحمەت دەست دەکەوێت و هەربەوجۆرەی وا سەلماوە پشتگری کردنیشیان
زەحمەتە».[9] کەوابوو، کتێبەکە بە پێی هەلومەرجێکی بەوجۆرەدایە کە خۆی بۆ سەلماندنی دەوری گرینگی کوردستان [لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا] تەرخان دەکات.

لە بەشی دووهەمدا، عزەتیار مێژوویەکی ئیسلام لە کوردستاندا پێشکەش دەکات. بە ڕای نووسەر، هەلومەرجی ئێستا دوو پرسیاری گرینگ دەخولقێنێت کە هەر دوو پەیوەندییان هەیە بە «ئسیلامیسم (بە مانای سەرچاوەیەک بۆ گرووهێک بە مەبەستی سیاسی)». یەکەم، لە باری مێژووییەوە، دانیشتوانی کورد لە کوردستانی ئێران (و لە کوردستان بە گشتی) چ جۆرە پەیوەندییەکیان لە گەڵ ئیسلامی سیاسی هەبوە و ئەمە چۆن پەیوەندیی هەیە بە هەستی ناسیۆنالیزمی کوردیی ئەو خەڵکەوە؟ دووهەم، تا ئەو جێگای بە ئیسلام و ئیسلامیسم لە کوردستان دەگەڕێتەوە، چ تێگەیشتنێک لە پەیوەندی ئەو جۆرە هەستە و گەشەی ئیسلام و ئیسلامیسم لە ناو دانیشتوان و دەوڵەت لە وڵاتانی تورکیا، ئێڕان، سوریا و عێراق هەیە؟ بە بڕوای نووسەر، بەسەرکردنەوەی مێژووی کورد بۆ جواب بەو پرسیارانە گرینگە؛ مێژووی کورد دەریدەخات کە پێش سەرهەڵدانی «ناسیۆنالیزمی پان-کوردیی»، ناسنامەی ئیسلامی هەوێنی یەکگرتن لە کوردستاندا بوە. نوسەر لای وایە کە هاوژینییەتی ناسنامەی ئایینی و نەتەوایەتی لە کوردستان لەوانەیە یەکەم  دیاردەی بەوجۆرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا بێت.[10] سەرەڕای ئەمە، نووسەر لای وایە هۆی لاواز بوونی دەوری ناسنامەی ئیسلامی لە خەباتی نەتەوایەتیدا لە بەر ئەوە بوو کە ئەو جۆرە ناسنامە نەیدەتوانی جوابدەرەوەی پێداویستییەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە جەرگەی گەشەی ناسیۆنالیزمەکانی دیکەدا بێت.[11]

لە بەشەکانی ئەم وتارە لە سەر کتێبەکەی عزەتیار ئەو لایەنانە زۆرتر شی دەکرێنەوە. بەڵام پێش ئەوە بە کورتی ئاماژەیەک بە بەشەکانی دیکەی کتێبەکە پێویستە. بەشی سێهەم (لاپەڕەکانی ٧٨-٤٩) و چوارەمی (لاپەڕەکانی ١١٨-٧٩) کتێبەکەی عزەتیار (بڕوانە خوارترەوە) لەوانەیە سەرنجڕاکێشترین بەشەکانی کتێبەکە بن. لە بەشی سێهەمدا ژیان و بەسەرهاتی ئەحمەد موفتی‌زادە (لە زۆر لایەنەوە) بۆ یەکەم جار و بە جۆرێکی پڕ لە چێژ دەدرێتە بەر باس. لێرەدا کتێبەکە لە بردنە سەرەوەی زانیاریی مێژوویی ئێمە سەبارەت بە ژیانی ئەو کەسایەتییە دەورێکی گرینگ دەگێڕێت. لەو بەشەدا بەدوای ئەوەی باس لە چۆنیەتی پێکهاتنی نیهادی موفتی لە کوردستانی قاجاڕ دەکرێت، دەوری ئەو نیهادە و باوە گەورە و باوکی ئەحمەد موفتی‌زادە وەک موفتی دەست نیشان دەکرێت. هەروەها، باسی شاری سنە دەکرێت و بە کەڵک وەرگرتن لە وتووێژ لە گەڵ کەسانی ئاگادار لەو مێژووە، تیشک دەخرێتە سەر چەندین لایەنی ژیانی ئەحمەد موفتی‌زادە (بڕوانە خوارترەوە). لە کۆبەندی ئەو بەشەدا، نووسەر ئاگادارمان دەکات کە ئەوەی کەئەحمەد موفتی‌زادە، هەروەک باوک و باوەگەورەی، داییمە خاوەن بیروڕا و هەڵوێستی سیاسی بووە، بەو مانایە کە  ئەوە ئاکامێکی ڕێبەربوونە لە کوردستانی سەدەی بیستەمدا، ئەگەرچی ئەوان وەک «ڕێبەرانی قەومی» ناناسرێن.[12] ئەوە شتێکی سەیر نەبوو کە تەنانەت نیهادی موفتیش لە سەر خەتی ناسیۆنالیزمی کوردیدا بوە نیهادێکی سیاسی. بەڵام لە ئاڵوگۆڕە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگییەکانی دەیەکانی ١٣٤٠ و ١٣٥٠ (١٩٦٠ و ١٩٧٠)دا، ئەحمەد موفتی‌زادە لەو نیهادە بڕا، نیهادێک کە لە بەر گەشەی ناسیۆنالیزمی کوردیی بەدوای کۆماری مەهاباددا ڕوو بە لاوازی ڕۆیشت.

لە بەشی چوارەمدا، لە جەرگەی ئاڵوگۆڕەکانی ئەو دوو دەیەدا گەشەی سیاسی و فیکریی ئەحمەد موفتی‌زادە دەدرێتە بەر باس. بەهاتنی ڕاپەڕینی ١٣٥٧ (١٩٧٩)ی ئێران، ئەحمەد موفتی‌زادە دەبێتە بیرمەندێکی ئایینی و سیاسی لە کوردستان. لەو بەشەدا گەلێک زانیاریی دەردەکەوێت کە یا تا ئێستا باس نەکراون یا بەمجۆرە بە وردی نەدراونەتە بەر باس. لە گەڵ ئەوەی ژیانی تاکەکەسی ئەو کەسایەتییە جێگای سەرنجە و کەسایەتییەکی خاوەن بنەما دەردەخات، کۆڕ و کۆمەڵی وەک یەکیەتی خوێندکارانی کورد لە تاران لە دەیەی ١٣٤٠/١٩٦٠ و بە تایبەت دەوری ڕەحمان ئاغای موهتەدی، کەسایەتییەکی کۆن و مامۆستای زانکۆی ئێلاهییات لە تاران، لە سەر گەشەی کوردایەتیی و کاریگەری ئەو لە سەر موفتی‌زادە زەق دەکرێتەوە. بەشی پێنجەمی کتیبەکە باسی هەلومەرجی کوردستان لە سەردەمی ڕاپەڕینی ئێڕان و سەرهەڵدانی مەکتەبی قورئان دەکات. ئەگەرچی موفتی‌زادە داوای خودموختاری ئیسلامی دەکرد و بەرەیەکی جیاوازی لە بەرەکانی دیکەی بەشدار لە بزووتنەوەی کوردستاندا پێک هێنا، لە کۆتاییدا لە گەڵ کۆماری ئیسلامی کەوتە ناکۆکییەوە. خاڵێکی جێگای سەرنج ئەوەیە کە موفتی‌زادە لە نووسینی دەستووری کۆماری ئیسلامی پێداگری لە سەر مافی خەڵکی کورد کرد. ئەگەرچی نووسەر باسی ئەمە ناکات، بەڵام وا دەچێت کە بوونی مادەی پەیوەندیدار بە مافی خوێندنی زمانی کوردی لە پەنای زمانی «ڕەسمی»فارسی لانیکەم هەوڵی موفتی‌زادەی پێوە دیار بێت. کتێبەکە، دیارە نەک زۆر ڕاستەوخۆ، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە هەوڵەکانی دواتری موفتی‌زادە لە ناخی گەشەی ڕێکخراوەکانی دیکە و پەرەستاندنی «شەڕی داسەپاو بە سەر کوردستان»دا بە جێگایەک نەگەیشت. بە پێی وتەی نووسەر، بە بڕوای ناسیۆنالیستە کوردەکان هەڵەی موفتی‌زادە خۆشباوەڕبوونی ئەو بە سازان لە گەڵ حکوومەت و نەک هاتنە‌ پاڵ ڕێکخراوە کوردییەکانی دیکە بوو.[13] بەلام نووسەر لای وایە کە موفتی‌زادە وەک خەڵکێکی زۆری دیکە لە ئێران بۆی هەبووە خۆشباوەڕ بێت بە بەڵێنەکانی حکوومەتی نوێ.[14]

بەشی شەشەمی کتێبەکە (ل‌ل. ٢٠٤-١٥٩) باسی سەردەمی ساڵەکانی بەندیخانەی موفتی‌زادە لە کۆماری ئیسلامیدا دەکات. لەوێدا عزەتیار باسی نامەکانی ئەو دەکات کە بۆچوونەکانی ئایینی و  سیاسی موفتی‌زادە  و هەروەها (وەک نووسەر دەڵێت) جۆری ئیسلامەکەی ئەو دەردەخەن: دەسەڵاتی شۆرایی، بێبەریی لە توندوتیژیی، و داواکاری بەهێزکردنی ژن.  ئەمەش لایەنێکی باشی کتێبەکەیە کە سەردەمی ژیانی موفتی‌زادە زەق دەکاتەوە لە بەر ئەوەی هەم زانیاریی هەم لێکۆڵینەوە لە سەر ئەو سەردەمە یەکجار کەمە. بەشی حەوتەم و کۆتایی کتێبەکە، بەپێچەوانەی بەتایبەت بەشەکانی سێهەم و چوارەم، باسە مێژووییەکان دەخاتە ژێر سێبەری هەلومەرجی سیاسی ئێستاوە. بۆ نموونە هەلومەرجی ئێستا و هەنووکەیی بوونی هەڵوێستی ئامریکا لە حاست کورد و هەروەها دەوری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدرێتە بەر باسی تێروتەسەل. بەمجۆرە باسە مێژووییەکان سەبارەت بە ناسنامەی ئایینی و ناسنامەی کوردیی، گەشەی ئەوەی ئەو بە ئیسلامیسم دەیناسێنیت، و چۆنییەتی سەرهەڵدانی کەسایەتییەکی وەک ئەحمەد موفتی‌زادە دەکەونە ژێر سێبەری ئەو هەلومەرجەوە. ئەمە بەو مەبەستە دەکرێت تا کورد کە لە گەڵ ئیسلامی سیاسی ناکۆک بوە و هەیە وەک «هاوپەیمانی سرووشتی» ئامریکا لە ناوچەکەدا دەست نیشان
بکات.[15] بەداخەوە کتێبەکە پێش ڕێفڕاندۆمی سەربەخۆیی لە پاییزی ٢٠١٧ نووسراوە و ئاکامەکانی ڕێفڕاندۆم زۆرێک لە ئیدیعا و کۆبەندییە سیاسییەکانی کتێبەکە (کە پەیوەندی بە ژیانی موفتی‌زادەوە نییە) پووچەڵ دەکەنەوە.

بۆ شیکردنەوەی زیاتری باسەکانی ئەو بەشانە وا لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا، باسەکانی خوارەوە هەوڵ دەدەن بیرۆکە سەرەکییەکانی کتێبەکە بخەنە ژێر پرسیارەوە. لەبەر گرینگی باسە مێژووییەکان و کۆبەندییەکانی کتێبەکە، ئەم وتارە لەوانەی تۆزێک لە ڕەخنەی کتێب واوەتر بچێت تا بتوانێت هەڵسوکەوتێکی گونجاوتری لە گەڵ ئەو کتێبە کردبێت.

باسێک لە خزمەت دارژتنی سیاسەت‌

کتێبەکە لە بنەڕەتدا دەبێتە باسێک بۆ داڕێژەرانی سیاسەت لە ڕۆژاوا (واتە وڵاتە یەکگرتوەکان) تا ئەو بیرۆکەیە وەربگرن کە کورد (لە کام ولات؟) دەبێ وەک «سرووشتی‌ترین هاوپەیمان»ببینرێت لەو دەورەی کە ڕۆژاوا بەتەمایە لە ناوچەکە لە داهاتوودا بیگێڕێت:

دەوڵەتی ئیسڵامی [داعەش] چ جۆرە میراتێک لە بیری موسوڵمانانی پەڕاوێزخراو لە شوێنگەلێک وەک پاکستان و مالێزی لە سەد ساڵی داهاتوودا بەجێ دەهێڵێت، تەنانەت ئەگەر دەوڵەتی ئیسلامیش تێک بشکێندرێت؟ ئامریکا لە کوێ دەتوانێت تۆزێ نفووزی خۆی بپارێزێت و یان لانیکەم ئاسایشی شارۆمەندانی خۆی دابین بکات؟ ئەمانە پرسیارگەلێکی چارەنووس‌ساز دەبن بۆ سیاسەتی دەرەوە لە دوو دەیەی داهاتوودا. لەم دەقەدا [کتێبەکە] ئێمە ئەو [ڕاستییە] تاووتوێ دەکەین کە بۆچی کوردستان بۆ ڕاگەیشتن بە هەموو ئەو [پرسیارانە] حەیاتییە.[16]

کتێبەکە جوابی خۆی بەو پرسیارانە لە ناخی ڕەوایەتێکی مێژووییدا دەدۆزێتەوە کە لە سەر بناغەی گریمانەی نامەیلی کوردان بۆ توندوتێژی ئایینی دامەزراوە، دیاردەیەک کە پێچەوانەی ئەو شتەیە کە ڕۆژاوا خۆی پێ پێناسە دەکات. ئەمەو تێزەکانی «بایەخی کۆمەڵایەتی هاوبەش» لە نێوان کورد و ڕۆژاوا و «ڕەقیبی هاوبەش» لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا کوردستان دەکاتە ئەو دیاردە حەیاتییە بۆ ڕاگەیشتن بە هەموو ئەو پرسیارانە. لە ڕوانگەی کتێبەکەوە لە بەر ئەوەی کورد «خاوەن هەمان بایەخە کۆمەڵایەتییەکان وەک ڕۆژاوایە» ئەوان دەکاتە «شەریکی درێژخایەن [بۆ ڕۆژاوا] لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا»لە کاتێکدا ڕەقیبی هاوبەش، هەروەک بەڵگە مێژووییەکان دەیسەلمێنن، «هاوپەیمانی داییمی پێک دەهێنێت»هەر بەوجۆرەی «هاوپەیمانی سوریا لە گەڵ ئیران لە کاتی شەڕی ئێران-عێراقدا»شکڵی
گرت.[17] تا ئەو جێگای بە تێگەیشتنی کتێبەکە لە چەمکی ئیسلامیسم دەگەڕیتەوە، ڕەوایەتە مێژووییەکەی لە سەر فەرزییەی لاوازبوونی پەیوەندی نێوان ئیسلامیسم و ناسنامەی نەتەوایەتی کوردی وەک ڕەوتێکی مێژوویی دامەزراوە.[18] لە هەمان کاتدا و وەک خاڵێکی پۆزێتیفی دیکە، پەیوەندی نێوان ئیسلامیسم لە کوردستان [ئ ئێران؟] و ئیسلامیسم لە ئێران هەتا هاتوە کەم بایەختر بوە. بەڵگەکان بۆ ئەمانە دابەزینی ڕۆڵی کەسایەتی ئایینیی وەک شێخ لە ڕێبەرایەتی بزووتنە کوردییەکان و ڕاپەڕێنی ئیسلامی لە ئێرانن.[19] کەوابوو لە ڕوانگەی کتێبەکەوە «لەم سەردەمەدا کە ئایدیۆلۆژیای توندڕەویی ئیسلامیی هۆیەکی سەرەکی ناسەقامگیریە [لە ناوچەکەدا]، نامەیلی کوردستان بۆ ئیسلامیسم بایەخێکی تایبەت بەخۆیەوە دەگرت».[20] ئەنجامی ئەم ڕەوایەتە پێش‌بینی کردنی داهاتووە بە پشت بەستن بە نموونەی ئەحمەد موفتی‌زادە:

لە بەر ئەو هۆکارانەی لە کتێبەکەدا ڕیز کران، لەوە ناچێت ئەمڕۆکە مەودای گرنگی سیاسی دامەزراو لە سەر ئیسلام لە کوردستان گەشە بکات. داستانی ئەحمەد موفتی‌زادە بەشێک لە گەشەی ئایدیۆلۆژیک لە کوردستان پێک دەهێنێت کە ئیسلامی سیاسی لە کۆمەلگای کوردستان سنووردار دەکات.[21]

ئەگەر ئەو هۆکارانە بۆ بەقەناعەت‌گەیاندنی سیاسەت‌داڕیژەران کەفایەت نەکات، ئەوا ڕوانگەی پێشکەوتنخوازانەی موفتی‌زادە بەرامبەر بە پرسی ژن دەبێ هیچ گومانێک نەهێڵێتەوە.  بە وتەی کتێبەکە موفتی‌زادە لە سەر ئەو بڕوایە کە «لە هیچ جێگایەک لە قورئاندا نەهاتوە کە پیاو بانترە لە ژن».[22] بە پێی بۆچوونەکانی موفتی‌زادە سەبارەت بە پرسی ژن لە کۆمەڵگا کە لە نامەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە، نووسەری کتێبەکە بەو قەناعەتە دەگەیێنێت کە  «لە نێو تەفسیرە ئیسلامییەکاندا ڕوانگەی ئەو [ئەحمەد موفتی‌زادە] سەبارەت بە دەوری ژن لە بنەماڵە، ژیانی ئایینی، و بڕیاردان دەکرێ بە شێوەیەکی گونجاو وەک ڕوانگەیەکی پێشکەوتنخواز پێناسە بکرێت».[23]

لێرەدا وەک خاڵێکی گرینگ دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە لە مێژووی سیاسی و نەزەریی ئایینیدا، ڕیشەی ئەو جۆرە ڕوانگانە بەرامبەر بە پرسی ژن لە کۆمەڵگا کە وەک ڕوانگەی «پێشکەوتنخواز»پێناسە دەکرێن، دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەی چاکسازیخوازیی ئیسلامی کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و لە کارەکانی کەسانی وەک موحەممەد عەبدوو (١٩٠٥-١٨٤٩) و قاسم ئەمین (١٩٠٨-١٨٦٥)، وەکیل و خەڵکی وڵاتی میسر، ڕەنگ دەداتەوە. ئەو بۆچوونانە لە شێعرەکانی جەمیل سیدقی زەهاوی (١٩٣٦-١٨٦٣)، شاعیرێکی عێراقی دواجاریش ڕەنگ دەداتەوە: «چارشێوەکانتان بدڕێنن، ئەی ژنانی عێراق، حیجاب لە سەر خۆتان لابەن».[24] زەهاوی داوای «لابردنی حیجابی دەکرد لە ژێر ناوی ئایینێکی پاراو و لە بەرامبەر بە فێمینیسمی ڕۆژاوایی».[25]  ئیسلامی چاکسازیخواز تەنها بەرەنگارییەک بەرامبەر هێرشی فەرهەنگی ڕۆژاوا نەبوو کە ڕاستییەک بوو لەو کاتەدا بە شوێن سەروەری چەکدارانە و تێکنۆلۆژیی بە سەر وڵاتانی ناڕۆژاواییدا ڕووی دەدا. عەبدوو کە شاگردێکی جەماڵەدین ئەفغانی و موفتی میسر (١٩٠٥-١٨٩٩) و زانایەکی ئیسلامی بوو، لە سەر بنەمای ئەو بۆچوونە کە ئیسلام دینێکی ئەقڵانییە لای وا بوو «کە داب و نەریت یا دیاردەکانی ڕابردوو بەرهەمی مێژوویین نەک یاسا بۆ ئەمڕۆ»و لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە «بیری ئیسلامیی دەبێ لە سەر عەقلانییەت و گەشەی زانستیی دابمەرزرێت».[26] لە کتێبی ڕزگارکردنی ژنان کە یەکەمجار بە زمانی عەرەبی و لە ساڵی ١٨٩٩ لە ژێر ناوی تحرير المرأة بڵاو کرایەوە، قاسم ئەمین دەڵێ کە ژێردەستەیی ژنان ڕەوشتێکی نائیسلامییە و بە پێچەوانەی دەرسەکانی پەیغەمبەرە. ئامانجی سەرەکی ئەمین لێکگرێدانی ڕزگاری میسر و ڕزگاری ژنانی میسرە. لە ڕوانگەی ئەوەوە «یاسای ئیسلام واتە شەرع، یەکسانی ژنان و پیاوان لە هەر چوارچێوەیەکی یاساییدا بە مەرج دەگرێت. ئیسلام بانگەوازی ئازادی و ڕزگاری ژنانی کردوە و هەموو ماڤە ئینسانییەکانی بۆ سەلماندوە ئەویش ئەو کاتەی کە ژنان نزمترین پێگەیان لە هەموو کۆمەڵگاکان [ی دیکەدا] هەبوو».[27] تا ئەو جێگای بە پرسی حیجاب دەگەڕێتەوە، ئەمین بۆچوونێکی لە نێوان ئەو شتەی لە ڕۆژاوا و لە وڵاتێکی وەک میسر باو بوە پێشنیار دەکات:

ڕۆژاواییەکان لە دەرخستنی ژنانی خۆیان زۆر واوە ڕۆیشتوون بەجۆرێک کە بۆ ژنانی ڕۆژاوایی ئەوە ئەرکێکی زەحمەتە کە خۆیان لە بەرامبەر حەزی جینسی و هەستی بێ‌شەرمانە و نەگونجاودا بپارێزن. ئێمەش لە لایەکی دیکەوە لە داپۆشینی ژنەکانمان زێدەڕویمان کردوە و پێش بەوە دەگرین کە ئەوان بێ حیجاب بچنە نێو پیاوان تا ئەو جێگای کە ئێمە ژنانمان وەک کەلوپەل کردوە بە موڵکی خۆمان.[28]

قاسم ئەمین لە سەر دەرخستنی پێگەی نزمی ژنان لە وڵاتی میسر سوور بوو و بە ڕوونی لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە حیجاب لە ئیسلامەوە نەهاتوە؛ «[حیجاب]  نەریتێکی زاڵ بوو لە لای زۆرێک لە گەلان و نەمانەکەی [لای زۆرێک لە گەلان] ئاکامی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی بوو کە هاوکات لە گەڵ گۆڕان و پێشکەوتنی شارستانییەت ڕووی دەدا».[29] ڕوانگەی چاکسازیخوازیی ئەمین بەرامبەر ژیانی هاوبەش و تەڵاق و مەحکوومکردنی چەند هاوسەریی لە ڕوانگەیەکی «پیشکەوتنخواز»ی سەردەمی خۆیەوە سەرچاوەی دەگرت و هەوڵی دەدا لە گەڵ زانستی ئیسلامیی ڕێکیان بخات.[30]سەرەڕای ئەمە، وەک خاڵیكی دیکەی گرینگ دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە داواکارییەکانی ئەمین بۆ دابین کردنی بەشێک لە ماڤەکانی ژنان کە نەدەگەیشتە ئاستی سیاسیی و ڕیبەرایەتی کردن، لە دەور چەمکی نوێی میللەت دەخولایەوە: میللەتی نوێ کە خاوەن زانست و خوێندنی هاوچەرخ بێت، پێویستی بە ژنی نوێ هەیە.[31] کتێبەکەی دیکەی ئەمین لە ژێر ناوی ژنی نوێ شیکردنەوەی زۆرتری ڕوانگەکانی سەبارەت بە ماڤی ژنان و لابردنی حیجابی لە خۆ دەگرت. کەوابوو نموونەی قوتابخانەکانی چاکسازی ئیسلامیی سەرەتای سەدەی بیستەم تیشک دەخاتە سەر ئەو بابەتە گرینگەی کە پێشچوونی مێژوو لە خۆی دا بە مانانی پیشکەوتنی فیکریی و «پێشکەوتنخوازیی»زۆرتر نییە.

ڕوانگەی موفتی‌زادە لە ساڵەکانی نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم، بەوجۆرەی کتێبەکە بۆ سەلماندنی رەوایەتە مێژووییەکەی بەکاری دەهێنێت، لە خۆیدا پێشکەوتنێکی فیکریی تایبەتمەند بە کوردەکان دەرناخات چوونکوو ڕیشەی ئەو جۆرە بۆچوونانە هەر وەک ئاماژەمان پێ دا زۆر بۆ دواوەتر و بۆ بەستێنێکی دیاریکراو دەگەڕێتەوە. لە هەمان کاتدا، ئەو بۆچوونانە سەبارەت بە ژنان کە لە سەردەمی موفتی‌زادە و لە لایەن ئیسلامی چاکسازیخوازدا باس دەکرا، لەوانەیە «پاشکەوتوو»تر لەوانەی پێشوو بزانین. تەفسیری وتەکەی زەهاوی وەک کاردانەوەیەک بەامبەر بە فێمێنیسمی رۆژاوایی لە لایەن ئیلان پاپە لێرەدا لە جێگای خۆیەتی. وا دیارە کە هەتا سەدەی بیستەم بەرەو پێش دەڕوات، تێکەڵاوی ئیسلامی چاکسازیخواز و نەتەوەگەرێتی و فێمێنیسم جێگای خۆی دەدات بە دابڕانی ئیسلامیسم لە نەتەوەگەرێتی (سکوولار-نائایینی) و فێمێنیسم (ی ڕۆژاوایی). کەوابوو، ڕوانگای «پێشکەوتنخواز»ی موفتی‌زادە بەرامبەر بە پرسی ژن کە لە ساڵەکانی یەکەمی دەیەی ١٩٦٠دا شکڵیان گرتوە، تەنانەت دەکرێ لە بەراوەرد لە گەڵ روانگاکانی بیرمەندانی ئایینی سەرەتای سەدەی بیستەم لە وڵاتی میسر وەک بۆ پاش چوونەوەیەک ببینرێت. هۆیەکی دیکە بۆ ئەمە ئەوەیە کە ئیسلامی چاکسازیخوازی موفتی‌زادە دیاردەیەکی ڕادیکاڵتر بۆ وێنە لەوەی قاسم ئەمین پێشکەش ناکات لە کاتێکدا کە ڕوانگاکانی ئەو لە گەڵ نەتەوەگەرێتی نائایینی و فێمینیسم لە ئیران جیاوازن. لێرەدا هیچ تایبەتمەندییەکی کوردانە لە ڕوانگاکانی ئەودا بەدی ناکرێت. «ژنان»لەو ڕەوایەتە مێژووییە کە عێزەتیار پێکی دەهێنێت، بۆ نیشاندنی لاوازبوونی پەیوەندی نێوان ئیسلامیسم و ناسنامەی کوردیی دەبێتە بەردی مەحەک بۆ پێوانی «پێشکەوتوویی»و «سکولاریسم».

ئەوە ئاساییە کە نەبوونی ئیفراتگەرایی ئایینی لە نێو کوردان لە کاتێکدا کە توندوتیژی ناوچەکەی گرتوە، سەرنجی کەسێک بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. ئەمە لە هەمان کاتدا داوامان لێ دەکات کە بەدوای هۆکارە مێژووییەکان بگەڕێین بۆ تەفسیری ئەو دیاردەیە. بەڵام بەوجۆرەی ئەزموونەکان دەریان خستوە، خوێندنەوەی مێژوو لە ئیستاوە بەرەو پاش و هەڵبژاردنی بەڵگەکان لە لایەن مێژووزانەوە بۆ سەلماندنی رەوایەتە مێژووییەکەی، هەوڵێکی سەرنەکوتوو دەبێت. لاوازبوونی پێگەی ڕێبەری ئایینی لە بزووتنەوەی کوردیدا لە باشترین حاڵەتدا تەنها دەتوانێت وەک هۆیەک بۆ نەبوونی ئیفراتگەرایی ئایینی چاوی لێ بکرێت. هەروەها، لەو جێگانەی وا ناسنامەی نەتەوایەتی پێش ناسنامەی ئایینی کەوتوە، ئەنجامەکان داییمە گەشەکردنی «نامەیلی»بۆ ئیفراتگەرایی نەبوە. جیهانی عەرەب بە ژمارەیک دەوڵەت-میللەتی نوێوە پێناسە دەکرێت کە بێ هەبوونی ناسنامەیەکی پتەوەی عەرەبی بوونیان نەدەبوو. بەلام، ئەو جیهانە هەروەها بە گەلێک بزووتنەوەی ئایینیشەوە دەناسرێت کە لە پێشدا بەرەنگاریی بەرامبەر بە داگیرکاریی دەرەکی و دواتر کاردانەوە‌بوون بەرامبەر بە نوێسازیی ڕۆژاوایی دەوڵەتان. ئیفراتگەرایی داییمە ئەو بزووتنەوانەی پێناسە نەکردوە. بۆ وێنە ئەخوانەالموسلمین لە ڕەوتێکی تێکەڵ بە داگیرکاریی و پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ لە میسر سەری هەڵدا و لە جەرگەی نوێسازی ئەو وڵاتەدا گەشەی کرد و گەلێک ئاڵوگۆڕی بەخۆیەوە بینیوە. شکڵ و ئامانجەکانی ئەو بزووتنەوەیە گەلێک جار گۆڕانی بەخۆیەوە بینیی. حەسەن ئەلبەنا دامەزرێنەرێکی ئەو بزووتنەوەیە و سەید قوتب ڕێبەرێکی دواتری ئەخوانەلموسلمین وەکوو یەک نەبوون لە بەر ئەوەی بەستێن و گرفتەکانیان جیاواز بوو. ئەحمەد موفتی‌زادە کەوتە ژێر کاریگەریی بیروبۆچوونەکانی قوتب، خاڵێکی گرینگ کە کتێبەکە لە بیری دەکات. گرینگە لە بەر ئەوەی گریمانەی لاوازبوونی ئیسلامیسم و ناسنامەی نەتەوایەتی کوردیی لە ڕەوتی پێش‌چوونی میژوودا پووچەڵ دەکاتەوە چوونکوو مەیل بۆ بۆچوونەکانی کەسی وەک قوتب کە بانگەوازی حکوومەتی ئیسلامی دەکرد، لە سەردەمی دواتری ژیانی موفتی‌زادە ڕوو دەدات کە موفتی‌زادە دەبێتە خاوەن مەیلێکی زۆرتر بۆ ئیسلامی سیاسی.

کەوابوو ئاستی چالاکیی سیاسی و «ئیفراتگەرایی»بزووتنەوەکان و کەسایەتییەکان لە جەرگەی پڕۆسەیەکی زیندووی مێژوویی دیاری دەکرێت کە لەوێدا گەلێک هۆکاری جۆربەجۆر ئەو بزووتنەوە و کەسایەتییانە تووشی ئاڵوگۆڕ دەکات. ئیسلامی سیاسی هاوچەرخ و دروشمی حکوومەتی ئیسلامی ئاکامی نوێسازی سەرکوتگەرانەی دەوڵەتانی نوێیە کە هەروەها لە لایەن تێگەیشتنێکی هەڵەی سکولاریسم ڕێنوێنی کراون. ئایا نابێ مێژووزان هەروەها لەمەش سەری سووڕ بمێنێت کە بۆچی «سکولاریسم»ی جەمال عەبدولناسر و حەمە ڕەزا شای پەهلەوی بەدوای خۆیاندا بە تەرتیب ئەخوانێکی ڕادیکاڵتر و حکومەتێکی ئیسلامییان بەدی هێنا نەک چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی دیمۆکراتیک و «سکولار»تر؟ چ هه‌لومەرجێک حەز بۆ ڕادیکاڵبوونەوە، جا ئایینی بێت یان نەتەوایەتی، زیاد دەکات؟ ئایا نابێ ئێمە سەرنج بدەینە  بەرنامەی سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئابووری دەوڵەتانی نوێ لە سەدەی بیستەمدا؟ ئێران نموونەیەکی ئەو دەوڵەتانەیە. هەر وەک سامی زوبەیدا دەڵێت ـ سەرچاوەی وەها لە لایەن کتێبەکەوە بە قازانجی کەسانی وەک ساموێل هانتینگتۆن لە بەرچاو نەگیراوه ـ لە پێکهاتی ئایدیۆلۆژیی ڕاپەڕینی ئیسلامی ئێران، بۆ وێنە وەک ئەوەی ویلایەتی فەقیە،

کارکردی ڕێبەرایەتی و ڕۆڵی سیاسی دەدرێتە فەقیە (لەم نموونەدا خومەینی) […] کە کردەوەیەکی پێشتر نەناسراوە لە نەریتی شێعەدا کە دەوڵەت و کۆمەڵگای ئایینی لە یەکتر جیا کردوەتەوە […] بیری شێعەی دوازدە‌ئیمامی هەر لە سەردەمی ئیمامی شەشەم جەعفەر ئەلسادق، ئیمامەتی لە سیاسەت جیاکردوەتەوە لە خزمەت چەمکی فەلسەفی و عارفانەدا. دیارە چەندین جار لە جەرگەی سەدەکان و لە پەیوەندی لە گەڵ هەلومەرجی دیاریکراودا، لادان لەو تێگەیشتنە ڕووی داوە. لادانی خومەینی[…] کە فەقیە کردە میر و پاشایەتی ڕەت کردەوە، لادانێکی باوەڕپێکراوتر، ئەگەر نە چاوەڕوان‌نەکراو، بوو لە بەستێنی دەوڵەت-میللەتی نوێدا کە خەڵکی موسوڵمان هەم وەک میللەت و هەم وەک بکەری مێژوویی دەسەڵاتی ئیسلام و تەنها نوێنەری عیدالەت و دانشی ئیسلامیی واتە فەقیە‌یان هەڵبژارد (تەکید زیاد کراوە).[32]

ئەمە خاڵێکی سەرنجڕاکێشە کە هەڵبژاردنی چەمکی «کۆمار»یش بە هەمان شێوە بێ‌وێنە بوو.[33]

بەمجۆرە دەردەکەویت کە پەیوەندی نێوان ئیسلامیسم و ناسنامەی کوردیی دەبێ لە بەستێنی گەشەی دەوڵەت-نەتەوەکاندا تاووتوێ بکرێت. بەڵام وەک خاڵێکی گرینگ دەبێ ئاماژە بەوە بکەین کە ڕەوتی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، ئابووریی و کوڵتووریی لەو وڵاتانەدا کە کوردی تێدا ژیاوە دەقاودەق وەک یەک ڕووی نەداوە. بۆ ئەوەی خۆمان لە بۆچوونێکی یەکجۆرپێناسەکردنی هەموو کۆمەڵگا کوردییەکان بپارێزین، هەر کام لەو وڵاتانە دەبێ بە جیاواز لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت.

ئەمە وا دەکات کە هەوڵ بدەین وێنەیەکی بەرینتری مێژوویی پێک بهێنین تا هۆکارەکانی بەوجۆرەی دەوترێت مەیلی بزووتنەوە کوردییەکان بۆ پێناسە‌کردنی خۆیان وەک سکولار و پێشکەوتنخواز ڕوون بکەینەوە. بەهەمان ڕادە گرینگ ئەوەیە کە بۆمان دەربکەوێت کە ئایا ئەو گریمانەیە لە جیی خۆیدایە؟ ناسنامەی کوردیی لانیکەم لە ڕیزی هۆکارە سەرەکییەکان جێگا ناگرێت. وەک نموونەیەکی دیکە بۆ زەق کردنەوەی هۆکاری مێژوویی دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە کەمایەتییە دینییەکان، بۆ وێنە کورد لە ئێران و یان شێعە لە سوریا، مەیلیان بەرە سکولاریسم (هەروەها بەمانای سەلماندنی ماڤی بەرامبەر بۆ هەموو دینەکان) دەچێ بۆ ئەوەی لە حکوومەتێک کە لە سەر یەک دین دانراوە، مافی ئایینەکانی دیکە پێشێل دەکرێت.[34] وەک هۆکارێکی دیکە، مێژووی ئێران لە سەدەی بیستەمدا گەلێک بزووتنەوە و چالاکیی بەخۆیەوە دەبینێت کە ئامانجیان سڕینەوەی هەڵاواردنی ئایینی، جینسی و نەتەوەیی بوە. ئەو بزووتنەوانە بە نەسڵێکی خوێندەوار، ڕێکخراوی چەپ و چالاکی ژن و پیاو، ڕووناکبیران و نووسەران و هتد پێناسە دەکرێن. بزووتنەوەی کورد لە کاتی شەڕی دووهەمی جیهانی بەملاوە داییمە لە باری بیروباوەڕ و بۆچوونەوە گۆڕانکاری تاقی کردوەتەوە و لە ژێر کاریگەری بزووتنەوەکان و شۆڕشەکانی دیکە لە ئاستی ئێران، ناوچەکە و جیهاندا بوون. لە ساڵەکانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠دا نەسڵێکی نوێ لە چالاکانی کورد سەریان هەڵدا کە بەرهەمی خوێندنی هاوچەرخ و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی سەردەمی خۆیان بوون. ئەحمەدی موفتی‌زادەش لەو نەسڵەدا جێگا دەگرێت. لە ڕاستیدا لەو سەردەمەدایە کە کاکڵەی ڕێکخراوەکانی دواتری کوردستان لە ئێران شکڵیان‌ گرت. وڵاتانی دیکەش کە کوردیان تێدا بوو کەم تا زۆر ڕەوتێکی بەهەمان شێوەیان تاقی کردەوە. ئەگەرچی خاڵە هاوبەشەکان لە نێوان کۆمەڵگا کوردییەکان زۆرن، ئەو کۆمەڵگانە لە ئاکامی هەڵسوکەوت لە گەڵ دەوڵەتانی خۆیان بۆ ماوەی نزیک بە یەک سەدە، بوونە خاوەن خاڵگەلێکی تایبەت بۆ خۆیشیان. شیکرنەوەی ئەو خاڵە لە تاقەتی ئەم وتارەدا نییە. بەڵام پێویستە جەخت لە سەر «بایەخی کۆمەڵایەتی هاوبەش»ی کورد و باقی کۆمەڵگاکانی جێگیر لە ئێران بکەین کە لەو ڕەوتە مێژووییەدا پێک هاتون. ئەمه‌ پرسیارێکی زۆر گرینگ پێک دەهێنێت: ئێمە دەبێ چۆن لە بەرامبەر ئەو بایەخە هاوبەشانەدا هەڵسوکەوت بکەین؟ بە کورتی دەتوانین بڵێین کە کۆمەڵگای کوردەواریی لە ئێران سێنتێزی  بەرەنگاری فەرهەنگی خۆی وەک کورد لە دژی هاوشێوەکردنی پێناسە قەومییەکان لە لایەن نوێسازی ئێران (یا لە دژی هێژمۆنی فەرهەنگی فارس) و  تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ئەو کۆمەڵگا لە گەڵ کۆمەڵگاکانی دیکەی ئێرانە. پێویستە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە بکەین کە کۆمەڵگاکانی دیکەی ئێران وا نییە کە خاوەن نامەیلی بۆ ئیفراتگەرایی ئایینی نەبن و هیچ بایەخێکی کۆمەڵایەتی هاوبەشیان لە گەڵ کوردەکان نەبێت. لە کاتێکدا کە پشتیوانی نێونەتەوەیی بۆ هەر دەوڵەتێکی تازە و دیمۆکراتیک پێویستە، یارمەتی دانی خەڵکانێک کە لە ماڤی خۆیان بێبەش کراون  بە مەبەستی پتەوکردنی دیمۆکراسی و بایەخە ئینسانییەکان پێویستە. ئەو خاڵە کۆمەڵایەتییە هاوبەشانەی نێوان کورد و خەڵکانی دیکە‌ی هاوسێ نابێ بکرێتە قوربانی سیاسەتی دەرەکی زلهێزانێک کە دەبێ هەرچی زۆرتر مل بۆ ڕێکخراوە شەرعییەکانی نێونەتەوەیی دابنەوێنن لە پێناو بەرگری لە شەڕ و پێکهێنانی ناسەقامگیری سیاسی لە ناوچەکەدا.

هەر وەک لە سەرترەوە ئاماژەمان پێ دا، مەیلێکی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی ئاستی گەشەی وڵاتێکی «ناپێشکەوتوو»بە پێوەری «ژن»دیاری بکات. گوتاری گەشە (توسعە) کە بەدوای شەڕی دووهەمی جیهانی پەرەی سەند، «ژن»ی وەک شێی (ئۆبجێکت) وێنا کرد و کردییە کاتەگۆرییەک.[35] نوێسازی ڕۆژاوایی تێگەیشتنێکی لە وڵاتانی ناڕۆژاوایی کردە باو کە پەیوەندییەکی نزیکی لە نیوان «ژن»لە لایەک و «سکولاریسم»و «نوێ‌کردنەوە (مۆدێرنیزاسیۆن)» لە لایەکی دیکە پێک دەهێنا. لەو تێگەیشتنەدا، «سکولاریسم»بە هەڵە وەک بەشێکی جیانەکراوە لە «نوێکردنەوە»دەبینرا نەک وەک جیاوازیی لە نێوان دەوڵەت و مزگەوت یان وەک هەوڵێک بۆ پێکهێنانی تاکی ڕەخنەگر. ئەو لێک گرێدانە وەک پێداویستییەک بۆ «گواستنەوە»بۆ «مۆدێڕن»واتە هاوچەرخ/نوێ دەبینرا. لەم پەیوەندییەدا، بەرنامەی دەوڵەت بۆ گەشە ڕواڵەتێکی ڕۆژاوایی لە ژن پێک هێنا. ئەمە ئەو شتە بوو کە لە ئێرانیش ڕووی دا، ئەگەرچی گەشەی پێگەی کۆمەڵایەتی ژن لەو وڵاتە ئاکامی گەلێک هۆکاری وەک خوێندنی هاوچەرخ، یاساکانی پەیوەندیدار بە ژن لە کۆمەڵگا و بنەماڵە، و خەباتی ڕێکخراوەکانی ژنان بوو کە بزووتنەوەیەکی بەربڵاویان بە ناوی نێهزەتی ژنان بەڕێوە دەبرد. زۆرێک لە ڕێکخراو و کۆمەڵی ژنان ئەو نێهزەتەیان لە ساڵەکانی ١٩٦٠دا ڕێبەری دەکرد.[36] بە هاتنی کۆتایی ساڵەکانی ١٩٧٠، کۆمەڵگای ئێران و هەروەها کۆمەڵگای کوردستان لەو وڵاتە ئاڵۆگۆڕێکی جیدییان لە نیزامی جینسیی کۆمەڵگادا تاقی کردبوەوە و هەروەها ببوونە خاوەن نەسڵێکی نوێ لە ژنان. گۆڕانی نیزامی جینسی لە کۆمەڵگای کوردستان و ئەو جۆرەی ژنان لەو کۆمەڵگادا گۆڕانییان بەخۆیانەوە بینی، ئاکامی ئەو گۆرانکارییە کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگیانە بوو کە لە ئاستێکی بەرینتر لە ئێراندا ڕوویان دەدا.  چالاکیی ژنان دەورێکی گرینگی لەو گۆڕانکارییانە وا پەیوەندی بە پیگەی ژنەوە هەبوو گێڕا و کەوابوو تایبەتمەندی پێناسەی کوردیی وەک هۆیەک بۆ ڕواڵەتی نوێی ژنان لانیکەم لەدواترەوە جێگا دەگرێت. دەبێ سەرنج بدەینە ئەو خاڵە گرینگەش کە لێکۆڵینەوەیەک بۆ بەراوەردکردنی ئاستی کۆمەڵایەتی ژنانی کورد بۆ وێنە لە ئێران و عێراق دەبێ گەلێک جیاوازی گرینگ دەربخەن، ئەگەرچی هەردوو کۆمەڵگاکە کوردن؛ لێرەدا لێکدانەوەیەکی دیکە بۆ ئەو جیاوازییانە جیا لە تێڕامان لە ڕەوتە جیاوازەکان لە دەوڵەتە نوێکاندا بەدی ناکرێت.

کەوابوو پەیوەندی نێوان ناسنامەی نەتەوایەتی و ناسنامەی ئایینی و لەم پەیوەندییەدا پرسی «ژن»دەبێ لە ڕووناکیی گەلێک هۆکاری مێژوویی و لە جەرگەی ڕەوتێکی مێژووییدا تاووتوێ بکرێت. لە ئێستادا «نامەیلی کورد بۆ ئیفراتگەرایی»وەک دیاردەیەکی مێژوویی خۆی دەنوێنێت. کەچی بە شیکردنەوەیەکی کورتی وەک سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە کێشەکان قووڵتر لەوەن وا خۆیان دەردەخەن. ئەو جۆرەی دیاردەکان خۆیان دەردەخەن و ئێمە بەهیواین هەر ئەو جۆرە بێت کە ئێمە دەمانهەوێ دەربکەون، هەر ئەو شتە نین کە ڕەوتە مێژووییەکان نوێنەرایەتی و پێناسەیان دەکەن.

ئەحمەد موفتی‌زادە قوربانی ڕەوایەتێکی مێژوویی

کتێبی ئاخرین موفتی کوردستان ڕۆڵێکی ناوەند دەداتە ئەحمەد موفتی‌زادە بۆ سەلماندنی گریمانەی نامەیلی کوردەکان بۆ ئیفراتگەرایی ئایینی و لە بەر ئەوەی پێش‌بینی داهاتوویەکی ئاڵۆزتر لە ناوچەکەدا دەکات، بانگەوازی ناساندنی کورد وەک هاوپەیمانی سرووشتی ڕۆژاوا دەکات ـ ئەم ڕۆڵە بۆ کورد هەر ئێستا لە بەر ئاکامی گشت‌پرسییەکی هەرێم لە سێپتامبری ٢٠١٧دا بایەخی خۆی لە کیس داوە! لەوانەیە بێ ئەوەی کتێبەکە خۆی هەستی پێ کردبێت، قوربانی‌کردنی موفتی‌زادە لە مێژوودا هەمیسان ڕوو دەداتەوە و لەو ڕەوایەتە مێژووییە بۆ سەلماندنی سیاسەتی ئێستا جێگایەکی مێژوویی شایان لەو زەوت دەکرێت. بە پێچەوانەی خوێندنەوەی کتێبەکە، ئەم وتارە لای وایە کە ئەحمەد موفتی‌زادە نوێنەرایەتی کوردایەتییەکی ئایینی دەکات کە هاوکات کاردانەوەیەکیش بوو لە بەرامبەر هاوجۆرکردنی فەرهەنگی گەلانی ئێران و بەرامبەر بەڕۆژاوایی‌کردنی
فەرهەنگ.[37] دیارە ئەمە لە ئاستێکی زۆر کەمتر لەوەی لە ئاستی ئێراندا رووی دەدا. دوو لایەن واتە هاوجۆرکردنی فەرهەنگیی و بەڕۆژاوایی کردنی فەرهەنگ ئاکامەکانی گۆڕانکاریی فەرهەنگی نوێسازیی ئێران پێک دەهێنن، نوێسازییەک کە لە ساڵەکانی دەیەی ١٩٦٠ و دەیەی ١٩٧٠دا یەکجار خێراتر بوەوە. بۆ ئەوەی ئەم باسە زۆرتر بکەمەوە، لە پێشدا ئاماژەیەک دەکەم بە سرشتی ڕاپەڕینی ١٩٧٩ی ئێران بۆ ئەوەی بزانین چەندە ئەو ڕاپەرینە ئیسلامی بوو. ئەمە یارمەتیمان دەکات کە ئاماژە بەو زەمینە مێژووییانە بکەین کە تیشک دەخەنە سەر باس و ئیدیعاکەی ئێمە، زەمینەگەلێک کە بەتەواوی جیاوازن لەوەی کتێبەکە پشتی پێ بەستوە.

مشتومڕ لە سەر سرشتی ڕاپەڕینی ئێران و ئەوەیکە ئایا ئەو ڕاپەڕینە ئیسلامیی بوو یان نە، درێژەی هەیە. لانیکەم هاودەنگییەک لەمەدا بەدی دەکرێت کە لایەنی ئیسلامی وردە وەردە کەوتە پێش لایەنەکانی دیکەی نائایینی و لیبڕاڵ لە ڕاپەڕینەکەدا. لێکۆڵینەوە لە سەر ئەم پرسیارە بەتەواوی پەیوەندی هەیە بە دەوری ئەحمەد موفتی‌زادە لە چالاکیی سیاسیی و ئایینی ئەو سەردەمەدا.

بە پێچەوانەی گوتارێک کە لە بیرکردنەوەی چەپ و لایەنگرانی سەڵتەنەتدا زۆر دەبینرێت، ڕاپەڕینی ئێران نە ڕووداوێکی بەهەڵکەوتی مێژوویی و نە ئاکامی سیاسەتی ئەو زلهێزانە بوو کە گوایا لە ماوەیەکی زۆر کورتدا پیاوێکی نەناسراو (واتە خومەینی)یان کردە کەسایەتییەکی بەناوبانگ. ئەو ڕاپەڕینە هەروەها ئاکامێکی لێ‌دەربازنەبووی نوێسازی لە ئێران نەبوو. ئەگەرەکان و هۆکاری دەرەکی بێ‌گومان دەوری خۆیان لە مێژوودا دەگێڕێن. بەڵام لە پەیوەندی لەگەڵ باسەکەی ئێمە سەبارەت بە ڕاپەڕینی ئێران و بە یارمەتی بیرتیژیی گرامشی ئێمە دەبێ سەرنجێکی وردتر بدەینە چۆنییەتی دۆخی فەرهەنگ لە ماوەی پێش ئەو ڕووداوەدا لەبەرئەوەی لە ئاکامی ئەو دۆخە فەرهەنگییە لە ئێران ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلامی بوە خاوەن هێژمۆنی/سەروەریی کوڵتووریی و سیاسی.[38]

قبووڵنەکراو بۆ مێژوونووسینی لاساری چەپ و سەڵتەنەتخواز و لیبراڵ، ڕیشەی بەئیسلامی کردنی ڕاپەڕین لە هێژمۆنییەکی فەرهەنگیدایە کە ئۆپۆزیسیۆنی ئایینی سەڵتەنەت لە سەردەمی «ڕاپەڕینی سپی»(١٩٧٩-١٩٦٣) شای ئێرانەوە چنگی خستبوو. ئەو خاڵە سەرەکییەی وا ئامانجی ڕاپەڕینی سپی پێک دەهێنا گۆڕانی ئێران بۆ «شارستانییەتێکی مەزن»بوو لە ڕێگای گۆڕانکاری بنەڕەتیی ئابووریی-کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە. بە یارمەتی زیادبوونی داهاتی نەوت، ڕاپەڕینی سپی بناغەی ئابووریی و کۆمەڵایەتی وڵاتی ئێرانی ژێرەوژوور کرد و ڕواڵەتێکی فەرهەنگی نوێی پێ بەخشیی. سەرەڕای ئەمە، نوێسازی بەرامبەر بوو لە گەڵ گەشەیەکی سەرەڕۆیانە و بێ‌بەرنامەی ئابووریی و شارسازیی، «ڕۆژاوایی»کردنی فەرهەنگ لە ڕێگای وەرگرتنی شێوەیەکی ژیانی «ڕۆژاوایی»کە لە لایەن دەسگای ڕاگەیاندنی نوێی تەلەویزیۆن و سەنعەتی سینما نوێنەرایەتی دەکرا و سەرەنجام بەناوەندکردنی دەسەڵاتی سیاسی و سەرکوتی سیاسیی. لە ئەنجامدا نوێسازی بوە هۆی کۆچکردنی بەکۆمەڵی خەڵک لە لادێوە بۆ شار، پەرەسەندنی چینێکی کرێکاری کەم داهات و کرێکاری وەرزیی، و دەوڵەمەندکردنی بەشی سەرەوەی چینی ناوەند. ئەمانەش هەژاریی و گەڕەکی کەمداهات‌نشینی لە شارەکان پەرە پێدا، بۆشایی نێوان داهاتی چینەکانی گەورەتر کردەوە و گەندەڵی و خۆزلکردنەوەی سیاسیی و ماددیی پەرە پێدا. بەهەمان ڕادە گرنگ، ئێرانی دوای کودیتای ١٩٥٣ لە دژی دەوڵەتێکی هەڵبژێردراوی دیمۆکراتیک بەم خاڵانەوە پێناسە دەکرێت: ڕژیمێکی سەرکوتگەر و پۆلیسی نهێنی و نێوزڕاوی ساواک، بەرنامەکانی گرانخەرجی چەکدارانە و وێڵخەرجی زۆر زەق وەک بۆنەی ٢٥٠٠ساڵی یادی دامەزراندنی سەڵتەنەتی ئێران لە ساڵی ١٩٧١. لە بەر ئەو هۆیانەی سەرەوە، نوێسازی وڵاتی ئێرانی لە زۆر لایەنەوە گۆڕیی. بەڵام وەک خاڵێکی پەیوەندیدار بە باسەکەی ئێمەوە، هەمان نوێسازی هەروەها سرشتی نیهادی ئایینی شێعەی لە ئێران ئاڵوگۆڕ کرد.

لە ڕاستیدا لە هەمان ساڵەکانی یەکەمی ١٩٤٠ەوە، بزووتنەوەی ئیسلامی لە ئێران بە ڕادەیەکی بەرچاو خۆی دەگۆڕی بۆ هیزێکی شۆڕشگێر و سیاسیی کە لە ڕێبەرایەتی (و هەروەها چالاکانی شەڕئەنگیزی) ئەو بزووتنەوەدا خۆی دەنواند. ئەو چالاکانە دەستیان دایە «ڕۆژنامەگەریی و ڕێکخستنی سیاسی نهێنی و بۆنە ئایینییەکانیان وەک سەکۆیەکی سیاسیی [و سازکردنی] هاوکاریی لە نێوان کەسانی ئایینی چالاک و ڕووناکبیرانی وردە بورژوا».[40] هەروەها کۆمەڵە ئیسلامییەکان گەشەیان کرد و ژمارەی موجتەهیدیش زیادی کرد.[40] هەموو ئەمانە سەرەڕای هەبوونی ژمارەیەکی بەرچاوی ناوەندی ئایینی، مزگەوتی گەورە و بچووک، و مەدرەسە ئایینییەکان کە هەموویان لە لایەن ئەوقاف و باجی دینییەوە پشتگریی ماددی دەکران.[41] لە گەڵ ئەمەشدا، بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی ڕادیکاڵ لە ڕێگای تۆڕێکی بەرینی مزگەوت و ئەنجومەنە ئایینییەکانەوە ئەنجام دەدرا. چالاکان لە ناخی ئەو تۆڕەدا کاسێتی سیاسییان بڵاو دەکردەوە کە لە ناویاندا قسەوباسەکانی ئایەتۆڵلا خومەینیشی تێدا بوو،[42] و دەستیان دایە ڕێکخستنی کۆبوونەوە لە حوسەینییەکان. بەدوای مەرگی ئایەتۆڵلا بروجێردی کە مەرجەعی تەقلید لە ئێران بوو، خومەینی بوە ڕەخنەگرێکی دەنگبەرزی نوێسازی پەهلەویی. لە ئەنجامی ڕاپەڕینی خوێناوی ساڵی ١٩٦٣دا خومەینی لە ئێران دوور خرایەوە. لە هەمان کاتدا نیهادی ئایینی شێعە لە ناوەندێک بۆ ڕێنوێنی کردنی سەڵتەنەت گۆڕدرا بۆ نیهادێک لە دژی سەڵتەنەت خۆی، و دەستی دایە بانگەوازکردن بۆ حکوومەتێکی ئیسلامی. ئۆپۆزیسیۆنی ئایینی ئەگەرچی خێری لەوە دەبرد کە حکوومەتی شا بەرانبەریان نەرم و نیانتر دەجوڵایەوە لە بەراوەرد لە گەڵ سەرکوتکردنی توندوتیژی ئوپۆزیسیۆنی چەپ، دەستی دایە کەمپەینێکی خەستوخۆڵ بۆ تێوەگلاندنی کۆمەڵانی خەڵک لە سیاسەت لە رێگای کۆبوونەوە لە شوێنە ئایینییەکان وەک مزگەوت و حوسەینییە و لە ڕێگای بەکارهێنانی شێوەی ڕاگەیاندنی نوێی کاسێت بۆ بڵاوکردنەوەی بیروڕا. جیا لە خومەینی و کەسایەتییەکانی دیکە، چالاکییەکانی فیکریی و کرداریی عەلی شەریعەتی نوێنەرایەتییەکی گرینگی ئەو گۆڕانە فیکرییەی دەکرد. لەم رێگایەوە درووشمی حکوومەتی ئیسلامی کە لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئایینییەوە بانگەواز دەکرا، وەک بەدیلێکی سیاسیی بەهێز لە نێو بەشێکی زۆر لە کومەڵانی خەڵکدا خۆی جێ خست. ئەم ڕەوت و بەدیلە لە وڵاتانی دیکەشدا خۆی دەرخستبوو کە نموونەی زەقی لە میسر و ئەخوانەکان بە ڕیبەرایەتی سەید قوتب بوو. پێش ئەوەی هێزە ئایینییەکان دەسەڵاتی سیاسی لە ئیران بەدەستەوە بگرن، ئەوان لە پێشدا دڵ و مێشکی خەڵکیان بەدەست هێنا بوو؛ هێژمۆنی کوڵتووریان چنگ خستبوو.

کەوابوو، ئەو تێگەیشتنە گشتییە کە لە لایەن لێکۆڵینەوەیەکی ساکاری مێژووییەوە پشتگری دەکرێت و لای وایە کە لە سەرەتای ڕاپەڕیندا ڕادیۆی هیزە ئورووپاییەکان ئایەتۆڵلا خومەینییان کردە کەسێکی بەناوبانگ و جێگرێکی سرووشتی شای ئێران لە بەرامبەر لێکۆڵینەوەیەکی قووڵتری نوێسازی ئێران و ئاکامەکانی پێگەی خۆی لە کیس دەدات. ئەمە خاڵێکی زۆر گرینگە کە خاڵی دەسپێکەری هەر لێکۆڵینەوەیەک ئامانجی لێکۆڵینە دیاری دەکات و بۆمان دیاری دەکات بۆ چ بابەتێک بگەڕێین. بۆ وێنە ئەو بۆچوونەی کە ڕاپەڕینی سپی شای ئێران وەک سەردەمێکی «سکوولار» دەناسێنێت و هۆکارەکانی سەرهەڵدان و پێشڕەویی ئۆپۆزیسیۆنی ئایینی لە ناخی ئەو سەردەمەدا لە چاو ون دەکات، بۆچوونێکە کە خاوەن تێگەیشتنێکی جیاوازە لە چەمکەکانی سکولاریسم و نوێسازیی لە بەرامبەر ئەو بۆچوونەوەی وا خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی نوێسازیی وەک تێپەڕبوون بۆ «بەنوێ/هاوچەرخ بوون»و سکولاریسم وەک بەشێکی حەیاتیی ئەو نوێسازیە دەبینێت.[43]

ئەو باسەی سەرەوە بەو مانا نییە کە هۆکاری دیکە بۆ خۆشکردنی ڕێگای دەسەڵات بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئایینی لە ئارادا نەبوو. لێرەدایە کە ئەگەرە مێژووییەکان لە بەرامبەر «قانوونەکانی مێژوو»زەق دەبێتەوە. ڕۆڵگێڕانیش دەوری گرینگیان هەیە. بۆ وێنە، لە کاتی ڕاپەڕیندا ڕادیکاڵەکانی هێزی ئایینیی ڕاپەڕین کە بێ ئەمما و ئەگەر خوازیاری حکوومەتێکی ئیسلامی بوون، دەبوایە هێزی لیبراڵی ئایینی کە بە کەسانی وەک سەرۆک وەزیران مێهدی بازەرگان و نێهزەتی ئازادییەکەی دەناسرا، بۆ ئەو مەبەستە پەڕاوێز بخەن. کۆماری ئیسلامی لە بەهاری ١٩٧٩دا لە لایەن زۆربەی خەڵکی ئێرانەوە دەنگی پێ درا بوو بەڵام ڕژیمی نوێ هێشتا پێویست بوو کە جێ پێی خۆی قایم بکات. سەرەنجام بەدوای وازهێنانی بازەرگان لە پۆستی سەرۆک وەزیران و داگیرکردنی سەفارەتخانەی ئامریکا لە تاران لە پاییزی ١٩٧٩دا، دەسەڵات بە قازانجی ڕادیکاڵەکان یەک لایەنەتر کرایەوە. ڕووداوگەلێکی گرینگتری دیکەش لە بەهاری ١٩٨٠دا پێگەی دەسەڵاتی قایمتر کرد.

دیاردەی ئەحمەد موفتی‌زادە

ئەحمەد موفتی‌زادە بەرهەمی سەردەمێکی زۆر سەرنجڕاکێشە لە مێژووی ئێراندا. ئەو مۆری خۆی لەو مێژووە کوتا دیارە لە ناخی هەلوومەرجێک کە لە ڕابردوەوە بە میرات گەیشتبوو. لەم بەشەدا هەم هەوڵ دەدرێت ڕۆڵی مێژوویی ئەو شیی بکرێتەوە هەم نیشان بدرێت کە ئیسلامەکەی ئەو ئیسلامێکی ناچالاک (واتە پاسیڤ) نابێ چاو لێ بکرێت. ئیسلامەکەی ئەو ئیسلامێکی سیاسییە بە پێناسەکانی خۆیەوە کە بەرهەمی سەردەمێکی دیاریکراوە لە مێژووی ئێراندا. بەوجۆرەی کە لە کتێبەکەی عێزەتیاردا دەردەکەوێت، موفتی‌زادە لە کۆشی خێزانێکی بەرجەستەدا گەورە دەبێت. باوەگەورەی ئەو لە لایەن ناسرئەدین شای قاجار (١٨٩٧-١٨٤٨) وەک موفتی کوردستانی قاجار دیاری دەکرێت. موفتی لەقەبێک بوو کە کەسایەتییەکی زانای ئایینی دەکردە مەرجەعێک بۆ تەفسیری شەرع. لەقەبێکی دیکە لەم پەیوەندیەدا قادی بوو کە ئەرکی بەڕێوەبردنی یاسای شەرعی لە سەر شان دەکەوت. بە پێی ئەو نەقڵانەی گێڕاونەتەوە، کتێبەکە دەڵێ کە وەزیرانی شا بەدوای کەسایەتییەکی زانای سونەدا دەگەڕان بۆ ئەوەی لە لایەن ناسرئەدین شاوە سەبارەت بە چەند گرفتێکی دینی ڕاوێژکاری لە گەڵ بکرێت. ئەو گەڕانە بەو مانا بوە کە زانایایەکی وەها هێشتا نەناسرابوو.[44] بەڵام ناوبانگی عەبدوڵا دیشی باوەگەوەری ئەحمەد موفتی‌زادە سەرەنجام سەرنجی وەزیرەکانی ڕاکێشا و ئەوان بەمجۆرە زانای خۆیان دۆزییەوە. دەبێ ئەوە بوترێت کە ئەگەرچی لەوانەیە دیشی لە ناوچەکەی خۆیدا ناوبانگی هەبووبێ، بەڵام ئیدیعای ئەوەیکە زانایەکی وا لەو سەردەمەدا نەناسراوە دەکرێ گومانی لە سەر بکرێت لەبەرئەوەی ناوچەکانی کوردستان لە ژێر هەردوو حکوومەتی قاجار و عوسمانیدا داییمە کەسایەتی دیاری ئایینییان لێ کەوتوەتەوە ـ لایەنێکی دیکە گەشەی مەدرسە ئایینییەکان بوو لە سەدەی هەژدە و نۆزدەهەمدا. هەروەها کەسایەتی وەک ئایەتۆڵا مەردووخ کوردستانی خۆی لە بنەماڵەیەکی وەهاوە دەرکەوتوە. لە هەرحاڵدا عەبدوڵا دیشی لە کۆبوونەوەکەی لە گەڵ ناسرئەدین شا کاریگەرییەکی زۆری لە سەر شا دەبێت بەجۆرێک کە نازناوی «موفتی سونەکانی ئێرانی پێ دەبەخشرێت. لەو کاتەوە (دەورووبەری ١٨٩٥) عەبدوڵا دیشی دەبێتە مەلا عەبدوڵا موفتی و یەکەمین موفتی سونەکان لە  ئێران».[45] چەندە ئەو داستانە ڕووی داوە دەکرێ گومانی لە سەر بێت لە بەرئەوەی نووسەر هیچ بەڵگەیەک پێشکەش ناکات. نووسەر تەنها ئاماژە بە نووسراوەیەک دەکات کە «بەخشین و بیرخستنەوەی نیشانەی موفتی»یە کە لە سالێ ١٩٠٧ لە لایەن ئەحمەد شای قاجاڕەوە (شا لە نێوان١٩٢٥-١٩٠٥) ئیمزا کراوە. سەرەڕای ئەمە، نیهادی موفتی لە کوردستانی ئێران و بەتایبەت لە شاری سنە وەردە وەردە جێ دەگرێت و لە لایەن خەڵکەوە ڕێزی لێ دەگیرێت. کوڕی عەبدوڵا دیشی واتە باوکی ئەحمەد موفتی‌زادە بەدوای مردنی باوکی جێگای ئەو دەگرێتەوە و دەبێتە کەسایەتیەک بە تێگەیشتنێکی زۆر لە بواری دیندا.[46] «مەولانا مەحموود [باوکی ئەحمەد] کە سەردەمی موفتی‌بوونەکەی درێژترین ماوە بوە لە مێژووی سونە لە ئێران و کوردستان بە گشتی، بە سەر مزگەوتی دارولئێحساندا ڕادەگەیشت لە سەردەمی هەوڵە بەرزیخوازەکانی نوێسازیی بنەماڵەی پەهلەویدا».[47] ئەگەرچی نووسەر باسی ئەوە ناکات کە بۆچی ئاماژە بە سەردەمی نوێسازی لێرەدا گرینگە، بەڵام لەوانەیە بێ ئەوەی خۆی بزانێت باسی جیاوازی سەردەمی مەولانا و سەردەمی ئەحمەد موفتی‌زادە دەکات کە لە بەر دوو بەستێنی جیاواز بۆچوونە سیاسییەکانیان لە گەڵ یەکتر جیاواز بوون. سەردەمی ئەحمەد موفتی‌زادە هاوکات بوو لە گەڵ گۆرانکاری بنەڕەتیی فەرهەنگی و فیکریی. هەر وەک عێزەتیار دەڵێت:

وا دەوترێت کە مەولانا مەحموود خاوەن پەیوەندییەکی بێ‌لایەنگرانە و تا ئەو جێگا بە بابەتە دینییەکان دەگەڕێتەوە خاوەن پەیوەندییەکی دۆستانە لە گەڵ حکوومەتی ناوەندیدا بوو. ئەو خۆی وەک بەشدارێکی چالاکی سیاسی نەدەبینی و لێرەدا هیچ بەڵگەیەکی قایمیش نییە کە بیسەلمێنێت  کە ئەو ئەندامێکی سیاسیکراوی عولەماکان بوە […] بەڵام نموونەگەلێک هەن کە ئاماژە بە ڕادەیەک توانایی سیاسی و هەستی نەتەوایەتی ئەو دەکەن. ئەمە هەم ئاکامی تێگەیشتنی فەرهەنگی کوردایەتی ئەو و هەم ئەو باوەڕە بوو کە دەسەڵاتی موفتی لە پێش هەموو شتێکدا ئایینییە و بە تەواوەتی لە سەرۆکی وڵاتەوە سەرچاوەی نەگرتوە.[48]

ئێستا دەتوانین بچینە سەر بابەتی ئۆپۆزیسیۆنی ئایینی لە کوردستان لە سەردەمی نوێسازیدا. گەشەی ئەو بزووتنەوەیە لە ئێران کە لە سەرترەوە ئاماژەمان پێدا بە تەواوەتی لە گەڵ کوردستان نایێتەوە کە پەیڕەوی لقێکی دیکە لە ئایینی ئیسلامە و سەرقاڵی بەرەنگاری فەرهەنگی کوردایەتی لە دژی سەرکوتی قەومی و فەرهەنگی دەوڵەتی نوێ بوو. جیاوازییەکان لەم هۆکارە ئایینی و فەرهەنگییانەی ژێرەوە سەرچاوەیان دەگرت. نوێسازی ڕۆژاواییانەی ئێران مەترسییەک بوو بۆ فەرهەنگی فارس کە لە باری ئایینییەوە لە گەڵ ئیسلامێکی شێعەدا دەناسرایەوە کە بە درێژایی چەندین سەدە بە شێوەی هەرێمی لە لایەن نیهادێکی دەسەڵاتدار نوێنەرایەتی دەکرا. لانیکەم لایەنێکی گرینگ لەو نیهادە ڕووی کردە تێکۆشانی سیاسی بە مەبەستی بەدەست هێنانی دەسەڵاتی سیاسی. ڕوودانی ئەمە لە ناخی نوێسازی ئێراندا هۆکارێکی گرینگ بوو بۆ ئەو نیهادە کە دابڕانێکی فیکریی تاقی بکاتەوە واتە بێتە سەر ئەو قەناعەتە کە لە ڕێگای دەستبردن بۆ خەباتی سیاسی بۆ دەسەڵاتی سیاسی هەوڵ بدات. لە هەمان کاتدا ئاستی گۆڕانکاریی فەرهەنگی لە ناوەندی ئێران یان لە شارە گەورەکان یەکجار بنەڕەتی تر بوو هەتا ناوچەیەکی وەک کوردستان. کەوابوو، لایەنەکانی گرینگی فەرهەنگی و ئایینی کوردایەتی لەمپەرێکی بەهێز بوون لە بەرامبەر کاریگەری بزووتنەوەی ئایینی ئێران لە سەر کومەڵگای کوردستان. ئەو جیاوازییە لە بەر کاریگەری ئاڵوگۆڕە فیکرییەکانی سەردەم زەقتریش دەبوونەوە. بۆ وێنە بەشێکی بەرچاوی نەسڵی خوێندکاری نوێی کورد لە ساڵەکانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ بەرەو جیهان‌بینی کۆمەلایەتی (سوسیالیستی) و پیشکەوتنخواز مەیلیان هەبوو و سەرنجیان بۆ جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان رادەکێشرا. هاوکات لە گەڵ دەورهەڵگرتنی نوێسازی ئابووری ـ کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، ڕەخنەگرانی فەرهەنگی[49] لە دژی ڕۆژاوایی کردن و ڕەخنەگرانی کۆمەڵایەتی[50] لە دژی نوێسازییەکی نابەرابەر گەشەیان کرد کە ڕەنگدانەوەی ئاڵوگۆڕە فیکرییەکانی سەردەم بوون. چالاکانی کورد زۆرتر بە لای دووهەمدا شکانەوە کە ڕەخنەکان و بیرۆکەکانیان دواتر بوونە پێناسەی حیزبە نوێ کوردییەکان لە کاتی ڕاپەڕیندا، ئەو حیزبانەی وا گەشەی جەماوەریان بەرامبەر بوو لە گەڵ دابەزینی هێزی کۆمەڵایەتی موفتی‌زادەدا لە بەر ئەو هۆکارانەی وا دواتر ئاماژەیان پێ دەکەین.

بەڵام ئەو لێکۆڵینەوەی سەرەوە بەو مانا نییە کە هیچ بزووتنەوەیەکی ئایینی لە کوردستان لە سەردەمی ڕاپەڕینی سپیدا لە ئارادا نەبوو. بە پێچوانە ئەمە خاڵێکە کە لە لایەن توێژینەوەکان و یان بیرەوەرییەکانی پەیوەندیدار بەو سەردەمەوە لە بەرچاو نەگیراون. نوێسازی لە ئاکامدا مەیلێکی سیاسی و ئایینی لە کوردستاندا پێک هێنا کە بە ئەحمەد موفتی‌زادەدا دەناسرێتەوە، کەسایەتییەک کە لە سەردەمی ڕاپەڕینی ئێراندا بوو بە نوێنەری با بڵێین کوردایەتییەکی ئایینی. هەروەک لە سەرترەوە ئاماژەی پێ درا، ئەحمەد موفتی‌زادە لە بنەماڵەیەکی موفتیدا لە دایک بوو کە ببوونە خاوەن پێگە و لایەنگرانی خۆیان. هەر دوو باوە گەورە و باوکی ئەحمەد موفتی‌زادە لە شاری سنە دادەنیشتن و شوێنی کاری ئایینیشیان مزگەوتی بەناوبانگی دارولئێحسان بوو. بەزوویی بۆمان دەرەکەوێت کە ئەو شارە بۆچی لە ژیانی ئەودا گرینگی وەردەگرێت. لە سەرەتاکانی ١٩٦٠دا ئەحمەد لە گەڵ باوکی بۆ تاران دەچێت کە لە بەشی ئێلاهیاتی زانکۆی تاران دەست بە دەرس وتنەوە دەکات. ئەحمەدیش ئەو هەلەی بۆ پەیدا دەبێت کە بەدوای نەخۆشکەوتنی باوکی دەرسیش بڵێتەوە. هەروەک باوکی ئەحمەد موفتی‌زادە، لە نێو مامۆستایانی سونی مەزەبی دیکە لەو زانکۆیە حاجی عەبدولڕەحمان ئاغای موهتەدیش هەبوە کە کەسایەتیەکی دیاری سەردەمی کۆماری مەهاباد و گەورەبووی بنەماڵەیەکی ئاغاوات بوو. حاجی عەبدولرەحمان ئاغا کاریگەرییەکی زۆر لە سەر کوردایەتی نەسڵی ئەو سەردەمەی خوێندکارانی کورد دادەنێ.[51] لە درێژەدا ئەحمەد موفتی‌زادە دەبێتە میوانێکی داییمی ماڵی عەبدولرەحمان ئاغا لە تاران لە بەر ئەوەی ئەو ماڵە شوێنێک بوە بۆ کۆبوونەوەی بەردەوام سەبارەت بە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردیی. ئەو کاتەی ئەحمەد موفتی‌زادە بوو بە زاوای حاجی عەبدولڕەحمان ئاغا لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٧٠دا، ئیتر  ئەو دەمێک بوو وەک چالاکێکی هەڵسوڕاو بۆ داکۆکی‌کردن لە مافی سیاسی و فەرهەنگی و ئایینی کورد دەناسرا. یەکێک لە کارە دیارەکانی ئەو سەردەمەی ئەو نەسڵە کۆبوونەوە لە دەوەر «یەکیەتی خوێندکارانی کورد»لە تاران بوو.

چالاکیی سیاسی ئەحمەد موفتی‌زادە لانیکەم بۆ سەرەتای ساڵەکانی ١٩٦٠ دەگەرێتەوە. لەو ماوەدا لە گەڵ ژمارەیەکی دیکە لە چالاکانی کورد زیندانی کرا. هەر لەو ساڵانەدا ئەحمەد موفتی‌زادە خۆی لە نیهادی موفتی جیا دەکاتەوە لە بەر ئەوەی پێی وا بوو کە ئەو نیهادە «شەرعییەتی خۆی لە شاوە وەردەگرێت».[52] بەڵام وا دیارە کە هۆکاری دیکەی فیکریش لەو بڕیارە دەوری هەبووبێت. ئەمە خاڵێکە کە عزەتیار لە بەر چاوی نەگرتوە. هەروەک هاوڕێکانی سەردەمی یەکیەتی قوتابیانی کورد و زانکۆی ئێلاهیات باسی دەکەن، لەو ساڵانەدا ئەحمەد موفتی‌زادە سەرنجی بۆ لای بیرۆکەی ئیسلامی سیاسی سەید قوتب ڕاکێشراوە و لە هەمان کاتدا باسی لایەنی «زانستیی»قورئان دەکرد و لای وا بوو کە سونە دەبێ خۆی لە وەهابییەتدا ببینێتەوە.[53] لە بەر ئەوە «ئیتر مەلایەتی وەلا نا و جلی مەلایەتییەکەشی لابرد و کۆت و شەلواری لە بەر کرد و ژیانێکی سادەی هەڵبژارد».[54] بە پێی مێژوویی زاراوە هەر لەو سەردەمەدا بوو کە دابڕانێکی گەورە لە ئایدیۆلۆژییا و ڕیکخراوەدا لە نێوان ئەو و باقی چالاکانی بواری کوردایەتی لە نیوەی سالەکانی ١٩٧٠دا ڕوویدا. لە ئاکامدا موفتی‌زادە خۆی لە چالاکانی دیکە دوور خستەوە کە دەبوونە خاوەن مەیلێکی هەرچی زۆرتر بەرەو بیروباوەڕی چەپ. لە هەمان کاتدا بوو بە ڕەخنەگرێکی دیاری حکوومەت و نموونەیەک بۆ ئەمە قسەوباسی ئەوە لە بۆنەی ناشتنی تەرمی سوارەی ئیلخانی‌زادە لە ساڵی ١٩٧٦ کە شاعیرێکی دیار و لە ڕێی هاوسەری ئەحمەد موفتی‌زادەوە خزمایەتییان هەبوو.[55] لە هەمان کاتدا، ئەحمەد موفتی‌زادە ئیسلامێکی سیاسی تازە‌پێگەیشتووی لە ڕێگای ڕەخنە لە بەهاییەکان لەو ساڵانەدا لە خۆ نواند. بۆ وێنە لانیکەم جارێک لە گفتوگۆی گشتی لە بەرامبەر کەسایەتییەکی دیاری بەهایی بەشداری کرد.[56] بە بڕوای پەیڕەوانی دینەکانی دیکە لە ئێران، حکوومەتی پەهلەوی زۆرتر ئاگای لە بەهاییەکان بوو تا خەڵکانی دیکە. لە گەڵ ئەمەشدا، موفتی‌زادە بوو بە ڕەخنەگری بیروباوەڕی چەپ و مارکسیسم کە هۆیەکی گرینگ بوو بۆ پێکهێنانی کەلێنی زۆرتر لە نیوان ئەو و باقی چالاکانی کورد کە ئەو پیشتر لە ساڵەکانی ١٩٦٠دا لە گەڵیان هاوفیکریی و هاوکاریی هەبوو. لە ساڵەکانی ١٩٦٠دا هیچ گومانێک لە سەر دەربەست بوونی ئەو بۆ چالاکیی لە پێناو مافەکانی کورددا نەبوو. بۆ وێنە جارێک نامەیەک لە لایەن چالاکانی کورد کە چوبوونە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی مەلا مستەفا بارزانی بۆ بڵاوکردنەوە بە ئەحمەد موفتی‌زادە دەگات. نامەکە باسی ناکۆکی نێوان بەرەی کوردیی لە کوردستانی عێراق دەکرد. ئەویش لە بەر دڵسۆزی و بۆ ئەوەی وەرەی چالاکانی کورد لە تاران بەو نامەیە دانەبەزێت، نامەکە بڵاو ناکاتەوە.[57] جێگای ئاماژەیە کە چالاکانی کوردی ساڵەکانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠ بە ڕادەیەکی زۆر لە ژیر کاریگەری بیروباوەڕی چەپ و شۆڕشەکانی سەردەم بوون کە لە بەرنامە و بیروباوەڕی ئەوەی وا بە شۆڕشی ساڵەکانی ٧-١٣٤٦/٨-١٩٦٧ شەریفزادە و موعەینی ناسراوە ڕەنگ دەدەنەوە.[58] بە گوێرەی یەکێک لە چالاکانی خوێندەواری ئەو سەردەمەی کورد لە تاران، لە نیوەی دەیەی ١٩٧٠دا گۆڕانێکی دیکە لە بۆچوونەکانی ئەحمەد موفتی‌زادە ئەوە دەبێت کە ڕەخنەی ئەو لە بیرۆکەی چەپ «دەگاتە ئاستی دژایەتیی و نەسازان».[59] گۆڕانکاریی دیکە لە ژیانی موفتی‌زادەدا لە ژیان و هەڵسوکەوتی شەخسیی ئەویش دا بەدی دەکرا. لە ڕاستیدا ماوەی زیندان لە سەرەتایی ١٩٦٠دا و ڕووداوی لە دەستدانی هاوسەرەکەی لە ساڵی ١٩٧١ بە هۆی وەستانی دڵەوە، ئەویان لە باری عیرفانییەوە گۆڕیی و ئەمە لە ژیانێکی سادە و پاکی ئەو لە شاری سنە دەکرا بەدی بکرێت.

شوێنی ژیان ئەحمەد موفتی‌زادە هەم لە باری فیکریی و هەم لە باری کردارییەوە بۆ ژیانی ئەو وەک زانایەکی ئایینی گرینگ بوو. شاری سنە وەک ناوندی ئوستانی کوردستان و شارێکی گەورە لە  هەموو شارەکانی دیکەی کوردستانی ئێران کەوتە بەر لێشاوی ڕەوتی بەڕۆژاوایی کردنی فەرهەنگ و کۆمەڵگا کە لە ڕێگای تەلەویزیۆن و ڕادیۆ کە بەرنامە ناوچەییەکانیان هەرچی زۆرتر ڕواڵەتی ڕۆژاوایی بەخۆیەوە دەگرت.[60] لە ڕاستیدا یەکێک لەو گەشە تێکنۆلۆژییانەی وا موفتی‌زادەی کردە کەسێکی ناسراوتر لە سنە بەرنامەیەکی تەلەویزیۆنی سنە بە زمانی کوردیی بوو کە هەموو ڕۆژێک لە مانگی ڕەمەزاندا بڵاو دەکرایەوە. بە پێی وتەکانی بەرپرسی بەرنامەکە کاتێک بڕیاری دانانی وەها بەرنامەیەک درا «هیچ گومانێک لەوەدا نەبوو کێ گونجاوترین کەسە بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامەکە»و ئەویش ئەحمەد موفتی‌زادە بوو.[61]

بۆ ئەوەی تیشک بخەینە سەر گرنگیی جموجوڵ و لایەنی ئایینی کۆمەڵگای کوردستان لەو سەردەمەدا دەتوانین ئاماژە بە ئایەتۆڵا مەردووخ بکەینەوە کە بەجۆرێک کاردانەوەی نوێسازیی و ئاڵوگۆڕی کۆمەڵگاکەی لە نووسراو و کتێبەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە: لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا وەک چاکسازیخوازێکی ئیسلامی و دواتر هەروەها وەک میژوونووسێکی مێژووی نەتەوەیی کورد کە هەر دوو ئەوانە ڕەنگدانەوەی ئاڵوگۆڕە فیکرییەکانی ئەو سەردەمەن. لە ساڵەکانی نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمدا هەروەها خاوەن نووسراوەیە بۆ وێنە لە سەر ڕەخنە لە چەمکی سەیید لە ئایینی شێعەدا. کەوابوو ئەگەرچی لەمپەرەکانی فەرهەنگی و دینیی ناسنامەی کوردیی کۆمەڵگای کوردەوایی لە کاریگەرییەکانی ڕەوتی بەهێزتری ئایینی لە ئێران لەو سەردەمەدا دەپاراست،  بەڵام ئەو کۆمەڵگا خاوەن ڕەوتی ئایینی خۆیشی بوە. کەسایەتییەکی دیکە کە لەوانەیە ئیدیعاکەی ئێمە لێرەدا بێ‌بایەخ بکات شێخ عیزەدین حوسەینی (٢٠١١-١٩٢٢)یە لە بەر ئەوەی ئەگەرچی ئەو ئیمامی جومعەی مەهاباد بوو بەڵام دواتر زۆرتر لە گەڵ کوردایەتییەکی نائایینی خۆی بینییەوە و بوو بە وتەبێژی هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد لە سەردەمی دوای ڕاپەڕینی ئێراندا. بەڵام ڕیشەی چالاکیی سیاسی شێخ عیزەدین دەگەڕایەوە بۆ کۆمەڵەی ژ-کاف و لە بۆچوونەکانیدا کوردایەتی لە پێش ناسنامەی دینییەوە دەخست کە لە لای ئەو بە هیچ جۆرێک بەرەو ئیسلامی سیاسی نەڕۆیشت بەو مانای کە داوای دەسەلاتی سیاسی بکات. لە ڕاستیدا ئەوە شێخ عیزەدین و نەک موفتی‌زادەیە کە باشتر دەتوانێت باسی کتێبی ئاخرین موفتی کوردستان بۆ نامەیلی کوردان بۆ ئیفراتگەرایی دینی بسەلمێنێت. ئەگەرچی ئیسلامی سیاسی موفتی‌زادە وەک ئیفراتی و توندوتیژ پێناسە ناکرێت، بەڵام بەئیسلامی‌کردنی سیاسەت لە فیکر و کرداری ئەودا گومانی لە سەر نییە. سەرەڕای ئەمە، خۆ پاراستن لە توندوتیژی و ئیفراتگەرایی لە ڕووداو و بەستێنە مێژووییەکاندا تاقی دەکرێنەوە. مەکتەبی قورئان نیهادێکی ناسیاسی و زۆر ئاسایشخواز نەبوو. بۆ وێنە لە شاری مەریوان لە هاوینی ١٩٧٩دا توندوتیژیشی لە خۆی نواند. گرینگی کەسایەتی ئایینی وەک موفتی‌زادە و مەردووخ و بڵاوبوونەوەی بیرۆکەی مەکتەبی قورئانی لایەنگرانی موفتی‌زادە لە سەردەمی ڕاپەڕیندا بۆ سەلماندنی ئەو راستییەیە کە کوردستانیش خاوەن بزووتنەوەیەکی ئایینی خۆی بوە کە لە گەڵ ئاڵوگۆرەکانی کۆمەڵگا و هەروەها لە گەڵ نوێسازی سەردەمی دواتر پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبوە. لە ڕاستیدا مەکتەبی قورئان وەک بیرۆکەیەک ئاکامی بیروباوەڕی ئایینیی ئەحمەد موفتی‌زادەیە کە قورئان لە ناوەندی هەر تەفسیرێکی ئایینی ژیانی کۆمەڵایەتیدا دادەنێت. لە ساڵەکانی نیوەی دەیەی ١٩٧٠دا ئەو ببوە ڕەخنەگری مەلاکان و تەفسیری ساکارانەی قورئان و حەدیسی پێغەمبەر و ڕەخنەگری ئەو جۆرە دینەی وا لە ڕوانگەی ئەوەوە ئیتر لە لای خەڵک «پووچەڵ»ببوەوە.[62] لە ڕاستیدا چ شتێک لە حاڵی ڕووداندا بوو کە وای دەکرد کەسایەتییەکی وەک موفتی‌زادە بێتە خاوەن ئەو تەفسیر و ڕەخنانە؟ بۆچی و کێ خەریک بوو دین لە لای خەڵک پووچ بکات؟ جوابی ئەو پرسیارانە هەمووی لە جەرگەی ئەو ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییەی کۆمەڵگای ئێرانی ئەو سەردەمەدا دەدۆزرێنەوە کە لەم وتارەدا ئاماژەمان پێ کردەوە. عزەتیار بە درووستی و بە جێگا بیرمان دەخاتەوە کە «هەروەک ئەوەی [مێهدی] بازرگان، پۆپۆلیسمی عەلی شەریعەتی خاوەنی ئەو توخمانە بوو کە سەرنجی موفتی‌زادەیان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشا».[63] 

ئەمە ڕاستە کە لە ساڵەکانی ١٩٧٠دا کردەوەی ئایینی بەرەو لاوازیی دەڕۆیشت لە کاتێکدا کە نەسڵێکی گەنج و خوێندەوار پێناسەی کۆمەڵگای کوردستانیان پێک دەهێنا، بەڵام «سکولاریسم»ی پەهلەویش حەز و پێداویستی نەفسی و عیرفانی هەموو کەسێکی تێر نەدەکرد. بۆ وێنە بەرەو ساڵەکانی کۆتایی ١٩٧٠ نەسڵی بەتەمەنتری ئەو کۆمەڵگا هەرچی زۆرتر مەیلیان بۆ بەجێهێنانی ئەرکە ئایینییەکان لە خۆ پیشان دەدا. کەمکردنەوەی مەدرەسە و فیرقە ئایینییەکان و لە دەوردەرچوونی زۆرێک لە شێوە کۆنەکانی برین‌خۆشکرنەوە و هتد لە ئاستێکی بەرینتردا لە دژی پێگەی دین لە کۆمەڵگادا دەشکانەوە. لە شارەکان کە بیروباوەڕی دینی لە کزی دەڕۆیشت ـ ئەمە لە هەڵبژاردنی نەریت و شێوەی ژیانی نوێ خۆی دەنواند ـ جەماوەرێکی دیکە بەرەو کردارە ئایینییەکانی وەک حەج‌چوون و بەجێهێنانی نەریتەکان و ئەرکەکانی دیکە ڕادەکێشران. دەبێ وەبیر خۆمان یبهێنینەوە کە هەر لەو سەردەمەدا تازەکانی تێکنۆلۆژیا واتە تەلویزیۆن، سینەما و خوێندنی هاوچەرخ دەوری چاکیان هەڵگرتبوو.

لێکۆڵینەوەکەمان هەتا ئێستا ئاماژە بە دوو خاڵ دەکات. یەکەم، تێگەیشتن لە ڕاپەرینی سپی وەک بەسکوولارکردنی کۆمەڵگا تێگەیشتنێکی ناتەواوە بۆ نیشاندانی ئاڵوگۆڕە فەرهەنگییەکانی ئەو سەردەمە لەبەرئەوەی ئەو تێگەیشتنە لە سەر تێگەیشتنێکی هەڵەی ئەو چەمکە دامەزراوە. دووهەم، نوێسازی ڕۆژاوایی ئێران تووی کوردایەتییەکی ئایینی چاند کە لە کەسی وەک ئەحمەد موفتی‌زادەدا خۆی دەرخست. لە لایەک ڕوانگای سیاسیی موفتی‌زادە کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر هەڵاواردنی نەتەوەیی و ئایینی لە دژی کورد و لە لایەکی دیکە بیروباوەڕی ئایینی ئەو رەخنەیەک بوو نەک تەنها لە پێگەی نزمی نیهادی سونە لە ئێران بەڵکوو رەخنەیەک بوو لە شێوەی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە ئێران.

ڕاپەڕینی ئێران مەودایەکی گەورەی بۆ  کوردایەتی ئایینییەکەی ئەحمەد موفتی‌زادە خولقاند بەڵام هەمان ڕاپەڕین و ڕووداوەکانی کوردستان چارەنووسی ئەویشیان دیاری کرد.

کۆتایی

ئەم وتارە هەوڵیدا تا هەڵەبوونی ڕەوایەتێکی مێژوویی دەربخات کە لە سەر ئەم دوو گریمانە دامەزراوە: لاوازبوونی پەیوەندی نێوان ناسنامەی نەتەوایەتیی کوردی و ناسنامەی ئایینی، و لاوازبوونی پەیوەندی نێوان ئیسلامیسم لە ئێران و لە کوردستان (دیارە بۆمان دەرنەکەوت کە مەبەست کام کوردستانە؟). لە هەمان کاتدا ئەم وتارە جەختی لە سەر بەستێنی مێژوویی کرد کە لە گەڵ کاریگەریی ڕۆڵی کەسایەتی، مەیلەکان دیاری دەکەن. تا ئەو جێگای بە ئێران دەگەڕێتەوە، لە بەستێنی ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگای ئەو وڵاتە لە سەدەی بیستەمدا گۆڕانێکی فیکریش پێک هات کە ئسیلامی کردە دیاردەیەکی سیاسیی بۆ چنگ‌خستنی دەسەڵات. لە کوردستانیش لەو بەستێنەدا بوو کە توخمی کوردایەتییەکی ئایینیی چێندرا کە دواتر لە کەسایەتیی ئەحمەد موفتی‌زادەدا ڕەنگی دایەوە. جێگای شیاوی ئەو لەو مێژووەدا دەبێ لە ناخی ئەو ئاڵوگۆڕە فیکرییەدا دەست نیشان بکرێت. ئەگەرچی ئاڵوگۆڕەکانی سەردەمی ڕاپەڕینی ئێران ئەویان بەتەواوەتی خستە پەڕاوێزەوە، بەڵام ئەو مۆری خۆی کوتاوە و میراتەکەی ئێستاش لە کوردستاندا دەکرێ ببینرێت واتە لایەنگرانی ئەو لە هەر ئاستێکدا کە بێت خاوەن بەرنامە و چالاکیی کۆمەڵایەتیی خۆیانن. نموونەی موفتی‌زادە نیشانی دەدات کە لاوازبوونی پەیوەندیی نێوان ئەو دیاردانە کە ڕەوایەتی مێژوویی کتێبەکە پێک ده‌هێنن، تەنها لەبەر ئەوەی مێژوو بەرەو پێش چوە و کوردی کردوەتە نامەیل بۆ ئیسلامی سیاسی، گریمانەیەکی لانیکەم ناتەواوە کە خۆی لە بەر لێکدانەوەیەکی چڕوپڕدا ناگرێت. لەم پەیوەندییەدا ئێستا هەرێمی کوردستان بە کوردایەتییەکی ئایینی-سیاسی چالاکەوە پێناسە دەکرێت کە بە پێی ڕەوایەتی کتێبەکە نەدەبوو ئێمە شاهیدی بین. بەڵام هەمیسان ئەوە بەستێنە مێژووییەکانە کە مەیلی هێزە کۆمەڵایەتییەکان دیاری دەکەن. ئەو کوردایەتیە دینییە لە هەرێم هەم وەک بەدیلێ سیاسیی خۆی دەرخستوە و هەم کاردانەوەیە بەرامبەر بە ڕەوتی پێکهێنانی نەتەوەی کورد لەوێ لە لایەن دەسەڵات و هێزێک کە زۆرتر وەک کوردایەتییەکی «سکولار»خۆی پێناسە کردوە و لە چەندین ساڵی ڕابردوودا مۆدێلەکانی نوێسازیی رۆژاوایی بۆ پێشخستنی وڵاتانی «ناپێشکەوتوو»بە بێ هیچ خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە کردە ڕێبازی خۆی (ئەوە دیاردەیەکی «ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست»نییە کە ئاسایش و مەیل بۆ دەسەڵاتی رەهای کردە پێناسە زەقەکانی هەرێم بەڵکوو لاسایی کردنەوەی مۆدێلەکانی پێشوە کە لە عێراق، سوریا، ئێڕان و تورکیا بەڕێوە چوە). لە لایەکی دیکەوە تێزی بایەخی کۆمەڵایەتی هاوبەش لە نێوان کورد و ڕۆژاوا لە سەر تێگەیشتنی هەڵە دامەزراوە. نە کورد هەمووی یەکجۆرە و نەک ڕۆژاوا دیاردەیەکی یەک دەستە. تێزی ڕەقیبی هاوبەش دەری دەخات کە هەموو ڕەوایەتەکە لە خزمەت پێش‌بینی کردنی داهاتووی ناوچەکەدا بەکار دەگیرێت کە کورد دەکاتە هاوپەیمانێکی سرووشتیی ڕۆژاوا کە مەبەست وڵاتە یەکگرتوەکانە. لە بەر ئەو هۆیانە ئەحمەد موفتی‌زادە لەو ڕەوایەتەدا جێگایەکی شیاوی پێ نەدراوە. خەڵکی کورد لە گەڵ کۆمەلگا هاوسێکان خاوەن بایەخی کۆمەڵایەتیی هاوبەشن. ئەوانیش واتە کۆمەڵگای فارس، تورک، بەلووچ، عەرەب و هتد لە ئێران نە یەکدەستن و نە یەکجۆر. مەیلەکانی ئەو کۆمەڵگانەش لە بەستێنەکاندا و لە بەر دەورگێڕانی مێژوویی لەو کۆمەڵگانەدا شکڵ دەگرن.

پەراوێز

[1] Ali Ezzatyar, The Last Mufti of Iranian Kurdistan: Ethnic and Religious Implications in the Greater Middle East  (New York: Palgrave, 2016).

[2] زانکۆ: University of St Andrews, Scotland. ئیمەیل: Maroufcabi@gmail.com

[3] www.derwaze.net

[4] بڕوانە عزەتیار، ئاخرین موفتی کوردستانی ئێران،  ل. ٣.

[5] هەمان جێگا، ل. ٣.

[6] هەمان جێگا، ل‌ل. ٤-٣.

[7] هەمان جێگا، ل. ٤.

[8] هەمان جێگا، ل. ٤.

[9] هەمان جێگا، ل. ٥.

[10] هەمان جێگا، ل. ١٧.

[11] هەمان جێگا، ل. ٣٦.

[12] هەمان جێگا، ل. ٧٣.

[13] هەمان جێگا، ل. ١٥٢.

[14] هەمان جێگا.

[15] هەمان جێگا، ل‌ل. ٢١٢-٢١١.

[16] هەمان جێگا، ل. ٧.

[17] هەمان جێگا، ل. ٢١١.

[18] هەمان جێگا، ل. ٣٨.

[19] ئەم ئیدیعایانە لە ڕێگای  چارتەوە پیشان دراون. بڕوانە هەمان جێگا، ل‌ل. ٣٩-٣٨.

[20] هەمان جێگا، ل. ٢١٢.

[21] هەمان جێگا.

[22] هەمان جێگا، ل. ١١٧

[23] هەمان جێگا، ل. ١١٧.

[24] بڕوانە ئیلان پاپە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخ، ل‌ل. ٢٣٣-٢٣٢.

Ilan Pappe, The Modern Middle East  (New York: Routledge, 2005).

[25] هەمان جێگا، ل. ٢٣٣.

[26] هەمان جێگا.

[27] قاسم ئەمین، ڕزگاریی ژنان و ژنی نوێ، ل. ٧.

Qasim Amin, The Liberation of Women [and] the New Woman (Cairo: American University in Cairo Press, 2000).

[28] هەمان جێگا، ل‌ل. ٣٦-٣٥.

[29] هەمان جێگا، ل. ٣٧.

[30] هەمان جێگا، ل‌ل. ١٠٠-٧٦.

[31] هەمان جێگا، ل‌ل. ٧٥-٦٢.

[32] سامی زوبەیدا، ئیسلام، خەڵک و دەوڵەت: بیرۆکە و بزووتنەوە سیاسییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ل. ١٧١.

Sami Zubaida, Islam, the People and the State: Political Ideas and Movements in the Middle East  (New York: I. B. Tauris, 2009).

[33] هەمان جێگا، ل. X.

[34] نیکی کێدی، «سکولاریسم و دەوڵەت»، ل. ٣٤.

Keddie, Nikki R., «Secularism and State: Towards Clarity and Global Comparison,» New Left Review. 226 (1997):  21-40.

[35] ئارتورۆ ئێسکۆبار، ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ گەشە: پێکهێنان و پێکهێنانەوەی جیهانی سێهەم، ل. ١٧١.

Arturo Escobar, Encountering Development: The Making and Unmaking of the Third World  (Princeton: Princeton University Press, 1995).

[36] بۆ وێنە بڕوانە مهناز افخمی، زنان، دولت و جامعە در ایران: ١٩٧٨-١٩٤١ (ماریلاند: بنیاد مطالعات ایرانی، ٢٠٠٣).

[37] لێرەدا لە «کوردایەتی» کەڵک وەرگیراوە کە لێرەدا تەنها بەمانای «ناسیۆنالیزمی کوردی» نییە ئەگەرچی هەم جیهان‌بینی و هەم بزووتنەوەی فەرهەنگی لە خۆ دەگرێت کە لە سەر تێگەیشتنێکی نەتەوایەتی لە خۆ و مێژوو دامەزراون. کوردایەتی هەم بە مانای هەستی خۆ بە کورد زانین و هەم خەباتە بۆ دابین کردنی مافی فەرهەنگی و قەومی. هەر وەک ئێرانییەت، کوردایەتیش ئاماژە بە ناسنامەی قەومی دەکات و خاوەن پێناسەکانی خۆیەتی و ئەو توانەی هەیە کە لە هەلومەرجە مێژووییەکاندا ڕادیکاڵ بێتەوە و یان  سازگارکەر بمێنێتەوە.

[38] دەیوید فۆرگاکس، هەڵبژاردەی نووسراوەکانی گرامشی، ل. ٥٨.

David Forgacs (ed.), The Gramsci Reader: Selected Writings 1916-1935  (New York: New York University Press, 2000).

لێرەدا هێژمۆنی وەک خاوەن دەسەڵاتی سیاسی و چەکدارانە و وەک حکومەت و هێز پێناسە ناکرێت. بە بۆچوونی گرامیشیانە هێژمۆنی بەمانای پاراستنی دەسەڵات/ئوتوریتە یە نەک لە ڕیگای زەبروزەنگ بەڵکوو لە ڕیگای ڕاکێشانی ڕەزایەتی کۆمەڵگا. واتە باوەڕەکان و بۆچوونەکان دەبنە دیاردەگەلێکی ئاسایی بۆ تاکەکان لە کۆمەڵگادا و وەک نەریت و باو چاویان لێ دەکەن.

[39] سەید ئەمیر ئەرجومەند, عەمامە بۆ تاج: ڕاپەڕینی ئیسلامی لە ئێران، ل‌ل. ٩٧-٩٦.

Said Amir Arjomand, The Turban for the Crown: The Islamic Revolution in Iran  (Oxford: Oxford University Press, 1988).

بۆ زانیاریی زۆرتر لە سەر پێکهاتنی ڕێکخراوە ئایینی-سیاسییەکان بڕوانە عزت‌الە سحابی، نیم قرن خاطرە و تجربە، جلد ١ (تهران: فرهنگ صبا، ١٣٨٨).

[40] ئەرجومەند، عەمامە بۆ تاج، ل. ٩٦.

[41] م. ئێ. یاپ، ڕۆژهەڵاتی نزیک لە سەردەمی شەڕی جیهانی یەکەمەوە تا ١٩٩٥، ل. ٣٣٧.

  1. E. Yapp, The Near East since the First World War: A History to 1995 (London: Longman, 1996).

[42] هەمان جێگا، ل. ٣٤٣.

[43] بۆ خوێندنەوەیەکی رەخنەگرانەی تێزی سکوولاریسم بڕوانە کێدی، «سکولاریسم و دەوڵەت».

[44] عزەتیار، ئاخرین موفتی کوردستانی ئێران، ل. ٥٥.

[45] هەمان جێگا، ل. ٥٦.

[46] یەدۆڵا بیگلەری، «کوردستان و ڕاپەڕینی سپی،» وتووێژ لە گەڵ نووسەر، ٦ جولای ٢٠١٧. ئەم وتووێژە یەکێکە لە زنجیرە وتووێژێک کە لە لایەن نووسەرەوە ئەنجام دراوە بە ئیجازەی زانکۆی سەینت‌ئاندرووس لە سکاتلەند لە ساڵی ٢٠١٧دا لە خزمەت لێکۆڵینەوەیەک بۆ تێزی دۆکتۆرا لە سەر ڕاپەڕینی سپی.

[47] عزەتیار، ئاخرین موفتی کوردستانی ئێران، ل.٥٩.

[48] هەمان جێگا.

[49] بۆ وێنە بڕوانە رضا براهنی، تاریخ مذکر (تهران: ناشر اول، ١٣٦٣)؛ و جلال آل‌احمد، غربزدگی.

[50] اسد بهرنگی،  مجموعە آثار صمد بهرنگی (تبریز: بهرنگی، ١٣٨٢).

[51] عزەتیار، ئاخرین موفتی کوردستانی ئێران، ل. ٨٢؛ بیگلەری، وتووێژ.

[52] عزەتیار، ئاخرین موفتی کوردستانی ئێران، ل. ٦٩.

[53] بیگلەری، وتووێژ.

[54] هەمان جێگا.

[55] عزەتیار، ئاخرین موفتی کوردستانی ئێران، ل. ١٠٨.

[56] بیگلەری، وتووێژ.

[57] هەمان جێگا.

[58] بۆ وێنە بڕوانە محمد خضری، لاپەڕەیەک لە تێکۆشان و جوڵانەوەی ساڵەکانی ٤٢ تا ٤٧ (ن.: ن.، ٢٠٠٣).

[59] بیگلەری، وتووێژ.

[60] برهان ایازی، آیینە سنندج (ایران: پیام، ١٣٧١)، ل. ٧٢٧.

[61] عزەتیار، ئاخرین موفتی کوردستانی ئێران، ل. ١٠٧.

[62] هەمان جێگا، ل. ١٠١.

[63] هەمان جێگا.

سەرچاوەی کوردی و فارسی

ـ آل‌ احمد، غربزدگی.

ـ افخمی، مهناز، زنان، دولت و جامعە در ایران: ١٩٧٨-١٩٤١ (ماریلاند: بنیاد مطالعات ایرانی، ٢٠٠٣).

ـ ایازی، برهان، آیینە سنندج (ایران: پیام، ١٣٧١).

ـ براهنی، رضا، تاریخ مذکر (تهران: ناشر اول، ١٣٦٣).

ـ بهرنگی، اسد، مجموعە آثار صمد بهرنگی (تبریز: بهرنگی، ١٣٨٢).

ـ خضری، محمد، لاپەڕەیەک لە تێکۆشان و جوڵانەوەی ساڵەکانی ٤٢ تا ٤٧ (ن.: ن.، ٢٠٠٣).

ـ سحابی، عزت‌الە، نیم قرن خاطرە و تجربە، جلد ١ (تهران: فرهنگ صبا، ١٣٨٨).

سەرچاوە ئینگلیسییەکان

ـ Amin, Qasim, The Liberation of Women [and] the New Woman (Cairo: American University in Cairo Press, 2000).

ـ Arjomand, Said Amir, The Turban for the Crown: The Islamic Revolution in Iran (Oxford: Oxford University Press, 1988).

ـ Escobar, Arturo, Encountering Development: The Making and Unmaking of the Third World (Princeton: Princeton University Press, 1995).

ـ Ezzatyar, Ali, The Last Mufti of Iranian Kurdistan: Ethnic and Religious Implications in the Greater Middle East (New York: Palgrave, 2016).

ـ Forgacs, David (ed.), The Gramsci Reader: Selected Writings 1916-1935 (New York: New York University Press, 2000).

ـ Keddie, Nikki R., «Secularism and State: Towards Clarity and Global Comparison,» New Left Review, No. 226 (1997):  21-40.

ـ Pappe, Ilan, The Modern Middle East (New York: Routledge, 2005).

ـ Yapp, M. E., The near East since the First World War: A History to 1995 (London: Longman, 1996).

Zubaida, Sami, Islam, the People and the State: Political Ideas and Movements in the Middle East (New York: I. B. Tauris, 2009).