ئارامتر بخوێنەوە!
خوێندنەوەی سیستمی پەروەردەی هێزی داگیرکەر لە کوردستاندا
ماردین ڕەحیمنژاد
“وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان بۆ سەرکوتکردنی کێشەی کورد و ئاسوودە بوون لە فوبیای شۆڕشی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد، بەردەوام بە جێبەجێکردنی سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن لە ڕێگای سیستەمی پەروەردەوە و هەروەها هەموو دامودەزگا پەروەردەیی و ڕاگەیێنەرەکان و …، هەوڵی دەستەمۆ کردن و داڕشتنەوەی کەسایەتی و تاکی کورد بە حەز و خواستی خۆیان دەدەن. کەسایەتییەک کە هیچ جۆرە ئینتیمایەکی نەتەوەیی و فەرهەنگی و زمانیی بە ڕابردووی خۆیەوە نەبێت.
بۆ خوێندنەوەی سیستەمی پەروەردەی هێزی داگیرکەر بە تەنیا زوومم نەکردووەتە سەر سیستەمی پەروەردە لە قوتابخانە و زانکۆکاندا؛ بەڵکو وێنەیەکی بەربڵاوتر لە سیاسەتەکانی هێزی داگیرکەر بۆ داهاڕینی کەسایەتی و پەروەردە کردنی کۆیلەیەکی خۆبەکەمزانی کوردم لەبەرچاو گرتووە، چونکە لە قاڵبدانی کەسایەتیی کورد تەنیا لە قوتابخانە و زانکۆکاندا خڕ نەبووەتەوە بەڵکو لە هەموو جۆرە هەڵسوکەوت و پڕۆژەیەکی هێزی داگیرکەردا بە تۆخی دەبینرێت. وەکوو چۆن فۆکۆ دەڵێت: “دەسەڵات ناتوانێ بێ مەعریفە خۆی بسەپێنێ و مەعریفەش ناتوانێ بێ دەسەڵات ساز ببێ”. هەروەها بە پێویستم زانی ئاماژەیەکی کورت بکەم بە کۆلۆنیالیسم و بەستێنەکانی سەرهەڵدانی گوتاری فاشیزمی ئێرانیی فارس و لە کۆتاییشدا باسی سیستەمی پەروەردەی هێزی داگیرکەر بوروژێنم. ”
کۆلۆنیالیسم
کوردستان وڵاتێکە کە لە لایەن چەند وڵاتی هاوسێیەوە داگیر کراوە و ئێستا بە شێوازی کۆلۆنییەکی ناوخۆیی مامەڵەی لە گەڵ دەکرێت، بۆیە منیش چەمکی کۆلۆنیالیسم بە چەمکێکی گونجاو دەزانم بۆ خوێندنەوەی پەیوەندیی نێوان ئێمە و داگیرکەرانی کوردستان و هەروەها داڕشتنی سیاسەتی ستراتێژی بۆ کوردستان.
“یۆرگێن ئشترامامێل” دەڵێت: “کۆلۆنیالیسم شێوازێکە لە پەیوەندی لە نێوان کۆمەڵە مرۆڤێکدا، کە بڕیارە بنەرەتییەکانی ژیانی بەکۆلۆنیکراوەکان، لە لایەن کەمینەیەکی فەرهەنگیی جیاواز و زۆر ناسازگار و تەنیا بە لەبەرچاو گرتنی یەکەمینەکانی بەرژەوەندییە دەرەکییەکان، لە سەر ئەساسی سەرتر لەقەڵەمدانی فەرهەنگ و کلتووری ئەربابەکان، دادەڕێژرێن و بەرێوە دەبرێن”.
کۆلۆنیالیسمی ناوخۆیی لە زۆر بابەتەوە وێکچوونی لە گەڵ کۆلۆنیالیسمی درەکیدا هەیە بەڵام بە هۆی ئەوەی کە لە چوارچێوەی سنووری وڵاتێکدا کە خاوەنی سەربەخۆییی سیاسییە جێبەجێ دەکرێت و بە ناوی مافی حاکمییەت و بەرپەرچدانەوەی دەستێوەردانی درەکییەوە، پێش بە هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکی زانیاری و درز کردنی سیاسەتی قڕکردنی بە کەمینەکراوەکان دەگیرێت، مەترسییەکانی کوشندەتر و زۆرتر و شاراوەترن.
سەبارەت بە کۆلۆنیالیسمی ناوخۆیی پڕۆفسۆر ئەسغەرزادە دەڵێت: “زاڵ بوون یان حوکمڕانی نەتەوە یان ئیتنیکێک بە سەر نەتەوە یان ئیتنیکەکانی تردا کە ببێتە هۆکاری ئاڵۆز بوونی ڕەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتانە. لە ئەدەبیاتی سیاسیدا وەکو(کۆلۆنیالیسمی ناوخۆیی) پێناسە دەکرێت. لەو ڕێژیمانەدا کە پێکهاتەی سیاسی لە سەر ئەساسی کۆلۆنیالیسمی ناوخۆیی یان دوڵەتی ئەمپریالی ناوخۆیی بۆنیاد نراوە، جەستە، هزر و تەواوی سامانی ماددی و مەعنەویی نەتەوە ژێردەستەکان، لە لایەن گرووپی ئیتنیکی یان ئایینیی حوکمڕانەوە کۆلۆنی دەکرێت و بە تاڵان دەبرێت”.
ئەسغەرزادە دەڵێ: “کۆلۆنیالیستەکان، کۆلۆنیالکراوەکان ڕادەهێنن کە دۆخی بەندایەتی و کۆیلایەتی لە ناخیاندا بچێنن. لە حەقێقەتدا کۆلۆنیالیستەکان تەنانەت وێنای کۆلۆنیالکراوەکان لە جەستە و تواناییی زەینی و شێوازی بیرکردنەوەشیان، کۆلۆنی دەکەن.”
” نژاد پەرستی، بە بۆچوون و بە لایەنگری و کردەوە و دژکردەوەی نێگەتیڤی دژە مرۆڤانە و سەرکوتکردن لە لایەن ئەندامانی یەک گرووپ لە بەرانبەری ئەندامانی گرووپێکی دیکەدا دەوترێت.” کارد دەڵێت: “نژاد پەرستی ئاماژە بە کردەوە، سیاسەت و بۆچوونێک دەکات کە لە لەنێوبردنی ڕێکخراوەوە بگرە تا پشتگیریی نائاگایانە لەو کردەوانە بە بێ هەستیاری و تەنانەت ئەگەر لە ڕووی خێرخوازیشەوە بێت”.
فرانتس فانون دەڵێت: “نژادپەرستی ڕەگەز پەرستانەی سەرەتایی کە خۆی بە عەقڵانی، لایەنگری تاک و ڕۆنراو لە سەر ئەساسی جەبرییەتی ژنۆتیپیک و فنۆتۆپیک پێناسە دەکرد، ئێستا لە شێوەی سەردەمیانە و گەشەسەندوویدا، خۆی بۆ نژادپەرستیی فەرهەنگی گۆڕیوە”.
هێزە کۆلۆنیالیستەکان (دەرەکی و ناوخۆیی) بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ژێئۆپۆلێتیکەی کە داگیریان کردووە، لە نوخبە و هێزە لۆکاڵییەکان کەڵک وەردەگرن. ئەم نوخبە و هێزانە(جاشەکان)، بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی، دەسەڵاتێکی کەمی ئابوری، قەزایی و بەرێوەبەرییان پێ دەدرێت. خاڵێکی گرینگ و هاوبەش لە نێوان هەر دوو جۆری کۆلۆنیالیسمی دەرەکی و ناوخۆیی کە دەتوانین ئاماژەی پێ بکەین، رێژەیەکی زۆر کەمی ئەو کەسانەن کە کۆلۆنیالیستەکان بۆ پاراستنی ناوچە داگیرکراوەکان بەکاریان دەهێنن. بۆ نموونە 52000 ژاپۆنی، 22 ملیۆن کورەییان کۆنترۆڵ دەکرد. یانێ 1 بە 450 ، لە نیجێریا ئەم رێژەیە 1 بە 54000 بوو، لە هیندووستان 1 بە 28000. لە کوردستانی بندەستی ئێراندا ئەو رێژەیە چەندەیە؟ ئایا زیاتر لە 200000 بەکرێگیراوی تێدایە کە نزیک بە 15 ملوێن کوردیان کۆنترۆڵ کردووە؟
وێژمانی دژە کۆلۆنیالیسم بۆ نەتەوەی کورد گرینگییەکی تایبەتی هەیە لە بەر ئەوەی “لە چوارچێوەی ئەم وێژمانەدا تاک و نەتەوە کۆلۆنیالکراوەکان مافی دۆزینەوە و ڕێکخستنەوەی شوناس و سەرلەنوێ پێناسەکرنەوە و ناسینەوەی خۆیانیان هەیە. وێژمانی دژە کۆلۆنیالیسم، تاک و نەتەوە کۆلۆنیالکراوەکان هان دەدات کە لە جێی ئەوەی کۆلۆنیالیستەکان پێناسەی شوناسیان بکەن، خۆیان پێناسەی خۆیان بکەن و دۆخی خۆیان بە زمانی خۆیان بەیان بکەن. هەروەها ئەم وێژمانە دەتوانێت ناوەندێکی هاوبەش بۆ خەبات و بەرخۆدان لە دژی سەرکوتکردن و سوڵتەی ناچاری هێزە سەپێنراوەکان دروست بکات”.
بەڵام نابێت ئەوە لەبیربکەین کە کۆتایی هێنان بە کۆلۆنیالیسم و نەهێشتنی کاریگەرییەکانی، پڕۆسەیەکی زۆر زەحمەتە و پێویستی بە قووڵ بوونەوە لە هەموو ڕەهەندەکانی مێژوویی، ئەدەبی، زمانەوانی، کۆمەڵناسی، دەروونناسی و …. هەیە. وەکوو چۆن فرانتس فانون دەڵێت: “کۆلۆنیالیسم بە کۆتاییهاتنی سوڵتەی سیاسی و ئابووری، کۆتاییی پێ نایەت، بەڵکوو تەنیا لە ڕێگەی ڕێشەکێش کردنی سوڵتەی دەروونی و کۆیلایەتیی زەینییەوە کۆتاییی پێ دێت”.
بەستێنەکانی سەرهەڵدانی پان ئێرانیسمی فاشیستی فارس
بۆ ناسینی فاشیسمی ئێرانی پێویستە سەرەتا هەلومەرجی نێودوڵەتی، پێکهاتە و ساختاری حوکمڕانیی ئەو ناوچەیەی کە ئێستا پێی دەوترێت ئێران (چونکا وڵاتی ئێران لە 13 . 10. 1313 ناوی نرا ئێران کە دواتر ئاماژەی پێ دەکەم) بارودۆخی ژێئۆپۆلێتیکی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکان لە وڵاتانی عوسمانی و ڕوسیا، ڕەوتی ڕۆشنبیری و تایبەتمەندیی کلتووریی ئیتنیکی فارس و…. بە وردی بخرێتە ژێر لێکۆڵینەوەوە، بۆ ئەوەی بتوانین وێنەیەکی شەفاف بخەینە بەر دەستی خوێنەرانەوە؛ بەڵام بە هۆکاری ئەوەی لە وتارێکی کورتدا مەجالی ئەو شتە نییە تەنیا ئاماژەیەکی کورت بە هەندێ خاڵ دەکەم، بەو هیوایەی کە لە داهاتودا بتوانم باشتر کاری لە سەر بکەم. (شایەنی باسە کە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی بیری فاشیزمی ئێرانی بەربڵاو و چەندڕەهەندین).
تا سەدەی 19هەم کە ئەوکاتە سەردەمی حوکمڕانیی قاجارەکان بوو، هیچ جۆرە دەنگوباسێکی ناسیۆناڵیستیی ئێرانی لە ئارادا نەبوو، بەڵام یەکەم هەنگاوهاویشتن بۆ بونیاد نانی فاشیسم لە کاتێکدا نرا کە خوێندەواری ئەو سەردەمە لەگەڵ تێکستە ڕۆژئاوایییەکان ئاشنا بوون (ڕۆژهەڵاتناسەکان بە تایبەت کەسانێک وەکوو تیشیرا و سێرستێوارت جۆنز و سێرجان مۆلکۆم و….) و تەنانەت هەندێ کەسیش هاتوچۆی وڵاتە ئوروپایییەکانیان دەکرد و بە بینینی پێشکەوتنی وڵاتە ڕۆژئاوایییەکان و دۆخی ئاڵۆز و دواکەوتووی خۆیان و جیابوونەوەی بەشێکی زۆری خاکی ناوچەکانی حوکمڕانیی قاجار بە هۆی بەستنی چەند پەیماننامەیەکەوە و هەروەها گۆڕانکارییەکانی وڵاتانی دراوسێ لەوانە ڕوسیا و عوسمانی ، وردەوردە وەرچەرخانێک لە ڕوانگەی هەندێک کەسدا دروست بوو. تا پێش ئەم قۆناغە ڕوانگەی سوننەتیی کۆمەڵگا بەو شێوازە بوو کە وڵاتانی ڕۆژئاوایییان بە نگریس و دژی پیرۆزییەکانیان دەزانی؛ بەڵام ئەم ئاشنایەتییە بوو بە هۆکاری ئەوەی کە هەندێک کەس، نووکی نێزەکانیان بەرەو ئیسلام بگەڕێننەوە و هۆکاری تەواوی نەهامەتییەکان و دواکەوتوویییەکانیان بۆ نژادی سامی و ئیسلام و عەڕەب و بە گشتی تازییەکان بگەڕێننەوە و زۆر بە توندی هێرش بکەنە سەریان.
فەتح عەلی ئاخوندزادە (ئاخوندۆف 1812) و میرزاڕەزا کرمانی و تا ڕادەیەکیش جەلالەددین میرزا، یەکەم کەسانێک بوون کە خەونی نۆستالۆژیکی شکۆی وەهمیی ئێرانی مەزنیان بونیاد نا. لە ڕوانگەکانی ئەم کەسانەدا نەتەوەی ئێران وەکوو یەکەیەکی نژادیی یەکدەست، خاوەنی مێژوویەکی زەنجیرەیی و شکۆدارن کە دوای هێرشی تازییەکان و هێنانی ئیسلام بۆ ماوەی 12 سەدە، ئەم شکۆ و مەزنییە تووشی نسکۆ و داڕمان بووە و پێویستە بە لە ناوبردنی هەموو جۆرە هزر و کلتوورێکی عەڕەبی، شکۆمەندی بۆ ئێران بگەڕێنرێتەوە.
ڕۆشنبیرانی ئێرانی، چەمکی ناسیۆناڵیزمیان لە هەناوی ناسیۆناڵیزمی فەڕەنسا و ئەڵمانیا وەر گرت و وەکوو ڕەوتێک لە ساڵەکانی کۆتاییی حوکمڕانیی قاجارەکاندا لە لایەن ڕۆشنبیرانی ئەڵقەی بێرلینەوە وەکوو پڕۆژەیەکی گرینگ کە حاکمییەتیش پشتیوانیی لێوە دەکرد، پەرەی سەند. بەڵام کاریگەریی وڵاتی ئاڵمان و چەمکی ناسیۆناڵیزمی ئاڵمانی بە هۆی ئەوەی کە ڕۆشنبیرانی ئەو وڵاتە لەو بڕوایەدا بوون کە ڕیشەیەکی ئاریایییان هەیە و ئێرانیان بە ناوەندی ئاریایی دەزانی، زۆر کاریگەرتر و پەیوەندییەکانیان تۆندوتۆڵتر بوو بە جۆرێک کە وەکوو ئامۆزا سەیری یەکتریان دەکرد.
ڕۆشنبیرانی ئەڵقەی بێرلین ( حەسەن تەقی زادە، محەمەدعەلی جەماڵزادە، حسەین کازم زادە، محەمەد قەزوێنی، مەحمود ئەفشار و….) بە بڵاو کردنەوەی گۆڤاری کاوە و دواتریش ئێرانشەهر، زۆرترین کاریگەرییان لە سەر ناسیۆناڵیزمی ئێرانی هەبوو.
لێرەدا ئاماژە دەکەم بە چەند هەڵوێستێکی ئاخوندزادە و کرمانی کە لە سەردەمی پڕۆتۆناشناڵیزم یان ناسیۆناڵیزمی سەرەتاییدا کە بە باوکی ناسیۆناڵیزم و باوکی فەلسەفەی مێژووییی ئێران دەناسرێن.
ئاخوندزادە دەڵێت: “عەڕەبە ڕەشوڕووت و برسییەکان هەزار و دووسەد و هەشتاد ساڵە تۆیان(ئێران) کاول کردووە”. هەروەها دەڵێت: “هۆکاری هەموو کەموکورتییەکان عەڕەبە. تازیەکانن کە بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە زەوییەکەی تۆ(مەبەستی لە تۆ ئێرانە) وێران بێت و خەڵکەکەشت نەزان و گەمژە و لە سیویلیزاسیۆنی دنیا بێخەبەر بن و لە نیعمەتی ئازادی بێبەش بن و پادشاکەت دیسپۆت(دیکتاتۆر) بێت”.
کرمانی بۆ مەزن کردنی نەتەوەیەکی خەیاڵی بەناوی نەتەوەی ئێران و بەرز کردنەوەی شوێن و پێگەی لە ناو نەتەوەکانی دیکەدا، هەوڵ ئەدات لە هەر شوێنێک و لە ناو هەر زمانێکی دیکەدا وشەیەکی بینی کە لێکچوونی لە گەڵ وشەیەکی فارسی هەبوو، بڵێت ئەو وشەیە فارسییە. بۆ نموونە لە زمانی فەڕانسەدا 5000 وشە کۆ دەکاتەوە کە ڕیشەیەکی فارسییان هەیە تەنانەت هەندێ وشەی ژاپۆنی و…. کۆ دەکاتەوە بەڵکوو بەو چەشنە بتوانێت ئیسباتی بکا کە دایک و ڕیشەی تەواوی زمانەکانی دنیا فارسییە.
تەنانەت کرمانی پێی وایە کە لە سەردەمە هەرە کۆنەکاندا، تەواوی خەڵکی دنیا بە فارسی دواون و دەڵێت: “نەتەوەی ئێران یان باوکی تەواوی نەتەوە خاوەن شارستانییەتەکانە یان ئەوەی ڕۆژگارێک بە سەر هەموویاندا حوکمڕانیی کردووە”.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی وێژمانی نەتەوەی ساختەی ئێران ئەوەیە کە تەواوی کەموکورتییەکان و هەموو کێشەکانی تەواوی مێژوو دەخاتە ئەستۆی عەڕەبەکان و بەرپرسیارەتیی مێژوویی لە کۆڵی خۆیان دەکاتەوە. بۆ نموونە کرمانی دەڵێت: “کاتێک من دەس ئەدەم لە هەر لقوپۆپێکی داری بێ ئەخلاقی و بێ ڕەوشتیی ئێرانییەکان، ریشەکە تۆی چێنراوی تازیەکان(عەڕەبەکان)ـە”.
هاتنە سەر کاری ڕەزا شا و پڕۆسەی تواندنەوەی نەتەوەکان
هەرچەند چالاکانی ناسیۆناڵیزمی ئێرانی نزیک نیو سەدە پێش ڕووخانی قاجارەکان بە پێشەنگایەتیی فەتحعەلی ئاخوندزادە دەستیان بە چاندنی بیرۆکەی نەتەوەی ئێران کردبوو، بەڵام لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسیدا، هیچ یاسایەک بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ڕوانگەیە پەسند نەکرابوو و هیچ زمانێکی ڕەسمیش کە تەواوی ئێران بگرێتەوە لە ئارادا نەبوو؛ تەنانەت تا کۆتاییی قاجارەکان بە ناوچەکانی کوردستان و ئازەربایجان و عەڕەبستان و بەلووچستان دەگوترا “ممالک محروسە” و لە سەردەمی شۆڕشی مەشروتەیشدا یاسایەک بە ناوی “انجمنهای ایالتی و ولایەتی” بۆ ئەو ناوچانە پەسند کرا (هەرچەند هیچکات جێبەجێ نەکرا). یانی تا ڕووخانی قاجارەکان، ئێران، وڵاتێکی شێوە کۆنفێدراڵی بوو کە هیچکام لە زمانەکان زمانی ڕسمیی سەرانسەری ئێران نەبوون و هەموو نەتەوەکان دەسەڵاتی سیاسیی خۆیانیان هەبوو. بەڵام دوای ڕووخانی قاجارەکان و هاتنە سەر کاری ڕەزاخانی میرپەنج کە ڕاستەوخۆ لە لایەن ئێم ئای6ی بەریتانیاوە بە پێشنیاری ئەردەشیر دی ڕیپۆرتێر و بە کودەتایەک لە ساڵی 1921 هاتە سەر شانۆی دەسەڵات و لە ساڵی 1923 بوو بە سەرۆک وەزیر و لە ئاکامدا لە ساڵی 1925 بوو بە شای ئێران و لە یەکەم هەنگاودا ناوی خۆی لە ڕزا خانی میرپەنجەوە گۆڕی بە ڕەزا شا و ناوی قاجاری گۆڕی بە پاڵەوی و تەواوی سیستەمی سیاسیی وەکوو ماشینێک خستە خزمەتی بیری فاشیزمی ئێرانییەوە و پڕۆسەی تواندنەوەی نەتەوە غەیرە فارسەکانی بە پلانێکی مەترسیدار دەست پێ کرد. یەکێک لە کارە هەرە کاریگەرەکانی ڕەزا شا گۆرینی ناوی وڵات بوو کە تا پێش ئەو مێژووە لە ئەدەبیاتی سیاسیی ناوەنددا بە ناوچە فارس نشینەکان دەگوترا پێرشیا و بەو ناوچانەی کە نەتەوەکانی دیکەیان تێدا نیشتەجێ بوون دەگوترا “ممالک محروسە”. هەڵبەت ئەوەش تەمەنی کەمتر لە یەک سەدە بوو و لە هەر شوێنێک دەسەڵاتدارییەک دروست ببوایە بەناوی ئەو دەسەڵاتدارییەوە وڵاتیش ناو دەنرا بۆ نموونە زەندییەکان، ئەردەڵانەکان، یان سۆرانەکان و… بەڵام بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەی یەک ئاڵا، یەک وڵات، یەک زمانmonolingualism) )، لە بەرواری 27/12/1934 یا 6/10/1313 ناوی هەموو ئەو ناوچانەی گۆڕی و کردی بە ئێران. دوابەدوای ئەوە, زمانی فارسی لە زمانی نەتەوەی فارسەوە بوو بە زمانی نەتەوەییی تەواوی ئێران و هەروەها ناوی شار و ناوچەکان گۆڕدران. بۆ نموونە ئەیالەتی عەڕەبستان بوو بە ئەهواز، مەحمەرە بوو بە خۆڕەمشەهر، ئەلئەحواز بوو بە ئەهواز، خەفاجیە بوو بە سوسەنگێرد، هۆوەیزە بوو بە دەشتی ئازادەگان، مەعشوور بوو بە ماهشەهر و هەروەها هەوڵەکان بۆ گۆڕینی ناوی کرماشان بۆ باختەران شکستی هێنا بەڵام ئێستایش لە جێی کرماشان دەڵێن کرمانشاە.
بوونی چەند بزافی ڕزگاریخوازانە لە سەدەی نۆزدە و بیستدا هێمای ئەوەیە کە هەموو گلانی بەزۆرەملێ بە ئێرانی کراو هەسtیان بە مەترسی و توانەوە لە سایەی فاشیزمی فارسدا کردبوو.
بۆ نموونە بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەی گیلەک بە سەرۆکایەتیی میرزا کووچەک خان (بزاڤێکی کۆمۆنیستی بوو) و خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەی عەڕەب بە سەرۆکایەتیی شێخ خەزعەل لە عەڕەبستانی ژێردەستی ئێران و خەباتی ڕزگاریخوازی ئازەرییەکان بە سەرۆکایەتیی محەمەد خیابانی و دواتریش جەعفەر پیشەوەری و هەروەها خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد بە سەرۆکایەتیی سمکۆ و دواتر پێشەوا قازی محەمەد، هێمای ئەوەیە کە ئەم وڵاتە هەر لە دێر زەمانەوە وڵاتێکی یەکگرتوو و یەکپارچە نەبووە و ئەگەریش حازر بوون پێکەوە حوکمڕانییەکی هاوبەش پێک بهێنن، لە چوارچێوەی سیستەمێکی کۆنفێدڕاڵیدا بووە کە هەموو نەتەوەکان حوکمڕانیی خۆیانیان کردووە بەڵام فاشیزمی ئێرانی بە پێچەوانەی واقێعی نەتەوەکانی دیکە بڕیاری دا سیستەمێکی ناوەندی بە سەپاندنی زمان و فەرهەنگی فارسی بە زۆرەملێ بسەپێنێت.
ئەسغەرزادە دەڵێت: “رەزا خان بە دامەزراندنی حیزبی تەجەددود، بەکارهێنانی هەموو زمانێکی غەیرەفارسیی لە هەر چەشنێکی نووسین قەدەغە کرد و دەستی دایە سەپاندنی ئایدۆلۆژیای نەتەوەپەرستیی بناژۆخوازانەی خۆی و ڕۆشنبیرە ناسیۆناڵیستە فارسەکان لە سەرانسەری ئێراندا. ڕەزا شا زمانی فارسیی کرد بە تاکە زمانی یاساییی وڵات و بە سووکایەتیی سیستەماتیک بە زمانی غەیرە فارس و سەپاندنی زۆرەملێی فارسی، هەوڵی یەکسانسازیی نەتەوەکانی تری دەدا و لە ئاکامدا بە سەرکوتکردن و سووکایەتی پێ کردن، بەرەبەرە زمان و کلتوور و فەرهەنگ و مێژوویان بەرەو لەناوچوون ڕۆیشت.”
ئەم پاراگرافەی خوارەوە دەرخەری هەناو و کۆتائامانج وئاسۆی ناسیۆناڵیزمی ئێرانییە: “ئەوان ناچار دەبن لە فەرهەنگ و شوناسی خۆیان و لە باب و باپیران و لەو شوێنەی کە لێوەی هاتون، شەرم بکەن. بە شێوەیەکی ئاشکرا پڕۆسەی ژینوسایدی فەرهەنگی تا کاتێک بەردەوام دەبێت کە گرووپەکانی ژێر سوڵتە بە تەواوەتی لە ناو فەرهەنگی زاڵدا بتوێنەوە. بە پێی ڕوانگەیەکی گرووپی حاکم، لە هەندێک شوێنی دوورەدەست وەکوو ئازەربایجان و خووزستان و ناوچە سنوورییەکانی تر، هەندێک عەشایر و وەرزێڕ، بە تێکڵاوەیەک لە دیالکتیکێکی فارسی لە گەڵ تورکی وعەڕەبی دەئاخفن. هەروەها بەلووچەکانیش لەهجەی خۆیان هەیە. بەڵام کەس هەست بەو جیاوازییە زمانییە ناکات چونکە ئێستا لەسەدا نەوەدوپێنجی دانیشتوانی ئێران بە یەک زمان کە ئەویش فارسییە دەدوێن و بە یەک ڕێنووسی فارسی دەنووسن”.
مەحموود ئەفشار دەڵێت: “ئامرازی تەواوکەری یەکیەتیی نەتەوەیی بۆ ئێران گشتاندن و بڵاو کردنەوەی زمانی فارسی و لە ناوبردنی جیاوازییە ناوچەیییەکان لە ڕووی جلوبەرگ و زمانەوەیە. کورد و لوڕ و قەشقایی و…. نابێ لە گەڵ یەکتر جیاوازییان هەبێت و هەر یەکە و جلوبەرگی تایبەت و زمانی تایبەت بە خۆی هەبێت. هەر بۆیە هەمومان پێکەوە یەکدڵ و هاودەنگ داوا بکەین و تێبکۆشین زمانی فارسی لە سەرانسەری ئێراندا گشتگیر بکرێت و وردە وردە جێی زمانە بێگانەکان بگرێتەوە.”
ئەحمەدی کەسرەوی ڕای وا بوو: “بۆ دروستکردنی یەکپارچەییی سیاسی و ژێئۆپۆلتیکی و هەروەها یەکسانسازیی کۆمەڵایەتی، یەک زمان و یەک ئایینی هاوبەش پێویستە”. خواستی کەسرەوی لەم وتەیەدا بە جوانی دەردەکەوێت: “زمانە جیاجیاکان وەکوو تورکی، عەڕەبی، ئەرمەنی، ئاسووری، و نیوە زمانەکانی وەکوو گیلەکی، کوردی، لوڕی، شووشتەری و…. دەبێت لەناو بچن و هەموو ئێران یەک زمانیان هەبێ کە ئەویش فارسیە”.
عیسا سدیق، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی داڕشتنی سیاسەتی فەرهەنگی دەڵێت: “هیچ هۆکارێک وەکوو یەکیەتیی زمانی ناتوانێت ڕەگەزە جیاوازەکان هاوتا بکات. یەک زمانی دەبێتە هۆکاری دروست بوونی یەک هزری و لە ئاکامیشدا هاوهەستی”.
بەرداشت و خوێندنەوەی هەڵە بۆ جیاوازی و پێکناکۆکییە ئیتنیکییەکان و بە مەترسی زانینان بۆ سەر یەکپارچەییی وڵات لە حەقێقەتدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوان خۆیشیان باش دەزانن کە نەتەوەیەکی داگیرکەر و کۆلۆنیالیستین و ناتوانن دان بە مافەکانی نەتەوە بەزۆر بە ئێرانی کراوەکاندا بنێن و دەبێت بە سەرکووت کردن و سووکایەتی پێ کردن، سیستەمی فکری و عەقڵی و مێژووە سەرتاپا درۆکەی خۆیان بە زۆرەملێ بسەپێنن، هەر بۆیە سیاسەتی یەکپارچە کردن ویەکسان کردنی زمان و فەرهنگی نەتەوە جیاوازەکانیان گرتووەتە پێش.
هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و چڕتر کردنی سیاسەتی ئاسیمیلە کردنی نەتەوەی کورد
بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، مەزهەبی شیعەگرایی لە گەڵ نەتەوە پەرەستیی فارس بوون بە دوو کۆڵەکەی دەزگای قڕ کردنی نەتەوە غەیرە فارسەکان. بە ڕای من کۆماری ئیسلامییش خۆی بەرهەمی ئیدئۆلۆژیی فاشیزمی ئێرانیی فارسە بۆ دوو مەبەست: یەکەم، لە ئاستی ناوخۆ ئەو ئەرکەی کە حکوومەتی پاڵەوی لە نەتەوە سازیدا شکستی تێدا هێنابوو لە ئەستۆ بگرێت و بە ڕەنگێکی نوێی مەزهەبییەوە کون و کەلەبەرەکانی پڕ بکاتەوە. دووهەم، لە ئاستی دەرەوەیش خەونی نۆستالۆژیکی ئێرانی وەهمی و خواستی ئەمپڕیالیستانەی خۆیان بە شیعەگەرایی(صدور انقلاب) بە ئاکام بگەیەنن. هەڵبەت دوای ڕووخانی سیستەمی پاشایەتی لە ئێران، جیا لە پلانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ بەرپەرچدانەوەی سۆڤیەت و بە گشتی بارودۆخی نیودەوڵەتی، هەموو لایەنە فارسەکان دوای پاشایەتی بۆ پاراستنی قەوارەی ئێران و بەجێگەیاندنی ئەو دوو ئەرکە کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ دا، لە سەر سیستەمی کۆماری ئیسلامی ڕێک کەوتن. (پشتگیریی مەعنەوی و تێئۆریکی نوخبەی فارس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە کە بە وێنە گەورەکە(تصویر بزرگتر) ناوی دەهێنن و قاسم سلێمانی بە ئۆستوورە ناو دەبەن، هەمووی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فاشیزمی ئێرانی خەونی حوکمڕانیی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی وەکوو ستراتێژیی درێژخایەن داڕشتوە و قەبووڵ کردووە.)
لەم نێوەندەدا گەلی کورد چ وەکوو نەتەوەیەک لە چوارچێوەی ئێراندا و چ وەکوو نەتەوەیەک لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا، بەشێکی هەرە سەرەکی لە ستراتێژیی ناوخۆیی و ناوچەییی کۆماری ئیسلامی بە خۆیەوە تەرخان کردووە. وەک بەڕێزان دوکتور محەمەدپوور و دوکتور سلێمانی لە وتارە بەنرخەکەی خۆیاندا بە ناوی “ئەمنیەتی کردنی ژیان لە کوردستاندا” بە جوانی ئاماژەیان پێ داوە، تەواوی سێکتەرەکانی ژیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە شێوازێکی ئەمنی و بە مەبەستی تواندنەوەی نەتەوەی کورد و یەکڕەنگ کردنی شوناسی لە گەڵ ناوەنددا، وەکوو پڕۆسەیەکی بەردەوام بە دوو گوتاری زمانی فارسی و شیعەگەرایی کە هەردووکیان شوناسخوازن، بەڕێوە دەبریت. لە سیاسەتی دەرەکیشیدا، کۆماری ئیسلامی ئەو بەشەی کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە گەلی کوردەوە هەیە لە چوارچێوەی سیاسەتی وەزارەتی دەرەوە دەری هێناوە و خستوویەتە ژێر ڕکێفی سپای قودسەوە. ئەو ناوچانەیش وەکوو کوردستان و ناوچە شیعە نشینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت عێراق و سووریا و لوبنان و فەلەستین و بەحرەین کە خراونەتە ژێر ڕکێفی سپای قودسەوە، هەموویان وەکوو هیلالی شیعی و بە بەشێک لە وڵاتی بەرینتری ئێران دەدرێنە قەڵەم، هەر لە بەر ئەوە هەمان سیاسەتی ناوخۆیی کە لەگەڵ نەتەوە بەزۆرەملێ بە ئێرانی کراوەکانی ناو ئێران گرتوویەتە بەر، لەو ناوچانەیشدا هەمان سیاسەتی گرتووەتە بەر.
هەر دوو حکومەتی پاشایی و ئاخوندی لە بەرانبەر مافەکانی گەلی کورددا یەک هەڵوێست بوون و لە چوارچێوەی تێئۆریی پیلان(توطئە)دا شرۆڤەیان کردووە و هەرجۆرە بزاڤێکی مافخوازانە و ڕەوای نەتەوەی کوردیان بە پلانێکی دەرەکی لەقەڵەم داوە بۆ ئەوەی مەشروعییەت بدەن بە کوشتن و پاکتاوکردنی نەتەوەکەمان. دوژمنتاشی و تێئۆریی پیلان، تەنیا سیاسەتی حکوومەت نییە بەڵکو تەواوی ئوپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و ڕۆشنبیرانی ئێرانیش لە دەرەوە، لە ئاستی مافەکانی گەلی کورددا، هەمان بۆچوونیان هەیە. لە حەقێقەتدا هەم ئۆپۆزیسیۆن و هەم کۆماری ئیسلامییش لە پێناسە کردنی واتای شوناسی نەتەوەییی ئێران لەسەر ئەساسی زمان و فەرهەنگی فارس، کۆکن.
بۆ باشتر دەرک کردنی ڕۆڵی دەزگای داپڵۆسێنەر و هێژموونخوازی کۆماری ئیسلامی، ئاماژەیەکی کورت بە چەند نموونە لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکەم.
پێش ئەوەی بچمە سەر باسەکە، پێویستە ئاماژە بەوە بکەم کە لە سیستەمە تۆتالیتێرەکاندا دەسەڵاتی حوکمڕان، هەموو گرووپ و رێکخراو و حیزبێک تێک دەشکێنێت و زۆر بە توندی دژی هەر جۆرە ڕیکخستنێک دەوەستێتەوە بۆ ئەوەی تاک تووشی سەرگەردانی و بێ پشتوپەنایی و بێ شوناسی ببێتەوە و لە ناو کۆمەڵگادا هەست بە مەترسی بکات و لە ئاکامدا بۆ دەرباز بوون لەو دۆخە مەترسیدار و بی شوناسییە پەنا بباتە بەر شوناسی سیستەمی سیاسی کە هەم پارە و ئابوریی لە دەستدایە و هەم دەسەڵاتی حوکمڕانی. تۆتالیتێرەکان دروست بوونی هەرجۆرە شوناسێک لە دەرەوی شوناسی دەوڵەت بە ئاڵترناتیڤ و بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانن هەر لەبەر ئەوەیە ساڵانە بە سەدان بیانووی جۆراوجۆر چالاکانی مەدەنی و زانستی و…. دەستگیر دەکەن و حوکمی زیندانیان بە سەردا دەسەپێنن. ئەم ڕوونکرنەوەیە تەنیا بۆ ئەوە بوو کە کاتێک باسی پلانە فەرهەنگی و پەروەردەیی و تەنانەت ئاوەدانکردنەوەکانی کۆماری ئیسلامیمان کرد، تێبگەین کە مەبەستی تەواوی پلانەکان نەک خزمەتگوزاری و پێشخستنی کوردستان، بەڵکو قوفڵ کردنی کوردستانە بە ناوەندەوە و هەروەها بە زەبروزەنگ و برسی کردن و شکاندنی کەرامەت و شەڕی دەروونی و تۆقاندن و بەکرێگرتنی بەرژەوەندیخوازان، هەوڵی سەپاندنی شوناسی ئێرانی ــ ئیسلامی بە سەر نەتەوە غەیرە فارسەکان و بە تایبەت بە سەرکورددا دەدات.
ڕاهیانی نوور
ڕاهیانی نوور هەر ساڵە و بە سەرف کردنی دەیان میلیارد، خوێندکارانی ناوەندی و دواناوەندی لە سەرانسەری ئێرانەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای وڵاتی بە ناو ئێران دەبەن بە مەبەستی ئاشنا کردنی خوێندکاران لە گەڵ فەرهەنگی کۆماری ئیسلامی و شەڕی ئێران و عێراقدا. ئامانجە شاردراوەکەی ئەم پلانە دەستەمۆ کردن و لە قاڵبدانی خوێندکارانە لە سەردەمی لاویەتیدا بە شوناسی ئێرانی ئیسلامی و تێکڵاو کردنی هەستی خوێندکاران و بگرە دروست بوونی هەستی خۆشەویستی لە ناویاندایە.
پایەگای مقاومەتی بەسیج
بەسیج بە کردنەوەی پایەگا لە هەموو شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا جیا لە وەرگرتنی ئەندام لە ناو چینی فەقیر و هەژار و نەخویندەوار و کەم خوێندەواردا، ساڵانە بە بەڕێوەبردنی دەیان کلاس و بەرنامەی فەرهەنگی، هەوڵی ئیدئۆلۆژی کردنی تاک و کوردستان و سڕینەوەی زەینییەتی کوردی و شوناسی نەتەوەییی کورد دەدات. لەم ڕۆژانەی دواییدا هەواڵی ئەوە بڵاو بووەتەوە کە پێویستە لە سەرانسەری کوردستاندا قەرارگای فەرهەنگی دابمەزرێت کە ئەمەش بەشێکی تری ئەو ستراتێژیی ئاسیمیلە کردنەیە.
پارچەپارچە کردنی نەتەوەی کورد بە چەندین شێواز
یەکەم ــ هاندانی کۆمەڵێک لە کوردەکان بۆ ئەوەی خۆیان وەکوو نەتەوە و زمانی جیاواز پێناسە بکەن، نەک لەبەر ئەوەی ڕێز بۆ ئەو زاراوانەی زمانی کوردی دابنێن و گەشەیان پێ بدەن؛ تەنیا لە بەر ئەوەی نەتەوەی کورد پارچەپارچە بکات و ئاسانتر تووشی شکست و داڕمانی بکات. بۆ نموونە لوڕی و لەکی و هەورامی وەکوو زمانی جیاواز پێناسە دەکرێت و زمانی کوردی قەتیس دەکرێتەوە سەر زاراوەی سۆرانی. ئەمە لە حاڵێکدایە ئەگەر بۆ نموونە هەورامییەکان بە شێوازێکی زانستی مێژووی فەرهەنگی خۆیان بخوێننەوە، وەکوو چۆن پڕۆفیسۆر جەماڵ نەبەز دەڵێت، ڕیشە و بنچینەی زمانی کوردی هەورامییە و دەبێت وەکوو زاراوەی دایک هەوڵی بونیادنانەوەی زمانی کوردی بدات بۆ ئەوەی خۆی لە مەترسیی لەناو چوون بپارێزێت و هەموو ئەو پلانانەی کە دوژمن بۆ لاواز کردنی زمانەکەمان دایڕشتون، پووچەڵ بکاتەوە. هەڵبەت لە هەمان کاتیشدا نوخبەی سیاسیی کورد دەبێت لە فکری هێنانە بەر باسی وەها سیستەمێکی سیاسی و پەروەردەییی سەردەمیانەدا بن، کە گونجاو بێت بۆ ئەو چەپکەگوڵەی کە پێی دەڵێن کوردستان و پلانی بۆ گەشەپێدان و پاراستنی هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی و هەروەها ئایینەکانیش هەبێت؛ ئەو هەستە بە هەموو تاکێکی کورد ببەخشێت کە لە وڵاتی داهاتووی کوردستاندا، هەموو تایبەتمەندییەکانیان پارێزراوە. ئەگەر نوخبەی سیاسیی کورد بوێرانە و بە دڵفراوانییەوە ئەو بابەتە بخاتە بەر باس و وێنەیەکی جوان بخاتە بەر دەستی گەلەکەمان، هەم پلانەکانی دوژمن پووچەڵ دەکرێنەوە و هەم یەکڕیزیی نەتەوەییمان بەهێزتر دەبێت و هەم لۆژیکی ئەو مرۆڤە هەلپەرستانەیش کە کەوتوونەتە داوی ئەو پلانەوە لاواز دەبێت.
دووهەم ــ سوود وەرگرتن لە هێزە سەربازییەکانی شارە کەلهوڕ و لوڕ زمانەکان لە ناوچە هەورامی و سۆرانی زمانەکاندا بۆ ئەوەی ئەو وێنەیە لە مێشکی تاکی کورددا بچێنێت کە کرماشان و ئیلام و لوڕستان سەر بە ناوەندن و دوژمنی ئەمانن و هەستی من و تۆ بوون لە نێوانیاندا دروست بکات.
سێهەم ــ پشتگیری و پەرەپێدانی جۆرێک لە مارکسیزم لە کوردستاندا کە لە چوارچێوەی ستراتێژیی کۆماری ئیسلامیدا بە وێژمانێکی (بە ناو) مارکسیستیدا، چالاکی دەکات و بە توندی دژی ناسیۆنالیزمی پێشکەوتنخوازانەی گەلی کوردە و هەر چەشنە جووڵانەوەیەکی کوردی بە پاشوەگەڕخوازی و فاشیزم پێناسە دەکات. ئەم شێوە چەپە لە بواری تێئۆریکیەوە زۆر لاواز و نەخوێندەوارە بەڵام دەم بەرەڵایە و بە ناشیاوترین شێواز سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی نەتەوەی کورد دەکات. لە ستراتێژیی گشتی یان وەکوو خۆیان دەڵێن وێنە گەورەکەدا، ئەم جۆرە چەپە دەچێتە خانەی هاوپەیمانیەتیی کۆماری ئیسلامییەوە و لە هەر حاڵدا بۆ کۆماری ئیسلامی مەترسیساز نابێت بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانێت وزەی گەنجانی ناڕازی و زۆڵم لێ کراوی کورد کە بەرەو ڕووی داگیرکەر بووەتەوە بۆ ئاقارێکی تر و ئامانجێکی تر بگۆڕێت و هەروەها هەموو پیرۆزییەکانی نەتەوەکەمان لەبەر چاویان سووک و بێ بایەخ بکات، کە ئەمە هەمان شتە کە دوژمن پێی خۆشە و خۆیشی بە ملیارها دۆلار پارەی بۆ سەرف دەکات.
کۆڵبەری
کۆڵبەری و بەکۆڵبەر کردنی نەتەوەی کورد، بەشێکە لە ستراتێژیی گەورەتری ئاسیمیلە کردن وتواندنەوەی نەتەوەکەمان. چەند ساڵ پێش ئێستا کۆڕێک لە لایەن ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆماری ئیسلامییەوە (مجمع تشخیص مصلحت نظام) بە سەرپەرشتیی هاشمیی ڕەفسنجانی، لە ژێر ناوی وتووێژێک لە گەڵ ئەقوامی ئێرانیدا، بەڕێوە چوو کە بەرپرسە باڵاکان و مامۆستا ناسراوەکانی زانکۆ تیایدا بەشدار بوون. لەو کۆڕەدا مەحمود سەریعولقەڵەم، مامۆستای زانکۆی شەهید بەهەشتیی تاران و عەلی شەمخانی دەبیری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییی کۆماری ئیسلامی جەختیان کردبووەوە کە باشترین چارەسەر بۆ کێشەی ئەقوامی ئێرانی(نەتەوە بە زۆرەملێ بە ئێرانی کراوەکان) قوفڵ کردنیانە بە ناوەندەوە، ئەوەش مسۆگەر نابێت بێجگە لەوەی کە لە بواری ئابوورییەوە ئەوەندە لاواز بکرێن کە ناچار بن لە بێهزیستی و کۆمیتەی ئیمدادی خومەینیدا بژیێن. لەو دۆخەدا قوفڵ دەبن بە ناوەندەوە و بیر لە جیا بوونەوە ناکەنەوە. بە کۆڵبەر کردنی نەتەوەی کورد پلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە بۆ ئەوەی کە:
یەک؛ لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە مرۆڤی کورد بڕوخێنێت و حازری بکا بۆ ئەوەی لە سەر چارەنووسی خۆی مامەڵە بکات. وەکوو سۆقرات ئەڵێت: “مرۆڤێک کە بەردەوام کاری جەستەیی بکات، توانای هزری و بیرکردنەوەی لەناو دەچێت.”. کۆڵبەریش پلانێکی بە تەواو مانا داڕێژراوە بۆ دابەزاندن و شکاندنی ئاستی تاکی کورد لە ئەشرەفی مەخلووقاتەوە بۆ ئاژەڵێکی دوو پێی باربەر کە لە تاوی کۆڵبەری و ئیشی سەخت و تاقەتپڕووکێن، تواناییی هزریی لاواز دەبێت و وردەوردە لەدەستی دەدات و چارەنووسی خۆی داوەتە دەستی جەللادەکانی نیشتمانەکەی. (سەری ڕێز دادەنوێنم بۆ هەموو کۆڵبەرە ڕەنجدەرەکان. واقعییەتێکە ئەبێ بوترێت نەک بۆ شکاندنی شکۆی تاکی کورد کە بە زۆرەملی کۆڵبەریی بەسەردا سەپێنراوە، بەڵکو بۆ نیشاندانی ئاستی دڕندەیی و نامرۆڤایەتیی داگیرکەری وڵاتەکەمانە)
دوو؛ لە ڕووی ئابوورییشەوە هەروەک دەزانن کۆڵبەری نەیتوانیوە و قەتیش ناهێڵن بتوانێت ئاسایشی ئابووریی بنەماڵەکان دابین بکات و بەردەوام کۆڵبەر، چینێکی لاواز و چاو لە دەستی بەرپرسە سپایییەکانە کە ئیزنی کۆڵبەریییان پێ بدات بۆ بژێوی ژیانیان.
پلانێکی زۆر بێئەخلاقانەی تر کە لەم چەند ڕۆژەدا لە لایەن چەند کەسێکی سپاییەوە وەکوو پڕوپاگەندە بۆ ئاژانسە گەشتیارییەکان لە فەزای مەجازیدا چاوم پێی کەوت، ئەوە بوو کە یەکێک لە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکان بۆ گەشتوگوزار و ڕابواردن لە ناوچەی هەوراماندا، بینینی ڕێگای هاتوچووی کۆڵبەرانە کە جەماعەتێکی سپایی بە ناو گەشتوگوزارەوە، بۆ گیرفانی خۆیان کۆمەڵێک کچ و کوڕ بهێننە چیای تەتە و کۆڵبەری چارەڕەشیش بە حەفتا کیلۆ کۆڵەوە لە چیا سەختەکانی هەوراماندا بە جلێکی تۆزاوی کە گوریسی کۆڵەکەی لاملی بڕیوە و خوێن لە دەمارەکانی دەموچاویدا کۆ بووەتەوە، تەماشایان بکەن و وێنەی سێڵفیان لە گەڵدا بگرن و لە پەیجەکانیاندا بڵاوی بکەنەوە بۆ ئەوەی باشتر سیمای کورد بوون بهاڕن بە مل یەکدا و تا ناوی کوردت هێنا مرۆڤێک بێتە بەر چاوت کە بارهەڵگرە و جلەکانی کۆنە و لە تاوی عارەق کردنی زۆر، بۆنیان دێت و گوریسێک لە ملیدا تەنگەتاو بووە کە هەر دوو چاوی دەرپەڕاندوە کە لە گەڵ کچێکی خۆرنەدیوی بۆنخۆشی فارسدا کە بە سەیارەی مارسدێس بێنز هاتووەتە تەتە، وێنەی گیراوە کە پارەی عەترەکەی هیندەی پارەی مانگێکی کۆڵبەرە چارە ڕەشەکەیە. ئەمە پلانێکە بۆ جیلی نوێ بۆ ئەوەی لە زەین و باکگراوەندی مێشکیدا ئەوە بچێنێت کە کورد بوون ئەو دیمەنەیە کە لە سەرەوە باسمان کرد و بۆ گیرودە نەبوون بە دەردی کورد بوون (کە لەو دیمەنەدا کە ئەوان بە پلان دایدەڕێژن وکاراکتەری کورد بوون بەرجەستە دەکەن، لە گەڕۆڵی خراپترە) و گواستنەوەی داهاتووی خۆت بۆ ناو نەتەوەیەکی شارستانی و سەردەمیانەیە کە ئەویش فارس بوونە.
تەنانەت ئەو گوشارە ئابووریەی سەر هەرێمی کوردستان کە بە پلانی سپای پاسداران و ژووری فکری خامەنەیی، داڕێژراوە لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدایە. بەو سیاسەتە هەم ئابووریی هەرێم لاواز دەکات و نوێنەکی(الگوی) حکومەتی کوردی لەبەرچاوی تاکی کورد تێکدەشکێنێت (کە بە پڕوپاگەندەیەکی فراوان خەریکی ئەو پلانەیە)، هەم ئەو مەجالە بچووکە ئابوورییەی کە لە باشوور بۆ کوردی ڕۆژهەڵات، دروست بووبوو، لەناوچوو و کوردی ڕۆژهەڵات یان دەبێ کۆڵبەری بکات یان هەڵبێ بۆ ئورووپا یان تەسلیمی ڕێکخراوە ئەمنییەکان بێت. ئەمە ئەو پلانە مەترسیدارەیە کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەچۆکداهێنانی کورد دایڕشتووە.
لە کاری سنووریشدا ماوەیەک دەستی خەڵکیان ئاوەڵا کرد و هەندێ کەس دەوڵەمەند بوون کە بەشێکیان سەر بە ڕێکخراوە ئەمنییەکانن. کۆماری ئیسلامی هەندێ دەستوپەیوەندی خۆی دەوڵەمەند کرد و کردنی بە نموونەی مرۆڤی خۆشبەخت و سەرکەوتوو لە کۆمەڵگادا و ئەگەر کەسێکیش بیهەوێت تامی ژیان بچێژێت دەبێت ڕێگاکەی ئەوان هەڵبژێرێت. بازرگانی لە ڕێگای سنوورەوەی کردە تاکە هیوا بۆ دەوڵەمەند بوون، ئەویش پێویستی بە هەبوونی پەیوەندیی توند لە گەڵ ڕێکخراوە ئەمنییەکاندا هەیە؛ بەم شێوەیە هەم گەنجان بۆ گەیشتن بەو ژیانە خۆشبەختە، دادەبڕێت لە خوێندن و هەم ئەوانەیش کرانە چینی خۆشبەختی کۆمەڵگا، دەستوپەیوەندەکانی حکوومەت بوون. کۆماری ئیسلامی بەم سیاسەتە دەیویست نوێنەکێک (ئولگویەک) لە مرۆڤی سەر بە ڕێژیم دەربخات کە لە ڕێگای سنوورەوە (نەک لە ڕێگای زانستەوە) خۆشبەخت بووە و بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیشی پەیوەندیی دۆستانەی لە گەڵ ڕێژیمدا هەیە و ئەو کەسانەیش کێشەیان لە گەڵ ڕژیمدا هەیە دەخرێنە پەڕاوێزەوە. دەیویست بەو دوو جەمسەرسازیە شۆڕشێک بە سەر مرۆڤی خۆڕاگر و نیشتمانپەروەرەکاندا بکات و لاوازیان بکا و لە بەر چاوی خەڵکیان بخات.
شار سازی
کۆماری ئیسلامی بە ئەنقەست سیمای شارەکانی کوردستانی بە جۆرێک تێکداوە کە کاتێک لە شەقامەکانی شارەکاندا دەخولێیتەوە هەست دەکەی لە ناو کۆمەڵە خەڵکێکی دواکەوتووی ناشارستانیدا دەخولێیتەوە. لە زۆربەی هەرە زۆری شەقامە سەرەکییەکانی شارەکاندا بە هەزاران سەیارە (بە تایبەت سەیارەی سایپا) کە زۆ ناشیرینە و ڕێک ئەدا لە زەوقت، خەریکی فرۆشتنی سەوزە و میوەن و هەر یەکەو بە بڵندگۆیەکەوە خەرێکی تێکدانی ئارامیی شارەکانن وێنەیەکی زۆر نەشیاویان بۆ شارەکان دروست کردووە. (ئیش بۆ خەڵک دروست ناکات بۆ ئەوەی دەس بدەنە هەموو جۆرە کارێک لەوانە دەسفرۆشی و….)
هەروەها کاتێک لە شارە کوردنشینەکانەوە ڕاستەوخۆ بەرەو ناوەند دەڕۆیت هەست بە جیاوازییەکی بەرچاو ئەکەی لە ڕووی بیناسازی و ڕێگاوبانەوە. بە تایبەتی بیناسازی و دروستکردنی تاوەری بەرز لە هەموو دنیادا هێمای دەسەڵاتداری و ئاستی بەرزی زانستییە بەڵام کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی هەستی بڕوابەخۆبوون و شارستانییەت و هەستی هاوتایی و هاوسەنگی لە نێوان تاکی کورد وەکوو کۆیلەیەکی داڕووخاوی ناشارستانی، لە گەڵ مرۆڤی فارس وەکوو مرۆڤی شارستانیی سەر بە نەتەوەی حوکمڕان و دەسەڵاتدار و شارستانیدا نەکات، ئیزن بە سەرمایەدارەکانی کوردستان نادات کە تاوەری بەرز و بینای سەردەمیانە و هونەری دروست بکەن.
ئەو سیما شکاوەی کە بە شار و گوند و تاکەکانی کوردستانیشەوە دیارە هەموویان بۆ ئەوەن کە لە بەکگراوەندی تاکی کورددا ئەوە بچێنن کە مرۆڤێکی بچووکی بێ ئیرادەیە و توانای بەڕێوەبەریی خۆی نییە و دەبێت لە لایەن کەسانێکەوە کە خاوەنی تایبەتمەندیی سروشتی و خودایین، بەڕێوە ببرێن و بەردەوام هەست بە کەم بوون لە بەرانبەری ئەواندا لە ناخیدا بمێنێت و گەشە بکات تا ڕۆژێک دەستەکانی هەڵببڕێت و داوای تەسلیم بوون بکات.
دەنگ و ڕەنگ و ڕاگەیاندنەکان
لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا هەرکاتێک وێنەی کوردێک لە دەزگای دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا کراوەتەوە، وێنەی مرۆڤێکی ڕیش و سمێڵی و دواکەوتوو و ساویلکە و خۆشباوەڕ و میوان نەواز کە بە بینینی مرۆڤێکی بێگانە شاگەشکە دەبێت، نمایش کراوە.
لەم دوایییانەیشدا کە لە چەند بەرنامەی تەلەفزیۆنیدا کوردێک هاتووەتە سەر شانۆ و لە پێشبڕکێیەکدا بەشدار بووە، یان گۆرانییەکی وتووە بۆ بەرجەستەکردنەوەی من و ئەویدییە لە زەینی تاکی کورددا. من و ئەویدی لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیدا بەم چەشنە پڕاکتیزە دەکرێت کە کورد بەشێکە لە من و هەموو مافە فەرهەنگییەکانی(نەک مافە سیاسییەکان) وەکوو مافی گۆرانی وتن و لە بۆنەکاندا جل لەبەرکردن وهتدی لە چوارچێوەی مندا و بە پێوەرەکانی من پارێزراون و ئەوەیش کە دەبێتە ئەویدی، کۆمەڵێک چەتە و یاغیی چەکبەدەست و بەکرێگیراوی بێگانەن و بۆ سڕینەوەیان هەموو ئامرازێک ڕێگەپێدراوە. لەم دیمەنە مەترسیدارەدا هەم کوردەکانی ڕۆژهەڵات تووشی دووبەرەکی دەکات کە لە ناو خۆیاندا هەندێک بەکرێگیراو بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، هەم هەستێک لای کوردەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان دروست دەکات کە لە لایەکەوە کوردی ڕۆژهەڵات هیچ کێشەیەکیان نییە و نەتەوەی فارس نەتەوەیەکی دێموکڕات و بەڕەحمە کە برایانە لە گەڵیاندا هەڵسوکەوت دەکات، لە لایەکی تریش هەستی ئەوانیش بۆ لای ئێرانییەکان ڕادەکێشێت.
پەروەردە
وەزارەتی پەروەردە یەکێک لە مەزنترین دەزگاکانی یەکسانسازیی فەرهەنگی و گۆڕینی شوناسی نەتەوەیی و ئایینیی نەتەوەی کوردە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگایەوە دەیهەوێت ئاسیمیلاسیۆنی کورد خێراتر بکات و دواهەمین بزمار لە سەر تابووتی شارستانییەتی کورد بدات.
ئەزموونێکی خۆم دەگێڕمەوە، بەڵام بەداخەوە لە ڕێگای هاتنم بۆ ئوروپا، کۆمەڵێک بەڵگە کە وەکوو فیلم و وێنە لە گەڵم بوون لە کیسم چوون، ئەگینا لێرە وێنەکانم بۆتان دائەبەزاند. لە سەفەرێکمدا بۆ شاری هەمەدان کە چەند ڕۆژ لە قوتابخانەیەکدا مامەوە، سەرنجم بۆ هەموو ڕەهەندەکانی قوتابخانەکە دا و لە گەڵ قوتابخانەکانی کوردستان بەراوەردم کردن چەند شتی زۆر جێی سەرنج و جیاوازتر لەوەی کوردستانم بۆ دەرکەوت!
یەکەم ــ بەرنامەی حەفتانەی پۆلەکانم سەیر کرد و وێنەشم لێ گرتبوون. هەموو حەفتەیەک 3 بۆ 4 جار ماتماتیک(ڕیازی)، 3 بۆ 4 جار زانست(علووم)، 2 جار وەرزش، 1 جار فارسی، 1 جار قورئان، 1 جار دیارییە ئاسمانییەکان و…..
بەڵام لە گەڵ شارۆچکەی کانی دیناری سەر بە شاری مەریوان هەڵمسەنگاند بەم شێوەیە بوو: 4 بۆ 5 جار خوێندن و نووسینی فارسی، 2 جار قورئان، 2 بۆ 3 جار دیارییە ئاسمانییەکان، 1 جار وەرزش، 2 جار ماتماتیک، 2 جار زانست و…..
کاتێک پڕۆگرامەکەکانی هەردوو قوتابخانەکەم پێکەوە هەڵسەنگاند بە ئاشکرا پلانێکم بۆ دەرکەوت کە لە شوێنێک وەکوو هەمەدان و شارە فارس نشینەکاندا سیستەمی پەروەردە جەخت لە سەر بەشی زانستی دەکاتەوە بەڵام لە کوردستاندا سیستەمی پەروەردە، جەخت لە سەر سەپاندنی زمانی فارسی و شوناسی ئێرانی ـ شیعی دەکاتەوە بۆ ئاسیمیلە کردنی منداڵان.
دووهەم ــ ناوی پۆلەکان لە قوتابخانەیەکی هەمەداندا بەم شێوە بوون؛ پۆلی لێکۆڵەران (کلاس کنجکاوان)، پۆلی بیرمەندان (کلاس دانشمندان)، پۆلی خولقێنەران (کلاس مکتشفان)، پۆلی هزرمەندان (کلاس متفکران) و…..
بەڵام لە کوردستاندا بەم شێوەیە بوون: کلاس زنبقها، کلاس شقایقهای سرخ، کلاس پیام آوران، کلاس حجاب و عفاف و…..
بە لێکدانەوەی ئەو ناوانە دیارە سیستەم دەیهەوێت لە بەکگراوەندی زەینی تاکی کورددا چی بچێنێت و بەرەو چ ئاقارێکی ببات و چ ڕۆڵ و کاراکتەرێکی بۆ دیاری بکات !!!!
ـــ من خۆم ئاگاداری بەخشنامەکان بووم کە دەهاتن و قوتابخانە ناچار بوو بەڕێوەیان ببات. لە 10 دانە بەخشنامە دا نۆیان پەیوەندییان بە لە قاڵبدان و بە ئیدئۆلۆژی کردنی خوێندارانەوە هەبوو یان بە وتەیەکی تر 9 بەخشنامە بۆ چالاکییە پەروەردەییەکانە(پەروەرشی) نەک فێرکارییە زانستییەکان. کە ئەویش پێکهاتبوون لە حەڵقەی ساڵحین کە لە لایەن بەسیجی خوێندکارییەوە بەڕێوە دەچوو، جەژنی حیجاب، جەژنی گەیشتن بە تەمەنی باڵغی و ئیجبار کردنی حیجاب، مەولوودنامە ، 22ی ڕێبەندان و دەهەی فەجر، جەژنی قورئان و….
سەرەڕای ئەو هەموو پڕۆگرامانەی کە بە بەخشنامە دێن بۆ قوتابخانەکان، ساڵانە چەندین جۆر کێبڕکێی دیکە بەڕێوە دەبرێت. بۆ نموونە کێبڕکێی قورعان خوێندنەوە، بانگ وتن، بابەت نووسین بە تایبەت لە سەر شۆڕشی ئیسلامی و خومەینی و شەهیدانی کۆماری ئیسلامی و شەڕی 8 ساڵە و….
کاتێک بە وردی سەرنجی ئەو پڕۆگرامانەی سیستەمی پەروەردە بدەیت، بۆت ڕوون دەبێتەوە کە سیستەمی پەروەردەی هێزی داگیرکەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پلانی نەک بۆ پەروەردەیەکی زانستی و وریا کردنەوە و ڕۆشنگەری نییە بەڵکو بە پێچەوانەوە پلانی بۆ ئاسیمیلە کردن و بە کۆیلە کردن و سەپاندنی شوناسی دڵخوازی خۆی هەیە. وەکوو چۆن لی.دەی.باکێر دەڵێت ” دژکردەوە وێژمانییەکان هیچکات بێلایەنانە و ناسیاسی نەبوون.” هیچ پلان و بەرنامەیەکی فەرهەنگی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئاوەدانکردنەوە، ژینگەیی و …. بێ هۆکار نین و هەموویان لە خزمەتی ئاسایشی نەتەوەییی فارسدان.
زمان
بە کورتی ئەگەر ئەرکی حکوومەت لە سیستەمی لیبراڵیزمدا چاودێریکردنە لە قەبارەیەکی بچووک و هەروەها گرینگیدان بە ڕۆڵی تاک و بازاڕی ئازاد و هەروەها لە سوسیالیزمیشدا گرینگیدان بە کۆمەڵگا و ئیدارەی کەرەسەی بەرهەمهێنان و دادپەروەری بێت، لە کۆماری ئیسلامیدا سیستەمی سیاسی، سیستەمێکی دز سالار و مافیایە کە گرینگترین ئەرکی دزەکان “بەهێز کردنی جێگا و دۆخی نەتەوەی باڵادەست و لە هەمان کاتیشدا چەسپاندن و سەقامگیرکردنی پێگەی لاواز و خوارتری نەتەوە بەکەمینەکراوەکانی غەیرە فارسە لە ڕێگای دەزگای سەرکوتکردن و ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگ و سیستەمی پەروەردە و زمان و سانسۆڕەوە. دەسەڵات بە هێزی ئابووری، پشتیوانی لە زمانێک دەکات و پەرەی پێ دەدات و زمانەکانی دیکە لە ناو دەبات و لە هێزی سەربازی بۆ سەرکوت کردنیان کەڵک وەر دەگرێت”.
میخائیل باختین سەبارەت بە گرینگیی تێکست دەڵێت: “لەو شوێنەی کە تێکست نەبێت هیچ جۆرە بابەتێک بۆ خوێندنەوە و هەروەها هیچ بابەتێکیش بۆ بیرکردنەوە نییە”.
زمان تەنیا کۆمەڵێک هێما و ئاماژە و چەمک و ڕێزمان نییە، بەڵکو تێکست و زمان لە واقیعدا خوڵقێنەری مانا و هەروەها ئامرازێکی بنەڕەتییە کە لە چوارچێوەی ئەو ئامرازە بەهێزەدا هەموو قوتابخانە هزری و ئایدۆلۆژییە جیاوازەکان و تەواوی واقعییەتەکانی پەیوەندیدار بە تاک و گرووپ و کۆمەڵگاکان، بەرهەم دێت.
نەتەوەی حوکمڕان لە وڵاتی ئێراندا هەوڵ دەدات هەموو ڕەهەندەکانی نەتەوە بەزۆرەملێ بەئێرانیکراوەکان، بە کۆلۆنی بکات. تەنانەت وێنا کردنەکان و شرۆڤە و شیکاری و جهانبینیەکانیشمان کۆلۆنی دەکات و لە ئەنجامدا لە ڕەوتی خۆناسین و دیاریکردنی جێگە و پێگەی نەتەوەی خۆ و هەروەها خوێندنەوەی زانستییانە بۆ پڕۆژەکانی کۆلۆنیالیستەکانمان تووشی هەڵە دەبین. هەر لە بەر ئەوە پێویستە ئێمە نە تەنیا نەتەوەکەمان لە بارودۆخی ماددی و فیزیکیی کۆلۆنیالیسم ڕزگار بکەین، بەڵکو لە هەمووی گرینگتر نەتەوەکەمان لە کۆیلایەتیی زەینی و هزری و وێنایی و واتایی ڕزگار بکەین.
ستراتێژیی ئاسیمیلاسیۆن تەنیا لە ڕێگای سەربازی و توندوتیژییەوە جێبەجێ ناکرێت، بەڵکو سیاسەتێکی کۆڕەهەندە کە داگیرکەر دەیانگرێتەبەر. لەوانە رێ گرتن لە زمانی کوردی و ڕێگە نەدان بە خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایک و سڕینەوەی مێژووی نەتەوەیی و هەروەها بێ ناسنامە و بێ ڕیشە کردنی زمان و تاپۆ کردنی میژووی فەرهەنگی نەتەوەکەمان بە ناوی خۆیانەوە، بەشێکی دیکەی ئەو سیاسەتەن کە لە لایەن ڕۆشنبیران و لێکۆڵەرانی نەتەوەی باڵادەستەوە بەڕێوە دەبرێن.
“واتهیۆنگۆ” دەڵێت: “زمان هەڵگری فەرهەنگە و فەرهەنگ بەتایبەت لە ڕێگای ئەدەبیات و نووسینەوە تەواوی ئەو بەهایانە دەگوازێتەوە کە لە ڕێگای ئەوانەوە ئێمە خۆمان و شوێنی خۆمان لە دنیادا دەرک دەکەین. شێوازی دەرک کردنی تاکەکان لە خۆیان گاریگەریی هەیە لەسەر چۆنیەتیی ڕوانین بۆ فەرهەنگەکەیان، بۆ سیاسەت و بەرهەمی کۆمەڵایەتی و سامانەکەیان، بۆ هەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سروشت و بوونەوەرەکانی تریشدا. کۆنترۆلی ئابووری و سیاسی، هیچکات بەبێ کۆنترۆڵی زەین کاریگەرییان تەواو نییە. کۆنترۆڵکردنی فەرهەنگی نەتەوەیەک، کۆنترۆڵکردنی ئەو ئامرازانەیە کە خەڵک لە ڕێگای ئەوانەوە خۆیان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەویتردا پێناسە دەکەن. زاڵ بوونی زمانی کۆلۆنیالیستەکان بە سەر زمانی خەڵکی کۆلۆنیکراودا بۆ مسۆگەر بوونی هەژموونی زەینی زۆر کاریگەرە.”
چەند نموونە لە بەڵگەسازی و تاپۆکردنی مێژووی فەرهەنگی فارسەکانتان بۆ دەخەمەڕوو بۆ ئەوەی بە هەستیارییەوە سەیری مێژوو و ڕیشەی زمانی بکەن.
دیاکۆنۆف لە مێژووی ئەشکانییەکاندا دەڵێت: “لە سەردەمی ئەشکانییەکاندا، زمانی یۆنانیش وەک وڵاتەکانی تری لای ڕۆژهەڵات، ببووە زمانی هاوبەش. بەڵام بەتەنیا ئەم زمانە نەبوو کە فەرمی بوو بۆ کاروبار و کارگێڕی لەو شوێنانەدا کە ئەشکانییەکان دەسەڵاتدار بوون، زمانی پەرتی(ئەشکانی) کە یەکێ لە لەهجەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران (کوردستان) بوو، زیاتر ڕەواجی بوو. یەکێک لە قەباڵەکانی هەورامان و هەروەها چەند تۆمارێک کە لە دورائوروپوس دەرکەوتووە بەم زمانە نووسراونەتەوە.”
ئێستا سەیری چەند وشەی ئەوێستایی بکەن کە لێکۆڵەرە فارسەکان بە هەڵە وەریانگێڕاوەتەوە بۆ ئەوەی ڕەنگ وبۆیەکی زمانی فارسی پێبدەن.
ئەوێستایی تەرجومەی فارسی کوردی
وەش کاە وەش بە هەورامی، یان باش لە سۆرانی و کرمانجی
بەر بار بەر لە زۆربەی زاراوەکاندا دەڵێن بەروبووم
وەسنەد سناد واسنێ یا وازدێ هەورامی. بە سۆرانی بخوازن
گاوشینات گشنت شوێنێک کە گیا و شینایەتی لێیە. یانێ شوێنی چەرینی
گاکان یا چراگە دێت(مرتع)
هەر ئەرزند ارزندە ڕێزدێرە، داڕزین و پرتوکان
ئەوین ایین ئەوین
وەرک برگ درخت بەرگ یان جلوبەرگ کە لە هەمو زاراوەکاندا یەک شتە
……
بەم شێوازە لێکۆڵەرانی فارس دەسکاریی هەموو مێژووی فەرهەنگی گەلی کوردیان کردووە بۆ ئەوەی زمانی ئەوێستایی وەکوو زمانی فارسیی میانە لە قەڵەم بدەن و بە ناوی خۆیانەوە تاپۆی بکەن و ڕابردووی نەتەوەی کورد بسڕنەوە.
زمان بەهێزترین سەرچاوەی فەرهەنگسازییە و دان پێدانەنان و لەناو بردنی ئەتوانێت سەرەکیترین هۆکار بێت بۆ تواندنەوە و لەناوبردنی فەرهەنگ و هەروەها بێ ناوەڕۆک کردنی فەرهەنگ. سەپاندنی یەک زمان لە وڵاتێکی چەند نەتەوەییدا بە مانای لەناوبردنی ئەو نەتەوانە دێت کە زمانیان قەدەغە کراوە.
زمان ڕۆڵی سەرەکی لە پڕۆسەی تواندنەوە و بچووک کردنەوە و بە بێگانە کردن و بە کەمینە کردنی نەتەوە ژێردەستەکاندا هەیە و بە پێچەوانەوە دەتوانێت هەمان ڕۆڵیشی هەبێت بۆ نەتەوە ژێردەستەکان و هێزیان پێ ببەخشێت. ئێدوارد سەعید دەڵێت: “هەرچەند ئەدەبیاتی گرووپی باڵادەست ڕۆڵی گرینگی لە پاراستنی سوڵتەیدا هەیە، بەڵام لە بەرانبەریشدا ئەدەبیاتی پەڕاوێزخراو دەتوانێت ببێتە هۆکاری لەرزۆک بوون و ڕووخانی ئەو سوڵتەیە. هەروەها ژێردەستە پەڕاوێزخراوەکان دەتوانن لە وەها هێزێک سوود وەربگرن بۆ ڕێکخستن و شکڵدان بە هەڵوێستەکانیان لە ڕێگای وشە و چەمکەکانی زمانەکەیانەوە و بەم شێوازە چەشنی سوڵتەگەرا بخاتە نێو چاڵێنجەوە و وێژمان و گوتاری سوڵتە لاواز بکات “.
کۆتایی
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سیاسەتی پاکتاو کردن و سڕینەوەی شوناسی نەتەوە غەیرەفارسەکان چەند هەنگاو پێشتر و ڕەهاتر لە فاشیزمی پاڵەوی هەڵسوکوتی کرد چونکا کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ توندوتیژی بۆ سەپاندنی گوتاری نەتەوە پەرستیدا، توندوتیژی بۆ سەپاندنی شیعەگەراییشی وەکوو ئامرازێک بۆ لەقاڵبدانی شوناسی فارسی ــ شێعی گرتووەتە بەر. دیارترین و فێڵاویترین سیاسەتی فاشیزمی فارسی ــ شیعی لە بەرانبەر کوردەکاندا، سیاسەتی (من و ئەویدیە) کە بە هێزی دوو وێژمانی شیعەگەرایی و ئێرانی بوون گەمارۆ دراوە و وەکوو دوو دەزگای دڕندەی بێ ئەخلاق، بەردەوام کاراکتەری کوردی و کوردستانی بوون دادەهاڕن و لە ناو ئەو دوو هێزە وێژمانییەدا دەیتوێننەوە. ئەو بەشەی کە دەکەوێتە ئەو دیوی بازنەی شوناسی منەوە (واتە بازنەی شوناسی ئێرانی ــ شێعی) بە پێوەری ئەو وێژمانە، ئەوە کورد نییە بەڵکو کۆمەڵێک یاغیی چەکدارن کە هەموو شێوازێک هەڵسەکەوت لە بەرانبەریاندا ڕەوایە. ئەو بەشەکەی تر کە کوردێکی فەرهنگی یان پەیڕەوی ناسیۆناڵیزمی مەدەنییە، بەشێکی سەرەکییە لە منی ئێرانی ــ شیعی. شایەنی باسە ئەو ڕۆڵە فەرهەنگییە و ناسیۆناڵیزمە مەدەنییەش کە باسم کرد، شوناسێکە لە کورد بوون کە داتاشراوی ئەوانە تەنیا بۆ ئاسانکردنی پڕۆژەی ئاسیمیلاسیۆنی کورد.
بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ ئەو دەزگا داپڵۆسێنەرانەدا پێویستە بە گوتاری نەتەوەییماندا بچینەوە و هەموو حیزب و لایەنە کوردییەکان، وەکوو چەمکێکی ، ستراتێژیی ڕووبەڕووبوونەوە، دابڕێژن. دەبێ لە پڕۆژەی دووبارە خۆنووسینەوەدا توێژینەوەکان کۆڕەهەند بن و وەکوو کوردستانی چەمکەکان شڕۆڤە بکەن چونکە کێشەی ئێمە کێشەی خاکە و دەبێت لەو چوارچێوەیەشدا چالاک بیین.
ماردین ڕەحیم نژاد
سەرچاوەکان
2 https://m.bpb.de/apuz/146971/kolonialismus-und-postkolonialismus
4 https://www.jstor.org/stable/24219602?seq=1
5 https://de.m.wikipedia.org/wiki/Kulturelle_Identit%C3%A4t
6 ــ ئسولیان، فازڵ. ئاسیمیلاسیۆنی کوردان و دەستی زمانەوانانی ئێرانی لەم کارەساتەدا . 2018
7 ــ نەبەز، جەمال. وشەنامەی ئیتیمۆلۆژیای زمانی کوردی. 2008.
8 ــ نەبەز،جەماڵ . فەلسەفە و ڕامانی یارسانی لە فەرهەنگ وکۆمەڵگەی کوردەواریدا . 2008
9 ــ نەبەز، جەماڵ . خوێندەواری بە زمانی کوردی . چاپی سێهەم 2007
10 ــ نەبەز،جەماڵ . کۆبەرهەم ژمارە 6 . 2006
11 ــ ئەردەڵان، سارۆ . کوردستان و مێتۆدی دژە کۆلۆنیالیستی چۆن لە زانستی نەتەوەی سەردەست ڕزگارمان بێ؟ . گۆڤاری تیشک ژمارە 54
12 ــ ڕضا، ضیا ابراهیمی. پیدایش ناسیونالیسم ایرانی. ترجمە، افشار، حسن.
13 ــ اصغرزادە، علیرضا. ایران وچالش تنوع راسیسم اریانیستی و مبارزات دمکراتیک.
14 ــ سلیمانی، کمال و محمدپور، احمد. امنیتی کردن زندگی در کردستان.
سلیمانی،کمال و احمدپور،محمد . زندگی و کار بر لبە تیغ، استعمار داخلی اقتصاد سیاسی کولبری در ڕۆژهەڵات.
15 ــ رسولی،حسین و دهقانی، رضا و کریمی،علیرضا . سیاستهای زبانی پهلوی اول در کردستان وپیامدهای ان. مطالعات تاریخ و فرهنگ 1395
16 ــ ملکم، سرجان . ترجمە حیرت، اسماعیل . تاریخ کامل ایران . انتشارات افسون 1380.
17 ــ آدمیت، فریدون . اندیشەهای میرزا اقاخان کرمانی، انتشارات پیام 1357.
18 ــ طاهری، تیب . شناسنامە هویتی لک .
19 ــ هاشمیانفر،علی و اسماعیلی، رضا و هاشمی، ضیا و جلالی، مینا . واکاوی مفهوم دلبستگی ملی . فصلنامە مطالعات و تحقیقات اجتماعی. پاییز 1391
20 ــ باجلان،جین ریس . بررسی کتاب مطالعاتی در باب تاریخ کردی: امپراتوری، قومیت و هویت . لندن 2015
21 ــ محمد پور احمد، وتووێژی دوکتور محەمەدپور لە گەڵ کورد کاناڵ.
22 ــ احمدی، فرامرز و ماخوزی، مهدی و کاووسی، محمود . کارکردهای ملی ــ میهنی با رویکرد حماسی در شعر رعد ازرخشی.


