ئارامتر بخوێنەوە!

«ئادیافۆریزاسیۆن »ی ئێرانی و «بێ پێگەیی »ی کورد

خالید خەیاتی

ئادیافۆریزاسیۆنی ئێرانی، بە ڕێگای دوو مۆدێلی ڕەفتاری یان دوو ستراتێژیی جیاواز بەڵام لە هەمان کاتدا کارا لە سەر یەکتر و لکێندراو بەیەکترەوە، “بێ پێگەیی”ی کورد لە ئێراندا دەستنیشان دەکات. کورد لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم دوو ستراتێژییەدا- کە لە ڕاستیدا پێکهێنەری جەوهەری ئەخلاقیی نەتەوەی سەردەستن، و لە هەمان کاتدا وەکوو قەوارەیەکی هۆویەتی/کولتووری تایبەت و جیاکەرەوە (فارس/شیعە) نوێنەرایەتیی واتەی ئێرانیبوون و فۆڕمی هەڵبژێردراوی کۆمەڵگەی خەیاڵیی ئەو ئێرانیبوونە دەکەن – تەنیا ڕۆلی ئۆبژە دەبینێت. 


سەرەتا

بەدوور لە هەر ئیدیعایەکی تێۆریکی/مێتۆدۆلۆژیکی، ئامانجی ئەم نووسراوە کورتە، بریتییە لە زەقکردنەوەی پرسیار یان تێڕامانێکی لەناکاو، کە ببێتە هۆکاری ئەوەی لە خۆمان بپرسێن کە لە مۆراڵی سەردەستی ئێرانی و ئێرانیبووندا، “بێ پێگەیی” و وردەکارییەکانی ئەم “بێ پێگەیی”یە چۆناوچۆن وێنادەکرێت و بە چ شێوەگەلێک بەرهەم دێتەوە. ئاخۆ ئەم وێنانەی کە سۆبژەی ئاساییی ئێرانی لە ژێر کاریگەریی مۆڕاڵی زاڵ و هەروەها کۆنژۆنکتووری سیاسیی ناوخۆیی و ناوچەیی، لە کوردیان بەرجەستە دەکاتەوە، هەڵگری چ تایبەتمەندییەکن و لەم پێناوەدا، کورد لە بەستێنی کۆمەڵگەی خەێالیی (Anderson 1991) ئێرانی یان لە سیستەمی ئەخلاقیی ئێرانیبووندا، چ پێگەیەکی پێ بەخشراوە؟هەر لەم پەیوەندییەدا، چەمکی ئادیافۆریزاسیۆن کە لە لایەن کۆمەڵناس و فیلەسۆفی پۆڵۆنیایی-بریتانیایی، زیگمۆنت باومان (Zygmunt Bauman 1925-2017) داڕێژراوە،چ واتەیەکی هەیە و تا چ ڕادەیەک دەتوانێ تایبەتمەندییەکانی سیستەمی مۆڕاڵی ئێرانی لە پەیوەندی لە گەل کورددا ڕوون بکاتەوە؟


“زیگمۆنت باومان” و چەمکی “ئادیافۆریزاسیۆن”

چەمکی ئادیافۆریزاسیۆن (Adiaphorisation) کە لە نووسراوەکانی زیگمۆنت باومان دا پێگەیەکی بەرچاوی هەیە، لە ئەساسدا ڕەخنەیەکە کە ئەو کۆمەڵناسە ئاراستەی بنەما مۆڕاڵییەکانی مۆدێڕنیتە و بێ تەفاوەتی و بێ مشووریی مرۆڤی کۆمەڵگەی هاوچەرخی دەکات. لە ڕوانگەی باومانەوە، هەرچەند مۆراڵ چەمکێکی کۆمپلێکس و فرەڕەهەندە و بەم پێیەش ناکڕێت هەتا ئاستی کاراکتەری تاکەکەسی دایبەزێنی، بەڵام دیسانیش بە گوێرەی بۆچوونی ئەم فەیلەسۆفە، لە ناخی هەر تاکە مرۆڤێکدا غەریزەیەکی ئەخلاقی هەیە، کە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە ئەم مرۆڤە لە بەرانبەر چارەڕەشی و ئازاری کەسانی هەژار، بێ ماف و بێبەشکراو، هەست بە هاوخەمی/هاودەردی (Empathy) و بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی بکات (Bauman 1998a). باومان پێی وایە کە لە هەمان کاتیش دا، دەستکارییەکی کۆمەڵایەتی (Social Manipulation) لە ئارادایە (Bauman 1991) کەدەبێتە هۆکاری ئەوەی کە هێندێک دەستە و چێن و توێژی سەردەست لە کۆمەڵگەی سەردەم لە ئەرک و بەرپرسیارێتیی مۆڕاڵیی خۆیان بەرانبەر بە پەرێشانی و ئازاری مرۆڤ دابماڵدرێن. لێرەدا، باومان بە تایبەتی ئاماژە بە پرۆسەی ئادیافۆریزاسیۆن دەکات، کە لەوێدا کردەوەی ئەخلاقیی قیزەون، بە ڕێگای خۆدزینەوە لەوەی کە کۆمەڵناسی بلیمەت پێی دەڵێ شەرمی ئەخلاقی (EthicalShame) و هەروەها پشتبەستەن و خۆهەڵاوەسین بە هێندێک پێوەرەی ناشاز، لە ئاکامدا خۆی وەکوو دیاردەیەکی ئەخلاقیی بێلایەن لە کۆمەڵگەدا نۆڕماڵیزە دەکات (Bauman 1998a:115).

بۆ نموونە، ئەو دەستە و تاقمانەی کە لە سەرەوەی هیرەمی دەستەڵاتن و نوێنەرایەتیی مۆڕاڵی سەردەست دەکەن، بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی بەرانبەر بە کێشەی هەژاری لە کۆمەڵگەیەک یان شوێنیکی نیشتەجێی دیاریکراو،بە ڕێگای کەڵکوەرگرتن لەو دەستکارییە کۆمەڵایەتییەی کە باومان باسی دەکات، فۆکووس یان سەرنج لە هەژاریی گشتی ڕا دەبەنە سەر ژمارەیەک تاک و گرووپ کە لە هەمان کۆمەڵگەدا بۆ نموونە خەریکی خەراپەکاری یان کردەوەی کریمینالن. لەم پەیوەندییەدا، چین و توێژی دەستەڵاتدار بە ڕێگای کەڵکوەرگرتن لە دامودەزگا بەهێزەکانی خۆیانەوە (میدیا و دەزگای ئیداری و سیاسی)، نە تەینا خۆیان لە هەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی بەرانبەر بە بەشمەینەتیی ئەم هەژارانە بێبەری دەکەن، بەڵکوو تەنانەت بە ڕێگای پشتبەستن بە پڕۆسەی ئادیافۆریزاسیۆن دەتوانن بە پێچەوانەی واقیعی کۆمەڵگە، خەڵکە هەژار وبێ مافەکە بە تاوانبار نیشان بدەن هەتا لە سەر هەمان ڕێچکە خۆیان جێگای قوربانی بگرنەوە و هاواری ئەوە بکەن، کە ئەوە ئەوانن کە وەکوو خەڵکێکی “خاوەن کەرامەت و کولتوور و شارستانییەت” کراونەتە ئامانجی خەڵکانێکی “بێ سەرە و بەرە” کە لە “شوینگەلێکی ناشاز و مەترسیدارەوە” خەریکن هێرشی خۆیان پێکبێنن(Bauman 1998a:114). بەم شێوەیە، نوێنەرانی مۆراڵی زاڵ، لە کێشانی هێڵێکی جیاکەرەوە لە نێوان خۆیان و ئەوانی دیکەدا، هەم لە فۆڕمی جەستەیی و هەم لە فۆڕمی ئەخلاقیدا سەرکەوتن بە دەست دێنن؛ هێڵێکی جیاکەرەوە کە بە گوێرەی ئیدوارد سەعید (Said 1994) یەکلاییکەرەوە و بڕیاردەر دەبێت لە دەستنیشانکردنی شکڵێک لە مودێلی دەستەڵات یان تەرتیبی کۆمەڵایەتی کە لەوێدا لایەنی زاڵ (چین، ناسنامە، کولتوور، نەتەوەی سەردەست) ئیدیعای نوێنەرایەتیکردنی نۆڕمی پێشکەوتوو وەکوو “گەردوونیبوون، دیمۆکڕاسی، دەوڵەت، مێژوو، شارستانییەت، عەقڵمەندی، یەکسانی، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و بێتاوانی دەکات، لە حالێکدا کە لایەنی دیکە بە تایبەتمەندیگەلی وەکوو “خۆجێیی، کولتووری نامۆ، نەریتی کۆن، هەستمەندی، تووڕەبوون، دێسپۆتیسم، مەترسیداربوون و دینپەروەر” پێناسە دەکرێن. لێرەدا، پڕۆسەی ئادیافۆریزاسیۆن تەنیا ئاماژە بە خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی و بێتەفاوەتیی ئەخلاقی لە بەرانبەر چینی هەژار یان دەستەیەکی ئیتنیکی و کولتووریی مافخوراو ناکات، بەڵکوو لەوەش زیاتر، ڕاگرتن و بەسروشتیکردنی فۆڕمی دەستەڵاتداریی سیاسی و کولتووریی هەیی، لە بەرژەوەندیی لایەنی سەردەست بە ئامانج دەگرێت. . 

ئادیافۆریزاسیۆنی باومانی، وەکوو ڕەخنەیەک لە مۆراڵی هێزی دەستەڵاتدار، تەنیا لە پەیوەندی لەگەڵ دیاردەی هەژاریدا واتە پەیدا ناکات، بەڵکوو فۆنکسیۆنی ئەم چەمکە کۆی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لە چەشنی کارەساتی هۆلۆکاوست، گلۆبالیزاسیۆن و دەرهاویشتە ناشازەکانی، ئابووریی لیبێرال، پەیوەندیی ئیتنیکی، کولتووری مەسرەفی، پرسی پەنابەری و کۆچبەری، پرسی جێندیر و …دەگرێتەوە (Bauman 1998b).


کورد لە پێکهاتەی “ئادیافۆریزاسیۆن”ی ئێرانیدا

ئادیافۆریزاسیۆنی ئێرانی، بە ڕێگای دوو مۆدێلی ڕەفتاری یان دوو ستراتێژیی جیاواز بەڵام لە هەمان کاتدا کارا لە سەر یەکتر و لکێندراو بەیەکترەوە، “بێ پێگەیی”ی کورد لە ئێراندا دەستنیشان دەکات. کورد لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم دوو ستراتێژییەدا- کە لە ڕاستیدا پێکهێنەری جەوهەری ئەخلاقیی نەتەوەی سەردەستن، و لە هەمان کاتدا وەکوو قەوارەیەکی هۆویەتی/کولتووری تایبەت و جیاکەرەوە (فارس/شیعە) نوێنەرایەتیی واتەی ئێرانیبوون و فۆڕمی هەڵبژێردراوی کۆمەڵگەی خەیاڵیی ئەو ئێرانیبوونە دەکەن – تەنیا ڕۆلی ئۆبژە دەبینێت. ئۆبژەبوونێک کە بە بێ خواستی خۆی لە سەر هێڵی نێوانی ئەو دوو ستراتێژییە ئادیافۆریزاسیۆنییەدا، کە باومان بە زۆنی خۆڵەمێشی (Gray Zone) ناوی دەبات، جێگا دەگرێت و فۆڕمی پێ دەدرێت، شایانی باسە کە لە هەمان کاتیشدا ئەم مەکان و فۆڕمانە سابیت و نەگۆڕ نین، بەڵکوو – هەر وەک لە گەڵاڵەی پرسیاریشدا ئاماژەی پێ کرا- بە پێی بەرینی و بەرتەسکیی زۆنی خۆڵەمێشی – کە لە ئەساسدا لەسەر بنەمای حەز و ویست و مۆدێلی ئیدەئالی دەستەڵاتداری سۆبژەی ئێرانی پێکدێت – بەردەوام لە جووڵە و هەڵکشان و داکشاندایە. بە بۆچوونی باومان (Bauman 1990)، ئەم دوو ستراتێژییە بریتین لە:

  • ستڕاتێژیی ئانتڕۆپۆفاجیک (Anthropophagic Strategy) یان ستراتێژیی هەڵلووشین کە لێرەدا گرووپی دەستەڵاتدار خۆی لە گرووپی پەڕاوێزخراو نیزیک دەکاتەوە، بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و هەوڵی دەستەمۆکردنی دەدات، هەتا لە کۆتاییدا قووتی بدات. بە واتەیەکی دیکە، ستڕاتێژیی هەڵلووشین هەر هەمان پرۆژەی ئاسیمیلاسیۆنە کە لە بەرانبەر تاک و دەستەی سەر بە کولتوور و ئێتنیسیتەی جیاواز و “ناشاز”دا پەیڕەو دەکرێت. شایانی باسە کە زەبروزنگ لە ستڕاتێژیی ئانتڕۆپۆفاجیکدا– هەربەم جۆرەی کە کەیسی کوردیش دەگرێتەوە – ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکوو زۆرجاران فۆڕمگەلی جەستەیی و سەمبۆلیکی کۆمپلێکس و شاراوەی هەیە کە دەستنیشانکردن و هەستپێکردنی بۆ دەستەی بەئۆبژەکراو هاسان نییە. هەربۆیەش لە چوارچێوەی ئەو ستراتێژییەدا، نوێنەرانی مۆراڵی سەردەست، نەتەنیا لە شاردنەوەی ئاجێندای ئەسڵیی خۆیاندا کە هەمان سەپاندنی نۆڕمە پەروەردەیی، هۆویەتی، کولتووری و ئەخلاقییەکانی خۆیانە، سەرکەوتوو دەبن، بەڵکوو لەوەش زیاتر بە ڕێگای نیشاندانی هاوخەمی، دڵسۆزی و هاودەردیی ڕووکەشانە و دێماگۆژیک لە بەرانبەرگرووپی مارژینال، لە ئاکامدا دەتوانن تەنانەت لە هەیبەتی “پشتیوان”، “یارمەتیدەر”، “قارەمان” و”وەلی نیعمەت”یشدا دەربکەون. “فرهنگ کردها جزو غنیترین بخش فرهنگ ایران است”، “کردها هر جای دنیا باشند، بهترین ایرانی هستند”، “کردها شجاعترین فرزندان ایرانزمین میباشند”، ئەمانە چەند نموونەی تێڕوانین لە مۆراڵی زاڵی ئێرانین کە ئەگەر لە گۆشەنیگای ستراتێژیی ئانتڕۆپۆفاجیکەوە تەماشایان بکەین، دەکرێ بڵێین کە ئەم دەربڕینانە بە تەنیایی هەڵقوڵاوی زێهنییەتێکی ئیزۆلە و دابڕاو نین، بەڵکوو بە پیی ڕیشە و پێشینەی بەهێزی مێژوویی، ئەخلاقی، موئەسەساتی و پەروەدەیی کە هەیانە، سۆبژەی ئاساییی ئێرانی ئەرکدار دەکەن، کە ئەوانیش بە نۆرەی خۆی و بە شێوازێکی نەرم و هێدی کورد -ئەگەر بکرێت بە یارمەتیی خودی کورد– لە پڕۆژەی مافخوازی دووربکەنەوە و کارێک بکەن کە ئەم کوردانە ڕوویان لە ناوەند بکەن هەتا لە کۆتاییدا هەڵیانلووشن و بە واتەیەکی دیکە لە مودێلی ئەخلاقی و سیستەمی نۆڕمی سەردەست دا بیانتوێننەوە. یەک لە پێشمەرجە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی ستراتێژیی ئانترۆپۆفاجیک، ئەوەیە کە کورد لە چوارچێوەی ئێراندا، پێویستە خاوەن شێوازێک لە مەوجوودییەت و هەبوونی سەرەتایی بێت؛ هەڵبەتە هەبوونێک کە نە لە فۆڕمێکی موئەسەسەیی و حقووقیی فەرمیدا، بەڵکوو لە باشترین حاڵەتی خۆیدا هەبوونێکی فۆلکلۆرێک کە هەر وەک فۆلکلۆریستی ئەمریکایی “دان بێن ئامۆس” باسی لێ دەکات، لە هەیبەتی کۆمەڵێک دیاردەی کولتووری وەکوو نەریت، هەڵپەرکێ، پەندی پێشینیان، مۆسیقا و گۆرانی، نوکتە و قسەی خۆش، جلوبەرگ و … (Ben-Amos 1972) تەنیا لە فەزای خسووسی و ئەگەریش پێویست بوو لە مەودایەکی سنوورداری کۆمەڵایەتی و موئەسەساتی لۆکاڵی دەربکەوێت. ئەو فۆکلۆرە خسووسییە کوردییە، جاروباریش لە لایەن موئەسەساتی سەر بە نەتەوەی سەردەستەوە ڕێگای پێ دەدرێت کە وەکوو کاڵایەکی مەسرەفی، هەیەجانهێنەر لە فەزا ناوەندییەکانی وڵاتدا خۆبنوێنێت. لە نموونەی ئێرانیی ئەم جۆرە ڕەفتارانە کە بە شێویەکی گشتی لە زانستی کۆمەڵایەتیدا لە ژێر سەردێڕی “بەشازکردنی دەستەی مارژیناڵ (Exoticization of Marginalized Group)  ناوی دەبەن (Chadha&Kavoori 2008) ، دەتوانین ئاماژە بە هێندێک بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی ناوەند بکەین، کە لەوێدا جاروبار مەجال بە هونەرمەند یان گۆرانیبێژێکی کورد دەدرێت کە لە پۆشش و بەرگی کوردیدا هونەر و دەنگی خۆی تاقی بکاتەوە. بەدەر لە لایەنی هونەری و پیشەییی ئەم دیاردەیە، “بەشازکردنی دەستەی مارژیناڵ” لە چوارچێوەی ستراتێژیی ئانترۆفاجیکدا دوو فۆنکسیۆنی هەیە: یەکەم، ئەوەیە کە بەم ڕێگاپێدانە، ئادیافۆریزاسیۆنی ئێرانی هاوتەریب لە گەڵ – بە کەڵکوەرگرتن لە دەستەواژەی کۆمەڵناسی بریتانیایی جۆن ئۆری – چێژوەرگرتن و دامرکانی حەزی نیگاکانی (Urry 2002)،  هاوکات لە بەرچاوی نەتەوەی ماڕژێنال ئەو کردەویە وەکوو “چاکەیەکی گەورەی جێگای منەت” وێنا دەکات. ئەم چاکەیە، کە بۆ ئادیافۆریزاسیۆنی ئێرانی دەبێتە سەرچاوەی مەشرووعییەتی ئەخلاقی، لە هەمان کاتیشدا لە بەردەوامیی پڕۆسەکەدا دەتوانێ نەتەوەی مارژیناڵ بە لاڕیدا بەرێت و بە تەواوی لە مافی خۆی بێ خەبەر و بێبەریی بکات. دووهەم، ئەودەگمەن ڕێگاپێدانە، دەبێتە هۆکاری ئەوە کە نەتەوەی ژێردەستە – کە لە ناکاو تیشکی پرۆژۆکتۆرەکان و زۆمی کامێراکان شاگەشکەی دەکات – نە تەنیا هەست بە بەشداری و شەراکەتێکی ڕاستەقینە بکات، بەڵکوو لەوەش زیاتر، هەتا هەیە لە پێناو ئەو “چاکە” گەورەیەدا،  شوکرانەبژێر بمێنێتەوە و تەنانەت خەونەکانی داهاتووشی بە ناوەندەوە ببەستێتەوە.

  • ستراتێژیی ئانترۆپۆئێمیک(Anthropoemic Strategy) کە ئەویش بە شەرت و مەرجی نەتەوەی سەردەست داڕێژراوە، – هەروەک باومان دەڵێت – بە پێچەوانەی ستراتێژیی هەڵلووشین مانای ڕشانەوە دەدات(Bauman 1990). لە بەرانبەر دەستەی بە ئۆبژەکراو و مارژیناڵدا، ئیدی ستراتێژیی ڕشانەوە بە دوای نیزیکبوونەوە و ئاسیمیلەکردندا ناگەڕێت، بەڵکوو خەریکی بەرتەسککردنەوەی زیاتری هێڵی خۆڵەمێشیی جیاکەرەوەی نێوان سۆبژە و ئۆبژە دەبێت. ئامانجی سەرەکیی ئەم دەستکارییە کۆمەڵایەتییە ئەوەیە کە نەتەوەی ژێردەستە حاشای لێ بکریت، بخرێتە ژێر فشار هەتا لە کۆتاییدا مەیدان چۆڵ بکات و بۆ هەمیشە لە بەر چاوان ون بێت. ئەم ستراتێژییە کە بە پێچەوانەی ستراتێژیی یەکەم، هەتا سەر ئێسقان زەبروزەنگتەوەرە، لە پێناو دەستەبەرکردنی ئامانجەکانیدا، بە شێوازێکی سیستەماتیک لە توندوتیژی (لە هەردوو فۆڕمی جەستەیی و سەمبۆلیکدا)، کەڵک وەردەگرێت. لەم پەیوەندییەدا، ئادیافۆریزاسیۆنی ئێرانی وەکوو مودێلکی مۆڕاڵی کۆمپلێکس، دەستکاریی کۆمەڵایەتی و چەواشەکارییەکانی خۆی تەنیا بۆ بەسروشتیکردنی سیستەمی کۆڵۆنیال و هەروەها داپۆشێن و نۆرماڵیزەکردنی بێمافیی کوردان بەکارناهێنێت، بەڵکوو ئەم چەواشەکارییە مۆراڵییە لە هەمان کاتدا سەرپۆشێکە بۆ شاردنەوە یان مەشرووعییەتدان بە مەکینەیەکی تۆقێنەری توندوتیژیخوڵقێن کە لە درێژاییی مێژووی پرۆسەی نەتەوەسازیی ئێرانیدا، هیچ کاتێک لە بەرانبەر کورددا پشووی نەداوە. لەم پەیوەیدییەدا، هەر لە داگیرکاریی فیزیکیی وڵاتی کورد ڕا بگرە، هەتا قەدەغەبوونی ئازادیی تاک، زمان و پەروەردە و هەروەها دیاردەی کۆچبەری و ئاوارەییی کوردان، هەموو ئەوانە وەکوو عونسورە سەرەکییەکانی ستراتێژیی ئانترۆپۆئێمیک و کەرەستەکانی مەکینەی توندوتیژیی ئێرانیبوون، خۆیان بەرجەستە دەکەنەوە. ئەم ستراتێژییە، هەروەک ئاماژەی پێ کرا، لە ئاکامدا لەناوچوونی کورد و بەردەوامیی سەروەریی سیاسیی نەتەوەی باڵادەست بە ئامانج دەگرێت. “کردها پاسداران ما را با حلبی سر میبرند”، “کردها خشن هستند و اسلحە دوست دارند”، کردها قاچاقچی هستند”، “کردها ضدانقلاب و نوکر بیگانە هستند”، “کردها کافر هستند”، “کردها زن ستیز هستند”، “، ئەمانە کۆمەڵێک نموونەی ساختەکاریی مۆڕاڵین کە لە ئاکامی پڕۆسەیەکی خوێناوی و دوورودرێژی نەتەوەسازیدا لە ناخی سۆبژەی ئاساییی ئێرانیدا فۆڕمی پتەویان گرتۆوە. لەم فۆڕمە مۆراڵییەدا، نە تەنیا بەشەیتانیکردنی کورد(Chadha&Kavoori 2008) و ستیگامتیزەکردنی (Gaufman 1963) ئەوان دەبێتە پڕاتیکێکی ڕۆژانە لە لای ئۆبژەی ئاساییی ئێرانی، بەڵکوو لەوەش واوەتر بە هۆی دەستنیشانکردنی نەتەوەی مارژیناڵ وەکوو”سەرچاوەی گەلەکۆمە (Donskis 1998) و هەروەها هۆکاری مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی، یەکگرتووییی نەتەوەیی و یەکپارچەییی خاک”، تەنانەت جێگۆڕکیی پۆزیسیۆنی هێرشبەر و قوربانیی لێ دەکەوێتەوە. لەم پیوەندییەدا، بە بەردەوامی کورد وەکوو لایەنی هێرشبەر پێناسە دەکرێت لە حاڵێکدا کە ئێران و ئێرانیبوون، وەکوو “سەمبۆلی شارستانییەت، ئاسایش و سەقامگیری” پۆزیسیۆنی قوربانیبوون بۆخۆیان دەستەبەر دەکەن. لەوەش زیاتر، لە ئاکامی ئەم ئادیافۆریزاسیۆنە چەواشەکار و ساختەکارانەیەدا، نە تەنیا کەسانی مرۆڤکوژی وەکوو قاسم سولەیمانی پێگەی قارەمان بە دەست دەهێنن، بەڵکوو لە هەمان کاتدا کوشتنی ڕۆژانەی کۆڵبەران و ئیعدام و زیندانیکردنی کوردان و بگرە تەنانەت فەرمانی جیهادی خومەینیش بۆ سەرکوردان، لە لای سۆبژەی ئاساییی ئێرانییەوە وەکوو بەهایەکی هۆویەتی و کولتووری جێگیر بەرهەم دێتەوە.


کۆتا

هەروەک لەم نووسراوەیەدا باس کرا، بە ڕێگای فەیلەسۆف و کۆمەڵناسی پۆڵۆنیایی/بەریتانیایی زیگمۆنت باومان، بۆمان دەرکەوت کە ئادیافۆریزاسیۆنی ئێرانی کاراکتەرێکی بەهێزی ساختەکارانە و چەواشەکارانەی مۆراڵیی هەیە، کە مەودا بە کوردان نادات کە لە ڕێگای هەوڵەکانیان لە پۆزیسیۆنی بەئۆبژەکراو و مارژیناڵ ڕا خۆیان بکەنە سۆبژەیەکی مێژوویی و کارا، هەتا سەروەریی سیاسی بۆخۆیان دەستەبەر بکەن. بەهێزتر لە شێوازی پێناسەکردنی باومانی، چەواشەکاریی مۆراڵی ئێرانی بە ڕێگای پشتبەستن بە دوو ستڕاتێژیی هاوتەریب و بەیەکەوە لکێندراو، تەنیا دوو ڕێگا لە بەرانبەر کورددا دادەنێت: یان بەو شێوەیەی ستراتێژیی ئانتڕۆپۆفاجیک (Anthropophagic Strategy) دەریدەخات، وەرن لە ئادیافۆریزاسیۆنی مۆراڵی و کولتووریی نەتەوەی باڵادەستدا ئاسیمیلە ببن، یان بە هۆی ئەو توندوتیژییەی کە ستراتێژیی ئانترۆپۆئێمیک (Anthropoemic Strategy) لەبەر دەمتانی دادەنێت، بڕۆن لە بەر چاوان ون ببن و بە تەواوی لەناوبچن.

بۆ دابڕان لە ئادیافۆریزاسیۆنی ئێرانی و ڕزگاربوون لەو دوو ستراتێژیی هەڵلووشین و ڕشانەوەیە و لە ئاکامدا گەیشتن بە پۆزیسیۆنی سۆبژەی مێژوویی، دوو ڕێگای بەدیل بۆ کورد هەیە: یان (١) جیلێکی ڕۆشنبیری لە نێو نەتەوەی باڵادەست سەرهەڵدەدات و بە ڕێگای شۆڕشێکی مەعریفی و فەزیلەتی مەدەنییەوە، بناغەکانی ئۆنتۆلۆژیکی ئێستای ئێرانی تیکدەدات. بێگومان لە غیابی ئەم جیلە ڕۆشنبیرییەدا، ئەوە شۆڕشی هەژار و برسییەکانە کە ئەرکی هەڵوەشاندنەوەی ئادیافۆریزاسیۆنی ئیستای ئێران لە ئەستۆ دەگرێت. یان (٢) کورد ڕێگای خۆی جیا دەکاتەوە و لەپێناو داکۆکێکردن لە کەیسی خۆی کە دۆزێکی گەردوونیی خاوەن بەهایە بەردەوام دەبێت. دیارە ئەم بەردەوامبوونەش، لە ئاستی مۆڕاڵدا خوڵقێنەری ئەخلاقێکی “ئانتی-ئادیافۆریزاسیۆنی” دەبێت و لە ئاستی مەعریفەشدا دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسی بۆ نەتەوەیەکی فیداکار و مێژوویی بە ئامانج دەگرێت.



سەرچاوەکان

  • Anderson, Benedict (1991), Imagined communities: Reflections on the origin and spread of nationalism(1983): 427-449.
  • Bauman, Zygmunt(1990), Thinking Sociologically, Blackwell, Oxford.
  • Bauman, Zygmunt (1991), “The social manipulation of morality: Moralizing actors, adiaphorizing action.” Theory, Culture & Society1 (1991): 137-151.
  • Bauman, Zygmunt(1998a), Work, consumerism, and the new poor. Philadelphia: Open University Press.  
  • Bauman, Zygmunt(1998b), Globalization: The Human Consequences. New York: Columbia University Press.
  • Ben-Amos, Dan (1972), “Toward a Definition of Folklore in Context”. In Bauman, Richard; Paredes, Americo (eds.). Toward New Perspectives in Folklore. Bloomington, IN: Trickster Press. pp. 3–15.
  • Chadha, Kalyani, and Anandam P. Kavoori (2008), “Exoticized, Marginalized, Demonized.” Global bollywood: 131.
  • Donskis, Leonidas (1998),”The conspiracy theory, demonization of the other.” Innovation: The European Journal of Social Science Research3 (1998): 349-360.
  • Goffman, Erving (1963), “Stigma and social identity.”
  • Said, Edward (1994), Orientalism. 1978. New York: Vintage25.
  • Urry, John (2002), The tourist gaze. Sage.