ئارامتر بخوێنەوە!
مەکتەبی قوڕئان وردە گوتاری ڕکابەر
(وڵامێکی ھێمن بۆ وڵامێکی تووڕە)
ڕزگار موکری
“لە ڕەوتێکی مێژوویی بە تایبەت مێژووی گەلێکی وەک کورد، کە سیاسەتەکەی پتر دژکردەوە بووە تا کردەوە، ھەڵەش کراوە و ڕەنگە لێک حاڵی نەبوون و بە ھەڵە لێک تێگەیشتن و تەنانەت خیانەتیش ببیندرێ، کە دەکرێ ھەموو ئەم ڕووداوانە لە بەستێنی مێژووییی خۆیاندا، خوێندنەوەیان بۆ بکرێ و پاشان دەرسیان لێ وەربگیرێ و بکرێنە پلەیەک بۆ قۆناغێک بەرەوپێش چوون و ئیزن نەدان بە دووپاتە و چەند پاتە بوونەوەیان.“
پێویستە ئەوە بگوترێ کە ئەم نوسراوەیە تەنیا بۆ وڵام دانەوەی ھێندێک لەو باسانە کرا کە نووسەری بەرێز کاک «مستەفا ئابیار» لە وڵامی وتارە ئاماژە پێکراوەکەدا نووسیویەتی و خۆم لە دووپات کردنەوەی باسەکانی وتاری پێشوو پاراست، ئەم وتارە ئەگەرچی بە مەبەستی وڵام دانەوە نووسراوە بەڵام دەتوانێ بەشی دووھەمی وتارەکەی پێشوو بێت.
دوای ئەوەی وتاری «مەکتەبی قوڕئان؛ بەرامبەر بە گوتاری نەتەوەیی لە چوارچێوەی ئیسلامی سیاسیی ھاوچەرخدا» بڵاو بۆوە، لەیەکێک لە سایتەکانی سەر بەم جەریانە، وڵامێکی تووڕە لە جوابی ئەم وتارەدا بڵاو کراوە، وڵامێک کە لە ڕوانگەیەکی ئیدئۆلۆژیکەوە و بە ئامانجی بەری کردنی کاک ئەحمەد موفتیزادە و مەکتەبی قوڕئان لە ھەر ھەڵە و بە لاڕێداڕۆیشتنێک و لە بەرانبەردا، تاوانبار کردنی جەریانی چەپ و نەتەوەیی، نووسرابوو. لەڕاستیدا ئەم جۆرە وڵام دانەوەیە کە سەراپا تووڕەییی پێوە دیارە، لە پلەی یەکەمدا نیشاندەری ڕۆحی ڕەخنە ھەڵنەگری نووسەرە و پاشان دەتوانێ نیشانەی ڕوانگەی «تەجویزی» بوونی ئەندێشەی دینی بێت کە ئەزقەزا ڕاست کێشەی سەرەکی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە گەڵ ئەم جۆرە بیر کردنەوەیە لێرەوە پێش دێ: جۆرێک بیر کردنەوە کە خۆی بە حەقیقەتی موتڵەق دەزانێ و وەک باشترین ڕێگا بۆ ھەر پرسێک، شیوازی خۆی بە تاکە چارەسەر دەزانێ، ئەم جۆرە لە بیر کردنەوە کە بنەمای ئیسلامی سیاسی و دامەزراوە و دەسەڵاتە ئیدئۆلۆژیکەکانە، ڕێی دیالۆگ و دانوستان زۆر چەتوون و دژوار دەکەن. دیارە دەکرێ بگوترێ لە ڕەوتێکی مێژوویی بە تایبەت مێژووی گەلێکی وەک کورد، کە سیاسەتەکەی پتر دژکردەوە بووە تا کردەوە، ھەڵەش کراوە و ڕەنگە لێک حاڵی نەبوون و بە ھەڵە لێک تێگەیشتن و تەنانەت خیانەتیش ببیندرێ، کە دەکرێ ھەموو ئەم ڕووداوانە لە بەستێنی مێژووییی خۆیاندا، خوێندنەوەیان بۆ بکرێ و پاشان دەرسیان لێ وەربگیرێ و بکرێنە پلەیەک بۆ قۆناغێک بەرەوپێش چوون و ئیزن نەدان بە دووپاتە و چەند پاتە بوونەوەیان.
نەبوونی دەرکێکی دروست لە «لێکدانەوەی گوتار» (تحلیل گفتمان)، گوتاری زاڵ، وردە گوتار، گوتاری رکەبەر و سەرجەم واتاکانی ئەم تێئۆرییە سیاسییە کە بنەمای ئەم نووسراوە «پێنج لاپەڕەیییە» پێک دێنن، یەک لە گرفتەکانی نووسەری وڵامەکەیە، کەواتە پێویستە پێشتر لە سەر ئەم واتایانە کۆک بین، پاشان بێینە سەر باسی سەرەکیی نووسەری ڕێزدار.
لێکدانەوەی گوتار(تحلیل گفتمان)؛ گوتارەکان لە کۆمەڵێک واتا، نیشانە و وشە پێک دێن کە بە شێوەیەکی مانادار لەگەڵ یەکتری لە پەیوەندیدان لێکدانەوەی گوتار ئەم پەیوەندییە مانایییە، دەدۆزێتەوە و لێکی دەداتەوە (حقیقت، 1391، 614)
گوتاری زاڵ؛ ئەگەر گوتارێک بتوانێ نیزامی ماناییی خۆی بە نیسبەت دالەکانی گوتارەکەی بسەلمێنێ و کۆمەڵگا وەریبگرێ، ئەم گوتارە ھێژمۆن دەبێت و دەبێتە گوتاری زاڵ، واتە کام ھێزی سیاسی بتوانێ بە نیسبەت کێشەکانی کۆمەڵگا بڕیار بدا، گوتاری ھێژمۆن یا گوتاری زاڵە(مارش و استوکر، ١٣٩٣، ٢٠٩)
وردە گوتار؛ ئەو گوتار یا گوتارانەی کە لەڕوانگەی کۆمەڵگاوە نەیانتوانیوە وڵام و ڕێ چارەسەری گونجاویان بۆ پرسیار و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان پێ بێت و ھێژمۆن نەبوون، بەڵام وەک نیزامێکێ ماناییی جیاواز بوونیان ھەیە و ئەگەری ئەوە ھەیە لە ئاکامی شکست یا ناکارامەییی گوتاری زاڵدا، ھێژمۆن بن و جێی ئەم گوتارە زاڵە بگرنەوە(حقیقت، ١٣٩١، ٦١٦)
گوتاری ڕکابەر؛ گوتارێک کە دەیھەوێ بە کەڵک وەرگرتن لە نیزامی ماناییی خۆی گوتاری زاڵ وەلاوە بنێ و بۆخۆی ھێژمۆن بێت (حسینی زادە، ١٣٨٦، ٢٤)
گوتاری ھاوبەش؛ گوتارێک کە بەرھەمی سازانی گوتاری زاڵ و گوتارە رکەبەرەکانە لە سەر «دالێک»ی ھاوبەش لە بەرانبەر گوتاری دژبەردا کە لە دۆخێکی دوژمنانە (فضای تخاصم)دان. بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەو بارەیەوە بڕوانە؛(موکری، ١٣٨٩، ١٠٤-٩٨)
ھەر لە سەرەتای باسەکەوە نووسەری ھێژا تووشی لێ حاڵی نەبوون بووە و گوتاری ھاوبەش و زاڵی تێکەڵ کردووە، لە ھیچ جێیەکی وتارەکەدا باسی ئەوە نەکراوە کە موفتیزادە و مەکتەبەکەی بوونەتە ھۆی پێک نەھاتنی گوتاری زاڵ، كە لە بنەمادا ئەوە شتێکی ھەڵەیە کە نووسەر پێداگرە لە سەر ئەوە، لە حاڵێکدا لەم وتارەدا ئاماژە بەوە کراوە کە جیابوونەوەی موفتیزادە لە جەریانە کوردییەکان و تاک کەوتنەوەی بۆ دانوستان لە گەل دەسەڵات بووە ھۆی ئیزن نەدان بە ساز بوونی گوتاری ھاوبەش، گوتارێک کە لە سەر بنەمایەک لە نێوان گوتاری زاڵ و وردە گوتارەکاندا ساز دەبێ.
لە درێژەدا نووسەر لە چەند بەش دا ڕەخنەکانی پێشکەش دەکا، ئێمەش ھەر لە سەر ئەم بنەمایە، تێبینیەکان باس دەکەین و ھەڵەکانی ڕاست دەکەینەوە.
١.نووسەر، دەڵێی فۆبیای چەپی ھەیە و بێ ھیچ پەیوەندییەک، باسی ھەر شتێک دەکا دەیھێنێتەوە سەر ئەو باسە کە چەپ وای کرد و وا چوو، ئەوە لە کاتێکدایە ئەو باسانەی کە لە وتارەکەدا ھاتوون ھیچ پەیوەندییەکیان بە چەپ و کۆمەڵەوە نیە، سەرەڕای ئەوە، وەک باس کرا تووشی لێک حاڵی نەبوون و ئاڵۆزییەکی سەیری مانایی و شێوازییە. شتەکە زۆر ئاشکرایە، لە کوردستانی ساڵی ٥٧دا گوتارێکی سەرەکی کە گوتاری نەتەوەیی بوو وەک گوتاری زاڵ بوونی ھەبوو، دوو وردە گوتاریش وەک گوتاری رکەبەری ئەم گوتارە زاڵە لە مەیداندا بوون، وردە گوتاری چەپی مارکسیستی کە کۆمەڵە نوێنەرایەتیی دەکرد و وردە گوتاری ئیسلامی سیاسی بە نوێنەرایەتیی ئەحمەدی موفتیزادە و مەکتەبەکەی، وردە گوتاری چەپ لە سەر زۆر خاڵ لە گەڵ گوتاری زاڵ کە گوتاری نەتەوەییی حیزبی دێموکرات بوو ڕێک بوون کە گرینگترینیان خودموختاری بۆ کوردستان و ھەبوونی یەک بەردەنگی ھاوبەش بوو، وەک گوتاری دژبەر، کە ئەویش گوتاری ئیسلامی سیاسیی فەقاھەتیی کۆماری ئیسلامی بوو؛ بەڵام وردە گوتاری مەکتەبی قوڕئان ڕاست لە سەر ئەو خاڵەی کە دەیتوانی ببێتە ھۆی پێک ھاتنی گوتاری ھاوبەش، لەگەڵ گوتاری زاڵی دێموکرات لە سەر ئەو تەحلیلەی کە خومەینی و گوتارەکەی دەتوانێ پتر پارێزەری کەڵکەڵەکانی ئەوان بێت ناتەبا بوو، کەواتە ئەوەی کە گوتارێکی ھاوبەشی کوردی لەو سەردەمەدا پێک نەھات لە گەڵ نووسەر ھاوڕام، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە گوتاری زاڵ بوونی نەبوو، گوتاری زاڵی کوردی بە ھۆی رەکەبەرایەتی وردە گوتارەکان لە گەڵ ئەم گوتارە زاڵە و پێمل نەبوون بە ساز کردنی گوتاری ھاوبەش دژ بە گوتاری خومەینی، لە سەرووی ھەموانەوە تەحلیلی ھەڵەی موفتیزادە لە سەر پشت بەستن بە بەڵێنەکانی خومەینی کە بۆخۆی دەڵێ چوار رۆژ پێش سەرکەوتنی شۆڕش بەڵێنی پێ دابوو، نەیتوانی لە ساز کردنی گوتارێکی ھاوبەشدا سەرکەوتوو بێت. ئەوەی کە دەگوترێ ئەوە چەواشە کاریی مێژووییە، دەبێ بگوترێ کە لانی کەم سێ سەرچاوەی جیاواز ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە موفتیزادە لە دیدارەکەی ھەیئەتی کوردی و تاران لە سنە، لە ژێڕ بەڵێنەکانی دا، دوکتور حسێن خەلیقی (لە وتووێژێکی تلویزیۆنیدا)، عەبدوڵڵاحەسەنزادە(لە وتووێژێکی تلویزیۆنیدا)، سارمەدین سادق وەزیری(وەزیری، ١٣٨٦، ٩٦) کە ھەر سێکیان ڕەوایەتی شەوی پێش دیدارەکەی ھەیئەتی تاران و سبەینێی دیدارەکە دەکەن و ئەو ڕاستیە پشتڕاست دەکەنەوە کە موفتیزادە، بێ لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە بەڵێنەکانی شەوی پێشووی لادەدا و کەلێن دەخاتە بەرەی کوردییەوە و خۆی وەک بەردەنگی سەرەکیی تاران ناودێر دەکا و بە جیا دەکەوێتە وتووێژ لە گەڵ ھەیئەتەکە، لە لایەکی دیکەوە موحسین کەدیوەر لە کتێبی (جفای جمھوری اسلامی بە احمد مفتی زادە متفکر نو اندیش و مبارز کرد اھل سنت) بە ئاماژە بە قسەکانی موفتیزادە لە دیداری رۆژی ١٨ی ڕێبەندانی ١٣٥٧، لە گەڵ خومەینی، دەڵێ کە موفتیزادە سەنگەری خۆی لە گەڵ جیاییخوازەکان جودا دەکاتەوە (کدیور، ١٣٩٧، ١٦)، کە ئەم ڕەوتە بە ھێندێک کردەوەی نامەسئوولانە بە نیسبەت بزوتنەوەی کوردی و گوتاری زاڵی نەتەوەیی درێژە پەیدا دەکا، تۆمەتی سەر بە ئەمریکا بوون دەداتە پاڵ دێموکرات و سەر بە سۆڤیەت بوونیش دەخاتە پاڵ کۆمەڵە، (لە نەوارێکی کاسێت دا کە بۆ ڕەد کردنەوەی تۆمەتی دامەزراندنی پێشمەرگەی موسڵمان بۆ لایەنگرانی خۆی قسە دەکات، چەند جار ئەم تۆمەتی سەر بە ئەمریکا و شۆڕەوی بوونە دووپات دەکاتەوە) تۆمەتێک کە ڕاست ئەدەبیاتی کۆماری نوێی ئیسلامی بوو و تا ئێستاش ڕۆڵەکانی کوردی پێ دەستبەسەر، زیندانی و ئێعدام دەکرێ.
٢.دیارە وەک نووسەر دەڵێ؛ ڕووبەڕوو کردنەوەی نەتەوە و دین ھەڵەیەکی لۆژیکییە، ڕاست وایە و نەتەوە و ئایین ناکرێ وەک دژبەر لێی بڕواندرێ، تەنانەت لە زۆر قۆناغی مێژوویی و لە زۆر وڵاتدا ئایین توانیویەتی بێتە یارمەتیی ناسیۆنالیسم و تەنانەت وەک کەرەسەی نەتەوە ساز، یارمەتی بە گوتاری نەتەوەیی بگەیەنێ، کە گرینگترین وێنەکەی ئێرانی سەردەمی سەفەوی و کۆماری ئیسلامییە کە مەزھەبی شیعە دەبێتە بنەمای ناسیۆنالیسمەکەیان و ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی ئایینیی نەتەوەیی. بەڵام بە داخەوە ئەوەی لە سەردەمی شۆڕشدا لە سەر دەستی مەکتبی قورئان و موفتیزادە ڕوودەدا، دژایەتیی گوتاری زاڵی نەتەوەیی بە پاساوی ئیسلامی سیاسی و ھاودەنگی لەگەڵ ئیسلامی سیاسیی خومەینی لانیکەم بۆ ماوەیەک، کە ئەزقەزا گرینگترین ماوەی بزووتنەوەی کوردی بوو، کە دەبوو بە گوتاری ھاوبەشەوە دژ بە ناسیۆنالیسمی مەزھەبیی خومەینی ڕابوەستێ، ئەوە لە کاتێکدایە کە «شێخ عێزەدین» وێڕای ئەوەیکە کەسێکی ئایینی بوو، ھزرە ئایینییەکەی نەبووە ھۆی بەربەرەکانێی بزووتنەوەی نەتەوەیی و گوتارە سیاسییەکەی لە چوارچێوەی کەڵان گوتاری نەتەوەیی، بێ لە بەرچاو گرتنی ئایین وەک کەرەسەیەکی دژ بەم گوتارە شکڵی گرت. دیارە کاک ئەحمەد لە نووسراوە و حەولەکانیدا باسی سڕینەوەی ھەڵاواردنی مەزھەبی، نەتەوەیی و چینایەتی دەکات بەڵام ئەو داواکارییانە وەک نووسەر دەڵێ لە چوارچێوەی گوتاری تایبەت بە موفتیزادەدا بوو، کە ڕاست کێشەکە لێرەوە پەیدا دەبێ، چون دیارە موفتیزادە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە ڕێگایەک ھەڵدەبژێرێ کە ناتوانێ بچێتە ژێر چەتری بزووتنەوەی نەتەوەییی کوردەوە، بەڵکو شێوازی ئەو لە سەرەتادا ھاوتەریبی لە گەڵ خومەینی بوو، پاشانیش نزیک بوونەوە لە گوتاری ئیخوانول موسلیمین. شیوازێک کە ئاکامەکەی نە بەرژەوەندیی خۆی تێدا بوو نە نەتەوەکەی، چون ھەر لە ھەنگاوی ھەوەڵەوە بوو بە یەکەم لەمپەڕی سازبوونی گوتاری ھاوبەشی کوردی.
٣.سەرانسەری نووسراوەکەی نووسەر باس لە کۆمەڵە و جەریانی چەپە، کە پیویستە ئاماژە بکرێ نە ئەم وڵامە و نە «وتارە پێنج لاپەڕەیییەکە» بە تەمای ئەوە نین، قەزاوەت لەسەر کێشەی موفتیزادە و کۆمەڵە بکەن، دیارە مەبەست لێکدانەوەیەکی کورت بووە لە سەر ڕەوتی گوتاری سیاسیی مەکتەبی قوڕئان و پەیوەندییەکەی لە گەڵ گوتاری نەتەوەیی کە پێم وایە بەرانبەر بەم گوتارە نەتەویییە بووە و ئەم گوتارەی موفتیزادە بۆتە ھۆی خەساری گەورە لەو قۆناغەدا. لەڕاستیدا مەبەست لەم لێکدانەوەیە شکاندنی ھیچ کەسایەتیەک بە تایبەت ئەحمەد موفتیزادە نیە، بەڵکو لێکدانەوەی مێژووە لە سەر بنەمای گێڕانەوە مێژوویییەکان، گیڕانەوەی بەشێک لە مێژوو کە بە خۆشییەوە ئێستاش زۆر کەس لە خوڵقێنەرانی ئەم مێژووە لە ژیاندا ھەن و باس لە دیرۆکێکی وا کۆن ناکرێ کە پێویستی بە بەڵگە و لێکۆڵینەوەی زۆر دژوار بێت.
حەول دان بۆ ساز کردنی بوتێک لە کاک ئەحمەد و پاشان پەرەستن و بەری کردنی لە ھەر جۆرە ھەڵە و خراپ تێگەیشتنێک، ڕاست ئۆرتۆدکس بیر کردنەوەیە و ھاوشێوەی ئەو کارەیە کە لایەنگرانی خومەینی کردیان و چل ساڵە خەڵکی ئێرانی پێ دەڕەتێنن. پێمل بوون بە ھەڵە مێژوویییەکان و داوای لێبوردن لە کۆمەڵگا و ھاتنەوە سەرڕێبازی خەڵک و ھاوتەریب بوون لە گەڵ گوتاری زاڵی کوردی بۆ یارمەتی بەخشین بە ساز بوونی گوتاری ھاوبەش ئەو کارە بە نرخەیە کە یارانی موفتیزادە و سەرجەم لایەنەکان بۆ خزمەت کردن بە گەلەکەیان دەتوانن بیکەن، نەک دەمارگرژیی بێ بنەما و خۆ شاردنەوە لە مێژوو.
٤.گوتراوە کە تەحەزوب دەتوانێ دەرفەت بێت و دەشتوانێ مەترسی بێت، کە مەترسییەکانی تەحەزوب لە کوردستان پتر بووە چون ئەو حیزبانەی کە ھەن لە سەر بنەمای تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و فەرھەنگییەکانی وڵاتی خۆیان پێک نەھاتوون. پێویستە بگوترێ کە؛ حیزبی سیاسی بەرھەمی کولتوور نییە، ھەڵبەت فەرھەنگ دەتوانێ ببێتە ھۆی چۆنیەتیی ھەڵسوکەوتی حیزب، بەڵام ناتوانێ جۆری فەرھەنگ ببێتە ھۆی پێکھاتنی.
حیزبی سیاسی لە دەوری کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان(social cleavages) ساز دەبن(بشیریە، ١٣٨١، ٩٨) حیزبی دێموکرات بە ھۆی کەلێنی نەتەوەیی ساز بوو، کەلێنێک کە سیاسەتەکانی نەتەوەسازیی پەھلەوی و حەول بۆ سڕینەوەی ئەو جیاوازییە نەتەوەیییانە قووڵ ببووەوە و لە ئاکامدا ئەم حیزبە کە حیزبێکی نەتەوەیی بوو شکڵی گرت. کۆمەڵە وەک حیزبێکی مارکسیستی کە کەڵکەڵەی چینایەتیی ھەیە بە دەوری کەلێنی چینایەتی کە بەرھەمی سیاسەتەکانی دەیەی چلی پەھلەوی کە «ئیسلاحاتی ئەرزی» گرینگترینیان بوو کە لە ئاکامیدا چینێکی شارنشینی فەقیری بەرھەم ھێنابوو، پێکھات، کەواتە کۆمەڵەش بەرھەمی بارودۆخێکی ئابووری بوو. مەکتەبی قوڕئان وەک جەریانێکی سیاسی نە وەک گرووپێکی تەبلیغیی ئایینی، بەرھەمی کەلێنی مەزھەبی بوو، کەلێنێک کە پێش ھاتنە سەرکاری دەوڵەتی نوێی مەزھەبی بە سازبوونی گوتاری ئیسلامی سیاسیی شیعە، کە توانی، کەلێنی مەزھەبی کە تا ئەو کاتە ناچالاک (غیر فعال) بوو چالاک بکات، کەواتە مەکتەبی قوڕئان وەک جەریانێکی سیاسی بەرھەمی کەلێنی مەزھەبی بوو. حیزبی دێموکرات لە سەر بنەمای مەزنترین کێشەی مێژووییی کورد کە کەلێنی نەتەوەیییە، دامەزرا و پتر لە سی ساڵ دوای دامەزرانی، لە بەرانبەر کەڵان گوتاری دەسەڵاتەکانی پەھلەوی و پاشان کۆماری ئیسلامی بووە گوتاری زاڵ و وردە گوتاری مەکتەبەکەی کاک ئەحمەد بووە گوتاری رکابەری ئەم گوتارە زاڵە، گوتارێک کە سێڵاوی جەماوەری لە پشت بوو، چون لە سەر بنەمای گەورەترین کێشەیان و بۆ چارەسەریی دەردی مێژوویییان و وڵامی داواکارییەکانیان حوزوری سیاسی و کۆمەڵایەتیی پەیدا کردبوو. کۆمەڵەش وەک وردە گوتاری دیکەی ساحەی سیاسیی کوردستان وێڕای ئەوەیکە تەمەنێکی زۆر لە دامەزرانی نەڕۆیشتبوو، بووە حیزبی دووھەمی کوردستان. دیارە کاتێک حیزبێک لە گەڵ پێشوازیی جەماوەری ڕووبەڕوو دەبێ، نیشانەی ئەوەیە کە لە سەر بنەمای ژان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان دامەزراوە و وڵامی بۆ پرسیارەکانی جەماوەر ھەیە. ئەو ئیدعایە کە ئەو حیزبانە و بە تایبەت حیزبی دێموکرات ڕیشەیان لە خەڵک و جەماوەردا نییە بێ بنەمایە و ئەو ڕاستییە فەرامۆش کراوە کە موفتیزادە، دوای ھەڵە مێژوویییەکانی ئەو سەردەمە، لە جیاتی داوای لێبوردنی کۆمەڵایەتی و وەسڵ بوون بە گوتاری نەتەوەیی و دوای شکست ھێنانی شەمس، بڕیاری دەست ھەڵگرتن لە سیاسەت دەدات، بڕیارێک کە ئاکامی یەئسی سیاسی و دابڕان لە کۆمەڵگایە، ئەو کۆمەڵگایەی کە بە نیسبەت قارەمانەکانی خۆی بە ئەمەگە و بە شەرەفەوە نێویان دەبات.
دەگوتری (احزاب سکولار تلاشی در اخذ دال های شناور در گفتمان خود نکردند که این مسئله می توانست تأثیری جدی در شکل گیری گفتمان غالب داشته باشد)، ئەم رستە یا گوزارەیە دوو ھەڵەی شێوازناسانە و تەحلیلیی تێدایە؛ یەکەم ئەوەیکە لە بنەما دا ھیچ گوتارێک دالی خز (یا شناوەر) وەرناگرێ، بەڵکو دالی خز (یا شناوەر) بەشێکە لە نیزامی ماناییی گوتارێک کە بە پێی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و داواکارییەکانی کۆمەڵگا، دەتوانێ لەو گوتارەدا مانایەکی ھەبێ و لە گوتارێکی دیکەدا مانایەکی دیکە پەیدا بکات. لەڕاستیدا دالی شناوەر لە پەیوەندی لەگەڵ دالی ناوەندیدا مانا پەیدا دەکات و لەو چواچێوە مانایییەدا، واتا بە خۆیەوە دەگرێ، بۆ وێنە، عەداڵەت لە گوتاری ئیسلامی سیاسیدا لە پەیوەندی لە گەڵ دالی ناوەندی ئەم گوتارەدا و لە چوارچێوەی ئەدەبیاتی سیاسیی ئەو گوتارەدا کە ئیسلامییە مانا پەیدا دەکا، بەڵام عەداڵەت لە چوارچێوەی گوتاری مارکسیستیدا جیاوازیی ھەیە، چون لە گوتاری مارکسیستی دا واتاکان لە چوارچێوەی ئەدەبیاتی مارکسیستی دا مانا پەیدا دەکەن، یا وەک واتای “نظارت” له گوتاری کۆماری ئیسلامیدا لە ڕوانگەی وردە گوتاری ڕێفۆرمخوازییەوە وەک “استطلاعی” و لە وردە گوتاری بنەماژۆخوازیدا وەک “استصوابی” مانا دەکرێتەوە، (کسرایی، ١٣٨٨، ٣٤٤)، دووھەم ئەوەیکە گوتاری “غاڵب” یا زاڵ لە کوردستان بوونی ھەبوو، کە پێشتر کوتمان گوتاری نەتەوەییی حیزبی دێموکراتە، کە تا ئێستاش ھەر زاڵە، ئەوەی بوونی نەبوو گوتاری ھاوبەشە کەیەکێک لە ھۆکارەکانی شکڵ نەگرتنی ڕەفتاری نابەرپرسانەی کاک ئەحمەد لەو سەردەمەدا بوو. بە نیسبەت حیزبی دێموکراتیش کە گوتراوە حەولی نەداوە پەیوەندی لە گەڵ دینداران بگرێ، پێویستە ئاماژە بکرێ؛ کە حیزبی دێموکرات حیزبێکی سێکۆلارە نە دژە دین، ئەوە ئەو ھەڵە مانایییەیە کە بە داخەوە جەریانە ئیسلامییە سیاسییەکان بەردەوام چەند پاتەی دکەنەوە و نایانھەوێ لەو شتە ئاسانە حاڵی بن کە سێکۆلاریزم یا عیلمانییەت بە مانای دژایەتیی دین نییە بەڵکوو بە مانای بڕوامەند بوون بە جیا بوونی دین و دەسەڵاتدارێتی یا دین و سیاسەتە، واتە دین وەک ئیدئۆلۆژییەکی موتڵەقخواز ناتوانێ ببێتە بنەمای سیاسەت یا دەسەڵاتدارێتی کە رێژەیی یا نیسبیە. ئەوەش کە باوەڕمەند بوون بە ئیسلام وەک بنەمای سیاسەت و حکوومەت پەسەند نییە دەگەرێتەوە بۆ ڕوانگەی کۆمەڵگا، چون ئەم جۆرە لە دیانەت بە داخەوە لە چەند دەیەی ڕابردوودا ھێندەی ئەزموونی تاڵ بۆ کۆمەڵگای بەشەری ھەبووە کە ئەستەمە کورد و ئێرانی بیانھەوێ دیسان بە جۆرێکی دیکە و لە قاڵبێکی دیکەدا تاقیی بکەنەوە. ئیسلامی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی شیعە، ئیسلامی سیاسیی ئەلقاعیدەی جەھادیی سوننی، داعیشی جەھادی-سەلەفیی سوننی، ئیخوانی سوننی و… ئەو ئەزموونە تاڵانەن کە حیکایەت لەو ڕاستیە دەکەن کە دین یا ئیسلام ھەر کاتێک بووەتە سیاسی، کارەساتی لێ کەوتووەتەوە، ڕەنگە دەیان مۆدێلی دیکە لە ئیسلامی سیاسی پێشنیار بکرێ کە یەکیان مۆدێلی مەکتەبی قوڕئان بێت کە بێ شک ئەویش دەبێتە سەرچاوەی کارەساتێکی دیکە، لە بنەمادا سیاسەتی ئیدئۆلۆژیک سیاسەتێکی مەترسیدارە کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تەنیا یەک نموونەی باشی نەبیندراوە.
ئاکام: لە ئاکامدا پێویستە ئاماژە بکرێ کە کێشەی نووسەری ئەم وتارە نە دیندارییە نە کاک ئەحمەدی موفتیزادە و نە مەکتەبی قوڕئان، بابەتی ئەم لێکدانەوەیە، تەحلیلی رەوتێکی سیاسی-ئایینی لە قۆناغێکی مێژووییی ھەستیاردایە و گێڕانەوەی مێژوو وەک خۆی وێڕای ڕێز بۆ ھەر جۆرە ڕوانینێک، بە تایبەت ئەگەر کۆمەڵگا بڕیاری لە سەر بدا.
لە بابەت ئەوەشەوە کە گوتاری نەتەوەیی، گوتاری زاڵە و دەتوانێ ھێژمۆن بێ، مێژووی حەفتا ساڵی ڕابردوو شاھیدی ئەو ڕاستییەیە و لە داھاتووشدا ئەوە جەماوەرن کە بڕیاری لە سەر دەدەن. بە دڵنیاییشەوە ئەگەر ھەڵقوڵاوی کەڵکەڵەکانی کۆمەڵگا نەبێ، لە لایەن ئەم خەڵکەوە ئەو دەرفەتەی پێ نادرێ کە ھێژمۆن بمێنێتەوە، ھەر وەک چۆن ئەو دەرفەتەی بە مەکتەبی قوڕئان نەدا و نەک ھێژمۆن، بەڵکو لە پلەی دووی جەریانەکانی کوردستانیش دا نەبوو.
سەرچاوەکان
-بشیریه، حسین. (1381)، جامعهشناسی سیاسی ایران، تهران، نگاه.
– حسینی زاده، محمد علی. (1386). اسلام سیاسی در ایران. قم: دانشگاه مفید.
– حقیقت، سید صادق. (1391). روش شناسی علوم سیاسی. چاپ سوم. قم: دانشگاه مفید.
– صادق وزیری، صارم الدین. (1386)، ارتباطات متقابل چپ ایرانی و چپ کردستانی، تهران، فصلنامۀ روژف، شماره ی 4 و 5.
-کدیور، محسن. (1397)، جفای جمهوری اسلامی به احمد مفتی زاده متفکر نواندیش و مبارز کرد اهل سنت، بی جا.
– کسرایی، محمد سالار. (1388)، نظریه ی گفتمان لاکلا و موفه ابزاری کارآمد در فهم و تبیین پدیده های سیاسی، تهران، فصلنامه ی سیاست، دوره ی 39 شماره ی 3.
– مارش، دیوید و جری استوکر. (1393). روش و نظریه در علوم سیاسی. ترجمه امیرمحمد حاجییوسفی. چاپ هشتم. تهران: پژوهشکده مطالعات راهبردی.
– موکری، ڕزگار. (١٣٩٨)، گوتاری زاڵ گوتاری ھاوبەش، گۆڤاری تیشک، ژمارە52.


