ئارامتر بخوێنەوە!
پەروەردەی نێئۆلیبراڵیسم، ناوەڕۆکی سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامیی ئێران
وڵات زاگرۆس
“ئێمە دەتوانین گۆڕان وەدی بێنین. ئێمە گەمژە بێ هیواکانی مێژوو نین، ئەوانەی کە پێیان وایە ناتوانن خۆیان، چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. ماوەیەکی درێژە کە پێمان دەڵێن: ئێوە ناتوانن هیچ بگۆڕن بەڵام مێژوو دەریخستووە کە خولانەوە لە بازنەیەکی یەک چەشن و بەتاڵدا نییە و هێزە خەباتکارەکان سەریش دەکەون. بۆ دەبێ ئەم ڕاستییە لە بەرچاو نەگرین و بێهیوا و دۆشداماو دانیشین بڵێین ئێمە هیچمان لەدەس نایەت؟ ئێمە دەتوانین دنیایەک دروست کەین کە تا هەنووکە نەبووە. من سیاسەتڤانێکی شارەزا نیم بەڵام دەزانم ئێمە دنیامان بەم چەشنەی کە هەیە ناوێت هەر بۆیە خەبات دەکەین، ئێمە شۆڕشمان دەست پێ کردووە1.“
پێشەکی
دەسەڵاتەکان بۆ مانەوەی خۆیان جیا لە بەکارهێنانی زەبر و زەنگ و توندوتیژی لە ڕێگەی سیستەمی پەروەردە و فێرکردنەوە هەوڵی ئەوە ئەدەن کۆمەڵگایەک دروست بکەن کە لەگەڵ ئامانجەکانیان بێتەوە و مانەوەیان لە گشتیەتی خۆیدا توشی قەیران نەکات. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کە مانەوەی خۆیان بە گرینگترین ئامانج دادەنێن، جیا لە زەبروزەنگ، بۆ پەروەردەی کۆمەڵگا و دروست کردنی جڤاکێک کە دەستەمۆ بێت و چیەتیی دەسەڵاتیان توشی کێشە نەکات، لە سیستەمی پەروەردەی نێئۆلیبرالیزم، بە تایبەتمەندیی ئایینی و سەروەریی نەتەوەی فارسەوە، کەڵک وەردەگرن. لە ڕاستیدا جڤاکێک کە تاکەکانی لە ڕیگەی پەروەردە و فێرکردنەوە وا ڕاهاتبن کاریان بە پەیوەندیی نێوان کۆیلە و سەروەر نەبێ و تەنیا ئامانجیان لە پیشە و پارەدا کورت کرابێتەوە، کەمترین مەترسی بۆ مانەوەی دەسەڵات لە هەموو ڕەهەندەکانیدا دروست دەکەن، هەرچەن بە ڕواڵەت خۆیان بە سەربەست و ئازاد دادەنێن بەڵام وەک ئیریک فڕۆم دەڵێت: مرۆڤ لە کۆتوبەندی ئەو هێزە دەرەکییانەی کە بەر بە کردار و بیر کردنەوەی دەگرن بەو چەشنەی کە شیاویەتی ڕزگار بووە. مرۆڤ ئەگەر لەوە تێبگات کە چی دەوێ، بیرلە چی دەکاتەوە و هەست بە چی دەکات، ئازادە تا بە پێی داخوازییەکانی خۆی، کردارەکانی بەڕیوە بەرێت؛ بەڵام ئەو نازانێت. بووەتە هاوتەریبی هێزە بێ شوناسەکان و لەگەڵ ئەو خودەی کە هی ئەو نییە تێکەڵ بووە و لەگەڵی ئاوێتە دەبێت. هەرچەند زیاتر لەم بوارەدا هەنگاو هەڵدەگرێت زیاتر هیلاک دەبێت و هەست بە بێ هێزی دەکات و زیاتر هەست دەکات کە دەبێ لەگەڵ ئەم هێزانە هاوئاهەنگ بێت. سەرەڕای ڕواڵەتی داهێنەرانە و گەشبینی، مرۆڤی نوێ بە هەستێکی قووڵ لە بێ هێزی وەها دەستەمۆ کراوە کە ناچارە لە هەمبەر ئەو ڕووداوانەی لە داهاتوویدا ڕوو ئەدەن، تەنیا سەیرکەر بێت وەک ئەوەی تووشی ئیفلیجی هاتبێت2. بەرەنگار بوونەوەی نێۆلیبرالیزم لە پەروەردە و فێرکردن و بەتایبەت لە فێرکاریی باڵادا-ئاستی زانکۆ- دەبێت ببێتە بەشێک لە خەبات بۆ کۆمەڵگایەک کە بەڕاستی دەیهەوێت خۆی لە کۆتوبەندی ژێردەستی ڕزگار بکات و لەو کۆمەڵگایەدا هەموو تاکەکان بێجیاوازی توانای دەرخستن و گەشەکردنی توانا و بەهرەکانیان هەبێت و بەر بەوە بگرێت کە دنیا بەم چەشنەی هەیە درێژە بکێشێت.
بە پارەی کردنی خوێندن بەشێک لە سیستەمی پەروەردەی نێۆلیبرالیزم
یەکەمین پەیوەندییەکانی نێئۆلیبراڵیسم و پەروەردە و ڕاهێنان دەکرێ لە دەیەی٨٠ی زایینی و لە بریتانیا و سیاسەتەکانی دەوڵەتە کۆنسێرڤاتیڤەکانی ئەو سەردەمی ئەم وڵاتەدا بەدی بکەین3. ئەو ساڵانە سەرەتای گۆڕانێکی جیددی لە بەرنامەی ئابووری-سیاسیی دەوڵەتانی گەورەی دنیایە پاش قەیرانی دەوڵەت ڕفاهەکان-دەسەڵاتی خۆش بژێوی-. تایبەتمەندیی بەرچاوی ئەم پلانە نوێیە بریتی بوو لە بڕەودانی هەرچی زیاتر بە دەسەڵات و توانایییەکانی کەرتی تایبەت و کورت کردنەوەی هەنگاو بە هەنگاوی دەستی دەوڵەت لە بازاڕ و هەروەها کەم کردنەوەی ئەرک و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی دەوڵەت بە چەشنێک کە کەرتی تایبەت بتوانێت ئەم ئەرکانە وەئەستۆ بگرێت. ڕەیگان سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا ئاماژە دەکات کە “دەوڵەت ڕێگەچارەی کێشەکانی ئێمە نییە، بەڵکوو هۆکاری کێشەکانە و سەردەمی تەواو بووە. . . “4. پەروەردە و ڕاهێنانیش یەک لەو گرینگترین شوێنانەیە کە بەپێی سیستەمی نوێ، بەرنامەی نوێی بە مەبەستی چاکسازی و نەمانی کێشەکان بۆ دادەڕێژرێ. لەم بەرنامە نوێیەدا، بەڵێنی پەروەردە و بارهێنان بۆ بازاڕی ئازاد یان بە بازاڕی کردنی پەروەردە و ڕاهێنان و هەروەها بەفەرمی ناسین و پاراستنی ناهاوسانییەکان، بە ڕوونی دەبیندرێ. ئەو چاکسازییانەی کە لە سیستەمی پەروەردەدا بە پەیڕەوی لەم ئایدئۆلۆژییە ڕەچاو کرا ئاکامەکەی هاتنە دەرەوەی قوتابخانەکان لە ژێرچاوەدێریی سیستەمی ناوچەیی و چوونە ناو بازاڕی ڕکابەری بوو. بە باوەڕی باوڵز و گێنتیز، ئەم بارودۆخەی پەروەردە و بارهێنان، یانی بە بازاڕی کردنی پەروەردە و بارهێنان، بووە هۆی ئەوەی ناوەڕۆک و شێوازەکانی ڕاهێنان ببنە ملکەچی بازاڕی ئازاد. قوتابخانەکان لەم بازاڕەدا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی دایک و باوکەکان هەوڵیان دەدا و بۆ ئەم کارەش دەستەو داوێنی تاقیکاریی ستاندارد، خشتە و گەڵاڵەی دابەشکردنی کاتەکان. . . بوون. 5
لە وڵاتی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، ڕەوتی بە بازاڕی کردنی سیستەمی پەروەردە و بارهێنان لە سەرەتاکانی دەیەی حەفتای کۆچییەوە و پاش کۆتاییی شەڕی ئێران و ئێراق و وەدی هاتنی سەقامگیرییەکی ڕێژەیی بە زەبری سەرکوت، دەستی پێ کرد و لەو کاتەوە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ قوتابخانە تایبەتییەکان ژمارەیان بەرە و زۆربوون دەچێ و بە پێی ئەو ئیمکاناتانەی بۆ قوتابیانی دابین دەکەن، پارەیەکی زیاتر لە منداڵان وەردەگرن. هەرچەند لە پاڵ ئەم قوتابخانانەدا قوتابخانەی حکوومەتیش هەیە کە لە ڕواڵەتدا هیچ پارەیەک لە قوتابیان ناستێنن- بەپێی مادەی ٣ و ٣٠ خوێندن لە هەموو قۆناغەکاندا دەبێ بێ پارە بێت- بەڵام مامۆستا باشەکان و گشت ئیمکاناتی پێویست بۆ خوێندن لە قوتابخانەگەلی تایبەتیدا کۆ کراونەتەوە. قوتابخانەکان بۆ مانەوە لەم بازاڕە ڕکابەرییەدا هاوکات لەگەڵ سەرنجدان بە بیروڕای گشتیی سازکراو لە لایەن بازاڕ و دەسەڵاتەوە دەبێ بۆ ڕاکێشانی باشترین مامۆستاکانیش تێبکۆشن. بۆردیۆ لەسەر ئەو باوەڕەیە قوتابخانەکان لە ڕێگەی پلانگەلێک وەک تاقیکاری بۆ وەرگرتنی قوتابی، دەبنە هۆی ئەوەی کە سەرمایەی کەلتووری لە دەست چینی دەستڕۆیشتوودا بمێنێتەوە6. کاتێک لە وڵاتی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، زۆربەی چینی دەستڕۆیشتوو خۆی و هەموو بەها و بەرژەوەندییەکانی لە کەلتووری نەتەوەی باڵادەستدا دەبینێتەوە، کاتێک پەروەردە و ڕاهێنان دەبنە کەرەسەیەک بۆ بڕەودان بە کەلتوور و زمان و دابونەریتیی نەتەوەی باڵا دەست، ئەوە کەلتوور، زمان، باوەڕبەخۆیی و هەموو بەرژەوەندییە گشتییەکانی نەتەوەی ژێردەستە کە بە هەموو چین و توێژەکانیەوە لەم بەستێنە سازکراوەدا دەتوێنەوە.
دەکرێ قوتابخانەگەلی ناحکوومەتی لە وڵاتی ئێراندا، بەسەر دوو بەشدا دابەش بکەین: یەکەمیان ئەو قوتابخانانە کە بۆ ناونووسی تێیاندا پێویست بە تاقیکاری نییە و هەر بنەماڵەیەک ئەگەر بتوانن شەهرییەکەی(پارەی مانگانە یا وەرزانە) دابین بکەن دەتوانن منداڵەکانیان بنێرنە ئەم قوتابخانانە کە خاوەن هەموو پێداویستییەکانن. کە وابوو تەنیا مەرجی بەشداری لەم قوتابخانانەدا ئەوەیە کە خاوەن پارە بیت و تا کاتێک قوتابی دەتوانێ لەم قوتابخانانەدا بخوێنێ کە توانای دابین کردنی شەهریەکەی هەبێت. لەم پەیوەندییەدا دەزگای هەواڵدەریی ئیسنا لە بابەتێکی خۆیدا ئاماژە بە نموونەیەک دەکات و دەڵێت: “لە ناوچەی چیتگەری تاران بۆ قوتابیانی قوتابخانەیەکی تایبەتی جەژنی کۆتاییی ساڵ گیرا، دیاری بە هەموو قوتابیان درابوو قوتابییەک نەبێت کە بە سەرسوڕمان و حەزەوە سەیری دیاریی هاوپۆلەکانی دەکرد، تەنیا هۆی ئەوەی ئەم کچە قوتابییە دیاریی پێ نەدرابوو، دەگەڕاوە بۆ ئەوەی کە باوکی دوو هەیڤ بوو نەیتوانیبوو شەهرییەی خوێندنەکەی دابین بکات7. هەنووکە هەندێ لەم قوتابخانانە شەهرییەکەیان بۆ تێرمێک (وەرزێکی خوێندن) تا بیست ملیۆن تمەن و زیاتریشە و خاوەنی پۆلەکانی تایبەتی مۆسیقا و وەرزش و فێرکاری زمانە بیانییەکان و . . . و دیارە تەنیا منداڵانی چینی دەستڕۆیشتوو دەتوانن لەم قوتابخانانەدا بخوێنن.
دووهەمیان ئەو قوتابخانانەن کە نیوە حکوومەتی و نیوە تایبەتین. بۆ چوونە ناو ئەم قوتابخانانە تاقیکاری بەڕێوە دەچێت و دەکرێ ئەم چەشنە قوتابخانانە وەک یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی نێئۆلیبراڵیسم پێناسە بکەین کە بریتییە لە بلیمەت تەوەری و پێگەیاندنی بلیمەتەکان (ئەو بلیمەتانەی کە بە تەعبیری بۆردیۆ تەنیا دەتوانن لە چینێکی تایبەتی کۆمەڵگەدا هەڵبکەون)، لەم پەیوەندییەدا دەبێ ئاماژە بەو ڕاستییە بکەین کە زۆر بە دەگمەن منداڵانی چینی هەژار دەتوانن بچنە ئەم قوتابخانانە و ئەو تاقیکارییانەی بۆ ئەم قوتابخانانە لەبەرچاو دەگیرێن دژوارن و زۆربەی پرسیار و تەوەرەکانی بە دەگمەن لە قوتابخانە حکوومەتی و ئاسایییەکاندا باسیان دەکرێت و لەو کتێبە کۆمەکدەرسییانەوە دەردەهێنرێن کە بە نرخێکی گران لە بازاڕدا دەسەنرێن و زۆربەی هەرە زۆری مامۆستاکانیش لەسەر پۆلەکانی وانە گوتنەوە بێ ئەم کتێبە کۆمەکدەرسیانە وانەکانیان ناڵێنەوە کە ئەم کارەش دەبێتە هۆی بازاڕێکی بە سوود بۆ کۆمپانیگەلی وەک گاج، ئایندەگان و قەڵەمچی. . . . بەم چەشنە پڕۆسەی خوێندنی قوتابی دەکەوێتە ناو یاریی بازاڕەوە بەو واتایەی بۆ ئەوەی سەرکەوتن وەدی بێنێ دەبێ زیاتر کڕیاری کتێبە کۆمەکدەرسییەکان و پۆلە تایبەتییەکان بێ و بەو ڕێژەیەی کە کڕیارە و و بەشداری پۆلە تایبەتییەکانە دەتوانێ سەرکەوتن وەدەس بێنێ. کەواتە بە پێی ئەو پارەیەی کە لەو ڕێگەیەدا خەرجی دەکات ڕاست وەک بازاڕ دەتوانێ شتومەک، کە لە پڕۆسەی خوێندندا بووەتە زانستی بە شتومەک –کالا-کراو وەدەست بێنێ. ڕێژەیەکی زۆر لەو قوتابییانەی کە لە تاقیکاریی کۆنکووردا -تاقیکاری چوون بۆ زانکۆ- پلەی باش وەدەس دەهێنن و دەچنە زانکۆ باشەکان، لەم دوو جۆرە قوتابخانە تایبەتییەدا خوێندوویانە و بەشداری پۆلەکانی کۆمپانیگەلی گاج، قەڵەمچی و ئایندەگان بوون و تا هەنووکەش لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەسەر داهاتی سەدان ملیاردیی ئەم کۆمپانییانە نەکراوە و لە ڕاستیدا بە هۆی ئەو مافیایانە کە لە وەزارەتی پەروەدە و بارهێنان و ناوەندە ئەمنیەتییەکاندا هەیە، بەر بە هەر چەشنە لێکۆڵینەوەیەکی دەقیق و ورد لەم بارەیەوە گیردراوە و تەنانەت تا ئەو ڕادەیە دەسەڵاتیان هەیە کە حاجی بابایی، وەزیری پەروەدەی دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد، گەڵاڵەی لابردنی کۆنکوور دەبەستێتەوە بە ڕەزامەندیی ئەم کۆمپانییانە.
دیاری سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی بۆ قوتابییان چی بووە؟
بەپارەکرانی خوێندن و ڕاکێشانی مامۆستا باشەکان بۆ قوتابخانەگەلێکی تایبەت، ئاکامەکەی دەگات بەوەی کە هەزاران قوتابی لە سەرانسەری وڵاتدا و بە تایبەت لەو ناوچانەی کە نەتەوە ژێردەستەکانی تێدا دەژین دەست لە خوێندن هەڵدەگرن و یان هەر خوێندەوارییان نەبێت. 5/1 تا 2 ملیۆن منداڵ لەم ساڵانەی دواییدا و بە هۆی بەپارە کرانی خوێندن یان دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە یا خود هەر نەچوونەتە قوتابخانە و وا چاوەڕوان دەکرێ ساڵ بە ساڵ ڕێژەی ئەم منداڵانە زیاتر بێت و لەئاکامدا ببێتە هۆی هەرچی زیاتربوونی زیانە جڤاکییەکانی وەک زۆر بوونی ڕێژەی منداڵانی کار و منداڵانی شەقام و… 8. لە کۆماری ئیسلامیدا هەژارترین و بێکارترین ناوچەکان ئەو ناوچانەن کە نەتەوە کۆلۆنیکراوەکانی تێدا دەژین و هەر بۆیە هەژاری، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پاشکەوتنە لە خوێندن و بە پێی دوایین ئامارەکان پارێزگاکانی سنە، ورمێ ، لوڕستان لە کوردستان و پارێزگای سیستان و بەلوچستان خاوەن زیاترین نەخوێندەوارن9.
ئەگەر سەردەمانێک خوێندن کەرەسەیەک بوو بۆ ئەوەی منداڵانی هەژار تا ڕادەیەک بتوانن بە خوێندن خۆیان لەو دۆخە ڕزگار بکەن و لە ڕێگەی خوێندنەوە بچنە ناو چینی مامناوەندیەوە، هەنووکە بە دەگمەن هەڵدەکەوێ منداڵی چینی هەژار بتوانن خەرجییەکانی خوێندن و خەرجی پۆلە تایبەتییەکان دابین بکەن تا لەو ڕێگەیەوە بتوانن ڕکابەریی قوتابیانی دیکە بکەن؛ هەر بۆیە منداڵانی چینی هەژار یان نەخوێندەوار دەبن یا خود زۆربەیان ناتوانن بۆ ڕشتەیەکی باش لە زانستگەدا قەبووڵ بن و بەم چەشنە پیشەیەکی شیاو وەدەس بێنن و ئەگەر ئەو ڕاستییەش لەبەرچاو بگرین کە هەژارترین ناوچەکانی وڵاتی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ناوچەی نەتەوە ژێردەستەکانە، کە وابوو بەردەوام ئەم ژێردەست بوونە و سەروەریی نەتەوەی باڵادەست لە هەموو بوارەکانی کەلتووری و جڤاکی و زانستی، درێژ دەبێتەوە و سیستەمی نێئۆلیبراڵیزم لە پەروەردە و فێرکردندا گەرەنتیی درێژ بوونەوەی ئەم پەیوەندییە دەکات.
خوێندنی باڵا و نێئۆلیبراڵیزم
لەبەشی فێرکاریی گشتی و سیاسەتە کەلتورییەکاندا، نێۆلیبرالیزم تەواوی ڕەهەندەکانی ژیان لە چواڕچیوەی عەقڵانیەتی بازاڕدا لێکدەداتەوە. یەکێک لە ئاکامەکانی ئەم شێوازە ڕوانینە دەبێتە ئەوەی کە نێۆلیبرالیزم، چەشنێک کەلتوری بێڕەحمانە و ڕکابەری هۆڤانە بە فەرمی بڕەو پێ بدا و دەست بداتە شەڕ دژی بایەخە گشتییەکان و بەشی گشتی، کە دەتوانن قەیران بۆ بایەخەکانی پێک بێنن. نێۆلیبرالیزم بنەما دێمۆکڕاتیکەکانی هاوپەیوەندیی کۆمەڵایەتی بەرەو لە ناوچون دەبات، هەروەزی کۆمەڵایەتی لاواز دەکات و تەواوی شێوازەکانی دەروەستی لە هەڤبەر کۆمەڵگادا تووشی کێشە دەکات10.
سیستەمی پەروەردە لە کۆماری ئیسلامیدا بە تایبەت لە بیست ساڵی ڕابردوودا بە ئاشکرا هاوتەریبە لەگەڵ سیستەمی پەروەردەی نێئۆلیبراڵی بە ڕوانگەیەکی سەقەتی ئایینییەوە. پاش کۆتاییی شەڕی ئێران و عێراق و گۆڕانی وتاری زاڵ بەسەر ئابووریی وڵاتدا پرسی تایبەتی کردن بە شێوازێکی جیددی لە لایەن پلانداڕێژەرانی ئابووریی دەسەڵاتەوە هاتە ئاراوە و بە کردەوە لە ساڵی 1380و لە کاتی بەکردەیی کردنی بەشی سێهەمی پلانی سێهەمی پەرەپێدانەوە دەستی پێ کرد، بەچەشنێک کە بە وتەی ئێسحاق جەهانگیری وەزیری ئەو کاتی سەنعەت و مەعدەن-پیشە و کانزاکان- پلانی سێهەمی گەشە زیاتر لەوەی کە بەرەو بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان ڕێگە ببڕێت بە دوای چێکردنی پێکهاتەگەلێکەوە بوو بۆ دروست کردنی بەستێنی گەشە کردن تا بەشی تایبەتی بتوانێت تێیاندا چالاک بێ11. یەکێک لەو شوێنانەی کە دەسەڵات هەوڵی تایبەتی کردنی داوە، سیستەمی پەروەردە و خوێندن بووە لە هەموو ئاستەکاندا و لەم ماوەیەدا ساڵ بەساڵ ڕێژەی بەتایبەتی کردنی خوێندن زیاتر پەرەی گرتووە و هەنگاو بە هەنگاو و بە پەلە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن لە کۆماری ئیسلامیدا لە سیستەمی پەروەردەی نێئۆلیبراڵیزم نزیک بووەتەوە و بە پێی بەراوردێک کە لە ساڵی 1374دا کراوە ئێران پاش وڵاتی ژاپۆن زیاترین خوێندکاری بە نیسبەت حەشیمەتی خوێندکارانی وڵات، لە بەشی پەروەردەی تایبەتدا هەیە12 کە بە دڵنیایییەوە ئێستا ڕێژەی زۆر زیاتر بووە و لەم بارەیەوە پلەی یەکەمی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە. سەرەتا دروست کردنی زانستگەی ئازاد لە ساڵی 1361و پاشان دانی ئیزنی دروست کردنی ڕێکخراوەی ناحکوومی و تایبەت لە بەشی پەروەدە و فێرکردندا لە ساڵی 1364 و دروست کردنی زانستگەی پەیام نوور لە ساڵی1367 دا هەنگاوگەلێکن کە هەر چەن لە دەیەی 60دا و بە مەبەستی زیاترکردنی ڕێژەی پسپۆڕان و بردنە سەرەوەی ستاندارد و کوالێتیی خوێندن داندراون13 بەڵام دەیەیەک دواتر پەرەیان گرتووە و هەنووکە خوێندکار و قوتابییان لە بەشی حکوومەتی زیاترە. بە پێی وتەی محەمەدی ماڵجو: لە ساڵی 1380ی هەتاویدا 41لەسەدی خوێندکاران لە بەشی حکوومەتی -ئەو زانستگایانە کە بێپارە خوێندکار وەردەگرن- دا خوێندوویانە و لە ساڵی 1387دا ڕێژەی ئەم خوێندکارانە دەگاتە 22لەسەدی سەرجەم خوێندکارانی سەرانسەری وڵات14. جودا لەوەی کە دەستڕاگەیشتنی بێبەرانبەر و بێجیاوازی بە بابەتگەلێک وەک خوێندن و تەندروستی مافی سەرەتاییی هەموو کەسێکە و لە ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافی مرۆڤدا ئاماژەی پێ دراوە، بەڵام ئەگەر بردنەسەری کوالێتیی خوێندنیش وەک پاساوێک بۆ ڕاسپاردنی پەروەردە بە کەرتی تایبەت لەبەرچاو بگرین، بە سەرنجدان بە سێ دەیەی ڕابردووی پەروەردەی ئێران دەبینین کە بە هیچ چەشنێک لەم بوارەدا سەرکەوتوو نەبووە؛ نە کوالێتیی خوێندن چووەتە سەرەوە و نە خاوەن کۆمەڵگایەکی بەختەوەرترین، ئەوەی کە دەبینرێت کۆمەڵێکی زۆر و بۆر لە دەرچووانی زانکۆیە کە بە ڕادەیێکی کەم توانای خزمەت کردن بە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگایان هەیە و لە هەمان کاتیشدا ڕێژەیەکی یەکجار زۆریان بێکارن و بە هۆی ئەو سیستەمە پەروەردەیەی کە تێیدا پێگەیشتوون، پارە وەدەست هێنان بە هەر نرخێک، دەبێتە تایبەتمەندیی دەروونیی زۆربەی هەرە زۆریان.
دژایەتیی نێئۆلیبراڵیزم لە هەمبەر زانستە مرۆیییەکان
زۆربەی زانستە مرۆیییەکان پشتبەستوو بە فەلسەفەگەلێکن کە بنەمای سەرەکییان ماک باوەڕی و بێ باوەڕی بەرانبەر فێرکاریی ئیلاهی و ئیسلامییە و فێرکاریی ئەم زانستانە دەبێتە هۆی بێباوەڕی بە زانستی ئیلاهی و ئیسلامی و فێربوونی ئەم زانستانە لە زانستگە، پەرە بە دوودڵی و نادڵنیایی دەدات لە هەمبەر بنەما ئایینی و باوەڕەکانماندا.15 ئەمە بەشێکە لە وتاری عەلی خامەنەیی لە ڕۆژی 9ی خەرمانانی ساڵی 1388دا، ئەم وتارە بە ئامادەبوونی هەندێک مامۆستای زانکۆ و خوێندکار پێشکەش کرا و لە چەن شوێندا و بە ئاشکرا دژایەتیی خۆی لە گەڵ زانستە مرۆیییەکان دەردەبڕێ و هەر لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئاماژە بە زۆر بوونی خوێندکارانی زانستە مرۆیییەکان دەکات و ئەم بابەتە بە مەترسی لەسەر کۆمەڵگا و دەسەڵات دادەنێ. خامەنەیی لەم وتارەدا لە ڕواڵەتدا هۆی دژایەتیی خۆی لەگەڵ زانستە مرۆییەکان، تەنیا دەگەڕێنێتەوە بۆ دژایەتییان لەگەڵ ئایین و وا باسی دەکات کە تازە بەو شتەی زانیبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە دژایەتیی زانستی مرۆیی هەر لە قوتابخانەکانی ناوەندیدا و بە شێوازی سیستەماتیک ڕەچاو دەکرێت و لە ئاکامی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و لە ڕاستیدا نەهێشتن یان لانی کەم بێ ناوەڕۆک کردنی زانستە مرۆیییەکان، گشت ئەو کەسانە کە لە کۆتایییەکانی دەیەی حەفتا و دەیەی هەشتادا لە قوتابخانەکانی ئەم وڵاتەدا خوێندبێتیان هەستیان دەکرد کە لقی زانستی مرۆیی چەن بە ئەنقەست و بە شێوازێکی پلان داڕێژراو سووک کراوە و تەنانەت کارێکیان دەکرد کە ئەو کەسانەی ئەم لقەیان هەڵدەبژارد زۆربەیان لە نازیرەکترین قوتابییەکان بن و وای لێ هاتبوو کە شەرم بوو خوێندنی ئەم لقە و لە ساڵانی دواتر و تا هەنووکە گەیشتووە بە ڕادەیەک، کەمترین داخوازی بۆ ئەم لقە دەبیندرێ و کەمترین ژمارەی قوتابییان خوازیاری خوێندن لەم لقەدان. بەڵام وەک لە دێڕەکانی دواییدا ئاماژەی پێ دەکەین دژایەتی لەگەڵ زانستە مرۆیییەکان تەنیا لە هۆکاری ئاییندا قەتیس نامێنێتەوە و سەرچاوە گرتوو لە سیستەمێکی پەروەردەیە کە زانستە مرۆیییەکان بە دژی خۆی و بێکەڵک پێناسە دەکات. جا هەرچەن بە ڕواڵەت و ناو، سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی نێئۆلیبراڵیزم نەبێت بەڵام لە نێوەڕۆکدا سیستەمی پەروەردەی نێئۆلیبراڵیزم ڕەچاو دەکرێت و زیانەکانی ئەم چەشنە لە سیستەمی پەروەردە لە وڵاتی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا چەن قاتی وڵاتانی دیکە و بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژئاوایە و کاتێک ئەم هاوئامانجیە دەردەکەوێ کە بزانین یەکێک لە هێڵە سەرەکییەکانی پەروەردەی نێئۆلیبراڵیزم دژایەتییە لەگەڵ زانستە مرۆیییەکان و “سلایتر” لەم پەیوەندییەدا ئاماژە بەو خاڵە دەکات کە گرینگترین کاریگەریی نێئۆلیبراڵیسم لەسەر خوێندنی باڵا، دەکرێ کەم کردنەوەی بودجەی زانستە مرۆیییەکان و هونەر، بە قازانجی ئەو زانستانەی کە زیاتر لەگەڵ بازاڕی کار یەک دەگرنەوە، دەست نیشان بکرێت16.
ئەو پەروەردە نێئۆلیبراڵیستییەی کە لە سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامیدا ڕەچاو دەکرێت، جیاواز لە خاڵە سەرەکییە گشتییەکان کە تایبەت بە هەموو وڵاتانی بەڕێوەبەریەتی، لە ئێراندا ئایین و سەروەریی نەتەوەی فارسیشی پێ زیاد کراوە. وەک پێشتر باسی کرا، خامەنەیی بۆ دژایەتیی زانستی مرۆیی ئاماژە بە مەترسییەکانی بۆ سەر بازاڕ ناکات بەڵکوو تێدەکۆشی دژایەتیی خۆی لەگەڵ زانستی مرۆیی لە دەلاقەی ئایینەوە پێناسە بکات. زانستە مرۆیییەکان پرسیار لەسەر چییەتیی دیاردەکان دروست دەکەن و لە زانستگەکاندا دەبنە هۆی ئەوەی خوێندکاری ئەم بوارانە دەسەڵات لە مانا گشتییەکەیدا (سەروەری) بەرەوڕووی کێشە بکەنەوە. جا سیستەمی نێئۆلیبراڵیسم لە گشتیەتی خۆیدا و بۆ پاراستنی تەکووزیی هەنووکەی (نظم موجود) بە واتای پاراستنی دەسەڵات و بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان کۆیلە و سەروەر –کە خۆی لە دوو کوچکەی بازاڕ و دەسەڵاتدا دەردەخات- بەو چەشنەی هەیە بەردەوامی پێ بدەن دژایەتی لەگەڵ زانستە مرۆیییەکان دەکەن و لە کۆماری ئیسلامیدا بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە نێوان کۆیلە و سەروەردا بەدی نەیەت -چوار کوچکەی ئایین، سەرەوەریی نەتەوەی فارس، بازاڕو دەسەڵات- دەست ئەدەنە دەستی یەک و پارێزگاری لە تەکووزیی هەنووکەی دەکەن، بە واتایەکی دیکە وەک چۆن نێئۆلیبراڵەکان ئایدیاکەی خۆیان بە کۆتاییی دنیا دادەنێن، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش ئایدیاکەی خۆی کە تێکەڵەیەکە لە ئایین، سەروەریی نەتەوەی فارس و نێئۆلیبراڵیزمێکی گەندەڵی حکوومەتی، پێێان وایە دەبێ تا کۆتاییی دنیا هەر ئەوان و بەم چەشنە دەسەڵاتداریەتییە بەردەوام بن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە زانستە مرۆییەکان پرسیاری قووڵ و بناغەی لەسەر ئەم بۆچوونانە دروست دەکەن، هەر بۆیە ڕەنگە شێوازەکانی دژایەتی لەگەڵ زانستی مرۆیی تا ڕادەیەک جیاواز بێ، بەڵام هەردووکیان خاوەن یەک ئامانجن ئەویش پاراستنی تەکووزیی هەنووکەیە و یەکێک لە هێڵە سەرەکییە هاوبەشەکانیان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە دژایەتی کردنی زانستی مرۆیییە.
یەکێکی دیکە لە جیاوازییە ڕواڵەتییەکانی پەروەردەی نێئۆلیبراڵیسم و سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی دەکرێ لەو خاڵەدا دەستنیشان بکەین کە پەروەردە و فێر کردن لە کۆماری ئیسلامیدا بێلایەن نییە. “ئاپڵ” لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بیرمەندانی نێئۆلیبراڵیزم، بۆ وڵام دانەوەی پێداویستییەکانی بازاڕی ڕکابەری و ئازاد، زمانی بێلایەنی زانست دەکەنە کەرەسە و ئەم زمانە زانستییە ئەو ئیمکانەیان بۆ دەڕەخسێنێت ئایدئۆلۆژی و بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریی خۆیانی لە پشتدا بشارنەوە17. لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا بۆ پشتیوانی لە بازاڕ و ئایدئۆلۆژیی ئابووری، کەڵک لە زمانی بێلایەنی زانست وەردەگیرێت بەڵام ئەو جیاوازییە لە ئارادایە کە لە وڵاتانی دیکەدا سیستەمی پەروەردەی نێئۆلیبراڵیسم لە باری ئایینیشەوە بێلایەنە-یان بە ڕواڵەت بێ لایەنە- بەلام لە ئێراندا پەروەردە و ڕاهێنان بێلایەن نییە و تەنانەت بە شێوازیکی سیستەماتیک دژایەتیی ئایینی و ئاینزاییی ئەوانی دیکەی خۆی بەرهەم دێنێت. هەروەها لە سیستەمی پەروەردە و ڕاهێنانی کۆماری ئیسلامیدا، تەنیا بایەخ بە یەک زمان ئەدرێت و مێژوویەکی چەواشەکراو بە قازانجی نەتەوەی سەردەست و بە دژی نەتەوە گەلی کۆلۆنی کراو، لە هەموو ئاستەکانی پەروەردەدا دەوترێتەوە کە ئەم شێوازە گێڕانەوەی مێژوو و پەروەردەی تاک زمانیە لە وڵاتێکی فرە زماندا کەرەسەیەکە لە خزمەتی هێشتنەوەی سەروەریی نەتەوەی باڵا دەست و بە کۆیلە کردنی نەتەوەگەلی ژێردەست و بێ ئەوەی زمانی زبر بەکار بێنێت وای کردوووە کە قوتابی و خوێندکاری سەر بە نەتەوە ژێردەستەکان ئەو هەستەیان تێدا بەدی بێت کە زمانەکەیان بێ کەڵکە و بۆ پێشکەوتن دەبێ لەباری زمان و شێوازی ژیانەوە، وەک نەتەوەی باڵادەستیان لێ بێت؛ هەربۆیە بە هۆی سیستەمی پەروەردە و فێرکردنەوە هەموو شتێک بایەخی خۆی تەنیا لە وەدەستهێنانی پارەیەکی زیاتردا وێنا دەکات. کاتێک لە چەند زانکۆدا زمانی نەتەوەکانی ژێردەست دەکرێتەوە -لەم ساڵانەی دواییدا زانکۆی سنە و بەشی ئەدەبیاتی کوردیی بۆ دانراوە و ساڵانە خوێندکاری خوازیار وەردەگرێ- ئاشکرایە خوێندکاران حەزیان بۆ چوونە ئەم بەشە کەمە. کاتێک پاش خوێندنی، هیچ کەڵکێکی نییە لەو بازاڕەیدا کە ئەوان دروستیان کردووە، خوێندکار بە چ هیوایەک بچێت و لە بەشی زمانی دایکی خۆیدا درێژە بە خوێندن بدات. کە وایە سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی، نەک وەک سەردەمی ڕەزاشای میرپەنج بە زبر، بەڵام بە هۆی دەسەڵات و هێزی نەرمەوە، دژایەتیی زمان و کەلتووری نەتەوەی ژێردەست دەکات و ئەویش لە ڕیگەی بێکەڵک کردنیان -لە باری بازاڕەوە- ئەو بەستێنە دروست دەکات کە مرۆڤی نەتەوەی ژێر دەست خۆی و بە حەزی خۆی و بەرانبەر بە زمان و کەلتووری خۆی هەست بە شەرم بکات؛ چون بێکەڵکە و ئەم ڕەوتەش دەبێتە هۆی تواندنەوەی لە زمان و کەلتووری نەتەوەی باڵادەستدا بێ ئەوەی هێزی زبریش بەکار هاتبێت. ئەمەش ئامانجێکە کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، دەسەڵاتی ناوەند تەوەری ئێران بەدوایەوە بووە. لەم پەیوەندییەدا گۆڤاری ئایەندە دەنووسێت؛ هەر کات بەم مەبەستە واتە بە فارس کردنی کوردانی ئێران گەیشتن، ئیتر سەربەخۆییی کوردانی عوسمانی مەترسیی بۆ سەر ئێمە نییە18. کۆماری ئیسلامی کاتێک لە ڕێگەی سیستەمی پەروەردەوە زمانی نەتەوەیەک بێکەڵک دەکات- لە پەیوەندی لەگەڵ بازاڕدا، بازاڕێک کە سیستەم وا دەنوێنێت هەموو شتێک لەودا کورت دەبێتەوە- لەو بوارەدا هەنگاو هەڵدەگرێت کە ئامانجیەتی، یانی بە فارس کردنی کوردان یان نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەی ئەم چوارچێوە جوغرافیایییە.
کاریگەری سیستەمی نێئۆلیبراڵ لەسەر خوێندکاران، مامۆستایان و زانست و زانکۆ
بە باوەڕی “ئاپل” مامۆستایانی لایەنگری نێئۆلیبراڵیزم بە شێوازێکی سیستەماتیک جیاوازیی بیروباوەڕ و ڕەخنەگرتن لە پۆلەکاندا سەرکوت دەکەن و کەشێکی فێربوونی نەزۆک پەرە پێ ئەدەن19. هەروەها نێئۆلیبراڵەکان پێداگری لەسەر ئەو خاڵە دەکەن کە ڕەخنەگرتن لە سیستەمی پەروەردە یان پەیوەندییەکانی نێوان کۆیلە و سەروەر لە هەموو ڕەهەندەکانیدا، ناوەڕۆکی بێلایەنی پۆلەکان تێکئەدا و وانە بەرەو مشتومڕی سیاسی دەبەن. هەر بۆیە نێئۆلیبراڵەکان و کۆنسێرڤاتیڤەکان لە هەوڵی ئەوەدان تا نێوەڕۆکی لە بنەڕەتەوە سیاسیی پۆلەکانی وانەگوتنەوە بشارنەوە و تەواوی ئەو کەسانەی کە دەوێرن سیستەمی ئابووریی باو و کاریگەرییەکانی لەسەر پەروەردە و فێر کردن و پەیوەندییەکانی نێوان سەروەر و ژێردەست ڕووبەڕوی پرسیار بکەنەوە تاوانباریان دەکەن کە کەڵکی خراپ لە کەشی ئازادی زانستگە وەردەگرن و چەپ و بەلاڕێداچوون. تەواوی ئەو کەسانەی کە لە زانستگەکانی ئێران وانەیان خوێندبێت، بە باشی ئەم ڕاستییەیان هەست پێ کردووە، بەو جیاوازییەی کە لەم نیشتمانەدا تاوانەکانی جیاخوازی لە ئێران و هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی و دژەئایین بوون بە تاوانەکانی دیکە زیاد دەبێ. سیستەمی کۆماری ئیسلامی لەم بارەیەوە بە شێوازێکی توندوتیژانە لە هەمبەر ئەو خوێندکارانە دەجوڵێتەوە کە خوازیاری گۆڕینی پەیوەندیی کۆیلە و سەروەرن لە هەموو ڕەهەندەکانیدا و بەر بە خوێندنیان دەگرێت. نموونەی ئەم چەشنە هەڵسوکەوتەیش ئەو سەدان خوێندکارەیە کە بەر بە درێژەدانی خوێندنیان گیراوە و کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتەوە هەوڵ ئەدات کە کەشی زانستگە لە سیاسەت و ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات بە تاڵ کاتەوە.
لەم بەستێنەدا مامۆستایانی زانستگە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە زانست و دابین کردنی پێداویستییەکانی ڕاهێنانی خوێندکاران دوور دەکەونەوە، هەرچەند لەم سیستەمەدا دان بەوەدا نراوە خوێندکاران تەنیا بەکارهێنەری پەروەردە و فێرکاریی باڵان بەڵام لە ڕاستیدا قوربانییەکانی ملکەچی زانکۆن بۆ بازاڕ و پێداویستییەکانی20. یەکێک لە گرینگترین گۆڕانکارییەکانی بەدیهاتوو لە خوێندکاران و زانستگەکان لە دنیای نێئۆلیبراڵدا، گۆڕانیانە لە خوێندکارەوە بۆ کڕیار و بەکارهێنەر. لە دنیای نێئۆلیبراڵدا، یەکەمین پێناسەی خوێندکار، کڕیار بوونی زانستە هەر بۆیە پەیوەندیی نێوان خوێندکار و زانستگە، وەک پەیوەندیی نێوان دابینکەری خزمەت و کڕیار وێنا دەکرێت. ڕاست هەر بەو چەشنەی کە تاکەکان لە دنیایەکی نێئۆلیبراڵدا لەگەڵ یەکتر لە ڕکابەریی بەردەوامدان خوێندکارانی زانستگەیش بۆ بردنە سەرەوەی سەرمایەی تاکەکەسییان لەگەڵ یەکتر ڕکابەرایەتی دەکەن. زۆر بوونی ڕێژەی خوێندکاران، لێکدانەوەی ستانداردەکانی چالاکی و ئەنجامی ڕاهێنان و پەروەردەی تاکەکان و بارهێنانی تاکەکان بۆ پیشەکان، لە خاڵە گرینگەکانن بۆ ئەم پێکهاتەیە و گەیشتن بە ئامانجەکانی نێئۆلیبراڵیسم لە پەروەردەدا21. وەک ئاشکرایە لە سێ دەیەی ڕابردوودا و پاش بەپارە بوونی زانکۆکان، ڕێژەی خوێندکاران چەند قات لە جڤاکدا زیادی کردووە بەڵام زیاد کردنێک کە تەنیا لە خزمەتی ئەو باند و مافیایانەیە کە سیستەمی پەروەردە لە ئێراندا بووەتە هۆی ئەوەی داهاتێکی زۆریان دەستکەوێت و چون بازاڕ و دەسەڵات گەندەڵە، بە پێچەوانەی وڵاتانی لیبرال کە تا ڕادەیەک بازاڕێکی شەفافیان هەیە و خوێندکار پاش تەواو بوونی خوێندنی بەو شارەزایییەی کە دەستی کەوتوە بۆ بازاڕی کار ڕادەکێشرێ -جیاواز لەوەی کە تا چ ڕادەیەک بەرهەمهێنەرەوەی هەمان پەیوەندیی کۆیلەو سەروەرە- بەڵام لە ئێراندا خوێندکار پاش ئەوەی کە پارەیەکی زۆریش بۆ خوێندنی تەرخان دەکات، دیسان بۆ وەدەست هێنانی پیشەیەکی شیاو تووشی کێشە دەبێت.
لە دنیای نێئۆلیبراڵدا، خوێندکارگەلێک دەبینین کە نەک بۆ فێر بوون بەڵکوو بۆ ئەوەی بتوانن پیشەیەک لە بازاڕی ئابووریدا وەدەست بخەن بۆ کڕینی زانست سەردانی بنکەکانی پەروەدە دەکەن، ئەوان ئیتر حەزیان لە بەشداری لە بەرهەمهێنانی زانست نییە، بەڵکو خوازیاری وەرگرتنی پەکێجگەلی زانستین. بە ڕوونی ئەم تایبەتمەندییە لە زانستگەکانی ئێراندا بەدی دەکرێت، ئەگەر لە زانستگەی تاران وەک بەناوبانگترین و زانستیترین زانستگەی ئێران بێینە دەرەوە و بە شەقامی بەرانبەریدا تێپەڕین، بە سەدان کەس دەبینین کە هاواری فرۆشتنی پایاننامە، وتار، لێکۆڵینەوە و. . . دەکەن. کاتێک خوێندکار وەک کڕیاری زانست دەور دەگێڕێ و وەک بەکارهێنەر خۆی پێناسە دەکات، لێکەوتەگەلێکی وەک دزینی ئەدەبی، تەقەلوب و ڕکابەری زیاتری لێ دەکەوێتەوە22. ئەم دیاردەیە بە چەشنێک پەرەی گرتووە کە ژمارەی ئەو خوێندکارانەی پایاننامە دەکڕن، چەند قاتی ئەو خوێندکارانەیە کە خۆیان پایاننامەکەیان دەنووسن و ئەمە لە کاتێکدایە هەمووان بەم دزییە زانستییەش دەزانن، هەم مامۆستای زانکۆ ئاگادارە و هەم سیستەمی پەروەردە بەڵام بەو هۆیەی کە بە قازانجی گیرفانی هەندێ کەسە و مافیاگەلی تایبەتی لە سیستەمی پەروەردەدا لە پشتە، هیچ کەس لە هەمبەری ئەم دیاردەیەدا هەڵوێستی جیددی وەرناگرێت.
تایبەتمەندیی بازاڕی بوونی خوێندنی باڵا، چەشنێک گۆڕانی لە خولیاکان و حەزەکان و ئامانجەکان بۆ خوێندکاران بۆ هەڵبژاردنی زانستگە و هۆی چوون بۆ ئەم زانستگانەیشی بەدی هێناوە. “ڕودرێز” بە لێکدانەوەی ئامانجی خوێندکاران لە نێوان ساڵەکانی 1966تا 1996 وەبیری دێنێتەوە کە لە ساڵی 1966دا دەسڕاگەیشتن بە فەلسەفەیەکی واتادار لە ژیان گرینگترین پاڵنەر بۆ هەشتا لە سەدی خوێندکاران بۆ چوون بۆ زانکۆ بووە، لە بەرانبەردا پێشوەچوون لە باری ماڵییەوە تەنیا بۆ سی لەسەدی خوێندکاران پاڵنەر بووە، بەڵام لە ساڵی 1996دا ئەم دوو هەڵوێست گرتنە شوێنەکەیان گۆڕدراوە، زۆرینە مەبەستیان لە هاتن بۆ زانستگە پێشوەچوونە لە بازاڕدا، پاڵنەری ماڵی بۆ 74لە سەدی خوێندکاران و وەدەستهێنانی فەلسەفەیەک بۆ ژیان بۆ 24لەسەدی خوێندکاران گرینگ بووە23. دروستیی ئەم بۆچوونە دەکرێ بە ڕوونی لە کەم بوونەوەی بزووتنەوە خوێندکارییەکاندا ببینین لە دەیەی هەشتا و نەوەددا، بۆ نموونە ئەگەر لە دەیەی حەفتا و کۆتایییەکانی دەیەی شەستدا وەبیر هێنانەوەی شانزەی سەرماوەز دەبووە ڕۆژیک بۆ دژایەتی لە گەڵ دەسەڵات، بەڵام هەنووکە دەبینین کە -لە ژێر چاوەدێریی بەڕیوەبەرانی زانکۆدا- بووەتە ڕۆژی جەژن و شادی کردنی خوێندکاران و لە ڕاستیدا لە ناوەڕۆکی خۆی بەتاڵ کراوەتەوە. هەنووکە بە هۆی پەروەدەی نێئۆلیبراڵیزم لە زانستگەکانی ئێران خوێندکار شانازی بەوەدەکات ئەگەر ناڕەزایەتییەکی هەبێت، سێنفییە نەک سیاسی و هەوڵ ئەدات کێشە بۆ دەسەڵات و پەیوەندیی نێوان کۆیلە و سەروەر دروست نەکات، جا چ لە شێوازی نەتەوەی سەردەست و ژێر دەست بێت یا خود کۆیلە و سەروەری ئابووری -ئەمە بەو واتایە نییە کە هیچ خوێندکارێکی دژە دەسەڵات هەر نەبێت. باس لە زۆرینەی خوێندکاران دەکەین-. ئەم تایبەتمەندییە و گۆڕان لە خولیا و حەزی خوێندکاراندا هەر وەک لە نموونەکەدا دیتمان تایبەت بە گشت ئەو وڵاتانەیە کە سیستەمی پەروەردەی نێئۆلیبراڵیزم بەسەریاندا دەسەڵاتدارە و دەبینین کە بزووتنەوە خوێندکاریەکان لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا لە سەرانسەری دنیادا گەیشتوونەتە کەمترین ئاست یا خود دەتوانین بڵێین شتێک بەناوی بزووتنەوەی خوێندکاری، هەر نەماوە، ئەمەش بە هۆی ئەوە نییە کە نادادپەروەری یان زوڵم و زۆر لە دنیادا نەمابێت، بەڵکوو لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێ کە خوێندکاران لە سێ دەیەی ڕابردوودا ئارمانج و فەلسەفەی ژیانیان بە هۆی سیستەمی پەروەردەی زاڵ بەسەریاندا گۆڕدراوە. کاتێک ئامانج تەنیا دەبێتە بازاڕ و سەروەری لە بازاڕدا، دیارە جیاوازیی بیرو باوەڕیش پێک نایەت مەگەر لە ڕێڕەوەی سەروەری لە پیشە و پارەدا و ئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە خوێندکاران ببنە کەسانی کۆنسێرڤاتیڤ!!! بە پێچەوانەی چیەتیی خوێندکار لە بنەڕەتدا، خوێندکارگەلێک کە پارەیەکی زۆریان تەرخان کردووە و بوونەتە کڕیاری زانست و خولیایان لە پیشە و پارەدا کورت دەبێتەوە، کوا لە هەوڵی تێکدانی پەیوەندیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادا دەبن ئەویش بە تایبەت لە وڵاتێک کە هەوڵدان بۆ لەنێوبردنی تەکوزیی هەنووکەیی، بە توندترین شێواز هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکرێ. ئەم ڕستەیە بۆ ئەو کەسانەی لە زانستگەکانی ئێراندا خوێندبێتیان ئاشنایە کە دەڵێین: من کارم بەسەر بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە نییە من هاتوومەتە زانکۆ بۆ ئەوەی پیشەیەک بۆ خۆم دەستەبەر کەم نەک خۆم توشی کێشە بکەم. لە وڵاتی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا و لە زانستگەکانیش، ئەگەر خوێندکارانێک هەڵکەون کە دژ بە بایەخی دەستکرد ڕابوەستن و لە تەریک کەوتنەوە و وەدواکەتن لە ڕکابەریی پیشە و پارە نەترسن و دژایەتیی پەیوەندیی زاڵی نێو کۆمەڵگا بکەن، لە لایەن دەسەڵاتەوە بە توندترین شێواز سەرکوت دەکرێن.
دەرئەنجام
هەرچەند زۆرکەس پێیان وایە تایبەتی کردنی خوێندن لە وڵاتی ئێراندا هێشتا لە سەرەتاکانی ڕێگەیدایە، بەڵام بە پێچەوانەوە، بەپێی ئامارەکان وڵاتی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە تەواوی دنیا لەم بوارەدا پلەی یەک یان دوو بۆ خۆی مسۆگەر دەکات. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە ئەم ڕەوتە لە دنیادا بە سێ هۆ بەرەو داکشان دەچێت یەک؛ لە ڕەوتی تایبەتی کردندا سەرچاوەی تایبەتی نەبوونەتە جێگرەوەی سەرچاوەی حکوومەتی، بەڵکوو لە پاڵ سەرچاوە حکوومەتیەکاندا و بۆ وڵام دانەوە بە داخوازیی زۆری کۆمەڵگا بۆ هەندێ بەشی زانستیی تایبەت دامەزراون، دوو؛ ئەزموونەکان ئەو ڕاستییە دەردەخەن ئەگەر حکومەت لە کاری ئەم زانکۆ و تاقیگایانەدا دەستێوەردان نەکات، بە تێپەڕینی کات کوالێتییان زۆر لە بەشی حکوومەتی زیاتر دادەبەزێ، سێ؛ بانگەشە و سەرمایەگوزاریی حکومەت لە لێکۆڵینەوە و تاقیکارییە زانستی و زانکۆییەکاندا بە هۆی ئەوەی کە دەبنە هۆکاری پێشکەوتنی کۆمەڵگا پێویستە و بە هیچ چەشنێک ناکرێ ڕەچاو نەکرێت24 لە پاڵ ئەم هۆکارانەشدا پەرەدان بە نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و گۆڕینی ئایدیای خوێندکاران لە فەلسەفەیەکی مرۆڤی و قووڵەوە بۆ ژیان، بۆ کورت بوونەوەی حەزەکان لە پارە و پیشەدا، دەتوانین زیاد بکەین. ئەگەر بۆ وڵاتێکی یەک زمان و یەک نەتەوە ئەمانە تەنیا هۆی دژایەتی بن لەگەڵ بە پارەی کردنی خوێندن لە وڵاتی ئێمە و بە هۆی فرە چەشنی، جگە لە زیانە چینایەتییەکانی، زیانی نەتەوەییشی بێ ئەژمارە و نەتەوەیەکی ژێردەست کاتێک تاکەکانی لە یەک هەڵبڕێن و بایەخەکانیان ببێتە بازاڕ و پارە و قازانجی تاکەکەسی، هیچکات ناتوانن لە هەمبەر داگیرکەردا یەکگرتوو بن. کاتێک پارە و وەدەستهێنانی پیشە دەبنە بایەخ، خۆ فیدا کردن لە ڕێگەی نیشتماندا دەبێتە کوڕی خەڵک بە کوشتدان. ئەو کاتەیە کە زنجیرەکانی کۆیلەتی زیاتر و زیاتر بە دەوری نەتەوەی ژێردەسی کوردستاندا گرێ دەدرێ و ئێمەی نەتەوەی ژێردەست کاتێک دەتوانین ڕزگارمان بێت کە دژ بە بەهاکانی پارە و پیشە بە هەر نرخێک و بوونیان بە باڵاترین بایەخ، لەهەموو ڕەهەندەکانیدا (بەتایبەت پەروەردەو فێرکردن) بوەستینەوە .
سەرچاوەکان
- ڕوودی دویچکە، لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی خوێندکاریی دەیەی شەستی ئاڵمان
- فریره، پائولو، آموزش برای آگاهی انتقادی، ترجمە؛ منصورە(شیوا) کاویانی، تهران؛ نشر اینترنتی ڕهایی،ص34، 1394
- کالینیکوس، الکس ، دانشگاه در جهان نئولیبرال ، نشریه رود ، دانشکده علوم اجتماعی دانشگاه تهران، شماره دوم، آذر1392،ص4-11
- قراگوزلو، محمد ، بحران:نقد اقتصاد سیاسی نئولیبرال، انتشارات نگاه،ص26، 1396
- نیک نشان، شقایق و دیگران، ایدئولوژی مبنایی برای عملکرد آموزش و پرورش، مقایسە پیامدهای ایدئولوژی لیبرال دموکراسی و نئولیبرالیسم بر تعلیم و تربیت در کشورهای غربی، پژوهشنامە مبانی تعلیم و تربیت، دانشگاە فردوسی مشهد، سال2، شمارە1بهار و تابستان1391،ص5-26
- هەمان سەرچاوەی پێشوو
- صادقی بروجنی، خسرو، پولی سازی آموزش و حق زدایی از شهروندان
- هەمان سەرچاوەی پێشوو
- ماڵپەڕەی kurdistanmedia.com
- مصاحبهای با هانری آ- ژیرو، نولیبرالیسم و سیاست آموزش عالی،نشریه رود، دانشکدە علوم اجتماعی دانشگاە تهران، شمارە2، ص11
- صادقی بروجنی، خسرو، پولی سازی آموزش و حق زدایی از شهروندان
- رحمان سرشت، حسین، گرایش بە خصوصی سازی آموزش عالی در ایران و آموزش عالی خصوصی در جهان، فصلنامە پژوهش و برنامەریزی در آموزش عالی، شمارە3،4سال1374،ص71-80
- صادقی بروجنی، خسرو، پولی سازی آموزش و حق زدایی از شهروندان
- وتاری موحەمەدی ماڵجو،2/9/1395 لە کۆلێژی زانستی مرۆڤی زانستگەی تەباتەبایی پێشەکەس کراوە.
- وتاری عەلی خامەنەیی،1388. 6. 9
- نیک نشان، شقایق و دیگران، ایدئولوژی مبنایی برای عملکرد آموزش و پرورش، مقایسە پیامدهای ایدئولوژی لیبرال دموکراسی و نئولیبرالیسم بر تعلیم و تربیت در کشورهای غربی،پژوهشنامە مبانی تعلیم و تربیت، دانشگاە فردوسی مشهد، سال2، شمارە1بهار و تابستان1391،ص5-26
- هەمان سەرچاوەی پێشوو
- کۆنەپۆشی، حامید، پرسی زمانەکانی ئێران و سیاسەتی زمانی لە ئێراندا، گۆڤاری ژیار، ساڵی یەکەم، ژمارەی 1و2م پاییز و زستانی1393، ل50-75
- نیک نشان، شقایق و دیگران، ایدئولوژی مبنایی برای عملکرد آموزش و پرورش، مقایسە پیامدهای ایدئولوژی لیبرال دموکراسی و نئولیبرالیسم بر تعلیم و تربیت در کشورهای غربی، پژوهشنامە مبانی تعلیم و تربیت، دانشگاە فردوسی مشهد، سال2، شمارە1بهار و تابستان1391،ص5-26
- کالینیکوس، الکس ، دانشگاه در جهان نئولیبرال ، نشریه رود ، دانشکده علوم اجتماعی دانشگاه تهران، شماره دوم، آذر1392،ص4-11
- نیک نشان، شقایق و دیگران، ایدئولوژی مبنایی برای عملکرد آموزش و پرورش، مقایسە پیامدهای ایدئولوژی لیبرال دموکراسی و نئولیبرالیسم بر تعلیم و تربیت در کشورهای غربی، پژوهشنامە مبانی تعلیم و تربیت، دانشگاە فردوسی مشهد، سال2، شمارە1بهار و تابستان1391،ص5-26
- هەمان سەرچاوەی پیشوو
- هەمان سەرچاوەی پێشوو
- رحمان سرشت، حسین، گرایش بە خصوصی سازی آموزش عالی در ایران و آموزش عالی خصوصی در جهان، فصلنامە پژوهش و برنامەریزی در آموزش عالی، شمارە3،4سال1374،ص71-80


