ئارامتر بخوێنەوە!
ڕەچەڵەکناسیی ئاڵای کوردستان
سەعید شەمس
“بۆ وێنا کردن، پاراستن و زیندوو ڕاگرتنی ناسنامەی نەتەوایەتیی هەر نەتەوەیەک کۆمەڵیک سیمبولی وەکوو ئاڵا و سروودی نەتەوایەتی پێویستە و کۆمەڵانی خەڵک لە ڕێگەی ئەو سیمبولانەوە، دەکەونە ژێر کاریگەریی بیری ئایدیۆلۆژیی نەتەوەپەرەستی و باوەڕ بە بوونی نەتەوەی خۆیان دێنن. ئاڵای نەتەوەیی کارکردی تایبەتی هەیە و هێمایەکە بۆ ڕەسەنایەتیی نەتەوە. ئەو کەسانەی کە سەر دادەنەوێنن بۆ ئاڵای نەتەوەیی، بە هی خۆیانی دەزانن بەڵام هاوکات ئاڵا ماڵ و مڵکی هیچکام لەو تاکانە نییە، چونکە ئاڵا هی نەتەوەیە. “
پێشەکی
ئاڵا و سروودی نەتەوەیی، دوو هێمای گرینگی هەموو جووڵانەوەیەکی نەتەوەیی و هەموو وێژمانێکی ناسیۆنالیستین. هەموو دەوڵەت-نەتەوەکانی بە فەرمی ناسراو، لە پانتاییی سیستەمی نێونەتەوەیدا، خاوەنی ئاڵا و سروودی نەتەوەییی خۆیانن. لە ساڵی ١٩٩٢ی زایینی، پەرلەمانی کوردستان لە عێراق بڕیاڕیدا “ئاڵای کوردستان” وەکوو ئاڵای فەرمی و نیشانە و هێمای پێکهاتەی “حکومەتی هەریمی کوردستان” لە سەر دامودەزگاکانی حکومەتی هەڵبکات و، دوایەش لە ساڵی ١٩٩٩ “یاسای ئاڵای کوردستان”ی لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان پەسندکرد. لە ماوەی ٢٨ ساڵی ڕابردوودا، ئاڵای کوردستان لە باشوور و هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگیر بووە و، وەکوو ئاڵای نەتەوەیی، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە لایەن خەڵکەوە، پەسند کراوە. دیارە هەر لە سەرەتاوە کۆمەڵیک ڕای جیاواز و تەنانەت دژ بەم بژاردە و بڕیارەش لە ئاڕادا بوون و هەن.
پرسیارە سەرەکییەکانی ئەم باس و تۆژینەوەیە بریتین لە: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵە کە ئاڵای نەتەوەیی، شوێنیکی ناوەندیی لە وێژمانی ناسیۆنالیستییدا هەیە، ڕەچەڵەکی مێژووییی “ئاڵای کوردستان” چییە؟ دروستبوونی ئەم ئاڵایە کە ئێستا وەکوو ئاڵای نەتەوەیی لە لایەن بەشیکی زۆری کۆمەڵانی خەڵکی کوردەوە پەسند کراوە، لە کەیەوە دەست پێدەکات و، چ تێکەڵاوییەکی لەگەڵ بیری سەربەخۆییی کورد هەبووە و هەیە؟ چۆنە کە بەر لە ساڵی ١٩٩٢ شوێنەوارێکی تایبەت لەم ئاڵایە نابیندرێت؟ ئایا ڕاستە ئەو چەشنەی کە هەندێ لایەن دەڵین ئەوە ئاڵای نەتەوەییی کورد نییە و تەنیا لە لایەن گروپێکی سیاسیی تایبەت لە باشووری کوردستان داسەپێندراوە؟ لە کۆتاییدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵە کە هەمیشە تێکەڵاوێک لە نێوان ڕابردوو و سیمبولەکانی ناسیۆنالیزم و نەتەوە بوونی هەیە، ڕەوتی نەتەوەوێناکردن دەکرێ لە ڕێگەی پێناسەی ئاڵای نەتەوەیییەوە شرۆڤە بکرێت؛ سیما و پێکهاتەی شەرۆڤەیەکی لەو چەشنە چییە و سەبارەت بە بیری نەتەوایەتیی کورد چمان پێ دەڵێت و یان فێر دەکات؟
ناسیۆنالیزم و نەتەوە وەک بەرهەمی قۆناغێ مۆدێڕنیتە
بێگومان ئاڵا لە جیهانی پیش-مۆدێڕن و لە کولتووری ئێمراتورییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و تەنانەت لە قۆناغی باستانیشدا لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات هەبووە. لە ئەرووپا ئاڵا لە ماوەی شەڕی خاچی و لە ژێر کاریگەریی کولتووری عەڕەبی و ئیسلامی گەشەیەکی جیاوازی بە خۆیەوە دیت. چونکە لە باوەڕی ئیسلامییدا، وێنەکێشانی تاکی زیندوو ڕێگەپێنەدراو بوو، کولتووری عەڕەبی و ئیسلامیی ئەو کاتە، پەنایان دەبرد بۆ نموونەی گشتی (ئابستراکت).[1] لە ژێر کاریگەریی شەڕی خاچی لە سەدەکانی نێوەڕاست (١٢٩١-١٠٩٥) ئاڵا لە شێوەی خاچدا و بە مەبەستی سەربازی و ئایینی لە ئەرووپا بەکار دەهێندرا. بۆ یەکەم جار کە ئاڵا لە دەرەوەی ڕەهەندی ئایینی و سەربازی بەکارهێندرا، کاتێ بوو کە کۆمپانیاکانی بازرگانی و دەریاوانی بۆ ناساندنی خۆیان کەڵکیان لە ئاڵا وەرگرت. لە دەرئەنجامی ئەو گۆڕانەدا ئاڵا لە سەدەی ١٦ی زایینەوە بە واتای غەیرەئایینی لە ڕۆژئاوا بەکارهێنراوە کە دواتر بەرە بەرە لە نێوان سەدەی ١٦ و ١٨ی زاییندا بووە بە بنەمای ئاڵای دەوڵەتەکان.[2]
لە ڕاستیدا، تا شۆڕەشەکانی کۆتاییی سەدەی ١٨، ئاڵاکان پەیوەست بە کۆمەڵانی خەڵكی ئاسایییەوە نەبوون، بەڵکوو هێمایەک بۆ نوێنەرایەتیی پاشا و بنەماڵەی فەرمانرەواییەکانیان بوون.[3] ئەوە کە ئاڵا وەکوو هێمایەک بۆ نوێنەرایەتی کردنی نەتەوەیەکی سەربەخۆ کەڵکی لێ وەربگیرێ، دیاردەیەکی مۆدێڕنە و لە سەردەمی نوێ و مۆدێڕندا داهێنراوە. بە واتایەک ئاڵا- چ ڕەنگەکانی و چ نیشانەکانی، تەنیا لە چوارچێوەی تایبەتمەندیی سەردەمی ناسیۆنالیزم و لە سۆنگەی ئایدیۆلۆژیی ناسیۆنالیستییەوە دەبێت فام، شی و پێناسە بکرێت. ئاڵا و سروودی نەتەوەیی بەم شێوازەی ئێستا لە جیهاندا وەکوو ئەسڵێکی وەرچەم – بە بێ هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە لە لایەن زۆربەی خەڵکەوە پەسند کراوە- هەمیشە لە مێژوودا بەو شێوازە نەبووە و لە گوشەنیگای تیۆریی کۆمەڵایەتیی هاوچەرخەوە، گڕیدراوی تایبەتمەندیی سەردەمی نوێ و مۆدێڕنیتەیە. سەردەمێک کە مێژووی دەستپێکی لە لایەن زۆربەی بیرمەندانی بواری تیۆریی کۆمەڵایەتییەوە وەکوو دەرئەنجامی شۆڕشەکان فەڕەنسا و ئەمریکا شی دەکرێتەوە کە لە کۆتاییی سەدەی هەژدەوە لە ئەرووپادا و لە باقی جیهان لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمەوە جێگیر دەبێت.[4]
“دەستەواژەی ناسیۆنالیزم بەکار دەهێندرێ بۆ ئاماژەکردن بەو جووڵانەوە سیاسییانە کە بەدوای دامەزراندن یان بەکارهێنانی دەسەڵاتێکی دەوڵەتین و بە باسێکی ناسیۆنالیستی شەرعییەت دەدەن بەو کردەیەی خۆیان. باسی ناسیۆنالیستی داکترینێکی سیاسییە کە لە سەر سێ باوەڕ وێنا کراوە:
الف) نەتەوەیەک بە کاراکتێر و تایبەتمەندیی خۆیەوە بوونی هەیە.
ب) بەهاکان و بەرژەوەندییەکانی ئەو نەتەوەیە، دەبێت بە سەر بەهاکان و بەرژەوەندییەکانی تردا زاڵ بن.
پ) ئەو نەتەوەیە تا ئەو ئاستەی دەگونجێت، سەربەخۆ بێت. ئەوەش لانیکەم شێوازێک لە سەروەریی سیاسیی پێویستە.”[5]
ئاوێتەبوونی ئەو سێ لایەنە، بەستێنێک بۆ بۆچوونی ناسیۆنالیستی و تێڕوانینێکی نوێ کە کۆمەڵانی خەڵکی ناوچە جۆراجۆرە جوغرافیاییەکان وەکوو نەتەوە پێناسە بکات، دەرەخسێنێ. لە هەنووکەدا زۆربەی بیرمەندانی تیۆریی کۆمەڵایەتی کۆدەنگییان لە سەر دوو ئەسڵ هەیە: یەکەم، نەتەوە بەرهەمی سروشتی یان گەشەی ڕاستەوخۆی تایبەتمەندییە جوغرافیایی و مێژوویییەکان نییە، بەڵکوو پیش هەموو شتێک دیاردەیەکی کولتووری و سیاسییە. دووەم، هەرچەند نەتەوە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بریتییە لە کۆمەڵیک لە تاکەکان، بەڵام چەمکی نەتەوە هێمایەکە بۆ شتێکی باڵاتر و سەرتر لە کۆی ئەندامانی ئەو کۆمەڵە خەڵكە. بە واتایەکی دیکە، نەتەوە لە هەلومەرجێکی دیاریکراوی وەکوو ئیرادەی ڕاستەخۆ و بڕیاری سیاسیی ئاگایانەی ئەندامانی ئەو کۆمەڵەخەڵکەدا، خۆی دەردەخا.
لە ڕوانگەی تیۆری کۆمەڵایەتیی هاوچەرخەوە، وێژمانی ناسیۆنالیزم تەنیا لە سەردەمی نوێ و لە ژێر کاریگەریی ئهو گۆرانکارییه سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییانەی که پیشەسازی و مۆدێڕنیته وهگەڕیان خست، دەرفەتی شکڵگرتن و گەشەی هەبوو. ئێرنێست گێڵنێر گوتەنی “ناسیۆنالیزم دیاردە و پرەنسیپێکی سیاسییه بانگهشهی ئهوه دهکات که هاوچەشنیی کولتووری، بناغەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی بێت […] و پرەنسیپەکانی ئۆتۆریتە (دەسەڵاتی سیاسی) له گهڵ یهکینهی کولتووریدا یهکانگیر بێت”[6]. ئەو دیاردەیە، چ وهک پرەنسیپێکی سیاسی و چ وهک ههستی کۆمهڵانی خهڵک – نه تەنیا چهند کهس- له قۆناغی نوێ و مۆدێڕنیتەدا دهرفهتی شکڵگرتن و بهردهوامی ههیه. دەرئەنجامی لۆژیکی و فیکریی ئەم تێڕوانینە ئەوەیە کە ناسیۆنالیزم بهرههمی ههلومهرجێکی کۆمهڵایهتی و مێژوویییه که لهودا، کهڵەکەبوونی کولتوور دهگاته ئاستێکی نوێ، ئاستێک کە گێڵنێر وەکوو کولتووری باڵا یان کولتووری نەتەوەیی پێناسەی دەکات و، سنوور و شەرعییەتی دەسەڵاتی سیاسی(دەوڵەت) بۆ یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە لایەن کولتووری نەتەوەیییەوە دیاری دەکرێ. بە واتایەکی تر، لە ژێر کاریگەریی ماددی و ناماددیی چەرخەی گۆڕانی مۆدێڕنیتە، بەستێنی ئاویتەبوونی وردەکولتوورە ناوچەیییەکان دەڕەخسێ و کولتوورێکی نەتەوەیی شکڵ دەگرێ و ئەو کولتوورە دەبێتە سەرچاوەی شەرعییەتی دەسەڵاتی سیاسی(دەوڵەت).
لەم گوشەنیگایەوە، نەتەوە پێش هەموو شتێک، دیاردەیەکی کولتووری و سیاسییە کە لەسەر بنەمای هاوپەیمانیی خوازیارانەی ئەندامانی گرووپێکی مرۆڤی و یان لە لایەن گرووپێکەوە کە خۆیان بە نوێنەری سەرجەمی ئەو کۆمەڵەیە دەناسێنن، گەڵاڵە دەکرێت. لە ڕێگەی ئامرازی ناسیۆنالیزمەوەیە کە بیرۆکەی نەتەوە، بە واتای کۆمەڵگایەکی سیاسیی ڕێکخراو و دامەزراو، لە دەوڵەتێکدا کە خاوەنی حوکمڕانیی سەربەخۆیانەیە، جێگیر دەبێت. بە کورتی، ڕاز و ڕەمزی سەردەمی ناسیۆنالیزم لەوەدایە که یهکینهی کولتووری(کولتووری نەتەوەیی) دهبێته خاوهن توانست و هێزێک که سنووری یهکینهی سیاسی دیاری بکات و شەرعییەتی پێ بدات.
تایبەتمەندی و جیاوازیی بنەڕەتیی سەردەمی ناسیۆنالیزم لەگەڵ مێژووی پێش خۆی ئەوەیە کە بۆ یەکەم جار شەرعیییەتی دەسەڵاتی سیاسی لە پادشا، بنەماڵە، ئایین و هتد، دەگوازرێتەوە بۆ کولتووری نەتەوەیی. لەو ڕەوتەدایە کە پێکهاتەی دەسەڵاتە سیاسییە کۆنەکان کە لە چوارچێوەی ئیمپراتۆرییەکان (بۆ وێنە؛ ئیمپراتۆریی عوسمانی، ئۆسبێرگ، ڕووسیا و هتد) یان هەڵدەوەشێنەوە و لە جێیان کۆمەڵیک دەوڵەت-نەتەوە نوێ دادەمەزرێن، یان ئەو ئێمپراتوریانە ناچار دەبن خۆیان دووبارە لە ڕووخساری دوڵەت-نەتەوەدا ڕێکبخەنەوە و شەرعییەتی سیاسیی خۆیان نەک بە ئایین، نەریت، بنەماڵە و هتد، بەڵکۆ بە کولتووری نەتەوەیی دابین بکەن.
ئاڵای نەتەوەیی
چەمکی نەتەوە لە کاکڵی خۆیدا ئاماژەیە بە شێوازێکی مێژووییی تایبەت لە کۆمەڵگای مرۆڤی کە هەم خاوەن ناسنامەی کولتووری و هەمیش دەرخەری ناسنامەیەکی سیاسییە. تەنیا لەو سۆنگەیەوە پێناسەی پەسند کراو و باوی نەتەوە؛ واتا کۆمەڵە خەڵکێک کە هەم ناو و هەمیش پێناسەیەکی تایبەتیان لە خۆیان، لە ئەفسانەکانیان، لە کۆبیرەوەرییەکان، لە بەها و نەریتە هاوبەشەکانیان هەیە و بانگەشە بۆ شیوازی ژیان و کولتووری هاوبەشی خۆیان دەکەن، قابیلی فام و تێگەیشتنە. بۆ ڕامان و تێگەیشتن لەم پێناسەیە، دەبێت تێگەیشتنێکی بابەتییانەمان لە چەمکی ئالۆزی نەتەوە هەبێت.
دەیوید میلێر، فەیلەسووفی سیاسیی هاوچەرخی بریتانیایی و یەکێک لە پسپۆڕانی ئەم بابەت و بوارە، بۆ هاسانکردنی ئالۆزیی ئەو چەمکە، نەتەوە وەکوو دیاردە و وێژمانێکی سێ ڕەهەندی پێناسەی دەکات:
ڕەهەندی یەکەم: ڕەهەندی تاکێتییانەی نەتەوەیە. کاتێ کەسێک دەڵێت من کوردم و یان تورکم، پێیداگری لە سەر ئەسڵێکی گرینگ لە کەسایەتیی خۆی دەکات. بە واتایەکی تر، بوونی خۆی بە هەبوونی ناسنامەیەکی وێناکراو، واتا نەتەوەوە گرێ دەدا.
ڕەهەندی دووەم: نەتەوە وەکوو “کۆمەڵەیەکی وێناکراو”، بریتییە لە ڕەهەندی ئەخلاقی و مۆڕاڵی. دەستەواژەی “کۆمەڵەی وێناکراو” لە لایەن بێنیدیت ئاندرسۆن لە کتێبەکەی لە ژێر سەردێری “کۆمەڵە وێناکراوەکان: کۆمەڵیک ڕامان لە سەر ڕەچەڵەک و بڵاوبوونەوەی ناسیۆنالیزمدا” گەڵاڵە کراوە.[7] مەبەست لەو دەستەواژەیە ئەوەیە کە هەر ئەندامێکی نەتەویەکی بۆ وێنە ٧٠ ملیۆنی، بە لانی زۆرەوە تەنیا چەند هەزار تاک لە ئەندامانی نەتەوەی خۆی دەناسێ، بەڵام هاوکات هەستێکی بەڵێندارانەی بەرانبەر بە سەرجەمی ئەو ٧٠ ملیۆن خەڵکە هەیە. بە واتایەکی تر، ئەندامانی نەتەوە، بەرپرسایەتییەکی ئەخلاقیی گەورەتریان بەرانبەر بە هاونەتەوەییەکانی خۆیان هەیە.
ڕەهەندی سێیەم: باس لە تایبەتمەندیی سیاسیی نەتەوە دەکات، واتا کاتێک کۆمەڵە خەڵکێک خۆیان بە نەتەوە دەزانن، ویستی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی خۆیانیان هەیە و خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییی خۆیانن.[8]
ئەو سێ ڕەهەندە کە نیشاندەری چەمکی نەتەوەن، وەکوو زەنجیرێک تێکئاڵاون و پێکهاتەیەکی تایبەت چێ دەکەن کە هەر چەشنە درز و قەڵشتیک لە یەکێک لەو ڕەهەندانە، کاریگەریی لە سەر ئەوانی تر دەبێت. هەر بۆیەش، هەستی نەتەوایەتی شتێکی سروشتی و یەکجارەکی نییە، بەڵکوو نەتەوە لە ئەنجام و تێکئاڵاویی ئەو سێ لایەنە وەکوو هەست و ئاگاییی ئەندامانانی بەرهەم دەهێنریت. لە بەردەوامیی ئەو باسەدا میلێڕ دەرئەنجامێکی پێنج ڕەهەندی بۆ تایبەتمەندیی ناسنامەی نەتەوایەتی پێشنیار دەکات: ١) باوەڕ: نەتەوە کاتێ بوونی هەیە کە ئەندامانی نەتەوەکە، باوەڕیان بە نەتەوەبوونی خۆیان هەبێت و ئەو هەست و باوەڕە زیندوو ڕاگرن؛ ٢) ڕەهەندی دووەمی ناسنامەی نەتەوایەتی هەڵگری بەردەوامیی مێژووییە؛ ٣) سێیەمین تایبەتمەندیی ناسنامەی نەتەوایەتی، دەرخەری چالاک بوونی ئەو ناسنامەیەیە، واتا نەتەوە کاتێ بوونی هەیە کە ئەندامانی نەتەوە چالاک بن و لە ڕێگەی کۆمەڵێک چاڵاکیی هاوبەشەوە ناسنامەی نەتەوەیی زیندوو ڕاگرن؛ ٤) چوارەمین ڕەهەندی ناسنامەی نەتەوایەتی ئاماژە بە چۆنایەتیی پەیوەستبوونی کۆمەڵە خەڵکێک بە شوێنێکی جوغرافیایییەوە دەکات؛ ٥) لە کۆتاییدا، ئەو گرووپ و توێژانەی کە نەتەوە پێکدەنێن، باوەڕییان بە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی خۆیان هەیە کە ئەوان لە نەتەوەکانی تر جیا دەکاتەوە.[9]
بۆ وێنا کردن، پاراستن و زیندوو ڕاگرتنی ناسنامەی نەتەوایەتیی هەر نەتەوەیەک کۆمەڵیک سیمبولی وەکوو ئاڵا و سروودی نەتەوایەتی پێویستە و کۆمەڵانی خەڵک لە ڕێگەی ئەو سیمبولانەوە، دەکەونە ژێر کاریگەریی بیری ئایدیۆلۆژیی نەتەوەپەرەستی و باوەڕ بە بوونی نەتەوەی خۆیان دێنن. ئاڵای نەتەوەیی کارکردی تایبەتی هەیە و هێمایەکە بۆ ڕەسەنایەتیی نەتەوە. ئەو کەسانەی کە سەر دادەنەوێنن بۆ ئاڵای نەتەوەیی، بە هی خۆیانی دەزانن بەڵام هاوکات ئاڵا ماڵ و مڵکی هیچکام لەو تاکانە نییە، چونکە ئاڵا هی نەتەوەیە. ئاڵای نەتەوەیی لە دۆخێ دژوار و ئەستەمدا، کۆمەڵانی خەڵک یەکدەخا و خوئاگایی دەبەخشێ بە نەتەوە.
ئاڵای نەتەوەیی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین
باس کرا کە ئاڵا و سروودی نەتەوەیی، وەکوو سیمبولەکانی ناسنامەی نەتەوایەتی، بەرهەمی سەردەمی مۆدێڕنن و کاکڵیان لەگەڵ ئاڵا لە سەردەمی پێش مۆدێڕن جیاوازە. گەرچی زۆرینەی تێفکڕینە ناسیۆنالیستەکان، بنەمای تایبەتمەندیی نەتەوەی خۆیان بە یارمەتیی تێڕوانینی مۆدێڕن گەڵاڵە دەکەن، بەڵام هاوکات خوازە و خولیای ئەوەیان هەیە کە ڕەچەڵەکی نەتەوەی خۆیان بە مێژوویەکی زۆر کۆن پەیوەست بکەن. هەر بۆیەش، زۆرینەی وێژمانە ناسیۆنالیستییەکان، تێکەڵاوێکن لە بیری مۆدێڕن لەگەڵ نەریتی ڕابردو، پێشینیەی ئایینی و تەنانەت کۆمەڵیک ئەفسانە. ئەوە بە تایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین زۆر ئاشکرایە.
لە لایەکەوە، ناسیۆنالیستەکان هەوڵ دەدەن تایبەتمەندیی نەتەوەی خۆییان بە جۆرێک گەڵاڵە بکەن کە لە گەڵ پێداویستییەکانی سەردەمی مۆدێڕن گونجاو بێت و بە پێداگرتن لە سەر ئەم جیاوازی و تایبەتمەندییانە، مافی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە سیستەمی نێونەتەوەییدا بۆ نەتەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن. لە لایەکی ترەوە، هەوڵ دەدەن شێوازێک لە بەردەوامیی مێژوویی بۆ نەتەوەی خۆیان بسەلمێنن.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو باسەی کە پێشکەش کرا، دەخوازم بڵێم کە گەڵاڵەڕێژ کردنی ئاڵای نەتەوایەتیی هەر نەتەوەیەک، گرێدراوی دۆخێکی سیاسی-کۆمەڵایەتیی تایبەت و هەروەها بەرهەمی بیر و ڕوانگەی ئەو جیلە ڕووناکبیرەیە کە لەو دۆخەدا گەڵاڵەی ئاڵای نەتەوایەتی پێشنیار و پەسند دەکەن. بۆ وێنە، هەرچەند فیردەوسی لە شانامەدا باسی “دەرەفشی کاویانی” دەکات و داستان و ئەفسانەی کاوەی ئاسنگەر بە شێوازێک دەگێرێتەوە و دەیخاتە قاڵبی شێعرەوە کە بەشێک لە خەڵک، وەکوو مێژووی ڕاستەقینەی ڕابردووی ئێران دەیبینن، بەڵام ئاڵای نەتەوایەتیی ئێران تا دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە بە نیشانی “شێر و خۆر” ڕازاوەتەوە. ڕەنگە پێویست نەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە گێرانەوەی ئەفسانەکانی کۆنی “ئێرانی” و کردنی بە مێژووی ڕابردووی زنجیرە “شاهانی ئێرانی” لە لایەن فێردەوسییەوە، گرینگترین تەوەری وێژمانی ناسیۆنالیزمی ئێرانییە. بەڵام کە باسی ئاڵای نەتەوەییی ئێران دێتە گۆڕێ، شانامە بە تەواوی پشتگوێ دەخرێت و “دەرەفشی کاویانی” لە بیر دەچێتەوە. پرسیار ئەوەیە بۆ لە نێوان دوو ئەفسانەدا، یەکیان وەلادەندرێت و ئەوی تریان هەڵدەبرێژدرێت؟ وڵامی ئەو پرسیارە تەنیا دەکرێ لە شیکاریی تێڕوانینی ئەو ڕووناکبیرانەی کە ئاڵای نەتەوەییی ئێرانیان دروست کردووە و ئەو دۆخەی کە تێیدا دەژین، بدۆزرێتەوە. ئاڵای نەتەوایەتیی ئێران لە قۆناغی شۆڕشی مەشرووتەدا لە لایەن مەشرووتەخوازانەوە گەڵاڵەڕێژ و پەسند کرا. هەرچەند لە دەوری ڕەزاشادا نیشانەکە کەمێک گۆرانی بەخۆیەوە دێت، بەڵام ئەم ئاڵایە تا دامەزراندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەکوو ئاڵای نەتەوەییی ئێرانی فەرمییەتی هەبوو.[10]
ڕەچەڵەکی نیشانی “شێر و خۆر” خۆی وەستانێک دەخوازێ. کۆنترین ئاڵا بە نیشانی “شێر و خۆر” دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ٨٢٦ کۆچی (نیزیک بە ساڵی ١٤٢٣ زایینی) کە دەکاتە دەورەی تەیموورییان.[11] ئەو ئاڵایە لە شێوازی مینیاتۆردا لە کتێبی شاهنامەی شەمسەدین کاشانیدا کە داستانی داگیرکردنی نەیشابوور لە لایەن مەغۆلەکانی کردۆتە شێعر، هاتووە. لەو مینیاتۆرەدا شەرکەڕانی مەغۆل، لە حاڵیکدا کە ئاڵایەک کە هیلالی مانگی تێدایە لە گەڵ ئاڵایەک کە نیشانی “شێر و خۆر”ی هەیە بە دەستییانەوەیە، نێشان دەدا. ئەم مینیاتۆڕە هی کاتی گەمارۆی شاری نەیشابوورە لە لایەن سوپای مەغۆلەوە. لە سەدەی ١٤ی زایینییەوە تا قەوارەگرتنی دوو ئیمپراتۆریی سەفەوی و عوسمانی ئەو دوو نیشانەیە، واتا “شێر و خۆر” (زۆر جار شێر و شمشیر و خۆر) و هیلالی مانگ (زۆر جار هیلال و مانگ پێکەوە) لە لایەن ئەو پاشایانەی کە لە ناوچەکەدا حوکمڕانییان دەکرد بەکار هێنراوە.
بە سەرهەڵدانی دوو ئێمپراتوریی سەفەوی و عوسمانی، نیشانی “شێر و خۆر” لە لایەکەوە و مانگ و هیلالێک لە لایەکی ترەوە دەبن بە نێشانەی ئەو دوو دەسەڵاتە. یانی تا ئەو کاتە، هەر دوو نیشان بەکار هێنراون. وەکوو دەزانین بەشێکی بەرچاوی ئەو ئیمارەتانە کە ئێمرۆ لە لایەن ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانەوە وەکوو ناسنامە و دەسەڵاتی “ئێرانی” دەناسێنرێن، لە لایەن تورکەکانەوە ئیدارە دەکران. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زاڵ بوونی تورکەکان لە نێوان سەدەی ١٣تا ١٥ی زایینی لەو ناوچەیەدا دەگەڕێتەوە بۆ مەهارەتی ئەسپ سواریی تورکەکان کە لە تێکنۆلۆژیی شەڕ لەو قۆناغە مێژووییەدا دەورێکی گرینگی دەگیڕا.
ئەڵبەت لە نێوان سەدەی ١٦ تا نێوەراستی سەدەی نۆزدەی زایینی، تەرحی ئاڵای دوو ئێمپراتوریی سەفەوی و قاجار لە لایەکەوە و ئیمپراتۆریی عوسمانی لە لایەکی ترەوە چەندین جار گۆڕاون و دوو نیشانەی “شێر و خۆر” (لە ئاڵای سەفەوی و قاجاردا) و مانگ یان هیلالی مانگ (لە ئاڵای عوسمانییەکاندا) بە شیوازی جیاواز لەم ئاڵایانەدا دەبیندرێن. بەس ڕاشکاوانە دەبێت پێ لە سەر ئەوە دابگرین کە نە نیشانی مانگ یان هیلالی مانگ هێمایەکە بۆ ئیسلامی بوون و نە “شێر و خۆر” ئاماژەیە بە زەردەشتی بوون. نە یەکەمیان ڕەنگدانەوەی تورک بوونە و نە دووەمییان هێمایەکە بۆ ئێرانی بوون.
لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەی زایینی بەملاوە هەر دوو ئێمپراتوریی قاجار و عوسمانی، بە هۆی گرینگی و دەوری کاریگەری سیاسەت لە گۆڕەپانی جیهانیدا، فۆرمێکی یەکدەست بە ئاڵاکانییان دەدەن. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٤٩ سەرۆک وەزیری دەوڵەتی قاجار “ئەمیر کەبیر” فەرمانی دەرکرد کە ئاڵای دەوڵەتەکەی بە نیشانی شێر و خۆرەوە لە سەفارەتی لەندەن هەڵبکرێت کە تەرحەکەی بەو شێوەیەی خوارەوە بوو:
کە دواتر ئەو نیشانەیە بە دەستکارییەوە لە شۆڕشی مەشرووتەدا لە ناوەندی ئاڵای سێ ڕەنگی ئێران جێ دەگرێ.
ئێمپراتوریی عوسمانیش پاش چەند جار دەستکاری لە نیشانی مانگ و هیلالی مانگ بە ڕەنگی سپی لە سەر زەمینەیەکی سووردا، لە ساڵی ١٨٤٤ ئاڵای خوارەوەی وەکوو ئاڵای فەرمیی خۆی پەسند کرد و لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا هەڵیکرد.
جێی سەرنجە کە کەماڵیستەکان تەنیا لە ساڵی ١٩٣٦ ئاخرین ئاڵای ئێمپراتوریی عوسمانییان وەکوو ئاڵای نەتەوەی “تورک” و ئاڵای کۆماری تورکیا، بە فەرمی پەسند کرد، لە حاڵێکدا کۆماری تورکیا لە دوای پەیماننامەی لۆزان و لە کۆتاییی ساڵی ١٩٢٣وە بە فەرمی دامەزراوە و لە پانتاییی نێونەتەوییدا شەرعییەتی هەبوو، بەڵام کەماڵیستەکان هەمان ئاڵای ئیمپراتۆریی عوسمانیان بێ ئەوەی لە پەرلمانی کۆماری تورکیا پەسند بکرێت بەکار دێنا.[12]
بەڵام لە ئێراندا، ڕێبەرانی شۆڕشی مەشرووتە، ئاڵایەکی نوێیان وەکوو ئاڵای نەتەوایەتیی ئێران دروست کرد و تەنانەت نیشانی “شێڕ و خۆریش بە دەستکارییەوە لە ناوندی ئاڵاکە نەخشێندرا، بەو شێوەیەی خوارەوە بوو:
ئاڵای نەتەوایەتی ئێران لە شۆڕشی مەشرووتە(١٩٠٥)
لە قوناغی سەڵتەنەتی ڕەزاشا و لە نێوان ساڵەکانی ٢٨-١٩٢٥، ئاڵای مەشرووتە بە جیاوازی و گۆڕانکارییەوە وەکوو ئاڵای نەتەوەیی پەسند کرا. ئەو گٶڕانکارییانەی کە لە دەورانی پەهلەوی لە ئاڵای مەشرووتەدا کرا، دوو لایەنی هەبوو. لە لایەکەوە سیمای شێر زۆر قوت کراوە تا وەک سیمبولی سەڵتەنەت زەقتر بەرچاو بکەوێت. لە لایەکی ترەوە، ژمارەی تیشکەکانی خۆرەکە کەم کراوە و خستییانە پشت شێرەکەوە و بۆ ئەوەی بەم چەشنە سیمای ژنانەی خۆرەکە کەم بکەنەوە. هاوکات شێرەکەشیان بە تاجەگوڵێک ڕازاندەوە. من لە شوێنێکی تر باسی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتی-سیاسییەم کردووە کە بوو بە پاڵ پێوەنەری گۆڕانی بنەڕەتی لە بیر و وێژمانی نەتەوایەتیی ئێرانیدا.[13]
***
ئاڵای کوردستان بەرهەمی هزری جیلی یەکەمی ناسیۆنالیستی کورد
٥.١) پاشخانی سیاسی- مێژوویی
لە سی ساڵی ڕابردوودا بە هۆی کار و تێکۆشانی فیکریی نەوەی نوێی ئاکادیمیسییەنی کورد و هەروەها توێژینەوە بەنرخەکانی کوردناسانی ڕۆژئاوایی، کوردستانناسی(کوردۆلۆژی)، وەکوو لقێکی نوێ لە “خوێندەنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین”، شکڵی گرتووە و بە فەرمی ناسراوە. لەم گۆشەنیگایەوە ئەم باسە تا ئاستێک پەسندکراوە کە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی کەم تا زۆر، هاوزەمەنە لە گەڵ ناسیۆنالیزمی ئێرانی، تورکی و عەڕەبی، واتا لە کۆتاییی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا ناسیۆنالیزمی ئەو نەتەوانە قەوارەدەگرێ.
بەڵام جیاوازییەکی گرینگ لە نێوان ناسیۆنالیزمی کوردی و ناسیۆنالیزمی ئێرانی و تورکیدا هەبوو و هەیە. پڕۆژەی سیاسی و فیکریی یەکەم نەوەی ناسیۆنالیستی ئێرانی و تورک بریتیی بوو لە چاکسازی، نوێسازی و یان مۆدیڕنیزاسیۆنی ئێمپراتورییەکانیان، کە لە ئەنجامدا ناسیۆنالیزمی ئێرانی و تورکی پاش ماوەیەکی کورت سیما و ئاخێوی ناسیۆنالیزمی ڕەسمی و فەرمییان[14] بە خۆیانەوە گرت. ناسیۆنالیزمی کوردی پێش هەموو شتێک دەبوو فیکر لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ، نەک نوێسازیی دەوڵەتێکی کۆن و دەرەبەگایەتی، بکاتەوە؛ هەر بۆیەش تایبەتمەندی و سروشتێکی سیاسیی هاوچەرختر و ڕزگاریخوازنەتری هەبوو.
بە پێی سەرچاوەکان ئەو ئاڵایە کە ئێستا وەکوو ئاڵای کوردستان پەسند کراوە بۆ یەکەم جار لە وەرزی هاوینی ساڵی ١٩٢٠ لە لایەن “تەشکیلاتی ئێجتماعییەی کورد”[15] دروست کراوە، هەرچەند ڕۆژ و مانگی دروستکردنی ئەو ئاڵایە بە بەلگەوە ڕوون نەکراوەتەوە[16]، تەنیا وەکوو گریمانەیەک دەکرێ بگوترێ لە تەمووزی ساڵی ١٩٢٠ داڕێژرابێت. بۆ گەیشتن بە تێڕوانینێکی شیاو بۆ ئەو ڕووداوە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی چەندین مانگی پێش ئەو کاتە.[17]
لە دوای وەستانی شەڕ و لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠-١٩١٨دا، ململانێیەکی توند لە نێوان هاوپەیمانان، بە تایبەت بریتانیاییەکان لە لایەکەوە و تورکەکان لە بەرەی مێحوەر لە لایەکی ترەوە، بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتیی کورد بۆ لای سیاسەتی ئەوان هەبوو. ئەوەش بە هۆی گۆڕانکاریی لە نەکاو و چاوەڕواننەکراوی ساڵانی کۆتاییی شەڕی یەکەمی جیهانی بوو. دەیڤید مەکداوڵ لەو بارەوە دەنووسێ: “لەگەڵ شکانی هێزەکانی عوسمانی لە سووریا و میزۆپۆتامیا لە ساڵی ١٩١٨دا، بە ناچاری نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش دەبوایە جارێکی دیکە ئامادە بکرێت و دابڕێژرێتەوە: یەکەمین ئاماژە بۆ ئەم سنوورە، پێش کۆتاییی شەڕ لە نامە گۆڕڕینەوەکانی “حوسێن[18]– مەک هاموون” دەربارەی ناوچە عەڕەبنیشینەکانی عوسمانیدا، کراوە […] پاشان لە نوامبڕ (تشرین)ی ١٩١٧ دا بەڵشەڤیکەکان ورد و درشتی ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆیان ئاشکرا کرد.”[19] دوای هاتنەسەرکاری بەڵشەڤییەکان، ڕووسیا بە فەرمی لە بەرەی هاوپەیمانان کێشایەوە و تەواوی ناوچەی ئەستەموڵ و دەربەندەکان و ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵات، کە بەشێکی بەرچاوی کوردستانیشی لە خۆی دەگرت و لە ڕێکەوتننامەکەدا درابوو بە ڕووسیا، بە ناچاری کەوتە بەر بەرپرسایەتیی بریتانیای مەزن.[20]
لە ساڵی ١٩١٨ بەملاوە توێژێک لە چاڵاکوانان و ڕووناکبیرانی کورد هەوڵیان دەدا ڕای زلهێزەکان بۆ مەسەلە و مافی کورد ڕاکێشن.[21] لە نێو ئەو بازنەیەدا، ژێنێرال محمەد شەریف پاشا کە لە ئەرووپا نیشتەجێ ببوو، زۆر چالاک بوو. سەرچاوەکان باس لە پەیوەندی و چاوپێکەوتن لە نێوان شەریف پاشا و پێرسی کاکس[22]، ئەفسەری سیاسیی باڵای بریتانیا لە میسیۆپۆتامیا دەکەن کە لە مانگی جوون (حوزەیران) ساڵی ١٩١٨ ڕوویداوە.[23] لەو دیدارەدا، شەریف پاشا گەڵاڵەی پڕۆژەیەک بۆ هاوکاری و پەیوەندیی نێوان کورد و بریتانیا بە کاکس پێشنیار دەکات. ویڵسۆن لە ساڵی ١٩٣٦ لەوبارەوە دەڵێت: :ئەو پیشنیارەی شەریف پاشا نیشانی دا کە ئەو زۆر هوشێارانە پێشبینیی جێبەجێ کردنی سیستەمی قەیومییەتی لە لایەن بریتانیاوە کردبوو.[24]
بەڵام چالاکی و هەوڵ و تەقەلاکانی شەریف پاشا و هاوفکرانی، لە لایەن بریتانییەکان تا مانگی مەی ١٩١٩ پشتگوێ خرا کە لە ناکاو دۆخی ناوچەکە گۆڕانی بەسەردا هات. واتا لە مانگی مەی (ئایاری) ١٩١٩ بە هاندانی هاوپەیمانان هێزی سەربازیی یۆنان لە ناوچەی سەمیرنا دابەزین. دوابەدوای ئەوە ئیتالیا هێزەکانی خۆی لە ئانتالیا دابەزاند. وەکوو مەکداوڵ بە جوانی باسی کردوە: “کاریگەریی دەروونیی ئەم ڕووداوانە لەسەر خەڵکی موسولمانی ئانادۆڵ لە ڕادەبەدەر بوو.”[25]
لە ناو جەرگەی ئەو ڕووداوانەدا بوو کە کەماڵیستەکان لە ڕێگەی دژایەتی لەگەڵ هاوپەیمانان و لە ژێر دروشمی بەرگری لە وڵات و خاکی موسولمانان و شەرمەزار کردنی بێ دەسەڵاتی و سەرشۆڕیی دەوڵەتی عوسمانی پێگەی خۆیان لەناو خەڵکدا هەنگاو بە هەنگاو قایم کرد. لە پاییزی ساڵی ١٩١٩دا پاش ئەوەی کەماڵیستەکان پشتگیریی بەڵشەڤیکەکان و پشتیوانیی بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵانی خەڵکیان بۆ خۆیان مسۆگەر کرد، بوون بە هێزیکی سەربازی لە ئانادۆڵ. لە دەرئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە “دەرکەوتنی کەماڵیستەکان لە ئانادۆڵ نیگەرانیی بریتانیای لە مەڕ خولقانی ناوچەیەکی ناوبڕ لە نێوان میزیۆپۆتامیا و تورکەکان، زیاتر کرد.”[26]
لە کاتێکدا ئەمریکا و سەرۆک کۆمار ویلسۆن لە بەشداریی چالاکانە لە کۆنفڕانسی ئاشتی سارد ببوونەوە و فەڕەنسا نەیدەتوانی هێزێکی پێویستی سەربازی لە ناوچەکە جێگیر بکات، نیگەرانی لە دەسەڵاتی کەماڵیستەکان، بریتانیای مەزنی بەرەو سیاسەتی بەکارهێنانی کارتی کورد هاندا. لە ڕۆژی ٢٠ی نوامبر (تشرینی دووەم)، ڕاگەیاندراوی هاوبەشی بوغوس نۆبار، نوێنەری ئەرمەنەکان، لە گەڵ شەریف پاشا بڵاوبووە، کە وەک بەڵگەیەکی مێژوویی، بایەخێکی گرینگی هەیە. لە بەشێکی ئەو ڕاگەیاندراوەدا هاتووە:
“ئێمە کۆدەنگییەکی تەواومان هەیە کە پێکەوە لە سەر بنەمای پرەنسیپی نەتەوایەتی، داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی یەکگرتووی سەربەخۆی ئەرمەنی و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی بە یارمەتیی یەکێک لە زلهێزەکان لە کۆنفڕانسی ئاشتی بکەین […] ئێمە ڕەزامەندیی تەواوی خۆمان لە ڕێزگرتن لە مافە ڕەواکانی کەمینەکانی ناو دوو دەوڵەتەکە ڕادەگەیەنین.”[27] خاڵی گرینگی ئەو ڕاگەیاندنە ئەوەیە کە هەردوو لایەن، داوەریی کۆنفڕانسی ئاشتییان بۆ دیاری کردنی سنوور لە نێوان دوو دەوڵەتی سەربەخۆی ئەرمەنی و کوردستانی لە داهاتوودا، قەبووڵ کردووە.
دروست دوای ئەم ڕاگەیاندنە وەکوو مەکدواڵ باس دەکات: “مستەفا کەماڵ کە باروپێگەی خۆی لە شوێنەکانی دیکەش پتەوکردبوو، داخوازییەکەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی نوێ، گشتی و ڕاستەقینە، لە لایەن سوڵتان محەمەدی شەشەمەوە پەسند کرا. لە جەنوەری (کانوونی دووهەمی) ١٩٢٠ لایەنگرانی پەیماننامەی نەتەوەیی (میساقی میللی) کە لەسەر بنەمای بڵاوکراوەی کۆنگرەی سیواس ڕێکخرابوون، زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی نەتەوایەتییان بۆ خۆیان دابین کرد .”[28]
چەند مانگ دوای ئەو ڕووداوانە، ئەو ئاڵایە کە گویا پیشتر وەکوو نیشانە لە لایەن “جەمعییەتی تەعالیی کوردستان”ەوە[29] بەکار هێنراوە، وەکوو ئاڵای نەتەوەییی کورد لە لایەن ڕێبەرانی “تەشکیلاتی ئێجتماعییەی کورد” پەسند دەکرێ.[30] بە گوێرەی سەرچاوەکان ئەم ئاڵایە لە لایەن “تەشکیلاتی ئێجتماعییەی کورد”ەوە کە لە مانگی تەمووزی ساڵی ١٩٢٠ لە “جەمعییەتی تەعالیی کوردستان” جیا ببووەوە پیشنیار و پەسند کراوە. هۆی دابڕانەکە ئەوە بوو کە ئەندامانی کۆمەڵەی نوێ داوای سەربەخۆیییان دەکرد کە لە لایەن سەید عەبدولقادرەوە ڕەد کراوە.[31] ئەندامانی “تەشکیلاتی ئێجتماعییەی کورد” بریتیی بوون لە کۆمەڵێک ڕووناکبیر و کەسایەتیی کورد[32] کە لە لایەن “کۆمیتەی سەربەخۆییی کورد”ەوە[33] پشتیوانییان لێ دەکرا.[34]
لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، باس و لێدوانی گەرموگوڕ سەبارەت بە ئاڵای کوردستان لە ئارادا بووە. وەکوو پێشتر ئاماژەیەکی کورتی پێ کرا، ئێستا خۆر و ٢١ تیشکەکەی ئاڵای کوردستان لە چوارچێوەی ئایینی-کولتووریدا لێکدەدرێتەوە و ئەو باوەڕە جێگیر بووە کە ئەو نیشانەیە هەڵقولاوی باوەڕە ئایینییەکانی یەزدانی: عەلەوی، یارسانی و یان ئیزەدییە.[35] پاڵپشتی سەرەکیی ئەو باسە ناسیۆنالیزمی تاراوگە بوو، بە تایبەت پاش ئەوەی کە پەرلەمانی کوردستان لە باشوور بڕیاری دا ئاڵای کوردستان بە فەرمی هەڵبکات و لە ساڵی ١٩٩٩ “یاسای ئاڵای هەریمی کوردستانی عێراق”ی[36] پەسند کرد، بڕەو بەو باسە درا.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو لێکدانەوەیەی لە سەرەوە دەربارەی ڕووداوەکانی چەند مانگی پێش ئابی ساڵی ١٩٢٠ ئاراستە کرا، دەکرێ ئەم ئەنجامە وەربگیرێ کە هەندێ چالاکوانی کورد، گەشبین بوون بە پشتیوانیی بریتانییەکان لە کورد لە دانیشتنی داهاتووی کۆنفڕانسی ئاشتی و، پێیان وا بوو دەرفەتێکی باش بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد ڕەخساوە. هەر بۆیەش، دەکرێ داڕشتنی ئەو ئاڵایە بە بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردییەوە پەیوەست بکەین.
وەکوو پیشتر ئاماژەم پێی دا، بیرۆکەی ناسیۆنالیستیی هەموو نەتەوەیەک بۆ نیشاندانی بەردەوامیی مێژووییی نەتەوەی خۆی، سیاسەتی هەنووکە بە لایەنێکی ڕابردوو دەڕازێنێتەوە. ئەوسا پرسیار ئەمەیە کە بۆ ڕووناکبیرانی کورد بۆ ئەو مەبەستە دەبێ لایەنی ئایینە یەزدانییەکان (ئیزەدی، یارسانی و عەلەوی)یان هەڵبژاردبێت؟ بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵە کە بەشێکی زۆری ڕووناکبیرانی ئەو سەردەمە، قوتابیی “کۆمیتەی تەعاون و تەڕەقی” و پەروەردەی دەستی کەسایەتییەکانی ئەو کۆمیتەیە وەکوو دوکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت بوون، ئەو بیرۆکەیە واتا ڕازاندنەوەی نیشانی ئاڵا بە کاکڵی ئایینی، وێناچێت هی ئەوان بووبێت.[37] ئەمین عالی بەدەرخان و کوڕەکانی بنەماڵەی بەدرخان، زۆر ئەستەمە سەرچاوەی ئەو بیرۆکەیە بن.[38] شێخ عەبدولقادر کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری و بازنەکەی، وەکوو ڕێبەرانی تەریقەتی نەقشبەندیش زۆر ئەستەمە سەرچاوەی ئەوە بن. هاوکات تا ئێستا شرۆڤەکاران، هیچ بەڵگەیەکی مێژوویییان بۆ سەلماندنی دروستیی شرۆڤەی خۆیان پێشکەش نەکردووە، هەر بۆیەش ئەو شرۆڤەیە دەبێت وەکوو گریمانەیەک لێکبدرێتەوە. من بێ ئەوەی بخوازم خۆم تووشی وردەکاریی ڕەدکردنەوەی گریمانەکانی تر سەبارەت بە ئەو بابەتە بکەم لە جیاتیان گریمانەیەکی تر ئاراستە دەکەم.
٥.٢) تایبەتمەندیی وێژمانی نەتەوایەتیی کورد لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠-١٨٩٨
لە حاڵێکدا بۆچوونی ڕووناکبیرانی کورد تا ساڵی ١٩١٣ بریتیی لە دابین کردنی مافی نەتەوایەی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو، بە واتایەک، زۆرینەی ئەو ڕووناکبیرانە لە فیکری دابین کردنی مافی کورد لە چوارچێوەی چاکسازی و ڕێفۆرم لە دەوڵەتی عوسمانیدا بوون، لەو ساڵە بەملاوە وەرچەرخانێک لە سیاسەت و وێژمانی نەتەوایەتیی ڕووناکبیرانی کورددا ڕوو دەدات. چۆن دەکرێ ئەو گۆڕینە[39] شی بکرێتەوە و، ئەو وەرچەرخانە چ گرینگییەکی بۆ شرۆڤەیەکی بابەتییانەی مێژووییی هاوچەرخی کورد هەیە؟
وەکو دەزانین “کۆمیتەی تەعاون و تەڕەقی” لە ساڵی ١٨٨٩ لە لایەن چوار خوێندکاری پزیشکیی سوپای عوسمانییەوە دامەزرا. لەم چوار کەسە، دوویان (عەبدوڵڵا جەودەت و ئیسحاق سکووتی) کورد بوون و دووەکەی دیکەیان بە ڕەگەز ئاڵبانیایی وقرقیزی بوون.[40] واتا لە سەرەتادا، هیچ تورکێک ئەندامی کۆمیتەکە نەبوو. کۆمیتەی تەعاون و تەڕەقی لە سەر بنەمای “کاربونارۆ”کانی[41] ئیتالیا ڕێک خرابوو کە لە ڕاستیدا، پێشەنگەکانی جووڵانەوەی “ریسۆجیمێنتۆ”[42] لە ئیتالیا بوون. بە گشتی کۆمیتەی تەعاون و تەڕەقی، بانگەشەیان بۆ ڕێفۆرم و چاکسازی و گشتاندنی سیاسەتێکی ڕادیکال لە ئیمپراتۆریی عوسمانیدا دەکرد.
هاوکات قەوارەگرتنی ناسیۆنالیزمی کوردی بە چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان لە ساڵی ١٨٩٨ دەست پێ دەکات.[43] دوایە “گۆڤاری هاوکاری و پێشکەوتنی کورد” (کورد تەعاون و تەڕەقی گازیتەسی) لە نێوان ١٩٠٩-١٩٠٨ بڵاوبۆتەوە. بەڵام لە ساڵی ١٩٠٩ ئەو ئازادییانەی کە لە دوای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لایەن “کۆمیتەی تەعاون و تەڕەقی” مەیدانی پێ درابوو، لە لایەن تورکە گەنجەکانەوە ڕاگیرا. لەو ساڵەدا کۆمەڵیک گۆڕانکاریی سیاسیی گرینگ ڕوویان دابوو. بۆ وێنە، بۆسنە و هێرزەگۆڤینا، لە لایەن وڵاتی ئۆتریش(نەمسا)وە داگیرکرابوو و بولغارستان، جیابوونەوە لە ئیمپراتۆریی عوسمانی و سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاندبوو.
ئەو گۆڕانکارییانە ئەندامانی “کۆمیتەی تەعاون و تەڕەقی”یان تووڕە و نیگەران کردبوو. کوتلەی تورکەگەنجەکانی “کۆمیتە”، خۆپێشاندانی مانگی نیسانی ١٩٠٩ یان قۆستەوە بۆ کوودێتا کردن. ئەو خۆپێشاندانە لە ژێر دروشمی “شەریعەت لە مەترسیدایە” و بۆ لایەنگری لە سوڵتان عەبدولحەمید لە ئێستانبوڵ بەرپا بوو، کە بە توندی لە لایەن تورکە گەنجەکانەوە سەرکوت کرا. ئەو ڕووداوە بوو بە دەرفەتێک بۆ کۆتایی هێنان بە لیبرالیزمی “کۆمیتەی تەعاون و تەڕەقی”. دوای سەرکوت کردنی خۆپیشاندانەکە، زۆربەی ئەندامە لیبرالەکانی کۆمیتە لە لایەن تورکە گەنجەکانەوە زیندانی و یان بۆ ناوچە دووردەستەکان تەبعید کران. هاوکات سوڵتان عەبدولحەمیدیان لە سەر کار لابرد و ئەنجومەن و کۆمەڵەکان و ڕۆژنامەکانیان داخست.[44]
ئەو ڕووداوە، واتا کوودێتای تورکە گەنجەکان، زەنگێکی مەترسی بوو کە یەکەم نەوەی ناسیۆنالیستە کوردەکان هەستیان پێ کرد. لە سەر بنەمای ئەم پاشخانە، دەخوازم لێرە جوابی ئەو پرسیارە بدەمەوە کە هۆکاری گۆڕان لە سیاسەتی بەشیک لە ڕووناکبیرانی کورد و جێگیربوونی ئەو گۆڕانە[45] لە وێژمانیاندا چی بوو؟ واتا ئەو وەرچەرخانە و نابەردەوامییە[46] لە تێڕوانینی ئەواندا لە ڕێگەی دەستنیشان کردنی دوو قۆناغ و جیاوازییەکانی ئەو دوو قۆناغە، ڕوون و شی بکەمەوە.
یەکەم قۆناغ کۆتاییی سەدەی نۆزدە تا ساڵی ١٩١٣ دەگرێتەوە. لەم دەورەیەدا هەر چەند وشیاریی قەومی و نەتەوەیی لە چاپەمەنیی کوردیدا ڕەنگی دابووەوە بەڵام بابەتە سەرەکییەکانی، گرێدراوی مەسەلە و کێشەکانی کۆمەڵگای عوسمانی بوون. تێڕوانینی سەرەکیی “کۆمیتەی تەعاون و تەڕەقی”، کە دوکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت و ئێسحاق سکووتی لە دامەزرێنەرانی بوون، ڕێفۆرم و چاکسازی بوو لە پێکهاتەی ئیمپراتۆریی عوسمانی. بە واتایەکی تر، لە بەردەوامیی وێژمانی “رۆژنامەی کوردستان”، گۆڤاری “کورد تەعاون و تەڕەقی گازیتەسی”، دەربڕی کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕی سیاسیی بەرفروانتر بوو و باسی لە کۆمەڵێک مەسەلەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکرد کە ئەو کاتە کۆمەڵگەی ئیمپراتۆریی عوسمانی لەگەڵیدا ڕووبەڕوو ببووەوە. نووسەرانی گۆڤارەکە باسی کۆمەڵێک مەسەلەی گرینگی وەکوو پارلەمان، مەسەلەی دەستوەردانی زلهێزکان، بایکۆت کردنی کاڵا و شتومەکەکانی وڵاتی بڵژیک و مەسەلەی باڵکانیان دەکرد، کە سەرجەمی کاربەدەستانی ئیمپراتۆریی عوسمانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو. پڕس و ویستی کورد لەم وتارانەدا، لە چوارچێوەی بەرفراوانتری ڕووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی عوسمانیدا، گەڵاڵە دەکرا و لێکدەدراوە.”[47]
قۆناغی دووەم، لە ساڵی ١٩١٣ و پێش هەڵگیرسانی شەڕی جیهانیی یەکەم و بە دەرکردنی دوو ڕۆژنامەی نوێی کوردی “رۆژی کورد” (١٩١٣) و “هەتاوی کورد” (١٤-١٩١٣) دەست پێ دەکات و لە دوای کۆتاییی شەڕ، لە گۆڤاری ژین (١٩١٩-١٩١٨) و رۆژنامەی کوردستان (١٩١٩)، بەردەوام دەبێت. هەروەها لەم قۆناغەدا ڕێکخراوێکی سیاسی بە نێوی “جەمعیەتی تەعالیی کوردستان”[48] دادەمەرزێ کە کەسایەتییە ناودارەکان و ڕۆشنبیرانی ئەو جەمعییەتە داوای جێبەجێ کردنی چارتی ١٢ بڕگەیییەکەی ویڵسۆن، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، دەکەن. لەو شرۆڤەیەدا کاکڵی ئەو گۆڕانکارییە بە پێداچوونەوە بە ڕۆژنامەکانی ئەو کاتە و هەروەها بە پشت بەستن بە لێکدانەوەیەکی جێی سەرنجی ژانێت کلایەن کە ساڵی ٢٠٠١ بڵاو بووەوە[49] دەخەمە بەر باس و لێدوان. من پێشتر لە وتارێکدا ئاماژەم بە گرینگیی ئەو باسەی کلایەن کردبوو.[50]
کلایەن دەڵێت: وێژمانی ئەو ڕۆژنامانە بە بەراورد لەگەڵ ڕۆژنامەکانی پێشوو “ڕەنگوبۆیەکی ناسیۆنالیستیی خەستتریان هەبوو و خوێنەرەکانیان هەنگاو بە هەنگاو شایەتی پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ لە پەیوەندییەکانی نێوان پێشکەوتنی نەتەوە و مەرجە بەرفروانترەکانی پێشکەوتن بوون. پێش ئەوە، نووسەران لایەنگری مۆدێڕنیتە و پەروەردەکردنی کوردەکان و پێشکەوتنی زمانەکەیان وەکوو ئامرازێک بۆ هاندانی کۆمەڵگە و سیاسەتێکی تەندروستتری کۆمەڵگەی عوسمانی بوون، بەڵام لە قۆناغی دووەمدا، بە تایبەت لە دوای وەستانی شەڕ، باس و وتارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان و ژین زۆرتر باسیان لە سەر کاریگەریی خوێندەواری و ڕەهەندەکانی دیکەی مۆدێڕنیتە وەکوو ئامرازەکانی وەدەستهێنانی ئامانجی نەتەوەیی واتا سەربەخۆیی کورد بوو”.[51]
لە ساڵانی شەڕی جیهانیدا دەرفەتی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار زۆر بەرتەسک ببوو و تەنیا “رۆژی کورد” و “هەتاوی کورد” بۆ ماوەیەکی کورت بڵاوبوونەوە. بەڵام لە ساڵی ١٩١٨بەملاوە، چالاکیی کۆمەڵە و ئەنجومەنەکان و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دەستی پێ کردەوە. لە هەمان کاتدا لە ژێر کاریگەریی ئەزموونی شەڕدا، تێڕوانینی ڕووناکبیرانی کورد لە باری وێژمانییەوە، پێکهاتەیەکی تۆکمەتری بە خۆیەوە گرت.
خاڵی سەرنجڕاکێش لە باس و وتارەکانی ڕۆژنامە کوردییەکانی دوای کۆتاییی شەڕ، بابەتی ژنان و کەسایەتیی ژنی کورد بوو. ژانێت کلایەن لەتۆژینەوەکەیدا لە ژێر سەردێڕی “بەجێندەر کردنی ناسیۆنالیزم: ڕووناکبیران و کێشەی ژن؛ پەروەردە و زمان لە ناوەڕۆکی ناسیۆنالیزمی کورد لە قۆناغی کۆتاییی ئیمپراتۆریی عوسمانییدا”[52] باس و شیکارییەکی سەرنجڕاکێش سەبارەت بە تایبەتمەندیی ناسیۆنالیزمی کورد لەم قۆغەدا ئاراستە دەکات کە من لێرەدا قەرزم کردووە. لە دەستپێکدا ژانێت کلایەن ئاماژە بە وتارێکی گۆڤاری “ژین” دەکات کە لە مانگی ژوەن (حوزەیران)ی ساڵی ١٩١٩ لە ژێر سەر دێری “بۆ خوێنەرەکانمان” بڵاو بووەتەوە و ئەو وتەیەی لێ دێنێتەوە:
“کۆمەڵێک لە خوێنەرەکانمان لەکاتی گوتنی وشەی “ژین”دا کێشەیان هەیە و هەندێکیان وا تێگەیشتوون کە ئەم وشەیە “ژن”ە. بە هەرحاڵ وشەی ژین بەتەواوی هاوتایە لەگەڵ ژیان، چونکە لە نووسیندا پیتی (y) واتا ئی لە نێوان(J) ژ و (N)دا دێت، بە واتەیەکی تر وەکوو کەسرەی پێناسە وایە. ژن کە هاوتا فارسییەکەی دەبێت بە “زەن” بێ ئی (y) دەنووسرێت و بە کەسرە دەخوێندرێتەوە. ئەمە نموونەیەکە کە پێشاندەدات کۆمەڵێک واتای نامۆ و چەوت بەهۆی هەڵەیەکی بچووک لە نووسینی پیتەکاندا دروست دەبێت، ئەمەش جێگەی داخە.”[53]
دوای ئەو وتەهێنانەوەیە، ژانێت کلایەن دەرئەنجامێکی گرینگ گەڵاڵە دەکات و دەڵێت: “سەرهەڵدانی ژن و بە واتایەکی تۆکمەتر “کێشەی ژن”، لە ناوەرۆکی سیاسەتی کورد لە سەرەتای سەدەی ٢٠دا ڕووداوێکی گرینگ بوو، نە تەنیا بەهۆی ئەوەی نیشانەی دروستبوونی فێمینیزمی کوردی بوو، بەڵکوو بەم هۆیە کە هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی کۆمەڵێک کێشە و ئەکتەری نوێ […]. بە نیسبەتی کورد، هەروەکوو بۆ زۆربەی بزووتنەوە ناسیۆنالیستییەکانی دیکەی هاوچەرخ، “کیشەی ژن” و تەنانەت خودی ژنیش دەوری زۆر گرینگی نەبوو، بەڵکوو بابەتێک بوو کە زۆرتر پیاوان بڕیاریان لە سەر گرینگایەتییەکەی دەدا و سیمبولی مەسەلەکانی دیکە بوو، واتا گۆڕەپانیک بوو بۆ خەبات لە پێناو کۆمەڵێک پرسی بەرفراوانتر کە کۆمەڵگا لەگەڵیاندا ڕووبەڕوو ببوو.” [54]
ژانێت کلایەن لە درێژەی ئەو ئانالیزەی خۆیدا دەستەواژی “بەجێندەرکردنی ناسیۆنالیزم”[55] بەکار دێنێ و دەڵێت: “من هیوادارم بتوانم لەم وتارەدا نیشانی بدەم ‘کێشەی ژن’ پەیوەندییەکی نەپساوەی لەگەڵ کیشە گەورەترەکاندا هەبووە” و بۆ ئەو مەبەستە ئاماژە بە وتارێکی دوکتۆرعەبدوڵڵا جەودەت دەکات و ئەو وتەیەی لێ دێنێتەوە: “ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە بڕیار لە سەر چارەنووسی نەتەوەکان دەدرێت و بە فەرمی دەناسرێن”[56]. واتا، پێداگری لە سەر دەوری پەروەردەی نوێ و مۆدێڕن بۆ پێشکەوتنی ژنانی کورد و بۆ مسۆگەرکردنی ئامانجی نەتەوەیی کورد. لە سەر بنەمای ئەو باسە دەتوانین ئەو دەرئەنجامە پێشنیار بکەین کە جەختکردن لە سەر کێشەی ژن بۆ ڕووناکبیرانی ئەو سەردەمەی کورد سێ ئامانجی سیاسی و ڕێکلامی دەپێکا.[57] یەکەم؛ “خۆ و ڕەوشتی ژنانی نەتەوە[58] ئاوێنەی ئاستی پەرەسەندنی نەتەوەیە. پەرەسەندنی نەتەوەکان و کۆمەڵە خەڵکەکان هەمیشە بە گوێرەی پێگەی ژنانیان لە کۆمەڵگا دایە”.[59] دووەم؛ بڵاوکردنەوەی ئەو فیکرەی کە: “ژنان دەورێکی ئاشکرایان لە نەتەوەسازیدا هەیە و دەبێت وەکوو هێمای کولتووری و نەتەوەیی و دایک و بەرهەمهێنەری منداڵانی نەتەوەی کورد، سەیر بکرێن” و سێیەم؛ “خستنەڕووی خاڵە جیاوازەکانی ژنانی کورد لەگەڵ ژنانی گرووپەکانی دیکەی موسوڵمانی عوسمانی وەکوو تورک و عەڕەب، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سیاسەت و پڕۆپانگەندەی ناسیۆنالیستە کوردەکان بوو بە مەبەستی شەرمەزارکردن و ڕەدکردنەوەی ئەو سیاسەتانەی کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کورد نەتەوەیەکی جیاواز نییە و، سەلماندنی ئەوە بە جیهان کە کوردەکان شایانی ئەوەن وەکوو نەتەوەیەکی جیاواز بە فەرمی بناسرێن و هەڵسوکەوتیان لە گەڵ بکرێت”. وەکوو چۆن نووسەرێک لە ڕۆژی کورددا دەنووسێت: “ژنی کورد بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئازادە و بەڕێوەبەری بنەماڵەیە. بەدەر لە داوێن پاکی کە تایبەتە بە نەریتی ئیسلامی، ئازادە لە خۆداپۆشاندنی ناپێویست. ژنانی کورد ئاوێتەی ژیانی کۆمەڵایەتی، کە پیاوانیش تێیدا بەشدارن، بوون و پێگەیەکی شایانی ڕێزیان بۆ خۆیان جێگیر کردووە.”[60]
لێرەدا باس لە سەرجەمی کۆمەڵگەی کوردەواری و یان تەنانەت کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد ناکەین، بەڵکوو باس لە وێژمانی ئەو توێژە لە ڕووناکبیرانی کوردە کە لە ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمەدا، بەتایبەت لە گۆڤاری”ژین”دا، دەیاننووسی و چالاک بوون لە کۆمەڵەکانی ناو شارەکاندا. لە ژێر کاریگەریی فیکری ئەو ڕووناکبیرانەشدا بوو کە گەڵاڵەی ئاڵای کوردستان ئامادە کرا. تێڕوانینی ئەو ڕووناکبیرانە کە “ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە بڕیار لە سەر چارەنووسی نەتەوەکان دەدرێت و بە فەرمی دەناسرێن”، هاندەری ئەوە بوو پێگەیەکی تایبەت بۆ ژنی کورد دروست بکەن و کەڵکی لێ وەربگرن بۆ ئەوەی کە بیکەن بە گۆڕەپانی جیاوازیی نەتەوەی کورد لە گەڵ نەتەوەکانی دیکە. بە واتایەکی تر، ئەو ڕووناکبیرانە بە گوتەی ژانێت کلایەن مەبەستیان “بە جێندەر کردنی ناسیۆنالیزمی کورد” و ڕزگاری و یەکسانی ژنانی کورد نەبوو، بەڵکوو لە ڕێگەی زەق کردنەوەی جیاوازیی ژنی کورد لەگەل ژنانی تورک و عەڕەب، دەیانویست ئەو فیکرە بسەلمێنن کە نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی جیاوازە و کولتوور و شێوەی ژیانی تایبەت بە خۆی هەیە هەر بۆیەش شایانی ئەوەیە کە دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت.[61]
بێگومان خاڵی سەرەکیی جیاوازیی نێوان کورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە دەبوو لە ئاڵای نەتەوایەتیدا خۆی نیشان بدات. هەر بۆیەش نیشانەی ڕۆژی پڕڕەنگ لە ئاڵای گەڵاڵەکراوی هاوینی ١٩٢٠دا مانایەکی بارکراوی تایبەتی هەیە. یانی بە پێجەوانەی ڕوانگەی باو، زۆر ژیرانە نییە بڵێین ئەو نیشانەیە لە ئایینە یەزدانییەکان- ئیزەدی، یارسانی و عەلەوی-یەوە وەرگیراوە، چونکە وەکوو ئاماژەی پێی کرا زۆربەی ئەو ڕووناکبیرانە پەروەردەی قوتابخانەی “کۆمیتەی تەعاون و تەڕەقی” بوون و نەک هەر ئایینی نەبوون بەڵکوو کەسایەتییە بەرچاوەکانیان، تێروانینی پۆزیڤیستی و سوسیال-داروینییان بۆ پێشکەوتن هەبوو.[62] هەرچەند، تا ئێستا وەکوو بەڵگە عەکسێکی ئاڵای دروست کراوی ساڵی ١٩٢٠ لە بەر دەست نییە. بەڵام ئەو ئاڵایە کە سوڕەیا بەدرخان لە “دۆسیەی کوردستان لە دژی تورکیا”[63] و دوایەش ڕێکخراوی “یەکێتیی نەتەوایەتیی کورد (خۆییبوون)” بە نێوی ئاڵای نەتەوایەتیی کورد بەکاری هێناوە، هەمان ئاڵای ساڵی ١٩٢٠ە و یان ئیلهامیان لەو وەگرتووە بۆ ئەو ئاڵایە کە وێنەکەی بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
بەڵام ئەو ئاڵایە کە ئێستا لە باشوور هەڵدەکرێ بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
جیاوازیی سەرەکی لە نێوان ئەو دوو ئاڵایە، لە چۆنایەتیی خۆرەکە و تیشکەکانیدایە. واتا ئەو ئاڵایەی ئێستا، هەم ژمارەی تیشکەکانی خۆرەکەی کەم کراونەوە و بۆتە 21دانە و هەمیش بە شێوەیەک کورت کراونەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتێک، ئەو گۆڕانکارییە لە نێوان ساڵانی ٩٩-١٩٩٨ لەلایەن گرووپێک لە چالاکوانانی کورد لە تاراوگە بە مەبەستی بەستانداردکردنی ئاڵای کوردستان بە ئەنجام گەیاندراوە. ئەو گرووپە پاش پەیوەندی لەگەڵ “ئەنیستیتۆی ئاڵا” و ڕێنەمایی وەرگرتن لە ئەوان لە بریتانیا، کۆمەڵیک گۆڕانیان پیشنیار و ئامادە کردووە کە دوایە لە لایەن کاربەدەستانی “هەریمی کوردستان”ەوە پەسند کراون. لە بارەی ئەو گۆڕانکاییە “مێهرداد ئیزەدەی” گووتوویەتی کە زۆر گرینگ بوو کە ژمارەی تیشکەکان کەم بکرێنەوە و ببن بە ٢١ کە ئەو ژمارەیە لە ئایینە کۆنەکانی کوردی وەکوو ئیزەدەی، یارسانی و عەلەوی” ژمارەیەکی پیرۆزە.[64] ژمارە ٢١ هێمایەکە بۆ دووبارە لەدایکبوونەوەی قەوارەیەک و یان بیرۆکەیەک. زۆر ڕاشکاوانە ئەوە ئاڵای نەتەوەییی دووبارە لە دایکبووی کوردە دوای ئەو هەموو ئاستەنگ، خەسار و ئازارەی کە لە ڕێگەی وەدەستهێنانیدا تووشی بووە.”[65]
بە پشت بەستن بەو زانیارییە دەکرێ بڵێین جێگیرکردنی ٢١ تێشکی خۆری نێو ئاڵای کوردستان و پەیوەستکردنی ئەوە بە ئایینەکانی ئیزەدی، یارسانی و یان عەلەوی، داهێنانێکی سەردەمییانەیە کە مێهرداد ئیزەدی و تیمەکەی گەڵاڵە و ئارستەیان کردووە و دوایە پەسند کراوە. لەو ڕاپۆرتەدا لە زمانی (مێهرداد ئیزەدی)یەوە گوتراوە کە پرۆسەی بەستاندارکردنی ئاڵای کوردستان بە چاوەدێریی ئەو لە نێوان ساڵانی ٩٩-١٩٨٩ بە ئەنجام گەیشتووە. ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق لە ١١/١١/١٩٩٩ یاسای ئاڵای کوردستانی پەسند کردووە کە لە مادەی ٣ی ئەو یاسایەدا سەبارەت بە خۆرەکە بەو شێوەیە باس کراوە “خۆرە زەردەکە هێمای بەردەوام بوونی ژیان و زانست و هیوا و ئومێدە و، (٢١) بیست و یەک تیشکەکەیش هێمای جەژنی نەتەوایەتیی نەورۆزە، ڕۆژی بەرخۆدان و ڕاپەڕین و شۆڕشی ڕزگاری دژ بە زوڵم و زۆر و چەوسانەوە.”[66]
ئەو شرۆڤەی یاسای ئاڵای کوردستان لەو خۆرە و ٢١ تیشکەکەی، هاوشێوەی لێکدانەوە و ئانالیزی مێهرداد ئیزەدی و تیمەکەیەتی. بێگومان لێرەدا مەبەست دژایەتی لەگەڵ بە ستاندارکردنی ئاڵای کوردستان، بەتایبەت پاش ئەوەی کە پەرلەمانی کوردستان یاسای ئاڵای کوردستانی پەسند کرد نییە. ڕووتێکەریی باسەکە لەگەڵ ئەو شرۆڤەیە کە بە مەبەستی پێناسەیەکی نەتەوایەتییانە لە خۆرەکەی ناو ئاڵای کوردستان پەنا بۆ ئایین، بە تایبەت ئەو جۆرەی کە مێهرداد ئیزەدەی دەڵێت، “سێ لقی باوەڕی یەزدانی، واتا ئیزەدی، یارسانی و عەلەوی”[67]، دەبات. هاوکات ئەو لێکدانەوەیەی یاسای پەرلەمانی کوردستان کە لە لایەکەوە ئەو خۆرە وەکوو هێمای بەردەوام بوونی ژیان و زانست و هیوا و ئۆمێد و لە لایەکی ترەوە، ٢١ تیشکەکەیش وەکوو هێمای “جەژنی نەتەوایەتیی نەورۆزە، ڕۆژی بەرخۆدان و ڕاپەرین و شۆڕش ڕزگاریی دژبە زوڵم و زۆر و چەوسانەوە” پێناسە دەکات کێشەئامێزە. چونکە لایەنی یەکەم زۆر گشتییە و خۆر دەتوانێ وەکوو چەمک هێمای شتگەلی تریش بێت.[68] لایەنی دووەم، واتا ئەو ٢١ خۆرە هێمایەک بۆ ٢١ی مانگی سێ و جەژنی نەورۆز وەکوو جەژنێکی نەتەوایەتیی کورد، هەم دیسان جیی مشتومڕە، یەکەم؛ چونکە لانیکەم لە پاڵ نەتەوەی کورد نەورۆز بەشێکی جیانەکراوەیە لە باوەڕ و کولتووری ٣٠٠ ملیۆن خەڵك کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەژین؛ دووەم، شرۆڤەیەکی ئاوا پێناسەیەکی نەریتییانە لە نەتەوەی کورد ئاراستە دەکات کە لە ڕوانگەی تیۆریی کۆمەڵایەتییەوە جێی گومانە.
بێگومان مرۆڤ لە ڕێگەی بەمانادارکردنی هێماکان لە ژیاندا و تێگەیشتنێکی قووڵتر لە واتای هێمایی، باشتر جیهانی دەورووبەری خۆی دەناسێ و لێکدەداتەوە. ئێمە بە پێداچوونەوە بە نیشانە و هێماکان، ئەندێشەی پێشینییان دووبارە وێنادەکەینەوە و ئاوڕ لە تایبەتمەندیی ئەندێشەی ئەوان دەدەینەوە. نیشانەناسی یەکێک لە شێوازەکانی دووبارە پێداچوونەوە، دووبارە وێناکردنەوە و هەندێ جار دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەو ڕوانگە، هەڵسوکەوت و ڕامانانەیە کە پەیوەندییەکان و ناتەبایییەکان دەستنێشان و شرۆڤە دەکەن. بەس لێرەدا باسی ڕابردوو دەکەین و مرۆڤ لە دوبارە وێناکردنەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو هەمیشە شێوازێک لە شرۆڤەی عەقڵانی بە سەر ڕابردوودا دادەسەپێنێ کە لە ئەسڵی خۆیدا بوونی نەبووە. لە ڕوانگەی مێتۆدی مێژووکاریدا ئەو کارە نەتەنیا هەڵە نییە بەڵکوو پێویستیشە، چونکە ئێمە هەنووکە زانیاریی زۆرترمان لە خودی ئەو یاریکەر و کەسانەی کە لە خوڵقاندنی ڕابردوودا دەوریان هەبووە سەبارەت بە دۆخەکە هەیە.
دوو شرۆڤە و دوو لێکدانەوە سەبارەت بە نیشانەی ئاڵای کوردستان کە نیزیک بە ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا دروست کراوە، لە لایەکەوە، شرۆڤەی مێهرداد ئیزەدی و هاورێیانی کە هەوڵ دەدەن نیشانەی ئاڵای کوردستان، وەکوو هێمای نەتەوەی کورد بە باوەڕ و کولتوورە ئایینییەکانی یەزدانییەوە پەیوەست بکەن. لەلایەکی ترەوە، لە سەر بنەمای شیکردنەوەی دۆخی سیاسی-مێژوویی نێوان ساڵانی ١٩٢٠-١٩١٨، ئەو هەوڵە کە دەخوازێ زەنجیرەیەک لە نێوان سیاسەتی “بەجێندرەکردن”ی بیری نەتەوایەتیی کورد و ئەو خۆرە دەرەوشاوەیەی ناو ئاڵای کوردستان وێنا بکات. واتا ئەو توێژە ڕووناکبیرە کوردەی کە لە ڕۆژنامەی ژیندا بە گەرمی لە سەر تایبەتمەندیی ژنی کورد دەیاننووسی و وەکوو ئامێرێک بۆ دەستنیشان کردنی جیاوازیی نەتەوەی کورد لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە، بەتایبەت تورک، بەکاریان دەهێنا، ئەو خۆرە ڕەچەڵەک و هەروەها واتایەکی ئایینیی بۆیان نەبوو.
بە پێی بەڵگەکان ئەو توێژە ڕووناکبیرە کە لە “‘جەمعییەتی تەعالیی کورد” بە هۆی پەسند نەکردنی سیاسەتی سەربەخۆیی لە لایەن سەرۆکی جەمعییەت، سەید عەبدولقادر شەمزینان، جیابوونە و “تەشکیلاتی ئێجتماعییەی کورد”یان دامەزراند، ئاڵای کوردستانیان داڕشت. پاژەی باسی من لە سەر دوو کۆڵەکە وەستاوە؛ یەکەم ئەو گرووپە لە باری پاشخانی فیکرییەوە عیلمانی بوون و زۆر لۆژیکی نییە ئەو خۆرە لە لایەن ئەوانەوە وەکوو هێمای بیری یەزدانی نەخشێنرابێت. دووەم، هەر بیرێکی نەتەوایەتی لە سەر بنەمای دوفاقیی “ئێمە” و “ئەوان” دەبێت لە وێژمانیدا دیالێکتیکی “یەکگرتوویی”ی نەتەوەیی لە پاڵ “جیاواز و جودابوون” لەگەڵ ئەوانی تر گەڵاڵە بکات و نیشانەی ناو ئاڵای کوردستان دەبێتە مێتافۆریک بۆ ئەو کارکرد(فۆنکسیۆن)ە. واتا ئەو خۆرە درەوشاوەیە هەم لە لایەکەوە هێما بۆ یەکگرتووییی ڕیزەکانی نەتەوەی کوردە و لە لایەکی ترەوە، دەرخەری تابەتمەندی، جیاوازی و سنووری کولتووری-سیاسی لە نێوان “نەتەوەی کورد” و “ئەوانیتری”، بە تایبەت نەتەوەی تورکە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە ڕێبەرانی “تەشکیلاتی ئێجتماعییەی کورد” پاشخانێکی باشیان لە ئەدەب و شێعری فارسی و کوردی هەبوو و لە شێعری فارسییدا، لە لایەکەوە نوور، بە تایبەت نووری خۆر، نیشانەی یەکگرتوویی و یەکێتییە؛ بۆ وێنە، لە مەسنەویی مەولەویدا فرەچەشنییەکان لە ژێر تیشکی خۆر بەرەو یەکگرتوویی مەیل دەکەن و، لە لایەکی ترەوە، هێما و مێتافۆرێکە بۆ درەوشاوەیی و جوانی، بە تایبەت جوانیی سیمای ژن. بە لێکدانەوەی من، نیشانەی خۆری درەوشاوەی ئاڵای کوردستان بۆ ئەو ڕووناکبیرە کوردانە لە نیوان ١٩٢٠-١٩١٨دا[69] هەر دوو کارکردی (فۆنکسیۆنی) هەبوو.
وەکوو ئاماژە پێ درا، باس و لیدوان لە سەر تایبەتمەندیی ژنی کورد لە لایەن نووسەرانی گۆڤاری “ژین”ـەوە و بە تایبەت جەختی زۆریان لە سەر پێگەی ژنان لە کۆمەڵگای کوردەواریدا، دەرخەری ئەوە بوو کە تایبەتمەندیی ژنی کورد، سۆنگەیەکی گونجاوە بۆ نیشاندانی جیاوازیی نەتەوەی کورد لەگەڵ نەتەوکانی دیکە، بە تایبەت لەگەڵ تورک. لەو گۆشەنیگایەوە ڕازاندنەوەی ئاڵای کوردستان بە مەبەستی داواکردنی سەربەخۆیی لە کۆنفڕانسی ئاشتی بە خۆرێکی زێڕین و لە ڕووی سیاسییەوە مانا و واتایەکی تایبەتی هەبوو. لەو پاشخانە فیکرییەوە بوو کە ڕێکخراوێکی تایبەت بە ژنان لە کوردستان بە نێوی “جەمعییەتی تەعالیی ژنانی کورد”(کورد کادینلاری تەعالی جەمعیەتی) بە مەبەستی بەشدارکردنی ژنان لە ڕاسانی نەتەوایەتیی کورد دادەمەزرێ.
دامەزراندنی ئەو جەمعییەتە پەیوەست بە بۆچوون و سیاسەتی “بەجێندەرکردنی” پرسی کورد بە مەبەستی نیشاندانی جیاوازیی نەتەوەی کورد لەگەڵ تورک بوو. بۆ وێنە لە ژمارەی ١٤ی “ژین”دا بابەتێک بە نێوی “خانمی کورد” نووسراوە کە تێیدا کۆمەڵیک خاڵی جێی سەرنج هاتووە. لە بەشیکی ئەو وتارەدا نووسەر دەنووسێ: “ئێمە بارودۆخی ئێستای ژنانی کۆمەڵگایەکی وەها دیندار، بە گونجاو لەگەڵ پێداویستییەکانی ئەم سەدەیەماندا دەزانین. ئەو بارودۆخە، لە بەردەمی پێشکەوتنی کوردایەتیدا، ئاسانکاری دەکات و نموونەشی لە نێو نەتەوەکانی تر و بەتایبەت تورکدا زۆر کەمە و تەنانەت بەرچاویش ناکەوێت، جگە لە پێویستییە بنەڕەتییەکانی پۆشتەیی و سەرپۆش بە پێی ئیسلام، ژنی کورد ئازادە و خۆی داناپۆشێت لە نێو ژیانی کۆمەڵایەتیشدا کە پیاوانیش هەن، پێگە و پایەیەکی بەرزیان هەیە و لە نێو چینی باڵادەستی کوردستانیشدا، هەندێک لە ژنان توانیویانە سەڵتەنەت و پاشایەتی بۆ خۆیان دابمەزرێنن […] ئەو کۆمەڵگایانەی کە ژنان شانبەشانی پیاوان، بەشداریی تێکۆشانە کۆمەڵایەتییەکان ناکەن، تووشی قەیران دەبن، مەگەر لە یەکەم شەڕی جیهانیدا نەمانبینی؟ ئامادەترین نەتەوەکانی ئەو جەنگە، ئەوانە بوون کە ژنانیان هاوشانی پیاوەکانیان بەشدارییان لە جەنگدا کرد. […] ئەگەر بمانەوێ دەنگی خۆمان بگەیەنینە جیهانی شارستانی، پێویستە هەموو پێشکەوتنەکانی زانست و تێکنۆلۆژیا لەئەورووپا و ئەمریکا وەربگرین.”[70]
لێرەدا هەمدیسان بە پێویستی دەزانم پێ لەسەر دوو خاڵ دابگرم: یەکەم، نە چەمکی “بەجێندەرکردنی ناسیۆنالیزم” و نە ئەو باسەی من، هیچکامیان ناخوازن ئەو فیکرە جێ بخەن کە گۆیا ناسیۆنالیزمی کوردی لەو قۆناغەدا دەرخەری بیری فێمینیستی و یان بەرنامەی ئازادی و یەکسانیی ژنان بووە. لەو بارەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ناسیۆنالیزمی کوردیی ئەو کاتە و تێڕوانیینی جووڵانەوەکانی تر لە ناوچەدا نەبوو. مەبەست لە چەمکی بەجێندەرکردنی ناسیۆنالیزم، بەکارهێنانی مەسەلەی ژن وەکوو ئامێرێک بۆ سەلماندنی تایبەتمەندیی نەتەوەی کورد و جیاوازی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ناوچە، بەتایبەت لەگەڵ تورک، بوو.
دووەم، وەکوو پێشتر ئاماژەی پێ کرا لێرەدا بە هیچ شێوازێک باسی هەموو جووڵانەوەی کورد لە بەشی باکووری کوردستانی ئەو کات ناکەین، بەڵکوو جەختی سەرەکی لە سەر سیاسەت و وێژمانی نوخبەیەکی کوردە کە بە هۆی ئاشنایی لەگەڵ هزر و دامەزراوە مۆدێڕنە ڕۆژئاوایییەکان، کۆمەڵیک بیرۆکە و چەمکی مۆدێڕنیان ئاوێتەی سیاسەت و وێژمانی خۆیان کردبوو. ئەمڕۆ کە بەو ڕۆژنامانەدا دەچینەوە، هەست دەکەین وێژمانی ئەوان تا ئاستێکی زۆر هەم هەڵبژێردراو و هەمیش ناسیستەماتیکە، کە زۆر سەیر نییە. بەڵام خاڵی گرینگ ئەوەیە کە ئەو توێژە لە ڕووناکبیرانی کورد کە بە دوای ئەوەوە بوون لە پێکهاتەی سیاسی-کۆمەڵایەتیی ئیمپراتۆریی عوسمانی، پێگەیەکی شیاو لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات بۆخۆیان دابین بکەن؛ بە ئاگاداری لە ئەوەکە “لە سەردەمێکدا دەژین کە بڕیار لەسەر چارەنووسی سیاسیی نەتەوەکان دەدرێ” [71]، سیاسەتی نەتەوەیییان پێ کارامەترین ئامراز بوو بۆ دابینکردنی پێگەیەکی شیاو بۆ خۆیان لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی لە ناوچەکەدا کە لە حاڵی گۆڕاندا بوو.
هاوکات دوای بڵاوبوونەوەی ڕێککەوتننامەی کورد و ئەرمەن بۆ کۆنفڕانسی ئاشتی لە لایەن شەریف پاشا، وەکوو سەرۆکی وەفدی نەتەوەییی کورد و بۆغۆس نۆبار، وەکوو سەرۆکی وەفدی نەتەوەییی ئەرمەن؛ مشتومڕ و دووبەرەکیی لە ناو ڕیزەکانی “جەمعییەتی تەعالیی کوردستان” لێ کەوتبووەوە. وتووێژ و لێدوانەکانی سەید عەبدولقادر لەگەڵ ڕۆژنامەکانی ئەو کاتەی تورکیا سەبارەت بە ڕێککەوتننامەکە و ئامانجی سیاسیی کورد، جیاوازییە فیکرییەکانی گەیاندە بارگرژییەکی بێ دەرەتان. بێگومان پێگەی سەید عەبدولقادر لە مەجلیسی پیران، ڕێگەی پێ نەدەدا کە بە ڕاشکاوی بەرگری لە ئەو ڕێککەوتننامەیە بکات، هەر بۆیەش لە جیاتی سەربەخۆیی، بە شێوەیەکی شەرمنانە بیرۆکەی ئۆتۆنۆمی لەچوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانیی پێشنیار کرد. بۆ وێنە ڕۆژنامەی ئیقدام لە ژمارەی ٢٧ی شوباتی ١٩٢٠دا وتووێژێکی لەگەڵ سەید عەبدولقادر لە ژێر سەردێری “سەید عەبدولقادر، کوردەکان و عوسمانچێتی” بڵاوکردەوە کە لە بەشیکیدا هاتووە:
“پرسیار: ئایا ئەو یەکێتییەی کە لە نێوان ئەرمەن و کوردەکاندا باس دەکرێت، دەشێت دروست بکرێت، شتێکی شیاوە یان نە؟
وڵام: ڕێککەوتنێکی وەها هیچ زەمینەیەکی جێبەجێ کردنی نییە، ناشێت شتی وا ڕووبدات. ئێمە داوا دەکەین سنوورەکانمان لەسەر بنەمایەکی یەکسان دابەش بکرێت.
پرسیار: ئایا شەریف پاشا نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد دەکات؟
وڵام: شەریف پاشا لەلایەن جەمعییەتی تەعالیی کوردستانەوە وەکوو ئەندام ڕەوانەی ئەو کۆنفڕانسە کراوە. بە ڕای من جەمعییەتی تەعالیی کوردستانیش، نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد دەکات.
پرسیار: بیر و بۆچوونتان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و تورک چییە؟
وەڵام : تورکەکان برای خۆشەویست و هاودینی ئێمەن، وەکوو موسوڵمانەکان مومکین نییە ئێمە دوژمنایەتیی یەکتر بکەین. ئێمە تەنیا داوای ئەوە دەکەین بە شێوەیەکی ئازادانە پێش بکەوین. ئەو پرۆپاگەندانەی کە دەکرێن و گوایە شەریف پاشا و بۆغۆس نۆبار لەدژی تورکەکان ڕێک کەوتوون، بێ بنەمان، شتی وەها تەنانەت کە گفتوگۆکانی ئێمەشدا ناکرێت بە بابەتی قسەکردن. هەموو ئەمانە پرۆپاگەندەیەکن بۆ ئامانجی دیاریکراو ئەنجام دەدرێن.
پرسیار: داواکارییە ڕاستەقینەکانی نەتەوەی کورد چین؟
وەڵام: ئێستا پێنج تا شەش ویلایەت هەن کە کوردەکانی تێدا نیشتەجێن، حکومەت با ئۆتۆنۆمی بداتە ئەو ویلایەتانە و دەرفەتی ئەوشمان پێی بدرێت ئێمەش لە ڕێگەی ئەو کەسە دادپەروەر و دروستانەی کە خۆمان دیارییان دەکەین، پێش بکەوین. هەروەکوو کەمێک بەر لە ئیستا باسم کرد، بەهیچ شێوەیەک هەستی دژایەتیمان بەرامبەر بە تورکان نییە. با تورکانیش لەگەڵ ئێمەدا لەنێو ئەو بەرێوەبەرایەتییە ئۆتۆنۆمییەدا کە دادەمەزرێت، بەشداربن.”[72]
لێداونەکانی سەید عەبدولقادر مشتومڕ و ناکۆکییە فیکرییەکانی لە ڕیزی جەمعییەتدا زیاتر قووڵ کرد. بە تایبەت لە کاتێکدا ڕەوشی ناوچەی دێرسیم نائاسایی بوو و بارگرژی لە نێوان ئانکارا و کوردەکانی ئەو ناچەیە ڕووی لە زیابوون بوو. لەحاڵێکدا کە کاربەدەستان و بەرپرسانی سەربازیی کەماڵیستی هەڕەشەیان لە کوردەکانی ئەو ناوچەیە دەکرد، جەمعییەتی تەعالیی کوردستان لە ژێر سەرکردایەتیی سەید عەبدولقادر بێدەنگیی هەلبژاردەبوو. نووری دێرسیمی باس لە کۆبوونەوەیەکی جەمعییەت دەکات و دەگێڕێتەوە: “لە کۆبوونەوەکەدا لاوان بڕیاریان دا سەربەخۆییی کوردستان ڕابگەیەنن و سەید عەبدولقادر سەرۆکی مەجلیس، دژایەتیی ئەو داواکارییەی […] بە لاوەکان دەڵیت: تورکەکان لە بنەڕەتدا دەیانەوێت کوردستانێک دابمەزرێنن و ڕازی بوون بەرێوەبەرایەتییەکی ئۆتۆنۆمی کوردیی سەر بە پادشای عوسمانی دابمەزرێت. هەروەها ئەوەشی دەگوت: ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان تورکەکان لەم بەڵێنەی خۆیان پەشیمان ببنەوە، ئەوا نەتەوەی کورد دەتوانێ بە زۆری بازووی خۆی ئەوە جێبەجێ بکات.”[73]
لە ئاکامی ئەو ڕەوتەدا بوو کە ناکۆکی و ململانێ لە ڕیزی ئەندامانی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان لە کۆتایی ١٩١٩ و سەرەتای ساڵی ١٩٢٠ گەیشتۆتە بنبەست و لەئاکامدا لە پڕ چاپ و پەخشی گۆڤاری “ژین” ڕاگیرا.”محەمەد ئەمین بۆزئەرسڵان” دەڵێت: لەوانەیە ڕاگیرانی چاپ و پەخشی “ژین” لەبەر دووبەرەکی و ململانێ لە نێوان کادیرانی ژین و سەرکردایەتیی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان بووبێت.”[74] لە ڕووی ئەو زانیارییانەی کە لەو سەرچاوانە دەستمان دەکەوێت دەتوانین بڵێین جیابوونەوەی کۆمەڵێک ڕۆشنبیری گەنج و کەسایەتیی سەربەخۆییخواز لە سیاسەتی سەید عەبدولقادر لە نێوەڕاستی ساڵی ١٩٢٠ بووبێت و وەکوو گریمانەیەک “لەوانەیە لە مانگی تەمووز”ی[75] ئەو ساڵەدا ڕوویدابێت. زنار سلۆپی لەمبارەوە دەنووسێ: “دوای ئەوەی “جەمعییەتی تەعالیی کوردستان” لە سەر نەخشەی کوردستان و داواکردنی مافی کورد بە شێوەی ئۆتۆنۆمی، بەسەرکردایەتیی سەید عەبدولقادر شەمزینان و داواکردنی سەربەخۆییی کوردستان بە سەرکردایەتیی ئەمین عالی بەدرخان، دووبەرەکیی تێ کەوت لە ئەنجامدا لایەنگرانی ئەمین عالی بەدرخان کۆمەڵەیەکی نوێیان بە ناوی “تەشكیلاتی ئێجتماعییەی کورد” پێک هێنا، کۆمەڵەی دووەم بوو کە نەخشی “ئاڵای کوردستانی” دیاری کرد کە بەو شێوەی خوارەوە بوو: “لە سەرەوە ڕەنگی سوور، لە ناوەڕاستدا ڕەنگی سپی کە خۆرێکی درەوشاوەی تێدابوو، لە خوارەوە ڕەنگی سەوز و بە ناوی ئاڵای کورد، بڵاویان کردەوە.”[76]
پێش جیابوونەوە و دامەزراندنی کۆمەڵەی نوێ، مەسەلەی ژنی کورد، لە بۆچوونی ئەو ڕۆشنبیرانەدا کە نووسەران و کادیرەکانی گۆڤاری”ژین” بوون شوێنێکی بەرچاوی پەیدا کردبوو، بە هۆی کۆمەڵیک ڕووداوی دیکە لە داڕشتنی ئاڵای کوردستان ڕەنگی داوە. ئەڵبەت، لێرەدا من پێ لە سەر ئەوە دادەگرم کە تا ئاستێکی بەرچاو ئەوە دەرئەنجامی بەڕێکەوتی ئەو ڕووداوە بوو، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە مەسەلەی ژنی کوردەوە نەبوو.[77] لە ڕاستییدا لە نێوان ١٩٢٠-١٩١٨ کۆمەڵێک ڕووداوی تر لە ئارادابوون کە هەرچەند هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە مەسەلەی ژنی کوردەوە نەبوو، بەڵام دەکرێ سەرنجی ڕووناکبیرانی ئەو کاتەی کورد لە باکوور، لە سەر مەسەلەی ژنی کورد و بەکارهێنانی وەکوو ئامێرێک بۆ سەلماندنی جیاوازیی کورد لەگەڵ نەتەوەکانی تری ناوچە، وەکوو دەرئەنجامی ئەو ڕووداوانە لێکبدرێتەوە. بەو شێوەیەی خوارەوە بە کورتی ئاماژە بەو ڕووداوانە دەکەم:
الف. دامەزراندنی یەکێتیی گەلان: لە ساڵی ١٩١٩ “یەکێتیی گەلان” وەکوو سیستەمی نێونەتەوەیی بە فەرمی دامەزرا و ئەندامێتیی ئەو ڕێکخراوەیە بە واتای شەرعییەت بۆ بەدەوڵەت-نەتەوە بوون بوو.
ب. گرینگیی پرسی ژن لەو قۆناغەدا: مافی دەنگدان و ڕەنگدانەوەی مەسەلە و داخۆزییەکانی ژنان و شوێندانەری لەسەر سیاسەتەکانی “یەکێتیی گەلان”. ئەڵبەت ئەوە ئاکام و دەرئەنجامی چالاکیی بێ وچانی ژنانی فێمێنیست لە ئەورووپا و ئەمریکا لە نێوان ساڵانی شەڕی یەکەمی جیهانی بوو. لەو بارەیەوە بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە: دامەزراندنی حیزبی ژنانی ئەمریکا لە ساڵی١٩١٣؛ ڕێکخستنی گۆنگرە و “پەیماننامەی ژێنیڤ”، دامەزرانی “کۆمەڵەکانی یەکێتیی ژنان بۆ شارۆمەندی یەکسان لە ساڵی ١٩١٩ لە بریتانیا، بکەین. لە ژێر کاریگەریی ئەو چالاکییانەدا بوو کە ڕێکخراوی “یەکێتیی ژنان بۆ یەکێتیی گەلان” وەکوو دامەزراوەیەکی یەکێتیی گەلان لەساڵی ١٩٢٠ پەسند کرا و ژنیک بۆ سەرۆکایەتیی بەشی کۆمەڵایەتیی یەکێتیی گەلان دیاری کرا.
پ. دۆخی هەستیار و ناسەقامگیر لە ناوچە، بۆ هێزەکانی بریتانیایی: ١) دابەزین و داگیرکردنی سەمیرنا و ئانتالیا لە مانگی ئایاری ١٩١٩ لە لایەن یۆنان و ئیتالیا و کاریگەریی نەرێنییانەی ئەو ڕووداوە لەسەر تێڕوانینی خەڵکی موسڵمان؛ ٢) خەمساردیی سەرۆک ویلسۆن لە بەشداریی چالاکانە لە کاروباری کۆنفڕانسی ئاشتی؛ ٣) ئامادەنەبوونی بەشداریی چالاکانەی سەربازی بە مەبەستی دابین کردنی ئاسایشی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هاوپەیمانان لە لایەن فەڕەنساوە؛ ٤) سەرهەڵدانی هێزی کەماڵییەکان و دژایەتیی ئاشکرایان لە بەرانبەر هاوپەیمانان. دۆخێک کە بریتانیای ناچارکرد کارتی کورد لە بەرانبەر پێشرەویی هێزەکانی بەکار بهێنێ.
بە کورتی دەتوانین بڵێین زەق بوونەوەی ویستی نەتەوایەتی و سەربەخۆییی کورد وەکوو دەرئەنجامی ناڕاستەوخۆی کۆمەڵیک ڕووداو بوون کە لە سەرەوە ئاماژەمان بە هەندێکیان کرد.
ڕەنگە لێرەدا پرسیارێک زەق بێتەوە کە پاژەی ئەو باسە کە خۆرەکەی ناو ئاڵای ساڵی ١٩٢٠ بە سیمای ژن دەشوبهێنی لە کوێوە دێت. بۆ سەلماندنی دروستیی ئەو باسە دەکرێ بە کورتی ئاماژە بەو چەند تەوەرەی خوارەوە بکەین:
یەکەم: ئەو ڕووناکبیرە کوردانە کە داڕێژەری ئاڵای کوردستان بوون، ئاگاداربوون کە زۆرینەی گەشتیارانی ڕۆژئاوایی لە سەفەرنامەکانیاندا سەبارەت بە تایبەتمەندیی خەڵکانی ناوچەکە، بە باشی باسی خوو و ڕەوشت و ئازاد بوونی ژنانی کوردیان کردووە.
دووەم: بۆ ئەو ڕووناکبیرانە، کە ئاشنایی و شارەزایییەکی باشیان لە زمانی فەڕەنسەیی هەبوو، فەڕەنسا ناوەندی سەرەکیی ڕۆشنگەریی ڕۆژئاوایی بۆ ئەزموونکردن و ئیلهام لێ وەرگرتن بوو.[78] تا ئەو ئاستەی کە د. عەبدوڵڵا جەودەت لە گۆڤاری یەکگرتندا دەنووسێ ” شتێک بە نێوی شارستانییەتی دووەم بوونی نییە، شارستانییەت یانی شارستانییەتی ڕۆژئاوایی و دەبێت بە گوڵەڕۆزەکان و دڕووەکانییەوە هاوردە بکرێت.”[79] هاوکات لە هزری فەڕەنسایی جەختکردن لەسەر ڕەهەندی سوبژەیی بۆ پێناسەی نەتەوە پێشینەی هەبوو. بۆ وێنە ڕێنان نەتەوە وەکوو ڕۆح و یان پڕینسیپی مەعنەوی پێناسە دەکات. “نەتەوە ڕۆح و پرەنسیپێکی مەعنەوییە. ئەو دوو شتە، کە لە واقیعدا یەک شتن، ڕۆح یان پرەنسیپە مەعنەوییەکە پێک دێنن. یەکیان لە ڕابردوو، ئەوی تریان لە هەنووکەدایە. یەکیان بریتییە لە خاوەنداریی نەریتێکی دەوڵەمەندی کۆبیرەوەریی کۆمەڵی؛ ئەوی تریان ڕەزامەندی لە هەنووکە، خولیای پێکەوە ژیان و ئەو ئیرادەیەی کە پارێزگاری لە بەهای میراتێک بکات کە تاک لە ڕابردوووەوە و لە شێوازی دابەش نەکراو بۆی ماوەتەوە.”[80]
سێیەم: پەیوەست بە خاڵی پێشوو لە نەریتی ناسیۆنالیزمی فەڕەنسایی ژن و جەستەی ژن هێمایەکی سەرەکی بۆ گەڵاڵەکردنی بیری نەتەوایەتی بوو. بۆ وێنە جووان لەندێس لە توێژینەوەیەکی بەنرخ لە ڕەوتی ڕووداوەکانی دوای شۆرشی فەڕەنسا لە نێوان ساڵانی ٩٥-١٧٨٩ لە ژێر سەردێڕی “نەخشاندنی نەتەوە: جێندەر، نوێنەرایەتیکردن و شۆڕش لە فەڕەنسای سەدەی ١٨” ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە چۆن لە دوای شۆڕش ژن کارکردی هێمایی بۆ دروشمەکانی شۆڕش واتا ئازادی، یەکسانی و ڕزگاری هەبوو.[81] لە پاڵ ئەوەدا بۆ زۆرینەی نەتەوە ناسراوەکانی جیهان، ژن هێمای بوونی نەتەوە بووە. بۆ وێنە، ماریان یان ژاندارک وەکوو هێمای نەتەوەی لە فەڕەنسا، خاتوونی بریتانیا سیمبولی نەتەوەی بریتانیایی و، خاتوونی ئازادی بۆ بیری ئەمریکایی .
چوارەم و لە کۆتاییدا؛ پاژەی ئەو باسە تا ئاستێکی بەرچاو گرێدراوی خوێندنەوەیەکی هاوچەرخانە لە چەمکی ناسیۆنالیزم و دیاردەی نەتەوەیە. ستیوارت هال دەڵێت چەمک و دەستەواژەی “کۆمەڵە وێناکراو” هەڵقوڵاوی “ئەو ئانالیزە بوو کە دیاردەی نەتەوە وەکوو ئاکامی بەرهەمهێنان و دووبارەبەرهەمهێنانی سیستەمێکی کولتووریی نوێنەرایەتی کردن و هەلسووکەوتی کۆمەڵایەتی لێکدەداتەوە”.[82] خاڵی بنەرەتی لە تێڕوانین و داهێنانەکەی بێنیدیت ئاندرسۆن، واتا “کۆمەڵە وێناکراوەکان” ئەوەیە کە ناکرێ و نابێت ناسیۆنالیزم تەنیا وەکوو ئایدیۆلۆژییەکی سیاسی و یان فۆرمێکی سیاسی کە ڕەنگدانەوەی خۆبەڕێوەبەریی نەتەوەیە پێناسە بکرێت. بەڵکو هەروەها ناسیۆنالیزم هاوکات بەرهەمێکی کولتوورییە. ئاندرسۆن دەڵێت: نەتەوە “کۆمەڵەیەکی سیاسیی وێناکراوە” و بە شێوەیەکی بنچینەیی هەم سنووردار و هەمیش خۆبڕیارە.[83]” پاژەی سەرەکیی ئەو پێناسە کورتەی نەتەوە لە سەر چوار ڕەهەند و یان لایەن وەستاوە:
یەکەم) نەتەوە “وێناکراوە چونکە ئەندامانی تەنانەت بچوکترین نەتەوەش هیچ کات ناتوانن هەموو هاونەتەوەکانیان بناسن، چاویان پێیان بکەوێت و تەنانەت گوێیان لە دەنگیان بێت، بەڵام لە مێشکی هەر کامیاندا بەردەوام پەیوەندییەکی هاوسۆزیی هەڤبەرانە لەگەڵ هاونەتەوەکانیان بوونی هەیە”.
دووەم) نەتەوە “بە شێوەیەکی سنووردار وێناکراوە چونکە تەنانەت گەورەترینی ئەوان، کە ڕەنگە بریتی لە بلیۆنێک مرۆڤی زیندوو بێت، سنوورێکی داخراوی هەیە، کە لەوبەری سنوورەکە، نەتەوەکانی دیکە دەژین، هیچ نەتەوەیەک خۆی هاوسنوور لەگەل مرۆڤایەتی وێناناکات.”
سێیەم) نەتەوە “وەکوو خۆبڕیار و یان سەربەخۆ (ساوڕین) وێنا دەکرێ، چونکە چەمکەکە لە سەردەمێکدا لەدایک بوو کە ڕۆشنگەری و شۆڕش، بنەمای شەرعییەتی دەسەڵاتی هیرارشییانەی بنەماڵەیی و سیستەمیکی حوکمرانیی لەناو برد کە پیرۆزیی لاهوتیی پێ درابوو.”
چوارەم) “لە کۆتاییدا وەکوو کۆمەڵە وێناکراوە، چونکە جیاواز لە نایەکسانی و چەوسانەوە کە ڕەنگە لە هەر کامێکیاندا هەبێت، نەتەوە هەمیشە وەکوو هاورێیەتییەکی قووڵ و ئاسۆیی دێتە بەر چاو”.[84]
جەختی سەرەکی لەو پێناسەیەدا لەسەر جۆری نوێی هەست و بیرکردنەوەیە کە سووژەی نەتەوایەتی بەرهەم دەهێنێ. هاوکات بەرهەمهێنان و یان دروستکردنی سووژەی نەتەوایەتی لە وێژمانێکدا کە ڕەهەندە جیاوازە کولتووری و زمانییەکان تێوەدەگلێنێ، بە ئاکام دەگات. لە ناوەندی ڕامانی ناسیۆنالیستیدا شێوازێکی تایبەتی لە بیر و هەستکردن هەیە کە پاڵپشتی لە هەڵسوکەوتێکی کۆمەڵایەتیی نوێ دەکات. بە نۆرەی خۆی ئەو هەڵسوکەتەش لە ڕێگەی هەست، خولیا و ڕامانی کۆمەڵییەوە قەوارە دەگرێ. لە ڕوانگەی ئاندرسۆنەوە شێوازی نوێی بیرکردنەوە و ڕامانی ناسیۆنالیستی، ئاکامی گەشەسەندنی میدیا و ڕاگەیاندنە چاپییەکانە کە خۆیان بەرهۆی پەرەسەندنی “سەرمایەداریی چاپ”[85] لە سەدەی ١٨ی زایینیدا بوون. ئەو میدیا و ڕاگەیاندنە چاپییانە بوون کە زەمینەیەکی لەباریان بۆ تێگەیشتن لە “کاتی بەتاڵبوو و هاوچەشن”[86] نە تەنیا بۆ توێژی ڕووناکبیر، بەڵکوو بۆ کۆمەڵانی خەڵک پێکهێنا. لە ئاکامی ئەو پەرەسەندەنە و کاریگەریی بیری نوێدایە کە ئەندامانی کۆمەڵگا لە باری زانیارییەوە توانستی ئەوەیان پەیدا کرد کە خۆیان بە شێوەیەکی ئاسۆیی و هەڤبەرانە وەکوو نەتەوە وێنا بکەن. بە باوەڕی من تەنیا باسێک کە دەکرێ بەو تیۆرییە زیاد بکرێ ئەوەیە کە کێ (چ گرووپێک)، کەی، چۆن و لە کام دۆخ و شوێندا کردەی وێنا کردنی ئەندامانی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی ئاسۆیی و هەڤبەرانە بەئەنجام دەگەیەنێ؟
لە کۆتایی و کۆبەندێکی کورتی ئەو باسەی کە پێشکەش کرا، دەخوازم بڵێم کە ئەو گرووپە ڕووناکبیرەی لە نێوان ١٩٢٠-١٩١٩ کە گۆڤاری “ژین”دا دەیاننووسی و دەستپیشخەریی داڕشتنی ئاڵای کوردستانیان کرد و نیشانی ئاڵاکەیان بە خۆرێکی دەرەوشاوە ڕازاندەوە کە کارکردی هێماییی هەم یەکگرتووییی نەتەوەی کورد و هەمیش بۆ نێشاندانی تایبەتمەندی و جیاوازیی نەتەوەی کورد لە گەڵ نەتەوەکانی دیکە، بە تایبەت لەگەڵ نەتەوەی تورک، هەبێت. ئەو ئاڵایە بە مەبەستی داوای ویستی سەربەخۆییی کورد لە کۆنفڕانسی ئاشتی داڕێژراوە و نێشانەکەی، واتا خۆری زێڕین، هەوێنیکی باش بۆ سەلماندنی ڕەسانەیەتیی کورد وەکوو نەتەوەیەکی خاوەن ڕابردوو و هەمیش مێافۆڕێکی دەوڵەمەند بۆ وێناکردنی تایبەتمەندیی کورد لە ڕێگەی مێتافۆری ژنی کوردەوە بوو. ڕەنگە لێرەدا بگوترێ لە ئەدەبیاتی کوردیدا جوانیی ژن، زۆرتر بە مانگ دەشوبهێنن. ئەوە ڕاستە، بەڵام بە چەند هۆ لۆژیکی ئەو باسە لەبار نابات. یەکەم؛ بەو هۆیە کە هیلالی مانگ، نیشانی ئاڵای عوسمانی بوو وەکوو هێمایەک بۆ جیاوازیی نەتەوەی کورد لەگەڵ تورک ئەستەم بوو بەکار بهێندرێ.[87] دووەم؛ بەشیکی بەرچاوی ئەو ڕۆشنبیرانە، خوێندەوارییان لە ئەدەبی فارسی دەوڵەمەندتر بوو لە ئاشنایییان بە ئەدەبی کوردی و لەو ڕوویەوە دەیانزانی کە لە ئەدەبی فارسی و تەنات لە شێعری عیرفانیی کوردیشدا، خۆر هێمایەکە بۆ دەرەوشاوەیی و جوانی، بە تایبەت جوانیی سیمای ژن، بۆیەش خۆرێکی درەوشاوە باشتر ئەو واتایە دەگەیەنێ.[88]
٥.٣) ئاڵای کوردستان و ڕاپەرین و جووڵانەوەکانی کورد لە سەدەی بیستەمدا
لە دوای پەیمانی سیڤەر، ئەو جووڵانەوانەی کە دروشمی سەربەخۆییی کوردستان لە بەرنامەیاندا بوو، هەمان ئاڵای ساڵی ١٩٢٠یان وەکوو ئاڵای نەتەوەیی بەکار هێناوە. بۆ وێنە لە بەرخۆدانی چیای ئاگری. ئێحسان نووری پاشا لە بیرەوەرییەکانیدا باسی ئەو ئاڵایەی کردووە و نووسیویەتی:
“کاتێ هۆزی جەلالی بە ڕێبەریی برۆ حەسکی، پاش بەرخۆدان لە ساڵی ١٩٢٦ بەرەو چیای ئاگری کشانەوە، من لە ساڵی ١٩٢٧ خۆم گەیاندە ئاگری […] هەروەها لە لایەن کۆمەڵەی خۆیبوونەوە کۆمیتەیەکی تایبەتیی سەربازییش هەڵبژێردرا. لەو ساڵەدا ئاڵای سێ ڕەنگی سەربەخۆییی کوردستان کە لە ساڵی ١٩٢٠ لە لایەن جەمعیەتی تەعالیی کوردستانەوە پەسند کرابوو، هێنرایە ئاگری و بۆ یەکەم جار من ئەو ئاڵایەم لە بەرزترین لووتکەی چیای ئاگری هەڵکرد”.[89]
دوای بەرخۆدانی ئاگری، ئەو ئاڵایە لە لایەن کۆمیتەی خۆیبوونەوە[90] وەکوو ئاڵای نەتەوایەتیی کورد بەکارهێنراوە. دوای خۆیببوون، ئەو ئاڵایە لە ڕاپەڕینی شاری دێرسیم لە ساڵی ١٩٣٧ بەکارهێنراوە.[91] هەروەها باس لە ئەوە دەکرێ کە حیزبی هیوا هەمان ئاڵای ساڵی ١٩٢٠ی بەکارهێناوە.[92] دوایەش کۆمەڵەی ژێکاف هەر ئەو ئاڵایەی وەکوو ئاڵای نەتەوەیی پەسند کردووە. پەسند کردنی ئاڵای کوردستان کە “تەشكیلاتی ئێجتماعییەی کورد” دروستی کرد و هەمیش هەڵبژاردنی شیعری “ئەی ڕەقیب” وەکوو سروودی نەتەوایەتی لە لایەن کۆمەڵەی ژێکافەوە، گرێدراوی وێژمانی ناسیۆنالیستیی ئەو ڕێکخراوەیە بوو. لە وێژمانی گۆڤاری نیشتمان کە بڵاکراوەی بیری کۆمەڵەی ژێکاف بوو، دوو چەمکی خەڵک و نەتەوەی کورد هاوڕیزن و بەردەوام و بە نۆبە بەکار دەهێندرێن. چەمکی خەڵک/نەتەوە دەورێکی سەرەکی و ناوەندیی لە ڕەوایەتی فرەچەشنانەی کۆمەڵەی ژێکاف لە پێکهاتەی نەتەوەی کورد هەیە کە لە چوارچێوەی نیشتمانێکی سەربەخۆدا دەتوانن یەکگرتووییی خۆیان وەدی بێنن و بیپارێزن.
لە ژێر کاریگەریی چالاکیی سیاسی و کولتووریی کۆمەڵەی ژێکافدایە کە نەتەنیا وێژمانی بیری نەتەوایەتیی کورد، پێکهاتەیەکی سیستەماتیکتر و تۆکمەتری بەخۆیەوە گرت، بەڵکوو تەنیا لەو قۆناغەدایە کە ناسیۆنالیزمی کورد دەتوانێ بە پێی تیۆریی هۆرخ لە قۆناغی “ب”وە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی “سی” و پێگەیەکی جەماوەری پەیدا بکات. لە ژێر کاریگەریی ژێکافدایە کە بۆنەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و هێنانەخواری ئاڵای ئێران لە شارەکانی مهاباد، نەغەدە و بۆکان دەبێتە بۆنەیەکی جەماوەری و بە بەشداریی کۆمەڵانی هەراوی خەڵک لە هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەلگای کوردەواری بەرێوە دەچێت.
لێرە پێویستە پێ لە سەر ئەو لایەنە داگرین کە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان وەکوو هێمای سەربەخۆییی کوردستان، دەرخەری ڕوانگەی تایبەتی ئەو ڕێکخراوەیە بوو. کۆمهڵه وهکوو گرووپێکی ڕووناکبیری بانگهشهی یهکگرتووییی نهتهوهی کوردی دهکرد. ژێکافییەکان ئاگاداری ئەوە بوون کە جووڵانەوەکانی پێش خۆیان بە هۆی نەبوونی سیاسەتێکی شیاو و، زاڵبوونی کولتووری ناوچەچێتی، نەیانتوانیوە بیری یەکگرتووییی کورد لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا جێگیر بکەن؛ هەر بۆیەش ههوڵیان دهدا خۆیان له دهمارگرژیی ناوچهگەری بپارێزن. لە ژێر کاریگەریی ئەو بیرۆکەیە بوو کە ژێکافییەکان دوای بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان کە لە باکوور دروست کرابوو، شیعر و سروودی “ئهی ڕهقیب”ی دڵداریان کرد بە سروودی نەتەوەیی. بێگومان دەیان شیعری جوانی سەیفولقوزات، خاڵە مین، هێمن و شاعێرانی دیکەی ڕۆژهەڵات لە بەر دەم ژێکافییەکان ئامادە بوون بۆ ئەوەی بیکەن بە سروودی نەتەوەیی، بەڵام “ئەی ڕەقیب”یان هەڵبژارد و لەو هەڵبژاردنە، وەک چۆن ئەو ئاڵایەی کە لە باکوور دروست کرابوو وەکوو ئاڵای کوردستان بە خەڵکیان ناساند، بنەمای هەڵبژاردنەکەیان بیری نەتەوەیی بوو نەک خۆبەزلزانین، ناوچەچێتی و دماڕگرژیی خێڵەکی.
کۆمهڵهی ژێکاف ههر له سهرهتای لهدایک بوونیهوه خاوهنی پێناسهیهکی ڕوونی سیاسی و فیکری بووه. دروشم و ئامانجه سیاسییهکانی ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانی کۆمهڵی کوردهواری و لە بەر تیشکی چاوپێخشاندن بە ئەزموونی مێژووی هاوچهرخ ئامادە کرابوون. کۆمەڵەی ژێکاف، خۆی خستبووە مهیدانی سیاسەت تا ڕۆحییهتی کۆیلهتی لهنێو کورد ڕابماڵێ و کۆمهڵی کوردهواری به دژی ستهم و چهوسانهوهی نهتهوایهتی بهەژێنێ و پهیامی سهربهستی، ڕزگاری و مافی گهیشتن به دهوڵهتی نهتهوهیی به گوێی مرۆڤی کورددا بسرتێنێ.[93] بۆ وێنە لە ژمارە ١ی گۆڤاری نیشتماندا فەلسەفەی کۆمەڵەی ژێکاف ئاوا گەڵاڵە کراوە:
“کۆمهڵهی ژ.ک به پێچهوانهی ههموو بهرههڵست و قۆرت و چهڵهمهیهکی وهکوو دوژمنایهتیی خۆبەخۆ، پووڵ پهرستی و بێگانه دۆستی که له ڕێگای پێشکهوتن و سهرکهوتنی کورددا ههیه، به ههموو هێز و توانای خۆی تێئهکۆشێت تا زنجیر و چهڵهمهی دیلی و ژێردهستی له ئهستۆی نهتهوهی کورد داماڵێ و لهم کوردستانه لهتوکوتهی ئێستێدا کوردستانێکی گهوره و ڕێکوپێک بێته بهرههم که ههموو کوردێک به سهربهستی تیابژیت”.[94]
وتارەکانی گۆڤاری نیشتمان بە باشی ئەوە دەردەخەن کە ژێکافییەکان ئاگاداری مێژووی کوردن و لە سەر بنەمای ئەو مێژوویە، ئەو ئاڵایەی کە جەمعییەتی تەعالیی کورد دروستی کردبوو، بە ئاڵای نەتەوەی کورد دەناسن. بۆ وێنە لە ژمارەی ٤ ی نیشتماندا دەنووسن: ” مهسهلهی کورد تا ساڵی ١٩١٩ به مهسهلهیهکی ناوچەیی دهزانرا، بەڵام لهم ڕۆژهوه که ژێنێراڵ شهریف پاشا، لایحهی مهشهوری خۆی تهسلیمی کۆنفڕانسی ئاشتی کرد و داوای میلیی کوردی خسته بهندهکانی [… ] پهیمانی سێڤر، ئیتر مهسهلهی کورد بۆته پرسیارێکی نێونەتەوەیی و وازی لێ ناهێنین.”[95]
لە ژمارەی ٢ی نیشتماندا دەنووسن: “له دنیای ئێمڕۆدا، ژیان به یهخسیری و ژێردهستی هیچ ناهێنێ. میللهتێکی ژێردهستی ئهم و ئهو بێت وهک ههتیوی بێ دایک باب، ههمیشه ههناسه سارد و ڕهنگ زهرده […] سهربهستی بۆ میللهت له ڕادهی نان و ئاودایه. واتا چلۆن ئادهمیزاد به بێ نان ناژیت، ههروهها به بێ ئازادییش ناتوانێ بژی. ئهم زنجیر و کهلهمی دیلی که خراوهته ئهستۆی نهتهوهی بهشههامهت و ڕهشیدی کورد، سهتحی ئهخلاقی ئهم قهومه ئازاد و نهجیبهی زۆر هێناوهته خوار.” [96]
لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵەی ژێکافدا له ڕۆژی ٢ی ڕیبهندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی (١٩٤٦.٠١.٢٢) بە بەشداریی بیست ههزار کهس له چوارچرای شاری مهاباد، لە ڕێوڕهسمێکی شکۆداردا، دامهزراندنی کۆماری کوردستان ڕاگهیاندرا. لە ژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژیی کۆمەڵەی ژێکافدا بوو کە قازی محەممەد، بەو شێوەیەی خوارەوە سوێند دەخوا بۆ وەرگرتنی پێگەی سەرکۆماری کوردستان: “ئهمن به خودا، به کەلامی عەزیمی خودا، به نیشتمان، به شهرافهتی میللیی کورد، به ئاڵای موقەددەسی کوردستان سوێند دهخۆم، تا ئاخرین ههناسهی ژیانم و ڕژاندنی ئاخرین تنۆکی خوینم، به گیان و ماڵ له ڕێگەی ڕاگرتنی سهربەخۆیی و بهرزکردهنهوهی ئاڵای کوردستان تێدەکۆشم.”[97] جێی سەرنجە کە لەو سوێندخواردنەدا قازی محەممەد تەنیا ئاوەڵناوی پیرۆز (موقەدەس) بۆ ئاڵای کوردستان بەکار دێنێ.
لە سەر بنەمای پەیوەندی لە نێوان وێژمانی نەتەوایەتیی کورد لەگەڵ ئاڵای کوردستان، دەکرێ سێ قۆناغ لە هەوراز و نشێوی بیر و وێژمانی کوردایەتیدا لێک جیا بکەینەوە. قۆناغی یەكەم، لە ساڵی ١٩٢٠ کە “تەشكیلاتی ئێجتماعییەی کورد” کە لە “جەمعییەتی تەعالیی کوردستان” ئینشعابی کردبوو، ئەو ئاڵایە وەکوو ئاڵای نەتەوەیی پەسند دەکات تا ڕووخانی كۆماری كوردستان لە ساڵی ١٩٤٧ لەخۆی دەگرێت. لەو قۆناغەدا ئەو جووڵانەوە سیاسییانەی کورد کە ڕاشکاوانە ئامانجی سەروەریی سیاسی بۆ نەتەوەی کوردیان کردبووە ستراتێژی، ئاڵای کوردستانیان بەکار هێناوە. قۆناغی دووهەم، لە دوای ڕووخانی كۆماری كوردستانەوە دەست پێ دەكا و تا شەڕی كەنداو و كۆتاییی شەڕی سارد، واتا تا دەیەی ١٩٩٠ درێژەی هەیە. لەو قۆناغەدا بۆ ماوەی ٤٥ ساڵ ئاڵای کوردستان بە تەواوی لە بیر چووەوە و گرینگییەکی بۆ هێزە کوردییەکان نییە. قۆناغی سێیەم، ئەو دەورەیە كە ئێمە تێیدادەژین و هەم دیسان ئاڵای کوردستان دووبارە لە ئاخێوی سیاسەتی کوردیدا لە باشوور و ڕۆژهەڵات بەکار دەهێندرێ، بەڵام نەک بەو سۆزدارییەی لە قۆناغێ یەکەمدا هەیبوو.
تایبەتمەندییەكانی قۆناغی یەكەم چین؟ شكستی ئاڵمان و هاوپەیمانانی دەبێتە هۆی ئەوە كە بەرەی هاوپەیمانان (بریتانیا، فەڕەنسا و ئامریكا) نەزمێکی جیهانیی نوێ واتا یەكێتیی گەلان (اتحادیە ملل) دابمەزرێنن. لە نەزمی نۆێی جیهانیدا سێ لایەنی سەركەوتووی شەڕ بەرانبەر بە گەلانی تر یەك سیاسەت پەیڕەو ناكەن. ئامریكا بەپێی بنەمای ٢١ خاڵەکەی سەرۆک کۆمار ویلسۆن و بێ ڕاوێژکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی، باسی لە مافی دیاریكردنی چارەنووسی سیاسی بۆ گەلان دەکرد. فەڕەنسا لایەنگری كۆلۆنیالیزمی ڕاستەوخۆ بوو و بریتانیاش بەپێی سیاسەتی پراگماتیستی، پێشنیاری كۆلۆنیالیزمی ناراستەوخۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکرد. لە ئاکامدا کاتێ سیستەمی نێونەتەوەیی لە قاڵبی “یەکێتیی گەلان”دا دامەزرا، سیاسەتی ئەو ڕێکخراوەیە، باڵانس و سازشێکی سیاسییانە لەنێوان ئەو سێ زلهێزەدا بوو. هەر بۆیە پرەنسیپی “دیاری کردنی چارەنووسی سیاسیی گەلان” باسی لێ کرا، بەڵام بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە و لە سۆنگەی بەرژەوەندییەکانی ئەو سێ زلهێزەوە پەیڕەو و پیادە کرا. ئاکامێک كە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەوری گرنگیان گێڕا و لە پاڵ بێبەش کردنی نەتەوەی کورد لەو مافە، دوو دەوڵەت- نەتەوەی نوێ واتا ئێران و توركیا لە لایەن یەکێتیی گەلانەوە بە فەرمی ناسران کە كاریگەرییەکی قورسی لەسەر چارەنووسی گەلی كورد هەبوو.
لە سەرەتای ئەو قۆناغەدا، بیر و هەستی ناسیۆناڵیستیی كوردی هەرچەند جارێ بە تەواوی لە ڕووی فیکرییەوە کاڵ و پێکهاتەیەکی هاوسەنگی نەبوو، بەڵام گرێدراوی هەست و بیری ناسۆناڵیزمی فارس و تورک نەبوو، چونكە لەوكاتەدا ئەو دەوڵەت-نەتەوانە، بەتەواوی سەقامگیرنەببوون. لە کۆتاییی ئەو قۆناغەدا بە دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف، وێژمانی نەتەوایەتیی کورد پێکهاتەیەکی تۆکمەتر و یەکدەستتر بە خۆیەوە دەگرێت. هەرچەند هێشتاش کۆمەڵیک خەڵک لەسەر ئەو قەناعەتەن كە ستراتێژیی حدک و پێشەوا قازی محەممەد، تەنیا وەدەسهێنانی خودموختاری بوو، بەڵام بیری سەربەخۆیی لە ژێر کاریگەریی فیکری ژێکافدا، تا ڕووخانی کۆماری کوردستان لەوپەڕی خۆیدا بوو.
قۆناغی دووەم، لە ڕووخانی كۆماری كوردستانەوە دەست پێ دەكا و تا شەڕی كەنداو كە پاش چەند مانگ كۆتاییی شەڕی ساردیشی بەدواوە بوو، درێژەی هەیە. لەم قۆناغەدا گوتاری ناسیۆناڵیستیی كوردی، لەباری گوتارییەوە دەبێت بە پاشكۆی سیاسەت و پڕۆژەی چەپی ئێران، توركیا، عێراق و سووریا بۆ چارەسەریی “پرسی نەتەوایەتی”. کۆمەڵێک فاكتۆر هاندەری گۆڕان لە وێژمانی کوردایەتی لە سیاسەتی سەربەخۆییەوە بەرەو سیاسەتی خودموختاری بوون.
یەکەم، سیستەمی نێونەتەوەییی نوێ، واتا هەیمەنەی “رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان” و لۆژیکی “شەڕی سارد” و دابەش بوونی جیهان لە نێوان دوو جەمسەری ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و وڵاتانی بەناو سوسیالیستی بە ڕێبەریی یەکێتیی سۆڤییەت، دۆخێکی خوڵقاندبوو کە زۆربەی جووڵانەوە ڕزگاریخوازەكانی جیهان ناچار بوون سیاسەتی خۆیان لە هاوهەڵویستی لەگەڵ یەکێک لەو جەمسەرانەدا گەڵاڵە بکەن. لە لایەکی ترەوە، دەتوانین بڵێین کە لە کردەوەدا “رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان” نەبوو بەڵکوو “رێکخراوی دەوڵەتە یەکگرتووەکان” بوو. واتا لە باڵانسی هێز لەنێوان ئەو دوو جەمسەرەدا، چەمکی سەروەریی سیاسی (ساوڕینتی) لە خوێندەنەوە و پێناسەی یاساییی سیستەمی نێونەتەوەییی شەری سارددا، پەیوەست ببوو بە دەوڵەت نەک بە نەتەوە. ئەوەش ئالۆزی و ئاستەنگێکی قورسی بۆ ئەو نەتەوانەی کە پێش دامەزراندنی ئەو سیستەمە نەیانتوانیبوو دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دابمەزرێنن و لە چوارچێوەی یاسای-سیاسیی دەوڵەت-نەتەوەیەکی دیکەدا دژیان پێکهێنابوو.
دووەم، سێ وڵاتی ئێران، توركیا و عێراق کە سیاسەتی حاشاكردن لە بوونی نەتەوەی كوردیان بە ڕاشکاوی پەیڕەو دەكرد، لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان هەم لە جەمسەری ڕۆژئاوادا بوون و هەمیش سیستەمێکی سیاسیی دیكتاتۆرییانە و سەرەرۆیان هەبوو. بۆ ئەو گەنجانەی کە لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان چالاکوانی سیاسی بوون، هێزی چەپ لەو سێ وڵاتەدا نە تەنیا ئاڵتێرناتیڤی بەرهەڵستكاری سیاسی دژی ئەو ڕێژیمانە، بەڵکوو سەرچاوەی گرینگی ئەندیشە و فیکریش بوو. بە واتایەکی تر، بەهۆی نەبوونی ئازادیی بیروڕا، ماركسیزم تەنیا گوتارێكی سیاسیی بەرهەڵستكار نەبوو، بەڵكو بنەمایەك بوو بۆ زانستە سیاسییەکان، فەلسەفییەکان، مێژوویییەکان و كۆمەڵناسییەکان. بەگشتی ماركسیزم بەشێوەیەکی بەرچاو سەرنجڕاكێش بوو و حیزبە کۆمۆنیستەکان پشتیوانییان لە پرسی کورد دەکرد. بۆ وێنە لە ئێراندا حیزبی توودەی ئێران تا ماوەیەکی دوور و درێژ بە ڕواڵەت داكۆكیی لە نەریتی كۆماری كوردستان دەكرد و تەنانەت خۆی بە خاوەنی ئەو ئەزموونە دەزانی. لەو بەستێنەدا هەنگاوبەهەنگاو ڕەوتی بە پاشكۆکردنی وێژمانی ناسیۆناڵیستیی كوردی، بە ڕوانگەی چەپی ئەو سێ وڵاتەدا گشتاندرا. ئاكامی ئەو گۆڕانكارییە ئەوەبوو كە دیسكۆرسی ناسیۆنالیستیی یەكگرتوو بۆ وەدیهێنانی مافی كوردان، كەوتە پەراوێزەوە و ستراتێژیی دابین كردنی مافی كوردان لە سەر بنەمای تێڕوانین و ستراتێژیی هێزە چەپەکان لە دروشمی خودموختاری لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسی-قانوونیی ئەو سێ وڵاتەدا جێی گرتەوە. لەو قۆناغەدا ئاڵای کوردستان بە تەواوی لە بەر چاوان ون بوو.
قۆناغێ سێیەم، لە دوای کۆتاییی شەڕی سارد دەست پێ دەکات و کاتێ پاش کۆتاییی شەڕی کەنداو و هێرشی سەددام بۆ کوردستان، کۆمەڵانی خەڵكی کورد لە باشوور، ڕووبەڕووی دۆخێکی نائاسایی و نالەبار بوونەوە، لە ژێر کاریگەریی مەس میدیادا، زلهێزەکانی ڕۆژئاوا ناوچەی ئارام و ئاسایش و زۆنی دژە فڕینیان ڕاگەیاند و ئاسۆیەکی نوێ بۆ نەتەوەی کورد کراوە کە بە کوردستانی “ئازاد” لە باشوورەوە دەستی پێ کرد. پەرلەمانی کوردستان لە عێراق لە ٤/١٠/١٩٩٢ هەڵکردنی ئاڵای کوردستانی پەسند کرد و هەمدیسان لە ٢٤/١/١٩٩٩ یاسای ئاڵای کوردستان لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسند کرا.
٦) ئەنجام
لەم وتارەدا هەوڵ درا دوو خاڵ شی بکرێتەوە. یەکەم، ڕەچەڵەکی مێژووی ئەو ئاڵایە کە ئێستا وەکوو ئاڵای کوردستان بە فەرمی ناسراوە. وەکوو باسی لێ کرا، ئەم ئاڵایە لە ساڵی ١٩٢٠ لە باکووری کوردستان لە لایەن “تەشكیلاتی ئێجتماعییەی کورد”ەوە بە مەبەستی داواکاری لە کۆنفڕانسی ئاشتی، کە دانیشتنەکەی بۆ مانگی ئابی ساڵی ١٩٢٠ دیاری کرابو، بۆ بە فەرمی ناسینی مافی نەتەوەییی کورد و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، گەڵاڵە و ئامادە کراوە. دووەم، هەوڵ درا شرۆڤەیەکی جیاواز لە نیشانی ئاڵای کوردستان واتا لە خۆری زێڕێن و ٢١ پەڕ(تیشک)ەکەی بکرێت. لە بیست ساڵی ڕابردوودا، تێڕوانینێک کە ئەو نیشانەیە بە ئایینە یەزدانییەکان (ئیزەدی، یارسانی و عەلەوی)یەوە، گرێ دەدا زاڵ بووە. وەکوو باسی لێ کرا ئەو شرۆڤەیە داهێنانێکی سەردەمییانەیە کە لە دۆخێکی هەستیاردا ئەو تێڕوانینەی جێ خست، واتا لە حاڵێکدا کە ئیسلامی سیاسی لە سەرتاسەری ناوچەی ئێمەدا ببوو بە وێژمانی زاڵ و لە باشووری کوردستانیش پێگە و دەسەڵاتێکی بۆ خۆی دابین کردبوو، ئەو شرۆڤەیە ئاراستە کرا.
لە بەرانبەردا لەو وتارەدا هەوڵ درا خۆ لە پێناسەیەکی ئایینییانە لە ئاڵای کوردستان، جیاواز لە ئەوەی کام ئایین بێت، بەدوور بگرین و لە جیاتی ئەوە، واتایەکی نەتەوایەتی و مۆدێڕنتر و سێکۆلارتر لە مانای ئەو خۆرەی ئاڵای کوردستان ئاراستە بکەین. لەو گۆشەنیگایەوە لۆژیکی سەرەکیی باسەکە ئەوە بوو کە ئاڵای کوردستان لە سەرەتاوە هێمایەک بۆ ویستی سەربەخۆییی نەتەوەی کورد بووە.
دەرئەنجامی ئەو باسە ئەوەیە کە ئاڵای کوردستان، مێژوویەکی ١٠٠ ساڵەی هەیە و لە بیست و چەند ساڵەی سەرەتای تەمەنی خۆیدا (١٩٤٧-١٩٢٠) لە لایەن ڕێبەران و چالاکوانانی سیاسیی کوردەوە وەکوو ئاڵای نەتەوایەتی ناسراوە و ڕێزی لێ گیراوە. لە قۆناغێ دووەم، یانی بۆ ماوەی مێژوویەکی چل و پێنج ساڵە (١٩٩٢-١٩٤٧)لە بیرچووەوە و یان بە ئاشکرا لە لایەن هێزە سیاسییەکانەوە شاردراوەتەوە و، یان پشتگوێ خراوە.[98] لە دوای کۆتاییی شەڕی سارد و بە دەستپێشخەریی پەرلەمانی کوردستان لە باشوور، ئاڵای کوردستان هەڵکرایەوە و لە لای بەشێکی زۆری هێزە سیاسییەکان، دووبارە بووەوە بە ڕەمزی نەتەوایەتی.
هەڵبەت ئەم دەستپێشخەرییەی پەرلەمانی کوردستان، کۆمەڵیک ڕەخنەی توندی بە دواوە بوو. لە لایەکەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان دژایەتیی ئاشکرای خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند کە نابێ یەک لایەن، یان تەنیا یەک بەشی کوردستان لە سەر ئاڵای نەتەوەیی بڕیار بۆ سەرجەمی نەتەوەی کورد بدات. ئەم ڕوانگەیە بە تەواوی، خۆی لە ڕابردووی ئەو ئاڵایە وەکوو ئاڵای نەتەوەییی کورد دادەبڕێ و تەنیا وەکوو ئاڵای باشووری کوردستان باسی لێ دەکات، کە دەرئەنجامەکەی نکۆڵی کردنە لە مێژووی ئەو ئاڵایە وەکوو ڕەمزی نەتەوایەتیی کورد. هەڵوێستەیەک کە تا ئێستاش لە لایەن ئەو گرووپە سیاسییانەی کە سەر بە بیر و ئایدیۆلۆژیی پەکەکەن ڕەچاو دەکرێ.
لە لایەکی ترەوە، دەنگۆ و دژایەتییەکی دیکە لە ژێر کاریگەریی فیکر و وێژمانی ئیسلامی سیاسی شکڵی گرت. ئەو دەنگۆیە لە باشوور کە تێیدا هەنگاو بە هەنگاو وزە و هێزی سیاسی-کۆمەڵایەتی و سەربازیی “ئیسلامی سیاسی” لە دەیەی ٩٠ی سەدەی پێشوو لە بەرزبوونەوەدا بوو، گەیشتە ئاستێکی جیددی. ئەو دژایەتییە لە ساڵانی ڕابردوودا لە ژێر کاریگەریی ئەو ئایدیۆلۆژییە سیاسییە ڕوخسارێکی تەواو جیاوازی بە خۆیەوە گرتووە و ئاڵای کوردستان، هەر وەها سروودی “ئەی ڕەقیب”ی وەکوو هیماگەلی دژ بە باوەڕی ئیسلامی، کوفر و نیشانەی ناموسوڵمانی ناساندووە و بە ئاشکرا و بەردەوام دژایەتی و بێ ڕێزییان پێ کردوون.
بە باوەڕی من هەر دوو ڕوانگەکە سەبارەت بە ئاڵای کورستان، واتا نکۆڵی لە مێژووی ئەو ئاڵایە وەکوو ئاڵای نەتەوایەتیی کورد لە لایەن پەکەکەوە و ڕەد کردنەوەی لە لایەن گرووپە ئیسلامییەکانەوە بەو بەهانەیەی کە دژی باوەڕی ئیسلامییە، تەنیا لە گۆشەنیگای بەرژەوەندیی هەنووکەی سیاسیی گرووپییەوە گەڵاڵە کراون. ئەو هەڵوێستانە یان هیچ بایەخێک بە مێژووی ئەو ئاڵایە نادەن یان بە تەواوی لێی بێ خەبەرن، هەر بۆیەش ئەو دوو ڕوانگەیە دەکرێ وەکوو چەوتەوێژیی گواستنەوە[99] شی بکرێنەوە.
ڕوانگەی یەکەم چەوتەوێژیی گواستنەوەیە، چونکە ئایدیۆلۆژییەکی سیاسی کە باوەڕی بە سەربەخۆییی کورد نییە و ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییی کورد لە هەلومەرجی هەنووکەدا بە ویستێکی ناپێویست، بورژوایانە و تەنانەت کۆنەپەرستانە دەناسێنێت، دەتوانێ بۆ جێ خستنی بەرنامە و ستراتێژیی سیاسیی خۆی بە شێویەکی ڕاستەخۆتر کاربکات. حاشاکردن لە مێژووی ئەو ئاڵایە و پەیوەست بوونی ئەو ئاڵایە لەگەڵ ویستی سەربەخۆییی کورد، نە تەنیا لە باکوور، بەڵکوو لە ڕۆژهەڵات، باشوور و تەنانەت لە ڕۆژئاواشدا جگە لە چەوتەوێژیی گواستنەوە، هیچ دەستەواژەیەکی تر ناوەرۆکی دەرناخا.
لە سەردەمی نوێدا، کارکردی سەرەکیی ئاڵای نەتەوایەتی، بریتییە لە سەلماندنی ڕەسەنایەتیی نەتەوە و لە ئاکامدا مافی نەتەوە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی خۆی و جیابوونەوە. ئاڵای کوردستان هەر بەو مەبەستە لە ساڵی ١٩٢٠ دا داڕێژراوە و دروست کراوە. ڕەنگە هەلسوکەوتی ئێمە لە گەڵ ئاڵای نەتەوایەتیمان دەرخەری چۆنیەتیی ئاڵۆزیی بیری سیاسیمان بێت. دەنا کەی ڕەوایە لە ڕۆژی ٢٩ی ئۆکتۆبەری، ڕۆژی دامەزراندنی کۆماری تورکیا، کە هەموو کون و قوژبنی شار و گوندەکانی کوردستانی باکوور، ئاڵای تورکیای تێ ترێنجراوە و کەسانێک ڕێگە بە خۆیان بدەن بە خەڵکی کوردی باکوور بڵین کە جارێ ئێمە ئاڵای نەتەوایەتیمان نییە.
ڕوانگەی دووەم بە ڕواڵەت ویستی کورد بۆ سەربەخۆیی ڕەد ناکاتەوە و هەندێ جار لە بەرانبەر هێزە سیاسییە سێکۆلارەکان بانگەشە بۆ “دەوڵەتێکی ئیسلامیی کوردی” دەکات.[100] پرسیار ئەوەیە ئەگەر بەڕاستی ئەو هێزانە ویستی “دەوڵەتێکی ئیسلامیی کوردی”یان لە دۆخی ئێستادا لە بەرنامەدایە، ئەوکات دژایەتییان لەگەڵ ئاڵای کوردستان و سروودی ئەی ڕەقیب بەو بەهانەیەی کە گۆیا نێشانە و ڕەنگەکانی ئاڵا “دژ بەباوەڕی” ئیسلامییە، تەنیا چەوتەوێژیی گواستنەوەیە. یەکەم، بەم هۆیەوە کە ناکرێ ڕەنگی ئاڵا لەسەر دووفاقەییی ئیسلامی و نائیسلامی پۆڵێن بکرێن. دووەم، وەک ئاماژەم پێ کرد، نیشانە سەر ئاڵاکان لە ناوچەی ئێمە جیاواز لەوەی هیلالی مانگ، یان تاجەگوڵینە، یان ڕۆژ بێت، پیش هاتنی ئایینی ئیسلام بۆ ئەو ناوچەیە لە کولتووری خەڵکانی نیشەجێ لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا وەکوو نیشانە، بوونیان هەبووە و دوایەش لەو کولتوورانەوە گواستراونەوە بۆ باوەڕی ئیسلامی و لە شارستانیەتی ئیسلامیشدا بەکارهێنراون. بۆ وێنە بە پێچەوانەی ئەو باوەڕ باوە، نە هیلالی مانگ بە تەواوی نیشانەی باوەڕی ئیسلامییە و نە ڕۆژ هێمایەک بۆ ئاگرپەرستی.
زۆربەی وڵاتان و جووڵانەوە نەتەواتییەکان لەو سەردەمە هەستیار و قەیراناوییەدا، ئاڵا وەکوو سەمبولی یەکگرتووییی نەتەوایەتی بەکار دێنن. ئەوە نەک هەر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەڵکوو لە ڕۆژئاوا و وڵاتانی پێشکەوتووشدا دروستە. بۆ وێنە، لە بیرمان نەچێ کە لە دوای ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١، چۆن ئاڵای ئەمریکا ئەو کارکرد و کاریگەرییەی هەبوو. لە زۆربەی وڵاتان، گەڵاڵەی ئاڵا و بە تایبەت نیشانەی ئاڵاکە ئاخێوێکی ئەفسانەییی هەیە و لە سەردەمی مۆدێڕندا بەکار دەهێندرێت. لە زۆربەی وڵاتان، ئاڵا ئامرازێکە بۆ ئاویتەی کردنی ناسیۆنالیزم و نیشتمانپەروەری کە بەرهەمهێنەری ڕەهەندی گرینگی ئاسایشی نەتەوایەتییە. هەر ئێستا لە قەیرانی کۆرۆنادا هەموو وڵاتەکان ئاڵاکەیان زەق کردۆتەوە.
تەنیا لە کوردستانی ئێمەدا دوای نیزیک بە ١٠٠ ساڵ لە دروستکردن و پەسندکردنی ئاڵای کوردستان، کۆمەڵیک خەڵك بە ئاشکرا نکۆڵیی لێ دەکەن. تەنیا لە کوردستانی ئێمەدا و لەو سەردەمە هەستیار و قەیراناوییەدا، ئاڵا نەک هەر هێمای یەکگرتووییی نەتەوایەتی نییە، بەڵکوو باسی ئاڵا دەبێتە هۆی ناکۆکی، دووبەرەکی و ناتەباییی نەتەوایەتی. ئاڵا لای زۆربەی جووڵانە نەتەوایەتییەکان، هۆکاری گرنگی ئاویتە بوون و تێکەڵاوبوونی ناسیۆنالیزم و نیشتمانپەروەرییە؛ دیاردەیەکە زامنی دەستەبەرکردنی “ئاسایشی نەتەوایەتی” دەکات، بەڵام بەداخەوە لای ئێمە، ئاڵا دەبێتە ئامرازی شەڕی بەرژەوەندییە حیزبییەکان.
سەرچاوەکان
الف) فارسی
“شیرهای مشروطه پس از ۲ ڕوز برداشته شدند”، بیبیسی فارسی، ۲۳ مرداد ، ١٣۸۷، بایگانیشده از نسخهٔ اصلی در ۰۹ ژوئن ۲۰۱۲. بازبینیشده در مهر ١٣٨٧.
کسروی، احمد (١٣٠٩) تاریخچە شیر و خورشید.
نفیسی، سعید، (١٣٢٩) درفش ایران و شیر و خورشید، چاپ نگین.
فراهانی منفرد، محمد (١٣٨١) غازان نامە: شاهنامەای از عصر مغول، بنیاد موقوفات دکتر محمود افشار، چاپ اول.
مدبری، محمود (١٣٩٥) ‘”تحقیقی در احوال شمس کاشانی و شاهنامەی چنگیزی”، کهن نامەی ادبی پارسی، فصل نامە علمی-پژوهشی، شمارە پیاپی ١٩، بهار و تابستان.
ب) کوردی
- کتێب:
ئۆزوون، محەمەد (١٩٩٢)، پیێشەکی بۆ کتیىی “کێشەی کوردستان لە ئاسی تورکیادا”، نووسین شازادە سوورەیا بەدرخان، و. لە زمانی ئینگلیسیەوە : ئەحمەدی قازی، دەزگای چاپ و ىڵاوکردنەوەی ئاراس،هەولێر،٢٠١٠.
ئەیووبزادە، ئەیوب (٢٠١٤) “لە ژێکافەوە بۆ کۆمار: مێژوونووسی حیزبی لە ژێر تیشکی ڕەخنەدا” چاپخانە ڕۆژ، هەولێر.
بۆزئەرسلان، حەمید (٢٠١٢) “مێژووی تورکیای هاوچەخ” و. لە فەڕنسییەوە، نەجات عەبدوڵڵا، دەزگای چاپ و بڵاکردنەوەی ئاراس، هەولێر.
دێرسیمی، نووری (١٩٨٨) “دێرسیم لە مێژووی کوردستاندا” بڵاوکراوەکانی کۆمکار، چاپی یەکەم.
دۆمۆن، پۆل (٢٠٠٨) “سەردەمی تەنزیمات: ١٨٧٨-١٨٣٩”، و. لە فەڕنسییەوە، نەجات عەبدوڵڵا، دەزگای چاپ و بڵاکردنەوەی ئاراس، هەولێر.
دیوانی مەحوی (١٩٨٤) لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە: مەلا عەبدولکەریمی مۆدڕڕیس و محەمەدی مەلا کەریم، کتێبی هەرزان، سوئێد.
دیوانی مەولەوی (١٣٨٩) کۆکردنەوە، لێکدانەوە و لە سەر نووسینی: مەلا عەبدولکەریمی مۆدەڕڕیس، ئینتێشاراتی کوردستان، سنە.
دیوانی ئەحمەد موختار جاف (١٩٨٦) بەراوەرکردن، پێداچوونەوە و پێشەکی: پ. عێزەددین مستەفا ڕەسوول، چاپی الادیب، بەغدا.
سەجادی، عەلائەددین (١٩٥٩) شۆڕشەکانی کورد و کورد و کۆماری عراق، چاپخانە مەعارف، بەغدا.
سڵوپی، زنار (١٩٦٩) “قەدری جەمیل پاشا: دۆزی کوردستان” و. لە تورکییەوە مەلا عەلی، پیشەکی و پێداچوونەوەی عێزەدین مەستەفا ڕەسول، الطبعە العربیە الثانیە، ١٩٩٧، بیروت.
گۆێڵداش، ئێسماعیل (٢٠١١) “جەمعییەتی تەعالیی کوردستان”، و. لە تورکییەوە، زریان ڕۆژهەڵاتی، بنکەی ژین، سلێمانی.
مالمیسانژ (٢٠٠٧) “پێگەی کەماڵ فەوزی بتلیسی لە ڕێکخراوەکانی کوردا”، و. لە تورکییەوە: زریان ڕۆژهەڵاتی، پێداچوونەوەی” سەدیق ساڵح، بنکەی ژین، سلێمانی.
(٢٠٠٧) “جەمعییەتی تەعاون و تەڕەقیی کورد و ڕۆژنامەکەی”، و. لە تورکییەوە، زریان ڕۆژهەڵاتی، پێداچوونەوە: سەدیق ساڵح، بنکەی ژین،سلێمانی.
- رۆژنامە و گۆڤار
ئێسماعیل، عەبدولحەمید (١٩٦٠) “مێژووی ئاڵای (کۆمەڵەی خۆیبوون) لە تورکیادا، گۆڤاری هەتاو، ژمارەی ١٨٠، ٣٠٧ حوزەیران.
زەنگەنە، عەبدوڵڵا، “وردبوونەوە لە ئاڵای کوردستان و سالنامەی کوردی”، گۆڤاری ئاکادێمیای کوردی ژمارەی ٢٤.
ساڵح، عوبێد، “مێژووی ئاڵای کوردستان، گۆڤاری ئاکادێمیای کوردی، ژمارە ٢٣.
عەزیزی، هادی (٢٠٢٠) “مێژووی ئاڵای کوردستان و مێژووی هێمای نەتەوەییی کورد لە دیرۆکی کوردستاندا”، گۆڤاری تیشک، ژمارەی ٥٣، ساڵی بیست و یەکەم، پاییزی ٢٧١٩، لل. ١٨٣-١٧٢.
نەبەز، جەمال، (١٩٨٤) “گۆڤاری “نیشتمان” زمانحاڵی کۆمەڵەی (ژێ-کاف)، بنکەی چاپەمەنیی ئازاد، سوئێد.
نەبەز، جەمال (٢٠٠٧) “کۆبەرهەم” ژمارەی ٧، وتووێژ لەگەڵ دەزگای ڕاگەیاندنی گشتی، چاپخانەی منارە، هەولێر.
پەرلەمان، ڕۆژنامەی ئەنجومەنی نێستمانیی کوردستانی عیراق، ژمارەی ٥٣، ساڵی هەشتەم،١٩٩٩ .
هەتاوی کورد (١٤-١٩١٣) (ژمارە ١، ٤/٥ ٢١٠ )، ئێستانبوول.
رۆژی کورد، (١٩١٣) (١-٤)،ئێستابوول.
گۆڤاری ژین (١٩-١٩١٨) (ژمارە ١-٢٥) ئێستانبوول، دووبارە چاپکردنەوەی لە لایەن محمەد ئەمین بۆزئەرسلان، دەنگ، ١٩٩٨، ئۆپسالا، سوێید.
“رۆژنامەی کوردستان: مەهاباد ١٣٢٤-١٣٢٥ هەتاوی”، ئامادەکردنی ڕەفیق ساڵح و سەدیق ساڵح، ٢٠٠٧، بنکەی ژین سلێمانی.
هێمن، “مەحکەمەی مەنحووسی ئیستقلال” گۆڤاری نیشتمان، ژمارە ٢، خەزوەری ١٣٢٢، ل. ١٢.
“هێڤی” گۆڤاری کولتووری گشتی، ژمارەی ٢، پاریس، گولانی
پ) ئینگلیزی
Anderson, B (1991) Imagined Communities: Reflection on the Origin and Spread of Nationalism, revised edition, Verso.
________ (1998) The Spectre of Comparison: Nationalism, South Asia, and the World, Verso.
Bell, G (1920) Review of the Civil Administration of Mesopotamia: 1914-1920, London: H.M. Stationary Office.
Bedir Khan, S (1992) The Case of Kurdistan against Turkey, 1st edition: Philadelphia, 1926, USA, and 2nd edition: SARA Bokförlag, 1992, Stockholm SWEDEN.
Bozarsalan 2, H (2003) “Some Remarks on Kurdish Historiographical Discourse in Turkey (1919-1980)” in Essays on the Origins of Kurdish Nationalism (ed.) Abbas Vali, pp. 14-40, Mazda publishers. Pp. 163-190.
Bozarsalan3, _______ “Kurdish Nationalism in Turkey: From Tacit Contract to Rebellion (1919-1925)” in Ibid, pp. 163-190.
Breuilly, J. (1993) Nationalism and the State, 2nd edition, Manchester University Press.
Elphinston, W.G. (1946) “The Kurdish Question”, International Affairs, no.1, Jan. pp. 91-103.
Elgenius, G (2007) “The Origin of European National Flags.” In Flag, Nation and Symbolism in Europe and America, edited by T. H. Eriksen and Richard Jenkins, 14– 30. London and New York: Routledge.
Fuccaro, N (2003) “Kurds and Kurdish Nationalism in Mandatory Syria: Politics, Culture and Identity”, in Essays on the Origins of Kurdish Nationalism (ed.) Abbas Vali, pp. 191-217, Mazda publishers.
Gellner, E (1998) Nations and Nationalisms, Blackwell.
______ (1998) Nationalism, Weidenfeld & Nicolson.
Hall, S (1992) “The Question of Cultural Identity,” in Modernity and Its Futures, (ed.) Stuart Hall, David Hell and Tony McGrew, Cambridge: Polity Press.
Jawaideh, W (2006) The Kurdish National Movement: Its Origins and Development, Syracuse University Press.
Izady, M (2009) The Kurds: A Concise Handbook, Taylor and Francis.
Kendall, G. & Wickham, G. (1999) Using Foucaults’s Methods, SAGE Publications.
Klein, J (2001) “Engendering Nationalism: Intellectuals and the Woman Question, Education and language within Kurdish Nationalism in the End of Ottoman Empire” in Women of a Non-State Nation: the Kurds, )ed.) Shahrzad Mojab, Mazda Publishers.
Landes, Joan B (2001) Visualizing the Nation: Gender, Representation, and Revolution in Eighteenth Century France, Cornell University Press
McDowall, D (1993) A Modern History of the Kurds, I.B. Tauris.
Renan, E (1996) “What is a Nation?” in Becoming National: A Reader, (ed.) Geoff Eley and Ronald Grigor Suny, Oxfor University Press.
Shahbazi, Sh، (2001) “The Flag of Persia”, in Encyclopaedia Iranica, (ed.) Ehsan Yarshater.
Smith, A. D. (1998) Nationalism and Modernism: A Critical Survey of Recent Theories of Nations and Nationalism. New York and London: Routledge.
________ (2009) Ethno-symbolism and Nationalism. Cultural Approach. London and New York: Routledge.
Smith, M.D. (1994) Mazzini, Yale University Press.
Smith, W. 1975. Flags throughout the World and across the Ages. London: McGraw Hill.
Testi, A. )2011) Capture the Flag. The Stars and Stripes in American History. Translated by N. G. Mazhar. London and New York: New York University Press.
Shahbazi, Sh (2001) “The Flag of Persia”, in Encyclopaedia Iranica, )ed.) Eehsan Yarshater.
Miller, D (2000) Citizenship and National Identity, Polity Press.
Wilson, A (1936) Loyalties: Mesopotamia, vol.2: 1917-20, Oxford University Press.
[1] Elgenius 2007, p. 18.
[3] Testi 2010, p. 24.
[4] Habsbawm, 1990, p.88-100
[5] Breuilly, (1993) p. 3.
[6] Gellner, (1997) p. 3-4.
[7] Anderson, B. (1983), Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism. London: Verso.
[8] Miller, D (2000) Citizenship and National Identity, Polity Press, pp. 27-28.
[9] هەمان سەرچاوە، لل. ٣٠-٢٩.
[10] شۆڕشی مەشرووتە لە ساڵی ١٩٠٥ی زایینی دەستی پێکرد و ئامانجی سەرەکیی ئەو ڕووناکبیرانەی کە پێشقافڵەی ئەو شۆڕشە بوون، چاکسازی و نوێسازی لە دامەزراوەی دەوڵەت لە ئێراندا بوو. شۆڕشی مەشرووتە ئامانجی هەڵوەشاندەنەوەی دامەزراوەی سەڵتەنەتی نەبوو ، بەڵکوو وەکوو خودی وشە و چەمکی مەشرووتە دەری دەخست، ئامانجی سەرەکیی، مەرجدارکردنی دەسەڵاتی شا لە پێناو وەدیهێنانی چاکسازی و نوێسازیی دەوڵەتی ئێراندا بوو. دەستکەوتی سەرەکیی شۆڕش دوو بەڵگەنامەی قانوونی بنچینەییی ساڵی ١٩٠٦ و تەواوکەری قانوونی بنچینەییی ساڵی ١٩٠٧ بوو. بەشی زۆری ئەو دوو بەڵگەنامەیە تەرجومەی قانوونی بولغارستان و بەلژیک بوون. ڕەنگەکانی ئاڵای نەتەوایەتیی ئێران کە لەو قۆناغەدا بڕیاری لە سەر درا، دەقاودەق کۆپیی ئاڵای بولغارستان بوو، بەو جیاوازییەوە کە ڕیزی ڕەنگەکان گۆراون و ڕەنگی سەوز، سپی و سوور بەدوای یەکتردا هاتبوون و نێشانی “شێر و ڕۆژ” بە واتای بەردەوامیی سەڵتەنەت لە ناوەندی ئاڵا جێی گرتوە. بڕوانە: لاکار (Lachkar)لل. ٢٨٨-٣٢٧.
[11] بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە ئەو سەرچاوانە: احمد کسروی (١٣٠٩) “تاریخچە شیر و خورشید”؛ محمد فراهانی منفرد، (١٣٨١) “غازان نامە: شاهنامەای از عصر مغول”؛ محمود مدبری (١٣٩٥) “تحقیقی در احوال شمس کاشانی و شاهنامەی چنگیزی”، کهن نامەی ادبی پارسی، فصل نامە علمی-پژوهشی، شمارە پیاپی ١٩، بهار و تابستان، ص ١١١-٩١
[12] بە پێچەوانەی باوەڕی باوی خەڵک، ڕەنگی سووری ئاڵای عوسمانی و نیشانەی هیلالی مانگ و ئەستێرەکەی، لە سەر بنەمای باوەڕی ئایینی دروست نەکراوە. هیلالی مانگ لە کولتووری ناوچەکەدا لە هەزارەی یەکەمی پ.ز. و پێش لەناوچوونی دەوڵەتی هیتی لە بابل لە کولتوور و باوەڕەکانی خەڵکدا جێگیر بووە و دوای زاڵبوونی ئایینی ئیسلام، هیلالی مانگ گواستراوەتەوە بۆ کولتووری ئیسلامی. ئەستێرە و ڕەنگی سووری ئاڵاکە لە بیزانسەوە وەرگیڕاوە و عوسمانییەکان کە خۆیان بە میراتگری بیزانس دەزانی ئەو ئاڵایەیان بەو شێوەیە دروست کردووە. بۆ زانیاریی زۆرتر بڕوانە ئەو سەرچاوانەی کە پیشتر ئاماژیان پێ کرا و هەروەها بڕوانە: بیبیسی فارسی، ۲۳ مرداد ،١٣۸۷بایگانیشده از نسخهٔ اصلی در ۰۹ ژوئن ۲۰۱۲. بازبینیشده در مهر ، ١٣٨٧؛ سعید نفیسی، “درفش ایران و شیر و خورشید” و شەهبازی، ٢٠٠١.
[13] لە باسێکدا لە ژێر ناوی “ئێرانییەت و کوردایەتی: هاوژیانی یان هاودژایەتی؟” بە زمانی فارسی ‘ایرانیت و کردیت: همزیستی یا همستیزی؟’ باسی ئەو گۆڕانکارییەم لە وێژمانی ناسیۆنالیستیی ئێرانی واتا گواستنەوەی لە ناسیۆنالیزمێکی خەڵکییانە بۆ ناسیۆنالیزمێکی فەرمی کردووە.
[14] لەو نامیلکەیەدا من باسی ناسیۆنالیزمی ڕەسمیم کردووە، بە کورتی ناسیۆنالیزمی ڕەسمی (Official Nationalism) مۆدێلێکی تایبەت لە ناسیۆنالیزمە کە زۆرتر لەو وڵات و شوێنانەدا سەرهەڵدەدا کە ئیمپراتۆرییەکی چەند زمانی، چەند قەومی و چەند کولتووری ڕووبەڕووی مەترسیی هەڵوەشانەوە دەبێتەوە و ناسیۆنالیزمی ڕەسمی وێژمانی تایبەتی ڕووناکبیرانی قەومی باڵادەست لەو ئیمپراتۆرییەدایە کە ئامانجی نەجاتدان و پارێزگاریی ئەو پێکهاتە سیاسییە (ئیمپراتۆری) دەکاتە پرۆژەیەکی سیاسی و دووبارە وێناکردەنەوەی لە ڕوخسارەی دەوڵەت-نەتەوەی مەبەستە، هەر بۆیەش ناسیۆنالیزمی ڕەسمی زۆرتر خەسلەتی کۆلۆنیالیستی نەک ڕزگاریخوازانەی هەیە.
[15] هەندێ لە سەرچاوەکان ئەو ڕێکخراوە نوێیە کە لە جەمعییەتی تەعالیی کوردستان جیاببوە بە نێوی “جەمعییەتی تەشکیلاتی ئێجتماعییەی کورد” ناو دەبەن، بەس لەو نووسراوەیەدا من “تشکیلاتی ئێجتماعییەی کورد”م بەکار هێناوە، بەو هۆیە کە جەمعییەت و تەشکیلات بۆ نووسەرانی کورد لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەم هاومانا بوون .
[16]زنار سلۆپی ، لل. ٧١-٧٠.
[17] ئەڵبەت ئەرگون ئایباس لە “دادگای ئیستێقلال” دەڵیت ئەو ئاڵایە لەلایەن “جەمعییەتی تەعالیی کوردستان” دروست کراوە، بەڵام وێدەچێ سەرچاوەی پیشوو جیی متمانەتر بێت.
[18] مەبەستی دەوید مەکداوڵ شەریف حوسێنی مەککەیە.
[19] McDowall, David (1993) A Modern History of the Kurds, p. 115.
[20] هەمان سەرچاوە، ل. ١١٦-١١٥
[21] لێرەدا باس توێژێکی دیارکراوی خوێندەواری کورد دەکەین و ناخوازین بڵێین کە ناسیۆنالیزمی کوردی تەواوی سێ قۆناغەی کە لە تیۆریی میرۆسلاڤ هۆخ (Miroslav Hroch)، گەڵاڵەکراون، تێەڕ کردبوو. بە پێی تیۆری میرسلاڤ هۆخ، هەر جووڵانەوەیەکی نەتەوەتی لە سێ قۆناغدا گەشە دەکات. ١) گرووپێک لە ڕووناکبیران، کاری فیکری لە سەر بنەماکانی زمانی، کولتووری، مێژوویی و هتد، بۆ گەڵاڵەکردنی بیری نەتەوایەتی دەکەن، ٢) لە قۆناغێ دووەمدا ئەو ڕووناکبیرانە ڕێکلام و چالاکی بۆ بڵاوبوونەوەی بیری نەتەتەوایەتی و ڕاکێشانی هەستی کۆمەڵانی خەڵک بۆ پشتیوانی لە ویستی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەن. ٣) لەو قۆناغەدا بیری نەتەوایەتی دەبێت بە جووڵانەوەیەکی جەماوەری کە پشتوانیی هەراوی خەڵکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. بێگومان جووڵانەوەی کوردایەتی نەک لەو سەردەمەدا، تەنانەت لە ڕاپەڕینەکانی دوای ئەوەش نەیتوانی بگاتە ئەو ئاستە کە هۆکارەکەی باسێکی ترە و لێردەا دەرفەت نییە باسی بکەین.
[22] Sir Percy Cox
[23] بڕوانە، ١) Bell, Review of the Civil Administration، ل. ٦٠ و هەروەها بڕوانە؛ جووەیدە، Jawaideh (2006) ، ل. ١٢٩.
[24] سەرچاوەکانی بەردەست ، بۆ وێنە ئەو دوو سەرچاوەی کە لە ژێرنووسی ژمارە ٢٣ ئاماژەیان پێی دراوە، سەبارەت بە شوێنی چاوپێکەوتنەکە جیاوازییان هەیە. لە لایەکەوە، مارگرێت بێڵ لە “پێداچوونەوە بە ئیدارەی مەدەنی مسیۆپۆتامیا” دەنووسێ ئەو چاوپێکەوتنە لە شاری مارسەی (فەڕنسە) بووە. بەڵام لە لایەکی ترەوە، ئارنۆڵد ویڵسۆن لە بەرگی ٢، بەڵێندارییەکان (Loyalties) دەنووسێ ئەو دانیشتنە لە لەندەن بووە،. بەڵام بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە ئەو دانێشتنە لە شاری مارسەی بووە، هەم لۆرد داربی (Lord Derby ) سەفیری ئەو کاتەی بریتانیا لە فەڕنسە، باسی ئەوەی کردووە و هەم بەڵگەی تۆمارکراو لە “وەزارەتی دەرەوە”ی بریتانیا ئەوە دەسەلمێنێ؛ بڕوانە: F. O. 371/3398. P. Cox to Sir Mark Sykes, Marseilles, E104697, 3rd June 1918.
[25] مەکداوڵ، هەمان سەرچاوە، ل. ١٢٥.
[26] هەمان سەرچاوە، ل. ١٣٠.
[28] هەمان سەرچاوە، ل. ١٣٠.
[30] چەند سەرچاوە باسی ئەوە دەکەن کە ئەو ئاڵایە پیش ئەوەی وەکوو ئاڵای کوردستان پەسەند بکرێت، لە لایەن “جەمعییەتی تەعالیی کوردستان”ـەوە لە ئێستانبووڵ وەکوو نیشانەی ئەو کۆمەڵەیە بەکارهێندراوە. بۆ وێنە، مالمیسانژ لە کتێبی “پێگەی کەماڵ فەوزیی بتلیسی”دا بەشێک لە بەڵگەنامەی دادگایی کردنی شێخ عەبدولقادر شەمزینانی وەکوو پاشکۆ چاپ کردووە، لە بەشێک لەو بەڵگەنامەیەدا لوتفی بەگ، ئەندامی مەحکەمە لە شێخ عەبدولقادر دەپرسێ “لە کاتی پێناسی جەمعییەتدا لە خوارەوە ڕەنگی سەوز هەیە و لە ناوەڕاستیشدا خۆرێکی زەرد، ئایا ئەمە ئاڵایە؟ عەبدولقادریش بە تووڕەییەوە وتی “وا دیارە دەبێتە ئاڵای کوردستان”. بڕوانە، مالمیسانژ، ل. ٢٠٠٦.
[31] زنار سلۆپی، لل، ٧١-٧٠ و گوێڵداش، ل. ٣٤٥-٣٣٣.
[32] ئەو کەسایەتییانەی کە بەشدارییان لە دامەزراندنی ڕێکخراوی “تەشکیلاتی ئێجتیماعییەی کورد” و دوایەش لە گەڵاڵەڕێژیی ئاڵای کوردستاندا هەبوو بریتی بوون لە: ئەمین عالی بەدرخان (جزیرە و بۆتان)، د. عەبدوڵڵا جەودەت (عەرەبگیر)، ئەکرەم جەمیل پاشا (ئامەد)، مەولانا زادە ڕەفعەت بەگ، نەجمەدین حوسێن (کەرکوک)، کەمال فەوزی (بەدلیس)، شوکری بابان (سلێمانی)، مەمدووح سەلیم (وان)، و د. شوکری محەمەد بەگ (سەگبان، باقرمادەن)، شوکری بەگ (بابان، سلێمانی).، بڕوانە، کوێڵداش، ل. ٢٤٧-٢٤٦.
[33] کۆمیتەی سەربەخۆییی کورد لە ساڵی ١٩١٩ لە شاری قاهیرە دامەزرابوو و ئامانجی دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆی کوردی هەبوو و بۆ ئەو مەبەستە داوای یارمەتیی لە بریتانیا دەکرد. کۆمیتە لە لایەن سوورەیا بەدرخانەوە کە بۆ قاهیرە دوورخرابۆوە و لەوێ دەژیا ڕێبەری دەکرا. سوورەیا بە درێژایی ساڵی ١٩١٩ چەندین جار پەیوەندیی بە کوردانی ناو وڵاتەوە کرد و لەگەڵ جەمعییەتی تەعالیی کورد و ئەمین عالی بەدرخان، کە هەم کەسایەتیی بەرچاوی جەمعییەت و هەمیش باوکی بوو، پەیوەندیی هەبوو.
[34] لە سەر ڕەچەلەکی ئاڵای کوردستان گریمانە و شرۆڤەی دیکە هەن. بۆ وێنە عەبدولحەمید ئیسماعیل لە وتارێکدا کە لە ٣٠ حوزیرانی ١٩٦٠ لە گۆڤاری “هەتاو”دا بڵاوی کردووەتەوە دەنووسێ ئەو ئاڵایە یەکەم جار لەلایەن ئەمیر بەدرخان لە ساڵی ١٨٢١ هەڵکراوە و هەروەها جەماڵ نەبەز لە سەر ئەو قەناعەتەیە کە یەکەم جار ئەو ئاڵایە لە لایەن ئەحمەد موختار جاف لە ساڵانی شەڕی جیهانیدا داڕێژراوە و لە هەڵەبجە هەڵکراوە و دوایەش مەیجێر نۆڤێڵ لە جەولەکەیدا بردوویەتە باکوور بۆ ڕێبەرانی کورد. هەر دوو شرۆڤە ئاماژە بە هیچ بەڵگەیەک ناکەن و تەنیا وەکوو گریمانە دەبێ باسیان لێ بکرێ، بەڵام گریمانەیەک کە لە سەر لێکدانەوەیەکی قاێم نەوەستاوە. بۆ وێنە تێڕوانینی جەماڵ نەبەز جێی گومانە چونکە ئەحەمەد موختار جاف لە ماوەی شەڕی جیهانیی یەکەمدا تەمەنی زۆر کەمتر لە ئەوە بووە کە فکر لە ئاڵا، ئەویش ئاڵای نەتەوەیی بکاتەوە. بڕوانە، عەبدولحەمید ئیسماعیل، ل. ٥٤١١، جەماڵ نەبەز،ل. ٤٠١ و هەروەها بڕوانە دیوانی ئەحمەد موختار جاف، چاپی ١٩٨٦، پێداچوونەوە و پیشەکی عیزەددین مستەفا ڕەسوول.
[35] لە سەر ئەو خۆر و ٢١ تیشکەی، کۆمەڵیک ڕا و بۆچوون هەیە کە لێرەدا ئاماژە بە دوویان پێویستە. بۆچوونی یەکەم، لە دەیەی نەوەدی سەدەی پێشوو کە ناسیۆنالیزمی تاراوگەی کورد لە گەشەدا بوو، زۆرتر لە ڕێگەی نووسینەکانی مێهرداد ئیزەدی، مێژووکار و ماموستای زانکۆی هاڕوارد و، بە تایبەت لە کتێبەکەی “کوردەکان: پەرتووکێکی کورت و پڕمانا” (The Kurds: A Concise Handbook)، بڵاو بووەتەوە. ئەو ڕانگەیەی ئیزەدی دەورێکی گرینگی لە پەسەندکردن و جیگیر بوونی ئەو بۆچوونە هەبووە کە گویا ئەو خۆرە زێرینە و ٢١ تیشکە یەکسان و هاوشێوەکەی نوێنەرایەتیی ڕەهەندێکی گرنگی ئایینی یارسانی و ئیزەدی دەکا. بۆچوونی دووەم، زۆرتر بانگەشە بۆ مانایەکی گشتیتر، واتا نەک تەنیا باوەڕی ئیزەدی و یان یارسانی، بەڵکوو باوەڕی میترایی و زەردەشتی دەکات و بەڕواڵەت ڕوخسارێکی نەتەوایەتی دەبەخشی بەو خۆر و ٢١ تیشکە و پێ لە سەر ئەوە دادەگرێ کە ٢١ تیشکەکە ئاماژەیە بە ٢١ی مانگی ٣ کە سەرەتای ساڵ تێوەرسووڕانی “کوردی” و جەژنی نەتەوایەتیی کوردە. لە ڕوانگەی منەوە هەر دوو ڕوانگە هەم لە باری وێژمانی و هەمیش لە باری مێژوویییەوە جێ شک و گومانن.
[36] پەرلەمان، ڕۆژنامەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق، ژمارە ٥٣، ١٩٩٩.
[37] زۆرینەی ئەندامانی ئەو کۆمیتەیە لە ژێر کاریگەریی هزر و بیری ڕۆژئاوایی سەدەی ١٩ی زایینیدا، بەتایبەت لە ژێر کاریگەریی پۆزیتیڤیزمی کامت و سۆسیال-داروینیزم دا، بوون. بڕوانە؛ بێرنارد لۆێز، ‘١٩٦١، لل. ٢٣٨-٢١٠ و حەمید بۆزئەرسەڵان٢، ٢٠٠٣، ل.٢٢.٢١.
[38] میر بەدرخان بەگ لە ساڵی ١٨٢٠ بوو بە پاشای میرنشینی جزیر و بۆتان و دەورێکی بەرچاوی هەبوو لە سەرکوت کردنی ئیزەدییەکان. میر بەدرخان لە ساڵی ١٨٤٦ ڕاپەڕینێکی چەکدارانەی لە دژی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی عوسمانی بەرپاکرد. بە هۆی کۆمەڵیک لایەنی سیاسی و سەربازی کە لێردەا دەرفەت نییە باسیان بکەین، ڕاپەڕینەکەی میربەدرخان شکستی خوارد و بەم جۆرە، دەسەڵاتی میرنشیی جزیر و بۆتان وەکوو ئاخرین میرنشینی کوردی لە ئیمپراتۆریی عوسمانییدا کۆتاییی هات. دەسەڵاتدارانی عوسمانی بنەماڵەی بەدرخانیان بۆ مەنفا دوور خستەوە. ئەمین عالی بەدرخان یەکێک لە کوڕەکانی میر بەدرخان بوو کە یاساناسێکی بەناوبانگ بووە و لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠-١٩٠٠ لە ئیمپراتۆریی عوسمانیدا پلە و پایەی بەرزری هەبوو (بۆ وێنە موفتی دادگا لە ئیستانوول). ئەمین عالی لە ماوەی شەڕ و دوای کۆتاییی شەڕ یەکێک لە سیاسەتمەدارانی شارەزا و بیرمەندانی بیری نەتەوایەتیی کورد بوو. سێ کوڕەکەی ئەمین عالی بەدرخان، سوورەیا (١٩٣٨-١٨٨٣)، جەڵادەت عالی (١٩٥١-١٩٩٣) کە زۆرتر بە میر جەلادەت نێوبانگی ناسراوە و کامەران (١٩٧٨-١٨٩٥)، وەکوو باوکیان دەوری گرینگییان لە جووڵانەوەی سیاسی و فیکریی نەتەوایەتیی کورددا گیڕا و بە هۆی زەمینەی ژیان و پەروەردەیان، نوێنەرایەتیی بیری عیلمانییان دەکرد. ىڕوانە، مەکداوڵ، هەمان سەرچاوە، محەمەد ئۆزوون، “شازادە سوورەیا بەدرخان”، ١٩٩٤.
[39] shift
[40] مەکداوڵ، ل. ٨٩-٨٨.
[41] The Carbonariبریتیی بوو لە تۆری نهێنی بنکەکانی شۆڕشگیری ئیتالیایی کە لە نێوان ساڵانی ١٨٣١-١٨٠٠ خەباتییان دەکرد. کاربۆنارکان ڕوانگەیەکی وڵاتپارێزانە و لیبرالییان هەبوو.
[42] , ( Risorgimento) ریسۆجیمێنتۆ بە واتای یەکگرتووی و یان یەکێتی ئیتالیا، جووڵانەوەیەکی سیاسی بوو کە ئامانجی یەکخستنی بەشەکانی نیمچە دۆڕگەی ئیتالیای لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی یەکگرتووی لە بەرنامەدا بوو و لە ساڵی ١٨٦١ دەوڵەتی یەکگرتووی پاشایی ئیتالیایی دامەزارند.
[43] ڕۆژنامەی کوردستان لە نێوان ساڵانی ١٩٠٢-١٨٩٨ بە دەستپێشخەریی میقداد مەدحەت و عەبدولڕەحمان بەدرخان و بە هاوکاریی ئەندامانی کۆمەڵەی تەعاون و تەرەقی چاپ و بڵاوبۆتەوە.
[44] مەکداوڵ، ل. ٩٨-٩٥.
[45] Shift
[46] Discontinuity
[47] هەمان سەرچاوە، ل. ٩٩.
[48] هەرچەند کۆمەڵێک مێژووکاری تورک لە سەر ئەو باوەڕەن کە مێژووی دامەزراندنی جەمعییەتی تەعالیی کوردستان دیار نییە، بەڵام کۆمەڵیک سەرچاوە کە لەو دوایانەدا چاپ و بڵاو بوونەوە ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە جەمعییەتی تەعالیی کوردستان لە ١٧ی کانوون (فێبرەوەری) ساڵی ١٩١٩ دامەزراوە. هەروەها زنار سلۆپی، شوکری سەگبان و محەمەد ئەمین بۆزئەرسڵان، کۆکن لە سەر ئەوەی یەکەمین کۆنگرە و یان کۆبوونەوەی گشتیی جەمعییەت لە ساڵی ١٩١٩ ڕێکخراوە و دەستەی بەرێوەبەرایەتی کە هەڵبژێردراون بریتی بوون لە: ١) سەید عەبدولقادر، شەمزینان (سەرۆک)، ٢) ئەمین عالی بەدرخان، بۆتان (جێگری سەرۆک)، ٣) فواد پاشا، سلێمانی، (جێگری دووەمی سەرۆک)، ٤) حەمدی پاشا (سکرتێری گشتی)، ٥) سەید عەبدوڵڵا (ژمێریار)، ٦) میر ئاڵا خالید بەگ، (ئەندام)، ٧) میرئاڵا م.عالی بەدرخان، بۆتان (ئەندام)، ٨) م. ئەمین بەگ،سلێمانی،(ئەندام)،٩) مەلا عەلی ئەفەندی (ئەندام)، ١٠) شەيفیق ئاراوسی، وان (ئەندام)، ١١)شوکری بابان، سلیمانی (ئەندام)، ١٢) فەتحوڵڵا ئەفەندی (ئەندام) ١٤) شوکری محەمەد، باقرمادەب (ئەندام). سلۆپی، ل. ٢٣، بۆزئەرسڵان ل. ٦٣ و سەگبان ل. ١٥٥.
[49] Klein, 2003, pp. 25-55
[50] لە ساڵی ٢٠٠٤ لە “ڕووماڵی کوردیش پلاتفۆرم” وتارێکم لە ژێر سەردێری “بە مارکسیستی کردنی ناسیۆنالیزم لە کوردستان” بڵاو کردەوە کە هەم ناساندنی وتارەکەی ژانێت کلایەن بوو و هەمیش بەکار هێنانی ئەو مێتۆدە توێژینەوەیە بوو بۆ ئانالیزی کاریگەریی بۆچوونێکی مارکسیزمی ئێرانی کە لە لایەن گرووپی مەنسووری حیکمەت گەڵاڵەکرابو و، زاڵبوونی ئەو ئایدیۆلۆژیییە لە نێوان ساڵانی ٩٠-١٩٨٢ لە ڕیزەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی کوردستان.
[51] ژانێت کلاین، هەمان سەرچاوە، ل. ٢٥
[52] Engendering Nationalism: Intellectuals and the Woman Question, Education, and language within Kurdish Nationalism in the End of Ottoman Empire.
[53] هەمان سەرچاوە، ل. ٣٠
[54] هەمان سەرچاوە، ل. ٢٦
[55] Engendering nationalism
[56] جەودەت، عەبدوڵڵا، “بیر هیتاب”، ڕۆژی کورد، ژمارەی ١، ١٥ ژەون(٢ی حوزەیران)ی ١٩١٣، ل. ٣.
[57] مەکداوڵ لە کتێبی “مێژووی مۆدێڕنی کوردەکان” باسی د. عەبدوڵڵا جەودەت وەکوو عوسمانلییەکی بەڵیندار کە تەنیا مولتەزەم بوو بە چاکسازی لە ئیمپراتۆریی عوسمانیدا و زۆرتر عوسمانلی بو نەک ناسیۆنالیستی کورد و کەسێک کە هاوکاریی تورکە لاوەکانی کردووە، دەکات. هەرچەند کتێبی مەکداوڵ بەڕاستی دەقێکی گرینگە بۆ مێژووی هاوچەرخی کورد، بەڵام بەداخەوە بە هۆی ئەوەی کە مەکداوڵ دەرفەتی پێداچوونەوەی بە گۆڤارەکانی ساڵانی دوای کۆتاییی شەڕ کە بە زمانی کوردی بڵاودەبوونەوە نەبووە، سەرنجی ئەو گۆڕانکارییە فیکرییەی لە وێژمانی د، جەودەت نەداوە و هەڵسەنگاندنێکی دروستی لە کەسایەتیی ئەو نەکردووە.
[58] Nation’s womanhood
[59] کلایەن، هەمان سەرچاوە، ٣١.
[60] ئێرگەنی مادێنلی، “کوردلارین کادین مەسەلەسی”، ڕۆژی کورد، ١٢ سێپتەمبەری ١٩١٣.
[61] کلایەن، هەمان سەرچاوە، ل. ٣٣-٢٩
[62] بۆ زانیاریی پتر بۆ بەستێنی فیکری و ئایدیۆلۆژیکی ئەندامانی کۆمیتەی تەعاون و تەرەقی و کاریگەریی هزری ئاگۆست کامت و سۆسیال-داروینیزم لە سەر ئەوان، بروانە، بێرنارد لۆێز، ‘١٩٦١، لل. ٢٣٨-٢١٠ و حەمید بۆزئەرسەڵان٢، ٢٠٠٣، لل.٢٢.٢١.
[63] The Case of Kurdistan against Turkey
[64] من لێردەا پشتم بەستووە بەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژنامەڤان کریس یوهان بۆ ڕوومالی ئینگلیسی ڕووداو لە ساڵی ٢٠١٧ ئامادەی کردبوو. لە ڕاپۆرتی کریس یوهان ناوی چەند بەڕێز هاتووە، ئەگەر ئەو بەرێزانە لە سەر دروستیی ڕاپۆرتەکەی سەبارەت بە خۆیان قسەیان هەیە مافی خۆیانە کە ئێمە و ڕای گشتی ئاگاداربکەنەوە. بەڵام وتەکان و بۆچوونی مێهرداد ئیزەدەی لەو ڕاپۆرتەدا ڕاستە چونکە لەگەڵ کارەکانی پێشووی ئەو ناتەبا نییە. بڕوانە ڕاپۆرتی کریس یوهان لە ڕووماڵی ڕوودا،، بەشی ئینگلیسی، بەرواری ٢١/٠٧/٢٠١٧ لە ژێر سەر دێری:
Years before independence talk someone had foresight to standardize the Kurdish flag, https://www.rudaw.net/english/kurdistan/210720171
[65] مێهرداد ئیزەدەی، وتوێژ لەگەڵ کریس یوهان، هەمان سەرچاوەی پیشوو.
[66] “یاسای ئاڵای هەریمی کوردستانی عێراق، “پەرلەمان، ڕۆژنامەی ئەنجومەنی نێشتمانیی کوردستانی عێراق”، ژمارەی ٥٣، ساڵی هەشتەم، ١٩٩٩، ل.٣.
[67] بڕوانە ئیزدەی، کوردەکان: پەرتووکێکی کورت و پڕمانا” (The Kurds: A Concise Handbook، فەسلی ٥، لل. ١٥٨-١٣٧.
[68] خۆر تا پیش دەورانی مۆدێڕن لە فیکر و باوەڕ ی مرۆڤ هەم ڕۆژئاوا و هەمیش لە ڕۆژهەڵات دەورێکی سەرەکیی هەبوو کە پێناسەی گەردوون و چۆنایەتی و بەردەوامیی ژیانی گیانلەبەران لە گەردووندا. هەر بۆیەش وەکوو مێتافۆر و وشە هێمای زۆر شتە.
[69] پێشتر ئاماژەمان پێ کرد کە ئاڵای مەشرووتە لە دەورانی پەهلەوەیدا گۆڕا. لە لایەکەوە نە تەنیا تێشکەکانی ڕۆژ تا پێنج تیشک کەم کراونەتەوە بەڵکوو دەرەوشاوەییی ڕۆژەکە لە ژێر تاجەگوڵینەی دەوری شێرەکەدا شاردراوەتەوە. لە باسەکانی ساڵانی نێوان ٢٧-١٩٢٥ ڕووناکبیرانی ناسراوی ئێرانی ئەو کاتە ئەو باسەیان دەکرد، ڕۆژی تەواو (ڕەها) نیشانەی سیمای ژنە و ناتوانێ نموونەیەکی شیاو و یان مێتافۆرێکی گونجاو بێت بۆ شوبهاندنی سەڵتەنەتێکی بەهێزی مۆدێڕنی ئێرانی کە هەم تەنیا ڕێگەی نەجاتی ئێران و هەمیش بەردەوامیی دروشمی سەرەکیی شۆڕشی مەشرووتە بۆ سەڵتەنەتێکی مەشرووتەیە.
[70] ژین، ١٤، وتەهێنانەوە لە لایەن ئیسماعیل گوێڵداش “جەمعییەتی تەعالیی کوردستان”، ل. ٨٧-٤٨٢.
[71] جەودەت، عەبدوڵڵا، ، ڕۆژی کورد، ژمارەی ١، ١٥ ژەون(٢ی حوزەیران)ی ١٩١٣، ل. ٣.
[72] بە پێی قسەی ئیسماعیل گوێڵداش ئەو بەڵگەیە لە ئارشیوی “دەزگای چاپ و ىڵاوکردەنەوەی دۆز” وەرگیراوە، لە کتێبەکەی چاپ کراوە، بڕوانە، گوێڵداش، ل. ٩٩-٤٩٦.
[73] دێرسیمی، ١٩٨٦، ل. ١٢٠.
[74] گوێڵداش، ل. ٣٣٩.
[75] هەمان سەرچاوە،ل. ٣٤١.
[76] سلۆپی، لل. ٧١-٧٠.
[77] لێرەدا من بە واتایەکی فۆکۆیانی “چەمکی ڕێکەوت” بەکار دێنم. مەبەستی فۆکۆ لە دەستەواژەی کانتینجێنسی -Contingency- چییە؟ دەکرێ وەکوو وشە کانتینجێنسی لە زمانی کوردی بکەین بە ڕێکەوت، بەس ئەوە مانای چەمکی ‘کانتینجێنسی’، واتا ڕەهەندی سیاسی-فەلسەفییەکەی ناگەیەنێت. هەر بۆیەش باشترین کار پێناسە و شەرحی ئەو چەمکەیە. کاتێک دەڵێین ڕووداوێک، یان دۆخێکی مێژوویی دەبێت وەکوو (کانتینجێنت) لێک بدرێتەوە مەبەست ئەوە نییە سووک و سانا تەنیا وەکوو ڕێکەوت و یان حادەسە سەیری ئەو ڕووداوە بکەین. کاتێک ڕووداوێک وەکوو کانتینجێنسی (گونجاوی ناپێویست) پێناسە دەکەین، پێ لە سەر دوو خاڵ دادەگرین: یەکەم؛ مەبەست ئەوە نییە کە ئەو ڕووداوە پێویست نەبوو، بەڵکوو دەڵێین سەرهەڵدان، گەشە و جێگیربوونی ئەو ڕووداوە یەکێک لە دەرئەنجامەکانی پەیوەندییە ئالۆزەکان، لە نێوان کۆمەڵیک ڕووداوی دیکە بوون کە ئەو ڕووداوە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ئەوانەوە نەبوو. لەو گۆشەنیگایەوە لە مێژووکاری فۆکۆیانی “پێویستیی مێژوویی” وەکوو ئاکامی گەشەی پێکهاتەی ڕەوتی ڕووداوە مێژوویییەکان کە لە هزری هێگێل و مارکسەوە بەکار دەهێندرێ ڕەد دەکرێتەوە. دووەم؛ ئەو چەمکە بەو واتایە نییە کە دەیتوانی هەر شتێک ڕوو بدات و هەر بۆیەش ڕووداوە مێژوویییەکان و گەشە و جێگیربوونیان هەڵقوڵاوی قەزاوقەدەر نین. فۆکۆ کاتێ لەدایکبوونی زیندان وەکوو شێوازێکی نوێی سزادان پێناسە دەکات بە هیچ شێوازێک نکۆڵی لە ئەوە ناکات کە لەو دەورەیەدا کۆمەڵیک لە پسپۆڕان و بەرپرسان لە ڕووی هەستی مرۆڤییەوە زیندانی کردنیان پێ باشتر بوو لە کوشتن و لێدان لە بەرچاوی خەڵک. بەس خاڵێک کە فۆکۆ پێی لە سەر دادەگرێ ئەوەیە کە سەرهەڵدانی زیندان ئاکام و دەرئەنجامی بەڕێکەوتی (کانتینجێنسیانەی) کۆمەڵێک گۆڕانکاریی تر بوون کە ڕاستەوخۆ هیچ پەیوەندییەکیان بەو تەوەرەوە نەبوو.( کەنداڵ & ویکام، ١٩٩٩، لل. ٩-٥.)
[78] ب. لۆیس، ‘سەرهەڵدانی تورکیای مۆدێڕن، ل. ٢٣١.
[79] ئیتێحاد، ژمارەی ٨٩.، وەرگرتن(ئاماژە پێیکراوە) هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل. ٢٣٦
[80] Renan, E. 1996, p. 52.
[81]. Landes, Joan B 2001
[82] Hall, S, 1992, pp. 273-316
[83] Sovereign
[84] Anderson, B. 1983, pp.6-7.
[85] Print capitalism
[86] Homogeneous and empty time
[87] بۆ وێنە دەکرێ ئاماژە بە وتەکانی محەمەدی کوڕی سەید عەبدولقادر شەمزینان لە مەحکەمەی ئێستێقلالدا بکەین کە لە جوابی پرسیاری سەرۆکی دادگا دەڵێت: “عەلی ڕەزا کوڕی شێخ سەعید لە ١٢ی کانوونی یەکەمدا هاتە ماڵی ئێمە و شەو لەوێ مایەوە. کاتبی عموومی زەینەلعابدین (مەبەستی نووسەری گشتیی جەمعییەتی تەعالیی کوردە) ئاڵا سەوزەکەی سەر کارتی پێناسی جەمعییەتی دروست کردەوە. ئاڵای عوسمانی کوژایەوە، ئاڵای کوردستانیشمان لەباتی دروست کرد، بۆ ئەوەی وەکوو خۆر بدەروشێتەوە ئەمە بەختێکی گەورەیە و خێری تێدایە”، بڕوانە، مالمیسانز، ل. ٢١٠.
[88] بۆ وێنە، مەولەوی دەڵێت “خورشیدی سەمای شیرین جەماڵان ڕەشک ئەفزای گرۆی دیدە غەزاڵان”، ماموستا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس لە شرۆڤەی ئەو بەیتەدا دەنووسێ: “خورشید: خۆر، سەما: ئاسمان، ڕەشک ئەفزای: داخ و خەفەت زیادکەر، گرۆ: کۆمەڵ، واتا: ئەی بریسکەدار وەک ڕۆژ بە ئاسمانی جوانەوە، ئەی زیادکەری خەم و خەفەتی ئەو جوانخاسانەی کە چاویان وەک چاوی ئاسک وایە” (دیوانی مەولەوی، ل. ٢٢٢.) و یان مەحوی دەڵێت: “چ بەرقی جیلوەیەک هەوری بەهاری کردووە بێ تاب بە ناڵە و گریەوە دێت و دەچێ وەک تازە دێوانە” (دیوانی مەحوی، ل. ٢٧٩).
[89] بیرهاتا ئێحسان نووری، هێڤی گۆڤاری کولتووری گشتی، ژمارەی ٢، پاریس، گوڵانی ١٩٨٤، لل. ٢٨-٢١.
[90] خۆیببون لە ساڵی ١٩٢٧ لە ئاکامی کۆبوونەوەیەکی چالاکانی سیاسیی کورد دامەزرا .سێ کوڕەکەی ئەمین عالی بەدرخان و نەوەکانی بەدرخانبەگ، واتا جەلادەت، کامەران و سورەییا و کەسایەتییەکانی تری کورد، بۆ وێنە مەمدووح سەلیم بەگ، سکرتێری ڕێکخراوی “تەشکیلاتی ئێجتماعییەی کورد” کە ساڵی ١٩٢٠ پاش جیابوونەوەی ئەمین عالی بەدرخان لە شێخ عەبدولقادر شەمزینان پێکهابوو، لە دامەزرێنەرانی خۆیبوون بوون. ئامانجی سەرەکیی خۆیبوون، کۆکردنەوە و ڕێکخستنی هەموو کۆمەڵە و ڕێکخراوە کوردییەکان، بە مەبەستی وەدەستهێنانی سەربەخۆییی کوردستان بوو. لە بەیاننامەی ڕاگەیاندنی خۆیبووندا گوتراوە: “تا ئەو کاتەی کە ئاخرین سەربازی تورکیا خاکی کوردستان بەجێی نەهێڵێ'” بەرخۆداان بەردەوام دەبێت. کۆمیتەی ناوەندیی خۆیبوون لە بەیرووت بوو و لە زۆربەی شارەکانی سووریا بۆ وێنە دیمەشق و حەسەکە، لقی خۆیبوون کارییان کردووە و لە ناوخۆی تورکیا بە نهێنی و لە دەرەوەی وڵات بە تایبەت لە لەندەن و پاریس چالاکیی هەبووە. لە کۆبوونەوەی دامەزراندنی، ئەمیر جەلادەت بەدرخان وەکوو یەکەمین سکرتێری خۆیبوون هەڵبژێردرا. ىڕوانە، جوووەیدە، ٢٠٠٦.ل ٢١٦-٢١١ و هەوەها ىروانە، فۆکارۆ (Fuccaro)، ٢٠٠٣، لل، ٢٠١-١٩٧.
[91] ڕاپەڕینی دێرسیم لە ساڵی ١٩٣٧ دەستی پێ کرد و تا ساڵی ١٩٣٨ بەردەوام بوو. ڕاپەڕینی دێرسیم ڕاسانی کوردەکانی زازا بوو کە بە سەرکردایەتیی سەید ڕەزا ڕێکخرا و جیاواز لە ئەوەی لە ناوچەیەکی دیاریکراودا ڕوویدا، بەس بە گوتەی بەشێک لە مێژووکارانی کورد و بیانی، بۆ وێنە ئێلفیستۆن، کاکڵێک و سروشتێکی ناسیۆنالیستیی کوردیی هەبوو. بروانە، جووەیدە، ٢٠٠٦، لل. ٢١٨-٢١٣، هەروەها بڕوانە، ئێلفیستۆن Elphinston))، ١٩٤٦، ل. ٩٧.
[92] بە هۆی ئەو دۆخە نالەبارە کە پەتای کڕۆنا خوڵقاندۆیەتی من نەمتوانی سەرچاوەیەک بۆ ئەم باسە بدۆزمەوە و بە دڵنیایی باسی لێ بکەم، بەس د. عوبێد ساڵح بە ئاماژە بە وتاری تارق جامباز کە لە گۆڤاری هەفتەنامە، لە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری-لێژنەی چاپەمەنی، ژمارە ٣٦، دەنووسێ کە حێزبی هیوا ئالای کورستانی بەکارهێناوە، بڕوانە، عوبێد ساڵح، ل. ٢٥٥.
[93] ئەیوبزادە، ٢٠١٤، ل. ٩٣.
[94] نیشتمان، بڵاوکەرەوەی بیری کۆمەڵەی ژ.ک.، ژمارە ١، ساڵی یەکەم، پووشپەری ١٣٢٢، ڵل ٣-٢.
[95] “تاران-ئانکارا”، نیشتمان، ژمارەی ٣ و ٤، ساڵی یەکەم، سەرماوەز-ڕیبەندانی ١٣٢٢.
[96] ” مایەی ڕزگارنەبوونی ئێمە لە زەنجیر و کەلەمەی دوژمن چییە و کێیە؟ بۆچی پێش ناکەوین؟” نیشتمان، ژمارە ٢، ساڵی یەکەم، خەزەڵوەری ١٣٢٢.
[97] “ماوەی جیژنی سەربەخۆیی و ئیستقلالی کوردستان”، کوردستان: بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، ژمارەی ١٤، ساڵی یەکەم، چوارشەمە، ٢٤ ڕێبەندان ١٣٢٤، ل. ٥٣، بنکەی ژین.
[98] دەگوترێ کە لە دەیەی شەستی سەدەی پێشوو، کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا، لە چەند بۆنە و یادێکدا هەمان ئاڵای کوردستانیان بەرزکردۆتەوە. من لە ساڵی ٢٠١٢ لە هەولێر ئەو پرسیارەم لە زیندەیاد بەرێز شەمسەددین موفتی کرد ، کە ئاگادار بووم پەیوەندیی بە کۆمەڵەوە لە ئەرووپا بووە، و جوابی داوە کە ئاگاداری ئەمە نییە.
[99] Metaphor fallacy
[100] لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە باس لە بنەمای فیکری ئەو ستراتێژییە و ناتەبایییەکانی بکرێت و ئەو کارە پێویستی بە وتارێکی جیاواز و سەربەخۆ هەیە و لە چوارچێوەی ئەو باسەی ئێستادا ناگونجێ.


