ئارامتر بخوێنەوە!
نەتەوەسازییەکی دێموکڕاتیک؛
لە ڕەعیەتی عەجەمەوە بۆ شارۆمەندی کوردستانی
بێهرووز شوجاعی
“توێژینەوەکانی سەبارەت بە بنچینە و جۆرەکانی هزر و پراکتیکی کۆلۆنیال، بۆمان ڕوون دەکەنەوە کە ڕەخنەی ئانتی کۆلۆنیال، پێش ئەوەی کە ڕاستەوخۆ داوای سەربەخۆیی بکات، لەسەرەتادا بە داواکاری بۆ شارۆمەندییەکی یەکسان لە نێو چوارچێوەی ئەمپەریالیدا دەستی پێ کردووە. بەڵام ئەزموونی مێژوویی سەڵماندوویەتی کە ئەم مۆدێڵە ئالتێرناتیڤانە، لە ئوتۆپیا (کۆمەڵگای ئارمانی) و هەندێک ئیدەئال تێنەپەڕیون. “
ئەم کورتە باسە سەرەتایەکە بۆ لێکدانەوەی نەتەوەسازیی دێموکڕاتیک و پەیوەستبوونی لەگەڵ چەمکی سەروەری و شارۆمەندسازی. پڕۆسەی نەتەوەسازی لە زۆرێک لە وڵاتاندا ڕەوتێکی خۆماڵیی تێپەرکردووە کە لەوانەیە لاساییکردنیان بۆ هەلومەرجی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئاکامی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە. تەنانەت پڕۆسەگەلی نەتەوەسازی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕەوتێکی ئەندێمیکیان (خۆجێیی) هەیە و ئەو ئەزموونانە دەبێ بە بێ لاساییکردنەوە لە ڕۆژهەڵات ئێتوود (موتالعە) بکرێن. ئەم باسە ئاوڕێک لە پڕۆسەی بیچم گرتنی سەرەوری و شارۆمەندسازی لە جیهانی خۆرئاو دەداتەوە و دواتر ئەو پڕۆسەگەلانەی پارچەکانی دیکەی کوردستان کە تێیاندا چەمکی شارۆمەندی پێناسە یان پراکتیزە کراوە، تیشکیان دەخرێتە سەر. بەشی دووهەمی ئەم کورتەباسە ورووژاندنی نەتەوەسازیی دێموکڕاتیک بە پێی زاناوی (هۆوییەت)سیاسیی تەڤگەری ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵاتە.
کێشە و ئارگۆمێنت
بە درێژاییی مێژووی مۆدێڕنیتە پەیوەندییەکی ڕاستەخۆ لە نێوان سەروەری، ئێپیستێم[1] (مەعریفە)، تاک، شارۆمەند و نەتەوەسازیدا هەبووە. تا ئەوکاتەی سەروەری وەکوو دەسەڵاتی باڵای ڕەببانی[2] تەعبیر دەکرا، پێناسەی تاکیش بەنی و موڵک و ماڵ بوو. تاک تەنیا ئەو کاتە گەیشتە “ئەنتەگریتەی مرۆڤی”[3]ی خۆی، کاتێک مەعریفە بوو بە موڵکی هەموو کەس، واتە مەعریفە لە ناو خەڵکی ئاساییدا دابەش کرا. لێرەدا مەبەستمان لە ئەنتەگریتەی مرۆڤی، تێگەیشتنی ئۆتۆنۆم لە خۆ، وەکوو سووژە و بکەری ڕاسیۆنالیست (ئەقلانی) بە ئیرادەی ئۆتۆنۆم بە پێی پرەنسیپگەلێکە. ئەنتەگریتەی مرۆڤی، وەکوو چەمکیش بەرهەمی ئێپیستێمیکی مۆدێڕنیتە یە.
وەک چۆن ڕێفۆرماسیۆن هانی وەرگێرانی دەقە پیرۆزەکانی بۆ زمانی عامە دەدا، تا خەڵکی ئاساییش بتوانن تێبگەن چییان بۆ دەخوێندرێتەوە، یەکێک لە پێشمەرجەکانی دێموکڕاسیش ئەوەیە کە دەبێت خەڵک بتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن تا بەم شێوەیە بتوانن ببنە بکەری سیاسیی ڕاستەقینە. خۆ-بەڕێوەبەری لەسەر بنەمای “یەک کەس و یەک دەنگ” ئەو کاتە دەستەبەر دەکرێت، کە زانینیش دابەش کرابێت. یەکێک لە مێکانیزمە پێدڤییەکانی دابەشکردنی زانین، دامودەزگای پەروەردەی گشتییەکە لە لایەن دەوڵەتەوە دادەمەزریت. ئەم دەزگایە نە تەنیا زانین دابەش دەکات، هەروەها لە تەنیشت فێرکردنی زمانێکی ستاندارد، گێڕانەوە و کەلەپووری نەتەوەیەکدا، سۆزیش بۆ دەوڵەت و هێماکانی دەخزێنێتە ناو زەینی تاک. ئەمە ڕێبازێکە نەتەوە-دەوڵەتەکان بۆ نەتەوەسازی بەکاری دەبەن. گەلۆ بۆ گەلێکی بێ دەوڵەتی وەکوو کورد، چ ڕێبازگەلێک بۆ بەدیهێنانی پڕۆسەی نەتەوەسازی هەیە؟ هەروەها ئەگەر دامودەزگای پەروەردەی گشتی بە زاناوێکی جگە لە زاناوی کوردی داڕێژراو بێت، ئەو زانین و زمانە، ئەو گێڕانەوەیە، ئەو دەوڵەتە و هێماکانی، چ کاریگەرییان دەبێت لەسەر ئەنتەگریتە مرۆڤیی تاکی کورد و تەنانەت لەسەر زاناو و ڕێزۆن دێتری[4](هۆکاری مەوجوودیەت) مرۆڤی کورد؟
کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات کۆمەڵە گۆڕانێکی بنەرەتیی لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا ئەزموون کردووە. وێژمانی سیاسیی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات، بە پێی هەلومەرجی ئەوکاتەی ڕۆژهەڵات لەسەر بنەەمای مافی “دیاریکردنی چارەنووس” و “رەفعی ستەمی میللی” داڕێژرابوو. حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات هەرچەندە لە پاشخانی جیاوازی سیاسییەوە سەرچاوەیان وەرگرتبیت، بەڵام زۆربەیان پۆزیسیۆنێکی تێئۆریکیان هەبوو کە لە ناو سپێکتروم و تەیفی چەپدا پێناسە دەکرا. لەم چەند دەیەیەدا، گۆڕانێکی بنەرەتی لە ئاستی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئابووری، بەسەر ڕۆژهەڵاتدا هاتووە. ئەوەی لەو ماوەیەدا هەر وەک جاران مایندەیە و تەنانەت ئاگرێسیڤتریشی لێ هاتووە، هەر ئەو “ستەمە میللییە”یە. کاراکتەر و ڕوخساری ئەم “ستەمە”، لەبەر چەند هۆکارێک گۆڕاوە. لەوانە چەمکی ناسیۆنالیسمی باڵادەست، واتە ناسیۆنالیسمی فارس، ڕیڤیزە کراوە؛ ناسیۆنالیسمی بە ڕواڵەت سێکولاری فارسی، ماسکی سێکولاریستیی بە تەواوی لاداوە و سیمای ڕاستەقینەی فارسی-شیعەکەی بە ڕاشکاوانە بەرجەستە بووە.
تا ناوەڕاستی دەیەی ٦٠ی زائینی ئەگەر لە سەدا بیستی خەڵکی ڕۆژهەڵات لە شارەکاندا نشتەجێ بووبن، ئیستا گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر بەرزتر. بە شاریبوونی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات ئەنتەگراسیۆن لەگەڵ سیستەمی کارگێری و ئابووریی دەوڵەتی ئێرانیشی قووڵتر کردووە. کاراکتەرە کۆمەڵایەتی-فەرهەنگییەکانی تاکی کورد لەبەر ئەم پڕۆسەگەلانە بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕاوە. لە نەبوونی سیستەمێکی پەروەردەییی نەتەتەوەیی بە زاناوی کوردی چ ڕێگایەک لە قۆناغی ئێستادا بۆ پەروەردەی تاکی کورد بەرەو نەتەوەسازییەکی دێموکڕاتیک هەیە؟ پێش ئەوەی بەرسڤی ئەم پرسیارانە بدەین، پیویستە ئاوڕێک لە وەراری(تەکامول) چەمکی سەروەری بدەینەوە کە ڕۆڵێکی ناوەندیی لە گەشەی چەمکی تاک، شارۆمەند، تاک و دێموکڕاسیدا هەیە.
پێناسەی سەروەریی پێش مۆدێڕنیتە
پڕۆسەی نەتەوەسازی دیاردەیەکی مۆدێڕنیتەیە کە بە ڕێفۆرماسیۆن و ڕۆشنگەرییەوە دەستی پێ کردووە. پێشتریش قەوارەی جۆراوجۆری حوکمڕانی هەبوون، بەڵام چەمکی سەروەری تەنیا گرێدرابوو بە کەسێکەوە کە ئەویش فەرمانڕەوای وڵاتەکە بوو بە نوێنەرایەتی لە دەسەڵاتێکی ڕەببانی. واتە ئەوەی کە ئێستا وەکوو سەروەریی گەل پێناسە دەکرێت، دیاردەیەکی نوێیە، هەرچەندە سەرەتای بیچمگرتنی ئەم سەروەرییە، دەگەڕێتەوە بۆ ڕێفۆرماسیۆن و وەرگێڕانی ئینجیل. لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستدا، یەکینە سیاسییەکان وەکوو مەملەکەت[5] دەناسێندران، کە نە ئۆتۆریتەی ڕەها بوون، نە سەربەخۆیش، نە “دەوڵەت” بوون نە “نەتەوە”یش، کە ئێمە ئێستا وا پێناسەیان دەکەین. بێگومان شانشینی و ئیماراتی تەریتوریالی ورد و گەورە هەبوون. شاهـ، دووک یان فەرمانڕەوایەکی ناوچەیی یان تەنانەت ڕێبەرێکی دینی، دەیتوانی حاکمییەتی تەریتوارێکی بەدەست بێت. “شاهان ئۆتۆریتەی ناوەڕاست بوون؛ زاڵ بوون بەسەر ئۆتۆریتەکانی خوارێ، بەڵام ئۆتۆریتەی ڕەها خودا، یان نوێنەرانی لەسەر زەوی، واتە پاپەکان بوون. زۆر جار ئەمیرەکان لە دەسەڵاتی شاهان بێ نیاز بوون، واتە جۆرێکی خۆبەڕێوەبەرییان هەبوو، لە هەمان کاتدا بەتەواویش سەربەخۆ نەبوون.” (Keen, 1991:262) بۆیە بریتانیا و فەڕانسە وەکوو مەملەکەتی ئینگلیز[6] و مەملەکەتی گالیک[7] پیناسەدەکران کە لە ژێر حوکمی بالای پاپی ڕۆمدا بوون. ڕۆحانییەت و کلێسە[8] هاوتەریب لەگەڵ شاهـ حوکمڕانییان دەکرد.
ئالینگارکردنی سەروەریی ڕەببانی
لە کۆتاییی سەردەمی ناوەڕاستدا سێرییەک کتێبی دینی[9] بۆ ئامانجگەلی شەخسی بڵاو کرانەوە. ژمارەی زۆری بڵاوکراوەکان بوو بە هۆکاری سەرهەڵدانی دینداریی غەیری پیشەیی/عامە[10] ، واتە دیندارییەک کە بە ڕۆحانییەتی کلێسەوە گرێدراو نەبوو و زۆرتر وەکوو عەوام پیناسە دەکرا. عەوامی باوەڕمەند، سەربەخۆ لە ڕۆحانییەت، خۆیان وە دوای وەدەستهێنانی زانینی تێئۆلۆژیک (کلامی) دەکەوتن. ئیتر مۆنۆپۆلی ڕۆحانییەت لە سەر پرسگەلە دینییەکان، بەرەبەرە بەرەو لەناوچوون دەچوو؛ کەسێکی ئاساییش دەیتوانی ببێتە خاوەنی بەیان و دەربڕین لەم بوارانەدا. ئاکامێکی ئەم دیاردەیە بوو بە هۆکاری “پەرەسەندنی نارەزایەتیی خەڵک لەو ڕۆڵە کە بە ڕۆحانییەت وەکوو ڕزگارکەر درابوو.” (McGrath, 2004:11) مشەییی (وفور) دەقە بڵاوکراوەکان، پەیدابوونی ژمارەیەکی زۆری دامەزراوەی پەروەردەییشی لەگەڵ خۆیدا هێنا. ئەم دامەزراوانە زیاتر دێری مەخینی (مەسیحی) بوون، کە پەروەردەی دینییان بۆ عەوام/خەڵکی ئاسایی دابین دەکرد. ئەمە “نیشانەی ئەوە بوو کە لە کۆتاییی سەردەمی ناوەڕاستدا، هەرچەندە لە بنەمای تێئۆلۆژیدا گۆڕانێک نەهاتە ئاراوە، دیانەت و ڕۆحانییەت بەرەو لائیسیتە[11]جووڵایەوە.” (McGrath, 2004:12) کاتێک دەوری نێوانگێڕی ڕۆحانییەت کەم کرایەوە، ئیمتیازاتیشی بردرا ژێر پرسیار. داهێنانی دەزگای چاپ، هەم لە ڕووی دینی و هەمیش لە ڕووی سیاسیەوە، مەترسییەکی گەورەتری بۆ ئۆتۆریتەی کلێسە خوڵقاند. لە دەستڕەس بوونی بەرهەمی تێئۆلۆژیک بۆ عەوامێکی خوێندەوار، مۆنۆپۆلی کلێسەی لەسەر دین و زانین تێکدا و پلۆرالیسمێکی زانینی خولقاند، بۆیە “رەگ و ڕیشەی ڕۆشنبیریی ڕێفۆرماسیۆنی لووتێران، پەیوەستە بە پلۆرالیسمی دۆکترینالی[12](مەکتەبی/تەعلیمی/عەقیدەتی) کۆتاییی سەردەمی ناوەڕاست.” (McGrath, 2004: 28) پلۆرالیسمی دۆکترینال، بە دوای خۆیدا پلۆرالیسمی زمانیشی هێنایە ئاراوە؛ هەڵمەتێکی وەرگێڕانی ئینجیل و سەرچاوە تێئۆلۆژیکەکانی دیکە بۆ زمانە هەرێمییەکان دەستی پێ کرد کە ئیتر ئەو بەرهەمانە بۆ خەڵکی ئاسایی، واتە ئەوەی کە وەکوو عەوام پێناسە دەکرا، بەردەست بوو. “ئێپیستێم” ئیتر بۆ چینێکی تایبەت لە کۆمەڵگا سنووردار نەکرابوو، بەلکوو خودانێکی گشتیی هەبوو، چونکە هەرکەس دەستڕەسیی بە ئێپستێمی “زمانەکە”[13] هەبوو. ئەم زمانە و زمانانە لە کۆتاییدا چوارچێوەیان بە زاناوگەلی لۆکالیی ئاخێوەران بەخشی و هەروەها بیچمیان بە تەڤگەرە ڕێفۆرمیستەکانی ئەو سەردەمە دا. لە پاش قەیرانی ڕەوایەتیی ئۆتۆریتە، کە تێئۆکراسیی کلێسە تووشی بوو، خەڵکی ئاسایی تەنانەت ئۆتۆریتەی دونیەویشیان بردە ژێر پرسیار؛ جا چ لۆردی لۆکال بوایە، چ پرەنس و نەجیبزادەی حاکم بوایە کە لە پۆزیسیۆنی باڵای هیرارشیی فێئۆدالیی سەردەمی ناوەڕاستدا بوون. هەتا ئەو کاتەش وشەی سەروەر هاوواتا بوو لەگەڵ خودی لۆرد یان شاهـ، بەڵام بە گەشەسەندنی ئێپیستێم لە ناو خەڵکی ئاساییدا، سەروەری ئیتر بۆ تاکەکەسێک ڕەها نەبیندرا. ئەم دیاردەیە بەتایبەت لە ناوچەی شڤابێنی[14] ئاڵمان سەری هەڵدا. جووتیارانی شڤابێن لە ساڵی ١٥٢٥دا جاڕنامەیەکیان بە ناوی “١٢ مادەی جووتیارانی شڤابێن” بڵاو کردەوە، کە تێیدا جگە لە داخواز بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، لە مادەی ٣دا ئاماژە بەوە دەکرێت کە “تا ئیستا بە پێی نەریت، لۆردەکان خاوەنمان بوون، وەکوو ئەوەی ئێمە موڵک و ماڵ بین. ئەمە جێی داخە چونکە مەسیح هەموومانی بە بێ جیاوازی بە خوێنی پیرۆزی ڕزگار کردووە، ئەمجا چ شوانێکی بێ پایە بێت، چ لۆردێکی گەورە. بۆیە ئینجیل بۆمان دەسەڵمێنێت کە ئێمە ئازادین و دەمانەوێ ئازاد بین.” (Te Brake, 1998: 33) سەرەرای وێژمانی دینیی ئەم جاڕنامەیە، بۆ یەکەم جار خەڵکی ئاسایی خۆیان ئیتر نە وەکوو ڕەعیەت بەلکوو وەکوو تاکی ئازاد پێناسە دەکرد.
جاڕنامەی شڤابێن ڕەعیەتی نەکردە شارۆمەند، بەڵام سەرەتایەک بوو بۆ کۆتاییهێنانی سەروەریی ڕەببانیی[15] کلێسە؛ چونکە پاش ڕێفۆرماسیۆن و گەشەسەندنی پرۆتێستانتیسم، کلێسەکان کەوتنە ژێر دەسەڵاتی حکوومەت و شاهـ، واتە جۆرێک کلێسەی نەتەوەیی دروست بوو. تا ئەو سەردەمەش نەخشەی ئەوروپا بە پێی وڵاتانی خاوەن سەروەری نەکێشرابوو واتە “ئەورووپا بەسەر دەوڵەتانی سەروەردا دابەش نەکرابوو، بەڵکوو پێکهاتبوو لە ژمارەیەک حوکمڕانی کە [تەریتوارەکانیان] یەکتری هاوپۆش دەکرد یان دەست بە دەست دەکرا.” (Clark, 1960:28) جەکسنیش لەم بارەیەدا گەواهی دەدات کە ئەو سەردەمە “هیچ سنووری سەقامگیر و دیاریکرای سیاسی نەبوو کە ئێمە بتوانین بە پێی سەلاحیەتی حەوزەی قەزایی، وەکوو دەوڵەتی سەروەر پێناسەی بکەین.”(Jackson, 2007:35) پڕۆسەی ڕێفۆرماسیۆن و سەرهەڵدانی پرۆتێستانتیسم، شیسمێکی گەورەی لە ناو کلێسەدا دروست کرد، کە بۆ ماوەی چەندین دەیە بووە هۆکاری شەڕی مەزهەبی لە ئەوروپا.
لە سەروەریی ڤێستفالێنی دەوڵەتەوە بۆ سەروەریی گەل
ئەم شەڕانە بە پەیماننامەی ئاشتی ڤێستفالێن[16] لە ساڵی ١٦٤٨دا کۆتایییان پێ هات. گرنگترین دەسکەوتی ئەو پەیماننامەیە دەستەبەرکردنی سەروەری بۆ لایەنەکانی شەڕ بوو، بۆیە سەروەریی دەوڵەت[17] وەکوو سەروەریی ڤێستڤالێنیش[18] بەناوبانگە. بەڵام سەروەریی ڤێستفالێنی، سەروەریی بەرەو دەرێ بوو. بە پێی ئەم چەمکە، ئۆتۆریتەی دەوڵەتێک لە بەرانبەر دەوڵەتێکی دیکە بوو. واتە دەوڵەت یان “حکوومەتێکی سەروەر، حکوومەتێکی “ئازاد”ە، بەو مانایە کە ڕەهایە لە ئۆتۆریتە و قانوونی دەرەکی، جگە لەو حاڵەتانە کە خۆی ڕەزایەتی دابێت، بۆ نموونە ئەگەر ڕێککەوتنێک [لە نێوانیاندا] هەبێت.” (Jackson, 2007:10) ئەم جۆرە سەروەرییە لە لایەن شاهانی سەردەمی ناوەڕاستدا لە بەرانبەر پاپ و شاهە ڕەقیبەکانەوە بەرجەستە دەکرا.
سەروەریی گەل بە پێی پێناسەیەکی ڕووسۆیان و تەعبیر لەو پێناسەیە
سەروەری وەکوو چەمک، ڕێگایەکی مێژووییی بڕیوە؛ ڕاستە جاران وەکوو مافی باڵادەستی شاهان و فەرمانڕەوایان لەبەرانبەر ئەوانی دیکەی ڕەهادا پێناسە دەکرا. بەڵام ڕوویەکی ناوخۆییی ئەم سەروەرییە هەبوو، چونکە ئۆتۆریتەی فەرمانفەرمای سەروەر لە بەرانبەر ڕەعیتیش بەرجەستە دەکرا، واتە سەروەر بەسەر ڕەعیەتەکانیدا ڕاهێنانی ئۆتۆریتەی دەکرد و بە کەیفی خۆی بڕیاری دەدا. ڕێبواریی سەروەری گەرچی لە سەروەریی دەوڵەت یان سەروەریی ڤێسفالێنی ڕا دەستی پێ کرد، بەڵام بە ئیدەگەلی ڕادیکال خۆی فراوانتر و قوولتر کرد. لە سەدەی حەڤدە و هەژدەدا جان لۆک[19] و ژان ژاک ڕووسۆ[20] سەروەریگەلیان تێئۆریزە کرد. لە کتێبی دووەمی “دەربارەی پەیمانی کۆمەڵایەتی، یان پرەنسیپگەلی مافی سیاسی[21]” (١٧٦٢)دا ڕووسۆ ئیستیدلال بەوە دەکات کە سەروەری، یان “ئیرادەی گشتی”، “ناجیابار”ە و یاسا پەیڕەو دەکات. یاسادانەر لە خۆڕا ئۆتۆریتەی نییە، تەنیا ڕێنوێنێکە کە کۆمەڵە یاسایەک ئامادە و پێشنیاز دەکات و تەنیا گەل، واتە “سەروەر” یان “ئیرادەی گشتی” ئۆتۆریتەی تەسویب کردنی هەیە.
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بیرۆکەی ڕووسۆ بۆ سەروەری لەوبەری ئوقیانوسی ئەتڵەس لە ئەمریکا شۆڕشێک بۆ سەربەخۆیی سەری هەڵدا کە بە “راگەیاندنی سەربەخۆیی” لە ساڵی ١٧٧٦ و “دەستووری” ئەمریکا لە ساڵی ١٧٨٧دا بە ئەنجام گەیشت. لە دیباچەی دەستووری ئەمریکادا هاتووە کە “ئێمە، گەلی ویلایەتە یەکگرتوووەکانی ئەمریکا، بۆ ئەوەی کە یەکگرتنێکی کارا دەستەبەر بکەین… بڕیار لەسەر دامەزراندنی ئەم دەستوورە بۆ … ئەمریکا دەدەین.”(The Declaration of Independence, 1776) واتە ئەوەی کە بناغەی وڵاتەکەی داناوە، گەلە نە فەرمانڕەوایەکی سەروەر. چەند ساڵیک دواتر تێئۆریی ڕووسۆ بوو بە بەردی بناغەی پێناسەی سەروەری لە دەستووری 1791ی فەرانسە؛ تەنانەت هەندێک دەستەواژەی ڕووسۆیی بوون بە بەشێک لە دەقی دەستووری فەرانسە. لە بەشی ٣، “دەسەڵاتی گشتی”، بەندی یەکی ئەو دەستوورەدا هاتووە کە “سەروەری یەکە، نادابەشبار، ناجیابار و ناستێنبارە؛ نەتەوە خاوەنیەتی؛ نە هیچ گرووپێک دەتوانێ سەروەری بکاتە تابیعی خۆی، نە هیچ تاکێکیش دەتوانێ بیکاتە موڵکی خۆی.” (The French Constitution of 1791) بەڵام لە ڕاستیدا “ئەوەی شۆڕشگێڕانی فەڕانسە تێیدا سەرکەوتوو بوون، “تابیع” کردن و “تەمەللوکی” سەروەری بوو بۆ خۆیان لەژێر ناوی “گەل”.” (Jackson, 2007:93) ئەو سەروەرییەی کە پاش شۆڕشی فەرانسە لەوێ دەستەبەر بوو وەکوو “دێموکڕاسیی تۆتالیتەر” (Talmon 1970:43) پێناسە کراوە. واتە تەنیا فاشیسم و کۆمونیسم نییە کە لە سپێکترومی دێموکڕاسیی تۆتالیتەردا وێنا کراوە، ڕەگ و ڕیشەی ئەم جۆرە دێموکڕاسییە دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامەی سیاسیی شۆڕشی فەرانسە. واتە پەیوەندییەکی ڕاستەخۆی حاڵەتی ئێکسترێمی سەروەریی گەل و تۆتالیتاریسم هەیە، کە لەوانەیە مەبەستی ڕووسۆ نەبووبێ. گەلۆ پرێمیسەکانی تەعبیری “ئیرادەی گشتی” چین، کە شۆڕشی فەرانسە تەفسیرێکی وا تۆتالیتەری لە “سەروەریی گەل” کرد؟ ڕووسۆ سەروەریی لەگەڵ “رەزایەتی خەڵک” ڕەوا دەدیت؛ هەولی دەدا بسلەمێنێ کە ئۆتۆریتەی سەروەر دەکرێت لە دەست هەموو کۆمەڵگەی سیاسیدا بێت. بەڵام ئەو ڕەوشەی کە ئاکتۆرەکانی شۆڕشی فەرانسە دەیانەویست بە ناوی خەڵکی ئاسایی بەدی بێنن، لە کۆنترۆڵێکی تۆتالیتەر ئەولاتر نەبوو! واتە ئیدەکانی تەحریفکراوی ڕووسۆیان بۆ ئامانجە سیاسییەکانی خۆیان بە کار هێنا. بە ناوی خەڵکی ئاسایی ویستی خۆیان بەسەر خەڵکدا سەپاند. بە ناوی گەل، خەڵکیان ترساند و تەنانەت تێرۆریزە کرد. ئیرۆنییەکی مێژوویی ئەمەیە کە ڕەچەڵەکی وشەی “تێرۆر” دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شۆڕشی فەڕانسە.
لە کۆنتێکستی کوردیدا هاوشێوەی تەفسیرێکی وا لە سەروەری لە پەیماننامەی کۆما جڤاکێن کوردستان (ک.ج.ک)دا دەبینرێت. بە پێی مادەی 2ی پەیماننامەەکە “ک.ج.ک سیستەمێکی کۆمەلگاگەر (وشەی toplumcu بە کار هێنراوە، کە لە تورکی داtoplum بە واتای کۆمەڵگا و-cu پاشگرێکە بۆ ئاولناو، واتە وەرگێری ڕاستەوخۆیی بە زمانە ڕۆژئاواییەکان دەبیتە سۆسیالیست، بەڵام ک.ج.ک وشە تورکییەکەی بەکار هێناوە)-کۆنفێدرێرالە. … دەوڵەت نیە، ئۆرگانیزاسیۆنێکی کۆمەڵایەتی، دێموکڕاتیک و سیاسی یە، کە بە شێوەی ئاسۆیی و پیرامیدی (هرەمی) ڕێکخراوە. ئیرادەی کۆمەڵانی گەل بە ڕێگای کۆمون، ئۆجاق، مەجلس و کۆنگرە پەیرەو دەکات.[22]” (KCK Sözleçmesi[23]) لێرەدا ک.ج.ک خۆی دەکاتە خاوەنی ئیرادەی گەل. پەیماننامەی ک.ج.ک. ئاماژە بە جۆرێک لە دێموکڕاسیی ڕادیکال بە ناوی دێموکڕاسیی جەماوەری دەکات. بەڵام بە پێی مادەی ٥ی پەیماننامەکە “هەرکەسێک کە لە کوردستان لە دایک دەبێت شارۆمەندی ک.ج.ک یە و… دەبێت ئەو ئەرکانەی لە پەیماننامەدا دیارکراوە بە جێ بێنێ.[24]” بەندی ج، مادەی شەشیش هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە دەرکردن لە شارۆمەندی ک.ج.ک بە بڕیاری دیوانی داد و تەئیدی کۆنگرا گەل جێ بە جێ دەکرێت.[25]” کۆنگرا گەل ڕێکخراوی سیوانیی پ.ک.ک یە. لە مادەی 36ی ئەو پەیماننامەیەدا هاتووە کە پ.ک.ک. “هێزی ئیدێئۆلۆژیکی سیستەمی ک.ج.ک. یە و بەرپرسە لە بەدیهێنانی فەسەلفە و ئیدێژۆلۆژی ڕێبەرایەتی (مەبەست عەبدوللا ئۆجالان).[26]” واتە چارچێوەی شارۆمەندی، مەرجی شارۆمەندی بە پێی ئیدێئۆلۆژیی پ.ک.ک و کەسێک (ئۆجالان) دەستنیشان دەکرێت. بە پێی مادەکانی 24 تا 26 هەر شارۆمەندێك دەبێت لە پێکهاتیەکی کۆمونالدا ئۆرگانیزە بکرێت. سیستەمی شارۆمەندی ک.ج.ک و ڕێکخستنیان لە کۆمونەکاندا جیاوازیەکی ئەوتۆیی لەگەڵ سیستەمی سۆڤیەت نیە، لە دێموکڕاسی سۆڤییەتدا دەبا هەر شارۆمەندێک لە “سۆڤیەتـ”ـەکی گەرەک، دێ و کۆلاندا ئەندام بواییە. ئەم “سۆڤیەتـ”ـانەش گرێدرابوون بە حیزبی کۆمونیست.
لە سەرەتای سەدەی ڕابردووش ژمارەیەک لە سیستەمەکان لە ژێر ناوی “ئیرادەی گەل” ویستی خۆیان بەسەر خەڵکدا سەپاندووە. یەکێک لە وشە ئیکۆنییەکانی ناسیۆنالسۆسیالیستەکانی ئەڵمانیا وشەی “das deutsche volk”، واتە گەلی ئالمانە. زۆربەی وڵاتە کۆمونیستەکان کە سیستەمی تۆتالیتەریان هەبوو و هەیە، ناوی “دێموکڕات” لە پێناسەی فەرمییاندایە؛ کۆماری دێموکڕاتیکی ئالمان، کۆماری “دێموکڕاتیکی” گەلی کۆریا (کۆریای باکوور) و کامپوچیای “دێموکڕاتیک”. کامپۆچیای دێموکڕاتیک یان لە ڕاستیدا کامپۆچیای پۆل پۆتی خمێرە سوورەکان، ناوی بە ژێنۆسایدی خەڵک چووە مێژووەوە. لەم وڵاتانە نە تەنیا دێموکڕاسی و شارۆمەندی نەبووە، تەنانەت هیچ بەهایەک بۆ ئەنتەگریتەی مرۆڤیی تاکەکانی وڵاتەکەش نەبووە.
سەروەری و یاسای نێودەوڵەتی
ئەگەر قۆناغەکانی وەراری ڕێبواریی سەروەری وێنا بکەین، دەتوانین سەروەریی ڕەببانی بۆ سەروەریی دەوڵەت یان ئەوەی کە وەکوو سەروەریی ڤێستفالێنی و لەوێشەوە بۆ سەروەریی گەل دەستنیشان بکەین. تا ئێساتش بۆمان سەڵمێندراوە کە سەروەریی گەل بە شێوەیەکی خۆکار ناتوانێ دێموکڕاسییەکی ڕاستەقینە دەستەبەر بکات. لە بواری یاساییدا سەروەریی گەل، دوو واتای جیا، بەڵام پێکەوە بەسراوی هەیە؛ “بۆ دەروە، ئاماژە دەکات بە چۆنایەتیی سەروەربوونی ئەو گەلانە کە شامیلی دەستووری نەتەوەیەکگرتووەکانن. ئەم چۆنایەتییە بریتییە لە پرەنسیپی دەستوەرنەدانی دەوڵەتی بێگانە لە کاروباری نێوخۆیی و ڕەدی بۆچوونی بیانی لەسەر ئەوەی کە کێ حکومەتی ڕەوای ئەو دەوڵەتەی پێکهێناوە.” (Roth, 1997:365 ) لایەنێکی دیکەی ئەم چەمکە نۆرمێکی نێوخۆیی لە یاسای نێونەتەوەییدایە. ڕاستە کە مادەی 21(3)ی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ داوا دەکات کە “دەبێت ئیرادەی گەل بنچینەی ئۆتۆریتەی حکومەت بێت” (Universal Declaration of Human Rights)، بەڵام نەسی ئەم جاڕنامەیە ئیدیعای هەموو دەزگایەکی حوکمرانی لە جیهاندایە، جا چ دێموکڕاتیک بێت چ ئۆتۆریتەر. تەعبیری ئەم بەندەی جاڕنامە پرسێکی ئیدئۆلۆژیکە و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی زۆر جار نەک هەر پابەندی ئەم بەندە نەبووە، بەڵکوو بە پێی ڕێسای ڕێئال پۆلێتیک[27]، عوزریشیان بۆ ڕژێمە ڕەهایەکان هێناوەتەوە. لەم سەردەمە دا، ڕێژیمە هەرە تۆتالیتەرەکان خاوەنی پارلمانن، بەڵام ئایا لەم وڵاتانە سەروەریی پارلمانی هەیە؟ تەعبیرێکی گشتی لە پارلمان ئەوەیە کە پارلمان نە تەنیا جەستەیەکی یاسادانەر، هەوەها دەزگای نوێنەرایەتیی گەلە. بە پێی پرۆسێدوورێکی هەڵبژاردن بەشێک لە گەل یان هەمووی، بە ڕێگای هەڵبژاردن، هەندێک تاک لە ناو خۆیەوە، بۆ نوێنەرایەتیی خۆی هەڵدەبژێرێت. بەڵام لە وڵاتانی وەکوو ئیران و تورکیا، پارلمان چەندە سەروەریی هەیە؟ گەلۆ ئەو کەسانەی بۆ نوێنەرایەتیی گەل هەڵبژێردراون، چەندە نوێنەرایەتیی گەل دەکەن؟ سەروەریی پارلمانی دێتە واتای سەروەریی موتڵەق و ڕەهای پارلمان. بە پێی ئەم سەروەرییە پارلمان یاسا دادەنێ و یاسا هەڵدەوەشێنێتەوە. هیچ ئۆتۆریتەیەک لەسەرووی پارلماندا نییە. بەڵام ئایا دەتوانین کەتواری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێی ئەو جەوهەرەی سەروەریی تێدا پێناسە کراوە، وێنا بکەین؟ تەنانەت ئەگەر سیستەمێکی پارلمانی، تەواوی تایبەتمەندییەکانی دێموکڕاسیی نوێنەرایەتی پەیڕەو بکات، ئایا دەتوانێ هەموو مافە دێموکڕاتیکەکانی تاک، گرووپ، دەستە و تەنانەت کەمینە ئێتنیکییەکان دەستەبەر بکات. سیستەمی دێموکڕاسیی نوێنەرایەتیی ئەمریکا، یەکێک لە کۆنترین سیستەمە پارلمانییەکانی جیهانە، کەچی تا ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو، سیستەمی هەڵاواردنی نژادی تێیدا حاکم بوو. ڕەشپێستەکان نەیاندەتوانی بچنە خوێندنگا یان تەنانەت ڕێستۆرانتی سپیپێستەکان. واتە سەروەریی گەڵ، بۆ پراکتیزە کردنی ئۆتۆریتە بە پێی بڕیار و خواستی گەل، هیچ گارانتییەکی نییە.
بۆ ئەوەی دەسەڵات لە لایەن کەس یان کەسانێکەوە مۆنۆپۆلیزە نەکرێت یان بە شێوەیەکی خراپ بە کار نەهینرێت، دەبێت “ئۆتۆریتەیەکی دەستووری هەبێت، کە تێیدا گەل وەکوو جەمع، دەسەڵاتی باڵای وڵاتەکە بێت، واتە دامودەزگا و سامانەکانی دەوڵەت لە خزمەت گەلدا بێت و بەم شێوەیە دەسەڵاتی خەڵکی ئاسایی، بە شێوەیەکی ئامرازی و وێژمانی دەزگایی بکرێت. ئەمە دێموکڕاسیی دەستوورییە، کە تێیدا “دەسەڵات بە پێی یاسا مەهار دەکرێت.” (Friedrich, 1963:198)
سەرەڕای ئەو هەموو مێکانیزمە سیاسی و تەنانەت یاسایییانەی کە فرێدریخ باسی دەکات، دیسان هیچ گارانتییەک نییە کە دەنگی گەل ڕەوایەتی نەداتە سیستەمێکی تۆتالیتەر. گەل دەتوانێ حیزب یان تەنانەت کەسێک هەڵبژێرێ کە هەموو دەسەڵات لە دەستی خۆیدا قەبزە بکات؛ دیارترین نموونە حیزبە ناسیۆنالسۆسیالیستەکەی ئالمان بوو کە بە دەنگی خەڵک لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا هاتە سەر حوکم.
نەتەوە و سەروەری
لە نێوان سەروەریی گەل و مافی دیارکردنی چارەنووسی نەتەوەدا پەیوەندییەکی مێژوویی هەیە. هەر دوو شۆڕشی فەرانسە واتە، شۆڕشەکانی کۆتاییی سەدەی 18 و ناوەڕاستی سەدەی 19 و ئەو شۆڕشانەی کە لە ناوەڕاستی هەر دوو شەڕی جیهانیدا ڕوویاندا و تەنانەت شۆڕشی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا لەدژی هێژێمۆنی سۆڤیەتیش، لە کۆنتێکستی سەروەریی گەل بە پێی دیاریکردنی مافی چارەنووسی نەتەوەدا هەڵدەسەنگێندرێن. بۆیە لە تێئۆریی سیاسەتی مۆدێڕندا گەلێکی سیاسی کە وەکوو سووژەی مافی دیاریکردنی چارەنووس هەڵسەنگێندرێت، وەکوو نەتەوە پێناسە دەکرێت، چونکە پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان نەتەوەبوون و پراکتیکی سەروەریی گەلدا هەیە. تەنانەت مۆدێلی نەتەوە-دەوڵەت لەسەر ئەو هزرەیە کە نەتەوە پەیوەستبوونی ئیدەی ئازادی، [مافی] دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەیی و سەروەریی گەل پێکەوە وێنا دەکات. بێگومان نەتەوە و دەوڵەت هاوواتای یەکتر نین، ڕاستە کە نەتەوە پۆتانسیێلێکی بەهێزی هەیە بۆ بەسیج و هەستی هاوزاناوی (هەمزادی) تاکەکان و لە ئەنجامدا بەهێزکردنی بناغەی دەوڵەتەکە. بەڵام لە نەتەوەی بێ دەوڵەتیشدا پۆتانسیێلێکی وا بینراوە، دەنا بە بێ پۆتانسیێلی بەسیج، تاکەکانی ئەو نەتەوەیانەی کە خەباتیان بۆ ڕزگاری کردووە، سەرکەوتنیان بۆ بەدەست هێنانی سەروەری بەدی نەدەهات. هابرماس جەخت لەوە دەکات کە “خۆ-ئاگایی نەتەوەییی خەڵک، کۆنتێکستێکی فەرهەنگیی پێکهێنا کە ڕێگەی دا بە چالاککردنی شارۆمەندەکانی. ئەمە کۆمەڵگەی نەتەوەیی بوو کە جۆرە پەیوەندییەکی نوێی لە نێوان کەسانێکدا خوڵقاند کە پێشتر بۆ یەکتر بێگانە بوون.” (Habermas 1996: 128) خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، پشتگیرییەکی بێ وێنەیان بۆ خۆڕاگریی ڕۆژاڤا و پڕۆسەی گشتپرسیی باشوور نواند. لەوانەیە گرنگ بێ کە ئاورێک لەو کاراساتانەی لە ڕۆژهەڵات ڕوویان داوە بدەینەوە. پاش بوومەلەرزەی کرماشان، لە یەکێک لە باکووریترین ناوچەکانی ڕۆژهەڵات واتە لە شارۆچکەی کۆتۆل (قوتوور)ـەوە کاروانێکی70 کامیونی یارمەتی بە مەودای 800 کیلومەتر بۆ کرماشان و سەرپێل زەهاو ناردار. لەوانەیە خەڵکی ئەو ناوچەیە هەر ناوی سەرپێل زەهاویشیان نەبیستبوو. لە زستانی 2020 لە کۆتۆل بوومەلەرزە قەوما، ئەمجا سەرپێل زەهاوییەکان لە ژێر چادر و خێوەتەوە یارمەتیان بۆ کۆتۆل نارد، جگە لەوەی سەرتاسەری کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە بەسیج بوون. لە کۆتایی 2018 دا رێکخراوە ڕۆژهەڵاتییەکان بانگەوازێکیان بۆ مانگرتنی گشتی کرد؛ لە باکوور تا باشووری ڕۆژهەڵات خەڵک لە ماڵی خۆیان مانەوە و دووکان و بازاڕ و شار و شارۆچکەکانی کوردستان هەمووی داخرا. ئەم دوو نموونەیە و زۆرێک لە نموونەی دیکە سەلمێنەری ئەوەیە کە هاوهەستی و هاودڵیی شارۆمەندی لە ڕۆژهەڵات، لە نەتەوەکانی دەوروبەر ئەگەر بەهێزتر نەبێت، لاوازتریش نیە.
ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە پڕۆسەیەکی سۆسیالیزاسیۆن، واتە پەروەردەیەکی گشتیی کوردی لە ئارادا نیە. تاکەکانی نەتەوەی کوردی ڕۆژهەڵات، لەوانەیە لە شارۆمەندانی دەوڵەت-نەتەوەکان زیاتر ئینتیما و هاوزاناوی لە بەرانبەر یەکتر دەنوێنن؛ پشتگیریی یەکتر دەکەن، هاوکاری دەکەن، بۆ ژینگە، بۆ خاک و خەڵکی خۆیان هەموو جۆرە فەداکارییەک دەکەن، تەنانەت لە پێناویدا بە چەک و بێ چەک خەبات دەکەن و دەمرن، بە بێ ئەوەی پرۆگرامێکی پەروەردەی یەکگرتوویان هەبێ، بەبێ ئەوەی لە هەمان شێوە دامەزراوەدا سۆسیالیزە کرابن و بە بێ ئەوەی کە لە پڕۆسەیەکی فێرکردن و ڕاهێنان لە دەزگاگەلی پەروەردەی گشتی، وانەی گێڕانەوەی نەتەوەییی خۆیان وەرگرتبێ. نە نەبوونی ئەو پڕۆسەیە، نە نەبوونی ئەو دامەزراوانەش، نەبوونە هۆکار کە هاوهەستی و هاودڵی لە نێوانیاندا وەرار نەکات و مایندە نەبێت. ئەو هەستانە لە پەنای هەست بە چارەنووسێکی هاوبەش، میرات و مێژوویەکی هاوبەشە کە ڕۆژانە بەرهەم دەهێندرێنەوە. ئەم خاڵانەی کە ئاماژەیان پێ کرا، دروست بە پێی تێئۆریی نەتەوە وەکوو “کۆمەڵگایەکی وێناکراو”ی ئاندێرسۆن، گوزارش لە پێناسەیەکی نەتەوەیی بۆ کورد دەکات. چەند دەیە پێش ئاندێرسۆن و هابرماسیش، قاسملوو لە بابەتی پێکهاتنی زاناوی نەتەوەییی گەلی کورد، لەکتێبە بە ناوبانگەکەی “کوردستان و کورد[28]“دا، ئاماژە بە چەندین خاڵی گرنگ وەکوو پێشمەرجی نەتەوەبوونی کورد دەکات و وەها پێدەچێت “لە زانستی نوێدا چوارچێوەیەکی دیاریکراو بۆ ناوەرۆکی ئەم وشەیە [نەتەوە] دەستنیشان کراوە. نەتەوە کۆمەڵێک لە تاکی مرۆڤین، کە لە پڕۆسەیەکی مێژووییدا دیار بوونە و دامەزراون.” (قاسملوو، 1996:300) پاش تاوتوێکردنی میژووی کورد و گەشەسەندنی پەیوەندییەکانی سەرمایە و دابەشکردنی کوردستان لە نێوان چوار وڵاتدا، قاسملوو دەگاتە ئەو ئەنجامە کە “لە بەر ئەم هۆیانە، بەو شێوەیە کە دەتوانین لە نەتەوەکانی دیکە ناوببەین، دەتوانین کوردیش وەکوو نەتەوە پیناسە بکەین، چونکە سێ مەرجی گرنگ و سەرکیی پێکهێنانی زاناوی نەتەوەیی بریتی لە زمان، خاک و دابونەریتی هاوبەش بە تەواوی لە ناو گەلی کوردیشدا هەن.” (هەمان سەرچاوە: 304-305) سەرەرای بۆچوونێکی ئێکۆنۆمیست، لێرەدا مارکسیزم، کە بۆچوونی باوی تێئۆریزەکردنی نەتەوە لە ناو چەپەکاندا بوو، قاسملوو، ئابۆری ناکاتە فاکتۆرێکی ئەساسی بۆ پیناسەی نەتەوە و وەها پێدەچێت: “زۆر جار هەبوونی ئابوورییەکی هاوبەش وەکوو مەرجێکی سەرەکی بۆ پێکهاتنی زاناوی نەتەوەیی هەژمار ناکرێت.” (هەمان سەرچاوە: 305)
خالێکی دیکە کە لە پراکتیکی کۆمەڵایەتی و وێژمانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتدا بەرجەستە دەبێت، ئیدەی بەرابەری و دادمەندییە، وەکوو گرین فێلد ئاماژە دەکات، نەتەوەی مۆدێڕن “کۆمەلگایەکی گشتگیر، سەروەر و لە جەوهەردا یەکسان”(Greenfeld 2001: 32) وێنا دەکات. قاسملوو لە “بحث کوتاهی در بارە سوسیالسم”دا ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجگەلی حیزبەکەی تەنیا چارەسەریی کێشەی نەتەوەیی نییە، بەڵکوو پرۆگرامی هەیە بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و “لە ساڵی 1971ـەوە تا ئیستا بەرنامەی بە تایبەت لەسەر بنەمای چارەسەری دوو کێشەی “نەتەوایەتی” و “کۆمەڵایەتی” دامەزراوە.” (قاسملوو، 1982:8)
لە ئاراستەی بنەمای یەکەمی بۆچوونەکانی قاسملوودا، کۆمەڵێک تێئۆریسیەنی بواری سەروەری و مافی دیاریکردنی چارەنووس ڕادەگەیەنن کە “نەتەوە وکوو خەڵک مافی خۆبەرێوەبەریی هەیە، کە [مافی] دیارکردنی چارەنووس، ئاماژەیەکی ڕاستەخۆیە بۆ مافی گەردوونی بۆ مرۆڤ.” (MacCormick 1999; Lindahl: 2001; Tully 1995) هاوئاراستە لە گەل هێمان(عنصر)ی دووەمی بۆچوونەکانی قاسملوو واتە “لە ناوبردنی ئیستیسماری مرۆڤ لە مرۆڤ” (قاسملوو، 1982:9)، ئەو تێئۆریسیەنانە خەخت لەوە دەکەن کە “لە دۆکترینە مۆدێڕنەکانی سەروەریی گەلدا، گەل وەکوو نەتەوە حوکمڕانی دەکات؛ [بۆیە] سەروەریی گەل لە نیزیکەوە بە خۆبەڕێوەبەریی دێموکڕاتیکەوە پێناسە کراوە؛ واتە، مەرجی نۆرماتیڤ، کە بە پێی ئەو، یاسا ڕەوا بکات، ئەوەیە کە [ئەو یاسایە] بەرهەمی بڕیاری گەل بێت.” (MacCormick 1999; Lindahl: 2001; Tully 1995)
سەروەری لە هزری ئانتی کۆلۆنیالدا
توێژینەوەکانی سەبارەت بە بنچینە و جۆرەکانی هزر و پراکتیکی کۆلۆنیال، بۆمان ڕوون دەکەنەوە کە ڕەخنەی ئانتی کۆلۆنیال، پێش ئەوەی کە ڕاستەوخۆ داوای سەربەخۆیی بکات، لەسەرەتادا بە داواکاری بۆ شارۆمەندییەکی یەکسان لە نێو چوارچێوەی ئەمپەریالیدا دەستی پێ کردووە. بەڵام ئەزموونی مێژوویی سەڵماندوویەتی کە ئەم مۆدێڵە ئالتێرناتیڤانە، لە ئوتۆپیا (کۆمەڵگای ئارمانی) و هەندێک ئیدەئال تێنەپەڕیون. خەباتی گاندی بۆ شارۆمەندیی یەکسانی ئەمپەریالی بریتانی، لە ئەفریقای باشوورەوە دەستی پێ کرد. واتە دانیشتوانی کۆلۆنییە بریتانییەکان هەمان مافی شارۆمەندییان هەبێت کە سپیپێستە بریتانییەکان لە ناو خاکی بریتانیادا هەیانبوو. سەرەڕای خەباتێکی زۆری لیبێراڵە هندییەکان بۆ بەدیهێنانی مافی شارۆمەندی، دەسەڵاتی بریتانیا تەنیا دانی بە سەروەریی خەڵکی سپێپیستی دوورگەی بریتانیادا دەنا، بەڵام لەمەڕ خەڵکی کۆلۆنییەکان، سیاسەتێکی هەڵاواردنی نەژادیی پەیڕەو کرد. سەرەتاییترین مافەکانی شارۆمەندە غەیرە بریتانییەکان لە کۆلۆنییەکاندا پێشێل دەکران. بۆ نموونە کاتێک گاندی لە بریتانیا ڕا چووە ئافریقای باشوور، هەموو مافە شارۆمەندییەکانی لێ ئەسێندرا. واتە مافە شارۆمەندییەکانی وەکوو شارۆمەندی بریتانیا لە سەر خاکی خودی بریتانیا دەستەبەر بوو، بەڵام کاتێک گەیشتە کۆلۆنییەک، لەو مافانە مەحرووم کرا. ئیدەی شارۆمەندی ئەمپەریال کە دەبوایە لەگەڵ دەوڵەتێکی ئەمپەریالی یەکپارچەدا بەدی بهاتایە، لە کۆلۆنییەکاندا تووشی سنووردارکردنێک بەدەست یەکینە نەتەوەیییەکان دەهات. لەم بارەیەدا سینها ڕادەگەیەنێ کە “بۆ ماویەکی کورت لە نێوان هەردو شەڕ[ی جیهانی دا] هەوڵێک درا بۆ یاسای شارۆمەندییەکی بناغەفراوان، بەڵام لە پراکتیکدا، ناسیۆنالیزەکردنی ئەمپەراتۆری بریتانیا [بە دابەشکردن بەسەر چەندین یەکینەی نەتەوەییدا] سەرکەوت، لەگەڵ ئەویش بۆ هەتا هەتایە واز لە مۆدێلی ئەمپەراتۆری فێدێراڵ هێنرا. چوونی گاندی لە ئەفریقای باشوورەوە بۆ هیند، دانپێدانان بەو ڕاستییە بوو کە خەبات بۆ شارۆمەندی ئەمپەریال شکەستی هێنابوو.” (Sinha, 2013: 165) لەسەر ئەم قەناعەتە بوو، کە بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی هیند، ئیتر لەسەر سەروەریی ڕەهای هیند لە قالبی دەوڵەت-نەتەوەدا بڕیار دەدات. لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە دێکۆلۆنیزاسیۆن (مستعمرەزدایی) بووە بە هۆکاری دروست بوونی پەیوەندییەکی دامەزراوەیی-ئیدێئۆلۆژیک لەسەر جۆگرافیاگەلی دیاریکراو؛ پەیوەندییەک کە بە بیچم گۆرینی سیاسی، بەرەو سەروەریی گەل لە ئاستی جیهانیدا بەدیهاتووە. لە ئاراستەی ئەم گۆڕانانەدایە، کە قاسملووهەر لە بەندی یەکەمی مژاری مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەی کورد، لە کتێبی ناوبراودا کێشەکە دەبەستێتەوە بە کۆلۆنیزاسیۆن و وەها پێدەچیت: “مەسەلەی ڕزگاریی کۆلۆنییەکان و وڵاتانی ژێردەست خێراتر لە مەسەلەکانی دیکە بەرەو پێش دەچێت… ئێستا هیچ نەتەوەیەک نییە کە بە ئازادیی خۆی نەگەیشتبێ یان هەنگاوی بەرەو ئازادی نەنابێ.” (قاسملوو، 1996:319) بۆ ڕزگاری لە کۆلۆنیزاسیۆن، قاسملوو ڕاستەوخۆ ئاماژە بە وتەی لێنین دەکات کە دەڵێ: “مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان، واتە سەربەخۆییی سیاسیی ئەم نەتەوانە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی نەتەوەیی.” (هەمان سەرچاوە) سروشتییە کە قاسملوو، ئەو کات وەکوو مارکسیست بۆ سەڵماندنی بۆچوونەکانی دەگەڕێتەوە بۆ دەقەکانی مارکس یان لێنین، بەڵام دارشتن و پێناسەکردنی چارەسەریش لە هەمان ئاراستەدایە کە پێشتر ئاماژەی پێ کرا، بیچم گرتنی سەروەری، لەدەرەوەی سنوورە کۆلۆنیالەکاندا بووە بە “بۆچوونی ستاندارد لەمەڕ دەسکەوتەکانی دێکۆلۆنیزاسیۆن و ناسیۆنالیسمی ئانتی-کۆلۆنیال. [چونکە] لە لایەک وەکوو ئامرازێک بۆ گەردوونیکردنی سیستەمی دەوڵەتی ڤێستفالێنی کار دەکات، لە لایەکی ترەوە دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی مۆدێلی [مافی] دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە و سەروەریی گەل لە فۆرمی ناسیۆنالیسمدا.” (Mantena لە Burke & Skinner, 2016:297) سەرەڕای ئەوەی کە ڕەوتی باو لە ڕەوتە سیاسییەکانی ئەو کاتەدا چەپ بوو، بەڵام قاسملوو بە جورئەت کێشەی کورد لە چوارچێوەی تێئۆریی ئانتی-کۆلۆنیالدا پیناسە دەکات کاتێک دەڵێت: “لە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، وەکوو زۆرێک لە کێشەکانی سەردەمی ئێستا، هۆکارێکی دیکەش کاریگەرە. لە ڕوانگەی مێژوویییەوە، جگە لەوەی کە سەردەمی ئێستا، سەردەمی ڕووخاندنی سیستەمی کۆلۆنیال و ڕزگاریی نەتەوە چەوسێندراوەکانە، هەروەها سەردەمی گۆڕاندنی [سیستەمی] سەرمایەداری بەرەو سۆسیالیسمیشە.” (قاسملوو، 1996:292) واتە قاسملوو ئەوکاتەش وەکوو چەپێکی مارکسیست، مەرجی یەکەم بۆ سەروەریی گەل لە ڕزگاربوون لە سیستەمی کۆلۆنیالدا دەبینێ و گوزار بۆ سۆسیالیسم لە قۆناخێکی دواتردا هەڵدەسەنگێنێ. بۆیە لەم ئاراستەیەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە “تەنیا بە سەرنجدان لە ڕاستییە ئاماژەپێکراوەکان دەتوانین چارەسەری کیشەی کورد تاوتوێ بکەین و هەر هەوڵێک لە پێناوی چارەسەریی کێشەکە دوور لە [سەرنج] بە سەر ئەم ڕەوشە گشتییە، لە ئاستی تێئۆرییەوە هەڵە و لە پراکتیکدا زیانبارە.” (هەمان سەرچاوە)
ناسیۆنالیسمی ئانتی کۆلۆنیال بە شێوەیەکی دیالێکتیک، بەرەو دەوڵەت-نەتەوە گەشەی ستاندووە، چونکە “نەتەوە-دەوڵەت ڕۆژەڤی سەرەکیی هزری ئانتی-کۆلۆنیال بووە.”(Mantena لە Burke & Skinner, 2016:29) مانتێنا نەتەنیا نەتەوە-دەوڵەت وەکوو ڕۆژەڤی هزری ئانتی کۆلۆنیال پیناسە دەکات، هەروەها ئاماژە بە دێتێرمینیسمێکی (جەبر) مێژوویی دەکات و ڕادەگەیەنی “چونکە [پڕۆسەی] دێکۆلۆنیزاسیۆن بە جودابوونەوە و سەربەخۆییی کۆلۆنییە فەرمییەکانی جاران بە ئەنجام گەیشت، نەتەوە-دەوڵەت دەبێت وەکوو بەرهەمی لۆژیکی وەراری سیاسیی ئانتی-کۆلۆنیالیسم وێنا بکرێت.” (هەمان سەرچاوە، ل 300)
شارۆمەندسازی بە شایستەییی ئێپیستێمیک
قاسملوو لە کتێبەکەیدا باس لە پێکهاتنی زاناوی نەتەوەییی گەلی کورد دەکات، کە تەعبیرمان لەو دەستەواژەیە پڕۆسەی نەتەوەسازییە. لەم بارەیەدا قاسملوو ڕادەگەیەنێ کە “دروستکردن/پێکهێنان(تکوین)ی کامڵی زاناوی نەتەوەییی کورد لە هەلومەرجی ئێستادا ئەستەمە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، هەبوونی نەتەوەی کورد کە ڕۆژبەرۆژ لە گەشەسەندن و بەهێزبووندایە، ئینکار بکرێت.” (قاسملوو، 1996:305) نزیکەی شەست ساڵ بەسەر ئەو سەرنجەی قاسملوودا تێدەپەڕێت. لەو سەردەمەوە تا ئیستا کوردستانی ڕۆژهەڵات چەندین شۆڕشی ئەزموون کردووە کە ئەو شۆڕشانە بوون بە بەشێک لە بیرەوەریی نەتەوەییی تاکی کورد. ئەنتەگراسیۆنی کۆمەڵگا کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات، چەندین قۆناغی بەسەربردووە، تەنانەت بە بۆچوونێکی مارکسیستیش بێت، پەیوەندییەکانی سەرمایە ئێستا لە ڕۆژهەڵات لە ئاستێکی زۆر پێشکەوتووتردایە. سەرەڕای نەبوونی فیزیکی -یان ئامادەبوونێکی کز- تەڤگەری ڕزگاریخوازیی کوردی لە ڕۆژهەڵات، ئاستی خۆئاگاییی نەتەوەییی تاکی کورد لە ڕۆژهەڵات زۆر بەهێزتر بووە. مانگرتنی 2018 سەڵماندی کە خەڵکی ڕۆژهەڵات هێشتا پابەندی وێژمانی سیاسیی ڕێکخراوە سیاسییەکانیەتی. هۆکاری سەرەکیی ئەم پابەندییە و ئەم خۆئاگایییە نەتەوەیییە جیاواز نییە لە ئەو هاندەرە کە جووتیارانی شڤابێن داواکارییە ڕەواکانیان دەرببڕن؛ ئەو هاندەرە بێ گومان ئێپیستێمە.
مەرجێکی گرینگی دێموکڕاسییەکی زیندوو و دینامیک، شایستەییی ئێپیستێمیکە (epistemic merit). بە بێ ئیپیستێم، پڕۆسەی ڕۆشنگەری، ڕێفۆرماسیۆن، وەراری چەمکی سەروەری و لە کۆتاییدا دێموکڕاسیش مومکین نەبوو. دەوڵەتی ئێران، کوردستانی میلیتاریزە کردووە، دەزگای پەروەردە و ئابۆری و کارگێریی لە کوردستان بەهێزتر کردووە، بەڵام خەڵکی ڕۆژهەڵات هەست بە درز و دابڕانێکی قووڵ لە نێوان خۆیان و ئێراندا (وەکوو دەوڵەت) دەکەن. نامۆ بوونی کورد لە ئێران و ئێرانی بوون بەشێکە لە پڕۆسەی سروشتیی نەتەوەسازی، کە بۆ خۆیییەکان هەڵوێستێکی گشتگیر (inclusive) و لەمەڕ دەرەوەی خۆی، بە تایبەت دیکەی خۆی، هەڵوێستێکی دەرگر (exclusive) هەڵدەبژێرێ. بەڵام لەو درز و دابڕانەدا بۆشایییەکی ئێپیستمیکی هەیە، واتە بۆ تاکی کورد و تەنانەت بۆ بەشێک لە نوخبەی سیاسیی کورد، ئەو بۆشایییە پێناسە نەکراوە. نامۆبوونی خەڵکی ئاسایی لە کلێسە بە دەستەبەرکردنی سەروەری کۆتایی هات، بەڵام بە بێ بەدەستهێنانی ئێپیستێم و ڕاهێنانی دێموکڕاسی، ئەو سەروەرییە نەدەگەیشتە ئامانجی کۆتایی.
ڕاهێنانی گەل
نوخبەی هزری و سیاسیی کورد، لە نەبوونی دەزگای سۆسیالیزاسیۆنی نەتەوەییدا، ئەرکێکی گرنگییان بۆ ڕاهێنانی گەل هەیە، کە لە نەریتی بزووتنەوەی کرێکاری لە سکاندیناڤیادا وەکوو ڕاهێنانی گەل (بە سوئێدی folkbildning[29]) پێناسە کراوە. مەبەست لەو ڕاهێنانە ڕۆشنگەری بۆ خەڵکە، کە لە کۆتاییی سەدەی ١٩دا بە تایبەت لە ناو ڕێکخراوە کرێکارییەکانی نزیک بە حیزبە سۆسیالدێموکڕاتەکاندا سەری هەڵدا. ئامانجی سەرەکیی ڕاهێنانی گەل، دروستکردنی بیر و ڕا و لە کۆتاییدا مۆبیلیزە (بەسیج) و جووڵاندنی خەڵک بەرەو ئاراستەیەکی سیاسی بوو. چونکە “لە مۆبیلیزاسیۆندا ئامادەیی دروست دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کردارێک، واتە ڕاهێنانی مۆبیلیزەکارانەی گەل، تەنیا بە ڕۆشنگەری و وەرگرتنی زانین ڕاناوەستێ. کاتێک باس لە مۆبیلیزەکردن بە ڕێگای ڕاهێنانی گەل دەکەین، ناوەرۆکی خەباتەکە پەیوەندییەکی قووڵی بە بزووتنەوەی گەل و [بزووتنەوە] کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە.” (Larsson, 2013:9) لایەکی دیکەی ڕاهێنانی گەل، بەدیسیپلینکردنی هزر، وێژمان و کرداری گەلە بەرەو ئاراستەیەکی دیاریکراو. نەبوونی دیسیپلین ڕێگا دەدات بە بێهێزیی هەر جووڵانەوەیەک. بێگومان بەرخۆدانی بە دیسیپلین بەشێکی ناجیابار لە مۆبیلیزاسیۆنی سیاسیدایە. ئەندامەتی لە کۆلێکتیڤ(جەمع) و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی کۆلێکتیڤ و تەنانەت وەکوو تاک نوێنەرایەتیی ئەو بیروبۆچوونانەی کە کۆلێکتیڤ هەیەیتی، بەشێکە لە ئەنجامەکانی ئەم خۆ دیسیپلین کردنەوەیە. ڕاهێنانی گەل لە سەدەی نۆزدەشدا وەکوو پێشمەرجێکی دێموکڕاسی پێناسە دەکرا: واتە بۆ ئەوەی گەل بتوانێ موماریسەی دێموکڕاسی بکات، پێویست بوو ڕابهێندرێت و پەروەردە بکرێت. لە هەمان کاتدا وەکوو لارشۆن ئاماژە دەکات: “رۆشنگەری، ناوکی مۆبیلیزەکردنی خەڵکە بۆ گۆڕانی کۆمەڵایەتی؛ [واتە] زانینی ئۆبژێکتیڤ سەبارەت بە ڕەوشی کۆمەڵگا، بێدادی و وێناکردن و بیرلێکردن لە سەر بۆچوونەکانی دیکە لە کۆمەڵگادا و کۆمەڵگا دەبێت چۆن بەڕێوە بچێت، ئەمانە هەمووی بە ڕێگای ڕاهێنان و پەروەردەی گەلەوە دەگاتەوە تاک.”(Larsson, 2013:9) سۆسیالدێموکڕاتەکان بۆ ڕاهێنانی خەڵکی ئاسایی بە درێژاییی مێژوویان بازنەی موتالعاتییان (studiecirkel) داناوە. لە هەر شوێنێکی کار، سەندیکا بە هاوکاری لەگەڵ ئەنجومەنێکی موتالعاتی، بازنەیەکی دادەنا، نە مامۆستا بەڵکو ڕێبەرێکی بازنە (cirkelledare) دەستنیشان دەکرا و لەسەر تەوەری جیاواز کرێکار یان کارمەند یان هەر شارومەندێکی دیکە، وانەیان لە ڕێبەری بازنە وەردەگرت.
ئەم بازنانە لەدەرەوەی سیستەمی پەروەردەی گشتی و تەنانەت زۆر جار لە دەرەوەی بازنەی ئیدئۆلۆژیکی خودی سۆسیالدێموکڕاتەکان بوون. پەر ئالبین هانسۆن (Per Albin Hansson)، ڕێبەری سۆسیالدێموکڕاتەکان و سەرۆکوەزیری سوئێد لە نێوان هەر دوو شەڕی جیهانی و لە میانەی شەڕی جیهانیی دووەمدا لەو باوەڕەدا بوو کە یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی دێموکڕاسی، لە ناوبردنی هاوهەستیی چینایەتی و دامەزراوەیی کردنی هاوهەستیی شارۆمەندییە، کە بریتییە لە بەهاگەلی گشتگیر وەکوو بایەخ و هاودەردی، دادپەروەری، هاوهەستی و مرۆڤایەتی.” (Karlsson, 2001:468)هانسۆن هەروەها وەکوو دانەری ماڵی گەلیش (Folkhemmet) ناسراوە، واتە کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و گشتگیر کە هەموو کەس بە هەموو زاناو و تەعەلوقی کۆمەڵایەتی، چینایەتی و هزرییەوە، بتوانێ خۆی تێدا ببینێ و هەروەها لە ڕیفاه(خۆشبژێوی)ی هاوسان بەهرەمەند بێت. بە بۆچوونی ئاندێرش ئیساکسۆن، نووسەری بیۆگرافیی هانسوون، ماڵی گەل ئامرازێک بوو بۆ “زاڵبوون بەسەر زاناوە چینایەتییەکان” وهەروەها ڕادەگەیەنێ کە هانسۆن “زۆر چاک لە پۆتانسیێلی یەکگرتنەوەی ماڵ، ناسیۆنالیسم و سۆسیالیسم ئاگادار بوو. (Isaksson, 2000:189)
بە ڕێکەوت نییە کە سۆسیالیستێکی دیکە، قاسملوو، لە هەمان ئاراستەدا ئاماژە بەوە دەکات کە “هاوکات لەگەڵ چارەسەری کێشەی نەتەوەیی و دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی، حیزبی پێشرەو (مەبەستی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران بوو) دەیەوێ کێشە کۆمەڵایەتییەکانی گەلەکەمان چارەسەر بکات.” (قاسملوو، 1982:6) واتە بەبێ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و شارۆمەندییەکی گشتگیر، بەدیهێنانی مافی نەتەوەییش سوودی نابێت، قاسملوو لێرەدا بە ڕاشکاوی دەڵێ “حیزبێک کە هەوڵ دەدات بزووتنەوەی گەلی کورد ڕابەری بکات، ئەگەر تەنیا حیزبێکی ناسیۆنالیستی تەواو عەیار بێت، واتە بەس چارەسەری کێشەی نەتەوەیی لە ناوەندی بیروڕاکەیدا بیت، دەگاتە جێگایەک کە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی چارەسەر نەکردووە و بەم شێوەیە بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی وەکوو شتێکی بێ کەڵک وەدەر دەخات.” (هەمان سەرچاوە، 6) بۆچوونی قاسملوو دەکرێت وەکوو پێشبینیەک بۆ هەلومەرجی هەرێمی کوردستانی عێراق هەڵبسەنگێندرێت. حیزبەکانی ئەو بەشەی کوردستان بۆ قوناغی پاش ڕزگاری وا دیارە هیچ بەرنامەیەکیان نەبووە؛ لە ماوەی ٢٩ ساڵ حوکمڕانیدا لە هەرێمی کوردستانی عێراق، هیچ پرۆگرامێک بۆ پێکهێنانی شارۆمەندیی کوردستانی دانەڕێژراوە؛ هیچ پرۆگرامێک بۆ مەهاری سەرمایە بە ڕێگای باج و هاندانی کەرتی بەرهەمهێنەر دروست نەکراوە. دروست بە پێچەوانەوە، بە پێی ڕێبازی نێئۆلیبراڵ، رێگە دراوە بە دروست بوونی کارتێل و تراستگەلێک کە لە خزمەت ئۆلیگارشییەکدایە. لەو بەشەی کوردستان نەک هەر شارۆمەند دروست نەبووە، تەنانەت حیزبایەتییش بە پێی ئێپیستێم و ڕاهێنانی کادر و هاووڵاتی بەڕێوە نەچووە؛ پەیوەندیی حیزبەکان لەگەڵ خەڵکی ئاسایی پەیوەندییەکی پاترۆناژ (ئەرباب موشتەری)ە. وەکوو قاسملوو دەردەبڕێ، بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی، بێ کەڵک دەمێنێ و ئیتر زۆر ئاسایی دەبێت ئەندامانی ڕێبەرایەتیی هەندێک ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی حقوقیی هەرێم و تەنانەت پەیوەستبوونی پارێزگا کوردستانییەکان بە بەغداوە، وکوو ڕێگاچارە بۆ کێشەکان دەبینن و بەشێکی بەرچاوی خەڵکیش بۆ ئەو بۆچوونانە چەپڵە لێدەدەن.
ڕوویەکی دیکەی پرسەکە دەستنیشانکردنی جۆرە دێموکڕاسییەکە کە قاسملوو وەکوو دێموکڕاسیی قووڵ چەند جار ئاماژەی پێ کردووە. قاسملوو لەو باوەڕەدایە کە”دێموکڕاسی پێویستترین مەرج بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگا یە. دێموکڕاسی تەنیا بە چەند دەستووری کارگێڕی بەدی نایەتەوە” (هەمان سەرچاوە، ل 38) و ڕادەگەیەنێ کە “وەکوو حیزبێکی دێموکڕات کە چل ساڵە لە پێناو ئازادی و دێموکڕاسیدا تێدەکۆشێت، باوەرێکی قووڵی بە دێموکڕاسی هەیە و بەدیهێنانی لە هەموو هەلومەرجێکدا وەک یەکێک لە پرەنسیپە بنچینەیییەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگا دەبینێ.” (هەمان سەرچاوە، ل 41) ڕەخنەی قاسملوو لە سیستەمی ڕێئالسۆسیالیسم، واتە وڵاتە سۆسیالیستەکانی بلۆکی سۆڤیەت، دەربڕی ئەوەیە کە قاسملوو لە باوەڕی بۆ ئازادی و دێموکڕاسیدا سادقە، چونکە سۆسیالیسمی دێموکڕاتیک وەکوو دژبەرێک بۆ سۆسیالیسمی ئۆتۆریتەری سۆڤیەتیک پێناسە کراوە. هەرچەند وەکوو لێکۆڵەرێک، قاسملوو لە سیستمەی ئاکادێمیکی مارکسیستیی سەردەمی شەڕی سارد دا سۆسیالیزە کرابوو، بەڵام باوەڕێکی قووڵی بە دێموکڕاسی هەبوو، بۆیە لە لایەن چەپی توندڕەو ڕا بەردەوام هێرشی دەکرایە سەر و بە نوێنەرایەتیی بوورژوازی تاوانبار دەکرا. قاسملوو گەیشتبوو بەو قەناعەتە کە بە بێ بەرنامەیەک بۆ شارۆمەندسازییەکی دێموکڕاتیک، بەدیهێنانی مافی نەتەوەیی ئەستەمە. لایەنی نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتیی هزری قاسملوو یەکتریان تەواو دەکرد. دەستەبەرکردنی مافی نەتەوەیی واتە سەروەریی گەلی کورد و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بە سیاسەتێکی گشگیری شارۆمەندسازیدا ئەساسی هزری قاسملوو بووە.
ئەنجام
خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات، لە جەوهەری خۆیدا خەباتێکی ئانتی کۆلۆنیالە بۆ دەستەبەرکردنی سەرەوەری، کە بە پێی دیالێکتیکی ئەو خەباتانە بە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەوە بەدی دێتەوە. بە بۆچوونی قاسملووش گەلی “کورد وەکوو هەموو نەتەوەکانی دیکە، مافی دیاریکردنی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی هەیە.” (قاسملوو، 1996:319) قاسملوو هەموو ژیانی سیاسیی خۆی لە میانەی شەڕی سارددا بەسەر برد، کە گۆڕانی ستاتوس-کوو(دۆخی ئارایی)، واتە گۆڕینی سنوورە سیاسییەکانی ئەو دەوڵەتانەی کوردیان کۆلۆنیزە کردووە لەو سەردەمەدا، ئەستەم بوو. بۆیە بەشێکی زۆر لە نووسراوەکانی تەرخان دەکرد بۆ بەرگری لەو هزرە، هەم لە بەرانبەر چەپەکان و بلۆکی سۆڤیەت و هەمیش بەرانبەر دەوڵەتانی ڕۆژاوا. هەلومەرجی سیاسیی ئێران و ژێئۆپۆلێتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قاسملووی بەرەو چارەسەرییەکی کارکردی هان دەدا، بۆیە ئۆتۆنۆمیی وەکوو بژاردەیەک، بۆ “قۆناخی یەکەم” بەرجەستە دەکات کە دەستەبەرکردنی لە “هەلومەرجی” ئەو کاتەدا لەوانەیە ئەستەم نەبێت. قاسملوو لەم بارەیەدا پرسەکە وا شی دەکاتەوە: “دوور نییە لە قۆناخی یەکەمدا لە گشت ئەو وڵاتانەی کورد لێیان دەژین، مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدا دابین بکرێت. ئاشکرایە کە لە هەلومەرجی ئێستادا دروشمی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد لە چوارچێوەی هەریەک لەو وڵاتانەدا دروشمێکی دروستە.” (قاسملوو، 1996:330) تەنانەت بیست ساڵ دواتریش لەسەر کاتی بوونی دروشمی ئۆتۆنۆمی دیار دەکات کە ئەو دروشمە لەو قۆناخەدا بۆ حیزبی دێموکڕات دروشمێکی ستراتێژیکە؛ ئەو ستراتێژییە لەوانە یە ٥، ١٠، تەنانەت ٢٥ ساڵ یان زیاتریش بخایەنێ و لەسەر بەردەوامیی قۆناغی ستراتێژیک ڕادەگەیەنێ کە “بەردەوامیی قۆناخی ستراتێژیک هۆکار و بکەری زۆری هەیە، بەتایبەت بەو پرسەوە گرێ دراوە کە ئێمە لە قۆناخێکی تاکتیکیدا تا چ ئەندازە سەرکەوتوو بووین و تا چ ڕادەیەک لە تاکتیکی گونجاو کەڵکمان وەرگرتووە.” (قاسملوو، 1982:11) دروشمی دێموکڕاسی بۆ ئێران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان، هەرچەندە ستراتێژیک بیت، بە بۆچوونی شەخسی قاسملووش بەستراوەتەوە بە هەلومەرجەکانی کاتی و ژێئۆپۆلێتیک، دەنا لە ڕاستیدا وەکوو بەردەوام ئاماژەی پێ کردووە کورد مافی دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی خۆی هەیە، واتە سەروەریی تام و تەواو.
باوەڕی قاسملوو بۆ دێموکڕاسیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، گوزارش لە زانینی لە شایستەیی ئێپیستێمیک وەکوو پێشمەرجێک بۆ دێموکڕاسییەکی قووڵ دەکات. ئەم ئێپیستێمە دەبێت لە ناوئاخنی تاکی کورددا دەروونی بکرێت؛ ماتریالی ئەم شارۆمەندییە ئامادەیە؛ ڕۆژهەڵات بە دینامیکی خۆیەوە سەلماندوویەتی هەرچەندە تاکەکانی لە پراکتیکی سیاسی و یاساییدا ڕەعیەتی عەجەمن، بەڵام پرۆتۆتیپی شارۆمەندیی کوردستانیان خوڵقاندووە و ئەرکی هەنووکەییی نوخبەی سیاسی و هزری کورد لە ڕۆژهەڵات، خەبات لە قالبی ڕاهێنانی گەلی کورددا بۆ دروستکردنی شارۆمەندییەکی دێموکڕاتیک، گشتگیر و ئامانجمەندی کوردستانییە.
سەرچاوەکان
Brad R. Roth and Larry A. Garber Proceedings of the Annual Meeting (American Society of International Law) Vol. 91, Implementation, Compliance and Effectiveness (APRIL 9-12, 1997), pp. 363-372 (10 pages)
Burke, R. & Skinner, Q. (2016). Popular Sovereignty in Historical Perspective. Cambridge: Cambridge University Press.
Clark, G. (1960). Early Modern Europe. London: OUP.
Friedrich, C. ( 1 963). The Philosophy of Law in Historical Perspective. Chicago: University of Chicago Press
Greenfeld, L. (1992). Nationalism. Five Roads to Modernity, Cambridge, Mass: Harvard University Press.
Habermas, J. (1996). ‘The European nation state. Its achievements and its limitations. On the past and future of sovereignty and citizenship’, Ratio Juris 9 (2):125–37.
Haig, C. (1993).English Reformations: Religion, Politics, and Society under the Tudors. Oxford: Clarendon Press.
Isaksson, A. (2000). Per Albin 3: Partiledaren, Stockholm: Wahlström & Widstrand
Jackson, R. (2007). Sovereignty, evolution of an idea. Cambridge: Polity Press.
Karlsson, Sten O. Karlsson. (2001). Det intelligenta samhället: En omtolkning av den socialdemokratiska idéhistorien. Stockholm: SAB.
Keen, M. (1991). The History of Medieval Europe. Harmondsworth: Penguin Books.
Lindahl, H. (2001). ‘Sovereignty and the institutionalization of normative order’, Oxford Journal of Legal Studies, 21 (1): 165–80.
MacCormick, N. (1999). Questioning Sovereignty. Law, State, and Nation in the
European Commonwealth, New York: Oxford University Press.
McGrath, E. (2004). The intellectual origins of European Reformation. Cornwall: Blackwell Publishing.
Philpott, D. (2001). Revolutions in sovereignty. New Jersey: Princeton University Press
Rousseau, J. (2002). The Discourse on the Sciences and Arts and The Social Contract. New York: Vail-Ballou Press.
Sinha. M. (2013).‘Whatever Happened to the Third British Empire? Empire, Nation Redux’.
Writing Imperial Histories. Edited by Andrew S. Thompson, 168–83. Manchester: Manchester University Press.
Talmon, J. ( 1 970). The Origins of Totalitarian Democracy. New York: Norton.
Te Brake, W. (1998). Shaping History : Ordinary People in European Politics, 1500-1700. Los Angeles: University of California Press
Tully, J. (1995) Strange Multiplicity. Constitutionalism in an Age of Diversity, Cambridge: Cambridge University Press.
https://uscode.house.gov/download/annualhistoricalarchives/pdf/OrganicLaws2006/decind.pdf
https://www.un.org/en/universal-declaration-human-rights/
https://wp.stu.ca/worldhistory/wp-content/uploads/sites/4/2015/07/French-Constitution-of-1791.pdf
Larsson, S. Eriksson, L. Lundberg, M. Nordvall, H.Folkbildning för förändring, https://www.researchgate.net/publication/265092916 (retrived 2020-06-27)
قاسملو، عبدالرحمن (١٩٩٦). کردستان و کرد. ترجمە: طه عتیقی. APEC
[1]episteme
[2]divine sovereignty
[3]human integrity
[4]Raison d’être
[5]regnum
[6]Regnum Anglicana
[7]Regnum Gallicum
[8]ecclesium
[9]من لە جیاتی وشەی “ئایین” وشەی “دین” بەکار دێنم، چونکە وشەیەکی پارتی /dên/ و ئاڤێستایی/deêne/ یە و عەرەبی نیە، بەڵام چووە ناو دەقە عەرەبییەکان، بە تایبەت قورئان. ئایین زیاتر بۆ/ritual/ بەکارهێنراوە و لە ڕاستیدا دەربڕینی دابونەریتی دینی وەکوو نوێژ و ڕۆژوویە.
[10]Lay piety
[11]Laicity
[12]doctrinal pluralism
[13]Die Sprache
[14]Schwaben, eng: Swabia
[15]Divine sovereignty
[16]Peace of Westphalia
[17]State sovereignty
[18]Westphalian sovereignty
[19]John Locke
[21]Du contract social, ou Principes du droit politique
[22]Koma Civakên Kurdistan demokratik, toplumcu-konfederal bir sistemdir. Demokrasi, cinsiyet özgürlüğü ve ekolojik yaşamı esas alır. Devlet olmayan, yatay ve piramit tarzı örgütlenmiş, demokratik, siyasal ve toplumsal bir organizasyondur. Halk toplulukları iradesini komün, ocak, meclis ve kongreler ile ortaya koyar.
[23]https://tr.wikisource.org/wiki/KCK_S%C3%B6zle%C5%9Fmesi?fbclid=IwAR37wvYS8pm2IGztbslEt9a-ozPepb-dClhrtTQfdjTBUImVZsWqRDk4rNc, retrived 2020-06-27
[24]Kürdistan’da doğup yaşayan veya KCK sistemine bağlı olan herkes yurttaştır. KCK yurttaşı sisteme siyasal ve toplumsal bağla bağlı olan ve kültürel kimliği ile katılan, özgür iradeli, yurtsever, demokrat, katılımcı bireydir. Bu Sözleşmede belirlenen hak ve özgürlüklere sahiptir ve bu Sözleşmenin belirlediği yükümlülükleri yerine getirir.
[25]KCK ilke ve amaçlarına karşı ihanet suçu işleyen kişi, Yüksek Adalet Divanının kararı ve Kongra Gel’in onayı ile yurttaşlıktan çıkarılır.
[26]PKK, klasik parti olmayan, iktidarı hedeflemeyen, ideolojik, ahlaki ve örgütsel bir oluşumdur. Felsefe, bilim ve sanat alanında ideolojik ve özgür ahlaki bir örgütlenmedir. KCK sisteminin ideolojik gücüdür. Önderlik felsefe ve ideolojisinin hayata geçirilmesinden sorumludur.
[27]Realpolitik
[28] ئەم کتێبە جاری یەکەم ساڵی 1962 چاپ کرا. سەرچاوەی ئەم وتارە وەرگێڕانە فارسییەکەی ساڵی 1996ە.
[29]لە باری واتاییدا ئەم وشەیە هەم دێتە واتای ڕاهێنان و هەمیش پەروەردە.


