ئارامتر بخوێنەوە!

ئایینی سیاسی؛ بۆچوونێکی بیردۆزانه

بیریار ژاوەرۆیی

ئایینی سیاسی، وه‌ک زۆرێک له چه‌مکه‌کانی تری زانسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، به شێوه‌ی جۆراوجۆر له‌لایه‌ن که‌سانی جیاوازه‌وه پێناسه کراوه و سه‌باره‌ت به‌وه هه‌ندێ بۆچوونی جیاوازهه‌یه. له‌م وتاره‌دا به کورتی ئاوڕێک ده‌درێته‌وه سه‌ر دوو شێوه‌ی پێناسه‌کردنی ئه‌م چه‌مکه، که یه‌کیان پێوه‌ندیی به لێکچواندنی ئایدۆلۆژیا به ئایین و ئه‌وی تریان پێوه‌ندیی به گۆڕینی ئایینی گشتی به ئایدۆلۆژیاوه هه‌یه. له‌و پێوه‌ندییه‌دا پێویسته سه‌ره‌تا به پێناسه‌ی ئایین ده‌ست پێ بکرێت و دواتر ئه‌و دوو بۆچوونه شرۆڤه بکرێن.”

به پێی باس و بیروڕای کۆمه‌ڵناسان پێناسه‌ی ماکیی ئایین ده‌کرێ به‌مجۆره بێت: «ئایین زنجیره‌یه‌که له باوه‌ڕ و کرده‌وه مه‌عنه‌وییه‌کان له ئاڕاسته‌ی بابه‌تی پیرۆز و سه‌رووی سروشت/مێتافیزیک که باوه‌ڕمه‌ندانی وه‌ک تاقه کۆمه‌ڵێک یه‌کده‌خات و واتا و ئاڕاسته ده‌دات به ئه‌زموونه‌کانی ژیانیان. دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تییه که بێجگه له لایه‌نه‌کانی پێوه‌ندیدار به ڕه‌وشت، وه‌کو هه‌بووه مادییه‌کان له پێکهاته ئایینییه‌کان (وه‌ک دامه‌زراوه‌کانی کلیسا له مه‌سیحییه‌ت و مزگه‌وت له ئیسلام)، گروپه ئایینیه‌کان و بزووتنه‌وه ئایینییه‌کاندا ده‌رده‌که‌وێت.»

له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و پێناسه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، ئه‌و پرسیاره دێته ئاراوه که ئایینی سیاسی چییه؟ دیاره وێڕای جیابوونی دامه‌زراوه‌کانی ده‌وڵه‌ت و ئایین له وڵاته سێکیولاره‌کاندا، ئاسته‌مه بگوترێت که ئایین و سیاسه‌ت به ته‌واوی لێکتر جیا کراونه‌ته‌وه. سیاسه‌ت پانتاییه‌کی گشتییه که هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌شدارییان تێدا کردووه و ته‌نانه‌ت له وڵاتانی سێکیولاریشدا به مه‌رجی قبووڵکردنی دێمۆکراسی، هه‌موو که‌س مافی به‌شداریی هه‌بووه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا گرنگه ئاستێک له‌و پێوه‌ندییه‌یه که به‌ره‌و زاڵیه‌تیی ئایین یان تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی به سه‌ر سیاسه‌تدا ده‌ڕوات. بۆچوونی جیاواز له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌یه که ئه‌و پێوه‌ندییه چۆن و چ کاتێک به‌ره‌و وه‌ها دۆخێک ده‌چێت و ئایینی سیاسی پێکدێت به جۆرێ که جار وایه ئه‌و چه‌مکه پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به خودی ئایین له واتا گشتییه‌که‌یدا نه‌بووه و ته‌نانه‌ت له دژی بووه. شرۆڤه‌ی دوو بۆچوونی سه‌ره‌کی زیاتر ئه‌و پرسه ڕوون ده‌کاته‌وه.

یه‌که‌م بۆچوون پێوه‌ندیی به‌وانه‌وه هه‌یه که ئایدۆلۆژیا سیاسییه مۆدێڕنه پاوانخوازه‌کان وه‌ک ئایین ده‌بینن. له‌و که‌سانه لێره‌دا تیشک ده‌خرێته سه‌ر ده‌یڤید ئهپتێر. سه‌باره‌ت به پێوه‌ندیی ئایین و سیاسه‌ت، له ڕوانگه‌ی ئهپتێرهوه سێ جۆر یان ئاستی تێکه‌ڵی ئایین و سیاسه‌ت هه‌یه که له‌سێ سیسته‌می تیۆکراتیک، پێکه‌وه‌سازان و بهجووڵهخستندا ده‌رده‌که‌ون.   ئایینی سیاسی، پێوه‌ندیی به سیسته‌می سێهه‌مه‌وه هه‌یه. به ڕای ئه‌و له تیۆکراسییه‌کاندا، ئه‌نجومه‌نه سیاسی و ئایینییه‌کان یه‌کێکن. هه‌ندێ جار ڕه‌چاوکردنی پسپۆڕایه‌تی له‌رۆڵه سیاسییه‌کاندا بۆی هه‌یه، گه‌رچی له سیسته‌مێکی ئایینی بیرۆکه‌کاندا، تیۆکراسییهکان سیسته‌مێکی پاشایه‌تی یان قه‌شه/مهلاسهروهریان هه‌یه، گه‌رچی ڕه‌نگه ڕێبه‌رایه‌تی هاوبه‌ش بێت. شێوه‌ی جۆراوجۆری ڕێبه‌رایه‌تی بۆی هه‌یه به‌ڵام، ڕێبه‌ره‌کان دوو تایبه‌تمه‌ندییان هه‌یه؛ یه‌که‌م، هه‌ردوو ڕۆڵی تاکه‌که‌سی و دامه‌زراوه‌ییان هه‌یه، دووه‌م ئه‌وان نوێنه‌ری خوان. ده‌سه‌ڵاتیان له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت ته‌نانه‌ت گه‌ر له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه هه‌ڵبژێردرێن. لێره‌دا نه حکوومه‌ت ئاپۆره و خه‌ڵک ده‌خاته جووڵه و نه له ناو خه‌ڵکیشدا جووڵه‌یه‌کی به‌رچاو ده‌بینرێت. له سیسته‌می پێکهوهسازاندا حکوومه‌تی یاساکان هه‌یه نه‌ک مرۆڤ. فره‌یی و جۆراوجۆریی ناوه‌نده‌کانی هێز هه‌یه که له کاتی بڕیاردانه سه‌ره‌کییه‌کاندا ده‌بێت ڕێککه‌ون. ئه‌و مه‌ترسییه هه‌یه که ئه‌م سیسته‌مانه به‌ره‌و ئایینه سیاسییه‌کان بسووڕێنه‌وه وه‌ک سه‌رده‌می نازییه‌کانی ئه‌ڵمانیا و فاشیستی ئیتاڵیا.

هه‌روه‌ها به ڕای ئهپتێر، له سیسته‌می وهجووڵهخستندا هه‌وڵ بۆ یه‌کپارچه‌یی ده‌درێت. بۆ گه‌یشتن به‌و یهکیهتییهسیستهمهکانی وه‌جووڵه‌خستن له ڕێگای به‌سیاسیکردنی هه‌موو ژیانه‌وه ده‌ست پێ ده‌که‌ن. له ئاکامدا سیاسه‌ت به هۆی باوه‌ڕی سیاسی یهکپارچهوه نوقم ده‌بێت. ناکۆکی نه‌ته‌نیا خراپه به‌ڵکو دژه‌شۆڕشه. بیرۆکه‌کان مه‌ترسیدارن و ئاڵنگاریی ڕه‌وایی ڕێژیم یان کاریزمای ڕێبه‌ر ده‌که‌ن. ئه‌م سیسته‌مانه به «یاسای سه‌رکوتکه‌ر»، له زمانی دورکهیمهوه، دیاریی ده‌کرێن. له ڕوانگه‌ی ئهپتێرهوه ئه‌م سیسته‌مه پێوه‌ندیی به گواستنه‌وه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌عنه‌ویی خه‌ڵکێک، له ڕێگای شێوازه خێرا و ڕێکخراوه‌کانه‌وه، هه‌یه. بۆ ئهوگرنگترین تایبه‌تمه‌ندیی سیسته‌می وه‌جووڵه‌خستن، ئایینی سیاسییه.

به وته‌ی ئهپتێر له هه‌ندێ وڵات‌دا بۆ پڕکردنه‌وه‌ی پێوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵاتدار و فه‌رمانبه‌ر، تاک و کۆمه‌ڵگا، حکوومه‌ت دۆخێکی ئایدۆلۆژیک دێنێته ئاراوه که تاک و ده‌وڵه‌ت لێکتر گرێ ده‌دات. بۆ ڕێبه‌رانی سیاسی نۆژه‌ن له به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی بیردۆزیی و کرده‌وه‌دا، ئایدۆلۆژیای ئاسایی نه‌یده‌توانی بۆ درێژخایه‌ن زاڵ بێت. هێزێکی زۆر سیمبۆلیکتری به‌هێز و که‌متر ئاوه‌زمه‌ندانه، گه‌رچی ڕه‌نگه ئامانجی ئاوه‌زمه‌ندانه‌ی هه‌بێت، پێویست بوو. ئهپتێر ئه‌م هێزه‌ی ناونا «ئایینی سیاسی»، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئایین هێزی زیاتره له شێوه‌کانی تری بیر. ئه‌مه له‌لایه‌که‌وه پێویستییه ڕه‌هاکانی پێکهاته‌ی سیاسیی ملهوڕانه دابین ده‌کات و له‌لایه‌کی تریشه‌وه، کاریگه‌ر ده‌بێت له‌سه‌ر پێویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی تاکه‌کان له ڕێگای دیاریکردنی ئایینی ده‌وڵه‌ت و پێناسه ڕه‌واکانی به‌رده‌وامیی، واتا و شوناسی تاکه‌که‌سی. ئه‌مه پێگه‌یه‌کی نوێ و ئایینێکی نوێ ده‌به‌خشێت. به‌م جۆره ئایینی سیاسی ده‌بێته فۆرمێکی مۆدێڕنیزاسیۆن. ئایدۆلۆژیای ده‌وڵه‌تی سۆڤییه‌ت نموونه‌یه‌کی تری ئه‌م ئایینه سیاسییه بوو. 

له‌ڕاستیدا، مه‌به‌ستی ئهپتێر له ئایینی سیاسی، ئه‌و ئایدۆلۆژیا مۆدێڕنه تۆخانهیه که به شێوه‌ی پاوانخوازانه زاڵ ده‌بن به سه‌ر ده‌وڵه‌تدا و چوارچێوه‌یه‌کی وه‌ک ئایین ده‌گرنه خۆ و به‌جۆرێ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئایینن و وه‌ک ئایین کار ده‌که‌ن، گه‌رچی ڕه‌نگه له باوه‌ڕدا به‌تایبه‌ت باوه‌ڕ به مێتافیزیک جیاواز بن. به وته‌ی ئه‌و، ئایینی سیاسی که له ڕۆژئاوا سه‌ری هه‌ڵدا، بۆخۆی وه‌ڵامێک بوو بۆ له‌ده‌ستدانی ئیمان له سیسته‌مه‌کانی پێکهوهسازاندا. ئیمان که سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته، ئه‌م جاره به جۆرێکی تر و له ڕێگای ئه‌مه‌گناسی بۆ شتێکی تر له ده‌وڵه‌ته نوێیه‌کاندا سه‌ری هه‌ڵدا. به‌وه‌شه‌وه ئایینی سیاسی له باری ڕه‌وشته‌وه هێزی که‌متره له ئایینی گشتی، چون به‌ڵێنی پاداشت و خه‌ڵاتێکی جیاواز ده‌دات.

ئهپتێر تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئایینی سیاسی به‌مانه ده‌زانێت: ده‌وڵه‌ت و ڕێژیم تایبه‌تمه‌ندیی پیرۆزی وه‌رده‌گرن. ئه‌و پیرۆزییه ده‌بێته بناخه بۆ ڕاگرتنی تۆکمه‌یی له کۆمه‌ڵگادا. به‌مجۆره سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه ڕووداوێکی ئایینییه. که‌واته، هاوشێوه‌یی هه‌یه له نێوان ئایینه سیاسییه‌کان و ئایینه گشتییه‌کاندا. که‌سانی پیرۆز و که‌سانی شه‌ڕ هه‌ن. نێردراو و بانگخوازان هه‌ن. بۆ هه‌ر تاکێک هه‌لی بانگهێشتی سیاسی له جێی بانگهێشتی ئایینی هه‌یه. نهێنی و ده‌سه‌ڵات هه‌یه. ده‌مارگرژیی ئایین ئاسا له که‌شی سیاسی‌دا، زیاتر له سیسته‌می تیۆکراتیک بۆ ئامانجه سێکیولاره‌کان به‌کار ده‌هێنرێت. هه‌روه‌ها ئایینی سیاسی، به شێوه‌ی ئایدۆلۆژیای تاقه حێزبێک ده‌رده‌که‌وێت وهه‌میشه وه‌ها نییه که پێویستی به دژایه‌تیی کرده‌وه و باوه‌ڕی ئایینیی گشتی هه‌بێت. له‌ڕاستیدا، ئه‌گه‌ری ئه‌وه زیاتره که دژایه‌تیی ئایینه سیاسییه‌کانی تر بکات. ئایینی سیاسی ده‌بێته له‌مپه‌ڕ له به‌رده‌م گۆڕان له کۆمه‌ڵگا و چوون به‌ره‌و سیسته‌می پێکه‌وه‌سازان. به وته‌ی ئهپتێر کاریگه‌رییه‌کانی ئایینی سیاسی ده‌بنه هۆی به‌هێزبوونی ده‌سه‌ڵات له ناو ده‌وڵه‌تدا و لاوازبوونی نه‌رمونیانیی کۆمه‌ڵگا. بۆیه گۆڕان له ملهوڕییه‌وه بۆ مۆدێلی دێمۆکراتیک و سێکیولاری ڕێکخراوی سیاسی و باوه‌ڕی کۆمه‌ڵایه‌تی ئاسته‌م ده‌بێت.

جێی ئاماژه‌یه که وێڕای ناساندنی ئایدۆلۆژیای تاقه حیزبه پاوانخوازه‌کان، وه‌ک ئایینی سیاسی، ئهپتێر ڕوانگه ئایینییه‌کانی کۆمه‌ڵگای مرۆیی به ڕێکخه‌ری ئه‌وه ده‌زانێت و ئاماژه ده‌کات که له بنه‌ڕه‌تدا ئایینی سیاسی له‌و ڕوانگانه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات. ئه‌م خاڵه باسی ئایینی سیاسی گرێده‌دات به بۆچوونی دووهه‌مه‌وه که سه‌ره‌تا باس کرا. له‌ڕاستیدا ئایینی سیاسیی سه‌ره‌کی، له‌سه‌ر بنه‌مای ئایینی گشتییه. بۆیه له بۆچوونی دووهه‌مدا مه‌به‌ست له ئایینی سیاسی، ئه‌و ئایینه‌یه که ده‌کرێت به ئایدۆلۆژیا و، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌گرێته ده‌ست یان هه‌وڵ ده‌دات بیگرێته ده‌ست و له‌و رێگایه‌وه له هه‌موو بواره‌کانی ژیانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی تاک و کۆمه‌ڵانی کۆمه‌ڵگادا ده‌ستێوه‌ردان ده‌کات، ئاڕاسته‌یان پێ ده‌دات و ئازادی به‌رته‌سک و سنووردار ده‌کاته‌وه. لێره‌دا یاریزانه ئایینییه‌کان به ته‌واوی ده‌چنه  ناو هه‌رێمی تایبه‌ت به هه‌موو بابه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تی ـ سیاسییه‌کان. 

دیاره هه‌ردووکی ئایدۆلۆژیا و ئایین، چوارچێوه دیاری ده‌که‌ن و هه‌ندێ هاوشێوه‌ن، به‌ڵام ئاڕاسته‌ی ئایین به‌ره‌و جیهانی تره. کاتێک ئایین ڕێکده‌خرێت و له ڕه‌وشی نه‌ریتی دێته ده‌ره‌وه و له چوارچێوه‌یه‌کدا بۆ ئاراسته‌پێدانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌کار ده‌هێنرێت، ده‌چێته بازنه‌ی ئایدۆلۆژیا و ئایدۆلۆژیای ئایینی پێکدێت. لێره‌دا وێرای پاراستنی ئیمان به مێتافیزیک، ئایین وه‌ک ئایدۆلۆژیا زیاتر ئاڕاسته‌ی ئه‌م جیهانی ده‌گرێته خۆ. ئایدۆلۆژیای ئایینی به هۆی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه ئایینییه‌کان و ده‌ستێوه‌ردانی ئایین له سیاسه‌تی مۆدێڕن‌دا له به‌رانبه‌ر ئایدۆلۆژیا سێکیولاره‌کاندا سه‌ری هه‌ڵدا. هه‌روه‌ها به‌سه‌رهه‌ڵدانی ئایدۆلۆژیای ئایینیی تۆخ و پاوانخواز، ئایینی سیاسی ده‌رکه‌وت که له‌لایه‌ک تایبه‌تمه‌ندیی ئایینی هه‌بوو وله‌لایه‌کی تره‌وه، تایبه‌تمه‌ندیی ئایدۆلۆژیا. 

که‌واته کاتێک ئایینی گشتی/پابلیکی کۆمه‌ڵگا ده‌گۆڕدرێت به ئایدۆلۆژیا و بۆ ئامانجه سیاسییه‌کان که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گیردرێت، ده‌چێته چوارچێوه‌ی ئایینی سیاسی. ئایین و ئایدۆلۆژیا زیاتر له گۆڕه‌پان و پانتاییی سیاسه‌تدا، یه‌ک ده‌گرنه‌وه. بۆیه له شۆڕشه ئایینییه‌کان یان حێزبه ئایینییه‌کاندا، ئایین به ئاسانی ده‌کرێت به ئایدۆلۆژیا. هه‌رچی ئیمانی ئایینی ئایدۆلۆژیاییتر ده‌بێت، له پانتاییی سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگادا مه‌ترسیدارتر ده‌رده‌که‌وێت. کاتێک ئیمانی ئایینی و ئایدۆلۆژیا یه‌ک ده‌گرن، مه‌ترسیدارترین دۆخ سه‌رهه‌ڵده‌دات و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی مرۆیی زیاتر و توند‌وتیژتر ده‌بێت. لێرهدابه ساکاری، هه‌م خۆبه‌ختکردن و هه‌میش کوشتن و بڕینی مرۆڤ له‌لایه‌ن که‌سی ئیمانداره‌وه له ڕێگای ئیمانهکهیهوه پاساو ده‌درێته‌وه

گرنگترین ئایدۆلۆژیای ئایینی، ئایدۆلۆژیای ئیسلامی بووه. ئیسلام وه‌ک ئایینێک که ته‌نیا سه‌رنجی مه‌عنه‌وییه‌ت نادات و به‌رنامه‌ی ئابووری و سیاسیی بۆ کۆمه‌ڵگا هه‌یه، زیاتر له ئایینه‌کانی تر به‌هره و توانستی دابین کردنی بنه‌ماکانی ئایدۆلۆژیای هه‌بووه و کراوه به ئایدۆلۆژیا. له ماوه‌ی سه‌ده‌ی ڕابردوودا چه‌ندین جۆری ئایدۆلۆژیای سیاسیی ئیسلامی سه‌ریان هه‌ڵداوه. له‌ڕاستیدا ئایینی ئیسلام هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت تێکه‌ڵ بووه، به‌ڵام ئه‌و تێکه‌ڵییه زیاتر له جۆری تیۆکراتیک بووه. له سه‌ده‌ی ڕابردوودا بوو که ئیسلامی سیاسی سه‌ری هه‌ڵدا ونموونه‌ی هه‌ره توندوتیژی شیعی ئه‌وه له پاش شۆڕشی 1979 له ئێران و به پێکهاتنی کۆماری ئیسلامی ده‌رکه‌وت. لێره‌دا به شێوه‌یه‌کی زۆر جیاواز له پێوه‌ندیی ساکاری ئایین و سیاسه‌ت، ئیسلام له ڕه‌وشی ئایینی گشتی/پابلیک هێنرایه ده‌ره‌وه و کرا به ئایدۆلۆژیا بۆ مه‌به‌ستی سیاسی.

وه‌ک له سه‌ره‌تادا ئاماژه کرا له‌ڕاستیدا ئایین و سیاسه‌ت لێکتر جیا ناکرێنه‌وه؛ چونکو له هه‌موو کۆمه‌ڵگاکاندا ئه‌و دووانه به که‌م و زۆری پێوه‌ندییان هه‌یه. سیاسه‌توانه‌کان له ئایین که‌ڵکیان وه‌رگرتووه و ئایینییه‌کانیش له سیاسه‌ت. له سێکیولاریزمیشدا له‌وپه‌ڕیدا ئه‌وه دامه‌زراوه‌کانی ئایین و ده‌وڵه‌تن که لێکتر جیا ده‌کرێنه‌وه. ده‌وڵه‌ت وه‌ک دامه‌زراوه‌یه‌کی بێلایه‌ن ده‌رده‌که‌وێت و هاوکات ئازادی بۆ هه‌موو ئایین و باوه‌ڕ و بیرۆکه جیاوزه‌کان دابین ده‌کرێت. بۆیه له کرده‌وه‌شدا ڕه‌نگه هاسانکاریی سیاسی بۆ کاروباری ئایینیی هاووڵاتییانی ئیماندار بکرێت، گه‌رچی بێ ده‌ستێوه‌ردانی ئایینی. بۆ وێنه هاسانکاری بۆ کاروباری حه‌جی موسڵمانه‌کان. و ئه‌وه به واتای پێشێلکردنی سێکیولاریزم نییه. هه‌روه‌ها له وڵاتێکی سێکیولاری دێمۆکراتیکدا ئازادی بۆ حیزب وگرووپه ئایینییه‌کان هه‌یه به مه‌رجێ که یاسای دێمۆکراتیک قبووڵ بکه‌ن. واته وا نه‌بێت که ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست، ئازادی له هه‌موو لایه‌نه‌کانی تر بسێننه‌وه.

به‌پێچه‌وانه‌وه، له ئایینی سیاسی‌دا، ئه‌و ڕێسایه‌ی سه‌ره‌وه قبووڵ ناکرێت و له‌ڕاستیدا کاتێکیش باسی دێمۆکراسی تێدا بکرێت، تا ئاستی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاته و پاشان له چوارچێوه‌ی ئایدۆلۆژیایه‌کی نادێمۆکراتیکدا هه‌وڵ ده‌درێت بۆ جێبه‌جێکردنی بنه‌ما ئایینییه‌کان (یان له ڕوانگه‌ی ئهپتێرهوه بنه‌ما ئایدۆلۆژیکه‌کانی تاقه حێزبێک). ئیدی ڕێگه به ئازادیی لایه‌نه نائایینییه‌کان نادرێت تاکوو هه‌ربه‌وجۆره که ئه‌و ئایدۆلۆژیا ئایینییه به شێوه‌ی دێمۆکراتیک به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووه، ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌کانی سه‌رنه‌که‌وت به ئاشتیانه و دێمۆکراتیک ده‌سه‌ڵاتیشی لێ وه‌رگرنه‌وه. به واتایه‌کی تر له ئایینی سیاسی‌دا، ئایین سیاسه‌ته و سیاسه‌تیش ئایین. که‌واته باس له پێوه‌ندیی ساکاری ئایین و سیاسه‌ت وه‌ک دوو بواری جیاواز نییه، به‌ڵکو ئایین ده‌بێته ئایدۆلۆژیای سیاسی که چوارچێوه بۆ سیاسه‌ت و هه‌موو پرس و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان دیاری ده‌کات و پسپۆڕایه‌تی له بواره جیاوازه‌کاندا واتایه‌کی سه‌ربه‌خۆیان نابێت.

هه‌رچۆنێک بێت، به‌پێی بۆچوونه جیاوازه‌کان، جۆره‌کانی ئایینی سیاسی بوونیان هه‌یه و بریتین له ئایدۆلۆژیا توندئاژۆ و پاوانخوازه نائایینییهکانیش، چۆنکو ئه‌وانه‌ش پیرۆزییان تێدایه. ئه‌م ئایدۆلۆژیایانه به‌رمه‌به‌ستی ئهپتێرن. له ڕوانگه‌ی ئهپتێردا، له‌ڕاستیدا لێکچوونی ئایینی هه‌یه، واته ئه‌و ئایدۆلۆژیایانه تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئایینیان گرتووه‌ته خۆ، یان ئه‌وانه له‌و ئایدۆلۆژیایانه‌دا به‌رهه‌م هێنراونه‌ته‌وه. به‌ڵام له ڕوانگه‌ی تره‌وه ئه‌وه خودی ئایینه که ده‌کرێت به ئایدۆلۆژیا و سیاسی ده‌بێت. ئایدۆلۆژیای سیاسی-ئایینی به‌رزترین ئاستی ئایینی سیاسییه. لێره‌دا تێکه‌ڵیی ئایینی گشتی و ئایدۆلۆژیا هه‌یه. واته ئایینی پابلیک/گشتی ده‌گۆڕدرێت و ده‌خرێته چوارچێوه‌ی ئایدۆلۆژیای سیاسییه‌وه. کاتێک ئایین و سیاسه‌ت ده‌بنه هاوپه‌یمان زۆر مه‌ترسیدار ده‌رده‌که‌ون. به‌تایبه‌ت ئایین له شێوه‌ی ئایدۆلۆژیای سیاسی‌دا له هه‌موو ئایدۆلۆژیاکانی تر مه‌ترسیدارتر ده‌بێت؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له‌گه‌ڵ ئیمانی تاکه‌کان سه‌روکاری هه‌یه و زیاتر له‌وانه‌ی تر له ئاوه‌ز دوور ده‌که‌وێته‌وه و پاساوی زیاتری بۆ هه‌ردووکی خۆبه‌ختکردن و کوشتنی مرۆڤه‌کان له پێناو ئامانجگهلێکدا هه‌یه که زۆرێکیان خزمه‌ت به مرۆڤایه‌تی ناکه‌ن. که‌واته له‌م جۆره‌ی دووه‌مدا گۆڕانی سیاسی ـ کۆمه‌ڵایه‌تیش زۆر ئاسته‌متر ده‌بێت.