ئارامتر بخوێنەوە!

کوردستان و مێتۆدی دژەکۆلۆنیالیستی

چۆن لە زانستی نەتەوەی سەردەست ڕزگارمان بێ؟

سارۆ ئەردەڵان

بواری لێکۆڵینەوە لەسەر کوردستان و کورد گیرۆدەی ئەو تیۆری و مێتۆدانەیە کە سیستەمی کۆلۆنیالیزم وەک بەشێک لە چەوساندەوە کەڵکی لێ وەردەگرێ. کۆی ئەو زانیارییانەی کە لەسەر کوردستان کەڵەکە بوون و ئەو زانستەی کە وەک لێکۆڵینەوەی کوردی/کوردۆلۆژی پەرەی پێ دراوە، لەبەر هۆی دابەشبوونی کوردستان بە سەر چەند وڵات و هەروەها ڕوانگەی ڕۆژهەڵاتناسانە بەرەوڕووی کۆلۆنیالیزمی ئاکادێمیکی زێدە بووەتەوە. ڕەنگە ڕێگەچارە بۆ ئاکادێمیای کوردستان سازکردن، کەڵک وەرگرتن، و پشت بەستن بە مێتۆدۆلۆژییەکی دژەکۆلۆنیالیستیی تایبەت بە دۆخی کوردستان بێ، تا بتوانێ لە زانستی نەتەوەی سەردەست ڕزگاری بێ.

بەڕێزەوە پێشکەشە بە خالید خەیاتی؛ بۆ پشتگیریی بەردەوام

هەقیقەت لە دەرەوەی دەسەڵات یا بێدەسەڵات نییە… هەر کۆمەڵگایەک تایبەت بە خۆی ڕێژیمی هەقیقەت و «سیاسەتی گشتیی» هەقیقەتی هەیە.

(Foucault 1980b, 131)

 

دەستپێک

ئایا کۆلۆنیالیستەکان ڕۆشتوون و کوردستان ڕزگاری بووە؟ بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە، لەو دۆخە ئاڵۆزەی کە توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە کوردستان تیایدایە، دەبێ سەرەتا و دیسانەوە ڕاشکاوانە باس لە ئەزموونی تاڵی کۆلۆنیالیزم لە کوردستان بکەین. هێشتا، نەک لای کۆلۆنیالیستەکان، بەڵکوو لای مرۆڤی بەکۆلۆنیکراوی کورد (بەتایبەت لای توێژەران لە کوردستان) گومان لەوەدا هەیە کە کوردستان بەکۆلۆنی کراوە. مەبەست لە بەکۆلۆنی کردنی کوردستان ئەوەیە کە هەر کامە لە دەوڵەتەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا لە ڕێگەی مێکانیزمەکانی سوڵتە و پرۆسەیەکی ئاڵۆزی چەوساندنەوە، تاڵانکردن و هەڵاواردن، خاک و تەنەتەوەی کوردستانیان بەکۆلۆنی گرتووە، تاکوو هێزی کاری کوردستان بخەنە خزمەت خۆیانەوە و سەرچاوە ماددییەکانی کوردستان، بە مەبەستی گەشەسەندنی وڵاتەکەی خۆیان بەکار ببەن و لەم ناوەدا، ببنە هۆی گەشەی لاسەنگی کوردستان. بەم گوێرەیە گەشەسەندنی هەر کام لەو چوار وڵاتە و گەشەنەسەندنی کوردستان وەک دوو دیوی دراوێک لێک دانەبڕاون و لە یەک کاتدا ڕوویانداوە. مێکانیزمەکانی بەکۆلۆنی کردنی کوردستان کە هاوکاتە لەگەڵ دابەشکردنی کوردستان لە نێوان ئەم چوار وڵاتەدا، بووەتە هۆی ئەوەی هەر کام لە پارچەکان وەک کۆلۆنییەکی نێۆخۆییی ئەو وڵاتانەی لێ دەربێت. ئەم شێوازە کۆلۆنیالیزمە کە وەک کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی باسی لێ کراوە (ئەردەڵان 2019a؛ سلێمانی و محەمەدپور 2019؛ بێشیکچی 2018) لە شێوازە کلاسیکەکانی کۆلۆنیالیزم ئاڵۆزترە و بەرەوڕووبوونەوە و دژایەتیکردنیشی دژوارتر. هەر کام لەو وڵاتانە هەوڵیانداوە کە بە ژێردەستەکردنی نەتەوەی کورد و لە ڕێگەی سیاسەتەکانی پەراوێزخستن، چاوپۆشیکردن، حاشالێکردن و تواندنەوە کولتوور، زمان و ناسنامەی کوردستانیبوون بسڕنەوە.

نەتەوە کۆلۆنیالسیتەکانی کوردستان لە دووردەستەکانەوە نەهاتوون، بەڵکوو دراوسێیەکی ڕەزاتاڵن کە لە دوژمنیدا لە هیچ شتێک دەرێغی ناکەن. هەر کام لە نەتەوەکانی تورک، فارس و عەرەب (و هەندێکجار بە هاوکاریی نەتەوەی ئەرمەنی) لە بەرژەوەندیی سەردەستەیی خۆیان، هەوڵ دەدەن هاوشان لەگەڵ بەکارهێنانی زەبروزەنگی بێسنوور، لە ڕێگەی هێزی نەرمی زانستەوە درێژە بە کۆلۆنیالیزم لە کوردستان بدەن. سیاسەتەکانی سەرکوت بە هۆی مێکانیزمە جیاکانی سوڵتە لە هەر کام لەو وڵاتانە، بووەتە هۆی ئەوەی ئێمە لە کوردستان لەگەڵ کۆلۆنیالیزمێکی چەندڕەهەندی بەرەوڕوو ببینەوە کە لە ئاکامدا کاریگەریی ڕاستەخۆیان لەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە هەر کام لە پارچەکان داناوە. لەم ڕوانگەیەوە، پەرتەوازەیی و یەکنەگرتنی هێزە کوردییەکان لە هەر کام لە پارچەکانی کوردستان و سازنەبوونی شۆڕش یا بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری نەک لەبەر ناشارەزایی، خۆخۆری و خەیانەتی کورد لە خۆیەتی (هەر کام لەم ئاوەڵناوانە سازکراوی سیستەمی کۆلۆنیالیستین) بەڵکوو لە دەرەنجامی چەندین شێوازی کۆلۆنیالیزمە کە هەر کام لەو وڵاتانە پەیڕەوی دەکەن.

کۆلۆنیالیزم چەندە پشت بە دامودەزگاکانی دەوڵەت بۆ توندوتیژی دەبەستێ، بە هەمان ئەندازەش لە درگای زانستەوە دێتە ژوورەوە و کوردستان لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە پێناسە دەکا. بۆ ئەم مەبەستەی دوایی وڵاتانی تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا سازێنەر و یارمەتیدەری زانستێکی ساختە سەبارەت بە کوردستانن کە دەکرێ وەک کۆلۆنیالیزمی ئاکادێمیک (زانستی) ناوی لێ ببەین (ئەردەڵان 2019b، ٣٠-٣١). لەم ئاستەشدا، دیسانەوە دۆخی کوردستان تایبەتمەندییەکی ئاڵۆزی هەیە، چونکە لە لایەکەوە دامودەزگای ئایدیۆلۆژیکی ئەو چوار دەوڵەت نەتەوەیە، زانیاریی ساختە لەسەر کوردستان بەرهەم دێنێ و لە لایەکیشەوە نەتەوەی کورد گیرۆدەی ئەو پێناسە کلاسیکانەیە کە ڕۆژهەڵاتناسەکان لەبارەیەوە و لە ماوەی زیاتر لە دوو سەدەدا بەدەستیانەوە داوە. ئەم یەکگرتنە نەخوازراوە نەگریسە، بووەتە هۆی ئەو کێشەیە کە من وەک کۆلۆنیالیزمی ئاکادێمیکی زێدە (Multiple Academic Colonialism) ناوی لێ دەبەم. ئەگەر قەڵاچۆکردنی کورد، پڕۆژەیەک لەوپەڕی توندوتیژیدا بوو و ژینۆسایدی وەک دەرسیم یا ئەنفالی لێ کەوتەوە، قەڵاچۆکردنی ناسنامەی کوردستانی/کوردی هێندە بە نەرمی کاری خۆی دەکا کە ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی لە گۆشەی ڕینگی بۆکسی زانستدا بەرگەی مستەکۆڵەکانی ناگرێ.

بۆ نووسین و تێفکرین سەبارەت بە کوردستان، پێویستە مێکانیزمەکانی سازبوونی ئەو زانستە بناسین کە سەبارەت بە کوردستان و کورد لە سەر یەک کەڵەکە بووە. هەرچەند زانستی پێشوو لە هەندێک شوێندا یارمەتیدەرمانە کە لە خۆمان باشتر تێبگەین، بەڵام زۆربەی کات زانیاری و تێگەیشتنی هەڵە و ساختەمان پێ دەدا و لە ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دوورمان دەکاتەوە. ئەگەر بۆ ئەم وتە بەناوبانگەی مارکس بگەڕێینەوە کە «مرۆڤەکان مێژووی خۆیان ساز دەکەن، بەڵام نە بەو شێوازەی پێیان خۆشە؛ و ناشتوانن خۆیان بارودۆخەکەی هەڵبژێرن، چونکە بارودۆخەکە پێشتر هەبووە، دیاریکراوە و لە ڕابردووەوە بۆیان گوازراوەتەوە» (Marx 1972, 10)، هەرچەند ناتوانین لە دەست ئەو نەریتە زانستییە هەڵبێین کە سەبارەت بە ئێمە ساز کراوە، بەڵام دەکرێ بە گومان لە مێتۆدلۆژییەکانی پێشوو، ڕێگای نوێ تاقی بکەینەوە. بە وتەی جەنکینز هەڵوێستێکی دیاریکراومان دەبێ هەبێ و بە هەڵبژاردنی مێتۆدۆلۆژییەکی پێداچوونەوەیی (Reflexive Methodology)، بیر لەوە بکەینەوە کە ڕابردوو و بابەتی ڕاستەقینە، هەڵگری ڕاڤەیەکی بێئەژمارن (Jenkins 2004). لەم ناوەندسڕینەوەیە لە پێگەی خوێندنەوەی زاڵی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستییەکانی کوردستان نابێ بترسین و پێمان وا بێ خوێندنەوەی ئێمە ناتوانێ مەشروعییەتی هەبێ. چونکە ئەوە دەسەڵاتە، لە ئاکامدا، دیاری دەکا کە کامە ڕاڤە و خوێندنەوە مەشروعییەتی زیاتری هەیە، نەک ئەوەی تەنیا یەکێک لەو خوێندنەوانە لە زاتی خۆیدا هەڵگری هەقیقەتێکی ڕەها بێ. هەر بۆ شیکردنەوەی ئەم مەبەستە، لە درێژەدا سەرەتا چوارچێوەی ئەو کۆلۆنیالیزمە شی دەکەمەوە کە لە ئاکادێمیادا بە سەر توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە کوردستاندا زاڵە و دواتر باس لەوە دەکەم چۆن هەڵبژاردنی هەڵوێست و مێتۆدۆلۆژییەک بەپێی ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی دەتوانێ یارمەتیدەری سازکردنی بوارێکی سەربەخۆ بێ و لە ئەنجامدا کەڵکی بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە کوردستان هەبێ.

 

کۆلۆنیالیزمی ئاکادێمیکی زێدە

سەرەتا دەتوانین بەم شێوازە سادەیە پێناسە بۆ کۆلۆنیالیزمی ئاکادێمیک بکەین کە بریتییە لە: «پرۆسەیەک کە تیایدا، ناوەند و چەقی بەرهەمهێنان و بەدەست خستنی زانست سەبارەت بە نەتەوەیەک، لە دەرەوەی خودی ئەو نەتەوەیەدا بێ» (Galtung 1967, 296). ئەم پێناسەیە بە هەندێک گۆڕانەوە دەبێ قەبووڵ بکەین چونکە بەرەبەرە لەم وتارەدا بەڵگە دەهێنمەوە کە یەکەی توێژینەوەی ئێمە دەبێ لەسەر پانتاییەکی بەفراوانتری کوردستان ڕابوەستێ کە یەکەی توێژینەوەی نەتەوەی کورد بەشێکی گرنگی لێ پێک دێنێت. کەواتە چەمکەکەمان بەم شێوەیە دیسان پێناسە دەکەینەوە کە کۆلۆنیالیزمی ئاکادێمێک بە واتای ئەوە دێ کە بەرهەمهێنانی زانست سەبارەت بە کوردستان لە دەست هەندێک وڵات و ناوەنددایە کە لە دەرەوەی کوردستانن. لەم ڕوانگەیەوە کۆلۆنیالیزمی ئاکادێمیک باس لەوە دەکا کە چۆن دەوڵەتەکان ئەو ناوەندانە داگیر دەکەن کە تیایدا زانست بەرهەم دێ، دەگوازرێتەوە و ڕێک دەخرێ. لەم شێوازەدا و بە کەڵک وەرگرتن و کاریگەری دانان لەسەر دابەشکردنی هێزی کار بە شێوەیەکی نایەکسان، ئاکادێمیای ناوچەی بەکۆلۆنیکراو، ناچار دەکەن کە ئەو پەیوەندییانەی سوڵتە پەسەند بکا کە لە ڕێگەی بەستانداردکردن، بەئەنستیتۆیی کردن و بەکۆمەڵایەتی کردنی بوارێکی زانستیی تایبەتەوە دەسەپێندرێن (Alatas 2003). لەم شێوازەدا، لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کوردستان، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کوردەوە و سەرەتا لە زانکۆکانی ڕۆژئاوا و ڕووسیا شکڵی گرتووە و کۆی ئەو زانیارییانەی بەرهەم هاتووە لە ئیستادا وەک زانستێک لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆژهەڵاتناسی (Orientalism) پێناسەی بۆ دەکرێ. ڕۆژهەڵاتناسەکان لە چوارچێوەی گرنگیدان بە بوارەکانی زمانناسی، ئایین، مێژوو و نەژادەوە سەیری کوردیان کردووە. دواتر بە دامەزرانی چوار دەوڵەت نەتەوەی کۆلۆنیالیستی کوردستان، هەر کام لە بوارەکانی لێکۆڵینەوەی ئیسلام، لێکۆڵینەوەی ئێران و لێکۆڵینەوەی تورکی، بەشێک لە زانیارییان لەسەر کوردستان و کورد پێکهێناوە.

کەواتە لێرەدا لەگەڵ کۆلۆنیالێزمێکی ئاکادێمیکی زێدە بەرەوڕوو دەبینەوە کە لە مێژووی کۆلۆنیالیزم لە جیهاندا بێ وێنەیە. چونکە سەرەڕای ئەو ڕەخنە گشتییانەی کە لە بواری ڕۆژهەڵاتناسی گیراوە و لە سەعیدەوە دەستی پێ کردووە (Said 2003)، بە هۆی دۆخی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی لە کوردستان بواری لێکۆڵینەوە لەسەر کوردستان گیرۆدەی تێگەیشتنی کۆلۆنیالی دوژمن بووە. کەواتە «زێدەبوونی» کۆلۆنیالیزمی ئاکادمێک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەر کام لەو چوار دەوڵەت نەتەوە نوێیە، بەپێی مێکانیزمەکانی لەخۆگرتن و قەدەغەکردن (Inclusion and Exclusion) دیاری دەکەن کە چ بابەتێک سەبارەت بە کوردستان زانستییە.

   فوکۆ بە سازکردنی دووانەی لێک جیانەبووی دەسەڵات/مەعریفە (Power/Knowledge) و ئاماژە کردن بەوەی کە «دەسەڵات ناتوانێ بێ مەعریفە خۆی بسەپێنێ و مەعریفەش ناتوانێ بێ دەسەڵات ساز ببێ» (Foucault 1980a, 52)، دەیەوێ پێداگری لەسەر ئەوە بکا کە مەعریفە و زانست لە لایەن ژمارەیەک لە زانا و توێژەرەکانەوە ساز نابێ، بەڵکوو پرۆسەی بەرهەمهێنانی مەعریفە زۆر ئاڵۆزتر و کەمتر ئاشکرایە و لە دامەزراوەکان و بەپێی یاسای وردی پێشوەخت ساز دەبێ. بەم گوێرەیە، بۆ بەرهەم هاتنی هەر مەعریفەیەک دەبێ بارودۆخی ماددی (Material conditions) سازبوونی ئەو مەعریفەیە سەیر بکرێ. لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە بەپێی مێتۆدۆلۆژیی پێداچوونەوەیییەک کە هەڵمانبژاردووە، ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی ئێمە تەنیا نابێ ئاراستەکەی بەرەو بیرۆکەکان و زاناکان بچێ، بەڵکوو هەروەها و گرنگتر، دامەزراوەکان، کورسەکانی وانەوتنەوە، بورسی خوێندن، ژورناڵەکان، پرۆسەی چاپ، پشتیوانیی ئابووری لە توێژەران و بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکان، دەتوانن دەورێکی گرنگیان لە سەقامگیرکردنی ئەو بابەتانەدا ببێ کە وەک بابەتی زانستی پێناسەیان بۆ دەکرێ و ئەو بابەتانەی کە لەبەر بەئەنقەست ئامادەکردن یا نەکردنی بارودۆخی ماددیی پێویست، قەدەغە دەکرێن و لە چوارچێوەی بابەتی زانستی دەخرێنە دەرەوە.

لە هەر شوینێک کە پەیوەندیی دەسەڵات لە نێوان دەستە جۆراوجۆرەکانی خەڵک یاکوو نەتەوەکان لاسەنگ بێ (وەک پەیوەندیی کۆلۆنیالیستیی نەتەوەی سەردەستی تورک، فارس و عەرەب لەگەڵ نەتەوەی ژێردەستی کورد)، دەکرێ بە شوێن مێکانیزمەکانی سازکردنی مەعریفەدا بگەڕێین. فوکۆ بە شێوازێکی بەڵگەمەند باس لەوە دەکا کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، لەبەر هۆکاری لاسەنگییەکی ئەنستیتۆییکراو لە نێوان پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە نێوان پیاوان و ژناندا، بەرهەمهێنانی زانست سەبارەت بە ژنان بڕەوی زیاترە؛ هەر لەم ڕووەوە ئەگەر سەیری کتێبخانەکان بکەین، کتێبێکی زۆر سەبارەت بە ژنان و لە ئاستیکی زۆر کەمتردا سەبارەت بە پیاوەکان پەیدا دەکەین. هەر بەم گوێرەیە، سەبارەت بە ڕەشپێستەکان توێژینەوەی زۆر کراوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە سەبارەت بە سپیپێستەکان توێژینەوە و وتاری زۆر کەم دەبینین. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە، لەبەر چەندین هۆکاری وەک فێمینیزم و بزووتنەوەی دژەکۆلۆنیالیستی ئەو لاسەنگییە گۆڕانی بە سەردا هاتووە. بەڵام هەر وەک چۆن میلز بە درووستی ئاماژەی پێ دەکا «تاکوو ئێستاش ناوەندی سەرنج پێدانی لێکۆڵینەوەی ئاکادێمیک لە زانستی مرۆییدا ئەو کەسانەن کە پەڕاوێز خراون» (Mills 2005, 69). ئەگەر سەیری مۆدێلی توێژینەوە لەسەر کوردستان و کوردیش بکەین، بە هیچ شێوەیەک نابینین لێکۆڵینەوە لەسەر ئاخێزگە و نەژادی فارس، تورک و عەرەب کرابێ، ئەمە لە کاتێکدایە دەیان توێژینەوە لەسەر ئاخێزگە و نەژادی کورد کراوە و دەکرێ (White 1993; Asatrian 2009; Hennerbichler 2012). چونکە کاتێک لە سەدەی بیستەمدا ئەو نەتەوانە دەبنە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەییی خۆیان و لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی بەرژەوەندیی زلهێزەکان دەوڵەت بۆ کوردستان ساز نابێ، هەر کام لەو نەتەوانە لە بەرژەوەندیی دەوڵەت نەتەوەی خۆیان (لەسەر بنەمای یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ئاڵا) پێویستیان بە ئەویترێک هەبووە. ئەم ئەویترسازییە کە من وەک ماکی سەرەکیی کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی ناوی لێ دەبەم، لە بنەمادا بە مەبەستی ئابووری بووە و تاڵان کردنی کوردستانی بەدواوە هاتووە و لە ئاستی دووەم (و ڕەنگە بە هەمان ئەندازە گرنگ) لایەنی ناسنامەییی بەخۆوە گرتووە کە کورد وەک ئەویتری تورک، فارس و عەرەب ناسێندراوە.

لەم بەستێنەدا بۆمان دەردەکەوێ کە کۆلۆنیالیزمی ئاکادێمیکی زێدە لە دوو لق ساز بووە:  مەعریفەیەک کە ڕۆژهەڵاتناسەکان سازیان کردووە و ناکرێ بوترێ هەمیشە زیانی هەیە و  مەعریفەیەک کە ناوەند و توێژەرەکانی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکانی کوردستان سازیان کردووە و جگە لە چەند ئاوارتەیەک، هەمیشە لە بەرژەوەندیی چەوساندنەوەی کورد و داگیرکاریی کوردستاندا بووە. هەڵبەت زۆربەی کات، سازکردنی مەعریفە لە لقی دووەمدا پشت بە زانستێک دەبەستێ کە لە ڕۆژهەڵاتناسیدا بەرهەم هاتووە و بۆ شەرعیەت وەرگرتن، کەڵک لە هەندێک تیۆریی زمانی ـ نەژادی وەک نەژادی ئاریایی و زمانی ئێرانی وەردەگیرێ کە من وەک بەشێک لە هێژمونیی ئێران لە ناوچەکەدا و مێکانیزمەکانی سوڵتە بە سەر کوردستان وەک کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر پێناسەم بۆ کردووە (ئەردەڵان 2019b). لێرەدا بۆ شیکردنەوەی باسەکە باشترە لە هەندێک لە گرنگترین دامەزراوە و ناوەندەکان ورد ببینەوە کە ئەرکی سازکردنی مەعریفە لەسەر کوردستان و کوردیان بە ئەستۆ گرتووە.

ئەگەر سەیری بواری ڕۆژهەڵاتناسی بکەین، زۆربەی کات مێژووی بواری لێکۆڵینەوە لەسەر کوردستان و کورد بۆ کتێبی گرامری کوردی مائوریزۆ گارزۆنی (١٧٨٧) دەگەڕێننەوە (van Bruineseen 2014, 20) و گارزۆنی وەک باوکی بواری کوردۆلۆژی (Kurdology) سەیر دەکەن؛ هەرچەند گالێتی ئەم مێژووە لە ئیتالیا و لە نێوان بانگخوازە مەسیحییەکان بۆ سەدەی سیانزەش دەگەڕێنێتەوە (Galetti 1995).هەروەها بە وردبوونەوە لە زیاتر لە دوو سەدە لێکۆڵینەوە لەسەر مژارە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندیدار بە کوردستان، بۆمان دەردەکەوێ کە لە سەرەتاکانەوە و تاکوو ئیستا دوو مژاری ئایین و زمان بۆ توێژەران زیاترین سەرنجڕاکێشییان هەبووە. ئەم حەزی بەرهەمهێنانی زانستییە هەر بۆ ئەو باسە دەگەڕێتەوە کە پێشتر میڵز وەک لێکۆڵینەوە لەسەر پەراوێزخراوەکان ناوی لێ بردبوو. کاتێک هەر لە سەرەتاکانەوە بانگخوازە مەسیحییەکان هاتنە کوردستان، دەبوایە لە یەکەم هەنگاودا زمانی کوردی فێر ببن و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، ئینجیل نزیک بە سەدەیەک پێش لە قورئان تەرجەمەی کوردی دەکرێتەوە و تاکوو ئیستا چەندین وەرگێڕان لە ئینجیل بە زارە کوردییەکان دەبیندرێ (Rzepka 2014)؛ یاکوو بە هەمان شێوە لێکۆڵینەوە لەسەر ئایینەکانی ئیزدی، عەلەوی و یارسان، بەشێکی هەرە گرنگ لە بواری ڕۆژهەڵاتناسی و لێکۆڵینەوەی کوردی پێک دێنن، چونکە بە لای ڕۆژهەڵاتناسەکانەوە ئەم ئایینە جگەئیسلامییانە سەرنجڕاکێشن، چونکە لە پەراوێزی ئایینی زۆرینەی هەرە زۆری کوردە موسڵمانەکاندا دەبیندرێن (Omarkhali 2014).

لە ئاستی زانیاریی مێژوویی بۆ ئەم بوارە، لێکۆڵینەوەی باش ئەنجام دراوە و سەرەڕای توێژینەوە چڕوپڕەکەی فان برۆینسێن سەبارەت بە لێکۆڵینەوەی کوردی لە ئەورووپای ڕۆژئاوا و ناوەندی (van Bruineseen  2014) لە هەمان کتێبدا، کۆنووسی ساڵانەی کوردی، کە لە لایەن «کۆمەڵگای نەمسا بۆ گەشەی کوردۆلۆژی لەگەڵ ناوەندی ئەورووپایی بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی» چاپ بووە، هەندێک لێکۆڵینەوەی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی لە یەکیەتیی سۆڤییەت و ڕووسیا (Omarkhali and Mossaki 2014)، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا (Gunter 2014) و لە وڵاتی چێک (Kubalek 2014) ئەنجام دراوە. لەم ڕوانگە ناڕەخنەگرانە و بە شێوازی وەسفی چەندین وتار و توێژینەوەی دیکەش بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا بەرهەم هاتوون. سەبارەت بە دۆخی بواری لێکۆڵینەوەی کوردی لە خودی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەکۆلۆنی گرتووە، چەند بابەتی گرنگ بەرهەم هاتوون بۆ نموونە دەتوانم سەبارەت بە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی لە ئێران (محمدپور و ڕضائی ٢٠١٧) و لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەترەوە، کتێبی تیۆریی پۆست کۆلۆنیالیزم و کوردناسی (کەریمی ١٣٩٤) ناو ببەم. سەبارەت بە تورکیاش دوو وتاری ڕەخنەگرانە دۆخی کرانەوەی زیاتری ئاکادێمیای تورکیا بەتایبەت لە دوو دەیەی کۆتایی سەدەی بیستەم و بەربەستەکان نیشان دەدەن (Scalbert-Yücel and Ray 2006; Aras 2014). بەڵام، مەخابن، تاکوو ئیستا نە توێژینەوەیەکی جیددی سەبارەت بە بواری مێتۆدۆلۆژیی لێکۆڵینەوەی کوردی کراوە کە چوارچێوەی ئەم لقە لە زانستی نێوان-بواری نیشان بدرێ و نە تەنانەت لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە سەیری کراوە.

من پێم وایە ناکرێ توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتناسەکان بە تەواوی بە چاویلکەی ئەو ڕەخنانەوە سەیر کەین کە لە دوابەدوای کتێبەکەی ڕۆژهەڵاتناسی سەعیدەوە زاڵ بووە و وا دادەندرێ کە هەمیشە لە پشت لێکۆڵینەوەکانی ڕۆژئاواییەکانەوە چەواشەکارییەک هەیە. بێگومان بەشێکی زۆر لە لێکۆڵینەوەکان، دەکەونە هەمان ئەو چوارچێوەیەوە کە ڕۆژئاواییەکان بە مەبەستی ناسینی ناوچەکانی دنیا ئەنجامیان داوە و هەر ئەم مەعریفەیە دەسەڵاتی پێیان بەخشیوە؛ بەڵام لە هەمان کاتیشدا بەشێکی گرنگ لە دەرکی ئێمە لە کوردستان و کورد، قەرزداری بەرهەمە گرنگەکانی ئەو توێژەرانەیە. بۆ نموونە بەرهەمی ناوازەی ساغکردنەوەی مەم و زینی خانی کە ڕودێنکۆ لەسەر بنەمای نۆ دەستنووس ئەنجامی داوە و کۆنترینیان بۆ ساڵی ١٧٣١-١٧٣٢ دەگەڕێتەوە؛ هەر ئەم ساغکردنەوە گرنگە کۆتایی بەو گومانانە هێنا کە هەندێک لە دێڕە نیشتمانییەکانی مەم و زین، هی خانی نەبن (van Bruineseen 2003, 43-44). بەڵام دەکرێ دڵنیا بین جگە لە هەندێک توێژەری ئاوارتەی وەک بێشیکچی و بەتایبەت بەرهەمە ناوازەکەی سەبارەت بە کۆلۆنیالیزم لە کوردستان (بێشکچی ٢٠١٨) کۆی ئەو مەعریفەیەی کە سەبارەت بە کوردستان و کورد لە لایەن تورک، فارس، عەرەب و ئەرمەنییەوە بەرهەم هاتووە، تەنیا و تەنیا بە مەبەستی سەقامگیرکردنی سیستەمی سوڵتە لە کوردستان ساز کراوە. هەر بۆیەش ئەگەر بمانهەوێ ئاراستەیەک بۆ توێژینەوە سەبارەت بە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی دیاری بکەین دەبێ سەرەڕای گرنگیدان بە تیۆری و مێتۆدەکانی پۆست کۆلۆنیالیزم، بۆ تیۆری و مێتۆدەکانی دژەکۆلۆنیالیزم بگەڕێینەوە، چونکە هەم لەم ڕێگایەوە دەرکێکی باشتر لە بابەتی لێکۆڵینەوەمان بۆ ساز دەبێ و هەم زانستێک کە لە بەرهەمی توێژینەوەکەمان بەرهەم هاتووە، لە پێناوی ڕزگاریی کوردستان و بە مەبەستی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

 

لە ئاراستەی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە بۆ دژەکۆلۆنیالیزم

سەرەتا بۆ ئەوەی مەبەستی خۆم لە هینانەوەی دووانەی پۆستکۆلۆنیالیزم و دژەکۆلۆنیالیزم ڕوون بکەمەوە دەبێ پێناسەیەکی ڕوون لە هەر کامیان بە دەستەوە بدەم. بە وتەی ڕۆبێرت یانگ پۆستکۆلۆنیالیزم هەر ئەو شتەیە کە بێنیامین وەک «نەریتی ستمەلێکراوان» ناوی لێ دەبا (Young 2015, 149)؛ دواتر یانگ کەمێک مەبەستەکەی خۆی لە نەریتی ستمەلێکراوەکان شی دەکاتەوە کە بێنیامین لە تێزەکانی سەبارەت بە مێژوو باسی لێ کردبوو. لە ڕوانگەی یانگەوە پۆستکۆلۆنیالیزم نزیکایەتیی لەگەڵ هەندێک بزووتنەوەی سیاسی وەک مارکسیزم و سوسیالیزم، فێمینیزم و ژینگەپارێزی هەیە کە هەموویان خەبات بۆ گۆڕینی پێکهاتە زاڵەکانی دەسەڵات لە جیهاندا دەکەن. لە کاتێکدا مارکسیزم بەتایبەت پێداگری لەسەر ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتی کاپیتالیزم و چەوساندنەوەی چینی کرێکار دەکا، فێمینیزم دژ بە دەسەڵاتی پیاوسالارانە دەوەستێ کە لە ڕێگەیەوە ژن دەچەوسێتەوە، و خەباتی ژینگەپارێزی دژ بەو بێڕەحمییە هەڵوێست دەگرێ کە مرۆڤ زەوی دەچەوسێنێتەوە و لە ناوی دەبا، پۆستکۆلۆنیالیزم گرنگی بە دەسەڵاتی نەتەوەکانی جیهانی یەکەم و چەوساندنەوە و ستەمی مێژووییی ئەوان لە ئاست نەتەوە مامناوەند و کەم داهاتەکان دەکا (Ibid.). ئەگەر لەو توێژینەوانەش ورد ببینەوە کە بە ناوی تیۆریی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە دەکرێن، دەتوانین بڵێین کە نزیک لە هەموویان لە چوارچێوەی سنوورەکانی دەوڵەت نەتەوەکانی ئیستادا، دەیانەوێ بە شێوازی گشتی ستەم کەم بکەنەوە یاکوو بیسڕنەوە. هەروەها ئەم شێوازە لێکۆڵینەوانە گرنگییەکی زۆر بە کێشەکانی دانیشتووە ڕەسەنەکان (Indigenous people) لە ئۆستراڵیا و نیوزلەندەوە بگرە هەتا ئامریکا دەدەن کە چۆن لە ئاکامی چەندین سەدە چەوساندنەوەدا زمان و کولتووریان نزیک لە لەناوچوونە. لە وڵاتانی ئافریکایی وەک نیجرییە و کنیا  و لە ئاسیا بەتایبەت لە هیند نەریتێکی گرنگی لێکۆڵینەوەی پۆستکۆلۆنیالی هەیە کە بە کەڵک وەرگرتن لە ئاوێتەیەک لە تیۆرییەکانی بیرمەندانی مارکسیزم و فێمینیزم، ڕەخنە لە دۆخی مەوجود لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکارییەوە بگرە هەتا سیاسەتەکانی دەوڵەتەکان سەبارەت بە ژنان و ژینگە دەگرن و پێیان وایە قۆناغی ئیستایان لە کۆلۆنیالیزم تێنەپەڕیوە و هەر بۆیە وەک نیوکۆلۆنیالیزم ناوی لێ دەبەن.

تیۆرییەکانی پۆست کۆلۆنیالیزم هەرچەند هەمیشە سەرنجڕاکێشن و زۆر دەتوانن یارمەتیدەری توێژەری کورد بن بۆ ئەوەی بتوانێ چوارچێوەیەکی تیۆری بۆ توێژینەوەکەی بدۆزێتەوە، بەڵام لەسەر چەندین ئاستی تیۆری و مێتۆدۆلۆژی کێشەی مەعریفی ساز دەکەن. ئیستا دەکرێ ئەم پرسیارە لە خۆمان بپرسین کە بۆچی لە جیاتی بەکارهینانی بیرۆکەکانی پۆستکۆلۆنیالیزم، کەڵک لە دژەکۆلۆنیالیزم وەرگرین؟ دەکرێ بڵێم زیاتر پەیوەندیی بە ئەوەوە هەیە کە چۆن لە کێشەکان ورد دەبینەوە و چۆن کوردستان پێناسە دەکەین.  بەکورتی من ئاماژە بەو ڕەخنانە دەکەم کە ئەگەر دۆخی پۆستکۆلۆنیالیزم هەڵبژێرین گیرۆدەیان دەبین: (١) بە قەبوڵ کردنی ئەم تیۆرییانە وامان نیشان داوە کە کوردستان لە دۆخی کۆلۆنیالیزمدا نییە؛ (٢) بیرمەندانی نەتەوەی کۆلۆنیالیستی تورک، فارس و عەرەب خۆیان کەڵک لەم تیۆرییانە وەردەگرن. واتە چونکە ئەم دەوڵەتانە خۆیان بەشێک لە جیهانی سێیەمن و لە ڕووی مەعریفییەوە هەوڵ دەدن لە ڕۆژئاوا سەربەخۆ بن کەڵک لە تیۆری و مێتۆدۆلۆژیی پۆستکۆلۆنیالیزم وەردەگرن تاکوو سەرەوەریی کولتووریی خۆیان نیشان بدەن. بەم شێوەیە بیرمەندانی کورد تێکەڵ بە چەمکی هاوبەشی مەعریفی لەگەڵ دوژمنان دەبن. بۆ نموونە باس لەوە دەکەن کە ڕۆژئاواییەکان لە سەفەرنامەکانیاندا لە سەردەمی عوسمانی یاکوو قاجار، چۆن سەیری مرۆڤی ئەم ناوچانەیان کردووە، یاکوو لە فیلمەکانی هالیوود یا ڕۆمانەکانی سەدەی نۆزدەیەمی بریتانیا، مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی چۆن نیشان دەدرێ؛ (٣) ئەم تیۆرییانە گرێدراوی بواری لێکۆڵینەوەی کولتوورین و زیاتر جەخت لەسەر چۆنیەتیی پیشاندانی مرۆڤی جگەڕۆژئاوایی لە ڕۆمان، شێعر، فیلم و موسیقادا دەکەن. یاکوو بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری مۆزەخانەکان دەکەن کە چۆن ڕۆژئاواوییەکان لە دەستکەوتە کولتوورییەکانی ناوچەکانی دنیا سازیان کردووە؛ (٤) چونکە بواری لێکۆڵێنەوەی کولتووری و پۆستکۆلۆنیالیزم ئاوێتەی یەکن، لە بنەڕەتدا چوارچێوەی تیۆریکیان مافخوازانەیە. هەرچەند تیۆرییەکانی مارکسیزم و فێمینیزم، بنەمای تیۆریکی بواری پۆستکۆلۆنیالیزم، ڕەخنەگرانە و ڕادیکاڵ دەکا، بەڵام لە ئاکامدا دەستکەوتەکان بەرەو هەموارکردنی یاساکان لەناو دڵی دەستووری بنچینەییی دەوڵەت نەتەوەکاندا دەڕوا.

کەواتە ئەگەر ئێمە قەبوڵی بکەین کوردستان لە دۆخی هەمیشەییی کۆلۆنیالیزمدایە و ئەم دۆخە ئاوارتە و کاتی نییە (ئەردەڵان 2019c)، بۆ ڕزگاری، ڕێگەچارەیەک جگە لە دژایەتی کردن لەگەڵ کۆلۆنیالیزم نامێنێتەوە. ئامانجی سەرەکیی کۆلۆنیالیزمیش هەر وەک لە سەرەوەتر باسی لێ کرا، چەوساندنەوە و بەتاڵانبردنی سەرچاوە مادییەکانی کوردستان بە مەبەستی گەشەی ناوەندە، کە گەشەنەسەندی کوردستانی لێ کەوتووەتەوە. لە ڕێڕەوی ئەم چەوساندنەوەدایە کە ناسنامەی کوردستانیبوون دەستکاری کراوە و سوڵتەی زمان و کولتووری تورکی، فارسی و عەرەبی بە سەر کوردستاندا زاڵ بووە. بۆ دژایەتی کردن لەگەڵ ئەم سیستەمە، پێویست بەو تیۆرییانە دەکا کە ڕاستەوخۆ کۆلۆنیالیست بوونیان نیشان بدا و ڕێگەچارەی پێویست بۆ ڕزگاری دیاری بکا، نەک تەنیا کات بۆ چۆنیەتی پیشاندانی مرۆڤی کورد لە بەرهەمی ئەدەبی و سەفەرنامەکانی ڕۆژئاواییەکان تەرخان بکرێ (کریمی ١٣٩٦).

هەرچەند لە ڕوانگەیەکی نامێژووییەوە، هەندێک لە بیرمەندەکان پێیان وایە کە پێشگری «پۆست» لە چەمکی پۆستکۆلۆنیالیزم، بە مانای دوای کۆلۆنیالیزم نییە و تیۆرییەکانی پۆستکۆلۆنیالیزم دەتوانن هەموو خەبات و بەرگرییەکانی قۆناغی کۆلۆنیالیزمیش شرۆڤە بکەن، بەڵام ڕەخنە لە کۆلۆنیالیزم لە دەیەی ١٩٦٠ بەدواوە و بەتایبەت لە بەرهەمەکانی فرانتز فانۆندا دەبیندرێ. هەڵبەت لە شێوازی کۆلۆنیالیزمی کلاسیکدا، کۆلۆنیالیستەکان لە دووردەستەوە هاتبوون و وڵاتێکی دیکەیان بەکۆلۆنی کردبوو و لە نێوان کەمینەیەک کە لە لایەن ئەوانەوە جێگر کرابوو و زۆرینەیەک کە دەچەوسانەوە و دانیشتووانی سەرەکیی ئەو وڵاتە بوون، هەمیشە سنوورێکی دیاریکراو لە هەموو بوارەکاندا دەبیندرا. لە کوردستان بە هۆی دامودەزگاکانی نەتەوەی سەردەست هەوڵ دەدرێ ئەم سنوورە بەڕوونی دیار نەبێ، ئەگەرچی کێ هەیە نەزانێ کە تورک، فارس و عەرەب، لە کوردستان ئەو کەمینە هاوردەیەن کە دەسەڵاتیان بە دەستە، زۆرینە دەچەوسێننەوە و سامانەکەیان بەتاڵان دەبەن؟ کەوابوو، بۆ تێگەیشتن لە شێوازی کۆلۆنیالیزمی ئەوان باشترە کەڵک لە چوارچێوەیەکی تیۆریک وەرگرین کە بۆ ڕێفۆرم ساز نەکراوە، بەڵکوو مەبەستیەتی دژ بە کۆلۆنیالیزم بوەستێ و کوردستان ڕزگاری ببێ. چونکە لە ڕاستیدا مەبەستی ئایدیۆلۆژیی کوردایەتی ڕزگارکردنی خاکی کوردستانە.

تیۆرییەکانی دژەکۆلۆنیالیزم بۆخۆیان بە سەر سێ قۆناغدا تێپەڕیون چونکە لە سێ ئایدیۆلۆژی جیاوازەوە سەرچاوەیان گرتووە کە هەر کامیان لە دوو ستراتێژیی جێگرەوەی یەک، واتە ڕێفۆرم و شۆڕش کەڵک وەردەگرن. لە سەدەی هەژدەیەم، ئایدیۆلۆژیی دژەکۆلۆنیالیزم، لەسەر بنەمای بیرۆکەی یاسای سروشتی، سەربەستی و مافەکانی مرۆف دامەزرا؛ شێوازی زاڵ لە سەدەی نۆزدەیەم لە هەندێک شوێن وەکوو یۆنان، ئیرلەند و ئیتالیا، لەگەڵ جۆش و خرۆشی ناسیۆنالیزم تێکەڵ بوو. لە سەدەی بیستەم، بەتایبەت دوای ١٩١٧، لەگەڵ بیرۆکەکانی سوسیالیزم و کۆمۆنیزمی شۆڕشگێڕانە یەکسان بووەوە (Young 2015, 85-6). بەڵام ئەوەی کە دیارە ئایین قەت وەک فاکتەرێکی گرنگ لە ئایدیۆلۆژیی دژەکۆلۆنیالیستیدا سەیر نەکراوە (هەرچەند نموونەی سەرکەوتووی وەک شۆڕشی مەهدیباوەڕانە لە سودان لە نێوان ساڵەکانی ١٨٨٣ تا ١٨٨٥ دەبیندرێ کە دژ بە دەسەڵاتی میسر و بریتانیا ڕاپەڕیبوون). بەڵام چۆن دەتوانین بە تیۆرییەکی گونجاو و هەڵبژاردنێکی ستراتێژییەکی شیاو بگەین؟

لە هەڵبژاردنی تیۆرییەکی گونجاو بۆ چوارچێوەی تیۆری بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر کوردستان، کە بتوانێ یارمەتیدەری پرسی ڕزگاری لە کوردستان بێ، خوێندنەوەی ئەزموونی شۆڕشە دژەکۆلۆنیالیستییەکانی دیکە هەرچەند گرنگە، بەڵام زیاتر لەوە، پێویست بە هەڵوێستێکی دیاریکراو لە لایەن بیرمەندانی کوردەوە هەیە. دۆخی کوردستان لە هیچ نموونەیەکی دیکە ناچێت چونکە هیچ وڵات یا نەتەوەیەک لە یەک کاتدا لە لایەن چوار دەوڵەتی جیاوازەوە بەکۆلۆنی نەگیراوە و چوار نەتەوەی (تورک، فارس، عەرەب و ئەرمەنی) بە شێوازێکی سیستەماتیک هەوڵیاننەداوە تا مێژوو، زمان و کولتوورەکەی دەستکاری بکەن. دیارە هەر شۆڕشێک لە کوردستان دەبێ بە مەبەستی ئازادیی خاکی کوردستان، کۆمەڵانی خەڵک ڕاپەڕێنێت و هەروەها دەبێ ئەوە لەبیر نەکەین کە سەرەڕای ئەوەیکە نەتەوەی کورد زۆرینەی هەرە زۆری دانیشتووانی کوردستان پێک دێنێ، بەڵام هەر کەمینەیەک لە کوردستان لەبەر ژیان لەو ناوچەیە، لە لایەن کۆلۆنیالیزمەوە هەوڵ دراوە دەستکاریی ناسنامەکەی بکردرێ. بۆ نموونە لە ئیستادا لە کوردستان و بەدرێژایی سەد ساڵ کۆلۆنیالیزمی نێوخۆیی، کار لەسەر ناسنامەیەکی جگەکوردستانی و تەنانەت دژەکوردستانی بۆ کەمینە ئایینی، زمانی و قەومییەکان لە کوردستان کراوە. ئەم دیاردە نەگریسە، ئاکامی کۆلۆنیالیزمە و تاوانبارەکەی حیزبە شۆڕشگێڕەکان یا خەڵکی کوردستان نین کە هەمیشە هەوڵیان داوە پشتیوانی لە فرەڕەنگی و جیاوازییەکانی کوردستان بکەن. بە وتەی سمیت، سیاسەتی «دووبەرەکی ساز بکە و حکومەت بکە» هەتاکوو ئیستا ستراتێژییەکی بنەڕەتی بۆ کۆنتڕۆڵی خەڵکی خۆجێییە [نەتەوەی ژێردەست]. ئەم سیاسەتە هەتاکوو ئیستاش کاری پێ دەکرێ، چونکە بەداخەوە هێشتاش هەر سەرکەوتووە (Smith 2008, 99). دەکرێ لەم ڕوانگەیەوە دەلاقەیەکی نوێ بە سەر پرسی ئیزدی، یارسان، عەلەوی، شەبەک، ئاسوری و کلدانی (ناسنامەی ئایینی وەک جێگرەوەی ناسنامەی کوردستانی)، لۆڕی، لەکی، هەورامی و زازاکی (ناسنامەی زمانی وەک جێگرەوەی ناسنامەی کوردستانی) و تورکمان، عەرەب و تورک (ناسنامەی قەومی وەک جێگرەوەی ناسنامەی کوردستانی) بکەینەوە.

لە ڕوانگەی خەباتی دژەکۆلۆنیالیستییەوە، هەمیشە گرنگییەکی زۆر بە ڕێکخراوەکان دراوە و تەنانەت سازکردنی بەرەی ڕزگاریی نیشتمانی ڕێکارێک بووە و لە هەندێک وڵاتەکان توانیویەتی دژبەرەکان بە دەوری بیرۆکەیەکی هاوبەشی دژەکۆلۆنیالیستی پێکەوە کۆ بکاتەوە. ڕێکخراوە (حیزب) بە هەموو قازانجەکانیەوە بە تەنیا ناتوانێ لە ڕووی ستراتێژییەوە سەرکەوتوو بێ. بەتایبەت، هەرچەند دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی هەمیشە هێزی سوپایی بۆ سەرکوت بەکار دێنێ، بەڵام بەکارهێنانی هێزی ڕەق بە تەنیا ناتوانێ مەشروعیەت بۆ داگیرکاری و مانەوە ساز بکا. بۆیە هەر دەسەڵاتێکی کۆلۆنیالیستی مۆدێلێکی تایبەت بە خۆیان لە سیاسەتی گێزەر و گۆپاڵ هەیە و بەوردی بەکار دێنن. هەر بۆیە هەر بزووتنەوەیەکی دژەکۆلۆنیالیستی، دەبێ هاوکات لە هەر دوو تاکتیکی ڕەق (توندوتیژی) و نەرم (کولتووری) کەڵک وەرگرێ. با بەکورتی سەیری سیاسەتەکانی گێزەر و گۆپاڵی دوژمنانی کوردستان بکەین و بۆمان دەردەکەوێ کە ئاکادێمیای کوردستان چۆن دەتوانێ یارمەتیدەری دژایەتی کردن و تێپەڕاندنی دۆخی کۆلۆنیالیزم بێ.

دەوڵەتە کۆلۆنیالیستییەکانی کوردستان، بۆ ماننەوەی داگیرکەرانە و هەروەها بەهێزکردنی سەردەستەییی خۆیان هەموو ژێرخانی کۆلۆنییەکەیان (کوردستان) لە ڕێگەی هێزی سوپایی و پۆلیس، یاسا و ماڵیاتەوە کۆنترۆڵ کردووە. هەر لە کاتی ئەم کۆنترۆڵەدا، داگیرکەران لە فکری ئەوەدان کە زۆرترین هاودڵی و هاودەنگی لە نێوان خەڵکی ناوچە بەکۆلۆنیکراوەکان بە دەست بهێنن. واتە زۆرترین ڕەزامەندی بە مانای ئەوە دێ کە کۆنترۆڵ ئاسانتر دەبێ. هەر بۆیە دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی بەڵگە دێنێتەوە کە مانەوەیان لە کوردستان لەبەر قازانج نییە و تەنانەت ئەو پارەیەی کە خەرجی گەشەی کوردستان وەک ناوچەیەکی دواکەوتوو دەیکەن بە زیانیانە، بەڵام لەبەر مرۆڤدۆستی و سازکردنی وڵاتێکی مۆدێرن بە ئەستۆیان گرتووە. هەر بۆیە لە ئیستادا کارامەترین پاساو، کەڵک وەرگرتن لە چەمکی مۆدێرنیتەیە. واتە دەوڵەتە کۆلۆنیالیستەکانی کوردستان بە بیانووی مۆدێرن کردنی کوردستان، لە هەر کام لە پارچەکان، سیستەمێکی ئاڵۆزی ئابووری-سیاسییان بۆ سازکردنی کۆلۆنییەکی نێوخۆیی ساز کردووە.

بەتایبەت تورکیا و ئێران و لە ڕادەیەکی لاوازتر عێراق و سوریا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کولتوور و زمانیان مۆدێڕنە و کولتوور و زمانی کورد دواکەوتووە. مۆدێلی عەرەبەکان زیاتر ئەوەیە لە ڕێگەی ئایینی هاوبەشی ئیسلامەوە، سەرەوەریی خۆیان بسەپێنن یاکوو شێوازێک لە ژیانی هاوبەش لەگەڵ ناوچە بەکۆلۆنیکراوەکان ساز کەن. کەواتە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە کوردستان پێشتر و لە ئیستادا بیر لە سازکردنی کولتوورێکی نیشتمانی (نەتەوەیی) دەکاتەوە. لە هەنگاوی یەکەمەدا و بە وتەی سەعید «لەبەر بوونی کۆلۆنیالیستەکان، گێڕانەوەی خاکی داگیرکراو تەنیا لە ڕێگەی وێناکردنەوە ئیمکانی هەیە» (Said 1993, 271). مەبەستی سەعید ئەوەیە سەرەتا دەبێ مرۆڤی بەکۆلۆنیکراو وێنایەکی لە سەربەستی و سەربەخۆبوونی خاک (لێرەدا کوردستان وەکوو وڵات) و گرێدانی پارچەکان وەک نەتەوەی کوردستانی هەبێ. بۆ ئەم کارە هونەرمەندان، ڕۆشنبیران و سیاسییەکان دەتوانن ماتریاڵێکی گرنگ بەپێی ئایدیۆلۆژیی دژەکۆلۆنیالیستی و بە مەبەستی ڕزگاری بەرهەم بهێنن.

لەم ڕووەوە و لە ڕوانگەی فانۆن لە کتێبی بێچارەکانی سەر زەوی، کۆلۆنیالیزم سیستەمێکی چەوساندنەوەیە کە لە فازی یەکەمدا نەتەوەی بەکۆلۆنیکراو، لاسایی کولتووری نەتەوەی کۆلۆنیالیست دەکاتەوە. لە فازی دووەمدا ناسیۆنالیستەکان لە چوارچێوەی خەباتێکی دژەکۆلۆنیالیستی (ناسیۆنالیزمی کولتووری) دژ بە کولتووری کۆلۆنیال دەوەستنەوە و ڕەتی دەکەنەوە. شۆڕشگێڕەکان پشت بە کولتوور و مێژووی خۆیان دەبەستن و هەوڵ دەدەن لەسەر ئەو بنەما جیاوازە ناسنامەیەکی نەتەوەیی بۆ نەتەوەی بەکۆلۆنیکراو ساز کەن. لەم قۆناغەدا هەرچی پەیوەندیی بە کۆلۆنیالیستەکانەوە هەیە دەبێ بە گومانەوە سەیر بکرێ: پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ ناوەندی کۆلۆنیالیست دەبێ کەم بکرێتەوە و هەوڵ بدرێ بپچڕێت، زمانی کۆلۆنی دەبێ سەر لە نوێ بژیەتەوە و بەکار بهێندرێ، نووسین بەو زمانە دەبێ زۆر ببێ و بەرهەمی زانستی پێ بنووسرێ، ئەدەبیاتی ناوچەی بەکۆلۆنیکراو دەبێ زیندوو بکرێتەوە. فانۆن لە فازی سێیەمدا ئاماژە بەوە دەکا کە لە ئاکامی بەر یەککەوتنی فازی نکۆڵی کردن و ڕەتکردنەوە بە شێوازی دیالێکتیکی، کولتووری نەتەوەیی ساز دەبێ (Fanon 1966). لەم بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سوڵتەی کۆلۆنیالیزم لە کوردستان، دەوری ئاکادێمیا لەو ڕەهەندەوە گرنگە کە دەتوانێ ئەو زانستە بباتە ژێر پرسیار کە ئاکادێمیای تورکیا، ئێران و عەرەب دژ بە سەربەخۆیی کوردستان سازیان کردووە. واتە بە درزخستنە ناو قەڵای زانستی ساختە لەسەر کوردستان و کورد، دامودەزگای ئایدیۆلۆژیکی کۆلۆنیالیزم لە ڕمان و نەمان نزیک دەبێتەوە و لە ئاکامیدا مانەوەی سیستەمی کۆلۆنیالیستی لە کوردستان مەشروعیەتی لە نێوان خەڵکدا لاواز دەبێ.

 

لە بواری لێکۆڵینەوەی کوردییەوە بۆ لێکۆڵینەوەی کوردستان

پاش جەنگی دووەمی جیهانی و لە ئاکامی سازبوونی بواری لێکۆڵینەوەی ناوچەیی (Area Studies) لە زانکۆکانی ئامریکا، خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ بواری زانستی مرۆیی و زانستی کۆمەڵایەتی بەپێی هەرێمی جوگرافیایی، نەتەوەیی و کولتووری کراوە. هەموو ناوچەکانی جیهان لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئامریکاوە دابەش بە چەندین بوار و ژێربواری تایبەت کراوە. ئامریکا لەم ڕێگایەوە توانیویەتی دەسەڵاتێکی بێ رەکابەر لە دنیادا پەیدا بکا. ئەم ڕووداوە کە بە پشتگیریی سەرەتایی دامەزراوەی فۆرد، دامەزراوەی ڕاکفێلێر و کۆمپانیای کارنێگی، لە گەرمەی جەنگی سارد و دەستپێکی پرۆسەی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم لە ئافریکا و ئاسیا (کە سەربەخۆییی چەندین وڵاتی لێ کەوتەوە)، دەستی پێ کرا، بووە هۆی ئەوەی سەدان بەش و ئەنستیتۆ لەم بوارە نوێیەدا چالاکییان هەبێ.

ئەگەر پێشتر بواری لێکۆڵینەوە لەسەر کوردستان و کورد بە کوردۆلۆژی (کوردۆلۆگی) دەناسرا، لەم پۆلینبەندییە نوێیەدا ناوی لێکۆڵینەوەی کوردی بۆ دانراوە و وەک ژێربوارێکی لێکۆڵینەوەی ئێران ئەژمار دەکرێ. لە ڕاستیدا دەبێ سەرنجی بوارێکی گەورەتر بدەین کە بە ناوێکی نوێ (و لە ئیستادا تەواو جێکەوتوو) ناسراوە و ئەویش بواری لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سەرەتا لە بەستێنێکی سیاسیدا بەکار دەهات، لەو کاتە بەدواوە وەک یەکێک لە گرنگترین بوارەکانی زانستی مرۆیی گرنگییەکی لەڕادەبەدەری پێ دراوە. لێکۆڵینەوەی ئیسلام (کە زۆربەی جار لەگەڵ لێکۆڵینەوەی عەرەب و زمانی عەرەبی ئاوێتەی کراوە)، لێکۆڵینەوەی تورکی (بە دوو ژێربواری گرنگی لێکۆڵینەوەی سلجوقی و لێکۆڵینەوەی عوسمانی) و لێکۆڵینەوەی ئێران، سێ بواری سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێک دێنن. لەم ڕوانگە نوێیەوە، لێکۆڵینەوەی کوردی لە زۆر لایەنەوە وەک لقێکی بچووک لە بەشەکانی لێکۆڵینەوەی ئێران دەناسرێ. لە ڕووی مەعریفەناسییەوە، زمانی کوردی، نەژاد، ئایینە جگەئیسلامییەکان لە کوردستان (ئیزدی، یارسان، عەلەوی و شەبەک) هاوکات لەگەڵ سۆفیگەری، کولتووری کوردی (جەژنەکان، دابونەریت، جلوبەرگ)، موسیقا و هونەری تەلارسازی وەک بەشێکی جیانەکراوە لە زمانی ئێرانی (لقی زمانی هێند و ئەورووپایی)، نەژادی ئاریایی، ئایینی کۆنی ئێران و عێرفانی ئێرانی، و کولتوور و موسیقای ئێران ئەژمار دەکرێن. من پێشتر ئەم لێکدانەوە تایبەتانەم وەک کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر پێناسە کردووە و نیشانم داوە کە دەوڵەت نەتەوەی فارسەکان (بە ناوی ئێران) چۆن بۆ سازکردنی هێژموونیی کولتووری لە کوردستانی گەورە کەڵکی لێ وەرگرتووە (ئەردەڵان 2019b).

دیارە کە گرنگترین ڕەهەندی کۆلۆنیالیزمی ئاکادێمیکی زێدە بۆ ئەو بەشە دەگەڕێتەوە کە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی وەک بەشێک لە لێکۆڵینەوەی ئێران پێناسەی بۆ کراوە. چونکە هەرچیمان هەیە و نییە بۆ نموونە لە ئینسایکلۆپێدیای ئیرانیکا یا دائرەالمعارف بزرگ اسلامی بە ناوی ئێرانییەوە تۆمار کراوە. لە هەمان کاتدا، بە ناوی ئیسلامەوە و دیسانەوە بە کەڵک وەرگرتن لە ئاوەڵناوی ئێرانی، کورد و تایبەتمەندییە کولتوورییەکانی لە ئینسایکلۆپێدیای ئیسلام کە چاپەمەنیی ناوداری بریل بڵاوی دەکاتەوە تۆمار کراوە. تورکەکان کە هەر لە سەرەتاوە لە ئاکادێمیای خۆیان هەوڵی نکۆڵی کردن و تەنانەت بەلاڕێدا بردنی پرسی کوردیان هەبووە. تەنانەت زانستی ساختەیان تا ئەو شوێنە ڕۆشتبوو کە لە تیۆریی زمانی هەتاودا زمانی تورکی کرا بە دایکی هەموو زمانەکانی جیهان و کورد تەنیا تورکێکی شاخستانی بوو کە لەبەر دواکەوتوویی و ژیان لە چیاکان، زمانی تورکیی لەبیر کردبوو. هەرچەند لە ئیستادا و بەتایبەت لە ١٩٩٠ بەدواوە کرانەوەیەک بە سەر پرسی کورد لە زانکۆکانی تورکیا ڕووی داوە بەڵام لە ئەم شێوازەشدا هەوڵ دەدرێ گرنگی بە کەمینە نیشاندان و تاوتوێ کردنی مافی کەمینە لە تورکیایەکی دێمۆکراتیکدا بکرێ. واتە تەنیا باس لە لایەنی سیاسی و بە مەبەستی تواندنەوە، گرنگی بە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی دەدەن. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ڕەوتی سەرەکی لە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی لە لایەن ئاکادێمیای کوردی بە دەست کام لایەنانەوەیە و توێژینەوەکان لە دەوری کام تەوەرە سەرەکییەکاندا دەسووڕێنەوە؟

ئەگەر قەبوڵی بکەین کە کوردستان لە دۆخی کۆلۆنیالیزمدایە، بەڵگەنەویستە کە دەبێ ئاکادیمیای کوردی هەموو هەوڵی بخاتە گەڕ بەشکم بتوانێ یارمەتیدەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە کوردستان بێ و لەم ڕێگەیەوە وەک هێزی نەرم لە بەرامبەر ئایدیۆلۆژیای کۆلۆنیالیزمدا بوەستێتەوە. بەڵام کێشەکە ڕیک هەر لە هەمان دیاریکردنی ناوی لێکۆڵینەوەی کوردییەوە دەست پێ دەکا. کاتێک لە چوارچێوەی چەمکی لێکۆڵینەوەی کوردیدا بەرەبەرە لە سەدەی بیست و یەکەم و بە یارمەتیی ماددی حکومەتی هەریمی کوردستان چەندین بەش ساز کراوە، وەکوو بەشی لێکۆڵینەوەی کوردی لە زانکۆی ئێگزێتر (کورسیی ئیبراهیم ئەحمەد، بریتانیا)، ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوەی کوردی لە زانکۆی ئێرفۆرت (کورسیی مەلا مستەفا بارزانی، ئاڵمان)، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی لە زانکۆی سێنتراڵ فلۆریدا (کورسیی جەلال تاڵەبانی، ئامریکا). هەروەها لە چەندین بەش لە فەڕانسە، ئاڵمان، ڕووسیا و پۆلەند لە بەشەکانی لێکۆڵینەوەی ئێران، زمانی کوردی یا بەرنامەیەکی هاوشێوە دەخوێندرێ. سەرەڕای چەندین ئەنستیتۆ و ناوەند کە لەم بوارەدا چالاکن و بە هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە هەبووە، بەڵام پێویست دەکا  بواری لێکۆڵینەوەی کوردی وەک لێکۆڵینەوەی کوردستان بناسێندرێ و  ناوەندی سازکردنی زانست لە جیاتی لە ڕۆژئاوا و لە زانکۆکانی دەوڵەتە کۆلۆنیالسیتییەکانی کوردستان بێ، لە کوردستان و بۆ خۆی بگێردرێتەوە.

سەرەتا دەبێ ئەوە لەبیر نەکەین کە لە دوای دەستکەوتە زانستییەکانی ئەو کەسانەی زیاتر بە پۆستمۆدێرن ناسراون، گومانی سەرەکی لەسەر بوونی «یەک هەقیقەت» هەیە. هەروەها لە دنیای بوونی هەقیقەتەکان، سازبوونی هەقیقەتەکان ڕاستەوخۆ بە دەسەڵاتەوە گرێ دراوەتەوە. بە وتەی فوکۆ: «سیاسەتی گشتی»ی هەقیقەت: بە واتای جۆرەکانی گوتارێک دێ کە لە ڕێگەیەوە کارکردەکەی وەکوو هەقیقەت پەسەند و ساز دەکرێ؛ هەروەها بە مانای ئەو میکانیزم و نموونانە دێ کە ڕێگە بە تاک دەدا تا وتەی ڕاست لە هەڵە جیا بکاتەوە، مەبەست ئەو ئامرازەن کە ڕێگە بە هەر کام لەو وتەزایانە دەدەن؛ ئەو تەکنیک و ڕێکردانەن کە بۆ گەیشتن بە هەقیقەت بایەخ دادەنێن؛ و پێگە بەو کەسانە دەدا کە ئەرکیان وتنی ئەو شتانەیە کە وەک هەقیقەت دەناسرێن (Foucault 1980b, 133). لە ڕوانگەی فوکۆوە کاری توێژەری بواری مێژووی بیرۆکەکان، نەک دۆزینەوەی هەقیقەت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە دۆزینەوەی «کۆی گشتی ئەو ڕێسایانەیە کە لەسەر بنەمایان، بابەتی ڕاست و بابەتی هەڵە لێک جیا دەکرێنەوە و کاریگەرییە تایبەتەکانی دەسەڵات بە بابەتی ڕاستەوە پەیوەست دەبن، و هەروەها ئەمە بابەتی پێکدادانێک لەسەر هەقیقەت نییە، بەڵکوو بابەتی پێکدادانێکە لەسەر پێگەی هەقیقەت و ئەو دەورە ئابووری و سیاسییەی کە دەیگێڕێ» (Ibid.). لەم بەرجەوەندەوە، ئەگەر سەیری بواری لێکۆڵینەوەی کوردی بکەین بۆمان دەردەکەوێ هەرچەند بە وتەی حەمید بوزەرسەلان (Bozarslan 2009) یا مایکەڵ ڕوبین (Rubin 2016) بواری لێکۆڵینەوەی کوردی دەستکەوتی زۆری هەبووە و لە ماوەیەکی کەمدا گەشەی باشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هەر ئیستا لە دۆخێکی قەیرانی ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانەداین، چونکە ئەو کەسانەی دیاری دەکەن کە ئەم بوارە دەبێ چی لە خۆی بگرێ و سنوورەکانی کامانەن، لە باشترین حاڵەتدا توێژەرە ڕۆژئاواییەکانن کە لە سایەی سەری کوردستان و کورد پیشە و ناوبانگێکیان دەسەت کەوتووە، باوەڕیان بە سازبوونی وڵاتێک بە ناوی کوردستان نییە؛ و دیارە لە خراپترین حاڵەتدا فارس و تورک و عەرەبەکانن کە دژ بە هەر جۆرە بیرۆکەیەکی پەیوەندیدار بە سازبوونی کوردستان دەوەستنەوە. بۆ ئەم دوو لایەنە دەسەڵاتی زانستییان هەیە؟ چونکە ئەوانن، بە وتەی فوکۆ، کە بواری ئابووری و سیاسیی سازکردنی پێگەی ئەو بابەتەیان هەیە کە وەک هەقیقەت لەسەر کوردستان بڵاو کراوەتەوە.

دیاری نەکردنی سنوورەکانی بواری لێکۆڵینەوەی کوردی و هەنگاو هەڵنەگرتن بۆ بواری لێکۆڵینەوەی کوردستان وەک بوارێکی سەربەخۆی زانستی، تەنیا پەیوەندیی بە توێژەرە کوردەکانەوە نییە. لە ڕاستیدا دەستپێک و کێشەی سەرەکی بۆ ئەو ڕۆژهەڵاتناس و کوردناسانە دەگەڕێتەوە کە خۆیان بە دامەزرێنەر و خاوەنی سەرەکیی بواری لێکۆڵینەوەی کوردی دەزانن. لە لایەن ئەوانەوە باشترە (زانستیانەیە) کە کورد وەک کەمینەیەک لە باوەشی دەوڵەت نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکەدا سەیر بکرێ. ئەم شێوازە دیسان هێندە ڕوونە کە لەوپەڕی ئاشکرابوونی خۆیدا بەدەگمەن پرسیار لە مەشروعیەتی دابەشکارییە ساختەکەی دەکرێ. من پێموایە هەڵبژاردنی چوارچێوەیەکی تیۆریک بۆیە گرنگە کە «کارامەمان دەکا تا سەبارەت بەو جیهانەی کە تیایدا دەژین، گریمانە و پێشبینیمان هەبێ… و ڕەنگە لە هەمووی گرنگتر مەودایەکمان بۆ دەڕەخسێنێت کە گەڵاڵە داڕێژین، ستراتێژی دابنێین و کۆنتڕۆڵێکی زیاترمان بە سەر بەرگریی خۆماندا هەبێ» (smith 2008, 38). لە ڕاستیدا بۆ کوردستان و نەتەوەیەکی بەکۆلۆنیکراو تیۆری بەستێنێکە بۆ خەبات و گرنگییەکی ئێجگار زۆری بۆ ئێمە هەیە کە بزانین چۆن لە بەرامبەر دوژمناندا بوەستین و شکەستیان بدەین. لەم ڕوانگەیەوە سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم بەو مانایە نییە کە هەرچی تاکوو ئیستا سەبارەت بە کوردستان نووسراوە و توێژینەوەی لەسەر کراوە وەلایەک بنێین و چاوپۆشییان لێ بکەین، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە بەگوێرەی نیگەرانی و ئۆمێدەکانمان، لەبەر ڕزگاریی کوردستان و ئەو هیوایەی کە بۆ سەربەستی و سازکردنی کۆمەڵگایەک بە کەمترین شێوازی چەوساندنەوەی نەتەوەیی، چینایەتی، جێندەری و ژینگەیی هەمانە، چوارچێوەیەکی تیۆری هەڵبژێرین.

بۆ ئەوەی بابەتیانە بیرۆکەی خۆم نیشان بدەم باس لە چەند نموونە لە ناو سەدان نموونەی هاوشێوە دەکەم کە چۆن لە ڕێگەی تیۆری، دامو دەزگاکان، کۆنفڕانسەکان و حەز و خولیاکانی ئەوانیتر، دنیای ئێمە ساز کراوە. لە زانکۆی ئێگزێتر (University of Exeter) لە ساڵی ٢٠٠٦ بەشێک بە ناوی لێکۆڵینەوەی کوردی بە پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساز بووە و لە پاییزی ٢٠٢٠دا چوارەمین کۆنفڕانسی لێکۆڵینەوەی کوردی لەو بەشە بەڕێوە دەچێ. ئەوەی جێی سەرنجە زمانی کۆنفڕانس ئینگلیزییە و توێژەرە کوردە گەنجەکان دەبێ بە ئینگلیزی پێکەوە قسە بکەن. هەرچەند ناکرێ ئەم شێوازە بە ڕێڕەوی گشتی ناو ببەین، چونکە بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان ساڵانە چەندین کۆنفڕانس و کۆبوونەوە سەبارەت بە ئەو مژارانەوە دەگیرێ کە پەیوەندییان بە کوردستانەوە هەیە، بەڵام بەڵگەنەویستە تەنانەت لە کوردستانیش ئەگەر بابەتێک بە کوردی بنووسرێ یا پێشکەش بکرێ، گرنگییەکی ئەوتۆی نە لە ناوەندەکانی ئاکادێمیا پێ دەدرێ و نە دەخوێندرێتەوە و گوێی بۆ دەگیرێ. ئەم دۆخە سەبارەت بە چاپی کتێب و توێژینەوە لە دۆخێکی خراپتردایە. تاکوو ئیستا نەمبینیوە توێژەرێکی ڕۆژئاوایی سەرچاوە بە توێژینەوەیەک بدا کە لە بواری خۆیدا بە زمانی کوردی چاپ بووە. سەرەڕای ئەوەی بەشێک لە کوردناسەکان زمانی کوردی بە باشی نازانن، ڕەنگە هەر بۆیان گرنگ نەبێ کە بزانن چ لە ئاکادێمیای کوردستان ڕوو دەدا. بەڕوونی دیارە کە زۆربەی توێژەرە ڕۆژئاواییەکان خۆیان لە پلەیەکی زانستیی بەرزتردا دادەنێن و پێیان وایە تەنانەت دەبێ توێژەرە کوردەکان لە لای ئەوان فێری تیۆری و مێتۆدۆلۆژیی گونجاو بۆ بواری لێکۆڵینەوەی کوردی ببن.

هەروەها لە ئیستادا گرنگترین ژورناڵێک کە بابەتی پەیوەندیدار بە کوردستان و کورد چاپ دەکا بریتییە لە کوردیش ستادیز ژورناڵ (Kurdish Studies Journal) کە بە زمانی ئینگلیزی بابەت تیایدا چاپ دەبێ و تەنیا پوختەی وتارەکان بە کوردی بڵاو دەبنەوە. هەرچەند تەنانەت ئەم پوختە کوردییەش لە ڕەوتی بواری لێکۆڵینەوەی کوردیدا کارێکی نوێیە (هەروەها زۆر باشە کە لە نوێترین ژمارەکاندا سەرەڕای زارەکانی کورمانجی و سۆرانی، زاری زازاکییان بە پوختە کوردییەکان زیاد کردووە) بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانییە کە نزیک لە هەموو بەڕێوەبەرە کوردەکان و زۆربەی توێژەرانی ئەم ژورناڵە، نە دەتوانن بە کوردی بنووسن و نە دەیانەوێ بە کوردی وتارێک بڵاو بکەنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر سەیری ئاکادێمیای ناوخۆی باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بکەین زیاتر لە ٩٥٪ بەرهەمەکان (کتێب، توێژینەوە، وتار و تێزەکان) بە زمانەکانی تورکی، فارسی و عەرەبین. بە هەڵکەوت ئاکادێمیسییەنێکی کورد دەبینی کە بە کوردی بابەتێکی جیددی بنووسێ و زمانی کوردی لە باشترین حاڵەتدا بۆ بەیانی باش و ماڵئاوایی لە زانکۆکان کەڵکی لێ وەردەگیرێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە لەو وڵاتانەی کە قۆناغی کۆلۆنیالیزمیان تێپەڕاندووە بەشێکی بەرچاو لە نووسەران هەوڵ دەدەن بە زمانی دایکی خۆین بنووسن. ئەگەر بیانووەکەیان بوونی دوو یا سێ زاراوە لە زمانی کوردیدا بێ ئەمە لە ئاست بوونی چەند سەد قەوم و زمان لە نیجرییە و کێنیا لە ئاستێکی زۆر کەمتردایە. گوگی وا تاینگۆ، زۆر ژیرانە ئاماژە بەوە دەکا کە نووسین بە زمانی کۆلۆنیالیست بە مانای دەست و نەزەر وێستان بۆ ئەوانە و زمان بێلایەن نییە. زمان هەڵگری کولتوورە و زمانی کۆلۆنیالیزم ئامرازێکە کە جیهانی زێهنی بەکۆلۆنیکراوەکان دەخاتە ژێر سوڵتەی خۆیەوە. لە ڕوانگەی تاینگۆوە ئەم بابەتە بەتایبەت بۆ زمانی نووسین زۆر گرنگە، چونکە لە کاتێکدا لە زۆربەی ماڵەکان بە شێوازی زارەکی زمانی بەکۆلۆنیکراوەکان دەبیستدرێ، بەڵام لە کاتی پەروەردەدا تەنیا زمانی کۆلۆنیالیستەکان بەکار دەبردرێ و لەم ڕێگەیەوە منداڵەکان لەگەڵ مێژوو، جوگرافیا، موسیقا و ڕەهەندەکانی دیکەی کولتوورەکەیان بێگانە دەبن (Thiong›o 1994, chapter 4).

لە ئێران کە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی بە تەواوی لە ژێر هێژمونی بواری لێکۆڵینەوەی ئێراندایە، توێژینەوەکان ناوەڕۆکێکی دیکە بە خۆیانەوە دەگرن. بۆ نموونە لە کۆنفڕانسێکی زۆر بەرفراوان لە زانکۆی سنە لە ژێر ناوی «کورد: فەرهەنگ و ئەدەبی ئێرانی و ئیسلامی» لە١٥-١٦ ڕەزبەری ٢٠١٥ بەڕێوە چووە و لێرەدا من وەک یەکێک لەو نموونانە باسی لێ دەکەم کە بەردەوام هەوڵ دەدرێ کوردستان و کورد وەک پاشکۆی ئێران و شارستانیەتی ئیسلامی نیشان بدرێ. زۆرینەی بەشداربووانی کۆنفڕانسەکە کە لە توێژەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (هەروەها چەند ئاکادیمیسیەنی ئێرانی) پێکهاتوون و لە ژمارەیەکی کەمتردا لە پاڕچەکانی باشوور و باکوورەوە بەشداری ئەم کۆنفڕانسەیان کردووە. بێگومان، ئەم زانایانە بەشداریی خۆیان هەم وەک چالاکییەکی زانستی لێکداوەتەوە و هەم، بە شیمانەی زۆرەوە، وەک ئەرکێکی نیشتمانی سەیریان کردووە کە دەکرێ یارمەتیدەری بووژاندنەوەی کولتووری کوردەواری بێ و گەشەی بواری لێکۆڵینەوەی کوردی لێ بکەوێتەوە. بەڵام ئەوەیکە چۆن کورد ئاوێتەی فەرهەنگ و ئەدەبی ئێرانی و ئیسلامی دەبێ، ئەو پرسیارە سەرەکییە کە پێویست بە وڵام ناکات؛ چونکە لە لای ئاکادێمسییەنی بواری لێکۆڵینەوەی کوردی پرسیارەکە، لەوپەڕی ڕوونی خۆیدا، بووە بە ڕێسایەکی نەگۆڕی زانستی و بە هەر شێوەیەک لادان لە ڕێڕەوەی سەرەکی وەک کردەوەیەکی نازانستی ئەژمار دەکرێ. هەر وەک یەکێک لە بەڕێوەبەرانی کۆنفڕانس ئاماژەی پێ دەکا «ئەوەی کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە… کورد و ئێران بە تەواوی ئاوێتەی یەک بوون وەها کە فەرهەنگێکی تێکهاڵاو و چین چین هەڵچنراو لە سەر یەک ئەبینین؛ وەها کە مێژووی ئەم دووانە بە یەکەوە گرێ ئەدرێن و هێماکانی[سیمبول] وەها بە یەکەوە قوڵف و بەند ئەکرێن کە نەهامەتی یان بەختەوەریی هەر کامێکیان، ئەوی تریش تێوەئەگلێنێ» (جەباری ١٣٩٤، ٧). ئەم تێکئاڵانە لە ڕووی مەعریفییەوە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی گیرۆدەی وابەستەیییەک کردووە کە ڕاستەخۆ کاریگەریی لەسەر ناسنامەی کوردی داناوە.

بەدڵنیاییەوە، دەبێ ڕێز لە هەوڵی بێ وچانی توێژەرانی کورد بگرین کە نیگەرانی داهاتووی سازکردنی مەعریفەی کوردین و دەیانەوێ لە ڕێگەی گرتنی کۆنفڕانس و توێژینەوەی وردەوە یارمەتیدەری گەشەی کولتووری کوردی و بەرگری کردن لە ناسنامەی کوردی بن. بەڵام ئەگەر کۆی هەوڵ و ماندووبوونەکە بەشێک لە چوارچێوەیەکی مەعریفی بێ کە مەشروعییەت بە سوڵتەی دوژمن دەدا و لە ڕێگەیەوە مانەوەی دەوڵەتە کۆلۆنیالیستییەکانی کوردستان درێژخایەنتر دەکا، بیرکردنەوە و گومان کردن لە کۆی مێتۆدۆلۆژیی بواری لێکۆڵینەوەی کوردی، دەبێتە هۆی تێگەیشتنێکی قووڵتر سەبارەت بەو میکانیزمانەی کە دەتوانین بۆ ڕزگاریی کوردستان بەکاریان بهێنین.

لە نموونە فراوانەکانی ئەم بەشەدا، دەکرێ ئاماژە بە یەکێک لەو کتێبانە بکەم کە لەم دواییانەدا سەبارەت بە کوردستان چاپ بووە و لە ڕووی بەرهەمهێنەر، توێژەران و دەزگای چاپەمەنییەوە لەوپەڕی مەشروعییەتی زانستیدایە. ئەم کۆنووسە کۆمەڵەوتارێکە کە چاپەمەنیی ناوداری ڕاتڵێج بە ناوی هەندبوکی ڕاتڵێج سەبارەت بە کوردەکان (Routledge Handbook on the Kurds) لە ساڵی ٢٠١٩ لە ژێر چاودێریی زانای شارەزای بواری لێکۆڵینەوەی کوردی، مایکەل گونتەر، بڵاوی کردووەتەوە. کتێبێک کە ٣٣ وتاری لەخۆ گرتووە و نزیک بە هەموو توێژەران، لە ناسراوترین زاناکانی بواری لێکۆڵینەوەی کوردین. هەر کە ئاوڕ لە ناوی کتێبەکە دەدەینەوە لە جیاتی ئەوەی کۆنووسەکە سەبارەت بە کوردستان بێ سەبارەت بە کوردە و هەڵبەتە بەو جیاوازییە کە سەبارەت بە کوردیش نییە و سەبارەت بە کوردەکانە. ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ڕستەی پێشووی من بەئەنقەست چوار جار وشەی «سەبارەت»م بەکارهێناوە. کێن ئەیانەوێ ئێمە بناسن و بۆچی ئێمەیان کردووە بە ئۆبژەی لێکۆڵینەوە؟ بەئۆبژەکردنی مرۆڤ یا گروپێک لە مرۆڤەکان ئایا بە مەبەستی مرۆڤسڕینەوە لە ئێمە نییە؟ (Memmi 2003, 130-5)؛ ئێمە بۆ ڕۆژئاواییەکان و هەروەها بەشێوەیەکی چەندقات بۆ کۆلۆنیالیستەکان ماکێکی زیادەی ئەو چوار وڵاتەین. تا ماوەیەکی زۆر وەک کێشەی کورد/ی (Kurdish Problem) ناویان لێ دەبردین چونکە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی، داوای قرتاندنی دەستی چەپەڵی کۆلۆنیالیزمی لە کوردستان دەکرد و لە ڕوانگەی ئەوانەوە سەرئێشەی بۆ چوار دەوڵەتی کۆلۆنیالسیت، هاوپەیمانەکانیان لە دنیای ئیسلام، بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا بۆ تاڵان کردن و شێواندنی نەزمی نێودەوڵەتیی سازکراوی ئەوان، دەناوە. دواتر و لە دەمامکی نوێدا باسیان لە دۆزی کورد/ی (Kurdish Issue) و پرسی کورد/ی (Kurdish Question) دەکرد. بەڕاستی کێن ئەوانەی پرسیاری توێژینەوە ساز دەکەن؟ ئەم توێژینەوانە بایەخی بۆ کێ هەیە و کێ پشتیوانییان لێ دەکا؟ ئەم پرسیارە بەجێیانە بەرەو ئەوە دەمانبا کە دەبێ بەپێی مێتۆدۆلۆژییەکی پێداچوونەوەیی هەمیشە گومانمان لە نووسەران و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەهەبێ.

ئەگەر پشوودرێژ بین و هەر لەسەر ئەم کۆنووسە ڕامانێکی ترمان هەبێ، سەرنجمان بۆ ناونیشانی پاژی دووەم ڕادەکێشرێ: سەرەتای مێژووی کورد! (Early Kurdish History)؛ لە هەڵەدان ئەگەر مێشکتان بۆ لای پاشایەتیی مادەکان یاکوو لانیکەم بۆ دوای هاتنی ئیسلام بگەڕێتەوە. وتاری یەکەم باسی ئیمارەتە کوردییەکان دەکا، دووەم وتار بۆ دۆخی کوردستان لە سەدەی نۆزدەیەم تەرخان کراوە و سێیەم وتاریش بۆ کۆتاییی سەردەمی عوسمانی و سەرەتای تورکیا لە سەدەی بیستەمدا گەڕاوەتەوە. هەر بەم ئاسانییە کۆنووسێک کە قەرارە گرنگترین مژارەکان لەسەر کوردستان و کورد لەخۆ بگرێ مێژوومان دەسڕێتەوە، لە تاریکیدا و بێ ناونیشان دەمانهێڵێتەوە. وەک وایە پێشتر نەبووبێتین و خاکەکەمان لەبەر مانەوە لە چاخی سەهۆڵبەندان کەسی لەسەر نەژیابێ! لەم کتێبەشدا وەک زۆر کتیبی هاوشێوەی دیکە کورد دابەش کراوە (دابەش کردن بە مەبەستی حکومەت کردن!)، لێرەدا باس لە دۆخی کورد/ی (Kurdish Situation) لە تورکیا، ئێران، عێراق، سوریا و دیاسپۆرا دەکرێ. ئایا جێی سەرنج نییە کە بۆ باس لە کوردستان ناکرێ؟ لەوەش گەڕێین کە بەشی دۆخی کورد لە ئێران، تەنیا لە یەک وتار پێک هاتووە و فارسێکی دژەکورد، دووپاتکراوەکانی پێشووتری لێرەدا نووسیوەتەوە، بەو جیاوازییەی چونکە وتارەکەی لە ساڵی ٢٠١٧-٢٠١٨دا بەرهەم هێناوە پاراگرافێکی بەم شێوەیە بە کۆتاییەکەی زیاد کردووە: «هەڵبژاردنی حەسەنی ڕۆحانی «پراگماتیست» وەک سەرۆک کۆماری ئێران لە ساڵی ٢٠١٣ لە سەرەتاوە گەشبینییەکی سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئەو سەبارەت بە کاروباری ئیداری ساز کردووە کە گۆڕانکاری لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگای لێ دەکەوێتەوە. ڕۆحانی هەنگاوی تایبەتی سەبارەت بە ناڕەزاییەکان سەبارەت بە گرووپە پەراوێزخراوەکان لە ئێران هەڵگرتووە. بە ئاوڕدانەوە لە دۆزی کورد/ی، ڕۆحانی لە بوارەکانی سەرمایەگوزاری لە پیشەسازی و ژێرخاندا چەندین پرۆژەی گرنگی هەبووە… ڕۆحانی چەندین جار باسی لە فرەقەومی بوونی ئێران کردووە و وتوویەتی کە ئەم جۆراوجۆرییە قەومییە دەبێتە هۆی بەهێزیی ئێران و نابێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ئەمنیەتی میللی»(Entessar 2019, 408). دیارە پێویست ناکا زیاتر لەسەر ئەمە قسە بکەم، ئەو کاتەی قەڵەمی توێژەرەکان لە خزمەت کۆلۆنیالیزمدا کاغەزەکان ڕەش دەکەنەوە.

سەرەڕای ئەوەی هەتاکوو ئیستا لە هەرێمی کوردستان بەشێک بۆ ئەو بوارەی لە سەرەوە ڕەخنەم لێ گرت، واتە بواری لێکۆڵینەوەی کوردی، دانەمزراوە و وهەروەها لە جیاتی ئەوەی خوێندکارە بیانییەکان ڕوو لە کوردستان بکەن بۆ ئەوەی زمانی کوردی فێر ببن دەبێ لە هەندێک شوێن وەک ئەنستیتۆی ئینالکۆ لە فەڕانسە فێری کوردی ببن، هێشتا بەشێکی بەرچاو لە توێژەرە کوردەکان لە ژورناڵەکانی زانکۆکانی هەریمی کوردستان بە زمانی عەرەبی و فارسی لێکۆڵینەوەکانی خۆیان چاپ دەکەن. چما زمانی فەقێیایەتی لە زانکۆکان بەرهەم دێتەوە و هێشتا زمانی کوردی نەبووەتە ئەو حەرفەی کە خۆی لە ئاستی ئەو زمانانەدا ببینێتەوە. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەدا کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زانکۆ و قوتابخانە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان زمانی ئینگلیزی جێگەی زمانی کوردی دەگرێتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا سەدان توێژەری کورد لەو پارچەیە ساز دەبن کە بەشانازییەوە باس لەوە دەکەن کە تەنیا بە ئینگلیزی دەتوانن بنووسن. جێی ئاماژەیە گرنگی نەدان بە توێژینەوە بە زمانی کوردی لە هەموو کوردستان لە ئاستێکی زۆر مەترسیداردایە. بە وتەی سمیت لە کتێبی زۆر سەرنجڕاکێشی سڕینەوەی کۆلۆنیالیزم لە مێتۆدۆلۆژی باسێکی گرنگی سپیڤاک دووپات دەکاتەوە کە پرسیاری کێ دەبێ قسە بکا؟ گرنگییەکی زۆر کەمتری لە پرسیاری کێ گوێ دەگرێ هەیە؟ (Smith 2008, 71)؛ چونکە لە سەردەمی ئیستادا بە هۆی پێشکەوتنی میدیاکان، تا ڕادەیەک ژێردەستەکان دەتوانن قسەی خۆیان بکەن. بەڵام کێشە ئەو کاتە ساز دەبێ کاتێک بە کوردی قسە دەکەی و دەنووسی و لە دەرەوەی مێتۆدۆلۆژیی باوی ئاکادێمیادا چالاکی دەکەی کەس هەیە گوێت بۆ بگرێ؟ تەنانەت لە کوردستان، توێژەرە کوردەکان ئەو تیۆری و مێتۆدانە پەسەند دەکەن کە بە زمانی ئینگلیزی بەرهەم هاتوون و بە زانستیتریان دادەنێن. ئەمە لە کاتێکدایە ئەو کەسانەی خۆیان بە شارەزای کوردستان دەزانن، دەیان جار هەڵەی زۆر زەقیان لە توێژینەوەکانیاندا کردووە کە توێژەرێکی گەنج لە کوردستان هیچ کات دووچاری نابێت.

 

دەرەنجام

ئەم توێژینەوەیەی من ڕەنگە سەرەتایەک بێ بۆ باسێکی دوور و درێژ سەبارەت بە مێتۆدۆلۆژیی دژەکۆلۆنیالیزم و چۆنیەتیی بەکارهێنانی لە بوارە پەیوەندیدارەکانی لە کوردستان. من دوو پێشنیاری سەرەکیم هەبوو کە چوارچێوەی تیۆریکی دژەکۆلۆنیالیستی بۆ شرۆڤەی دۆخی کوردستان هەڵبژێرین و هەروەها لە جیاتی بواری لێکۆڵێنەوەی کوردی بەرەو بواری لێکۆڵینەوەی کوردستان بڕۆین. بە ڕەچاوگرتنی ئەم دوو ڕێکارە دەتوانین لە کۆلۆنیالیزمی ئاکادێمیکی زێدە خۆمان ڕزگار کەین و بەستێنێکی تیۆری بۆ ڕزگاریی کوردستان ساز کەین. ئەم شێوازە پێویستی بە وردبوونەوە، ئاراستەی ڕەخنەگرانە، گومان کردن لە زانیاری، مێتۆد و تیۆرییەکانی پێشتووتر هەیە و هەروەها دەبێ سیستەمی سوڵتەی کۆلۆنیالیستی لە هەموو لقەکانی زانستدا پیشان بدرێ. دیارە قەبارەی کاری نەکردە هێندە زۆرە کە من نامەوێ لێرەدا بە ئەنجامیان بگەیەنم. بەڵام بۆ دەستپێک هەندێک ڕێکاری مێتۆدیک پێشنیار دەکەم، ڕەنگە بە کەڵکی توێژینەوەکانی خۆم و ئەو کەسانە بێ کە دەیانەوێ بەپێی مێتۆدۆلۆژیی دژەکۆلۆنیالیستی لە خۆمان و دوژمنان تێبگەن. لە ڕاستیدا بە وتەی فوکۆ «پرسی گرنگ بۆ من بریتییە لەوەی کە تێبگەم مرۆڤەکان چۆن لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی هەقیقەتەوە (بە سەر خۆیان و ئەوانیتردا) حکومەت دەکەن… مەبەستی من لە بەرهەمهێنانی هەقیقەت سازکردنی قسەی ڕاست نییە، بەڵکوو دامەزراندنی پانتایییەکە کە تیایدا بکرێ هاوکات پراکتیسی ڕاست و هەڵە ساز ببێ، ڕێکبخرێ و لەگەڵ یەکتردا بگونجدرێن» (Foucault 1991, 79). لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر بمانەوێ بە سەر خۆماندا حکومەت بکەین، دەبێ ئەو پانتایییە ساز بکەین کە تیایدا مشتومڕی زانستی لە کوردستان، بۆ کوردستان و سەبارەت بە کوردستان بێ. سیستەمی هەقیقەتی ئێمە مەشروعییەت بە دەسەڵاتی ئێمە دەدا و مەشروعییەتی دەسەڵاتی دوژمنانی کوردستان دەسڕێتەوە. سازکردنی هێزی بەرەنگاری لە بەرانبەر دوژمنان، ئەرکی ئاکادێمیای کوردستانە و هەنگاوێکە بەرەو ڕزگاری لە دۆخی هەمیشەییی کۆلۆنیالیزم لە کوردستان.

 

ڕێکارەکان

 زانست و مەعریفەیەک کە دامودەزگای کۆلۆنیالیزم لە ڕێگەی زانکۆ، توێژەرانی نەتەوەکانی تورک، فارس، عەرەب و ئەرمەنی و نوخبەی بەکۆلۆنیکراوەوە سازی دەکا، بۆ بەکۆلۆنی کردنی ئێمەی کورد کەڵکی لێ وەردەگیرێ. کەوابوو دەبێ هەمیشە بە گومانەوە لێی ورد ببینەوە و تا شوینی مومکین چاوپۆشیی لێ بکەین و ڕەتیان بکەینەوە.

 دەستنیشان کردنی سنوورەکانی توێژینەوە، دەبێ لە لایەن توێژەرانی کوردەوە بێ. واتە بواری لێکۆڵینەوەی کوردستان ئەو شتەیە کە کوردەکان باوەڕیان پێیە، نەک ڕۆژئاوایییەکان!

 خۆ دوور ڕاگرتن لەو چەمکانەی کە دامودەزگای مەعریفیی کۆلۆنیالیزم سەبارەت بە کوردستان وکورد سازی دەکەن. نابێ بە بەرهەم و زانستی ئەوان سەرچاوە بدرێ چونکە مەشروعییەتیان بۆ ساز دەکا. کەڵک وەرگرتن لە چوارچێوەی تیۆریکی ئەوان بە مانای هێشتنەوەی نابەرابەرییەکان و پەرەپێدان بە سیستەمی سوڵتەیە. تا شوێنێک کە ئیمکانی هەیە دەبێ سەرچاوە بە بەرهەمی توێژەرە کوردەکان بدرێ تا بازنە زانستییەکان ساز ببن.

 دژایەتی کردن لەگەڵ بەشتکردنی (Objectification) کولتوور، ئایین، موسیقا و داب و نەریتی کوردستان کە وەک کاڵا لە جەژن، میدیا و مۆزەخانەکانی وڵاتە کۆلۆنیالسیتییەکانی کوردستان و لە ڕۆژئاواو پیشان دەدرێن.

 بەکارنەهێنانی هەر جۆرە پۆلینبەندییەک کە ئاکادێمیا و ئەنستیتۆکانی وڵاتانی کۆلۆنیالسیتی کوردستان سەبارەت بە کوردستان سازی دەکەن.

 بەکارهێنانی زمانی کوردی لە نووسین و توێژینەوە. وێستانی ئامانجدار دژ بە زمانی تورکی، فارسی و عەرەبی.

 گوشارخستنە سەر ئاکادێمیای ڕۆژائاوا بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی لە کتێب و کۆنفڕانسەکان.

 ڕەخنەگرتن و دژایەتی کردنی توێژەری ڕۆژئاوایی کە بە باشی فێری زمانی کوردی نەبووە.

 هەڵبژاردنی کوردستان وەک یەکەی توێژینە؛ نەک وەک ئەوەی لە ڕۆژئاوا باوە، کورد بکەینە یەکەی توێژنەوە و نەک وەک ئەوەی لای ئانارشیستەکان باوە، «کۆمەڵگا» بە سنوورێکی نادیاری کوردستانیبوونەوە وەک یەکەی توێژینەوە هەڵبژێرین.

 بەراورەد نەکردنی گــــــۆڕاوەکانی توێژینەوەکەمان لەگەڵ گۆڕاوی هاوشێوە لە وڵاتی کۆلۆنیالیستەکان یاکوو بەراورد کردنیان لەگەڵ ئاماری مامناوەندیی ئەو وڵاتانە (مەگەر مەبەست نیشاندانی دۆخی کۆلۆنیالیزم بێ).

 بەکارنەهێنانی هەندێک چەمک وەک کۆمەڵگای ئێرانی، تورکی و عێراقی و سوری. هەروەها تێکەڵ نەکردنی کوردستان و کورد وەک بەشێک لەو کۆمەڵگایانە بۆ نیشاندانی تایبەتمەندییەکی هاوبەش. هەروەها وشیاری سەبارەت بە بەکارهێنانی جێناوەکانی وەک «ئێمە».

 خۆ دوورگرتن لەو ئامارانەی کە بە هەر شێوەیەک دەیانەوێ بیسلمەنێن کوردستان و کورد دواکەوتووە. هەروەها بێ ئەوەی توێژەر کۆی کێشەکە لە دنیادا ببینێ، کوردستان وەک ناوچەیەکی دواکەوتوو و ناشارستانی نیشان بدا.

 بیرکردنەوە لە نووسینی مێژوویەک بە ناوەندی کوردستان. دوورکەوتنەوە لەو توێژینەوانەی کە کوردستان و کورد هەر بەئەنقەست بە وڵاتە کۆلۆنیالسیتییەکان گرێ دەدەنەوە.

 وشیاربوون سەبارەت بەوەی کوردستان لە ڕووی قەومی، ئایینی و زمانییەوە یەکدەست نییە. گرنگیدانی ناسیۆنالیزمی دژەکۆلۆنیالیزم دەبێ بە فرەچەشنیی کولتووریی نیشتمانی لە کوردستان بێ. نابێ توێژەری کورد یەکێک لەو پێکهاتانەی کوردستان بە خراپە مەحکوم بکات یا لە کۆی کوردستان دایببڕێ و بە شوێنانی دیکەوە گرێیان بداتەوە.

 سازکردن و بەشداریی چالاکی توێژەران لە تۆڕێکی پەیوەندی لە نێوان توێژەرەکان لە کوردستان، بێ ئەوەی سنووری دەستکرد بە ڕەسمی بناسرێ.

 

کتێبناسی

 

ـ ئەردەڵان، سارۆ. 2019a. «کوردایەتی دژ بە کۆلۆنیالیزمی نێوخۆییە.» گۆڤاری تیشک ٥١: ٣٦-٤٥.

ـ ئەردەڵان، سارۆ. 2019b. «کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر: ئێران چۆن توانیویەتی لە کوردستان هێژمونیی کولتووری ساز بکا؟» گۆڤاری تیشک ٥٢: ٢٤-٤٥.

ـ ئەردەڵان، سارۆ. 2019c. «کۆلۆنیالیزم و شۆڕش: توندوتیژیی پێویست بۆ ڕزگاربوون لە دۆخی هەمیشەییی کۆلۆنیالیزم.» گۆڤاری تیشک ٥٣: ٣٢-٤٣.

ـ بێشیکچی، ئیسماعیل. ٢٠١٨. کوردستان کۆلۆنییا نیڤدەولەتی. وەرگێڕان: وەلات تۆفیق (دهۆک: زانکۆیا دهۆک).

ـ جەباری، نەجمەدین. ١٣٩٤. «سخن آغازین کنفرانس.» در مجموعە مقالات اولین همایش ملی کرد فرهنگ و ادب ایرانی و اسلامی (سنندج: انتشارات دانشگاە کردستان).

ـ سلێمانی کەماڵ، ئەحمەد محەمەدپور. ٢٠١٩. «ئایا غەیرەفارسەکان دەتوانن قسە بکەن؟ گێڕانەوەی حاکمییەت لە ناسنامەی ئێرانی.» گۆڤاری تیشک ٥٢: ٢٧٦-٣٠١.

ـ کریمی جلیل. ١٣٩٦. نظریەی پسااستعماری و کردشناسی (تهران: نشر نی).

ـ محمدپور، احمد و مهدی ڕضائی. ٢٠١٧. «مطالعات کردشناسی در ایران: مروری بر موضوعات و ڕهیافتها.» ایران نامگ ١ (٤): ١٧٢-٢٠٨.

ـ Alatas, Syed Farid. 2003. «Academic Dependency and the Global Division of Labour in the Social Sciences.» CurrentSociology 51 (6): 599-613.

ـ Aras, Ramazan. 2014. «The Politics of the State and the Kurds as the Subject of the Research: An Analysis of the Development of Kurdish Studies in Turkey.» In Wiener Jahrbuch fur Kurdische Studien. 97-139 (Vienna: Wiener Verlag fur Sozialforschung).

ـ Asatrian, Garnik. 2009. «Prolegomena to the Study of the Kurds.» Iran and the Caucasus 13: 1-58.

ـ Bozarslan, Hamit. 2009. «The «state of the art» and the future of Kurdish studies.» Infrom Daena to Dîn: Religion, Kultue und Sprache in der iranischen Welt. Edited by Allison Christine, Anke Joisten-Pruschke and Antje Wendtland, 293-302 (Wiesbaden: Harrassowits Verlag).

ـ Entessar, Nader. 2019. «Iran and The Kurds.» InRoutledge Handbook on the Kurds. Edited byMichael M. Gunter, 399-409 (London: Routledge).

ـ Fanon, Frantz. 1966. The Wretched of the Earth. Translated by Constance Farrington (New York: Grove Press).

ـ Foucault, Michel. 1980a. «Prison Talk.» In Power/Knowledge: Selected Interviews and Other Writings 1972-1977, by Michel Foucault, edited by Colin Gordon, 37-54 (New York: Pantheon Books).

ـ Foucault, Michel. 1980b. «Truth and Power.» In Power/Knowledge: Selected Interviews and Other Writings 1972-1977, by Michel Foucault, edited by Colin Gordon (New York: Pantheon Books).

ـ Foucault, Michel. 1991. «Questions of Methods.» In The Foucault Effect: Studies in Governmetality, translated by Graham Burchell, Colin Gorden and Peter Miller (Chicago: The University of Chicago Press).

ـ Galletti, Mirella. 1995. «The Italian contribution to Kurdology (13th to 20th century).» Journal of Kurdish Studies 1: 97-112.

ـ Galtung, John. 1967. «After Camelot.» In The Rise and Fall of Project Camelot: Studies in the Relationship between Social Science and Practical Politics. Edited by Irving Louis Horowitz (Cambridge, Mass.: MIT Press).

ـ Gunter, Michael M. 2014. «Kurdish Studies in the United States.» In Wiener Jahrbuch fur Kurdische Studien. 178-192 (Vienna: Wiener Verlag fur Sozialforschung).

ـ Gunter, Michael M. (ed.) 2019. Routledge Handbook on the Kurds (London: Routledge).

ـ Hennerbichler, Ferdinand. 2012. «The Origin of Kurds.» Advances in Anthropology 2: 64-79.

ـ Jenkins, Keith. 2004. Re-thinking History (New York: Taylor & Francis e-Library).

ـ Kubalek, Petr. 2014. «Towards Kurdish Studies in the Czech Republic,» In Wiener Jahrbuch fur Kurdische Studien. 193-234 (Vienna: Wiener Verlag fur Sozialforschung).

ـ Marx, Karl. 1972. The Eighteenth Brumaire of Louis Bonaparte (Moscow: Progress Publishers).

ـ Memmi, Albert.2003.The Colonizer and the Colonized. Translated by Howard Greenfeld (London: Earthcan Publication).

ـ Mills, Sara. 2005. Michel Foucault (New York: Taylor & Francis e-Library).

ـ Omarkhali, Khanna and Nodar Mossaki. 2014. «A History of Russian Kurdology: With a brief Literature Overview.» In Wiener Jahrbuch fur Kurdische Studien. 140-177 (Vienna: Wiener Verlag fur Sozialforschung).

ـ Omarkhali, Khanna (ed.). 2014. Religious Minorities in Kurdistan: Beyond the Mainstream (Wiesbaden: Harrassowitz Verlag).

ـ Rubin, Michael. 2016. «Problems in Kurdish Studies.» Paper presented at the annual meeting of the Middle East Studies Association. Accessed January 5, 2020 withhttps://www.aei.org/publication/problems-in-kurdish-studies/

ـ Rzepka, Marcin. 2014. «Text, Religion, Society: The Modern Kurdish Bible Translation in the Context of the Socio-political Changes in Kurdistan.» In Religious Minorities in Kurdistan: Beyond the Mainstream. Edited by Khanna Omarkhali, 353-390 (Wiesbaden: Harrassowitz Verlag).

ـ Said, Edward W. 1993. Culture and Imperialism (London: Chatto and Windus).

ـ Said, Edward W. 2003. Orientalism (London: Penguin).

ـ Scalbert-Yücel, Clémence and Marie Le Ray. 2006. «Knowledge, ideology and power: Deconstructing Kurdish Studies.» European Journal of Turkish Studies [Online] 5. Accessed February 16, 2020 with http://journals.openedition.org/ejts/777

ـ Smith, Linda Tuhiwai. 2008. Decolonizing Methodologies: Research and Indigenous Peoples (Dunedin: University of Otago Press).

ـ Stansfield, Gareth and Mohammed Shareef. 2017. «Introduction.» In The Kurdish Question Revisited. Edited by Gareth Stansfield and Mohammed Shareef, xvii-xxxiii (Oxford: Oxford University Press).

ـ Thiong›o, Ngugi wa. 1994. Decolonizing the Mind: The Politics of Language in African Literature (Harare: Zimbabwe Publishing House).

ـ van Bruineseen, Martin. 2003. «Ehmedi Xani›s Mem u Zin and Its Role in the Emergence of Kurdish National Awareness.» In Essays on the Origins of Kurdish Nationalism. Edited by Abbas Vali, 40-57 (Costa Mesa, California: Mazdad Publishers, Inc.).

ـ van Bruineseen,Martin. 2014. «Kurdish Studies in Western and Central Europe.» In Wiener Jahrbuch fur Kurdische Studien. 18-96 (Vienna: Wiener Verlag fur Sozialforschung).

ـ White, Paul J. 1993. «Observations on Kurdish Origins.» The Journala of Arabic, Islamic and Middle Eastern Studies.

ـ Young, Robert J. C. 2015. Empire, Colony, Postcolony (Chichester, West Sussex: Wiley Blackwell).

ـ Young, Reobert J.C. 2016. Postcolonialism: An Historical Introduction (Chichester, West Sussex: Wiley Blackwell).